• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
April 27, 2020

ئەورووپا لە دوو ساڵدا زیاتر لە نیو ملیۆن مافی پەنابەری بەخشیوە

یەکێتی ئەوروپا لە دوو ساڵی رابردوو مافی پەنابەری بە زیاتر لە نیو ملیۆن پەنابەر بەخشیوە.

ناوەندی سەرژمێری ئەورووپا دوایین داتاکانی تایبەت بە پەنابەران بۆ ساڵەکانی 2018 و 2019 راگەیاند و ئاژانسی ئەنادۆڵیش وردەکارییەکانی بڵاوکردەوە کە تێیدا بە وردی باس لە پێدانی مافی پەنابەری لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە دەکات.

بەپێی داتا بڵاوکراوەکان لە ساڵی 2018دا، یەکێتیی ئەورووپا مافی پەنابەری داوەتە 316 هەزار و 200 کەس، لە ساڵی 2019شدا، مافی پەنابەری بە 295 هەزار و 800 کەس دراوە، واتە لە سەدا شەش کەمیکردووە.

واتە لە دوو ساڵی رابردوودا وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، مافی پەنابەرێتییان بە 612 هەزار کۆچبەر داوە.

کۆچبەرە سوورییەکان لە ریزبەندی یەکەمی کۆچبەراندان و لە سەدا 27ی رێژەی پەنابەران پێکدەهێنن.

دوای سورییەکان ئەفغانییەکان بە رێژەی سەدا 14 لە پلەی دووەمی ریزبەندییەکەدان.

ڤەنزوێلییەکانیش لە پلەی سێیەمی پەنابەراندان، بە رێژەی سەدا 13.

راپۆرتەکە باس لە رێژەی ئەو پەنابەرانە دەکات (بەپێی وڵاتەکان) کە توانیویانە مافی پەنابەرێتی بەدەستبهێنن کە بەم شێوەیە؛

لە سەدا 96ی کۆچبەرە ڤەنزوێلییەکان، لە سەدا 85ی کۆچبەرە سوورییەکان، لە سەدا 81ی کۆچبەرە ئێریتیرییەکان، لە سەدا 54ی کۆچبەرە ئەفغانییەکان و لە سەدا 52ی کۆچبەرە تورکەکان توانیویانە مافی پەنابەرێتی بەدەستبهێنن.

بەهۆی ئاڵۆزی بارودۆخی وڵاتەکەیان لە رووی سیاسیی و ئابورییەوە، ژمارەی ئەو هاوڵاتییە ڤەنزوێلییانەی روویان لە ئەورووپا کردووە، بەراورد بە ساڵی رابردوو، 40 هێندە زیادی کردووە.

لەنێو 27 وڵاتی ناو یەکێتیی ئەورووپادا، وڵاتی ئەڵمانیا زۆرترین رێژەی پەنابەری لەخۆگرتووە دەکاتە لە سەدا 39ی سەرجەمی پەنابەرانی ئەورووپا.

فەڕەنسا لە پلەی دووەمدایە و لە سەدا 14ی پەنابەرانی وەرگرتووە، ئیسپانیا بە وەرگرتنی سەدا 13 و ئیتاڵیا بە وەرگرتنی سەدا 10، لە پلەی سێیەم و چوارەمی ئەو وڵاتانەی یەکێتی ئەوروپادان کە زۆرترین پەنابەریان وەرگرتووە.

راپۆرتەکە باسی وڵاتان و ئەو پەنابەرانەشی کردووە کە وەریانگرتوون و ئەوە هاتووە، ئەڵمانیا لە سەدا 71ی پەنابەرە سوورییەکان و لە سەدا 41ی پەنابەرە ئەفغانستانییەکانی وەرگرتووە.

وڵاتی ئیسپانیاش مافی پەنابەرێتی بە لە سەدا 94ی پەنابەرە ڤەنزوێلییەکان داوە.

Send this to a friend