• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
May 11, 2020

ئایندەى بونیادنانەوەى عێراق وەک دەوڵەتێکى فیدراڵی

د. عابد خالید ڕەسووڵ

پێشەکى

بەگشتى وڵاتان بە دوو فۆڕم ڕێک خراون، یەکەمیان (دەوڵەتى موەحد – Unitary State)ە، کە تیایدا یەک حکومەت کاروبارە ناوخۆیى و دەرەکییەکانى بەڕێوە دەبات، زۆربەى وڵاتانى جیهانیش لەم فۆڕمەن. بەڵام دووەمیان (دەوڵەتى ئیتیحادى – State Federal)ە، کە تیاید دوو ئاست لە حکومەت هەیە و هەریەکەیان بەپێى دەستوور بەشێک لە کاروبارەکان بەڕێوە دەبەن، لە ئێستا تەنها نزیکەى (٢٥) دەوڵەت لەم فۆڕمەن. ئامانج لە بونیادنانى دەوڵەتیش بە شێوەى فیدراڵى، بە پلەى یەکەم گونجاوییەتى بۆ بەڕێوەبردنى کۆمەڵگا فرەییەکان لە ڕووى ئیتنى و کولتوورییەوە، هەروەها بۆ ئەو وڵاتانەش گونجاوە کە قەبارەیان گەورەیە یان ژمارەى دانیشتووانیان زۆرە. وڵاتی عێراقیش لەدواى ڕووخاندنى ڕژێمى بەعس لە ٢٠٠٣، هەلى دووبارە بونیادنانەوى وەک دەوڵەتێکى فیدراڵیى بۆ ڕەخسا، بە ئامانجى تێپەڕاندنى دەیان ساڵ لە حوکمى مەرکەزیى ستەمکارى ئەتنى و مەزهەبى. ئامانج لەم توێژینەوەیەوە، هەوڵدانە بۆ پێشبینیکردنى ئایندەى پڕۆسەى بونیادنانەوەى عێراق وەک دەوڵەتێکى فیدراڵى. بۆ گەیشتن بەم ئامانجەش، هەوڵ بۆ وەڵامدانەوەى چەند پرسیارێک دەدات، وەک: ئایا تا چ ڕادەیەک تایبەتمەندی و بنەماکانى پڕۆسەى بەفیدراڵیکردن لە عێراقدا چەسپیوە؟ گرفتەکانى بەردەم ئەم پڕۆسەیە چین؟ داهاتووى ئەم پڕۆسەیە بە چی دەگات؟ ئەى گرنگترین سیناریۆکانى ئایندەى چین؟

تەوەرى یەکەم: چەمکى دەوڵەتى فیدراڵى و تایبەتمەندییەکانى

لە پێناو دۆزینەوەى گرفتەکانى بەردەم جێبەجێکردنى فیدراڵیزم لە عێراق و وێناکردنى ئایندەى ئەم جێبەجێکردنە، پێویستە سەرەتا تێگەیشتنێکى گشتى سەبارەت بە چەمکى فیدراڵیزم لە ڕووى پێناسە و گرنگترین تایبەتمەندییەکانى بخەینە ڕوو، بەم شێوەیە:

یەکەم: پێناسەى دەوڵەتى فیدراڵی

لە ڕووى زانستییەوە، زانایان و توێژەرانى هەردوو بوارى یاساى دەستوورى و زانستى سیاسەت، پێناسەى زۆر و جۆراوجۆریان بۆ دەوڵەتى فيدراڵی کردووە، ئەمەش بەپێى جیاوازیى ئاڕاستەى بیرکردنەوەیان، کە بەگشتى دابەش بوون بەسەر دوو ئاڕاستەدا:

ئاڕاستەى یەکەم: لە پێناسەکردنى دەوڵەتى فیدراڵیدا، زیاتر پێداگرى لەسەر ئەو ڕێکخستنە دەستوورى و پێکهاتە دامەزراوەییانە دەکاتەوە کە دەکرێت لە بونیادنانى ئەم جۆرە دەوڵەتەدا بەرجەستە بکرێن. بۆیە دەبینین “مارسيل پريلۆ” وا پێناسەى دەکات کە بریتییە لە: “یەکێتیى چەند دەوڵەتێک، کە لە هەندێک بواردا ملکەچە بۆ یەک دەسەڵاتى ناوەندى (حکومەتى فيدراڵی) و لە هەندێک بواری تردا سەربەخۆییەکى دەستوورى و کارگێڕى و دادوەریى تا ڕادەیەک فراوانى تایبەت بە خۆیان هەیە (دەسەڵاتى هەرێم و دەوڵەتە یەکگرتووە ئەندامەکانى ناو یەکێتییە)([1]).” لاى “ولیام هـ. ڕایکەر”، دەوڵەتى فیدراڵی: “ئەو ڕێکخستنە سیاسییەیە کە تیایدا چالاکییەکانى حکومەت دابەش کراوە لەنێوان حکومەتى هەرێمەکان و حکومەتى ناوەندیدا، بە شێوەیەک کە هەر جۆرێک لەو حکومەتانە بەشێک لە چالاکیی پێ بدرێت کە تیایدا بڕیارى کۆتایى دروست بکات([2]).” لاى “د. حەميد حەنوون خالد”یش بریتییە لە: “یەکگرتنێکى یاسایى، کە لەسەر بنەماى بەڵگەنامەیەکى دەستوورى پێک دەهێنرێت و تیایدا هەر دەوڵەتێکى ئەندام ملکەچە بۆ ئەحكامەکانى ئەو دەستوورە کە پەیوەندیى نێوان حکومەتى ئەم دەوڵەتانە و حکومەتى یەکێتییەکە ڕێک دەخات، هەروەها ئەو دەسەڵاتانەش کە هەر لایەک لەو حکومەتانە دەتوانن پیادەى بکەن؛ دیاری دەکات([3]).”

ئاڕاستەى دووەم: لە پێناسەکردنى دەوڵەتى فیدراڵیدا، زیاتر جەخت لەو بنەمایانە دەکاتەوە کە لەسەریان دروست بووە. بۆیە دەبینین “ئەلبێرت دايسی” وا پێناسەى دەوڵەتى فیدراڵی دەکات، کە بریتییە لەو: “ڕێکخستنە سیاسییەى کە ئامانج لێى، سازاندن بێت لەنێوان یەکێتیى نیشتمان و پاراستنى مافى هەرێمەکان([4]).” لاى “جاك باگنار”: “کڵێشەیەکى ڕێکخستنە، کە هەوڵ بۆ سازاندن لەنێوان فرەیى و یەکێتى لە چوارچێوەى چەمکى ڕێزگرتنى هەریەک لەوەی دى دەدات([5]).” لاى “دانیال ج. ئیلیازەر”یش، دەوڵەتى فیدراڵی بریتییە لە: “دابەشکردنى بنچینەییانەى دەسەڵات لەنێوان چەند ناوەندێکى فرەدا…، نەک گواستنەى دەسەڵات لە یەک ناوەندەوە یان لە دڵى هەرەمێکەوە([6]).”

کەواتە وەک دەبینین هەر یەکێک لەم دوو ئاڕاستەیە جەخت لە ڕەهەندێکى چەمکى فیدراڵیزم دەکەنەوە، ئاڕاستەى یەکەم ڕەهەندە بەرجەستەبوونە دەستوورى و دامەزراوەییەکانى ڕەچاو دەکات، بەڵام ئاڕاستەى دووەم ڕەهەندە تیۆرى و بنەماکانى وەبەرچاو دەگرن، بۆیە ناکرێت پێناسەکانى هیچ کام لەم دوو ئاڕاستەیە لە پێناسەکانى ئاڕاستەکەی تر بە باشتر بزانین. جا لێرەدا بۆ یەکخستنى تێگەیشتنى هەردوو ئاڕاستەکە، ڕەنگە گونجاو بێت پەنا بۆ ئەو جیاکارییە ببەین کە هەریەک لە “ڕۆناڵد واتس” و “دۆگڵاس فێرنێ”، هاوڕا لەگەڵ “ئێلیازەر”، لەنێوان هەرسێ چەمکى “Federalism” و “Federal System” و “Federation”دا کردوویانه([7])، کە هەر چەندە زۆربەى جار بە چەمکى هاوواتا بەکار دەهێنرێن، بەڵام هەریەکە واتاى تایبەت بە خۆى هەیە.

چەمکى (Federalism – فیدراڵیزم – الفدرالیة): ئاماژەیە بۆ ئەو تیۆرە سياسيیەى کە پاساو بۆ بنچینە فەلسەفییەکانى یەکخستنى دوو بنەماى دژبەیەک دەهێنێتەوە، کە بریتین لە (بنەماى حوکمڕانیى هاوبەش – الحكم المشترك – Self-rule) و (بنەماى خۆبەڕێوەبردن – الحكم الذاتي – Shared-rule)، لە هەر ڕێکخستنێکى سياسيدا کە هەوڵ بۆ هێنانەدیى “بەشدارى” و “سەربەخۆیى” دەدات لە یەک کاتدا([8]). کەواتە فیدراڵیزم، بەم واتایە ڕێبازێکى سياسی و ئايديۆلۆجيیە، وەک ڕێبازى ليبراڵيزم و سۆسیالیزم و ناسیۆنالیزم، بەڵام پیچەوانەى ئەم ڕێبازانە کە سەرەتا لە ئەورووپا و بەتایبەتییش لەدواى شۆڕشى فەڕەنسى دەرکەوتن. ڕێبازى فیدراڵیزم بنەماکانى لەو بیروڕایانەوە سەرچاوەى گرتووە کە لەدواى شۆڕشى ئەمەریکى، دامەزرێنەرانى دەستوورى وڵاتە یەکگرتووەکان لە ساڵى 1787 پشتیان پێى بەستبوو([9]).

چەمکى (Federal System – سستمى فیدراڵى – النظام الفدرالي): ئاماژەیە بۆ ئەو ڕێکخستنە سياسيیەى کە یەکخستنى بۆ هەردوو بنەما و ڕەگەزى “حوکمڕانى هاوبەش” و “خۆبەڕێوەبردن” کردووە. بەمەش سستمى فیدراڵى تەنها دەوڵەتە فیدراڵییەکان ناگرێتەوە، بەڵکوو کۆى ئەو دەوڵەتە یونیتارییانەش(Unitary State) دەگرێتەوە کە جۆرێک لە (ناناوەندێتى – اللامركزية – Decentralization) پێشکەتوویان هەیە، وەک فەڕەنسا و ئيتاڵيا و بەریتانیا، ئەمە سەرەڕاى هەموو ئەو ڕێکخستنە سياسيیە بان نیشتمانییانەى کە جۆرێک لە تەرتيباتى فيدراڵییان هەیە، یەکێتیى ئەوروپا([10]).

هەر چى چەمکى “Federation”ە: ئاماژەیە بۆ (دەوڵەتى فیدراڵى – الدولة الفدرالیة)، وەک جۆرێکى دیاریکراو لە جۆرەکانى سیستمى فيدراڵى، بەتایبەتییش بەو جۆرەى کە بۆ یەکەم جار وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا لە ساڵى 1789 لەسەرى دروست بوو([11])، دواتر چەندین دەوڵەتی تر لەدواى وڵاتە یەکگرتووەکان وەک نموونە، تەقلیدى ئەم جۆرە دەوڵەتە لەناوەڕاستى سەدەى نۆزدەوە تا ناوەڕاستى سەدەى بیست دروست بوون، وەک: سويسرا، كەنەدا، ئوستوراليا، ئەڵمانيا و نەمسا. لەدواى ئەمانیش، تا ئێستا چەندین دەوڵەتی تر دروست بوون کە بە فیدراڵى دادەنرێن، یان لە دەوڵەتى یونیتارییە و بەرەو دەوڵەتى فیداڵیبوون ڕۆیشتوون، وەک: هیندسان، پاكستان، ماليزيا، ئیسپانيا، ڕووسيا، بەلجيكا، نێجيريا، کۆمۆرۆس، میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان، مەكسيك، ئەرجەنتين، بەڕازيل و فەنزويلا([12]).

کەواتە “سیستمى فیدراڵى” لە ئەنجامى جێبەجێکردنى کردارییانەى بنەماکانى ڕێبازى “فیدراڵیزم”ەوە دروست بووە، بەڵام ئەم جێبەجێکردنە بەپێى کات و شوێن، جۆر و شێوازى هەمەچەشنى هەبووە، “دەوڵەتى فیدراڵى”یش جۆرێکە لەو جۆرانەى “سیستمى فیدراڵى”. بۆیە مەرج نییە هەموو سیستمێکى فیدراڵى بە دەوڵەتى فیدراڵى دابنرێت، چونکە دەوڵەتى فیدراڵى چەند تایبەتمەندییەکى خۆى هەیە کە هەمیشە لە هەموو سیستمە فیدراڵییەکاندا نییە، بەڵام پێویستە بپرسین ئاخۆ ئەو تایبەتمەندییانە چین؟

دووەم: تایبەتمەندییەکانى دەوڵەتى فیدراڵى

هەر چەندە زانایان سەبارەت بە دیاریکردنى گرنگترین تایبەتمەندییەکانى دەوڵەتى فیدراڵى ڕاى جیاوازیان هەیە([13])، بەڵام بە ڕاى “جۆرج ئەندرسۆن” و “واتس” ئەم تایبەتمەندییانەى خوارەوە وا دادەنرێن کە سیستمى هەر وڵاتێک بکەن بە فیدراڵى، بەم شێوەیە([14]):

بوونى دوو ئاست لە حکومەت، یەکێکیان بۆ هەموو وڵاتەکە کە پێى دەوترێت “حکومەتى فیدراڵى” یان “ناوەندى”، ئەوی تر بۆ یەکە پێکهێنەرەکانى ئەو وڵاتە (حکومەتى هەرێمەكان)، بە شێوەیەک هەر ئاستێک دامەزراوەى (یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەرى)ی خۆى هەبێت، دەسەڵاتدارانى هەر حكومەتەش پەیوەندیی هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ هاوڵاتييانى خۆیاندا هەبێت.

بوونى دەستوورێکی نووسراوى جامد، بە شێوەیەک ئەو دەق و بڕگانەى کە کاریگەرییان لەسەر پێگەى هەرێمەکان هەيە، بەبێ ڕەزامەندیى هەرێمەکان شیاوى هەموارکردن نەبن.

دابەشکردنى دەسەڵات لەنێوان هەردوو ئاستەکە لە حکومەت لە ڕێگاى دەستوورەوە، بەتایبەت تەرخانکردنى دەسەڵاتى دارایی پێویست بۆ هەر ئاستێک، لە پێناو زامنكرنی بڕێک سەربەخۆيى ڕاستەقینە بۆ هەریەکان.

بوونى چەند ڕێکار و ئامرازێک، لە پێناو پێدانى سەنگى زیاتر بە هەرێمە بچووکەکان، وەک ئەنجوومەنى دووەم لە پەرلەمانى فیدراڵیدا، کە دەشێت تێیدا نوێنەرایەتیی هەرێمەکان و دەنگیان بە شێوەیەک دیاری بکرێت، بۆ نموونە هەر هەرێمێک دوو نوێنەرى هەبێت، بەبێ ڕەچاوکردنى قەبارە و ژمارەى دانیشتووانى هەرێمەکان، کە ئەمەش بوار دەدات كە هەرێمە بچووکەکان لە کاتى پڕۆسەى دروستکردنى بڕیار و سیاسەتە فیدراڵییەکاندا ڕۆڵ و قورساییەکی تا ڕادەیەک نزیکیان لە هەرێمە گەورەکان هەبێت.

بوونى چەند دەزگا و ڕێکارێک بۆ یەکاڵاکردنەوەى ناكۆكيیه دەستوورییەکان لەنێوان هەردوو ئاستەکە لە حکومەت، وەک (دادگاى فیدراڵى، ئەنجوومەنی دووەمى پەرلەمانى فیداڵى، یان ئەنجامدانى ڕیفراندۆم).

بوونى چەند ڕێکار و دەزگایەک بۆ ڕاییکردنى پەیوەندی و دەسەڵاتە هاوبەشەکان لەنێوان هەردوو ئاستەکە لە حکومەت، وەک دەزگا سەربەخۆکان و لیژنە وەزارییە نێوان فیدراڵى و هەرێمییە هاوبەشەکان و ئەنجوومەنى دووەم لە پەرلەمانى فیدراڵى.

هەر چەندە ئەم تایبەتمەندییانە بە بڕ و ئاستى جیاجیا لە وڵاتە فیدراڵییەکاندا هەن، بەڵام وەک “ئەندرسۆن” دەڵێت، گرنگترین تایبەتمەندیى دەوڵەتى فیدراڵى ئەوەیە کە: “دوو ئاست لە حکومەتی هەیە، کە هەریەکەیان بەپێى دەستوور دامەزراون و هەریەکەشیان بڕێک سەربەخۆيى ڕاستەقینەی خۆى هەیە و حکومەتی هەر ئاستێکیش بە شێوەیەکی سەرەکی لەبەرامەبەر جەماوەرى دەنگدەرانى خۆیدا بەرپرسيارە([15]).”

کەواتە بەگشتى تایبەتمەندییەکانى “دەوڵەتى فیدراڵى” بریتین لە: بوونى دوو ئاست لە حکومەت، دابەشکردنى دەستوورى دەسەڵات لەنێوان هەردوو ئاستەکەدا، لەگەڵ بوونى چوارچێوەیەک بۆ سەربەخۆ بەڕێوەبردنى هەر ئاستێکیان لەلایەن خۆیەوە، زامنکردنى ڕاى هەرێمەکان لە بڕیارە فیدراڵییەکاندا لە ڕێگاى ئەنجوومەنی دووەمى پەرلەمانى فیداڵییەوە، بوونى دەستوورێکی نووسراوى جامد، بوونى دادگایەکى فیدراڵى بۆ یەکاڵاکردنەوەى ناكۆكيیەکان لەنێوان حکومەتەکانى هەردوو ئاستەکە، بوونى هاوکارى لەنێوان حکومەتەکان لەو بوارانەدا کە بەرپرسیارێتیی هاوبەشیان هەیە.

لە ئەنجامدا ئەم تایبەتمەندییانە بریتین لەو پێوەرانەى کە دەکرێت لە ڕێگایانەوە بڕیار بدرێت کە ئاخۆ چ سیستمێکى فيدراڵی بە “Federation” یان (Federal State – دەوڵەتى فیدراڵى) دادەنرێت([16])، بە شێوەیەک هەر کاتێک ئەگەر کۆى یان زۆربەى ئەم تایبەتمەندییانە لە سیستمێکى فیدراڵیدا هەبوون، ئەوا ئەو سیستمە بە “دەوڵەتى فیدراڵى” دابنرێت. بۆیە چەمکى “دەوڵەتى فیدراڵى”، سنوورێکى زۆر بەرتەسکترى لە چەمکى “سیستمى فیدراڵى” هەیە، چونکە ئەمیان هەموو ئەو دەوڵەت و ڕێکخستنە سياسيیانە لەخۆى دەگرێت کە هەموو یان هەندێک لە تایبەتمەندییەکانى دەوڵەتى فیدراڵییان هەیە، لەبەر ئەوەى بوونى ئەم تایبەتمەندییانە؛ بیرۆکەى یەکخستنى هەردوو ڕەگەزى “حوكمڕانیى هاوبەش” و “خودبەڕێوەبردن” بەرجەستە دەکەن. هەموو دەوڵەتێکى فیدراڵییش لەسەر ئەم دوو ڕەگەزە بونیاد دەنرێت و بە بوونى هەردووکیشیان بیرۆکەى سازان و ڕێككەوتن پێک دەهێنرێت، بەپێى پلە و ڕادەى زاڵبوونى هەر ڕەگەزێکیشیان بەسەر ئەوی تریاندا، جۆرەکانى سیستمى فيدراڵیى هەمەچەشن کە گرنگترینیان بریتین لە: (دەوڵەتى یونیتاریى لامەركەزى، دەوڵەتى فيدراڵى، دەوڵەتى كونفيدراڵى). بۆیە بە بڕواى ئێمە، بنچینەى جیاکردنەوە لەنێوان “دەوڵەتى فيدراڵى” وەک جۆرێک لە جۆرەکانى سیستمى فيدراڵى لەگەڵ جۆرەکانى ترى ئەم سیستمە، بریتییە لە ڕادەى سازان و گونجاندن لەنێوان هەردوو ڕەگەزى “حوكمڕانیی هاوبەش” و خودبەڕێوەبردن”دا، بە شێوەیەک ئەگەر ڕەگەزى “حوكمڕانیى هاوبەش” بەسەر ڕەگەزى “خودبەڕێوەبردن”دا زاڵ بوو، ئەوا سیستمە فيدراڵيیەکە جۆرى “دەوڵەتى یونیتاریى لامەركەزى” وەردەگرێت. خۆ ئەگەر هاوسەنگى لەنێوان هەردوو ڕەگەزەکەدا هەبوو، ئەوا سیستمە فيدراڵیيەکە جۆرى “دەوڵەتى فيدراڵى” وەردەگرێت، بەڵام ئەگەر ڕەگەزى “خودبەڕێوەبردن” بەسەر ڕەگەزى “حوكمڕانیى هاوبەش”دا زاڵ بوو، ئەوا سیستمە فيدراڵيیەکە جۆرى “دەوڵەتى كونفيدراڵى” وەردەگرێت.

لە کۆتایى ئەم تەوەرەدا، سەبارەت بە بابەتى سەرەکیى ئەم توێژینەوەیە هەوڵ دەدەین لە تەوەرەکانى داهاتوودا گرفتەکانى بەردەم هەبوونى ئەم تایبەتمەندی و بنەمایانە لە پڕۆسەى بونیادنانى دەوڵەتى فیدراڵى لە عێراقدا و ئایندەى ئەم پڕۆسەیە بخەینە ڕوو.

تەوەرى دووەم: گرفتەکانى بونیادنانەوەى عێراق وەک دەوڵەتێکى فیدراڵی

بەر لە خستنەڕووى گرفتەکانى پڕۆسەى بونیادنانەوەى عێراق وەک دەوڵەتێکى فیدراڵی، پێویستە سەرەتا باس لە چۆنێتیى بەگەڕخستنى ئەو پڕۆسەیە بکەین، بەم شێوەیە:

یەکەم: پڕۆسەى بونیادنانەوەى عێراق وەک دەوڵەتێکى فیدراڵی

لەدواى ڕووخاندنى ڕژێمى بەعس لە ٩/٤/٢٠٠٣، لەلاى زۆربەى هێزە عێراقییە ڕێکخراو و ناڕێکخراوەکان و هێزە دەرەکى و نێودەوڵەتییەکان (بەتایبەت وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا و ئەورووپا و نەتەوە یەکگرتووەکان)، قەناعەتى باو ئەوە بوو کە پێویستە بونیادناوەى دەوڵەتى عێراق لەسەر چەندین بنەما بێت کە بتوانێت کۆى جێکەوتە خراپەکانى دەیان ساڵى پێشوو لە حوکمڕانیى دیکتاتۆریی مەرکەزیى سەرکوتکەر و ستەمکارى نەتەوەیى و مەزهەبى ساڕێژ بکات، لەم چوارچێوەیەشدا باشترین بژاردە لاى زۆربەى ئەو هێزە ناوخۆیی و دەرەکییانە ئەوە بوو کە عێراق وەک دەوڵەتێکى فیدراڵیى فرەیى خاوەن سیستمێکى حوکمڕانیى دیموکراسیى پەرلەمانیی لامەرکەزی بونیاد بنرێتەوە([17]).

لە ڕاستییشدا لەو کاتەدا چانسى بونیادناوەنەى عێراق لەسەر ئەم بنەمایانە (فیدڕاڵى – دیموکراسى – پەرلەمانى) زۆر ئەستەم نەبوو، بەتایبەت دواى هەڵوەشاندنەوەى زۆربەى دەزگا سەرکوتکەرەکانى ڕژێمى پێشوو (سوپا، دەزگاى ئەمن، وەزارەتى بەرگرى و ناوخۆ و…)([18]). هەر بۆیە لە ساڵانى سەرەتادا پڕۆسەى بونیادنانەوەى عێراق بەم ئاڕاستەیە بەڕێوە دەچوو، بەتایبەت لە ئاستى پڕۆسەى سیاسى و پێکهێنانى هەردوو حکومەتى کاتى و ئینتقالیدا کە چەند وەزارەتێکى (وەک: مافى مرۆڤ و کاروبارى ژنان و ژینگە) پێک هێنران، لەپاڵ بووژاندنەوەى دەزگا لامەکەزییە خۆجییەکان و چالاکبوونەوەى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگاى مەدەنى و میدیاى ئازاد، بە شێوەیەک وا چاوەڕوان دەکرا کە چیدى عێراق لەسەرپێیە بۆ دەربازبوون لە جێکەوتەکانى سێ دەیە لە ڕژێمى ستەمکارى پێشوو و چوار دەیە لە ڕژێمى پاشایەتیى لاواز([19]). لەسەر ئاستى پڕۆسەى دەستووریش، هەر لەو ماوە سەرەتاییەدا دوو دەستوور بۆ بەیاساییکردنى پڕۆسەى بونیادنانەوەى عێراق لەسەر ئەو بنەمایانە (فیدڕاڵى – دیموکراسى – پەرلەمانى) نووسران، کە یەکەمیان “یاسای بەڕێوەبردنى عێراق بۆ قۆناغى گواستنەوە” بوو، کە بە “دەستوورى کاتیى ساڵى ٢٠٠٤”یش ناسراوە، دووەمیشیان “دەستوورى کۆمارى عێراق بۆ ساڵى ٢٠٠٥” بوو کە بە “دەستوورى هەمیشەیى” و “دەستوورى فیدراڵى”یش ناسراوە.

هەر لەبەر ئەمە “دەستوورى کاتیى ٢٠٠٤”، لە دەقەکانى سەرەتایدا جەختى لەوە کردەوە کە: “سیستمی حوكم لە عێراق دەبێت سيستمێکی کۆماری، فیدراڵی، دیموكراسی و فرەیی بێت. دەبێت دەسەڵاتەكانيش لەنێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتە خۆجێييەكانى هەرێم و پاریزگا و شارەوانی و یەکە ناوچەییەکان دابەش بکرێت. ئەم سیستمە فيدراڵيیەش لەسەر بنچینەی جوگرافی و پەيوەندیيە مێژووييەكان و لێكجیاکردنەوەی دەسەڵاتەكان دەبێت، نەك لەسەر بنچینەی ئەسڵ و تايەفە و نەژاد و ئیتنی و نەتەوە یان مەزهەب([20]).” ئەمجا ئەم دەستوورە لە چەندین دەقی تریدا پێداگرى لەسەر پێکەوەژیان و قبووڵکردنى یەکدى و داننان بە هەڵبژاردن و سەروەریى یاسا و پاراستنى مافەکانى مرۆڤ و پشتگیریکردنى کۆمەڵگاى مەدەنى و ئازادیى ڕادەربرین و میدیا کردووە([21])، ئەمەش بە بڕواى توێژەران هەنگاوى گەورە و ئەرێنی بوون بۆ بەفیدراڵیکردنى عێراق و بەدیموکراسیکردنى سیستمە حوکمڕانییە نوێیەکەى([22])، بەتایبەت کە بەو دەقانە دەیخواست دەوڵەتێک بونیاد بنێت کە تیایدا بۆ بەرژەوەندیى هەرێم و ناوچە خۆجێییەکان، ناوەند لاواز بێت، بۆ باش بەڕێوەبردنى کۆمەڵگایەکى فرەیى مەدەنیى ئازاد؛ دەسەڵات کۆتکراو بێت([23]).

بە هەمان ئاڕاستە، دەستوورى فیدراڵیى ٢٠٠٥، لە یەکەمین دەقیدا جەختى لەوە کردەوە کە: “کۆماری عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵیی یەکگرتووی سەربەخۆی خاوەن سەروەرییە، ڕژێمی حوکمڕانی تێیدا کۆماری، نوێنەرایەتیی(پەرلەمانی)، دیموکراسییە، ئەم دەستوورەش یەکپارچەیی عێراق دەپارێزێت([24]).” ئەمجا ئەمیش لە چەندین دەقی تریدا پێداگریى لەسەر زامنکردن و پاراستنى مافە سیاسى و مەدەنى و کۆمەڵایەتى و ئابوورى و ڕۆشنبیرییەکان و دەسەڵاتى گەل و هەڵبژاردن و جیاکردنەوەى دەسەڵاتەکان و سەروەریى یاساى و پشتیوانیکردنى کۆمەڵگاى مەدەنى و ئازادیى ڕادەربرین و میدیا و ڕۆژنامەگەرى کردووە. بۆیە ئەم دەستوورە بە بڕواى توێژەران، وەرچەرخانێکى گەورە بوو نەک لە عێراقدا، بەڵکوو لە کۆى ناوچەکەشدا، بەتایبەت کە بەپێى پێوەرە باوەکانى حوکمڕانى لە زۆربەى وڵاتە عەرەبییەکاندا، زۆربەى توانا و سەرچاوە دارایى و ماددییەکانى دەوڵەت لە چنگى حکومەتى ناوەندیدا جێگیر کراوە، هەر لە بوارى بەرگریى دەرەکی و ئاسایشى ناوخۆوە تا ژێرخانى ئابوورى و پەروەردە و فێرکردن و تەندروستى و بەڵکوو دابینکردنى پێداویستی و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیش([25]). کەچى دەستوورى ٢٠٠٥، لە پێناو ڕێگریکردن لە دووبارە گەڕانەوەى ڕژێمێکى مەرکەزیى دەسەڵاتخوازى ستەمکار، زۆربەى دەسەڵاتەکانى حکومەتى ناوەندیی لە هەردوو بوارى دەرەکى و بەرگریدا سنووردار کردووە([26])، بەڵام بوارەکانى ژێرخانى ئابوورى و پەروەردە و فێرکردن و تەندروستیى کردووەتە دەسەڵاتى هاوبەشى حکومەتى ناوەندى و حکومەتە ناناوەندییەکانى (هەرێم و پارێزگان). هەر چى بوارەکانی ترە، ئەوا بۆ دەسەڵاتى فراوانى حکومەتى هەرێم و پارێزگاکان بەجێ هێڵراوە، کە هاوکات هەرێمەکان مافى دانانى دەستوورى تایبەت بە خۆیان و بوونى دامەزراوەکانى یاسادانان و جێبەجێکردن و دادورییان بۆ خۆبەڕێوەبردنى سەربەخۆى خۆیان هەیە، تەنانەت حکومەتى ناوەندى دەسەڵاتى بەسەر هێزى ناوخۆیى هەرێمەکانیشدا نییە، بەڵکوو تواناى سەپاندنى باجى بەسەر هەرێمەکانیشدا نییە ئەگەر هەرێمەکان قایل نەبوون، ناشتوانێت بەتەنها کەرتى نەوت بەڕێوە ببات، زیاتر لەمەش لە بوارە هاوبەشەکاندا یاسا فیدراڵییەکان پەیوەستن بە ناکۆکنەبوون لەگەڵ یاساى هەرێمەکان، خۆگەر ناکۆکیش بن، ئەوا پێشینەیى بۆ یاساى هەرێمەکان دەبێت([27]).

بەڵام پێچەوانەى ئەم دەقە دەستوورییە مژدەبەخشانە، وردە وردە پڕۆسەى بونیادنانى دەوڵەتى فیدراڵی لە عێراقدا گرفتى گەورەى هاتە ڕێ، بە شێوەیەک زۆربەى ئەو تایبەتمەندییانەى کە لە تەوەرى پێشوودا بۆ دەوڵەتى فیدراڵى خستمانە ڕوو، زەمینەى چەسپاندنیان لە عێراقدا لاواز و ناسازە. بەم شێوەیەى کە لە بڕگەى داهاتوودا باسى دەکەین.

دووەم: گرفتەکانى بەردەم جێگیرکردنى تایبەتمەندییەکانى دەوڵەتى فیدراڵی لە عێراقدا

لێرەدا دەتوانین گرنگترین ئەو گرفتانە بە هەمان ئەو ڕیزبەندییەى لە تەوەرى پیشوودا ئاماژەمان بۆیان کرد، بخەینە ڕوو. بەم شێوەیە:

١. سەبارەتى بە تایبەتمەندیى یەکەم و سەرەکى کە بریتییە لە بوونى دوو ئاست لە حکومەت، هەر چەندە دەستوورى عێراقى؛ ڕاشکاوانە مافى داوە بە هەر پارێزگایەک یان زیاتر کە “هەرێم” دروست بکەن([28])، بە پێچەوانەى ئەوەى لە سەرەتادا پێشبینى دەکرا کە عێراق لەسەر بنەماى (نەتەوە و پارێزگاکان) ببێتە شانزە هەرێم (کوردستان و هەریەک لە پانزە پارێزگاکە)، یان لەسەر بنەماى (نەتەوەیی و جوگرافى) ببێتە پێنج یان شەش هەرێم (کوردستان، بەغداد، كەركووك، باشوور، ناوەڕاست و فوڕاتى ناوەڕاست)، یان لەسەر بنەماى (نەتەوەیی و مەزهەبی) ببێتە سێ هەرێم (کوردى و سوننى و شیعى)، یان لانى کەم لەسەر بنەماى نەتەوەیى ببێتە دوو هەرێم (کوردى و عەرەبى)([29])، کەچى تا ئێستا جگە لە (هەرێمى کوردستان) کە مێژووى ڕاگەیاندنى دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى ١٩٩٢، هیچ هەرێمێکی تر لە سایەى دەستووری ٢٠٠٥دا دروست نەبووە، هەر چەندە چەندین داواکارى لەلایەن چەندین پاریزگاوە بۆ دروستکردنى هەرێم هەبووە، بەڵام لەلایەن حکومەتى ناوەندییەوە بەتوندى ڕێگریى لێ کراوە، جا ئەو ڕێگرییە هەندێک جار بە بیانووى یاسایى بووە (وەک: بەسڕە و میسان و زیقار)، یان بە ترساندن و سەرکوتکردن بووە (وەک: دیاله)، یان بە بەڵێنى چەواشەکارانە بووە (وەک: ڕومادى و موسڵ)([30]). ڕەنگە هۆکارى سەرەکی بۆ ئەم گرفتە ئەوە بێت کە هەر لە سەرەتاوە، جگە لە “کورد” و چەند هێز و کەسایەتییەکى عێراقیى لیبراڵ و عەلمانیى کەم، هیچ کام لە هێزەکانی ترى (شیعە و سوننە) لەگەڵ بەفیدراڵیکردنى دەوڵەتى عێراق نەبوون، بەڵکوو هەندێکیان بەتوندى دژى بوون، وەک زۆربەى هێزە سوننییەکان کە بە مقاوەمە ناسرابوون، هەروەها صەدرییەکان و تورکمانەکان([31]). بە بڕواى زۆربەى شارەزایانى فیدراڵى و دەستوورناسان، هەمیشە لەو دەوڵەتە فیدراڵییانەدا کە ژمارەى هەرێمەکان کەمە، ئەگەرى زاڵبوونى حکومەتى ناوەندى زۆرە، ئەمەش دواجار یان بە ئاڕاستەى لاوازبوونى بونیادى فیدراڵیى ئەو دەوڵەتە دەڕوات، یاخود بەرەو هەڵوەشاندنەوەى یەکجاریى ئەو دەوڵەتە سەر دەکێشێت([32]). کەواتە هەر لە سەرەتاوە تایبەتمەندیى یەکەمى بونیادنانى دەوڵەتى فیدراڵى لە عێراقدا کە بوونى دوو ئاست لە حکومەتە، لەبەردەم گرفتى گەورەدا بووە.

٢. سەبارەت بە تایبەتمەندیى دووەمى بونیادنانى دەوڵەتى فیدراڵى کە بوونى دەستوورێکى نووسراوى جامدە، ڕاستە تا ئێستا لە عێراقدا ئەم تایبەتمەندییە وا دەردەکەوێت کە پتەوە، چونکە تا ئیستا هیچ هەموارێک لە دەستوورى فیدراڵیى ٢٠٠٥دا نەکراوە، بەڵام هەمیشە ئەم دەستوورە یان دووچارى پێشێلکردنى گەورە بووە، بەتایبەت لە بوارى بنەماکانى مافى مرۆڤ و دیموکراسى و سەروەریى یاسا و لامەرکەزیى خۆجێیى پارێزگاکاندا، یان هەمیشە لەبەردەم هەڕەشەى تانەلێدان، بانگەشەکردن و کارکردن بۆ هەڵوەشاندنەوەى یان هەموارکردنى بە ئاڕاستەى سڕینەوەى بنەما (فیدراڵى و دیموکراسى و پەرلەمانى)یەکەى بووە، گوایە ئەم بنەمایانە سەرچاوەى بە لاوازى مانەوەى دەوڵەتى عێراقن، بەتایبەت لەلاى هەندێک لە هێزە شیعییە باڵادەست و خاوەن میلیشیاکان، ئەمە جگە لەوەى کە ئێستا خواستى هەموارکردنى دەستوور و گۆڕینى سیستمەکەى بۆ سەرۆکایەتى و کاڵکردنەوەى لامەرکەزیەتى پارێزگاکان تیایدا وەک یەکێک لە داواکاریى خۆپیشاندانەکانى تشرین خراوەتە ڕوو([33]).

– سەبارەت بە تایبەتمەندیی سێیەم کە بریتییە لە دابەشکردنى دەستووریانەى دەسەڵات لەنێوان هەردوو ئاستەکە لە حکومەت، هەر چەندە وەک پێشتر وتمان دەستوورى عێراقى ٢٠٠٥ ئەم دابەشکردنەى کردووە، بەڵام لە لایەک بە هۆى قایلنەبوونى حکومەتى ناوەندى بە دەستبەرداربوونى ئەو دەسەڵاتانەى کە پێش ٢٠٠٣ هەیبووە و لە لایەکیش بە هۆى ئاڵۆزیى دەقە دەستوورییەکان خۆیان، بەتایبەت سەبارەت بە (نەوت و گاز و داهات)، کێشە و ملاملانێی زۆر لەنێوان حکومەتى ناوەندى و حکومەتە خۆجێییەکان دروست بووە، بەتایبەت لەگەڵ “هەرێمى کوردستان” کە چەندین دۆسیەى جێى ناکۆکى لە نێوانیاندا هەیە وەک (کێشەى نەوت و گاز، بەشەبودجەى هەرێم، خەرجکردنى مووچە و پێدانى چەک بە پێشمەرگە، ناوچە جێناکۆکەکان، نوێنەرایەتییەکانى دەرەوە…)([34])، بەڵکوو قووڵبوونەوەى ئەم ململانێیە هەندێک جار عێراقى بەرەو کەنارى لێکهەڵوەشانەوە یان پێکدادانى سەربازى لەگەڵ هەرێم بردووە، وەک ئەنجامدانى ڕیفراندۆمى سەربەخۆیى بۆ هەرێم لە ٢٥/٩/٢٠١٧ و لەشکرکێشیى زۆرەملێى عێراق بۆ ناوچە جێناکۆکان لە ١٦/١٠/٢٠١٧. ئەمە جگە لەوەى کە هەمیشە حکومەتى ناوەند پابەند نەبووە بە تەرخانکردنى دەسەڵاتى دارایی پێویست بۆ یەکە خۆجێییەکان، بەتایبەت پارێزگاکانى ناوەڕاست و خواروى عێراق([35])، بەڵکوو نەک لە ڕووى داراییەوە، لە ڕووى کارگێڕییشەوە وەک حکومەتى ناوەندى هەتا ئێستا بەرامبەر ئەو یەکانە وەک حکومەتێکى مەرکەزیى توند هەڵسوکەوت دەکات، کاتێک وەک کاردانەوەیەکى ناڕەزاییە جەماوەرییەکانى تشرین؛ ئەنجوومەنى هەڵبژێردراوى پارێزگاکانى هەڵوەشاندەوە، کە ئەمەش سەربەخۆيى ئەو یەکانەى تەواو لاواز کردووە، بە هەرێمی کوردستانیشەوە.

– سەبارەت بە بوونى ئەنجوومەنى دووەم لە پەرلەمانى فیدراڵیدا، وەک ئامرازێک بۆ پێدانى سەنگى زیاتر بە هەرێم و یەکە خۆجێییەکان، هەر چەندە ئەم دەزگایە کە ناوى “ئەنجوومەنى فیدراڵی”یە دەبوو بەپێى دەستوور لە خولى دووەمى ئەنجوومەنى نوێنەراندا بەر لە ٢٠١٤ پێک بهێنرێت، بەڵام تا ئێستا پێک نەهێنراوە، ئەمە جگە لەوەى کە دەبوو ئەنجوومەنەکە بە دەقى دەستوور ڕێک بخرێت، نەک بۆ یاسای ئاسایى ئەنجوومەنى نوێنەران بەجێ بهێڵرێت([36])، هەموو ئەمانەش گرفتى گەورەن لە بونیادى فیدراڵیی عێراقدا، کە تێستا پێویستیى فەراهەمکردنى ڕەگەزەکانى نوێنەرایەتى و دیموکراتى و هاوکارى تیایدا فەرامۆش کراون.

– بەڵام سەبارەت بە داگاى باڵاى فیدراڵى، زۆربەى کات ئەم دەزگایە لە یەکلاکردنەوەى ناكۆكيیه دەستوورییەکانى نێوان حکومەتى ناوەندى و حکومەتى هەرێمى کوردستان یان ئیدارەى خۆجێیى پارێزگاکان؛ نادیار و کەم ڕۆڵە، ئەمە جگە لەوەى لە یەکلاکردنەى زۆرێک لە کێشە سیاسییەکاندا بە لایەنگرى هێزە باڵادەستەکان تۆمەتبار کراوە، وەک بابەتى دیاریکردنى کوتلەى گەورە لە ئەنجوومەنى نوێنەراندا لە کاتى پێکهێنانى حکومەتدا لە ساڵانى ٢٠١٠ و ٢٠١٤دا. وێڕاى ئەمەش لە ئێستادا ئەگەرى پەککەوتنى ئەم دادگایەش هەیە، بە هۆى ئەو ناکۆکییەى لەسەر چۆنێتیى دامەزراندنى ئەندامى نوێ بۆ دادگاکە دروست بووە دواى خانەنشینبوونى یەکێک لە ئەندامەکانى، لە کاتێکدا نیصابى کۆبوونەوەکانى دادگاکە بەبێ ئامادەبوونى کۆى ئەندامانى؛ بە نایاسایى دادەنرێت. هەموو ئەمانەش ئەوە دەسەلمێنن کە ئاشووب و گرفتى گەورە لەبەردەم سەروەریى یاسا و ئامرازە دادوەرییەکان لە بونیادى فیدراڵیى عێراقدا هەیە([37]).

– هەر چى سەبارەت بە بوونى ڕێکار و ئامرازە بۆ ڕاییکردنى پەیوەندی و دەسەڵاتە هاوبەشەکان لەنێوان حکومەتى ناوەندیى عێراق و حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئەوا دەکرێ ئاماژە بۆ ڕەوانەکردى چەندین شاندى دانوستان لەنێوان هەردوو لا و بوونى لیژنەى هاوبەش لە هەندێک بواردا بکرێت، بەڵام بەردەوامبوونى ناکۆکییەکانى نێوانیان تا ئێستا و چارەسەرنەکردنیان و بەڵکوو بەچەقبەستنى هەندێکیشیان، بەڵگەى ئەوەن کە ئەم ڕێکار و ئامرازانە لە بونیادى فیدراڵیى عێراقدا ناکارن.

لە کۆتایى ئەم تەوەرەدا، دەبینین سەرجەم تایبەتمەندییەکانى بونیادنانى دەوڵەتى فیدراڵى لە عێراقدا لاواز و پڕ گرفتى گەورەن، بۆیە ناتوانین بڵێین ئەوەى کە دەستووری ٢٠٠٥ نەخشەسازیى بۆ کردووە، بەتەواوى یان لانى کەم هەندێکیشى لە واقیعدا بوونى هەیە، بەڵکوو وەک هەندێک لە توێژەران دەڵێن، عێراق لەدواى بەرکاربوونى دەستوورەوە بە پڕۆسەى بەفیدراڵیکردن و بەناناوەندێتیکردن و بەدیموکراسیکردنێکى هاوسەنگدا نەڕۆیشتووە، بە شێوەیەک کە دەسەڵات وردە وردە لە ناوەندەوە بۆ دەزگاى هەڵبژێردراو لە هەرێم و پارێزگاکان بگوازرێتەوە، بەڵکوو ئەو دەسەڵاته لە ئەنجامى ڕووخانى ڕژێمى بەعسدا کەوتە دەستى چەندین هێزى حیزبیى ناوچەیى و تائیفیى خاوەن هەژموون و بەرژەوەندیى بەرتەسک([38])، کە قایل نین بەئاسانی دەستبەردارى ئەو دەسەڵاتە بن بۆ دەزگا دەستوورى و هەڵبژێردراوەکان، بەڵکوو زۆرێک لەم هێزانە لە سایەى گەندەڵى و پشتیوانیى دەرەکیدا تا بێت تواناى دارایی و چەکدارییان لەسەر حسابى دەوڵەت زیاد دەکات، ئەمەش هەر لە زووەوە پێشبینیى ئەوەى لێ دەکرا کە ببێتە لەمپەرى گەورە لەبەردەم ئایندەى بەردەوامبوونى پڕۆسەى بونیادنانەوەى عێراق وەک دەوڵەتێکى فیدراڵیى خاوەن سیستمێکى دیموکراسى.

تەوەرى سێیەم: ئایندەى بەفیدراڵیکردنەى دەوڵەتى عێراقى

لەم تەوەرەدا هەوڵ دەدەین لە دوو ئاستدا پێشبینییەکان بۆ ئایندەى دەوڵەتى فیدراڵیى عێراق بخەینە ڕوو، کە یەکەمیان بەپێى ئەو تیۆرانەیە کە بۆ بونیادناى فیدراڵى لە هەر دەوڵەتێکدا شرۆڤە کراوە، دووەمیشیان لە ڕێى ئەو سیناریۆیانەوە کە دەشێت بۆ ئایندەى پڕۆسەکە پێشبینى بکرێن، بەم شێوەیە:

یەکەم: ئایندەى عێراق بەپێى تیۆرەکانى بونیادنانى دەوڵەتى فیدراڵى

بەگشتى توێژەران سێ ئاڕاستەى تیۆریى سەرەکییان بۆ داڕشتنەوەى پەیکەر و سەرلەنوێ بونیادنانەى دەوڵەتێک لەسەر بنەما و تایبەتمەندییەکانى فیدراڵى خستوەتە ڕوو، کە دەتوانین لە سایەی هەریەکەیاندا پێشبینى بۆ ئایندەى عێراق وەک دەوڵەتێکى فیدراڵى بکەین، بەم شێوەیە([39]):

تیۆرە ئایدیاڵییە: کە باوەڕیان وایە ڕادەى تواناى جێگیرکردنى تایبەتمەندییەکانى دەوڵەتى فیدراڵى بەندە بە ڕادەى بەهێزیى ئەو بیروباوەڕ و ئایدیۆلۆجیا و بەها هزرییانەى کە لەنێو سەرکردە و گرووپ و هێز و لایەنە جیاوازەکانى کۆمەڵگادا پاساو بۆ بەفیدراڵیکردنى وڵات و سوودەکانى ناناوەندێتیى حوکم دەهێنێتەوە و پشتیوانیى جێبەجێکردنى بنەماکانى دەکەن، واتە زەمینەى بونیادنانى دەوڵەتى فیدراڵى بریتییە لە بەهێزیى ئایدۆلۆجیاى “فیدراڵیزم” لە کۆمەڵگادا. لە دیارترین لایەنگرانى ئەم تیۆرانە، “مایکل بەرگیز”ە. سەبارەت بە ئایندەى بەفیدراڵیکردنى عێراق، لە ڕوانگەى ئەم تێۆرانەوە ناتوانین تەواو گەشبین بین، لەبەر ئەوە هەروەک پێشتر وتمان جگە لە “کورد” و چەند هێز و کەسایەتییەکى کەم، هێزەکانی تر لە (شیعە و سوننە) نەک لەگەڵ بەفیدراڵیکردنى عێراق نەبوون، بەڵکوو بەتوندى دژایەتییشیان کردووە، ئەمە وێڕاى ئەوەى کە لە ئێستادا بە هۆى لاوازیى تواناى حوکمڕانانى هەرێمى کوردستانەوە، خەریکە وردە وردە بیرۆکەى فیدراڵیزم لەناو بەشێک لە چینوتوێژە جیاوازەکانى کورددا ڕەونەقى لەدەست دەدات.

تیۆرە کولتوورى- ئەتنییەکان: کە باوەڕەیان وایە زۆربەى کات کۆمەڵگا فرەییە دابەشبووەکان لە ڕووى کولتوورى و ئەتنییەوە، ئارەزووى جێبەجێکردنى تایبەتمەندییەکانى دەوڵەتى فیدراڵی دەکەن. واتە زەمینەى بونیادنانى دەوڵەتى فیدراڵى، بریتییە لە بوونى کۆمەڵگایەکى فرەیی لە ڕووى کولتووری و ئەتنییەوە، یان لانى کەم بوونى جۆرێک لە لایەنگری ناوچەگەرى و جیاخوازى لەناو گرووپ یان ناوچە جیاوازەکانى کۆمەڵگادا. دیارترین لایەنگرى ئەم تیڕوانینە، “مایکن ئۆمباخ”ە. بۆ ئایندەى بەفیدراڵیکردنى عێراقیش، لە ڕوانگەى ئەم تێۆرانەوە، ڕەنگە تا ڕادەیەک بۆ دەرکەوتن و بەردەوامبوونى هەرێمى کوردستان لەسەر بنەماى جیاوازى پێکهاتەى کولتوورى و ئەتنى لە ناوچەکانی ترى عێراق جۆرێک ئومێد هەبێت، بەڵام سەبارەت بە پێکهاتەکانی تر (سوننە، شیعە، تورکمان و پێکهاتەکانی تر)، هیچ ئاماژەیەکى ئەوتۆ نییە، جگە لە هەندێک دەنگۆ سەبارەت بە ئەگەرى دروستبوونى “هەرێمک لە ناوچە سوننینشینەکان” کە تا ئێستا ئەگەرێکى لاوازە([40]).

تیۆرەکانى گرێبەستى کۆمەڵایەتی: کە باوەڕیان وایە بەفیدراڵیکردنى وڵاتێک، بەرئەنجامى پڕۆسەیەکى ڕێککەوتن و سازشى بەردەوامە لەنێوان ناوەند و یەکە خۆجێییەکاندا (هەرێمەکان)، بە شێوەیەک کە نە ناوەند ئەوەندە بەهێز دەبێت کە بەتەواوى کۆنترۆڵى سەربەخۆیى ڕێژەیى هەرێمەکان بکات، نە هەرێمەکانیش ئەوەندە بەهێز دەبن کە لە ناوەند جیا ببنەوە. دیارترین لایەنگرانى ئەم تیۆرانە، “ولیام هـ. ڕایکەر”ە. هەر چى تایبەت بە ئایندەى بەفیدراڵیکردنى عێراقیشە، لە ڕوانگەى ئەم تیۆرانەوە، ڕەنگە دووبارە سەبارەت بە هەرێمى کوردستان کە هەر لە سەرەتاى بونیادنانەوەى عێراقەوە لەدواى ٢٠٠٣ و بە درێژایى پڕۆسەى دانانى دەستوورى عێراق و ئەمجا پیادەکردنى هەندێک لەو دەسەڵاتانەى کە لەم دەستوورەدا بەتەنها یان بە هاوبەش لەگەڵ ناوەنددا پێی دراوە، لە بوارى (پێشمەرگە و نەوت و نوێنەرایەتیى دەرەوە و گومرگ و خاڵە سنوورییەکان…)، جۆرێک لە سازش و ڕێککەوتنى بەردەوام لەنێوان هێزە کوردییەکان و هێزە باڵادەستەکانى عێراق لە ناوەند هەبووبێت، کە دەشێت لە ئایندەدا زامنى بەردەوامبوونى هەندێک لە تایبەتمەندییەکانى بەفیدراڵیکردنى دەوڵەتى عێراق بکات، بەڵام سەبارەت بە هێزەکانی تر، ئەگەر جۆرێک لە سازش و ڕێککەوتنیش هەبووبێت لەگەڵ ناوەند (بەتایبەت لەلایەن سوننە و تورکمان و ئەوانی تر)، ئەوا هیچ کات ئەمە بۆ بەفیدراڵیکردنى عێراق و دروستکردنى هەرێمی تر نەبووە، بەڵکوو حکومەتى ناوەند تا ئێستا ئامادەى هیچ جۆرە سازشکردنێک نەبووە لەگەڵ ئەو پارێزگایانەى کە خواستى بەهەرێمبوونیان هەبووە.

کەواتە وەک دەبینین بەپێی پێگەى هەرسێ ئاڕاستە تیۆرییەکەى سەرەوە، ئاسۆى بەردەوامبوونى پڕۆسەى بەفیدراڵیکردنى دەوڵەتى عێراق لە ئایندەدا لێڵ و تەماوییە، ئەمە جگە لەوەى کە دەرکەوتنى کورد و هەرێمى کوردستان وەک کاراکتەرى سەرەکیى هەڵسووڕاندن و بەرگریکردن لەم پڕۆسەیە، جۆرێک لە لاوەکیبوون و تاک ڕەهەندیى بە ئامانجەکانى پڕۆسەیە بەخشیوە، بە جۆرێک لاى زۆرێک لە هێز و پێکهاتەکانی تر و عێراقی فیدراڵى وەک ئامرازێکى هەلپەرستانەى کورد بۆ بە لاوازى هێشتنەوەى دەوڵەتى عێراق لە ئایندەدا سەیر دەکرێت.

 یەکەم: سیناریۆکانى ئایندەى عێراق وەک دەوڵەتێکى فیدراڵى

لە سایەى ئەو گرفتانەى کە لەبەردەم جێبەجێکردنى تایبەتمەندییەکانى بونیادنانى دەوڵەتى فیدراڵی لە عێراقدا هەن، بەو شێوەیەى کە لە تەوەرى پێشوودا خستمانە ڕوو، دەتوانین پێشبینیى سێ سیناریۆ بۆ ئایندەى عێراق بکەین. بەم شێوەیە:

سیناریۆى یەکەم: وا پێشبینى دەکات کە تاکە ڕێگەچارە بۆ چارەسەرکردنى گرفتە ئیتنى و مەزهەبییەکانى عێراق، بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەى ئەم دەوڵەتە بۆ  دوو دەوڵەت یان زیاتر، لەسەر بنەماى نەتەوەیى (کورد و عەرەب)، یان نەتەوەیى و مەزهەبى (کورد و سوننە و شیعە). پاساوى لایەنگرانى ئەم سیناریۆیەش ئەوەیە کە عێراق دەوڵەتێکى دەستکردى سەردەمى کۆڵۆنیاڵییە، تا ئێستا نەتوانراوە پایەکانى دەوڵەتبوونى تیا بەرجەستە ببێت، ئەمە جگە لەوەى هەندێک لە پێکهاتەکانى ئەم وڵاتە بەتایبەت “کورد”، هەمیشە خواستى جیابوونەوە و سەربەخۆبوونى لە عێراق هەبووە و لەگەڵ ڕوودانى هەر قەیران و ململانێیەکى تونددا لەگەڵ ناوەند؛ بەئاشکرا ئەم خواستەى خستووەتە ڕوو، کە دواهەمین جاریان ئەنجامدانى ڕیفراندۆمى سەربەخۆیی بوو لە ساڵى ٢٠١٧. بەڵام ئەگەرى ڕوودانى ئەم سیناریۆیە زۆر دوورە، چونکە جگە لەوەى لە ناوخۆدا زۆربەى هێزە عێراقییە عەرەبەکان بە سوننە و شیعەوە دژین، هاوکات هێزە نێودەوڵەتییەکانى دەرەوەش لەگەڵ پاراستنى یەکێتیى عێراق و مانەوین وەک یەک دەوڵەت.

سیناریۆى دووەم: وا پێشبینى دەکات کە وردە وردە حکومەتى ناوەندى بەرەو بەهێزبوونەوە بڕوات، بە شێوەیەک کە بتوانێت بەتەواوى کۆنترۆڵی سەربەخۆیى دیفاکتۆى هەرێمى کوردستان بکات، بەمەش عێراق جارێکی تر بۆ فۆڕمى دەوڵەتى یونیتارى بگەڕێتەوە و ئەو ئەزموونە فیدراڵییە ناکامڵەى کە ئێستا هەیە، بەتەواوى شکست بهێنێت. پاساوى ئەم سیناریۆیەش ئەوەیە کە زۆربەى کات حکومەتى ناوەندى ئامادەى جێبەجێکردنى بەشێک لەو بنەمایانەى نییە کە دەستوور بۆ بەفیدراڵیکردنى عێراق دایڕشتوون، وەک داننان بە سەربەخۆیى دارایى هەرێم و پاریزگاکان و ڕێگەنەدان بە دروستبوونى هەرێمی تر و دەستبەردارنەبوونى دەسەڵات بۆ پارێزگاکان و ناوچە خۆجێییەکان و پێکنەهێنانى ئەنجوومەنى دووەمى یاسادانان… ئەمە جگە لە چارەسەرنەکردنى یەکجارەکیى ئەو ناکۆکییانەى کە لە ماوەى ١٥ ساڵى ڕابردوودا لە سایەى دەقەکانى دەستووردا لەگەڵ هەرێمى کوردستان هەیبوو، هەر لە کێشەى نەوت و گاز و بەشەبودجە و داهات و خاڵە سنوورییەکانەوە تا کێشەى پێشمەرگە و ناوچە جێناکۆکەکان و نوێنەرایەتیى دەرەوە…

سیناریۆى سێیەم: لە سایەى نەبووى زەمینەى تەواو بۆ بەدیهاتنى هەردوو سیناریۆى پێشوو، وا پێشبینى دەکرێت کە باشترین سیناریۆ بۆ ئایندەى عێراق بریتی بێت لە دەستگرتن بەو بژاردەى فیدراڵییانەوە، لە پێناو بەرقەرارکردنى سەقامگیریى زیاتر و لێبڕان بۆ باشکردنى ژیانى هاوڵاتییان و گەشەپێدانى ژێرخانى ئابووریى وڵات. هەڵبەت ئەمەش بەوە دەکرێت کە هەموو لایەک، لە پێکهاتە ئەتنى و ئایینى و مەزهەبى و هێز و لایەنه فەرمى و نافەرمییەکان، چ لەسەر ئاستى حکومەتى ناوەندى و چ لەسەر ئاستى حکومەتى هەرێمى کوردستان و ناوچە خۆجێییەکانی تر، ئامادەیى تەواویان بۆ جێبەجێکردنى زۆربەى تایبەتمەندییەکانى فیدراڵى و پابەندبوون بە دەستوورى ئێستاى عێراقەوە هەبێت، بەتایبەت لەلایەن حکومەتى ناوەندییەوە کە ئامادەیى ئەم بۆ دەستبەرداربوونى دەسەڵاتى زیاتر و قبووڵکردنى هاوبەشى لە دەسەڵاتەکانى و داننان بە سەربەخۆبوونى زیاترى کارگێڕیى دارایى یەکە خۆجێییەکانى خوارەوە، کاریگەریى گەورەى دەبێت لەسەر بەهێزکردنى پایەکانى فیدراڵى لە عێراقدا و ڕەخساندنى هەلى گونجاو بۆ سەرکەوتنى.

ئەنجام

هەر چەندە وا دەخوازرا لە سایەى ئەو بنەما و ئامراز و دامەزراوە فیدراڵییانەى کە هەردوو دەستوورى ٢٠٠٤ و ٢٠٠٥ لەخۆیان گرتبوون، سەرلەنوێ فۆڕمى دەوڵەتى عێراق بە شێوازى فیدراڵى بونیاد بنرێتەوە، بەڵام دواى تێپەڕبوونى ١٥ ساڵ بەسەر کارپێکردنى دواى دەستووریاندا، هێشتا پڕۆسەى بونیادنانى ئەو بنەمایانە ڕووبەڕووى چەندین کۆسپى گەورە بوون، بە شێوەیەک کۆى تایبەتمەندییەکانى بەفیدراڵیکردنى عێراق دووچارى چەندین گرفتى جۆراوجۆر بوون، بە شێوەیەک بەپێى هیچ تیۆرێک لە تیۆرەکانى بونیادنانى دەوڵەتى فیدراڵى پێشبینى ناکرێت ئایندەى بونیادنانەوەى عێراق وەک دەوڵەتێکى فیدراڵى سەرکەوتوو بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر ئەم ئایندەیە بە ڕووى سێ سیناریۆدا کراوە بێت، کە یەکەمیان هەڵوەشاندنەوەى عێراق و پارچەپارچەبوونیەتى بۆ چەند دەوڵەتێک، دووەمیان شکستخواردنى بەفیدراڵیکردن و گەڕانەوەیە بۆ فۆڕمى دەوڵەتى یونیتارى، سێیەمیشیان دەستگرتنە بە فۆڕمى فیدراڵیى ئێستا و هەوڵدان بۆ بەهێزکردنى، ئەوا هەمیشە سیناریۆى سێیەم؛ زەمینەى جێبەجێبوونى بەردەستترە لە دوو سیناریۆکەی تر.

سەرچاوە و پەراوێزەكان:

([1]) نقلا عن: عصام سليمان (1991)، الفيدرالية والمجتمعات التعددية ولبنان، بيروت: دار العلم للملايين، 1991، ص40.

([2]) William H. Riker(1975), “Federalism” in: Handbook of Political Science 5: Governmental Institutions and Processes, 175, pp 93–172.

([3]) حميد حنون خالد (2010)، مبادئ القانون الدستوري وتطور النظام السياسي في العراق، بغداد: مكتبة السنهورى، ص48.

([4]) نقلا عن: د.محمد عبد المعز نصر، في النظريات والنظم السياسية، بيروت: دار النهضة العربية، 1973، ص475.

([5]) باغنر، جاك (2002)، الدولة…مغامرة غير اكيدة، ترجمة: نورالدين اللباد، القاهرة: مكتبة مدبولي، ص128.

([6]) Daniel J. Elazar, “Contrasting Unitary and Federal Systems”, in: International Political Science Review, Vol.18, no.3, July/1997, p239.

([7]) See: Daniel Judah Elazar, Exploring Federalism, Tuscaloosa, University of Alabama Press, 1987, p6; Douglas V. Verney, Federalism, Federative Systems, and Federations, in: Publius – The Journal of Federalism, Vol.25, No.2, Oxford University Press, Spring 1995, p81; Ronald L. Watts, Federalism, Federal Political Systems and Federations, in: Annual Review of Political Science, Vol.1. No.1, Kingston, IIGR in McGill-Queen’s University, June 1998, p.117.

([8]) Daniel Judah Elazar, Exploring Federalism,  op. cit., p.5.

([9]) Douglas V. Verney, op. cit., p81.

([10]) Daniel Judah Elazar , Exploring Federalism, op. cit., pp8-9. Ronald L. Watts, op. cit., p120.

([11]) See: Douglas V. Verney, op. cit., pp83-84. Ronald L. Watts, op. cit., p121.

([12]) Ronald L. Watts, op. cit., pp122-123.

([13]) بۆ زانیاریى زیاتر سەبارەت بەو ڕا جیاوازانە، بڕوانە: اندرسون، جورج (2007)، مقدمة عن الفيدرالية: ماهي الفيدرالية؟ وكيف تنجح حول العالم؟، ترجمة: مها تكلا، كندا: منتدى الاتحادات الفيدرالية، ص ص2-4؛ شورش حسن عمر(2009)، خصائص النظام الفيدرالي في العراق – دراسة تحليلية مقارنة، السليمانية: مركز كردستان للدراسات الاستراتيجية، ص ص29-37؛ عادل زغبوب، الدولة الاتحادية: مفهومها – تحليلها – مستقبلها، لبنان: دار المسيرة، ص ص36-37.

([14]) ينظر: اندرسون، مصدر السابق، ص ص٢-٣؛ رونالد ل. واتس (2006)، الانظمة الفدرالية، ترجمة: غالي برهومة وآخرین، اوتاوا، منتدى الاتحادات الفيدرالية، ص١٦.

([15]) ينظر: اندرسون، مصدر السابق، ص٤.

([16]) See: Douglas V. Verney, op. cit., pp83-84. Ronald L. Watts, op. cit., p121.

([17]) عابد خالد رسول (2012)، الحقوق السياسية في الدساتير العراقية – دراسة تحليلية مقارنة على ضوء المتغيرات السياسية، السليمانية، مركز كردستان للدراسات الاستراتيجية، ص ص367-368.

([18]) امر سلطة الائتلاف المؤقتة حل الكيانات العراقية، رقم (٢)، في ٢٣/٥/٢٠٠٣.

([19])الجنابي، ميثم (2004)، العراق ومعاصرة المستقبل، دارالمدى للثقافة والنشر، ص7.

[20]))  یاساى بەڕێوەبردنى عێراق بۆ قۆناغى گواستنەوە(2004)، مادەى٤.

[21]))  هەمان سەرچاوە، مادەکانى١٠-٢٣ و ٥٢-٥٧.

([22]) سيار الجميل (16/آذار/2004)، “الدستور العراق – التوافقات والتباينات بين الواقع والرؤية والتطبيق”، صحيفة الزمان، العدد 1758.

([23]) جاسم المطير (20/٣/2004)، “قانون إدارة الدولة وسيلة أولى لتأسيس الحكم الأفضل”، الحوار المتمدن، العدد 779،  http://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=16085&r=0، (متاح: 28/3/2020).

[24])) دەستوورى کۆمارى عێراق (٢٠٠٥)، مادەی 1.

([25]) مورو، جوناثان (2005)، “العملية الدستورية العراقية (٢): فرصة ضائعة”، معهد السلام الأمريكي، تقرير خاص رقم ١٥٥، ص ص٣-٤ وص٥٣، https://www.usip.org/sites/default/files/sr155_arabic.pdf.

[26])) دەستوورى کۆمارى عێراق (٢٠٠٥)، مادەکانى ١١٠-١٢١.

[27])) هەمان سەرچاوە.

[28])) هەمان سەرچاوە، مادەى 119.

([29]) محمد أحمد محمود (2010)، “تعدیل الدستور: دراسة في ضوء الدستور العراقي لعام 2005″، بغداد: الدائرە الاعلامیە-مجلس التواب، ص ص٩١-٩٢.

([30]) عابد خالد رسول (2013)، المجلس التشريعي الثاني في الدولة الفيدرالية – دراسة مقارنة، السليمانية: مركز كردستان للدراسات الاستراتيجية، ص39.

([31]) عبدالحسين شعبان (2006)، “تضاريس الخريطة السياسية العراقية”، مجلة المستقبل العربي، بیروت: مركز دراسات الوحدة العربية، السنة 29، العدد 333، ص ص64-68.

([32]) لطيف مصطفى امين (2006)، الفيدرالية وافاق نجاحها في العراق، السليمانية: دار سردم، ، ص ص45-٦١.

([33]) حمزة مصطفى (3/11/2019)، دعوات لتحويل النظام من برلماني إلى رئاسي في العراق، جریدە الشرق الاوسط، العدد ١٤٩٥٠.

([34]) م. د. حازم صباح احميد، “النظام الاتحادي(الفدرالي) في العراق تحديات الحاضر وآفاق المستقبل”، مجلة جامعة تكريت للعلوم القانونية والسياسية، المجلد١، السنة 5، العدد11، ص ص ٣٠٥-٣٠٧.

([35]) المصدر نفسه، ص٣٠٧.

([36]) براون، ناثان (2006)، ملاحظات تحليلية حول الدستور، من: مأزق الدستور: نقد وتحليل، بغداد–بيروت، معهد الدراسات الاستراتيجية، ص ص٤٥-46.

([37]) مجلس القضاء الأعلى (١٢/٢/٢٠٢٠)، “فوضى القضاء الدستوري”، https://www.hjc.iq/view.6449/، (متاح: 4/4/2020).

([38]) مورو، مصدرالسابق، ص4.

([39])Ziblatt, Daniel(2008), Structuring the State: The Formation of Italy and Germany and the Puzzle of Federalism, Princeton University Press, 2008, pp4-6.

([40]) کۆمەڵێک توێژەر (2020)، ئایندەی عێراق و هەرێم لە گێژاوی پرسە هەنووکەییەکاندا، ڕانانی ئایندەیی ژمارە (١)، سلێمانی: سەنتەرى لێکۆڵینەوەى ئایندەیى، ل ل١١-١٢.

Send this to a friend