• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
September 26, 2020

ئایندەی پەیوەندییەکانی دوو ئەنجوومەنە کوردییەکەی سووریا

سەنتەری ئەسباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە
وەرگێڕان: یاسین تەھا

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە 3ی ئه‌یلولی 2020ی گۆڤاری ئایندەناسی

لە 16-ی كانوونی دووەمی 2020، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات، مەزڵوم عەبدی، دەستپێشخەرییەكی ڕاگەیاند بۆ نزیككردنەوەی لایەنەكانی بزاڤی سیاسیی كوردی لە یەكتر، لەسەروو هەمووشیانەوە ئەو دوو لایەنە كوردییەی كە زۆرترین ئامادەیی و ڕۆڵ و جەماوەریان هەیە، ئەوانیش پارتی یەكێتیی دیموكراتی (PYD) و ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردی (ENKS)ن. پەیەدە لە ڕووی سیاسەت و ئایدۆلۆژیاوە نزیكە لە پارتی كرێكارانەوە (PKK)، دامەزرێنەری ئەنجوومەنی ڕۆژئاوای كوردستانیشە، ئەنەكەسەش پێكهاتەیەكە لە پارتە كوردییە جەماوەرییەكانی سووریا و لە ڕووی ئایدۆلۆژی و سیاسییەوە نزیكە لە پارتی دیموكراتی كوردستانی عێراقەوە.

دەستپێشخەرییەكەی مەزڵوم عەبدی، بە سیفەتی فەرماندەی گشتیی گەورەترین ڕێكخستنی سەربازیی ڕۆژهەڵاتی فوڕات خرایە ڕوو، كە دەتوانێت دیدی نێوان هێزە سیاسییە كوردییەكان بەبێلایەنی بخاتە ڕوو، ئەمەش لەپاش دەیان نێوانگریی نێوان هەردوو لادا هات كە لە ساڵی (2014)ەوە مەسعوود بارزانی سەرۆكایەتیی دەكات، پاشان چەندین هێزی تری هەرێمی و نێودەوڵەتی دەستوەردانیان تێدا كردووە، لەوانەش وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپا، بەڵام لەو كاتانەدا هەمیشە هەلومەرجە بابەتییەكانی شێوازەكانی گرژی؛ بەسەر توانای ڕێككەوتندا زاڵ دەبوون.

بنەماكانی ناكۆكیی نێوان هەردوو لا

وەك گرووپە جەماوەرییەكانی تری سووریا، كوردەكانیش لە دەمی هەڵایسانی شۆڕشەوە لە پەرتەوازەییەكی گەورەدا دەژین، دابەشبوونی ئەوان لەنێوان لە دوو ئەنجوومەندا بەرجەستە بووە كە ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردستان و ئەنجوومەنی ڕۆژئاوای كوردستانە، ناكۆكییەكانی ئەوانیش دەكرێت لەسەر پێنج بنەما لێك بدرێنەوە:

  1. هێزەكانی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردیی سووریا دژی ڕژێمی ئەسەد بوون لە ڕۆژگاری سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشەوە، هەر لەسەر ئەم هەڵوێستەش مانەوە لەو كاتانەی چوونە ناو ئەنجوومەنی نیشتمانیی سووریا، پاشان ئیئتیلافی نیشتمانیی سووریا، پاشان دەستەی باڵای دانوستان. بە پێچەوانەی ئەوەشەوە، پەیەدە پێی وا بوو بەرژەوەندیی باڵای كورد لەوەدایە كوردی سووریا لەنێوان ڕژێم و هێزە ڕكابەر و ئۆپۆزسیۆنەكاندا بمێننەوە. لەسەر ئەم بنەمایەش چووە ناو ڕێككەوتنی ناڕاگەیەنراوەوە لەگەڵ ڕژێمی سوریا، ئەزموونی خۆیشی پەرە پێ دا لە بەرهەڵستكاریی هێزە ئیسلامییە توندڕەوەكان.
  2. پەیەدە پێی وایە پڕۆژەی سیاسی و سەربازیی ئەو كە خۆی لە كانتۆنەكان و هێزەكانی سووریای دیموكرات و دامودەزگا ئەمنی و ئابوورییەكانی تردا بەرجەستە كردووە، واقیعێكە لەسەر بنەمای ئەوەی سەركەوتنی بەدەست هێناوە لە شەڕی سووریا. بەڵام ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردی لە سووریا، گومان لەسەر ئەو دەستكەوتانە دروست دەكات، پێشی وایە لەلایەن یەك ڕەنگی سیاسییەوە دامەزراون، بەبێ ئەوەی سازان و شەرعیەتی هەڵبژاردنیان هەبێت لە بنكە جەماوەرییە كۆمەڵایەتییەكانەوە، لەسەر ئەم بنەمایەش داوای سەرلەنوێ پێكهێنانەوەی ئەو دامەزراوانە دەكات لەسەر بنەمای نوێ.
  3. پەیەدە پێی وایە پڕۆژە بنەڕەتییەكەی ئەو، تۆڕێكی بەرفراوان سازانی هەیە لەگەڵ هێزە نێودەوڵەتییەكان بۆ كۆنترۆڵكردنی بەرفراوانترین ڕووبەر لە سووریا و سەپاندنی مەرجی سیاسی لە پێگەی هێزی سەربازییەوە. ئەمە لە كاتێكدا هێزەكانی ئەنەكەسە باس لەوە دەكەن ئەو جۆرە بیركردنەوەیە؛ خەونە نەتەوەییەكانی كوردی سووریا لەبار دەبات و جۆرەها شەڕی ناوخۆیی و لابەلا لە ڕۆژهەڵاتی فوڕات دروست دەكات، بەتایبەت لەنێوان كورد و عەرەبدا. بە ڕای ئەم ئەنجوومەنە، پرسی كورد دەبێ قەتیس بكرێت لەو جوگرافیایانەی زۆرینەی كوردن، بەبێ ئەوەی هەوڵی كۆنترۆڵكردنی جێگەی تر بدرێت.
  4. دوژمنایەتییەكی ئایدۆلۆژی و سیاسی هەیە لەنێوان پەیەدە و توركیا، لە كاتێكدا ئەنەكەسە خۆی لە بەریەككەوتن لەگەڵ توركیا دەپارێزێت بەو پێیەی هێزێكی هەرێمایەتیی بەهێزە و هەر چەشنە دژایەتی و بەریەككەوتنێك لەگەڵیدا؛ خەونە نەتەوەییەكانی كورد لەبار دەبات.
  5. پەیەدە پێی وایە كوردانی سووریا دەبێت وەك لایەنی سێیەم بەشدار بن لە دانوستانەكانی پەیوەست بە سووریا لەنێوان ڕژێم و ئۆپۆزسیۆن، بەڵام ئەنەكەسە پێی وایە ئەوە دەبێتە هۆی یەكگرتنی ئەو دوو لایەنە دژی خواستە نەتەوەییەكانی كورد، لەبریی ئەمە پێگەی كورد لەناو ئۆپۆزسیۆن پشك و چانسی باشتریان بۆ دابین دەكات بۆ دیاریكردنی سیماكانی سووریای ئایندە.

پاڵنەری پێكهاتنی هەردوو ئەنجوومەنەكە

چاودێران باوەڕیان وایە هەردوو لایەنە كوردییەكە لەژێر كاریگەریی گوشارەكانی سەریان، بەرەو پێكهاتن دەڕۆن لەگەڵ ئەو پێشبینییانەی هەیانە بۆ دەستكەوتەكانی ئەو هەنگاوە كە دەكرێت لەسەر دوو ئاست پۆلێن بكرێت:

پەیەدە

  1. پەیەدە لە چەند ئاڕاستەیەكەوە خەریكی دانوستانە لە بارەی ئایندەی سیاسیی خۆیەوە، بەتایبەت لەگەڵ ڕژێمی سووریا، ڕووسیا، وڵاتە یەكگرتووەكان. هەمیشەش بەوە تۆمەتبارە كە نوێنەرایەتیی سەرجەم كوردی سووریا ناكات، ئێستا لە هەواڵدایە بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ ئەنەكەسە بە مەبەستی زاڵبوون بەسەر ئەو لەمپەرە.
  2. پەیەدە باوەڕی وایە ڕێككەوتنی لەگەڵ ئەنەكەسە؛ گوشاری توركیای لەسەر كەمتر دەكات، ئەویش بە ناردنی پەیام بۆ ئەنکەرە كە ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی فوڕات ڕوو دەدات، پڕۆژەی “PKK” نییە.
  3. پەیەدە كێشەی لێكەوتەكانی دیمۆگرافیای كوردیی هەیە، دەشزانێت ناكۆكییە سیاسییەكانیان لەگەڵ ئەنەكەسە، بەردەوام هۆكاری لەقبوونی متمانەی بنكە كۆمەڵایەتییەكانی كوردە بە ئایندەی ئەو دۆخەی ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی فوڕات بووەتە دیفاكتۆ.
  4. لە میانەی ئەزموونی هەردوو حیزب لە عفرین و سەری كانێ، پەیەدە تێگەیشت توركیا باش دەتوانێت شەڕی ئەوان بكات لە كەلێنی دابەشبوونی كوردەوە، ئەویش بە بڵاوكردنەوەی ئەوەی شەڕەكە تەنها لەگەڵ لایەنێكی سیاسییە نەك هێز و كۆمەڵگا كوردییەكان، ئەمە بۆ توركیا قورسە ئەگەر یەكدەنگییەكی كوردی هەبێت.
  5. پەیەدە دەیەوێت لە ڕێگەی ڕێككەوتنەوە لەگەڵ ئەنەكەسە؛ بچێتە ناو دانوستانەكانی سووریا، ئەمەش بكاتە دەروازە بۆ فراوانكردنی دانپێدانانی وەك لایەنێكی سیاسی لەلایەن هێزە جیاجیاكانی سووریاوە.

 

ئەنەكەسە

  1. ئەنەكەسە باوەڕی وایە پەیەدە بە هۆی دەزگا سەربازی و خزمەتگوزارییەكانیەوە، دەستی بەسەر بنكە جەماوەرییەكانی كورددا گرتووە، ئەگەر ئەنەكەسە بەشداریی ئەوانە بكات، دەكرێت هەندێك لەو جەماوەرە بگێڕێتەوە بۆ خۆی.
  2. هێزەكانی ناو ئەنەكەسە كاریگەرن بە هەڵوێستەكانی هەرێمی كوردستانی عێراق، ئەم هەرێمەش پێی وایە دابەشبوونی زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی فوڕات؛ زیانی زۆری هەیە، دەبێت ئەنەكەسە نەرمكێشیی زۆر بكات بۆ ڕەچاوكردنی ئەو دۆخە.
  3. ئەنەكەس پێی وایە ئایندەی پڕۆسەی سیاسیی سووریا كە ئەم پشتی پێ دەبەست، زۆر شڵۆقتر و لاوازترە لەوەی هیوای ئەوەی لێ بكرێت پێگەیەكی باش بۆ هێزەكانی ئەم ئەنجوومەنە دابین بكات، بۆیە باوەڕی بەوە هێناوە بەرەو زیاتر لە ئاڕاستەیەك بڕوات.

هێزە ستراتیژییەكانی گوشار

لەپاش هەڵمەتی سەربازیی توركیاوە بۆ سەر سەری كانێ و گرێ سپی، ماوەی سێ مانگ؛ سێ هێزی ستراتیژی گوشاریان دەكرد لە هەردوو ئەنجوومەن تا سەرەتا پێك بێن بە شێوەیەكی سەرەتایی و دواتر قۆناغ بە قۆناغ بە شێوەی دوور مەودا. هەموو زانیارییەكان دەڵێن: ئەمەریكا، هەرێمی كوردستان، وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپا؛ بەم ئاڕاستەیە گوشاریان كردووە، هەریەك لەو لایەنانەش پاڵنەری خۆیان هەیە، بەم جۆرە:

وڵاتە یەكگرتووەكان

  1. ئەمەریكا خەریكی داڕشتنەوەی ستراتیژیەتی خۆیەتی لە تەواوی سووریا و لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی فوڕات بەتایبەت، باوەڕیشی وایە دەبێت هێزە كوردییەكان لەوەدا ڕۆڵیان هەبێ. ئەمەریكییەكان باوەڕیان بەوە هێناوە پاش بەریەككەوتنیان لەگەڵ حەشدی شەعبیی عێراقی، كورد ئەو هێزەن كە زیاتر گونجاون لەگەڵ ئەمەریكا لە ناوچەكەدا.
  2. وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا نایەوێ كۆششەكانی ڕووسیا بۆ دروستكردنی ڕووبەری هاوبەش لەنێوان ڕژێمی سووریا و كوردەكان دوور لە بەندوباوە ئەمەریكییەكان بڕوات، لەم میانەیەشدا ئەمەریكاییەكان فرەجۆریی كوردیان بۆ گرنگە.
  3. ئەمەریكا خوازیارە قەبارەی گرژییەكان و هاوكێشەی سفری توركیا لە ڕۆژهەڵاتی فوڕات خاو بكاتەوە، پێشی وایە سازانی كورد-كورد هۆكارە بەو ئاڕاستەیە، چونكە ڕێگرە لەبەردەم بانگەشەكانی توركیا لە بارەی پەیوەستبوونی كانتۆنەكان و “PKK”.
  4. ئەمەریكا پێی وایە سازانی ناوخۆیی كورد، هۆكارە بۆ داڕشتنی سازانی كوردی عەرەبی سریانی لە ناوچەكەدا.

هەرێمی كوردستان

  1. هەرێمی كوردستان وا دادەنێت كە سازانی هەردوو لا، ڕووبەرێكی نفوزیی بۆ دروست دەكات لە دۆسیەی سووریا.
  2. هەرێمی كوردستان پەیوەندیی ئابووریی هەیە لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی فوڕات، پێشی وایە سازانی كوردی لە ڕۆژهەڵاتی فوڕات، دەیكاتە ناوچەیەكی گەشەی ئابووری و قەبارەی ئاڵوگۆڕی ئابووریی زیاتر دەكات.
  3. هەرێمی كوردستان وا دادەنێت هەوڵە دووقۆڵییەكانی توركیا و سووریا بۆ لەناوبردنی ڕۆژهەڵاتی فوڕات، دژی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمیشە، یەكڕیزیی كوردیش دەكرێت ڕێگر بێت لەوە.
  4. هەرێمی كوردستان كێشەی 300 هەزار ئاوارەی سووریی هەیە، پێی وایە سازانی كوردی؛ قەبارەی ئاوارەبوون و هەڵهاتن كەمتر دەكاتەوە بەرەو كوردستان.

هێزە ڕێگرەكان

لە ئاسۆی بینراودا، سێ هێز لە هەوڵی لەمپەر دروستكردنن بۆ سازان و دیالۆگی ناوخۆیی هەردوو ئەنجوومەنە كوردییەكەی سووریا، ئەوەندەشی بكرێت؛ هەوڵ دەدەن ڕێگری لەوە بكەن.

توركیا لەسەروو ئەو هێزانەوە دێت، هەڕەشەی ئەوەش دەكات ئەنەكەسە لە هەموو چالاكییەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەربكات. توركیا پێی وایە سازانی ئەو دوو ئەنجوومەنە، پاساوە سەرەكییەكەی ئەو بۆ تۆمەتباركردنی ڕۆژهەڵاتی فوڕات بە پەیوەستبوون بە پڕۆژەی پارتی كرێكاران لاواز دەكات، هەروەها ئەو سازانە دەرگای كۆمەكی زیاتری نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی بۆ ڕۆژهەڵاتی فوڕات دەكاتەوە.

ڕووسیاش لای خۆیەوە پێی وایە كە سازانی كوردی؛ لە بەرژەوەندیی هەوڵەكانی ئەمەریكایە بۆ ڕێكخستنەوەی سیاسیی ناوچەكە لە دەرەوەی ڕێككەوتن لەگەڵ ڕژێمی سووریا، ئەمەش ئەركی ڕووسیا قورس دەكات بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو ناوچەیەدا، ئەگەرچی لە ڕێگەی دانوستانی ڕژێمی ئەسەد و پەیەدەشەوە بێت.

هەر چی ڕژێمی سووریایە لە ناوچەیەكی شڵۆقدایە لەم بارەیەوە، لە لایەك ترسی هەیە لە سازانی كوردی وەك دەروازەیەك بۆ پەرەسەندنی ڕۆژهەڵاتی فوڕات لە ڕووی سیاسییەوە، لە لایەكی تر خوازیاری ئەوەیە سازانی لایەنە جۆراوجۆرەكان دەروازەیەك بێت بۆ لاوازكردنی ئەو لایەنەی كە دانوستانی لەگەڵدا دەكات لە ڕێگەی یاریكردن بە دژیەكییە ناوخۆییەكانی ناویەوە.

بنەماكانی سازانی نێوان هەردوو لا

چاودێران پێیان وایە “چوار چارەسەری مامناوەند”؛ ئاستی ناكۆكییەكان نزیكتر دەكەنەوە لە یەكتر، تێزی نێوانگرەكانیش لەو بازنەیەدا دەخولێتەوە.

لە ڕووی سیاسییەوە ڕێككەوتن لەسەر ئەوەی كوردی سووریا خۆیان دەمڕاستی خۆیان بن دوور لە هێزە كوردییە هەرێمایەتییەكان، ئەوەش كلیلی پەیوەندیی سیاسیی نێوانیان بێت، هەروەها ئەوە ببێتە ئامرازێك بۆ ئەوەی ژیانی گشتی لە ڕۆژهەڵاتی فوڕات كراوە بێت بۆ هەموو لا، بۆ هەموو جۆرە چالاكییەكی سیاسی و مەدەنی، هەروەها هەردوو لا كار بكەن بۆ دروستكردنی بەرەیەكی كوردی كە بتوانێت سازان و گونجان دروست بكات لەنێوان كورد و هاوبەشەكانیان لە عەرەب و سریان و ئەرمەن.

هەروەها سازانی ئابووری دەبێت بەرقەرار بكرێت بە كردنەوەی وڵات لەسەر ئاستی شەفافتر، بە جۆرێك لایەنە گشتییەكان ئاگایان لە داهات و ڕێگاكانی خەرجكردنی هەبێت، چ لە داهاتی خاڵە سنوورییەكان بێت یان نەوت یان كۆمەكی دەرەكی یان باجەكان، هەروەها سەرجەم دەزگا ئابوورییەكان “وەزیفەی گشتی”یان هەبێت بۆ جەماوەر و هاوڵاتیان.

ئەمە جیا ناكرێتەوە لە خزمەتگوزاریی گشتی كە دەبێت پەیكەرەكانی پەرە بسێنن بۆ ئەوەی زیاتر گشتی و سەربەخۆ بن لە هەر پڕۆژەیەكی سیاسی، ئەم دەزگایانەش لە شارەوانیی گشتییەوە دەست پێ دەكەن تا دەگەنە وەزارەتەكان و دەزگاكانی كۆمەڵگای مەدەنی. بەڕێوەبردنی باڵای ئەم دەزگایانەش دەبێت بەپێی سازان بێت، بۆ ئەوەی نەبنە ئامراز بۆ هەژموون بەسەر بنكە جەماوەری و كۆمەڵایەتییەكانی كورد.

لە كۆتاییدا دۆسیەی سەربازی زۆر جێگەی مشتومڕ دەبێت، چونكە هەردوو لا وا دادەنێن كە هەژموونی ئەمنی و سەربازی؛ بنەمای هەژموونی سیاسییە. بەڵام چاودێران پێیان وایە ڕازیبوونی هێزەكانی سووریای دیموكرات بە گۆڕینی ئەركی لەشكری ڕۆژ كە پێنج هەزار سەربازن و لە هەرێمی كوردستاندان بۆ ئەوەی ببنە هێزی ئاسایشی ناوخۆ، ئەوە باشترین چارەسەرە بۆ ئەم دۆسیەیە.

پوختەكان

پێنج دەرەنجامی پوخت لە دانوستانی هەردوو لا هەن:

  1. گوشاری ئەمەریكی و كوردی عێراق بە ئاڕاستەی سازانن لەسەر بەرزترین ئاست، بەڵام كێشەی میكانیزمیان هەیە بۆ دروستكردنی ئامرازی گوشاری ڕوون.
  2. هەردوو لا پێوستیان زۆرە بە سازان، بەڵام لە میكانیزمدا ناكۆكن كە دەبێت پێشتر لەسەری ڕێك بكەون، ئەنەكەسە بۆ ڕێككەوتنی گشتگیر هەوڵ دەدات، لە كاتێكدا پەیەدە دەیەوێت تەنها ڕێككەوتنێكی سیاسی بێت.
  3. ئەنەكەسە كێشەی هەبوونی میكانیزمی بڕیاردانی بوێرانەی هەیە بە ئاڕاستەی بڕیاری سازان، ئەمەش ڕاڕاییەكە لە ترسی لەدەستدانی سەكۆ جیاوازەكانەوە هاتووە، ئەگەر ڕێككەوتن لەگەڵ پەیەدە ڕێكوپێك و بەرهەمدار نەبێت.
  4. چاودێران پێیان وایە سازانی سیاسی لەو ناوچەیە لەنێوان هێزە كوردییەكاندا، ڕێگەخۆشكەرە بۆ سازانی تری سیاسی، بەتایبەت لەنێوان كورد و عەرەب.
  5. 5. سازانی كوردی؛ میكانیزمێك دەبێت بۆ كارتێكردن لە پڕۆسەی دانوستانی گەورەی سووریا، ئەگەریش هەیە كورد وەك لایەنێكی سەربەخۆ بچنە ئەو دانوستانە.

بۆ ھیچ کەس، دەزگا و لایەنێک نییە، بەبێ ئاماژەدان بە ناوی گۆڤاری ئایندەناسی، ژمارە و رۆژی دەرچوونی ئەم بابەتە بڵاوبکاتەوە

______________________________________________

سەرچاوەكان

‏1- https://www.alaraby.co.uk/english/indepth/2020/1/23/syrian-kurds-predict-cooperation-with-assad-on-aid-deliveries

‏2- https://www.arabnews.com/node/1618686/middle-east

‏3- https://www.globalresearch.ca/syria-washington-kurds/5699215

‏4- https://www.duvarenglish.com/world/2020/01/16/assad-seeks-reconciliation-with-kurds-doesnt-want-arabs-in-rojava-delegation/

گۆڤاری ئایندەناسی ژمارە ٣ ئەیلولی ٢٠٢٠

Send this to a friend