• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
September 26, 2020

کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان لەنێوان پێکەوەژیان و پێکداداندا

ئامادەکردن: عەدنان ئەحمەد

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە 3ی ئه‌یلولی 2020ی گۆڤاری ئایندەناسی

نزیکەی سەدەیەکە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان لەگەڵ ئەوەی كە لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە شاری پێکەوەژیان و فرەڕەنگی بووە، بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە بەردەوام لە كێشە و ناكۆكیی سیاسی ژیاوە و هۆكارێكی سەرەكیی نەگەیشتن بە چارەسەر و شكستی گفتوگۆ و دانوستانەكانی بزووتنەوەی سیاسیی كوردستانی و حكومەتە یەكە لەدوای یەكەكانی عێراق بووە. بە درێژایی دەیەكانی ڕابردوو، كورد بە هۆكاری مێژووی و دیمۆگرافییەوە جەختی لە كوردستانیبوونی كەركووك كردووە و لە بەرامبەردا عەرەب و توركمان بە هۆكارە زیاتر سیاسییەكانەوە؛ بانگەشەی كوردەكانیان ڕەت كردووەتەوە. ئەم ناكۆكییانە و نەگەیشتن بە ڕێككەوتنێكی یەكجارەكی سەبارەت بە چارەنووسی ئیدارەدانی ئەم شارە، دواجار گەیشتە ئەو ڕادەیەی كە لەلایەن دەسەڵاتدارانی بەعسەوە بیر لە گۆڕینی یەكجاریی دیمۆگرافیای ئەم شارە وەك چارەسەرێك بۆ شوناسی عەرەبیكردنی ئەم شارە و دەوروبەری كرا.

سەرەڕای ئەوەی كە هەوڵدان بۆ بەعەرەبكردنی ئەم شارە لەپێش هاتنە سەر دەسەڵاتی بەعسییەكان دەستی پێ كردبوو، بەڵام زۆرترین ھەوڵەكان لەم پێناوەدا لە چوارچێوەی هەنگاوەكانی “تعریب و ترحیل” چوونە بواری جێبەجێكردنەوە و ھەوڵ درا کەرکووک و ئەم ناوچانە لە فرەڕەنگییەکەی کاڵ بکرێتەوە و یەک پێکھاتە بکرێتە باڵادەست و پێکھاتەکانی دیکە لاواز و ژێردەستە بکرێن، قوربانیی یەکەمی سەردەمی دەسەڵاتداریەتیی بەعسیش کوردەکان بوون و لەدوای ئەوانیش تورکمانەکان، بەتایبەت تورکمانە شیعەکان.

لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، کەرکووک و ئەم ناوچانە گۆڕانکاریی گەورەیان بەسەردا ھاتەوە، چونکە ھەوڵەکانی ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەم ناوچانە دەستیان پێ کرد، ئەمەش کارێکی ئاڵۆز، فرەڕەھەند و قورس بوو، چونکە دەستکاریکردن و گۆڕینی ئەوە بوو کە بەعسییەکان دەیان ساڵ کاریان بۆ کرد. سەرەڕای باڵادەستیی كورد لەم شارە، بەڵام بە كۆمەڵێك هۆكاری جیاواز نەتوانرا لە چوارچێوەی مادەی 140ی دەستووری عێراقی؛ كێشەی ئەم ناوچانە چارەسەر بكرێت.

دوای ئەوەی لەپاش ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ ھێزە عێراقییەکان دەستیان بەسەر کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکاندا گرت، ڕەوشێکی نوێ ھاتە کایەوە، عەرەبە ھاوردەکان توانییان بگەڕێنەوە و بەمەش جارێکی دیکە کێشەکان لەنێوان پێکھاتە ڕەسەن و هاوردەكراوەكان سەریان ھەڵدایەوە، بەتایبەت لەسەر کێشەی زەویوزار، کوردەکانیش ئیدارەی کەرکووک و حکومەتی عێراق بەوە تۆمەتبار دەکەن کە دەیانەوێت کەرکووک بگەڕێننەوە پێش ساڵی ٢٠٠٣. لە ئێستادا کورد دەسەڵاتی سیاسی، سەربازی و ئیداریی ناوچەکەی لەدەست داوە، بۆیە پێکھاتەی کورد خۆیان بەبێ پشتوپەنا دەزانن و بەرپرسانی کوردیش ھۆشداری لە مەترسیی دۆخی کەرکووک و ئەم ناوچانە دەدەن کە کورد لەژێر ھەڕەشەدایە، بەڵام عەرەب و تورکمان دۆخەکە بە ئاسایی ناو دەبەن و پێیان وایە ھیچ مەترسییەک لەئارادا نییە.

سەرەڕای ئەوەی ھەوڵ زۆرە بۆ تێکدانی دۆخی ئەم ناوچانە و ئاڵۆزکردنی دۆخەکە، بەڵام ھەوڵیش ھەیە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و تەنانەت ئەمەریکا، ھاوپەیمانان و نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە ھەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە و لێکنزیککردنەوەی پێکھاتەکانی شارەکە.

دۆخی ئێستای کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان چۆنە؟

کورد باس لە مەترسیی دۆخی ئێستای کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان دەکات و عەرەب و تورکمانیش دۆخەکە بە زۆر باش و ئاسایی دەزانن.

خالید شوانی؛ وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستاندن لەگەڵ بەغدا، پێی وایە کەرکووک بە دۆخێکی مەترسیداردا تێدەپەڕێت، پڕۆسەی بەعەرەبکردنی كەرکووک لە زۆر ڕووەوە دەستی پێ کردووە، ئەم پڕۆسەیەش بەرنامە بۆ داڕێژراوە و لەلایەن ھەندێک لە لایەنە سیاسییە حوکمدار و بڕیاردەرەکانی حکومەتی عێراقەوە بەرنامەڕێژیی بۆ دەکرێت، ھەندێک لە وڵاتانی ھەرێمییش بەشدارن لە دانانی ئەم بەرنامەیە، ڕمی جێبەجێکردنی ئەم بەرنامەیەش؛ ئیدارەی ئێستای کەرکووکە. ئەگەر دۆخەکە بەم جۆرە بەردەوام بێت، کاریگەریی زۆر خراپ لەسەر پێگەی کورد دروست دەکات لەم ناوچانەدا، چونکە سیاسەتی بەعەرەبکردن بۆ لاوازکردن و کەمکردنەوەی ھەژموون و پێگەی کوردە لەم ناوچانەدا لە ڕووی دیموگرافی، ئەمنی، بەڕێوەبردن و سەربازییەوە، ئەگەر ئەمەیان بۆ بچێتە سەر، قۆناغی دووەم دەست پێ دەکەن.

خالید شوانی ڕوونتر دەڵێت: “لە ڕووی دیمۆگرافییەوە دەیانەوێت لەژێر ناوی جیاجیا عەرەبە ھاوردەکان و ئەو عەرەبانە بگەڕێننەوە کە زەویوزاری کوردیان داگیر کردووە، ئەگەر لەم پڕۆسەیەدا سەرکەوتوو بن، دواتر دەست بۆ تۆماری دەنگدەرانی کەرکووکیش دەبەن، بۆ ئەوەی لە ھەڵبژاردن و لە ڕووی سیاسییشەوە پێگەی کورد لاوازتر بکەن.”

لە بارەی پێگە و ھێزی ئەمنیی کوردیشەوە، خالد شوانی پێی وایە لە ڕووی ئەمنیی و سەربازییشەوە؛ کورد لەو شوێنانە ئامادەیی نییە و بڕیاری ئەمنیی و سەربازییش بەدەست کێ بێت، باڵادەستی بۆ ئەو پێکھاتەیە دروست دەکات لەو ناوچانە. بۆیە لەم پڕۆسەی بەعەرەبکردنە سەرکەوتوو بن کە بەرنامەیان بۆ داناوە، قۆناغی دووەم دەست پێ دەکەن کە قۆناغی فشارکردنە لە کورد بۆ بەجێھێشتنی کەرکووک، ھاوشێوەی ئەوەی لە دوزخورماتوو ڕووی داوە، ھاوشێوەی ئەوەی لە دیالە ڕووی داوە کە عەرەبی شیعە لە دژی عەرەبی سوننە کردوویەتی لەو ناوچانە، تاکوو واقیعی دیمۆگرافیی ئەم ناوچانە بگۆڕن.

حاتەم تائی (الطائي)؛ وتەبێژی فەرمیی ئەنجوومەنی عەرەبی لە کەرکووک، لە بارەی دۆخی ئێستای کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکانەوە بۆچوونێکی پێچەوانەی ھەیە و دۆخەکە بە “باش” ناو دەبات و دەڵێت: “بەرقەرابوونی دۆخی ئەمنیی کەرکووک، کاریگەریی باشی هەبووە لەسەر دۆخی سیاسیی پارێزگاکە، بەتایبەتی  دوای ڕووداوەکانی 16ی تشرینی یەکەمی 2017، کەرکووک سەقامگیرییەکی باشی بەخۆیەوە دییەوە، ئەو سەقامیگرییەش زیاتر پتەوتر بوو کاتێک هێزە ئەمنییەکان توانییان ناوچەکانی باشووری خۆرئاوای شارەکە لە پاشماوەی چەکدارانی داعش پاک بکەنەوە.”

محەمەد سەمعان ئۆغڵۆ؛ وتەبێژی بەرەی تورکمانی لە عێراق، سەرەڕای کێشەی لەگەڵ زاراوەی “جێناکۆک”، دۆخەکە به جێگیر و سەقامگیرییەكی زۆر باش ناو دەبات و ئاماژە بەوە دەکات كە: “پێناسەی زاراوەی ‘جێناکۆکەکان’ لای ئێمە جیاوازە، بە بۆچوونی ئێمە بنچینەی کێشەکە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیدا نییە، بەڵکوو لەنێوان پێکهاتەکانی ئەو ناوچانەدایە کە پێی دەڵێن ‘جێناکۆک’، پێیمان وایە دۆخی کەرکووک لە ئێستادا زۆر جێگیرە و ئاسایش و سەقامگیری باڵی بەسەردا کێشاوە، بەتایبەتی دوای 16ی ئۆکتۆبەری 2017، پڕۆسەکانی کوشتنی کەسایەتییە دیارەکانی پێکهاتەکان، دزی و فرامۆشکردنی مافی پێکهاتە جیاوازەکان لە شارەکە کۆتایی پێی هاتووە و بوونی نییە.”

عەدنان کەرکووکی؛ ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان (کەرکووک – گەرمیان)، بۆچوونی وایە دۆخی کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو خراپتر دەچێت و پێی وایە دۆخی ئێستای کەرکووک بەتایبەت دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر، لە ھەموو ڕوویەکەوە (کارگێڕی، ئەمنی، سەربازی و کۆمەڵایەتی)یەوە ڕۆژ بەرۆژ بەرەو خراپبوون دەچێت، بەتایبەت ماوەیەکی زۆرە شاڵاوێکی گەورەی بەعەرەبکردن و بەشیعەکردن لە کەرکووک دەستی پێ کردووە و ڕۆژانە فشار دەخرێتە سەر ھاوڵاتیانی کورد و تەنگیان پێ ھەڵدەچنرێت، بۆ ئەوەی شار، قەزا، ناحیە و گوندەکانی خۆیان چۆڵ بکەن. عەرەبە ھاوردەکانی ناوچەکە ھاتوون و بە پاڵپشتیی حکومەتی عێراق، ئیدارەی کەرکووک و حەشدی شەعبی ئەو گرێبەستانەیان ھێناوەتەوە کە لە سەردەمی سەددام حسێن کراون و دەیانەوێت نوێی بکەنەوە، بۆ ئەوەی زەویوزاری کورد داگیر بکەن. هەروەها لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت، ئەوەشی لە گوندەکانی سنوری “حەفتەغار” بینرا لە قەزای داقووق، بەشێکە لەو ھەوڵانەی عەرەبە ھاوردەکان کە لە بەرامبەردا جووتیارە کوردەکان ڕووبەڕوویان بوونەوە، کەچی ئەوان لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی عێراق، حەشدی شەعبی و پۆلیسی ئیتیحادییەوە پاڵپشتی کران، ئەم پاڵپشتییەش کە ئیدارەی کەرکووکیش بەشێکە تێیدا، وا دەکات ئەم عەرەبە ھاوردانە کۆڵ نەدەن.

ئایندەی کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان

 لە ئێستادا مەترسی لای کورد و بەشێک لە دانیشتووانی کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان ھەیە و تەنانەت ھێزە نێودەوڵەتییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئاماژەیان بەو مەترسییەکە کردووە.

لە بارەی ئایندەی ئەم ناوچانەوە، محەمەد سەمعان ئۆغڵۆ دەڵێت مادەی 143ی دەستووری عێراق، سنووری هەرێمی کوردستانی دیاری کردووە، بەو پێیەش کەرکووک، ناوچەکانی دیکەی موسڵ، دیالە و سەڵاحەدین؛  لە دەرەوەی سنووری هەرێمی کوردستانن، دەبێت کوردیش بزانێت مادەی 140 “کۆتایی پێ هاتووە”، بۆیە “پێیمان وایە ئەگەر پێکهاتەکانی ناوچە “جێناکۆکەکان” و کەرکووک نەگەن بە ڕێککەوتن، ئەوا دۆخی ئەو ناوچانە ئێستا چۆنە؛ هەر بەو شێوەیە دەمێننەوە.”

خالد شوانی بۆچوونی جیاوازە و پێی وایە ئایندەی ناوچە جێناکۆکەکان لەبەردەم “مەترسییەکی گەورەدایە”، بەتایبەتی ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت؛ مەترسیدارترە لەوەی لە سەردەمی ڕژێمی پێشوو دەگوزەرا، لە سەردەمی ڕژێمی پێشوو دەوترا ڕژێمێکی دیکتاتۆرییە و ناوچەکە بە عەرەب دەکات و دیمۆگرافیای دەگۆڕێت، بەڵام ئێستا بە ناو پێی دەوترێت سەردەمی دیموکراسی و کورد بەشدارە لەم حکومەتەدا، بەردەوامبوونی پڕۆسەی بەعەرەبکردن بە شێوەیەکی شاراوە و بەرنامە بۆ داڕێژراو؛ ناوچەکە ڕووبەڕووی “مەترسییەکی گەورە” دەکاتەوە، ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت، مەترسیی گەورە لەسەر مافەکانی کورد لەم ناوچانە ھەیە، ئەگەری زۆریش ھەیە ئەم ناوچانە لەدەست بچن، بۆیە پێویستە کورد بۆ ئەم ناوچانە بەرنامەی ھەبێت.

حاتەم تائی ئایندەی کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان بە ھەڵبژاردنەکانی حوزەیرانی (٢٠٢١)ەوە دەبەستێتەوە و دەڵێت: “هەڵبژاردنەکانی مانگی حوزەیرانی داهاتوو، ئەو پرسە یەکلایی دەکاتەوە”.

عەدنان کەرکووکی بۆچوونی وایە ئایندەی ئەم ناوچانە لەژێر مەترسیدایە و باس لەوە دەکات ئەگەر دۆخی ئەم ناوچانە بەم جۆرەی ئێستا بەردەوام بێت، ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو خراپتر دەچێت، خەڵک و ناوچەکە لە دۆخێکی زۆر خراپدان، ئەگەر دۆخەکەیان چارەسەر نەکرێت و حکومەتی ھەرێم و لایەنە سیاسییەکان نەیەنە پێشەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان و دانانی سنوورێک بۆ دەسەڵاتی حەشدی شەعبی، دۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێت.

چارەسەرەکان بۆ دۆخی کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان

لەگەڵ ئەوەی بەشێک لە لایەنەکان دۆخی ئێستای کەرکووک بە کێشە نازانن تاکوو چارەسەری بکەن، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان و ھاوپەیمانانیش بەدوای چارەسەرێکی ھاوسەنگدا دەگەڕێن کە ھەمووان لەسەری کۆک بن. نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ سەرجەم پێکھاتەکان لە پەیوەندیدایە بە مەبەستی گەیشتن بە چارەسەرێکی پەسەندكراو لەلای سەرجەم لایەنەكان. لە زۆربەی قۆناغەکاندا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک دەربارەی ئەم ناوچانە، ھەرسێ چارەسەری “نێودەوڵەتی”، “ھەرێمی” و “عێراقی-كەركووكی” خراوەتە ڕوو، بەڵام زۆرینەی کەرکوکییەکان، دانیشتووانی ناوچەکە و لایەنە سیاسییەکانیش، جەخت لەسەر چارەسەری عێراقی-كەركووكی دەکەنەوە نەک دەرەکی.

حاتەم تائی جەخت دەکاتەوە: “دەبێت بزانین لە ئێستادا پێکهاتەی عەرەب بەزۆر خۆی نەسەپاندووە بەسەر دەسەڵاتەکانی شارەکەدا. ڕاکان جبوری؛ پارێزگاری ئێستای کەرکووک، بە وەکالەت و بەپێی یاسا ئەو پۆستەی وەرگرتووە، ئەوەش دوای ئەوەی نەجمەدین کەریم پارێزگاری پێشووی شارەکە، پۆستەکەی بەجێ هێشت.” هەروەها دەڵێت پارێزگای کەرکووک لە ڕووی بەڕێوەبردنی جومگە ئیدارییەکانیەوە بەپێی یاسای “بریمەر” کە لە (٢٠٠٥)ەوە پەیڕەو کراوە لە کەرکووک، دەبێت تەنیا یەک جێگری پارێزگار بۆ پارێزگای کەرکووک هەبێت، بنچینەی کێشەکە لە کەرکووک هۆکارەکەی پێکهاتەی عەرەب نییە و ڕێگە نادەین عەرەب بەوە تاوانبار بکرێن. ئێمە لاریمان نییە کێ پۆستی پارێزگاری کەرکووک وەردەگرێت، بەڵام بە مەرجێک دەبێت بەپێی ڕێکارە یاساییەکان بێت.

تائی بەر لە باسکردنی چارەسەر، کورد بە نەبوونی پارێزگارێکی کورد تۆمەتبار دەکات و ئاماژە بەوە دەکات: “سەرباری ئەوەی هەردوو حیزبی کوردی؛ یەکێتیی نیشتمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان، پێش هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەروکوک زۆرینە بوون لە ئەنجوومەنەکەدا، بەڵام بە هۆی ئاڵۆزییەکانی نێوانیانەوە نەیانتوانی بگەن بە ڕێککەوتن و پارێزگارێک لە کەرکووک لە پێکهاتەی کورد  دیاری بکەن.” دەربارەی چارەسەریش، تائی پێی وایە: “چارەسەری کێشەکە تەنها بە گفتوگۆ و دیالۆگی نێوان پێکهاتەکان دەبێت.”

خالید شوانی پێی وایە كە لە ئێستادا میکانیزمی چارەسەرکردنی کێشەکانی کەرکووک جیاوازە لە ساڵانی 2003، ٢٠٠٥ و تەنانەت ٢٠١٧، لەو سەردەمەدا ھاوسەنگیی ھێز لە بەرژەوەندیی کورد بووە و توانیبووی ئەمری واقع بسەپێنێت لەو ناوچانە، کە نەشیتوانی ئەم بابەتە یەكلایی بکاتەوە؛ زۆر میکانیزم و بژاردە ھەبوون بۆ چارەسەرکردنی دۆخی ئەم ناوچانە، بەڵام ئیشیان پێ نەکرا. سەبارەت بەوەی چارەسەرکردنەکە نێودەوڵەتی، ھەرێمی یان عێراقی-کەرکووکی بێت، شوانی پێی وایە ئەگەر ویست ھەبێت دۆخی ئەم ناوچانە ئاسایی ببێتەوە و چارەسەر ببێت، دەبێت لەسەر دوو ھێڵ و ئاست كار بکرێت:

یەکەم: ئاساییکردنەوەی ئەم ناوچانەیە لە ڕووی ئەمنی و سەربازییەوە، ئەمەش بە ڕێککەوتن دەبێت لەگەڵ عێراقدا، عێراقیش بەلایەوە گرنگە لەسەر ھەر ئاساییکردنەوەیەکی بارودۆخی ئەمنی و سەربازیی کەرکووکدا ھەموو پێکھاتەکان قسەیان ھەبێت، واتە دەبێت چارەسەرێکی کەرکووکیانە ھەبێت بۆ کێشەکان کە ھەموو پێکھاتەکان پێی قایل بن.

دووەم: دەبێت دۆسیەی ئەمنی و سەربازیی کەرکووک لەلایەن خەڵکی کەرکووکەوە بەڕێوە ببرێت، پێویستە چوارچێوەیەکی ئەمنی و سەربازییش بۆ ئەمە بدۆزرێتەوە و ڕێککەوتنی لەسەر بکرێت، لەم بوارەشدا ھەندێک ھەنگاو ھەن و نراون.

سەبارەت بە ڕۆڵی وڵاتە ھەرێمییەکان لەسەر ھەوڵەکانی چارەسەرکردن، خالید شوانی ئەوە دەخاتە ڕوو وڵاتە ھەرێمییەکان تاکوو ئێستا ڕۆڵی “زۆر نەرێنی” دەبینن لە مەسەلەی کەرکووک، چ لە ڕووی ئاساییکردنەوە بێت یان جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠، ھۆکارەکەشی ئەوەیە ئەم بارودۆخەی ئێستا ھەیە؛ لە بەرژەوەندیی ئەواندایە، نەک دۆخی پێش ساڵی ٢٠١٧، لەبەر ئەوەشە پێدانی ئەم دۆسیەیە بە ھێزە ھەرێمییەکان؛ مەترسیی گەورە دروست دەکات، بۆ نموونە چەندین جار پێکھاتەکان نزیک بوون بگەن بە ڕێککەوتن، یەکێک لەم وڵاتانە بە ڕاستەوخۆ و یەکێکی دیکەش بە ناڕاستەوخۆ دژی ئەم ڕێککەوتنە بوون، بۆیە مەترسییەکی گەورەیە ئەم دۆسیەیە بدرێتە دەست وڵاتانی ھەرێمی.

لە ڕووی نێودەوڵەتییشەوە خالید شوانی بەم جۆرە بۆچوونی خۆی دەخاتە ڕوو: “قسەکە ئەوەیە ئایا ئەم دۆسیە بدرێتە دەست ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان یان تەدویل بکرێت بەپێی بنەماکانی قانوونی نێودەوڵەتی، جارێ ئایا بنەمای قانوونی ھەیە بۆ تەدویلکردنی ئەم دۆسیەیە؟ کە من پێم وا نییە ھەبێت، لەبەر ئەوە دەبێت عێراق وەکوو دەوڵەت کە کەسێتیی نێودەوڵەتیی ھەیە تەدویلی بکەن، یان ئێمە وەک ھەرێمی کوردستان داوا بکەین بچێتە ئەنجوومەنی ئاسایش، پرسیارەکەش لێرەدا ئەوەیە ئایا کورد ئەو ھێزەی ھەیە لە ململانێ نێودەوڵەتییەکاندا ئەم بابەتە لە بەرژەوەندیی خۆی یەکلایی بکاتەوە؟ ئەمەش قورسە و پێوستی بە بەدواداچوونی زۆرە، کەواتە دەمێنێتەوە چارەسەری ناوخۆیی بە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغداد و پێکھاتەکانی دیکەدا، کە بتوانین شێوەیەک لە پێکەوەژیان و ڕێککەوتنێکی ناوخۆیی بدۆزینەوە کە ھەموو لایەک پەسەندی بکەن.”

شوانی مادەی ١٤٠ دەکاتەوە بە بنەمای چارەسەر و دەڵێت بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەی کەرکووک و ئاساییکردنەوەی دۆخەکە؛ مادەی ١٤٠ ھەیە، بەڵام دەبێت میکانیزمی نوێ بدۆزرێتەوە بۆ جێبەجێکردنی مادەکە و چارەسەرکردنی کێشەکانی کەرکووک و ئەم ناوچانە، بۆ ڕێوشوێنەکانیش دەکرێت لێکتێگەیشتن بھێنرێتە ئاراوە لەنێوان پێکھاتەکاندا و لەگەڵ بەغدادیش ڕێککەوتن بکرێت، ئەمە چەندێک کاتی دەوێت و چۆن دەکرێت، پێویستی بە بەرنامەیەک ھەیە کە دابنرێت و کاری لەسەر بکرێت.

لە بارەی ئەوەی ئایا چارەسەر لە ڕێککەوتنی دوو یان سێ پێکھاتەوە دەھێنرێتە ئاراوە، شوانی پێی وایە ڕێککەوتنی کورد و پێکھاتەکانی کورد و عەرەب لەسەر کەرکووک و بەڕێوەبردنی، ئەزموونیان ھەیە و تاقییان کردووەتەوە لە ڕێکەوتی ٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٨دا، کورد و تورکمانیش بۆ قۆناغێك لە ساڵی ٢٠١٠ تاوەکوو ٢٠١٤ و ٢٠١٥ تاقییان کردووەتەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون، سەرەڕای ئەوەی ھەردوو پڕۆژە و ڕێککەوتنەکە سەرەتا پردەکانی متمانە و پەیوەندییان دروست کردبوو، بەڵام شکستیان ھێنا، ئەمەش پەیوەست بوو بە:

یەکەم: ھەرسێ پێکھاتەکە کاریگەری و قورسایی خۆیان ھەیە لەناو کەرکووک و درێژکراوەی ھەرێمیی خۆشیان ھەیە.

دووەم: ئەجێندای یەکتربڕ ھەیە لەنێوان پێکھاتەکاندا، کە وا دەکات ڕێککەوتنی دووقۆڵیی زۆر جار سەرکەوتوو نەبێت.

خالید شوانی بەم جۆرە چارەسەری دیکە دەخاتە ڕوو: “لە ئێستادا باشترین ڕێککەوتن ئەوەیە ھەرسێ پێکھاتەکە پێکەوە کۆ ببنەوە و ڕێککەوتن بکەن، خاڵە ھاوبەشەکانی نێوانیان بدۆزرێتەوە و نزیکتر بکرێتەوە. بەڵام دەبێت ئەو ڕاستییەش بزانرێت ئەگەر ھەرسێ پێکھاتەکە بگەنە لێکتێگەیشتن، مانای ئەوەیە بە چارەسەرێک دەگەن کە بەتەواوی لە بەرژەوەندیی ھیچ پێکھاتەیەکیان نابێت، بەڵکوو لە بەرژەوەندیی ھەرسێ پێکھاتەکە دەبێت، ئەمەش پێویستی بە بڕیاری سیاسییە. لە ئێستاشدا حکومەتی ھەرێم سەرقاڵی دانانی پڕۆژەیەکە و ئێمە و کۆمەڵێک کەسیان ڕاسپاردووە ئەم دۆسیەیە ئامادە بکەین، ھەوڵ دەدەین پڕۆژەیەک بێت کە واقعی بێت و شیاوی جێبەجێکردن بێت، ئامانجیشی چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەم ناوچانە بێت.”

عەدنان کەرکووکی جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکان دەکات لەنێوان ھەولێر و بەغدا و ڕای وایە چارەسەرکردنی بارودۆخی ئەم ناوچانە لەنێوان حکومەتی ھەرێم و عێراقدا دەبێت، نەک حزبێکی سیاسی یان دوو حزبی سیاسی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بکەن، بۆیە دەبێت حکومەتی ھەرێم ببێتە نوێنەری خەڵکی کوردستان و ئەو ناوچانە، بەتایبەت کە مادەیەکی دەستووری ھەیە کە مادەی (١٤٠)ە و بەپێی دەستووری عێراق چارەسەر دۆزراوەتەوە، دەکرێت وەک بنەمایەکی دەستووری کاری لەسەر بکرێت.  بەپێی دەستووری عێراق، ئەم ناوچانە؛ ناوچەی جێناکۆکن، بۆیە حکومەتی عێراق چەندێک دەسەڵاتی ھەیە لەو ناوچانە، دەبێت حکومەتی ھەرێمیش دەسەڵاتی ھەبێت، لە ڕووی سیاسی، ئەمنی، سەربازی، ئابووری و ھەموو ڕوویەکەوە. عەدنان كەركووكی چارەسەری نێودەوڵەتی بە ھەڵە دەزانێت و دەڵێت ئەگەر کێشەکە بە نێودەوڵەتی بکرێت، چارەنووسی وەک ئەو کێشانەی لێ دێت کە لە جیھاندا ھەیە وەک پرسی فەڵەستین کە تاکوو ئێستا چارەسەریان بۆ نەدۆزراوەتەوە، بۆیە چارەسەرەکە بە نێودەوڵەتی بکرێت؛ ئاڵۆزتر دەبێت. سەبارەت بە ڕێککەوتنی پێکھاتەکانیش، پێی وایە ھەریەک لەم پێکھاتانە نوێنەرایەتیی خۆی ھەیە لە حکومەتی ھەرێم و عێراق، بۆیە وەک پێکھاتە و نەتەوەکانی کەرکووک ھیچ کێشەیەک نییە لە نێوانیاندا، ئەوەی کێشەکە یەکلا دەکاتەوە؛ بابەتێکی یاسایی و دەستوورییە، بۆیە پێویستە حکومەتی ھەرێم ئەو ئەرکە بخاتە سەر شانی خۆی و بیکات بە کاری لەپێشینەی خۆی.

محەمەد سەمعان ئۆغڵۆ ڕێککەوتنی نێوان پێکھاتەکان بە چارەسەر دەزانێت و باس لەوە دەکات کەرکووک شارێکی ئاسایی نییە، ئەم شارە گرنگییەکی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیی هەیە، بەو پێیەی کە بەشێکی گرنگ لە گێڵگە نەوتییەکانی عێراقی تێدایە، وەک بەرەی تورکمانیش پێیان وایە چارەسەری سەرەکی بۆ گرفتەکانی نێوان پێکهاتەکانی کەرکووک؛ پێکهاتەکان خۆیانن، کە دەبێت هەموویان لەسەر مێزی گفتوگۆ بەیەکەوە دابنیشن و گفتوگۆ بکەن.

ئایا ئەگەری پێکدادانی پێکھاتەکان لەئارادایە؟

بە ھۆی ھەندێک ڕووداوی وەک سووتاندنی دەغڵودانی جووتیارانی کورد و دروستبوونی کێشەی زەویوزارەوە، ترس ھەیە لەوەی پێکدادان و ئاڵۆزی بکەوێتە نێوان پێکھاتەکانی کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان، بەڵام زۆرینە لەسەر ئەوە کۆکن کە ھیچ کێشەیەک لەنێوان پێکھاتە ڕەسەنەکانی ناوچەکەدا نییە، لەگەڵ ئەوەشدا ھەندێک پێیان وایە ئەگەر دۆخەکە چارەسەر نەکرێت؛ ئەگەری پێکدادان کراوەیە.

لە بارەی ئەگەری پێکدادانی پێکھاتەکانەوە، خالد شوانی پێی وایە ئەگەر ئەم دۆخە چارەسەر نەکرێت؛ بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر دەڕوات. کورد تاکوو ئێستا ھێزێکی ئەوتۆی ماوە لەسەر زەوی کە لانی کەم بتوانێت وەک ئەوەی لە سەرەتای مانگی “ئاب”دا بینرا، کورد بە دار و بەرد بەرگری لە ماف و زەوییەکانی خۆیان بکەن، بەڵام ئەمە ناتوانێت ببێتە میکانیزمێکی گونجاوی درێژخایەن بۆ بەرگریکردن، لەبەر ئەوەی لە ماوەی داھاتوودا عەرەب زیاتر فشار دەکات بۆ ئەوەی مافەکانی کورد زەوت بکات و زەویی زیاتر داگیر بکات، بەڵام کورد ئەمە قبووڵ ناکات. فەرامۆشکردنی کورد لە دامەزراندن و خزمەتگوزاری و چەوساندنەوەی مەعنەویی نەتەوایەتی لەو ناوچانەدا، وا دەکات کە فشار دروست ببێت بەرەو دەربڕینی ناڕەزیی قووڵ و توند لەلایەن کوردەوە و ڕەنگیشە بگاتە ئاستی پێکدادان، بەتایبەتی لەسەر بابەتی زەوییە کشتوکاڵییەکان. قورسە لەم سەردەمەدا کوردێک دەست لە زەوییەکەی ھەڵبگرێت و قبووڵی بکات عەرەبێک بێت و بەبەر چاوییەوە زەوییەکانی داگیر بکات، بۆیە ئەمە لەو بابەتانەیە دەکرێت لە ھەر ئانوساتێکدا بتەقێتەوە، لەم بارەیەشەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق، ھێزە سیاسییە عێراقییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئاگادار کراونەتەوە لە مەترسیی ئەم بابەتە. دەشێت ئەم تەقینەوە و پێکدادانە تەنیا لەنێوان کورد و عەرەبدا نەبێت، ڕەنگە ئەم پێکدادانە لەنێوان عەرەب و تورکمان ڕوو بدات، لە دوو مانگی ڕابردوودا شەڕ و پێکدادان بە تەقە لەنێوان تورکمانی شیعە و عەرەبە سوننەکان لە گوندەکانی بەشیر و ھەندێک لە گوندەکانی داقووق ڕوویان داوە، ھۆکارەکەشی ئەوەیە تورکمان حەشدی شەعبیی شیعەی ھەیە و قبووڵ ناکات کەسێک بێت و زەوییەکەی داگیر بکات، ھەردوو لا چەکداریان ھەیە، کە ئەمەش یەکێکە لە ئەگەرەکان کە لە ساتێکدا بتەقێتەوە، بۆیە چارەسەرنەکردنی کێشەکانی ئەم ناوچانە، دۆخی ناچەکان دەخاتە بەردەم مەترسی.

سەبارەت بە بوونی ھێزی جیاواز لە خەڵکی ئەم ناوچانە و ڕۆڵیان لە دروستکردنی ناکۆکیدا، خالید شوانی دەڵێت خاڵێکی دیکە؛ بوونی ھێزە سەربازییەکانی عەرەبی شیعەن کە بەم ناوچەیە نامۆن و خەڵک بەرامبەریان کاردانەوەی دەبێت، ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە، ئەمە تەنیا قسەی کورد نییە و ڕێکخراوە تایبەتمەندەکانیش باسیان کردووە کە مەترسیی پێکدادان ھەیە لەنێوان پێکھاتەکان، یان لەنێوان خەڵک و ھێزەکان، خەڵک و بەڕێوەبردن، یان لانی کەم ناڕەزایەتی دەرببڕدرێت، پشێوی لەم ناوچانە دروست ببێت و سەقامگیری نەمێنێت.

حاتەم تائی ئەگەری پێکدادانی پێکھاتەکان بە دوور دەزانێت و پێی وایە وەک چۆن لە ڕابردوودا پێکدادان ڕووی نەداوە، ئێستا و لە داھاتووشدا ڕوو نادات. لەم بارەیەوە تائی دەڵێت: “پێکەوەژیان لەنێوان پێکهاتەکانی شاری کەرکووکدا، لە دێرزەمانەوە فاکتەری سەرەکی بووە بۆ سەقامگیری و ئاسایش لە شارەکە، لە خراپترین دۆخدا ئاڵۆزی و پێکدادان لەنێوان پێکهاتەکانی شارەکەدا ڕووی نەداوە، پێشبینییش ناکەین بە هیچ شێوەیەک ڕوو بدات، ئێستا هەموو پێکهاتەکانی کەرکووک پێیان وایە مانەوە لەژێر سایەی حکومەتی ناوەندیی عێراقدا چارەسەرێکی باشە و گەواهیی ئەو ڕاستییەش، شاری کەرکووک لەدوای 16ی تشرینی یەکەمی 2017، لە هەموو ڕوویەکەوە (ئابووری، نۆژەنکردنەوە و بەرقەرابوونی یاسا و ئاسایش) بەرەوپێشەوە چووە.”

محەمەد سەمعان ئۆغڵۆش ئەگەری پێکدادانی نێوان پێکھاتەکان بە دوور دەزانێت، دەشڵێت ئەوان سەرەڕای پێشێلکردنی مافەکانیان؛ دەستیان بۆ مافی کەس نەبردووە. “لە ئەدەبیاتی بەرەی تورکمانیدا باوەڕمان بە پێشێلکردن و قووتدانی مافی پێکهاتەکانی دیکە نییە، تورکمانەکان لە ساڵی (٢٠٠٣)ەوە مافەکانیان لەلایەن پێکهاتەی کورد و عەرەب پێشێل کراوە، تا ئێستا پێکهاتەی تورکمان پۆستی پارێزگاری کەرکووکی وەرنەگرتووە  کە بە مافی خۆی دەزانێت، بۆیە ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی ئەو پۆستە وەربگرین.” دەشڵێت: “داوامان کردووە لیوایەكی سەربازی لە پێکهاتەکانی کەرکووک بەبێ جیاوازی دروست بکرێت بۆ پاراستنی ئاسایش و ئەمنیەتی پارێزگاکە.” لە بارەی ئەگەری پێکدادانیش باس لەوە دەکات: “پێشبینی ناکەین هیچ جۆرە پێکدادانێک لەنێوان پێکهاتەکاندا لەئارادا بێت و ڕووش نادات، دۆخی کەرکووک لەدوای نەمانی دەسەڵاتی کورد لە شارەکە چۆن بووە، هەر بەو شێوەیەش دەمێنێتەوە.”

عەدنان کەرکووکی بەم جۆرە بۆچوونی خۆی لە بارەی ئەگەری پێکدادانی نێوان پێکھاتەکان دەخاتە ڕوو: “ئەگەری پێکدادان ھەیە، چونکە ئەمە بابەتی خاکە، وەک چۆن ئەو جووتیارەی ناوچەی حەفتەغار وتی من دایکم مردووە، بەڵام ئەم خاکە دایکمە و سازشی لەسەر ناکەم. کە خەڵکی ئەم ناوچانە ئەمڕۆ بە دار و بەرد ڕووبەڕووی ئەوانە بوونەتەوە ھاتوونەتە سەر خاکەکەیان، سبەینێ بە شێوازی دیکە و چەک ڕووبەڕوویان دەبنەوە. بڕواشم وایە نەک ھەر خەڵکی ئەو ناوچانە، بەڵکوو خەڵکی ھەموو کوردستان چاوەڕوانی چارەسەری یاسایین. بەڵام ئەگەر چارەسەری یاسایی نەبوو، خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ھەموو ئەگەرێک، بە ئەگەری توندوتیژی، پێکدادان و شەڕیشەوە. بۆیە دەبێت کورد خۆی بۆ ھەموو ئەگەرەکان ئامادە بکات، چونکە ناکرێت سازش لەسەر ئەم شوێنانە بکەین.”

ئەنجام:

– دۆخی ئێستای کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان.

– کورد پێی وایە دۆخی کەرکووک و ناوچە جێباکۆکەکان لە مەترسیدایە.

– تورکمان و عەرەب دۆخەکە بە ئاسایی و زۆر باش ناو دەبەن و ھیچ مەترسییەک نابینن.

– کورد دەڵێت کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان لە ناسەقامگیریی ئەمنیدایە و ئەو ھێزانەی ھەن، مەترسین بۆ سەر دانیشتووانی ناوچەکە.

– عەرەب و تورکمان باس لە سەقامگیریی ئەمنی دەکەن و پێیان وایە کەرکووک و ناوچەکە گەڕاوەتەوە دۆخی ئاسایی خۆی.

– کورد دەڵێت بەعەرەبکردنی ناوچەکە بەچڕی دەستی پێ کردووەتەوە و مەترسی لەسەر زەویوزاری جووتیارانی کورد ھەیە.

– عەرەب و تورکمان خۆشحاڵن بە دۆخی ئێستا و ئەم بارودۆخە بە ئاسایی و سروشتی دەبینن کە ھەمووان مافی خۆیان وەرگرتووە، بەڵام تورکمان ھێشتا خۆیان بە فەرامۆشکراو و بێماف دەزانن.

– کورد ئیدارەی ئێستای کەرکووک و بەغدا بە ھۆکاری خراپیی دۆخی ناوچەکە دەزانێت.

– عەرەب و تورکمان خۆشحاڵن بە ئیدارەی ئێستای کەرکووک و سوپاسی ئامادەیی ھێزە عێراقییەکان و حکومەتی بەغدا دەکەن.

ئایندەی کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان:

– کورد پێی وایە ئایندەی ئەم ناوچانە لە مەترسیدایە و دۆخەکەش بەرەو قۆناغێکی مەترسیدار ھەنگاو دەنێت.

– عەرەب و تورکمان لەم دۆخەدا گەشبینن بە ئایندەی ناوچەکە.

– کورد دەڵێت ئەگەر دۆخەکە بەم جۆرە بەردەوام بێت، ئایندەی ناوچەکە خراپ و ئاڵۆز دەبێت.

– عەرەب و تورکمان ھیوا دەخوازن دۆخی ئێستا بەردەوامیی ھەبێت و گۆڕانکاری ڕوو نەدات.

– کورد پێی وایە ئایندەی ئەم ناوچانە بەم شێوەیە بەردەوام نابێت، چونکە کورد ئەم دۆخە قەبووڵ ناکات.

– عەرەب و تورکمان پێداگری لەسەر مانەوەی دۆخەکە بەم جۆرە دەکەن و دژی ھەر گۆڕانکارییەکن ناوچەکە بگەڕێنێتەوە بۆ پێش ٢٠١٧.

چارەسەر:

– کورد مادەی ١٤٠ و ئاساییکردنەوەی بارودۆخەکە بە چارەسەر دەزانێت.

– عەرەب و تورکمانیش سەرەڕای دەستوور، پێیان وایە چارەسەر بەردەوامیی ئەم دۆخە و بوونی ھەلومەرجێکە ئەوان تێیدا دەسەڵاتدار بن و فەرامۆش نەکرێن.

– کورد داوای گەڕانەوە بۆ پێش ٢٠١٧ دەکات.

– عەرەب و تورکمان پێش ٢٠١٧ ڕەت دەکەنەوە و داوای بەردەوامیی ئەم دۆخە دەکەن.

– یەکێک لەو خاڵە دەگمەنانەی ھەمووان لەسەری کۆکن، چارەسەری عێراقیانە-کەرکوکیانەیە بۆ کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان.

– ھەموو لایەکیش کۆکن لەسەر گفتوگۆ و ڕێککەوتنی نێوان پێکھاتەکانی کەرکووک.

ئەگەری پێکدادانی نێوان پێکھاتەکان:

– ھەموو پێکھاتەکان جەخت لەسەر پێکەوەژیان و ئاشتیی نێوانیان دەکەنەوە.

– کورد پێی وایە ئەگەر دۆخەکە بەم جۆرە بەردەوام بێت، ئەگەری پێکدادانی نێوان پێکھاتەکان نزیک و کراوەیە.

– عەرەب و تورکمان دۆخەکە بە ئاسایی دەبینن، بۆیە ئەگەری پێکدادانی نێوان پێکھاتەکان بە دوور دەزانن.

– کورد پێی وایە کورد تاکوو سنوورێک ئارامی دەگرێت و لە قۆناغێکدا وەڵام دەداتەوە و دۆخەکەش بە کەس کۆنترۆڵ ناکرێت.

– عەرەب و تورکمان دەڵێن پێکھاتەکان لە ڕابردوودا بەئاشتی ژیاون و ئێستاش ھیچ ھۆکارێک نییە تاکوو پێکدادان لە نێوانیان ڕوو بدات.

– کورد باس لە ئەگەری تەقینەوەی دۆخەکە دەکات.

– عەرەب و تورکمانیش باس لە دڵخۆشیی خەڵک دەکەن بە گەڕانەوەیان بۆ ژیانی ئاسایی و نەمانی ترس و تۆقین.

بۆ ھیچ کەس، دەزگا و لایەنێک نییە، بەبێ ئاماژەدان بە ناوی گۆڤاری ئایندەناسی، ژمارە و رۆژی دەرچوونی ئەم بابەتە بڵاوبکاتەوە

______________________________________________________________

بۆ پرۆفایڵی ئەو كەسانەی دیداریان لەگەڵ كراوە:

عەدنان عبید کەریم

ساڵی ١٩٦١ لە شاری کەرکووک لەدایك بوو و خاوەنی دیپلۆمی ھونەرە لە پەیمانگای تەکنەلۆجیای ھەولێر  و بەکالۆریۆس لە زانستە سیاسییەکانی زانکۆی کەرکووک. کارگێڕی لقی ٣ی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە و لە ئێستادا ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک–گەرمیان و بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک–گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستانە.

خالید سەلام سەعید (خالید شوانی)

ساڵی ١٩٧٥ لە شاری کەرکووک لەدایک بووە و بەشی یاسای لە زانکۆی بەغدا تەواو کردووە. ھەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە یاسای دەستووری لە زانکۆی کەرکووک و خوێندکاری دکتۆرایە لە یاسا لە زانکۆی مەنسوورەی بەغداد. ساڵی ٢٠١٠ بووە بە ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. لەنێوان ساڵانی (2005-2014)، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بووە و لە (2014-2016) ڕاوێژکاری یاسایی سەرۆککۆماری عێراق بووە. ئەندامی لیژنەی جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ و دواتریش بووە بە سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق. ئەندامی لیژنەی باڵای سیاسیی چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە دابڕاوەکانی کوردستان بووە لە بەغدا و ئەندامی لیژنەی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک و  ناوچە دابڕاوەکان بووە. لە ئێستادا و لە كابینەی حكومەتی هەرێمدا، وەزیری ھەرێمە بۆ کاروباری دانوستاندن لەگەڵ بەغدا.

 

حاتم الطائی

ساڵی 1967 لە شاری كەركووك لەدایك بووە و خاوەنی بڕوانامەی بەكالۆریۆسە لە زانستە سیاسییەكان. ئەندامی مەكتەبسیاسی و وتەبێژی ئەنجوومەنی عەرەبییە لە شاری كەركووك. سەرۆكی ڕێكخراوی “سماء الحق” بۆ گەشەپێدانی مرۆییە.

محەمەد سەمعان کەنعان یوسف ئاغا کۆپرلو

ساڵی ١٩٧٩ لە شاری کەرکووک لەدایک بووە و خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە زانستی ژمێریاریدا لە زانکۆی کەرکووک. لە ئۆپۆزسیۆنی عێراقیدا دژ بە دەسەڵاتی بەعس کاری کردووە، دواتر چووە بۆ تورکیا و لەپاش ڕووخانی دەسەڵاتی بەعس؛ گەڕاوەتەوە بۆ عێراق. لە ساڵانی (٢٠٠٨-٢٠١٢)دا، ئەندامی پەرلەمانی گەنجانی عێراق بووە لەسەر پشکی پارێزگای کەرکووک. لە ساڵی ٢٠١٠ تاوەکوو ئێستا، بەرپرسی ڕێکخستنەکانی لقی کەرکووکی بەرەی تورکمانیی عێراقییە.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

گۆڤاری ئایندەناسی ژمارە ٣ ئەیلولی ٢٠٢٠

Send this to a friend