• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
April 27, 2020

دوای 21 ساڵ عەبدوڵا ئۆجەلان بە تەلەفۆن لەگەڵ خێزانەکەیدا قسەی کرد

ژووری پارێزەرانی ئۆجەلان رایگەیاند، عەبدوڵا ئۆجەلان بە تەلەفۆن لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەی قسەی کردووە.

پارێزەرانی ئۆجەلان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویانکردەوە، ئەمڕۆ دوو شەممە عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان
(پەکەکە)، دوای 21 ساڵ لە رێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەیدا قسەی کردووە.

باس لەوەش کراوە، ئەمڕۆ هەریەک لە عەبدوڵا ئۆجەلان، وەیسی ئاکتاش، عومەر خەیری کۆنار و حامیلی یڵدرم لەگەڵ بنەماڵەکانیاندا گفتوگۆیان کردووە.

عەبدوڵا ئۆجەلان لە 15ی شوباتی 1999وە دەستگیرکراوە و لە زیندانی ئیمراڵییە، ئەمە یەکەم جارە بە تەلەفۆن لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەیدا قسە بکات.

ئەمە لە کاتێکدایە پارێزەرەکانی چەند جارێک داوایان کردووە عەبدوڵا ئۆجەلان لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەیدا قسە بکات، بەڵام رەتکراوەتەوە.

لە ماوەی زیندانیکردنیدا هەندیک جار بۆ چەند ساڵیک ئۆجەلان گۆشەگیرکراوە و رێگەی چاوپێکەوتنیشی پێنەدراوە.

پەیوەندییەکانی کورد و دەوڵەتی تورکیاش لە 20 ساڵی رابردوودا بە قۆناغی جیاوازدا تێپەڕیوە و گرنگترتینیشیان پڕۆسەی ئاشتی و کۆتایپێهێنانی بوو.

لە ١١ی ئایاری ٢٠٠٩ قۆناغێکی گرنگ لە پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەستیپێکرد، ئەو کاتەی سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی تورکیا رایگەیاند، لە رۆژانی داهاتوودا شتی باش سەبارەت بە کێشەی کورد روودەدەن و تەنانەت لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا لە ٢٤ی ئایاری ٢٠٠٩ و لە نێو فڕۆکەکەیدا لەکاتی گفتوگۆدا لەگەڵ رۆژنامەنووساندا، لە بری “باکوری عێراق” وشەی “کوردستان”ی بەکارهێنا، لە ٩ی مایسی هەمان ساڵیشدا وتی، کێشەی کورد یەکەم کێشەی تورکیایە و دەبێ چارەسەربکرێت.

لە ٣١ی مایسی ٢٠٠٩ پەکەکە ئاگربەستی راگەیاند، بەمەش هەنگاوەکانی نزیکبوونەوەی کورد و دەوڵەتی تورکیا زیاتر چووە پێشەوە.

لە ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٩، لەسەر داوای عەبدوڵا ئۆجالان وەک نیازپاکی بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی کرانەوەی کورد، ٣٤ گەریلا لە دەروازەی سنوریی خابورەوە چوونەوە نێو تورکیا.

دواتر و لە شوباتی ٢٠١٠ تورکیا هەنگاوی رەسمی و گرنگی ناو و بەشیر ئاتالای وەزیری ناوخۆ لە چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتیدا، (پاکێجی مافەکانی مرۆڤ)ی راگەیاند.

بەپێی پاکێجەکە راگەیەندراوەکە؛ لە زیندانەکاندا مۆڵەت بە زیندانییەکان درا بە کوردی، زمان و شێوەزارەکانی دیکەش چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسەکانیاندا ئەنجام بدەن.

ھەر بەپێی پاکێجەکە؛ میدیا تایبەتەکان ٢٤ کاژمێر بە کوردی و هەر زمانێکی دیکە پەخش دەکەن.

ئەنجومەنی خوێندنی باڵاش بڕیاریدا بە مۆڵەتدان بە دامەزراندنی ناوەندی لێکۆڵینەوە و ئەنیستیتو بە زمانە جیاوازەکان.

ململانێ و ناکۆکییەکانی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار، یەکێک بوو لە ھۆکارەکانی دابڕکردن و وەستاندنی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا.

Send this to a friend