• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
November 19, 2023

سیاسەتی کولتووریی ئێران بەرامبەر کورد لەبەر ڕۆشنایی دەستوور و یاسا و گێڕانەوە ڕەسمییەکاندا

هەردی مەهدی میکە

پوختە

دەوڵەتی هاوچەرخی ئێران، کە هەوڵەکانی دامەزراندنی سەرەتاکەی بەرهەمی جووڵانەوەی پاش بزووتنەوەی مەشروتییەت (وەک جووڵانەوەیەکی ڕۆشنگەریی) و لوتکەکەشی بەرهەمی کودەتا سیاسییەکەی سەیدزیائەدین و ڕەزاخان بوو، هەر لەو کاتەوە تا کۆماری ئیسلامیی ئێران و دۆخی هەنووکەیی، لەسەر هەرسێ ئاستی مێژوو و گێڕانەوەی ڕەسمی دەوڵەت (مێژوونووسان و نوخبەی سیاسی و ناوەندە ئەکادیمییەکان)، پەروەردە (پرۆگرامەکانی خوێندن) و دروستکردنی لایەنگری نزیک لەدەسەڵات لەنێوخۆی ڕوناکبیرانی کوردیشدا و لە چوارچێوەی سیاسەتی کولتووریی دەوڵەتدا وەگەڕخراوە و هاوشانی سیاسەتی گشتی و سەربازیی و ئاسایشییدا، کاری لەسەر مێژوو و یادگە و یادەوەریی مرۆڤی کورد دەکات، بە جۆرێک کە دووپاتکەرەوەی ئەو گێڕانەوە ڕەسمییە بێت کە گوتاری دەوڵەتیی پەسەندییەتی، نەک ئەو فاکت و ئارگیومێنتانەی کە پێدراوی نێو یادگە، دەق و دەستنووس، بەڵگەکان و گێڕانەوەی خودی کورد بێت. ئەم تویژینەوەیە لەڕێی میتۆدی مێژوویی و وەسفی-شیکارییەوە و بە پشتبەستن بە ئەدەبیاتی کتێبخانەیی و بەڵگەیی. کاری لەسەر ئەو پرسیارانە کردووە: سیاسەتی کولتووریی ئێران (دەوڵەت و نوخبە) بەرامبەر کورد چییە؟ وێنای شوناسی کورد لەسەر ئاستەکانی گێڕانەوەی ڕەسمی، پەروەردە و شوناسی دەوڵەتدا چۆنە و چ پێگەیەکی هەیە؟ و شێوازەکانی بەکارهێنانی بۆ مەرامی سیاسیی و نەتەوەسازیی و دەوڵەتسازیی نەتەوەیەکی دیاریکراو چین؟

وشەکلیلییەکان: سیاسەتی کولتووری، مێژووی ڕەسمی، گێڕانەوەی مێژوویی، ئێران، وێنای کورد لەدیدی ئێرانەوە.

بەرایی

لەگەڵ دامەرزراندنی دەوڵەتانی نوێی هاوچەرخی ناوچەکە (تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا) لەچوارچێوەی سەپاندنی شوناسی یەک نەتەوە و یەک دەوڵەتی ناوەندییدا کاریان کرد و کوردیش لەنێویاندا بێ کاین مایەوە، هەریەک لەو وڵاتانە بۆ وێناکردن و چەسپاندنی شوناسی نەتەوەییان، سەروەریی و یەکسازی (تواندنەوە-ئاسمیلاسیۆن)ی نەتەوەکانی دیکەی نێویاندا، جیا لە سیاسەتی ناوەندگەرایی و نەتەوەسازیی لەڕێگەی فشار و سەربازەوە، سیاسەتی کولتوورییشیان یەکێک بووە لەو ستراتیژە کاریگەرانەی کە بۆ وەشاندنی دەسەڵاتی خۆیان بەسەر جوگرافیای سیاسییاندا و سڕینەوەی شوناسی نەتەوەکانی دیکە ڕۆڵی هەبووە. ئێران لەنێو ئەو چوار دەوڵەتەدا، بە بەکارهێنانی سیاسەتێکی کولتووریی کاریگەر ناسراوە، بەشێک لە کوردیش چارەنووسی سەدەیەک زیاتری گرێدراویی لەو دابەشکارییەدا بەر ئێران کەوت، گرنگە بزانرێت کە هەژموونی سیاسەتی کولتووریی ئەو دەوڵەتە لەسەر زەین و شوناس و گێڕانەوەی مێژووەکەییدا چ کاریگەرییەکی جێهێشتووە و گێڕانەوەی ڕەسمی دەوڵەت و یادگەی مێژوویی ناوچەکە چۆن لەپێناو مەرامی سیاسیی و نەتەوەیەکی دیاریکراودا بەکارهێنراوە.

پرسیارەکانی توێژینەوە بریتییە: کاری لەسەر ئەو پرسیارانە کردووە، کە سیاسەتی کولتووریی ئێران(دەوڵەت و نوخبە) بەرامبەر کورد چییە؟ وێنای شوناسی کورد لەسەر ئاستەکانی گێڕانەوەی ڕەسمی، پەروەردە و شوناس چۆنە و شێوازەکانی بەکارهێنانی بۆ مەرامی سیاسیی و نەتەوەسازیی و دەوڵەتسازیی نەتەوەیەکی دیاریکراو چیین؟

ئامانجی توێژینەوەکە کار لەسەر هەوڵ و کاریگەریی سیاسەتی کولتووریی ئێران دەکات و ئامرازەکانی بۆ گێرانەوەی مێژوو و شوناسی کورد بخاتەڕوو، لە ڕێگەی شرۆڤەی هەر سێ گۆڕاو لەم بوارەدا: ١. گێرانەوەی ڕەسمی دەوڵەتی ئێرانی (پەهلەوی و کۆماری ئیسلامیی) لەبارەی کوردەوە. ٢. ئەو ڕۆشنبیر و مێژوونووسە ئێرانکردانەی کە بە هاندان یان لەخولگەی سیاسەتی کولتووریی ئێران بەرامبەر کورددا خولاونەتەوە. ٣. پرۆگرامە بابەتە مێژوویی و کولتوورییەکانی قۆناغەکانی خوێندنی ناوەندی و ئامادەیی.

ڕێبازنامەی توێژینەوە، مێژوویی، وەسفی-شیکارییە بەسوودوەرگرتن لە ئەدەبیاتی کتێبخانەیی و بەڵگە و یاداشتی نوخبەی سیاسیی و ڕۆشنبیران و پرۆگرامی پەروەردەیی. سنووری توێژینەوەکەش ڕووماڵی سیاسەتە کولتوورییەکانی هەردوو حکومەتی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر مێژوو و شوناسی کوردە لەو وڵاتەدا.

– تەوەری یەکەم: چوارچێوەی تیۆری

– یەکەم: سیاسەتی کولتووریی

کولتوور بریتییە لە باوەڕەکان، دەزگاکان، زمان، جۆری ژیان و گوزەران، قسەکردن و بیرکردنەوە، هەموو پێکەوە دەبنە دەستەیەک و کولتوور پێکدەهێنن. ئەم دەستەیە واقعێکی دینامیکیی مێژووییە کە جۆراوجۆری چینایەتی، نەوەکان، ناوچەیی و پێکهاتە جیاوازەکان لەخۆ دەگرێت. کولتوور بەرهەمی تەواوکاریی هزری، مەعنەویی و مادی هەر تاکێک یان گرووپێک یان کۆمەڵگەیەکە. جۆرێکە لە هۆشیاریی تاکی و جیهانیش. کولتوور شێوەی ژینی مەعنەوی و مادیی مرۆڤ و گروپەکانە و بۆ سەرەکیترین پێداویستییەکانی هەر گروپێک وەڵامی هەیە. کولتوور تەنها هونەر، فیلم و بیناسازیی هەر وڵاتێک نییە، بەڵکو لەخۆگری بەهای مێژوویی و هەموو تێگەیشتنە گشتییەکان و شێوەی ژیانی هەر نەتەوەیەکیشە. شێوەی ژیانیش، وردەکارییە زمانییەکان، یاسا و ڕێنمایی، ئایین و مەزهەب، وێنەکێشان، تەلارسازیی و …تاد دەگرێتەوە(اشتریان، ١٣٩١،ل. ٢٣).

لەڕووی چەمکەوە، سیاسەتە کولتوورییەکان بەوە دەناسرێن: کۆمەڵە بەها و بنەمایەکن کە ئاڕاستەی کۆمەڵگە دەکرێن لە کاروباری کولتوورییاندا. سیاسەت لە یەکێک لە ناساندنە سادەکانیدا واتە بڕیاردانی کەسێک یان گروپێک لە بابەتێکدا، بەڵام ئەم پرۆسەیە لەوە ئاڵۆزترە، چونکە کۆمەڵێک بەهای ڕێکخراو، پێوەر بۆ بڕیاردان، سیستەمێک لە ئامانجە قۆناغی و کۆتاییەکان، پلانێکی کردەیی بۆ بەرجەستەکردنی ئەو ئامانجانە و بەداواداچوونی جێبەجێکردنیان لەلایەن تاکەکان و دەزگاکانەوە بوونیان هەیە. چەمکی کولتووریش دەکرێت وەسف بکرێت بەوەی گوزارشتە لە ڕەهەندی واتاییی شارستانییەت. کۆنترین پێناسەش بۆ کولتوور ئەو پێناسەیە کە لەکتێبی “الثقافة البدائیە”ی ئیدوارد تایلۆردا (ساڵی ١٨٧١) هاتووە: “هەموو مەعریفە و باوەڕەکان، هونەرەکان، یاسا و نەریت و هاوشێوەکانیان لە تواناکان و ڕێساکان دەگرێتەوە کە مرۆڤ بەو پێیەی کە تاکێکی کۆمەڵگەیە بەدەستی هێناون”(شوقی، ٢٠١٥،ل. ٧).

لانیکەم سێ مۆدێلی سەرەکی لە سیاسەتە کولتوورییەکان بوونیان هەیە:

١) سیاسەتی گشتگیرانە(شمولی): ئەو سیاسەتەیە کە دەوڵەت بەتەواوی ڕکێفی بەڕێوەبردنی دەزگاکانی دەوڵەت دەکات و سەرجەم بوارەکان بەسەر هەر دەسپێشخەرییەکی تاک و کۆمەڵگەدا دادەخات و خۆی سیاسەتە کولتوورییەکان ئاڕاستە دەکات. لێرەدا دەزگا کولتوورییەکانی سەربە دەوڵەت سیاسەتە کولتوورییەکان بەرهەم دەهێنن و دابەشیان دەکەن.

٢) سیاسەتی لیبراڵ: ئەو سیاسەتەیە کە دەوڵەت بوار فەراهەم دەکات و مافی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی سیاسەتە کولتوورییەکان بۆ تاک و کۆمەڵگەی مەدەنی جێدەهێڵێت.

٣) سیاسەتی هەژموونخوازیی و دەسەڵاتگەرا: ئەم سیاسەتە کۆکراوەی هەردوو جۆرەکەی پێشووە، بەو پێیەی کە بازاڕ ئاڕاستە و حوکمی بڵاوکردنەوەی کولتوور و پەخشکردنی دەکات، بەڵام لەژێر ڕکێفی دەوڵەتدایە و لەڕێی ئامرازی دەزگایی جۆراوجۆری خۆیەوە دەستی تێوەردەدات و تا ڕادەی ڕێگرتن، دەستبەسەرداگرتن و زیندانیکردنی بکەرانی هەر کردەیەکی کولتووریشی تێدەکەوێت(عبداللە، ٢٠١٩).

بۆ هەر وڵاتێکیش چوار فاکتەری سەرەکی لە سیاسەتڕێژیی کولتووریدا کاریگەرن و دەبێت بەرنامەی لەپێشەینەی ئەو سیاسەتە بن:

یەکەم، قەیرانە کولتوورییە کۆمەڵایەتییەکان، ئەم جۆرە قەیرانانە یەخانگیریی(تحدی) بۆ بنەما بەهایی و ئەخلاقییەکانی دەوڵەتەکان دروستدەکات و دەیانخاتە ژێر پرسیارەوە، هەروەها بنەما ڕێسایی و کولتوورییەکانی ڕەوایەتی دەسەڵاتیش لەرزۆک دەکات.

دووەم: بەرژەوەندیی تاک و هێز و گرووپەکانی فشاریش یەکێکی دیکەن لەهۆکارەکان کە کاریگەرن لەسەر سیاسەتڕێژیی کولتووری، بۆ ئەمەش سوود لە هەژموون و دەسەڵات و سەرمایەی خۆیان وەردەگرن تا سیاسەتی کولتووریی دەوڵەت و حکومەتە خۆجییەکان لەبەرژەوەندی خۆیان ئاڕاستە بکەن.

سێیەم: ئامانج و ئایدۆلۆژیاکانیش سێیەمین دەستەی کاریگەرن لەسەر داڕشتنی سیاسەتی کولتووریی دەوڵەت. بەتایبەت دەوڵەتە ئامانجگەراکان سەرجەم تواناکان وەکاردەخەن تا کولتوور بۆ مەرامی ئامانج و دونیای خەیاڵبۆکراویان ئاڕاستە بکەن، ئیتر ئەم ئامانجە دەکرێت نەتەوەیی، ئاینی و مەزهەبی…تاد بێت.

چوارەم: بەرژەوەندیی دەسەڵاتی سیاسیی لەپێناو جێگیرکردنی پایەکانی دەسەڵات، بۆ ئەمەش ڕاستەوخۆ حکومەت لە سیاسەتی گشتییەوە تا وردە سیاسەتی شارەوانییەکان دێتە نێو پرۆسەی داڕشتن و جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی سیاسەتی کولتوورییەوە. تەنانەت لێرەدا کولتوور ئامرازی سەپاندن و چەسپاندن و بەکارهێنراوی دەسەڵاتی سیاسییە(اشتریان، ١٣٩١،لp. ٤٨-٥٢).

لە سیاسەڕێژیی کولتووریدا یەکەمین هەنگاو بریتییە لە ناسینەوەی گۆڕاوە بنەڕەتییەکان و دیاریکردنی ئاماژەکان و پێنوێنەکانە کە بەرنامەڕێژییەکان بە شێوەیەکی ڕوون و شایستەی جێبەجێکردن ئاسان و کردەیی بکات. سیاسەتڕێژی کولتووری دەکرێت لە چەندین ڕەهەندەوە لێی بکۆڵدرێتەوە، لەوانەش: بەشی کولتوورە کە بوارەکانی پەروەردە، هونەر، ئەدەبیات و هاوشێوەکانی لەخۆدەگرێت. لەم پۆلێنبەندییەشدا بوارە جۆراوجۆرەکانی سیاسەتی فێرکردن، سیاسەتی هونەری، بانگەشەکاری، سیاسەتی زانستی-توێژینەوەیی و…تاد دەبنە بواری کارکردنی سیاسەتی کولتووری(اشتریان، ١٣٩١،لp. ٢٥-٣١). لێرەوە دەردەکەوێت پێکهێنەرەکان و زەمینەیەکی فراوانی سیاسەتی کولتووری پێکهێنەرەکانی هەر شوناسێکن، بۆیە گرنگە بزانرێت، شوناس و شوناسی نەتەوەیی چیین؟ پێگەیان لەسیاسەتی کولتوورییدا چییە؟

– دووەم: شوناس و شوناسی نەتەوەیی

چەمکی شوناس پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ هەریەک لە چەمکەکانی هۆشیاریی، پێکەوەیی کۆمەڵایەتی، ئەندامێتی ناو کۆمەڵگە و گرووپەکان، هێماکان و چەندان چەمکی تری هاوشێوەوە هەیە. ئەم پەیوەندییەش بە چەند جۆر و لە چەندین ڕەهەندەوە پێناسە کراوە.

شوناس لە زمانی عەرەبی بە (هویة) و لە فارسیش بە (هویت) و لە ئینگلیزیشدا (Identity) هاتووە. بە گەڕانەوە بۆ فەرهەنگی زمانەوانی ئینگلیزیی ئۆکسفۆرد دەردەکەوێت کە چەمکی (Identity) ڕیشەیەکی لاتینی هەیە، (Identitas) لە وشەی (Idem)ەوە سەرچاوەی گرتووە و بە مانای (هاوشێوە و یەکسان) دێت و دوو مانای هەیە، یەکەمیان “هاوشێوەیی ڕەها” دەگەیەنێت، بۆ نموونە ئەم شتە وەک ئەوە وایە. دووەمیش بە واتای “جیاوازی و تایبەتمەندی” دێت کە بە گوزەری ڕۆژگار ئەم مانایەی وەرگرتووە. بەم شێوەیە بە مانای چونیەکی و جیاوازی دێت لە دوو گۆشەنیگای جیاوازەوە، چەمکی شوناس لەیەک کاتدا لە نێوان تاک و شتەکاندا مانا وەردەگرێت، لە سەرێکەوە هاوشێوەیی و لە سەرێکی تریشەوە جیاوازی بەرهەمی هێناوە(جنکینز، ١٣٩١،ل. ٥).

لە عەرەبیدا (هویة) لە هەردوو بەشی (هو+یە) پێکهاتووە، وشەیەک و پاشگرێکە، بە واتای یەکگرتن لەگەڵ خود-دا دێت، واتە یەکبوون لەگەڵ ناوەڕۆکدا. بە واتایەکی تر شوناس وەڵامە بۆ چییەتی و کێ-ی هەر تاکێک، کۆمەڵە تایبەتمەندییەکە هەر تاکێک لە تاکێکی دیکە جیادەکاتەوە. شوناس لە پێناسەیەکیدا: تایبەتمەندیی جەستەیی و ڕۆحی تاکەکان دەخاتەڕوو. بەم دەربڕینە، تایبەتمەندیی ماددی مرۆڤ هەمان ڕەنگی پێست، چاو، باڵا، کێش، نیشانە و شوێنەوارە کەسێتیەکان و زۆری تریش لەو تایبەتمەندیانە دەگرێتەوە و هاوکاتیش شێوەی بیرکردنەوە، جۆری ڕوانین، ڕەوتی ڕەفتار، شێوەی دەربڕین، پیشە، کاری کۆمەڵایەتی و چەندین چەمکی دیکەی تر لە خۆ دەگرێت کە لە بەرکەوتنە کۆمەڵایەتیەکاندا بەدیدەکرێن، شوناس گرنگی بە هەموو ئەمانە دەدات(قوشچی، ١٣٨٩،ل. ٣١).

ئێریکسن (Erikson) لەبارەی شوناسەوە دەڵێت: هەستکردنە بە بەردەوامی و هاویەکی و هاوشێوەیی نێوان خودی تاک لەگەڵ ئەو وێنەیەی کە “ئەوانی تر” لەسەر ئەو تاکە هەیانە(محمود، ٢٠١١).

لای ستیوارت هال وێنا و وێنەکانی ئێمە لەبارەی شوناسی نەتەوەیییەوە پرۆسەیەکی ئاڵۆزە، لەوەی کە ئێمە بزانین بەریتانین، یان فەرەنسایی، یان ئەفریقایی، یان یابانی، {یان کوردستانیبوون} چ مانایەکی هەیە، بە بێ سیستمە دەلالەتییەکان ناتوانین هیچ یەک لەم شوناسانە دەستبخەین یان ڕەتیانبکەینەوە. هەر لەسەر ئەم بنەمایەش ئێمە نەماندەتوانی ئەو ژینگە جیهانیەی کە ناومان ناوە کو‌لتوور دروست بکەین، یان بپارێزین(هال، 1393،ل. ٢٣).

شوناس بابەتێکی جێگیر و وەستاو نییە، گۆڕانکاریی و وەرچەرخانیش بە خۆووە دەبینێت، سێ هۆکار شوناسەکان، لەرزۆک و ڕووبەڕووی بارگۆڕان و هەڕەشە دەکەنەوە: ١.پەیوندییان پتەوی بە کاتەوە(زمان) هەیە. ٢.ڕووبەڕووی ئەوی تر (غیر) دەبنەوە و هەست بە هەڕەشە دەکەن، چونکە خودی ئەوی تر جۆرێک لەهەڕەشەیە لەسەر شوناس. ٣. میراتی توندوتیژیی دامەزرێنەرانە و دامەزراوەکان، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شانازیی و خۆشحاڵییەی مرۆڤ پاش دامەزراندنی دەزگایەک دەیکات، لەکاتێکدا ئەمە بەواتای ئەوەیە کە بە کۆمەڵیك کردەی توندووتیژ ئەو ڕەوایەتییەی لە دامەزراندنی دەزگایەکدا بەدی هێناوە. ئەمەش بە ناوی دەوڵەتی یاسا و حەقەوە ڕادەگەیەنرێت، لەکاتێکدا پرۆسەکە تێپەڕە و کورتخایەنن و بەهۆی کردەی توندووتیژەوە بەدەستهاتوون. دیارە کە هەر کردە و حاڵەتێکیش بۆ هەندێ شانازییە هەمانکات بۆ هەندێک سەرشۆڕیی، بۆ هەندێک ئاهەنگە و بۆ هەندێک ڕق و کینە، ئیتر بەمشێوەیە برینە ڕاستەقینە و هێماییەکان لە ئەرشیفی یادگەی کۆمەڵییدا تۆمار دەکرێن. لێرەوە دەردەکەوێت کە هۆکاری سێیەمی لەرزۆکی شوناس لە خاڵی دووەمدا دەتوێتەوە. بۆیە زۆرجار ئایدۆلۆجیاکان دەبنە پارێزەری شوناس، ئەمەش لەبەرئەوەی وەک وەڵامێکن بۆ پاراستنی شوناس لەو هەڕەشە و لەرزۆکانەی ڕووبەڕووی دەبنەوە(ریکور، ٢٠٠٩،لل. ١٣٦-١٣٩).

لە پۆلێنبەندی جۆرەکانی شوناسیشدا، دەکرێت جۆرەکانی شوناس بەمشێوەیە بخرێنەڕوو:

١.شوناسی تاک: شوناسی کەسێتی (تاک) پەیوەندە بە خێزان و لەسەر ئەو بنەمایەش شێوە دەگرێت. هەر تاکێک لەسەر بنەمای مەعریفە، ئایین، ئایدۆلۆژی، یادەوەریی کۆمەڵگەکەی و کولتوورەکەی لە هەوڵدایە بۆ پاراستن و پەرەپێدانی ئەو شوناسە کەسێتیەی کە باوەڕی پێیەتی. شوناسی تاک دەکرێت یەکەمین و سەرەکیترین جۆرەکانی شوناسی مرۆڤ لەقەڵەم بدرێت، کە مناڵ لە خێزان و لەپەیوەندییەکانی بە باوان و نزیکانیەوە دەستی دەخات(قوشچی، ١٣٨٩،ل. ٣٢).

٢.شوناسی کۆمەڵی: شوناسی کۆمەڵی لە پەیوەندیی تاک بە کۆمەڵگەوە سەرچاوەی گرتووە، هەندێك شوناسی بچوکتر لە شوناسی نەتەوەییی لە چوارچێوەی ئەم شوناسە کۆمەڵی-یەدا جێیان دەبێتەوە، وەک شوناسەکانی ڕەگەزی (نیر/مێ)، نەژادی، چینایەتی، حزبایەتیی و کۆمەڵە گرووپە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان، هەندێجاریش شوناسەکانی نەتەوە و نەتەوایەتیش دەخرێنە چوارچێوەی ئەم جۆرە لە شوناسەوە(تیلور، ١٣٩٢،ل. ١٧١).

٣. شوناسی کولتووریی: کۆمەڵێک ڕه‌وشت و نەریت، باوەڕە مەزهەبیەکان، فۆلکلۆر، بەها و دیدگاکان دەگرێتەوە کە کۆمەڵێکی مرۆیی بەکاریان دەهێنن و لە ناویاندا باون، بۆ ئەوەی پێکەوە بسازێن، هاوکات خۆشیان وەک هەبوویەکی کو‌لتووریی جیاواز لە کولتوورەکانی تر جیابکەنەوە(فتحی، ١٣٨٧،ل. ٣٤).

٤. شوناسی نەتەوەییی(نیشتمانی): باڵاترین ئاستی شوناسە لە هەر کۆمەڵگەیەکدا، پەیوندی و حه‌زی هەر تاکێک بە کۆمەڵگەی نیشتمانەکەیەوە نمایش دەکات. دەکرێت ئەم وابەستەییە شوناسییه‌ لە وەفاداریی بە نەتەوە و نیشتمان و پارێزگارییان لە شوناسی نەتەوەیی ببینرێتەوە، دواجار ئەم وەفا و بەرگرییەیە دەبێتە ڕێگر لەبەردەم “ئەوانی تردا کە هەژموونی خۆیان بسەپێنن یان داگیری بکەن.

بە کورتی شوناسی نەتەوەییی “کۆمەڵەیەکە لە تایبەتمەندی، پەیوەندی و وابەستەییەکانە، هەروەها پەیوەندیە جوگرافیی، میژوویی، کو‌لتووری، حەماسی و نەژادییەکان لە ژیانی هەر مرۆڤێکدا لەخۆدەگرێت، ئەندامی ئەو کۆمەڵگەیەش بەوانەوە دەنازێت و شانازی دەکات” (قوشچی، ١٣٨٩، ل. ٣٥).

بە گشتیی پێکهێنەرەکانی شوناسی نەتەوەییی لە دیدی مرۆڤناسەکانەوە لە هەرسێ فاکتەری شوێن، کات و کو‌لتوور کورتدەکرێتەوە. بەڵام ڕۆژگاری ئەمڕۆ و بە هۆی ئەو فراوانی و پێشکەوتنەی بە خۆیەوە دیویەتی، شوێن کاریگەری لەسەر پێکهێنانی شوناس کەمتر بووەتەوە، بەڵام کات هێشتا هەر هەمان بایەخی جارانی ماوە و فاکتەری سەرەکی پێکهێنانی شوناسە. هەر شوناسێکیش پێویستی بە بەردەوامیە لە كاتدا. کە ڕیشەکەی پەیوەستە بە ڕابردوویەکەوە کە بۆ تاک ڕۆڵی یادەوەری دەبینێت و بۆ کۆمەڵگەش دەبێتە مێژوو. کو‌لتووریش وەک فاکتەرێکی دیکەی شێوەی ژیان و بە دوای ئەوەشدا شوناسێکی تایبەت بەرهەمدەهێنێت. بە تایبەت لە کۆمەڵگە نەریتیەکاندا کولتوور ڕۆڵی سەرەکی و کاریگەرترین سەرچاوەی شوناسسازییە(فتحی، ١٣٨٧،ل. ٣٠).

یەکێک لەو کۆڵەکە کاریگەرانەی کە وێنای شوناس لە زەینی تاکدا پێکدەهێنێت و پێکهێنەرێکی کاریگەری لەسەر پێکهێنانی شوناسێکی گشتگیر دەداتە نەتەوە، گێڕانەوەیە و یادگەیە، هەروەک دەربڕینەکەی جۆن لۆک (١٧٣٢-١٨٠٤) کە یادگەی بە پێوەری شوناس داناوە(ریکور، ٢٠٠٩،ل. ١٣٦). دەوڵەتان لە ڕیگەی سیاسەتی کولتوورییەوە وەک دەسەڵات و مێژوونووسانیش لەم نێوەندەدا ڕۆڵی کاریگەر دەبینن، مێژوونووس لە پرۆسەیەکی گێڕانەوەدا، بە مێژووچنینەکەی تەنها کەسێکە کە مردووان و زیندووان لەڕێگەی سوودوەرگرتن لە کولتوور، یادگە، ڕووداو، چنینی وشە و دواجار گێڕانەوەیەکی تەواوەوە پێکەوە دەبەستێتەوە، مێژووەکان بە چنینی گێڕانەوەکان هەم یادەوەریی گشتی دەپارێزن و هەم بەرهەمیشی بهێننەوە لەپێناو ژیانی هەنووکەیی و ئایندەیی کۆمەڵگەدا.

گرنگە بزانرێت خودی گێڕانەوە و ڕۆڵی گێڕانەوە و گێڕانەوەی ڕەسمی دەوڵەتی و مێژونووسان چییە و چ پێگەیەکیان هەیە لە وێناکردنی شوناسدا و چ کاریگەرییەکیشیان هەیە بۆ سەپاندن، لێکردنەوە و دیاریکردنی شوناسێک بۆ نەتەوەیەک کە شوناسی ئەوان نییە؟

– سێیەم: گێڕانەوە و گێڕانەوەی مێژوویی و ڕەسمی

چەمکی “گێڕانەوە-Narration” یەکێکە لەو چەمکە ئاڵۆزانەی کە لەچوارچێوەدان و ناساندنی ئاڵۆزە و ڕاجیایی لەسەرە، بەڵام بە گشتی گێڕانەوە واتە ئەو شتەی کە دەگێڕدرێتەوە، واتە بەدوایەکداهاتنی ڕووداوەکانە لەڕێی بونیادێکی هۆ و ئەنجامییەوە، کە کۆی بابەتی گێڕانەوەکە پێکدەهێنێت. مەرج نییە گێڕانەوەکانیش هەمان و هەموو ڕووداوەکان وەک خۆیان نمایش بکەنەوە(اوحدی، ١٣٩١،ل. ١٩).

کۆمەڵناسانی گێڕانەوە، چالاکی و ڕووداوەکانی نێو داستانەکان، وەک کۆڵەکە و بونیادێکی ژیانی کۆمەڵایەتی دادەنێن، چونکە پەیوەستییەکی ڕەتنەکراوە لە نێوان بیرکردنەوەی کۆمەڵایەتی، شوناس و جوڵەی پەیوەندییەکانی کۆمەڵگەدا بوونی هەیە(آندرا دسیو ڕیتیوا، ١٣٩١،ل. ٣٨).

گێڕانەوە وەک بنەما و ڕێزمانی زمانەکانە، جۆرە سیستمێکی هێمایی/نیشانەییە (رمز/علامە) وەک نیشانەکانی هاتووچۆ. گێڕانەوە ڕەهەندێکی کۆمەڵایەتیشی هەیە و ڕێگەیەکە بۆ گەڵاڵەکردنی ئەزموونەکان، بە جۆرێک کە بتوانرێت لەو ئەزموونەدا بەشداریی تێدا بکرێت. گێڕانەوەکان زانیاریی تایبەت نمایش دەکەن کە لەگەڵ زەمینە(پاشخان) کولتوورییە جیاوازەکاندا ڕووبەڕوو دەبێتەوە، ئەگەر زمینەکانی گێڕانەوەکە لەگەڵ زەمینە کولتوورییەکەدا یەک نەگرێتەوە، ئەو گێڕانەوەیە هەرگیز جێ ناگرێت و لەلایەن بەردەنگ (مخاطب)ەوە درک ناکرێت(اوحدی، ١٣٩١،ل. ٢٥).

لە تاکەوە بیگرە تا گرووپ، کۆمەڵگە، دەوڵەتان، و دەسەڵاتە سیاسیی و ئاینی و کۆمەڵایەتییەکان هەریەکە چیرۆک و گێڕانەوەیەکی هەیە، چ بۆ هەبوونی خۆی و چالاکییەکانی، چ بۆ ئەو ڕووداوانەی کە ڕوویان داوە یان ڕوودەدەن و لەوێوە جۆرە شوناسێکی تایبەت بە خۆی نمایش دەکات.

پۆل ڕیکۆر (١٩١٣-٢٠٠٥) یەکێکە لەو فەیلەسووفانەی کە بەشێکی ژیانی خۆیی بۆ ڕامان و لێکدانەوەی گێڕانەوە و یادەوەریی تەرخان کرد، لەم بوارەدا خاوەنی دیدگایەکی تایبەتە و لەگەڵ ئامانجی ئەم توێژینەوەیەشدا تێزەکانی نزیکترن. هەربۆیە وەک چوارچێوەیەکی تیۆری بۆ ڕوونکردنەوە و شرۆڤە و چنینی پێدراوەکان بەکارهێنراوە.

ڕیکۆر لەدەیەی ١٩٨٠دا، ئەو وێنایەی خستەڕوو کە ئاڵۆزیی ژیانی مرۆڤ، بەهۆی ئەو گۆڕانکارییە زۆرانەی بەهۆی گوزەری زەمانەوە بەسەرییدا دێت، ئەگەر لە شێوەی گێڕانەوەدا بخرێنەڕوو، دەتوانن زیاتر شایستەی دەرک و تێگەیشتن بن(آندرا دسیو ڕیتیوا، ١٣٩١،ل. ٢١٦)، پێیوایە هەڕەمێکی سێ ئاستی هەیە بۆ تواناکانی مرۆڤ، باوەڕی وایە ڕکێفکردن و دەسەڵاتشکان بەسەر زمان و ئاخاوتندا ئاستی یەکەمی هەڕەمەکەیە “ئاخاوتن کردەی شتەکان بە وشەکانە”، بە دەسەڵات و تواناییش بەسەر وتن و ئاخاوتندایە بەرەو ڕکێفکردن و توانایی بەسەر کار و کردەکاندا دەجوڵێین ئەمەش ئاستی دووەم. بەڵام ئاستی سێیەمی هەڕەمەکە دەبەستێتەوە بە گێڕانەوەوە، باوەڕی وایە توانایی سێیەمی مرۆڤ بریتییە لە گێڕانەوە و گێڕانەوەش لای ئەو بریتییە لە توانای وتنی شتێک کە ڕووی داوە. گێڕانەوە پلەی سێیەمی ئاستی توانایی مرۆڤی وەرگرتووە و پاش قسەکردن و کردەوە هاتووە. بۆیە گێڕانەوەی مێژوویی و چیرۆک و مێژووەکان لە گرنگترین هۆ فەلسەفییەکانن بۆ درکی هەبوون (بلخن، ٢٠١٣،ل. ٤٣-٤٥).

ڕیکۆر گێڕانەوە لە دوو واتادا کورتدەکاتەوە: یەکەم کۆکردنەوەی جیاوازییەکانە. دووەم چنین و ئاوێتەکردنی ئەو جیاوازییانەیە لە یەکەیەکی یەکگرتوودا. لێرەدا گێڕانەوە هۆیەک نییە بۆ دەلالەت لە شتێک بەڵکو خودی دەلالەتە. گێڕانەوە کۆکردنەوەی پەرش و بڵاوییە و ڕێکخستنی ناکۆکەکانە و دووبارە پێكهێنانەوەی ڕووداوەکانە، بۆیە چنین لە گرنگترین ڕەگەزەکانی گێڕانەوەیە و هەمیشە بە ئاڕاستەی بەدیهێنانی هێڵێکی دانان و نووسیندایە و سەرجەم ڕەگەزە نەگونجاوەکان لە چنراوێکدا کۆدەکاتەوە، بۆ ئەوەی ببنە یەکەیەکی یەکگرتوو کە نەتوانرێت لێکهەڵوەشێن و ئەرکی گێڕانەوە بریتییە لە ڕێکخستنی ڕووداوەکان و ساچاندنیان(دانیشاندنیان) پێکەوە بە جۆرێک لە کۆتاییدا ببنە فەرمان و کارێکی کامڵ. گێڕانەوەی مێژوویی بە واتایەکی دی دووبارە پێکهێنانەوەی ئەزموونی خوێنەرە بە کەتوار(واقیع)ی بە هۆی دووبارە بیناکردنەوەی مێژوو لەسەر بنەما و دار و پەردووی شوێنەوارەکان بەڵام لە قاڵبێکی گێڕانەوەییدا. پێکهاتەیەکی وتەییە ئیشەکەی دووبارە بنیادنانەوەی ڕابردووە لە میانەی شرۆڤەی پێکهاتە و ناوەڕۆکیەوە. لێرەدا دووپاتکردنەوە (تکرار) کاریگەریی دەبێت، کە بریتییە لە دووبارە گێڕانەوەی هاوسەنگی بۆ بیرۆکەی کەلەپووری دەستاودەستکردووی ڕابردوو. دووبارەکردنەوە زیندووکردنەوەی ڕووداوی ڕابردووە لە قاڵبی نوێدا، کە ئەمەش خۆی گێڕانەوەیە(بلخن، ٢٠١٣،لل. ٤٨-٥٧).

وێنەکێشان بە گێڕانەوە بەشدارییەکی کارا دەکات لە داڕشتنەوەی شوناسی پاڵەوانە بەشدارەکان لە کردەوەکاندا. لێرەدا ئاستێک هەیە کە ئایدۆلۆجیاکان وەک گوتارێکی پاساوهێنانەوە بۆ دەسەڵات و ڕکێفگەراییکەی کاری تێدا دەکەن. لێرەدایە کە هەموو ئەو بابەتە یاریپێکراو و دەستکاریکراوانە دەبینرێن کە لەڕێگەی چیرۆک و داستان پێشکەشکراون و ئامادەسازییان بۆ کراوە. ڕکێف و هەژموونگەرایی تەنها بە فشاری فیزیایی جەستەیی بەس ناکات. تەنانەت ستەمکارەکانیش پێویستیان بە گوتاربێژی دەستکرد و دروستکراو هەیە، بۆ ئەوەی بەڵگەی زمانی و ڕەوانبێژی بۆ پرۆژەی دەسەڵات بخاتەڕوو چ لەڕووی هاندانەوە چ لەڕووی ترس و تۆقاندنەوە بێت. لێرەوە خراپ بەکارهێنانی یادگە بە ئەنقەست دەردەکەوێت کە ئایدۆلۆژیاکان لە شێواندن و چەواشەکردندا لەسەر چەند ئاستێک بەکاری دەهێنن، گرنگترینیان مێژووی ڕەسمییە یان یادگەی گریمانەکراوە کە بە گێرانەوە و مێژووی ڕێپێدراو پڕچەککراوە. مێژووی ڕەسمی ئەو مێژووەیە کە هەمووان فێری دەبن و بە ئاشکرا لەبەردەم هەموواندا شانازی پێوە دەکەن. ئەمەش یادگەی ڕاهێنراو و مەشق پێکراوە و لەسەر ئاستی دەزگایی یادگە فێرکراوە و بەکارهێنراوە. لە کۆتاییدا چیرۆکەکە دەچێتە خزمەتی شوناسی کۆتایی کۆمەڵییەوە. مێژوو لێرەدا فێردەکرێت، لەبەردەکرێت، هەروەها شانازی پێوە دەکرێت. ئەمەش هاوپەیمانێتییەکی ترسناکە لەنێوان پرۆسەکانی دووبارە بیرخستنەوە و لەبەرکردنی زانیاریی و ئەو ئاهەنگانەی بۆ یادەوەریی و یادگەی گشتی ئەنجام دەدرێن. لێرەدا مێژوونووسان دەکەونە دوڕیانێکەوە: ئایا بۆ چاکەی گشتی بنووسن، یان بۆ هەقیقەت؟ (ڕیکور، ٢٠٠٩،ل. ١٤٣-١٤٤).

لەم پرۆسەیەدا چاکەی گشتیش لەدیدی دەسەڵاتەوە دیاری دەکرێت و ئەو شوناسەی مێژووی ڕەسمیش پێشکەشی دەکات دەبێت لەو چوارچێوەیەدا بێت.

لە دیدگای گێڕانەوەییدا، شوناس، واتە جەختکردنەوە لەسەر ئەو ڕووداوانەی ژیانی کەسێک بۆ ئەوەی جۆرێک لە کەسێتیی خودی-چییەتیە کە کەسەکە دەناسێنێت. لەبەرئەوە هەر تاکێک لە بنجەوە تا ئەو شوێنەی شوناسەکەی لەلایەن جووڵە و چالاکییەکانییەوە شکڵ دەگرێت یەک ئامرازە(آندرا دسیو ڕیتیوا، ١٣٩١،ل. ٢١٧).

لەبارەی چنینی گێڕانەوەکان و مێژووەوە، ڕیکۆر باوەڕی وایە: “ئێمە دەگێڕینەوە چونکە ژیانی مرۆڤایەتی شایستەی گێڕانەوەیە، ئەم تێبینیەش خۆبەخۆ هێزێکی گەورەی تێدا کۆبووەتەوە، بۆیە جەخت لەوە دەکەینەوە کە پێویستە مێژووی شکستخواردووەکان و دۆڕاوەکان ڕزگار بکەین لە تیاچوون، چونکە مێژووی ئازار و ناڕەحەتییەکان سەرجەمییان داوای یاخیبوون و شۆڕش دەکەنەوە و داوای گێڕانەوە دەکەن” چنینی ڕووداو پردی نێوان مێژوو و ڕووداویشە، بۆیە ڕووداوی مێژوویی تەنها شتێک نییە ڕوویدا بێت، بەڵکو پێکهێنەرێکی بنچینەیی گێڕانەوەیە(بلخن، ٢٠١٣،لل. ٦١-٨٣).

یادگە (Memory) لە مێژوو و گێڕانەوەکاندا بایەخی تایبەتی هەیە، چونکە پشت بە یادگەکان دەبەستن بۆ “دووبارە بیرخستنەوە”، لە دووپاتکردنەوە و بیرخستنەوەشدا دەکرێت یادگە بە هەردوو ڕەهەندی بەرژەوەندگەرایی (پراگماتیکی) و مەعریفی بەکار بهێنرێت “بەکارخستنی یادگە”، لە ڕووی ڕەهەندی پراگماتیکییەوە بەکارهێنانی یادگە لەو پێناوەدایە کە تواناکان، هێزەکان و ئیمکانیاتەکان بەکاربهێنرێن کە پەیوەست و تایبەتن بە دەستەواژەی “من دەتوانم”ەوە. بەڵام لەڕووی ڕەهەندی مەعریفییەوە یادگە دەکرێت بەکاربهێنرێت بۆ وەسفی دیدگایەکی تەواو بە ئامانجی مەعریفی و کردەیەکی ڕێکاریی ڕووتە وەک بووژاندنەوەی کەلەپووری فەیلەسوفێک لە ڕابردوودا. لێرەوە کاری مێژوونووسان و کەسانی دیکەش لە گێڕانەوەدا، “بەکارخستنی یادگە”یە، یادگەش لەڕێگەی ڕاهێنانەوە بەکار دەهێنرێتەوە، بۆیە دەکرێت هەم باش بەکاربهێنرێت و هەم بەپێچەوانەشەوە خراپ بەکاربهێنرێت (سوء استعمال الذاکرة). یادگە هەمیشە لەبەردەم هەڕەشەدایە و لەڕێگەی خراپ بەکارهێنانییەوە بەئامانج دەگیرێت، لەسەر سێ ئاستیش دەکرێت یادگە خراپ بەکاربهێنرێت: ١.لەسەر ئاستی نەخۆشی و کێشەی خودی یادگەکان، ٢.لەسەر ئاستی ئەو لێدان و لادانانەی بەسەر یادگەدا دەهێنرێت و ڕووبەڕووی یاریپێکردن و چەواشەکردنی دەستکرد دەبێتەوە، ٣. لەسەر ئاستی سێیەمیش خراپ بەکارهێنانی یادگەیە لەسەر ئاستی ئەخلاقی سیاسی کە تێیدا دووبارە بیرهێنانەوە و بیرخستنەوە و یادگە بۆ شکۆ و مـێژووی ڕەسمی و کەرنەڤاڵە و شانازیکردن بە یادگەوە سوودی لێوەردەگیرێت. ئەمەش وادەکات هەمیشە هەڕەشە لەسەر یادگە دروست بکات و لەبەردەمیاندا لەرزۆک بێت (ڕیکور، ٢٠٠٩،لل. ١٠٢-١٠٤ و ١٢٠-١٤٥).

لێرەوە دەکرێت دەسەڵاتە سیاسییەکان و ئایدۆلۆجیاکان، بە ئامانجێک لەڕێگەی گێڕانەوەوە یادگەی کۆمەڵی و مێژووی ڕەسمی بۆ نزیککردنەوەیان لەو ئامانجەی بیری لێدەکەنەوە بە ئامانج بگرن، لێرەدا مێژوو و یادگە ڕۆڵی بنیادنانی ئایندە و شوناس و گوتاری سیاسی دەگێڕن.

یادگە پێویستی بە ڕاهێنان و مەشقە بۆ بەکارهێنانی، یاریکردن و چەواشەکاریی لە یادگە و گێڕانەوەشدا، ئەمەش دیوی خراپ بەکارهێنانیەتی، بۆیە یەکێک لە ئامرازەکان بواری پەروەردە بەگشتی و پرۆگرامەکان و ڕێگاکانی فێربوون دەبن، لە مێژووی سەدەکانی نێوەڕاست و نوێدا ئەم هەنگاوە زۆر لەبوارەکانی پەروەردەدا بەکاردەهێنرا، بەتایبەت لە خوێندنگە ئاینییەکاندا لە ڕێگەی دووپاتکردنەوە و زۆروتنەوە و بەکارهێنانی یادگە و ئەو پرۆگرامانەوە کە دیاری دەکران بۆ خوێندکاران و شاگردانیان(ڕیکور، ٢٠٠٩،لل. ١٠٤-١٠٨).

لای ڕیکۆر، مێژوو ئەڵقەیەکی ڕووداوەکانی ڕابردوو یان کۆکەرەوەی گشتگیری ڕاستەقینە مێژووییەکان نییە، بەڵکو بریتییە لە ڕاڤەی حاڵەتی مرۆڤ کە بوونەوەرێکی زەمەنییە و تۆڕێکە لە یادگەی مێژوویی (ذاکرة التاریخیة) و بیرچوونەوە، بۆیە لە خۆڕا نییە کە پەیوەندییەکی پتەو لە نێوان یادگە و مێژوودا هەیە، ئەگەر ئەرکی یادگە پاراستنی ڕابردوو بێت، ئەوا ئەرکی مێژوو بیناکردنی ئەوەیە کە یادگە پاراستوویەتی. (بلخن، ٢٠١٣ل. ١٢٧)

یادگە لای ڕیکۆر سێ وەرچەرخانی گرنگی بە خۆیەوە دیووە لە ئاستەکانی بەکارهێنانیدا:

یەکەمیان: ڕەهەندێکی وتاربێژی و هونەر و ڕەوانبێژی وەرگرت.

دووەم: لە شۆڕشی دووەمدا ڕەهەندێکی ئەخلاقی وەرگرت لێرەدا یادگە بەشێک بوو لە پەرەپێدان فەزیڵەت و ئەخلاق و ئازایەتی و دادگەری…تاد، لەم قۆناغەدا بوو کە بۆ نموونە شارلمان پاشای بەهێزی سەدەکانی نێوەڕاستی ئەورووپا، هەوڵیدا سیستمی پەروەردەیەکی دێرین بگێڕێتەوە و ئەوە ڕابگەیەنێت کە یادگە “بریتییە لە گەنجینەی هەموو شتەکان”: بنەماکانی باوەڕ، ڕێگاکانی فەزیڵەت و گەیشتن بە فیردەوس، هەروەها ئەو ڕێگەیەشە کە ئاڕاستەکارە بۆ جەهەننەم.

سێیەم: لە شۆڕش و وەرچەرخانی سێیەمیشدا هونەر و تەکنیکی یادگە ڕۆڵی پێ درا و کەسێتی ڕەمزیی و هونەر و یادگە وەک وەحی بەکارهاتن. لێرەدا تەکنیکی جادووی یادگە بەکارهات کە توانایەکی بێسنووری هەیە، هەر ئەوەی کە شیشرۆن ناوی لێنا کردەی داهێنەرانەی یادگەی ڕاهێنراوی نیمچە خوایی، بۆیە هونەری یادگە لەگەڵ پەرستشەکانی لەسەر ڕەوتی خۆی، بۆ سیستەمەکە ڕاهێنانی مەنهەجی بوون(ریکور، ٢٠٠٩،لل. ١١١-١١٦).

دەکرێت بۆ قۆناغی سێیەم نهێنی سەردەمی ڕۆشنگەریی و ڕێنسانسی ئەورووپی بە نموونە وەربگیرێن کە لە پلەیەکی بەرزی هونەرییدا یادگە و کەلەپووری ڕابردوویان بوژاندەوە و وەک پاڵەوان و ئیلهام و ئاماژە لە ڕابردووی دوورەوە سوودیان وەرگرت و یادگەیان بەکارهێنایەوە.

ڕەنگە وەسفەکەی ڕۆلان بارت لەبارەی کاریگەریی و هەژموونی گێڕانەوەوە بە نرخ بێت کە جەخت دەکاتەوە لەسەر کولتووری ئەمڕۆیی و هەنووکەیی کە بە چەندین گێڕانەوەی جۆراوجۆر تێر بوون؛ ئەفسانە، داستان، چیرۆک، چیرۆکی کورت، لاوک، مێژوو، مەرگەسات، دراما، پانتۆمایم، وێنەکیشان، فیلم، هەواڵ، گفتوگۆ، تەنانەت ڕوونکردنەوە و ڕانانەکانی هەردەستەواژەیەکی بێلایەنانە، لەو ئەزموونە ڕۆژانەییانەی ئێمەن کە سەرجەمیان گێڕانەوەن. گێڕانەوە نەک تەنها لە شێوە جیاوازەکانی کولتووری ئێمەدا ڕەگیان داکووتاوە، بەڵکو کۆی کولتوورێکە کە لە سەرەتای مرۆڤەوە لە هەموو سەردەمەکاندا و لە هەموو کولتوورەکاندا بوونیان هەبووە، لەم ڕووەوەیە کە گێڕانەوە تا ئێستاش بە ئەندازەی خودی ژیانی سروشتی، خۆی دەنوێنێت(اوحدی، ١٣٩١،ل. ٦١).

دەرئەنجام لەو چوارچێوە تێورییەی خرایەڕوو، دەکرێت جۆر و ڕەگەزە کاریگەرەکانی نێو پرۆسەی سیاسەتی کولتووریی کورت بکرێنەوە لە: گوتار و ئایدۆلۆجیای سیاسیی دەوڵەت، جۆر و شێوازی داڕشتنی سیاسەتی کولتووریی هەر وڵاتێک، شوناس، یادگە و یادگەی کۆمەڵی، سیاسەتی پەروەردەیی و پرۆگرامی فێرکاری، پرۆسەی یادخستنەوە و خراپ بەکارهێنانی یادگە، کات و ڕابردوو، مێژوو و گێڕانەوەی ڕەسمی، پاڵەوانەکان و …تاد. هەموو ئەمانە پێکەوە لە پاکێجێکدا دەتوانن ڕۆڵی کاریگەر لە پێدان و وەرگرتنەوە و سەپاندنی هەر شوناسێک بگێڕن، هەم شوناسساز بن و هەم لەشوناسخستنی پێکهاتەیەک و تواندنەوەشی لەخۆبگرن. هەم شانازیی بۆ پێکهاتەیەک و هەم نەهامەتی و سڕینەوە بۆ شوناسێکی تر لە هەمانکاتدا بەرهەم بهێنن.

کەواتە لەم دیدگا تیۆریەی خرایەڕوو دەکرێت لە هەنگاوەکانی مێژووی سیاسەتی کولتووریی هاوچەرخی دەوڵەتی ئێران بەرامبەر کورد (وەک نەتەوەیەکی نێو ئەو وڵاتە)بڕوانرێت و پێکهێنەر و ئاڕاستەکانی سیاسەتەکەی ڕاڤە بکرێت و بزانرێت ئەنجامەکەی چی دەبێت؟

تەوەری دووەم: نەتەوەسازیی ئێرانی و دیدی ئێرانگەرایی لە سیاسەتی کولتووریی دەوڵەتدا

– یەکەم: پێکهێنەرەکانی شوناسی نوێی ئێرانگەرایی

بۆ تێگەیشتن لە سیاسەتی کولتووریی هاوچەرخی دەوڵەتی ئێران، پێویستە بەر لەوە، گرێ بدرێتەوە بە ئەنگێزەکانی دەرکەوتنی ئەو دەوڵەتەوە، چونکە لەگەڵ بناغەدانانی دەوڵەتی هاوچەرخ کە کودەتای ٣ی ئیسفەند هێنایەکایەوە، لە دوو ساڵی سەرەتایدا، بەرنامەیەکی تایبەت جێبەجێکرا، کە جۆرە سیاسەتێکی گشتیی کولتووریشی لەخۆدەگرت و لەسەر چەند بنەمایەکی ئایدۆلۆژی-سیاسیی کردە دروشم و لەگەڵ جێگیربوونی دەسەڵاتەکەیدا (چەسپاندنی پەهلەوی یەکەم)، ڕوون ئەم سیاسەتانە دەرکەوتن کە ئامانجێکیان دەوڵەتێکی یەکشوناسی بەهێز بوو، هەر لەڕێگەی ئەم بەرنامەیەشەوە بوو پرۆسەی یەکنەتەوەسازیی ئێرانی و (تواندنەوە-ئاسمیلاسیۆن)ی ئەوانی دیکەی دەست پێکرد.

سیاسەتی گشتیی دەوڵەت لەسەر سێکوچکەیەک بیناکرا: نەتەوەسازیی، ناوەندگەرایی و مۆدێرنگەرایی زۆرەکی. دەوڵەت لە ڕێگەی جێبەجێکردنی ئەم سێ سیاسەتەوە دەیویست گوتاری ناوەندگەرایی و ئێرانگەرایی خۆی بسەپێنێ، بەڵام ئەو دەمە ئێران لە دۆخێکی پێچەوانەی ئەمەدا گوزەری دەکرد. ئەوەی کۆمەڵگەی ئێرانی بۆ یەکخستنی سوپا ئاڕاستە دەکرد: دەسەڵاتی لۆکاڵی سەردار و هۆزەکانیان، هەڵگەڕانەوە و یاخیبوونە بەردەوامەکان دژی دەوڵەت، سەرهەڵدانی هۆشیاریی نەتەوەیی لای نەتەوە جیاوازەکان و هەوڵی سەربەخۆییان، هێزی چەکداری ناوچەیی، هێزی چەکداری دەوڵەتیش چەند پارچەیەکی جیاواز و ناتەبا، هەژموونی دەسەڵاتی بێگانە(ئینگلیز و ڕووس) و کاریگەریی بەسەر سیاسەتی دەوڵەتدا بوو، ئەمانە و چەندین کۆسپی دیکە وایان کرد بیرکردنەوە لەو سیاسەتە گشتییانە ببێتە ئەنگێزەی نوخبەی ڕۆشنبیر، دەوڵەتی کودەتا و دەوڵەتی پەهلەوی یەکەمیش پیادەکاری بوون.

ڕەزاشا بۆ پیادەکردنی سیاسەتە گشتییەکان و کۆتاییهێنان بە دۆخی پەرتەوازەی دەسەڵات و حوکمڕانە ناوچەییەکانی ئێران کە مانایەکیان بۆ دەوڵەتێکی ناوەندیی نەهێشتبووویەوە، دەیویست لە سێ ڕێگاوە سیاسەتە گشتییەکانی بەرجەستە بکات: چڕکردنەوەی دەسەڵات لە ناوەنددا، بەهێزکردنی پایەکانی مۆدێرنگەرایی لە کۆمەڵگەدا و هەژموونی تەواوەتی دەوڵەت بەسەر کۆمەڵگەدا(مراد، ٢٠١١،ل ،١٧٤) .

هاوتا لەگەڵ ئەم هەنگاوانەدا، دەنگی بەشێکی دیاری ڕۆشنبیران و نوخبەی سیاسی لەگەڵ ڕەزاخاندا هاوئاهەنگ بوو، کە داوای سنووردارکردنی دەسەڵاتی ناوچەیی و دروستکردنی دەسەڵاتێكی ناوەندییان دەکرد. لەوانە سلێمان میرزای پەڕلەمانتار و ڕێبەری حزبی سۆسیالیست (١٩٢٥)، ستایشی هەنگاوی سازکردنی دەسەڵاتێکی ناوەندیی و پەلامارەکانی ڕەزاخانی بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتە ناوچەییەکانی دەکرد(کاتوزیان،١٣٨٩،ل٢٠٥). تەقیزادەی ڕۆشنبیری دیاری ئێران لە نامەیەکیدا(١٩٣٠) بۆ ڕەزاشای نووسیبوو: باوەڕی تەواوم هەیە کە خودا خاوەنشکۆی بۆ ڕزگارکردنی مەملەکەت نازڵ کردووە”(زاده، ١٣٨٣،ل. هفده)، ئەو ساڵیک بەر لە کودەتاکەش (١٩٢٠)، لە وتارێکی ڕۆژنامەی کاوەدا پایەکانی سیاسەتی گشتی لە دوو کۆڵەکەدا دەبینییەوە: مۆدێرنسازیی(چاولێگەریی ئەورووپا) و نەتەوەسازیی(پاراستنی زمان و ئەدەبیاتی فارسی و خوێندنی زۆرەکی)(هەمان:ل١٥)، ڕاشکاوانەش بۆ تەواوکردنی بەرنامەی دەوڵەت پێویستیی دەوڵەتێکی سەربازیی و سەربازیی زۆرەکی و یەکخستنی لەشکرەکانی ڕوونکردبووەیەوە، تا ئەو سوپایە بتوانێت دەوڵەتێکی ناوەندی و هەنگاوەکانی مۆدێرنبوون بگرێتە ئەستۆ و نەیارەکانیشی ملکەچی یاسا بکات(اصفهانی، ١٣٩٢،لل. ٥٠-٥١). تەنانەت موسەدەقوسەڵتەنەش لەپەڕلەماندا ڕاشکاوانە وتی: زۆر بە ڕەزاشا باوەڕدارم و خۆشمەوێت، ئەو خزمەتێکی بە مەملەکەت کردووە و بۆ کەس شاراوە نییە… لەوکاتەوەی دەسەڵاتی وەدەست گرتووە ئاسایشی گەڕاندووەتەوە بۆ مەملەکەت و حەزدەکەم جڵەوداری ئەم وڵاتە هەر ئەو بێت(اسناد مجلس شورای اسلامی، نهم آبان١٣٠٤).

ئەمانە نموونەیەکی کەمی ئەو کەسانەبوون لەو لێشاوە نوخبەیەی پشتیوانی چەسپاندنی سێ پایەکەی سیاسەتە گشتییەکان بوون، کە تریبۆنی پەڕلەمان و ڕۆژنامە و بڵاوکراوەکانیان لەدەستدا بوو، ڕەزاشاش درێغی نەکرد و کەوتە چەسپاندنی پایەکانی دەوڵەتێكی یەکشوناسی ناوەندگەرا:

آ. نەتەوەسازیی و شوناسسازیی: ئەم بەرنامەیە خەونی نوخبەی دەوڵەتی و یەکێک لە پێکهێنەرەکانی سیاسەتیی گشتی دەوڵەتیش بوو، لەوەوە سەرچاوەی دەگرت کە ئایدۆلۆژیای دەوڵەت لەسەر پایەی نوێی “نەتەوەسازیی لەسەرەوە بۆ خوارەوە” وێناکرابوو، کە بنەماکەی بە تێگەیشتنی ئەوان “ڕەگەزی ئاریایی کۆکەرەوەیە بۆ دروستکردنی نەتەوەیەک بەناوی ئێرانەوە لەسەر ئەو میراتە زمانی-ڕەگەزییە” ئەڵبەت لەهەناویشیدا چەمکەکانی شوناس، پاڵەوان، جوگرافیا، هەستی هاوبەش، مێژوو، کەلەپور و دواجار دەوڵەتی نەتەوەیی پێکەوە گرێدەدرانەوە و لە چوارچێوەیەکی گشتیدا هەر چەمکە ئەرک و ڕۆڵێکی دەگێڕا و لە کۆتاییشدا دەوڵەت و نەتەوەیەکی سازکراوی پێکەوە تێکەڵ و هاوئامانج دەکردەوە(ملایی توانی، ١٣٨٤،ل. ١٢١). بۆ ئەمەش لە گوتارێکی هاوبەشدا زمانی فارسی، ئاریاییبوون، پێشینەی مێژوویی، دەوڵەتدۆستی و شاپەرستی و ..تاد، چوارچێوەی پێکهێنەری ئەو شوناسە بوون کە دەوڵەت بۆ سەپاندن و چەسپاندیان دەستی بە تواندەنەوە و یەکسازی(ئاسمیلاسیۆن)ی نەتەوەجیاوازەکانی نێو ئێران کرد و کاری لەسەر سڕینەوەی زۆرەکی زمان و کولتوورە جیاوازەکانی دیکە دەکرد(اکبری، ١٣٩٣،ل. ٢٥٠).

ب- مۆدێرنگەرایی: پایەیەکی تری گوتاری نوێی دەوڵەت و سیاسەتە گشتییەکانی بوو، هەم دەوڵەت و هەم ڕۆشنبیران لەپشتی وەستابوون، بۆ چەسپاندنیشی، دەوڵەت سەرەتا دەستی کردە سەپاندنی خوێندن و ڕەنگدانەوەی شوناسی نوێی دەوڵەت لە پرۆگرامەکەیدا، هەروەها لاوازکردنی پێگەی ئاین و پیاوانی ئاینی و وەک ڕێگر لە پێشکەوتنی ئێران دەیناساندن، سەپاندنی سیاسەتی جلوبەرگ(سەپاندنی جلێکی دیاریکراو و کڵاوێک بۆ پیاوان، لابردنی پەچە و نەهێشتنی باڵاپۆشی بۆ ژنان، ئیتر بێگوێدانە شوناس و کەلەپووری نەتەوەجیاوازەکان). ئەگەرچی ئەم سیاسەتە کولتوورییەش ڕیشەکەی بۆ سەردەمی قاجار و مەشروتە دەگەڕایەوە، بەڵام دەوڵەتی نوێی ئێران ئەرکی چەسپاندنی وەئەستۆ گرت(اکبری، ١٣٩٣،ل. ٢٢٣). هەرچەند ئەم سیاسەتە ڕاستەوخۆ پاش کودەتا بەشێکی بەرنامەکانی دەوڵەت نەبوو، بەڵام لەگەڵ جێگیربوونی پایەکانی دەسەڵاتی ڕەزاشا و لاوازکردنی نەیارانی لە پەڕلەمان و دەوڵەتدا، کە ئیتر شێوە سیستەمێکی نیمچە دیکتاتۆری-بنەماڵەیی چەسپا، توانی بەرنامەی مۆدێرنسازیی زۆرەکی دەست پێبکات(کرونین، ١٣٩٠،ل. ١٣٣).

ج. دەوڵەتسازیی ناوەندگەرایی: پایەی سێیەمی گوتاری دەوڵەت بوو، کە کۆمەڵگە و دەزگاکانی دەوڵەتی یەکدەخست، ڕێک ئەم بنەمایەی بەرامبەر دەسەڵاتە ناوچەییەکان، کولتوورە جیاوازەکان و گەلانی دیکەی نێو ئێران بەکارهێنا، بەو واتایەی یان دەوڵەت و دەسەڵاتە ناوەندییەکەی یان دەسەڵاتە ناوچەییەکان(David ، ٢٠٠٢،ل. ٥٩). خەونی دەوڵەتێكی بەهێزی ناوەندیی، مێژووی کۆنتری هەیە، بەڵام لە سەروبەندی جەنگی یەکەمی جیهانی، دیسانەوە بووژایەوە، چونکە لەوکاتەدا دەوڵەتی قاجار نە لەنێوخۆ مەملەکەتی پێدەپارێزرا و نە لە سیاسەتی دەرەوەش کارا بوو. بۆیە لە بڵاوکراوەکانی ئەو دەمە و لە نووسینەکانی ڕۆشنبیراندا، وەک پێویستییەک سەیری دەوڵەتێكی ناوەندییان دەکرد. لەوانە: حسێن کازمزادە، مەحمودی ئەفشار، نەفیسی، کەسرەوی، پورداود، ڕەشیدیاسمی، موشفیقی کازمی، عەباس ئیقباڵ، مەلیکوشوعەرای بەهار، عەلی ئەکبەری سیاسی، تەقیزادە و…تاد، سەرەڕای جیاوازی تەرزی بیرکردنەوەیان، بەڵام دەوڵەتێکی ناوەندییان پێ پێویست بوو، باوەڕیشیان وابوو ئاوات و ئامانجەکانی بزووتنەوەی مەشروتە، لە دۆخێکی وەک ئەوکاتەدا ناچەسپێن و دەوڵەت “دیکتاتۆرێکی نموونەیی” و “تاکڕەوێکی ڕۆشن ئەندێشە” و “مێشکێکی مونەوەر”ی دەوێت، تا زەمینەکانی شۆڕشێک ئامادە بکات، بۆ ئەمەش زۆرینەیان باوەڕیان وابوو بۆ بەجێهینانی ئەم ئەرکە پێویست بە هێزێکی یەکگرتوو و دەسەڵاتێكی یەکدەست دەکات کە ئامانجەکان بهێنێتەدی(نظری، ١٣٨٦،ل. ١٤٤) و (تخشید، ١٣٧٧.،ل . ٩٨) کە هەموو ئەمانە دەچوونە خانەی چەسپاندنی هەرسێ پایەی دەوڵەتی ناوەندیی، مۆدێرنگەرایی و نەتەوەسازییەوە.

– دووەم: سیاسەتی کولتووریی دەوڵەتی هاوچەرخی ئێران

لێرەدا گرنگە پرسیارێک بکرێت، ئایا سیاسەتی کولتووری تەنها ئەرکی دەوڵەتە؟ یان تەنها ئەوەیە کە دەوڵەت ئەنجامی دەدات؟ لە دەوڵەتانی کراوە و ئازاددا، دیارە وەڵامەکە نەخێرە، چونکە پێویستە کۆمەڵگە و بواری گشتی و دەزگا نادەوڵەتیەکانیش بەشدار و کارا بن. سیاسەتی کولتووری دەبێت ڕەچاوی گۆڕاوەکان بکات، لەوانە جیاوازیی کولتوور نێوچەکانی هەر وڵاتێک، دیموکراسیی کولتووریی، پێویستە سیاسەتی کولتووریی لەهەناوی ئەو جیاوازییانەدا دابڕێژرێت(اشتریان، ١٣٩١،ل. ٣١و٣٥). بەڵام لە دەوڵەتە ناوەندگەرا و نادیموکراسییەکاندا دۆخەکە بە پێچەوانەوەیە، چونکە لەوێدا لەسەرەوە بۆ خوارەوە شوناس و گێڕانەوەی ڕەسمی و سیاسەتی کولتووری و پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی ئاڕاستە دەکرێت و لەسەرەوە بۆ خوارەوە بە ئامانجی نەتەوەسازییەکی نوێ کاردەکرێت کە لەگەڵ گوتارە سەپێنراوەکەدا یان گوتارە پێشنیارکراوەکەدا بگونجێت.

پێدراوە مێژووییەکان ئەوە ڕوون دەکەنەوە کە سیاسەتی کولتووریی لە ئێراندا دوو ئامانجی سەرەکی لە ئەستۆیە: یەکێکیان بەهێزکردنی پێکهێنەرەکانی شوناسی نەتەوەییە، ئەوی دیکەشیان کۆنترۆڵکردنی هۆکارەکانی لاوازکردنی ئەو شوناسەیە، گوایە لەبەر ڕێگریکردن لە دروستبوونی درزی ئیتنیکی نێوان پێکهاتەکان، قەیرانە کولتوورییەکان، دووریگرتن لە دەرخستنی جیاوازییە ئیتنیکی و ڕەچەڵەکیەکان {نەتەوەییەکان} و “نازین بە ڕەچەڵەک و ناوچەگەرێتیدا” و دابەشنەکردنی پۆستەکان لەسەر بنەمای پێکهاتەکان و کەمکردنەوەی قەبارەی شوناسە سەروو نەتەوەییەکان(اشتریان، ١٣٩١،ل. ٩٧). ئەمەش پێچەوانەی سیاسەتی کولتووری وڵاتانی کراوە و دیموکراتە.

لێرە بەدواوە سیاسەتی کولتووریی ئێران لەبەر ڕۆشنایی دەستوور و یاساکان، گێڕانەوە ڕەسمییەکان، مێژوو و مێژوونووسانی ئاڕاستەکراو و ئاڕاستەکانی گێڕانەوە لە پرۆگرامی وەزارەتی پەروەردە لەبەرامبەر کورددا دەخرێنەڕوو، کە لە هەردوو قۆناغی پەهلەوی یەکەم (گوتاری نەتەوەیی فارسی­تەوەر) و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا (مەزهەبی-نەتەوەیی-فارسی­تەوەر)، لەدەستی دەوڵەتدا بووە:

١. سەردەمی پەهلەوی:

لە سەردەمی پەهلەویدا دەوڵەت ویستوویەتی شوناسی ئێرانگەرایی و “نەتەوەسازیی ئێرانی” لەڕێی گوتارێکی دەوڵەتییەوە بسەپێنێت، گەرچی جوگرافیای ئەو وڵاتە سروشتێکی فرەنەتەوەی هەیە، بەڵام حکومەت کۆشاوە بە خەڵکی وڵاتەکە و جیهانی بسەلمێنێت لەئێراندا تەنها نەتەوەی ئێران(بەتەوەرێتی فارس) هەیە {لەسەر ڕیشەی ئاریایی} و ئەوانی دیکە دەبنە گروپی ئیتنیکی و خێڵی و زاریی (لەهجە) (عەزیزی، ٢٠٢٠،ل. ٢١). ئەمەش لەڕێگەی سەپاندنی زمانی فارسی بەسەر بواری گشتی و خوێندن و زمانی ڕەسمی دەوڵەتدا، دەوڵەت ئەمەی لەپێناو یەکپارچەکردن و یەکسانزایی و تواندنەوەی ئەوانی تر کرد، بەو ئایدۆلۆژیایەی کە دەوڵەت و ڕۆشنبیران باوەڕیان پێ هێنابوو، بۆ ئەم کارە زمانەکانی دیکەی قەدەغەکرد و سەرانسەریکردنی زمانی فارسی سەپاند و لەژێر ناوی “بەکارهێنانی یەک زمان” لە خوێندنی ڕەسمیشدا پیادەی کرد، بەمەش هەلێکی باش درایە دەزگا حکومەتییەکان بۆ لەنێوبردن و سڕینەوەی جیاوازیی زمانی گەلانی نافارس(نظری، ١٣٨٦،ل. ١٥٠).

بە دەستوور و یاسا لەسەردەمی یەکەم و دووەمی پەهلەویدا ئەم هەنگاوە ڕێکخرا و سیاسەتی کولتووریی ئێرانیزە و ئاریزەیشنکردنی نەتەوەکان و بەسەنتەرکردنی زمانی فارسی ڕێکخرا و دەستی دەزگا جێبەجێکارە کولتووری و کارگێڕیی و بگرە ئەمنییەکانیش ئاوەڵا کرا بۆ جێبەجێکردنیان.

بەڵگە و مێژووی دەوڵەتی پەهلەوی لەسەر ئاستی نەرمەهێز و توندەهێز نیشانی دەدات لەبواری سیاسەتی کولتووریدا بەرامبەر کورد بۆ لەخۆگرتن و تواندنەوە و ئێرانیزەکردنی درێغی نەکردووە، لێرەدا گرنگە لەسەر دوو ئاست دەوڵەتی و ڕۆشنبیریی مێژوویی، دیدگا و ڕێکارەکانی ڕۆشنبیرانی ئێرانی ئەو سەردەمە بخرێنەڕوو لە ئاڕاستەکردنی سیاسەتی کولتووریی دەوڵەت بەرامبەر کورد کە ڕۆڵیان هەبووە و شوێنەوارەکانی تا هەنووکەش هەر ماوون:

محەمەد عەلی فروغی(ذکاء الملک) جیا لەوەی بیرمەند و یەکێک لە دەستەبژێرە کاریگەرەکان بووە، ڕوخسارێکی کاریگەری نێوسیاسەتی پەهلەویش بووە و لە هەردوو بوارەکەدا پایەداڕێژێکی سەرەکیی و کردەیی پرۆسەی نەتەوەسازیی ئێرانی و دەوڵەتسازیی ناوەندگەرا بوو.

هەمیشە ئەنگێزەی جیاخوازیی و شوناسی جیای کوردەکانی لەسەر ئێران و تورکی و عێراق بە مەترسی دەزانی، لەم بوارەشدا بە چەندین شێوە ئامۆژگاری دەوڵەتی دەکرد و ڕێکاری جێبەجێکاریی لەهەردوو بواری دیپلۆماسی و سیاسەتی نێوخۆیی و کولتووری بۆ پێدانی شوناسێکی دیکە بە کورد دەگرتەبەر تا بیر لە جیایی نەکەنەوە. فروغی لە نامەیەکیدا، بە ڕەزاشا دەڵێت نابێت لەوە دڵنیابین کوردەکان لە ئەنگێزەی سەربەخۆیی خۆیان واز دەهێنن. دیارە فروغی لەو ڕۆشنبیر و سیاسیانە بووە کە هەمیشە زانیوویەتی شوناسی کورد جیاوازە لە شوناسی ئێرانیبوون و تورکی بوون، بەڵام ئەو لەبری نێوبردن و سڕینەوەی فیزیکی، بیری لە تواندنەوە و یەکسانکردنیان لەشوناسی ئێرانچێتیدا دەکردەوە، ئەو ئاماژە بەوە دەکات “گەر ئینگلیزەکانیش هاوکارییان نەبن لە سەربەخۆبوون، ئەوان{کوردان} مرۆڤانی بەتوانان و خۆیان بە سروشت بەدوای ئەو خواستەیاندا دەڕۆن… بۆیە ئێمە پێویستە لەبیری کوردستانی خۆماندا{ڕۆژهەڵات} بین و ئەگەر توانرا تورکەکانیش لەگەڵ خۆماندا هاودید بکەین، ئەمەش نەک بۆ سڕینەوە و لەنێوبردنی کورد چونکە ئەمە خەیاڵێکی خاوە، بەڵکو بە میهرەبانی {نەرمەهێز} و بە پەیوەندیی دروستکردنی ئەوان بە دەوڵەتی ئێرانەوە و لەڕێگەی پەروەردەکردنیانەوە بە پەروەردەی ئێرانێتی…بۆ ئەوەی ئەگەر ڕۆژێک بیرۆکەی کوردستانی سەربەخۆ گەشەبکات و بەهێز بێت، کوردەکانی ئێران بۆ ئێمە نەبنە مایەی دەردی سەری و زەحمەت… بەڵام ئەگەر دیدگای بەرپرسانی ئێران وەک ڕەوتی پێشتر بێت و کوردەکان فەرامۆش بکەن بە باوەڕی بەندە هەڕەشەکان نزیکن” (فروغی، ١٣٨٩،لل. ١٢٩-١٣٠).

لێرەدا دەردەکەوێت و دان بەوەدا دەنێت کە کوردەکان خاوەنی شوناسی جیاوازن، دان بەوەشدا دەنێت کە پێشتر ڕێگەیان جیابووە، بۆیە پێشنیاری ئەوە دەکات لەڕێی پەروەردە و خوێندنەوە بیری ئێرانیزم بەسەریاندا بچەسپێنرێت و بەو نەرمەهێزە شوناسی ئێرانێتی بەسەر کوردبوونیاندا زاڵ بکرێت تا نەبنە مەترسیی ئایندەیی.

دەزگاکانی دەوڵەتی پەهلەوی، نەیاندەشاردەوە کە پێویستە زمانی فارسی لە تەواوی پانتایی ئێراندا ببێتە زمانی یەکەم و لەلایەن نافارسەکانیشەوە بخوێنرێت و بەکار بهێنرێت، لەم بوارەشدا چەندین پرۆژەیان پێشکەشی دەوڵەت کرد. بۆ نموونە پرۆژەکەی (هرمز میلانیان)، کە پێشکەشی ئەنجومەنی باڵای کولتووریی ئێرانی کرد و تێیدا جەختی لەسەر پەرەپێدانی زمانی فارسی و میکانیزمە ورد و شێوازەکانی سەپاندنی لە نێو سەرجەم پێکهاتەکانی دیکەی غەیرە فارسی نێو ئێراندا دەکردەوە و بەڵگاندنی هۆکارەکانیشی خستووەتەڕوو، هاوکات بوارەکانی (پەروەردە، زانکۆ و دەزگادەوڵەتی و مەزهەبی و کۆمەڵایەتییەکان) بەکارهێنانی فارسی دیاری کردووە، جگەلەوەش ئامۆژگاری دەوڵەت دەکات لەڕێگەی هاندانی نوسەر و شاعیر و وەرگێڕەکانەوە، کۆڕوکۆبوونەوە بە فارسی و ئەدەبیاتی فارسی بووەشێنن، پێشنیاریشی کردووە بۆ”پێدانی خەڵات بە فارسینووسان بەبێ گرنگیدان بە ناوەڕۆک” و…تاد(میلانیان، ١٣٥١،لp. ١٣-٤٤).

هاوکات دەوڵەت لەڕێگەی هاندان و پاداشتی نووسەران و توێژەران و بگرە ڕۆژهەڵاتناسانیشەوە، هانی دەدان نووسینەکان بەو ئاڕاستەیەدا بەرن کە کورد وەک ئێرانی و ئاریایی بناسێنن، بە گوێرەی بەڵگەنامەیەک(١٩٣٩) (کە وەزارەتی کولتوور(فرهنگ) ئاڕاستەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئێرانی کردووە) لەسەر ئاستی ئەنجوومەنی وەزیران و خودی شای ئێران، کار لەسەر ئەوەکراوە کە کوردەکان بە ڕەگەزێکی ئێرانی ڕەسەن لەقەڵەم بدرێن و دوور بخرێنەوە لەو بیرۆکانەی کە لە “شوناسە ئاریایی و ئێرانییەکە” دووریان دەخاتەوە و لەم ڕووەوە چەندین کار کراو و یەک لەو کارانە (لەساڵی ١٩٣٨دا) ڕاسپاردنی هەریەک لە “ڕەشید یاسمی مامۆستای زانکۆی تاران، مەردۆخی کوردستانی مێژوونووس و فلادیمیر مینۆرسکی ڕۆژهەڵاتناس و مامۆستای زمانە ڕۆژهەڵاتییەکان، بۆ نووسینی سێ کتێب بۆ چەسپاندنی ئەو دیدگا دەوڵەتییەی کە کوردەکان دەکاتە ئێرانی. بەگوێرەی بەڵگەکە لە هەریەک مەردۆخ و یاسمی کتێبەکانیان لە ساڵی ١٩٣٩دا تەواو کردووە و دەیدەنە وەزارەتی کولتوور بۆ چاپکردن و مینۆرسکیش سەرقاڵی نووسینی بووە (بڕوانە: پاشکۆی ژمارە١، بەڵگەنامەی وزارەتی کولتوور بۆ نوسینگەی تایبەتی شاهەنشای ئێران، ١/١٢/١٣١٧{٢٠/٢/١٩٣٩}، تاران، ئەرشیفی نەتەوەیی ئێران).

بە سەیرکردنی بەرهەمەکانی ئەم سێ کەسایەتییە، دەردەکەوێت ناوبراوان هەر ئەوەیان کرد کە دەوڵەتی پەهلەوی ویستی، هەرچی مینۆرسکی بوو، جیا لەوەی لەساڵی ١٩٣٧ەوە بووە سەرۆکی بەشی ئێرانناسی لە لەندەن، دنیا دەگەڕا و دەینووسی، لەبارەی کوردیشەوە ئەو باوەڕە دەگمەنەی دەچەسپاند کە “کورد ئاریاییە و لەنەوەی مادەکانە”. هەر بەو ئاڕاستەیە و بە ڕاڤەی داتاکانی بەڵگەکە و هاوتاکردنی لەگەڵ ژیانیدا، دەردەکەوێت مینۆرسکی دووساڵ پاش ڕاسپاردنی لەلایەن ئێرانی پەهلەوییەوە، دیارترین توێژینەوەی لەسەر کورد بەناوی “نەژادی کورد”ەوە، لە ساڵی ١٩٤٠دا، لەکۆنگرەی بیستەمی ڕۆژهەڵاتناسیی برۆکسل لە بەلجیکا، پێشکەشکرد، کە تێیدا تەنها جەخت لەسەر ڕەچەڵەکی مادەکان دەکاتەوە و ڕەگەزەپێکهێنەرەکانی دیکەی وەک گوتی، لولویی، کاسی و کاردۆخییەکان فەرامۆش دەکات(مینۆرسکی، ١٩٨٤،ل. ١٥و٣٤).

هەرچی ڕەشید یاسمی(١٨٩٦-١٩٥١) کوردی کرماشانیش بوو، بووە یەکێک لەڕۆشنبیرە دەوڵەتییەکانی گوتاری سیاسیی دەسەڵاتداری پەهلەوی و لایەنگری تیۆری نەتەوەی ئێرانی و بە ئارییکردن و بە قەوم ناساندنی نەتەوەی کورد بوو. ئەو لەگەڵ چەند هاودیدی دیکەیدا کرانە مامۆستای زانکۆی تاران، یاسمی باوەڕی وابوو “کورد یەکێکە لە لقەکانی درەختی کۆنەساڵی شکۆمەندی ئێران” و لە بەرایی کتێبی “کورد و پەیوەندیی نەژادیی”یەکەشیدا بەبێ بەڵگەیەکی ڕوون دەڵێت”کورد لە لقە دیارەکانی نەژادی ئاریاییە و لە ئاریاییبوونیان گومانێک نەماوەتەوە”. یاسمی، ئەو توێژەرانەی کە کورد بە لقێکی جیاواز لە ئێران لەقەڵەم دەدەن بە “دوژمنانی خۆبەدۆستزان” وەسفیان دەکات و هەموو ئەوانەش کە کورد دەبەنەوە سەر گوتی و لولو و کاشییەکان {وەک ئیحسان نوری پاشا و ئەمین زەکی و…تاد} بە کەسانێک وەسفیان دەکات کە دەیانەوێت کورد ڕەچەڵەکی نادیار بێت و وەک دەڵێ “ئەمانە زۆر ڕۆنەچوون لە توێژینەوە لە ڕەچەڵەکی کورددا” و نەیان ویستووە “بچنە نێو ئەو هەقیقەتی ئێرانیبوونەی کورد” و ئەوە بسەلمێنن بۆیە خۆیان بەدوور گرتووە!(یاسمی، ١٣١٣،ل. ٧، ٤، ١٠٩، ٥ و ٦). یاسمی بەدرێژایی کتێبەکەی کوردی بە “قەوم” و “تایەفە و “ڕەچەڵەکێکی هاوخوێنی و کۆمەڵایەتی فارس لەقەڵەمداوە و بە هیچ شێوەیەک وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆ ناوی نەهێناوە، لەبارەی ئەو کوردانەشەوە کە لەمێژوودا بە فارسی نووسیوویانە وا لەقەڵەمیان دەدات کە خزمەتیان بە زمان و مەعریفەی نەتەوەیی خۆیان کردووە! ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت لای یاسمی، فارسی دایکە و کوردێک کە فارسی دەنووسێت خزمەت بە نەتەوەکەی خۆی دەکات، چونکە لای ئەو کوردی وەک بەشێک لەنەتەوەی فارس و ئێران داناوە بگرە لەجەوهەردا زیاتر لەوەش دەڕوات و لە بەشی پێنجەمدا وەک نووسەرێکی گوتاری دەوڵەتی و گێڕانەوەی ڕەسمی دەڵێت کورد بە هەست و یادەوەری هاوبەش بەشێکن لە نەتەوەی ئێران(یاسمی، ١٣١٣،ل. ٨٨ و١٣٧ و ١٤٥).

محەمەد مەردۆخی کوردستانی(١٨٨٠-١٩٧٥)یش، وەک ڕاسپێردرابوو، کتێبێکی لەپێناو گوتاری بە ئێرانیزەکردن و ئاریاییکردنی کورد نووسی، بە ناونیشانی “تاریخ کرد و کردستان یا تاریخ مردوخ”، ئەو لەچەندین جێگەدا ئاماژەی بە ئاریبوون و ئێرانیبوون و هاوزمانی و یەک سەرچاوەی زمانی فارسی و کوردی و تەنانەت جوگرافیای هاوبەشی ئەو دوانەش کردووە، زۆر بە دڵنیاییشەوە مەسەلەکەی ئاسان بڕیووەتەوە و دەڵیت: “ئەمڕۆکە ئاریبوونی کورد و پارس یەکلابووەتەوە”!(بڕوانە: مردوخ کردستانی، ١٣٥١،ل. ١٢-٢٤)

دیارە کە ئامانجی سیاسی لەم بەستنەوە نەژادییەی کوردەوە بە ئاریاییەکانەوە بۆ لکاندنیەتی بە زمانە ئێرانییەکانەوە و وەک پرسێکی نەژادیی و ئایدۆلۆجی لە پرسێکی زمانەوانی ڕووت بڕوانن و لەو ڕێگەیەوە بوترێت کوردەکان سەربەنەتەوەی ئێرانین، واتە هەمان ئەو دیدگایە بکرێتە گێڕانەوەی ڕەسمی کە نوخبەی ناسیونالیستی ئێرانی و گوتاری دەوڵەت لەسەر کورد دەیویست. ئەمەش پرۆسەی لەنەتەوەخستنی کورد بووە، چونکە چەمکی “قەوم” لە فارسیدا، زیاتر بەمانای هاوخوێنی و هاونەژادیدا دێت، کە دەکرێت گروپی ئیتنیکیی خێڵەکی بن ئەم جۆرە گروپانەش کۆویژدانی خوێنی و عەشایەری کۆیاندەکاتەوە، بەڵام نەتەوە و نەتەوایەتی (ملت و ملی­گرایی) و کۆویژدانی نەتەوەیی فراوانتر لە ناوچەگرایی و عەشایەر و ئیتنیک پێکیان دەبەستێتەوە، نەتەوە یەکەیەکی گەورەی مرۆییە، کە هۆکاری دروستبوون و پەیوەندییەکە هۆشیاریی هاوبەش و کولتوورە. لێرەدا هەستی یەکبوون و پەیوەستی بەیەکەوە باڵایە و جوگرافیایەکی هاوبەشیش کۆیاندەکاتەوە، ئاین و کولتوور و زمانی هاوبەشیش کۆکەرەوەی دیکەی نەتەوەیە، نەتەوە کۆمەڵگەیەکی مێژوویی و خاوەنی چنراوێکی کولتووریی تایبەت بە خۆیەتی(آشوری، ١٣٩٤،ل. ٣٠٧).

لەکاتێکدا بە پێچەوانەی گوتاری ئایدۆلۆژیی دەوڵەت و نوخبەی ئێرانی بۆ ئاریاییبوون و نەتەوەسازیی ئێرانی، لە توێژینەوەکانی دیکەدا سەلمێنراوە کە کورد بە ئاری کراوە(ئاریزەیشن) و بەر لە زمانە ئێرانییەکان لەسەر خاکی کوردستانی هەنووکە نیشتەجێبوون، ئەوان بەر لە مادە ئارییەکان پێکهێنەری نەژادی کوردن، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی مادەکان ٩٠٠ساڵ پێش زاین دێنە ناوچەکانی کوردستانەوە، بەڵام گوتی،کاشی و لولوکان لانیکەم ١٠٠٠تا ٢٥٠٠ساڵ بەرلەوان لە چیاکانی زاگرۆس و کوردستانی ئەمڕۆدا هەبوون(میران، ٢٠٠٩،ل. ٧٩-٨٦). دەرکەوتووە کە کوردەکان بەر لە ئێران و ئۆراسییەکان لە ناوچەکەدا نیشتەجێبوون، ئەوەی مینۆرسکی و پاشتریش مکنزی (بەریتانی بەڕەچەڵەک ئێرانی) پشتی پێدەبەستن چەند وشەیەکی هاوبەشی نێوان زمانی کوردی و وشە جێماوەکانی ماددەکانە، ئەمەش بەس نییە بۆ بەستنەوەی ڕەچەڵەکی نەتەوەیەک بە ئەوانەی پێش خۆیەوە، لەوبارەیەوە فێردیناند هێنەر بێشلەر(کوردناس) دەڵێت: “سەلمێنراوە مێژووی کولتووری کورد لە تیۆری ماددەکان جیایە”، ئەو جەخت لەوەش دەکاتەوە کە کورد بە ئێرانی کراوە، لەبارەی ڕیشەی وشەی کورد-یشەوە دەیگەڕێنێتەوە بۆ وشەی “کور”ی سۆمەری کە بەمانای دانیشتووانی شاخەکان دێت و ناوێکی جوگرافییە نەک ئاماژەی ڕەچەڵەکی. ڕوونیشە سۆمەرییان بەر لە کۆچی ئاری و هیندۆئەورووپییەکان لە ناوچەکەدا نیشتەجێبوون. بێشلەر بۆ ئەم ئەرگیومێنتانەی توێژینەوەکەی پشتی بە پشکنینی (DNA)ی لە نموونەی جیاواز و مێژووی کولتووری و توێژینەوە پێشینەکان و شوێنەوار بەستووە و دەرئەنجامەکانی خۆی لە توێژینەوەیەکدا بە ناوی “بنەچەی کورد”ەوە ڕێکخستووە(بڕوانە: بیشلەر، ٢٠١٦،ل. ١٥-٥٢).

زیاتر لەو بەڵگانەش خرانەڕوو، گرنگە دەرئەنجامێکی ڕەچەڵەکناسی و فاکتێکی مێژوویی لەبارەی هەردوو شوناسی “ئاریایی” و “ئێرانی”بخرێتەڕوو:

١. مێژووی چەمکی نەژادی ئاریایی(Aryan race) خۆی لە ئەورووپا و لەناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەمەوە (١٨٥٠-لەلایەن ئارتور دوبینگۆ) بەمەبەستی نەژادپەرستی و سوودوەرگرتن لێی بۆ مەبەستی داگیرکاریی دروستکرا. ئەورووپییەکان، سەرەتا لەژێر ئەم ناوەدا خەڵکی ئێران و هیندستانیان زنجیرکرد و دەیانچەوساندنەوە. لەکاتێکدا وشەی ئاری پێشتر بارێکی زمانەوانی ڕووتی هەبوو و هیچکات بۆ ڕەچەڵەک بەکارنەدەهات و لە نێو ئەدەبیاتی پێشینی ئێرانی وەک شانامەی فردەوسی و ئەوانی دیکە ئاریا و ئاریایی بوونێکی نییە. ئەڵبەتە لەوەبەدوا ئیتر دەوڵەتی ئێرانیش بە ئاریایی و ئێرانی بوون لە سیاسەتی کولتووریدا ویستوویەتی غەیرە فارسەکان کۆت بکات و بیانگرێتەخۆیی و لە شوناسی خۆیان بێبەرییان بکات(غیاث آبادی، ٢٠١٢) و (رواسانی، ١٣٧٨،ل. ١٥٢-١٦٢).

  1. چەمکی ئێران، بۆ دەوڵەت و نەتەوە مێژووەکەی تازەیە، ڕاستە وشەی ئێران دێرینە، بەڵام هیچکات وەک ئاماژە بۆ نەتەوەیەکی هاوبەش و دەوڵەتێک بە چوارچێوەیەکی سیاسیی کە یەک نەتەوەی تێدا بێت بەکار نەهاتووە، بەڵکو بە ئێران و جوگرافیاکەی ناوەکانی تری وەک دەوڵەتی سەفەوی، قاجار، مەمالیکی مەحروسە و پارس و پێرشیا بەکارهاتووە، تا ئەوەی لە ٢٧/١٢/١٩٣٤دا، بە پێشنیاری سەعیدی نەفیسی مێژوونووسی دەوڵەتی و ڕاوێژکاری ڕەزاشا، کە لەمەودوا دەوڵەتان لە نووسراوە ڕەسمەییەکانی خۆیاندا، وشەی ئێران بەکاربهێنن(نفیسی، ١٣٩٦).

لەسەر ئاستی بواری پرۆگرامی خوێندن و دووپاتکردنەوەی ئەو گێڕانەوە ڕەسمییە نوخبەگەرا-دەوڵەتییە، بۆ ئەوەی ئەم بیرۆکەیە کاریگەریی جێبهێڵێت لە کۆمەڵگەدا، ئەم ڕەگەزە لە پرۆگرامەکانی پەروەردەدا جێگیرکرا و لە کتێبەکاندا بە ڕوونی ڕەنگی دایەوە، بەتایبەت لە کتێبەکانی مێژوو و بوارە کۆمەڵایەتییەکاندا(وطندوست و دیگران، ١٣٨٨،لp. ١٨١-١٨٢).

٢. سەردەمی “شۆڕشی ئیسلامیی ئێران”

بۆ تێگەیشتن لەسیاسەتی کولتووری ئێران لەم تەوەرەدا ڕاڤەی وێنای شوناسی کورد لە دیدگای ئێرانەوە لەسەر ئاستەکانی: دەستوور، یاسای پەیوەست بە سیاسەتی کولتووری، پرۆگرامی پەروەردەیی-یەوە کراوە.

سیاسەتی کولتووری ئێران لەسەردەمی پاش شۆڕشی ١٩٧٩شدا، جیا لە پێفشاریی لەسەر شوناسە ئێرانسازییەکەی کە میراتی پەهلەوی بوو، هاوکات دیدگایەکی مەزهەبیش هاتووەتە گۆڕێ. ئەمەش لە دەستوور، یاساکان، سیاسەتی پەروەردە و فێرکردن و میدیا و…تاد دا ڕەنگی داوەتەوە، لێرەشدا لەبەرئەوەی ڕەگەزێکی پێکهێنەری شوناسی بەشێکی فراوانی کوردانی ئێران سوننی مەزهەبن، دەبنە ماکی پەراوێزخستن یان بەشیعەکردنیان. هەر لە بەندەکانی دەستوورەوە لە وەرگرتنی پۆستی ڕێبەر و سەرۆککۆمارەوە (بڕوانە: قانون اساسی، ١٣٩٥)کە دەبێت شیعە مەزهەب و وەلای بۆ ویلایەت هەبێت، تا ئەو سنووربەندییە دادگایی، سیاسی، مەدەنی و میدیایی و مافانەی کە بۆ هەر سوننە مەزهەبێک دێنەپێش، تەنانەت لە ناونانی مناڵانیشدا دەبێت خۆیان لەو ناوانەی لەسەر سوننە حسێبکراون بەدوور بگرن، زۆرینەی کوردەکانیش ئەم جیاکارییە مەزهەبییە دەیانگرێتەوە. ڕەنگە هەندێک لەو جیاکارییانە بە یاسا نەنووسرابنەوە، بەڵام لە تێکستە پەروەردەییەکان، مێژووی ڕەسمی و کەلەپووری زارەکی و نووسراوی نێو کۆمەڵگەدا دەبینرێن و دوپاتدەکرێنەوە، ئەم دیدگایەی شوناسە باڵادەستەکە، زەینێکی جیاکارانەی درووستکردووە و وەک واقیعی کۆمەڵایەتی شوناسێکی پەراوێزخراو و هاوڵاتییەکی پلەدووی لە کورد سازکردووە(عەزیزی، ٢٠٢٠).

جۆری وێنای ئەم دیدگایە بۆ شوناسی کورد وای کردووە مافەکانی کوردستانی ئێران، یەکێک بێت لەو خاڵە هەستیارانەی کە بۆ هەردوولا مایەی ناکۆکی بووە، ئەوان ئێستا کەمترین پشکیان لە مافە سیاسیی، کولتووریی و کارگێڕییەکانی وڵاتەکەدا هەیە، هۆکارەكەی بۆ دەستووری پڕ لە جیاکاری مەزهەبیی دەگەڕێتەوە. سەرەڕای ئەوەی لە مادەی ١٩-ی دەستووری ئیسلامیی ئێراندا هاتووە خەڵكی ئێران هەموویان “مافی یەكسان”یان هەیە و نەژاد و زمان نابێتە هۆی جیاوکێکی تایبەت(قانون اساسی، ١٣٩٥،ل. ٤٧) و لە مادەی ١٥شدا، زمانی فارسی بە زمانی فەرمی دیاریكراوە. ئەمە جیا لەوەی كە لە ڕووی مافی سیاسییەوە، لە مادەی ١١٥ و سەبارەت بە مەرجەكانی سەرۆككۆمار هاتووە كە پێویستە سەرۆکكۆمار لەسەر مەزهەبی شیعەی دوانزەئیمامی بێت(هەمان سەرچاوە، ١٠٤).

لە سەردەمی کۆماری ئیسلامییدا جیا لەوەی شوناسە ئێرانییە فارسی سەنتەرەکە، هێڵرایەوە. شوناسی ئاینی-مەزهەبی-دوانزەئیمامی کراوەتە بنەمای سیاسەتی کولتووریی کە هەر لەدەستوورەوە چەسپاوە و یاسا و ڕێنمایی تایبەتیشیان بۆ ئەو شوناس و سیاسەتە کولتوورییە لە پەڕلەمان و ئەنجومەنی شۆڕشی کولتوورییدا بۆ دەرکراوە و جێبەجێکراوە، لە پرۆژە پەسەندکراوی بنەماکانی سیاسەتی کولتوورییاندا کە پەسەندکراوی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی کولتووری کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، بەڕوونی ئاماژە بەوەکراوە کە “پێویستە سیاسەتی کولتووری هەمان سیاسەتی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران” بێت، لەپەنای ئەمەشدا ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە دەزگاکانی دەوڵەت گرنگی بە شیعەگرایی و دوانزەئیمامی ویلایەتی فەقیه بدەن و لەو سۆنگەیەوە سیاسەتی کولتووریی سەرجەم ئێران ڕێکبخەن. لەبڕگەی ئامانج و بنەماکانی یاساکەشدا (بڕگەی ١ و ٥)ئەوە ڕوونکراوەتەوە کە کاری سیاسەتی کولتووری پێویستە پاراستنی یەکڕیزی نەتەوەیی (یەک نەتەوە) و مەزهەبی(یەک مەزهەب) بێت و لە بڕگەی ٧یشدا ئەوە دەچەسپێنێت کە پێویستە زمانی فارسی بەهێز و پەرەپێدراو بێت. لە بەشی ئەولەویەتەکانی سیاسەتە گشتییە کولتوورییەکاندا، چەندین بڕگەی تەرخانکردووە بۆ کردنەوەی کۆرس و بەرنامەی میدیایی (زانستی، کاتبەسەربردن و …تاد)و پەروەردەیی و پرۆگرام لە پێناو بەهێزکردنی زمانی فارسی لە دەرەوە و ناوەوەی ئێران. ئەم پەسەندکراوە بە دێڕێکیش ناوی هیچ یەک لە زمانەکانی دیکەی وەک کوردی و عەرەبی و بەلوچی نەهێناوە(شورای عالی انقلاب فرهنگی، ١٣٧١).

لای بەرپرسانی ئێرانی، کوردبوون و سوننەبوونی زۆرینەی کوردانی ئێران، وایکردووە بەسەرچاوەی هەڕەشە دابنرێن. بۆیە گەر كوردەكان داوای مافی سیاسی و کولتووری خۆیان بكەن، بە سەرچاوەی ئاژاوەگێڕی لەقەڵەم دەدرێن. بەمشێوەیە ڕێگەنەدان بە مافی کولتووریی و نەتەوەیی کوردەکانی ئێران، نیگەرانی و بێزاریی نەک لای کوردانی ئێران، بەڵکو لای کوردانی وڵاتانی دیکەش هەستێکی وای بەرهەمهێناوە، کە ئێران دان بە مافە نەتەوەییەکانی کورددا نانێت و ئەمەش لێکەوتەی لە مامەڵەی کورد لە لەگەڵ ئێراندا جێهێشتووە و بووەتە کێشەیەکی هەڵواسراوی دێرینەی ئەو دوو شوناسە.

هەمانشێوەی دەوڵەتی پەهلەوی، کۆماری ئیسلامیی ئێران، ستراتیژ و سیاسەتێکی دیکەی کولتووری پیادە دەکات، ئەویش پەرتکردنی شوناسی کوردی پێکهاتە و زارەکانی نێوکوردە و جیاکردنەوەیانە لە یەکدی وەک جیاناساندنی کورد و لوڕ و لەک و گۆران(هەورامی) وەک چەند ئیتنیکی جیا لە ڕیشە و شوناس و مێژوودا.

لەم دواییانەدا چەندین کتێب لەسەر ئەرکی دەزگاکانی نزیک لە دەوڵەتەوە بەناوی کتێبی مێژووی کوردەوە بڵاوکراونەتەوە(ئەڵبەتە بە هەناسەیەکی مەزهەبییەوە)، تێیدا جیا لەوەی نەتەوەی کورد بەسەر چەند نەتەوەیەکدا دابەش دەکات و بە “قەوم”ناویان دێنێت و دەیانکاتە بەشێکی خزمەتکاری “نەتەوەی ئێران”، لەوەش پتر ناوچەکە بە نشینگەی کورد نیشان نادەن و بە گەلێکی کۆچەری و هاتوو بۆ ئێران لەقەڵەمیان دەدەن، هاوکات گەلانی کۆنی وەک کاشی، لۆلۆیی لەڕیشەی پێکهێنەری کورد دەردەهێنن و کاردۆخیەکانیش بە هندوئەورووپی و ئاریایی دەناسێنن!(بڕوانە: اسدی فر، ١٣٩٥،لل. ١٠،٣٥). لەکاتێکدا پێشتر و لە چەندین دەقی مێژوویی دەیکەدا پێچەوانەی ئەمانە لەسەر دەستی پسپۆڕانی کورد و بیانییەوە سەلمێنراوە و لە لاپەڕەکانی پێشتریشدا بێبنەمایی ئەم ڕایانە ڕوونکرایەوە.

هەروەها لە ناوەندە ئەکادیمییەکانیشدا، چەندین توێژەری دیکەی نزیک لە گوتاری دەوڵەتی (نەتەوەیی-مەزهەبی) هاندەدرێن و گێڕانەوە و توێژینەوەکانیان برەویان پێدەدرێت، چونکە لەچوارچێوەی ئەو سیاسەتە کولتووریانەدا دەخولێنەوە کە کۆماری ئیسلامیی بەرامبەر شوناسی کوردی دەیانگرێتەبەر، هەنووکەش لە نموونەی ئەم ڕایە پەرەپێدەدەن کە گوایە “ناسیۆنالیزمی کوردی بوونی نییە و بە هاندانی ئینگلیز لە ١٩١٩ لە سلێمانی چەقێنراوە(سجادی، ١٤٠٠)، دیارە ئەم قسەیە ڕیشەکەی کۆنە و کەسانێکی وەک محەمەد عەلی فەروغی ئێرانی (پێشتر باسکرا) و لە ساڵی ١٩٢٣شدا چەپێکی کوردی وەک ئەبولقاسمی لاهوتی خستیە نێو ناوەندە ئەکادیمی و ڕۆژهەڵاتناسییەکانی ڕووسییەوە(بڕوانە: میکە، ٢٠١٦،ل. ٣٣٥) بەڵام هێشتا برەوی هەیە و بەرامبەر شوناسی کوردی ئەرکی نوێی پێ سپێردراوە.

بەگشتی لەئێراندا، وشەی “نەتەوەی کورد” لە ناوەندە ڕەسمی و ئەکادیمییەکاندا بەکارناهێنرێت، بەڵام لەپەنای ئەوەدا بۆ پەرتکردنی شوناسی کوردی زۆر بەئاسانی لە هەندێ ڕۆژنامەی نزیک لەدەوڵەتەوە، بۆ گۆران(هەورامی)ەکانی “نەتەوەی گۆران” بەکارهێنراوە و لەوەش پتر ئاماژە بەوە دەکات کە گۆران نەتەوەیە و کورد داگیرکاری خاکەکەیەتی (بڕوانە: سجادی، ١٤٠٠) دیارە ئامانجەکەی هەمان پرۆسەی جیاکردنەوەی هەورامی و گۆرانەکانە لە کورد، وەک چۆن لەپێشتردا لوڕەکانیان جیاکردەوە. پرسیار ئەوەیە لەکاتێکد. بەڕەسمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕێگەنادات وشەی نەتەوە بۆ کورد و بەلوچ و عەرەب بەکاربهێنرێت بۆچی لە ڕۆژنامەیەکی دەوڵەتییەوە بە گۆران بووترێت نەتەوە ئاساییە؟

– سێیەم: پرۆگرامە پەروەردەییەکان و سەپاندنی شوناس و چەواشەکاریی لە یادگەدا

پرۆگرامەکانی پەروەردە پانتاییەکی لەبارن بۆ چاندنی گێڕانەوەی ڕەسمی و بەشاندنی ئەو شوناسانەی کە دەیەوێت بیسەپێنێت و لێسەندنەوەی ئەو شوناسانەش کە وەک هەڕەشە لێیان دەڕوانێت، هەربۆیە دەسەڵاتدارانی کۆمەڵگە گرنگیەکی تایبەت بە دەزگای پەروەردەیی و پرۆگرامەکان دەدەن، چونکە دەکرێت ئامانجەکانی دەسەڵاتی سیاسیی لە نێو ناوه‌ڕۆكی كتێبی خوێندنه‌وه‌ لە ژێر چەمکە کلیلیەکانی کۆویژدانی کۆمەڵگەدا، هۆشیاری نەتەوەیی بە ئاڕاستەی جێگیرکردنی بەرژەوەندیی سیاسی، ئابووریی و کو‌لتوورییەکانیان لە نێو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بڵاوبکرێنەوە. بەم شێوەیە جیهانبینیەکی تایبەت لە ڕێی سیستمی پەروەردەوە دەسازێنن(نرسیسیانس، ١٣٩١، ص. ٣٥).

بۆ دەرخستنی کاریگەری گێڕانەوەی ڕەسمیی دەوڵەتی لەسەر پرۆگرامەکان، لێرەدا تەنها پرۆگرامی پارێزگاناسی(استانشناسی) و پارێزگاکانی فارس، ئەسفەهان، سنە، ورمێ، کرماشان، ئیلام، لوڕستان، چهارمحال و بەختیاری) بەندی تایبەتمەندییەکانی (ویژگیهای فرهنگی استانها) بەنموونەی بەراوردکاری وەرگیراوە، کە بە جیا بۆ هەر پارێزگایەک دانراوە و لەپۆلی ١٠دا دەخوێنرێت، چەند تێبینییەک لەم پرۆگرامە کۆمەڵایەتییەدا لەخوارەوە ئاماژەی پێدراوە، کە لەبەر ڕۆشنایی چوارچێوەی تیۆری توێژینەوەکە و تاوتوێکردنی سیاسەتی کولتووریدا کە پێشتر باسکران، خراونەتەڕوو:

لە کتێبی پارێزگاناسی (استانشناسی) کە هەر ٣١ پارێزگاکە جیاجیا هەر یەکێکیان لە پارێزگای خۆیدا دەخوێنرێت، لەبابەتی نەتەوەکانی هەر پارێزگایەکدا و لە ناوبردنی نەتەوە غەیرە فارسەکاندا بە قەوم ناویان هاتووە، بەڵام بۆ فارس ئەم پێشگرەی نەخراوەتە سەر و لەناوبردنی زمانەکانی دیکەی غەیرە فارسیشدا تەنها فارسی بە زمان لەقەڵەم دراوە و ئەوانی دیکە بە “گویش محلی” (لەهجە-زاری نێوچەیی) لەقەڵەمدراون.

لە کتێبی پارێزگاناسی شارێکی وەک ئەسفەهاندا، وشەی “قوم فارس” یاخود “گویش فارسی” بەکارنەهێنراوە، بەڵکو زمانی فارسی بۆ فارسی زمانەکان بەکارهێنراوە، بەڵام لە هەمان پەرەگرافدا “گویش”ی بەختیاری و لوڕە کوردەکانی هەمان پارێزگا بەکارهێناوە. بڕوانە: استانشناسی اصفهان(١٣٩٩): پایە١٠، ص١١٢و ١١٤. ئەڵبەتە لە کتێبی استانشناسی فارسیشدا هەمانشێوە بەهیچ جۆرێک خۆی لە بەکارهێنانی وشەی قوم و گویش نادات بۆ فارسەکانی پارێزگای فارس، چونکە فارسن و وشەکانی ملت و زمانی ڕەسمی بۆ وەسفی بابەتەکە بەکاردەهێنێت، بەڵام لە باسی لوڕەکانی شاری فارسدا دیسانەوە گویش و قەوم بەکاردەهێنێتەوە. بڕوانە: (استانشناسی فارس(١٣٩٩): پایە١٠، ص٦١،)

– استانشناسی آذربایجان غربی{ورمێ}(١٣٩٩): پایە١٠، ص56و ٦٠ و ٦٣ ، ئەم پارێزگایە گەرچی زۆرینەی کوردە، بەڵام لە سەرجەمی کتێبەکەدا گرنگی زیاتر دراوە بە تورکە ئازەرییەکان بەر لە کورد.

لە کتێبی پارێزگاناسی ئیلامیشدا کە شارێکی کوردییە، لە لاپەڕە ٧٧دا کورد و لوڕ بە جیا لەقەڵەم دەدات و هەردوکیشیان بە “قوم” دەناسێنێت و بۆ هەردوکیشیان دەڵێت ئاریایین. بۆ زمانی ئیلامییەکان دەڵین کوردی و لوڕی و عەرەبی بەکاردەهێنن. بڕوانە: استانشناسی ایلام(١٣٩٩): پایە١٠، ص٧٧و٧٨.

لە هەردوو کتێبی پارێزگاناسی چهار محال و بختیاری و لوڕستانیشدا، باسی کورد ناکات و تەنها ئاماژە بە قەومی لوڕ دەکات و ئەوەش دەڵیت کە قەومی بەختیارییەکان لە پارسەکانن، وشەی گویش-زار بۆ بەختیارییەکان بەکاردێنێت. بۆ لوڕەکانیش بە تەواوی دایبڕاندوون لە کورد و هیچ پەیوەستییەکیان بەوانەوە باس ناکات بڕوانە: (استانشناسی چهار محال و بختیاری(١٣٩٩): پایە١٠، ص٦٤و٦٥)، (استانشناسی لرستان(١٣٩٩): پایە١٠، ص٥٦)، لەکاتێکدا لە دەقە مێژووییەکانی سەدەکانی ناوەڕاست و کتێبەکانی مێژووی ئیسلامدا بە ڕوونی زۆربەیان لوڕەکان بە کورد لەقەڵەم دەدەن(بڕوانە: الحموی، ١٩٧٧،ل. ١٦ ، مجلد٥).

لە هەردوو کتێبی استانشناسی کردستان (سنندج) و کرماشانیشدا، جەخت لەسەر ئاریاییبوونی کورد دەکاتەوە و کورد بە کۆنترینی ئێرانییەکان دەناسێنێت و وشەی خەڵکانی کورد و قەومی کوردی لەبری نەتەوەی کورد بەکارهێناوە. بڕوانە: (استانشانسی کردستان(١٣٩٩): پایە١٠، ص٧٣)، (استانشناسی کرمانشاه(١٣٩٩): پایە١٠، ص٥٧)

ئامانج لە گێڕانەوەی ڕەسمیی دەوڵەتی و بە “قەوم” نیشاندانی کورد لە پرۆگرام و کتێبەکانی پرۆگرامی پەروەردەییدا بۆ ئەو مەبەستەیە کە جێگیری بکات کورد نەتەوە نییە(هەمان دیدگای فروغی کە خرایەڕوو) و گرووپی خێڵەکییە، ئەمە هەمان ئەو “خراپ بەکارهێنانەی گێڕانەوە و یادگە”یە کە ڕیکۆر جەختی لەسەر دەکاتەوە کە ئاماژەی پێکرا. دوپاتکردنەوەی ئەمە لەلایەک لەنەتەوەخستنی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێرانی غەیرە فارسە و لەلایەکی دیکە تواندنەوە و دروستکردنی هەستی خۆبەبچووکزانینی ئەو “قەوم”انەیە لەئاستی ئێرانییەکی باڵادا. بە جۆرێکی دیکەش گەر لە پێناسەکەی ئەرنست ڕینان-ەوە و بە سوودوەرگرتن لە ڕای ڕیکۆر لە “یاریپێکردن و خراپ بەکارهێنانی یادگە”دا، ئاساییە ئێرانییەکی پەروەردەکراو بە گێڕانەوەی ڕەسمی و پێناسەی بۆ کورد، ئاسان بەرەو ئەو دەرکە چەواشەکارانە دەڕوات کە لەڕێگەی گێڕانەوە و خراپ بەکارهێنانی یادگەوە ، کەواتە ئەوە لەزەینیدا دەچەسپێت کە کوردەکان “یادگە، مێژوو و گێڕانەوەی هاوبەشیان نییە تا ڕۆحێکی هاوبەش و ئیرادەیەکی هاوبەشی هەبێت”(آشوری، ١٣٩٤،ل. ٣٠٨).

ئەنجام

لە میانەی ئەو ڕەوتە مێژووییەی سیاسەتە کولتوورییەکانی هەردوو دەوڵەتی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامیی ئێران دەردەکەوێت، دەوڵەت لەڕێگەی گێڕانەوەی ڕەسمی، یاریپێکردن و خراپ بەکارهێنانی یادگە و یادەوەرییەکان، پرۆگرامەکانی خوێندن و بەرهەمهێنانەوەی گوتاری ڕەسمی لەو گێڕانەوەیەوە، لەڕێگەی نوخبە و ناوەندە ئەکادیمییەکانەوە، کاری ورد و سیاسەتێکی تایبەتی کولتووری بەرامبەر شوناسی کوردستانی بۆ مەبەستی سیاسی گرتووەتەبەر، نەتەوەسازیی زۆرەکی، بە سەنتەرکردنی فارس و لەشوناسخستنی کورد، بەکارهێناوە. چەندین میکانیزمی جیاوازیشی تاقیکردووەتەوە. بە هەڵێنجان لەو کەتوارە مێژووییە (بە بەستنەوەیان بە دیدگای پۆل ڕیکۆر)، دەکرێت ئەو پرۆسەیەی ئێرانی هاوچەرخ بەرامبەر شوناسی کورد لە سیاسەتی کولتووریدا ئەنجامی داوە، بە هاوپەیمانێتییەکی مەترسیداری نێوان دەسەڵات و نوخبە و مێژوو نووسینەوەی ڕەسمیدا وەسف بکرێت کە تێیدا ئایدۆلۆژیا و دەسەڵات بەکردەی دوپاتکردنەوەی بەردەوامی “مەعریفەیەکی دروستکراو” لەڕێگەی نوخبەی نزیک لەخۆیەوە، مێژووی ڕەسمی و بەکارهێنانەوەی خراپی یادگە و بە ڕوانینی ئایدۆلۆژیانەی پراگماتیکیانە بۆ یادەوەری، مێژوونووسین و بواری پەروەردە دەکاتە ستراتیژی تواندنەوە و لەیەککاتدا مێژوویەک بۆ شانازییە و بەرگری لەخۆیی و مێژوویەکیش بۆ دەستەمۆکردن و سڕینەوەی ئەوی دی بەرهەمدەهێنێت. کە دەکرێت بە گشتی سیاسەت و ستراتیژەکان لەم چەندخاڵەدا پوخت بکرێنەوە:

١. لە ئێرانی هاوچەرخدا لە هەردوو قۆناغی پەهلەوی یەکەم (گوتاری نەتەوەیی فارسی­تەوەر) و “شۆڕشی ئیسلامی”ی ئێراندا (مەزهەبی-نەتەوەیی-فارسی­تەوەر)، سیاسەتی کولتووری ئاڕاستەکراو بووە و لەدەستی دەوڵەتدا قەتیس بووە ئەڵبەت بە سوودوەرگرتن لە هێزە نەرمە کولتوورییەکەی. پێچەوانەی سیاسەتی کولتووریی لیبراڵ و کراوە، چونکە سیاسەتی کولتووری لێرەدا لە بەرهەمهێنانەوە تا بەشاندن و ئاڕاستەکردن و ڕکێفکردنی لەدەستی دەوڵەتدا بووە. ئەو مۆدێلەی دەوڵەتی ئێران لە سیاسەتی کولتوورییدا پیادەی کردووە، مۆدێلی گشتگییرانەی دەوڵەتی (شموولی) و مۆدێلی هەژموونخوازانەی دەسەڵاتگەرا بووە.

٢. پرۆسەی بەئارییکردن و بە نەژادی هاوبەش ناساندن و ئێرانیکردنی مێژووی دێرین و نوێ و هاوچەرخی کورد لە گێڕانەوە ڕەسمی و بەرهەمی نوخبەی نزیک لەدەوڵەتدا، مەبەستی سیاسیی و خزمەتکردنی نەتەوەیەکی دیاریکراوی لەپشت بووە و هەردوو حکومەت بەرامبەر شوناسی کورد بەکاریان هێناوە. لەکاتێکدا، مێژووی چەمکی ئاریایی بارێکی زمانەوانی هەبووە نەک نەژادی و مێژووی بەنەژادکردنی سەرەتا ئیستعمار بەکاری هێناوە و پاشان ئێرانییەکان بەرامبەر کورد بەکاریان هێناوەتەوە. بۆ ئەمەش کاری کردووە لەسەر “لەنەتەوەخستن” و زاڵکردنی گێڕانەوەی ئێرانگەرایی و ئارییکردن (بە تەوەرێتی نەتەوەی فارس)، لەڕێگەی گێڕانەوەی ڕەسمی و ناڕەسمی. بۆ ئەم مەبەستەش سوودی لە دەزگا و ئەکادیمیست و نوخبەی پەروەردەکراوی دەوڵەتی و خودی نوخبەی کوردیش وەرگرتووە.

٣. تەریب لەگەڵ ئەم سیاسەتەشدا کار لەسەر پەرەپێدان و ناساندنی فارسی وەک زمانی سەرجەم نەتەوەکانی دیکەی ئێران و زمانی نەتەوەیی سەرجەم پێکهاتەکان و لەم بوارەشدا دەزگا دەوڵەتی و پرۆگرامی پەروردەیی و نوخبەی دەوڵەتی کاری فراوانیان لەسەر ئەم بابەتە کردووە.

٤. شێوازێکی دیکەی سیاسەتی کولتووریی ئێران، بریتی بووە لە ئیتنیکی ڕووت و قەوم و عەشایەر نیشاندانی کورد نەک بە نەتەوەناساندنی. لە گوتار و گێڕانەوە ڕەسمییەکاندا بە نەتەوە ناوی نەهێنراوە و لەبوارە ڕەسمییەکانیشدا قەدەغەیە. چونکە بە دەستوور و یاسا و میدیای ڕەسمی و لە دەزگاکانی پەروەردەشدا لە هەردوو سەردەمەکەدا بەو ئاڕاستەیە ڕێکخراوە.

٥. لەسەر ئاستی ناساندنی زمانی کوردی وەک زار (گویش) نەک وەک زمان نیشان بدرێت. بەمەش کورد کە خاوەنی زمانی خۆی نەبوو، بەنەتەوەش نازانرێت. ئەم مافەش هەم لەدەستووردا و هەم لە گێڕانەوە ڕەسمییەکاندا لە زمانی کوردی سەندراوەتەوە.

٦. هەروەها پەرپەرتکردن و جیاکردنەوە و لەکوردخستنی هەندێ ناوچە و زمانی کوردستانی لە کورد بەگشتی یەکێکی دیکەیە لە شێوازەکانی سیاسەتیی کولتووریی بەرامبەر کورد، وەک ئەوەی دەیانساڵە کاریان لەسەر جیاکردنەوەی لوڕ کرد و کاریگەریشی جێهێشت، ساڵانێکیشە لەسەر گۆران بەگشتی و هەورامییەکان و لەکەکان کاردەکرێت.

٧. گرووپگەلی ڕۆشنبیریی و ئەکادیمیستی پەروردەکراو بە زیهنی ئێرانیانە، بە خستنەڕووی توێژینەوە و نووسینەکانیان، کاردەکەن بۆ بەگرنگنەگرتن یاخود بە ئێرانیکیردنی خەباتی کورد و شوناسەکەی، بەشێکی ئەمەش لەڕێگەی هێزی نەرمی ئەکادیمیستە کوردەکانەوە.

سەرچاوەکان

* تێبینی: لە ناونیشانی توێژینەوەکەدا گەرچی ڕووماڵی سیاسەتی کولتووریی مێژووی هاوجەرخی ئێرانە، بەڵام بە ئەنقەست وشەی سیاسەتی کولتووریی ئێران بەکارهاتووە نەک سیاسەتی کولتووری دەوڵەتی هاوچەرخی ئێران، چونکە چەمکی ئێران بۆ ئەو دەوڵەتە (وەک باسکرا) لە سییەکانەوە وەک چەمکێکی سیاسیی بۆ دەوڵەتیك بەکارهات و پێشتر ناوی دیکەی وەک قاجار، ئەفشار و سەفەوی و…تاد هەبووە. بۆیە خۆبەخۆ وشەی ئێران تەنها بۆ مێژووی هاوچەرخی ئێران زانستییە و لە ناونیشانەکەدا مانای مێژووی هاوچەرخ دەگەیەنێت.

  1. اسدی فر، سعید. ١٣٩٥. سرزمین کرمانجها. ١. تهران: انتشارات سفیر اردهال.
  2. اسناد مجلس شورای اسلامی، کتابخانه، موزه و مرکز. نهم آبان1304.. مشروح مذاکرات مجلس ملی، دوره پنجم، صورت جلسۀ 211، شنبه،. تهران: s.n.، نهم آبان1304.
  3. اشتریان، کیومرث. ١٣٩١. مقدمەای بر ڕوش سیاستگذاری فرهنگی. اول. تهران: انتشارات جامعەشناسان.
  4. آشوری، داریوش. ١٣٩٤. دانشنامە سیاسی. بیستوچهارم. تهران: انتشارات مروارید.
  5. اصفهانی، ڕضا مختاری. ١٣٩٢. پهلوی اول از کودتا تا سقوط، ، ، ، ص٥٠-٥١. چ١. تهران: نشر کتاب پارسە.
  6. اکبری، محمد علی. ١٣٩٣. تبارشناسی هویت جدید ایرانی عصر قاجار و پهلوی اول. تهران: انتشارات علمی فرهنگی.
  7. آندرا دسیو ڕیتیوا. ١٣٩١. هویت و ڕوایت. ترجمە: مهدی فیضی. دانشنامە ڕوایت شناسی. چاپ اول. تهران: نشر علم، ١٣٩١،ل ٢١٥-٢٢٦.
  8. اوحدی، مسعود. ١٣٩١. ڕوایت شناسی سینما و تلویزیون. چاپ اول. تهران: انتشارات دانشکدە صدا و سیما.
  9. بلخن، جنات. ٢٠١٣. السرد التاریخی عند بول ڕیکور. طبعة الاولی. الجزائر: منشورات الاختلاف.
  10. بیشلەر، فێردیناند هێنەر. ٢٠١٦. بنەچەی کورد. عطیە کەریم محەمەد. یەکەم. سلێمانی: ناوەندی توێژینەوەی جەمیل ڕۆژبەیانی.
  11. تخشید، محمدرضا. 1377. اصلاحات و سیاستهای نوگرایی ڕضاشاه و تأثیر آن بر قدرت و نفوذ ڕوحانیون در ایران. 40، 1377، مجلۀ دانشکدۀ حقوق و علوم سیاسی.
  12. تیلور، چارلز. ١٣٩٢. چند فرهنگ گرایی. ترجمه طاهر خدیو و سعید ڕیزوندی. تهران: انتشارات ڕخ داد نو، ١٣٩٢. Vol. ٢ج.
  13. جنکینز، ڕیچارد. ١٣٩١. هویت اجتماعی. ترجمه تورج یاراحمدی. تهران: پردیس دانش، ١٣٩١. Vol. ج١.
  14. الحموی، شهاب الدین ابی عبدالله یاقوت بن عبدالله. ١٩٧٧. معجم البلدان، المجلد الخامس، بیروت: دار صادر
  15. رواسانی، شاپور. ١٣٧٨: فرضیەهای نژادی آریا و سامی نادرست است. ١٤٣-١٤٤، ١٣٧٨، مجلە سیاسی-اقتصادی،ل ١٥٢-١٦٥.
  16. ریکور، بول. ٢٠٠٩. الذاکرة، التاریخ، النسیان. ترجمە: جورج زیناتی. الاول. لبنان: دار الکتاب الجدیدة المتحدة.
  17. زاده، سید حسن تقی. 1383. ڕجال عصر پهلوی به ڕوایت اسناد ساواک. تهران: مرکز بررسی اسناد تاریخی وزارت اطلاعات.
  18. سجادی، مهدی. ١٤٠٠: فاجعە حلبچە، لکە ننگی بر پیشانی سیاه تاریخ. 447، فروردین ٢٢، ١٤٠٠، ڕۆژان.
  19. شورای عالی انقلاب فرهنگی، جمهوری اسلامی ایران. ١٣٧١. اصول سیاست فرهنگی کشور. مرکز پژوهشهای مجلس شورای اسلامی. [Online] ٥ ٢٠، ١٣٧١. [Cited: ١٢ ٥، ٢٠٢١.] https://rc.majlis.ir/fa/law/show/100172.
  20. شوقی، مصطفی. ٢٠١٥. السیاسات الثقافیة النشآة..التطور.. العقلانیة. قاهرة: موسسة حریة الفکر و التعبیر، ٢٠١٥.
  21. عبداللە، محمود احمد. ٢٠١٩. السیاسة الثقافیة و الارهاب: تحلیل نقدی و ڕویة مستقبلیة. آکادیمیا العربیة. [Online] ٢٠١٩. [Cited: ١١ ٢٤، ٢٠٢١.] https://academia-arabia.com/ar/reader/2/78118.
  22. عەزیزی، سەلام. ٢٠٢٠. کوردستان و کۆماری ئیسلامی. چاپی دووەم. هەولێر: ب.د، ٢٠٢٠.
  23. غلامرضا وطندوست، سیمین فصیحی، زهرا حامدی. ١٣٨٨. نمودهای ناسیونالیسم در کتابهای درسی تاریخ دورەی پهلوی اول. ٧٦، تهران: بهار ١٣٨٨، فصلنامە علمی پژوهشی علوم انسانی دانشگاه الزهراء، سال نوزدهم شمارە ١.
  24. غیاث آبادی، ڕضا مرادی. ٢٠١٢. نژاد آریایی: بررسی چگونگی پیدایش و گسترش یک نظریه نژادپرستانه. پژوهشهای ایرانی. [Online] سپتامبر ٢٠، ٢٠١٢. [Cited: 12 4،] http://ghiasabadi.com/aryans.html.
  25. فتحی، ابراهیم خدایار، اعظم. ١٣٨٧، هویت ملی در کتاب های درسی ‌هموزشی و پرورش مورد مطالعە دورە متوسط.. شمارە ٣، ١٣٨٧، فصلنامە مطالعات ملی (مرکز مطالعات ملی)، سال نهم ،لp. ٢٧-٥٢.
  26. فروغی، محمدعلی. ١٣٨٩. سیاستنامە ذکاءالملک مقالەها، نامەها و سخنرانیهای سیاسی. بە کوشش ایرج افشار، هرمز همایون پور. اول. تهران: انتشارات کتاب ڕوشن.
  27. قانون اساسی، جمهوری اسلامی ایران. ١٣٩٥. مجموعه قانون اساسی جمهوری اسلامی ایران، جمع آوری: معاونت حقوقی ڕیاست جمهوری، اداره چاپ و انتشار معاونت تدوین، تنقیح و انتشار قوانین و مقررات. تهران.
  28. قوشچی، ایراندخت فیاض، فریبا ایمانی. ١٣٨٩، بررسی نمادهای هویت ملی در کتاب های درسی تاریخ و علوم اجتماعی دورە متوسطە ڕشتەهای علوم انسانی، تجربی و ڕیاضی فیزیک درسال ٨٩-١٣٨٨. ١٣٨٩، ڕوانشناسی تربیتی،ل ٢٩-٦٤.
  29. کاتوزیان، محمدعلی همایون. ١٣٨٩. هشت مقاله در تاریخ و ادب معاصر. تهران: نشر مرکز.
  30. کرونین، استفانی. ١٣٩٠. اصلاحات از بالا مقاومت از پایین، مخالفان نظم نوین در ایران1927تا1929، 1390. گردآوری و تألیف تورج اتابکی. ترجمه آرش عزیزی. دولت و فرودستان فراز و فرود تجدد آمرانه در ترکیه و ایران. تهران: انتشارات ققنوس.
  31. محمود، احمد محمد نوری. ٢٠١١، . “ازمە الهویە لدی طلبە المرحلە الاعدادیە.” .. ١-٢٤، ٢٠١١، مجلە البحو‌ث التربویە و النفسیە (جامعە بغداد)، ٣١.
  32. مراد، خلیل علی. ٢٠١١. ، دیروکا ئێرانی یا نوی و هەڤچەرخ. وەرگێڕانی: بهزاد محمد. چ١. دهوک: خانەی سپیریز.
  33. مردوخ کردستانی، محمد. ١٣٥١. تاریخ کرد و کردستان یا تاریخ مردوخ. چ دوم. سنندج: غریقی، ١٣٥١.
  34. ملایی توانی، علیرضا. 1384. مجله آینده و تاریخ نگاری مبتنی بر هویت ملی. 14، 1384، فصلنامه مطالعات ملّی، زمستان.
  35. میران، ڕەشاد. ٢٠٠٩. ئیتنۆگرافیا و یەکێتیی ئیتنیکیی کورد. یەکەم. هەولێر: دەزگای ئاراس.
  36. میکە، هەردی مەهدی. ٢٠١٦، ئەبولقاسمی لاهوتی، ڕەوتی سیاسی و پەیوەندی ەب جوڵانەوەی سمکۆی شکاکەوە. ٤، ٢٠١٦، زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی، ٢،لp. ٣١٨-٣٤٢.
  37. میلانیان، هرمز. ١٣٥١. گسترش و تقویت زبان فارسی. چ١. تهران: چاپ کاویان.
  38. مینۆرسکی، فلادیمیر. ١٩٨٤. کورد تێبینی و وردبوونەوە.، وەرگێڕانی حەمەسەعید حەمەکەریم. چ یەکەم. هەولێر: چاپخانەی زانکۆی صلاح الدین.
  39. نظری، علی اشرف. ١٣٨٦. ناسیونالیزم و هویت ایرانی. بهار و تابستان، ١٣٨٦، پژوهش حقوق ، سیاست، ٢٢.
  40. نفیسی، سعید. ١٣٩٦. ڕوزی که نام پرشیا و پرسه به ایران تغییر یافت. [Online] ١٣٩٦. [Cited: ١٢ ٤، ٢٠٢١.] https://www.isna.ir/news/96100603437/%D8%B1%D9%88%D8%B2%DB%8C-%DA%A9%D9%87-%D9%86%D8%A7%D9%85-%D9%BE%D8%B1%D8%B4%DB%8C%D8%A7-%D9%88-%D9%BE%D8%B1%D8%B3%D9%87-%D8%A8%D9%87-%D8%A7%DB%8C%D8%B1%D8%A7%D9%86- %D8%AA%D8%BA%DB%8C%DB%8C%D8%B1-%DB%8C%D8%A7%D9%81%D8%A.
  41. هال، استیوئرت. 1393. معنا، فرهنگ و زندگی اجتماعی. [trans.] ترجمه احمد گلمحمدی. چاپ دوم. تهران: نشرنی.
  42. یاسمی، ڕشید. ١٣١٣. کرد و پیوستگی نژادی و تاریخی او. تهران: مجمع ناشر کتاب.
  43. David، Robertson،. ٢٠٠٢. A Dictionary of Modernل Third Edition. London: Europaلublications.

کتێبەکانی پرۆگرامی خوێندنی وەزارەتی پەروەردە:

  1. وزارت آموزش و پرورش(١٣٩٩): استانشناسی اصفهان، پایە١٠.
  2. وزارت آموزش و پرورش(١٣٩٩): استانشناسی فارس، پایە١٠.
  3. وزارت آموزش و پرورش(١٣٩٩): استانشناسی آذربایجان غربی، پایە١٠.
  4. وزارت آموزش و پرورش(١٣٩٩): استانشناسی ایلام، پایە١٠.
  5. وزارت آموزش و پرورش(١٣٩٩): استانشناسی کردستان، پایە١٠.
  6. وزارت آموزش و پرورش(١٣٩٩): استانشناسی کرمانشاه، پایە١٠.
  7. وزارت آموزش و پرورش(١٣٩٩): استانشناسی چهارمحال و بختیاری، پایە١٠.
  8. وزارت آموزش و پرورش(١٣٩٩): استانشناسی لرستان، پایە١٠.

پاشکۆی ژمارە١، بەڵگەنامەی وزارەتی کولتوور بۆ نوسینگەی تایبەتی شاهەنشای ئێران، ١/١٢/١٣١٧{٢٠/٢/١٩٣٩}، تاران، ئەرشیفی نیشتمانی ئێران

وەرزنامەی ئێرانناسی ژمارە (9)، ساڵی سێیەم، تشرینی دووەمی2023

Send this to a friend