• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
December 2, 2023

ئێرانییەکان، مێژووی دێرین تا سەردەمی هاوچەرخ

[i]

ئامادە کردنی: ئێرانناسی

هومایوونی کاتۆزیان ناوێکی دیاری ئێرانە. ئابووریناس، کۆمەڵگەناس، مێژوونووس، لێکۆڵیاری بواری زانستە سیاسییەکان و ڕەخنەگری ئەدەبە. کاتۆزیان ساڵی ١٩٤٢ لە تاران لەدایکبووە. لە بەریتانیا و لە ساڵی ١٩٦٧ کۆلێجی ئابووری لە زانکۆی بیرمێنگام تەواو کردووە. لە ساڵی ١٩٦٨ ماستەر و لە ساڵی ١٩٨٤ دکتۆرای لە زانکۆی کنت لە بیرمێنگام بە سەرکەوتوویی تەواوکردووە. لە زانکۆکانی ئێران، کەنەدا، بەریتانیا و ئەمریکا خاوەنی کۆرسی ئابووری بووە. ئێستا وەک لێکۆڵیاری پۆست دکتۆرا لە کۆلێجی سنت ئانتۆنی و ئەندامی دامەزراوەی ڕۆژهەڵاتناسی زانکۆی کامبریجە. خاوەنی دەیان کتێب و لێکۆڵینەوەیە بە زمانەکانی ئینگلیسی و فارسی. زیاتر لە ٢٨ کتێبی لە کتێبخانەکانی ئێران بە فارسی بەردەستن.

کاتۆزیان خاوەنی دو تێزی گرنگە لە ئێرانناسیدا. یەکەمیان ڕەخنەگرە سەبارەت بە دیدگای ئەورووپا میحوەری لە تێڕوانینیان سەبارەت بە مێژووی ئێران و دووەمیان ئێران کۆمەڵگەی کورت مەودا. بەو مانایەی کە کورت مەودایی نەک لە بیناسازی و هونەری میعماری ئێرانییدا ڕەنگی داوەتەوە بەڵکو لە کۆی کایە سیاسی و کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان ڕەنگڕێژ کراوە. کاتۆزیان یەکێکە لەو بیرمەندانەی کە ناکرێت بە پەنجەی ئاماژە ئیشارەتی بکەین و لە بەرچاوی نەگرین. کاتۆزیان دەبێت بخوێندرێتەوە و دیدگامان سەبارەت بە ئێرانناسی دەوڵەمەند بکات.

کتێبی ئێرانییەکان. مێژووی دێرین تا سەردەمی هاوچەرخ، یەکێکە لە کتێبە گرنگەکانی ئەو بیرمەندە کە لە بواری مێژووی ئێراندا نووسراوە. کۆی کتێبەکە ١٢ بەشە و لە بەشی (١-٦) سەبارەت لە مێژووی کۆن و ناوەڕاستی ئێرانە لە بەشی (٧-١٢) مێژووی سەدەی نۆزدەی ئێران تا شۆڕشی ئیسلامی ئێرانە. دەروازەی کتێبەکە لە چەندین ئاماژەی ئەکادیمی و زانستییانە پێکهاتووە کە دیدگای نووسەر لەسەر کۆی کتێبەکە دەخاتە ڕوو. ئەوەی بە لای کاتۆزیانەوە گرنگە تێڕوانینی ئەوە بۆ مێژوو. ئەو پێیوایە ئەوەی کە مێژوو لە حیکایەت خوێنی و ئەفسانە جیادەکاتەو ئەو بنەما گرنگەی هەڵسەنگاندنە شیکاریی مێژووییە. ماهیەتی مێژووی ئێران چییە؟ لە چۆنیەتی و بۆچییەتی لە مێژووی ئێراندا چۆن تێبگەیین. ئەم کتێبە هەم بۆ خەڵکی ئاسایی و پسپۆڕەکان لە یەککاتدا نووسراە.

کاتۆزیان کاتێک کە خەسڵەتەکانی مێژووی ئێران شیکاری دەکات، هەندێک تابۆی گرنگ لە مێژووی ئێران دەشکێنێت. پەیوەندی نێوان حکومەت و دەوڵەت لە سەرتاسەری مێژووی ئێراندا دژ بەیەکبوون. خواستی حکومەت بۆ دەسەڵاتی ڕەها و شیوازی دیکتاتۆریەت لە لایەک و خواستی خەڵک بۆ شۆڕش و پابەند نەبوون بە یاساکانی دەوڵەت لە سەرتاسەری ئێران لە لایەکی دیکە بەدیدەکرێت. چەند ئاماژەیەکی کەم نەبێت لە حکومەت و خەڵک هاوتەریب لەگەڵ یەکبوون. ئەویش بۆ ماوەیەکی کەم و دیاریکراو. بەرمەبنای تێزی “فەڕڕی ئیزەدی” ئەگەر حاکمێک لەگەڵ خەڵک عادیلانە ڕەفتار نەکات بەرەکەتی خواوەند لەدەستدەدات و دەڕوخێت.  کەسی دووەم و جێنشینی پاشا لە حوکمی ئێراندا هەمیشە و بە گشتی گرفتێک بنەڕەتی بووە. لە پاش مەرگ یاخود نەمانی پاشا بە هەر هۆکارێک دیار نەبووە کە کێ جێنشینی پاشایە. بەردەوام بابەتی جێنشینی گرفتی بۆ دەسەڵات دروستکردووە. زۆرجار جێنشین بۆ گەیشتن بە دەسەڵات بە ناو خوێن و ئاگردا تێپەریوە. لە مێژووی ئێراندا مەرج نەبووە کە هەمیشە دەسەڵات ناوەندگەرا و بەهێز بووبێت. لە سەردەمی پاشاکانی (پێش ئیسلام) و سەردەمی قاجاری تا ڕادەیەکی زۆر دەسەڵات لە کەنارەکانی حکومەت زیاتر بووە تا ناوەند. لەبەر فراوانی جوگرافیای ئێران و نەبوونی هێڵی گواستنەوەی پێشکەوتوو بە تایبەت لە سەردەمی قاجار، دەوڵەت دەسەڵاتی ناوەندی خۆی وەک پێویست بەکارنەهێناوە و لاواز دەرکەوتووە.

ئێران کۆمەڵگەی کورتخایەن: لە ژێر ڕۆشنایی نەبووی هیچ پابەندبوونێکی یاسای بۆ بابەتی جێنشینی یاسا هیچ کات لەوە دڵنیا نەبوو کە بتوانێت کوڕە خۆشەویستەکەی بگاتە دەسەڵات. نەبوونی متمانە و نادڵنیایی لەمەڕ ئەم بابەتە، هەمیش دەسەڵاتداران لە ترس و دڵەڕاوکێدا دەژیان. هەرکات ئەگەری ئەوە هەبوو کە کەسێک چاو ببڕێتە کورسی دەسەڵات و زەوتی بکات. ئەم دۆخە بۆ کۆمەڵگەی ئێرانیش بە هەمان شێوە بوو. پاشا فشاری لەسەر خەڵک بە سەندنی باج و فشار لەسەریان زیاد دەکرد. دەسەڵاتی ڕەهای پاشا و خواستی خەڵک بۆ شۆڕش بەردەوام لە مێژووی ئێراندا دوبارە دەبێتەوە. ناجێگیریی دەسەڵاتی سیاسی لە ئێران و نەبوونی پشتیوانی خەڵک لەو دەسەڵاتە خەسڵەتێکی جێگیری مێژووی ئێرانە.

ئەوەی جیگەی سەرنجە، نووسەر زۆر ئازادانە کە باس لە نەژاد و ڕەسەنی ئێران دەکات، لە فارسدا کورتی ناکاتەوە. بە ڕۆشنی دان بەوەدا دەنێت کە فارس یەکێک لە ڕەسەنەکانی پێکهێنەری مێژووی ئێرانە لە پاڵ کورد و بەلوچ و تاجیک و ئەفغان. هەروەها زمانی فارسیش یەکێکە لە زمانەکانی ئێران لە تەنیشت زمانەکانی دیکەی ئێران. وەک پێشتر زمانەکانی تر وەک زار و شێوەزار سەیر دەکران. بنچینەی مێژووی کۆمەڵایەتی ئێران دابەشبووە بەسەر گوندنشین و خێڵە کۆچەرییەکاندا. کۆچەرەکان هەمیشە هەڕەشەبوون بەسەر دانیشتوانی گوندەکانەوە. لە کاتی یەکگرتنی بەشێك لەو هۆزانە توانیویانە دەست بەسەر دەسەڵاتی سیاسی و چەکدایی لە وڵاتدا بگرن. وەک هەخامەنشییەکان ئەو کارەیان کرد بەرامبەر بە دەوڵەتی ماد لە مێژوودا. کە بەردەوامبوون تا سەردەمی قاجارییەکان کە ئەوانیش بە هەمانشێوە خێلی کۆچەریی تورک بوون.

ناسنامەی ئێران و ئایدۆلۆژی و نەتەوەپەرستی ئێران یەکێکە لەو بابەتانەی کە هەمیشە جێگای مشتومڕی زۆر بووە. لێکۆڵینەوە تازەکان بە گومانەوە سەیری تێزی ناسێونالیزمی ئاریایی ئێران دەکەن. دووبارە بونیاتنانەوەی تێزی ئێرانیخوازی و بە ناوەندێتی نەژادی فارسی لە ژێر کاریگەریی تەوژمی ئەڵمانی لە ئێران سەریهەڵدا. بەڵام سەرکەوتوو نەبوو لە داڕشتنی ناسنامەی ئێرانی. لەبەرئەوەی لە ژێر کاریگەریی هەڵچوونی ئایدۆلۆژی و خەونی هەستەکیدا بوو. هیچ هەڵسەنگاندنێکی واقیعگەرایانەی تێدا نەبوو بە مێژوو و کۆمەڵگەی ئێران. هەرچەندە ئەم هەوڵە لە سەردەمی ڕەزاخاندا پەرەی سەند، زۆرێک لە ڕوناکبیران و مێژوونووسانی ئێرانی خستە ژێر کاریگەریی خۆیەوە. لەوانە کەسایەتی وەک سادقی هیدایەت (هەرچەند خۆی هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ پاشایەتی ڕەزاخاندا نەبوو). نووسەر بە وردی لە بەشەکانی (١-٨) باسی ئەم بابەتە دەکات.

ئێرانگەرایی: وەک تێڕوانینێکی نویی نووسەر سەرنج دەبات بۆ هەندێک بابەتی هەستیار. بەوەی کە ئێرانگەرایی لە مێژووی ئێراندا بە واتای ئێرانگەرایی نوێی میژووی ئێران نییە کە کاریگەرە بە نەتەوەپەرستی ئێرانی. بەڵکو بە واتای هەستێکی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی نێوان ئێرانییەکان کە خۆیان لە نەتەوەکانی دراوسێ پێ دەناساند. ئەم هەستە وەک بۆ هەندێک ڕاستبوو. ئەم هەستی ئێرانیبوون لە مێژوودا یەکسان و جێگیر نەبووە. بەڵکو لە ژێر کاریگەری سێ هۆکاری سەرەکی گۆڕانی بە سەردا هاتووە. یەکەمیان زمانی فارسی بووە. کە وەک کۆلکەی هاوبەشی ئێرانییەکان سەیری کراوە لە مێژوودا و زمانی ئەدەب و شارستانییەتیتان بووە. دووەم ئیسلامی شیعی کە هەندێک لە ڕەگە کولتوورییەکانی تا مێژووی کەونارای ئێران دەڕوات. کە لە مێژووی پێنج سەد ساڵی ڕابردووی ئێران مەزهەبی زۆرینەی ئێرانییەکان بووە. سێیەم خاکی ئێران و جوگرافیاکەی. هەرچەندە ئەم پانتاییە جوگرافییە لە مێژوودا فراوانی و بەرتەسکبوونەی زۆری بە خۆوە دیوە، بەڵام لە ئەنجامدا وەک ناوچەیەکی کولتووری توانیویەتی هەبوونی خۆی لە مێژوودا بسەلمێنێت.

بە گشتی ئەم کتێبە نایابە بەسوودە بۆ خوێنەری گشتی و پسپۆڕانی تایبەتمەندی مێژووی ئێران و کولتوور و شارستانییەتەکەی. نووسەر پابەند نەبووە بە ڕێڕەوێکی مێژوویی بە تەنها، بەڵکو ئابووری و باری کۆمەڵایەتی و کولتووری و فیکری ئێرانیش بەشێکە لە کارەکە.

[i] هومایون کاتۆزیان. ایرانیان دوران باستان تا دورەی معاصر. چاپی ئەکەم ١٣٩١. تهران. نشر مرکز

Send this to a friend