• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
May 6, 2020

جیهانی نوێ؛ دنیایەکی پڕچەککراو

بودجەی سەربازی 2019ی وڵاتان

لە کاتی ئامادەکردنی بودجەی وڵاتاندا، بواری سەربازیی بودجەیەکی تایبەتی بۆ تەرخان دەکرێت. ھەندێک وڵات گرنگییەکی زۆر بە بەھێزکردنی ھێزی سەربازییان دەدەن و بودجەیەکی زۆری بۆ تەرخان دەکەن.

ناسەقامگیریی بەشێک لە ناوچەکانی جیھان، بە تایبەت رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، وایکردووە وڵاتان و بەتایبەت ئەوانەی راستەخۆ پەیوەستن بە شەڕ و جەنگەکانی ئێستاوە، بودجەیەکی زیاتر بۆ بواری سەربازییان تەرخان بکەن و خۆیان پڕچەکتر بکەن.

جەنگی سوریا، شەڕی یەمەن و ھەوڵی ھەریەک لە ئەمریکا، رووسیا و چین بۆ سەپاندنی ھەژموونیان بەسەر زۆرترین ناوچەی جیھاندا، پێشبڕکێی خۆپڕچەککردنی زیاتر و خێراتر کردووە.

سعودییە کە راستەخۆ و ناڕاستەوخۆ پەیوەستە بە جەنگی سوریاوە، لایەنێکی شەڕی یەمەنە و رکابەری سەرەکی ئێرانە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، لە ساڵی رابردوودا لە ئاستی جیھان، بەپێی بودجەکەی زۆرترین پارەی بۆ خۆپڕچەککردن و بواری سەربازیی تەرخانکردووە کە ٨٪‏ی بودجەی وڵاتەکەیەتی.

ئیسرائیل کە بەردەوام لە ملاملانێدایە لەگەڵ ئێران، دراوسێی وڵاتێکی پڕ لە جەنگی وەک سوریایە، دوژمنەکانی وەک ئێران و حیزبوڵاش جگە لە لوبنان لە سوریاش بوون بە دراوسێی، وەک ساڵانی پێشوو بەردەوامە لە خۆپڕچەککردن و لە ٥.٣٪‏ی بودجەی ساڵی رابردووی بۆ بواری سەربازیی تەرخان کردووە.

روسیا و ئەمریکا کە لە زۆربەی ناوچەکانی جیھان ھەوڵی سەپاندنی ھەژموون و ئامادەیی خۆیان دەدەن، بەردەوامن لە بەھێزکردنی سوپاکانیان. روسیا ٣.٩٪‏ و ئەمریکاش ٣.٤٪‏ی بودجەی وڵاتەکانیان بۆ بواری سەربازیی تەرخان کردووە.

کۆریای باشور بە تەرخانکردنی ٢.٧٪‏ی بودجەی وڵات و ھندستانیش بە ٢.٤٪‏، پڕۆسەی خۆپڕچەکردنیان بەردەوامە.

چین کە دەیەوێت شەڕ لەسەر رابەرایەتیی جیھان بکات، بە نزیکەی نیوەی ئەمریکا بودجەی بۆ بوارە سەربازییەکەی تەرخانکردووە و تەنھا لە ١.٩٪‏ی بودجەی ساڵی ٢٠١٩ی بۆ خۆپڕچەککردن داناوە، کە ھەمان بودجەی تەرخانکراوی فەڕەنسایە.

بەریتانیا ١.٧٪‏ و ھەریەک لە کەنەدا و ئەڵمانیاش ١.٣٪‏ی بودجەی وڵاتەکانیان بۆ ھێزی سەربازی وڵاتەکانیان دیاریکردووە.

بە تەرخانکردنی ئەم بودجە زۆرە بۆ خۆپڕچەککردن و بەھێزکردنی سوپا لەلایەن وڵاتانەوە، ئەگەر زۆرە جیھان بەرەو قۆناغێكی سەربازیی بڕوات و نمایشی سەربازیی و ململانێ سەربازییەکان، جێگای دیپلۆماسییەت و رکابەرییە نەرمەکان بگرنەوە.

Send this to a friend