• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
March 31, 2020

زیندانیانی داعش لە بەندینخانەی حەسەکە کۆتاییان بە ناڕەزایەتی هێنا

بەپێی میدیا ناوخۆییەکانی سووریا، ئەو تیرۆریستانەی داعش کە لە بەندینخانەیەکی ناوچەی گوێڕانی سەر بە پارێزگای حەسەکە زیندانی کراون، کۆتاییان بەو ناڕەزاییەتی و مانگرتنە هێنا کە لە دوو شەو لەمەوبەرەوە دەستیان پێکردبوو.

ناڕەزایەتیی زیندانیکراوەکان دوای ئەوە هات کە بەندکراوەکان لەسەر مەرج و داواکارییەکانیان لەگەڵ ئیدارەی بەندیخانەکە گەیشتن بە رێککەوتن.

بەپێی رێککەوتنەکە مەرجەکانی خاوێنی ناو بەندینخانەکە چاک دەکرێن، ماوەی مانەوەی بەندییەکان لە هەوای کراوەدا درێژ دەکرێتەوە، ئەو بەندکراوانەی نەخۆشن لە بنکە تەندروستییەکاندا چارەسەر دەکرێن و بڕی ئەو خۆراکەی رۆژانە دەدرێت بە زیندانییەکان زیاددەکرێت.

شەوی رابردووش موستەفا بالی بەڕێوەبەری ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، توانیویانە ناڕەزایەتیی بەندکراوانی داعس کۆنترۆڵ بکەن،بەبی ئەوەی هیج کردەیەکی هەڵهاتن رووبدات.

بالی داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش کرد، هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ بۆ چارەسەرکردنی ئەم بابەتە، کە بە “کێشەیەکی نێودەوڵەتی” ناوی برد.

دوێنێ کینۆ گابڕیەڵ وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) وتی، هێزەکانی ئەنتی تیرۆری سەر بە قەسەدە یەکسەر دەستوەردانیان کرد، دۆخەکەیان کۆنتڕۆڵ کرد و ئاژاوەگێڕی جەتەکانیان کۆتایی پێهێنا و هەموو زیندانیەکان لە ناو زیندانەکە کۆنتڕۆڵ کران.

دوو شەو پێش ئێستا بەندکراوانی زیندانەکە، کە پێکهاتوون لە ئەندامانی داعش، دەستیان بە ناڕەزایەتی کرد و هەواڵی هەڵهاتنی بەشێک لە زیندانیانیش بڵاوکرایەوە، بەڵام دواتر ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، هەوڵی کۆنترۆڵکردنی زیندانەکە دەدەن.

هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش رایگەیاند، لە رێگەی چاودێریی ئاسمانییەوە هاوکاری بەرپرسانی زیندانەکە دەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی ناڕەزایەتییەکە.

لە ئێستادا چوار هەزار و ٥٠٠ تیرۆریستی داعش کە هاووڵاتی ٥٤ وڵاتن لەو بەندینخانەیەدان.

Send this to a friend