• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
April 4, 2023

ئایندەی جووڵانەوە و ناڕەزاییەكانی ئێران لە بەردەم شكست و بەردەوامیدا

وەرگێڕان و ئامادەكردن: ژیلوان لەتیف یارئەحمەد

 

ئەو نائارامییەی کە لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوو بە ڕێبەرایەتی ژنان، ئێرانی گرتووەتەوە، لە بنەڕەتدا پەیوەندی بەو ئەنجامانەوە هەیە کە لە شۆڕشی ئێراندا ئامانجەكانی سەرپێ كەوت، لە نموونەی بەدیهێنانی ئەو گۆڕانە هەمەلایەنانەی كە لایەنگرانی بیروڕای دیموكراسی هەوڵیان بۆدەدا، بەڵام نەخشی ڕۆحانی و تەریقەتگەرایی دامەزراوەی شیعە بەهۆی ڕێكخراویی و ئامادەییە پێشوەختەكەی، جڵەوی شۆڕشەكەی گرتە دەست، سیستەمی حوکمڕانی تیۆکراتیکی دامەزراند، لەسەر بنەمای ئەم پاشخانە مێژووییە دوایین شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان لە بنەڕەتدا دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ ئامانجە تەواونەکراوەکانی ئەو شۆڕشە، بەڵام ئایا دەتوانێت سەرکەوتوو بێت؟ لە كاتێكدا پۆلیسی ئەخلاقی ئێران، كە بەرهەمی شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانە، ئەرکی كۆنتڕۆڵكردنی پۆشاك و ڕەفتارەکانی پێسپێردراوە، بەڵام بە مردنی “مەحسا ئەمینی”، کە لە مانگی ئەیلولدا لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە بە تۆمەتی پابەند نەبوون بە یاسای جل و بەرگی ناچاری ژنان دەستگیرکرا.

لەگەڵ ئەوەشدا، توڕەیی قووڵ و هەستپێكراو لە ئێراندا هەیە لەبارەی بەئیسلامیكردنی پرسە كۆمەڵایەتییەكان، بە تایبەت زیادبوونی هەستیاریەكانی كۆمەڵگە بەرامبەر پۆلیسی ئەخلاقی ئێران، كە گریمانەی بەردەوامی ناڕەزایەتی لە ئێراندا تاو دەدەن، تەنانەت کاتێک (سەرپۆش) لە ساڵی ١٩٨٣دا کرایە ناچاری، لەو ڕۆژگارەوە پرسی كۆمەڵایەتی و تۆوی ناڕەزایەتی و هەستیاری لەنێو چینە كۆمەڵایەتییەكاندا پشكوت، بەجۆرێك سروشتی ناڕەزایەتییەكان کە لەو کاتەوە بەردەوامە و لە ئایندەشدا ڕاناوەستێت.

“ڕۆلا”، چالاکوان و توێژەری سیاسی ئێرانی دەڵێت، لەوەتەی ئیبراهیم ڕەئیسی لە ساڵی 2021 بووەتە سەرۆککۆمار، ئاستی ناڕەزاییەتییەكان بە ئەندازەیەكی بەرچاو هەڵكشاوە پۆلیسی جلوبەرگی ژنان و هەڵوێستەكانی نیگەرانییەكانی پتر كردووە. هەروەها “شادی شار”، پارێزەری مافی مرۆڤی ئێرانی دەڵێت: (بۆ دەیان ساڵە ئێرانییەکان سەرمایەگوزارییەکی زۆریان لەو بیرۆکەیە دەکرد کە سەرکردە ڕیفۆرمخوازەکان بەڵێنیان پێدەدان کە بارودۆخەكان دەگۆڕدرێن، بەڵام هیچ ڕووینەدا … پەیامەکە ئێستا بە دەنگێکی بەرز و ڕوونە، كە ئەگەری بەردەوامی بۆ هەمیشە لێ بەدی دەكرێت).

سەرباری ئەوانە، ئێران بە زنجیرەیەك تەنگەژەی سیاسیی و كۆمەڵایەتییەوە پێی خستووەتە ناو سەرەتاكانی ساڵی 2023، بەجۆرێك ستراتیژ و ڕێبازە سیاسییەكەی، لەبەردەم گریمانەكانی بەردەوام بوونی ناڕەزاییە ناوخۆییەكان و خراپی ئاستی پەیوەندییەكان و قوڵبوونەوەی زیاتری ناكۆكیی و ململانێ سیاسییەكانیەتی لەگەڵ ڕۆژئاوا، لە كاتێكدا نەیتوانیوە دەستبەرداری هەوڵەكانی ببێت بۆ چەسپاندنی پێگەی خۆی و زیادبوونی كاریگەرییە هەرێمییەكان لە پێناو پاراستنی نفوزی ناوچەییەكانی، ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی دۆخە ئابوورییە خراپ و داڕماوەكەی (نەخۆش)ەكەی.

ئەگەرچی كێشەی كڵپەسەندووی خۆپیشاندەدران و شێوازی ناڕەزاییە توندڕەوەكانی سەرشەقام تا ئەندازەیەك چووەتە قۆناغی متبوون و سڵەمینەوە، بەڵام بەرەو دیمەنی كۆتایی و شكستی یەكجاری نەڕۆشتووە، بە پێچەوانەی پێشبینیكردنی هەندێك لە گریمانە سیاسییەكان، هەنگاوەكانی ئەم دواییە دەرخەری ئەو ڕاستییەن، كە هێزو توانای شەقام لە قۆناغێكی تردایە بەجۆرێك كە بێ دەنگییەكانی ڕابروودی تێپەڕاندووە، دەشێ كاڵببنەوە بەڵام لەبن نەهاتووە، هەرچەندە وا پێدەچێت بەشێوەیەكی ڕوواڵەتی جموجوڵی شەقام سەرباری تایبەتمەندییە سیاسیی و كۆمەڵایەتییە توندڕەوەكانی، بەڵام تا ئێستا سەركەوتوو نەبووە لە هەژاندنی بناغە دامەزراوەكانی كۆماری ئیسلامیی.

میتۆدی جیاواز و تایبەتمەندی خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییەی ئێران نموونەیەكی نوێیە لە بزووتنەوەیەكی كۆمەڵایەتیی هاوچەرخ بە ناوەڕۆكێكی سیاسیی، كە پرشنگدارترین خاڵی بەردەوامیی و خۆراگرییە، وەك ئەوەی پتر لە سەد ڕۆژ بەسەر تێپەڕبوونی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان لە سەرانسەری ئێران ڕۆیشت، بەڵام ناڕەزاییەكان پەرەیان سەندو بەشێكی بەرفراوانی ئەو وڵاتەی گرتەوە، ئەم ڕووداوە تایبەتمەندی جووڵانەوەیەكی نوێی نیشانداین بەوەی ئێرانییەکان بە جیاوازی تەمەن، نەتەوە و ڕەگەزەکانەوە لە ئاستێكی فراواندا بەشداری خۆپیشاندانەکان بوون، ئەگەرچی ڕووخساری بنەڕەتی ناڕەزاییەتییەكان ئەو گەنجانە بوون کە بە هێزو توانایەكی نوێوە ڕژانە سەر شەقامەکان.

“ڕامیار حەسەن” وتەبێژی (ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ) دەڵێت: (ژنان ئەم شەپۆلە ناڕەزایەتییەیان دەستپێکرد، بەڵام لە نێو ژنان و داخوازییەكانیدا قەتیس نەبوو، سەرجەم چین و توێژە جیاجیاكان بەشدارییان كرد، ئەمەش بووە یەكەمین شێوازی بڕیاردان لەسەر بنەمایەكی كاركردنی پێكەوەیی و نیشاندانی ناڕەزایەتییەكی بەرهەڵستكارانەی یەكگرتوو)، لەمەوە دەگەینە ئەوەی بۆ یەکەمین جار لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا لەدوای شۆڕشی ئیسلامییەوە، یەکڕیزییەكی ناوازەیە لە نێوان نەتەوەكانی ئێراندا هاتۆتە كایەوە بەجۆرێك هەمووان یەک دروشم دەڵێنەوە و داواکارییەکەیان وەک یەکە.

كەواتە بۆچی ناڕەزایەتییەكانی سەرەتای ئەمساڵی ئێران جیاوازن لە ناڕەزایەتیەکانی پێشوو؟

ئەوەی لە ناڕەزایەتییەکانی كۆتایدا هەستپێدەكرا زۆر گەورەتر و درێژخایەنتر لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٢٠١٩، بەو پێیەی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەیان یەکخستووە، هەرچەندە لە ساڵی ٢٠١٩ چینە هەژارەکانی کۆمەڵگە ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی، لە کاتێکدا نائارامییەکان لە ساڵی ٢٠٠٩دا زیاتر لەسەر “پرسەکانی چینی ناوەند” بوو لە ساختەکاری لە دەنگەکاندا، بەڵام هۆكاری ئەم ناڕەزایەتییەی كۆتایی ئێران هۆكارەكەی سادەبوو، بەڵام ئاستی بە دەنگەوەهاتن و یەكگرتووییەكەی گەلەك زیاترە، بە تایبەت کە “ئەمینی” کچێکی ئاسایی بوو، خەڵکی شارێکی گەورە و چالاکوان نەبووە، هەر ئەمەش كێشە هەڵپەسێردراوەكانی پشت گرفتە كۆمەڵایەتییەكانی لە سێبەردا دەرهێنان و بەرەو تەقینەوەی برد.

ناڕەزایەتییەکان نموونەی چ فۆرمێکیان لە شێواز و ئاڕاستەكانیدا وەرگرتووە؟

ناڕەزاییەكانی پار ساڵی ئێران لە نموونەی بەرخۆدانێكی فرە جۆردا شێوەی گرتووە، بە جۆرێك ناڕەزایەتییەکی ئاشتیانەی دوور لە توندوتیژیان یاخود بەكارهێنانی توندوتیژیی تەواوەتی لە ئێراندا سەرپێ كەوت، لە ڕووی فراوانی ئاستی بەشداریكردن لە خۆپیشاندانە گەورەکانی سەر شەقامەکاندا، سەرجەم شارە گەورەکان و زۆرێك لە شارۆچکە بچووکەکان ڕوویاندا، ژنان حیجابەکانیان سووتاندووە، بۆ دامركاندنەوەی هەستیاری چەندین ساڵەیان سەما دەکەن و قژیان دەبڕن، ئەم نموونانە لە ئێرانی 2023دا بە سانی بەرچاو دەكەون.

فۆرمی ناڕەزاییە بەرچاوەكەی ئێران نموونەیەك بوو لە ئاستێكی بەرفراواندا گوزارشتی لەخۆ كرد، بەو شێوەیەی مانگرتن لە قوتابخانەکان و زانکۆکان و کەرتی نەوت بایەخێكی چەند هێندەیان بە ناوەڕۆكی ناڕەزاییەتییەكاندا، قەبارەی مەزنی مانگرتنەكانی نیشاندا، لە هەمانكاتدا داخستنی دوكان و بازاڕەكان ئەو شێوە مانگرتنە كە ئەگەری چەندبارە بوونەوەیان لە ئایندەدا لێ بەدی دەكرێت، وەك مۆدێلێكی نوێی ڕووبەڕوونەوە و دەربڕینی ناڕەزایەتی.

نیشاندانی هەڵوێستی تیمی تۆپی پێی ئێران لە 21ی تشرینی دووەمی 2022 لە جامی جیهانی قەتەرو ئامادە نەبوونیان بۆ گوتنەوەی سروودی نەتەوەیی وڵاتەكەیان، هاوكات هەڵوێستی هاندەرانی ئێران لە دەرەوەی یاریگاکان كە دروشمیان دژی ڕژێمەكە دەگوتەوە زیندووترین فۆرم و شێوازی نوێی ناڕەزایەتییەكان بوون كە پێشتر نموونەی نەبووە.

لەگەڵ ئەوانەشدا، یەکێک لە دروشمە سەرەکییەکانی وەك (ژن، ژیان، ئازادی)، دەستەواژەیەکە کە ڕەگ و ڕیشەی لە خەباتی ڕزگاریخوازی کورددا ڕسكاوە بە تایبەت کە لە بەرەکانی شەڕی سوریادا بە فراوانی و لە ئاستێكی گشتیدا بەكارهاتووە، ئەم خاڵە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە كە ناڕەزاییەتییەكان فراوانترن لەوەی حكومەتی ئێران پێشبینی دەكات، تەنانەت سنوورەكانی دەرەوەی ئێرانی بڕیوە، چونكە سەرباری ئەوەی لە ناوخۆی ئێران پێکدادانی توندوتیژ ڕوویدا و خۆپیشاندەران بە ئاشكرا بیناکانی هێزە ئەمنییەکانیان سووتاند، ناڕوزایەتییەكان پەڕیوە ئەورووپا  و ژنان لە ستۆکهۆڵمەوە تا ئەسینای پایتەخت بۆ نیشاندانی هاودەنگی لەگەڵ مانگرتووەكاندا هەڵوێستیان وەرگرت.

تایبەتمەندی و شێوازی ناڕەزایەتییەكانی ئێران لە شێواز و مامەڵەی هێزە ئەمنییەكاندا بە ڕوونی هەست پێدەكرێت، لەمبارەیەوە (ئاژانسی هەواڵی چالاکی مافی مرۆڤی ئێران) کە بنکەکەی لە ئەمریکایە، تا مانگی كانوونی یەكەم ئاشكرایكردووە نزیكەی ٥٢٢ کەسی گیانیان لەدەستداوە کە ٧٠ کەسی منداڵ و چەند سەد کەس بریندار بوون، زیاتر لە ٢٠ هەزار دەستبەسەر، کە پێدەچێت ئەم ژمارانە زۆر زیاتر بن لەوەی حکومەت خۆی ڕایدەگەیەنێت، تا ئێستا زیاتر لە ٦٠ ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی کوژراون، هەروەها لە ناوچە کوردنشینەکان بۆ دامرکاندنەوەی خۆپیشاندەران، سەرباز و چەکی قورس و ئۆتۆمبێلی سەربازیی جێگیرکراون لە كاتێكدا لە ئێستادا مانگرتنەكان كپ بوونەتەوە، هەروەها بەڵگەی ناوەندە هەواڵگرییەكانی ڕۆژئاوا بە (دۆشکە کالیبەر ٥٠ ) تەقە خەڵکی سڤیل کراوە بە تایبەت لە شارەكانی كوردستان، ئەگەرچی ئەم جۆرە چەکە بە شێوەیەکی گشتی لە ناوچە جەنگییەکان بەکاردەهێنرێت، چونكە فیشەکەکانی لە سەرەوە بۆ خوارەوە ١٣٨ ملم دەبێت.

لەگەڵ ئەمانەدا، ڕژێمی ئێران دەوڵەتە بیانییەکانی وەک ئەمریکا كە بە “شەیتانی گەورە” ناوی دەبات، هاوشانی ئیسرائیل بە ورووژاندنی ناڕەزایەتی و مەترسی سەرهەڵدانەوەیان تۆمەتبار کردووە، هەرچەندە هیچ بەڵگەیەک لەمبارەیەوە نەخستووەتەڕوو، هاوكات دادوەری باڵای ئێران لە كۆتایی ساڵی 2022 داوای کردبوو “توخمە سەرەکییەکانی ئاژاوەگێڕییەکان” سزای توندیان بەسەردا بسەپێنرێت و ڕایگەیاند بوو ئێستا کاتی ئەوە هاتووە “دووربکەونەوە لە نیشاندانی هاوسۆزی ناپێویست”.

بەم هۆیەوە لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوودا، حکومەتی ئێران یەکەم خۆپیشاندەری بە تاوانی بەناو (بڵاوكردنەوەی گەندەڵی لەسەر زەوی) لەسێدارە دا، ئەمەش كاردانەوەیەكی توندی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام لەو کاتەوە چوار کەسی دیکە هەڵواسراون، هەرچەندە دەیان کەسی دیکە ڕووبەڕووی تۆمەت دەبنەوە کە سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە.

لەگەڵ ئەوەشدا، لێكەوتەكانی بەردەوامی جووڵانەوەكە، گەواهیدەری ئەو ڕاستییەن كە قەبارەی زیانە گیانییەكان گەلەك زۆرن، بەجۆرێك ئۆرگان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کە بنکەکانیان لە دەرەوەی ئێرانن و چاودێری  وردی دوا پێشهاتەكانی ئەو وڵاتە دەكەن، هێما بۆ ئەوە دەكەن، كە لە ماوەی بەردەوام بوونی ناڕەزاییە جەماوەرییەكانی ئەو وڵاتەدا زیاتر لە ٥٠٠ کەس لە کاتی نائارامیی و تێهەڵچوونەكاندا كوژراون، بەڵام ئەم قوربانییە مەزنە هێشتا نەبووەتە هۆی وەستاندنی یەكجاریی ناڕەزاییەتییەكان، لەبەردەم گریمانەی ئاكتیڤ بوونەوەدایە.

لەنێو ئەو باردۆخە ئاڵۆزەدا، دەكرێت بپرسین لە مانگەكانی داهاتووی ساڵی 2023 چاوەڕوانی چ دیمەنگەلێكی نوێ لەم تەنگەژە ناوخۆییەی ئێران بكەین؟

بە لەبەرچاوگرتنی پێشهاتەكانی ئەم دواییەی ئێران دەردەكەوێت، كە ئەو وڵاتە لە لێواری گۆڕینی یەكجاری ڕژێمەكەیدا نییە، بەڵام ناتوانین ئەو سەرنجانە نادیدە بگرین كە خۆپیشاندانەكان بنچینەی پەیوەندییە باوەكانی هەڵتەكاندووە، بەگوتەی “سینا ئازۆدی” لێكۆڵیار لە (ناوەندی پەرەپێدان لە ئەنجوومەنی ئەتڵەسی)، ئاماژە بەوە دەكات، كە (ناڕەزایەتییەكانی ئەم قۆناغە بوونەتە هۆی گۆڕین و هێنانە كایەی ژێرخانێكی نوێ لە پەیوەندییەكانی نێوان دەوڵەت و هاونیشتمانیانی، كە چی دی گەڕانەوە بۆ بەر لە ڕووداوەكانی پێش ناڕەزاییەكان دەچێتە خانەی باوەڕێكی مەحاڵ و بڕوا پێنەكراو).

لە بارەی ئەگەرەكانی بەردەوامبوونی ناڕەزاییەتییەكان لە ئایندەدا، “ئازۆدی” دەڵێت: (باوەڕم وایە هەرچەند ناڕەزایەتییەکان سست و خاوببنەوە، بەڵام كۆتایی نایەت، لە هەر كات و ساتێكدا بە جۆرێک یان چەند جۆرێکی نوێ بەردەوام دەبن، چونکە حکومەتی ئێران شکستی هێناوە لە چارەسەرکردنی ڕەگ و ڕیشەی ناڕەزایەتییەکان)، ناوبراو بە ناوەندی توێژینەوەی کەناڵی جەزیرەی ڕاگەیاندووە: (پێموانییە دۆخەکە هاوشێوەی ئەزموونی پێش ناڕەزاییەتییەكان بەردەوام بێت، چونکە ئەگەر حکومەت جارجارە چارەسەری ناڕەزایەتییەکانی دانیشتووان نەکات، دەبێت هەمان ئاستی دڕندەیی نیشان بدات بۆ دامرکاندنەوەی، لەم خاڵەدا ڕوون نییە کە ئایا دەوڵەت هیچ بەرژەوەندییەکی هەیە لە چارەسەرکردنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بە ڕێگەی توندوتیژی؟ بە تایبەت كە لەبەردەم مەترسی ڕۆژئاوادایە).

لەگەڵ ئەوانەشدا، یەكێك لە گرنگترین ئەنجامەكانی ناڕەزاییە ناوخۆییەكانی ئێران، تێكدانی بەرچاوی پەیوەندییەكانی نێوان تاران و ڕۆژئاوایە تا ئاستێكی مەترسیدار، بەو پێیەی هەریەك لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریکا، یەکێتیی ئەورووپا، بەریتانیا، کەنەدا، ئوسترالیا و نیوزلەندا سزای توندو یاساییان لەبارەی تاوانەكانی دژ بە مافی مرۆڤ بەسەر ئێراندا سەپاندووە، ئەویش لە وەڵامی بەكارهێنانی توندوتیژیی دژ بە خۆپیشاندەران، کە بە “سەرکوتکردنی دڕندانە”یان لە نێو ئەنجوومەنی نەتەوە یەكگرتووەكاندا ناوبردووە و بە دەنگێكی كۆك و تەبا هەنگاوە نەرێنییەكانی ئەو وڵاتەیان وەك تاوانێكی دژە مرۆیی لەقەڵەمیان داوە. زیاتر لەوە، دوو هەوڵی گەورەی سەرکردایەتی ڕۆژئاوا بۆ سزادانی تاران لە ئەنجوومەنی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگی زۆرینەی بەدەستهێنا، كە بووە هۆی دامەزراندنی نوێنەرایەتییەکی نوێ تایبەت بە كاروباری ئێران، بە ناوی “كۆمیسیۆنی دۆزینەوەی ڕاستییەکان”، سەبارەت بە وەڵامدانەوەی ناڕەزایەتییەکان و دەرکردنی ئێران لە کۆمیسیۆنی مافەكانی ژنان.

هەروەها یەكێتی ئەورووپا  29 کەس و سێ لایەنی فەرمی کردە ئامانج و سزای دان، کە ویستی كۆكردنەوەی سەروەت و سامان و قەدەغەکردنی گەشتکردنیان هەبوو، هەروەها بۆ زیادکردنی فشارە سیاسییەکان بۆ سەر حکومەت، بانگەواز بۆ بەرپرسانی ئەورووپی کراوە کە زیاتر کاربکەن و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان بپچڕێنن، وەك ئەوەی سەدر گوتی: ( ئێران پێویستی بە هەمان ئەو کارە هەیە لەلایەن ڕۆژئاواوە کە بەرامبەر بە ڕووسیا گیراوەتە بەر بەهۆی لەشکرکێشی ئۆکرانیاوە).

كەواتە ئێران لە ئێستاوە یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین سزای بەسەردا سەپێنراوە لە جیهاندا، هەناردەکردنی زۆرێک لە کەلوپەلەکانی وەک دەرمان و پارچەی فڕۆکە گیراوە، هەروەها وڵاتەکە لە سیستەمی بانکی جیهانی یاساغ كراوە، بە گوتەی “ڕۆلا”، ئەم جۆرە سزادانانەی “کاڵای بنەڕەتی” دەسەڵاتی “نوخبەی ئەرستۆکراتی”ی زیاد کردبوو.

کاریگەری سزاکان جێگەی مشتومڕە، زۆرێک دەڵێن کە ئامرازێکی کاریگەرن بۆ فشاری سیاسی لەسەر حکومەتەکان و گۆڕینی ڕەفتارەکانیان، هەندێکی تر بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بە شێوەیەکی ناڕێژەیی کاریگەرییان لەسەر کەسانی ئاسایی هەیە، دوژمنایەتی بەرامبەر بەو کەسانە دروست دەکەن کە جێبەجێیان دەکەن.

لە بەرامبەردا حكومەتی تاران ڕایگەیاندووە، کە ئەو وڵاتانە بە هۆی مێژووی پێشێلکارییەکانی خۆیانەوە شیاوێتی و ڕەوایەتی سەركۆنەكردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤیان لە وڵاتێكی وەك ئێراندا نییە، هاوكات جەخت لەوە دەكاتەوە كە سزای خۆی بەسەر بەرپرسان و قەوارە ئەمریکی و ئەورووپییەکاندا سەپاندووە. لەم پێناوەدا وەزارەتی دەرەوەی ئێران به توندی مامەڵەكردنی لەگەڵ هەر چەشنە هاوکارییەک لەگەڵ كۆمیسیۆنی دۆزینەوەی ڕاستییەكان ڕەتكردۆتەوە، چونكە وەك پێناوێكی سیاسیی مەبەستدار دەیبینێت و پێیوایە (تاران پاڵەوانی بەرگریكردن لە مافەكانی مرۆڤە).

كاریگەریی نائارامییەكانی ئێران لەبەردەم پەیوەندییەكانی تاران و ڕۆژئاوادا

 

“دیاکۆ حوسێنی” شرۆڤەکاری سیاسی لە تاران، پێیوایە نائارامییەکانی ئێران زیاتر لە خودی دەسەڵادارانی ئەو وڵاتە تێڕوانینەکانی ڕۆژئاوای بۆ ئاڵەنگارییەكان گۆڕیوە، لەمبارەیەوە ئاماژەی بەوەدا هەوڵدانی گرووپە جیاوازەكان دژ بە گەڕاندنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران لە ساڵی ٢٠١٥ لەگەڵ زلهێزەکانی جیهان ئێستا زیاتر پاڵ بە ئیدارەی “جۆ بایدن”ی سەرۆکی ئەمریکاوە دەنێن تاكو دەست لە قۆناغی وتوێژ و دانووستانەكان هەڵبگرێت، كە بەشێوەیەكی نیمچە فەرمی لە كۆتایی مانگی ئەیلولی 2022ەوە لە دۆخێکی پەنهان و نادیاردایە.

لەگەڵ ئەوەشدا، “حوسێنی” ئاماژەی بەوەکردووە، (ئەوە حکومەتی ئەمریکایە کە پێویستە بڕیار بدات کە ئایا دەیەوێت ملکەچی ئەم فشارە سیاسییە بێت و حكومەتی ئێران لەبەردەم هیوایەكی نوێ و ئاسۆیەكی هەمیشەیی بۆ ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكەی بهێڵێتەوە، لەکاتێکدا مەترسییەکان قبووڵ دەکات، ئەویش بە گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنێک کە بتوانێت سەقامگیری ستراتیژی بۆ پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و ناوچەکە بگەڕێنێتەوە، یان هەڵەکان لە هەژماركردنی ناڕەزایەتییەکانی ئێران و گریمانەی بەردەوام بوونیان لە داهاتوودا لەبەرچاو دەگرێت؟) .

ئەمریکا بە ئاشکرا جەختی لەوە کردووەتەوە کە دانوستانەکان بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو ڕێککەوتنەی کە لە ساڵی ٢٠١٨دا بە شێوەیەکی تاکلایەنە بڕیاری وەستاندنی دابوو، (ئەگەر جێبەجێ بکرێت)، سزا توندەکانی سەر ئێران هەڵدەگرێت، لە هەمانکاتدا ئەوەی ئێستا بەدی دەكرێـت، جووڵاندنی كارنامە ئەتۆمییەكەی ئێران نییە، بە تایبەت بەرنامەی (کەمکردنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران) لە پێشینەی کارەکان نییە، چونکە ناڕەزایەتییەکان لە ئێراندا بەردەوامن و ئەگەری سەرهەڵدانەوەیان هەیە.

نوێنەرانی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئێران و یەکێتیی ئەورووپا لە كۆتایی ساڵی 2022 لە ئوردن کۆبوونەوە، هەردوولا ئاماژەیان بەوە کرد، کە لەگەڵ گەڕانەوە بۆ پلانی هەمەلایەنەی هاوبەشی کارکردن (JCPOA)ن، وەک ئەوەی ڕێککەوتنەکە بە فەرمی ناسراوە، بەڵام دەنگۆكانی جموجووڵ و گریمانەی سەرلەنوێ سەرهەڵدانەوەی ناڕەزاییەكان وایكردووە كە لە ئایندەیەكی نزیكدا چاوەڕوانی هیچ پێشکەوتنێکی دەستبەجێ ناکرێت، لای خۆیەوە ئێرانیش ڕایگەیاندووە کە ئیمتیازات و هەنگاوی نوێ نانێت چونكە نائارامییە ناوخۆییەكانی وڵاتەكەی فشارە ناوخۆیی و دەرەكییەكانی لەسەر زیاد كردووە.

“حوسێنی” ئاماژەی بەوەدا کە باوەڕی بەوە نییە تاران لە ئەنجامی فشاری دەرەکیدا كە بەهۆی ناڕەزاییە ناوخۆییەكانی گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە ئامانج و تاکتیکی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی بکات، بەڵام ئاماژەی بەوەدا کە تۆمەتەکانی پڕچەککردنی ڕووسیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ شەڕی ئۆکرانیا ڕەنگە هەندێک گۆڕانکاری نایاسایی بەدیبێنێت، پێشیوابوو هەرچەندە ڕووسیا پەیوەندی گەرمی لەگەڵ ئێران هەیە، بەڵام تاران پێی باشترە بەشێکی ڕاستەوخۆی شەڕەکە نەبێت، ئەویش بەهۆكاری ئەوەی بەرژەوەندییەکی ئەوتۆی لەو شەڕەدا نییە، لەمەوە پێدەچێت كە ئێران ڕێبازێکی وردتر لە پشتیوانیکردنی ڕووسیادا بگرێتەبەر، بەم شێوەیە تاران وێڕای پاراستنی پاڵپشتیی هاوپەیمانان لە یەمەن، سوریا، لوبنان و عێراق، هێڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ عەرەبستان بە کراوەیی دەهێڵێتەوە و حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەش لەسەرەتای ئەمساڵدا ڕایگەیاند، کە ئێران سیاسەتێكی کراوەیە بۆ ئەنجامدانی دیالۆگی ڕاستەوخۆ لەگەڵ میسریشدا دەگرێتەبەر.

ناڕەزاییەتییەكان و كاریگەریی لەسەر دیاردەی سنووردارکردن توانای ئابوورییەكانی ئێران و سنوورداركردنی تۆڕەكانی ئینتەرنێت

لە ڕووی ئابوورییەوە؛ دەسەڵاتدارانی ئێران لە ناوخۆدا ڕووبەڕووی ئاستەنگی بەرچاو بوونەتەوە، چونکە گریمانەی بەردەوامبوونی نائارامییەکان و چەندیەتی و چۆنیەتی مانگرتنەكان کە پەیوەستن بە ناڕەزایەتییە گشتییەكانەوە، لەو فشارانەوە سەرچاوە دەگرێت كە سزاکانی ئەمریکا و خراپ بەڕێوەبردنی ناوخۆیی ڕسكانویەتی، دوای ئەوەی “دۆناڵد ترەمپ” سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران کشایەوە، کە ئامانج لێی وەستاندنی تاران بوو لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی، سزا نێودەوڵەتییەکان كاریگەرییان چەند هێندە بوو، دراوەکەی کەوتە بەرکەوتنی ئازاد و ئێرانییە ئاساییەکان قوورسایی ئەم ئابوورییانەیان لە ئەستۆ گرت، چونكە هێزی كڕین و مامەڵەی دارایی هاووڵاتییانی ئێران ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە كەم بوونەوەدایە، دیاردەكانی هەڵاوسان و لێكەوتەكانی پتر لە 40 %ی دانیشتوانەكەی گرتووەتەوە، تمەنی نیشتمانیی وڵاتەكە ڕۆژ بە ڕۆژ لە بەردەم تۆماركردنی ژمارەی پێوانەیدایە بۆ نزمترین ئاست كە وا چاوەڕوان دەكرێت تا ناوەڕاستی ئەمساڵ بگاتە ئاستێكی مەترسیدار، لەگەڵ ئەوەشدا هەڵگرتنی هەنگاوی هەڵەو ترسناك كاریگەریی ئەم دۆخەی زیاتر كردووە، بۆ نموونە سنووردارکردنی پەیوەندییە ئینتەرنێتییەكان كە زیانێکی زۆری بە توانا ئابوورییەكان و توانای خەڵکەكەی بۆ بەكارهێنانی گەیاندووە، چونكە ملیۆنان کەس بە بەردەوامی تۆڕە تایبەتەكانی (VPN) لە ئێران بەکاردەهێنن، ئەویش بۆ دەربازبوون لە فلتەرکردنی سیستمی ئۆنلاین، بەڵام گیرانی بەرفراوانی VPNەکان وایکردووە، زۆرێکیان پەیوەندییان بە پلاتفۆرمە جیهانییە گەورەکانەوە پچڕاوە کە بلۆک کراون.

پێشبینییەكان وا دەردەخەن، كە دەسەڵاتدارانی ئێران پلاتفۆرمەکانی ئینتەرنێت پاش گەڕاندنەوەی ئاسایش و ئارامی وڵات بلۆك دەكرێنەوە، لەمبارەیەوە “ئەمیر ڕەشیدی” لێکۆڵەری ئاسایشی ئینتەرنێت و مافە دیجیتاڵییەکان، ئەم هەنگاوە بە دوور دەزانێت و بەكارهێنانی “هێڵی تێلێگرام” وەک نموونەیەک لە ئەپێکی كاریگەر دەهێنێتەوە کە دەیان ملیۆن ئێرانی بەكاربەرین، كاتێك لە ساڵی ٢٠١٨دا بلۆک کرا، ناڕەزاییەتییەكی گشتی خوڵقاند.

“رەشیدی” ئاماژەی بەوەکردووە: (لە سەرەتای ئەمساڵدا ئێران لە یاسای بازرگانی نێودەوڵەتیدا باند كراوە كە كاریگەرییەكی مەزنی لەسەر جموجووڵی بازرگانیی لە ناوخۆدا هەبوو، بۆیە ئاماژەكان پێمان دەڵێن بەهۆی مەترسییەكانی سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییەكان ئێران بەرەو جێبەجێکردنی VPN یاسایی و بلۆککردنی چینەکان هەنگاو دەنێت).

هەروەها “رەشیدی” وتویەتی: خزمەتگوزارییە پەرەپێدراوەکانی ناوخۆ لە نموونەی (ئەپەكانی نامە ناردن) هێشتا گەورەترین نیگەرانی حكومەتی ئێرانن، چونکە دەتوانرێت وەک ئامرازی چاودێری بەکاربهێنرێن، ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەتی ئێران بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەکارهێنەران ناچار دەکات بچنە سەر ئەو ئەپانە بۆ وەرگرتنی خزمەتگوزاری بانکی و سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی حکومەتی ئەلیکترۆنی، لەمەوە دەگەینە ئەوەی هەر کەسێک لە خەمی داهاتووی ئازادی ئینتەرنێت لە ئێراندا بێت، پێویستە خەمی گواستنەوەی بەکارهێنەران بۆ بەکارهێنانی ئامرازە ناوخۆییەکان بێت، ئەوە دوا هێڵی بەرگرییە لە بەرامبەر ئینتەرنێتی نیشتمانیی و سنوورداركردنی بەكارهێنان تاكو كاریگەریی لەسەر كۆنترۆڵكردنی ناڕەزاییەتییەكان جێبهێڵێت.

نەوەی Z ی ئێران لە نائارامییەکاندا چ ڕۆڵێک دەگێڕێت؟

ناڕەزایەتییەكانی ساڵی ڕابردوو لەلایەن زۆرێک لە خۆپیشاندەرانی ڕەگەزی جیا لە ژن و پیاوی گەنجن ڕوویاندا، ئەو توێژە دیاریكراوەی بە نەوەی Z ناسراون، كە بە وتەی “ڕۆلا”، جیهانگیریی و ئینتەرنێت وایکردووە ئەم گرووپە بە لەناوبردنی جیاوازییە کولتوورییەکانی نێوان گەنجانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەورووپا، ناڕەزایەتی لە شێوەی تردا دەرببڕن، ئەوەی کاتێک کچێکی گەنج لە ئێران لە سۆشیال میدیادا دەبینێت کە لە هەمانکاتدا دەبێت بچێتە پۆلێکی ئایینی ئیجباری، لە کاتێکدا خەڵک لە شوێنەکانی دیکە سەرقاڵی ئاهەنگ و سەركێشی جۆراوجۆرن، ئەوە بەراوردێکە کە ناتوانرێت نەبینرێت”.

لە ئێران پێویستە خوێندکاران بەشداری لە وانەکانی ناچاری تایبەت بە ئیسلام بکەن، کە یاسای جل و بەرگی ئیسلامی توند و جیاکاریی ڕەگەزی لە قوتابخانە و زانکۆکاندا جێبەجێ دەکرێت.

گریمانەی گەڕانەوەی ئێران بۆ قۆناغی پێش ناڕەزاییەتییەكان (ئایا ناڕەزایەتییەکان دەتوانن ڕژیم بڕووخێنن؟)

گریمانەو پێشهاتەكان بۆچوونێكی دوولایەنە نیشان دەدەن لەسەر ئەوەی کە ئایا ئەو نائارامییە دەتوانێت ڕژیم بڕوخێنێت؟

سەرەڕای سەرکوتکردنی توندوتیژانە، مەترسی بەردەوام بۆ هەڵگیرسانەوەی ناڕەزایەتییەکان ئێستا بووەتە یەکێکە لە گەورەترین ئاستەنگەکان کە لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩ەوە ڕووبەڕووی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامیی ئێران بووەتەوە. لەمبارەیەوە “ڕوڵا” پێوایە ئەگەر بێت و ڕژێم بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە و بەشێک لە هێزە ئەمنییەکان لانەدەن، كەوتنی لە ئێستادا مەحاڵە، پێچەوانەی ئەوەی لە قۆناغیی 1979 و سەردەمی شاهانشادا ئەنجامدرا، بە تایبەت كە ناڕەزایەتییەکانی پێش کۆچی دوایی بۆ چەند مانگێک بەردەوام بوون و کوژانەوە.

“ڕۆلا” بانگەشەی ئەوە دەکات کە ڕژیم زیاتر لەوەی هەستپێدەكرێت دابەشبووە، بەتایبەت لەسەر بنەمای ئەو ڕاپۆرتانەی باس لە گرژی ناوخۆیی دەكەن سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ خۆپیشاندەران. لە مانگی یەکی ئەمساڵدا، ئێران “عەلیڕەزا ئەکبەری”، جێگری پێشووی وەزیری بەرگریی وڵاتەکەی، کە دوای جێهێشتنی پۆستەکەی، ڕەگەزنامەی بەریتانیای بەدەستهێنابوو، بە تاوانی سیخوڕیکردن بۆ شانشینی یەکگرتوو لە سێدارە دا.

“کۆرنێلیۆس ئادەبەهر”، توێژەر لە (ناوەندی توێژینەوەی کارنێگی ئەورووپا )، وتویەتی ڕەنگە ئەمە ئاماژە بێت بۆ “ململانێی دەسەڵات” لە نێوان نوخبەکاندا سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ناڕەزایەتییەکان، ئەمەش نیشانەکانی ئەو كەلێنانەن لەناو حکومەتی ئێران لە کاتێکدا ناڕەزایەتییەکان ئامادەی هەمیشەییان هەیە، بەم هۆیەوە كەسێكی وەك “ئەکبەری” وەک ئەندامێكی نزیک لە فراکسیۆنێکی حکومەت سەیر دەکرا کە بانگەشە بۆ هەندێک چاکسازی دەکات بۆ چارەسەرکردنی ناڕەزایەتییەکانی خۆپیشاندەران.

لەگەڵ ئەوانەشدا، هەرچەندە نائارامییەکان بە مردنی ئەمینی دەستیپێکرد، بەڵام ئێستا خواستەكانی مانگرتن و ناڕەزاییەكان لە شكڵ و شێوەیەكی تردا گوزارشتیان لەخۆ كردووە، دەیانەوێت حکومەتی ئیسلامی نەمێنێت، “حەسەنی” دەڵێت: (تەنانەت ئەگەر لە ڕووکەشیشدا ڕژێم بتوانێت بۆ ماوەیەک سەرکوت بکات، ئەمە کۆتایی نایەت، چونكە ئێمە بەربەستی شۆڕشمان بڕیوە)، زیاتر لەوەی پێیوایە گەنجانی سەر شەقامەکان دەبینن کوڕ و کچەکانی ئەوانەی دەسەڵاتدارن ژیانێکی پڕ لە گرانبەهایان هەیە، لەکاتێکدا دایک و باوکیان سامانی خەڵک تاڵان دەکەن، لەکاتێکدا ئێرانییە ئاساییەکان هیچ داهاتوویەک نابینن كەواتە بەری ڕەنجی ئەم ناڕەزاییانە درێژە و ئەگەری سەرهەڵدانەوەی یەكجار زۆرە.

لەگەڵ هەموو ئەوانەدا، كێشە و خاڵی لاوازی ناڕەزایەتییەكان كە بە شێوەیەكی كاتیش بێت گەرموگوڕیی و سەركێشییەكانی دامركانووەتەوە، ئەوەیە کە ئەجێندای لایەنگری دیموکراسیی ئەوانەی پێش خۆیان لە ڕێڕەو دەرهێنا، ئەویش بەهۆی نەبوونی سەرکردایەتی و پێکهاتەیەکی ڕێکخراوەیی بەهێز و یەکگرتوو، هەروەها پشتیوانیی نێودەوڵەتی لە ئاستێكی فراوانتر، تا ئەو کاتەی کە ئەمە هەروا بمێنێتەوە، وەسفکردنی خامنەیی بۆ ڕژیم وەک (دارێکی بەهێز) کە کەس نابێ ناوێرێت بیری لێبکاتەوە، ڕەنگە بۆ ماوەیەک ئەم گوتەیە كاریگەری مابێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئامادەیی ڕژێمەکەی بۆ خەباتکردن. هاوکات خەڵک داوای باشتربوونی بارودۆخە لە پێناو درێژكردنەوەی تەمەنی خۆی بە هەر نرخێك بێت، بەڵام تەنگەژە سەرەكییەكان لەسەر ئاستەكانی ژیانی سیاسی، ئابووریی و کۆمەڵایەتیی؛ کۆتاییهێنان بە خراپی حوکمڕانی و دەستوەردانی بەردەوام لە چەند وڵاتێکی ناوچەییدا وا دەكات سیاسەتێکی دەرەکی دوور لە سزاکانی ئەمریکا و گۆشەگیری نێودەوڵەتی پێناچێت ناڕەزاییەكان بە سانایی بڕەوێتەوە.

سەرچاوەكان:

ناوەندی لێكۆڵینەوەی ئەلجەزیرە (ستافی ئەلجەزیرە).

What will 2023 bring for Iran and its protest movement? | News | Al Jazeera

Amin Saikal Iran’s protests go back to the future: The Strategist,

Iran’s protests go back to the future | The Strategist (aspistrategist.org.au)

Joshua Askew: Iran protests: What caused them? Are they different this time? Will the regime fall? Euro news,

Iran protests: What caused them? Are they different this time? Will the regime fall? | Euronews

وەرزنامەی ئێرانناسی ژمارە (7)، ساڵی دووەم، نیسانی 2023

Send this to a friend