• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
September 13, 2021

سەردەمی ڕەئیسی و ئایندەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

ئیرشاد ڕەشیدی – توێژەری سیاسی و مامۆستا لە زانكۆی ئازادی كرماشان

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە (9)ی ئه‌یلولی 2021ی گۆڤاری ئایندەناسی

بەرایی

باسکردن لە سیاسەتی ئێران بەپێی هێز و پێگەی سیاسی و مێژوویی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی، هەردەم گرنگیی خۆی هەیە. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوای تەواوبوونی سیانزەیەمین هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری ئێران، دەرکەوت کە زۆربەی کۆمەڵگای کوردی وەک بەشەکانی دیکەی وڵات، زیاتر لە نیوەی خەڵک بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢١-ی سەرۆککۆماریان کردووە و نزیکەی نیوەی بەشداربووانیش بەپێی ئەوەی کە پێشوەخت لە سەركەوتنی ڕەئیسی دڵنیا بوون، بە ڕەئیسی دەنگیان داوە. لێرەدا جیاوازییەکی وەها لەگەڵ بەشەکانی دیکەی ئێراندا نەبوو، بێجگە ڕێژەی کەمتری بەشداری و ئەوەی کە کوردەکان لە خولەکانی پێشوو زۆرتر دەنگیان بە ڕیفۆرمخوازەکان دەدا. لێرەدا پرسیار ئەوەیە سەرۆککۆمارێکی بناژۆخواز و یەکدەستبوونی دەسەڵات لەژێر حوکمی ئسوڵگەراکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چ دۆخێک دروست دەکات؟ هەلەکان و مەترسییەکانی پێش کورد چین و سیناریۆکان چین و چۆن دەبن؟

پرسی کورد لە ئێران، ڕوانگەیەکی ئەمنی

دوای چەند ساڵ لە شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران، سیاسەت و دەسەڵات لە کۆماری ئیسلامی بەسەر دوو باڵی چەپ و ڕاستی حیزبی کۆماری ئێران کە دوایی بوون بە ڕەوتی ڕیفۆرمخوازی و بناژۆخواز؛ دابەش بووە و زۆربەی پێشبڕکێی هەڵبژاردنەکان لەنێوان بەربژێوانی ئەم دوو ڕەوتەدایە. بەڵام لەم هەڵبژاردنانەی سەرۆککۆماری و ئەنجومەنی شار و گوند (٢٠٢١) و هەروەها هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئێران و ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەری (مجلس خبرگان رهبری) لە ساڵی ٢٠٢٠، دەسەڵات بەتەواوی کەوتە ژێر ڕکێفی هێزە بناژۆخوازەکان (ئسوڵگەرا).

هەر لە یەکەم ڕۆژی سەرکەوتنی شۆڕشی ١٩٧٩-ی ئێران و هاتنە سەر حکومەتی کۆماری ئیسلامی بە ڕێبەرایەتیی ئایەتوڵڵا خومەینی، زنجیرە پێکدادانی سەربازی لەلایەن دەسەڵاتی ناوەند و هێزە کوردییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووی دا. هێزە کوردییەکان ئەودەم داوای دابەشکردنی دەسەڵات و سامان و هێز لە تەواوی ناوچەکانی وڵات و دیموکراسی بۆ ئێران و ئۆتۆنۆمی  بۆ کوردستانیان دەکرد، بەڵام دەسەڵاتی نوێ لە تاران دیسان وەک سەردەمی دەسەڵاتی  پەهلەوی لەسەر ناوندێکی بەهێز لە تاران دامەزرایەوە، نەک باوەڕی بە دابەشکردنی هێز نەبوو، بەڵکوو لەبەر ئایدیۆلۆژیی دینی–شیعی، هیچ هێز و دەسەڵاتی دیکەی بە مەشرووع و ڕەوا هەژمار نەدەکرد و تەنانەت هەندێ جار ڕەنگی دەسەڵاتی نیمچەتۆتالیتاریانیزمیشی بەخۆیەوە گرتووە([i]).

دوای چەند ساڵ شەڕ و پێکدادانی قورسی سەربازی و سەرکەوتوونەبوونی دانوستانەکان، تاران توانیی بە زبری هێزی سوپا و ئەرتەش لەسەر زۆربەی ناوچەکانی کوردستان زاڵ بێت و حیسابیش بۆ هیچ حیزب و لایەن و تاقمی کوردی نەکات، تەنانەت ئەوانەی کە ئایدیۆلۆژیی ئیسلامییان هەبوو و زۆریش لەگەڵ ئایەتوڵڵا خومەینی تەبا بوون.

دەسەڵاتی ئێرانی و ئێرانیەت یان ناسیۆنالیزمەکەی، لە سەردەمی پاشایەتی بەملاوە تا دەگاتە کۆماری ئیسلامی، لەسەر سێ بنەمای سەرەکیی ئایینزای شیعە، زمانی فارسی و مێژووی کۆنی ئەفسانەیی ئێرانی دامەزراوە. لە کاتی حوکمڕانە جیاوازەکانیش، هەریەک لەو بابەتانە بەجیا بەها و ڕەنگدانە وەی زیاتری بووە بە نیسبەت ئەوانی دیکە.

نزیکەی چل ساڵە ئەزموونی سیاسەتی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بە نیسبەت پرسی کورد، نیشانی دەدا کە ئەو پرسە وەک هێڵی سوورە و لە ڕوانگەیەکی سیاسی-ئەمنییەوە سەیر دەکرێت. ئەم تێڕوانینە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە تاکی کورد ڕەنگە لە ڕووی شوناسەوە بەشێ لە مێژووی هاوبەشە لەگەڵ ئێران، بەڵام کورد خۆی خاوەن زمانێ سەربەخۆیە و زۆربەشیان لەسەر مەزهەبی شیعە نین، هەر ئەمە وای کردووە جیاوازی دروست ببێت و زۆربەی داواکاری و چالاکیی کوردەکان لەلایەن تارانەوە بە گومان و هەڕەشە لەسەر ئەمنی قەومیی وڵات هەژمار بکرێت و هەندێ جار بەتوندی بەرەنگاریی ئەو چالاکی و گۆڕانکارییانە ببنەوە.

عەلی یوونسی وەک وەزیری زانیاریی (ئیتلاعات) دەوڵەتی محەمەدی خاتەمی و جێگری فەرمانگەی ئەقوام و ئایینزاکانی سەرۆککۆماری حەسەنی ڕۆحانی ، پێی وایە قەیرانی داهاتووی ئێران پرسی ئەتنیکی (قەومی) و کۆمەڵایەتییە([ii]). بەهائەدین ئەدەب، نوێنەری پێشووی کورد لە پەرلەمانی ئێران لە قۆناغی دەسەڵاتی ئسوڵگەراکان، دەڵێت: لە ناوچە کوردییەکان گوشارێکی زۆر هەیە، بۆچوونی ئەمنی و سەربازی بەسەر کوردستان و کوردەکان چڕتر بووە و تەنانەت سەرۆکپارێزگا کوردییەکان هەر ئەم بۆچوونەیان هەیە و ئامادە نین هیچ کارێک بۆ پەرەسەندن و پێشکەوتنی سیاسی و  ئابووری ئەنجام بدەن([iii]). زۆربەی بابەتەکان بە ئەمنی سەیر دەکرێ، بۆ نموونە هونەرمەندی کورد شارام نازری دوای 10 ساڵ گەڕایەوە زێدی خۆی لە کرماشان و كۆنسێرتێكی ساز كرد کە سوپای پاسداران و  لایەنە بناژۆخوازەکانی دەسەڵات ناڕەزایەتیی خۆیانیان دەربڕی و کردیان بە مەلەفێكی سیاسی([iv]). تەنانەت چەند مانگ لەمەوبەر، نوێنەری ئایەتوڵڵا خامنەیی لە کوردستان بەڕوونی باسی ئەوە دەکا کە ڕێبەری ئێران پێی وایە پێویستە تێڕوانینی ئەمنی بگۆڕدرێ بۆ تێڕوانینێکی فەرهەنگی([v]). هەر چەندە جیاوازیی بیری و تیۆری سیاسی لەنێوان ڕەوتی ڕیفۆرمخوازی و بناژۆخوازدا هەیە، بەڵام لە پراکتیکدا هەردوو لەسەر ئەم ڕوانگەیە یەک دەگرنەوە.

لە کۆتایی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران–عێراق و لە سەردەمی دەسەڵاتی هاشمی ڕەفسەنجانی، دیسکۆرسی زاڵ لە سیاسەتی دەوڵەتەکەی دەبێتە “economy-first”، یان یەکەم ئابووری و بنیاتنانەوەی وڵات لەسەر گەشەی ئابووری. لێرەدا پرسی کورد و کەمینەکانی دیکە دادەبەزێ بۆ وەڵامێکی ئابووری و باشتربوونی ژیانی ماددی و ڕۆژانە، لە ئەنجامدا ئەگەر هاتوو دۆخی ئابووریی ئەو ناوچانە چاک ببێت، ناڕەزایەتییەکان کەم دەبنەوە و نەیارییەکان کەمتر و لە درێژخایەندا دەبێتە هۆی بەهێزبوونی یەکێتیی نیشتمانیی وڵات و هەڕەشەکان کەمتر دەبێتەوە. ئەم شێوازەی مامڵەكردن لەگەڵ پرسی کورد، لای زۆربەی توێژەرە ئێرانییەکان هەر وایە، ڕۆژهەڵات جیاواز لە پارچەکانی دیکە هەژمار دەکەن و پێیان وایە کورد لە ئێران ڕەنگە خولیای سەربەخۆییان بێت، بەڵام لە واقیع نە بزاڤی سیاسی و حیزبەکان بەشوێن ئەوەوەن و نە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ڕۆژهەڵات وەهایە، لای کۆمەڵگای کوردی ئێران ئەولەویات شتانی دیکەیە([vi]) کە دیسان دەگەڕێتەوە بۆ ئابووری، لە سەردەمی  دەوڵەتی خاتەمی و بگرە تا ئێستاش بەردەوامە. بەڵام لە ڕاستیدا هیچ کات ئەو وەبەرهێنان و گەشەی ئابوورییە لە ڕۆژهەڵات ڕووی نەدا، هێشتا پارێزگا کوردییەکان لە ئامارەکاندا لە بەشی پارێزگا هەژارەکان هەژمار دەکرێن، بەتایبەت کرماشان و ئیلام و کوردستان.

هەموو ساڵ بە کۆکردنەوەی ڕێژەی بێکاری و ئاماری هەڵئاوسان، ئیندێکسی بەدبەختی لە ئاستی پارێزگاکانی ئێران بەفەڕمی لەلایەن سەنتەری ئامار بڵاو دەبێتە. ئەمساڵ دوو پارێزگای کرماشان و کوردستان هەردووی لە ئاخری ڕیزبەندییەکەدا بوون([vii]) و خراپیی دۆخی ژیانی ڕۆژانە و ئابووری لە کوردستان بەڕوونی دەردەخات. لەسەر ڕێژەی بێکارییش کە نزیک لە سەددا بیستە، هەرسێ پارێزگا کوردییەکەی کوردستان، کرماشان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە بەشی خواری ئامارەکاندا و دۆخی نالەباری ئابوورییان بەڕوونی دەردەکەوێت([viii]).

دۆخی ئێران بەگشتی

بایکۆتی هەڵبژاردنەکان لەلایەن زیاتر لە نیوەی دەنگدەران، نیشاندەری ئەو ناڕەزایەتییە قووڵەی کۆمەڵگای ئێرانی بوو کە دەرئەنجامی بەتایبەتی خراپی و ناسەقامگیریی باری ئابووریی وڵات و گرانیی ڕۆژانە (بۆ چەندین ساڵ ڕێژەی هەڵئاوسان نزیک لە سەددا ٤٠ دەبێت) و نەبوونی ئازادیی سیاسی و مەدەنی، زاڵبوونی تێڕوانینی ئەمنی بەسەر وڵات و… هتد، هەمووی بووە هۆکار بۆ قووڵبوونەوەی قەیرانەکانی ناوخۆیی وڵات و زیادبوونی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان. بۆ نموونە: ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵگای ئێرانی لە خۆپیشاندانەکانی ٢٠١٧، ٢٠١٨، ٢٠١٩ و ٢٠٢١([ix]) کە زۆربەیان لە سەرەتا بۆ گرانی و بێکاری (ڕێژەی بێكاری: ٩.٦%)([x]) و خراپیی دۆخی ژیان دەستی پێ دەکرد و لە ئاخردا دەبووە دژایەتیی سیستم و داواکاری بۆ گۆڕینی دەسەڵات([xi])([xii]). داواکاریی کوردیش لەم دۆخەدا نەک وەڵام نادرێتەوە، بگرە بە توندترین شێوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت وەک ئەوەی لە خۆپیشاندانەکانی کرماشان و جوانڕۆ و مەریوان بەتوندی خۆپیشاندانەکان سەرکوت کران و کوژراو و برینداریشی لێ کەوتەوە.

لە بابەتی سیاسی، ڕیفۆرمخوازان بەتەواوەتی لە ساحەی سیاسی دوور خراونەتەوە و دەسەڵاتەکان بەتەواوی لە دەست بناژۆخوازانی نزیک لە بەیتی ڕێبەری و سوپای پاسداران و دامەزاوەكانی دادوەرییە. ئەم دۆخە نوێیە نیشاندەری ئەوەیە کە حکومەتی ئێران خۆی ئامادە دەکات بۆ گۆڕانکاریی گەورە لە وڵاتدا کە ڕەنگە زیاتر لەبەر دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی ئایەتوڵڵا خامنەیی بۆ ڕێبەری نوێیە، کە بەپێی تەمەنی (٨٣ ساڵ) هەر ئەگەرێک لەپێشە، دەسەڵاتی ئەمنی و سەربازی دەیانەوێت لە وەها دۆخێکدا کونترۆڵی تەواویان بۆ پێشهاتە نادیارەکان، بەتایبەت خۆپیشاندانی خەڵک کە لە بێمتمانەیی بە دەسەڵات گەیشتووەتە لوتکە. ئایەتوڵڵا خامنەیی لە تازەترین قسەیدا قبووڵی ئەو ڕاستییە دەکات و دەڵێت: “متمانەی خەڵک گەورەترین سەرمایەی حکومەتە کە بەداخەوە تا ڕادەیەکی زۆر زیانی لێکەوتووە”([xiii]).

لە بابەتی سیاسەتی دەرەوە، بەپێی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، سزا و گەمارۆی تەواوی لەسەرە، نەوت بەفەرمی نافرۆشێ  و هەموو ئابووریی تێکەڵاوی بازاڕی ڕەش و قاچاخ بووە، ئەمانە بوونە هۆی ئەوەی نەختینەی پارەی بانکی ناوەندی دابەزیوە بۆ ٤ میلیارد دۆلار([xiv]) کە ئاستێکی زۆر مەترسیدارە. لەم چەند ساڵەدا ئیسرائیل بەئاشکرا لە ئێران جاسووسی و تێرۆر و بۆمبارانی ئەنجام داوە، هێشتا دەوڵەت نەیتوانیوە پێشی بگرێ. پەلهاویشتنی سەربازی تا دەریای ناوەڕاست و یەمەن بارگرانی و گوشارێکی زۆری لەسەر دەوڵەت دروست کردووە، بەڵام ئێران هیچ کات گۆڕانی بنەمایی لە سیاسەتی ناوچەی خۆی نەکردووە.

ئێران و ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان

 پێویستە لە ساحەی گەورەتر لە سیاسەتی ناوخۆیی ئێران سەیری پرسی کوردی ڕۆژهەڵات بکرێت و بەتایبەت پەیوەندیی ئێران و حکومەتی هەرێمی کوردستان کاریگەریی هەیە لە سیاسەت و ئابووری و تا ڕادەیەکیش مەلەفی ئەمنیی ڕۆژهەڵات. ڕاستی ئەوەیە دروستبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت گەشە و پەرەسەندنی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی لەدوای ڕووخانی دەسەڵاتی سەددام و شەڕی داعش و ڕیفراندۆم، بووە هۆی دووبارە گڕسەندنەوەی هەستوسۆزی کوردایەتی و سازبوونی زیاتری باوەڕمەندیی تاک و کۆمەڵگای کوردی بە خۆیەوە. بە بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم، خەڵکی ڕۆژهەڵات لە زۆربەی شارەکان بە شیرینی ڕژانە سەر شەقام و بە شایی دەربڕین، وەک دەستکەوتێ نەتەوەیی سەیریان دەکرد. ئەودەم دەسەڵاتی ناوەندیی ئێران نەک تەنیا ئیدانەی کرد کە بە ڕاستەوخۆ سیاسەتی دژایەتیی بە نیسبەت هەرێم گرتە پێش. لێرەدا دابەشکاریی کۆمەڵایەتی لە بابەتی شوناسی کوردی–ئەوی دیکە؛ تۆختر بوویەوە، بەتایبەت دوای گرتنەوەی کەرکووک بە دەست بەغدا. بێهیواییەکی تەواو کۆمەڵگای کوردی دەگرێتە بەر و  بە نیسبەت چارەسەری دیموکراتیک و ئاشتییانەی پرسی کورد، بۆ داهاتووی نادیار دیسان دوا کەوت و هەموو شت بەدەست قەدەری نادیار سپێردرا.

کۆمەڵگای کوردی لە سیاسەتی ناوخۆی ئێران بە چەند لایەن دابەش دەبن: ١. ڕیفۆرمخوازەکان، ٢. بناژۆخوازەکان، ٣. ئیسلامییەکانی بەفەرمی ناسراو (وەک جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاحی ئێران)، ٤. ئیسلامییەکانی دژ بە نیزام، ٥. ئۆپۆزسیۆن سکۆلار دژبەری نیزام (دیموکرات و کۆمەڵە و…)، ٦. بێلایەنەکان.

بێجگە لە ڕیفۆرمخواز و بناژۆخوازە کوردەکان، هیچ لایەنێکی دیکە لە ساحەی سیاسیی ئێران ڕێگەپێدراو نین. سیاسەتی دەسەڵاتی ناوەندیی ئێران بە نیسبەت حیزبە کوردییەكان، ئۆپۆزسیۆن لە ڕێگای داپڵۆسان و دوورخستنەوە لە سنوورەکان و کۆمەڵگای کوردی ڕۆژهەڵات بەڕێوە دەچێت تا هێزیان بتوێننەوە و بەرەو لاوازیی تەواویان ببەن. بەشێکی زۆری کورد لە سەردەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری ساڵی ١٩٩٧، بە ڕێژەیەکی بەرچاو بۆ دەنگدان بە محەمەد خاتەمی بەشدارییان کرد. بەڵام دیسان کاتی دابەشکردنی پۆست و هێز و سامانی وڵات، تا ڕادەیەکی زۆر بێبەش کران. گەرچی ئەو ڕۆژنامە و ڕێکخراوی مەدەنی و ئەدەبییانەش کە لەو دەمەدا دامەزران، تاڕادەیەک بوونە دەستکەوتی بەشداریی کورد لە هەڵبژاردنەکان کە پلانی فەرمیی ڕیفۆرمخوازان بوو بۆ هەموو ئێران و بەهێزکردنی کۆمەڵگای مەدەنی و کەمکردنەوەی ئەو دەسەڵاتخوازی لە ناوەندەوە دژ بە بەرژەوەندییەکان و هێزی بناژۆخوازان بوو، بەڵام ئەوانیش بەجۆرێک لە جۆرەکان یەک لەدوایەک ڕاگیران و هەڵوەشێنرانەوە.

لەم چەند ساڵەدا کە دەسەڵاتی ناوەندی دووچاری قەیرانی ڕەوایی بووە، فەرهاد ئەمین پوور نووسەر و ڕۆژنامەنووس، دەڵێت: هەردوو لایەنی ڕیفۆرمخواز و بناژۆخوازی تووشی قەیرانی شەرعیەت هاتوون، هەر بۆیەش پێویستە کورد بە مەبەستی بەدواداچوونی بۆ داواکاری و مافی خۆی؛ بیر لە دۆزینەوەی ڕێگای تازە بکاتەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە ساحەی سیاسیی ئێراندا قورسایی هەبێت([xv]). دەنگدان بە ڕەئیسی بەپێی ئەوەی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەر لە شەش مانگی پێشەوە دیار بوو، بە نیسبەت کورد بێمنەتیی پێوە دیارە بەتایبەت کە بەپێی ڕێژەی زۆری بایکۆتی هەڵبژاردن، لەوە دەچێ دەوڵەتی نوێ ئاوڕێکی وەهاش بەسەر کوردستان نەداتەوە. بۆ نموونە: پارێزگاکانی سیستان و بەلوچستان و خوزستانی عەرەب، پارێزگاری تایبەتیان بۆ دادەنرێت تا کێشە و گرفتەکانیان خێراتر چارەسەر ببێت، بەڵام هیچ پارێزگایەکی کوردی ئەوەی بۆ دانەنراوە.

لەم دۆخەشدا کۆمەڵگای کوردستان و ئێرانیش بەگشتی زۆر ئەتۆمیزە (atomized) بووە، یانی خەڵک پەرتەوازە بوون و لە کۆمەڵگا بۆیان ناکرێت هاوپەیمان بن لەگەڵ یەك بۆ گۆڕان یان ڕووخانی دەسەڵات، کێشەکان ئەوەندە زیادی کردووە، هەر کەسە و تەنیا خەمی ژیانی ڕۆژانەی خۆیەتی.

هەلەکان بۆ کورد

پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری، ڕەئیسی لە سیاسەتی ڕاگەیەنراوی خۆیدا، لە کاتی سەردانی فراکسیۆنی سوننەی پەرلەمان کە جەلالی مەحموودزادە نوێنەری شاری مەهابادە؛ سەرپەرشتیی دەکات، گفتوگۆ و بەڵێن دراوە لەسەر  ژێرخانی ئابووری و پەرەپێدانی ناوچە ئیتنیکی و ئایینییەکان و خوێندن و دامەزراندنی گەنجانی سوننە و دیاریکردنی بەرپرسانی سوننە لە پۆستە سەرەکییەکان و هەروەها پتەوکردنی سنوورەکان و دووبارە کردنەوەی سنوورەکان([xvi]). بەرپرسی کورد لە دەوڵەتی نوێدا بوونی هەیە، بەڵام بەبێدەنگی. لە دەوڵەتانی پێشوو هەمیشە یەک یان دوو وەزیری کورد لە ئایینزای شیعە لە کابینەی حکومەتدا هەبوون و بە برایانی کوردی ئێمە باسیان دەکردن، وەک بیژەن نامداری زەنگەنە لە چەند دەوڵەتدا وەزیر بووە، عەبدوڵا ڕەمەزانزادە وتەبێژی دەوڵەتی خاتەمی… و چەندین وەزیری بە ڕەچەڵەک کوردی دیکەش تا ئێستا لە دەوڵەتدا هەبوون، بەڵام سەیر ئەوەیە لە کابینەی ڕەئیسیدا، وەزیری کورد (حوجەت عەبدولمەلکی) هەیە، بەڵام ناڵێن کوردە و نەک ڕەچەڵەک، کە شاری لەدایکبوونی بۆ هەژمار دەکەن([xvii]). ڕەنگە بەپێی کاریگەریی هێزە سەربازییەکانی سوپا و گرووپ و تاقمی بناژۆخوازەکان لە پاڵپشیتی دەوڵەتی ڕەئیسی بۆ سەرکەوتنی بەرنامە و سیاسەتەکانی، لە ناوچە کوردییەکانیش بە دانانی بەرپرسانی کوردی ناوچەکان لە دەزگا و فەرمانگە فەرمییەکان وەک پێشوو ئیدامەی هەبێ. سوپای پاسدار لە بابەتی کۆڵبەری و سنوورەکان کارئاسانی بۆ جێبەجێکردنی بەشی لە بەڵێنەکانی دەوڵەتی نوێ بدات، کە دەتوانن کاریگەرییان هەبێت لە دۆخی ئابووریی کوردستان و ژیانی ڕۆژانەی خەڵک.

بەڵام لە بابەتی سیاسی و فەرهەنگیدا بەپێی هەڵسوکەوتی پێشووی ڕەوتی ئسوڵگرایی، لەوە دەچێت دۆخەکە بەرەو داخستنی زیاتر هەنگاو بنێت و چالاکییە مەدەنییەکانیش گوشاری زیاتریان بخرێتە سەر و هەزینەی ڕەخنەگرتن و چالاکیی سیاسییە سەربەخۆکان (موستەقل) سەخت و زیاتر بێت.

سیناریۆکان

بەهێزترین سیناریۆ، گەڕانەوەی ئێران بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمیی “بەرجام”ە. دەوڵەتی ڕەئیسی هەر چەندە لای هێزە پاڵپشتەکانی ڕەنگە ڕەخنەشی لێ بگیرێ، بەڵام ئەودەم ئێران ڕۆژانە نزیک لە دوو ملیۆن و نیو بەرمیل نەوت دەفرۆشێت و ڕۆژانە سەدان ملیۆن دۆلاری دەست دەکەوێت. دەسەڵات دەتوانێ لە قەیرانی ئابووری و گرانی و گوشاری سەر خەڵک کەم بکاتەوە و دەست بە بەرهەمهێنانی نوێ بکات، ئەودەم ڕەنگە ناڕەزایەتییەکان کەمتر ببێتەوە و بۆ کونترۆڵی دۆخی کۆمەڵگا پێویستی بە دەستبردن بۆ سەرکوتی سەربازی و توند نەبێت. پاساوی ئەم سیاسەتە یەکەم ڕاستیی خراپی و قەیرانی قووڵی ئابووریی وڵاتە کە دەتوانێ ببێتە هەڕەشە لەسەر سیستم و هەروەها دەگەڕێتەوە بۆ فەتوای ئایەتوڵڵا خومەینی وەک بنیاتنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران کە دەڵێت: “پاراستن و مانەوەی حکومەتی ئیسلامی لە هەموو واجبێکی شەرعی واجیبترە” (حفظ نظام اوجب واجیات است)([xviii]).

دەوڵەتی ڕەئیسی نەگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمیی “بەرجام”: لە ئاوەها دۆخێکدا سزا و گەمارۆکان لەسەر ئێران دەمێنێتەوە و دۆخی پڕ لە قەیرانی ئابووریی وڵات بەرەو بارگرانیی زیاتری ژیانی ڕۆژانە و داڕمانی ئابووری دەڕوات. دۆخی ئابووری و بەدوای ئەودا شیرازەی کۆمەڵایەتیی وڵاتیش تا ڕادەیەکی زۆر بەرەو تێکچوون دەچێت. لەم دۆخەدا کۆمەڵگا تەنیا بە چاودێریکردنێکی پۆلیسی و زبریی هێزی سەربازی کونترۆڵ دەبێت و دەسەڵاتی ناوەند چون ڕێگای دیکە بۆ مانەوەی لە دەسەڵات بەدی ناکات، ئەودەم سیاسەتی توند بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان لەپێشی دەگرن.

دۆخی سەڵامەتی یان مەرگی ئایەتوڵڵا خامنەیی بەپێی تەمەنی کە لە دەیەی نۆیەمی ژیانیدایە، یەکێک لە ڕووداوە گرینگەکانە کە دەتوانێ گۆڕانکاریی تایبەت بۆ داهاتووی ئێران و کوردستان بهێنێتە کایەوە. بوونی ئایەتوڵڵا خامنەیی وەک ڕێبەرێ کە زیاتر لە سێ دەیەیە هەموو جومگە و بەشەکانی هێز و سیاسەت لەژێر دەستی خۆیدایە و هەژموونی تەواوی لەسەر سیاسەت و حوکمڕانیی ناوخۆیدا بەپێی ئایدۆلۆجی و یاسای وەلایەتی موتڵەقەی فەقیھ نواندووە و هەموو هێز و لایەنێک بۆ مانەوەیان پشت بە ئەو دەبەستن. یەکدەستی و سەقامگیریی دەسەڵاتی ناوەندی تا ڕادەیەکی زۆر گرێدراوی باری تەندروستی و بوونی ئایەتوڵڵا خامنەای لە ژیاندایە، تێکچوونی باری سڵامەتی و نەبوونی بۆ هەڵبژاردنی ڕێبەری نوێ، دەستاودەستکردنی دەسەڵات، ڕەنگە بەهێمنی زەحمەت بێت، کاتێک ناڕەزایی توندی ناوخۆیی و فشاری قورس و ئیفلیجکەری دەرەکی و شەڕی دەسەڵاتی گرووپ و تاقمە بەشداریکەرەکانی دەسەڵات بوونیان هەیە کە هەر کامیان لە پێناو هێز و بەرژەوەندیی خۆیاندان([xix])، لە وەها دۆخێکیشدا ڕەنگە دەسەڵات بەرەو ڕووخانیش بڕوات، بەڵام جێگرتنەوەی بە دیموکراسی، پێویستی بە کۆمەڵگای مەدەنییە. بە پەرتەوازەیی و لاوازیی کۆمەڵگای مەدەنی، تەنانەت ئەگەر گۆڕانی ڕژێمیش ڕوو بدات، لە گۆڕانێکی ڕووکەشی و فەڕمی تێپەڕ نابێت، بەڵکوو ڕەنگە هێزێکی دیکە لە ناوەڕۆکی سیستمی کۆماریی ئیسلامی دەست بەسەر وڵاتدا بگرێت([xx]). ڕەنگە لە وەها دۆخێکدا حیزبەکان کە هێزی چەکداریان هەیە، بەپێی دروستبوونی بۆشاییەکان لە ناوخۆی وڵات دۆخەکە بۆ چالاکییان ڕەخساوتر بێت.

ئەنجام

پرسی سەرەکی و سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە دەگەڕێتەوە بۆ بەشداریی ڕاستەقینە لە دەسەڵات، دابەشکردنی دادپەروەرانە و یەکسانی هێز و سەروەت و سامانی وڵات، نەمانی جیاکاریی شارومەندی و لەسەرووی هەموویانەوە مافی چارەی خۆنووسین، هەر هەمووی گرێ دراوە بە داهاتووی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە یان دەبێ حکومەت ڕیفۆرمێکی بنەمایی لە ئایدیۆلۆجی و سیاسەت و یاسا و دەمودەزگای بەڕێوەبەری وڵاتدا ئەنجام بدات، یان دەسەڵاتی نوێ بێتە سەرکار، یان تێکچوونی وڵات بۆ داهاتوویەكی نادیار.

لە كۆتاییدا دەتوانین بڵێین ئەوەی ئێرانی چاوسوورتر کردووە و لەسەری گرەو دەکات، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕاستییە کە گراهام فوولر لە کتێبەکەی بە ناوی “ناوەندی گەردوون: جیۆپۆلەتیکی ئێران([xxi])” باسی دەکات و گرنگیی جیۆپۆلەتیکی ئێران وای پێ کردووە کە لە کاتی لاوازییشدا زلهێزەکان بیپارێزن و پێشی دابەشکردنی  بگرن و هەندێ جاریش پاڵشتی دەکرێت لەبەر پاراستنی بەرژەوەندیی زلهێزەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و هاوسەنگیی ناوچەیی. گرەوی دیکەی کۆماری ئیسلامی لەسەر ئەمەریکایە، پێیان وایە لەمەبەدوا نایەوێت دەستتێوردانی سەربازی لە ناوچەکەدا بکات و تەنازولیش دەکات بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی نوێ و ئێرانیش دەستی واڵاترە لە سیاستی ناوچەیی خۆیدا و ئیسرائیلیش لە نەبوونی ئەمەریکادا ورەی هەڕەشە و ئۆپەراسیۆنی دژ بە ئێرانی نامێنێ. سێیەم گرەوی کۆماری ئیسلامی لەسەر دروستنەبوونی ناڕەزایەتیی گەورە و مەترسیداری جەماوەرییە بۆ گۆڕان یان ڕووخانی دەسەڵات لەبەر ئەو کونترۆڵی ئەمنی تەواوەتی بە هەموو قەیرانەش کە هەیەتی. چوارەمین گرەو لەسەر ئابوورییە و پێیان وایە ئێران دەتوانێ نەوت و غاز هەناردە بکات و دۆخەکە تێپەڕێنێت و بارگرانیی سەر خەڵک و ناڕەزایەتییەکان کەم بکاتەوە. گرەوی پێنجەم لەسەر یەکدەستی و یەکدەنگیی ئسوڵگەراکان و ناوەندەکانی هێز بۆ کاتێک کە ڕێبەری نوێی ئێران دەسەڵات دەگرێتە دەست. هەر هەمووی ئەم گرەوانە وەک شمشێری دامۆکلسە، بەو مانایە هەر کام لەم گرەوانە بگۆڕدرێت ڕەنگە قەیرانەکان بۆ کۆماری ئیسلامی ئەوندە مەترسیدار ببن کە کۆنترۆڵیان نەمێنێت و ئێران بەتەواوی تێک بخوا و شیرازەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی لەدەست دەرچێت

([i]) https://muse.jhu.edu/journals/jod/summary/v016/16.4milani.html, A Historical Perspective

Abbas Milani

([ii]) www.bbc.com/persian/iran/2009/05/090512_mf-ir88-aalami

([iii]) www.radiofarda.com/a/f7_Iran_Ahmadinejad_Political_Revenue/399192.html   کارنامه دو ساله احمدی نژاد؛ دولت و آزادی های مدنی

([iv]) https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/2905201423 کۆنسێرتێکی نازری ناڕەزایەتیی سوپای پاسدارانی لێ دەکەوێتەوە.

([v]) https://kurdpress.com/fa/news/4131/ تبدیل نگاه امنیتی به فرهنگی در کردستان از تاکیدات رهبری است

([vi]) https://fa.shafaqna.com/news/347181/ آینده بهتر در انتظار کردهای منطقه/ جعفرحق‌پناه

([vii]) www.amar.org.ir/ درگاە آمار ایران

([viii]) www.amar.org.ir/ درگاە آمار ایران

([ix]) https://www.bbc.com/persian/iran-57909705

([x]) www.amar.org.ir/ درگاە آمار ایران

([xi])https://www.rferl.org/a/iranians-rally-in-support-of-protesters-sentenced-to-death/30732083.html

([xii])https://www.nytimes.com/2019/12/01/world/middleeast/iran-protests-deaths.html

([xiii]) https://farsi.khamenei.ir/news-content?id=48573نخستین دیدار هیئت دولت سیزدهم با رهبر انقلاب

([xiv]) https://www.iranfocus.com/en/economy/46772-irans-government-has-just-4-billion-in-gross-official-reserves/

([xv]) http://gorannews.ir/kurdi/1398/11/11/  هەردوو ڕەوتی سیاسیی ڕیفۆرمخواز و بناژۆخواز تووشی قەیرانی شەرعیەت هاتوون.

([xvi]) https://www.tasnimnews.com/fa/news/1400/03/20/2518314/ناگفته‌هایی از دیدار علمای اهل سنت ‌با رئیسی/علمای اهل سنت دیدگاه مثبتی به آیت‌الله رئیسی دارند.

([xvii]) https://www.farsnews.ir/news/14000520000579/ رئیسی فهرست وزرای پیشنهادی دولت سیزدهم را به مجلس معرفی کرد+ سوابق

([xviii]) http://www.imam-khomeini.ir/fa/c76_15369 چه واجبی واجب تر از…

([xix]) https://www.radiofarda.com/a/khamenei-and-finding-next-supreme-leader/29985269.html

([xx]) https://www.radiofarda.com/a/commentary-on-why-no-revolution-going-to-happen-in-Iran/29726929.html مهدی خلجی چرا در ایران انقلاب نمی شود

([xxi]) The center of the universe : the geopolitics of Iran, Boulder, Colo. : Westview Press, 1991, Graham E. Fuller

گۆڤاری ئایندەناسی ژمارە نۆی (9) ئەیلولی 2021، ساڵی دووەم

Send this to a friend