• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
September 17, 2022

بەرزبوونەوەی ئاستی گشتیی نرخەکان لە هەرێمی كوردستان هۆکار و دەرئەنجامەکانی لەدوای سەردەمی کۆرۆنا

د. كامەران قادر یەعقوب/ پسپۆری بواری دارایی و ئابووری

بەرایی

بەرزبوونەوەی گشتیی نرخەکان (هەڵئاوسان)، یەکێکە لە کێشە ئابوورییەکان کە ڕووبەڕووی ئابووریی وڵاتێکی دیاریکراو یان ئابووریی جیهان دەبێتەوە. کاتێك باس لە هەڵئاوسان دەکرێت، تەنها مەبەستی بەرزبوونەوەی نرخی یەك شمەكی دیاریکراو نییە، بەڵکوو واتاکەی ئەوەیە کە ئاستی گشتیی کۆی شتومەک و خزمەتگوزارییەکان بەرز دەبێتەوە، بە شێوەیەك کە زیاتر بێت لەو پێوەرەی کە لە زانستی ئابووریدا باس کراوە کە نابێت ڕێژەی بەرزبوونەوەی ئاستی گشتیی نرخەکان لە ٢٪ تێپەڕێنێت. کەواتە بەرزبوونەوەی ئاستی گشتیی نرخەکان بۆ کەمتر لەو ڕێژەیە، لە ئابوورییەکی دیاریکراودا بە ڕێژەیەکی تەندروست هەژمار دەکرێت. لە لایەکی ترەوە، هۆکار و دەرئەنجامەکانی هەڵئاوسان لە ئابوورییەکەوە بۆ ئابوورییەکی تر و لە کاتێکەوە بۆ کاترێکی تر جیاوازە، هەروەها هەڵئاوسانی گشتیی نرخەکان چەندین جۆری هەیە کە ڕووبەڕووی ئابوورییەکی دیاریکراو یان ئابووریی هەموو جیهان دەبێتەوە.

لەم توێژینەوەیەدا لێکۆڵینەوە لە هۆکار و دەرئەنجامەکانی بەربوونەوەی ئاستی گشتیی نرخەکان لە هەرێمی کوردستاندا دەکەین. هەروەها شیکاری بۆ داهاتووی ئاستی گشتیی نرخەکان دەکرێت، کە ئایا داهاتووی بەرزبوونەوەی نەرخەکان بۆ سێ ساڵی داهاتوو چۆن دەبێت.

جۆرەکانی هەڵئاوسان

لە زانستی ئابووریدا هەر بەرزبوونەوەیەك لە ئاستی گشتیی نرخەکاندا یەک هۆکار و یەک دەرئەنجامیان نابێت، بەڵکوو چەندین هۆکار و دەرئەنجامی جیاوازی لێ دەکەوێتەوە. هەروەها لێرەدا دەبێت ئاماژە بە جۆرەکانی هەڵئاوسانی نرخەکانمان بکرێت، بۆ ئەوەی لەوە تێبگەین کە ئایا ئەو هەڵئاوسانەی کە لە ئاستی گشتیی نرخەکاندا ڕووی داوە لە هەرێمی کوردستان، لە چ جۆرێکیان و دەرئەنجامەکەی چییە. ئەوەی جێی گرنگیپێدانە ئەوەیە کە هەندێك لەو جۆرە جیاوازانەی هەڵئاوسان لە چەند ئابوورییەکی دیاریکراودا ڕوو دەدات و هەندێکی تریشیان لە چوارچێوەی ئابوورییەکی دیاریکراوی تردا ڕوو دەدات. پێش ئەوەی شیکاریی تەواوەتی بکەین، وا باشترە لە سەرەتادا ئاماژە بە جۆرەکانی هەڵئاوسان بکرێت.

  1. هەڵئاوسانی خشۆك ( (Creeping Inflation

ئەم جۆرە لە هەڵئاوسان كاتێك ڕوو دەدات كە بەرزبوونەوەی ئاستی گشتیی نرخەکان لە ٢٪ زیاتر نەبێت. ئەم بەرزبوونەوەیە سوودێکی گەورەی هەیە بۆ ئابووریی دەوڵەتان، چونکە کاتێك نرخەکان بە ڕێژەی لە ٢٪ زیاد دەکەن، کەواتە بەرهەمهێنەر و بەکاربەریش زانیاریی تەواوەتیی هەیە کە ئاستی گشتیی نرخەکان ساڵانە بە ڕێژەی ٢٪ زیاد دەکەن(١). کەواتە ئەم ڕێژەیە وا دەکات کە هەمیشە کڕیارەکان خواستیان بۆ شمەک و خزمەتگوزاری لە زیادبووندا بێت.  ئەمەش وا دەکات کە بەردەوام بەرهەمهێنان زیاد بکات و ڕێژەی سەرجەمی بەرهەمی ناوخۆیی لە زیادبووندا بێت. هەر بەرزبوونەوەیەکیش لە بەرهەمی ناوخۆیی، بە گەشەی ئابووری هەژمار دەکرێت. لە هەمان کاتدا، زیادبوونیش لە سەرجەمی بەرهەمی ناوخۆیی دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی بێکاری، دواجار دراوێکی بەهێز بۆ وڵات دروست دەبێت. لە لایەکی ترەوە زیادبوونی نرخ بەو ڕێژە دیاریکراوە، دروستکردنی هەلی کار و بەردەوامی لە گەشەی ئابووری، دەبێتە هۆی فراژووبوونێکی بەردەوام لە ئابووریدا. کەواتە ئەم جۆرە لە هەڵاوسانی نرخەکان، فاکتەرێکی باش دەبێت بۆ بارودۆخی ئابووریی وڵات(٢).

  1. هەڵئاوسانی کپکراو (suppressed inflation)

جۆرێکی تر لە هەڵئاوسانی نرخەکان هەیە کە بە نادیاری دەمێنێتەوە، چونکە دەوڵەت لە ڕێگەی پاڵپشتیکردنی نرخەوە توانیویەتی ئاستی گشتیی نرخەکان بە نزمی بهێڵێتەوە. لە ڕاستیدا ئەم جۆرە هەڵئاوسانە بە کپکراوی دەمێنێتەوە، تا ئەو کاتەی دەوڵەت دەستبەرداری پاڵپشتیکردنی نرخەکان دەبێت. نموونەی ئەم جۆرە هەڵئاوسانە لە عێراقدا بوونی هەبووە. بۆ نموونە: لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا ئاستی گشتیی نرخەکان بە شێوەیەکی گشتی لە ئاستێکی گونجاوی ئابووریدا بووە، سەرەڕای ئەوەی کە گۆڕانکاریی گەورەی ئابووری لەدوای ساڵی ١٩٨٢ لە جیهاندا ڕووی دابوو، هەروەها حکومەتی ئەوسای عێراق لە شەڕێکی سەختدا بوو لەگەڵ ئێراندا. بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت، لە کۆی گشتیی داتاکانی ئەو سەردەمە، ڕێژەی هەڵئاوسان نەگەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیداری ئابووری، بەتایبەت بۆ نرخی خۆراک و وزە. دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٩٠ گەمارۆی ئابووری خرایە سەر عێراق، نرخەکان بەخێرایی بەرز بوونەوە. هەر چەندە هۆکاری بەرزبوونەوەکە پەیوەست بوو بە گەمارۆکەوە، بەڵام بەشێکی ئەو نرخ بەرزبوونەوەیەش پەیوەست بوو بەو کپکردنەی نرخەکان لە ساڵانی هەشتاکاندا، کە ئەو نرخانە، ڕاستەقینە نەبوو، بەڵکوو دەوڵەت پاڵپشتیی دەکرد و لە ڕاستیدا نرخی ڕاستەقینەی شتومەکەکان لە ساڵانی هەشتا زیاتر بوو. کپکردنی نرخ زیاتر لەلایەن وڵاتانی تازەپێگەیشتووەوە پەیڕەو دەکرێت، هەر چەندە لە سەردەمی ئێستاماندا ئەو جۆرە سیاسەتە ئابوورییە لە زۆربەی دەوڵەتانی تازەپێگەیشتوودا پەیڕەو ناکرێت، چونکە لە سۆنگەی ئابوورییەوە بە سیاسەتێکی هەڵە ناوزەد دەکرێت. دەوڵەتان لە ماوەیەکی کەمدا دەتوانن کۆنترۆڵی نرخ بکەن، دواجار دەبێت دەستبەرداری ببن.

  1. هەڵئاوسانی لەڕادەبەدەر ( (Hyper Inflation

ئەم جۆرە لە هەڵئاوسان، بە مەترسیدارترین جۆری هەڵئاوسان هەژمار دەکرێت، دەبێتە هۆی هەرەسهێنانی سیستمی نەختینەیی لە وڵاتدا. هەر چەندە ئەم جۆرە هەڵئاوسانە نموونەی زۆرە، بەڵام لە سەردەمی ئێستاماندا ئەو دەوڵەتانەی کە تووشی ئەم جۆرە هەڵئاوسانە بوون، لەوانە: ئێران، تورکیا، فەنزوێلا، لوبنان؛ لە دیارترین ئەو دەوڵەتانەن کە لەم ساڵانەی دواییدا تووشی ئەم جۆرە لە هەڵئاوسانی ئاستی گشتیی نرخەکان بوونەتەوە.

هۆكارەكانی سەرهەڵدانی هەڵئاوسان

 

هەر چەندە لەنێوان ئەم جۆرانەی هەڵئاوساندا چەندین جۆری تری هەڵئاوسان هەیە، بەڵام لێرەدا باشتر وایە کە فۆکەس بخرێتە سەر هۆکارەکانی هەڵئاوسان کە لە زانستی ئابووریدا باس کراوە. سەرەڕای ئەوەی کە هەڵئاوسان هۆکارگەلێکی زۆری هەیە، بەڵام لەم توێژینەوەیەدا دابەشی دەکەین بۆ سێ هۆکاری سەرەکی.

یەكەم: لەچاپدانی دراوی نوێ (دەرکردنی دراوی لەڕادەبەدەر)

  یەکێک لەو هۆکارە سەرەکییانەی کە دەبێتە هۆی هەڵئاوسان لە ئاستی گشتیی نرخەکان، لەچاپدانی دراوە لەسەروو توانای ئابووری (واتە دەرکردنی دراو زیاتر لەو ئاستەی کە پێویستە بۆ ئابوورییەکی دیاریکراو). لێرەدا پرسیارێك پێویستە بکرێت، ئەویش ئەوەیە: دەوڵەتان بۆچی پارەی زیاد لە پێویست چاپ دەکەن؟ لە ڕێگەی ئەم پرسیارەوە، دەتوانرێت شیکاریی تەواو بۆ هۆکار و دەرئەنجامەکانی چاپکردنی دراوی نوێ زیاد لە پێویست بکرێتChaudhary & Li, 2018) ).

دەتوانرێت بوترێت کە هۆکاری سەرەکیی زیادکردنی دراوی نەختینەیی زیاد لە پێویست پەیوەستە بە کورتهێنانی بودجەی دەوڵەتەوە. کاتێک کە دەوڵەتەکان تووشی کورتهێنان دەبن لە بودجەی گشتی و هیچ ڕێگایەکی تریان بۆ نادۆزرێتەوە تا کورتهێنانەکەی پێ پڕ بکەنەوە، بەناچاری پەنا دەبەنە بەر لەچاپدانی دراو. پێش ئەوەی بچینە ناو ناوەرۆکی لەچاپدانی دراو، پێویستە ئەوە بوترێت کە کێشەی پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە دەکرێت لە ڕێی قەرزی دەرەکی یاخود ناوخۆییەوە چارەسەر بکرێت، یان کەمکردنەوەی خەرجییەکانی دەوڵەت، یاخود زیادکردنی باج کە دەبێتە هۆی زیادکردنی داهات، یان بەکارهێنانی هەرسێ ڕێگاکە بە مەبەستی کەمکردنەوەی کوردتهێنانی بوجە، یاخود نەهێشتنی ئەو کورتهێنانە بەتەواوەتی. بەڵام دەوڵەتان بۆ کەمکردنەوەی کورتهێنانی بودجە، پەنا نابەنە بەر کەمکردنەوەی خەرجییە گشتییەکان، یاخود زیادکردنی باج، چونکە لە ڕووی سیاسییەوە بە گونجاوی نازانن. لەبەر ئەوە کاتێک کە کێشە ئابوورییەکان دەگەنە لوتکە، دەست دەکەن بە چاپکردنی دراوی نوێ، کە بارودۆخی ئابووری تووشی تەنگژەی ئابووری دەبێت. زیادکردنی خستنەڕووی دراو، دەبێتە هۆی ناهاوسەنگی لەنێوان بڕی خراوەڕووی دراوی نیشتمانی و بڕی ئەو شتومەکانەی کە لە بازاڕدا هەیە. لە لایەکی ترەوە زیادکردنی بڕی خراوەڕووی دراوی نیشتمانی بەرانبەر دراوی بیانی، دەبێتە هۆی شکانی بەهای دراوی نیشتمانی بەرانبەر بە دراوە قورسە جیهانییەکان، وەکوو دۆلاری ئەمەریکی و یۆرۆی ئەورووپی و پاوەنی بەریتانی… هتد.

دووەم: زیادبوونی خواست

زیادبوونی خواست لەسەر شمەک و خزمەتگوزاری، یەکێکە لەو هۆکارانەی کە دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئاستی گشتیی نرخەکان بەرز بێتەوە. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا بۆ خواست بەرز دەبیتەوە؟ لە زانستی ئابووریدا ئاماژە بە چەند هۆکارێك دراوە، لەوانە: زیادبوونی داهاتی تاکەکەس، زیادبوونی گەشەی ئابووری، فراوانکردنی خەرجییەکانی دەوڵەت، زیادبوونی کرێ و مووچە… هتد. زیادبوونی داهاتی ڕاستەقینەی تاکەکەس دەبێتە هۆی زیادبوونی خواست لەسەر شمەک و خزمەتگوزاری. لێرەدا ناهاوسەنگی لەنێوان خواست و خستنەڕوودا ڕوو دەدات، بە لایەنی کەمەوە ئەم ناهاوسەنگییە بۆ ماوەی کورت ڕوو دەدات.

سێیەم: هەڵئاوسان لە ئەنجامی زیادبوونی تێچووەوە

ئەم هەڵئاوسانە لە ئەنجامی زیادبوونی تێچووی بەرهەمهێنانەوە ڕوو دەدات، بۆ نموونە: زیادبوونی نرخی وزە یەکێکە لەو هۆکارانەی کە دەبێتە هۆی زیادبوونی تێچووی بەرهەمهێنان، چونکە وزە یەکێکە لەو هۆکارانەی بەرهەمهێنان کە بەشدارییەکی کارای هەیە لە پڕۆسەی بەرهەمهێناندا. هەر زیادبوونێک لە نرخی وزەدا، دەبێتە هۆی ئەوەی کە تێچووی بەرهەمهێنان زیاد بکات. یان زیادبوونی نرخی ماددە خاوەکان کە لە پڕۆسەی بەرهەمهێناندا بەشدارییەکی کارایان هەیە، وەك زیادبوونی نرخی ئاسن کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە دروستکردنی ئۆتۆمبێلدا بەکار دەهێنرێت. هەر زیادبوونێک لە نرخی ئاسن، دەبێتە هۆی زیادبوونی تێچووی ئۆتۆمبێل. لە لایەکی ترەوە تەنها زیادبوونی نرخی وزە و ماددە خاوەکان نابنە هۆی زیادبوونی ئاستی گشتیی نرخەکان، بەڵکوو زیادکردنی نرخی سوودی بانکی و هەروەها زیادکردنی کرێ و مووچەش دەبنە هۆی زیادبوونی نرخەکان. هەندێك جار زیادبوونی تێچووی بەرهەمهێنان پەیوەست نییە بە بارودۆخی ناوخی وڵاتەوە، بەڵکوو لە دەوڵەتێکی ترەوە ئەم جۆرە هەڵئاوسانە دەگوازرێتەوە بۆ وڵاتانی تر. بۆ نموونە؛ زیادبوونی ئاستی گشتیی نرخەکان لە وڵاتانی پیشەسازیی وەك وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و دەوڵەتانی ئەورووپا، دەبێتە هۆی گواستنەوەی ئەو هەڵئاوسانە بۆ دەوڵەتانی تر، چونکە هاوردەکردنی شتومەك لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ئەورووپاوە، ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی گواستنەوەی ئەو هەڵئاوسانە بۆ وڵاتانی هاوردەکار.

‌لە بەشەکانی سەرەوە باسی هۆکارەکانی هەڵئاوسانمان کرد کە لە تیۆری ئابووریدا شیکاریی بۆ کراوە. لە هەنگاوی داهاتووماندا، شیکاری بۆ هۆکار و دەرئەنجامەکانی هەڵئاوسان دەکەین لە هەرێمی کوردستان و عێراق. باسکردنی هەڵئاوسان لە عێراق شانبەشانی هەرێمی کوردستان زۆر پێویستە، چونکە کایە ئابوورییەکانی حکومەتی عێراق پەیوەندییەکی زۆر گەورەی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، هەم لە ڕووی سیاساتی نەختینەیی کە هەرێمی کوردستان لەژێر ڕکێفی سیاساتی نەختینەیی عێراقدایە و هەم هەرێمی کوردستان بەشێکی ئابووریی عێراق پێک دەهێنێت. هەروەها شیکارییەکی تەواوەتی و زانستییانە دەکرێت بۆ داهاتووی ئاستی گشتیی نرخەکان لە هەرێمی کوردستاندا، بە لایەنی کەمەوە تا ساڵی ٢٠٢٥ ئاستی گشتیی نرخەکان چیی لێ دێت.

سەرەتایەك دەربارەی هەڵئاوسانی نرخەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق   

لە پێنج دەیەی ڕابردوودا ئابووریی عێراق بە چەندین قۆناغی بەرز و نزمی ئابووریدا تێپەڕ بووە. لەدوای ساڵی (١٩٧٢-١٩٧٣)، عێراق داهاتێکی یەکجار گەورەی دەست کەوت، ئەوەی بە هۆی دوو هۆکاری سەرەکییەوە بوو، یەکەمیان بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاو لە ٢ دۆلارەوە لە ساڵی ١٩٧٢ بۆ ٣٧ دۆلار لە ساڵی ١٩٧٩، هۆکاری دووەم ئەوەیە کە عێراق هانگاوی نا بەرەو خۆماڵیکردنی دامەزراوە نەوتییەکان و هەموو دامەزراوە و بیرە نەوتەکانی خستە ژێر ڕکێفی کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی(٣). کەواتە عێراق هەم لە ڕووی نرخی نەوتی خاوەوە و هەم لە ڕووی بەرهەمهێنانی زیاتری نەوتەوە توانیی داهاتێکی زۆر بۆ خۆی کۆ بکاتەوە.

پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە: ئایا ئەو داهاتە زۆرەی نەوت چ پەیوەندییەکی هەیە بە ڕێژەی هەڵئاوسان لە عێراقدا (بە هەرێمی کوردستانیشەوە)؟

هەروەك لە بەشی یەکەم باسمان کرد کە زیادبوونی داهاتی تاکەکەس دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی گشتیی نرخەکان، لەسەر ئەوەی لەگەڵ زیادبوونی داهاتی ڕاستەقینە، خواست لەسەر شمەک و خزمەتگوزاری زیاد دەکات. ئەوەی جێی گرنگیپێدانە ئەوەیە کە ئاستی گشتیی نرخەکان بۆ کەرتی خانووبەرە و خزمەتگوزاری (خزمەتگوزاریی کەرتی تایبەت نەک حکومەت) بە ڕێژەیەکی گەورەتر زیاد دەکات، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە کەرتی خانووبەرە و خزمەتگوزاری قابیلیەتی ئەوەی نییە کە لە دەرەوی وڵات هاوردە بکرێت. لەبەر ئەوە کاتێك داهاتی تاکەکەس زیاد دەکات، ئەم دوو سێکتەرە بە شێوەیەکی زیاتر نرخەکانیان بەرز دەبێتەوە. ئەوەی جێی گرنگیپێدانە بانکی ناوەندی لە ساڵانی حەفتاکاندا توانیبووی نرخی گۆڕینەوەی دیناری عێراقی بەرانبەر دۆلاری ئەمەریکی جێگیر بکات تا چەند ساڵێکی زۆر کە کاریگەریی گەورەی هەبوو لەسەر سەقامگیریی کۆی گشتیی ئابووری بە شێوەیەکی گشتی(٤).

لە لایەکی ترەوە عێراق لە ساڵانی هەشتاکاندا بە هۆی ناسەقامگیریی سیاسی و سەربازییەوە و دابەزینی گەورەی نرخی نەوتی خاو لە ساڵانی (١٩٨٢-١٩٨٦)، ڕێژەی هەڵئاوسان لە عێراقدا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەوە، هۆکارە سەرەکییەکەشی ئەوە بوو کەمبوونەوەی دراوی قورس و داڕمانی ژێرخانی ئابووری و زیادکردنی خستنەڕووی دراوی نیشتمانی کە ناهاوسەنگیی لەنێوان بڕی خراوەڕووی شمەک و خزمەتگوزاری و دراوی نیشتمانی دروست کرد. سەرئەنجام ئاستی گشتیی نرخەکان بەرزبوونەوەیەکی مەترسیداری تۆمار کرد.

ڕێژەی هەڵئاوسان لە ساڵانی نەوەدەکاندا خراپتر بوو بەراورد بە دوو دەیەی پێشتر، چونکە گەمارۆیەکی توند خرایە سەر حکومەتی ئەو کاتەی عێراق لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە. قەدەغەکردنی هەناردەکردنی نەوتی خاو بۆ دەرەوەی وڵات، یەکێك بوو لەو گەمارۆ قورسانەی کە لەسەر عێراق بوو. هەروەک زانراوە کە ئابووریی عێراق بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە داهاتی هەناردەکردنی نەوتی خاو دەبەستێت بۆ دەستکەوتنی دراوە بەهێزەکانی وەکوو دۆلاری ئەمەریکی. لەبەر ئەوە ئەم گەمارۆ ئابوورییە دوو دەرهاویشتەی تری لێ کەوتەوە: یەکەمیان، عێراق تووشی کورتهێنانێکی زۆر توند بوو لە بودجەکەیدا، کە ناچار بوو بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانەکەی دراوی نوێ چاپ بکات (زۆربەت وڵاتانی تازەپێگەیشتوو کە تووشی کورتهێنانی بودجە دەبن، دراوی نوێی نیشتمانی چاپ دەکەن لە پێناو پڕکردنەوەی کورتهێنانەکە). دووەمیان، لەگەڵ زیادکردنی خستنەڕووی دراوی نیشتمانی (دیناری عێراقی)، دیناری عێراقی بەهاکەی لەبەرانبەر دراوە جیهانییەکان لەدەست دا بە ڕێژەیەکی زۆر گەورە، ئەمەش بووە هۆی زیادبوونی ڕێژەی هەڵئاوسان بە ڕێژەیەکی مەترسیدار کە لە زانستی ئابووریدا بە هەڵئاوسانی لەڕادەبەدەر ناسراوە(٥).

لەدوای بەرنامەی نەوت بەرانبەر خۆراك کە لە ساڵی (١٩٩٧)ەوە بەکرداری دەست بەو پڕۆسەیە کرا، ئاستی هەڵئاوسان بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزی، چونکە ئەو پڕۆگرامە بوو بە هۆی ئەوەی کە بانکی ناوەندیی عێراق بتوانێت مانگانە بڕێك لە دراوی قورس بەدەست بێنێت، ئەمەش وای لە دراوی نیشتمانی کرد کە پاڵپشتییەکی گەورەی بۆ دروست ببێت و بەهاکەی تا ڕادەیەک بەرزبوونەوە بەخۆیەوە ببینێت. دواجار بەرزبوونەوەی بەهای دراوی نیشتمانی بوو بە هۆی دابەزینی نرخی ئەو شتومەکانەی کە هاوردە دەکران لە دەرەوەی وڵات.

لەدوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو، لە ساڵی ٢٠٠٣، لە هەمان کاتدا هەڵگرتنی تەواوەتیی گەمارۆ، وای لە حکومەتی نوێی عێراق کرد کە دەستکراوە بێت بۆ هەناردەکردنی بڕێکی زۆرتری نەوتی خاو بۆ دەرەوەی وڵات، ئەمەش بوو بە هۆی زیادبوونێکی بەرچاو لە دراوی قورس لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە. دواجار توانرا تا ساڵی ٢٠١٩ کۆنترۆڵی هەڵئاوسان بکرێت، دوای ئەوەی لە سەرەتای ساڵی هەشتاکانەوە هەتا ٢٠٠٣، عێراق کێشەیەکی گەورەی لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی گشتیی نرخەکاندا هەبوو.

پەتای كۆرۆنا و کێشەی بەرزیی ڕێژەی هەڵئاوسان  (لەدوای ساڵی ٢٠٢٠)

پێش ئەوەی باسی هۆکاری بەرزبوونەوەی ئاستی گشتیی نرخەکان بکەین لە هەرێمی کوردستان لەدوای سەردەمی کۆرۆنا، پێویستە باس لە ڕێژەی هەڵئاوسانی ئاستی گشتیی نرخەکان بکەین لە وڵاتانی گەشەسەندوو (وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، وڵاتانی ئەورووپا و کەنەدا و ژاپۆن و ئوسترالیا و چین و کۆریای باشوور و هەندێك لە وڵاتانی تر).

لە پێناو پاراستنی ئابووری و بەردەوامیدان بە چالاکییە ئابوورییەکان، لە ماوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و داخستنی ئابووری لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠،  وڵاتانی پیشەسازی و زۆرێك لە وڵاتانی تریش، سیاسەتە ئابوورییەکانیان بەکار هێنا (سیاسەتی دارایی و سیاسەتی نەختینەیی). بۆ نموونە: یەدەکی فیدراڵیی ئەمەریکا لە ڕێگەی سیاسەتی نەختینەییەوە هەوڵی دا کە هانی چالاکییە ئابوورییەکان بدات، ئەویش بە کەمکردنەوەی نرخی سوودی بانکی بە (٠.٢٥٪). کەمکردنەوەی نرخی سوودی بانکی، هانی پڕۆژە و کارگەکانی ئەمەریکای دا کە بەردەوام بن لە کارکردن، چونکە نرخی سوودی بانکی بۆ وەبەرهێن دەبێت بە تێچوو بۆ پڕۆژەکانی، کاتێک پەنا دەباتە بەر بانکەکان بۆ وەرگرتنی قەرز. لەم ڕێگەیەوە تا ڕادەیەك چالاکییە ئابوورییەکان هەر بەردەوامیی هەبوو، سەرەڕای ئەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆرێك لە چالاکییە ئابوورییەکانی پەك خستبوو. لە لایەکی ترەوە حکومەتی ئەمەریکا چەندین هاندانی بۆ ئابووری ئەنجام دا (لێرەدا مانای هاندان بریتییە لە پێدانی بڕێک پارە بۆ کەسانی بێکار کە ئەوکات ژمارەیان زۆر بوو، هەروەها پێدانی بڕێك پارە وەك یارمەتی بۆ کارگەکان و پڕۆژەکان لە پێناو بەردەوامبوونیان لە کارکردن). ئەم دوو هۆکارە لە ئەمەریکا و لە زۆربەی وڵاتانی تر پەیڕەو کرا لە پێناو بەردەوامبوونی چالاکییە ئابوورییەکان، بە نموونە: یەکێتیی ئەورووپا، بەریتانیا، کەنەدا، ئوسترالیا، ژاپۆن و چەندین دەوڵەتی(6).

لە لایەکی ترەوە لە ماوەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە جیهاندا، زۆربەی دەوڵەتان ڕێژەی بەرهەمی ناوخۆییان کەم بووەوە و تەنانەت هەندێک دەوڵەت ڕێژەی گەشەی ئابووریی نێگەتیڤ بوو. کەواتە لێرەدا ئاماژە بوو دوو هۆکار دەکەین کە بووە هۆی ئەوەی کە دراوێکی زۆر خراوەتە بازاڕەوە لەلایەن بانکە مەرکەزییەکان لە ڕێگەی نزمکردنەوەی نرخی سوودی بانکی و زیادکردنی خەرجییەکانی دەوڵەت (بە هاندانی ئابووری ناو نراوە). دوای کەمبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ساڵی ٢٠٢١دا، خواستێکی زۆر دروست بوو بۆ کڕینی شمەک و خزمەتگوزاری لەلایەن تاکەکانی کۆمەڵگاوە، لە لایەکی ترەوە نزمیی سوودی بانکی بەردەوام بوو لە ساڵی ٢٠٢١دا، ئەمەش وای لە وەبەرهێنەران کرد کە قەرزێکی زۆر بکەن لە بانکەکان بۆ مەبەستی وەبەرهێنان، چونکە هەم خواست لەسەر شمەک و خزمەتگوزاری زۆر بوو، هەم تێچووی قەرزکردن کەم بوو، چونکە ڕێژەی سوودی بانکی زۆر کەم بوو، ئەمەش وای کرد کە ئاستی گشتیی نرخەکان بەرزبوونەوە بەخۆیەوە ببینێت.

لە لایەکی ترەوە ئەوەی زیاتر ئاستی گشتیی نرخەکانی بەرز کردەوە، ناجێگیرییە سیاسی و سەربازییەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا بوو. لە کۆتایی مانگی دووی 2022، ڕووسیا هێرشی بەرفراوانی کردە سەر ئۆکرانیا بۆ داگیرکردنی، لەبەرانبەر ئەوەدا وڵاتانی پیشەسازی و هاوپەیمانەکانیان گەمارۆی ئابوورییان خستە سەر ڕووسیا، بەتایبەت لە کەرتی وزەدا، ئەمەش وای کرد کە نرخی نەوتی خاوی جیهانی و گازی سروشتی (غازی سروشتی) بەرزبوونەوەی گەورە تۆمار بکات. هەروەک دەزانرێت کە سەرچاوەکانی وزە یەکێکە لە هۆکارەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە، کەواتە هەر بەرزبوونەوەیەک لە سەرچاوەکانی وزە، دەبێتە هۆی ئەوەی کە نرخی شتومەک و خزمەتگوزاری بەرز بێتەوە. کەواتە هۆکاری نائارامیی سیاسی و سەربازی، هۆکارێکی تری بەرزبوونەوەی ئاست گشتیی نرخەکان بوو لە جیهاندا. بەڵام لێرەدا پرسیارێك هەیە، ئەویش ئەوەیە کە: ئایا بەرزبوونەوەی ئاستی گشتیی نرخەکان لە وڵاتانی پیشەسازی (گەشەکردوو)، چ پەیوەندییەکی بە ئاستی گشتیی نرخەکانەوە هەیە لە هەرێمی کوردستان؟

لە کۆتا بەشی ئەم توێژینەوەیەدا، شیکاری بۆ هۆکار و دەرئەنجامەکانی بەرزبوونەوەی ئاستی گشتیی نرخەکان لە هەرێمی کوردستان دەکەین، هەروەها پێشبینیی داهاتووی ڕێژەی هەڵئاوسان (بەرزبوونەوەی ئاستی گشتیی نرخەکان) چی بەسەر ردێت بۆ ساڵانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و تەنانەت ساڵانی دواتریش.

ڕێژەی هەڵئاوسان لە هەرێمی کوردستان و پێشبینی بۆ داهاتوو

هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی نیمچەسەربەخۆی هەیە و بەشێکە لە دەوڵەتی عێراق. لە ڕووی سیاسەتی نەختینەییەوە، هەرێمی کوردستان بەشێکە لە سیاسەتی نەختینەیی بانکی ناوەندیی عێراق. دراوی فەرمیی بەکارهاتوو لە  هەرێمی کوردستان دینارە کە دراوی فەرمیی عێراقە، بەڵام سیاسەتی دارایی (سیاسەتی داهاتەکان و خەرجییەکان) لە هەرێمی کوردستان تا ڕادەیەکی زۆر جیاوازیی هەیە لەگەڵ حکومەتی عێراقدا لە ڕووی خەرجییە گشتییەکان و داهاتە گشتییەکانەوە. لەم توێژینەوەیەدا باسی هۆکاری ئەو جیاوازییە ناکەین لە سیاسەتی دارایی، بەڵکوو باسکردنی ئەو جیاوازییە لەبەر ئەوەیە کە خەرجییە گشتییەکان و داهاتە گشتییەکان کاریگەریی گەورەیان هەیە لەسەر ڕێژەی هەڵئاوسان. لێرەدا شیکاری بۆ هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی ئاستی گشتیی نرخەکان دەكەین. لەم بەشەدا شیکاری بۆ هۆکارە ناوخۆییەکان و هۆکارە دەرەکییەکانی بەرزبوونەوەی ئاستی گشتیی نرخەکان دەکەین لە هەرێمی کوردستان.

  1. هۆکارە دەرەکییەکان

هەروەك ئاشکرایە کە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە هاوردەکردنی کاڵا جۆراوجۆرەکان دەبەستێت. بە واتایەکی تر: ڕێژەی بەشداریکردنی هەردوو کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵ بۆ کۆی گشتیی بەرهەمی ناوخۆی، لە ئاستێکی زۆر نزمدایە. کەواتە هەرێمی کوردستان (ناوەڕاست و باشووری عێراقیش هەمان شێوەیە)، بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە وڵاتانی جیهان دەبەستێت بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆی. لەبەر ئەوە هەر بەرزبوونەوەیەك لە نرخی شمەك و خزمەتگوزاری ڕوو بدات لە وڵاتانی دەرەوە، ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی گشتیی نرخەکان لە هەرێمی کوردستان. ئەم بابەتە لە تیۆری ئابووریدا پێی دەوترێت بەرزبوونەوەی ئاستی گشتیی نرخەکان، لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی نرخی شتومەك و خزمەتگوزاری لە دەرەوەی ئابووریی هەرێمی کوردستان.

ئەم هێڵكارییەی خوارەوە (ژمارە 1)، ڕێژەی هەڵئاوسانمان پیشان دەدات لە عێراقدا.

هێڵكاریی ژمارە 1: ئاستی گشتیی نرخەکان لە عێراق پیشان دەدات (٢٠٢٠-٢٠٢٢)

سەرچاوە: بانکی ناوەندیی عێراق/بەشی ئامار و توێژینەوە (٢٠٢٢)

  1. هۆکارە ناوخۆییەکان

لە هەرە هۆکارە سەرەکییە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان کە بووە هۆی ئەوەی کە ئاستی گشتیی نرخەکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرز ببێتەوە، پەیوەست بوو بە بەرزکردنەوە، ئەوە بوو کە بانکی ناوەندیی عێراق لە مانگی ١٢ی ٢٠٢٠ بڕیاری دابەزاندنی بەهای دراوی عێراقی بەرانبەر دراوی ئەمەریکی دا. یەك دۆلاری ئەمەریکیی لە ١١١٦ دینارەوە کرد بە ١٤٤٦ دینار، واتە بە ڕێژەی نزیکەی ٢٠٪ دیناری عێراقی بەهاکەی لەدەست دا(٧). لەم کاتەدا کاتێك هاوردەی شمەك دەکرێت لە دەرەوەی وڵات، ئەگەر نرخ لە دەرەوەی وڵات جێگیریش بێت، بەڵام ئاستی نرخەکان بە دیناری عێراقی بەرزبوونەوە بەخۆیەوە دەبینێت، چونکە بەهای دیناری عێراقی بە ڕێژەی ٢٠٪ بەهاکەی لەدەست داوە بەرانبەر دۆلاری ئەمەریکی. کەواتە ئاستی گشتیی نرخەکان (بە لایەنی کەمەوە بۆ شتومەکەکانی کە لە دەرەوەی وڵات هاوردە دەکرێن بەرز دەبێتەوە)، بەرز دەبێتەوە.

پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە: ئایا بۆ بانکی ناوەندیی عێراق بڕیاری دا بە دابەزاندنی بەهای دیناری عێراقی بەرانبەر دۆلاری ئەمەریکی؟ لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەتایبەت لە مانگی ٢ی ٢٠٢٠، کە زۆربەی وڵاتانی پیشەسازی ئابوورییان داخست بە ماوەیەکی کاتی، ئەمەش وای کرد کە نرخی نەوتی خاو دابەزینێکی گەورە تۆمار بكات بۆ ماوەیەکی دیاریکراو. نرخی نەوتی خاوی برنت گەیشتە نزمترین ئاستی، دوای زیاتر لە ٢٠ ساڵ (١٥ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك). ئەم دابەزینە لە مانگەکانی ٣ و ٤-ی ٢٠٢٠-دا ڕووی دا. هەروەک زانراوە کە عێراق بە شێوەیەکی سەرەکی پشت دەبەستێت بە داهاتی نەوت، هەر دابەزینێک لە نرخی نەوتی خاوی جیهانی دەبێتە هۆی کورتهێنانی بودجه. زانستی ئابووری چەند ڕێگایەك پێشنیار دەکات بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجەی وڵات، لەوانە: کەمکردنەوەی خەرجییەکانی دەوڵەت، زیادکردنی باج و ڕسومات، قەرزکردن لە دامەزراوە داراییەکانی جیهان، قەرزی ناوخۆیی، زۆرێك لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوو پەنا بۆ زیادکردنی خستنەڕووی دراوی بیانی دەبەن. لە ماوەکانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٩، حکومەتی عێراق زۆربەی ئەم ڕێگایانەی گرتبووە بەر بۆ ڕێگریکردن لە کورتهێنان، چونکە لەدوای ساڵی ٢٠١٤-ەوە نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهان دابەزینی گەورەی تۆمار کردبوو. هەر چەندە لە ساڵانی ٢٠١٨ و ٢٠١٩، تا ڕادەیەك نرخەکەی بەرز بووەوە. لەبەر ئەوە لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی گەورەی یەدەگی دراوی بیانی لە بانکی ناوەندیی عێراق، مەترسیی گەورە لەسەر ئابووریی عێراق دروست بوو. بۆ ئەوەی ئابووریی عێراق تووشی داڕمانی گەورە نەبێت، بانکی ناوەندیی عێراق بە ڕاوێژکردن لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووریی عێراق و سندووقی دراوی نێودەوڵەتی، لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠دا بڕیار درا بە داشکاندنی بەهای دیناری عێراقی بەرانبەر دۆلاری ئەمەریکی بە ڕێژەی نزیکەی ٢٠٪. ئەم گۆڕانکارییە بووە هۆی خاڵی دوورکەوتنەوەی ئابووریی عێراق لە قەیرانی دارایی(8).

لەم بەشەی سەرەوەدا ئاماژە بەوە درا کە یەکێك لەو هۆکارانەی بووە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی گشتیی نرخەکان، ئەوە بوو کە بەهای دراوی عێراقی بە ڕێژەی ٢٠٪ بەهاکەی لەدەست دا بەرانبەر دۆلاری ئەمەریکی.

پێنجەم: دەرئەنجام و پێشبینیی هەڵئاوسان بۆ ساڵانی داهاتوو

پێش ئەوەی بڕۆینە ناو وردەکاری و داهاتووی بەرزی ئاستی گشتیی نرخەکان کە لەدوای قۆناغی کۆرۆناوە سەری هەڵداوە، وا باشترە کە شیکارییەکی زانستییانە بۆ هۆکارەکانی بەرزی ئاستی گشتیی نرخەکان بکەین کە لە بەشەکانی سەرەوەدا باسمان کرد. لەم توێژینەوەیەدا ئەوەمان بۆ ڕوون بووەوە کە دوو هۆکاری سەرەکی هەبوون بۆ زیادبوونی ئاستی گشتیی نرخەکان لە هەرێمی کوردستان، ئەوانیش هۆکاری ناوخۆیی و هۆکاری دەرەکی. بێگومان هۆکارە ناوخۆییەکەش هەر بە هۆی هۆکارە دەرەکییەکەوە بووە کە بریتییە لە لەدەستدانی بەهای دیناری عێراقی. ئاشکرایە کە لەدەستدانی بەهای دیناری عێراقی بە هۆی هۆکارە دەرەکییەکانەوە بوو کە بریتی بوو لە دابەزینی بەهای نەوتی خاو لە بازاڕە جیهانییەکان. ئەم دابەزینە نزیکەی ٦ ساڵی خایاند (٢٠١٤-٢٠٢٠)، پاشان ساڵی ٢٠٢٠، دیسانەوە نرخی نەوتی خاو بۆ دووەم جار تووشی داڕمانی گەورە بوو، کە ئەم هۆکارەش دواجار هۆکاری دەرەکییە و کاریگەریی لەسەر دابەزینی بەهای دیناری عێراقی هەبووە و دواجار بووە هۆی ئەوەی کە بەشێک لە بەرزبوونەوەی ئاستی گشتیی نرخەکان بکەوێتە ئەستۆی لەدەستدانی بەهای دیناری عێراقی.

کەواتە گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە هۆکارە دەرەکییەکان کاریگەریی گەورەی لەسەر بەرزبوونەوەی ئاستی گشتیی نرخەکان هەیە لە هەرێمی کوردستاندا. لێرەدا پێویستە فۆکەس بخەینە سەر ئەوەی کە داهاتووی بەرزی ئاستی گشتیی نرخەکان بۆ چەند ساڵی داهاتوو چۆن دەبێت.

مادام ڕێژەیەکی بەرچاوی هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی ئاستی گشتیی نرخەکان پەیوەستە بە هۆکارە دەرەکییەکان، کەواتە دەبێت شیکاری بۆ هۆکارە دەرەکییەکان بکرێت.

لە بەشەکانی سەرەوەدا شیکاری بۆ هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی ئاستی گشتیی نرخەکان کرا، لێرەدا پێویستە باس لە هەوڵەکانی وڵاتانی ئابووری گەشەسەندوو بکرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بەرزبوونەوەی ئاستی گشتیی نرخەکان. ئەم ڕووبەڕووبونەوەیەش بەزۆری لە ڕێگەی بەکارهێنانی سیاسەتی نەختینەییەوە دەکرێت کە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەستی پێ کردووە، کە یەدەگی فیدراڵی بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی سوودی بانکی دا لەناوەڕاستی مانگی سێی ٢٠٢٢دا. هەروەها هەریەك لە بانکە ناوەندییەکانی بەریتانیا و ئەورووپا (ناوچەی یۆرۆ)  و کەنەدا و چەند وڵاتێکی تر کە لە ڕوانگەی تیۆری ئابوورییەوە لە داهاتوودا کاریگەریی دەبێت لەسەر هێواشکردنەوەی بەرزبوونەوەی ئاستی گشتیی نرخەکان لەسەر ئاستی جیهان. سەرەڕای ئەوەی کە ڕێژەی سوودی بانکی چەند جارێک بەرز کراوەتەوە، بەڵام داتاکانی هەڵئاوسان لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ئەورووپا و چەندین دەوڵەتی تر ئاماژەیەکی ڕوونی تێدا بەدی دەکرێت کە ڕێژەی هەڵئاوسان هەر لە بەرزبوونەوەی بەردەوامدایە، ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات کە بەکارهێنانی سیاسەتی نەختینەیی وڵاتانی پیشەسازی کاریگەریی ئەوتۆی نەبووە لەسەر دابەزینی ئاستی گشتیی نرخەکان. ئەم چارتانەی خوارەوە، بەرزبوونەوەی ئاستی گشتیی نرخەکانمان پیشان دەدات.

هێڵكاری ژمارە 2: ئاستی گشتیی نرخەکان لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پیشان دەدات (٢٠٢٠-٢٠٢٢)

  بانکی جیهانی: داتاکانی فراژووبوونی نێودەوڵاتی (٢٠٢٢)

              

 

 

هێڵكاری ژمارە 3: ئاستی گشتیی نرخەکان لە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا پیشان دەدات (٢٠٢٠-٢٠٢٢)

               بانکی جیهانی: داتاکانی فراژووبوونی نێودەوڵاتی (٢٠٢٢)

لەم چارتانەوە بۆمان دەردەکەوێت کە ڕێژەی هەڵئاوسان لەسەر ئاستی جیهان لە ڕێژەیەکی بەرزدایە، هەروەک شیکارییشمان کرد ئەم هەڵئاوسانەی کە ئێستا لەسەر ئاستی گشتیی نرخەکان ڕووی داوە، کاریگەریی زۆری دەبێت بۆ مانەوەی نرخەکان لە ئاستێکی بەرزدا لە هەرێمی کوردستان. لەبەر ئەوە بەرزیی ئاستی نرخەکان کە پێشنینی دەکرێت بە لایەنی کەمەوە تا ساڵی ٢٠٢٤ بخایەنێت، بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت کە نرخی شمەك و خزمەتگوزارییەکان دەگەڕێتەوە بۆ پێش ساڵی ٢٠٢٠، بەڵکوو ئاستی گشتیی نرخەکان هەر لەم ئاستەدا دەمێنێتەوە. لەپاش ئەو شیکارییەی کە لە سەرەوە کراوە، بۆمان دەرکەوت کە ئەم بەرزبوونەوەیە لە ئاستی گشتیی نرخەکان لە هەرێمی کوردستان بە لایەنی کەمەوە تا ساڵی ٢٠٢٤ بەردەوام دەبێت. خۆ ئەگەر هاتوو داکشانەوەی ئابووری لە وڵاتانی پێسەسازیدا ڕوو بدات، ئەوا کێشەی هەرێمی کوردستان تەنها بەرزیی ئاستی گشتیی نرخەکان نابێت، بەڵکوو کزبوونی چالاکیی ئابوورییشی لێ دەکەوێتەوە و ڕێژەی داهاتی حکومەتیش لە فرۆشتنی نەوتی خاو کەم دەبێتەوە و ڕێژەی بێکارییش لە ئاستێکی بەرزدا دەبێت.

بۆچی ڕێژەی بەرزی هەڵئاوسان زیانی گەورە بە ئابووریی وڵات دەگەیەنێت؟

هەروەك لە سەرەتادا باسمان کرد کە هەڵئاوسان بە مانای بەرزبوونەوەی ئاستی گشتیی نرخەکان دێت، کەواتە هەڵئاوسان هەم کاریگەریی لەسەر بەکاربردن دەبێت و لە هەمان کاتدا کاریگەریی لەسەر پاشەکەوتکردن دەبێت. بە واتایەکی تر: هەر زیادبوونێك لە ئاستی گشتیی نرخەکان، دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی توانای کڕینی بەکاربەر، کە ئەمەش زیانی زۆر دەدات لە سەرجەمی خواست لەسەر ئاستی ئابووریی هەمووەکی (Macroeconomic Level). لە لایەکی ترەوە کەمبوونەوەی داهاتی ڕاستەقینەی تاکەکەس، دەبێتە هۆی ئەوەی کە ڕێژەی پاشەکەوتی تاکەکەس کەم بکات کە ئەمەشیان زیانی گەورە دەدات لە چالاکیی وەبەرهێنان. بەڵام ئەوەی جێی مەترسییە بۆ سەر ئابووری، ئەوەیە کە بەردەوامبوونی بەرزبوونەوەی ئاستی گشتیی نرخەکان دەبێتە هۆی ئەوەی کە وەبەرهێنەران نەتوانن متمانە بە بارودۆخی ئابوورییەکەی بکەن، ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر دراوی نیشتمانی. بۆ نموونە: ئاستی گشتیی نرخەکان لە ئابووریی ئەمەریکا بە شێوەیەکی مەترسیدار بەرز بووەتەوە، لە ئەگەری بەردەوامبوونی بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ، وا لە دەوڵەتانی جیهان دەکات کە یەدەگی نەختینەیان لە دۆلاری ئەمەریکییەوە بۆ دراوێکی تر یان کانزایەکی بەنرخ بگۆڕن، ئەمەش گورزێکی کوشندە دەبێت بۆ ئابووریی ئەمەریکا. لە لایەکی ترەوە، بەردەوامبوونی بەرزبوونەوەی ئاستی گشتیی نرخەکان کاریگەریی گەورەی لەسەر لەدەستدانی متمانە هەیە لەلایەن وەبەرهێنەرانی ڕاستەوخۆی بیانی کە ئەم جۆرە لە وەبەرهێنان بەشدارییەکی چالاك دەکات لە کۆی گشتیی بەرهەمی ناوخۆیی لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: ئەگەر بەرزبوونەوەی ئاستی گشتیی نرخەکان زیانی بۆ وڵاتانی جیهان هەیە، ئایا هیچ سوودێکی بۆ ئابووریی هەرێمی کوردستان نییە؟

حەوتەم: ئایا ئەم هەڵئاوسانە سوودی بۆ ئابووریی هەرێمی کوردستان هەیە؟

سەرەڕای ئەوەی کە ڕێژەی هەڵئاوسان لەڕادەبەدەر بوو، زیانی گەورە بە کۆی گشتیی کایەکانی ئابووری دەگەیەنێت، بەتایبەت ئەگەر جۆری هەڵئاوسانەکە هەڵئاوسانی لەڕادەبەدەر بێت، بەڵام دەکرێت بوترێت کە لە هەندێک بارودۆخی تایبەتدا هەندێک خاڵی پۆزەتیڤی هەبێت لە هەندێك سێکتەری تایبەتیدا و لە هەندێک وڵاتی دیاریکراودا. پێش ئەوەی باسی بونیادی ئابووریی کوردستان بکەین، دەبێت باسی بونیادی دابەشکاری لە خەرجییەکان و داهاتەکانی وڵاتدا بکەین. خەرجییەکانی وڵات زۆرینەی هەرە زۆری دەڕوات بۆ خەرجیی بەکاربردن و خەرجیی بەڕێوەبردنی دامودەزگاکانی وڵات. هەر چەندە ڕێژەکە لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکی تر دەگۆڕێت، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی زیاتر لە ٨٥٪ی داهاتی وڵات دەچێت بۆ مووچەی دامودەزگاکانی وڵات، بەشێکی تریشی دەچێت بۆ خەرجییەکانی بەڕێوەبردنی دامودەزگاکانی دەوڵەت. هەر چی خەرجیی وەبەرهێنانە، ڕێژەکەی زۆر کەمە، کە لە ڕاستیدا خەرجیی وەبەرهێنان پێویستییەکی گەورەیە بۆ بووژاندنەوەی ئابووری. لە لایەکی ترەوە بە شێوەیەکی گشتی خەرجیی بەکاربردن خەرجییەکی بەرهەمدار نییە و هەم لە ڕووی ماددییەوە، هەم لە ڕووی مەعنەوییەوە. لێرەدا توێژەر بۆچی باسی خەرجییە گشتییەکان و داهاتە گشتییەکانی کرد؟

لێرەدا توێژەر باس لەوە دەکات کە نرخی ئەو شتومەکانەی کە توانای هاوردە و هەناردەکردنیان نییه، وەك نرخی خانووبەرە و زەویوزار، هەروەها دەستی کاریش کرێکەی بەرز بووەتەوە لە کەرتی تایبەت بە هۆی زیادبوونی کرێی دەستی کاری حکومەت، لەبەر ئەوە ئەو شتومەکانەی کە قابیلی هاوردەکردنن، هەرزانتر دەکەون بەراورد بە هەمان بەرهەم لە ناوخۆی وڵات، لەبەر ئەوە ئەو بەرهەمانە گەشە ناکەن لە ناوخۆی وڵات، ئەوانیش کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزارن. لە کاتێکدا ئەو کەرتانەی کە قابیلی بازرگانیی دەرەکی نین (هاوردە و هەناردە ناکرێن)، وەک کەرتی زەویوزار و خانووبەرە، نرخەکانیان بەرز دەبێتەوە و هەڵئاوسان دروست دەبێت.

ئایا چی وا دەکات کە کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵ بەرز بێتەوە لەم دۆخەدا؟ یەکێک لەو هۆکارانەی کە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی، بریتییە لە بەرزبوونەوەی نرخەکانی ئەو شتومەکانە. بۆ نموونە: بەرزبوونەوەی ئاسن لە جیهاندا، بەتایبەت لە ٢ ساڵی ڕابردوودا، دەبێتە هۆی ئەوەی کە وەبەرهێنەران زیاتر ڕوو بکەنە بەرهەمهێنانی ئەو بەرهەمە، چونکە لەسەر ئاستی جیهان نرخەکەی بەرز بووەتەوە. دواجار بەرزبوونەوەی نرخ دەبێتە هۆی ئەوەی کە قازانج زیاد بکات. گومانی تێدا نییە کە زیادبوونی قازانج، هانی وەبەرهێنەران دەدات کە بەرهەمهێنانیان زیاد بکەن لە پێناو زیادبوونی قازانجەکانیان. یان بەرزبوونەوەی نرخی چیمەنتۆ لە بازاڕەکانی جیهاندا، وا لە وەبەرهێنی خۆماڵی دەکات کە بەرهەمی چیمەنتۆیان زیاد بکەن، چونکە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی گشتیی نرخەکان، قازانجەکانیش زیاد دەکەن، بەتایبەت ئەگەر لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی گشتیی نرخەکان بەرهەمیش زیاد بکەی، ئەوا قازانجەکان زیاتر دەبن بۆ وەبەرهێنەران. لەم شیکارییەدا ئەوەمان بۆ ڕوون بووەوە کە زیادبوونی ئاستی گشتیی نرخەکان لە ئابووریی جیهاندا هەندێك کاریگەریی پۆزەتیڤی دەبێت لەسەر ئابووریی هەرێمی کوردستان، تا ڕادەیەك بەرهەمی هەرێمی کوردستان توانای کێبرکێکردنی لە ئاستێکی باشتردا دەبێت بەراورد بە پێش ساڵی ٢٠٢٠.

سیناریۆكان

سیناریۆی یەکەم: ئاستی گشتیی نرخەکان بە بەرزی دەمێنێتەوە و ئابووریی گشتی هاوسەنگی وەردەگرێت بە تێپەڕبوونی کات. واتە وەکوو چۆن ئێستا خەڵکی ئاسایی لە وڵاتی خۆمان و تەنانەت لە وڵاتانی پیشەسازییش باسی نزمیی ئاستی نرخەکان دەکەن لە ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکاندا، ئاوەهاش لە ساڵانی داهاتوودا باسی ئاستی نزمیی نرخەکان لە یەکەم دەیە و دووەم دەیەی سەدەی ٢١ دەکرێت. ئەم سیناریۆیە دەبێتە نزیکترین سیناریۆ لە ڕاستییەوە.

سیناریۆی دووەم: بۆ دوورمەودا، لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیادا، دەکرێت ئاستی گشتیی نرخەکان دابەزێتەوە بۆ ئاستی پێشووتری خۆی، ئەمەش لە ڕێگەی زیادکردنی بەرهەمدارییەوە کە لە ڕووی ئابوورییەوە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بڕی تێچوو کە دواجار دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئاستی گشتیی نرخەکان. هەر چەندە ئەم سیناریۆیە لە ڕووی تیۆرییەوە گونجاوە و قابیلی ڕوودانە، بەڵام ئەزموونی ڕابردوو پێمان دەڵێت کە ئاستی گشتیی نرخەکان دانابەزێت، چونکە وڵاتان هەمیشە خستنەڕووی دراوەکانیان زیاد دەکەن، ئەمەش پێدەچێت ڕێگر بێت لە نزمبوونەوەی ئاستی گشتیی نرخەکان.

سیناریۆی سێیەم: دەکرێت ئاستی گشتیی نرخەکان بگەڕێتەوە بۆ ئاستی جارانی خۆی، چونکە بەرزبوونەوەی نرخ دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی خواست، ئەمەش وا دەکات کە بەرهەمهێنەران هەوڵ بدەن ئاستی گشتیی نرخەکان دابەزێنن بە مەبەستی زیادکردنی خواستی گشتی. هەر چەندە ئەم سینارۆیەش دەکرێت ڕوو بدات، بەڵام لە ڕابردوودا جیهان بە چەندین بارودۆخی ئاوادا ڕۆیشتووە، بەڵام وەبەرهێنەران نەیانتوانیوە ئاستی گشتیی نرخەکان دابەزێنن، چونکە دەکەوتنە زیانەوە لە ڕووی ئابوورییەوە.

پێشنیار و ڕاسپاردە

ئەم دۆخە بۆ حکومەتی هەرێم دەرفەتێکی باشە كە کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ تا بتوانرێت گەشەی پێ بدرێت، ئەوە بە هۆی ئەوەوە دەبێت کە لە سایەی بەرزیی ئاستی گشتیی نرخەکان لەسەر ئاستی جیهان، دەتوانرێت بەرهەمی ناوخۆ کێبرکێی بەرهەمەکانی دەرەوەی وڵات بکات. هەروەها، مادام ئاستی گشتیی نرخەکان بەرز بووەتەوە، کەواتە ئەو کەسانەی کە لە کاتی نزمیی ئاستی گشتیی نرخەکان لەژێر هێڵی هەژارییەوە بوون، ئێستا زیاتر کەوتوونەتە ژێر هێڵی هەژاری و پێدەچێت ژمارەشیان زیادی کردبێت. پێویستە لەسەر حکومەت کە یارمەتیی ماددییان بدات، بۆ ئەوەی بە لایەنی کەمەوە بتوانرێت ئەو چینەی کۆمەڵگا کە لەژێر هێڵی هەژارییەوەن، ئاستیان بەرز بکرێتەوە بۆ سەروو هێڵی هەژاری.

 

 

دەرئەنجام

لەم توێژینەوەیەدا لێکۆڵینەوە لە هۆکار و دەرئەنجامی بەرزبوونەوەی ئاستی گشتیی نرخەکان کراوە، دەرکەوتووە کە بەرزبوونەوەی ئاستی گشتیی نرخەکان لە هەرێمی کوردستان پەیوەستە بەو بەرزبوونەوەیەی کە ڕووی داوە لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان، بەتایبەت وڵاتانی گەشەسەندوو. کەواتە لێرەدا دەبێت ئەوە ڕوون بکرێتەوە کە ئەو هەڵئاوسانەی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، چارەسەر دەبێت لەگەڵ چارەسەربوونی کێشەی هەڵئاوسان لە وڵاتانی گەشەسەندووی وەکوو وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و یەکێتیی ئەورووپا و وڵاتە گەشەسەندووەکانی تر. هەروەها چارەسەرکردنی کێشەی ناکۆکییە سیاسی و سەربازییەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیاش، هۆکاریکی ترە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هەڵئاوسان. لەم توێژینەوەیەدا ئەوە ڕوون بووەتەوە کە ئابووریی کوردستان ڕێژەیەکی بەرزی دواکەوتەیی (تبعیة، Dependency) تێدایە کە هەرێمی کوردستان و تەنانەت دەوڵەتی عێراقیش ناتوانێت سیاسەتی نەختینەیی و دارایی بەکار بێنێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هەڵئاوسان. لە لایەکی ترەوە دەتوانرێت ئەم هەڵئاوسانە بکرێتە هەلێک بۆ پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان، چونکە لە ئێستادا هەرێمی کوردستان باشترین دەرفەتی بۆ هەڵکەوتووە تا بتوانێت ڕێژەی بەشداریکردنی کەرتەکانی کشتوکاڵ و پئیشەسازی زیاد بکات، کە ئەمە تاکە دەرفەتە بەدەست هەرێمی کوردستانەوە کە بتوانێت لەو ڕێگەیەوە پشتبەستن بە داهاتی نەوتی خاو کەم بکاتەوە.

سەرچاوەکان

  • Chaudhary, S & Li X. (2018). Analysis of the determinants of inflation in Nepal.American Journal of Economics, 8(5), 209-212.
  • Husain, A. 2022. “Projected Increase in Acute Food Insecurity due to War in Ukraine.” World Food Programme, New York.
  • Kenneth, K. (2003), Iraq: Oil-For-Food Program, International Sanctions, and Illicit Trade. Report for Congress. Washington DC, Congressional Research Service.
  • Jaffe, A. (2007) Iraq’s Oil Sector: Past, Present and Future. James A. Baker III Institute for Public Policy and the Japan Petroleum Energy Center. Rice University.
  • Alnasrawi, A. (1994) The economy of Iraq: Oil, wars, destruction of development and prospects, 1950-2010. ABC-CLIO. Digest of Middle East Studies, 4,no. 2, pages 77–90.
  • Kilian, L. and X. Zhou (2021), “Oil prices, gasoline prices and inflation expectations,” manuscript, Federal Reserve Bank of Dallas.
  • Central Bank of Iraq (2022), Statistics & Research Dep./ Financial Market Research Division, Annual Statistical Bulletin. Baghdad. The central bank of Iraq.

گۆڤاری ئایندەناسی ژمارەی چواردەیەم (14)، ئەیلول 2022

Send this to a friend