• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
December 2, 2023

چەمكناسی: ئاسایشی نەتەوەیی

ئامادەكردنی: هەورامان فەریق كەریم

چەمكی ئاسایشی نەتەوەیی وەك زۆرێك لە چەمكەكانی دیكەی بواری زانست و توێژینەوە كۆمەڵایەتی و سیاسییەكان، فرەڕەهەند و فرەواتایە. ڕەگوڕیشەی چەمكەكە بۆ سەدەی 17ی جەنگەكانی بەریتانیا و جەنگی ناوخۆیی ئەو وڵاتە و وەك یەكێك لە دەرەنجامەكانی ئاشتی وێستفالیا دەگەڕێتەوە كە ئەو بیرۆكەیەی هێنایە كایەوە كە دەوڵەت ـ نەتەوە نەك تەنیا بەسەر دۆخی ناوخۆی وڵات، بەڵكو بەسەر كۆنتڕۆڵی بەسەر ئاسایشی دەرەوەی وڵاتیشدا هەیە[1]. ئاسایشی نەتەوەیی بە دۆخێك دەگوترێت كە نەتەوەیەك دوور لە هەرجۆرە لەدەستدانێكی تەواو یان بەشێك لە دانیشتوانەكەی، داراییەكەی یان خاكەكەی خۆیدا بەسەر دەبات[2]. لەڕووی واتاییەوە، بۆ وڵاتانی دیموكراسی زیاتر بە واتای ئاسایشی نیشتیمانی پێناسە دەكرێت، بەڵام بۆ وڵاتانی دەوڵەت ـ نەتەوە و دەوڵەتگەلێك كە لەسەر بنەمای زاڵبوونی ئیتنیك یان گروپێكی دیاریكراو لەسەرحسێبی ئەویتری نەتەوەیی یان ئایینی بونیاد نراون، هەر بەواتای ئاسایشی نەتەوەیی بخوێنرێتەوە گونجاوتر دەنوێنێت. لە ڕووی وشەوە بە حاڵەتی خاڵیبوون لە هەرجۆرە هەڕەشە یان هێرش یان ئامادەییەك بۆ ڕووبەڕووبوونەوە، هەڕەشە و هێرشێك دەگوترێت ئاسایش. لە پێناسەی نەتەوە یەكگرتووەكاندا ئاماژە بە توانای پارێزگاری و بەرگریكردنی دەوڵەتێك لە هاوڵاتییەكانی كراوە[3]. هەڵبەت پێناسە مۆدێرنەكەی ئاسایشی نەتەوەیی گۆڕانكارییەكی زۆری بەسەردا هاتووە و تەنیا لایەنی سەربازیی ناگرێتەوە، بەڵكو پارێزگاری لە تاوان و تێرۆریزم، ئاسایشی ئابووری، ژینگەیی، خواردن، وزە و سایبێریش لەخۆ دەگرێت[4]. لەڕووی زاراوەی سیاسی و یاسایییەوە ئاماژە بە چوار جۆر لە ئاسایشی تاكەكەسی، كۆمەڵایەتی، نەتەوەیی و نێودەوڵەتی دەكرێت. وەها دەردەكەوێت كە هەتا دەوڵەتێك یان سیستمێكی سیاسی زیاتر هەست بە ترسی لەدەستدانی خەڵك، سەروەت و خاكەكەی بكات، ئاسایشیتر و سەربازیتر دەبێت. بۆیە ئەو وڵاتانەی كە دەوڵەت ـ نەتەوەكانیان لەسەر بنەمای فرەنەتەوەیی و فرەئایینی دانەمەزراون، ناتوانن خۆیان لەم دۆخە دەرباز بكەن و دەبێت پلان، بودجە و ستراتیژی نزیك و دووریان بۆ ئەم بوارە تەرخان بكەن.

كۆماری ئیسلامیی ئێران یەكێكە لەو وڵاتانەی كە گرنگییەكی زۆر بە پرس و دۆخی ئاسایشی نەتەوەیی دەدات. هەر لە دەستووری كۆماری ئیسلامییەوە بگرە تا دامەزراندنی ئەنجومەی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی (شورای عالی امنیت ملی) و گوتاری ڕۆژانەی میدیاكان و لێدوانی فەرمی بەرپرسەكانیانەوە بگرە كە ئاسایشی نەتەوەیی بە هێڵی سووری ڕژێم ناوزەد دەكەن[5]، تا ئامادەگی سەربازیی و ئاسایشیی ئەو وڵاتە لە نزیكترین سنوورەكانییەوە تا دوورترین وڵاتانی وەك ڤەنزوێلا. هەڵبەت تێگەیشتن لەم چەمكە بەبێ پەیوەستكردنەوەی بە چەمكگەلێكی وەك بەرژەوەندییە نەتەوەییەكان، ویلایەتی فەقیھ، سەروەری خاك (تمامیت ارضی) و سەروەریی نەتەوەیی نیوەناچڵ دەنوێنێت. هەر بۆیە لە پێداچوونەوەی دەستووری 1368(1989)ی ئێران و لە مادەی 176 دا پێویستیی دامەزراندنی ئەنجومەنێك بەناوی “ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی” هاتەئاراوە و بە كردەیی هەنگاوی بۆ نرا. ئەركەكانی ئەنجوومەنەكە لە سەرەتاوە دیاریكردنی سیاسەتەكانی بەرگری؛ هاوئاهەنگكردنی چالاكییە سیاسی، زانیاری، كۆمەڵایەتی، كولتووری و ئابوورییەكانی پەیوەست بە پلانڕێژیی گشتی بەرگری ـ ئاسایشی؛ و سوودوەرگرتن لە پێداویستییە مادی و مەعنەوییەكانی وڵات بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە ناوخۆی و دەرەكییەكان بوو[6].

لە هەندێك لەو توێژینەوانەدا كە سەبارەت بە ئاسایشی نەتەوەیی ئێران ئەنجام دراون، ئاماژە بە چەند فاكتەر و كارەكتەرێك دەكرێت كە لە چاویلكەی ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانەوە بە هەڕەشە هەژمار دەكرێن. بۆ نموونە، هەندێك بكەری ناو هەرێمی كورستان[7]؛ كاریگەری ڕیفراندۆم[8]؛ بەهێزبوونی هەرێمی كوردستان و دەرهاویشتەكانی لەسەر دنەدانی ئاڕاستە ناسیۆنالیستییەكان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان[9]؛ بوونی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق[10] و جێگیربوونی هێزەكانی ناتۆ لە نزیك سنوورەكانی ئێران[11].

دەبێت ئەوەشمان لەبەرچاو بێت كە ڕوانینی دەستەبژێری ئێرانی چ پارێزگاران و چ ڕیفۆرمیستەكان سەبارەت بەم چەمكە وەك یەك نییە. لە سەرەتای شۆڕشەوە ڕەوتی گۆڕانی گوتاری ئاسایشی نەتەوەیی بۆ ساتی هەڵگیرسانی شۆڕش تا پێش جەنگی عێراق ـ ئێران (پەرەسەندن سەنتەر)، لە سەروبەندی جەنگ (پاراستن سەنتەر) و لە كۆتایی جەنگەوە و هاتنەسەركاری دەوڵەتی (گەشە سەنتەر) پۆڵێنبەندی دەكرێت[12]. دوو گوتاری زاڵی نەریتیی ـ نوێ یان شۆڕشگێڕیی ـ نەتەوەیی نوێنەرایەتی ئەم دوو گوتارەیان كردووە بە درێژایی مێژووی هاوچەرخی ئێران و بەتایبەت لە دوای شۆڕشی 1979ەوە. گوتاری یەكەمیان بە دەوری (دالی ناسنامەگەرایی) و دووەمیان (دالی پەرەپێدانگەرایی)دا دەسوڕێتەوە. گوتاری ناسنامەگەرا ڕێگای دەستڕاگەیشتن بە ئاسایشی بەردەوام لە بەهێزكردنی ناسنامەی شۆڕشگێڕی و ئیسلامیدا دەبینێتەوە و لاوازبوونی ئەم ناسنامەیە بە هۆكاری سستبوونی پایەكانی كۆماری ئیسلامیی پێناسە دەكات. لایەنی بەرامبەر، كە پەرەپێدانگەرایە، بە لەبەرچاوگرتنی واقعییەتەكانی كایەی نێودەوڵەتی و هەروەها پانتایی كولتووری و كۆمەڵایەتی خەڵك لە ناوخۆی وڵاتدا و گرنگیدان بە ڕەهەندی سۆفتی ئاسایش، هەنگاونان بە ئاڕاستەی پەرەپێدان بە هەموو ڕەهەندەكانییەوە بە پێشگریمانەی دەستڕاگەیشتن بە ئاسایشی بەردەوام پێناسە دەكات[13].

ڕاجیایی سەبارەت بە فاكتەرەكانی هەبوونی ئاسایشی نەتەوەیی و هەڕەشەكانی سەری مشتومڕی بەردەوامی گوتارە سەرەكییەكان و باڵە جیاجیاكان بووە. هەندێك پێیان وایە كە گرنگترین كۆڵەكەی ڕژێمی ئێران وەك پارێزەری ئاسایشی نەتەوەیی بریتییە لە ناسنامەی كولتووری، چونكە بەها مەعنەوییەكان و ئایدیۆلۆژیای ئیسلامیی كە پێكهێنەری بنەماكانی ئاسایشی نەتەوەیی كۆماری ئیسلامییە، لە بنەڕەتدا خەسڵەتێكی كولتووریی هەیە و تەنانەت هۆكاری سەركەوتنی شۆڕشیش بووە. هەربۆیە لە هەندێك وڵاتدا بە چڕی كار لەسەر سیاسەتی كولتووری كراوە. لە ئاست ناوخۆی وڵاتیش كۆمەڵێك فاكتەر هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دروست دەكەن. یەكیك لەوانە فرە كولتووری و فرەئایینیبوونی وڵاتە، كە بە دەبنە ئاگری ژێر پووشی تێكدانی یەكڕیزی نەتەوەیی[14] و هەڵوەشانەوەی وڵات. بۆیە ئەگەر بە شێوەیەكی گشتی بمانەوێت قسە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بكەین دەتوانین بە گوێرەی لەپێشتربوونەكانی هەڕەشەكانی سەر ئاسایشی نەتەوەیی پۆڵێنبەندییان بكەین. لە توێژینەوەیەكدا لەپێشتربوونەكانی هەڕەشەكان بەمشێوەیە پۆڵێنبەندی كراون: هەڕەشە سەربازیی/زانیارییەكان، ئابوورییەكان، سیاسی ـ كولتوورییەكان و ژینگەیی ـ سەرچاوەكان. هەڕەشە سەربازیی و زانیارییەكان پێش هەموو هەڕەشەكانی دیكە مەترسیی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی دروست دەكەن. لە نێو ئەم جۆرەشدا؛

  • جەنگ و ململانێی سەربازیی پشت ئەستوور بە بنەمای دەرەوەی سنوور؛
  • جەنگ و ململانێی سەربازیی پشت ئەستوور بە بنەمای ناوەوەی سنوور؛
  • تیرۆر و تیرۆریزم؛
  • هەڕەشە سایبرییەكان لە كایەی سەربازیی و زانیاری؛
  • سیخوڕی و نفوزی زانیاری[15].

بۆیە بە گوێرەی پۆڵێنبەندی لەپێشتربوونەكان و ئەنجامەكان، توێژینەوەی سەرەوە پێشنیاز دەكات كە پێویستە ڕێكار، بوجە و ستراتیژی پێویست بگیرێنەبەر بۆئەوەی بتوانن ڕووبەڕووی ئەو هەڕەشە و مەترسییانە ببنەوە.

لە كۆتاییدا ئەوەی پەیوەستە بە عێراق و كوردستانەوە ئەوەیە كە وڵاتانی دراوسێی عێراق و بەتایبەت ئێران ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان لە یەكگرتوویی عێراقدا دەبیننەوە. عێراقێك كە كوردستانی تێدا بەلاوازی بمێنێتەوە یان بتوێتەوە. عێراقێكی یەكگرتوو لە حاڵەتی بەردەوامیی ئەم فرەییەی ئێستادا كەمترین هەڕەشە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دروست دەكات، بەڵام توندتربوونی ئیتنیسیتە و هەستی نەتەوایەتی عەرەبی (بۆ نموونە سەدرییەكان) لە عێراقدا دەرخەری دەركەوتنی هەڕەشەگەلی نوێ بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دەبن. بۆیە هاوكات لەگەڵ ئەوەیكە دابەشبوونی عێراق خراپترین دۆخ بۆ ئێران دەخوڵقێنێت، بیچمگرتنی عێراقێكی پێكهاتوو لە كورد و شیعە و سوننە، بەڵام لە چوارچێوەی عێراقێكی یەكگرتوودا دڵخوازی ئێرانە، چونكە هەم لە لایەكەوە هەژموونی خۆی بەسەر ئەو عێراقە زۆرینە شیعەیەدا دەسەپێنێت، هەم رێگری لە هەژموونی هێزگەلێكی دیكەی وەك ئەمریكا و ئیسرائیل دەكات و دەرەنجام بە مسۆگەركردنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران كۆتایی دێت. هەڵبەت بە حەزەركردن لەوەی كە ئەم عێراقەش بە هەنگاونان بەرەو بەهێزیی زیاتر بەجۆرێك لەدەست دەرنەچێت[16] كە چیتر لە ژێر ڕكێفی ئێراندا نەبێت. هەربۆیە ئێران بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسەدا دەكات، لە لایەك ڕێگە بە دابەشبوونی عێراق نادات و هەوڵ بۆ عێراقێكی یەكپارچە دەدات، لەلایەكی تر نایەوێت عێراقێكی هێندە بەهێز دروست ببێت كە لەسەر ڕێڕەوەكەی ئێستای لابدات و لە ژێر كاریگەری هێزە ناوچەییەكانی وەك توركیا و وڵاتانی عەرەبی بە ئاڕاستەیەكی دیكە هەنگاو بنێت كە بە دڵی ئێران نەبێت.

[1] – Kim R. Holmes, What Is National Security? THE HERITAGE FOUNDATION, 2015 INDEX OF U.S. MILITARY STRENGTH, p. 1.

[2] – داریوش آشوری، دانشنامە سیاسی، فرهنگ اصطلاحات و مكتبهای سیاسی، تهران، مروارید، چاپ دهم، 1373، ص39.

[3]National Security versus Global Security | United Nations

[4] https://study.com/learn/lesson/national-security-policy-concept-role.html

[5]امنیت ملی ایران خط قرمز جمهوری اسلامی ایران است – خبرگزاری مهر | اخبار ایران و جهان | Mehr News Agency

[6]شورای عالی امنیت ملی – از قانون اساسی جمهوری اسلامی ایران | مهدی داودآبادی (davoudabadi.ir)

[7] – داود رضایی و قدیر نصیری، مهمترین کنشگران تحولآفرین در اقلیم کردستان عراق، فصلنامه علمی امنیت مليی سال دوازدهم، شماره چهل و چهارم، تابستان 1401 مقاله سوم از صفحات 104 – 77، ص1.

[8] – اصغر بیات و دیگران، تحولات کردستان عراق و تأثیر آن بر امنیت ملی جمهوری اسلامی ایران، فصلنامه تحقیقات سیاسی بین المللی دانشگاه آزاد اسلامی واحد شهرضا 107-شماره سی و ششم – پاییز 1397 / صص 1 136-107. ص108.

[9] – رویا فرزین راد و ئەوانیتر، بررسی مسئلۀ هم هپرسی استقلال اقلیم کردستان عراق و تأثیر آن بر امنیت ملی جمهوری اسلامی ایران، فصل نامه علمی مطالعات راهبردی سیاست گذاری عمومی، دورۀ 9 . شمارۀ 31 . تابستان 1398، ص. 11.

[10] – نصرت الله حیدری، تأثیر حضور نیروهای آمریکایی در عراق جدید بر امنیت ملی جمهوری اسلامی ایران، فصلنامه مطالعات سیاست بین الملل، دوره 2، شماره 2، شماره پیاپی ) 3(، تابستان 0410 ، ص 022  0، ص17.

[11] – سهیل سهیلینجفآبادی و دیگران، بررسی آیندهپژوهانه حضور ناتو در خاورمیانه و محیط پیرامونی ایران و تأثیر آن بر امنیت ملی جمهوری اسلامی ایران، فصلنامه مطالعات بینالمللی سال 17 ، شماره  1(65) صص 169-194، ص 14.

[12] – داود بخشایی، محسن قلی پور، تحول گفتمان های امنیت ملی در جمهوری اسلامی ایران، فصلنامەی علمی ـ تخصصی سپهر سیاست، سال 7، شمارە26، 1399، ص4.

[13] – همان، 23.

[14] – مصطفی قاسمی حیدری و دیگران، اثرات استقلالخواهی اقلیم کردستان عراق بر انسجام ملی مناطق کردنشین ایران، فصلنامه مطالعات بینالمللی سال 18 ، شماره 1 ( 69 (، تابستان ، ص2.

[15] – حسین بختیاری، 2 علی صالح نیا، اولوی تبندی تهدیدات امنیت ملی جمهوری اسلامی ایران با روش تحلیل سلسل همراتبی،AHP، فصلنامۀ مطالعات راهبردی سیاستگذار یعمومی، دورۀ 8 ، شمارۀ 27 ، تابستان 9، ص10.

[16] – محمدزمان راستگو، عراق منسجم و امنیت جمهوری اسلامی ایران، سیاست كاربردی پژوهشگاە علوم انسانی و مطالعات علوم انسانی، دو فصلنامەی علمی ـ تخصصی، سال اول، شمارەی دوم، پاییز و زمستان 1379، 43-71، ص 23.

Send this to a friend