• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
May 8, 2020

کەوتنەخۆی حکومەتی ھەرێم و عێراق بۆ رزگاربوون لە قەیرانی دارایی

دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق و ھەرێمی کوردستان و دابەزینی نرخی نەوت، کە ھۆکارە سەرەکییەکەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بوو، داھاتی حکومەتەکانی عێراق و ھەرێم، بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیان کرد، تەنانەت بەشێک لە بەرپرسانی حکومەتی ھەرێم ئاماژەیان بەوە کرد، داھاتی ناوخۆ لە سفر نزیک بووەتەوە.

بۆ رزگاربوون لە گەورەتربوونی قەیرانی دارایی و دروستنەبوونی قەیرانی دیکە، ھەردوو حکومەتی بەغدا و ھەولێر چەند ھەنگاوێکیان ھەڵگرت، کە دیارترینیان کەمکردنەوەی خەرجییەکان بوو.

کەمکردنەوەی خەرجییەکان

ئەنجومەنى وەزیرانی ھەرێم لە ٥ی ئایاری ٢٠٢٠ کۆبووەوە و چەند بڕیارێکی دەرکرد، کە دیارترینیان کەمکردنەوەی خەرجییەکان بوو بەم جۆرە؛

یەکەم؛ کەمکردنەوەى مووچە و دەڕماڵەى خاوەن وەزیفە باڵاکان و پلە تایبەتەکان لە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان، حکومەتى هەرێم، سەرۆکایەتی و ئەندامانی پەرلەمان، ئەنجومەنى دادوەریی، ئەنجومەنى پارێزگا لە بوارەکانى خزمەتى شارستانى، سەربازیی، هێزەکانى ئاسایشى ناوخۆ، ئاسایشى گشتى، ئەنجومەنى ئاسایش و ئەوانەی بەو پلانە خانەنشین بوون یان خانەنشین دەبن.

دووەم؛ خەرجکردنى تەنیا مووچەى بنەڕەتى بۆ ئەو پلە تایبەتانەى کە لە بەڕێوەبەرى گشتى بەرەو سەرەوەن و سەرۆکى یەکە کارگێڕییەکان لە پارێزگار، قایمقام و بەڕێوەبەرى ناحییە کە معومن و پێویستە لەسەر وەزارەتى دارایى و ئابوورى لە ماوەى 30 رۆژ لە چوارچێوەى یاساى چاکسازیی چارەنووسى وەزیفیان یەکلایى بکاتەوە.

سێیەم؛ پێویستە وەزارەتى دارایى و ئابوورى مووچە تەنیا بۆ ئەو کەسانە خەرج بکات کە تۆمارن لە داتابەیسى تۆمارى بایۆمەترى و بە فیعلى لە خزمەتى وەزیفیدان، هەروەها بڕینى مووچەى ئەو کەسانەى کە بە فیعلى خزمەتى وەزیفى ناکەن.

چوارەم؛ کەمکردنەوەى بودجەى تەشغیلی بۆ نزمترین ئاست بە جۆرێک تەنیا بوارە سەرەکییەکانى خەرجى بگرێتەوە، وەکو بوارى دابینکردنى دەرمان، پێداویستى پزیشکى، تاقیگەیی و خواردنى نەخۆشخانە، زیندانییەکان، خانەى بەساڵاچووان، نەوجەوانان، منداڵان، شێڵتەرەکانى ژنان، پاکردنەوەى شار و شارۆچکەکان، نەخۆشخانەکان و پێداویستیەکانى ئاو، کرێى وێستگەکانى بەرهەمهێنانى کارەبا و چاکردنەوەى ڕێگاوبانەکان.

پێنجەم؛ پەیڕەوکردنى سیستمى نوێى ئۆنلاین بۆ خەرجکردنى بودجەى تەشغیلی، لە پێناوى برەودان بە شەفافیەت و کەمکردنەوەى رۆتین.

شەشەم؛ ڕاگرتنى خەرجییەکانى بودجەى وەبەرهێنان (پڕۆژەى وەزارەتەکان و پەرەپێدانى پارێزگاکان).

حەوتەم؛ پێداچوونەوە بە نەسریە و پێشینەى وەزارەت و سەرجەم دامەزراوەکانى هەرێم لەلایەن ئەنجومەنى وەزیران و وەزارەتى دارایى و ئابوورى بە ئاراستەى کەمکردنەوەى بۆ نزمترین ئاست.

ھەشتەم؛ راگرتنى خەرجکردنى راستەوخۆى وەزارەتەکان لەسەر بەشە داهاتى خۆیان.

نۆیەم؛ پێداچوونەوە بە خەرجییەکانى خزمەتگوزاریی بوارى نەوت و گاز.

زیادکردنی داھات

یەکێکی دیکە لە ھەنگاوەکانی حکومەتی ھەرێم بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی و کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییە داراییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بریتی بوو لە زیادرکردنی داھات.

لە ھەمان کۆبوونەوەی ٥ی ئایاردا ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم چەند بڕیارێکی لەبارەی زیادکردنی داھاتەوە دەرکرد کە گرنگترینیان بریتی بوون لە: هەڵوەشاندنەوەى سەرجەم ئەو لێخۆشبوونانەى کە دراون لە رەسمى گومرگ و باج کە ناگونجێن لەگەڵ یاسا و ڕێنماییەکان، سەپاندنى باج لەسەر هاوردەکردن و پاڵاوتنى بەرهەمە نەوتییەکان، هەڵوەشاندنەوەى تەرخانکردنى زەوى بۆ ئەو پڕۆژانەى مۆڵەتى وەبەرهێنانیان پێدراوە بەڵام دەستیان بە جێبەجێکردنى پڕۆژەکان نەکردووە، هەڵوەشاندنەوەى تەرخانکردنى زەوى کە بە موساتەحە دراون بەڵام دەستیان بە جێبەجێکردنى پڕۆژەکان نەکردووە، وەرگرتنەوەى قەرزە بازرگانییەکان لەلایەن وەزارەتى دارایى و ئابوورى لەبەر ڕۆشنایى یاساى چاکسازیی، پەسەندکردنى پێشکەشکردنى خزمەتگوزاریی دابەشکردنى کارەبا و کۆکردنەوەى کرێى بەشداربووانى کارەبا لەلایەن کەرتى تایبەتەوە لە ژێر سەرپەرشتى و چاودێرى حکومەت.

کەوتنەخۆی حکومەتی عێراق

ھەمان رۆژ واتە ٥ی ئایاری ٢٠٢٠، حکومەتی عێراقیش ھەنگاوەکانی رزگاربوونی لە قەیرانی دارایی دەستپێکرد.

بەپێی نووسراوێکی ئەمانەی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کە بەرواری ٥ی ئایاری لەسەرە، بڕیاری راگرتنی سەرجەم خەرجیی و پارەدارکردنەکانی دەرکراوە، تا ئەو کاتەی كابینەی ئێستا بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی بڕیاری نوێ لەبارەیانەوە دەردەكات.

وەک لە بڕیارەکەدا ھاتووە، خەرجی و پارەدارکردن تەنھا لە حاڵەتی زۆر پێویستدا دەبێت، ئەوەش کاتێک پارەی نەختینە ھەبێت.

بەپێی نووسراوەکەی ئەمانەی گشتی ئەنجومەنی وەزیران، ئەم بڕیارە کە بەهۆی كەمبوونەوەی داهاتەكان و دابەزینی نرخی نەوتەوە دەرکراوە، تەنها مینحەی هەژاران ناگرێتەوە كە حكومەت پێشتر بڕیاری لەسەر داوە.

ھەرەسھێنانی نرخی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو زیانی لە داھات و دارایی حکومەتی عێراق داوە. تەنانەت بەشێک لە بەرپرسانی عێراق بەشێک لە ھۆکارەکانی نەناردنی بەشە بودجەی ھەرێم بە کەمبوونەوەی داھاتی بەغداوە دەبەستنەوە.

کۆتاییھاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، دوو بڕیاردەری سەرەکین بۆ گۆڕانکاریی لەم بڕیار و رێکارانەی لەلایەن بەغدا و ھەولێرەوە گیراونەتەبەر.

Send this to a friend