• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
May 12, 2020

چارەنووسی مووچە لە عێراق و سیناریۆكانی خەرجكردنی

بە دوای هەموو دڵنیاكردنەوەیەكی فەرمی لەسەر دەستەبەریی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق، لێشاوێك گومان و لێدوانی تری نیمچە فەرمی لەبارەی سەختیی بارودۆخی دارایی، جارێكی تر فەرمانبەرانی عێراق دەخەنەوە ناو گێژاوی دڵەڕاوكێ و پرسیار، لەبارەی ئایندەی مووچە و شایستە داراییەكانیان بۆ ساڵی 2020، بەم هۆیەشەوە هاوشێوەی هەرێمی كوردستان پرسی مووچە و ئەگەری لێ بڕین و دواكەوتنی، بووەتە پرسێكی هەنوكەیی.

دابەزینی لەنیوە زیاتری نرخی نەوت و كەمبوونەوەی داهاتی عێراق لە مانگی نیساندا بۆ دەوروبەری 1.5 ملیار دۆلار، لە كاتێكدا خۆی دەورووبەری 4 ملیار دۆلاری پێویستە بۆ خەرجییەكانی مووچە، لە دواكەوتنی مووچەی مانگی نیسانی خانەنشینانی حكومەتی ناوەندی رەنگی دایەوە، لە كاتێكدا ئەوان سندوقی تایبەت بە خۆیان هەیە، ئەمەش پێشینەیەكی تازەیە لە عێراقی پاش 2003.

سەرۆك وەزیران مستەفا كازمی خێرا هاتە سەرخەت و لە یەكەم هەنگاودا فەرمانیكرد مووچەی دواخراوی خانەنشینی مانگی نیسان لە 10 ئایاردا خەرج بكرێت، بەڵام حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشوو، كە بە نزیك لە مستەفا كازمی لە قەڵەم دەدرێت، دوو رۆژ دوای ئەوە وێنەیەكی لیخن و كارەساتباری باسكرد، لەبارەی دۆخی دارایی و ئایندەی مووچەی فەرمانبەران و نیشانەی پرسیاری لەبارەی هەنگاوەكەی كازمی دروستكرد.

بەپێی قسەكانی عەبادی، حكومەتی عەبدولمەهدی بە قەرز مووچەی مانگی نیسانی 2020ی فەرمانبەرانی دابینكردووە، بەر لەوەی كۆتایی بە كارەكانی بهێنێت، هەروەها عێراق هەقدەستی چارەكی یەكەمی ئەمساڵی كۆمپانیاكانی نەوتی نەداوە، كە بۆ هەر مانگێك دەوروبەری 800 ملیۆن دۆلار دەكات، ئەمەش بە مانای بارگرانی زیاتر دێت لەسەر خەزێنەی بەتاڵی كابینەی مستەفا كازمی.

حكومەتی عەبدولمەهدی بە دامەزراندنی هەزاران كەس لە دەمی خۆپیشاندانەكان، لە كۆتاییەكانی 2019، بارگرانی زیاتری بۆ بودجە دروستكردووە. بەپێی سەرچاوە فەرمییەكانیش خەرجی دامەزراندنەكانی عەبدولمەهدی لە نێوان 11 _ 13 ترلیۆن دینار زیاتردایە، جگە لەو پاڵە پەستۆیەی كە پێشتر هەبووە لە دامەزراندن و بەقسەی وەزیری پێشوتری گواستنەوە عامر عەبدولجەبار، لە هەندێک جێگادا لە رووبەری 200 مەتر 270 فەرمانبەر دامەزرێنراون.

لە سایەی ئەم دۆخە داراییەشدا كە بودجەی تێدا پەسەند نەكراوە بۆ 2020، لە ئێستادا چەند بژاردە و سیناریۆیەكی فەرمی هەن لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق تا كۆتایی 2020 كە دەكرێت بەم شێوەیە پۆلێن بكرێن:

ـ پەنابردن بۆ یەدەگی نەختینەیی كە بڕەكەی بە دەوروبەری 65 ملیار دۆلارى كاش و لەگەڵ زێڕدا بە 87 ملیار دەخەمڵێنرێت. لەم حاڵەتەشدا ئەگەر حكومەت 25 ملیاری رابكێشێت ئەوە ئەكرێت 8 مانگ مووچەی پێ دابین بكرێت، بەو پێیەی بڕی 40 ملیار دۆلار بەسە بۆ راگرتنی بەهای دینار وەك لانیكەمی پێویست. ئەم سیناریۆیەش گرێ و گۆڵ و كێشەی زۆری لەبەردەمدایە، چونكە یەدەگی نەختینەیی هی بانكی ناوەندییە و بۆ ئامانجی ترە، نەك خەرجكردنی بەگەڕخستن و بەكارهێنانی بۆ مووچە نایاساییە. هۆشدارییە دارایی و پەرلەمانییەكانیش باس لەوە دەكەن، پەنابردن بۆ یەدەگی نەختینەیی دەبێتە هۆی هاڕەكردنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار لە داهاتوو.

ـ پێشنیارێك هەیە بۆ پاشەكەوتكردنی هەندێک دەرماڵەی فەرمانبەران بەتایبەت ئەوانەی بە رێنمایی خەرج دەكرێن تا باشبوونی دۆخی دارایی، ئەمەش سامر غەزبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی پێشوو، زۆر باسی دەكرد وەك چارەسەرێك بۆ كورتهێنان و لە ئێستادا كەمتر باس دەكرێت.

ـ پێشنیارێكی تر هەیە بۆ درێژكردنەوەی مانگی مووچە بۆ 40 رۆژ، ئەمەش لە لێدوانەكانی عەبادیدا باسی لێوە كراوە.

ـ پێشنیاری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق پاشەكەوتكردنی 10% مووچەی فەرمانبەرانە بەپێی قسەی هەندێک لە ئەندامانی پەڕلەمان و لیژنەی دارایی.

جگە لە بڕینی مووچە و دەرماڵە وەك پاشەكەوت بێت یان كەمكردنەوەی، هەندێک بژاردەی تری دارایی هەن لەبەردەم عێراقدا بۆ چارەسەری كێشەی مووچە كە بەفەرمی و نافەرمی خراونەتەڕوو وەك: قەرزكردنی دەرەكی، قەرزكردن لە هاوڵاتیان، چاپكردنی پارەی زیاتر، دەركردنی قەواڵەی دارایی لەگەڵ دابەزاندنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار بۆ كەمكردنەوەی هاوردەكردن و كەمكردنەوەی خەرجی دابینكردنی دۆلار بەنرخی ئێستا، سەرجەم ئەمانەش كێشەی خۆیان هەیە وەك سوو، كەڵەكەبوونی قەرز، دروستكردنی هەڵاوسانی دارایی، نەبوونی پاڵپشتی یاسایی.

لە هەموو حاڵەتەكانیشدا رەنگە دواخستنی مووچە یان لێبڕین و پاشەكەوتكردنی، بژاردەی گونجاوتر و بەردەستی بەردەم حكومەتی كازمی بن، لەگەڵ هەوڵی وەرگرتنی كۆمەك و كارئاسانی دارایی ئەمریكی یان لە بانكی نێودەوڵەتی، ئەوەش لە چەند رۆژی ئایندەدا دەبێت بڕیاری لێبدرێت، چونكە هەفتە لە دوای هەفتە بارگرانییە داراییەكان زیاتر دەبن و وادەی خەرجكردنی شایستە داراییەكان كەڵەكەتر و قەبەتر دەبن.

Send this to a friend