• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
September 25, 2022

مێژووی جێگرەوە

(بەدیل – alternatehistory- Allohistory  )

 ئامادەكردن: هەردی مەهدی میکە

        مێژووی جێگرەوە؛ دووبارە ڕانان و خوێندنەوەی مێژووە، لە دیدگایەکی نوێوە کە ڕێگە دەدات بە ئاڵوگۆڕی ئەو ڕووداوانە و دانانی ڕووداوی دیکە کە دەکرا لە مێژووی ڕابردوودا ڕوویان دابایە، بە واتایەکی دی: ڕوانین و پێداچوونەوە بۆ سیناریۆی بەدیل و جێگرەوە بۆ ڕابردوو.

لە ئینگلیزیدا کورتکراوەی “AH”، یاخود “althist”، یان “alternatehistory” و لە عەرەبیدا “تاریخ البدیل”  و لە فارسییشدا “تاریخ بدیل” و “تاریخ جایگزین”، بۆ مێژووی جێگرەوە بەکار دێت.

مێژووی جێگرەوە ڕووداوگەلێکە کە لە هیچ سەردەمێکدا ڕوویان نەداوە، سوودی ئەم جۆرە دیدگایە بۆ مێژوو، هەروەک نووسەرانێکی وەک مارسینیاک باوەڕیان وایە ئەم ڕووداوە خەیاڵبۆکراوانە بەگشتی بەرەو دنیایەکی باشترمان ئاڕاستە دەکەن و بەنزیکەیی ڕۆڵێکی وەک شارە نموونەییەکان یان شارانی خودا لە دنیای فەلسەفە و مێژوودا دەبینن، چونکە شار و کۆمارە نموونەییەکان یان شارەکانی خودا کە وێنا کراون، نموونەی بەرزیی باشترین ژیان وێنا دەکەن کە هیچ کات مرۆڤایەتی بەخۆیەوە نەیبینیون. مێژووی جێگرەوە شێوەیەکی جیاوازە لە ڕوانین بۆ ڕابردوو، دیدگایەکی دیکەی ناباوە، تەکنیکێکی نوێیە بۆ خستنەڕووی مێژووی ڕووداو و شوێن و دیاردە و کەسایەتییەکان، ئەم ڕوانینە نزیکەی سەدەیەک لە تەمەنی خۆی لە نووسینەوەی مێژوودا تێپەڕاندووە و قۆناغەکانی پەرەپێدانی خۆی بڕیوە. بەڵام وەک ڕەگەزێکی سەربەخۆ تا ساڵانی نەوەدەکان تا ڕادەیەک چوارچێوە و سنووری کاری و پۆلێنەکانی ناڕوون بوون، بەڵام لە ساڵی ١٩٩٥دا سێ کەس لە چالاکانی ئەدەبی کە هۆگری مێژووی جێگرەوە بوون بە ناوەکانی سیلڤەر (Steven H. Silver)، لیپەر (Evelyn Leeper) و پسپۆڕێک بە ناوی شمونک (Robert B. Schmunk)، دامەزراوەیەکیان بە ناوی خەڵاتی سایدوایز (Sidewise Awards) دامەزراند. ئەم دەزگایە بە باوەڕی شنایدەر-مایرسون (Schneider-Mayerson) مێژووی جێگرەوە بە ڕەگەزێکی ئەدەبی پۆلێن دەکات. دەزگاکە هەر ساڵێک کتێبێک و چیرۆکێکی کورت بە مەرجێک لە چوارچێوەی مێژووی جێگرەوەدا کاری کردبێت؛ خەڵات دەکات و بەرهەمانێکی ئەو بوارەش دەناسێنێت. هەروەها هەر لەم بوارەدا ماڵپەڕی “www.uchronia.net“ی دامەزراندووە، کە یەکێکە لە گەورەترین ئەرشیڤەکانی بواری مێژووی جێگرەوە. جگە لەمەش، ژمارەیەکی بەرچاو لە توێژینەوەی لەم بوارەدا لە گۆڤاری “تیۆرە و مێژوو” لە ساڵی ٢٠٠٢دا وەشاند، “ڕۆزنفیڵد”یش بە توێژینەوەیەک بەرهەمانێکی لە بارەی مێژووی جێگرەوەوە باس کردووە.

ئەگەرچی نموونەی زۆر لەم جۆرە دیدگایە لە نووسینەوەی مێژوودا کەمن، بەڵام هەن. ئەم دیدگایە لە پۆلێنبەندیی بوارەکاندا بە کایەیەک دادەنرێت لەنێوان ئەدەب و مێژوودا و زۆر تەکنیک و میتۆدیان لە یەکەوە نزیکە و بگرە تێکەڵیشە.

ئەدەبی مێژووی بەدیلیش بریتییە لە پێکهاتەیەک کە لە ئاوێتەکردنی تایبەتی خەیاڵی ئەدەبی، خەیاڵی زانستی و خەیاڵی مێژوویی چنراوە. مێژووی جێگرەوە بەوە پێناسە کراوە کە نووسینەوەی چیرۆک یان نووسینەوەی ڕووداوە مێژووییەکانە بە شێوازێکی جیاواز لەوەی کە لە کەتواردا ڕوویان داوە، یان بریتییە لە مێژووی دەرکپێکراو کە لە بازنەی زانراو و بەدیهیاتەوە دەمانگوازێتەوە بۆ بازنەی نەزانراو و گریمانەکان، بەمەش دەرگا دەکاتەوە بۆ هۆگرانی مێژوو بەوەی کە خەیاڵی لە ڕەوتی ڕووداوەکانی مێژوودا بجووڵێنن بە جۆرێک پەی ببەن بە گێڕانەوەی جیاواز لەو گێڕانەوە باوانەی لە سەردەمەکانی پێشوودا ڕوویان داوە و گێڕدراونەتەوە، هاوتا لەگەڵ پەیبردن بە جۆرێک لە چارەسازیی جددی و ئەقڵانی لە نووسینەوەی ئەم مێژووە جێگرەوە (بەدیلە)دا.

بیرۆکەی مێژووی جێگرەوە پشت بە گریمانەگەلێک دەبەستێت کە لە ڕووداوێکی دیاریکراوی ڕابردوودا ڕوویان نەداوە، یان ڕوویان داوە بە شێوازێکی جیاوازتر، وەک ئەوەی گریمانەی ڕوودانی جەنگێک دەکەین لە ڕووداوێکی مێژووییدا کە لایەنێکی دیاریکراو تێیدا سەر بکەوێت و بەم خەیاڵکردنە و گریمانەکردنەی سەرکەوتنە، گێڕانەوەی ڕووداوەکە پێچەوانەوە دەبێتەوە، هێزێک لە واقێعدا شکستی خواردووە، بەڵام لە مێژووی جێگرەوەدا بە سەرکەوتوو لەقەڵەم دەدرێت و لێکەوتەکانی ئەم سەرکەوتنەش لە داهاتووی ئەو ڕووداوەدا ڕوون دەکرێتەوە و دەگێڕدرێتەوە.

مێژووی جێگرەوە هەوڵێکە بۆ پەرەپێدانی هۆشیاریی مێژوویی بە شێوەیەکی داهێنەرانە، ئەمەش نەک لە ڕوانگەی زانیارییە مێژووییەکانەوە یان وەستان لەسەر هەقیقەتە مێژووییەکان بەتەنها، بەڵکوو لە ڕوانگەی توانا و دەستشکان بەسەر ئایندە و ئاسۆی ڕووداوەکانەوە، چونکە ئەگەر ڕووداوگەلێکی کتوپڕ لە داهاتوودا ڕوو بدەن و پێشبینییان بۆ بکەین، ئەوا توانایەکی زیاترمان لەسەر ئاڕاستەکردنی ڕەوتی ڕووداوە دیاریکراوەکان دەداتێ، هەروەک ئەوەی چۆنێتی مامەڵە لەگەڵ جەنگی سێیەمی جیهانیدا گریمانە بکرێت. بۆ نموونە؛ نووسەران دەتوانن پێشبینیی ئەوە بکەن لەو جەنگە نوێیەدا گەر ڕووسیا بچێتە نێو ئۆکرانیاوە، یان پێشبینیی ئەوەش بکرێت کە ڕەنگە سیبریا لە ئەوسەری ڕۆژهەڵاتی ڕووسیاوە جیا ببێتەوە، ئەمەش کارێکە کە بیرمەند و ستراتیژیستەکان پێشبینیی دەکەن، وەک ئەو نووسینەی جۆرج فریدمان لە بارەی ئاماژەکانی دەیەی ئایندەوە نووسیی و لە کۆمپانیای ستراتفۆر بڵاوی کردەوە.

هەنووکە لە هەندێک لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا، چیتر مێژووی جێگرەوە تەنها خەیاڵێکی زانستی نییە، بەڵکوو بوارێکی لێکۆڵینەوە زانستییەکانە و سەربەخۆییەکیشی وەرگرتووە، بەرهەمی ئەم جۆرە لێکۆڵینەوانەش تەنها لە لێکۆڵینەوە مێژووییەکاندا نابینرێت، بەڵکوو پەلی بۆ دنیای زانستی فەلەکناسی، فیزیا، ئەدەب، سینەما و هونەر و… هتد کێشاوە. بەشێکی کارە تەرخانکراوەکان بۆ جەنگی ئەستێرەکان لە سینەمادا و دۆزینەوە زانستییەکان لە دەزگا فەلەکناسییەکان و لاپەڕە ئەلیکترۆنی و سایتەکان نموونەی ئەو کایانەن کە پشتیان بە مێژووی جێگرەوە بەستووە، ئەم بوارانەی ئاماژەیان بۆ کرا، پشت بەو گریمانانە دەبەستن و ئەو ڕووداوانە دەگیڕنەوە کە ڕوویان نەداوە و لەسەر ئەوە ڕووداوەکان دەچننەوە کە چی دەبوو ئەگەر بە پێچەوانەی ئەمەی ئێستا لە دنیادا هەیە؛ ڕووی دابایە؟ ئەمەش بۆ ئەوەیە مرۆڤ وێنای ئەو جیهانە بکات و ئەو دەرئەنجامە مەزنانە ببینێت کە ڕەنگ بوو لە میانەی ململانێ و جەنگ و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە ڕووی دابووایە.

بەشێکی زۆری توێژینەوە ئایندەییەکان پشت بەو مێژووە جێگرەوە دەبەستن، چ بە نووسینەوە یاخود لانی کەم بە ئامادەیی ئەو بەدیلە مێژووییانە لە زەینیاندا کە ئەم بوارە دەیانداتێ بۆ ئەوەی جیهانی ئایندەیی لەسەر بینا بکەن. لەسەر ئەم بنەمایە؛ نەخشەی جیهان، جۆری سیستمەکان، شیرازە دەوڵەتی و نێودەوڵەتییەکان و… هتد جۆرێکی دی وێنا دەکەنەوە، یاخود بۆ چارەسەری پەشێوییەکی هەرێمایەتی وێنای ئایندەیەک دەکەن و تێیدا کارەکتەرە هەرێمییەکان پێچەوانە دەکەنەوە یان جێگرەوەیان بۆ دادەنێن و گریمانە دەکەن بەوەی ئەگەر ئەو نێوچەیە بەم شێوەیە بەڕێوە ببرێت؛ باشتر دەبێت و ئارام دەبێتەوە.

جیاکەرەوەیەک کە مێژووی جێگرەوە سوودی لێ وەردەگرێت، بریتییە لە نەخشەکان کە ڕێگائاسانکەرن بۆ وێناکردنی ئەو جیهانە جیاوازەی بیری لێ دەکرێتەوە و ئاسانتر دەمانگەیەنن بە جیهانی گریمانەکراو، بە جۆرێک لەگەڵ کرۆکی ئەو گریمانە و گێڕانەوە جێگرەوەدا بگونجێت کە کاری لەسەر دەکرێت. بۆ نموونە؛ سنوورە سیاسییەکان و نەخشەی سیاسیی وڵاتان جۆرێکی دیکە وێنا دەکەنەوە و دەستکاری سنوورەکان دەکرێت و بچووک و فراوان دەکرێن و گریمانەیەکی سیاسی یان ئەمنی یاخود کۆمەڵایەتیی پێ دادەڕێژن. نموونەیەکی دیکە ئەو نەخشە سیاسییانەن کە پەیتاپەیتا لە کتێب و سایتەکاندا دادەبەزێنرێن و تێیدا سنووری وڵاتان دەستکاری کراون و وڵاتان پارچەپارچە دەکرێن و وڵاتی نوێش گریمانە دەکرێت بۆ نەخشەڕێی ئایندە، هەروەک زۆر جار نەخشەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست تێک دەدرێتەوە و بۆ نموونە کوردستان و فەڵەستین و هەرێمی سوننەی عێراق وەک دەوڵەتێک نیشان دراون و عێراق و ئێران و تورکیاش تێیدا بچووک کراونەتەوە یاخود هەڵوەشێنراونەتەوە.

یاخود بۆ نموونە یەکێک لە هۆگرانی مێژوو، گریمانەی ئاگربەستێکی لە ساڵی ١٩٤١دا لەنێوان بەریتانیا و ئەڵمانیای نازیدا کردووە و جیهانی پاش ئەو ئاگربەستەی ڕێک پێچەوانە کردووەتەوە جیاواز لەوەی کە ئێستا دەیبینین، لەو مێژووە بەدیلەدا ئەڵمانیا بەسەر یەکێتیی سۆڤێتدا سەر دەکەوێت.

سەرچاوەکان

– مرتضی نورائی و زهرە رضایی (1399)، تاريخ جايگزين و كاركرد آن در همگاني سازي تاريخ، مجلە تاریخ نگری و تاریخ نگاری.

– سلیمان محمد الخطیبی الکعبی (2018)، موسوعة استشراف المستقبل، القندیل للطباعة و النشر، دبی.

– شبکە النبا المعلوماتیە (2020)، “التاریخ البدیل”، https://annabaa.org/arabic/historic/25193.

گۆڤاری ئایندەناسی ژمارەی چواردەیەم (14)، ئەیلول 2022

Send this to a friend