• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
May 13, 2020

سیاسەتی کارەکتەرە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان بەرامبەر هەرێمی كوردستان

نوسین: محەمەد بۆرا سان یورەک

وەرگێڕان: هێمن محەمەد قادر

سەرچاوە: سمارت ئۆف جۆرناڵ (www.smartofjournal.com)

لینكی بابەت:   http://www.smartofjournal.com/DergiTamDetay.aspx?ID=395&Detay=Ozet

پڕۆفایلی نووسەر:

د. محەمەد بۆرا سان یورەک لە ٢٣/٤/١٩٨١ لە شاری ئیزمیر لە وڵاتی تورکیا هاتۆتە دونیاوە، خوێندنی ئامادەیی و بەکالۆریۆسی لە شاری ئیزمیر تەواو کردووە، لە ساڵی ٢٠١٢ لە زانکۆی ئاتڵم بڕوانامەی ماستەری بەدەست هێناوە لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، لە ساڵی ٢٠١٩ لە زانکۆی غازی لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا بڕوانامەی دکتۆرای بەدەست هێناوە لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا. نووسەر لە بواری ئەکادیمیدا خاوەنی چەندین توێژینەوەی گرنگە و پسپۆڕە لە بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەی کورد لە ناوچەکەدا. لە ئێستادا وەک وانەبێژ لە زانکۆی مونزور لە دەرسیم کار دەکات.

تێبینی: نووسەر ئەكادیمییەكی وڵاتی توركیایە و بە دیدی سیاسەتی گشتیی توركیا دەڕوانێتە بابەتەكانی پەیوەست بە كورد و هەرێمی كوردستان، گۆڤاری ئایندەناسی تەنیا بۆچوونی نووسەر دەخاتە ڕوو و بەرپرس نییە لە ناوەرۆكی بابەتەكە.

پوختە

دوای پڕۆسەی داگیرکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە، عێراق کەوتە نێو پڕۆسەی دووبارە ڕێکخستنەوە و بونیادنانەوەی دامەزراوە ئیدارییەکانی. لەم چوارچێوەیەشدا بەپێی دەستوور، ئیدارەیەکی سەربەخۆی کوردی لە هەرێمی كوردستان دامەزرا. ئەم ئیدارەیە لە دەستووری عێراقیدا بە شێوەیەکی فەرمی ناوی بە “حکومەتی هەرێمی کوردستان” هاتووە، وە لەلایەن دامودەزگا ڕەسمییەکانی دەوڵەتی تورکیاوە بە “دەسەڵاتی خۆجێیی باکووری عێراق” ناسراوە. لە ڕۆژی دامەزراندنیەوە تاوەکوو ئێستا، هەیکەلی کارگێڕی و سیاسیی ئەم ئیدارەیە هاوشێوەی دەوڵەتێک ڕێک خراوە و لە بەدامەزراوەییبوون بەردەوامە.

ئەمەش وای کردووە دەوڵەتانی ناوچەکە بە چاوی گومان و نیگەرانییەوە بڕواننە ئەم ئیدارەیە، بەتایبەت ئەو دەوڵەتانەی کە دانیشتووانی کوردیان لەخۆ گرتووە وەک ئێران و تورکیا، چونکە پێیان وایە ئەم ئیدارەیە دەبێتە هۆی کرانەوەی دەرگا لەبەردەم دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی لە ناوچەکەدا. ئەم وڵاتانە سەرباری زیادبوونی نیگەرانییەکانیان سەبارەت بە زیادبوونی داواکاری سیاسیی هاوڵاتییانی کورد لە وڵاتەکانیاندا، لەگەڵ ئەوەشدا دوورەپەرێز نەوەستاون و بەگوێرەی پێویستیی بەرژەوەندییەکانیان؛ پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ ئەم ئیدارەیەدا دروست کردووە، تەنانەت هەندێک جار لە ڕکابەرییەکانی نێوان خۆیاندا وەک ئامرازێک بەکاریان هێناوە. ئەم ئیدارەیە لەگەڵ ئەوەی کەوتۆتە ژێر کاریگەریی ئاسایش و کێشمەکێشمی بەرژەوەندیی دەوڵەتانی ناوچەکە، لەگەڵ ئەوەشدا توانیویەتی هاوسەنگییە هەرێمییەکان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی بەکار بهێنێت.

لە لایەکی دیکەوە سەبارەت بە پەیوەندیی هێزە نێودەڵەتییەکان لەگەڵ ئیدارەی خۆجێیی باکووری عێراق (هەرێمی كوردستان)دا، دەتوانین بڵێین بە هۆی دەوڵەمەندیی ناوچەکە بە سەرچاوە نەوتییەکان، ئەم پەیوەندییانە زیاتر لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی ئابووری و بازرگانیی ئەو دەوڵەتانە بونیاد نراوە. وێڕای ئەوەش دەوڵەتانی وەکوو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا کە چالاکن لە مەیدانی سیاسیی ناوچەکەدا، لەپاڵ پاراستنی بەرژەوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانیاندا، کورد وەک کارتێکی بەهێز دەبینن بۆ فشار خستنەسەر دەوڵەتانی ناوچەکە.

١. کارەکتەرە نێودەوڵەتییەکان

١.١. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا

ستراتیژی نێونەتەوەیی ویلاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە شێوەیەکی گشتی لەسەر بنەمای ئەو ڕاستییە بونیاد نراوە کە ڕێگە بە هیچ دەوڵەتێک نەدات چ دۆست بێت یاخود دوژمن، هێندە بەهێز ببێت و گەشە بکات کە ببێت بە ڕکابەرێک بۆ خۆی. لەبەر ڕۆشنایی ئەم بیرۆکەیەدا: “ئەوەی دەست بەسەر سەرچاوەکانی وزەدا بگرێت، دەست بەسەر جیهاندا دەگرێت”، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەوڵی داوە لە ڕێگەی دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوەکانی وزە و هێڵەکانی گواستنەوەی وزەوە؛ سەرجەمی ئەو دەوڵەتانەی کە وەک ڕکابەر دەیانبینێت، لەوانە: ئەڵمانیا، فەڕەنسا و بەریتانیا لە کیشوەری ئەورووپا و ڕووسیا و چین، کۆنترۆڵ بکات و بیانخاتە ژێر هەیمەنەی دەستەڵاتی خۆیەوە (Kissinger, 2002: 127-130).

 لەم چوارچێوەیەدا و بە مەبەستی بەدیهێنانی ئەم ئامانجە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ڕێگەی دەستتێوەردانی سیاسی و سەربازی و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکانی عێراق و ئەفغانستان، هەوڵی دا سەرچاوەکانی وزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاست کۆنترۆڵ بکات. ئەمەریکا لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی ناوچە ستراتیژییەکانی جیهانەوە، توانیویەتی تا ڕادەیەکی زۆر سەرچاوەکانی وزەی دەوڵەتانی هاوردەکاری وزە وەک دەوڵەتانی ئەورووپا و چین، بخاتە ژێر دەستەڵاتی خۆیەوە (Arı, 1999: 53). لە لایەکی دیکەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەر بەوەندە نەوەستاوە کە سەرچاوەکانی وزە و هێڵەکانی گواستنەوەی وزە بخاتە ژێر دەستەڵاتی خۆیەوە، بەڵکوو هەوڵی داوە لە سەرجەم  ئەو دەوڵەتانەی کە بۆریی نەوت و غازی سروشتیی پێدا تێدەپەڕێ، کارئاسانی بکات بۆ هاتنەسەرتەختی ئەو حکومەتانەی کە بە لایەنگری خۆی دادەنرێن، بە مەبەستی فشارخستنەسەر دەوڵەتێکی هەناردەکاری وزەی وەک ڕووسیا.

 لە ستراتیژی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا کە لەسەر بنەمای سەرچاوەکانی وزە بونیاد نراوە، هەرێمی كوردستان و ئەو کوردانەی کە لەم ناوچەیەدا نیشتەجێن، پێگەیەکی تایبەتیان هەیە. ئەو هێز و لایەنە کوردییانەی لە ماوەی پڕۆسەی داگیرکردنی عێراقدا پشتیوانیی تەواویان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کرد، لە ڕێگای دامەزراندنی قەوارەیەکی سیاسیی سەربەخۆوە لە هەرێمی كوردستان چوونەتە نێو پڕۆسەی بەدەوڵەتبوونەوە لە ناوچەکەدا. ئەم بەرەوپێشچوونە گەر ببێتە هۆی بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ لای ئەو دەوڵەتانەی کە دانیشتووانی کوردیان لەخۆ گرتووە لە ناوچەکەدا وەک: ئێران، سووریا و تورکیا، ئەوا لەلایەن دەوڵەتێکی وەکوو ئیسرائیلەوە کە مەترسیی ئاسایشی لەسەرە، بەگەرمی پێشوازیی لێ کراوە.

سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر دوو بنەمای سەرەکی بونیاد نراوە، ئەوانیش بریتین لە:

  • کۆنترۆڵکردن و گواستنەوەی سەرچاوەکانی وزە بە شێوەیەکی پارێزراو بۆ ئەمەریکا و بازاڕەکانی جیهان.
  • دابینکردنی ئەمن و ئاسایش بۆ ئیسرائیل.

 لەم چوارچێوەیەدا هەوڵ دراوە لە ڕێگای دەستەبەرکردنی پشتیوانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە، کار بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی لە هەرێمی كوردستان بکرێت بە مەبەستی ڕێگریکردن لە بەتەنها مانەوەی ئیسرائیل وەک دەوڵەتێکی نامۆ لە ناوچەکەدا لە لایەک و هێنانەئارای هاوسەنگیی هێز لەنێوان ئیسرائیل و ئەو دەوڵەتانەی کە ڕکابەریی لەگەڵیاندا هەیە؛ لە لایەکی دیکەوە. بەڵام لەژێر کاریگەریی ئەو گریمانەیەدا کە پێی وایە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی لە هەرێمی كوردستان دەبێتە هۆی زیاتر قووڵکردنەوەی ناکۆکییەکان و هێنانەئارای ناسەقامگیریی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی گرفت لەبەردەم گواستنەوەی سەرچاوەکانی وزە بۆ بازاڕەکانی جیهان، تا ئێستا نەتوانراوە بیرۆکەی دامەزراندی دەوڵەتێکی کوردی بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

لە لایەکی دیکەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەیەوێت کارتی کورد دژ بە دەوڵەتانی عێراق، سووریا، ئێران و تورکیا لە دەستی خۆیدا بهێڵێتەوە و بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا پەیامی گەیاندۆتە هەریەک لەو وڵاتانە، گەر بێتوو دژ بە سیاسەتەکانی لە ناوچەکەدا بوەستنەوە، ئەوا کارتی کوردیان دژ بەکار دێنێت (Arı, 1999: 53). واتە دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی لە هەرێمی كوردستان، لەگەڵ ئەوەی کۆمەڵێک بەرژەوەندی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەدی دێنێت، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێتە هۆی لەدەستدانی ئەو کارتەی کە ئەمەریکا بە شێوەیەکی بەردەوام دژ بە هەریەک لە دەوڵەتانی ناوچەکە بەکاری دێنێت. ئەمە سەرباری ئەوەی ئەگەری دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی لە باکووری عێراق، ئەگەری دامەزراندنی دەوڵەتێکی عەرەبی شیعەمەزهەبی نزیک لە ئێران؛ لە باشووری عێراق دەکاتە ئەمری واقیع.

هەر چی دەوڵەتانی دیکەی کەنداوە، سەرباری ئەوەی لەلایەن ڕژێمە سوننییەکانەوە بەڕێوە دەبرێن، بەڵام بە هۆی لەخۆگرتنی ژمارەیەکی بەرچاو لە هاوڵاتییانی شیعەمەزهەب، دەترسن لەوەی پارچەپارچەبوونی عێراق ببێتە هۆی زیادبوونی نفوزی ئێران بۆ سەر وڵاتەکانیان، لە هەمان کاتدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ زیادبوونی هێز و دەسەڵاتی ئێراندا نییە لە ناوچەکە. بەم شێوەیە دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی لەژێر کاریگەریی ئەم فەکتەرانەدا نەک هەر کارێکی ئەستەمە، بەڵکوو تەنانەت گەر داشبمەزرێت، ناتوانێت درێژە بە مانەوەی خۆی بدات. بۆیە سیاسەتی بنەڕەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بریتییە لە پاراستن و بەکارهێنانی کارتی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی دژ بەو هێزانەی کە وەک نەیاری دەردەکەون لە ناوچەکەدا. بۆیە دەتوانین بڵێین ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەم قۆناغەدا هەوڵ دەدات پەیوەندییەکانی خۆی بەگەرموگوڕی لەگەڵ دەستەڵاتدارانی کورددا بهێڵێتەوە لە چوارچێوەی ئەم ئامانجانەدا (Koç, 2007: 32):

  • ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ڕێگەی پاراستن و بەردەوامیی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کورددا، هەوڵ دەدات ئەوە نیشانی جیهان بدات نەک هەر پشت لە دۆستەکانی ناکات، بەڵکوو خەڵاتیان دەکات.
  • بەجێهێشتنی چیرۆکێکی سەرکەوتن پاش پڕۆسەی داگیرکردنی عێراق.
  • کۆنترۆڵکردنی هەرێمی كوردستان، بە هۆی ئەو پێگە گرنگەی کە ئەم ناوچەیە لەسەر نەخشەی وزەی جیهانی هەیەتی.
  • دروستکردنی هاوپەیمانێکی نوێ لە ناوچەکەدا پاش ئیسرائیل.
  • ئاڕاستەکردنی دەوڵەتانی ناوچەکە بۆ زیاتر نزیکبوونەوە لە سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

سەرباری ئەو خاڵانەی کە لە سەرەوە ئاماژەمان بۆ کردن، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە پیادەکردنی سیاسەتی خۆی بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان، ڕەچاوی ئەم خاڵانەی لای خوارەوە دەکات (Koç, 2007: 34):

  • لە ئەگەری دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردیدا، ئێرانیش کار بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی عەرەبیی شیعەمەزهەب دەکات لە ناوچە بە نەوت دەوڵەمەندەکانی باشووری عێراقدا.
  • خۆپاراستن لە ئەگەری تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ جیهانی عەرەبی سوننەدا.
  • ئەگەری تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیادا.

١. ٢. یەکێتیی ئەورووپا

پڕۆسەی داگیرکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە، بوو بە هۆی سەرهەڵدانی ناکۆکی و ئاڵۆزکردنی پەیوەندیی نێوان وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا لە لایەک و یەکێتیی ئەورووپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە لایەکی دیکەوە. سەرەتای دەرکەوتنی ئەم ناکۆکییانەش لەنێوان هەریەک لە وڵاتانی بەریتانیا لەگەڵ ئەڵمانیا و فەڕەنسا، بەڕوونی هەستی پێ کرا. لە کاتێکدا دەوڵەتە گەورەکانی ئەورووپا وەک ئەڵمانیا و فەڕەنسا دژ بەم پڕۆسەیە بوون، دەوڵەتانی دیکەی وەک بەریتانیا، ئیتالیا و ئیسپانیا و بەشێکی زۆر لە دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا کە لەدوای ساڵی (٢٠٠٤)ەوە بووبوون بە ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا، پشتیوانییان لە لەشکرکێشیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کرد.

هەریەک لە وڵاتانی ئەڵمانیا و فەڕەنسا دژ بە دەستتێوەردانی سەربازی بوون لە عێراق.  سیاسەتی هەریەک لەم وڵاتانە بە ئاڕاستەی سەپاندنی کۆمەڵێک سزای سیاسی و ئابووری بوو بەسەر عێراقدا لەسەر ئاستی نێودەڵەتی، تا لەم ڕێگەیەوە ناچار بکرێت لێپرسراوێتییەکانی بەرامبەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی جێبەجێ بکات. هەروەها ئەڵمانیا و فەڕەنسا بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە ڕووخانی ڕژێمەکەی سەددام حوسێن، دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نائارامی و ئاڵۆزیی زیاتر لە ناوچەکەدا. لەگەڵ ئەوەی ئەڵمانیا و فەڕەنسا لە سەرەتادا بانگەشەی ئەوەیان دەکرد پڕۆسەی داگیرکردنی عێراق لەگەڵ ئاکاری سیاسیی ئەوان و یاسا نێودەوڵەتییەکاندا ناگونجێت، بەڵام لە کۆتایی جەنگەکەدا بە مەبەستی ڕۆڵبینین و پەراوێزنەخستنیان لە داهاتووی ناوچەکەدا؛ چەند هەنگاوێکیان نا، لەوانە: ئەڵمانیا توانیی ڕۆڵێکی کارا بگێڕێت لە مەشقپێکردنی هێزە تازەدامەزراوەکانی عێراق، لەوانە پۆلیس و سەرباز . لە هەمان کاتدا بە هۆی درێژەپێدانی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی لەگەڵ تورکیا کە لەسەر ئاستی بازرگانیی دەرەوە کە بە هاوبەشێکی گرنگی دادەنرێت، ئێران کە بە یەکێک لە وڵاتانی دابینکەری وزە هەژمار دەکرێت، ئەڵمانیا هیچ هەنگاوێکی نەنا بە ئاڕاستەی دامەزراندنی پەیوەندیی لەگەڵ کوردانی هەرێمی كوردستاندا(Ersanel, 2002: 4-5). .

بەڵام بەشدارنەبوونی فەڕەنسا لە پڕۆسەی دووبارە بونیادنانەوەی عێراق و پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی لە بواری وزەدا لە ڕێگای دەوڵەتانی خاوەن وزەی باکووری ئەفەریقاوە بەبێ ئەوەی پشت بە سەرچاوەکانی وزەی ئێران ببەستێت لە لایەک و لاوازیی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیادا بە بەراورد بە ئەڵمانیا لە لایەکی دیکەوە، پاڵی پێوە نا تا سیاسەتی نزیکبوونەوە بەرامبەر بە کوردانی هەرێمی كوردستان بگرێتە بەر، بە ئامانجی دووبارە گەڕاندنەوەی پێگەی پێشووتری و دەرکەوتنەوەی وەک کارەکتەرێکی بەهێز لە ناوچەکەدا (Öznur, 2003: 141-142).

هەریەک لە وڵاتانی ئەڵمانیا و فەڕەنسا، بەر لە دەستپێکی جەنگ و لەپاش جەنگیش ڕەخنەی توندیان ئاڕاستەی تورکیا کرد، بە هۆی پشتیوانیکردنی تورکیا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەم جەنگەدا. دیارترین ئەو ڕەخنانەی ڕووبەڕووی تورکیا کرانەوە، بریتی بوو لەوەی کە پێویستە تورکیا لەبریی پشتیوانیکردنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەپاڵ دەوڵەتانی یەکێتیی ئەورووپادا هەڵوێست وەربگرێت، گەرنا ئەم بابەتە لەمپەر لەبەردەم پڕۆسەی بەئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەورووپا دروست دەکات. لە هەمان کاتدا دژ بە هەوڵەکانی تورکیا وەستانەوە، کە دەیویست هێزی سەربازی بنێرێتە عێراق بە مەبەستی پاراستنی گیان و ماڵی تورکمانەکان و ڕێگریکردن لە جموجووڵی گرووپە تیرۆرستییەکان لە باکووری عێراق. بەم جۆرە تورکیا بەتەنها جێ هێڵرا (Tepe, Serdar, 2003: 185-191).

١. ٣. بەریتانیا

بناغەی سیاسەتی بەریتانیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەسەر بنەمای سیاسەتی ئەو وڵاتە لە عێراق لەپاش جەنگی یەکەمی جیهانی بونیاد نراوە. بەریتانیا لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا بە مەبەستی دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوەکانی نەوت، عێراقی داگیر کرد. دواتر بۆ هێنانەدیی هاوسەنگیی هێز لەنێوان دەوڵەتە زلهێزەکان و وەستانەوە دژ بە مەترسییەکانی ڕووسیا، هەوڵی دا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و فەڕەنسا بەلای خۆیدا ڕابکێشێت، بۆ ئەم مەبەستە بڕیاری دا لە ٢٥٪ی سەرچاوەکانی نەوت بدات بە هەریەک لەم وڵاتانە (Kaymaz, 2003: 36). هەر چەندە بەریتانیا ناچار بوو لە ساڵی ١٩٣٢ دان بە سەربەخۆیی عێراقدا بنێت، بەڵام توانیی ئیمتیازاتە نەوتییەکانی خۆی لە عێراق تا ساڵی ١٩٧٢ بپارێزێت. لەدوای ئەم ڕێکەوتەوە، بەریتانیا لە ڕێگای ئەو گرێبەستانەی کە لەنێوان کۆمپانیا بەریتانییەکان و دەوڵەتی عێراقدا ئیمزا کرا، توانیی درێژە بە مانەوەی خۆی بدات لە بواری وزەدا. پاشان لە ساڵی ٢٠٠٣دا بەریتانیا لە چوارچێوەی ستراتیژی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەشداریی کرد لە پڕۆسەی داگیرکردنی عێراق هاوشان لەگەڵ هاوتا ئەمەریکییەکەیدا. لەپاش پڕۆسەی داگیرکردنی عێراق، هێزەکانی بەریتانیا بە هۆی ئەو بەریەککەوتنانەی کە لەگەڵ کوردا هەیانبوو لە سەرەتای هاتنیان بۆ ناوچەکە، بڕیاریان دا لەبریی ناوچە کوردنشینەکانی باکووری عێراق، ناوچە شیعییە-عەرەب نشینەکانی باشووری عێراق هەڵبژێرن بۆ مانەوە (Kaymaz, 2005: 21).

 لە ماوەی دانوستانەکاندا سەبارەت بە دیاریکردنی داهاتووی ویلایەتی موسڵ لەپاش کۆنگرەی لۆزان، سەرباری پێداگرییەکانی تورکیا بۆ ئەوەی ئەم ناوچانە بلکێنرێن بە سنوورەکانی دەوڵەتی تورکیاوە، بەریتانیا سوور بوو لەسەر ئەوەی ناوچەکانی هەرێمی كوردستان لەژێر دەسەڵاتی خۆیدا بهێڵێتەوە، لەبەر چەند هۆکارێک، لەوانە: بەریتانییەکان پێیان وا بوو گەر بێتوو ئەم ناوچانە بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی تورکیاوە، ئەوا لە داهاتوودا پاش خۆڕێکخستنەوە، هێزەکانی ئەو وڵاتە هیچ لەمپەرێکی جوگرافییان لە بەردەمدا نامێنێت بۆ دووبارە دەستبەسەرداگرتنەوەی تەواوی عێراق (Kalafat, 2003: 10). جگە لەوەش لە عێراقێکدا کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی عەرەبی شیعەمەزهەب بوون، بەریتانییەکان دەسەڵاتێکی سوننییان دروست کردبوو: بۆیە گەر ناوچە سوننەنشینەکانی هەرێمی كوردستان نەلکێنرایە بە عێراقەوە، ئەوا ڕێژەی هاوڵاتییانی شیعەمەزهەب لە عێراقدا لە (٦٠٪)ەوە بەرز دەبوویەوە بۆ ڕێژەی ٨٠٪، لە هەمان کاتدا ڕژێمی سوننی بێبەش دەبوو لەو بەرهەمە کشتوکاڵییانەی کە لە هەرێمی كوردستان بەرهەم دەهێنرا. لە کۆتاییدا سەرجەم ئەم هۆکارانە پێکەوە دەبوونە هۆی لاوازبوونی دەسەڵاتی سوننە لە وەستانەوە بەرامبەر هاوڵاتییانی شیعەمەزهەب لە عێراقدا (Kocaoğlu, 1995: 255).

هەر چەندە لە سەرەتای ساڵانی ١٩٢٠دا ئەو لایەنانەی کە خاوەنی بڕیار بوون لەنێو بیرۆکراسیی بەریتانیدا، پێشنیازی دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردییان کرد لە ناوچەکەدا، بەڵام بە هۆی پێکهاتەی پەرشوبڵاوی عەشیرەتە کوردییەکان و نائامادەیی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی بۆ پڕۆسەی بەدەوڵەتبوون لە لایەک، وە بە هۆی لێکچوون و نزیکایەتیی تایبەتمەندیی کولتووری و کۆمەڵایەتیی کورد لەگەڵ تورکەکانەدا لە لایەکی دیکەوە، بەریتانییەکان وازیان هێنا لە بیرۆکەی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی، لە ترسی ئەوەی نەوەک لە داهاتوودا یەک بگرن لەگەڵ تورکیادا. بەم شێوەیە بەریتانییەکان لە کۆتاییدا لە ڕێگای پێوەلکاندنی ناوچە کوردنشینەکانی هەرێمی كوردستان بە عێراقەوە، توانییان هەم ئامانجە ستراتیژییەکانیان بەدی بهێنن، هەم بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە کورد وەک کارتێکی فشار دژ بە دەوڵەتانی ناوچەکە بەکار بهێنن.

بۆیە بەریتانییەکان تاوەکوو ڕۆژگاری ئەمڕۆمان جەخت لە پیادەکردنی هەمان سیاسەت دەکەنەوە بەرامبەر باکووری عێراق، چونکە پێیان وایە لەگەڵ دامەزرانی دەوڵەتێکی کوردیدا، ناوچەکە دەبێتە مەیدانی جەنگێکی ماوەدرێژ و لەگەڵ دابەشبوونی عێراقدا؛ ڕۆڵ و پێگەی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زیاد دەکات لە ڕێگەی بەکارهێنانی عەرەبی شیعەوە لە باشووری عێراق. بۆیە بەریتانییەکان سوورن لەسەر بەردەوامبوون لە سیاسەتی پارێزگاریکردن لە یەک پارچەیی خاکی عێراق، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەریتانیا هاوشان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا، پێکەوە سیستمێکی فیدراڵیان لە عێراق هێناوەتە ئاراوە، لە ڕێگای دامەزراندنی هەرێمێکی کوردیی سەربەخۆشەوە کە هەڵگری تایبەتمەندییەکانی دەوڵەتە، ئۆقرەیان لەو دەوڵەتانەی ناوچەکە بڕیوە کە هاوڵاتییانی کوردیان لەخۆ گرتووە.

ئەگەر بێتوو سەرنج  لەو گرێبەستە ماوەدرێژانە بدەین کە لەم ساڵانەی دواییدا کۆمپانیاکانی وزەی بەریتانیا لە تەواوی عێراقدا ئەنجامیان داوە، دەتوانین بڵێین ئامانجی بنەڕەتیی بەریتانیا لە ناوچەکەدا بریتییە لە:

  • دەستەبەرکردنی ئەمن و ئاسایش لە عێراق، وەستانەوە دژ بە سەرجەم ئەو هەوڵانەی دەبنە هۆی بڵاوکردنەوەی نائارامی لە عێراقدا، لەوانە: (ڕوودانی جەنگی نێوخۆیی لەنێوان لایەنە جیاوازەکانی عێراق، ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی لەلایەن خۆبەڕێوەبەرایەتیی کوردەوە، داگیرکردنی ناوچەکە لەلایەن تورکیا یاخود ئێرانەوە… هتد).
  • بەرهەمهێنانی سەرچاوەکانی وزە و گواستنەوەی بۆ بازاڕەکانی جیهان بەپارێزراوی.

١. ٤. ڕووسیا

وەک دەزانرێت سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەتێکی هەناردەکاری وزەی وەک ڕووسیا، بە شێوەیەکی بنەڕەتی لەسەر بنەمای هەوڵدان بۆ گەشتن بە ئاوە گەرمەکان دامەزراوە. لە چوارچێوەی ئەم ستراتیژیەدا، ڕووسیا بە دریژایی ٢٠٠ ساڵی ڕابردوو بە شێوەیەکی کارا ئەرمەنەکانی بەکار هێناوە. بەڵام بە هۆی بەرپەرچدانەوەی کوردەکان، جگە لە چەند عەشیرەتێک، بۆ ئەو ڕووداوانەی کە ئەرمەنەکانی تێدا بەکار هێنرا، ڕووسەکان ناچار بوون بەدوای ڕێگایەکدا بگەڕێن بۆ خۆنزیککردنەوە لە کورد. بۆ ئەم مەبەستە و بە ئامانجی دامەزراندنی بناغەیەکی زانستی بۆ تێگەیشتن لە کێشەی سیاسیی کورد، لەسەر داوای ڕووسیا پەیمانگایەکی کوردی لەلایەن “فلادیمێر مینۆرسکی”یەوە دامەزرێنرا. چونکە مینۆرسکی  کاتێک وەک دیپلۆماتکار لە ئەرزەروم کاری دەکرد، دەرفەتی لە نزیکەوە ناسینی کوردەکانی بۆ ڕەخسابوو. لەو توێژینەوانەی کە لەلایەن ئەم پەیمانگایەوە ئەنجام درا، کار بۆ لێکنزیکردنەوەی کورد و ئەرمەن کرا بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە کاردانەوەی کورد بەرامبەر سیاسەتەکانی ڕووسیا لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە و بانگەشەکردن بۆ ئەوەی کە گوایا کورد و ئەرمەن سەر بە هەمان ڕەگەزن، پاش موسوڵمانبوونی کورد و هاتنی تورکەکان بۆ ناوچەکە؛ لێک دابڕاون و لێک دوور کەوتوونەتەوە (Ayrıntılı bilgi için; Minorsky, Bois, 2008).

جگە لەوەش، ڕووسیا لە ڕێگای دامەزراندنی دەوڵەتیکی کوردی (مەهاباد) لە ئێرانی داگیرکراودا لەپاش جەنگی دووەمی جیهانی، توانیی ئەوەی نیشان بدات کە دەتوانێت لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا کورد وەک ئامرازێک بۆ هێنانەئارای ناسەقامگیریی سیاسی لە ناوچەکەدا بەکار بهێنێت (Babekir, Shehtman, 2010: 99-129). لە ڕێگای لێکۆڵینەوە لە سیاسەتی ڕووسیا بەرامبەر بە کورد لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشماندا، دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە ڕووسیا هەوڵ دەدات پەیوەندییەکی باشی هەبێت لەگەڵ سەرجەم هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، وە نائاسوودەیە بە بوونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا.

 هەروەها دەتوانین بڵێین ڕووسیا وەک یەکێک لە دەوڵەتە گرنگەکانی هەناردەکاری وزە، کار بۆ سەرهەڵدانی ناسەقامگیریی سیاسی دەکات لە جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ڕێگای پرسی کوردەوە، چونکە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و غاز و زیادبوونی داواکاری لەسەری لە بازاڕەکانی جیهاندا، لە بەرژەوەندیی خۆیدایە.

١. ٥. چین

لەگەڵ ئەوەی چین بە یەکێک لەو دەوڵەتانە دادەنرێت کە زۆرترین ژمارەی دانیشتووانیان هەیە لە جیهاندا، بەڵام دەرکەوتنی وەک کارەکتەرێکی بەهێز لەسەر ئاستی جیهانی، بۆ ئەم ساڵانەی کۆتایی دەگەڕێتەوە. لەم ساڵانەی دواییدا چین لە ڕێگای گۆڕینی شێوازی بەڕێوەبردنەوە، توانیویەتی زۆرترین سەرمایەی بیانی ڕابکێشێتە وڵاتەکەیەوە. یەکگرتنی دەستی کاری زۆر و هەرزان لەگەڵ سەرمایەی بیانیدا، وای کردووە گەشەکردنی ئابووریی چین لەسەر ئاستی دونیا بە پلەی یەکەم بێت. ئەم گەشەسەندنە خێرایە لە بواری ئابووریدا، بۆتە هۆی زیادبوونی خواستی چین لەسەر وزە کە لە ڕێگای وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و ڕووسیاوە هەوڵی پڕکردنەوەی دەدات. بەڵام وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و ڕووسیا، بە هۆی زیادبوونی زیاتری پێداویستییەکانی چین لە بواری وزەدا و ناردنی وزە بۆ بازاڕەکانی ڕۆژئاوا لە هەمان کاتدا، ناتوانن خواستەکانی چین لە بواری وزەدا پڕ بکەنەوە، ئەمەش پاڵی بە چینەوە ناوە ڕوو بکاتە ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە مەبەستی پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی.

ئەندێشەی بنەڕەتیی چینییەکان بریتییە لە هەوڵدان بۆ دابینکردنی وزە بە شێوەیەکی بەردەوام بۆ وڵاتەکەیان، هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی نوێ بە مەبەستی پڕکردنەوەی پێداویستییەکانیان کە ڕۆژ دوای ڕۆژ لە زیادبووندایە، بۆ ئەم مەبەستە چین دەستی کردووە بە گەڕان بەدوای نەوتدا لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەم چوارچێوەیەدا چین هەوڵی داوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ باکووری عێراقدا بەهێز بکات، بەڵام بە هۆی ئامادەیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە لە ناوچەکەدا، تا ئێستا نەیتوانیوە لەسەر ئاستێکی باڵا پەرە بە پەیوەندییەکانی بدات. گەرچی زیادبوونی پێداویستییەکانی لە بواری وزە لە ئایندەدا، پاڵ بە چینەوە دەنێت کە سەرباری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و دەوڵەتانی دیکەی ناوچەکە، گرنگیی زیاتر بە هەرێمی كوردستان بدات. هەر چی لایەنە کوردییەکانی باکووری عێراقە، بە هۆی ئەوەی کە بە یارمەتیی هێزە دەرەکییەکان وەستانەوەیان دژ بەو دەوڵەتانە کردۆتە پیشە کە تێیدا نیشتەجێن، لە دۆخی تێکچوونی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یارمەتیدەرەکانی پێشوویاندا ئامادەن لەگەڵ کارەکتەرێکی نوێی جیهانیدا پەیوەندی دابمەزرێنن. بەم شێوەیە پێشبینی دەکرێت چین لە ڕێگەی پەرەپێدانی سیاسەتێکی پراگماتیکی بەرامبەر بە کورد، وەک هێزێکی چالاک دەربکەوێت لە باکووری عێراق.

٢.  کارەکتەرە هەرێمییەکان

٢. ١. تورکیا

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، تورکیا زۆرترین ژمارەی دانیشتووانی کوردی لەخۆ گرتووە. لە ماوەی ئەم ٣٠ ساڵەی دواییدا، تورکیا سەرقاڵ بووە بە ڕووبەڕووبوونەوەی پارتی جوداخوازی کرێکارانی کوردستانەوە. جگە لەوەش لە ماوەی ٢٠٠ ساڵی ڕابردوودا، ژمارەیەکی زۆر یاخیبوون لەلایەن کوردەوە ئەنجام دراوە و زۆرێک لەم یاخیبوونانە لە ڕووبەرێکی داخراو و بەرتەسکدا بوون و نەیانتوانیوە لە جووڵانەوەیەکی خێڵەکی زیاتر بن. دەوڵەتی عوسمانی لەسەر ئاستی ڕووبەرێکی بەرفراوانی جوگرافی، حوکمی ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی کردووە، تورکیای نوێ کە بە میراتگری ئەم دەڵەتە دادەنرێت، بە هۆی نیگەرانییە مێژووییەکانیەوە بە شێوازێکی زۆر هەستیار مامەڵە لەگەڵ پرسی کوردا دەکات (Davutoğlu, 2004: 331). ئەم هەستیارییە کە دەتوانین بە ترس لە دابەشبوون ناوی ببەین، پاڵی بە تورکیاوە ناوە سیاسەتێکی زۆر توند بەرامبەر بە کورد بگرێتە بەر (Özcan, 2001: 98).

 سەرباری ئەوەی تورکیا بەنیگەرانییەوە دەڕوانێتە پارتی جوداخوازی کرێکارانی کوردستان و بەدامەزراوەییبوونی دەسەڵاتی خۆجێیی کورد لە هەرێمی كوردستان لەم ساڵانەی دواییدا و وەک پرسێکی نەتەوەیی مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتەدا دەکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەنگاوی ناوە بە ئاڕاستەی ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە سیاسەتیدا بەرامبەر بە باکووری عێراق (Erkmen, Yılmaz, 2002: 47). دەتوانین بڵێین فاکتەرە ئابوورییەکانی وەک بوونی هەرێمی كوردستان بە بازاڕێکی گرنگ بۆ ساغکردنەوەی کاڵاکانی تورکیا، زیادبوونی هەلی کار و چالاکبوونی جووڵەی بازرگانی لە نێوخۆی تورکیادا، بەدەستهێنانی چەندین پڕۆژە لەلایەن بەڵێندەرە تورکەکانەوە لە ڕێگای زیادکردنی ئاشکراوە، دەستەبەرکردنی هەتنەناوەوەی بڕێکی زۆر لە دراوی بیانی بۆ ناو وڵات؛ هاندەری سەرەکی بوون بۆ نزیکبوونەوەی تورکیا لە باکووری عێراق.

پڕۆسەی گەشەسەندن و بەرەوپێشچوونی دەسەڵاتی خۆجێیی هەرێمی كوردستان بە ئاڕاستەی بەدەوڵەتبوون، کاریگەریی کردۆتە سەر دانیشتووانی کوردی تورکیا و بە  لەبەرچاوگرتنی ئەو گریمانەیەی کە ئەم دەسەڵاتی خۆجێییە دەتوانێت لە ئایندەدا کوردانی تورکیا بە خۆیەوە گرێ بدات، دەکرێت ئەم بەرەوپێشچوونەی وەک مەترسی تەماشا بکرێت بۆ سەر تورکیا، بەڵام وەک دەزانرێت ئەم قەوارەیە خاوەنی تەنها یەک لەسەر پازدەی دانیشتووانە بەراورد بە تورکیا. بۆیە بەدوور دەزانرێت لە هەلومەرجی ئەمڕۆماندا ئەم قەوارەیە بتوانێت کەریگەریی نەرێنی لەسەر تورکیا دروست بکات، گەر بێتوو سیاسەتێکی ئەقڵانی بگیرێتە بەر. تەنانەت دەتوانین بڵێین تورکیا لە ڕێگای بەکارهێنانی فەکتەرەکانی هێزی ئابووری و پەیوەندیی مێژوویی هاوبەشەوە، گەر بیەوێت؛ دەتوانێت لە ماوەیەکی کەمدا ئەم دەسەڵاتە خۆجێییە بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. لەبەر ئەوەی لە بنەڕەتدا ئەم قەوارەیە لەگەڵ ئەوەی بەشێکی زۆری پێداویستییەکانی ڕۆژانەی لە ڕێگای دەوڵەتێکی هەناردەکاری وەک تورکیاوە دابین دەکات، لە هەمان کاتدا یەکێک لە باشترین ڕێگاکان بۆ کردنەوەی دەرگای بازاڕە نێودەوڵەتییەکان بە ڕووی سەرچاوەکانی وزەی بەرهەمهێنراویدا، بریتییە لە دەروازەکانی تورکیا. وەک پێشتر ئاماژەمان پێ دا، ئەم پەیوەستبوونە هۆکارێکی کاریگەر دەبێت لە ڕەخساندنی دەرفەت بۆ یەکگرتن لەگەڵ تورکیادا، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێت ئەو ڕووداوانە لەبەرچاو بگیرێن کە ڕەنگە لە ئایندەدا لە دەرەوەی دەسەڵاتی تورکیا ڕوو بدەن، لەوانە: گۆڕانی هاوسەنگیی هێز، گەر بێتوو دەسەڵاتی خۆجێیی باکووری عێراق؛ کەرکووک بخاتە سەر سنوورەکانی ئەو دەوڵەتەی کە دەیەوێت دایبمەزرێنێت، یاخود دامەزرانی دەسەڵاتێکی کوردی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لە دۆخی پارچەپارچەبوونی ئەو وڵاتەدا، ئەم دەسەڵاتە لە ئەگەری دروستکردنی پەیوەندیی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و ئیسرائیل یان لە ڕێگای کردنەوەی ڕێڕەوێکەوە بۆ سەر دەریای ناوەڕاست، دەرفەتی کرانەوەی بە ڕووی دونیادا بۆ دەرەخسێت، ئەمەش دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوەی هەرێمی كوردستان لە تورکیا و نزیکبوونەوەی زیاتری لە ئیسرائیل لە ئایندەدا. دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگیرێت، گەر بێتوو ئەم دەوڵەتە بکەوێتە ژێر ڕکێفی ئیسرائیل، ئەوا هاوسەنگیی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئاوەژوو دەکاتەوە و دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی ناسەقامگیریی زیاتر لە ئایندەدا.

٢. ٢. ئێران

هاوڵاتییانی شیعەمەزهەب، بەشێکی گرنگ لە دانیشتووانی ئێران پێک دەهێنن. دەوڵەتی ئێران لە ڕێگەی بەکارهێنان و بەڕەسمی ناساندنی مەزهەبی شیعەوە وەک ئایدۆلۆجیای ڕەسمیی دەوڵەت، توانیویەتی ڕێگە لە دابەشبوونی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگای ئێرانی بگرێت. بۆیە سەرباری ئەوەی ئێران ژمارەیەکی گرنگ لە دانیشتووانی کوردی سوننەمەزهەب لەخۆ دەگرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ترسی نییە لە دابەشبوونی خاکەکەی لە ئایندەدا، ئەمەش وای کردووە پەیڕەوی لە سیاسەتێکی کاریگەر بەرامبەر بە کورد بکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. وەک دەبینین ئێران لە ڕابردوودا ماوە ماوە پشتیوانیی لە جووڵانەوەی چەکداریی کوردە جوداخوازەکان کردووە دژ بە هەریەک لە وڵاتانی عێراق و تورکیا، ئەمە لە کاتێکدا کە خۆی پەیڕەوی لە سیاسەتێکی توندی بەشعیەکردن دەکات بەرامبەر کوردانی نیشتەجێی وڵاتەکەی (Arı, 1999: 251).

پاش پڕۆسەی داگیرکردنی عێراق لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە، بە هۆی هێرشە چەکدارییەکانی ڕێکخراوی پژاک کە بە لقێکی درێژکراوەی پارتی جوداخوازی کرێکارانی کوردستان دادەنرێت بۆ سەر وڵاتەکەی، ئێران ناچار بوو بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، دەست بە کاری هاوبەش بکات لەگەڵ تورکیادا. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پێشبینی دەکرا پاش داگیرکردنی عێراق، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ئایندەدا هێرش بکاتە سەر ئێران، بەڵام بە هۆی ئەو زیانە زۆرەی لە عێراقدا بەر هێزەکانی کەوت، ئەمەریکا نەیدەتوانی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران ئەنجام بدات. لە لایەکی دیکەوە لە پڕۆسەی داگیرکردنی عێراقدا، تاکە وڵاتێک کە براوەی سەرەکی بوو بریتی بوو لە ئێران، چونکە پاش کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی سەددام حسێن، شیعەکان بوون بە هێزی سەرەکی لە بەڕێوەبردنی دەسەڵاتدا و هەر زوو خۆیان وەک هێزێکی نزیک لە ئێران نیشان دا  (İzzeti, 2005: 124).

سەرباری کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا، بەڵام بە هۆی بەردەوامیی کێشە نێوخۆییەکانەوە، باس لە سیناریۆی دابەشبوونی عێراق دەکرێت بەسەر سێ پارچەدا لە ئایندەدا، لەوانە: دامەزرانی دەوڵەتێکی کوردی لە باکوور، دەوڵەتێکی عەرەبی-سوننی لە ناوەڕاست و دەوڵەتێکی عەرەبی-شیعی لە باشوور، یان بە لانی کەمەوە کار بۆ دامەزراندنی چەند بونیادێکی سەربەخۆی هاوشێوەی دەسەڵاتی خۆجێیی هەرێمی كوردستان دەکرێت. لەم دۆخەدا ئێران کە پەیڕەوی لە سیاسەتێکی شیعەگەرایی دەکات، بە مەبەستی دامەزرانی چەند دەسەڵاتێکی شیعیی نزیک لە خۆی، پشتیوانی لە گەشەسەندنی دەسەڵاتی خۆجێیی هەرێمی كوردستان دەکات و وا چاوەڕوان دەکرێت لە ئایندەدا پەیوەندیی ئابووری و سیاسیی خۆی لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە زیاتر بەهێز بکات.

٢. ٣. سووریا

سووریا پشتیوانیی لە جووڵانەوەی سیاسیی کورد کردووە لە عێراق و تورکیا. حکومەتی سووریا بە مەبەستی کردنەوەی شوێنپێی خۆی لە جووڵانەوەی سیاسیی کوردی عێراقدا، هاوکار بوو لە دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕێبەرایەتیی جەلال تاڵەبانی لە ساڵی ١٩٧٦ لە شام و پاش بەئەنجامگەیاندنی پڕۆژەی گاپ لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ و کۆنترۆڵکردنی ئاوی دیجلە و فوڕات لەلایەن تورکیاوە، حکومەتی سووریا بە مەبەستی دژایەتیکردنی تورکیا تا ساڵی ١٩٩٨ بەردەوام بوو لە هاوکاریکردن و پشتیوانیکردنی کردە خوێناوییەکانی پارتی جوداخوازی کرێکارانی کوردستان (PKK) دژ بە دەوڵەتی تورکیا (Amanov, 2004: 218).

 بەڵام پاش داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمەریکاوە، خودی سووریا کەوتە بەردەم هەڕەشەی جووڵانەوەی سیاسیی کورد و لەگەڵ کوردانی دانیشتووی وڵاتەکەیدا کە بە درێژایی چەندین ساڵ تەنانەت ڕەگەزنامەشی پێ نەدابوون، ڕووبەڕوو بوویەوە (Süer, 2006: 217). ئەو ڕووداوانەی کە لە مانگی ئاداری ساڵی ٢٠٠٤ لە ناوچەی قامیشلی ڕوویان دا، حکومەتی سووریایان بەئاگا هێنایەوە لە نیشاندانی کاریگەریی کارتی کوردی وەک تیغێکی دووسەر کە دەکرێت دژ بە خۆشی کار بکات، ئەمە لە کاتێکدا سووریا پێشتر ئەم کارتەی دژ بە دەوڵەتانی ناوچەکە بەکار دەهێنا Gürson, 2010)). لەم ساڵانەی دواییدا بە هۆی جەنگی نێوخۆییەوە لە سووریا، سەرباری مردنی سەدان هەزار کەس، یەکێتیی سیاسیی وڵات تووشی دۆخی پارچەپارچەبوون هاتووە و وڵات بۆتە گۆڕەپانی جەنگی بریکارە نێودەوڵەتییەکان. پارتی جوداخوازی کرێکارانی کوردستان و باڵە درێژکراوەکانی لە سووریا، واتە یەکینەکانی پاراستنی گەل (YPG)، بە سوودبینین لە ناسەقامگیریی بارودۆخی سیاسیی سووریا و لە ڕێگای بەدەستهێنانی هاوکاریی دەرەکییەوە، توانیویانە لەنێو خاکی سووریادا ناوچەی نفوزی تایبەت بە خۆیان دروست بکەن. بوونی پارتی جوداخوازی کرێکارانی کوردستان بە ئەکتەرێکی سیاسی کاریگەری لەم چەشنە، بۆتە مایەی دروستکردنی هەڕەشەی جددی بۆ سەر تورکیا و دەوڵەتانی ناوچەکە. لەم چوارچێوەیەدا تورکیا بە مەبەستی پاراستنی سنوورەکانی لەدوای ساڵی (٢٠١٦)ەوە لە ڕێگای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی قەڵغانی فوڕات، چڵە زەیتوون و کانیی ئاشتییەوە؛ لە باکووری سووریا هەوڵی دروستکردنی چەند ناوچەیەکی ئارامی داوە.

٢. ٤. ئیسرائیل

ئیسرائیل بە هۆی گەمارۆدانی لەلایەن دەوڵەتە عەرەبییەکان و هەستکردنی بە مەترسی، بەگوێرەی پێویستیی بەرژەوەندییەکانی؛ گرنگیی بە ستراتیژی کاری هاوبەش لەگەڵ ڕەگەزە ناعەرەبییەکانی ناوچەکەدا داوە. لە چوارچێوەی ئەم ستراتیژییەدا، ئیسرائیل بە ئامانجی هێنانەئارای ناسەقامگیریی سیاسی لەو وڵاتانەی کە بە دوژمنی خۆی دەیانبینێت، پەرەی بە سیاسەتی پشتیوانیکردنی کەمینەکان داوە. بە هۆی کێشە و ململانێکانی نێوانیان، ئیسرائیل تا ئێستا چوار جار لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبیدا کەوتۆتە جەنگەوە، بۆیە پەیڕەوی لە سیاسەتی لاوازکردنی دەوڵەتانی عەرەبی ڕکابەری دەکات (Yılmaz, 2004: 155). ئیسرائیل بە مەبەستی لاوازکردن و تێکشکانی عێراق کە بە یەکێک لە گرنگترین کارەکتەرەکانی دونیای عەرەب دادەنرا، هەر لە ساڵی (١٩٦٠)ەوە پەیوەندیی نزیکی بەستووە لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی سەر بە بارزانی. ئەفسەرانی ئیسرائیلی لە ڕێگەی مەشقپێکردنی ئەو گرووپە چەکدارانە و دابینکردنی چەک بۆیان، لە ڕێگای خاکی ئێرانەوە هەستان بە لاوازکردنی سوپای عێراق لە ناوخۆدا هاوشێوەی وڵاتانی دیکەی عەرەبی، تاکوو بتوانن ڕێگر بن لەوەی کە جەنگ دژ  بە ئیسرائیل بەرپا بکات، لە هەمان کاتدا دوور بکەوێتەوە لە ململانێ لەگەڵ ئێراندا بە هۆی کێشەی سنوورەوە ((Yılmaz, 2004: 157.

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشماندا ئیسرائیل پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ دەسەڵاتی خۆجێیی هەرێمی كوردستاندا هەیە و وەک تاکە دەوڵەت دەردەکەوێت کە پشتیوانی لە دامەزرانی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکات. لە گرنگترین پاڵنەرەکانی ئیسرائیل بۆ گرتنەبەری ئەم ئاڕاستە سیاسییە، بریتییە لە:

  • سەرقاڵکردنی تورکیا، ئێران و دەوڵەتانی دیکەی عەرەبی، لە ڕێگای دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردییەوە لە ناوچەکە، بە مەبەستی کەمکردنەوەی فشارەکانی سەر خۆی.
  • دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام لەنێوان خۆی و ئێراندا، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە هەڕەشەکانی ئێران.
  • ڕۆڵبینین لە مامەڵەکردن بە سەرچاوەکانی وزەی باکووری عێراقەوە.
  • کەمکردنەوە و نەهێشتنی کاریگەریی تورکیا بەسەر باکووری عێراقەوە، لە ڕێگای بەگەڕخستنەوەی بۆریی نەوتی کەرکووک-حەیفا.
  • هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاوی دیجلە، بە مەبەستی دروستکردنی فشار لەسەر شیعە لە باشووری عێراق، گەر هاتوو کەوتنە ژێر کاریگەریی سیاسەتەکانی ئێران لە ناوچەکەدا (Yılmaz, 2006: 128).

ئەنجام

کاتێک شیکاری بۆ بارودۆخی عێراق دەکەین لە سەرەتای ساڵی (٢٠١٢)وە، دەگەینە ئەم ئەنجامانە:

  • لەگەڵ ئەوەی پاش کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی سەددام حسێن؛ هێزە شیعییەکان توانییان لە عێراقدا دەسەڵات بگرنە دەست، بەڵام نەیانتوانی کۆنترۆڵی تەواوی دەسەڵات بکەن لە عێراقدا بە هۆی دابەشبوونیان بەسەر چەندین هێزی جیاوازدا.
  • پەراوێزخستن و دوورخستنەوەی عەرەبی سوننە لە دەسەڵات لەلایەن شیعییەکانەوە، بوو بە هۆی دوورکەوتنەوەیان لە دەوڵەت و کرانەوەیان بە ڕووی گرووپە توندڕەوە ئیسلامییەکاندا.
  • بە هۆی پەراوێزخستنیان لەلایەن سەرجەم هێزەکانەوە جگە لە تورکیا، تورکمانەکان ناچار بوون کە چالاکییەکانیان لە ڕێگەی گرووپەکانی دیکەوە درێژە پێ بدەن، بە ئامانجی سەلماندنی بوونیان.
  • هەر چی کوردەکانە، توانییان بە دامەزراندنی دەسەڵاتێکی خۆجێیی لە هەرێمی كوردستان کە لە ڕێگادایە بەرەو سەربەخۆیی، بەری میوەی کاری هاوبەشیان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا بچننەوە و شوێنپێی خۆیان بکەنەوە لەنێوان کارەکتەرە سەرەکییەکاندا.

پاش کۆتاییهاتنی پڕۆسەی داگیرکردنی عێراق، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا نەیتوانی هیچ یەکێک لەو چەکە کۆکوژانە بدۆزێتەوە کە بەر لە جەنگ؛ بانگەشەی بۆ دەکرد. دواتر کەوتە هەوڵدان بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی کەمدا دەسەڵاتێکی پەیوەست بە خۆی دابمەزرێنێت لە عێراقدا، بەو نیازەی ئەم دەسەڵاتە پاش ئەوەی دەگاتە ئەو قۆناغەی کە لەسەر پێیەکانی خۆی بوەستێت، پێویستە کار بکات بۆ کردنەوەی دەرگای سەرچاوەکانی وزە (نەوت و غازی سروشتی) بە ڕووی کۆمپانیا بیانییەکاندا، دواتر و پاش دەستپێکردنی کاری وەبەرهێنان لە بواری وزەدا لەلایەن ئەم کۆمپانیایانەوە، کاری سەرەکیی ئەم دەسەڵاتە بریتی دەبێت لە دەستەبەرکردنی پاراستنی کێڵگەکانی وەبەرهێنان، هێڵی بۆریی هەناردەکردنی وزە و پاڵاوگەکان. دەتوانین بڵێین ئەم ڕوونکردنەوەیەش بەسە بۆ تێگەیشتن لە لۆژیکی داگیرکردنی عێراق.

لە گفتوگۆکانی ئەمڕۆدا سەبارەت بە ئایندەی عێراق، هەر چەندە پشتیوانی لە پاراستنی یەک پارچەیی خاکی عێراق دەکرێت، بەڵام بە تێڕوانین لەو بونیادەی کە لەسەر ئەرزی واقیع هەیە، ڕەنگە ئەمە کارێکی ئەستەم بێت، چونکە دەسەڵاتێکی سەربەخۆی کوردی کە پارێزگاری دەستووری هەیە لە هەرێمی كوردستان، شایەنی هەڵوێستە لەسەر کردنە. لەگەڵ ئەوەی ئەم هەرێمە سەربەخۆیە خاوەنی تەنها ٦٪ی نەوتی عێراقە، بەڵام بە ئامانجی بەدەستهێنانی هێزێکی زیاتر لە پێناو سەربەخۆییدا هەوڵی داوە ئەو ناوچانەی کە دەوڵەمەندە بە نەوت، لەپێش هەمووشیانەوە کەرکووک بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە.

هەر چی ناوچەکانی ناوەڕاستی عێراقە، زۆرینەی دانیشتووانەکەی بریتین لە عەرەبی سوننە. ئەم ناوچانە لەگەڵ ئەوەی هەژارن لە ڕووی نەوتییەوە، لە هەمان کاتدا بۆ کشتوکاڵ و ئاژەڵداریش شیاو نین. ئەمەش ئەوەمان نیشان دەدات کە عەرەبی سوننە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانیان؛ پێویستە پشت بە پارچەکانی دیکەی عێراق ببەستن، چونکە لە بنەڕەتدا جگە لە پیشەسازیی نەوت، هیچ لقێکی دیکەی پیشەسازی لە عێراقدا بوونی نییە.

لە لایەکی دیکەوە هەر چی عەرەبی شیعەیە، وا دەردەکەوێت کە دابەش بووبن بەسەر دوو بەشدا، ئەوانیش لایەنگرانی ئێران لەگەڵ نەتەوەپەرستەکانی عێراقدا. نەتەوەپەرستەکانی عێراق لە ڕێگەی گرتنەدەستی دەسەڵاتەوە هەوڵیان داوە دەسەڵاتی خۆیان بەسەر کورد و عەرەبی سوننەدا بسەپیێنن، ئەمە لە کاتێکدا کە لایەنگرانی ئێران زیاتر مەیلیان بەلای دروستکردنی بونیادێکی هاوشێوەی دەسەڵاتی خۆجێیی باکووری عێراقەوەیە لە پارێزگای بەسڕە کە لە ٧٥٪ی نەوتی عێراق لەخۆ دەگرێت. بەم شێوەیە ئەمان داوای دابەشنەکردنی داهاتی نەوت دەکەن لەگەڵ گرووپەکانی دیکەدا.

بە تێڕامان لە بارودۆخی گشتیی عێراق، بۆمان دەردەکەوێت کە دابەشبوونی عێراق تەنها پەیوەستە بە کاتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هاتنەناوەوەی ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیا بیانییەکان کە لە بواری وزەدا کار دەکەن بۆ باکوور و باشووری عێراق و ئەنجامدانی چەندین گرێبەستی گرنگ لە بواری وزەدا، وای کردووە وەک کارەکتەری دبلۆماسی دەربکەون. لە ڕێگای بەکار‌هێنانی وڵاتەکانیانەوە وەک کارتی فشار، توانیویانە ڕێگر بن لە دروستبوونی شەڕ و پێکدادان لەنێوان گرووپە جیاوازەکانی عێراقدا. بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئامانجی بنەڕەتیی سەرجەم کارەکتەرە نێودەوڵەتییەکان بریتییە لە ئاسایشی سەرچاوەکانی وزە، ئەوا دوور نییە بیر لە دابەشکردنی عێراق بکەنەوە گەر بێتوو یەک پارچەیی خاکی عێراق ببێتە جێگەی مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیان.

لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت دان بەو ڕاستییەدا بنێین لە دۆخی دابەشبوونی عێراقدا، تورکیا و ئێران لەگەڵ ئەو عەرەبانەی کە هەستی تۆڵەسەندنەوەیان هەیە، چانسی مانەوە بە دەوڵەتێکی کوردی نادەن. جگە لەمانەش نەبوونی کولتووری دەوڵەتداری لای کورد، کامڵنەبوونیان لە ڕووی نەتەوەییەوە بە جۆرێک کە بتوانن دەوڵەت دروست بکەن، نەبوونی ڕێگای ئاوی بۆ کرانەوەیان بە ڕووی دونیای دەرەوەدا، بوونی ڕێژەیەکی گرنگ لە دانیشتووانی تورکمان و عەرەب لەنێو سنووری ئەو دەوڵەتەی کە دەیانەوێت دروستی بکەن؛ لە دیارترین ئەو خاڵانەن کە گرفتن لەبەردەم دەوڵەتی کوردیدا.

لە دۆخی بەردەوامبوونی سیاسەتی بنەڕەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و بەریتانیادا بەرامبەر بە کورد، دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە هەردوو دەوڵەت کار دەکەن بۆ زیاتر بەهێزکردنی ئیدارەی کوردی، بە جۆرێک کە ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر دەوڵەتانی ناوچەکە، بەڵام لە هەمان کاتدا بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی کاردانەوەی دەوڵەتانی ناوچەکە و ڕێگریکردن لە کارەساتێکی گەورەتر، پێویستە ڕێ بگرن لە سەربەخۆبوونی کورد. لە دۆخی پارێزگارینەکردن لە یەک پارچەیی خاکی عێراق، ئەگەری یەکگرتنی ئەم ئیدارە سەربەخۆیە لەگەڵ تورکیادا دێتە بەر باس. سەرباری ئەوەی ناوچەکانی ویلایەتی موسڵ (موسڵ، کەرکووک، سلێمانی، هەولێر، دهۆک) بەشێکن لە میساقی میللی (سنووری نەتەوەیی)، بەڵام نەتوانراوە بخرێنە نێو سنوورەکانی تورکیا، بۆیە لە ئەگەری یەکگرتنی ئەم ناوچانە لەگەڵ تورکیادا، ئەوا لەلایەن کۆمەڵگای تورکیاوە بەگەرمی پێشوازیی لێ دەکرێت.

 بەڵام گەشەسەندنی زیاتری دەسەڵاتی خۆجێیی کورد لە هەرێمی كوردستان لەژێر باڵی تورکیادا و هەنگاونانی بەرەو سەربەخۆیی، دەبێتە هۆی ڕەخساندنی دەرفەت بۆ ئامادەکردنی ژێرخانی دامەزراندنی کوردستانی گەورە، بە جۆرێک کوردانی تورکیاش لەخۆ بگرێت. جگە لەوە زیادبوونی هەیمەنەی دەسەڵاتی تورکیا لە ناوچەکەدا، ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ئێراندا دێنێتە گۆڕێ، ئەمەش دەبێتە هۆی واڵاکردنی دەرگا بۆ سەرهەڵدانی جەنگێکی بەرفراوان لەنێوان سوننە و شیعەدا. ڕوودانی جەنگێکی لەم شێوەیە، دەبێتە هۆی ڕەخساندنی فرسەتێکی ناوازە بۆ دەستتێوەردانی زیاتری ئەو دەوڵەتانەی کە دژ بە بەهێزبوونی ئێران و تورکیان لە ناوچەکەدا.

یەکێکی دیکە لە سیناریۆکانی پەیوەست بە دابەشبوونی عێراق، بریتییە لە ئەگەری دامەزراندنی دەسەڵاتێکی سەربەخۆی کوردیی هاوشێوەی هەرێمی كوردستان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، پاش تێکچوونی بارودۆخی نێوخۆی ئەو وڵاتە بە هۆی ململانێ نێوخۆییەکانەوە، بە دەستتێوەردانی ئیسرائیلیش ئەم ئیدارە سەربەخۆیە دەبێتە دراوسێی ئیسرائیل. بەم شێوەیە ئەو دەوڵەتە کوردییەی کە دادەمەزرێت، دەتوانێت لە ڕێگای ئیسرائیلەوە بگاتە سەر دەریا و ڕزگاری بێت لە فشارەکانی ئێران و تورکیا. لە ئەگەری ڕوودانی ڕووداوێکی لەم چەشنەدا، گەرچی وەک کارێکی ئەستەم دەردەکەوێت، ئەوا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە هەموو هێزی خۆیەوە پارێزگاری لە ئیسرائیل دەکات، بۆ ئەم مەبەستەش ئامادەیە ڕووبەڕووی سەرجەم هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببێتەوە. بێگومان ئەم هەڵوێستەی ئەمەریکا دەبێتە هۆی بەبێ لایەنی مانەوەی چین و ڕووسیا، بەم شێوەیە هاوپەیمانیی نێوان کورد و ئیسرائیل درێژە بە مانەوەی خۆی دەدات. بەڵام لە ڕێگەی بیرکردنەوەوە دەتوانین بگەینە ئەو بڕوایەی لەگەڵ لە تەواوبوونی نەوت لە ناوچەکە لە ئایندەدا، دەوڵەتانی ڕۆژئاوا پشتیوانییەکانی خۆیان لە دەوڵەتە کوردییەکە دەکشێننەوە و نەمانی پشتیوانیی دەرەکییش بۆ ئەو دەوڵەتە، دەبێتە هۆی ئەوەی لەلایەن دەوڵەتانی ناوچەکەوە کە خواستی تۆڵەسەندنەوەیان هەیە، بە شێوازێکی زۆر خوێناوی تۆڵەی لێ بسەنرێتەوە.

لەنێو ئەو ئەگەرانەدا و لە چوارچێوەی پەرەسەندنی سیاسەتی تورکیا بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان، نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت کە تورکیا لەسەر پاشماوەی ئیمپڕاتۆریەتێک بونیاد نراوە، بە هۆی کاریگەریی قووڵی لە ڕووی کولتووری و مێژووییەوە لەسەر ناوچەکە، خاوەنی هێزێکی نەرمی گەورەیە.  بۆیە ستراتیژی تورکیا لە ناوچەکەدا، هاوشێوەی هێزە نێودەوڵەتییەکان لەسەر بنەمای دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوەکانی وزە و ڕووتاندنەوەی ناوچەکە بونیاد نەنراوە. پێویستە تورکیا لەسەر بنەمای دەستەواژەی “دەوڵەتی جیهان” بجووڵێتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، پێویستە گرنگیی زیاتر بە پەرەپێدانی پڕۆژە کۆمەڵایەتییەکان بدرێت لە هەرێمی كوردستان، بەتایبەت لە بواری پەروەردە و تەندروستیدا.  پێویستە پیاوانی کار  هان بدرێن بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی زیاتر لە ناوچەکە. سەرباری هەموو ئەمانە، پێویستە کار بکرێت بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان لە ڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە ببێتە بەشێکی درێژکراوە و دانەبڕاو لە ئەنادۆڵ، هەروەها پێویستە ئەو پەیامە بە کوردانی هەرێمی كوردستان بگەیەنرێت، کە تاکە دۆستی ڕاستەقینەیان بریتییە لە تورک. لەسەر بنەمای مێژووی هاوبەش و چارەنووسی هاوبەش، کار بۆ بونیادنانی هاوپەیمانێتییەک لەنێوان کورد و تورکدا بکرێت لە ئایندەدا. لە هەمان کاتدا پێویستە ئەوە لە کوردان بگەیەنرێت کە بە هاندانی ڕۆژئاوا، بەشداری لەو سەرکێشییانەدا نەکەن کە ڕەنگە زیان بە خودی خۆیان بگەیەنێت.

بەم جۆرە لە کۆتاییدا خواستی هاوبەشی سەرجەم هاوڵاتییانی تورکیا بۆ بونیادنانی پەیوەندییەکی قووڵ و بەهێز لەنێوان هەرێمی كوردستان و ئەنادۆڵدا، بە یەکگرتنی هەرێمی كوردستان لەگەڵ تورکیادا دێتە دی، ئەمەش بە واتای یەکگرتنی پارچەیەکی دیکە لە میساقی میللی لەگەڵ وڵاتەکەماندا دێت.

 

سەرچاوەکان:

  • -Amanov, Ş. (2004). “Hafız Esad Dönemi Suriye Dış Politikası”. (Derleyenler: Türel Yılmaz, Mehmet Şahin), Ortadoğu Siyasetinde Suriye, Platin Yayınları, Ankara.
  • Arı, T. (1999). 2000’li Yıllarda Basra Körfezinde Güç Dengesi, Alfa Yayımları, İ
  • Babekir, H.; Shehtman, P. (2010). Kürdistan Bayrağının Altında, Avesta Yayınları, İ
  • Davutoğlu, A. (2004). Stratejik Derinlik, Küre Yayımları, İ
  • Erkmen, S.; Yılmaz, H. (2002). “Türkiye’nin Kuzey Irak’lı Kürt Gruplarla İlişkileri: 10 Yılın Anatomisi ve Geleceğe İlişkin Beklentiler”, Stratejik Analiz, Cilt:3 Sayı:30.
  • Ersanel, N. (2002). “Burnu Yeniden Kalkan Almanya”, M5 Savunma ve Strateji Dergisi, Sayı:111.
  • Gürson, P. (2010). Suriye, Atılım Üniversitesi Yayınları, Ankara.
  • İzzeti, İ. (2005). İran ve Bölge Jeopolitiği, Küre Yayınları, İ
  • Kalafat, Y. (2003). Bir Ayaklanmanın Anatomisi (Şeyh Sait), ASAM Yayınları, Ankara.
  • Kaymaz, İ. Ş. (2003). Musul Sorunu: Petrol ve Kürt Sorunlarıyla Bağlantılı Tarihsel ve Siyasal Bir İnceleme, Otopsi Yayınları, İ
  • Kaymaz, İ. Ş. (2005). “Arap-Kürt Karşıtlığı Temelinde Irak’ın Parçalanmasına Giden Yol ve Türkiye”, Güvenlik Stratejileri Dergisi, Cilt:1 Sayı:1.
  • Kissinger, H. (2002). Amerika’nın Dış Politikaya İhtiyacı Var mı? (Çeviren: Tayfun Evyapan), Metu Press Yayımları, Ankara.
  • Kocaoğlu, M. (1995). Uluslararası İlişkiler Işığında Ortadoğu, Genelkurmay Basımevi, Ankara.
  • Koç, Ş. B. (2007). “ABD’nin Kuzey Irak Politikası ve Türkiye’nin Çıkarları Üzerindeki Etkileri”, Stratejik Analiz, Cilt:8 Sayı:86.
  • Minorsky, V.; Bois, T. (2008). Kürt Milliyetçiliği, Örgün Yayınevi, İ
  • Özcan, N. A. (2001). “Türkiye’nin Kronikleşen Baş Ağrısı: Kuzey Irak”, Stratejik Analiz, Cilt:1 Sayı:12.
  • Öznur, H. (2003). Cahşların Savaşı: Kuzey Irak Kürt Hareketi ve Musul-Kerkük Meselesi, Altınküre Yayınları, Ankara.
  • Süer, B. (2006). “Suriye’nin Dış Politikası ve Irak Savaşı”. (Editörler: Mehmet Şahin, Mesut Taştekin), II. Körfez Savaşı, Platin Yayınları, Ankara.
  • Tepe, E. B.; Serdar, S. (2003). “Irak Krizi Sonucunda Batı’da Kamplaşma ve NATO Krizi”. (Derleyenler: Ümit Özdağ, Sedat Laçiner, Serhat Erkmen), Irak Krizi (2002-2003), 185-191, ASAM Yayınları, Ankara.
  • Yılmaz, T. (2004). Uluslararası Politikada Ortadoğu, Akçağ Yayınları, Ankara.
  • Yılmaz, T. (2006). “Irak Savaşı’nda İsrail’in Politikası”. (Editörler: Mehmet Şahin, Mesut Taştekin), II. Körfez Savaşı, Platin Yayınları, Ankara

[1] . باكووری عێراق: دەستەواژەیە كە لەلایەن میدیا فەرمی و ئەكادیمییەكانی توركیا لەبریی “هەرێمی كوردستان” بەكار دێت، ئەمە لە كاتێكدایە كە هەرێمی كوردستان وەك یەكەیەكی دەستووری و ئیداری لە چوارچێوەی عێراقدا چەسپاوە و دانی پێدا نراوە. لەبەر ئەم ڕۆشناییە گۆڤاری ئایندەناسی، لەم نووسینەدا لەبریی دەستەواژەی باكووری عێراق، هەرێمی كوردستان بەكار دەهێنێت.

Send this to a friend