• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
July 9, 2023

بان-جەمسەری؛ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خەونەکانی شازادە

بارام مەجیدخان

سیستەمی سیاسی و جەمسەربەندییەکانی جیهان، تا ئێستاش جێگای مشتومڕە. ئەوەی جێگەی سەرنجە جەوادی زەریف لە تویتێکیدا ئاماژەی بە جیهانێکی نوێ لە پاش سیستەمی تاک جەمسەری کردووە. زەریف پێی وایە کە کۆمەڵگای جیهانی قۆناغی گوزەری لە سیستەمی تاک جەمسەریەوە بۆ قۆناغی نوێ تێپەڕاندوە. بۆ چەند جەمسەری نا و بۆ بێ جەمسەریش نا. بەڵکو بۆ پاش جەمسەری. سەردەمی جەنگ و کوشتار لە بەرەوپێشبردنی دەزگای دیپلۆماسی دەوڵەتان چیدی كاریگەر نابێت. هاوپەیمانییە درێژخایەن و ستراتیژییەکان سەرکەوتوو نابن و سەردەمی هاوپەیمانی کورتمەودا بەڕێوەیە. لە گەڵ گەشەکردنی هۆشی دەستکرد و تەکنۆلۆژیای پەیوەست بەو بابەتە، هێشتا مرۆڤ و کاردانەوە مرۆڤایەتییەکان قسەی خۆیان دەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم بابەتە. وە چەندین تەوەری تر. بۆچونەکانی زەریف لە دو ڕوانگەی جیاواز دەتوانین خوێندنەوەیان بۆ بکەین: زەریف دیدگای خۆی وەک کەسێکی بە ئەزموون لە کاری فیکری و سیاسەتی جیهانی دەخاتەڕو لە هەمان کاتدا وەک هەست بەمەترسیکردن لەوەی دەوڵەتدارانی ئێران نایانەوێت لەو دۆخە تازەیەی جهیان کە بەڕێوەیە بە باشی کارلێک بکەن.

ئاماژەکانی ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە سەر ئاستی جیهان و بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوو دەدەن ناوچەکە دەخاتە قۆناغێکی نوێ کە خەت و خاڵەکانی سیستەمی بان-جەمسەرpost-polar   ڕوو لە دەرکەوتنن. بەتایبەت کە پاش بەهاری عەربی و سەرهەڵدانی ئیرهاب و توندوتیژی لە ناوچەکە و شەڕ و پێکدادانی بەردەوام، خەریکە سێبەری ئاشتی بە سەر ناوچەکەدا پەل دەکێشێت. ڕێککەوتنی ئێران و سعودیە ڕووداوێکی گرنگی ئەم گۆڕانکاریانەیە. هەرچەند هەندێک پێیان وایە ئەم ڕێککەوتنە هەڕەشەی بەردەوامی لەسەرە و هێشتا بەستەڵەکەکان بە تەواوی نەڕەوینەتەوە. بەڵام داهاتووی ناوچەکە دەخاتە ژێر هەژموونی خۆی. ئێران هاوکات خەریکی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانییەتی لە گەڵ وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکە. ئەمەش دەرفەتی زیاتر بە ئێران دەبەخشێ کە لەم دۆخە قورسە ئابوورییەی کە بەڕێی دەکات تا ڕادەیەک هەناسەیەک هەڵمژێ و هەم لە داهاتووی ئابووری ناوچەکە شەریک و بەشدارێکی ڕاستەقینە بێت و هەم لە پرۆسەی ئاشتی و ئەمنی ناوچەکە کارا بیت. پرۆسەی ئاشتی عەرەب-ئیسرائیل دوای نزیکەی سەد سال لە ململانێی قورس هەموو ناوچەکە و جیهانیشی شەكەت کردوە. ئاسۆی سعودیە بۆ داهاتووی ناوچەکە تا ساڵی ٢٠٣٠ لەسەر بنەمای ئاشتی لە گەڵ ئێران و ئیسرائیل خۆی نمایش دەکات. هەم ئێران چیدی ناتوانی بە سیاسەتی (نیگا بۆ شەرق) پارێزگاری لە هەموو بەرژەوەندییەکانی خۆی بکات و نە سعودیەش دەتوانێت لە سەردەمی شازادەی نوێ پابەندی هاوپەیمانی درێژخایەنی خۆی لە گەڵ وڵاتە یەکگرتووكانی ئەمریکا بێت. خەونی سعودییەکان بۆ داهاتووی ناوچەکە شێوازێکە لە یەکگرتنی بنەڕەتی وڵاتانی ناوچەکە هاوشێوەی یەکیەتی ئەوروپا. چیدی ئارامکرنەوەی بارۆدۆخ و تەتبیعی سیاسی کارساز نابێت، بەڵکو کاری پێکەوەیی و پڕۆژەی ئابووری هاوبەش لە سەر هەموو ئاستەکان خەونی شازادیە. عێراق وەک بەشێکی سەرەکی ئەم گۆڕانکارییانە چاوەڕێی داهاتوویەکی تاریک ناکات. بەڵکو شێوازێک لە سەقامگیری سیاسی و ئابووری دابینکەری ئاستێکی نوێی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکەکەی و هاوکات نزیکبنەوە و ڕاگرتنی باڵانس لە گەڵ جیهانی عەرەبی و ئێرانی دەرفەتی وەرگرتنی ڕۆڵی ناوبژیوان لە ناوچەکە ئومێدی گەڕانەوەی ڕۆڵی لە ناوچەکە زۆرە. دروشمی “کوا نیشتمانم” چیدی چەکێکی بەهێز نابێت بە دەست نەیارەکانییەوە. کوردیش بە هەمان شێوە ئەگەر ئاڕاستەی پەیوەندی هەرێم و بەغدا بە شیوازی ئاشتیانە بەڕێ بکرێت ئەوا ئاسۆیەکی ئابووری ڕوون چاوەڕوانی خەڵکەکەیەتی. کات بڕیار لە سەر هەموو گۆڕانکارییەکان دەدات.

Send this to a friend