• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
March 26, 2022

وڵاتانی کەنداو و هەرێمی کوردستان، چ جۆرە پەیوەندییەک؟

د. زوبیر ڕەسووڵ ئەحمەد

کۆلێژی زانستە سیاسییەکان/ بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە (12)ی ئازاری 2022ی گۆڤاری ئایندەناسی

بەرایی

     مەبەست لە وڵاتانی کەنداو، گشت ئەو وڵاتانەیە کە ئەندامن لە ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو (GCC)، واتە میرنشینی عەرەبستانی سعودیە، ئیماراتی عەرەبی، قەتەر، عومان، کوێت و بەحرێن، بەڵام مەرج نییە ئەمانە هەموویان هێزی سیاسیی ئەکتیڤ بن لە هاوکێشە هەرێمییەکانی ناوچەکەدا، بەتایبەت دوای قەیرانی سووریا، جۆرێک لە ئاڵۆزی کەوتووەتە ناو ئەندامەکان لەسەر پرسە سیاسییەکانی ناوچەکەدا، وەک ئەو هەڵوێستەی لەبەرامبەر قەتەر وەرگیرا لەلایەن وڵاتە سەرەکییەکانی ناو ئەنجوومەن، بەتایبەتییش لەلایەن سعودیە و ئیمارات. بۆیە ئەوەی ئێمە لەم توێژینەوەیەدا مەباستمانە، گشت ئەندامانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو نییە، بەڵکوو مەبەستمان ئەو وڵاتانەیە کە سیاسەتی سەرەکیی ئەنجوومەن ئاڕاستە دەکەن و گوزارشت لە هەڵوێستی بەشێکی زۆری ئەندامان دەکەن، بەتایبەتییش میرنشینی عەرەبیی سعودیە، دواتریش ئیمارات و قەتەر بە ڕێژەیەکی کەمتریش کوێت. بۆیە بەکار‌هێنانی زاراوە و چەمکی ”وڵاتانی کەنداو” لەم توێژینەوەیەدا زیاتر مەبەستمان میرنشینی سعودیە و ئیماراتە، کە لەدوای ٢٠٠٣ هەمیشە لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیدا بوون، لە لایەکی تریش لەدوای قەیرانی سووریا و دواتریش هاوپەیمانیی جەنگ دژی حوسییەکانی یەمەن، ئەو دوو لایەنە ڕووگەی سیاسەتی وڵاتانی کەنداو دیاری دەکەن.

     پەیوەندیی کورد و وڵاتانی کەنداو پەیوەندییەکی زۆر تازەیە و بەوردی بۆ دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس (٢٠٠٣) لە عێراقدا دەگەڕێتەوە، بەتایبەتییش دوای پەسەندکردنی دەستووری هەمیشەیی عێراق لە ٢٠٠٥ کە کورد وەک کیانیكی سیاسی و دەستووری لە چوارچێوەی هەرێمێکی فیدراڵی لە عێراقدا دانی پێدا نرا. هەر چەندە لە حەفتاکانی سەدەی بیستەم چەند نامەگۆڕینەوەیەک لەنێوان ”مەلا مستەفای بارزانی” و ”مەلیک فەیسەڵ”ی میری سعودیە سەبارەت بە مەترسیی یەکێتیی سۆڤیەت لە ناوچەکەدا ‌هەبووە، بەتایبەت دوای پەیماننامەی دۆستایەتیی نێوان یەکێتیی سۆڤیەت و ڕژێمی ئەوسای عێراق لە ساڵی ١٩٧٢[1]، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی مێژووییمان لەبەردەست نییە کە وڵاتانی کەنداو هاوکاریی ماددی و لۆجستییان پێشکەش بە بزاڤە کوردییەکان کردبێت.

     هەڵبەتە مەبەستی سەرەکیی ئێمە لەم توێژینەوەیەدا زیاتر تیشکخستنە سەر دیاریکردنی فۆرمی پەیوەندییەکانی وڵاتانی کەنداوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەدوای ٢٠٠٣، واتە ناساندنی پەیوەندییە سیاسییەکانە بۆ ئەوەی بزانین کە چ بنەمایەک ئاڕاستەیان دەکات، چونکە لە ڕاستیدا پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی کەنداو پەیوەندییەکی نەناسراوە لە بواری دیراساتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا. تا ئێستاش جگە لەو دیراسە کورتەی ماریانا کارۆنتاکی (Marianna Charountaki) بە ناونیشانی کورد لە سیاسەتەکانی ئەنجوومەنی وڵاتانی کەنداو ( The GCC in Kurdish Politics)، کە زیاتر بریتییە لە کۆمەڵێک چاوپێکەوتن لەگەڵ کاربەدەستانی هەرێم و دوو کونسوڵی وڵاتانی کەنداو، لەوە بەدەر شتێکی ترمان نییە کە لە چوارچێوەیەکی زانستیی پەیوەندییە نێودەوڵەتەییەکاندا پەیوەندیی هەردوو لا شرۆڤە بکات. ئەمە سەرەڕای چەند نووسینێکی ڕۆژنامەوانیی لێرە و لەوێ کە ناچنە قاڵبی توێژینەوەی زانستییەوە، بۆیە بە پێویستمان زانی بواری پەیوەندییەکانی هەردوو لا بە بوون یا نەبوون لە توێژینەوەیەکی زانستیدا بناسێنین. واتە ئەگەر پەیوەندی هەیە، چ شێوازێکە و دواتریش چ بنەمایەک ئاڕاستەی دەکات. بۆیە پرسیاری سەرەکی لەم توێژینەوەیەدا بریتییە لەوەی ئایا هیچ جۆرێک لە پەیوەندیی سیاسی لەنێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی کەنداو لەئارادایە؟ ئەگەر هەیە، لەسەر چ بنەمایەکە و کام پاڵنەر ئاڕاستەی دەکات؟

چوارچێوه‌ی تیۆری ‌ (Theoretical Framework)

     پێناچێت ڤێرژنە کلاسیکییەکەی تیۆری هاوسەنگیی هێز (Balance of Power) تیۆرێکی گونجاو بێت بۆ لێکدانەوە و شرۆڤەکردنی ڕەفتارەکانی سیاسەتی دەرەوەی سعودیە و وڵاتانی کەنداو، وەک مەترسییەک لەسەر شەرعیەت و سەقامگیریی ڕژێمی سیاسی لە سعودیە.[2] بەڵام ئەوەی ستیڤن وۆڵت (Stephen Walt) بە هاوسەنگیی مەترسی یان هەڕەشە (balance of threat) تیۆریزەی دەکات، لەوانەیە بۆ تێگەیشتن لە ڕەفتار و مەبەستەکانی سیاسەتی دەرەوەی سعودیە چوارچێوەیەکی گونجاوتر بێت. بە پێی تیۆری پارسەنگی هەڕەشە، ”هەڵسوکەوتی پەنابردنە بەر هاوپەیمانێتیی دەوڵەتان لەگەڵ لایەنی تر لە دەرەنجامی ئەو مەترسییانەوە دێت کە دەوڵەتێک لە دەوڵەتانی ترەوە پێشبینی دەکات[3]“. پەیوەندیی وڵاتانی کەنداویش لە هەرێم[4]، ئینجا چ تاکتیکێکی کورتخایەن بێت یان درێژخایەن، هەر دەچێتە چوارچێوەی ئەو مەترسییانەی کە وڵاتانی کەنداو لە ئێران و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا هەیانە، بەتایبەتییش دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ٢٠٠٣ کە دەستی ئێرانی گەیاندە ناو عێراقیش. دەسەڵاتدارانی سعودیە ئەوەندەی ترسی ڕووبەڕووبوونەوەی ئایدۆلۆژییان هەیە وەک مەترسییەک بۆ سەر شەرعیەتی ڕژێمی سیاسی لەگەڵ هێزەکانی تردا، ئەوەندە ترسی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازییان لەگەڵ هێزەکانی تری ناوچەکەدا نییە[5]. ئەو مەترسییانەی ڕژێم پێشبینییان دەکات، لەسەر هەردوو ئاستی ناوەخۆ و دەرەوەن. هەروەک Steven David دەڵێت: ”سەرکردەکانی جیهانی سێیەم زیاتر پەرۆشی پاراستنی ئاسایشی ڕژێمەکانیانن تا ئاسایشی دەوڵەت[6]“، هەر بۆیەش دەچنە ناو ئۆمنی بەلانسینگ (Omni-balancing) یان کۆمەڵێک مەترسی. ئەوەی تایبەت بێت بە عەرەبستانی سعودیە و میرنشینی ئیماراتی عەرەبییش، زیاتر سەرچاوەکەی ئەو مەترسییانەن کە دەرهاویشتەی سیاسەتە هەرێمییەکانی ناوچەکەن. لەدوای ٢٠٠٣، دواتریش ٢٠١١، سەرچاوەی ئەو مەترسییانە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی کەنداو زۆر زیادی کردووە، هەر لە ئێرانەوە بگرە تا سووریا و عێراق و لوبنان و یەمەن و فەڵەستینیش.

بەشی یەکەم: پاڵنەرەکانی سیاسەتی دەرەوەی میرنشینی سعودیە

     بۆ ئەوەی لە ڕەفتارەکانی عەرەبستانی سعودیە و وڵاتانی هاریکاریی کەنداو تێبگەین، پێویستە سەرەتا لە سیاسەتی دەرەوەی ڕیاز تێبگەین، ڕوونتر بڵێین: بۆ ئەوەی بزانین ئایا چ فاکتەرێک سیاسەتی دەرەوەی سعودیە ئاڕاستە دەکات. بەشێک لە توێژەرانی ئەو بوارە وای دەبینن کە سەرچاوەکانی سیاسەتی دەرەوەی سعودیە، هەردوو داینامیکی ناوخۆ و دەرەوە ئاڕاستەی دەکەن. واتە سەقامگیری لە ناوخۆدا و ئاسایش لە دەرەوەدا، کە لە ڕاستیدا بواری دووەمیش هەر وابەستەی بواری یەکەمە کە بریتییە لە ئاسایش لە دەرەوەدا[7].

     ڕیاز بۆ بەدەستهێنانی ڕەوایەتیی ناوخۆی سیستمی سیاسی، تا ئاستێکی زۆر پشت دەبەستێت بە سەرچاوە داراییەکانی کە لە داهاتی نەوت وەدەست دێن. ڕەهەندی دووەمی ئەم شەرعیەتە کە سعودیە زۆر پشتی پێ دەبەستێت، سەرچاوەکەی ئایین و ئایدۆلۆژییە کە زیاتر لە ئایینی ئیسلام و مەزهەبی سوننە بەرجەستە دەبێت. بەو پێیەی هەردوو شاری پیرۆزی مەککە و مەدینە دەکەونە سعودیە، بۆیە ڕیاز وەک ڕابەری ئایینی و سیاسیی جیهانی ئیسلامی و عەرەبی ڕەفتار دەکات. لە ڕێگای ئەم دوو فاکتەرەوە، سعودیە دەیەوێت قەرەبووی هێز و توانای سەربازیی خۆی بکاتەوە وەک هێزێکی هەرێمی لە ناوچەکەدا[8]. بۆ نموونە؛ هەر یەکە لە داعش و ئێران ئاڵینگاری و مەترسیی سەرەکین بۆ سعودیە لەسەر ئاستی ئایدۆلۆژییەوە. داعش مەترسییەکی ڕاستەوخۆ بوو لەسەر سعودیە بە ڤێرژنی سوننیی سەلەفی و ئیخوانی، کە تا ڕادەیەک جیاوازیی فکری و ئایدۆلۆژییان هەیە لەگەڵ مەزهەبی سەرەکیی دەوڵەت کە بنەما سەرەکییەکانی لەسەر وەهابیزم دامەزراون.

لەدوای بەهاری عەرەبی، ڕۆڵی سعودیە لە ناوچەکەدا هەڵكشانی بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەت لەدوای نەمانی ‌هێزە هەرێمییە عەرەبەکانی تری وەک عێراق و سووریا و میسڕ، بە جۆرێک کە سعودیە وەک هێزێکی هەرێمی سەرکردایەتیی سیاسیی وڵاتانی عەرەبی دەکات. ئەم ڕۆڵە سەرکردایەتییە دەتوانرێت تێبینی بکرێت لەسەر ئاستی کۆمەڵێک دامەزراوەی نێودەوڵەتیی وەکوو کۆمەڵەی هاریکاریی وڵاتانی کەنداو، کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی، ڕێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی و هەروەها ڕێکخراوی ئۆپێک[9].  خاڵێکی تر کە تێبینی دەکرێت لە سیاسەتی دەرەوەی میرنشینی عەرەبستانی سعودیە، بریتییە لە گۆڕانی سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە لە ڕۆڵێکی پاسیڤ و بێلایەن بۆ سیاسەتێکی دەرەوەی بەرەنگاری و پشتقایم بە کۆمەڵێک سیاسەتی‌ هێرشبەرانە. ئەم ڕۆڵەی سعودیە زیاتر لە سەرکردایەتیکردنی ئەنجوومەنی هاریکاریی وڵاتانی کەنداو دەردەکەوێت، بەتایبەتییش لە کاتی دروستکردنی قەڵغانی کەنداو (Peninsula Shield) لە دژی خۆپیشاندانەکانی بەحرێن، هەروەها لە سەرکردایەتیکردنی شەڕی یەمەنیش ئەم ڕۆڵەی ڕیاز بەسەر بڕیاری سیاسیی وڵاتانی عەرەبی بەڕوونی دیار بوو. لە لایەکی ترەوە کەنداوی عەرەبی/فارس یەکەیەکی سەربەخۆیە لە کۆمەڵەی ئاسایشی هەرێمی، وڵاتانی کەنداو بەگشتی و سعودیە بەتایبەتی، هەمیشە کێشەیان لە پاراستنی ئەو ئاسایشە هەبووە و بەزۆرییش پشتیان بە وڵاتانی دەرەکی بەستووە، بەتایبەتییش وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. بەڵام مەرج نییە هەموو کات بەرژەوەندیی وڵاتانی کەنداو لەگەڵ هیی ئەمەریکا لە دابینکردنی ئەو ئاسایشە یەک بگرێتەوە [10]، بۆیە دوای بەهاری عەرەبی بەتایبەتییش لە سەردەمی ”باراک ئۆباما”ی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، وڵاتانی کەنداو هەوڵیان دا بۆ دابینکردنی بواری ئاسایشیان، گەر هیچ نەبێت هەموو هێلکەکانیان نەخەنە سەبەتەی ئەمەریکا. بۆیە ئەو ڕۆڵەی ئێستا سعودیە و بەشێک لە وڵاتانی کەنداو دەیبینن، بە نزیکبوونەوە لە هەرێمی کوردستانیشەوە دەچێتە ئەو چوارچێوەیەوە. لەم سۆنگەیەوە دەتوانین بڵێین کە ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبی ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورتخایەنیش بێت، گۆڕانێکیان بەسەر سیاسەتە هەرێمییەکانی عەرەبستانی سعودیەدا هێنا لە سیاسەتێکی کلاسیکیی کۆنسێرڤاتیڤانە بۆ کۆکردنەوەی هێزی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو لە دەستی ڕیاز، بە جۆرێک کە ڕۆڵێکی سەرکردایەتیی هەرێمی ببینێت، بێگومان ئەمەش بەبێ ڕیسک و ئالنگاری نابێت[11].

بەشی دووەم: مێژووی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی کەنداو

    سەرەڕای هەندێک پەیوەندیی کورتی نێوان بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لەگەڵ میرنشینی عەرەبستانی سعودیە کە لە چەند نامەگۆڕینەوەیەک تێپەڕ ناکات، پەیوەندیی نێوان کورد و وڵاتانی کەنداو تەنیا بۆ دوای ٢٠٠٣ دەگەڕێتەوە. وڵاتانی کەنداو هەر لە ساتەوەختی ڕووخانی ڕژێمی سەددام، ترسیان لە ئایندەی حوکمڕانیی عێراقی دوای سەددام هەبوو. سەرەتا وڵاتانی کەنداو بەتایبەتییش سعودیە، چاودێریی دۆخی سیاسیی عێراقیان دەکرد و خۆیان بەدوور دەگرت لە دەستتێوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراق، تاوەکوو هاتنەسەرکاری ”نووری مالیکی” لە ٢٠٠٦، کە ئیتر لەوە بەدواوە ململانێی سوننە و شیعە گەیشتە ئەوپەری، ئێران کۆنترۆڵی بڕیاری سیاسیی لە عێراقدا کرد. لە ترسی هەژموونی ئێران، وڵاتانی کەنداو پشتگیریی سوننەکان و ”ئەیاد عەلاوی”یان کرد، بۆ ئەوەی گەر هیچ نەبێت ڕێگە لە دووبارە دەرچوونەوەی ”نووری مالیکی” بگرن، لە ساڵی ٢٠١٠.

     لەدوای ٢٠٠٦، وڵاتانی کەنداو بیریان لەوە کردەوە کە ئەستەمە تەنیا بە پشتبەستن بە سوننەکان کە ٢٠٪ی دانیشتووانی عێراق زیاتر نین، بتوانن ململانێی حکومەتی مالیکی و دەسەڵاتی شیعەکان بکەن. بۆ ئەم مەبەستە، نزیکبوونەوە لە کورد دەتوانێت هێزێکی زۆرتر بداتە سیاسەتەکانی سعودیە و وڵاتانی تری کەنداو لە عێراقدا. نزیکبوونەوە لە کورد بەتایبەتییش لە بارزانی کە ئەوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو، بژاردەیەکی باش بوو بۆ کەنداوییەکان کە زۆر نیگەران بوون لە دۆخی سیاسیی عێراقی دوای ٢٠٠٣.  بە پێی ئەو دۆکیۆمێنتانەی کە ”ویکیلیکس” ئاشکرای کردن لە ٢٠١٥، بەنهێنی لە وەزارەتی دەرەوەی سعودیە وەک پێشنیار و زانیاری بۆ پاشای سعودیە نێردراون. یەکێک لەو دۆکیۆمێنتانە پێشنیاری ئەوە دەکات کە سعودیە دەبێت لە سوننە و کورد نزیک بێتەوە بۆ بەرگرتن لە دەسەڵاتە تائیفییەکەی مالیکی، بۆ ئەم مەبەستەش وەزیری دەرەوەی سعودیە پێشنیاری ئەوەی کردووە کە پاشای سعودیە بانگهێشتی بارزانی بکات، چونکە کەسایەتییەکی بەهێزە لە عێراقدا[12].  ئیتر وەک بینیمان لە ٢٠٠٧دا سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتی فەرمیی میری سعودیە  ”عبدوڵا بن عەبدولعەزیز” سەردانی ڕیازی کرد و لە ئاستێکی زۆر بەرزدا پێشوازیی لێ کرا. دواتریش لە ٢٠١٠دا دیسان بارزانی سەردانی سعودیەی کرد.  لە (٢٠١٥)شدا بارزانی جارێکی تر سەردانی ئیمارات و سعودیەی کرد و  لەلایەن مەلیک ”سەلمان بن عەبدولعەزیز” پێشوازیی لێ کرا[13]. دواتریش بە هۆی هەڵکشانی ڕۆڵی دبلۆماسیی هەرێمی کوردستان و ئەو ڕۆلە گەورەیەی هەرێمی کوردستان لە شەڕی دژەتیرۆر و داعش بینیی،  لە  ٢٠١٦دا سعودیە بەفەرمی کونسوڵخانەی خۆی لە هەولێر کردەوە. لەدوای ئەوەش، هەر یەکە لە سەۆکی هەرێمی کوردستان نێچیروان بارزانی و سەرۆکی حکومەتیش مەسروور بارزانی لە ساڵی٢٠٢٠ و ٢٠٢١ سەردانی هەریەکە لە ئیمارات و سعودیە و قەتەریان کردووە. ئەم سەردان و پەیوەندییانەی هەرێم و کورد لەلایەن کاربەدەستانی عێراق و ئێرانیش چەندین ڕەخنە و هێرشیان کرایە سەر بە پاساوی ئەوەی سعودیە دەیەوێت بەرەیەکی سوننە دروست بکات بۆ لێدان لە بەرژەوەندییەکانی عێراق و ئێران.

بەشی سێیەم: وڵاتانی کەنداو چییان لە هەرێمی کوردستان دەوێت؟

     کارتی کورد لە سیاسەتی وڵاتانی کەنداو پەیوەندیی بە دوو بواری سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتانەوە هەیە: یەکەم: بە هەڵکشانی ڕۆڵی سعودیە کە دەیەوێت ڕۆڵێکی هەرێمی بگێڕێت لە ناوچەکەدا، بەتایبەت دوای نەمانی ڕژێمی سەددام و تێکچوونی باڵانسی هێز لە بەرژەوەندیی نەیارەکانی وڵاتانی کەنداو بەتایبەتییش ئێران و تورکیا. خاڵی دووەمیش ئەوەیە کە سعودیە دەیەوێت ڕۆڵی هەبێت لە عێراقدا، بە جۆرێک بتوانێت هاوسەنگییەک لەبەردەم دەسەڵات و هەژموونی شیعەکان و ئێران بەسەر دەوڵەتی عێراقدا دروست بکات. کورد لەدوای ٢٠٠٣، فاکتەرێکی کاریگەر و ئەکتیڤ بوو لە ڕەنگڕێژکردنی پڕۆسەی سیاسی لە عێراقدا. بە پێچەوانەی سوننەکان کە زۆر پەرتەوازە و لاواز بوون، بەتەنیا نەیاندەتوانی هیچ گوشارێک بخەنە لەسەر دەسەڵاتی مالیکی.

بەکارهێنانی پرسی کورد وەک کارتێکی گوشار بۆ گۆڕینی ڕەفتاری سیاسی یان تەنیا وەک فاکتەرێکی گوشاریش بێت، مێژوویەکی درێژی لە ئەجێندای وڵاتانی ناوچەکەدا هەیە. کارتی کورد وەک گوشاری سیاسی چەندین جار لەلایەن عێراق و ئێران و سووریا و هەتا ئەمەریکاش بەکار هاتوون بۆ پێکانی تاکتیکێکی سیاسی[14]. لەم سۆنگەیەوە، ئەگەر سعودیە بیەوێت ڕۆڵی هەرێمیی خۆی بەهێز بکات، بێگومان پێویستی بە فاکتەری کورد دەبێت لە ناوچەکەدا، بەتایبەتییش کە پەیوەندییەکانی وڵاتانی کەنداو و هەرێم بوارێکی یاسایی و دەستووریی هەیە، بەو پێیەی هەرێمی کوردستان پێگەیەکی فەرمیی هەیە لە دەوڵەتی عێراقدا، بۆیە ناچێتە خانەی مامەڵەکردن لەگەڵ میلیشا یان گرووپگەلی دژەدەوڵەت. بەکارهێنانی فاکتەری کوردی بە هۆی ئەو پێگە سیاسییەی کە کورد لە هەر چوار وڵاتی ناوچەکەدا هەیەتی (تورکیا، سووریا، ئێران و عێراق)، پێویستییەکی حەتمییە بۆ هەر هێزیک کە بیەوێت گوشار لەسەر هێزە هەرێمییەکانی تر دروست بکات، بەتایبەتییش لەسەر تورکیا و ئێران کە دوو هێزی هەرێمیی سەرەڕۆن لە ناوچەکەدا و هەمیشە دەست لە وڵاتانی تر وەردەدەن و وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی کە بواری چالاکیی میرنشینی عەرەبیی سعودیەن. سعودیە خۆی بە نزیکتر دەزانی لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بە بەراورد بە دوو هێزە هەرێمییەکەی تر.

    هەر چی تایبەتە بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئیماراتی عەرەبی، بە هەمان شێوە پەیوەندییەکانی هەردوو لا دەگەڕێتەوە بۆ دوای ٢٠٠٣. ئەمەش بە پلەی یەک دەگەڕێتەوە بۆ ئەو نیگەرانییەی کە ئیماراتییەکان بەگشتی لە دۆخی حوکمداریی عێراقی نوێ و باڵابوونی دەسەڵات و هەژموونی ئێران لە عێراقدا هەیانە. بۆیە هەر یەکە لە سوننەکان و کوردیش وەک بواری کاریگەری (sphere of influence) خۆیان سەیر دەکەن لە عێراقدا، بەتایبەت لەبەردەم دەوڵەتی شیعەکان لە عێراق و هەڵکشانی هەژموونی ئێران لە ناوچەکەدا. هەڵبەتە پێشتریش هەر یەکە لە سەرۆکی پێشووی هەرێم، ”مەسعود بارزانی” لە ساڵی ٢٠١٢، هەروەها ”نێچیرڤان بارزانی” لە ٢٠١٩، سەردانی شانشینە یەکگرتووەکانی عەرەبییان کردووە. لە ڕاستیدا ئیماراتییەکان باش ئاگایان لە دۆخی ئێستای عێراقە، ئەوان دەزانن کە سەرکردە سوننەکان و شیعەکانیش، ئەوانەی کە جێگای ئومێدی وڵاتانی کەنداو بوون، ئێستا لە پێگەیەکی سیاسیی لاوازدان. ئەگەر ”مستەفا کازمی” بە نموونە بهێنینەوە کە هەریەکە لە وڵاتانی کەنداو و ئەمەریکییەکان و هەتا بەشێک لە کوردیش ئومێدی زۆریان لەسەر هەڵچنیبوو کە بتوانێت عێراق هەڵبسێنێتەوە، هەروەها سنوورێک بۆ هەژموونی میلیشیاکان و لاوازیی دامەزراوەکانی دەوڵەت دابنێت، بەڵام لە ڕاستیدا ئێستا ”مستەفا کازمی” لەوپەڕی لاوازیدایە، بە جۆرێک ئەگەر ئەمەریکییەکان نەیپارێزن، دەمێک بوو میلیشیا شیعەکان بە دەردی ”عادل عەبدولمەهدی”یان بردبوو. دیسان لە ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئیماراتەوە میوانداری کرا و لەگەڵ شێخ محەمەد بن زاید ئال نهیان جێنشینی ئەبوزەبی کۆ بووەوە. هەڵبەتە بەشێک لە گرنگیدانی ئیماراتییەکان بە هەرێمی کوردستان، سەرچاوەی لە دۆخی ئێستای عێراقیشەوە گرتووە، ئیمارات و وڵاتانی کەنداویش نیگەرانن لەو دۆخەی ئێستای عێراق و هەژموونی ئێران لە ناوچەکەدا، دەیانەوێت هەر هیچ نەبێت کەسانێکی نزیک لە خۆیان هەبێت لە کاتی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بتوانن وەک دۆستێک سەبارەت بە داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسیی عێراق لەدوای هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەر، لەگەڵیدا لە پەیوەندیدا بن.

    کۆمەڵێک فاکتەری تریش ڕۆڵیان لە نزیکبوونەوەی وڵاتانی کەنداو لە هەرێمی کوردستان هەبوو.

  • باڵادەستیی ئێران بەسەر عێراقدا، بڵاوکردنەوە و پەرەپێدانی شیعیزم لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی لە سووریا و عێراق. دوای نەمانی بەربەستی دەسەڵاتی بەعس لەبەردەم ئێران کە ڕێگر بوو لە تەشەنەکردنی هەر جووڵانەوەیەکی ئایدۆلۆژی کە بۆنی شیعەگەریی لێ بێت، ئیتر ئەو ڕێگایە خۆش بوو بۆ ئێران بۆ ئەوەی جومگەکانی حوکمڕانی لەلایەن هێزەکانی نزیک لە خۆی کۆنترۆڵ بکات، بەتایبەت دوای دروستکردنی میلیشاکانی حەشدی شەعبی کە خەریکە دەست دەگرن بەسەر هەردوو سێکتەری سیاسی و سەربازیی دەوڵەتی عێراقدا. وڵاتانی کەنداو چانسی کارکردن و دوورخستنەوەی عێراقیان لە بەردەمدا نەما، بۆیە بەناچاری دەبێت بیر لە فاکتەری لاوازکردنی دەسەڵاتی شیعەکانی عێراق بکەنەوە، بۆ ئەم مەبەستەش سوننە و کورد دوو بژاردەی باشن، چونکە بەردەوام لە ناکۆکیدان لەگەڵ دەسەڵاتی بەغدا.
  • هەڵگەڕانەوەی قەتەر لە سیاسەتەکانی وڵاتانی هاریکاریی کەنداو GCC)) و نزیکبوونەوەی لە تورکیا، بەتایبەت دوای ئەوەی تورکیا بڕیاری دا هاوکاریی قەتەر بکات لەو گەمارۆ ئابوورییەی کە وڵاتانی هاریکاریی کەنداو بەسەر قەتەریاندا سەپاندووە، بەتایبەتیش دوای ڕاگەیاندنی دامەزراندنی بنکەیەکی سەربازی لە قەتەر و ناردنی شارەزای سەربازی بۆ دەوحە، کە بووە هۆی تووڕەبوونی وڵاتانی تری کەنداو. ئەم ململانێیە گەیشتە بواری سۆشیالمیدیاش، بە جۆرێک چالاکوانە سعودییەکان هاشتاگی ”سعودیە لەگەڵ کوردستانە” یان SaudiWithKurdistan”” پۆست دەکرد لەبەرامبەر ئەو هاشتاگەی تورکەکان لەژێر درووشمی ”تورکیا لەگەڵ قەتەرە” (TurkeyWithQatar)، تا کار گەیشتە ئەوەی بەشێک لە سعودییەکان باسی قەسابخانەی تورکەکانیان دەکرد دژی ئەرمەنەکان[15].
  • ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی وێستگەیەکی تر بوو کە وای کرد هەڵوێستی زۆر لە وڵاتان ڕوونتر دەربکەوێت، نەک هەر بەرامبەر هەرێمی کوردستان، بەڵکوو بەرامبەر کێشەی کورد بەگشتی لە ناوچەکەدا. هەر چەندە ناکرێت بشاردرێتەوە کە ئەگەر وڵاتانی کەنداو سەرپشک بکەی لەنێوان عێراقێکی کۆنترۆڵکراو لەلایەن ئێران و جیابوونەوەی هەرێمی کوردستان لە عێراق، ئەوا ئەوان سەربەخۆیی هەرێم هەڵدەبژێرن. هەر چەندە دەنگۆی ئەوە هەبوو کە پڕۆژەی ڕیفراندۆم بە پاڵپشتیی ئیماراتی عەرەبی بووە، بە جۆرێک کە کونسوڵی ئیمارات لە هەولێر ”ڕەشید ئەلمەنصوری” لەپشت ئەو پڕۆسەیەوە بووبێت[16]، بەڵام هیچ بەڵگەیەکمان لەبەر دەستدا نییە کە ئەو دەنگۆیە پشتڕاست بکاتەوە. لە لایەکی ترەوە پێدەچێت بەشێک لەو هەوڵانەش پەیوەندییان هەبێت بە ململانێی نێوان قەتەر لە دژی ئیمارات و سعودیە، کە قەتەر زۆر بەوردی کاری لەسەر دەکرد.

     لە میانەی ئەو لێکدانەوە و شیکارانەی کە ئاماژەمان پێ دان، دەتوانین بڵێین کە پاڵنەری وڵاتانی کەنداو بۆ پەیوەندی دروستکردن لەگەڵ هەرێمدا بەزۆری پاڵنەری سیاسین دواتریش ئابووری، چونکە هەردوو بوارەکە لە بەغدا بۆ ڵاتانی کەنداو (سعودیە و ئیمارات) فەراهەم نین. وڵاتانی کەنداو بە نزیکبوونەوە لە هەرێم، دەتوانن هەردوو فاکتەرەکە تا ئاستێکی باش بپێکن، بەڵام پەیوەندییەکان تا ئێستا زیاتر پەیوەندیی تاکتیکی و بەرسڤن (reaction) بۆ سیاسەتەکانی عێراق بەرامبەر ئەو وڵاتانە، نەوەک پەیوەندیی ستراتیژی، بۆیە ناکرێت هەرێمی کوردستان ئامانجی زۆریان لەسەر هەڵبچنێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەندییەکان سەرەتایەکی باشن، هەرێم دەتوانێت لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە سوودیان لێ ببینێت، چونکە بوونی پەیوەندیی زیاتر واتە کرانەوەی دەرگای زیاتر بە ڕووی هەرێمەوە و دەرچوون لە قاڵبی هەرێمێکی سنوورداخراودا (land locked area).  لە لایەکی ترەوە دەتوانین ئەوە بڵێین کە لەگەڵ ڕوودانی هەر گۆڕانکارییەک لە دۆخی عێراقی دوای ٢٠٠٣ کە تا ئێستا چەندان وێستگەی گۆڕانکاریی سیاسیی بەخۆیەوە بینیوە، وڵاتانی کەنداو ویستوویانە پشکیان هەبێت لەو گۆڕانکارییانە، ئەمەمان بەئاشکرا لە ٢٠٠٦دا بینی لە کاتی هاتنی ”مالیكی” بۆ سەر دەسەڵات، دواتریش لە ٢٠١١دا لە کاتی گوشارخستنە سەر ”مالیکی” تا هاتنی داعش لە ٢٠١٤. هەروەها لە کاتی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستانیش لە ٢٠١٧، دواجاریش لە ئانوساتی ئەو ناڕەزاییانەی کە عێراقی گرتەوە لە نۆڤەمبەری ٢٠١٩، وڵاتانی کەنداو بەتایبەت سعودیە و ئیمارات لە گشت وێستگە سیاسییە دیارەکانی عێراقی دوای ٢٠٠٣ ویستوویانە پشکیان هەبێت، بۆ هەر جووڵەیەکیش لە عێراقدا پێویستیان بە کورد دەبێت هاوکارییان بکات. لە ڕاستیدا لە زۆربەی ئەو وێستگانەی ئاماژەمان پێ دان، پەیوەندییان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەبووە.

قەتەرییەکان بە پێچەوانەی ئیماراتی و سعودییەکان، لەدوای ٢٠٠٣ پەیوەندی و تێکەڵیی سیاسییان لەگەڵ هەرێمی کوردستان نەبوو. دەتوانین بڵێین کە پەیوەندییەکانی قەتەر و هەرێمی کوردستان لە (٢٠١٩)ەوە دەستی پێ کرد، کاتێک لە ٢٤ی ئادار وەزیری دەرەوەی قەتەر شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان سەردانی مەسعوود بارزانیی کرد و جەختیان لەسەر بوونی پەیوەندیی زیاتر و کردنەوەی کونسڵخانەی قەتەر لە هەرێم کردەوە. لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم سەردانی قەتەری کرد و لە لایەن میری قەتەر شێخ تەمیم بن حەمەد ئال ثانی پێشوازیی لێ کرا. لە سەردانەکەدا چەند پرسێک جەختی لەسەر کراوەیەوە، وەکوو بواری بازرگانیی گەشتوگوزار و بوونی گەشتی ڕاستەوخۆ لەلایەن هێڵی گواستنەوەی قەتەر بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام لە هەمووی گرنگتر، سەردانەکە ڕاستەوخۆ دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق بوو (ئۆکتۆبەری ٢٠٢١)، کە بێگومان پەیوەست بوو بە دۆخی سیاسیی عێراق و گرنگیدانی قەتەر بە پرسەکانی عێراق، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە هەریەکە لە وڵاتانی دراوسێی عێراق، وەک ئێران و تورکیا و سعودیەش گرنگیی تایبەت بە هەرێمی کوردستان دەدەن، بەتایبەت لەو هەڵبژاردنەدا کە پارتی ژمارەیەک کورسیی بەرچاوی هێناوە لە پەرلەمانی عێراقدا، پێدەچیت کارەکتەرێکی سەرەکییش بێت لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراقدا. پەیوەندیی بازرگانیی قەتەر و عێراق کە بەشی هەرە زۆری لەگەڵ هەرێمی کوردستانە، ساڵانە ١٣٠ ملیۆن دۆلاری ئەمەریکییە[17].

ئەوەی زیاتر وای کردووە وڵاتانی کەنداو هەوڵی دروستکردنی پەیوەندی بدەن لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا، پەیوەندیی بە چەند فاکتەرێکەوە هەیە، لە هەموویان گرنگتر پەیوەندیی بە دۆخی عێراق و ململانێ هەرێمییەکانی ناوچەکەوە هەیە، هەروەها ئەو پەیوەندییە هاوسەنگییەی کە هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا هەیەتی. ئەمە سەرەڕای ئەو سەقامگیرییەی کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، کە دەرفەتێکی باشتر لە عێراق دەڕەخسێنێت بۆ کاری بازرگانی و وەبەرهێنان. ئەوەی تایبەت بێت بە مەبەستی هەرێمی کوردستان لە نزیکبوونەوە لە وڵاتانی کەنداو، پەیوەندیی بە چەند فاکتەرێکەوە هەیە. هەرێمی کوردستان بە حوکمی ئەو پێگەی نادەوڵەتییەی (non-state) کە هەیەتی، خوازیاری زیادکردنی پەیوەندیی بازرگانی و سیاسییە لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا، بەتایبەتییش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی عێراق، ئەمە دواجار خزمەت دەکات بە پێگەی سیاسیی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا. هەرێمی کوردستان دەیەوێت لە ڕێگای پەیوەندیی ئابوورییەوە، پەیوەندیی سیاسییش پەرە پێ بدات لەگەڵ وڵاتانی کەنداو. پرسی کەمیی وابەستەیی هەرێمی کوردستانیش بە ئێران، هۆکارێکی ترە کە وڵاتانی کەنداو کێش دەکات بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانیان پەرە پێ بدەن لەگەڵ هەرێمی کوردستان، چونکە لە عێراق گرووپەکانی نزیک لە ئێران بەربەست دروست دەکەن بۆ پەیوەندیی عێراق لەگەڵ وڵاتانی کەنداودا و دەرفەتی ئابووری و سیاسیشییان کەمترە[18]. لە ڕاستیدا وڵاتانی کەنداو لە نائامادەیی و ناسەقامگیریی عێراق، وەک جێگرەوەیەک سەیری هەرێمی کوردستان دەکەن.

 

بەشی چوارەم: هەرێمی کوردستان چیی لە وڵاتانی کەنداو دەوێت؟

    ئەگەر بۆ وڵاتێکی خاوەن سەروەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان گرنگ بن، ئەوا بێگومان بۆ کیانێکی نادەوڵەتی وەک هەرێمی کوردستان کە جیۆپۆلەتیکێکی سەختی هەیە، پەیوەندیبەستن لەگەڵ وڵاتان دوو ئەوەندە گرنگە. هەرێمی کوردستان بە پێی ئەو ڕۆڵە سیاسییەی لە عێراق و ناوچەکەدا هەیەتی، پێویستی بە پەیوەندیی سیاسی و ئابووری لەگەڵ گشت وڵاتاندا هەیە، بەڵام لەگەڵ وڵاتە دراوسێ و هێزە هەرێمییەکان زۆر زیاتر. هەروەک چۆن بۆ وڵاتانی کەنداو؛ هەرێم دەتوانێت کارتێکی گوشار بێت بۆ کاریگەری لەسەر ڕەفتاری وڵاتانی تر، بۆ هەرێمیش نزیکبوونەوە لە وڵاتانی کەنداو، بەتایبەتییش عەرەبستانی سعودیە، دەتوانێت وەک پەیام ناردن بێت بۆ وڵاتانی تر بۆ ئاڕاستەکردنی دۆخێکی دیاریکراو، بەتایبەتییش بۆ ئێران، عێراق و تورکیا، هەروەها سووریاش لە ئایندەدا. ئەوەی بووەتە لەمپەر لەبەردەم هەرێم بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی تر فراوانتر بکات، بێجگە لەو وڵاتانەی کە هەرێمی کوردستان لەگەڵیاندا هاوسنوورە، ئەو دۆخە داخراوەی سنوورەکانی هەرێمە بە وشکانی، ئەمە وای کردووە هەرێم زۆر دەستکراوە نەبێت لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیدا.

    لە ڕووی ئابوورییشەوە وەبەرهێنانی وڵاتانی کەنداو بۆ هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە، لەم ڕووەوە ئیمارات ڕۆڵێکی باشی بینیوە، بەتایبەت لە کەرتی وزە. خودی سەرۆکی حکومەتی پێشووش ”نێچیرڤان بارزانی”، چەند جارێک جەختی لەسەر ئەو ڕەهەندە کردووەتەوە، گوتوویەتی کە ”ئیمارات زۆر گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان، ئەوان خۆیان (ئیمارات) پێشنیاری یارمەتیدانی ئێمەیان کردووە، ئێمە پەیوەندیی باشمان لەگەڵ گشت وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو (GCC)دا هەیە، بەڵام پەیوەندیمان لەگەڵ ئیمارات نزیکترە[19]“. ئیمارات لە بواری وەبەرهێناندا بە دوو بلیۆن و نیو دۆلار لە هەرێم بەشدار بووە. “حەمەد بوامیم” سەرۆکی ژووری بازرگانیی دوبەی، لە ٢٠١٤دا وتی: کە ١٣٤ کۆمپانیای ئیماراتی لە هەرێمی کوردستاندا کار دەکەن. وەک پێشتریش ئاماژەمان پێ دا، دۆخەکە بۆ هەرێمی کوردستان جیاوازترە، بە هۆی ئەو پەیوەندییەی هەرێم بە عێراقەوە لە بواری ئابووری و سیاسییەوە هەیەتی، هەندێک جار عێراق گوشار دەخاتە سەر کۆمپانیاکان بۆ ئەوەی لە هەرێمی کوردستاندا وەبەرهێنان نەکەن، هەروەک ئەوەی لەبەرامبەر کۆمپانیای ئێکسن مۆبیل (Exxon Mobil) و ئای ئۆ سی (IOC) کرا[20].

     بێجگە لەوە ئیمارات کە ئەزموونێکی ناوازەی لە بواری بووژانەوەی بازرگانی و فرۆشتنی نەوت و گازدا هەیە، هەرێم لە زۆر ڕووەوە دەتوانێت سوود لە ئەزموونی ئیماراتییەکان وەربگرێت. هەڵبەتە ئەمە جگە لەو بوارەی کە ئیماراتییەکان دەتوانن لە هەرێمی کوردستاندا وەبەرهێنان بکەن و بۆ نمونە لە ساڵی 2021 نزیکەی ١٢٨ کۆمپانیای ئیماراتی لە هەرێمی کوردستاندا کاریان دەكرد. ئەمە خۆی جۆرێکە لە دڵنیایی ئیمارات لە وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان کە قەبارەکەی زیاتر لە سێ ملیار دۆلارە. ئەم پەیوەندییە ئابوورییانە هەڵبەتە دواجار دەرگای پەیوەندیی سیاسی و کولتوورییش بەسەر هەرێمی کوردستاندا دەکەنەوە. دیسان هەرێمی کوردستان هەموو ئەو توانا ئابووری و سیاسییانەشی هەیە کە بتوانێت هاوشێوەی ئیمارات ببێتە ناوەندێکی بازرگانیی جیهانی، ئەگەر هێزە سیاسییە کوردییەکان پێکەوە کاری جددیی بۆ بکەن.

     بوارێکی تر کە ئیماراتییەکان دەتوانن هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکەن، بریتییە لە دژایەتیکردنی ڕێکخراوە تیرۆرستییەکان، بەتایبەتییش داعش کە مەترسییەکی گەورەیە لەسەر هەرێمی کوردستان. هەرێمی کوردستان دەکرێت داوا لە ئیمارات بکات کە هاوکاریی سەربازی پێشکەش بە هێزەکانی پێشمەرگە بکەن، بەتایبەت لە بواری چەک و تەقەمەنی. ئیماراتییەکان لە زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە جددیترن لە شەڕ دژی ڕێکخراوە ئیسلامییە توندڕەوەکان، لەم بوارەشەوە ئیمارات ساڵانە ملیۆنان دۆلار خەرج دەکات. نابێت بیرمان بچێت کە ناکۆکیی سەرەکیی ئیمارات لەگەڵ هەریەکە لە قەتەر و تورکیاش هەر لەسەر یارمەتیدانی ئیخوانەکانە، بۆیە هەرێمی کوردستان دەتوانێت لەگەڵ ئیمارات کاری جددی لەسەر ئەم بوارە بکات[21]. ئیمارات و وڵاتانی کەنداو دەیانەوێت جێدەستیان لە عێراقدا هەبێت، بەڵام دەسەڵاتی سیاسیی شیعەکان تا ئێستا ئەو دەرفەتەیان پێ نەداون، بۆیە هەرێمی کوردستان دەکرێت ئەو دەروازەیە بێت کە هەریەکە لە ئیمارات و وڵاتانی عەرەبییش بتوانن لێیەوە بگەڕێنەوە ناو عێراقەوە، ئەمە هەم بۆ عێراق، هەم بۆ هەرێمی کوردستانیش سوودمەندە. هەڵبەتە ئەمە جگە لەوەی کە هەرێمی کوردستانیش پێویستی بە کرانەوەی زیاترە بەسەر دونیای عەرەبی و وڵاتانی کەنداو، هەرێم لە هەموو کات زیاتر پێویستی بە پەیوەندییە لەگەڵ جیهانی عەرەبی، چونکە هەرێم لەنێوان هەژموونی پەیوەندی و گوشاری ئێران و تورکیادا خەفە بووە و پێویستی بە دەروازەی ترە بۆ ئەوەی ئەم ئەڵقە تەسکە جیۆپۆلەتیکییە تێپەڕێنێت.

     بێگومان بەستنی پەیوەندی بۆ هەرێمی کوردستان بەتایبەتییش لەگەڵ ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو، بۆ هەرێم بێ سەرئێشە نییە. بۆ نموونە: کاتێک عەرەبستانی سعودیە لە ٢٠١٦ کونسوڵگەریی خۆی لە هەولێر کردەوە، ڕاوێژکاری باڵای هێزە سەربازییەکانی ئێران ”یەحیا سەفەوی” لە لێدوانێکدا وتی: ”بارزانی ڕێگەی بە دوژمنانی شۆڕش داوە کە کونسوڵگەری لە هەرێم بکەنەوە، لایەنگرانی بارزانی دەبێت ئەوە باش بزانن کە ئەوان قەرزداری ئێرانن… کوردەکان پەیوەندیی مێژوویی دەیانبەستێتەوە بە ئێرانەوە، چوونە ناو ئەو یارییە سیاسییانە دەبێتە هۆی ئەوەی ئێران یارمەتییەکانیان ببڕن[22]“. سەرەڕای ئاڵنگاریی پەیوەندییەکانی هەرێم و ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو، پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی هەردوو لا گرنگیی تایبەتیی خۆی هەیە و دەتوانرێت لە بواری سیاییش وەبەرهێنان لەو پەیوەندییانەدا زیاتر بکرێت، بەتایبەت کە ئێستا هەریەکە لە وڵاتانی سعودیە و ئیمارات و کوێت کونسوڵگەرییان لە هەرێمی کوردستاندا هەیە.

ئەنجام

     پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی هاریکاریی کەنداو پەیوەندیی زۆر تازە و سەرەتایین و تەنیا بۆ دوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس لە عێراقدا دەگەڕێنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بواری ئەوەی تێدایە کە پێشڤەچوونیان تێدا ڕوو بدات و فراوانتر بکرێن. پاڵنەری پەیوەندییەکانی سعودیە بۆ نزیکبوونەوە لە هەرێمی کوردستان، دەچێتە قاڵبی گەڕان بەدوای ڕۆڵگێرانێکی هەرێمی لە ناوچەکەدا بەتایبەتییش لە عێراقدا، ئەمە هاوکاتە لەگەڵ هەڵکشانی ڕۆڵی هەرێمیی عەرەبستانی سعودیە لەدوای”بەهاری عەرەبی”، هەروەها هاوکاتیش بووە لەگەڵ هەڵکشانی پێگەی کورد لە عێراق و ناوچەکەدا. دەتوانین بڵێین کە نزیکبوونەوەی وڵاتانی کەنداو لە هەرێمی کوردستان بەزۆری لەو کاتانەدا بووە کە عێراق لەبەردەم گۆڕانکارییەک یان دۆخێکی قەیراناویدا بووە، وڵاتانی کەنداو بۆ کاریگەری و گوشارخستنە سەر عێراق و بەشێک لە ئەکتەرە هەرێمییەکان (بۆ نموونە ئێران و تورکیا) لە هەرێمی کوردستان نزیک بوونەتەوە، زیاتریش وەک فاکتەری هاوسەنگی بەرامبەر دەسەڵاتی شیعەکان بەسەر دەوڵەتدا سەیری هەرێمی کوردستانیان کردووە.

     فاکتەرێکی تری پەیوەندیی هەرێم و وڵاتانی کەنداو پەیوەستە بە باڵابوونی ڕۆڵی ئێران لە عێراقدا، بە جۆرێک کە هیچ دەرفەتێک نەماوە بۆ وڵاتانی کەنداو کە بتوانن لە عێراقدا پێگەی سیاسی و ئابوورییان هەبێت. نزیکبوونەوە لە کورد بەتایبەتییش لە هەرێمی کوردستان و پارتی بە جۆرێک لە جۆرەکان بۆ گوشارخستنە سەر دەسەڵاتی شیعەکان بووە لە لایەک و هەژموونی ئێرانیش لە لایەکی تر، چونکە ئاسایشی هەرێمی کەنداوی عەرەبی (یان فارس) پێشووتریش تا ئاستێکی زۆر پەیوەست بوو بە پێگەی عێراق وەک بەربەستێک لەبەردەم هەڕەشەکانی ئێران لە ناوچەکەدا، بۆیە باڵادەستیی ئێران لە عێراق ڕاستەوخۆ کاریگەریی بەسەر ئاسایشی وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداوەوە هەیە. فاکتەری ئایینی و مەزهەبی دەکرێت پشکێکی کەمی هەبێت لە نزیکبوونەوەی عەرەبستانی سعودیە و وڵاتانی تری کەنداو لە هەرێمی کوردستان، بۆیە پاڵنەری سەرەکیی پەیوەندییەکانیان فاکتەرێکی تەواو سیاسییە بۆ سعودیە و کوێت، بۆ ئیمارات و قەتەریش فاکتەرەکە هەم سیاسی و هەمیش ئابوورییە.

 

سەرچاوە و پەراوێزەکان

[1] Charountaki, M., (2016) The GCC in Kurdish Politics, Journal of Arabian Studies, 6:2, 201-215, DOI: 10.1080/21534764.2016.1242232, p.204.

[2] Hartman, L., 2016. Saudi Arabia as a regional actor: threat perception at home and abroad. Available online: <<https://www.sciencespo.fr/kuwait-program/wp content/uploads/2018/05/KSP_Paper_Award_Spring_2016_HARTMANN_Laura.pdf>>. [Accessed 25/8/2019].

[3] Stephen, W., 1987. The origins of alliances. Ithaca New York1, p.87.

[4]  مەبەست لە “هەرێم” لەم توێژینەوەیەدا، هەرێمی کوردستانی عێراقە.

[5] Gause, F.G., 2003. The Approaching Turning Point: The Future of US Relations with the Gulf States. Saban Center for Middle East Policy at the Brookings Institution. P.303

[6] McSweeney, B., 2007. Identity and Security: Buzan and the Copenhagen School: in INTERNATIONAL SECURITY VOLUME I Widening Security, Barry Buzan and Lene Hansen, 2007. P.204.

[7] Nonneman, G., (2005). Determinants and Patterns of Saudi Foreign Policy: ‘Omnibalancing’and ‘Relative Autonomy’in Multiple Environments. Saudi Arabia in the balance: Political economy, society, foreign affairs, pp.315-51. P.318.

[8] Hartmann, (2016). P.1.

[9] Al Tamamy, S., (2012) Saudi Arabia and the Arab Spring: Opportunities and Challenges of Security, Journal of Arabian Studies. P.147.

[10] Kostiner, J., 2009. Conflict and cooperation in the Gulf region. VS Verlag für Sozialwissenschaften., 2009. P.240.

[11] Elashmawy, S., 2014. The Foreign Policies of Saudi Arabia and Qatar towards the Arab Uprisings: The Cases of Egypt, Libya and Bahrain. European Consortium for Political Research. <https://ecpr. eu/filestore/paperproposal/2c667447-0f7e-4dd3-a0a2-def571a67394. pdf,> Accessed December, 17, p.2017.

[12] WikiLeaks (19 June 2015a) The Saudi Cables, available at https://wikileaks.org/saudicables/doc939.html> [accessed 20/10/2015].

WikiLeaks (19 June 2015b) The Saudi Cables, available at https://wikileaks.org/saudicables/doc68445.html>. [accessed 20/10/2015].

[13] Kurdistan Regional Government, TUE, 13 MAR 2007. <<http://previous.cabinet.gov.krd/a/d.aspx?s=010000&l=12&a=16710.>> and  KRG, 16 APR 2010. <<http://previous.cabinet.gov.krd/a/d.aspx?s=010000&l=12&r=223&a=34632.>>. [accessed 20/08/2019].

[14] عنان، عمان، (٢٠١٧)، الدعم الخليجي للأكراد: تغير في التوجهات أم ضغط على أنقرة؟ موجود علی الرابط: <<https://www.noonpost.com/content/18529>> (ڕۆژی سەردانیکردن: ٢٢/٨/٢٠١٩)

[15]  عنان، ٢٠٠٧، سەرچاوەی پێشوو.

[16] قناە العالم، الأربعاء، ٢١ يونيو ٢٠١٧.  دور مشبوه للإمارات في دعم الاستفتاء على انفصال اقليم كردستان؟ الرابط: https://www.alalamtv.net/news/1986533>>/دور-مشبوه-للإمارات-في-دعم-الاستفتاء-على-انفصال-اقليم-كردستان؟  << (تاریخ الزیارة: ٢٠/٣/٢٠١٩)

[17]  لماذا تطتلع قطر و کردستان العراق لتطویر علاقاتهما؟ ١٩/١٠/٢٠٢١

[18]  ما الذی یدفع علاقات دول الخلیج و اقلیم کردستان العراق للنمو؟ ٢٤/٩/٢٠٢١

[19] Charountaki, M., 2016, 205.

[20] Wahab, B.,2014. Iraq and KRG Energy Policies: Actors, Challenges and Opportunities. The Institute of Regional and International Studies, p.14.

[21]  ڕەنج نەوزاد، (٢٠٢١)، تێگەیشتن لە سیاسەتی ئیمارات، ماڵپەڕی چاوی کورد. لەسەر ئەم لینکە بەردەستە: <<http://www.chawykurd.com/details.aspx?=hewal&jmare=24245&Jor=7&Jor2=4145>>. (ڕۆژی سەردانیکردن: ١٠/٧/٢٠٢١)

[22]  إيران تحذر كردستان من “مغبة التعاون مع السعودية” ضدها.. والحكومة الكردية: لم نهدد طهران ولا نقبل تصريحاتها، سی ان ان بالعربیە، الأربعاء، 09 نوفمبر/2016. https://arabic.cnn.com/middleeast/2016/11/09/iran-kurdistan-saudi-cooperation-warning. (ڕۆژی سەردانیکردن: ١٠/٧/٢٠٢٠)

 

سەرچاوە و پەراوێزەکان

Send this to a friend