• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
September 24, 2022

بۆچی سەرکردەکان درۆ دەکەن؟

ڕاستییەکان لە بارەی درۆکردن و سیاسەتی نێودەوڵەتییەوە

زانا کەریم

بەرایی 

   درۆکردن وەک ڕەفتارێکی مرۆیی و لەسەر ئاستی پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان، لەناو هەموو جڤاتێکدا وەک ڕەفتارێکی ناشرین و بێزراو وێنا دەکرێت و هەر لە سەرەتای سەرەتاکانیشەوە وەک هەر بابەتێکی تر جێگای تێڕامان و قسەلەسەرکردن بووە. لە کایەی سیاسەتدا (policy)، پەیوەندیی نێوان سیاسەت و درۆ پەیوەندییەکی مشتومڕئامێزە و هەندێک سیاسەت وەک کردەیەکی پڕ درۆ و فڕوفێڵاوی دەبینن و لەم سۆنگەیەشەوە خۆیان دوورەپەرێز دەگرن لە سیاسەت (سیاسەت چ وەک کردە و چالاکی و چ وەک کایەیەکی مەعریفییش)، هەندێکیش وەک چالاکییەکی مرۆیی جوامێرانە و هونەری فەرمانڕەوایی لێی دەڕوانن و پێیان وایە درۆکردن لە کایەی سیاسەتدا وەک هەر کایەیەکی تری مرۆیی لە سنوورێکدا ڕێگەپێدراوە و دەکرێت لە سیاسەتیشدا “درۆی سپی” و “درۆی ستراتیژی” و “درۆی جوامێرانە” بکرێت([i]). بەڵام ئەوەی قسەی لەسەر نەکراوە و وەک بابەتێکی دەست بۆ نەبراو ماوەتەوە، درۆکردنە لە جڤاتی نێودەوڵەتی و لەسەر ئاستی پەیوەندیی نێوان دەوڵەتاندا، واتە درۆکردنی دەوڵەتان و دەوڵەتمەداران لەگەڵ یەکتریدا. لێرەوە گرنگیی ئەم بابەتە و بایەخی ئەم کتێبەی “مێر شایمەر” دەردەکەوێت، کە هەوڵێکە بە ئاقاری تیۆریزەکردنی درۆ و درۆکردن لە کایەی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا و داڕشتنی چوارچێوەیەکی بیردۆزییە بۆ تێڕامان لەم بابەتە.

   “بۆچی سەرکردەکان درۆ دەکەن؟ ڕاستییەکان لە بارەی درۆکردن و سیاسەتی نێودەوڵەتییەوە([ii])“، ناونیشانێکی سەرنجڕاکێشی یەکێک لە کتێبەکانی بیریاری ئەمەریکایی “جۆن ج. مێرشایمەر”ە و هەوڵێکی ئەم بیریارەیە لە پێناو قسەکردن لە بارەی درۆکردنەوە لە کایەی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا. چاپی یەکەمی کتێبەکە ساڵی 2011 لەلایەن چاپخانەی زانکۆی ئۆکسفۆردەوە و لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە زمانی ئینگلیزی بڵاو کراوەتەوە. لەلایەن پڕۆفیسۆر دکتۆر غانم ئەلنەجاڕ؛ مامۆستای زانستە ڕامیارییەکان لە زانکۆی کوەیتیشەوە، وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی عەرەبی و ساڵی 2016 لەلایەن ئەنجوومەنی نیشتمانی بۆ ڕۆشنبیری و هونەر و ئەدەبیاتی وڵاتی کوەیتەوە و لە دووتوێی 183 لاپەڕەدا بڵاو کراوەتەوە([iii]).

   نووسەری کتێبەکە، پڕۆفیسۆر جۆن ج. مێرشایمەر، ساڵی 1947 لە نیویۆرک لەدایک بووە، چل ساڵە مامۆستای زانستە ڕامیارییەکانە لە زانکۆی شیکاگۆ و بیریارێکی چالاک و کلیلی کایەی سیاسەتی نێودەوڵەتییە. خاوەنی چەندین وتار و لێکۆڵینەوە و کتێبی گرنگە، لەوانە: مەرگەساتی سیاسەتی زلهێزەکان، لۆبی ئیسرائیلی و سیاسەتی دەرەکیی وڵاتە یەکگرتووەکان؛ بە هاوبەشی لەگەڵ ستیڤن واڵت. مێرشایمەر سەر بە قوتابخانەی ڕیاڵگەرایی (Realism)ە و لەنێو ئەم قوتابخانەیەشدا لەسەر تەوژمی ڕیاڵگەرای هێرشبەر (Offensive Realism) دێتە ئەژمار.

درۆکردن لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا

   پێشتر ئاماژەمان بەوە دا کە درۆکردن لە کایەی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بابەتێکی دەستلێنەدراوە و ئەم هەوڵەی “مێرشایمەر” بە سەرەتایەک دادەنرێت لەو بوارەدا. نووسەر لە کتێبێکی تەنکەڵەدا و بە شێوازێکی ڕوون و ڕەوان هەوڵی داڕشتنی چوارچێوەیەکی شیکاری دەدات، لە پێناو تیۆریزەکردنی بابەتی درۆ لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا و چەند بیروبۆچوونێکی بیردۆزی لە بارەی لایەنە بنەڕەتییەکانی بابەتەکەوە سەرڕێ دەخات. سەرەڕای ئەوەی کە ئەو کەسێکی ئەکادیمییە و لە ناوەندێکی ئەکادیمیدا کار دەکات، کەچی شێوازی نووسینی بە جۆرێک ڕەوانە، هەموو خوێنەرێکی کایەکە و دەرەوەی کایەکەش وەکوو یەک لێی تێدەگەن و کارلێکی لەگەڵدا دەکەن.

   دەستپێکی ئەم هەوڵەی مێرشایمەر دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی ساڵی 2003، جەنگی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەرانبەر عێراق و درۆکانی ئەمەریکا لە پێناو ڕەوایەتیدان بەو جەنگەدا دەکاتە دەروازەی باسەکەی. نووسەر پێی وایە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەنجەتەکانی داگیرکردنی عێراقی لەسەر بناغەی درۆ بونیاد نابوو.

   بابەتی کتێبەکە و ناوەرۆکەکەشی سەرنجڕاکێشە و ڕەنگە هۆکاری ئەم سەرنجڕاکێشییەش ئەو تێڕوانین و تەرزەبۆچوونانە بن کە نووسەر لە بارەی درۆکردنەوە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا دەیخاتە ڕوو: مێرشایمەر بەڵگەی ئەوە دەهێنێتەوە کە وا سەرکردەکان هەندێک جار هەنجەتی ستراتیژییان هەیە بۆ ئەوەی درۆ بکەن، هەم لەگەڵ دەوڵەتانی تر و هەم لەگەڵ گەلەکەی خۆشیاندا، واتە درۆی نێودەوڵەتی هەمیشە کارێکی هەڵە نییە، بەڵکوو زۆر جار دەرەنجامی بەرچاوڕوونیی سەرکردەکانە و هەندێک جاریش درۆکردن پێویستە، نەک هەر ئەمە، بەڵکوو لە هەندێک بارودۆخدا درۆکردن کارێکی فەزیلەتمەندانەیە (virtuous)([iv]).

   یەکێکی تر لە ئەنجامگیرییە ورووژێنەرەکانی مێرشایمەر ئەوەیە کە پێی وایە دەوڵەتمەداران و دیپلۆماتکاران کەمترین درۆ لەگەڵ یەکتریدا دەکەن، هەر چەندە سەرەتا وا دەردەکەوێت کە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا درۆکردن ڕەفتارێکی ئاسایی دەوڵەتانە لەگەڵ یەکتریدا، کەچی کاتێک لە بابەتەکە دەکۆڵیتەوە، بۆت ڕوون دەبێتەوە کە بەو شێوەیە نییە و ڕێژەی درۆکردنی دەوڵەتان لەگەڵ یەکتریدا زۆر کەمە([v]).

پرسیارە سەرەکییەکان

   گیروگاز (إشكالية)ی سەرەکیی کتێبەکەی مێرشایمەر درۆی نێودەوڵەتییە، واتە درۆ لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا و سێرەی شرۆڤەکانیشی چوار پرسیاری سەرەکی دەگرێتەوە:

  1. جۆری ئەو درۆ نێودەوڵەتییانە چین کە سەرکردەکان دەیانکەن؟
  2. بۆچی سەرکردەکان درۆ دەکەن؟ ئەو هەنجەتە لۆژیکی و ستراتیژییانە چین کە لەپشت هەر جۆرێک لە جۆرەکانی درۆکردنەوە وەستاون؟ بەدیاریکراوی، ئەو سوودە چاوەڕوانکراوانەی درۆکردن چین، کە پاڵ بە سەرکردەکانەوە دەنێن بۆ وەها ڕەفتارێکی ناشرین؟
  3. ئەو بارودۆخانە چین کە وا دەکەن جۆرێکی درۆ ئەگەری کردنی زیاتر یان کەمتر بێت؟
  4. تێچووە شاراوەکانی درۆکردن چین و تا چەند کاریگەری لەسەر سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکیی دەوڵەت دادەنێن؟ بە دەربڕینێکی تر: لایەنە نەرێنییەکانی درۆی نێودەوڵەتی چین؟

وەڵامە گریمانەییەکان

   لەنێو ئەو گریمانانەدا کە مێرشایمەر لە کتێبەکەیدا و لە وەڵامی پرسیارە سەرەکییەکاندا دەیخاتە ڕوو، پێنج گریمانەیان گریمانەی سەرەکین و لە خوارەوە بەپوختی دەیانخەینە ڕوو:

  1. درۆی نێودەوڵەتی جۆری زۆرە، بەڵام گرنگترینیان درۆی نێوان دەوڵەتان و ئەو درۆیانەیە کە سەرکردەکان لەگەڵ گەلانی خۆیاندا دەیانکەن.
  2. بەزۆری سەرکردەکان کاتێک درۆی نێودەوڵەتی دەکەن، لەبەر ئەوە نییە کە وا لاواز یان گەندەڵن، بەڵکوو هۆکاری ستراتیژی و لۆژیکی لەپشت درۆکردنەکەیانەوە هەیە.
  3. مەیلی سەرکردەکان بۆ درۆکردن لەگەڵ گەلانی خۆیاندا زیاترە وەک لەوەی لەگەڵ دەوڵەتانی تردا دەیکەن. واتە ئەوەندەی درۆ لەگەڵ گەلی خۆیاندا دەکەن، ئەوەندە لەگەڵ دەوڵەتانی تردا نایکەن، ئەمەش بەتایبەتی لە دەوڵەتە دیموکراسییەکانی وەک وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا دەردەکەوێت.
  4. مەترسیدارترین جۆری درۆی نێودەوڵەتی ئەو جۆرە درۆیانەن کە سەرکردەکان لەگەڵ گەلی خۆیاندا دەیانکەن.
  5. لەبەر ئەوەی ئەمەریکا دەوڵەتێکی خاوەن هێزێکی بێشومارە و تەڤڵیهەڤی سەراپای جیهان بووە، بەزۆری سەرکردەکانی ڕووبەڕووی هەڵوێستی سەخت دەبنەوە و درۆکردن لەگەڵ دەوڵەتانی تر و لەگەڵ گەلی خۆیشیاندا پاڵنەری بەهێزی دەبێت.

پەیکەری کتێبەکە

   کتێبەکە لە نۆ بەش پێک هاتووە: بەشی یەکەم تەرخان کراوە بۆ ناساندن و پێناسەکردنی چەمکی درۆکردن، لەبەشی دووەمدا جۆرەکانی درۆی نێودەوڵەتی خراونەتە ڕوو، هەروەها جیاوازی کراوە لەنێوان درۆی ستراتیژی و درۆی کەسیدا و سێرە لەسەر درۆی ستراتیژی گیراوەتەوە و پێنج جۆر درۆی ستراتیژی لە یەکتر جیا کراونەتەوە. هەریەکە لە بەشی سێیەم و چوارەم و پێنجەم شەشەم و حەوتەم تەرخان کراوە بۆ باسکردنی جۆرێکی درۆی ستراتیژی و لە هەر بەشێکدا جگە لە باسکردن و ناساندنی جۆری درۆکە، وەڵامی دوو پرسیاری سەرەکییش دەداتەوە: “بۆچی و لە چ کاتێکدا هەر جۆرێک لەم جۆرانەی درۆ دەکرێن؟”. بەشی هەشتەم تەرخان کراوە بۆ لایەنی نەرێنی و ئەو زیانانەی کە لە هەر جۆرێکی درۆوە پەیدا دەبن. لە بەشی نۆیەم و کۆتاییدا کورتەتاوتوێیەکی واتای ئەم مشتومڕانە سەبارەت بە سیاسەتی دەرەکیی ئەمەریکا و سەبارەت بە خودی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە شێوەیەکی گشتی کراوە.

درۆکردن چییە؟

   هەنگاوی سەرەتا و گرنگی هەر باس و توێژینەوەیەک، پێناسەکردنی چەمکە سەرەکییەکانی باس یاخود توێژینەوەکەیە و بەبێ ئەم پێناسەکردنە؛ خوێنەر تووشی پەرتەوازەیی هزری و ڕێلێتێکچوون دەبێت. لەم سۆنگەیەوە، مێرشایمەر بەشی یەکەمی کتێبەکەی تەرخان دەکات بۆ پێناسەکردنی چەمکی سەرەکیی کتێبەکەی کە چەمکی درۆکردنە و پاشان جیاکردنەوەی چەمکەکە لەو چەمکانەی کە لە واتادا لێوەی نزیکن.

   لە سەرەتاوە مێرشایمەر جیاوازی دەکات لەنێوان درۆکردن([vi]) و پێکهێنان([vii]) و پەردەپۆشکردن([viii])دا و هەرسێکیشیان لەژێر ناوی فریوداندا([ix]) کۆ دەکاتەوە، واتە فریودان لە سێ بەش پێک دێت، ئەوانیش: درۆکردن و پێکهێنان و پەردەپۆشکردنە، هەروەها فریودان پێچەوانەی ڕاستگۆیی و ڕاستبێژییە([x]). نووسەر هەریەکێک لەو چەمکانە پێناسە دەکات و جیاوازیی نێوانیشیان دەخاتە ڕوو. کاتێک دێتە سەر باسی چەمکی کلیلی کتێبەکەی کە درۆکردنە، مێرشایمەر بەم جۆرە پێناسەی درۆکردنمان بۆ دەکات: “درۆکردن بریتییە لەوەی کاتێک کەسێک قسەیەک دەکات، دەزانێت قسەکەی ڕاست نییە یان گومانی لە ڕاستیی قسەکەی هەیە، بەڵام ئومێدی وایە کەسانی تر بە ڕاستی بزانن. درۆ کردارێکی ئەرێنییە، بە ئامانجی خەڵەتاندن یان فریودانی گوێگرانێکی دیاریکراو داڕێژراوە. درۆکردن دەکرێت بریتی بێت لە دروستکردنی چەند ڕاستییەک کە کەسەکە دەزانێت هەڵەیە (درۆیە)، یان ئینکارکردنی چەند ڕاستییەک کە کەسەکە دەزانێت ڕاستە. جگە لەمە، درۆکردن تەنها پەیوەست نییە بە ڕاستێتیی([xi]) چەند ڕاستییەکەی دیاریکراوەوە، بەڵکوو درۆکردن دەکرێت بریتی بێت لە ڕێکخستنێکی ناڕاستانەی چەند ڕاستییەک بە مەبەستی وتنی بەسەرهاتێک یان چیرۆکێکی خەیاڵی. بەدیاریکراوی، کەسێک درۆ دەکات کاتێک چەند ڕاستییەک بەکار دەهێنێت -تەنانەت ڕاستییە دروستەکانیش-، تاکوو ئەوە بگەیەنێت کە وا شتێک ڕاستە، لە کاتێکدا دەزانێت کە وا ئەو شتە ڕاست نییە. لەم جۆرە حاڵەتانەدا درۆکار بەمەبەست گوێگر بەرەو ئەنجامگیرییەکی هەڵە دەبات، بەبێ ئەوەی بەڕاشکاوی ئاماژە بەو ئەنجامگیرییە هەڵەیە بکات([xii])“.

جۆرەکانی درۆی نێودەوڵەتی

   لە بواری سیاسەتی نێودەوڵەتیدا سەرکردەکان دەتوانن حەوت جۆر درۆ بکەن، واتە حەوت جۆر درۆی نێودەوڵەتی هەیە و هەر جۆرێکیشان ئامانجێکی دیاریکراوی لە پشتەوەیە. بە گوێرەی مێرشایمەر، پێنج جۆری یەکەمیان درۆی ستراتیژین و ئامانج لە کردنیان بەدیهێنانی بەرژەوەندیی نەتەوەییە، هەر چی دوو جۆرەکەی کۆتاییشە (شەشەم و حەوتەم)؛ درۆی خۆپەرستانەن و ئامانج لە کردنیان بەدیهێنانی بەرژەوەندیی کەسێکی دیاریکراو یان کۆمەڵە کەسێکە. بۆیە ئەم دوو جۆرە درۆیە هیچ بەهایەکی ستراتیژییان نییە و نووسەر لە بارەیانەوە نادوێت، بەڵام پێنج جۆری یەکەمیان بەدرێژی باس دەکات و بۆ هەر جۆرێکیشیان بەشێکی کتێبەکەی بۆ تەرخان دەکات. ئێمەش لە خوارەوە هەر حەوت جۆرەکە بەکورتی دەناسێنین و دەیانخەینە ڕوو:

  1. درۆی نێوان دەوڵەتان (Lying between states)

   درۆی نێوان دەوڵەتان یاخود درۆکردنی دەوڵەتێک لەگەڵ دەوڵەتێکی تردا، ئەو درۆیەیە کە ڕاستەوخۆ ئاڕاستەی دەوڵەتانی تر دەکرێت، بە ئامانجی بەدیهێنانی زاڵبوونی ستراتیژی بۆ دەوڵەتی درۆکەر یان ڕێگریکردن لە باشبوونی بارودۆخی دەوڵەتی بەرانبەر لەسەر حسابی دەوڵەتی درۆکەر. ئەم جۆرە درۆیە عادەتەن ئاڕاستەی دەوڵەتانی نەیار دەکرێت، بەڵام هەندێک جار دەوڵەتان لەگەڵ هاوپەیمانەکانیشیاندا دەیانکەن.

  1. ورووژاندنی ترس (fear mongering)

   ئەم جۆرە درۆیە سەرکردەکان لەگەڵ گەلانی خۆیاندا دەیکەن، تایبەت بە پرسێکی پەیوەست بە سیاسەتی دەرەکی و لە بارەی هەڕەشەیەکی دەرەکییەوە کە ڕووبەڕووی وڵات دەبێتەوە. ئەم جۆرە درۆیە لە ڕەوشێکدا دەکرێت کە وا سەرکردەکان باوەڕیان وایە گەلەکانیان وەکوو پێویست بایەخ بەو هەڕەشەیە نادەن و لە ڕێگەی ئەم جۆرە درۆیەوە پاڵ بە گەلەکانیانەوە دەنێن، تاکوو شێلگیرانە هەڕەشەکە وەربگرن و ڕووبەڕووی ببنەوە.

  1. پەردەپۆشکردنی ستراتیژی (strategic cover-ups)

   بریتییە لەو جۆرە درۆیەی کە بە ئامانجی شاردنەوەی سیاسەتێکی شکستخواردوو یان پەردەپۆشکردنی سیاسەتێکی جێگەی مشتومڕ لە گەل، یان هەندێک جار لە دەوڵەتانی تریش دەکرێت.

  1. دروستکردنی ئەفسانەی نەتەوەیی (nationalist myths)

   ئەو جۆرە درۆیەیە کە سەرکردەکان بە شێوەیەکی سەرەکی لەگەڵ گەلانی خۆیاندا دەیکەن لە بارەی ڕابردووی دەوڵەتەکەیانەوە. تیایدا جۆرە چیرۆکێک دەهۆننەوە کە وا “ئێمە” هەمیشە لەسەر حەقین و “ئەوان”یش هەمیشە لەسەر ناحەقن. دەستەبژێر بەم کارە هەڵدەستێت لە ڕێگای نکۆڵیکردن لەو کارانەی کە دەوڵەتەکەیان یان کۆمەڵە نەژادییەکەیان لە ڕاستیدا ئەنجامیان داوە، یان لە ڕێگەی بانگەشەی ئەنجامدانی کردەوەگەلێکەوە کە دەوڵەت یان نەژادەکەیان لە ڕاستیدا ئەنجامیان نەداوە.

  1. درۆی لیبراڵییانە (Liberal lies)

   درۆی لیبراڵییانە ئەو جۆرە درۆیەیە کە بە مەبەستی پەردەپۆشکردنی ڕەفتارێک دەکرێت، ڕەفتارێک کە دژبەرە لەگەڵ کۆپێکهاتی (منظومة) ئەو پرەنسیپانەی کە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە سەرتاسەری جیهاندا ناسراون و دانیان پێدا نراوە و بڕبڕەی پشتی یاسای نێودەوڵەتین.

  1. ئیمپریالیزمی کۆمەڵایەتی (social imperialism)

   ئەو جۆرە درۆیەیە کە سەرکردەکان لە بارەی دەوڵەتانی ترەوە دەیکەن، بە ئامانجی پەرەپێدانی بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکانیان، یان بۆ بەرژەوەندیی چینێکی کۆمەڵایەتی، یان دەستە و تاقمێکی دیاریکراو، ئەمەش لە پێناو لابردنی سەرنجی گەل لەسەر گرفت یان پرسگەلێکی جێگەی مشتومڕ لە ناوخۆدا بۆ بەرژەوەندیی توێژێکی بچووکی کۆمەڵگا نەک بەرژەوەندیی گشتی.

  1. پەردەپۆشکردنی ناجوامێرانە (ignoble cover-ups)([xiii])

   ئەو جۆرە درۆیەیە کە سەرکردەکان لە بارەی سەرنەکەوتن و سیاسەتە شکستخواردووەکانیانەوە دەیکەن، لە پێناو بەرژەوەندیی کەسیی خۆیاندا و ئامانجی سەرەکیشییان لەم بارەدا پاراستنی خۆیان و هاوڕێیانیانە لە سزایەک کە شایانیانە (well deserved)([xiv]).

لێکەوتەکانی درۆی نێودەوڵەتی

   بە ڕای مێرشایمەر، هەر جۆرە درۆیەکی نێودەوڵەتی؛ لێکەوتە و پاشهاتی خۆی هەیە و هەندێک جار زیان بە سیاسەتی دەرەکیی دەوڵەتەکە دەگەیەنێت، هەروەها هەر جۆرە درۆیەکیش لەم درۆیانە کاریگەریی نەرێنی لەسەر بەرەی ناوخۆیی دادەنێت. مێرشایمەر بەشی هەشتەمی کتێبەکەی تەرخان دەکات بۆ لێکەوتە و لایەنە نەرێنییەکانی درۆی نێودەوڵەتی لەسەر دەوڵەتی درۆکەر.

بەشی نۆیەم و کۆتاییش تەرخان دەکات بۆ قسەکردن بەکورتی لەسەر واتای ئەم مشتومڕانە، بۆ سیاسەتی دەرەکیی ئەمەریکا و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە شێوەیەکی گشتی.

([i]) بۆ ئاشنابوونی زیاتر بە پەیوەندیی نێوان سیاسەت و درۆکردن هەروەها مافی درۆکردن لە سیاسەتدا، سەیری ئەم سەرچاوەیە بکە:

د. محمد المصباحي، هل يمكن الكلام عن الحق في الكذب في المجال السياسي، مجلة عالم الفكر، العدد 1/المجلد 38 (الكويت: 2009)، ص ص 209-234.

([ii]) John J. Mearsheimer, Why Leaders Lie? The Truth about Lying and International Politics (New York: Oxford University Press, 2011).

([iii]) بۆ ئەم ڕانانە، سوودمان لە دەقی ئینگلیزیی کتێبەکەش وەرگرتووە و لەگەڵ دەقە عەرەبییەکەدا بەراوردمان کردووە، بەتایبەتی لەو شوێنانەدا کە کۆت (إقتباس)مان لە کتێبەکە وەرگرتووە، هەر چەندە دەقە عەرەبییەکە لە چاپی ساڵی (2013)ەوە وەرگێڕدراوە.         

([iv]) جون جي. ميرشيمر، لماذا يكذب القادة؟ ت: أ. د. غانم النجار (الكويت: المجلس الوطني للثقافة والفنون الآداب، 2016)، ص16.

([v]) المصدر نفسه، ص ص16-17.

([vi]) الكذب: Lying

([vii]) لە دەقە ئینگلیزییەکەدا وشەی “spinning” بەکار هێنراوە و وەرگێڕی عەرەبیی کتێبەکەش وشەی “spinning”ی بە “التلفيق” وەرگێڕاوە. مامۆستا گیوی موکریانی لەبەرانبەر وشەی “التلفيق”ی عەرەبیدا، وشەی “پێکهێنان”ی بەکار هێناوە و ئێمەش لەومان وەرگرتووە و بەکارمان هێناوە. مەبەستی مێرشایمەر لە پێکهێنان (التلفيق – spinning)، گێڕانەوە و باسکردنی ڕووداوێکە کە وا کەسی قسەکەر سێرە لەسەر چەند لایەنێکی ڕووداوەکە دەگرێت و بە شێوەیەک پێکیانەوە دەبەستێت کە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی خۆی بکات، لە هەمان کاتدا ئەو لایەنانەی ڕووداوەکە پشتگوێ دەخات کە خزمەت بە خۆی ناکات. کاتێک کەسێک ڕووداوێک “پێک دەهێنێت”، هەموو لایەنەکانی ڕووداوەکە ناخاتە ڕوو، بەڵکوو دەیشێوێنێت و تەنها چەند لایەنێکی باس دەکات. بە واتایەکی تر: ڕووداو و بەسەرهاتەکە درۆ نییە، بەڵکوو شێوێنراوە. واتە “پێکهێنان” جۆرێکە لە موبالەغە و شێواندن. هەروەها پێمان وایە دەکرێت لەبەرانبەر وشەی “التلفيق”دا، وشەی “چاوبەستی”ش بەکار بهێنرێت. مامۆستا شێخ محەمەدی خاڵ بەم شێوەیەی خوارەوە واتای وشەی چاوبەستیی لێک دەداتەوە: (چاوبەستی: هەڵفریوان و هەڵخەڵەتاندنی مەردووم). بڕوانە:

  • گیوی موکریانی، فەرهەنگی نۆبەرە (هەولێر: چاپخانەی ڕۆژهەڵات، 2017)، لا146.
  • شێخ محەمەدی خاڵ، فەرهەنگی خاڵ (هەولێر: چاپخانەی ڕۆژهەڵات، 2017)، لا166.

([viii]) التكتم؛ الإخفاء:    concealment

([ix])  الخديعة: deception

([x]) الصدق: telling truth

([xi]) صدق: Truthfulness

([xii]) جون جي. ميرشيمر، مصدر سبق ذكره، ص48.   

([xiii]) التغطيات الشنيعة: ignoble cover-ups

([xiv])  مستحق: well deserved

گۆڤاری ئایندەناسی ژمارەی چواردەیەم (14)، ئەیلول 2022

 

Send this to a friend