• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
September 16, 2022

چەمکى هەڵئاوسان؛ شیکردنەوەى بەرزبوونەوەى نرخ و کاریگەرییەکانى لەسەر هەرێمی کوردستان

بورهان عەلی محەمەد/ ماستەر لە ئابووری

نەبەرد عەبدوڵا شەریف/ ماستەر لە ئابووری

بەرایی

لەمڕۆدا گەیشتن بە گەشەی ئابووری لەگەڵ سەقامگیریی نرخەکان، بەردەوام لە ئامانجی سەرەکیی سیاسەتە ئابوورییە گەورەکانە بۆ زۆربەی وڵاتانی جیهان. لەنێو هەموو هۆکارەکانى تردا، هەروەها جەختکردنەوە لەسەر سەقامگیریی نرخەکان لە بەڕێوەبردنی سیاسەتی دراودا بە ئامانجی پێشخستنی گەشەی ئابووریی بەردەوام و هەروەها بەهێزکردنی هێزی کڕینی دراوی ناوخۆییە. لەدواى جەنگى جیهانیى دووەمەوە، دیاردەى هەڵئاوسان بەرۆکى زۆرێک لە دەوڵەتانى پێشکەوتوو و تازەگەشەسەندووی گرتووە. هەڵئاوسانیش بەگشتى خۆى لە بەرزبوونەوەى نرخى کاڵا و خزمەتگوزارییەکان دەبینێتەوە. ئاسەوارە خراپەکانى هەڵئاوسان لەسەر کۆى سێکتەرە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانى وڵاتان، ترسى لاى حکومەتەکانى ئەو وڵاتانە دروست کردووە. لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا، کۆنترۆڵی هەڵئاوسان بووەتە ئامانجی سەرەکیی سیاسەتی دراو لە ئابوورییەکانی ڕۆژئاوادا. ئەم هەنگاوە لە داڕشتنی سیاسەتی دراودا ڕەگوڕیشەی توندی لەو ڕووەوە هەیە کە زۆرێک لە ئابووریناسان و هەروەها سیاسەتمەداران هەمان بۆچوونیان هەیە کە تێچووی هەڵئاوسان زۆرە، بۆ ئەم مەبەستە پێیان وایە هێشتنەوەی هەڵئاوسان لەژێر کۆنترۆڵدا لە ڕووی بەدەستهێنانى داهاتی زیاتر لە داهاتوودا سوودی دەبێت. دیاردەى بەرزبوونەوەى لەناکاوى نرخى کاڵا و خزمەتگوزارییەکان لە عێراق و هەرێمى کوردستان، دیاردەیەکە لەم یەک دوو ساڵەى کۆتایى لاى تاک بە تاکى هاوڵاتى هەستى پێ دەکرێت، ئەویش لەبەر خێرا بەرزبوونەوەى نرخ لە بازاڕ. کاریگەریى ئەم دیاردەیە زیاتر لەسەر هاوڵاتییانى هەرێمى کوردستان دەرکەوتووە، بە هۆى کۆمەڵێک هۆکارى خودی و سروشتى و دەرەکى. لەم لێکۆڵینەوەیەدا ناساندنێکى گشتى کراوە بۆ هەڵئاوسان و هەوڵ دراوە پرەنسیپ و پێکهاتەکانى هەڵئاوسان شی بکرێتەوە و هۆکارەکانى ئەو هەڵئاوسانە بەرزەى لەم ساڵانەى کۆتایى بەتایبەت ڕووی داوە؛ دەستنیشان بکرێت، هەروەها کاریگەرییەکانى لەسەر عێراق و بەتایبەت هەرێمى کوردستان باس بکرێت.

چەمکى هەڵئاوسان  

 لە جیهانی سەرمایەدارى،  پارە (money) بناغەى کارکردنی هەر سیستمێکی ئابوورییە. پارە کاڵایەکی تایبەتە کە ڕۆڵی هاوتایەکی جیهانی دەگێڕێت لە ئاڵوگۆڕی کاڵا و خزمەتگوزارییەکاندا. جەوهەری کارکردی پارە وەک کۆگایەکی بەها وایه،‌ وه‌ك هێزی کڕین، واتە بڕی ئەو کاڵایانە کە دەتوانرێت بە بڕە پارەیەکی دیاریکراو بکڕدرێت؛ هەمیشە بە تێپەڕبوونی کات دەگۆڕێت. پڕۆسەیەکی لەم جۆرە لە ئابووریدا پێی دەوترێت “هەڵئاوسان”. هەڵئاوسان بە پڕۆسەی بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخەکان و دابەزینی توانای کڕین پێناسە دەکرێت. بە واتایەکی تر: بەرزبوونەوەی گشتی و بنکەفراوانی نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان لە ماوەی درێژخایەندا. ئامانجی سەرەکیی بانکە ناوەندییەکان جێگیرکردنی نرخەکانە، پاراستنی یەکپارچەیی و توانای کڕینی پارەی خەڵکە. باوترین نیشاندەری هەڵئاوسان، تێکڕای گۆڕانکاری لە نرخی سەبەتەیەک لە کاڵا و خزمەتگوزارییە بەکاربەرەکاندا بە تێپەڕبوونی کات دەپێوێت. لەبەر ئەوەى بەکاربەر بەگشتى هەست بە بەرزى نرخەکان دەکات ڕۆژ دواى ڕۆژ کەواتە تێگەشتنى بۆ زاراوەى هەڵئاوسان ئاسانترە (1).

هەڵئاوسان بریتییە لە ڕێژەی بەرزبوونەوەی نرخەکان لە ماوەیەکی دیاریکراودا. هەڵئاوسان بە شێوەیەکی گشتی پێوەرێکی فراوانە، وەک بەرزبوونەوەی گشتیی نرخەکان، یان زیادبوونی تێچووی ژیان لە وڵاتێکدا(2). ڕەنگە هەڵئاوسان بە “ڕەوتێکی بەرزبوونەوەی بەردەوام لە ئاستی گشتیی نرخەکاندا پێناسە بکرێت، نەک نرخی تەنها یەک یان دوو کاڵا”. هەڵئاوسان وەک “بەرزبوونەوەی بەردەوام و بەرچاو لە ئاستی گشتی یان تێکڕای نرخەکان”. بە واتایەکی تر: هەڵئاوسان دۆخێکە لە بەرزبوونەوەی نرخەکان، بەڵام نرخێکی بەرز نییە(3).

هەڵئاوسان دیارده‌یه‌كی ئابووریی و کۆمەڵایەتییه‌ كه‌ هەمیشە جێگەیەکی گرنگی لە زانستی ئابووریدا داگیر کردووە و بەردەوام دەبێت، بەو پێیەی ئەم پڕۆسەیە ڕەوتێکی بەردەوام تایبەتمەندە و لە هەموو وڵاتانی جیهاندا ڕوو دەدات. ئاستەکەی پێوەرێکی تایبه‌تی ئابووریی گەورەیە بۆ هەر وڵاتێک و‌ کاریگەریی هەڵئاوسان دیاری دەکات لەسەر خۆشگوزەرانیی هەر هاوڵاتییەک و کۆمەڵگا بەگشتی و هەروەها لەسەر گەشەی ئابووری. ئەگەر ڕێژەكه‌ی لەنێوان 0 بۆ 10% لە ساڵێکدا بێت، ئەوا کاریگەرییەکەی ڕادەیەک ئاساییە و لەگەڵ هەر لادانێکدا كه‌ زیاد بێت له‌و ڕێژە‌یه؛‌ دەبێتە نەرێنی. بۆیە هۆکارەکانی ئەوەی کە ڕێژەی هەڵئاوسان لە مەودای گونجاو تێپەڕێت و شێوازەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دیاردەیە بەردەوام بووەتە هۆی گفتوگۆ و ناکۆکیی نێوان ئابووریناسە پێشەنگەکانی وڵاتان بۆ چەند سەد ساڵ. ‌مەبەستی زانایان دامەزراندنی پلەی متمانەپێکراوی بنەما و گریمانە تیۆرییە جۆراوجۆرەکانە سەبارەت بەو ڕووداو و بارودۆخانەی کە دەبنە هۆی ڕێژەیەکی بەرزی دابەزینی توانای کڕینی پارە(4).

هۆکارەكانی هەڵئاوسان

یەکەم: هەڵئاوسان لە دەرئەنجامى قەبارەى خواست، یان ئەوەى پێى دەوترێت هەڵئاوسانى ڕاکێشانى خواست.

ئەو هەڵئاوسانەیە کە لە دەرئەنجامى زیادبوونى قەبارەى خواستى نەختى لەبەرانبەر بەجێگیرى خستنەڕووى کاڵا و خزمەتگوزارییەکان دەردەکەوێت، بە گوزارشتێکى تر: دەرئەنجامى زیادبوونى قەبارەى نەخت لای تاک و دامەزراوەکان و جێگیریى قەبارەى کاڵا و خزمەتگوزارییە فەراهەمبووەکانى ناو کۆمەڵگە، ئەم جۆرە هەڵئاوسانە دەردەکەوێت، واتە بڕێکە زۆر نەخت لەبەرانبەر بڕێکى کەمى کاڵا لە بازاڕ، ئەمەش هەڵکشانى بەردەوام و ڕوو لەزیادبوونى نرخەکانى لێ دەکەوێتەوە.

دووەم: هەڵئاوسانى تێچوون

ئەم جۆرە هەڵئاوسانە لە دەرئەنجامی هەوڵەکانى هەندێک لە بەرهەمهێنەران یان سەندیکاى کرێکاران، یان هەردوکیان پێکەوە دروست دەبێت، کاتێک نرخەکانى بەرهەم و خزمەتگوزارییەکان بەرز دەکەنەوە بۆ ئاستێک کە لە ئاستى کێبڕکێى ئاسایى زیاتر بێت. ئەو بەرهەمهێنەرانە بەدواى تێکڕاى بەرزترین قازانجدا دەگەڕێن، وە کرێکارەکان ئارەزووى کرێیەکى بەرزتر دەکەن، هەردووکیان دەبنە هۆکارى بەرزبوونەوەى تێچووەکانى بەرهەمهێنان، بەدوایدا ئاستى گشتیى نرخەکان هەڵدەکشێت. ئەم جۆرە هەڵئاوسانە لە دەرئەنجامى هەڵکشانى تێچووەکان دەکەوێتەوە.

سێیەم: هەڵئاوسانى هاوبەش

ئەم هەڵئاوسانە دەرئەنجامى هەردوو هۆکارى خاڵى یەکەم و دووەم کە لە سەرەوە باس کراوە، پێکەوە بەدیار دەکەون. هەڵئاوسانى خواست و هەڵئاوسانى تێچوون، بە ماناى زیادبوونی قەبارەى نەختى ئاڵوێرکراوى دەستى تاک و دامەزراوەکان بەبێ گۆڕانى قەبارەى بەرهەمهێنان، واتە ئاستى بەرهەمهێنان جێگیرە و لە هەمان کاتیشدا پەیوەستە بە زیادبوونى تێچوونى هەندێک لە هۆکارەکانى بەرهەمهێنان، وەک بەرزبوونەوەى کرێ یان هەڵکشانى نرخەکانى زەوى یان زیادبوونى نرخەکانى سوودى بانکى، یان گرانبوونى کەرەستەى خاو… هتد، هەموو ئەوانە دەبنە هۆکارى بەرزبوونەوەى ئاستى گشتیى نرخى کاڵا و خزمەتگوزارییەکان.

چوارەم: هەڵئاوسانى هاوردە

ئەم جۆرە هەڵئاوسانە ناسراوە بەوەى کە زیادبوونى خێرا و بەردەوامى نرخەکانى کاڵا و خزمەتگوزارییە کۆتاکانە، وەک: جلوبەرگى ئامادە، خۆراکى ئامادەکراو، پێڵاوى هاوردەکراو لە دەرەوەى وڵات، واتە دەوڵەتان بەتایبەت دەوڵەتانى گەشەسەندوو ئەم هەڵئاوسانە وەک لە دەرەوە هەیە بۆ ناو ئابوورییەکەیان هاوردەى دەکەن، بۆ نموونە: نرخى نەوت بەرز بێتەوە، دەبێتە هۆى زیادبوونى تێچوونى بەرهەمهێنانى وڵاتى بەرهەمهێن و پاشان ئەم کاڵایە بە نرخێکى بەرزتر دەچێتە وڵاتى هاوردە(5).

جۆرەکانى هەڵئاوسان

هەڵئاوسان لەسەر بنەمای ڕێژە جیاوازەکانی، پۆلێن کراوە بۆ ئەم جۆرانەی خوارەوە:

١. هەڵئاوسانی خەزان: هەڵئاوسانی خەزان کە بە هەڵئاوسانی سووک یان هەڵئاوسانی نزم ناسراوە، ئاماژەیە بۆ ئەو جۆرە هەڵئاوسانە کاتێک بەرزبوونەوەی نرخەکان زۆر خاو دەبێت، وەک خشۆک یان خەزان. سووکترین جۆری هەڵئاوسانە کە ساڵانە کەمتر لە (٣٪)ە.

  1. هەڵئاوسانی درێژخایەن: ئەگەر هەڵئاوسانی خەزان بۆ ماوەیەکی درێژتر بەردەوام بێت، ئەوا زۆر جار پێی دەوترێت هەڵئاوسانی درێژخایەن. بۆیە پێی دەوترێت درێژخایەن، چونکە ئەگەر ڕێژەی هەڵئاوسان بۆ ماوەیەکی درێژتر بەردەوام بێت لە گەشەکردن بەبێ هیچ دابەزینێک، لەوانەیە ببێتە هۆی هەڵئاوسانی زیادە.
  2. هەڵئاوسانی ڕۆیشتن یان خێرا: کاتێک نرخەکان بە شێوەیەکی مامناوەند بەرز دەبنەوە کە زیاترە لە 3%، بەڵام کەمتر لە 10% لە ساڵێکدا، پێی دەوترێت هەڵئاوسانی ڕۆیشتن یان خێرا.
  3. هەڵئاوسانی ڕاکردن: خێرابوونی خێرا لە ڕێژەی بەرزبوونەوەی نرخەکان، بە هەڵئاوسانی ڕاکردن ناو دەبرێت. ئەم جۆرە هەڵئاوسانە کاتێک ڕوو دەدات کە نرخەکان بە ڕێژەی زیاتر لە 10% لە ساڵێکدا بەرز دەبنەوە.
  4. هەڵئاوسانی خێرا: هەڵئاوسانی خێرا کە بە هەڵئاوسانی بازدان ناسراوە، کاتێک ڕوو دەدات کە نرخەکان بە ڕێژەی هەڵئاوسانی دوو ژمارەیی یان سێ ژمارەیی بەرز ببنەوە کە زیاتر لە (20%)ە، بەڵام کەمتر لە 1000% لە ساڵێکدا.
  5. هەڵئاوسانی زیادە: کاتێک نرخەکان بە ڕێژەیەکی بەرزی مەترسیدار بەرز دەبنەوە بە ڕێژەی هەڵئاوسانی چوار هێندە یان چوار ژمارەیی لەسەرووی 1000% لە ساڵێکدا، ئەوا بە هەڵئاوسانی زیادە ناو دەبرێت(6). لە کاتی خراپترین سیناریۆی هەڵئاوسانی زۆردا، بەهای دراوی نیشتمانیی وڵاتێکی زیانلێکەوتوو نزیکەی بۆ سفر کەم دەبێتەوە. پارەی کاغەزی بێبەها دەبێت و خەڵک دەست دەکەن بە بازرگانیکردن یان بە زێڕ و زیو، یان تەنانەت هەندێک جار سیستمی بازرگانیی ئاڵوگۆڕی کۆن بەکار دەهێنن. دوو خراپترین نموونەی هەڵئاوسانی زۆر کە لە مێژووی جیهاندا تۆمار کراون، ئەوانەن کە هەنگاریا لە ساڵی ١٩٤٦ و زیمبابۆی لە ماوەی (٢٠٠٤-٢٠٠٩) لە سەردەمی ڕژێمی ڕۆبەرت مۆگابیدا ئەزموونی کردووە(7).

لەسەر بنەمای هۆکارەکان: هەڵئاوسان لەسەر بنەمای هۆکارە جیاوازەکانی پۆلێن کراوە بۆ ئەم جۆرانەی خوارەوە:

  1. هەڵئاوسانی خواست-ڕاکێشان: هەڵئاوسانی داواکاری-ڕاکێشان کە بە هەڵئاوسانی داواکاریی زیادە ناسراوە، کاتێک ڕوو دەدات کە کۆی خواست لەسەر کاڵایەک یان خزمەتگوزارییەک لە کۆی دابینکردن زیاتر بێت. بە واتایەکی تر: کاتێک خواستی کۆی گشتی بۆ هەموو مەبەستەکان -بەکاربردن، وەبەرهێنان و خەرجییەکانی حکومەت- لە دابینکردنی کاڵاکان بە نرخەکانی ئێستا زیاتر بێت، ئەوا پێی دەوترێت هەڵئاوسانی خواست-ڕاکێشان. هەڵئاوسانی خواست-ڕاکێشان، دۆخێک دروست دەکات کە زۆر جار ئابووریناسان بەم شێوەیە وەسفی دەکەن: پارەی زۆر بەدوای کاڵایەکی کەمدا دەگەڕێت.
  2. هەڵئاوسانی پاڵنانی تێچوون: کاتێک نرخەکان بەرز دەبنەوە بە هۆی گەشەسەندنی تێچووی بەرهەمهێنانی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان، ئەوا بە هەڵئاوسانی پاڵنانی تێچوون ناسراوە. هەڵئاوسانی پاڵنانی تێچوون، هەروەها بە “هەڵئاوسانی نوێ”ش ناسراوە.
  3. هەڵئاوسانی دەگمەنى: هەڵئاوسانی دەگمەنى بە هۆی شاردنەوە و کۆکردنەوە کاڵا لەلایەن بازرگانانی بێویژدان و بازرگانانی ڕەشەوە ڕوو دەدات، بە جۆرێک کە کەمیی دەستکرد لە کاڵا سەرەکییەکانی وەک دانەوێڵەی خۆراک، نەوتی سپی… هتد؛ دروست بکەن، بەنیازی فرۆشتنیان تەنها بە نرخێکی بەرزتر، بۆ ئەوەی قازانجی گەورە بەدەست بهێنێت.
  4. هەڵئاوسانی پێکهاتەیی: هەڵئاوسانی پێکهاتەیی ئەو جۆرە هەڵئاوسانەیە کە زۆر جار لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوودا ئەزموون دەکرێت، کە بە هۆی پتەویى پێکهاتەکانى وەک کۆسپەکانى کشتوکاڵ، سنوورداربوونی سەرچاوەکان، کۆسپەکانى ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی و… هتد؛ دروست دەبێت(8).

ئاسەوارەكانی هەڵئاوسان لەسەر سێکتەرە ئابوورى و کۆمەڵایەتییەکان:

  • متمانەى تاک بە دراوى وڵاتەکەى لاواز دەبێت، بۆ نموونە ئێستا بەشێکى زۆرى پاشەکەوتى داهاتى خێزانەکان زیاتر دراوە قورسەکانە تا دینارى عێراقی.
  • هاندان بۆ پاشەکەوت لاواز دەبێت، چونکە بەهاى دراوى وڵات هێزى کڕینى دابەزیوە و ئەوەى جاران پاشەکەوت دەکرا ئێستا دەبێت بەرزیى نرخی کاڵاى پێ پڕ بکەیتەوە.
  • زیادبوونى خەرجییەکانى حکومەت و هەروەها لاسەنگکردنى تەرازووپێدان (هەناردە و هاوردە)، خواست لەسەر هاوردە زیاد دەکات.
  • تێچووى بەرهەمى ناوخۆیى زیاد دەکات، ئەمەش هەناردەى وڵات لاواز دەکات، ئەنجامیش کێبڕکێى بازاڕى دەرەوە لاواز دەبێت.
  • هەڵئاوسان زیاتر خاوەن پارەکان بەرەو سەوداکاریى بازرگانى و کاڵاى هاوردە و خانووبەرە دەبات و بەرەو کەرتە گرنگەکانى ئابوورى خاو دەکاتەوە.
  • کێشە زۆر دروست دەکات بۆ کۆمپانیا و وەبەرهێنانى ئیشەکانیان کاتى زۆرى دەوێت، چونکە هەڵئاوسان تێچوو لەسەریان زیاد دەکات، چونکە پێشتر خەمڵاندنیان بۆ تێچوونەکانیان کردووە.
  • زۆرترین کاریگەریى لەسەر داهاتە جێگیرەکان هەیە و ئەوانەشى داهاتیان فریاى زیادبوونى نرخ ناکەوێت، بۆ نموونە مووچەخۆر داهاتى جێگیرە و ئەو داهاتەى هەیەتى، فریاى زیادبوونى نرخەکانى بازاڕ ناکەوێ.
  • کاریگەریی لەسەر ڕێژەی سوود ده‌بێت، بە هۆی کاریگەریی بەرزبوونەوەی نرخەکان خواستی قەرزوەرگرەکان بۆ قەرزکردن زیاد دەکات، بەمەش خواست لەسەر پارەی قەرزکراو زیاد دەکات(9).

سوودەکانى کەمکردنەوەى هەڵئاوسان:

یەکەم: کەمیی هەڵئاوسان، نادڵنیایی کەم دەکاتەوە. ئیلهامبەخشە بۆ داهاتووى سەرمایە و وەبەرهێنانی درێژخایەن پەرە دەسەنێت. ئەم جۆرە وەبەرهێنانە دەتوانێت سەرچاوەیەکی گرنگی بەرهەمهێنان و گەشەی داهات بێت، بەتایبەت کاتێک تەکنەلۆژیا نوێیەکان لە وەبەرهێناندا بەرجەستە دەکرێن.

دووەم: هەڵئاوسانی نزم و جێگیر، بەڵام ئەرێنی، نرخێکی ڕێژەیی دروست دەکات و گۆڕانکاری شەفافتر دەکات. ئەمەش تێچوونى گەڕان بۆ زانیارى کەمتر دەکاتەوە، بەڵام هەڵئاوسانى بەرز تێچووى زانیارى زیاد دەکات.

 سێیەم: هەڵئاوسانی نزم و جێگیر یارمەتیی پاراستنی بەهای ڕاستەقینەی داهاتی دوای باج دەدات، كە ئەمەش هاندەری باشى وەبەرهێنان و پاشەکەوتکردنە.

چوارەم: هەڵئاوسانی نزم و جێگیر زیاتر پەیوەندیی بە سەقامگیریی کەرتی داراییەوە هەیە، ئەمەش دڵنیایى و پشتگیرییەکی باشە بۆ سەقامگیریی ئابووریی وڵات. هەروەها هەڵئاوسانی جێگیر ئەو مەترسییانە کەم دەکاتەوە کە ڕووبەڕووی ناوەندە داراییەکان دەبنەوە کە خاوەنی سەروەت و سامانی زۆر و درێژخایەنن(10).

بۆچی جیهان دووچاری هه‌ڵئاوسانێکى گەورە بووەوە لەم کۆتاییانەدا؟

جیهانى ئەمڕۆ بەگشتى تووشى هەڵئاوسان بووە و زۆربەى وڵاتان بەدەست ئەم کێشە ئابوورییەوە دەناڵێنن.  زەبری بەهێزی هەڵئاوسان بۆ کۆمەڵەیەکی بەرفراوانی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان لە سەبەتەی بەکاربەردا، بووە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەیەکی پێوانەیی هەڵئاوسان لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٢، کە لە ٩.٦% لە یەکێتیی ئەورووپا و ٨.٦% لە ناوچەی یۆرۆ وەستا، کە بە شێوەیەکی سەرەکی بە هۆی نرخی وزە و خۆراکەوە بووە، کە وزە بە ڕێژەی 42% و خۆراک 8.9% بەرز بووەتەوە. پێشبینی دەکرێت هەڵئاوسان بۆ ماوەیەک بە شێوەیەکی بەرچاو بە بەرزى بمێنێتەوە.

لە چوار بۆ پێنج دەیەی ڕابردوودا، هەڵئاوسان لە سەرانسەری جیهاندا دابەزیوە، 16.6% لە ساڵی 1974 بۆ 2.6% لە ساڵی 2017 دابەزیوە. لە ساڵی ٢٠٠٠دا، هەڵئاوسانی جیهانی لە ئاستێکی نزم لە مێژوودا جێگیر بوو. ئەم باشتربوونی دەرئەنجامەکانی هەڵئاوسان بەشێکی زۆری لە گۆڕانکارییە ئابوورییە پێکهاتەییەکانەوە سەرچاوەی گرتووە، لەوانە: باشتربوونی چوارچێوەی سیاسەتی دراو و دارایی و هەروەها ئازادکردنی بازرگانیی نێودەوڵەتی و دارایی(11).

بەگشتى هۆکارەکانى هەڵئاوسان لە جیهاندا لەم خاڵانەى خوارەوەدا خۆى دەبینێتەوە:

یه‌كه‌م: زیادبوونى خواست لە بازاڕەکانى جیهاندا لەپاش ئەو ئاسەوار و ڕێوشوێنانەى گیرانە بەر بۆ پەتاى کۆرۆنا، کە خۆى لە سنووردارکردن و داخستنى کارگەکان و کەمبوونەوەى بازرگانیى نێودەوڵەتى بینییەوە و سەرئەنجام گرانبوونى کاڵا و خزمەتگوزارییەکانى بەدوادا هات.

دووەم: بەرزبوونەوەى نرخى وزە بەکارهاتووەکان، وەک: غاز و نەوت…هتد، لە ئەنجامى شەڕى ڕووسیا و ئۆکرانیا، نرخى نەوت سەروو 120 دۆلارى تێپەڕاند، بە هۆی ئەم گرانبوونەش ڕاستەوخۆ کرێى گواستنەوە زۆر بەرز بوونەوە بە جۆرێک لەنێوان ئاسیا و ئەورووپا نرخی یەک بارهەڵگر زیاتر لە 15 هەزار دۆلار چووەتە سەرى، لە ئەنجامى ئەمەش نرخى کاڵاکانی بازاڕ زۆر بەرز بوونەوە.

 سێیەم: بەشێکى زۆرى هێزى کار لە کارگەکان لەدەست دران بە هۆى کۆرۆناوە، کارگەکان ناچار بۆ پڕکردنەوەى ئەو بۆ شاییەى دروست بووە کرێیەکى زیاتریان دەدا و بۆ پڕکردنەوە ئەو تێچوونەش نرخى کاڵاکانیان زیاد کرد.

چوارەم: پێگەى ئۆکرانیا و ڕووسیا لە ڕووى بەرهەمهێنانى دانەوێڵەکان بەگشتى، پێگەیەکى ئەوەندە کاریگەرە نرخى کاڵاکانى لە جیهاندا گرانتر کرد، چونکە بە هۆى ئەو شەڕەى نێوانیان هەناردەى گەنم و دانەوێڵەکانى تر زۆر کەم بووەوە کە ئەو دوو وڵاتە بە سەبەتەى بەرهەمهێنانى خۆراکى جیهان ناویان دەهێنرێت، هەروەها کاریگەریى لەسەر هەندێک وڵاتى بەرهەمهێنەرى ترى دانەوێڵە دانا، چونکە ترسیان هەبوو لەسەر داهاتووى وڵاتەکەیان و بەگشتى هەناردەیان سنووردار کرد.

پێنجەم: بەشێکى زۆرى بودجەى وڵاتان لەسەر باجى سەر کاڵاى هاوردەیە و زۆر جار زیادکرنى سەر باجى هاوردە ڕاستە ئامانجى ئابووریى لە پشتە و بۆ پڕکردنەوەى کورتهێنان و هەندێک جار پارێزگارى لە بەرهەمى ناوخۆیە، بەڵام دیوێکى ترى هەیە، ئەویش نرخى کاڵا و شتومەکەکان بەرز دەکاتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا دیاردەی بەبیابانبوون و كەمیی باران، کە لە ئێستادا بەرۆکى بەشێک لە وڵاتانى گرتووە بووەتە هۆی كەمی بەرهەمهێنان و بە گشتی ماددە خۆراکییەکانی کەم کردووەتەوە.

شەشەم: زیادبوونی بڕی پارە، یان زیادبوونی خەرجییەکان، یان ناهاوسەنگیی نێوان وەبەرهێنان و پاشەکەوتکردن، یان زیادبوونی تێچوونەکان؛ بەشدارن لە بەرزبوونەوەی ئاستی گشتیی نرخەکان.

حەوتەم: هەڵئاوسان هەر چەندە بە سروشتی خۆی دیاردەیەکی دراوییە، بەڵام لە ڕاستیدا ڕەنگدانەوەی ناهاوسەنگیی ئابوورییە. هەڵئاوسان ڕەنگدانەوەی ئه‌و ناهاوسەنگییەیە كه‌ لەنێوان خواستی گشتی و خستنه‌ڕووی گشتی (کاڵا و خزمەتگوزارییەکان) دێته‌ ئاراوه‌(12).

هەشتەم: کەمبوونەوەی بەشداریکردنی ئه‌و داهاته‌ی كه‌ له‌ باجه‌وه‌ ده‌ست حكومه‌ت ده‌كه‌وێت بۆ دابینکردنی دارایی خەرجییە گشتییەکان(13).

چارەسەرەکان بۆ کەمکردنەوەى دیاردەى هەڵئاوسان

چارەسەرکردنی هەڵئاوسان سادەوساکار نییە و زۆر جار ڕێوشوێنەکانى بەرەنگاربوونەوەى کاریگەریى خراپ لەسەر ئابووریى وڵات بەجێ دەهێڵێت و پێویستى بە وریاییەکى زۆر هەیە، ناتوانرێت بەتەواوى چارەسەر بکرێت، بەڵام ڕێوشوێنەکانى بۆ سنووردارکردن و کەمکردنەوەى کاریگەرییەکانیەتى لەسەر ئابووریى وڵات و هاوڵاتییان بەگشتى.

بۆ سنووردارکردنی هەڵئاوسان،  پێویستی  به‌ چه‌ند ڕێوشوێنی تایبەتە کە بەکورتى ئاماژەیان پێ دەدەین:

یەکەم: یەکێک لەو ڕێگایانەى کە ئابوورىناسان وەک چارەسەر دیخەنە ڕوو لە کاتی هەڵئاوساندا، پێویستە خەرجییەکانی حکومەت سنووردار بکرێن(14).

دووەم: لە هەندێک وڵاتدا بانکە ناوەندییەکان دراوە ناوخۆییەکانیان بە دراوی دیکەوە دەبەستنەوە، بۆ نموونه: ‌وڵاتانی کەنداو دراوەکانیان بە دۆلاری ئەمەریکییەوە دەبەستنەوە و سیاسەتە دراوییەکانیان لەژێر کاریگەریی سیاسەتەکانی بانکی ناوەندیی ئەمەریکادایە، بۆ ئەوەى کاریگەرییەکانى هەڵئاوسان کەمتر بێت، چونکە دۆلار ئەمەریکاى خاوەن گەورەترین ئابووریى جیهان خاوەندارێتیى دەکات.

سێیەم: لە هەندێک حاڵەتدا ڕەنگە حکومەت ڕاستەوخۆ خۆی نرخ دابنێت، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدا ده‌بێت كه‌ هاوڵاتی له‌وه‌ زیاتر بەرگەی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخه‌كان نه‌گرێت(15).

چوارەم: یه‌كێكی تر له‌ چارەسەرکردنی کاریگەرییەکانی هەڵئاوسان و لاوازیی توانای کڕینی هاوڵاتییان، لەسەر دەوڵەت و کەرتى تایبەت پێویسته‌ كه‌ ئاستی كرێ و مووچە به‌رز بكەنەوە بە ڕێژەیەکی بەرزتر لە ڕێژەی هەڵئاوسان.

پێنجەم: کەمکردنەوەی باج و ڕسوماتی گومرگی کە بەسەر کاڵا و خزمەتگوزارییەکاندا دەسەپێنرێت، بەتایبەتی هاوردەکراوەکان كه‌ تێچوون کەم دەکاتەوە و به‌مه‌ش توانای کڕینی تاکەکان و خێزانەکان زیاد ده‌بێت.

شەشەم: کەمکردنەوەی ئەو قۆرخکارییەی کە لەلایەن هەندێک له‌ کۆمپانیاكانه‌وە پراکتیزە دەکرێت کە ده‌بێته‌ هۆی کەمکردنەوەی هەڵئاوسان، ئه‌مه‌ش لە ڕێگەی کردنەوەی ده‌رگای کەرتە ئابوورییەکان بە ڕووی کێبڕکێكاراندا و هاتنەناوەوەی بەرهەمهێنەرانی نوێ بۆ بازاڕەکان، ئه‌وه‌ش ڕوونه‌ زیادبوونی توانای کێبڕکێ، شوێنه‌واری ئه‌رێنیی ده‌بێت له‌ كه‌مكرنه‌وه‌ی نرخی ئەو کاڵا و خزمەتگوزارییانەی کە پێشکەشی دەکەن(16).

حەوتەم: تێکڕاى سوودى بانکى. سوود ئەو بڕە زیادەیە کە بانکەکان وەرىدەگرن لە قەرزوەرگر و دەیدەن بەو خاوەن پارانەى سپاردەکانیان لەلاى ئەوان دادەنێن، عادەتەن بانکی ناوەندى نرخى سوودى بانکى دەسەپێنێت بە پێى هەلومەرجی ئابووریى وڵات. لە کاتى هەڵئاوساندا پارەیەکى زۆر لە بازاڕدا هەیە، بۆ کەمکردنەوە و هەڵلووشینى ئەو پارە زۆرەى بازاڕ، حکومەت نرخی سوودى بانکى بەرز دەکاتەوە بە ئامانجى ئەوەى هانى خەڵک بدات پارەکانیان ببەن بۆ بانک و چارەسەرى ئەو دۆخەى بازاڕ بکات.

 

 کاریگەرییەکانى هەڵئاوسان لەسەر کوردستان

لەبەر ئەوەى کوردستان هێشتا هەرێمێکە لە عێراق و هەر جۆرە کێشەیەکی ئابوورى ڕوو لە عێراق بکات، کوردستانیش ڕاستەوخۆ کاریگەرییەکەى بەر دەکەوێت. عێراق لەبەر ئەوەى وڵاتێکى هاوردەکارە، بۆ زۆربەى کاڵا و خزمەتگوزارییەکان پشت بە دەرەوە دەبەستێت و تاکە سەرچاوەى ناردەنى کە زۆر دیارە و ئابووریى عێراقی لەسەر وەستاوە، بە ڕێژەى زیاد %90 بریتییە لە نەوت. وڵاتانى هاوردەش هەمیشە لەژێر ڕەحمى ئابووریى وڵاتى هەناردەکارە و هەندێک جۆرى هەڵئاوسان بەئاسانى دەگوازرێتەوە بۆ ناوخۆى عێراق، بۆ نموونە بەرزبوونەوەى نرخى کاڵاکان، هەمان کاریگەرییش دەکاتە سەر هەرێمى کوردستان.

دابەزاندنى بەهای دینارى عێراقی بەرانبەر بە دراوەکانى تر لەلایەن حکومەتى عێراقەوە، بە بیانووى پڕکردنەوەى کورتهێنان و ڕزگارکردنى ئابووریى عێراق، یەکێکە لەو هۆکارانەی کە نرخى کاڵا و خزمەتگوزارییەکانى بەرز کردەوە لە عێراق و هەرێم، چونکە زۆربەى کاڵاکان لە دەرەوە هاوردە دەکرێن و نرخى کاڵاى هاوردەش بەگشتى بە دۆلارە، ئەمەش نرخێکى زیاتر دەکەوێت لەسەر هاوڵاتى و سەرئەنجام هەڵئاوسانى نرخەکانى لێ کەوتەوە.

پلە بەرزکردنەوە حەق و مافێکى ئاسایى و یاسایى فەرمانبەرانى دەوڵەتە، ئەم پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانە باکگراوندێکى ئابووریى هەیە و ئەوەش بە هۆکارى ئەوەى ئابووریى وڵات ساڵانە ڕێژەیەکى هەڵئاوسان تۆمار دەکات و سەرئەنجام بەپلەبەندى نرخی کاڵا و خزمەتگوزارى بەرز دەبێتەوە. بۆ پڕکردنەوەى ئەو بۆشاییە، پلە بەرزکردنەوە تا ڕادەیەک هاوکار و یارمەتىدەرێکى باشە بۆ فەرمانبەرەکە. حکومەتى هەرێم لە ساڵى 2017دا پلە بەرزکردنەوەى ڕاگرتووە و ژمارەى ئەوانەى مووچە لە حکومەتى هەرێم وەک کەرتى گشتى وەردەگرن، زۆر زیاترە لەو پێوەرە نێودەوڵەتییانەى دیارى کراوە، بە مانایەکى تر: بەشێکى باش لە هاوڵاتییان ژیانیان لەسەر ئەو مووچەیەیە مانگانە وەرىدەگرن و داهاتیان دیارىکراوە، ئەوانەشى داهاتیان دیاریکراوە، هەڵئاوسان زیاتر کاریگەرى دەکاتە سەریان.

کۆرۆنا وەک چۆن کاریگەریى کردە سەر زۆربەى وڵاتان بە نەرێنى، ئەم کاریگەرییە خراپتر لەسەر ئابووریى کوردستان کەوتووە، چونکە زۆربەى کاڵاکان لە دەرەوە هاوردە دەکات و بەئاسانى دەکەوێتە ژێر کاریگەریى ئەو هەڵئاوسانەى لە ڕێگەى هاوردەوە دەگوازرێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا یەکێک لە گەورەترین گرفتەکانی کوردستان ئەوەیە زۆربەى کاڵاکانى هاوردەن و بەرزکردنەوەى نرخ زۆر جار بە هۆکارى دەرەکییە و حکومەتى کوردستان ناتوانێت پێش بە وەها کارێک بگرێت، بۆ نموونە: بەرزبوونەوەى نرخی سووتەمەنى لە جیهاندا، یان شەڕى نێوان ڕووسیا و ئۆکۆانیا، دوو لەو هۆکارە دیارانە بوون نرخى کاڵا و خزمەتگوزارییان لە جیهاندا گران کرد.

دیاردەى قۆرغکارى بۆ کاڵاکان یەکێکە لە دیاردە زەق و ئاشکراکان لە کوردستان، تایبەتکردنى هێنانى کاڵایەک بۆ کەسێکى بازرگان یان کۆمپانیایەک، ئەوانیش لەبەر نەبوونى كێبڕكێكار هەر نرخێکیان بوێ دەتوانن بیسەپێنن و بازاڕیش بۆ ئەو کاڵایە قۆرغ بکەن، سەرئەنجام بەرزبوونەوەى پێشبینىنەکراو لە کاڵاى قۆرغکاردا دێتە ئاراوە، چونکە لایەنى قۆرغکار ئامانجى بەدەستهێنانى زۆرترین قازانجە و لە ڕێگەى سەپاندنى نرخى بەرز بە ئامانجەکەى دەگات.

لەم کارە زانستییەدا هەوڵ دراوە بە وەرگرتنى کۆمەڵێک داتا کە جیاوازیى نرخ لە ئێستا و لە پێشوو دەردەخات، کە ئاستى گشتیى نرخەکان بۆ هەر کاڵایەکى پێویست چۆن زیادى کردووە. ئەو کاڵایانەى وەک نموونە وەرگیراون، بە شێوەى مەیدانى بریتین لە: (ڕۆن، برنج، شەکر، چا، شیر، دۆشاوی تەماتە، پاککەرەوەکان، کلێنس، دایبی، قەیسی، هەڵووژە، ئاوی دەبەى سلێمانى لەگەڵ شەربەت). ئەگەر لە وێنەکە بڕوانین، نرخی ڕۆن 200% زیادى کردووە، ئەمەش ماناى ئەوەیە نرخى ڕۆن دووقات زیادی کردووە بە بەراورد بە نرخى پێشووى. نرخى برنجیش هاوشێوەى کاڵاکانى تر زیادى کردووە بە ڕێژەى 40% لەچاو نرخى پێشووى و نرخى شەکریش نیوەى نرخى پێشووى زیادى کردووە کە (50%)یە. ئەوەى تێبینیى کراوە لەنێو هەموو کاڵاکان کە کەمترین بەرزبوونەوەى بەخۆیەوە بینیوە چایە، یەک کیسە چای کەپس لە 5 هەزارەوە بووە بە 5250 دیناری عێراقى.

شیرى قوتووى منداڵ (ئەو شیرانەى کە بەزۆرى لە کوردستان بەکار دەهێنرێن)، نرخیان لە 5 هەزارەوە زیادى کردووە بۆ ٧ هەزار دینار و بەنزیکەى 40% زیادى کردووە. نرخى دۆشاوی تەماتە بە ڕێژەى 100% زیادى کردووە، پاککەرەوەکان لە 50% و کلێنس 75% و دایبى 40%. تێبینییەکى گرنگ لەسەر نرخى قەیسی کە بەرزترین ڕێژەى تۆمار کردووە لەچاو نرخى پێشووى، نرخى یەک کیلۆ قەیسى لە 2500 دینارەوە زیادى کردووە بۆ 8 هەزار دینار، ئایا هۆکارەکەى زۆریى خواست و کەمیى خستەڕووى ئەو کاڵایەیە، یان هۆکارى قۆرغکارییە، یان هۆکارى تر لەپشت ئەم فڕینى نرخەوە هەیە؟ ئەوەیان نەزانراوە! نرخى هەڵووژەى وشک هاوشێوەى قەیسى بەرز بووەتەوە، بەڵام بە شێوەیەکى کەمتر و نرخەکەى لە 1.5 بۆ ٤ هەزار دینار بەرز بووەتەوە. بۆ هەر کارتۆنێک ئاو، ٥٠٠ دینار چووەتە سەرى. زۆر جار هۆکارەکەى بۆ زیادبوونى نرخى ماددە سەرەتاییەکانى و گرانکردنى نرخى کارەباى شوێنى بەرهەمهێنانەکان دەگەڕێتەوە، لەگەڵ هۆکارى تریش وەک: (زیادبوونى نرخى کرێ، زیادبوونى نرخى گواستنەوە، زیادبوونى نرخى ئامێرەکان… هتد). کۆتا نرخى کاڵا وەرمانگرتووە، شەربەتى سەنکویک 20% زیادى کردووە، بە جۆرێک لە 5 هەزارەوە بووە بە 6 هەزار دینار.

لە کۆى زیادبوونى نرخى ئەو چەند کاڵا پێویستە، دەگەین بەم دەرئەنجامەى کە هەڵئاوسان بە شێوەیەکى مەترسىیدار بەرز بووەتەوە لە کوردستان و پێویستى بە گرتنەبەرى ڕێوشوێنى پێویستى خێرا هەیە، ئەویش ئەو کاڵایانەى کە لە دەرەوەى دەسەڵاتى حکومەتن، هەوڵ بدرێت ڕێژەکەیان زیاتر بکرێت و هانى كێبڕكێكار بدرێت و ڕێگە خۆش بکرێت بۆ وەبەرهێنەران لە ناوخۆ بەرهەمى بهێنن، بۆ ئەوەى لە هەڵئاوسانى دەرەکى بپارێزرێین، ئەگەریش لە توانادا نییە لە ناوخۆ بەرهەم بهێنرێت، هەوڵ بدرێت یەک بازرگان یان یەک لایەن نەبێت و ڕێگە بۆ هەمووان خۆش بکرێت بە ئامانجى دروستکردنى كێبڕكێ و لانى کەم ڕاگرتنى نرخەکەى. بەرزکردنەوەى پلەى وەزیفى دەست پێ بکاتەوە، بە ئامانجى ئەوەى هەڵئاوسان لەسەر ئەو چینەی داهاتى دیاریکراوە کەم بکرێتەوە، یارمەتیدانى وەبەرهێنەرى ناوخۆ و پشتیوانیکردنى، بە ئامانجى زیادکردنى بەرهەم و لە پێناو بەرەنگاریى ئەو خواستە بەرزەى هەیە بۆ ئەوەى هاوسنگى بگەڕێتەوە بۆ بازاڕ.

سەرچاوە: مارکێتى نووسەر لە زەڕایەن

دەرئەنجام

هەڵئاوسان دیاردەیەکى ئابووریى جیهانییە و پەیوەندیى بە وڵاتێکى دیارکراوەوە نییە و لە زۆربەى وڵاتان هەیە و ڕێژەى کەم و زۆریى لە وڵاتێک بۆ وڵاتێکى تر جیاوازیى هەیە، ئەویش بە پێى پێگەى ئابووریى وڵاتەکە و چەند تواناى بەرەنگارى هەڵئاوسانى هەیە بە کەمکردنەوەى ڕێژەکەى یان وەستاندنى. کۆمەڵێک هۆکارى دیارى ئابوورى و کۆمەڵێک هۆکارى سیاسى و شەڕى نێوان وڵاتان، هاندەرى بەرزبوونەوەى نرخى کاڵا و خزمەتگوزارییەکانن. بەرزبوونەوەى نرخى خۆراک لەم ماوانەى کۆتایى، بە پلەى یەکەم بۆ جەنگى نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا دەگەڕێتەوە، چونکە ئەو دوو وڵاتە بە سەبەتەى خۆراکى جیهانى ناویان دەرکردووە، ئەویش بە هۆى زۆریى بەرهەمهێنانى بەروبوومە دانەوێڵەییەکان لەو دوو وڵاتە. بەرزبوونەوەى نرخى سووتەمەنى لە جیهاندا هۆکارێکى ترى بەرزبوونەوەى نرخى کاڵاکان بووە، چونکە کارگەکان بەگشتى بە وزە کار دەکەن، جا ئەم وزەیە ڕاستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ، کاریگەریى لەسەر بەرزبوونەوەى تێچووى بەرهەمهێنان هەیە و کارگەکانیش بۆ ئەوەى ئەو تێچووەى لەسەریانە قەرەبووى بکەنەوە، نرخى کاڵاکانیان بەرز دەکەنەوە.

بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا لە جیهاندا، هۆکارێکى ترى پشت ئەم بەرزبوونەوەى نرخى جیهانییەیە بۆ کاڵا و خزمەتگوزارى، چونکە قەدەغەى هاتوچۆ و داخستنى هەندێک کارگە و سستبوونى بازرگانیى نێودەوڵەتى، بووە هۆى ئەوەى نرخى کاڵاکان بە شێوەیەکى بەرچاو بەرز ببنەوە. هەروەها ترسى هاوڵاتى لە درێژەکێشانى قەدەغەى هاتوچۆ و هەڵپەیان بۆ کڕینى کاڵا، واى کرد خواستى گشتى بەرز بێتەوە و لە بەرانبەردا خستنەڕووش ڕووی لە کەمى دەکرد، ئەمەش دیسان نرخەکانى بەرەو بەرزبوونەوە برد.

هەر چەندە لە عێراقدا ڕێژەى هەڵئاوسانەکە بەو ڕادەش نییە زۆر جێگەى مەترسی بێت، بەڵام لە ئەگەرى دوورمەودا و بەردەوامبوونى، لەوانەیە کاریگەرییەکە زۆر خراپ بشکێتەوە، چونکە وڵاتانى بەکاربەر هەمیشە لەژێر ڕەحمى وڵاتى بەرهەمهێنن لە زۆر ڕووەوە. ئەو هەڵئاوسانە گشتییەى لە جیهان هاتە پێش، بە هۆى ئەو هۆکارانەى بەکورتى ئاماژەمان پێ داوە لە سەرەوە، عێراق و لە نێویشیادا هەرێمى کوردستان بەتایبەت کاریگەریى زۆرى لەسەرى هەبووە. بەرزبوونەوەى نرخی کاڵایەک لەچاو کاڵایەکى تر جیاوازییان هەیە و هەندێک کاڵا نرخەکەى زۆر بەرز بووەتەوە و هەندێکیشى هێشتا پلەى هەڵئاوسانەکەی نەگەیشتووە بە ئاستێکى مەترسیدار.

دیاردەى قۆرغکارى بۆ کاڵاکان، لەو سیما دیارانەى ئابووریى هەرێمە کە دەست گیراوە بەسەر کاڵا پێویستەکان و سەپاندنى نرخی بەرز لە سیماکانى دیاردەى قۆرغکارییە بۆ کاڵاکان. هەروەها شەڕى ڕووسیا و ئۆکرانیا دیسان کاریگەریى هەبووە لەسەر بەرزبوونەوەى نرخ لە هەرێم، هەروەها ڕاگرتنى پلە بەرزکردنەوە کە فەرمانبەر لە مافێکى خۆى بێبەش کراوە و ئەو پلە بەرزکردنەوەیە دەکرێ ڕووە ماددییەکەى هاوکارێکى باش بێت بۆ بەرزبوونەوەى نرخی کاڵاکان.

سەرچاوەکان:

(1) Martin Höflmayr, (2022).  Inflation explained: What lies behind and what is ahead, EPRS | European Parliamentary Research Service, Inflation explained (europa.eu). (accessed: 4/8/2022)

(2) Oner, Ceyda (2010), What Is Inflation?, Finance & Development. https://www.imf.org/external/pubs/ft/fandd/2010/03/pdf/basics.pdf.   (accessed: 4/8/2022)

(3) Salim, Arya., (2019)”INFLATION:-TYPES, CAUSES, AND EFFECTS.” Impact Journals 7.1: 343-350.

(4) Kombarov Mikhail Anatolievich, 2020, THEORIES OF INFLATION: EVIDENCE AND REFUTATIONS ON THE EXAMPLES OF THE RUSSIAN AND FOREIGN ECONOMY,   Russian State Library , electronic scientific journal № 1(10),  e-FORUM. 2020 – Cистема онлайн-просмотра (rsl.ru). (accessed: 4/8/2022)

(5)  پڕۆفیسۆر ئیسماعیل عەبدولڕەحمان، پڕۆفیسۆر حەربى محەمەد مووسا (2014)، چەمکە بنەڕەتییەکانى زانستى ئابوورى، وەرگێڕان: فەیسەڵ عەلی، سلێمانى، دەزگاى ڕۆشنبیریى جەمال عیرفان، ل(146-149).

(6) jncollegeonline, (2020). https://jncollegeonline.co.in/attendence/classnotes/files/1621226785.pdf.

(7) Zukas, Lorna Lueker, 2015, “Zimbabwe: A case study in bipolar development.” Development in Crisis. Routledge, 155-172.

(8) Shaikh, Parvez Ahmed, Fida Muhammad, and Shumaila Kamal Khan, (2022), “THE DYNAMIC THEORIES OF INFLATION.” Pakistan Journal of International Affairs 5.2.

(9)   الاستاذ المساعد الدكتورة اسماء خضير ياس، 2013، الكلية التقنيه الادرايه – بغداد، تحليل معدلات التضخم في العراق للفترة (2010-2000)، مجلة كلية بغداد للعلوم الاقتصادية الجامعة العدد السادس و الثلاثون، ص55.

(10) Balls, E. and O’Donnell, G., 2002, The Benefits of Maintaining Low and Stable Inflation. In Reforming Britain’s Economic and Financial Policy (pp. 58-70). Palgrave Macmillan, London.

(11) Jongrim Ha, et al., Inflation: Concepts, Evolution, and Correlates, Inflation in Emerging and Developing Economies; Evolution, Drivers and Policies (worldbank.org). (accessed: 4/8/2022).

(12)  أ. م. د. كمال عبد حامد محمد آل زيارة، أ. م. د. حكمت عبد الرزاق الدباغ، مجلة أهل البيت عليهم السلام العدد 12، ظاهرة التضخم النقدي في العراق وانعكاساتها الاقتصادية|جامعة أهل البيت عليهم السلام (abu.edu.iq).  (متاح على: 10/8/2022)

(13)  م. م. سيماء محسن علاوي، دور السياسة المالية في معالجة ظاهرة التضخم في الاقتصاد العراقي للمدة (1996- 2011)، كلية الادارة والاقتصاد/الجامعة العراقية، مجلة كلية بغداد للعلوم الاقتصادية الجامعة العدد الثامن والاربعون.

(14)  د. كامل علاوي كاظم الفتلاوي، د. حسين لطيف الزبيدي، 2018، طرق معالجة التضخم، ص276-277، طـرق مـعالجة التـضخم (almerja.com). (متاح على: 10/8/2022)

(15)  سبوتنيك عربي، 2021، التضخم الاقتصادي… ما أبرز أسبابه وطرق معالجته ومتى يكون مدمرا للدول؟،

التضخم الاقتصادي… ما أبرز أسبابه وطرق معالجته ومتى يكون مدمرا للدول؟ (sputniknews.com). (متاح على: 10/8/2022)

(16)  د. عدلي قندح، 2021، خبراء: معالجة التضخم تتطلب سياسات اقتصادية حصيفة… إضافة أولى وأخيرة،

خبراء: معالجة التضخم تتطلب سياسات اقتصادية حصيفة… إضافة أولى وأخيرة (petra.gov.jo). (متاح على: 10/8/2022)

گۆڤاری ئایندەناسی ژمارەی چواردەیەم (14)، ئەیلول 2022

Send this to a friend