• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
May 8, 2020

هەڵبژاردنی مستەفا كازمی و هەڵوێستی ئێران؛ بژاردەیەكی گونجاو بۆ قۆناغی ئێستا

ئەژی ئازاد ئەبوبەكر

لە پاش مشتومڕێكی چەند مانگە، دواجار موستەفا كازمی متمانەی پەرلەمانی عێراقی وەرگرت و سەرەڕای ناڕەزایەتی بەشێك لە هێزە شیعەكان، ئەركی سەرۆك وەزیرانی پێ سپێردرا. كۆماری ئیسلامیی ئێران وەك لایەنێكی باڵادەست لە عێڕاقدا، بە خێرایی ڕەزامەندی خۆی پیشاندا و بە خوێندنەوەیەك بۆ كاردانەوەی فەڕمی ئەم وڵاتە و میدیا كاریگەرەكانی، دەردەكەوێت كە ئێران خۆی بە براوەی ماراسۆنی هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق دەزانرێت. گرنگی ڕاگەیاندنی ئەم سەركەوتنە بۆ دۆخی هەنووكەیی ئێران دەگەڕێتەوە؛

ئێران چیتر توانای ڕابردووی بۆ كۆدەنگی هێزە شیعەكان و كۆكردنەوەیان لەژێر چەترێكی هاوبەشدا نییە و دەنگی ناڕەزایەتی و بێزاری بەشێك لەو هێزانە بەشێوەیەكی ناڕاستەخۆ دەبیسترێت. كۆماریی ئیسلامی كەسایەتییەكی بەهێزی وەك قاسم سولەیمانی نەماوە كە توانای دروستكردنی كۆدەنگی هەبێت و لە ناوخۆی عێراقدا و تەنانەت لە شارە شیعەكاندا زیاتر لە ڕابردوو دەنگی ناڕەزایەتی دژ بە سیاسەتەكانی عێڕاق بەرزبووەتەوە و هێرشی چەندجارە بۆ سەر باڵیۆزخانەكانی ئێران لەلایەن گەنجانی ناڕازی عێراقەوە سەلمێنەری ئەم ڕاستییە بووە.

ئەمە جیا لەوەی كە لە ماوەكانی ڕابردوودا، جیابوونەوەی بەشێك لە لیواكانی حەشدی شەعبی و چوونە ناو فەرماندەیی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، ئاماژەیەكی ڕوونی لێكترازانی ریزی هێز پرۆكسییەكانی ئێران بوو.

لە لایەكی ترەوە فشارە بەردەوامە ئابووری و سەربازییەكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران و لێدانی بنكەكانی حەشدی شەعبی لە عێراق و فشار خستنەسەر حكومەتی عێراق بۆ كۆتاییهێنان بە گرێبەستە ئابووری و بازگانییەكان، سەرجەمیان وێنای عێراقێكی نوێ دەكەن كە تیایدا، نە ئێران ئەو هێزە باڵادەستەی جارانە و نە ئەمریكاش، وڵاتە سازشكەرەكەی سەردەمی ئۆبامایە. بۆیە ئەگەر لە ڕابردوودا، هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیرانێكی نزیك لە ئێران، وەك ڕووداوێكی ئاسایی لێی دەڕوانرا، بەڵام لە ئیستادا و بەهۆی گۆڕانكارییە نوێیەكان، هەر ئەم دووبارەبوونەوەش بۆ ئێران دەسكەوتە.

لە یەكەم كاردانەوەی فەڕەمیدا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، پێشوازی گەرمیی لە هەڵبژاردنی مستەفا كازمی كرد و سوپاسی هەموو لایەن و كەسایەتییە ناسراوەكانی عێراقی كرد بۆ هاودەنگی و كارئاسانیان لە هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیرانی نوێ و بەتایبەتی ناوی “عەدنان زورفی” هێنا. ئەو كاندیدەی كە لەناو میدیا ئوسوڵگەراكانی ئێران بە “ئەمریكایی بوون” تۆمەتبار كرا و هەڵبژاردنی وەك سەرۆك وەزیران بە بردنەوەی ئەمریكا و هاتنەسەر دەسەڵاتی یەكەم سەرۆك وەزیرانی دژ بە ئێران لە دوای ساڵی 2003-ەوە خوێندنەوەی بۆ كرا.

جەختی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەسەر ئەوەی كە كازمی، بژاردەیەكی “تەواو عێراقی”یە و بەبێ دەستێوەردان و ھەژموونی “وڵاتێكی دەرەكی” دەسەڵاتی وەرگرتووە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە پیشانی ناوخۆی وڵاتەكەی و هەروەها ڕای گشتیی جیهانی بدات، كە دواجار كاندیدی پەسەندكراوی ئێران هاتەسەر دەسەڵات نەك ئەمریكا.

لەگەڵ ئەمەشدا، بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە بەشێك لە میدیاكانی ئێران بڵاوبۆتەوە، ئێران پێش چەند مانگێك ئامادەكاری بۆ خستنەڕووی بژاردەی كازمی كردووە و هەماهەنگی لەگەڵ خودی كازمی و هێزە شیعەكانی عێراق كردبوو. ماڵپەری “تسنیم نیوز”ی نزیك لە سوپای پاسداران، لە ڕاپۆرتێكی شیكاریدا باس لەوە دەكات كە سەرەڕای ئەوەی كە كازمی پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ وڵاتانی ئەمریكا و ئەوروپا هەیە و بە پاڵپشتی ئەوان، بووەتە سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عێراق كە لە 2014 دامەزرا، بەڵام كازمی لە دوای دەستبەكاربوونی، بەشی سیخوری تایبەت بە ئێران كە لە 2004-ەوە دامەزرابوو، هەڵوەشاندۆتەوە، كە ئەمەش وەك ئاماژەیەك بووە بۆ نیازپاكی ئەو بەرامبەر ئێران.

ڕاپۆتەكە ئاماژە بەوە دەكات كە ناوی كازمی لە دوو مانگی ڕابردووەوە وەك كاندیدێكی جێپەسەندی ئێران ئامادەكاری بۆ كراوە و لە دوایین سەردانی عەلی شەمخانی، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی بۆ عێڕاق، لەگەڵ مستەفا كازمی كۆبووەتەوە و پشتیوانیانی ئێرانی پێ ڕاگەیاندووە، ئەمەش لەكاتێكدا بووە كە كازمی بە تێوەگەلانی لە پیلانی كوشتنی قاسم سولەیمانی تۆمەتبار كرابوو.

لە ڕاستیدا ئێران پێیوایە كە هەڵبژاردنی كازمی لە دوای شكستی عەدنان زورفی -كە بەڕای ئێران كاندیدی دڵخوازی ئەمریكا بووە-، جارێكی تر بە مانای سەلماندنی باڵادەستی ئێران لەم وڵاتە و هاودەنگی و پشتیوانی لایەنە سیاسییەكان و بەتایبەت شیعەكان و شكستی پیلانەكانی ئەمریكا دێت. بەدیوێكی تردا ئەگەرچی كازمی ئەو كاندیدە تەواو پەسەندكراو و جێمتمانەی ئێران نییە و بەم بژاردەیە ناڕەزایەتی بەشێك لە هێزە پرۆكسییە چەكدارەكانی بەدوای خوێدا هێناوە، بەڵام بەپێی دۆخی هەرێمایەتی، ناوخۆیی عێراق و بەردەوامی فشار و هەڕەشەكانی ئەمریكا، لە ئیستادا ئەوەندەی كە پێكهاتنی دەوڵەتێك بۆ رێگرتن لە پارچەبوونی عێڕاق بۆ ئێران گرنگە، بابەتەكانی تر وەك ڕابردووی پەیوەندییەكانی سەرۆك وەزیرانی نوێ لەگەڵ ئەمریكا یان دۆسێی كوشتنی قاسم سولەیمانی گرنگی پلە دوویان هەیە، بەتایبەتی كە لە ماوەكانی ڕابردوو بابەتێكی گەرمی بەشێك لە میدیاكانی ئێران، ترسی ئەنجامدانی كودەتای سەربازی لە عێڕاق بە پاڵپشتی ئەمریكا بووە.

لەگەل ئەمەشدا بۆچوونێكی تر ئەوەیە كە ئێران لەم دۆخەی ئیستادا، لەوانەیە گەیشتبێتە ئەو دەرئەنجامەی كە سەرۆك وەزیرانێك بێتە سەر دەسەڵات كە بتوانێت ڕەزامەندی ئەمریكا بەدەەستبھێنێت بۆ ئەوەی نەبێتە لەمپەڕێك لەبەردەم هەنگاوەكانی بۆ گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ عێراق و تەنانەت كار بكات بۆ ئەوەی لە ڕێگەی پەیوەندییە تایبەتەكانی كازمییەوە، پەیوەندییە ئابوورییەكانی ئێران و عێراق بەردەوام بێت، بەجۆرێك كە ئەمریكا رێگرییەكانی زیاتر نەكات.

یەكێك لەم بابەتانە ڕێككەوتننامەی كڕینی كارەبایە لە ئێران، كە لەو سەرچاوە داهاتە دەگمەنانەیە كە ئێران لە فرۆشتنی وزە لە ناوچەكە بۆی ماوەتەوە. لەم چوارچێوەیەدا درێژكردنەوەی ماوەی كڕینی كارەبا لە لایەن عێراقەوە بۆ 120 ڕۆژی تر، كە دەستبەجێ لە دوای متمانەبەخشینی كابینەی كازمی و لە پەیوەندی تەلەفۆنی نێوان كازمی و پۆمپیۆ ڕاگەیەنرا، ئاماژەیەكە بەوەی كە ئەمریكا بە هەمانشیوی ئێران، پشتگیری كابینەی نوێ دەكات و گوشارەكانی بۆ مانگەكانی داهاتوو و دوای جێگیربوونی كابینەی نوێ هێشتۆتەوە.

سەرباری هەموو ئەم شرۆڤە ئەرێنییانە بۆ هەڵوێستی ئێران بەرامبەر بە هەڵبژاردنی كازمی، بەڵام دۆسییەكانی وەك دەرچوونی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، جێگیركردنی سیستمی پاتریۆت لە چەند بنكەیەکی سەربازی ئەمریكا لە عێراق و بەتایبەتی هەرێمی كوردستان، چارەنووسی هێزەكانی حەشدی شەعبی، سزاكانی سەر ئێران و لێخۆشبوونی عێراق لە پابەندبوون بەم سزایانە، لە گرنگترین ئەو ئاریشانە دەبن كە سەرۆك وەزیرانی نوێ ڕووبەڕووی دەبێتەوە و گرتنەبەری سیاسەتێكی نێوانگرانە بۆ داواكارییەكانی ئێران و فشارەكانی ئەمریكا، لەلایەن كازمییەوە ئەستەم دەكات.

ئێران سەرەڕای هەستكردن بە گۆڕانكارییە نوێیەكانی عێراق و ئەو ڕاستییەی كە ئەمریكا لە ماوەیەكی نزیكدا عێراق بەجێناهێڵێت، بەڵام ئەو چاوەڕوانییەشی لە سەرۆك وەزیرانی نوێ هەیە كە ئەگەر توانای ڕەتكردنەوەی داواكانی ئەمریكای نەبێت، لانیكەم بەتەواوی بە زیانی ئێران نەشكێتەوە.

Send this to a friend