• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
May 9, 2024

ئەزموونی چین؛ هەستانەوە، ڕیفۆرم و مۆدێرنیزەكردن

ئامادەكردن: فەرید دڵشاد محەمەد

ئەم ڕاپۆرتە پوختەی گەشتێكی فەڕمی دوو ئەندامی سەنتەری لێكۆڵینەوەی چین لە زانكۆی سلێمانییە، پاش ئەوەی لە لایەن كونسوڵگەریی چین لە هەولێر بۆ كۆرسێكی زانستی بانگهێشت كران و  تیایدا نوێنەری 28 وڵات لە ئاسیا، ئەفەریقا و ئەمەریكای لاتینەوە بەشدارییان كردبوو. ئەم كۆرسە كە بۆ ماوەی دوو هەفتە بەردەوام بوو، چەندین سیمیناری لە بوارەكانی: مێژوو و گەشەكردن و بەرەوپێشچوونی چین، كولتوور و پێكەوژیانی ئاشتییانەی پێكهاتە جیاوازەكان، ڕێگەی ئاوریشم و دەستپێشخەریی پشتێن و ڕێگە و بەستنەوەی بە جیهانەوە، چاكسازییە ئابووری، بازرگانی و یاساییەكان، كرانەوە، مۆدێڕنكردن و پێشكەوتنی لە خۆ دەگرت. سەرجەم سیمینارەكان لە لایەن كەسانی پسپۆڕی بوارەكە وترانەوە وەک مامۆستای زانكۆ و كونسوڵەكان و بەڕێوەبەری بانک و سەنتەرە بازرگانییەكان.

 

دامەزراندنی كۆماری میللیی چین

لە ساڵی 1911دا شۆڕشێک لە ناوخۆی چین سەری هەڵدا، تیایدا قۆناغی شانشینی لە چین كۆتایی پێ هات كە بۆ ماوەی 2132 ساڵ بەردەوام بوو، هەروەها كۆتایی بە دەسەڵاتی شانشینی «تشینگ» هێنا كە بۆ ماوەی 276 ساڵ فەرمانڕەوایی وڵاتەكەی كرد. لە ساڵی 1912دا كۆماری چین دامەزرا، هەر چەندە شانشینی «تشینگ» چەندین ساڵ خەباتی دژی دەستوەردانی دەرەكی و ساڵی 1900 دەستی بە چاكسازی كردبوو، بەڵام ئەوانەی لەگەڵی بوون پێیان وا بوو بەرنامەی چاكسازییەكەی ڕادیكاڵانەیە، لایەنە دژبەرەكانیشی پێیان وا بوو چاكسازییەكەی زۆر خاوە، هەر بۆیە كۆمەڵەی نهێنی لە شانشینی «تشینگ» و شۆڕشگێڕانی دەرەوە و ئەوانەی دەیانویست لە دەستی سیستمی پاشایەتی ڕزگاریان بێت لەگەڵ چالاكوانەكان لە ساڵی 1911دا چەخماخەی ڕاپەڕینیان لێدا و یاخیبوونێكی چەكداریی ناو ڕیزەكانی سوپا دروست بوو، پاشان لە كۆتاییدا خەڵكی دەستبەرداری شانشینی «تشینگ» بوون، بەڵام شانشینییەک هێشتا ژمارەیەک لە خەڵكیی لەگەڵ مابوو كە لە لایەن «یوان شیكای»ەوە سەرۆكایەتی دەكرا کە وەک سەرۆكوەزیران مابووەوە.

لە لایەكی ترەوە لە ناوچەی «نانجینگ» هێزە شۆڕشگێڕە ڕاپەڕیوەكان حكومەتێكی هاوپەیمانییان دامەزراند لە ساڵی 1912، لەو كاتەدا كۆماری میللیی چین دامەزرا بە سەرۆكایەتیی «سەن یاتسن»، كە بەنیاز بوو كۆمارێكی هاوشێوەی وڵاتانی خۆرئاوا دابمەزرێنێت. دواتر شەڕ لە نێوان شۆڕشگێڕەكان و پاشماوە چەكدارەكانی شانشینی «تشینگ» سەری هەڵدا، دواجار ئاشتبوونەوە ڕووی دا و «سەن یاتسن» دەستبەرداری دەسەڵات بوو بۆ «یوان شیكای»، بەو مەرجەی دەستبەرداری سیستمی شانشینی بێت و پەیڕەوی سیستمی كۆماری بكات.

لە ساڵی 1912دا «یوان شیكای» وەک سەرۆكی كۆماری میللیی چین سوێندی یاسایی خوارد، بەڵام «یوان شیكای» پابەندی بەڵێنەكەی نەبوو، لە ساڵی 1915دا دەسەڵاتی شانشینی گەڕاندەوە، ئەو هەنگاوەش دژایەتیی سوپا و گەلی چینی لێ كەوتەوە، بەڵام لە ساڵی 1916دا دەستبەرداری دەسەڵات بوو و گەڕانەوەی كۆماری میللیی چینی ڕاگەیاند. شكستی «یوان شیكای» لە چەسپاندنی دەسەڵاتێكی ناوەنديی،  بووە هۆی دابەشبوونی سیاسی و روودانی جەنگ لە چین، كە دەیان ساڵ بەردەوام بوو، كە هەوڵ بۆ گەڕانەوەی دەسەڵاتی شانشینی «تشینگ» دەدرا. هەموو ئەو ڕووداوانە وای كرد دامەزراندنی كۆماری میللیی چین كە «سەن یاتسن» بە باوكی كۆمارەكە دادەنرێت، تەنها سەرەتایەک بوو نەتوانرا سەركەوتنی تەواو بەدەست بهێنێت.

 

چیرۆكی هەستانەوە و پێشكەوتن

 لەو كاتەی كە حزبی شیوعیی چین دامەزرا؛ وڵاتەكە هەژار بوو، ئەوەش بە هۆی ئەو شەڕەی لە ماوەی ڕابردوودا بەرۆكی وڵاتەكەی گرتبوو. دواتر حزبی شیوعیی چین لەگەڵ حزبی «كۆمیتانگ» بە سەرۆكایەتیی ژەنەراڵ «چیانگ كای چیک» هاوپەیمانیی بەست، لەو كاتەدا ئەو حزبە سەركردایەتیی حكومەتی دەكرد، بەڵام زۆری نەبرد لە ساڵی 1927دا شەڕی ناوخۆ لە نێوان ئەو دوو حزبەدا سەری هەڵدا. لە كاتی شەڕەكەدا ژاپۆن لە ساڵی 1931دا هێرشی فراوانی كردە سەر چین بۆ ئەوەی زۆربەی ئەو ناوچانە داگیر بكەن كە بە ناوچەی دڵ بەناوبانگن، تاكوو ساڵی 1936 بەشێكی زۆری چینی داگیر كرد.

 هێرشی ژاپۆنییەكان وای كرد هەردوو حزبی شیوعیی چین و  كۆمیتانگ یەک بگرن دژی ژاپۆنییەكان. لە ساڵی 1937دا بە هاوكاریی ئەمەریكا لە چەک و تەقەمەنی؛ توانییان دژی ژاپۆنییەكان بجەنگن. دوای ئەوەی ژاپۆن پەلاماری دراوسێ‌ ئاسیاییەكانی دا، بوو بە هاوپەیمانیی ئەڵمانیای نازی و فاشیی ئیتاڵیا چووە ناو جەنگی دووەمی جیهان. لە دوای كارەساتی «هێرۆشیما و ناكازاكی»، ژاپۆن لە جەنگدا دۆڕاندی. لە بەر ئەوەی حزبی شیوعیی چین بنكەیەكی جەماوەریی فراوانی هەبوو كە زۆرینەیان جووتیار بوون و ڕۆڵیان هەبوو لە یەكلاكردنەوەی جەنگی ژاپۆن و شكستپێهێنانیان لە ساڵی 1945دا. لە دوای ئەو ساڵە، جارێكی تر شەڕی ناوخۆ لە نێوان حزبی شیوعیی چین و كۆمیتانگ سەری هەڵدایەوە. سەرەڕای نێوەندگیریی ئەمەریكا، نەتوانرا كۆتایی پێ بهێنرێت. ئەم شەڕە بۆ ماوەی دوو دەیە بەردەوام بوو و دەیان هەزار ئەندامی هەردوو لا كوژران. جەنگی ناوخۆی چین بە سەرۆكایەتیی «ماوتسی تۆنگ» كۆتایی هات و ژەنەراڵ «چیانگ كای چیک» لە ساڵی 1949 بەرەو تایوان هەڵات.

لەگەڵ ئەوەی جەنگی ناوخۆی چین و هێرشەكانی ژاپۆن بۆ سەر چین هاوكات بوو لەگەڵ ساڵانێكی زۆر لە وشكەساڵی و برسێتی، بەڵام چین لە سەردەمی «ماوتسی تۆنگ»دا بە تەواوی یەكی گرتەوە. لە (1/10/19849)دا جارێكی تر كۆماری میللیی چین دامەزرا، «ماوتسی تۆنگ» وەک یەكەم سەرۆکكۆمار دەستبەكار بوو. لە دوای دامەزراندنی كۆمارەكە، كۆمەڵێک هەنگاوی گرنگ نران، بە تایبەت لە بواری كشتوكاڵ و پیشەسازی و نوێكردنەوەی سیستمی بەرگری بە هاوكاریی یەكێتیی سۆڤیەت، بە ئێستاشەوە كاریگەریی ئەو هەنگاوانە لە سەر بەرەوپێشووچوونی چین دیارە و بوون بە بناغەی هەستانەوەی چین.

 سەرەتا لە ساڵی 1950دا یاسای كشتوكاڵیان دەركرد، بە پێی یاساكە سەرلەنوێ‌ زەوی بەسەر جووتیاراندا دابەش كرایەوە و مافی خاوەندارێتییان بۆ مسۆگەر كرا، بەڵام هێشتا وڵات برسی بوو. لە نێوان ساڵانی 1959 بۆ 1961، 40 ملیۆن چینی لە برسا مردن. لە ژێر كاریگەری ئەو برسێتییەدا، «ماوتسی تۆنگ» كۆمەڵێک گۆڕانكاریی كرد كە  بووە هۆی بەرزبوونەوەی بەرهەمی كشتوكاڵ، وای كرد جووتیاران لە گوندەكان بمێننەوە و ڕوو نەكەنە شار. هەر بۆیە چین توانیی ئاسایشی خۆراكی حۆی دابین بكات لە نێوان ساڵانی (1949-1978). لەو كاتەدا ژمارەی دانیشتووانی چین كە 450 ملیۆن كەس بوو ، داهاتی تاک 27 دۆلار بوو، لە كاتێكدا لە وڵاتانی ئاسیا 44 و لە هیندستان لەو كاتەدا 57 دۆلار بوو.

 لە لایەكی دیكەوە چین هەوڵی دا گەمارۆكانی ڕۆژئاوا بشكێنێت و وڵاتێكی سۆسیالیستی بنیات بنێت. جگە لە كشوكاڵ، بایەخی بە پیشەسازی دا، دەستی بە دروستكردنی كارگەیەكی زۆر كرد و بووە خاوەنی بەرهەمی پیشەسازیی خۆی. لە ساڵی 1953دا چین دەستی كرد بە دانانی پلانی پینج ساڵی بۆ گەشەی ئابووریی نەتەوەیی، بە جۆرێک تا ئێستاش چین لە سەر  پلانی پێنج ساڵی دەڕوات. لەو پلانەدا بایەخی گەورە درا بە سێكتەری پیشەسازیی قورس وەک ئاسن و پۆڵا. لە ماوەی ئەو پێنج ساڵەدا 10 هەزار پڕۆژەی پیشەسازییان دروست كرد، هەروەها 912 پڕۆژەی مامناوەند و گەورە بوون، بەمەش بەرهەمی پیشەسازیی خەڵووز دوو هێندە، ئاسن سێ‌ هێندە و پۆڵاش چوار هێندە زیادی كرد.

چین لە ساڵی 1964دا سەركەوتوو بوو لە دروستكردنی بۆمبی هایدرۆجینی، هەروەها لە ساڵی 1970دا مانگی دەستكردیان ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان كرد. لەگەڵ هەموو ئەوانەدا، چین هێشتا لەچاو هەندێك وڵات نەیتوانی لەو كاتەدا گەشەی ئەوتۆ بكات. بۆ نمونە:لە دەیەی حەفتاكانی سەدەی ڕابردوودا ژاپۆن لە ڕووی پیشەسازی و ئاسایشەوە زۆر لەپێش چینەوە بوو، هەروەها كەوتبووە دوای كۆریای باشوور و تایوان و سەنگاپوورە، هەموو ئەو جیاوازییانە بوو بە هەوێنێک بۆ دانانی ستراتیژی ئابووریی چین لە دوای ساڵی (1978)ەوە و دووبارە هەستانەوە و پێشكەوتن.

 

سیاسەتی ڕیفۆرم و كرانەوە

ئەوەی ئێستا چین جیهانی سەرسام كردووە؛ بە هۆی دوو كۆڵەكەی سەرەكییەوەیە، ئەویش ئەنجامدانی «ڕیفۆرم و كرانەوە بە ڕووی جیهانی دەرەوە»دا، كە لە ساڵی 1978دا لە سەر دەستی «دینگ سیاوپینگ» دەستی پێ كرد. لای چینییەكان بە ئەندازیاری چاكسازی دادەنرێت. ئەو بڕوای وا بوو دەبێت چین ڕێڕەوی ئابووریی خۆی بگۆڕێت و سەرنجی لە سەر بونیادنانی ئابووریی خۆی بێت. ئەو لەگەڵ بەشێک لە درووشمەكانی سۆسیالیزم ناكۆک بوو، بە تایبەت لەگەڵ ئەو وتەیەی دەڵێت “باشترە چین لە ژێر سۆسیالیزمدا بە هەژاری بمێنێتەوە، نەک لە ژێر سەرمایەداریدا دەوڵەمەند بێت”. جەختی لەوە دەكردەوە كە “هەژاری سۆسیالیزم نییە”. خاوەنی ئەو وتە بەناوبانگەیە كە دەڵێت: “ڕەنگی پشیلە گرنگ نییە بۆ ئەوەی مشك بگرێت”. «دینگ سیاوپینگ» دەیزانی كە كردنەوەی دەرگا و پەنجەرەكان بە كراوەیی دەبێتە هۆی هەڵهاتنی مێشەكان، هەر بۆیە دەستی كرد بە كردنەوەی كەم و لەسەرخۆی دەرگا و پەنجەرەكانی ئابووریی چین بە ڕووی دەرەوەدا و لە هەمان كاتدا سیاسەتی بە جۆرێک لە داخراوەیی هێشتەوە.

گواستنەوەی ئابووریی ئاڕاستەكراو بۆ ئابووریی بازاڕ بە یەكێک لە گرنگترین دەستكەوتەكانی «دینگ سیاوپینگ» دادەنرێت، كە بەشدار بووە لەو گۆڕانە گەورەیەی ئێستا لە چین هەیە. لە ساڵی 1980دا بڕیار درا چوار شاری ئابووری لە چین دروست بكرێت، ئەوانیش هەریەكە لە (شنجن، چۆهای، شانتۆ و چیامین)، بۆ ئەوەی وەبەرهێنەری بیانی ڕابكێشن و لەوێشەوە گەشەی ئابووری بەرەو پایتەخت بەرن. هەروەها لە ساڵی 1988 كەرتی «هاینا» دروست كرا كە بووە گەورەترین ناوچەی ئابووریی چین. خاڵێكی تر كە گرنگیی پێ درا، خاڵێکی تر کە گرنگیی پێ درا، گواستنەوەی کاری حزب و دەوڵەت بوو بۆ سێکتەری ئابووری، بەوەش گەشەی ئابووری بوو بە سەرەكیترین پێوەر بۆ هەڵسەنگاندنی گەشەی هەر ناوچەیەک.

 لە لایەكی ترەوە چینی لە گۆشەگیریی نێودەوڵەتی هێنایە دەرەوە، ئەوەش بەوەی كە پەیماننامەی ئاشتیی لەگەڵ ژاپۆن ئیمزا كرد لە ساڵی 1978، هەروەها سەردانی واشنتنی كرد بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان و دانپێدانانی وڵاتەكەیان. جیا لەوە، لە ساڵی 1997دا ئەو خەونە گەورە نیشتمانییە لەمێژینەی چینییەكانی بەدی هێنا ئەوەش بە دانوستان لەگەڵ ئینگلیزەكان بۆ گەڕانەوەی هۆنگ كۆنگ بۆ باوەشی وڵاتەكەی. لە لایەكی ترەوە ناوچەی «ماكاو» كە پێشتر لە لایەن پرتوگالەوە داگیر كرابوو، گەڕێنرایەوە ژێر سایەی  چین.

 بە هۆی ئەو توانایەی كە هەیبووە، «ماوتسی تۆنگ» وەسفی كردووە بەوەی كە «دینگ سیاوپینگ» لە ڕووكەشدا نەرمونیانە، بەڵام لە جەوهەردا ڕەق، هاوشێوەی دەرزییەک لە ناو لۆكەیەكی زۆردا. چینییەكان هەرگیز هەوڵەكانی «دینگ سیاوپینگ» لەبیر ناكەن كە وڵاتی بەرەوپێشەوە برد. لەو كاتەوە كە چین دەستی كردووە بە گۆڕان بۆ هێزێكی زەبەلاحی بازرگانی و سەربازی، توانیویەتی قەیرانە جۆراوجۆرەكانی ناوخۆ تێپەڕێنێت. بۆ یەكەم جار بوو برسێتی و قاتوقڕی لای چینییەكان بوو بە مێژوو، بە تایبەت دوای ئەوەی چاكسازی لە بواری كشتوكاڵدا كرد، لەگەڵ ئەوەشدا كە گەنمی زۆری بەرهەم هێنا، تەنانەت هەناردەی وڵاتانی دەرەوەی دەكرد و نرخەكەشی بەرز كردەوە.

ژمارەی دانیشتووان، نیعمەت یان بەڵا

لە دوای هیندستان كە ژمارەی دانیشتووانەكەی زیاترە لە یەک ملیار و 430 ملیۆن كەس، چین بە پلەی دووەم دێت لە سەر ئاستی جیهان لە ڕووی زۆریی ژمارەی دانیشتووانەوە. بە پێی دەیتای نەتەوە یەكگرتووەکان، بە شێوەیەكی گشتی ئێستا دانیشتووانی چین ژمارەیان زیاترە لە یەک ملیار و 425 ملیۆن كەس، كە بە نزیكەیی دەكاتە 18% كۆی دانیشتووانی جیهان و هێندەی ژمارەی دانیشتووانی سەرجەم وڵاتە پێشكەوتووەكانە. هەر چەندە بۆ ماوەی 60 ساڵ و تاكوو ساڵی 2023، پلەی یەكەمی گرتبوو لە سەر ئاستی جیهان، بەڵام لە ساڵی 2023دا چین ئەو پلەیەی لەدەست دا. لەگەڵ ئەوەی حكومەتی ئەو وڵاتە دەستبەرداری سیاسەتی یەک منداڵی بوو و ڕێگەی بە هەر خێزانێک دا سێ‌ منداڵی هەبێت و حكومەت تەنها ئەركی یەكێكیان لەئەستۆ دەگرێت، بەڵام ئەم كارە دادی نەدا. بە پێی ڕاپۆرتی «سەنتەری بیۆ بۆ لێكۆڵینەوە»، مردن بە ڤایرۆسی كۆرۆنا و كەمبوونەوەی گەشەی ئابووریی چین و دابەزینی ئاستی ڕێژەی لەدایكبوون، دیارترین هۆكارەكانی پشت كەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووانی چین بوون.

 لە لایەكی ترەوە كەمبوونەوەی ڕێژەی هاوسەرگیری و ناهاوسەنگیی ڕەگەزی بە جۆرێک ژمارەی پیاوان لە ژنان زیاترە، كە بە پێی ئامارێک ژمارەی پیاوان 30 ملیۆنی زیاترە لە ژنان. جیا لەو هۆكارانە، بە گشتی خێزانەكان لە چین درەنگ منداڵ دەخەنەوە و كۆمەڵگاكەشی بە زوویی پیر دەبن. لەم ڕووەوە ڕێژەی ئەوانەی تەمەنیان لە سەروو 60 ساڵەوەیە، 20%ی دانیشتووانی ئەو وڵاتە پێک دەهێنن. لە كۆتاییشدا ئەوانەی لە چین كۆچ دەكەن، زیاترە لەوانەی كۆچ بۆ چین دەكەن. لەو چوارچێوەیەدا نەتەوە یەكگرتووەكان پێشبینیی كردووە تاكوو ساڵی 2050 ژمارەی دانیشتووانی چین بۆ یەک ملیار و 313 ملیۆن كەس دابەزێت و لە ساڵی 2100دا ببێتە كەمتر لە 800 ملیۆن كەس.

پسپۆڕانی ئابووری و دیمۆگرافیا دەڵێن بەرزیی ڕێژەی گەشەی دانیشتووانی چین لە ڕابردوودا بووەتە هۆی ڕزگاربوونی چین، بەڵام لە داهاتوودا كارەساتی گەورە دروست دەكات، چونكە ڕێژەیەكی زۆر لە دانیشتووان پیر دەبن و توانای كاركردنیان نامێنێت، بەوەش دەستی كار كەلێنێكی گەورەی بۆ دروست دەبێت. ئاماژە بەوە دەكەن ئەگەر سیاسەتی یەک منداڵ بەردەوامی پێ بدەن، ئەوا منداڵێک كە ئێستا لەدایک دەبێت، دوای 20 ساڵ كە هاوسەرگیری دەكات؛ ئەركی بەخێوكردنی چوار دایک و باوک و هەشت داپیر و باپیری دەكەوێتە ئەستۆ.

 

مەتەڵێكی بێ‌ وەڵام

چین بۆ زۆرێک لە وڵاتانی جیهان بووەتە سەرچاوەی هیوا، بەڵام بۆ ڕكابەرەكانی بووەتە مەتەڵێكی بێ‌ وەڵام. حزبی شیوعیی چین سەركەوتوو بوو لە پێشكەشكردنی مۆدێلێک كە بەربەستێكی سیاسیی دروست كردووە بۆ دەستوەرنەدان لە كارەكانیان، لە مێژوودا توانیویەتی ناسنامەی جیاوازی كولتووری و شارستانیی خۆی بپارێزێت بە كشانەوە بۆ ناو خۆی و تێكەڵنەبوون لەگەڵ شارستانیەتەكانی دیكە، بەڵام دوای ئەوی سیاسەتی ڕیفۆرم و كرانەوەی خۆی بینی، زیاتر فۆكەسی لە سەر پاراستنی كولتوورەكەی بوو. كۆمەڵگای چینی كۆمەڵگایەكی خۆپارێزەر، پابەندە بە دابونەریتی خۆیەوە و شانازیی پێوە دەكات، هەروەها ڕێزی زۆر دەگرن لەو كەسانەی بەتەمەنترن لە خۆیان، بە تایبەت دایک و باوک و داپیرە و باپیرە بە هۆی ئەو زەحمەتەی كێشاویانە لەگەڵ پەروەردەكردنیان، ئەم كولتوورەی چین دەكرێت بڵێین هاوشێوەی كولتووری كوردەوایيە.

 كارەكتەری چینی بە لێبوردەیی دەناسرێنەوە كە لە فێركارییەكانی «كۆنفۆشیۆس»ەوە سەرچاوەی گرتووە، وەک ڕێزگرتن لە خێزان و بەساڵاچووان و پابەندبوون بە ئەخلاقەوە. كۆنفۆشیۆس (سەركردەی ڕۆحیی چین) پێی وا بوو كۆمەڵگا لە سەر بنەمایەكی پیرۆز دامەزراوە كە دەبێت ڕێزی لێ بگیرێت، ئەمە لە سەر پێنج یاسای بنەڕەتی دامەزراوە: پەیوەندیی حاكم بە ڕەعیەتەكانەوە، پەیوەندیی مێرد بە ژنەكەیەوە، پەیوەندیی باوكێک بە منداڵەكەیەوە، پەیوەندیی برایەک بە برا بچووكەكەیەوە، پەیوەندیی هاوڕێیەک بۆ هاوڕێكەی. لە چوار پەیوەندیی یەكەمدا، گوێڕایەڵی پێویستە بەبێ كۆت و بەندێك. هەروەها فەرمانڕەوا پێویستە دادپەروەر و میهرەبان و دڵسۆز بێت بۆ نیشتمان. ئەوان (چینییەكان) باوەڕیان بە پرەنسیپی “ڕێژەیی” هەیە، بەها و یاسا و حكومدان ڕێژەیین، هەر لە بەر ئەمەیە بیرۆكەی “ڕێژەگەرایی سیاسی” هەیە، واتە ئەوان ئەرێنییەكانی دەسەڵات دەبینن و تا  ڕادەیەكی زۆر ڕەوایەتی بە نەرێنییەكان دەدەن.

كاركردن لای چینییەكان پیرۆزە، دەكرێت بڵێن گەلێكی ڕەنجكێشن، گەورە و بچووک كار دەكەن. هەموو چین بگەڕێیت دیاردەی سواڵكردن لە سەر شەقامەكان نابینیت، تەنها لەو ناوچانە نەبێت كە عەرەبی لێیە، وەک شاری «كوانجۆ»، پێدەچێت ئەو كولتوورە عەرەب هێنابێتی بۆ چین. كۆمەڵگەی چین كۆمەڵگەیەكی زۆر دیسپلینكراوە، تا ئەوپەڕی پابەندی یاسا و ڕێنماییەكانن. ڕەنگە ئێمە وا بیر بكەینەوە بە هۆی كامێراكانی چاودێرییەوە بێت كە لە هەموو شوێنێک هەن، بەڵام دواجار ئەمە ڕەفتاری تاكەكانی گۆڕی بۆ كەسێكی پابەند بە یاساكانەوە و كردوویەتی بە كەسێكی سەركەتوو.

تواناكان پەیوەستن بە داهات بە بەرهەمهێنانەوە، ناتوانیت باس لە داهاتی مانگانەی جێگیر بكەیت، بەو پێیەی داهات بە پێی ئەوەیە كە تۆ وەک تاكێک بەرهەمی دەهێنیت، هەروەها ئەو قازانجەی كە ئەو دامەزراوەیە بەدەستی دەهێنێت دەگۆڕێت. یەكسانی لە مووچەی فەرمانبەراندا نییە، فاكتەری یەكلاكەرەوە لە هەڵسەنگاندنیشدا دەستكەوتە. سەبارەت بە نزیكبوونەوە لە سەرۆكەكەت، هیچ سودێكی لێ‌ نابینیی ، بۆیە ڕەنگە چەند مانگێک كار بكەیت بەبێ ئەوەی پێویستت بە چاوپێكەوتن لەگەڵی هەبێت.

هەڵسەنگاندنی هەمەلایەنەی فەرمانبەران فاكتەری زۆر گرنگی سەركەوتنی دامەزراوەكانە، بۆ نموونە ڕاگری كۆلێژێكی زانكۆ مافی ئەوەی هەیە هەڵسەنگاندن بۆ فەرمانبەران بكات، جیا لەوەش هەڵسەنگاندنی هاوكارەكانت بۆ تۆ لە كۆتایی ساڵدا ڕەگەزێكی گرنگە لە هەڵسەنگاندنی گشتیی كارەكەت. بۆیە دەبینیت كارمەندەكە بەدوای بەدەستهێنانی پەیوەندییەكی باشی هاوكارەكانیەوەیەتی و بەم شێوەیەش جۆرێک لە دڵسۆزی ئەو شوێنە بەدەست بهێنێت لەگەڵ ئەو كەسانەی تێیدا كار دەكەن.

خۆشەویستیی نیشتمان لای چینییەكان گەورەیە. لە یەكەم بینینی كەسێكی چینی، بە ڕوونی ئەمە دەردەكەوێت. هەموویان كە كەسێكی بیانی دەبینن، دەڵێن «Welcome To China».  لە ڕۆژی نیشتمانیی چیندا هەمووان ئاڵای وڵاتەكەیان هەڵدەكەن بۆ ڕازاندنەوەی شەقام و گۆڕەپانەكان، ئەوان دەڵێن “ئاڵای نیشتمانی و هیچی تر”، لە سەر ئەوە یەكگرتوون، ئەوەش هێز و خۆڕاگرییان پێ دەدات لە بریی ئەوەی بچنە ناو دووبەرەكیی سیاسی. خۆشەویستیی نیشتمان تەنیا قسە نییە، بەڵكوو دیسپلین و پابەندبوون بە یاسا و پاراستنی موڵک و ماڵی گشتییە. حكومەتی چین هەمیشە سەركەوتوو بووە لە كردنی ڕەفتاری بەرپرسەكانی بە نموونەیی، ئەمەش پێویستی بە لێپرسینەوەی توند بوو بۆ هەر بەرپرسێک ئەگەر لادانێک لە ڕەفتارە پیشەییەكانیدا هەبووبێت.

مۆدێرنیزەكردنی چین

لە بیرەوەرییەكانیدا كە لە ساڵی 1978دا بڵاو كرایەوە، «ڕیچارد نیكسۆن» سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا دەڵێت: “چین نهێنییەكی بێكۆتایە، بۆیە ئێمە هەموو شتێک لە بارەی چینەوە نازانین، ڕەنگە بتوانین شتێكی لێوە‌ فێر بین.” لای خۆیەوە « ئانۆڵد تۆینبی»ی مێژوونووسی ناسراوی بەریتانی دەڵێت: “بۆ ئەوەی كێشە كۆمەڵایەتییەكانی سەدەی 21 چارەسەر بكەین، پێویستە پشت بە فێركارییەكانی ئایینی كۆنفۆشیۆس، مێنسیۆس،  مەهایانا و  بوودا ببەستین.” هەروەها پێغەمەری ئیسلام پێش ئەوان وتوویەتی: “بەدوای زانستدا بگەڕێ، ئەگەر لە چینیش بێت.”

ئەو وەسفانە دەرخەری ئەو ڕاستییەن كە چین هێزێكی لەبننەهاتووە، چینییەكان لە مێژەوە داهێنانی گەورەیان پێشكەش بە شارستانیەتی جیهان كردووە. (كاغەز، ئامێری چاپ، بارووت و قیبلەنما)، ئەو داهێنانەی چینن كە تا ئێستاش جیهان بەكاریان دەهێنێن. شوورای مەزنی چین یەكێكە لەو شوێنەوارە كۆنانەی كە زیاتر لە 2700 ساڵە بە پێوە وەستاوە و یەكێكە لە حەوت سەرسوڕهێنەرەكانی جیهان. دوای سۆمەرییەكان و میسڕییەكان، شارستانیەتی چین كۆنترین شارستانیەت بووە لە مێژوودا. كاتێک كە ناوی چینمان بەرگوێمان دەكەوێت، یەكسەر خەیاڵمان بۆ لایەنی ئابووری و بازرگانی دەچێت، چونكە ئەم گەلە لەو بوارەدا زۆر بەتوانان كە لە مێژەوە دەستیان كردووە بە هەناردەی (قوماشی ئاوریشم، چا، قاوە،  بەهارات و سیرامیک)، ئەو توانایەش وای كرد ڕێگەی ئاوریشمی لێ‌ بەرهەم بێت كە ئێستاشی لەگەڵ بێت چین شانازیی پێوە دەكات و ئەم ڕێگەیە وای كردووە چین ببێتە یەكێک لە زلهێزەكانی جیهان.

لە سەر ئەو ڕێبازی بەمۆدێرنیزەكردنەی كە پارتی كۆمۆنیستی چینی سەركردایەتیی دەكات و وەک وەڵامێک بۆ پرسیارەكانی ئەم سەردەمەمان (چی لە جیهاندا ڕوو دەدات؟ پێویستە ئێمە چی بكەین؟)، چین پێشنیاری بیرۆكەی بونیادنانی كۆمەڵگەیەكی كرد كە خاوەن دواڕۆژێكی هاوبەش بێت بۆ مرۆڤایەتی. لە چوارچێوەی «پشتێن و ڕێگا»دا، چەندین دۆكیۆمێنت لە بارەی هاریكارییەوە لەگەڵ زیاد لە ١٥٠ وڵات و ٣٠ ڕێكخراوی نێودەوڵەتی ئیمزا كراوە. بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی بانكی نێودەوڵەتی، دەستپێشخەریی «پشتێن و ڕێگا» كە ١٠ ساڵ پێش ئێستا ڕاگەیەنراوە، لەو كاتەوە تاكوو ئێستا ٤٢٠ هەزار هەلی كاری بۆ وڵاتە بەشداربووەكان ڕەخساندووە و نزیكەی ٤٠ ملیۆن كەسی لە هەژاری ڕزگار كردووە و پشكی وڵاتە تازەگەشەسەندووەكانی زیاد كردووە و ئابووریی جیهانی بە ڕێژەی ٣.٦ خاڵی سەدی بەرز كردووەتەوە. پێشبینییش دەكرێت تاكوو ساڵی ٢٠٣٠ داهاتی جیهانی بە بڕی ١.٦ ترلیۆن دۆلاری ئەمەریكی زیاد بكات، كە ئەوەش دەكاتە نزیكەی ١.٣٪ لە تێكڕای داهاتی ناوخۆی جیهانی GDP)).

لە پڕۆسەی بەمۆدێرنكردندا، چین دركی بەوە كرد كە گەشەپێدان هاوشێوەی پیادەكردنە (ڕۆیشتن بە پێ)، چونكە كەسێک تەنها بە دانانی قاچێكی لە پێش قاچێكی دیكەیەوە دەتوانێت مەودایەكی زۆر ببڕێت، ئەگەر هەردوو قاچەكان لە پێشەوە بن، ئەوا كەس پێش ناكەوێت و ناتوانێت گەشتی دوور بكات و دەكەون. لە سەر ئەم بنەمایە، چین لە ماوەی 40 ساڵدا، لە ساڵی 1978 بۆ 2023، هەنگاوێكی گەورەی بڕی لە بواری چاكسازی و ئابووری و دارایی و وەبەرهێنان و داهێنان و دروستكردنی كەرتی تایبەت، بە تایبەت دوای ئەوەی چووە ڕێكخراوی بازرگانیی جیهانییەوە لە ساڵی 2000دا، زیاتر بە ڕووی جیهاندا كرایەوە.

 لە ئێستادا لە 500 كۆمپانیای جیهان، 490 كۆمپانیایان لقیان لە چین هەیە. كۆمپانیا تایبەتەكانی  ناوخۆی چین 70%ی كۆمپانیاكان پێک دەهێنن، كە 60%ی بەرهەمی نیشتمانیی چین دەستەبەر دەكەن و 90%ی هەلی كاری نوێ‌ وەدەست دەخەن. ئەو چاكسازییانە وای كرد گۆڕانكارییەكی گەورە ڕوو بدات، بە جۆرێک پشكی تاكی لە كۆی داهاتی ناوخۆ لە 156 دۆلارەوە بۆ 1261 دۆلار بەرز كردەوە، هەروەها قەبارەی ئابووریی لە 1.8% بۆ 18.5% بەرز كردەوە. كۆمپانیا بیانییەكانی لە سفر كۆمپانیاوە بۆ 145 كۆمپانیا زیاد كرد. ژمارەی كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەتی لە سفر كۆمپانیاوە بۆ 52 ملیۆن كۆمپانیای تایبەت بەرز كردەوە. هەروەها ژمارەی دانیشتووانی (12%)ەوە بۆ 63% بەرز كردەوە.

مۆدێرنیزەكردنی كەرتەكان

لە بواری كشتوكاڵییشدا بەرهەمی دانەویڵەی بە ڕێژەیەكی بەرچاو گەشەی كرد. پشكی تاكەكەس لە بەرهەمی خۆراكیدا دەگاتە زیاد لە ٤٧٠ كیلۆگرام، ئەوەش زۆر بەرزترە لە هێڵی ئاسایشی خۆراكی نێودەوڵەتی كە ٤٠٠ كیلۆگرامە. لەگەڵ ئەوەی ئاسایشی خۆراكیان مسۆگەر كردووە، زەوییەكانیشیان لە لەناوچوون پاراستووە.

 لە بواری كارەباییدا 2376 ملیۆن كیلۆوات كارەبای بەرهەم هێناوە. پلانیان هەیە هێڵی ئاسنینی خێرا تاكوو ساڵی 2050 لە 24 هەزارەوە بۆ 50 هەزار كیلۆمەتر بەرز بكەنەوە. چینییەكان وتەیەكی بەناوبانگیان هەیە دەڵێن: “گەر دەتەوێت دەوڵەند بیت، سەرەتا ڕێگا بونیات بنێ‌”، هەر بۆیە دەستیان كردووە بە دروستكردنی ڕێگە و لە ساڵی 2023دا زیاتر لە 177000 كیلۆمەتر ڕێگەیان دروست كردووە بە قیرتاوكردنەوە، ئەوەش جیاوازییەكی زۆری هەیە لەگەڵ ساڵی 1991 كە چینییەكان 300 كیلۆمەتر ڕێگەیان دروست كردبوو.

لە بواری تەكنەلۆژیادا چینییەكان خاوەنی دروستكردنی (یەكەم ڕۆبۆت، فڕۆكەی بێفڕۆكەوان ، وێستگەی وزەی خۆر و كۆپیكردنی مەیموون)ن. لە ساڵی 2022دا زیاتر لە 440 هەزار ڕۆبۆتیان دروست كردووە كە 50%ی فرۆشی جیهان پێک دەهێنێت. پێشبینی دەكرێت پیشەسازیی زیرەكیی دەستكردی وڵاتەكە لە ماوەی ١٠ بۆ ١٥ ساڵی داهاتوودا پێشكەوتنی گەورە بەدەست بهێنێت و قەبارەی بازاڕەكەی بگاتە ٢٤٠ ملیار دۆلار تا ساڵی ٢٠٣٥. ڕۆژنامەی “چاینا دەیلی”  ئاماژەی بەوە كردووە چین 30.6%ی كۆی قەبارەی بازاڕی زیرەكیی دەستكرد پێک دەهێنێت. پلانی چین لە بواری پێشخستی تەكنەلۆژیادا هاوتەریبە لەگەڵ  ئامانجی سەرۆک «شی جینگ پینگ» بۆ بەهێزكردنی چین لە بواری تەكنەلۆژیا پێشكەوتووەكان لە ژێر ڕۆشنایی ناكۆكی لەگەڵ واشنتن لە سەر تەكنەلۆژیا و نیگەرانییەكانی ئاسایشی نەتەوەیی. هەروەها مامەڵەی ئابووریی لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە فراوانتر كردووە، زیاتر لە 730 ملیۆن چینی ئینتەرنێت بەكار دەهێنن، جگە لەوە ڕێژەی مامەڵەكان لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە 13 ترلیۆن یوان بووە لە ساڵی 2021دا.

لە بواری پەروەردەدا چین لە ساڵی 2024دا خەرجییەكانی 10% بۆ بواری توێژینەوە زیاد كردووە. ئێستا 3 هەزار زانكۆ لە چین هەیە. ڕێژەی پەیوەندیكردنی منداڵان بە خوێندنگەوە: 99.9%، 98%ی منداڵانی چین پێش ئەوەی بچنە خوێندنگە فێری خوێندەواری دەكرێن. زیاتر 50%ی ئەوانەی خوێندكاری ماستەر و دكتۆران ئافرەتن. زیاد لە ٢٠٠ ملیۆن چینی خوێندنی باڵایان تەواو كردووە. لە ٦٠٪ی پاڵنەرەكانی گەشەی ئابووریی چین دەگەڕێتەوە بۆ پێشكەوتنی زانستی و تەكنەلۆژی.

 چین بڕە پارەیەكی زۆری بۆ كەرتی تەندروستی خەرج كردووە، بە جۆرێک لە ساڵی 2021دا زیاتر لە 787 بلیۆن یەن تەرخان كراوە. لە بواری تەندروستییشدا ناوەندی تەمەن لە چین لە ساڵی 1949دا، بۆ هەر تاكێک 30 ساڵ بووە، بەڵام لە ساڵی 2022دا زیاتر لە 77 ساڵ بووە. هەروەها چاودێریی تەندروستیی منداڵان كراوە و بە خۆڕایی بووە. ڕێژەی گیانلەدەستدانی منداڵانی تازەلەدایكبوو، ئەوانەی كە بە سروشتی منداڵیان بووە؛ لە 100 هەزار منداڵ تەنها 16 منداڵ گیانیان لەدەست داوە، ئەوانەشی بە نەشتەرگەری منداڵیان بووە؛ لە 1000 منداڵ تەنها 5 منداڵ گیانیان لەدەست داوە. هەروەها چاودێریی تەندورستی لە بواری پشكنیندا، بۆ ئەوانەی بەتەمەنن بە خۆڕایی بووە.

لە بواری ژینگەشدا چین لە سەردەمی «شی جینگ پینگ»دا پلانی گەورەی بۆ داڕشت بە ناوی «گەشەپێدانی سەوز»، كە ئاووهەوای پاک و گرنگیدانە بە سەوزایی، بەڵێنی داوە تاكوو ساڵی 2030 بگاتە كەمترین ئاست لە دەردانی كاربۆنی زیانبەخش و تاكوو 2060 بگاتە كاربۆنی سروشتی و گرنگی بە وزەی پاک بدات. بە مانای ئەوە دێت كە چین دەبێتە خاوەن كەمترین دەردانی كاربۆن لە جیهاندا لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. جیا لەوە، زۆربەی ئۆتۆمبێلەكانی كردووە بە كارەبایی و هەناردەی دەرەوەشی كردووە. بۆ پاراستنی ژینگەی وڵاتەكەی، سوودی لە وزەی پاک وەرگرتووە. لە ساڵی 2022دا لە ڕێگەی باوە 120 ملیۆن كیلۆوات كارەبای بەرهەم هێناوە. چین ئاسمانێكی شینتر و زەوییەكی سەوزتر و ئاوی پاكتر بووە بە خەونی لە سەر ئاستی ناوخۆ. دارستانەكان كۆی گشتیی 24.02%ی ڕووبەری زەوییەكان پێک دەهێنن. ساڵانە 3.6 ملیۆن هێكتار زەوی سەوز دەكات. لە سەر ئاستی جیهانیش، سێیەكی درەختە نوێیەكانی جیهان لە وڵاتی چینن كە ئەوەش ژمارەیەكی گەورەیە و دەكاتە 190 هەزار كیلۆمەتر چوارگۆشە، ئامانجی ئەوەش بۆ هەوای پاک و پاراستنی خاكە لە ڕاماڵین.

لە بواری كولتووریدا چین میوانداریی یارییەكانی ئۆڵۆمپیاد و پێشانگەی جیهانیWorld Expo) ) و ئۆڵۆمپیادی زستانە و كۆنفڕانسی دیالۆگی شارستانیەتە ئاسیاییەكانی كرد، لەگەڵ ڕێكخستنی كۆڕبەندی شارستانیە دێرینەكان كە بووە هۆی بەرەوپێشبردنی ئاڵوگۆڕی كولتووری لە نێوان وڵاتاندا. بەم دواییانەش چین دەستپێشخەریی شارستانیی جیهانیی ڕاگەیاند، كە داوا دەكات ڕێز لە هەمەجۆریی شارستانییەتەكانبگیرێت و لە ڕێگەی فێربوون و پێكەوەژیانی هاوبەشەوە ڕووبەڕووی ئاڵەنگارییەكانی جیهان ببینەوە كە ڕەنگدانەوەی لایەنی كولتووری نوێبوونەوەی چینییە، بۆ فەراهەمكردنی بەرژەوەندیی گشتی لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی كە یارمەتیدەرە بۆ بەهێزكردنی كولتووری مرۆڤایەتی و پێشكەوتنی ئاكاری.

هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی ئاشتی، بابەتێكی چەسپاوە لە مێژووی چیندا. چین لە پێناو گەشەپێدانی ئاشتیخوازانەدا هیچ شەڕێكی بەرپا نەكردووە، دەستدرێژیی نەكردووەتە سەر هیچ كەس و خاكی وڵاتێک. دوای دامەزراندنی كۆماری چینی میللی، دەستپێشخەریی كرد و ژیانی ئاشتیی ڕاگەیاند. لە نێو پێنج ئەندامە هەمیشەییەكەی ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، چین بە زۆرترین ژمارە بەشداری لە هێزەكانی ئاشتیپارێزدا دەكات. چین تاكە وڵاتی نێو پێنج وڵاتی خاوەن چەكی ئەتۆمییە كە پەیمانی بەكارنەهێنانی چەكی ئەتۆمیی داوە. لە نێو پیاوانی دەوڵەتمەدار و كەسانی ئاساییدا كە بەرگری لە فەلسەفەی «ئاشتیی نێوان نەتەوەكان» دەكەن كە فەلسەفەی حوكمڕانییە، باوەڕێک هەیە كە دەڵێت «دۆستایەتی سامان لەگەڵ خۆی دەهێنێت». سەردەمانێكی درێژە كە كولتووری ئاشتیخوازی ڕۆچووەتە نێو تەونی كۆمەڵگەی چینییەوە، تەنانەت لە «هونەری جەنگ»ی «سون تسو»دا كە كتێبێكی سەربازییە و لە لایەن زۆرێک لە ستراتیژزانانی جیهانەوە شایەتیی بۆ دەدرێت، جەخت لەوە دەكاتەوە كە «سەركردەی لێهاتوو ئەو كەسەیە بەبێ شەڕ دوژمن دەبەزێنێت».

تیكتۆک، ئەسپەكەی تەروادە

تیكتۆک تۆڕێكی كۆمەڵایەتییە و لە لایەن كۆمپانیای «بایت دانس»ی چینییەوە خاوەندارێتی دەكرێت. ئەم ئەپە لە ساڵی 2016دا دەركەوت، لە سەر هەردوو سیستمی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس كار دەكات، تەنیا پارچەڤیدیۆی كورت نەبێت بڵاوی ناكاتەوە، ڕكابەری ڕاستەوخۆی ئینستگرامە زیاتر لەوەی ڕكابەری یوتیوب بێت. لە كۆتایی ساڵی 2018دا لە ڕووی داونلۆدكردنەوە لە سەر ئاستی جیهان پلەی سێیەمی بەدەست هێنا، وردەوردە ناوبانگی دەركرد. ئەم تۆڕە كۆمەڵایەتییە جگە لە چین، لە وڵاتانی ئاسیا و ئەورووپا و ئەمەریكا پێشوازییەكی زۆری لێ كرا و لە ساڵی 2020دا دوو ملیار كەس بەكارهێنەری بوون. بەهێزبوونی تیكتۆک بووە جێی ترسی ئەمەریكا، هەر زوو دەستی كرد بە شەڕفرۆشتن بەم ئەپە بە تۆمەتی هەڕەشەی ڕاستەقینە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەكەی و كۆكردنەوەی زانیاری بۆ چین.

یەكەم هەنگاو دژی تیكتۆک لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشووی ئەمەریكادا بوو كە هەوڵی دا قەدەغەی بكات، بەڵام سەری نەگرت. ئەم شەڕفرۆشتنە بەردەوام بوو تا ناوەڕاستی ئەم مانگە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا پڕۆژەیاسای قەدەغەكردنی تیكتۆكی پەسەند كرد بە جۆرێک دەبێت تیكتۆک لە لایەن كۆمپانیایەكی ئەمەریكییەوە بەڕێوە ببرێت نەوەک چینی، ئەگەرنا ئەو ئەپە لە ئەمەریكا قەدەغە دەكرێت. دەزگا هەواڵگرییەكانی ئەمەریكا هۆشدارییان داوە لەوەی تیكتۆک كاریگەریی لە سەر ڕای گشتیی ئەمەریكا دەبێت و بۆ سیخوڕیكردن بەسەر خەڵک و حكومەت، هاوشێوەی ئەسپی تەروادە، بە تایبەتی كە ئێستا نزیكەی 170 ملیۆن ئەمەریكی بەكاری دەهێنن، بەڵام چین ئەو تۆمەتانە ڕەت دەكاتەوە و قەدەغەكردنی ئەپەكە بە پێشێلكردنی ئازادیی ڕادەربڕین دادەنێت.

دەكرێت بڵێین ئەم كارانەی ئەمەریكا دەیكات؛ بەشێكە لەو ململانێ فراوانەی كە پێی دەوترێت جەنگی دەیتاكان، كە ئەم جەنگە هێڵی پێشەوەی پەیوەندییەكانی ئەمەریكا و چینی گرتووە بۆ ئەوەی یەكێكیان سەروەریی خۆیان بەسەر جیهانی دیجیتاڵیدا بسەپێنن لە چوارچێوی هەژموون بەسەر جیهاندا. ململانێكەی ئەمەریكا و چین لە سەر تیكتۆک، لاپەڕەیەكی ترە لە ململانێكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە لە سەر چۆنێتیی بەڕێوەبردن و پاراستن و بەكارهێنانی دەیتاكان لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، هەریەكەیان هەوڵ دەدات ژێرخانی پەیوەندییە ئەلكترۆنییەكان كۆنترۆڵ بكات.

كێبڕكێی توند هەیە بۆ كۆنترۆڵكردنی ژێرخانی دیجیتاڵیی جیهان وەک تۆڕی نەوەی پێنجەم (G5)، ئەوەش بە ڕوونی دەركەوت كە تیكتۆک بووەتە سەرچاوەی هەواڵ بۆ ئەمەریكییەكان، بە تایبەتی لە سەر جەنگی غەززە. جوولەكەكانی ئەمەریكا ئەپەكەیان تۆمەتبار كرد بەوەی لایەنگری فەڵەستنییەكانە نەک جوولەكە. نیگەرانییەكی دیكەی ئەمەریكا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو داهاتە زۆرەی كە تیكتۆک لە ئەمەریكا هەیەتی. بە پێی ئامارەكان، داهاتەكەی لە ساڵی 2023دا گەیشتووەتە 16 ملیار دۆلار، بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو 40 % زیادی كردووە، ئەوەش داهاتێكی زۆرە كە كۆمپانیاكە دەستی دەكەوێت، هەر بۆیە حكومەتی چین ڕەتی دەكاتەوە بە زۆرەملێ‌ ئەم ئەپڵیكەیشنە لە ئەمەریكا بفرۆشرێت. ئێستا بڕیارەكەی ئەنجوومەنی نوێنەران كۆمپانیا چینییەكەی خستووەتە دۆخێكی سەختەوە، حكومەتی چینش دەیەوێت یاری بەو دۆسێیە بكات تا دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا كە بڕیارە لە كۆتایی ئەمساڵ بەڕێوە بچێت.

 

Send this to a friend