• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
September 14, 2021

بەڕێوەبردنی ڕووسیاییانەی قەیرانى سووریا و كاریگەریی لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان

ژیلوان لەتیف یارئەحمەد – توێژەر

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە (9)ی ئه‌یلولی 2021ی گۆڤاری ئایندەناسی

بەرایی

پاش تێپەڕبوونی یازدە ساڵ بەسەر شەڕی سووریا و یەكلاییبوونەوەی ڕێژەیی بەشێك لە ململانێی هێزەكانی بەشدار لەو قەیرانەدا، ئەوەی تێبینی دەكرێت سەرکەوتنى ڕووسیایە كە توانیویەتی بە بەڕێوەبردنی كێشەكان و نێوانگیری لەنێوان لایەنە ناكۆكەكان بەتایبەتی توركیا، سووریا و كورد و هەوڵدان بۆ دروستكردنی هاوسەنگی؛ ڕووداو و گۆڕانكارییەكان ئاراستە بكات و دۆخێك بهێنێتە كایەوە كە هیچ لایەنێك نەتوانێت بەبێ ڕێکكەوتن و هەماهەنگی لەگەڵ ڕووسیا، بیر لە جێبەجێكردنی نەخشەی سیاسیی تایبەت بە خۆی بكاتەوە، هەر ئەمەش وای كردووە كە حكومەتی سووریا سەرباری هاوپەیمانیی ستراتیژی لەگەڵ ئێران؛ زیاتر گوێڕایەڵی ڕووسیا بێت. توركیا بۆ پشتێنەی ئەمنی، دواجار ناچار بێت ڕووسیا قایل بكات و كوردیش زیاتر لە ئەمەریكا ئومێدیان بە پشتگیریی ڕووسیا بێت. هەر بۆیە ڕووسیا سەربارى ئەوەى خاڵی بەهێز و یەکلاکەرەوەیە لە پاراستنى حکومەتى سووریادا، لە ئێستادا بە هۆی پاشەکشەى هێزەکانى ئەمەریکا لە ڕۆژئاواى کوردستان، وەک فریادڕەسێک بۆ پاراستنى هاوسەنگیی کورد و لایەنەکانى تر لەنێوان قەیرانى سووریادا بەدیار کەوتووە. لەم سۆنگەیەوە هەوڵ دەدەین ئاماژە بە کاریگەرییەکانى ڕووسیا لەسەر قەیرانى سووریا و ڕۆژئاواى کوردستان بکەین.

 

ستراتیژى دەرەوەى ڕووسیا لەدواى ساڵى 2000-ەوە

پوتن لەگەڵ دەستبەکاربوونیدا سیستمى نوێى جیهانیى تاک جەمسەرى ڕەت کردەوە، لەو ڕووەوە پەیوەندیى لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا ڕێک خستەوە کە پێشتر دژى سۆڤیەت بوون، هاوکات لەگەڵ تورکیا، میسڕ، سعودیە، ئێران و ئیسرائیل پەیوەندییەکانى بەهێزتر کرد و بەپێی توێژینەوەیەکى “ئاژانسى ئارناشیست” لەساڵى 2005 بۆ 2007، لە گۆڕەپانى نێودەوڵەتیدا ڕووسیا گەڕایەوە پێگەکەى خۆى(١).

لە ئاستى هەرێمیدا پوتن بە ئاراستەى دوورخستنەوەى مەترسییەکانى ئەمەریکا و هاوپەیمانیى باکوورى ئەتڵەسى (ناتۆ) لەسەر وڵاتەکەى و دوورخستنەوەیان مانۆڕی کرد، هەوڵی دا هەژموونى خۆى لە وڵاتانى نزیک سنوورەکانى بسەپێنێت، بەتایبەت کە پێگەى ڕووسیا تێیدا لاواز بوو. یەکێک لە هەنگاوەکانیشى بە ئاراستەى جۆرجیا و ئۆکرانیا بوو کە پێگەیەکى جیۆسیاسیى بەهێزیان هەیە و هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتانى خۆرئاوا(٢)، بەڵام پوتن لە ڕێگەى گرووپە جوداییخوازەکانەوە هەوڵی دا هەژموونى ڕووسیا لەو وڵاتانە بسەپێنێت، دواتر “نیوەدوورگەى قرم”ى خستە سەر وڵاتەکەى، ئەوەش ڕێگر بوو لەوەى جارێکى تر “شۆڕشى پرتەقاڵى” لە ئۆکرانیا سەر هەڵبداتەوە، نوێنەرەکانى خۆى نارد بۆ قرم تا حکومەتێک پێک نەهێنرێت کە خواستى سەرمایەداری و مەیلی خۆرئاوایی هەبێت(٣).

لەم قۆناغەدا کرملن ویستى ئەوە پیشانى ئەمەریکا و جیهان بدات کە تواناى گۆڕانکاریى گەورەى هەیە، ئەوە بوو لە ٣١ى ئۆگەستى ٢٠٠٨ ڕووسیا دەستوەردانى سەربازیى لە جۆرجیا کرد وەک ئاڵنگارییەک بۆ ئەورووپا و ناتۆ لە ناوچەکە و تا ئەندازەیەک سەرکەوتوو بوو(4).

گۆڕانى قەیرانى سووریا بۆ ململانێى چەکداری

لە سەرەتاى سەرهەڵدانى قەیرانى سووریا، توندوتیژى و دیاردەکانى خۆپڕچەککردن لەسەر دۆخى گشتیى وڵاتەکە ڕەنگى دایەوە بەتایبەت لەلایەن هۆز و عەشایرەکان بۆ بەرگریکردن لە خۆیان، دواى ئەوەى سوپا بە هێز هەوڵى سەرکوتکردنى ناڕەزاییەتییەکانى دەدا. لە 9ى جونی ٢٠١١دا، ئەفسەر حسێن هەرمووش بە ڕاگەیاندنى جیابوونەوەى خۆی لە سوپاى سووریا؛ لیواى ئەفسەرە ئازادییخوازەکانى دامەزراند، دواتر ژمارەیەکى زۆر لە ئەفسەر لە سوپاى سووریا جیا بوونەوە و گرووپى چەکدارییان دروست کرد، ڕۆژانە شەڕ و پێکدادان ڕووی دەدا. بەردەوامیى توندوتیژیى دەسەڵات بەرامبەر خۆپیشاندەران، هۆکارێکى سەرەکى بوو بۆ ئەوەى قەیرانى سووریا سەر بکێشێت بۆ ململانێى چەکداری و خوێناوی(6).

پاش دروستبوونى گرووپى چەکداری، شەڕ و پێکدادان پارێزگاکانى سووریاى گرتەوە، سوپاش بەتەواوى دابەش بوو. دواتر لە 29ى جولای ٢٠١١دا سوپاى سووریاى ئازاد لەلایەن ڕیاز ئەسعەدەوە دامەزرا کە سەرجەم ئەو ئەفسەرانەى لەخۆ دەگرت کە ڕەتیان کردبووەوە بەرامبەر خۆپیشاندەران چەک هەڵبگرن(٧).

لەم هەلومەرجەشدا زەمینەى دەستوەردانەکان ڕەخسا، سەرنەکەوتنى چارەسەرى ئاشتییانە بۆ قەیرانى سووریا، بەتایبەت کە هەریەکە لە ئێران، ڕووسیا و چین  پاڵپشتیى مانەوەى بەشار ئەسەدیان دەکرد،  لە لایەکى تریشەوە هەریەک لە ئەمەریکا، فەڕەنسا، بەریتانیا، تورکیا و سعودیە خواستى لێخستنیان هەبوو.

لێکەوتەى قەیرانى سووریا؛ هاتنەئاراى گرووپە تیرۆریستییەکان بوو بەتایبەت گرووپى داعش کە لە ساڵى 2013 ڕووبەرێکى فراوانیان لە پارێزگاکانى حەلەب، ئیدلب، ڕەقە و دێرەزوور کۆنترۆڵ کرد، نزیکەى 35%ی خاکى سووریایان بەدەستەوە بوو. جگە لەوەش بەرەى نوسرە کە سەر بە ڕێکخراوى قاعیدە بوو، لە سووریا دروست بوو، بەمەش سووریـا بووە ناوەندى گەشەکردنى مۆدێلی نوێی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان(٨).

ئامانجەكانی ڕووسیا لە قەیرانى سووریا

پاڵپشتییەکانى ڕووسیا بۆ سووریا لە دەستپێکى قەیرانەکەوە، تەنها ئامانج لێى هاوکاریی مرۆیی نەبووە بۆ ئەو وڵاتە، بەڵکوو هاوکارییەکان کۆمەڵێک ئامانجى ترى لە پشتەوە بوو، زۆربەشى لە بەژەوەندیى وڵاتەکەى بەکارى هێناوە، ئێمە لەم باسەدا ئامانجە سیاسی، سەربازى و ئابوورییەکانى ڕووسیا لە سووریا دەخەینە ڕوو کە بە درێژایی قەیرانى سووریا هەوڵى بۆ داوە.

– ئامانجە جیۆسیاسییەکان

چەندین هۆکار لەپشت ئامادەبوونی ڕووسیایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دیارترینیان هێشتنەوەی بارودۆخی ئێستای پەیوەندییەکانیەتى، هەروەها بەرگریکردن لەو ڕژێمانەى كە ئێستا لەسەر حوكمن، ئەویش لە پێناو سەقامگیریی ئەمن و ئاسایش، بە واتایەكی تر: ڕووسیا لەگەڵ ئەو گۆڕانكارییانەیە كە لەناو سیستمی حوکمڕانیدا دروست دەبێت، نەك لەگەڵ ئەو گۆڕانكارییانەی كە بە هۆی ناڕەزایەتییەکانەوە لە وڵاتانی ناوچەكە بەرپا ببێت(9).

وەزارەتى دەرەوەى ڕووسیا بەرنامەیەکی ستراتیجیی دوورمەودا پەیڕەو دەکات، کاتێک ڕووسیا لە قەیرانى ئۆکرانیادا ڕۆژئاوا دژی دەوەستانەوە، دەبوو لە ناوچەیەکی دیکە قەرەبووی بکاتەوە، ڕووسیا دەیەوێت بنکە سەربازییەکەی لە تارتوس و سیستمی ڕادارەکانی دژی ناتۆ و تورکیا بپارێزێت(10).

فاکتەری تیرۆر هۆكارێکى تری  ئامادەیی ڕووسیایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەو واتایەی شەڕ لە دژی تیرۆر و ڕێگری لە کردەوەى تیرۆر لەبەرامبەر مۆسکۆدا، بەتایبەت بوونى گرووپە توندڕەوەکانى باکوورى قەفقاز کە ئەزموونی کردەی چەکدارییان لە عێراق و سووریادا هەیە، ڕووسیاش لە ڕێگەی بەھێزکردنی ئامادەیی سەربازیی خۆی لە سووریا، پەیامێک بۆ ڕای گشتی بنێرێت کە بە هۆی بڵاوبوونەوەى گرووپە تیرۆریستییەکان لە سنوورەکانى، ڕووسیا لەبەردەم ھەڕەشەی ڕاستەوخۆی گرووپە جیهادی و ئیسلامگەراکاندایە(١١).

ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بۆ ڕووسیا گرنگیى تایبەتیى خۆى هەیە، هەر بۆیە ڤلادمێر پوتن قەیرانى سووریا و پێگەى وڵاتەکەى بەکار هێنا تا هێزى خۆى بەرامبەر ئەمەریکا پیشان بدات، چونکە بە هۆى  پێگەى جیۆستراتیژى و جیۆئیکۆنۆمیی سووریا کە درێژ دەبێتەوە بۆ دەریاى سپیى ناوەڕاست و گەیشتن بە تورکیا، لوبنان، ئیسرائیل و عێراق، ئەوە وا دەکات ئەو ناوچانە بۆ ڕووسیا  قووڵایی ستراتیژیى هەبێت و بەئاسانى دەستبەردارى نەبێت و گۆرەپانەکە بۆ ئەمەریکا چۆڵ نەکات(١٢).

لە لایەکى ترەوە كەمبوونەوەی کاریگەریی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، ڕووسیا بەدوای پەرەپێدانی دەسەڵاتی خۆیەتى تا وەكوو هێزێكی گەورە خۆی نیشان بدات. مۆسکۆ واى دەبینى ئەمەریکا دەیەوێت نەخشەى ناوچەکە لە بەرژەوەندیى خۆى بگۆڕێت، بۆ ئەوەش واشنتۆن سووریاى وەک ناوچەیەکى نموونەیی دەبینى و ڕووسیاش کە پەیوەندییەکى مێژوویی لەگەڵ سووریـا هەیە؛ لە هاوپەیمانەکانى دوور بخاتەوە، ڕووسیاش هەستى بەوە کردبوو بە ڕووخانى حکومەتى ئەسەد ناوچەکە لەدەست دەدات و ئەمەریکا نزیک دەبێتەوە لە ناوچەى قەوقاز و ئاسیاى ناوەڕاست، هەر ئەوەشى بە مەترسى بۆ سەر وڵاتەکەى دەبینى، لەم سۆنگەیەوە ڕووسیا ئامانجى ئەوە بوو کە پارێزگارى لە هاوپەیمانەکانى بکات لە ناوچەکە، یاخود وەک ئەوەى لاڤرۆڤ لە کۆڕبەندى برۆکسل بە بەشداریی وەزیرانى دەرەوەى پەیمانى سەنتۆ ڕایگەیاند کە چیدی مۆسکۆ خواستى گۆڕانى شکڵی نییە و دۆستەکانى لەبەردەم دۆخی نەخوازراوی قەیرانى سووریادا بێ مەرج دەپارێزێت(١٣).

لە جووڵە و نیازەکانى واشنتن، ئیدارەى مۆسکۆی لە باری شپرزەییدا هێشتبووەوە، هەر بۆیە بەهۆی ڕەخساندنى زەمینەى جموجووڵە چەکدارییەکان، ڕووسیا بەخێرایی دەستوەردانى لە قەیرانى سوریادا کرد، پۆتن بەئاشکرا بانگشەی ئەوەى دەکرد بە کەوتنى “ئەسەد”، ئەمەریکا و وڵاتانى خۆرئاوا هاوپەیمانەکانى تریشی دەڕووخێنن، بەتایبەت ئێران کە هاوپەیمانى ستراتیژیى ڕووسیایە، ئەوەش دەبێتە هۆى ئەوەى ڕووسیا هێڵى بەرگریى یەکەمى بەرامبەر وڵاتانى خۆرئاوا لە ناوچەکە بڕووخێت و نائارامیى سیاسى و ئەمنى لە سنوورەکانى ڕووسیا نزیک بێتەوە.

خەونی گەیشتن بە”ئاوە گەرمەکان” لای ڕووسەکان کۆنە، بۆیە کەوتنى ڕژێمەکەى ئەسەد لاى ڕووسەکان لێکدانەوەى ئەوەى بۆ دەکرا وڵاتەکەیان لە ناوچەى ئاوە گەرمەکان گەمارۆ دەدرێت کە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشى نەتەوەییان، هاوکات پێگەى سووریا نزیکیى لە جۆرجیاى سەر بە قەوقاز کە ناوچەى جێى ململانێى ڕووسیا و ئەمەریکایە، لە ڕووى جیۆسیاسییەوە گرنگیی زۆرە و جێى بایەخە، چونکە ڕووسیا لەو ناوچەیەوە ڕووبەڕووى وڵاتانى خۆرئاوا دەبێتەوە و ڕێگرى دەکات لە هەژموونى ئەمەریکا و ناتۆ لە ناوچەکە.

– ئامانجە سەربازییەکان

دەستوەردانى سەربازیى ڕووسیا بەپێی لێدوانى فەرمیى وەزارەتى دەرەوە کە لە ٢١ى ئۆگەستى ٢٠١٧دا بڵاو کراوەتەوە، بەئامانجى پارێزگاریکردن بوو لە بنکەى دەریایی “گرگوس” لە سووریادا کە تاکە بنکەى دەریایى ڕووسیا بوو لە دەریاى ناوەڕاست، کە بە ڕووخانى ڕژێمى ئەسەد پێگەى جیۆستراتیجیی ڕووسیا لە ئاوەکاندا دەکەوتە مەترسییەوە، وێڕای ئەوەش “گرگوس” بنکەیەکى سەرەکى بوو بۆ پڕچەککردنى سەربازە ڕووسەکان و کۆمەکی فڕۆکە سەربازییەکانی لە ناوچەکەدا، جگە لەوەش بنکەکە بۆ پارێزگاریکردن لە جووڵە بازرگانییەکانى ڕووسیا لە حەوزى دەریای سپیی ناوەڕاستدا بایەخێکى بەرچاوى هەیە(١٤).

یەکێکى تر لە ئامانجەکانى ڕووسیا، بەهێزکردنى پێگە سەربازییەکەیەتى لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ ئەم مەبەستە لە ساڵى 2015دا داواى لە سووریا کرد بنکەی ئاسمانیى “حمەیمیم” لە پارێزگاى لازقیە بەکار بهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر گرووپە چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکان، بەم هۆیەوە هێزێکى زۆرى ڕەوانەى ئەو بنکە ئاسمانییە کرد و کاریگەریی بەهێزی هەبووە لەسەر پێگەکەی لە ناوچەکەدا، بەم هۆیەوە لە ١٤ى سێبتەمبەری ٢٠١٧، سێرگى لاڤرۆڤ ڕایگەیاند هێزەکانیان بەهەمیشەیی لەو بنکە ئاسمانییە دەمێننەوە. ئەم دەستتێوەردانەی ڕووسیا وەڵامێکی مۆسکۆ بوو بۆ دوو دەیەی ڕابردوو لە قۆرخکردنی پڕۆسەکانی شەڕ و ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لەلایەن ئەمەریکا وەکوو زلهێزێک بەبێ ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ڕێگەی بە خۆی دەدا دەست لە کاروباری دەوڵەتانی تر وەربدات(15).

فاکتەرێکى بنەڕەتیى دەستوەردانى سەربازیى ڕووسیا لە سووریادا، بازرگانیى بازاڕى چەک بوو. تا ساڵی 2016 فرۆشتنی چەك و تەقەمەنی دووەمین سەرچاوەی داهاتی ڕووسیا بووە، وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست وەک کڕیارى سەرەکیى چەکی ڕووسین. لەنێوان ساڵانى ٢٠١٢ تا ٢٠١٦، ڕووسیا ٢٣%-ی هەناردەكردنی چەك و تەقەمەنییەكانی جیهانى پێک دەهێنا. هەر بۆیە لە قەیران و کێشمەکێشمە سیاسی و ئابوورییەکاندا  ناتوانێت بێلایەن بێت و خۆی بەدوور بگرێت(16).

سووریا بەردەوام کڕیارى چەکى ڕووسیا بووە، بەپێى ئامارەکان لە ساڵى 2005 بۆ 2010 ڕووسیا بە بڕى 3 ملیار دۆلار چەکى بە سووریا فرۆشتووە، لەو ماوەیەش تا ساڵى 2013، سووریا  بە بڕى 4 ملیار دۆلار چەکى لە ڕووسیا کڕیوە. بەپێى ئامارێکى ناوەندى شیکردنەوەى ستراتیژى و تەکنەلۆجى لە مۆسکۆ، لە ساڵى 2007 بۆ 2011، 78%ی چەکەکانى سوپاى سووریا لە ڕووسیا کڕدراون(17).

– ئامانجە جیۆئیکۆنۆمییەکان

نەوت و گاز قەبارەیەکى گەورەى هێزی ئابووریی ڕووسیا پێک دێنێت، دابەزینی بەهاى پەترۆل زیانێکى مەزنی بە توانا ئابوورییەکانى ئەو وڵاتە گەیاند. وڵاتانى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هۆی دەوڵەمەندى و زۆروزەوەندیى یەدەگی نەوت، خاڵی بنەڕەتى لە باوەڕی مۆسکۆ پێک دێنێت، ڕووسەكان بە شێوەیەك هەڵسوكەوت دەكەن كە پرسە ئەمنی و جیۆستراتیژییەكان لە ناوچەكە نەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی هەناردەكردنی نەوت و گاز لەلایەن وڵاتانی ناوچەكە و ئەم هۆكارەش ببێتە زیاتر دابەزینی نرخی نەوت و گاز، هەر بەم بۆنەیەوە مۆسكۆ لە هەوڵی لابردنی شەڕ و هاوسەنگییە.

سیماى ململانێ هەرێمییەکان لە سووریادا، جەنگى وزە و ڕێگاکانى گواستنەوەى گازى سروشتییە بۆ بازاڕەکانى ئەورووپا،  بەتایبەت پێشووتر قەتەر لەگەڵ سووریا بۆ جێگیرکردنی بۆریی گاز بۆ دەریای سپیی نێوەڕاست کەوتبوویە دانوستان. ئێران و عێراق ھێڵی بۆرییە گازەکانیان گەیاندووەتە ڕۆژھەڵاتی سووریا. مۆسکۆ لە پڕۆژەی “هێڵی بۆرییەکانی ڕۆژهەڵاتى سووریا” ناڕازییە کە ئێران و قەتەر گازەکەیان بەئاسانی بگەیەننە بازاڕەکانی ئەورووپا، چونکە دەیەوێت بەتەنیا بازاڕی گازی ئەورووپا کۆنترۆڵ بکات(18).

 هەوڵەکانى مۆسکۆ بۆ مانەوەى سووریا تەنها ئامانجى سیاسى و سەربازى نەبووە، بەڵکوو لایەنى ئابوورییشى هەبووە، چونکە سووریا یەکێکە لە هاوبەشە بەهێزەکانى ئابووریی ڕووسیا. بەپێى ئامارەکان، سووریا 20%ی بازرگانیى ڕووسیا لەگەڵ وڵاتانى عەرەبى پێک دەهێنێت، لە کاتێکدا قەبارەى بازرگانیى نێوان ڕووسیا و سووریا لە ساڵى 2010 نزیکەى 2 ملیار دۆلار  بووە، سەرەڕاى ئەوەى لەنێوان ساڵانى 2012 بۆ 2014 بە هۆى قەیرانى سووریاوە ئاڵوگۆڕى بازرگانیى نێوان سووریا و ڕووسیا کەمی کرد، بەڵام لە ساڵى 2015 ئاستى بازرگانیى ڕووسیا لەگەڵ سووریا بە ڕێژەى 23% بەرز بووەوە(19).

ئامانجێکى ترى ڕووسیا، پاراستنى هەناردەى غازە بۆ وڵاتانى ئەورووپا، چونکە بە کەوتنى سووریا، “پڕۆژەى هەناردەى غازى قەتەر” لە ڕێگەى سووریا، تورکیا و سعودیە بۆ وڵاتانى ئەورووپا دەچووە بوارى جێبەجێکردنەوە، ڕووسیا ترسى هەبوو پێگەى خۆى لە هەناردەى غاز بکەوێتە مەترسییەوە، ئەوەش بەپێی ناوەندی وزەى بازرگانیى ڕووسیا (KSAR)، زیانى ٢ ملیار مەتر سێجا لە بەرهەمهێنانى غاز لە ڕۆژێکدا بە ئابووریى وڵاتەکەى دەگەیاند(20).

ڕووسیا لەم چەند ساڵەى دواییدا پلانێکى تایبەتى داڕشت بۆ ئەوەى ئابووریى وڵاتەکەى بەهێز بکات، تا ساڵى 2020 گۆڕانکاریى گەورە بهێنێتە ئاراوە، لەناو پلانى پێشکەوتنى ئابوورییەکەیدا سووریاى تێدا بوو تا ئاستى پەیوەندییە ئابوورییەکانیان بەرز بکەنەوە، بۆیە دەستوەردانەکانى ڕووسیا لە سووریا  و مانەوەى هاوپەیمانە تۆکمەکەى کە ڕژێمەکەى ئەسەد بوو، بۆ پاراستنى بەرژەوەندیى ئابوورى و بازرگانیی خۆی بوو.

پێگە و كاریگەریی سیاسیى ڕووسیا لە سووریا              

ڕووسیا لە ماوەى قەیرانى سووریا چەندین دەستپێشخەریى کرد بۆ چارەسەرى قەیرانەکە، لە سەرەتادا داوای کرد دەستوورى سووریا بەهەماهەنگى لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان هەموار بکرێتەوە و هەڵبژاردنى پێشوەخت بکرێت، بەشار ئەسەدیش بۆى هەبێت خۆى کاندید بکاتەوە. لە ساڵى 2011دا لە ئەنجوومەنى ئاسایش پڕۆژەیاسایەکى پێشکەش کرد بۆ ڕاگرتنى شەڕ و مانەوەى ئەسەد لە دەسەڵات، بەڵام بە هۆى قایلنەبوونى وڵاتانى خۆرئاوا، پڕۆژەیاساکە شکستی هێنا. لە ساڵى 2012دا میخایل بۆگدانۆف؛ جێگرى وەزیرى دەرەوەى نارد بۆ سووریا بۆ ئەوەى نێوەندگیریى حکومەتى سووریا و ئۆپۆزسیۆن بکات، بەڵام دانوستانەکە سەرکەوتوو نەبوو(21).

هەوڵەکانى مۆسکۆ لە کاتێکدا بوو کە چەند کەناڵێکى ئۆپۆزسیۆنى سووریی لە وڵاتە پێک هێنابوو  کە ئەمەریکا بە “ئۆپۆزسیۆنى دەستکرد” ناویان دەبات، لەوانەش قەدری جەمیل -كەسایەتییەكی سیاسیی سوورییە كە پشتیوانی لە ئەسەد دەكات- و ڕەندا قەسیس -سەرۆكی بزووتنەوەی كۆمەڵگەی فرەیی، كە بەئاشكرا پشتیوانی لە سیاسەتەكانی پۆتین دەكات لە سووریا-، ئەم لایەنانە بەرەیەکیان پێک هێناوە کە بە “ناوەندێك بۆ كاروباری ڕامیاری و دەرەكی” ناسراوە و ڕاستەوخۆ سەر بە كرملینن، هەر چی “خالد محامید”ە كە ئەندامێكی تری ئۆپۆزسیۆنی سووریایە، بەڕوونی پشتیوانی لە سیاسەتەكانی مۆسكۆ دەكات لە تەواوى سووریادا(22).

جارێکى تر بە دەستپێشخەریى حکومەتى ڕووسیا، لایەنەکانى ئۆپۆزسیۆن کە 30 لایەن بوون، لەگەڵ حکومەتى سووریا بە سەرۆکایەتیى بەشار جەعفەرى نوێنەرى سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە مۆسکۆ کۆ بووەوە و  گەیشتنە ڕێککەوتن بە ناوى “بنەماکانى مۆسکۆ” لەساڵى 2012، بەڵام بە هۆى نەبوونى یەکهەڵوێستى و پەرتەوازەیی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان نەگەیشتنە ڕێککەوتن(٢٣).

لە بەردەوامیى قەیرانى سووریا، هەریەک لە ڕووسیا و چین لە ئەنجوومەنى ئاسایش چەندین جار ڤیتۆیان بەکار هێناوە لەوەى سزا بەسەر حکومەتى سووریادا بسەپێنرێت، چەندین جار ڕێگرییان کردووە لەوەى قەیرانى سووریا بچێتە دادگاى تاوانى نێودەوڵەتى و سەرەڕاى ئەوەش ڕووسیا دژى ئەوە وەستاوەتەوە کە دەستوەردانى سەربازیى دەرەکى بکرێت بۆ ڕووخانى حکومەتى سووریا، جگە لەوەى ئەو دوو وڵاتە ڤیتۆیان بەکار هێناوە بۆ ئەوەى ئەنجوومەنى ئاسایش سزاى ڕووسیا نەدات لە بەکارهێنانى چەکى کیمیایی دژى هاوڵاتیانى وڵاتەکەى(٢٤).

هەوڵەکانی مۆسکۆ بۆ چارەسەرى سیاسییانەى قەیرانى سووریا زۆر بوون، “کۆنگرەى ژنێڤ-١”  لە ٣٠ى جونى ٢٠١٢ بۆ چارەسەرى قەیرانى سووریا بەسترا، تیایدا پێشنیار کرا حکومەتێکى ڕاگوزەر بۆ سووریا پێک بهێنرێت، بەڵام لەلایەن ڕووسیاوە ڕەت کرایەوە، کۆنگرەکە لە هەنگاوى یەکەمدا شکستى هێنا، دواتر هەریەک لە جۆن کێرى وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکا و سێرگى لاڤرۆڤ وەزیرى دەرەوەى ڕووسیا بڕیاریان دا درێژە بە هەوڵەکانیان بدەن و بۆ ئەم مەبەستەش “کۆنگرەى ژنێڤ-٢”یان لە ٢٢ى یەنایرى ٢٠١٤ گرێ دا، بەڵام بە هۆى ناکۆکیى لایەنەکان و بەرژەوەندیى وڵاتانى ناوچەکە، کۆنگرەکە بە ئەنجامێکى ئەوتۆ نەگەیشت. وێڕای ئەوەش، بۆ چەندین جار کۆنگرەکانى ژنێڤ بەردەوامییان هەبووە لەنێوان ساڵانى (٢٠١٦-٢٠٢٠)، بەڵام سەرجەمیان بەبێ ئەنجام کۆتایی هات و تەنها هەوڵێک بوو بۆ لێکنزیکبوونەوەى حکومەت و ئۆپۆزسیۆنى سووریا.

ساڵی 2015دا ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری ژمارە (2254)ی ڕاگەیاند، بە مەبەستى گواستنەوەی پڕۆسەی سیاسی لە سووریا، كرملینیش سەرپەرشتیی دیارترینیان، ڕێكکەوتنەكانی “ئاستانە” و “سوتشی”ی کردووە، كە لە ڕواڵەتدا پشتیوانی بووە بۆ بڕیاری (2254)، بەڵام گفتوگۆكان بێئاکام بوون، بەتایبەت کە گرووپ و لایەنەکانى نزیک ئەمەریکاى فەرامۆش کردبوو، سەربارى ئەوەى ئەم هەوڵانە بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنێکى ڕواڵەتى و سەرلەنوێ شەرعیەتدان بە ڕژێمەکەى ئەسەد لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە بەتەواوى ڕەت کرایەوە(٢٥).

ڕووسیا لە هەوڵەکانى بەردەوام بوو بۆ پاڵپشتیى سووریا، بەرەیەکى هەرێمیى بۆ چارەسەى قەیرانى سووریا پێک هێنا، لە کانوونى دووەمى ساڵى 2017 “کۆنگرەى ئەستانە” لە پایتەخى کازاخستان بەسترا، کۆنگرەکە بە سەرپەرشتیی  تورکیا، ئێران و ڕووسیا بوو، لە کۆنگرەکەدا هەریەک لە حکومەتى سووریا و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان بەشدار بوون، لە ڕاگەیەنراوى کۆتایى کۆنگرەکەدا جەخت لە یەکپارچەیی خاکى سووریا کرایەوە و  لیژنەیەکى هاوبەش پێک هات بۆ چارەسەرى قەیرانى سووریا،”بەرەى نوسرە”ش وەک گرووپێکى تیرۆریستى ناسێنرا، بەڵام ڕووسیا ئامانجەکەى بەدەست هێنا و کۆنگرەکە بووە هۆى پارچەپارچەبوونى گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانى سووریا(٢٦).

هەوڵەکانى ڕووسیا بۆ بەردەوامیدان بە گفتوگۆ بۆ چارەسەرى قەیرانى سووریا بەردەوام بوو، ئەوە بوو لە ٣٠ى دیسەمبەری 2018 بە سەرپەرشتیى ڕووسیا، تورکیا و ئێران لە شارى “سوچى” لە ڕووسیا وەفدى حکومەتى سووریا و ئۆپۆزسیۆن کۆ بوونەوە، دواى چەند کۆبوونەوەیەک لەسەر 12 خاڵ ڕێک کەوتن کە گرنگترینیان پێکهێنانى لیژنەیەک بوو بۆ نووسینەوەى دەستوورى سووریا، بەڵام ئەو کۆنگرەیە لەلایەن ئەمەریکا، فەڕەنسا و بەریتانیا بایکۆت کرا و ڕایانگەیاند چارەسەرى قەیرانى سووریا پێویستە لە ڕێگەى نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بێت(٢٧).

ڕۆڵى سەربازیى ڕووسیا لە سووریا دواى ساڵى 2015

لە سەرەتاى سەرهەڵدانى ناڕەزایەتییەکانەوە، بەخێرایی کێشەکان تەقینەوە. ڕووسیا بە ناردنى هاوکاریى لۆجستى و ماددى پاڵپشتیى سووریاى کرد و دواتر چەکى بۆ سوپاى سووریا ڕەوانە کرد دژى هێزە چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکان، هەر چەندە وایان نیشان دا ناردنى چەک بۆ بەرگریکردنە نەک بۆ سەرکوتکردنى دەنگە ناڕازییەکان، بەڵام ئەو لێدوانە ڕێگریى نەکرد لەوەى وڵاتانى خۆرئاوا گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکان پڕچەک نەکەن(٢٨).

زیادبوونى ململانێ چەکدارییەکان و ئەگەرەکانى پێکدادانى گشتى، هێز و میلیشیاکانی ڕووسیاى بۆ نێو کێبڕکێ خوێناوییەکە کەمەندکێش کرد، هەر بۆیە لە ئەنجوومەنی ئاسایش گەڵاڵەنامەی (٢٢١٦)ی دژی حوسییەکان ڤیتۆ نەکرد. پاش ھەڵگیرسانی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٢٠١١، “عەلی مەملووک” سەرۆکی دەزگای ئاسایشی سووریا لە ٧ی جولای داوای لە سعودیە کرد کە یارمەتییەکانیان بۆ ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بوەستێنن، لە بەرامبەردا سعودیە داوای کرد کە ئێران و ھێزە شیعەکان لە سووریا بچنە دەرێ، بەڵام ئەسەد نەیتوانی جێبەجێی بکات و سەرەنجام ڕووسیا ناچار بوو بەدوای شکستە یەک لەدوای یەکەکانی سوپای سووریا، بەدیلێک بۆ ھەوڵە دیپلۆماسییەکان و چارەسەری قەیرانى سووریا  بدۆزێتەوە.

بەردەوامیى جەنگ وای کرد حکومەتى سووریا بەفەرمى داواى ڕەوانەکردنى هێز لە ڕووسیا بکات، بۆ ئەم مەبەستە لە ١٧ى ئۆگەستى ٢٠١٤دا “وەلیدو موعەلیم” وەزیرى دەرەوەى سووریا داواى لە مۆسکۆ کرد هێز ڕەوانەى وڵاتەکەى بکات، “دیمیترى بیسکۆڤ” وەزیرى دەرەوەى ڕووسیا ئامادەیی وڵاتەکەى نیشان دا، لە ٣٠ى یەنایەری ٢٠١٥دا ڕووسیا ٩٠٣ هێرشى ئاسمانیى ئەنجام دا لە سووریا و تا مانگى مارسى 2016 هێرشەکان بەردەوام بوون(٢٩). لەم بارەیەوە “سێرگی شۆیگو” وەزیری بەرگریی ڕووسیا لە وتارێکیدا کە لە کارگەی هێلیکۆپتەری رۆستڤێرتۆل لە شاری رۆستۆڤ-نا دۆنو پێشکەشی کرد، لە ئۆپەراسیۆنەکانی سووریادا زیاتر لە 320 جۆر چەک تاقی کراونەتەوە(٣٠).

دواى ئەوەى سوپاى سووریا خاکێکى زۆرى لەدەست دا و بەتەواوى لاواز ببوو، چەکدارانى ئۆپۆزسیۆن ناوچەیەکى بەرفراوانیان کۆنترۆڵ کرد، ئەوەش واى لە ڕووسیا کرد ژمارەیەکى زۆرى هێز ڕەوانەى بنکەى ئاسمانیى”حمەیمیم” بکات لە باشوورى پارێزگاى لازقیە، دواتریش هێزى ئاسمانى و زەمینیى ناردە بنکەى سەربازیى “گرگوس”، هاوکات مۆسکۆ و دیمەشق هەماهەنگیى سەربازییان دژى گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکان ئەنجام دا. بەردەوامیى هاوکاریى سەربازیى ڕووسیا، لاوازبوونى گرووپە چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکانى لێ کەوتەوە، جگە لەوە بەشێکى زۆرى خاکى سووریا لەلایەن سوپاى سووریاوە کۆنترۆڵ کرایەوە(٣١).

ڕووسیا لە ماوەى قەیرانى سووریادا بەردەوام هاوکاریى سەربازیى پێشکەش بە سووریا کردووە، بەپێى لێکۆڵینەوەکان ئاژانسی ڕوسیەن دەى، ڕووسیا بە فڕۆکە پشتیوانیى لە سوپاى سووریا دەکرد، هاوکات تانکى جۆرى “T 90” و  ژمارەیەکى زۆر هاوەنى هاوتزر و چەکى قورس و هێزى وشکانیى بۆ سووریا نارد و شانبەشانى سوپاى سووریا شەڕیان دەکرد، جگە لەوەش هاوکاریی دیمەشقیان دەکرد بۆ پێدانى زانیاریى هەواڵگرى و مەشق و ڕاهێنانى سەربازى و پێکهێنانەوەى یەکەکانى سوپاى سووریا.

لە لایەکى ترەوە ڕووسیا هاوپەیمانیی چوارقۆڵیی لە ساڵی 2015 بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش پێک هێنا کە هەریەک لە وڵاتانی عێراق، سووریا، ڕووسیا  و ئێرانی لەخۆ دەگرت، بارەگاى هاوپەیمانییەکە لە شاری بەغدادە و ئامانج لێى ئاڵوگۆڕى زانیاریی هەواڵگرییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە عێراق و سووریا، ئەم وڵاتانەش چەندین ڕاپۆرتیان لە بواری جیاجیای ئاسایش و هەواڵگریى خستووەتە ڕوو، ئەوەش ڕۆڵێکى ترى سەربازیى ڕووسیا بوو لە سووریا لەبەرامبەر ئەو هاوپەیمانێتییەى کە بە سەرکردایەتیى ئەمەریکا پێک هێنرا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى تیرۆریستانى داعش لە عێراق و سووریا(٣٢)، بەمەش ڕووسیا بە ڕێگەى دیپلۆماسى و سەربازى ڕێگریى کرد لە ڕووخانى حکومەتى سووریا، هەر چی هەوڵەکانى وڵاتانى لە ئەنجوومەنى ئاسایش بۆ دوورخستنەوەى ئەسەد لە دەسەڵات شکست پێ هێنا و دۆسیەکەى لەژێر دەستى نەتەوە یەکگرتووەکان دەرهێناوە تا بۆخۆى چارەسەرى بکات، جگە لەوەش گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانى پارچەپارچە کرد.

ستراتیجی ڕووسیا و کاریگەریی لەسەر ڕۆژئاواى کوردستان

لەنێو قەیرانى سووریادا، بابەتى پەیوەست بە ڕۆژئاواى کوردستان گرنگترین ئەو پرسانە بوو کە ئیدارەى مۆسکۆ چاودێریی دەکرد. جددیترین مەترسیی بەردەم ڕووسیا، پێداگریی تورکیایە لەسەر بەردەوامبوونی هێرشەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان،  ترس لەوەى ببێتە هۆی بەریەککەوتنی سەربازیی نێوان سوپای سووریا و سوپای تورکیا. لە سۆنگەى دۆستایەتیى مێژوویی خۆی لەگەڵ سووریادا، بە گریمانەى ئەوەى لەم حاڵەتەشدا ڕووسیا ناچار بێت کاردانەوەی توندی ببێت بەرامبەر تورکیا، چونکە کاردانەوەی ڕووسیا بەرامبەر تورکیا دەبێتە هۆی ئەوەی تورکیا ڕوو لە ئەمەریکا بکات کە بێگومان ئەمەش بە هۆی قۆستنەوەى سەرکێشییەکانى ئەمەریکا بوو لە سووریادا.

لە سۆنگەى ململانێ بەردەوامەکانى ڕووسیا و ئەمەریکا لە سووریادا، هەردوو لا کاریگەرییەکى بەهێزیان لەسەر گۆڕانکارییەکانى ئەو وڵاتە هەیە. ئەمەریکا تا کۆتاییەکانى ٢٠١٩ وەک براوەی جەنگی سووریا سەیر دەکرا، هاوکات پارێزەر و پشتیوانی سەرەکیی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوای کوردستان بوو، ئەوەشی گەرەنتیی سەرکەوتنی ڕۆژئاوای بەسەر داعشدا کرد هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان بوو، بەڵام لە بڕیارێکی لەناکاودا دۆناڵد ترەمپ لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ لە تویتێکدا نیازی هێزەکانیان بۆ کشانەوە لە باکووری سووریا ڕاگەیاند، ئەمەش وای کرد کە بەگومانەوە سەیرى ئەمەریکا بکرێت. ئێستا زیاتر بێمتمانەیی بە ئەمەریکا لە قەیرانى سووریادا زیادی کردووە.

تا دوو ساڵ لەدوای دەستپێکردنی جەنگی ناوخۆ، ئەمەریکای سەردەمی باراک ئۆباما هەماهەنگ بوو لەگەڵ سیاسەتی تورکیا، پێکەوە پشتگیرییان لە سوپای ئازاد دەکرد کە لەناو دڵی ئەو سوپایەوە چەندین گرووپی جیهادی سەریان هەڵدا. لە ساڵی ٢٠١٤ شکستی ئەم سیاسەتەی ئەمەریکا لە سووریا بەڕوونی دەرکەوت، باراک ئۆباما لەو کاتەدا نزیک ببووەوە لەو بۆچوونەی کە واز لە سووریا بهێنێت، بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠١٢دا هەڕەشەی کرد بەکارهێنانی چەکی کیمیایی هێڵی سوورە، بەڵام دوو ساڵ دواتر ئەسەد چەکی کیمیایی بەرامبەر خەڵکی سڤیل بەکار هێنا و ئەمەریکاش بەهۆی ناڕوونى لە ئایندەى سووریا؛ هەڵوێستێکی ئەوتۆی نەنواند(٣٣).

ئەمەریکای شەڕی کۆبانێ و خۆڕاگریی شەڕڤانان  لەژێر فشاری ڕای گشتیدا بەناچاری دەستتێوەردانی سەربازیی کرد و بە هێزی ئاسمانی گەڕایەوە ناو هاوکێشەکانی سووریا، بەم جۆرە سیاسەتی ئەمەریکا تەواو دژی سیاسەتی تورکیا شکایەوە و لە سایەی کوردەوە جێپێیەکی بەهێزی بۆ خۆی لە سووریا دەستبەر کرد، بە جۆرێک هیچ لایەنێک بەبێ ئەمەریکا توانای هیچ بڕیارێکی نەبوو لەسەر سووریا، بەم شێوەیەش کورد تا پڕۆسەی سەربازیى “چڵە زەیتوون” لەلایەن تورکیاوە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دۆخى باش بوو.

ئەگەر لە پێشتردا پەیوەستبوونى کورد بە ڕووسەکانەوە بە هۆی ڕێککەوتنى دوولایەنەى کورد و حکومەتى سووریا بووبێـت، ئەوا کشانەوەى ئەمەریکا لە ڕۆژئاواى کوردستان و کۆمەکە مێژووییەکەى بۆ تورکیا، وای کرد پەیوەندییەکانی نێوان ڕۆژئاوای کوردستان و ڕووسەکان لە ڕووى تاکتیکییەوە بەهێزتر دەبێت، چونکە لەدوای بڕیارەکەی ئەمەریکا، کورد بەدوای هاوپەیمانێکی نوێ و ئەلتەرناتیڤدا دەگەڕان، مۆسکۆ نزیکترین و بەهێزترین جێگرەوە بوو، ئەو نزیکایەتییەش تاکوو ئێستا ڕوویان داوە لە سیاسەتی ڕووسیادا نییە، واتە لە کارنامەى وەزارەتى دەرەوەدا بە شێوەیەکى فەرمى باس ناکرێت، بەڵکوو لە ستراتیج و بەرژەوەندییەکانیدایە، سووریاش بەگرنگییەوە لە گفتوگۆکانی ڕووس و کورد ناڕوانێت، بەڵام مۆسکۆ لە هەوڵی بەردەوامدایە.

مانگێک دوای بڕیاری کشانەوەی ئەمەریکا، ئیلهام ئەحمەد سەرۆکی لیژنەی جێبەجێکاری ئەنجوومەنی سووریای دیموکراتی، سەردانی مۆسکۆی کرد بۆ هاندانی بەرپرسانی ڕووسیا تاکوو دەست بە هەوڵەکانیان بکەن بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لەنێوان ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات و حکومەتی سووریا. گفتوگۆکان بەکردەیی لە مانگی تەممووزی ٢٠١٨ دەستیان پێ کرد، بەڵام دوای کەمتر لە مانگێک وەستان. ساڵێک دوای بڕیارەکەی ترەمپ، هێزە ئەمەریکییەکان لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ بەکردەیی دەستیان بە کشانەوە کرد، ئەمەش ڕێگای لەبەردەم تورکیادا کردەوە تاکوو هێرش بکاتە سەر بەشێک لە ناوچە کوردییەکان و داگیریان بکات(٣٤).

لەدوای پاشەکشێ لەناکاوەکەى ئەمەریکا، نزیکبوونەوەیەکى پێویست لەنێوان کورد و ڕووسەکان دروست بوو، هێزە ڕووسییەکان و سووریای دیموکرات بەردەوام گەڕانی سەربازییان ئەنجام دەدا، بەتایبەت لەسەر سنووری ڕۆژئاوا و تورکیا، ئەم نزیکبوونەوە لەم قۆناغەدا خواستی هاوکاریی سەربازیی کورد و ڕووسەکان بە مەرجى هاوکاری و نزیکایەتیى زیاترە لەگەڵ حکومەتى سووریا، تا ئەوەى لە کۆتاییەکانی ٢٠١٩؛ ڕووسیا نوێنەری تایبەتیی خۆی ناردە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرکردەی حزبە سیاسییەکانى کورد، کەسایەتییە عەرەبی و کریستیانەکان لە باکووری سووریا، بە مەبەستی نێوەندگیرییان لەگەڵ حکومەتی سووریا، وەک ئەوەى لە شوباتی ٢٠٢٠دا ئەنجوومەنی سووریای دیموکراتییەوە بڵاوی کردەوە، هەوڵێکی ڕووسیی گرنگ هەیە بۆ فشارخستنە سەر دیمەشق بۆ ڕێککەوتنێکی گشتگیر.

لەگەڵ ئەوەی ئەم هەوڵە بە گرنگ دەزانرا، بەڵام ڕووسەکان هەمیشە لەنێو بازنەی گوماندا دادەنرێت سەبارەت بە پرسی کورد، چونکە هاوپەیمان و هاوبەشی نەیارى کوردانی سووریان، بەتایبەت تورکیا و ئێران، وێڕای ئەوەى حکومەتى سووریاش هەنگاوى کردەیی بۆ نەناوە، بەم هۆیەوە لە مانگی مەیى ٢٠٢٠، پێگەی ڕووناهی لێدوانێکی مەزڵوم کۆبانی فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکراتی بڵاو کردەوە کە وتبووی: “سەرەڕای ڕۆڵی ڕووسیا لە کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ، بەڵام تاکوو ئێستا حکومەتی سووری بابەتەکەی بە جددی وەرنەگرتووە”(٣٥).

هەروەها بەدران چیا کورد؛ جێگری هاوسەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ڕایگەیاند: “حکومەتی سووریا ئامادە نییە لەگەڵ هیچ لایەنێک دیالۆگ بکات بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی، دەیەوێت هاوشێوەی پێش ساڵی ٢٠١١ سووریا بەڕێوە ببات و بە ڕێگەی سەربازی و ئەمنی کێشەکە چارەسەر بکات”، ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستییە بوو کە تورکیا و ئێران فشار لە ڕووسیا دەکەن بۆ شکستپێهێنانی گفتوگۆکانی ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا(٣٦).

لەگەڵ ئەوەشدا ڕووسیا به‌ره‌و به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ ئاستی‌ ئاماده‌گییه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ له‌ سووریا هه‌نگاو ده‌نێت، به‌دیاریكراوییش له‌ شاری‌ قامیشلۆی‌ ڕۆژئاوای‌ كوردستان. لە‌ 14ی‌ نۆڤه‌مبه‌ری ٢٠١٩، وه‌زاره‌تی‌ به‌رگریی ڕووسیا ڕایگه‌یاند كه‌ ده‌ستی كردووه‌ به‌ دروستكردنی‌ بنكه‌یه‌كی‌ “هێلیكۆپته‌ر”ی‌ پارێزراو به‌ مووشه‌كی‌ زه‌مین به‌ ئاسمان، ئه‌م ڕاگه‌یاندنه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگریی‌ ڕووسیا دوای‌ ئه‌وه‌ هات كه‌ ڕاپۆرته‌ هه‌واڵگرییه‌كان باسیان له‌وه‌ دەكرد مۆسكۆ ده‌ستی كردووه‌ به‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ سووریا بۆ به‌كرێگرتنی‌ فڕۆكه‌خانه‌ی‌ قامیشلۆ بۆ ماوه‌ی‌ 49 ساڵ، هاوشێوه‌ی‌ ڕێكکه‌وتنه‌كه‌ی‌ پێشووی‌ ده‌رباره‌ی‌ هه‌ردوو بنكه‌ی‌ حمەیمیم‌ و ته‌رتوس(٣٧).

 

ڕێککەوتنى ڕۆژئاواى کوردستان – حکومەتى سووری لە نەخشەڕێگاى ڕووسیادا

لەم قۆناغەدا ڕووسیا پشتیوانیی لە نەخشەڕێگای نەتەوە یەکگرتووەکان و بڕیارەکەی دەکات، بۆ ئەم مەبەستەش پاش کشانەوەى هێزەکانى ئەمەریکا، ئیدارەى مۆسکۆ نەخشەڕێگایەکى نوێی بۆ چارەسەری قەیرانى سووریا بە کوردیشەوە خستە ڕوو، لەم چوارچێوەیەشدا هەوڵەکانى ڕووسیا بۆ ڕاکێشانى کورد دەستیان پێ کردەوە. سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، پێشوازیی لە شاندی ڕۆژئاوای کوردستان و حکومەتی سووریا کرد. نەخشەڕێگاکە سەبارەت بە داهاتووی سووریا و دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەریی کوردیش بە شێوەیەکی ئەرێنی سەیری دەکرا. لە ٣١ی ئابی ٢٠٢٠، لە شاری مۆسکۆ ڕێککەوتنێکی گرنگ لەنێوان شاندێکی باڵای ڕۆژئاوای کوردستان و “حزبی ئیرادەی گەلی سووری” بە سەرۆکایەتیی قەدری جەمیل واژۆ کرا. ئەم ڕێککەوتنە لەژێر کاریگەریی ڕووسیادا بوو، چونکە جەمیل پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ ڕووسەکاندا هەیە و بەشێک بووە لە حکومەتى سووریا. ئەم نزیکبوونەوەیە قۆناغی نوێی پاش ئەمەریکای بوو، کە کورد ڕووەو دەسەڵاتى ڕووسیا هەنگاوى هەڵگرت، سەربارى ئەوەش کارنامە و ئامانجى کۆبوونەوەکە گرنگ بوو، چونکە ڕێککەوتن لەگەڵ کورد ڕێگە بە بوونی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەریی کورد لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەدات، ئەوەی دەمینێتەوە لە کاروبارى ئابووری، بەرگری و پەیوەندیی دەرەوە، لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریادا دەمێنێتەوە(٣٨ (.

لە ڕێککەوتنەکەدا جەخت کرایەوە لە بڕیاری ژمارە (٢٢٥٤)ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، وەک نیشاندانى نیەتى نیازپاکى. هەنگاوى کردەیى ڕووسیا بۆ پراکتیککردنى نەخشەڕێگاکە کوردانى ڕۆژئاوای کوردستان و سنوورە جیۆسیاسی  و ئەمنییەکان  لەخۆ دەگرێت، بەڵام گرووپە چەکدارە  توندڕەوەکان، ڕێکخراوی داعش، بەرەی نوسرە ناگرێتەوە. ئەم هەنگاوانەش دەرخەری ئەو ڕاستییە بوون کە مۆسکۆ هەوڵی تەواوى بۆ لێکنزیکبوونەوەى حکومەتى سووریا و کورد داوە، لەم ڕووەوە ئیلهام ئەحمەد کە ئەندامى شاندى کوردی بوو ڕایگەیاند گفتوگۆکان دەربارەی جێبەجێکردنی بەندەکانی ڕێککەوتنەکان بە هەماهەنگیى هەمووان بووە. دواتریش لاڤرۆڤ هەڵوێستی ڕووسیای بۆ  پشتیوانیی ڕێککەوتنەکە نیشان دا، چونکە ڕێککەوتنەکە گونجاوە لەگەڵ هەڵوێستی وڵاتەکەی، بەتایبەت کە جەختی دەکردەوە لە پاراستنى ئاسایش و یەکێتیی  خاکی سووریا(٣٩).

نەخشەڕێی ڕووسیا بۆ ئیدارەدانى قەیرانى سووریا و چارەسەری پرسی کورد، لە سۆنگەى پاراستنى یەکپارچەیی خاکى سووریا و ڕژێمى ئەسەد بووە، لەو ڕێگەیەوە کورد وەک فاکتێکى گرنگ بۆ زیاتر بەهێزبوون و کاریگەربوونى دەسەڵاتى ئەسەدە بەسەر زۆرینەى خاکى سووریاوە نەک پاراستنى بەرژەوەندییەکانى دەسەڵاتى کورد، ڕووسیا بەتەنها لەگەڵ دەسەڵاتى خۆسەریی کوردی بێ ئامادەگیى حکومەتى سووریا لەگەڵ کورد نەکەوتوونەتە گفتوگۆ، هەر کاتێکیش بێ بوونى ئەسەد باس لە کورد کرابێت، تەنها وەک هێزێکى شەڕکەر و قوربانیى جەنگى سووریا سەیر کراون، نەک خاوەن ئیدارەى خۆسەری، بە هەمان شێوە بۆ حکومەتى سووریاش ڕاستە. وەلید موعەلیم؛ وەزیری دەرەوەی سووریا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ وتی: سووریا پشتیوانیی هیچ ڕێککەوتنێک ناکات پێچەوانەی دەستووری وڵاتەکەی بێت، ئەمەش بە هەڵوێستی سووریا دادەنرێت لە بارەی هەر ڕێککەوتنێک کە لە داهاتوودا لەنێوان کورد و سووریا بێتە ئاراوە کە دەبێت دەستووری سووریا بڕیاردەری سەرەکی بێت نەک ئامانجەکانى کورد. ئەم لێدوانە پێچەوانەی هەوڵەکانی مۆسکۆیە بۆ نێوەندگیری و ڕێککەوتن لەنێوان حکومەتى سووریا و کورد، واتە دوو هاوپەیمانە بەهێزەکە، سووریا و ڕووسیا، لەسەر داهاتووی ڕۆژئاوای کوردستان کۆک نین، لەگەڵ ئەوەی مۆسکۆ هەوڵ دەدات تورکیا و خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوای کوردستان لە یەکتر نزیک بکاتەوە، دەسەڵاتی دیمەشق باس لە کۆتاییهێنان بە داگیرکاریی ئەمەریکی و تورکی دەکات، حکومەتی سووریاش بەردەوامە لە باسکردنی ئەوەی کە هەموو خاکی سووریا دەگەڕێنێتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی، بێ ڕەچاوکردنى دەسەڵاتى خۆسەریی کورد(٤٠).

زیاتر لەوەش، ڕووسیا بەردەوام بەگومانە لە ئاست پەیوەندی و هاریکارییە سیاسی و سەربازییەکانى کورد لەگەڵ ئەمەریکادا، بۆ نموونە لاڤرۆڤ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی سپوتنیکی ڕووسی لە ١٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٠، ڕایگەیاند دۆخی ڕۆژهەڵاتی فوڕات مایەی نیگەرانییە، چونکە ئەمەریکییەکان بە شێوەیەکی نایاسایی لە باکووری سووریا بڵاو بوونەوەتەوە، هانی کورد دەدەن بۆ جیابوونەوە.

سەربارى ئەمانەش، نەخشەڕێگاى نوێی مۆسکۆ بۆ ئیدارەدانى قەیرانى سووریا، ئەگەر بۆ حکومەتى سووریا گرنگ بێت، بۆ دەسەڵاتى خۆسەریی کورد گرنگترە، ئەگەر بێتوو ئامانجەکانیشی وەک خۆی نەیەنە دی، لە چەند ڕوویەکەوە لێکەوتەکانى بۆ کورد بەهادارن. لە لایەک جەختکردنەوەى ڕووسیا لە بڕیارەکانى ئەنجوومەنى ئاسایش بۆ چارەسەری قەیرانى سووریا و پرسی کورد، جگە لە گەڕانەوە بۆ ڕای گشتى و بڕیارى نەتەوە یەکگرتووەکان، نەیاری هێزەکانى هاوپەیمانانى بۆ تورکیا زەق کردەوە و خواستى ئاشتییانەى کوردی بۆ چارەسەری قەیرانى سووریا نیشان دا، لە لایەکى ترەوە هەوڵی مۆسکۆ بۆ ڕێککەوتنى ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسانى ڕۆژئاواى کوردستان و بانگهێشتیان بۆ وڵاتەکەی، نیشاندەری ئەو ڕاستییەن کە بڕیاردان لە هەر نەخشەڕێگایەک بۆ چارەسەری داهاتووى سووریا بێ بوونى کورد مەحاڵە، وێڕاى ئەوەی تا ئەندازەیەک دەسەڵاتى خۆسەریی کوردی وەک کیانێکى گرنگ ناساند، هاوکات شەرعیەتی دا بە ڕێککەوتنى نێوان کورد و حکومەتى سووریا کە بەپێی ڕێککەوتنەکە هێزەکانی سووریای دیموکراتی وەک فەیلەقی پێنجی سوپای سووریا ناساند.

تورکیا و وەستانەوەى بە ڕووی ڕووسیادا لەسەر پرسی کورد

ڕۆژئاوای کوردستان تا بەر لە هێرشەکەی تورکیا لە براوەکانى قەیرانى سووریا بوو، چونکە دەسەڵاتى خۆسەریی کوردی وەک سەرەکیترین ئەنجامى قەیرانى سووریا سەیر دەکرا، بەڵام هێرشەکەی تورکیا دۆخەکەی گۆڕی و قەیرانێکى نوێی لەناو قەیرانى گشتیی سووریادا خوڵقاند، ئەمەریکا بە هۆی تورکیاوە پشتی لە کورد کرد و کوردیش ناچار بوو سازشێکی ژەهراوى بۆ حکومەتى سووریا بکات، بەمەش پێگەی ڕۆژئاوای کوردستان لە داهاتووی سووریا ناڕوونە، بەڵام بە ڕێککەوتنی لەگەڵ ڕووسیادا؛ توانیى گەرەنتیی بەردەوامبوونی خۆی بکات.

لە قەیرانى سووریادا، تورکیا بۆ زاڵبوونى بەسەر سووریادا دەبێت ڕێگری لە بەهێزبوونى کورد بکات، هەر چەندە زۆر جار ڕووبەڕووى شکست بووەتەوە، بەڵام سەرکەوتوو بووە کە کێشە بۆ کورد دروست بکات، هاوپەیمانیی کورد و ئەمەریکای تێک دا، کار بۆ درووخستنەوەى ڕووسیا و کورد دەکات، لە ساڵەکانی ٢٠١٦ و ٢٠١٨دا عەفرین و جەرابلوس و بابی داگیر کرد و هەندێک ناوچەی ڕۆژئاوای کوردستانی داگیر کردووە، بەڵام داهاتووی ئەم شەڕەی دەستی پێ کردووە، بە هۆی ڕێککەوتنی کورد و ئەسەدەوە ناڕوونە.

بێگومان ئەگەر ڕێککەوتنی کورد و حکومەتى سووریا بە هاوکاریى ڕووسیا جێبەجێ بکرێت، کورد دەچێتە سەر هێڵی بەرژەوەندییەکانى ڕووسیا، ئەوا لە ئیدلبەوە بگرە تا عەفرین و باب لە هێزە ئۆپۆزسیۆنە جیهادییەکان کۆنترۆڵ دەکەن، تورکیاش ئەستەمە بتوانێت ڕێگری بکات، چونکە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کورد و حکومەتی سووریا بە واتای ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی ڕووسیاش دێت، کە زیاتر لە ٣ هەزار سەربازى ئامادەى لە ناوچەکەدا هەیە.

 ئێستا بەپێی ڕێککەوتنەکە، هێزەکانی سووریای دیموکرات فەیلەقی پێنجی سوپای سووریان، هەر بۆیە پێدەچێت لەمەودوا تورکیا زۆر بەترسەوە هەنگاو بنێت و زیاتر بەو ئاراستەیەدا کار بکات کە داوا لە ڕووسیا بکات لە داهاتووی سووریادا پێگەی کورد بەهێز نەبێت.

ئەگەر تورکیا ئامانجەکەی تەنیا لە دژایەتیکردنی پێگەی کورددا کورت بکاتەوە، ئەوا نەک ڕووسیا ناکاتە نەیاری خۆی، بەڵکوو دەتوانێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەسەدیش ئاسایی بکاتەوە، چونکە ئەسەدیش حەز بە بەرژەوەندییەکانى کورد ناکات، بەڵام بۆ ئەوەی بەم خواستەی بگات، دەبێت هەموو ئەو ناوچانەی داگیری کردووە؛ ڕادەستی سووریای بکاتەوە، لە ئێستاشدا ناتوانێت لە پێناو لاوازکردنی کورد دەستبەرداریان بێت(٤١).

 

سیناریۆکانى ڕووسیا لەبارەی سووریا و ڕۆژئاواى کوردستانەوە

 

سیناریۆی یەکەم: پێگەی ئەسەد کە پشتیوانى یەکەمى ڕووسیایە؛ تەنیا لەناو عەلەوییەکاندایە و زۆرینە عەرەبی سوننە دژین، هەر بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە ئەسەد بەرامبەر بە عەرەبی سوننە بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی گرنگی بە ڕێککەوتن لەگەڵ کورد بدات بە هاوکاریی مۆسکۆ.

سیناریۆی دووەم: ڕووسیا لە ڕێگەى قەیرانى سووریاوە دەتوانێت پێگەى خۆى بەهێز بکات لە ناوچەکە و هەوڵەکانى ئەمەریکا و ناتۆش بۆ گەمارۆدانى وڵاتەکەى شکست پێ بهێنێت، بەو ئامانجەى دوای پاککردنەوەی سووریا لە هێزەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆن، ئەگەری ئەوە هەیە ئەمەریکا و ڕووسیا جارێکی دیکە لە دەرگای کورد بدەنەوە، چونکە جیا لە ڕۆژئاوای کوردستان، هیچ دەرگایەکیان بە ڕووی سووریادا نابێت، تەنها ئەگەر دان بە شەرعیەتی حکومەتەکەی ئەسەد بنێن و ملکەچی بن، کە ئەمەش ئەگەرێکى دوورە.

سیناریۆی سێیەم: لە ئەگەری جێبەجێکردنی نەخشەڕێگاى ڕووسیا بۆ ڕێککەوتنەکەی نێوان کورد و حکومەتى سووریا، وا دەخوازێت لە داهاتوودا کورد وەک فیگەرێکى بەهێز بمێنێتەوە لە هاوکێشەی سووریادا. ڕاستە هێرشی تورکیا و گرتنى عەفرین وەک ناوەندێکى جیۆسیاسی و جیۆئیکنۆمی پێگەی کوردی لاواز کردووە، سەربارى ئەوە “پەیەدە” کە پێگەیەکی جەماوەریی بەهێزی هەیە، بەردەوام کار بۆ بەهێزبوونی زیاتر دەکات، جگە لەوەش خاوەنی هێزێکی تۆکمەی سەربازییە و حکومەتی سووریا نایەوێت شەڕ لەگەڵ ئەم هێزە بکات، چونکە بەریەککەوتنی سەربازیی نێوان کورد و حکومەتی سووریا، قۆناغێکی دیکە لە شەڕی سووریا دێنێتە ئاراوە کە بێگومان ڕووسیا لەگەڵیدا نییە.

 

سەرچاوەکان

 

  • فلاح سمور جبور، الاستراتيجة الروسية اتجاه الشرق الاوسط في عهد بوتن (2012-2018)، رسالة ماجستير، مقدمة الي جامعة الشرق الاوسط/كلية العلوم و الاداب/قسم العلوم السياسية، الدوحة، 2018، ص39، متاح على الرابط الاتية: https://bit.ly/3odoBBk
  • محمد الكوخي، الازمة الاوكرانية و صراع الشرق و الغرب جذور المسألة و مألاتها، المركز العربي للأبحاث و دراسة السياسات، بيروت، 2015، ص183-184.
  • بن ملوكة مليكة، الاستراتيجة الروسية اتجاه ازمات الشرق الاوسط الازمة السورية نموذجا، رسالة ماجستير مقدمة الي جامعة زيان عاشور جلفة/كلية الحقوق و العلوم السياسية/ قسم العلوم السياسية،  الجزائر، 2016-2017، ص39، متاح على الرابط الاتية:  https://bit.ly/.35eczA9.
  • د.طارق محمد زنون الطائي، الفكر الستراتيجى الروسي في القرن الواحد و العشرين، شركة دار الأكاديميون للنشر و التوزيع، عمان، 2016، ص16.
  • فوزى حسن حسين، التخطيط الاستراجي للسياسة الخاريجية و برامج الآمن القومى للدول، مكتبة مبدولى، قاهرة، ٢٠١٣، ص٣٣.
  • عاطف معتمد عبد الحميد، استعادة الروسيا مكانة القطب الدولي-ازمة الفترة الانتقالية، الدار العربية للعلوم ناشرون، قطر، 2009، ص58.
  • عهد جبر قطريب، دوافع الموقف الروسى في الازمة السورية، مجلة جامعة تشرين للبحوث و الدراسات العلمية، العدد (2)، سوريا، 2018، ص198-199.
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات (٨-١١-٢٠١٥)، لە سووریا چی دەگوزەرێ؟ هەڵەکانى ئەمەریکا، ئامانجى ڕووسیا، ویستى ئێران، وەرگیراوە لە بەستەرى: https://asoyroj.com/new/drejawtar.aspx?NusarID=177&Jmara=467
  • محمد عبد القادر خليل، مركز الأهرام للدراسات السياسية والاستراتيجية، القاهرة، ٣/٦/٢٠١٢، تركيا وثورات “الربيع العربي”،  3/6/2012،  متاح على الرابط الاتية:  https://bit.ly/2WaD44z
  • نفس المصدر السابق.
  • مركز الجزيرة للدراسات، قطر، 9/10/2016، حميميم.. قاعدة روسية تبطش بالشعب السوري، متاح على الرابط الاتية:  https://bit.ly/3pIQrWm
  • جلال سلمي، المركز الديمقراطي العربي، مصر، 23/6/2017، السياسة التركية حيال الأزمة السورية (2011-2017)، متاح على الرابط الاتية: https://bit.ly/34dXT3q
  • نفس المصدر السابق.
  • بی بی سی نوز، ٥ نیسان ٢٠١٨، الحرب السوریە، من یقاتل من؟ و لماذا، متاح على الرابط الاتية: https://www.bbc.com/arabic/middleeast-43656826
  • الجزیرە (٩/٢/٢٠٢١)، البنتاغون يؤكد أن حماية النفط لم تعد هدفا للقوات الأميركية في سوريا، متاح على الرابط الاتية: https://www.aljazeera.net/news/politics/2021/2/9/%D8%AE%D9%84%D8%A7%D9%81
  • البنک المرکزی الروسی (2/1/2021)، متاح على الرابط الاتية: https://web.archive.org/web/20201109015346/https://www.finanz.ru/novosti/aktsii/biznes-zayavil-o-katastrofe-v-rossiyskoy-ekonomike-1025095366
  • ماڵپەڕی پەیسەر (٢٢/١/٢٠١٩)، ئانا بورشفسكایا: ئایا نموونەى شیشان دەبێتە پلانى پۆتن لە سووریا؟ وەرگیراوە لە بەستەرى: https://www.peyserpress.com/writer/50
  • ئانا بورشفسكایا: سەرچاوەى پێشوو.
  • ، مجموعة التفكير الاستراتيجي، تركيا، 8/7/2019، الثورة السورية بين المؤتمرات و تمييع المخرجات و كسب الوقت الإعادة تأهيل النظام، متاح على الرابط الاتية: https://bit.ly/2IhLW5e
  • وليد عبد الحي، المصدر السابق، ص78.
  • مركز ديمشق للأبحاث و الدراسات، سوريا، 24/10/2019، علا منصور، نموذج استانا: منهج و طموحات العمل السياسي الروسى، متاح على الرابط الاتية: https://bit.ly/3gP5VoF
  • بن ملوكة مليكة، المصدر السابق، ص77.
  • مالكى مريم، السياسية الخارجية روسية اتجاه الازمة السورية (2011-2014)، رسالة ماجستير، مقدمة الي جامعة الجيلانى بونعامة بخميس مليانة/كلية الحقوق و العلوم السياسية/قسم العلوم السياسية، الجزائر، 2014-2015، ص88-89، متاح على الرابط الاتية: https://bit.ly/2XcLJUJ
  • الثورة السورية بين المؤتمرات و تمييع المخرجات و كسب الوقت الإعادة تأهيل النظام، مجموعة التفكير الاستراتيجي، مصدر السابق.
  • نفس مصدر السابق.
  • بن فاضل النظيرة و عبداوى اميرة، الاسترتيجية الروسية تجاه المنطقة الشرق الاوسط في فترة الحراك العربي دراسة حالة سوريا، رسالة ماجستير مقدمة الي جامعة العربي التبسي/كلية الحقوق و العلوم السياسية، مصر، 2015-2016، ص108-109، متاح على الرابط الاتية: https://bit.ly/.2MBwYZD
  • أملوكى سيفان، موقف السياسة الخارجية الروسية تجاه الثورات العربية مقارنة بين حالتي ليبيا و سوريا، مجلة جامعة عمار ثليجي–الأغواط، عدد (7)، الجزائر، 2018، ص103.
  • ئانا بورشفسكایا: سەرچاوەى پێشوو.
  • الخلج اونلاين (26/9/2015)، تحالف استخباراتي روسي إيراني سوري عراقي لمواجهة “الدولة”، متاح على الرابط الاتية: https://bit.ly/353oIbk
  • لە سووریا چی دەگوزەرێ؟ سەرچاوەى پێشوو.
  • سیروان خانى، کوردستانى نوێ (١٧-٤-٢٠١٨)، ستراتیژی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، وەرگیراوە لە بەستەرى: https://knwe.org/?p=15490
  • سەرچاوەى پێشوو.
  • سبەی (٢٧/٤/٢٠١٩)، تورکیا ڕێگرە لە چارەسەری دۆخى سووریا، وەرگیراوە لە بەستەرى: https://www.sbeiy.com/Details.aspx?jimare=13848
  • حسێن ئەحمد پوور، سەرچاوەى پێشوو.
  • هەمان سەرچاوەى پێشوو.
  • تورکیا ڕێگرە لە چارەسەری دۆخى سووریا، سەرچاوەى پێشوو.
  • هەمان سەرچاوەى پێشوو.
  • هێمن حسێن، شارپرێس (٨/٩/٢٠٢٠)، ڕۆژئاواى کوردستان دوای دوو ساڵ لە دامەزراندنى ئیدارەى خۆسەر لە چی ئاستێکدایە؟، وەرگیراوە لە بەستەرى: https://www.sharpress.net/all-detail.aspx?Jimare=177134
  • حسێن ئەحمد پور، پەیسەر پرێس (١٤/١٠/٢٠١٩)، ڕۆژئاواى کوردستان هێشتا نەدۆڕاوە، قۆناغێکى نوێ لە شەڕی سووریا دەستی پێ کردووە، وەرگیراوە لە بەستەرى: https://www.peyserpress.com/detail/3608
  • حسێن ئەحمد پوور، سەرچاوەى پێشوو.
  • هەمان سەرچاوەى پێشوو.

گۆڤاری ئایندەناسی ژمارە نۆی (9) ئەیلولی 2021، ساڵی دووەم

Send this to a friend