• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
July 10, 2023

گێتۆکانی مێژوو: پەراوێزخستنی کورد لە مێژوونووسی ناسیۆنالیستی ئێراندا

توێژەر : یونس قوربانی فەر

بەرایی

بندەستەکان لە کوێی مێژوو ڕاوەستاون؟ چەوساوەکان لە کوێی مێژوو جێگیرکراون؟ ستەملێکراوەکان بۆ کام شوێن لە مێژوو ڕاگوێزراون؟ پەراوێزخراوەکان چۆن بۆ پەراوێزەکانی مێژوو دوورخراون؟ ئەوانە و دەیان پرسیاری تر بە دوای بیستنی دەنگی بێدەنگ­کراوەکان، بە شوێن دۆزینەوەی بندەستەکان و چەوساوەکان و ستەملێکراوەکانن لە توونێڵەکانی زەمان، لە سەدە و هەزارە ونبووەکان و لە مێژووی سەراسەر داگیرکراوییان. هەڵەیە ئەگەر بیر بکەینەوە ئەوە تەنیا سەردەمی مۆدێرن و ئایدۆلۆژییە مۆدێرنەکانن کە بوون بە هۆکاری درووستبوونی دۆخی بندەستی، چەوساوەیی، ستەملێکراوی لە مێژووی پەرواێزخراوەکان. لە ڕاستیدا “ڕابردوو”[1] بۆ مرۆڤ هەر لە سەرەتاوە، لە پێش مێژووە[2] ، ئۆبژەییک[3] بووە بۆ ناسین و لێ وردبوونەوە و لێکۆڵینەوە. بابەتێک بووە کە مرۆڤ لە سەر گێڕانەوەی، چۆنبوون و چۆنێتی ناکۆکی، بیروڕای جیاواز و ڕوانینی جۆراوجۆری بووە. دەتوانیین بڵێین هەر لە سەرەتاوە مێژوو سەرمایەیەک بووە کە مرۆڤەکان بۆ بەدەست خستن، زەوتکردن، داگیرکردن و پاراستنی لە ململانێیەكی نەرم یان سەخت دابوون. لە ڕوانگەیەکەوە دەکرێ بڵێین ململانێ لە سەر ڕابردوو بەردەوام دوو جۆر مێژووی بەرهەم هێناوە؛ مێژووی سەردەستەکان و مێژووی بندەستەکان؛ مێژووی ستەمکاران و ستەملێکراوان؛ مێژووی زاڵبووەکان و مێژووی پەراوێزخراوان. ئەم ململانێیە لە هەر چاخێک فۆرمی خۆی گرتووە، لە چوارچێوەی دیسکۆرسەکان و ئایدۆلۆژیاکانی هەر سەردەم بیچمی گرتووە. لە مێژووی مێزۆپۆتامیا هەتاکوو مێژووی یۆنان و ڕۆم، لە مێژووی مەسیحیەت هەتاکوو مێژووی ئیسلام، لە سەدەکانی ناوەڕاست هەتاکوو سەدەکانی هاوچەرخ ئەو ململانێیە لە سەر ڕابردوو و درووستکردن و سازدانی مێژوو دەبینرێت.

مۆدێرنبوون و نوێبوونەوەی مێژوونووسیی لە سەردەمی هاوچەرخدا پێش هەر شتێک زاڵبوونی دیسکۆرسی ناسیۆنالسیستی پێوەدیار بوو. لە ڕاستیدا هەژموونی دیسکۆرسی ناسیۆنالیستی بوو بە هۆی ئەوە کە لە زۆریەک لە وڵاتان و جوگرافیا سیاسییەکان مێژوونووسی مۆدێرن هاوتای مێژوونووسی ناسیۆنالیستی فەرز بکرێت. لە ئێران بە هەمان شێوە. ئەو جوگرافیایەی کە لە سەردەمی هاوچەرخدا بە هۆی ڕکابەرییەکانی ڕووسیا و بەریتانیا توانی خۆی لە مەترسی لێکهەڵوەشان دەرباز بکات، ڕەنگە ئەوەش قەدەری مێژوو بووبێت! کەسانی نوێخواز لە سەردەمی قاجارەکان پێشەنگ بوون لە گێڕانەوەی نووسینی مۆدێرنی مێژووی ئێران، لە ڕاستیدا لە گێڕانەوەی ناسیۆنالسیتی ڕابردووی ئەو جوگرافیایە. ئەوانە دامەزرێنەرانی دیسکۆرسی ناسیۆنالیزمی ئێرانیش بوون، ئەو دیسکۆرسەی بە هۆی فارس تەوەری، ڕابردووی جوگرافیای ئێران و ناوچەیی لە چوارچێوەی ئایدۆلۆژیکی تایبەت داڕشتەوە. داڕشتنێک لە سەر بنەمای باوەڕ بە زاڵبوونی نەتەوەیەک و پەراوێزخستنی نەتەوە و کەمینەکانی تر؛ داڕشتنێک بۆ پەراوێزخستن، بۆ سڕینەوەی ڕەنگەکان، بۆ گێتۆسازی[4].

گێتۆکانی مێژوو چین و چۆن درووست دەبن؟ ئەم وتارە ئاوڕدانەوەیەکی خێرا لە سەر هەندێک بابەتی پەیوەندیدار بە مێژوونووسی ناسیۆنالیستییە و باسێکە لە سەر گێتۆکانی مێژوو و پەراوێزخستنی کورد لە مێژوونووسی ناسیۆنالیستی ئێراندا.

ڕابردوو و مێژوو

مێژوو چییە؟ پرسیارێکە بە درێژایی مێژوو کراوە، پرسیارێکی پڕ وەڵامە؛ بەشێک لەو وەڵامانە لە تێکستەکانی فەلسەفی و هزرییدا نین، بەڵکو لە کولتوور، ڕوانگە و ڕوانینیی هەر یەک لە گەلان و نەتەوەکاندا بەدی دەکرێت. بەڵام بەشی گرنگی وەڵامەکان لە بیروبۆچوونی بیرمەندان و فەیلەسوفان و مێژوونووساندا هەیە. بۆ نموونە ئەرستوو[5] مێژوو وەکو زانست دەستنیشان ناکات؛ ڕانکە[6] مێژوو وەکو زانستێک دەبینێت کە ئاوێنەی باڵانوێنی ڕابردووە؛ پرۆفیسۆر کار[7] لە کتێبە بەناوبانگەکەی مێژوو چییە؟[8] دەڵێت مێژوو لە دیالتیکی نێوان واقع و تەفسیر ئەنجام پەیدا دەبێت؛[9] هایدن وایت[10]، مانسڵۆ[11] و جێنکینز[12] لە چەند دەیەی ڕابردوودا گومانی جیددییان خستۆتە سەر بنەما و ئەستوونە سەرەکییەکانی مەعریفەناسی مێژوو.[13] لێرەدا ئامانج ڕۆچوون بۆ قووڵایی ئەو باسە نییە، بەڵکو جەختکردن لە سەر ئاڵۆزی و بەربڵاوی وەڵامەکان لە سەر پرسیاری چییەتی مێژوو مەبەستمانە. کام پێناسە سەبارەت بە مێژوو ڕاستە؟ ئایا دەکرێت لە ناو ئەم جیهانە تیۆریکە بەربڵاوە دەست بخەینە سەر ڕوانگەیەکی تایبەت و بە نیسبەت ئەوانی تر بە درووستتری بزانین؟ وەڵامی ئەو پرسیارە وەڵامێکی سەرڕاست نییە، ڕەنگە لە ڕێگەی باسکردنی ڕوانگەی جێنکینز بتوانیین وەڵامی ئەو پرسیارە زیاتر شی بکەینەوە.[14]

 لە ڕوانگەی جێنکینز مێژوو وەکو دیسکۆرس[15] پێناسە دەکرێت. جێنکینز لە سەر ئەو باوەڕەیە کە مێژوو دیسکۆرسێکە لە زنجیرەی دیسکۆرسەکان لە بارەی جیهانەوە. ئەم دیسکۆرسانە لە کاری ئافراندن و خوڵقاندنی جیهاندا نین، بەڵکو جیهان داگیر دەکەن و مانای پێ دەبەخشن. دیارە ئەو بەشە لە جیهان کە بۆتە بابەتی مێژوو، ڕابردووە: هەر بۆیە مێژوو وەکو دیسکۆرس چەمکێکی جیاوازە لەگەڵ ئەو بابەتەی باسی لە سەر دەکات: بە واتاییکی تر “ڕابردوو”[16] و “مێژوو”[17] جیاواز لە یەکترن. هەروەها ڕابردوو و مێژوو وەها گرێدراوی یەکتر نین کە تەنیا ڕیگە بە یەک خوێندنەوەی مێژوویی لە ڕابردوو بدرێت. ڕوانگەی جێنکینز لەم بارەوە جێگەی سەرنجە، بەڵام خۆی لەو سۆنگەوە ڕوانگەی پۆزیتیڤیستی زۆربەی مێژوونووسان ڕەتدەکاتەوە. نووسەرێکی ئێرانی لەسەر بنەمای ئەو جیاکارییەی کە جێنکینز کردوویەتی باس لە دوو مانا كایەی چەمکی مێژوو دەکات؛ مانایەکی ئۆنتۆلۆژیک[18] و مانایەکی مەعریفەناسانە.[19] مێژوو بە مانای ئۆنتۆلۆژیکی خۆی پرۆسەیەکی سەربەخۆ لە هزر و واقعێکە بوونی هەیە پێش ئەوەی کە ببێت بە ئۆبژەی ناسین، لێوردبوونەوە و لێکۆلینەوەی ئێمە هەر وەکو سرووشت. بەڵام هەرکات ئەو ئۆبژەیە ببێت بە بابەتێک بۆ تێفکرین، ناسین و لێکۆڵینەوە، لێرەدا مێژوو بە مانای مەعریفەناسانە ساز دەبێ.[20] جیاوازی ڕابردوو و مێژوو لەم لێکدانەوەیە بە باشی دەردەکەوێ. ئێستا دەکرێ باس لەوە بکەین کە چۆن “رابردوو” لە چوارچێوەی دیسکۆرسەکان و ئایدۆلۆژییەکان دەبێت بە “مێژوو”.

لە ڕابردووی جوگرافیایەک بۆ مێژووی نیشتیمانێک

لە سەردەمی هاوچەرخدا، هاوکات لە گەڵ گەشەسەندنی ناسیۆنالیزم و سەرهەڵدانی دەوڵەت-نەتەوەکان[21]، دیسکۆرسی مێژوونووسی ناسیۆنالیستی هەژموونی پەیدا کرد. هەروەک ئاماژەمان پێدا، نوێ بوونەوەی مێژوونووسی پێش هەر شتێک زاڵبوونی دیسکۆرسی ناسیۆنالیستی پێوەدیار بوو. دیارە ئەورووپا لە سەرەتا دا ناوەندی سەرەکی بیچمگرتن و سازبوونی ئەو دیسکۆرسە لە مێژوونووسی بوو، بەڵام دواتر لە هەموو جوگرافیا سیاسییەکان مێژوونووسی ناسیۆنالیستی بوو بە دیسکۆرسی زاڵ لە نووسین و گێڕانەوەی مێژوو. لە ڕاستیدا لە هەر جێگایەک تۆوی ناسیۆنالیسم چێندرا، لەو جێگایە مێژوونووسی ناسیونالیستی ڕەگ و ڕیشەی دادەکووتێت. بە واتایەکی تر دووانەی ناسیۆنالیسم و مێژووی نەتەوە تەوەر( مێژووی نەتەوەیی)، دووانەی لێکدانەبڕاون. دیارە لێرەدا مەجاڵ و دەرفەتی ئەوە نییە باس لەو هەموو ئەزموونەی مێژوونووسیی ناسیۆنالیستی لە ئاستی جیهاندا بکەین، هەر بۆیە لە سەر ئەزموونی ئێران هەڵوەستەیەک دەکەین.

بەشێک لە نووسەرانی ناسیۆنالیست لە ئێران وەکو جەواد تەباتەبایی پەیدابوونی ئەندیشەی مێژوویی لە سەر بنەمای هۆشیاری نەتەوەیی دەگەڕێننەوە بۆ سەدەی سێهەم هەتا شەشەمی کۆچی.[22] لە پشت ئیدعای ئەو نووسەرانە هیچ بەڵگەیەکی باوەڕپێکراو و جێگەی متمانە نابینرێت، تەنیا لە ڕووی ئایدۆلۆژیک و باوەڕمەندی بە ئەزەلیی بوونی[23] نەتەوەی ئێرانی وەها ئیدعایەک دێننە ئاراوە. بەڵام لێکۆڵێنەوەی تر دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە پێشینەی مێژوونووسی ناسیۆنالیستی لە سەردەمی قاجارەکان دایە. هەندێک لێکۆڵەری وەکو مستەفا وەزیری[24] و ڕەزا ئیبراهیمی[25] لە لێکۆڵینەوەکانی خۆیان زۆر بە باشی ئەو ڕاستییەمان پێشان دەدەن. ئەو نووسەرانە جەخت لەوە دەکەنەوە کە مێژووی نەتەوەیی درووستکراوی سەردەمی نوێیە و مێژووی نەتەوەیی لە چوارچێوەی گووتاری ناسیۆنالیستیدا بەرهەم هاتووە. تەوەکولی[26] وەکو وەزیری و ئیبراهیمی لە سەر ئەو باوەڕەیە مێژوونووسی ناسیۆنالیستی لە سەدەی نۆزدەهەم سەری هەڵداوە، بەڵام ڕیشەی ئەو گۆڕانگارییە دەگەڕێنێتەوە بۆ سەدەی هەژدە. هەرچەند ئەرگۆمێنت و فاکتەکانی لەم بارەوە لاوازن و ناکرێت وەکو ڕاستییەکی مێژوویی بیسەڵمینین.

ئەندیشەی نەتەوەخوازی و بیری نەتەوەیی لە سەردەمی قاجارەکان هاتە ناو دیسکۆرسی ڕەوشنبیری ئێران: کەسانی وەکو ئاخوندزادە، ئاقاخان کرمانی[27]، جەلالەدین میرزای قاجار لە دیسکۆرسی کۆن دادەبرێن و لە ژێر کاریگەری ئەندیشە و بیری مۆدێرن هەوڵ دەدەن ئێران؛ پرسەکانی ئێران: کێشەکانی ئێران: دواکەوتوویی ئێران و ڕابردووی ئێران لە ڕوانگەی ئایدۆلۆژی، ئەندیشە و بیری نوێ بخوێننەوە. ئەو نووسەرانە ئەگەرچی نەیانتوانی تێکستی ئەندیشەیی و مێژوویی لە ئاستێکی بەرز بەرهەم بێنن، بەڵام کاریگەری زۆریان بوو لە بنیاتنان و سازکردنی مێژووی نەتەوەیی بۆ ئێران. لە ڕاستیدا ئەوان پێشەنگ بوون لە گۆڕینی ڕابردووی جوگرافیایەک بۆ مێژووی نیشتمانێک.

مێژووی پڕشکۆو[28] و گێڕانەوەیەکی فارس تەوەر

 لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەم قاجارەکان توانییان دەسەڵاتی خۆیان بە سەر دەسەڵاتە ناوچەییەکان بسەپێنن و دەوڵەت- قەبیلەیەکی تر لە جوگرافیای ئێران دابمەزرێنن. قاجارەکان لە دونیای کۆنەوە هاتبوون و بە پێی سیستەمی دەوڵەت- قەبیلەیی کۆن حوکمرانیان دەکرد. هەر بۆیە لە بەرامبەر گۆرانکارییەکانی جیهانی نوێ بێجگە لە تەسڵیم و شکست هەڵوێست و کاردانەوەی تریان نەبوو. ئەوان نوێنەری سیاسی جوگرافیایەک بوون کە بە حەزی ڕووسەکان و بەریتانیاییەکان ئیدارە دەکرا و لە هەر بارێک لە خراپترین دۆخدا بوو. ئێرانی قاجارەکان سیمبوولێک بوو لە دواکەوتوویی و ڕەمزێک بوو لە مانەوەی سەدەکانی ناوەڕاست. ڕۆشنبیران و نووسەران بە هۆی ئاگاداری لە گۆرانکارییەکانی ڕۆژئاوا، هەروەها ئاشنابوونیان لەگەڵ بیری نەتەوەخوازی لە بەرامبەر ئەو دۆخە ڕاوەستان. دەستیانکرد بە ڕەخنەگرتن لە قاجارەکان و دۆخی ئێرانی بندەستی قاجار. بەڵام ئەوان لەبەر نەبوونی دەرفەتێک بۆ گۆڕانکاری لە ئێران و نەدیتنی ئاسۆیەکی ڕوون پەنایان برد بۆ ڕابردوو. ئەوە ڕابردوویەی کە ڕۆژهەڵاتناسەکان خەریکی ساخکردنەوەی بوون. لە ڕاستیدا ئەوان بوون کە وێنەیەکی نوێیان لە ڕابردووی جوگرافیای ئێران پێشاندا. وێنەیەک لە شکۆداری، مەزنایەتی و درەوشانەوەی شارستانیی و کڵتووری. بۆ نموونە ئاقاخان کرمانی ڕێز لە ئێرانی پێش ئیسلام دەگرێت، کوروش بە دامەزرێنەری ئێران دەزانێ؛ کوروش کە لە نەتەوەی فارس بوو وە لە سەردەمی ئەودا ئێرانییەکان ئازادییان بوو. بەڵام ئەو سەردەمە زێڕینە بە هیرشی عەرەبەکان کۆتایی هات. ئەوە بە پێچەوانەی گێرانەوەی مێژوونووسانی ئیسلامی بوو کە سەردەمی پێش ئیسڵام وەکو دەورەی تاریکی و جەهالەت پێناسە دەکەن. جەلالەدین میرزا لە کتێبەکەی خۆی بە ناوی “نامەی خۆسرەوان” بە زمانێکی پەتیی فارسی دەنووسی و بە بەکارنەهێنانی وشەی عرەبی وەکو شانازییەک دەبینێت. بە بووچوونی ئەو نووسەرە شایەکانی ئێرانی پێش ئیسلام لە ڕیزی پێغەمبەران دان و هاوکات هەم شا بوون و هەمیش پێغەمبەر. لەو نووسراوانە ئێران لە سەردەمی پیش ئیسلام بە واتایەکی تر ئێرانی باستان سەردەمی زێرن بوو، سەردەمی شکۆ. ئەو شکۆیەی کە فارس درووستی کردووە و شایەکانی فارس سیمبولی بوون. فارس، زمانی فارس، نەتەوەی فارس دامەزرینەر و خاوەنی ئێران بوون و هەن. ئەوانەی کە تێکدەری ئەو شکۆیە بوون و کۆتاییان بەو شکۆیە هێناوە، دوژمنی ئێرانن. ئا لێرەدا بوو کە مێژوونووسان و نووسەرانی ناسیونالیست پرۆسەی بە ئەویترکردنی نەتەوەکانی تریان دەست پێکردن.

بە ئەویتر کردنی[29] کورد لە گێتۆکانی[30] مێژوودا

مێژوونووسی ناسیۆنالیستی ئێران هەر لە سەرەتاوە لە پرۆسەی ((Self-otherization لە لایەک خەریکی سازکردنی پێناسەیەکی نوێ بۆ فارس بوو، لە لایەکی دی سەرقاڵی بە ئەویترکردنی نەتەوەکانی دیکە. هەموو نووسراوەکانی سەردەمی قاجار پڕە لە دژایەتی لەگەڵ دوو نەتەوەی عەرەب و تورک.  دیارە لەو دوو نەتەوەیەش زیاترین دژایەتی لەگەڵ عەرەب بووە. بەڵام لە سەردەمی پەهلەوی پرۆسەی ((Self-otherization فۆرم و ناوەڕۆکیی تر بە خۆیەوە دەگرێ، ئەمجار کورد بە ئەویتر دەکرێت.

مێژوونووسی ناسیۆنالسیتی لە سەردەمی قاجارەکان وەکو ڕوانگەیەکی نوێ لە بەرامبەر ڕوانگە و ڕوانینی کۆن و کلاسیک هاتە مەیدان. هاوکات بەها و ئەرزشەکانی ناسیۆنالیزم لە ناو چینی ئێلیت زیاتر پەرەی دەستاند و لە سەردەمی دوای مەشرووتە بە تەواوی داسەپا.[31] بەڵام ئەو ناسیۆنالیزمە بە هۆی فارس تەوەری و ڕەگەزتەوەری نە تەنیا نەیتوانی لە ناو نەتەوەکانی تر ڕەخنە بکات، بەڵکو تووشی ڕووبەرووبوونەوەی تووند بووە. کورد هەروەکو نەتەوەکانی تری ڕۆژئاوای ئاسیا زۆر زوو لەگەڵ ئەندیشەی مۆدێرن و لایەنە جۆراوجۆرەکانی مۆدێرنیتە ئاشنا بوو. بە هۆی تایبەت بوونی دۆخی مێژوویی کورد بەریەککەوتنی کورد لەگەڵ نەتەوە سەردەستەکان بە زوویی دەرکەوت. ئێلیتی کورد خوازیاری دەربازبوون و ڕزگاربوون لە دۆخی بندەستی بوو، بەڵام ئیلیتی فارس بە هۆی فارسیزەکردنی مێژوو و بەفارسیکردنی ڕابردوو ئەوەی بە یاخیبوون لە قەڵەم دەدا. شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری وەکو یەکەم شۆڕشی نەتەوەیی کورد لە ئێران پێناسەیەکی نوێی بۆ کورد درووستکرد. لەو پێناسە نوێیەدا کورد خۆی وەکو بەشێک لە مێژووی بەفارسیکراو نەدەدیت. لە سەردەمی شۆڕشی سمکۆ و لە ڕوانگەی حکومەتی  ناوەند و ئیلیتی ناوەند سمکۆ و شۆڕشەکەی یاخیبوونێک بوو کە دەبوایە بە زوویی و بێڕەحمانە سەرکووت بکرێت.[32] لیرەدا بوو کە بێدەنگ کردن، بندەستکردن، پەرواێزخستنی کورد و کەمینەکانی تر بوو بە بەشێک لە بەهاکانی ناسیۆنالیزمی ئێرانی.

لە ڕاستیدا لەو سەردەمەوە کورد خرایە ناو گێتۆکانی مێژوو. ئەو گیتۆیانەی کە درووستکراوی سوژەی فارسی بوو. کورد لە گێتۆکانی مێژوو جوداییخواز بوو؛ یاخیی و ئاژاوەگێڕ بوو. کورد لە گێتوکاندا ئەگەرچی وەکو بەشێک لە ئێران سەیر دەکرا[33]، بەڵام ئەوە بەشێک لە سیاسەتی نەتەوەسازی و تواندنەوەی نەتەوەکان بوو. چونکە گێتۆکانی مێژوو جۆرێک لە سیاسەتی ئیزۆلەکردن بوو.

[1] past

[2] . Prehistory

[3] . object

[4] . گێتۆ ئەو گەڕەک و ناوچانەن کە کەمینەیەکی نەتەوەیی یا ئایینی تێدا نیشتەجێن. لە باری مێژوویی لە ئەرووپا گێتۆ شوێنی نیشتەجێبوونی جووەکان بوو. شوێنیکی ئیزۆلەکراو و نیشتەجێ بوونێکی داسەپاو. گێتۆ بە مانای پەرواێزخراوی بە کاردێت.

[5] . Aristotle

[6] . Leopold von Ranke

[7] . E. H. Carr

[8] . What Is History?

[9] . اي. اچ‌كار، تاريخ چيست؟ ترجمه‌ي حسن كامشاد، انتشارات خوارزمي، صص 7-45.

[10]. Hayden White   

[11] . Alun Munslow

[12] . Jenkins

[13] . Alun Munslow)2006 ، (Deconstructing History، Taylor & Francis. London.

[14] . هەرچەند ڕوانگەی جێنکینز ،وەکو نووسەرێکی پۆست مۆدێرن، لەم بارەوە ڕەخنەی زۆری لە سەر گیراوە، بەڵام هەڵگری هەندێک ڕوانین و بۆچوونی نوێ و بەکارهاتووە.

[15] . discourse

[16]   .Past

[17] . History

[18] . ontological

[19] . epistemological

[20] . هاشم آغاجري و ديگران، تأملاني در علم تاريخ، انتشارات نقش جهان، تهران، 1380، صص 13، 14، 50، 51، 66، 71.

[21] . لە بارەی ئەزموونە مێژووییەکانی ناسیۆنالیزم بڕوانن: الکساندر ماتیل ،دایره‌المعارف ناسیونالیسم( ٣ جلدی)، ترجمەی محبوبه مهاجر، کامران فانی، دفتر مطالعات سیاسی و بین‌المللی، تهران. ١٣٨٥.

[22] . جواد طباطبايي، ديباچه‌اي بر نظريه انحطاط ايران، نگاه معاصر، تهران، چاپ چهارم 1384، صص 280و281.

[23] . Eternalism

[24] . Mostafa Vaziri, Iran as Imagined Nation: The Construction of National Identity (New York: Paragon House, 1993)

[25] . ڕضا ضیاء‌ابراهیمی، پیدایش ناسیونالیسم ایرانی: نژاد و سیاست بی‌جاسازی، مترجم: حسن افشار، تهران، نشر مرکز. ١٣٩٥.

[26] . محمد توكلي طرقي، تجدد بومي و بازانديشي تاريخ، نشر تاريخ ايران، تهران، 1382، صص 42، 11 و 10.

[27] . بڕوانن: فريدون آدميت، انديشه‌هاي ميرزا‌آقاخان كرماني، انتشارات پيام، 1357، تهران.

[28] . مێژووی شکۆدار ناوی ووتارێکە لە عەڵیرەزا مەنافزادە: عليرضا مناف‌زاده، تاريخ پرافتخار، نشريه‌ي نگاه نو، ش ٣٦.

[29] . othering

[30] . ghetto

[31] . بروانن؛ یونس قربانی فر، تاریخ نگاری ناسیونالیستی در عصر پهلوی اول. پایان نامه کارشناسی ارشد. تهران. دانشگاه تربیت مدرس.

[32] . بڕوانن؛ شرف الدین قهرمانی، ختم غائله سمیتکو، به تصحیح میرهاشم محدث، تهران، پردیس دانش، شیرازه. ١٣٩٢

[33] . بۆ نموونە لەو سەرچاوەیە: ڕشید یاسمی، کرد و پیوستگی نژادی و تاریخی او. امیر کبیر. تهران ١٣٦٣

وەرزنامەی ئێرانناسی ژمارە (8)، ساڵی دووەم، تەمموزی 2023

Send this to a friend