• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
May 4, 2020

تۆڵەی دەوڵەتی رووخاو بە قۆستنەوەی لێكەوتەكانی كۆرۆنا

لەگەڵ داهاتنی شەوانی رەمەزان سۆشیال میدیای عێراقی پڕ دەبێت لە هەواڵی هێرشی داعش بۆ سەر بنكە و بارەگا ئەمنییەكان، ئەگەرچی زۆرێك لەو هەواڵانە ساختە و وتی وتی ـ ن و لەگەڵ هەڵهاتنی رۆژدا بەدرۆ دەكەونەوە، بەڵام لەم مانگەدا داعش توانی ئاڵۆزترین و رێكخراوترین هێرش و پەلاماری خۆی ئەنجام بدات “غەزای رەمەزان”، لەو هێرشانەدا كە كەركوك و سەلاحەدینی گرتەوە، پشتی بە خۆكوژ و هیرشی زەمینی، كاری هەواڵگری و هەماهەنگی پارێزگاكان بەست، ئەمەش پەرەسەندنێكی نوێیە لە كاری داعش لەپاش راگەیاندنی سەركەوتن بەسەریدا (كۆتایی 2017).

بەپێی خەمڵاندنی شارەزایانی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئێستا 14_18 هەزار چەكداری داعش لە عێراق و سوریا لە چالاكیدان، لەم ژمارەیەش سەرچاوە هەواڵگرییەكان باس لەوە دەكەن 2500 _3000 چەكداری جەنگاوەر لە عێراقدا بڵاوبن، رێكخراوەکەش لای خۆیەوە دابەشی كردوون بەسەر 11 میحوەری جیاوازدا. لەبارەی هۆكاری زیادبوونی جموجوڵی ئەم چەكدارانەش لەم ماوەیەی دواییدا چەند سیناریۆ و لێكدانەوەیەكی جیاجیا هەن، كە دەكرێت بەم جۆرە پۆلێن بكرێن:

ـ كەڵك وەرگرتن لە داڕمانی ئابووریی سەردەمی كۆرۆنا، ناكۆكییە ناوخۆییەكانی هێزە ئەمنییەكانی عێراق، كوژرانی ئەبو مەهدی موهەندیس و قاسم سلێمانی كە سەرپەرشتی بەرەكانی حەشدی شەعبی ـ یان دەكرد دژ بە داعش و بە نەمانیان بۆشایی گەورە لە سەركردایەتی و كۆكردنەوەی ئەم هێزانە لەسەر ئامانجی هاوبەش دروست بوو.

ـ پیلانێكی ئەمەریكییە بۆ ناچاركردنی عێراقییەكان بە رازی بوون بە مانەوەیان، ئەمە هەرچەند دیدێكی كۆنی “ڕاستڕەوە شیعەكان” ـە و دەچێتەوە سەر “تیۆریای پیلان”، بەڵام بەو پێەی هێرشەكان بەدوای كشانەوەی ئەمەریكاییەكان لە هەندێ بنكەی ناوەڕاست و باكوری عێراق، پەرەیان سەندووە، ئەم بۆچوونەش زیاتر لەجاران جەختی لێ دەكرێتەوە، لە لایەكیتریش دانوستانی عێراق _ ئەمەریكا لەپێشە، باوەڕێكی زاڵیش هەیە لەناو شیعەكان كە ئەمە كارتێك بێت بۆ ئەو دانوستانە.

ـ قۆستنەوەی كەلێنی ئەمنی ناوچە جێناكۆك و شلۆقەكانە لە پەراوێزی پارێزگاكان پاش كشانەوەی ئەمەریكییەكان لەلایەك، مۆڵەت وەرگرتنی 50% هێزە ئەمنییەكانی عێراق لەلاكەیتر بەهۆی مەترسییەكانی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لەلاكەیتر. لەم ناوچانەش هیچ هەماهەنگییەك لەنێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكاندا نین و دەرفەت بۆ داعش زیاترە.

ـ تۆڵەی چاوەڕوانكراوی داعشە بۆ دۆڕاندنی دەوڵەت گریمانكراوەكەی “خەلافەت” لە كۆتایی 2017 پاش لەدەستدانی موسڵ، هەروەها گەڕانەوەشە بۆ شێوازی كاری 2012 _ 2014 بەر لەوەی لەسوریاوە بكشێن بەرەو عێراق، ئەم شێوازەش پشت دەبەستێت بەكاری پارتیزانی و دەست وەشاندن و دروستكردنی شۆك و تۆقاندن.

ـ قۆستنەوەی بارودۆخی كۆرۆنا، وەك “بەخششێكی خوا”، لەم میانەیەشدا سەنتەری جیهانیی چاودێریكردنی فەتوا (GFI) ) گەشتوەتە ئەو ئەنجامەی 40% گوتاری ئەمدواییەی داعش، هاندانە بۆ قۆستنەوەی دەرفەتی كۆرۆنا بۆ گورزوەشاندن لە نەیارەكانیان.

بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشەكانی داعش، لەعێراقی فەرمی و میللی لێدوان و پێشنیاری زۆر هەن دیارترینی ئەوانەش بریتین لە:

ـ چارەسەركردنی دۆخی پێگە و ژینگە یارمەتیدەرەكانی داعش كە زیاتر شارە سوننەكان یان ئۆردوگای ئاوارەكان و ئۆردوگاكانی كەس و كاری داعشن. بەپێی ئەم بۆچوونە ئاسایش و ئۆقرەیی بەرقەرار نابێت تا پێگەیەك بۆ داعش مابێت، ئەمەش كات و توانا و لێبڕانی زۆری پێویستە، ئەوانەش لەعێراقی ئێستادا بەردەست نین.

ـ تۆڵەكردنەوە لە داعش لەرێگەی لەسێدارەدانی سەركردەكانیان لە گرتووخانەكانی عێراق كە تەنها گرتووخانەی “الحوت” ی ناسریە دەوروبەری شەش هەزار گیراوی مەترسیدار لەخۆ دەگرێت لەكۆی 19 هەزار گیراوی داعش لە سەرانسەری عێراق، ئەمە جگە لە سوسێ، ئەبوغرێب و كۆمەڵێك گرتووخانەی تر. ئەم چارەسەرەش زیاتر تۆڵە سەندنەوە دڵدانەوەیە بۆ كەس و كاری ئەو هێزە ئەمنیانەی عێراق كە رۆژانە دەبنە قوربانی.

ـ كاراكردنی لایەنی هەواڵگریی بۆ قەرەبووی شكستی بەرەنگاربوونەوەی سەربازیی، ئەمەش پێشنیارێكی كۆنە و زەمینەی جێبەجێكردنی لە عێراق كێشەی تیایە بەهۆی جۆراوجۆرێتی دەزگا سەربازی و هەواڵگرییەكان، هەروەها نەبوونی متمانە لەنێوان پێكهاتە چەكدارەكان (سوپا، حەشد، حەشدی عەشایەری، دژە تیرۆر، ئاسایشی نیشتمانی، دەزگای هەواڵگری…).

بەهۆی ئەوەشی نیمچە كۆدەنگییەكی ئەمنی و ستراتیژی هەیە لەسەر ئەوەی ئەو سەركەوتنەی بەسەر داعش راگەیەنرا لە 2017 لەڕووی سەربازی و ستراتیژییەوە نیوەچڵ و ناتەواو بووە، چاوەڕوان ناكرێت هێزە عێراقییەكان بتوانن لە مەودای نزیك و ناوەراستیشدا كۆتایی بەسەر مەترسی داعش بهێنن، بەپێچەوانەشەوە لە قەیران و نەهامەتییەكاندا، مەترسییەكانی ئەم رێكخراوە لە هەمووكات زیاتر ئەبێت وەك ئەوەی ئێستا بووەتە هۆی بارگرانیی زیاتر، بەڵام پەرەسەندنی ئەم پێشهاتانە تا ئاستی دووبارەبوونەوەی سیناریۆی 2014 كە داعش دەستی گرت بەسەر 1/ 3 خاكی عێراقدا، ئەگەرێكی دوورە لەبەر نەبوونی زەمینە لەلایەك و ئەزموونی هێزە عێراقییەكان لەلایەكی تر و نەمانی بریقەی داعش وەك جاران لە شار و پێگە سوننە نشینەكان.

Send this to a friend