• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
July 30, 2018

كتێبی (ئایندەی كەركوك لەنێوان هەولێرو بەغدا) لە مەراسیمێکى زانكۆی سلێمانیدا ناسێنرا

بە چاودێری د. یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستىی و بەسەرپەرشتی پ.ى.د. رەزا حەسەن حسێن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و بەئامادەبوونی ژمارەیەك لە ئەندامی ئەنجومەنی زانكۆو مامۆستاو رۆشنبیران و نوسەران، لە بەروارى (٢٩ /٧ /٢٠١٨) لە كتێبخانەی ناوەندی زانكۆی سلێمانی مەراسیمێك بۆ ناساندنى کتێبى (ئایندەی كەركوك لەنێوان هەولێرو بەغدا) ڕێکخرا کە بەرهەمى پرۆژەیەکى زانستى سەنتەرەکەمانە (سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئایندەیی) کە بەهاوبەشى لەگەڵ (سەنتەری لێكۆڵینەوەی یاسایی و سیاسی  كۆلێژی یاسای زانكۆی سلێمانی) ئەنجامدراوە.

سەرەتای مەراسیمەكە بەوتەیەكی سەرۆکى زانکۆى سلێمانى (د. رەزا حەسەن حسێن) دەستىپێکردو بەڕێزیان رایگەیاند: بڵاوكردنەوەو چاپكردنی ئەم جۆرە لە كتێب بە ئەركێكی گرنگی زانكۆی سلێمانی دەزانین. سەرۆكی زانكۆ وتیشی: كتێبی ئایندەی كەركوك لە نێوان هەولێرو بەغدا پرژەی چەند لێكۆڵینەوەكی زانستیی گرنگە لەسەر مێژوو جوگرافیا و دیمۆگرافیای شاری كەركوك و دۆخى ئەمنى و کارگێڕى ئێستا و ئایندەی ئەو شارە لەسەر ئاستى هەرێم و عێراق و لاى هێزە نێودەوڵەتیەکان، بەرهەمهێنانی ئەم كارەش جێگای دەستخۆشییەو هیوای شتی باشترو باشتریان لە توێژەرانى هەردوو سەنتەرەکە خواست، هەروەها وتی: ئەم كتێبەش بەرهەمێكی تری ناوازەیە بۆ سەر خەرمانی فیكری و مەعریفی و كتێبخانەی كوردی.

دواتر ووتەیەک لە لایەن سەرۆکى سەنتەرەکەمان (سەنتەرى لێکۆڵینەوەى ئایندەیى) پ.ى.د. ئومێد رەفیق فەتاح پێشکەشکرا و بەڕێزیان بەكورتی باسی لە ناوەڕۆك و ئامانجی لێكۆڵینەوەكانی ناو كتێبە کرد كە تایبەتە بە ئایندەی شاری كەركوك لەنێوان هەولێرو بەغداو ئەو گۆڕانكارییە سیاسییانەی كە هۆكاری كاریگەربوون لەسەر ئایندەی ئەو شارە كوردستانەییە.

سەنتەرەکەمان بە ئەرکى خۆى دەزانێت سوپاسى سەرۆکایەتى زانکۆ و سەنتەرى لێکۆڵینەوەى یاسایى و سیاسى بکات بۆ هاوکاریکردن و هاوبەشى پرۆژەى کتێبى ئایندەى کەرکوک، هەروەها سوپاسى بێپایانى بەڕێز (د. مهاباد) بەڕێوەبەرى كتێبخانەی ناوەندی زانكۆی سلێمانی دەکات کە ئەرک و ماندووبونێکى زۆرى کێشا لە ڕێکخستن و ئەنجامدانى مەراسیمەکەدا، نموونەیان زۆربێت.

Send this to a friend