• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
May 9, 2024

ئاڵنگارییە ئابوورییەكانی چین لە عێراق

وەرگێڕان و ئامادەكردن: ژیلوان لەتیف یارئەحمەد

وڵاتی چین لە ساڵی (٢٠١٣)ەوە دەستپێشخەرییەكی نێودەوڵەتیی بۆ دامەزراندنی ڕێگەی «ئاوریشمی نوێ» دەست پێ کرد، کە مەبەست لێی دامەزراندنی تۆڕێكی فراوانە لە بەندەر و هێڵی ئاسنین کە نزیکەی (65) وڵاتی جیهان بەیەکەوە دەبەستێتەوە، لەم نێوەندەدا بەشێک لە ناوچەی کەنداوی عەرەب و عێراق نوێنەرایەتیی خاڵێكی گرنگی ئەو گواستنەوەیە دەكەن، کە ئەمەش جێبایەخی ئەو گرنگییە جیۆئابووری و جیۆسیاسییانەی ئابووریی كەنداو و عێراقە كە نەخشێكی گرنگ و كاریگەر لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە دەگێڕن لە پلانەکانی داهاتووی چین لە كەنداو بە گشتی و عێراق بە تایبەتی.

حكومەتەكانی عێراق لە ڕێگەی ڕاپۆرتەكانی ساڵانەی نەخشە و پلانی وەزارەتی گواستنەوە لە ماوەی نێوان (2020-2023)دا، بە ئاشكرا ئەوەیان خستووەتە ڕوو بەغدا دەبێتە وێستگەی سەرەکی لە پڕۆژەی ڕێگەی نێودەوڵەتیی «ڕێگەی ئاوریشمی چینی»، لە «وشکانی و دەریا»، کە بە جارێک ئاسیا و ئەورووپا بەیەکەوە دەبەستێتەوە. ڕاپۆرتی كۆتایی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق لە ساڵی 2023دا لە بارەی كاریگەرییە مەزنەكانی ڕێگەی ئاوریشمی چینی دووپاتی دەكاتەوە كە كاریگەریی فراوانبوونی توانا ئابووری و بارزگانییەكانی عێراق لە مامەڵەی سەرمایەگوزاری و سیاسەتی ئابووریی نوێی چیندا پەیوەستە بە تەواوبوونی دروستکردنی بەندەری گەورەی «فاو» و واژووکردنی گرێبەستێک لەگەڵ كۆمپانیا جێبەجێكارەكانی چین، كە عێراق دەكاتە ناوەندی ڕێگای ئاوریشم کە چین دەیكاتە ناوەندی گرێدانی ئەورووپا بە ئاسیاوە. لەم بارەدا جێبەجێکردنی ڕێگای ئاوریشم لە عێراقدا دەبێتە هۆی دابینکردنی هەزاران هەلی کار و گەڕانەوەی ئابووریی گەورە بۆ وڵات، هاوتای داهاتی نەوت و گاز. ڕاپۆرتەكە ڕوونی كردووەتەوە دوای تەواوبوونی پڕۆژەکە، کەناڵی وشکانی و تەواوكاریی ڕێگەی ئاوی دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە بۆ بەستنەوەی بەندەری فاو ڕاستەوخۆ بە قووڵایی خاكی عێراق بە وڵاتی تورکیاوە، بەمەش هێڵێکی فراوان لە سەر ئاستی ئاسۆیی لە چینەوە بۆ پاکستان و لەوێوە بۆ بەندەری فاو لە ڕێگەی دەریاوە تەواو دەبێت، ڕێگەی وشكانییش دەبێتە تەواوكاری قۆناغی هێڵە ئاوریشمییەكە بۆ گەیشتن بە ڕێڕەوەكانی گەیشتن بە ئەورووپا لە ڕێگەی دەریایی و پاشان هێڵی ئاسنییەوە.

چین، مەزنەوەبەرهێنەرێكی نوێ

وەبەرهێنانەکانی پەکین لە عێراق لە ڕووی بەهای بازاڕەوە وەک گەورەترین وەبەرهێنانی نوێی جیهانی پۆلێن دەکرێت. لە مانگی تەممووزی ٢٠١٩دا “ژانگ تاو” باڵیۆزی چین، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە سەرمایەگوزاریی وڵاتەکەی لە عێراق؛ (20) ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، بەبێ ئەوەی ڕەچاوی پاشماوەی ئەو وەبەرهێنانانەی چین بکات کە وەبەرهێنانی نانەوتین لە عێراقدا.  هەمان كات ڕوونی کردەوە کە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات لە ساڵی 2018دا گەیشتە (30) ملیار دۆلار. هاوكات هاوسەنگیی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات لە هەناردەکردنی جۆرە جیاوازەکانی کەلوپەل و ئۆتۆمبێل پتر لە (60) ملیار دۆلارە بە بەراورد بە هەناردەکردنی نەوتی عێراق، لە كاتێكدا چین ڕۆژانە بە نزیكەیی (800) هەزار بەرمیل لەو نەوتەی عێراق بە ڕێگەی جیاواز كەڵک وەردەگرێت، بەڵام لە كۆتایی ساڵی 2003دا قەبارەی وەبەرهێنانی چین لە عێراقدا پتر لە (75) ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.

سەرەتای پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو لایەن لە کاتی شەڕی ئێران و عێراق دەستی پێکرد، دوای ماوەیەکی کەم لە زیادبوونی هاوردەکردنی چەکی چینی و چەکی بەرگریی ئاسمانی و تەقەمەنیی سەربازی لە لایەن عێراقەوە، بەڵام ئەو بازدانە ڕاستەقینەیەی کە پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان عێراق و چینی فراوانتر كرد، دوای لەشکرکێشیی ئەمەریکا بوو لە ساڵی 2003، بە جۆرێک هەموو ساڵێک بازدانێكی خێرا لە قەبارەی وەبەرهێنانی چینی لەو وڵاتەدا بەدی دەكرێت، لە كاتێكدا تاكوو ساڵی 2002 کۆی وەبەرهێنانی چینی لە 7%ی تێنەپەڕاند، بەڵام ژمارەکە لە ساڵانی ڕابردوودا بەرز بووەتەوە بۆ نزیکەی (30) ملیار دۆلار لە ساڵی ٢٠١٨ و (75) ملیار لە ساڵی 2023دا.

عێراق پەیوەندی بە ڕێگای ئاوریشمەوە دەکات

لە مانگی ئەیلوولی ٢٠١٩، شاندێكی باڵای حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتیی “عادل عەبدولمەهدی” سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق گەیشتە چین و لەوێ ڕایانگەیاند بەغدا پەیوەندیی بە دەستپێشخەریی پشتێنەی چینی و ڕێگای ئاورشیمی چینییەوە کردووە، کە هەوڵ دەدات ئەو ڕێگای مێژووییە زیندوو بکاتەوە و گرنگی بە پڕۆژە ستراتیژییەکان بدات بۆ بەستنەوەی ڕێگاکانی بازرگانیی دەریایی و وشکانی لە یەک كاتدا پێكەوە. ئەم ڕاگەیاندنە لە میانەی دیداری عەبدولمەهدی لەگەڵ “شی جینپینگ” سەرۆککۆماری چین هات، کە دووپاتیان کردبووەوە لە ماوەی 2020 تا 2024، پەکین دەیەوێت خاڵی دەستپێکی نوێ بۆ پاڵپشتیکردنی هاوبەشیی ستراتیژیی نێوان چین و عێراق دابمەزرێنێت و هەردوو وڵات هاوکار دەبن لە پڕۆژەکانی پەیوەست بە نەوت و سەرمایەگوزاری و ژێرخانی چین. هەر بەم هۆیەوە هەردوو وڵات (8) ڕێککەوتن و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنیان لە بوارەکانی دارایی، بازرگانی، ئاسایش، ئاوەدانکردنەوە، پەیوەندییەکان، ڕۆشنبیری، پەروەردە، هاوکاریی نێوان وەزارەتەکانی دەرەوە واژوو کرد، دواتر دوو ڕێککەوتنی نوێی بەدوادا هات، ئەویش لە نێوان وەزارەتی دارایی عێراق و وەزارەتی بازرگانیی چین و دەزگای گەرەنتیی قەرزی چینی لەخۆ گرتبوو سەبارەت بە هاوکاری لە ئاوەدانکردنەوەی عێراق دوای دەیان ساڵ لە شەڕ و ململانێکان، لە بەرانبەردا وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ دیوانی کەشتیوانیی مانگی دەستکردی چین واژوو کرد، هاوکات ژمارەیەک ڕێککەوتنی لە بوارەکانی ئەمنی و دیپلۆماسی و ڕۆشنبیری و پەروەردەیی واژوو کرد.

عادل عەبدولمەهدی لەو سەردانەدا ئاماژەی بەوە دا: “پەیوەندییەکانی عێراق و چین لە باشترین ئاستیدایە و چاوەڕوانی پێشکەوتنەکان بن لە داهاتوودا. هەروەها بەغدا پێشوازی لە وەبەرهێنانە دەرەکییەکان دەکات دوای گەیشتن بە سەقامگیریی ئەمنی. هەروەها دووپاتی کردەوە کە عێراق دوای دەیان ساڵ لە شەڕ و ململانێکان، پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ لە دابینکردنی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بیرۆکراتی، بەڵام شرۆڤەکاران وایان زانی کە ڕێککەوتنەکان گشتی بوون و پڕۆژە و وەبەرهێنانی تایبەتیان تێدا نەبووە، سەرەڕای ئەوەی چ دەیتایەک لە ساڵانی ڕابردوودا ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە لەوێ گەشەسەندنی خێرای پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بووە. لەگەڵ هاتنی وەبەرهێنانی چینی، عێراق نزیکەی (20) ملیار دۆلاری هەیە، لە کاتێکدا کۆمپانیاکانی زۆربەی گرێبەستە نوێیەکانی نەوتیان پێک هێناوە، ئەمە جگە لە زیادبوونی پشکی عێراق لە نەوتی چین هاوردەکردن و ئەنجامدانی ڕێککەوتنی هەردوو لا بۆ هەڵگرتنی نەوتی عێراق لە چین.

گەنگەشە و ئاڵۆزییەكان

چەند کێشەیەک لە پرسەکانی وەبەرهێنانی چینی لە عێراقدایە، لە هەردوو ئاستی سیاسی و ئابووریدا، لە ژێر ڕۆشنایی ڕەتکردنەوەی ناڕاستەوخۆی ئەمەریکا بۆ دەركەوتنی كاریگەرییەكانی چین لە عێراق. هەندێک لە پسپۆڕان دەبینن کە وەبەرهێنانەکانی پەکین لە عێراق زیانێكی پێشهاتووی بۆ بەغداد تێدایە. ئەحمەد ئەلعوبەیدی؛ ڕۆژنامەنووسی ئابووری، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ “نون پۆست”، پێی وا بوو کە کۆمپانیا چینییەکان کە لە عێراق کار دەکەن، کارەکانیان لە سەر بنەمای هێزی کاری چینی دامەزراندووە، کە زۆر جار بە دەستی سادە و هەزران پێناسە دەکرێت، بە شێوەیەک کە پێچەوانەی بەرژەوەندیی گشتییە لە وڵاتێكی وەک عێراقدا، کە ڕێژەی بێکاری بە ڕێژەیەکی بەرز تۆمار کراوە و گەیشتووەتە 22.6% لە ماوەی ساڵێکدا.

سەبارەت بەو 8 ڕێککەوتنەی کە بەغدا لەگەڵ چین واژووی کرد، ئەلعوبەیدی دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی زیاتر لە 7 ڕێککەوتنی پێشووی واژوو کردووە، بەڵام ئاكامێكی ئەوتۆی نەبووە، لە نموونەی سەردانەکانی جەلال تاڵەبانیی سەرۆکی کۆچکردوو لە ساڵانی 2004 و 2007 و سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق نووری مالیکی و حەیدەر عەبادی، کە لە ماوەی نێوان ساڵانی ٢٠٠٨ بۆ ٢٠١٥ سەردانی وڵاتی چینیان کردووە. هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە ڕێککەوتنەکانی ئەم دواییە بە مانای هاتنەناوەوەی کۆمپانیا چینییەکان بۆ وەبەرهێنان نییە لە عێراقدا، بەو پێیەی ڕێككەوتنەكان مەرجدار نین، بەو مانایەی وەبەرهێنان بە ئەندازەی ڕێکخستنی ئابووری بێت کە ڕەنگە دواتر ببێتە هۆی وەبەرهێنان ئەگەر مەرجی گونجاو لە بەر دەستدا بێت. ئەمانە لە كاتێكدا کە عێراق بەردەوام بەدەست لاوازیی ڕاکێشانی وەبەرهێنانی دەرەکییەوە دەناڵێنێت، لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی بیرۆکراتیی کارگێڕی لە وەزارەتە جیاجیاکاندا، بە شێوەیەک کە وا دەکات وەبەرهێنەرەکە لە نێو ڕێكارە ڕۆتینییەکاندا دەخولێتەوە کە ماوەیەکی زۆر دەخایەنێت، ئەمەش ئەو مەترسییەیە کە وەبەرهێنەران بە زۆری لێی دوور دەکەونەوە.

لەگەڵ ئەوانەشدا، بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی وەبەرهێنان و ئابووری لە پەرلەمانی عێراق، پشتگیرییان لەو بۆچوونانە کرد کە ترسیان لە هاتنەناوەوەی چین هەیە، هۆشدارییان دەدا و ناویان لێ نا “تەڵەی هاوبەش لەگەڵ چین بە پێی ئەو ڕێیازانەی پێشنیار کراون”.

لیژنەكە ئاماژەی بە شێوازی کارکردنی کۆمپانیا چینییەکان کردووە کە بە پاڵپشتی لە حکومەتەکەیانەوە دێن، بۆ ئەوەی زۆرترین ژمارەی چینی لە دەرەوەی وڵات دابمەزرێنن. کۆمپانیا چینییەکان قازانجەکانیان لەگەڵ کەسدا دابەش ناکەن، زۆرێک لەو کۆمپانیایانە پشت بە دامەزراندنی كۆتوبەندكراو و خۆڕایی دەبەستن لە بەرامبەر کەمکردنەوەی سزاکانیان. ئاماژە بەوە دەکەن کە عێراق پێویستی بە هێزی کار نییە، بەو پێیەی عێراقییە بێکارەکان چاوەڕێی ئەوەن هەلی کار بەردەست بێت.

وزە، گۆڕەپانی سەرەکیی وەبەرهێنان

کۆمپانیا چینییەکان بە گەورەترین وەبەرهێنەران دادەنرێن لە بواری وزە لە عێراقدا و ئەمەش بە شێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو یەدەگە زۆرەی کە لە عێراقدا هەیە، ئەمە جگە لە ئاسانکاریی دەرهێنانی نەوت بۆ ئەو کۆمپانیایانە. بە وتەی د. ئەحمەد سەددام عەبدولساحیب (توێژەر لە بواری بازرگانی و گواستنەوەدا) بۆ کەناڵی “جەزیرە نێت” ڕوونی کردەوە ئەو دەرفەتە وەبەرهێنانانەی کە لە دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ساڵی 2011دا کەوتە بەردەست، ئەم هەنگاوە كارئاسانیكرد بۆ مامەڵەی هێزو لایەنە سیاسیی و حكومەییەكانی عێراق، تاكو  زیاتر لە كۆمپانیا چینییەكان نزیكببنەوە و لە بەرانبەردا رۆڵی كۆمپانیا ئەمریكی و بەریتانییەكان پەراوێز بخەن، بەو هیوایەی کۆمپانیا چینییەکان قورسایی وەبەرهێنانیان ببێنە ناوچەكە و عێراق بكەنە مەكۆی وەبەرهێنانی وزە، بەتایبەت كە پەکین ساڵانێکە هەوڵی فراوانکردنی وەبەرهێنانەکانی لە بوارەکانی وزە لە عێراق دەدات. بە پێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی «بێرت بارت»ی بەریتانی، چین کار دەکات بۆ وەبەرهێنانی ملیارەها دۆلار لە ژێرخانی وزە لە عێراق، بە تایبەتی لە بواری کێڵگە نەوتییەکانی عێراق لە ناوەڕاست و باشووری ئەو وڵاتە. هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە بەغدا نوێنەرایەتیی گرنگی ستراتیژی و سەربازی دەکات بۆ حکومەتی چین، بە مەبەستی دەستەبەرکردنی ستراتیژیە گەورەکەی بە ناوی «یەک پشتێن – یەک ڕێگا»، کە بڕیارە تا ساڵی ٢٠٥٠ هەردوو ئەورووپا و ئاسیا بە چینەوە ببەستێتەوە. بەم پێیە هەر پەیوەندییەک لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ چین گرنگییەکی ئەوتۆی هەیە، بە هۆی پێویستیی گەورەی هاوردەکردنی نەوت و گاز كە مەزنترین هاوردەکاری جیهانییە بۆ نەوت و سەرچاوەکانی وزە لە جیهاندا و هەر کەموکورتییەک لە دابینکردنیدا ڕەنگە ببێتە هۆی پاشەکشەیەكی گەورەی ئابووری و دابەزینی ڕێژەی گەشەسەندن، لە کاتێکدا دەرفەتێکی گەورەیە بۆ چین تاكوو لە ڕێگەی عێراقەوە بۆ هاوردەکردنی نەوت بچێتە دەرەوە.

لە کاتێکدا چین بە گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی عێراق دادەنرێت، لە ماوەی (2020-2023) وەبەرهێنانەکانی چین لە بواری وزەدا لە پڕۆژەکانی پەرەپێدانی پیشەسازیی نەوت و ژێرخانەکەیدا دوو هێندە زیادی كردووە، بە تایبەتی لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور؛ وڵاتی چین دەستی کردووە بە وەبەرهێنان لە کێڵگەی نەوتی گەورەی «ئەلئەحداب» لە پارێزگای واست، کە بەرهەمەکەی لە لایەن کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی چینییەوە بەڕێوە دەبرێت. دووەم و گەورەترین کێڵگە؛ کێڵگەی حەلفایە لە شارەکەدا، کە کۆمپانیای “ئامارا” پێشتر یەدەگی گەورەی ئەم نەوتە خاوەی خەمڵاندووە.کۆمپانیای چینیی “CNPC”، کە 50%ی کۆی وەبەرهێنانەکانی لەوێ پێک دەهێنێت، جگە لە پەرەپێدانی کێڵگەکانی دیکەی لە نموونەی (ئەلبازارکان، ئەلفەکا و حەفەیا) لە پارێزگای میسان، بەبێ ئەوەی پڕۆژەی پاڵاوگەی نەوت لە بەندەری فاو لە بەسڕە لەبیر بکەین، کە -ساڵێک لەمەوبەر- دوو کۆمپانیای چینی بە ناوەكانی «China Power» و «Nerco» دانوستانیان کرد بۆ جێبەجێکردنی، ئەمەش بەو مانایەیە کە کۆمپانیا چینییەکان هێشتا گەورەترین وەبەرهێنەرن لە عێراقدا لەم بوارەدا.

تایبەتمەندییەکانی عێراق لە نێو «ڕێگای ئاوریشم»دا

گەلێك هۆكاری تایبەت و جۆراوجۆر هەن دەبارەی گرنگیدانی پەکین بە عێراق، لەم بارەدا “ڕێگای ئاوریشم” مەزنترین پڕۆژەی ستراتیژیی ئابووریی چینە، بە جۆرێک ڕاپۆرتێکی “ناوەندی پەیوەندییەكان” دەستنیشانی چەند هۆكارێكی كاریگەر بۆ بایەخی عێراق لە نێو پڕۆژەی “ڕێگای ئاوریشم” دیاری كردووە، چونكە عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە و خاوەنی سەرچاوەی گەورەی نەوت، ئاو، کانزا، کشتوکاڵ و سامانی جۆراوجۆرە، ئەمەش وای لە چینییەکان کرد بیر لە کارکردن و وەبەرهێنانی نوێ لە عێراق بکەنەوە، چونکە چین پێویستییەکی زۆری بە وزە هەیە، بۆیە چاوەڕێی ئەوە دەکەن لە دەستەبەرکردنیدا ڕووبەڕووی کێشە ببنەوە. ئەم دەستپێشخەرییە لە پاڵپشتیکردنی عێراق بایەخی خۆی هەیە، ئەویش بۆ برەودان بە ژێرخان و گەشەپێدانی لایەنی ئابووری و گەشەپێدان.

بە گوتەی شارەزایان، چین یەکەم وڵاتی بەکارهێنەری وزەیە لە ساڵی 2020دا، پێشبینییش دەکرێت تا ساڵی 2025 بەکارهێنانی نەوتیان نزیکەی (15) ملیۆن بەرمیل بێت لە ڕۆژێکدا، لە کاتێکدا ئەمڕۆ 6.5 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەکار دەهێنن، لە نێویاندا (4) ملیۆن بەرمیل نەوتی خۆیان دەربهێنن. بەم شێوەیە بڕی ئەو نەوتەی لە دەرەوە هاوردە دەکەن، دەبێتە ٢.٥ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا. ئەگەر چین بەم شێوەیە لە گەشەكردن بەردەوام بێت بەراورد بەو ڕێژەیەی لە 20 ساڵی ڕابردوودا بەدەستی هێناوە، بەم پێیە پێویستی بە بڕێكی زۆر لە بەرهەمهێنانی وزە هەیە، بە تایبەت كە تا ئێستا 65%ی وزەی چین ڕەژووە، تەنها 30%ی نەوت و گاز و 5%ی بەرهەمهێنانی وزەی ئەتۆمی و ڕیاكتۆر (Reactor) و سەرچاوەكانی تری وزەیە.

بە گوێرەی هەمان ڕاپۆرت، چینییەکان لە ڕوانگەی جوگرافی، شارستانی، میرات و کولتوورەوە كاریگەرییان دەنوێنن بە لەبەرچاوگرتنی عێراق وەک یەکێک لە چوار وڵاتی شارستانیی جیهان: (چین، میسڕ، هیندستان، عێراق)، ئەوان دەیانەوێت بە شێوەیەکی کاریگەر بەشداری بکەن لە ئاوەدانکردنەوەی عێراق و وەبەرهێنانی سەرمایە تێیدا، بەو پێیەی پارەیەکی زەبەلاحیان هەیە و چین یەکەم وڵاتی پیشەسازییە لە ڕووی یەدەگی داراییەوە.

“ئەحمەد بەرواری” باڵوێزی عێراق لە چین، ماوەیەک لەمەوبەر ڕایگەیاند پەیوەندییەکانی چین و عێراق لە پاشخانی دەستپێشخەریی پشتێن و ڕێگاوبان؛ ستراتیژێکی گرنگی ئابووریی هەیە، جەختی لەوە کردەوە کە دەستپێشخەریی “پشتێنە و ڕێگا” بۆ عێراق گرنگە بەو پێیەی لە ڕووی مێژووییەوە دەکەوێتە سەر ڕێگای ئاوریشم، هەر بۆیە ئێمە خۆمان بە بەشێک لەو دەستپێشخەرییە دەزانین لەو کاتەوەی کە لە لایەن “شی جینپینگ”ی سەرۆکی چینەوە پێشنیار کراوە.

گۆڕانی عێراق بەرەو پەکین لە کاتێکدا بوو کە زۆرێک لە وڵاتان پێشبڕکێیان دەکرد بەرەو مۆدێلی چینی، کە بەڵێنی پڕۆژەی ژێرخانی زەبەلاح پێشکەش دەکات بەبێ مەبەست و ڕێبازێكی سیاسی لە پشتیەوە، هەروەک چۆن ئەزموونەکانی پێشووی لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپیدا هەیە. بەڵام کردنەوەی دەرگاکانی عێراق بە ڕووی کاریگەریی ئابووریی چیندا دەبێتە هۆی ورووژاندنی تووڕەیی واشنتن، کە شەڕێکی بازرگانی بۆ بەرپەرچدانەوەی خێرای سەرهەڵدانی نفووزی ئابووریی چین بەڕێوە دەبات. هەر بۆیە لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئەمەریکا فشاری خستە سەر بەغدا بۆ ئەوەی گرێبەستی گەورە لە پڕۆژەکانی کارەبای عێراق بدات بە کۆمپانیا ئەمەریکییەکانی وەک “جەنەراڵ ئێلیکتریک”، بەڵام ڕووبەڕووی لایەنگریی عێراق دەبێتەوە بەرامبەر بە کۆمپانیاکانی وەک “سیمێنس”ی ئەڵمانی و کۆمپانیا چینییەکان. ئەمانەش لە كاتێكدا كە کۆمپانیای “ئینێرجی ئینتلێجنس” بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان ئاشکرای کرد کە بەغدا هەنگاو دەنێت بۆ هەڵبژاردنی کۆمپانیا چینییەکان بۆ جێگرتنەوەی “ئێکسۆن مۆبیل” لە پڕۆژەیەکی زەبەلاحی ژێرخانی نەوتدا.

ئەلتەرناتیڤی نەوت لە نێو پڕۆژە ستراتیژییەكەی مۆدێلی چینیدا

لایەنگرانی ڕێگای ئاوریشم لە عێراقدا وەک ئەلتەرناتیڤی پشتبەستن بە داهاتی نەوت تەماشای دەكەن، ئەویش وەک هەنگاوێک کە ڕەنگە سەرکەوتوو بێت لە ڕزگارکردنی ئەو دۆخە مەترسیدارەی عێراقی تێ كەوتووە، بە تایبەت پاش ئەو دۆخە سەختەی لە ساڵی 2021دا تێی كەوت، كە دەكرێت بەكارهێنانی فاكتی چینی ئەزموونێک بێت بۆ ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی، بە تایبەت قەرزکردن بەبێ هیچ کارێکی ئەوتۆ لە سەر داهاتی نانەوتی، ئەمەش وڵات دەخاتە دۆخێکی زۆر سەختەوە. بەم پێیە بەشێک لە شەقام و سیاسەتمەدارانی عێراقی لەو باوەڕەدان ڕێککەوتنی چینی و پڕۆژەی گەورەی بەندەری فاو، تاکە سەرچاوەی هیوایە لە سەر گۆڕەپانەکە لە بەر ڕۆشنایی قەیرانی ئابووریی ئێستا.

شارەزای ئابووری «عەبدولحەسەن ئەلشەمەری» لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەی “ڕاستی لە کوێیە” لە ڕادیۆی “سپۆتنیک”ی ڕووسی، وتی: “ئەم دوو چارەسەرە درێژخایەنن، لە کاتێکدا عێراق پێویستی بە چارەسەری زۆر نزیکە، ​​بەندەری فاو پێویستی بە ماوەی سێ بۆ چوار ساڵ هەیە بۆ تەواوکردنی. سەبارەت بە ڕێککەوتنی عێراق و چینیش، تاكە پەیوەندییەک ئەوەیە کە عێراق نەوت دەخاتە بەرامبەر ئەو پڕۆژانەی کە لە لایەن کۆمپانیاکانەوە ئەنجام دەدرێن. ڕوونیشی کردەوە تاكوو کۆتایی ساڵی 2020 ڕێژەی قەرزەكانی سەرشانی عێراق گەیشتبووە (24) ملیار دۆلار، بۆیە پێویست بوو بۆ چەند ساڵی دواتر بەدوای چارەسەری تردا بگەڕێین کە سەرچاوەیەكی كاریگەر بۆ بودجە دابین بکەن، ئەویش پاڵپشتیکردنی کەرتی تایبەت بوو. بەم پێیە بەندەری گەورەی فاو و ڕێگای ئاوریشم لە ساڵی یەکەمدا (50) ملیار دۆلاری تێ چووە، واتە بە ڕێژەی 20% لە داهاتی نەوت، بەڵام تاكوو قۆناغی كۆتایی ئەم ڕێژەیە نزیك دەبێتەوە لە (500) ملیار دۆلار. هە ر بە پێی دەیتاکانی ماڵپەڕی «بەدواداچوونی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان»، هەناردەی نەوتی خاوی عێراق بۆ چین بە 44%ی کۆی هەناردەکردنی نەوت مەزەندە دەکرێت، ئەمەش گوزارشتە لە بەهێزیی پەیوەندییە ئابوورییەکانی چین و زیادبوونی پێویستیی چین بۆ نەوت، بە تایبەتی نەوتی خاوی عێراق.

بەندەری (مینا) شاڕێی  گرێدانی رۆژهەڵات بە ڕۆژئاواوە

لە چوارساڵی رابردوودا، حكومەتی عێراق مەزنترین پڕۆژەی جیۆئیكۆنۆمیی و بارزگانی لە ئاورێژگەی عەرەب و كەنداو  بۆ بەستنەوەی جموجوڵی ئابووریی رۆژهەڵات بە قووڵایی ئەوروپاوە راگەیاندووە، پڕۆژەكە بونیادنانی گەورەترین بەندەرە لە كەناراوەكانی شاری بەسرە، كە بەندەری (مینا) بە (فاو)ەوە دەبەستێتەوەو لە رێگەی مەزنە كۆمپانیاكانی چین بە سەرۆكایەتی گروپەكانی كۆمپانیای (Daewoo)ی چینی نەخشەی ئەندازیاریی و  هێڵكاریی ستراتیجی بۆ كراوەوە و خاوەندارێتی و بەرپرسیارێتی جێبەجێكردنی لە ئەستۆ گرتووە، لەم رێگەیەوە شاری بەسرە دەبێتە مەكۆیی  دەست بەسەرداگرتنی رێگەی دەریایی كەنداو، ئاسیا و ئەوروپا و باشووری شاری بەسرە بكرێتە گەورەترین ناوەندی ترانزێت و ئاڵۆگۆڕو گواستنەوەو باركردن كۆنتێنەرە بارزگانییەكان، وەك بەشێك پڕۆژەی رێگەی ئاوریشمی نوێ، كە پلانی (30) ساڵەی چینییەكانە بۆ  پەكخستن و قوتدانی ئابووری ئەمریكا و كۆتوبەند كردنی ئەوروپییەكان و لە قاڵبدان و كۆكردنەوەیان لەژێر بەیداغی هەنگاوە جیۆئیكۆمۆنییەكانی داهاتووی چین.

پڕۆژەكە  بەشێكە لە ئەڵقە بنچینەییەكانی بارزگانی و رایەڵەی ستراتیجی چینییەكان كە بە كەناڵی دووی رێگەی ئاوریشمی نوێ ناوی دەبەن، بەو پێیە لە رێگەی هێڵێكی شمەندەفەرەوە، جوڵەی بارزگانی (18) وڵاتی جیا بە ناوەندی وزە و هێزی ئابووریی ئەوروپا بە شێوەیەكی راستەوخۆ دەبەستێتەوە، تێیدا (186) ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانكراوە، بڕیارە تاكو كۆتایی ساڵی 2024 گوژمەی (20) میلۆن دۆلاری تری بۆ دابین بكرێـت، بەو پێیەی پڕۆژەكە لە نێو ئاورێژگەی كەنداودا، لە بەشی یەكەمیدا تونێلێكی مەزن بە درێژایی (2444) مەتر درێژیی و (18) مەتر بەرزی لە خۆ گرتووە و رێگەی ئاویی بەسرە و كەنداو دەكاتە وشكانی و تێچووی  باركردن و گواستنەوە بە رێژەی (31%) هەرزانتر دەكات، بەشی دووەمی پڕۆژەكە بیتییە لە بەیەك گەیاندنی رێگەی (فاو و ئوم قەسر) لەگەڵ هێڵەكانی ئاسنی (عێراق – توركیا).

پڕۆژەكە (9) هەزار كرێكار و (500) ئەندازیار و سەرپەرشتیار  و زیاتر لە (2) هەزار ئامێر و كەرەسەتەی پێشكەوتوو لە ژێر ئاودا بۆ ماوەی (4) ساڵ بەشێوەی (24) كاتژمێر كاری تێدا دەكەن، (ژین ۆن كین) بەڕێوەبەری جێبەجێكراری كۆمپانیای (Daewoo)ی چینی كە دروستكردنی تونێلەكەی لەئەستۆدایە دەلێت : ” عێراقی دوای بەندەری مینا و تونێلی مەزنی بەسرە جیاوازەو عێراقی ئێستا لەبیر دەكرێت”، بەم پێیە دەروازەكانی تونێل و بەندەری (مینا) دەبنە گەورەترین ناوەندی دەستپێك و كۆتایی ئاڵوگۆڕی كەل و پەل و كاڵاكانی ئاسیا بۆ ئەوروپا و بە پێچەوانەوە، بەجۆرێك بایەخی رێگەی ئاسمانی و ئاویی دەپووكێنێتەوەو  قورسترین و گەورەترین كاڵا هەمەچەشنەكانی جیهانی تێدا ئاڵوگؤڕ دەكرێت و لە كورترین ماوەدا بە باركردن و گواستنەوەدا دەگەنە جێ،  لە ئێستاشدا چەندین كۆمپانیان لە بوارەكانی (ئاسن، كەرەستەی بیناسازی، ئۆتۆمبێل، خواردن، مۆبایل… هتد) پشكی كارگۆكانی باركردن و گواستنەوەیان تۆماركردووە، بەم پێیە بە تەواوی بوونی پڕۆژەكە عێراق و بەسرە دەكەونە سەر هێڵی (بارزگانی خێرای جیهان) ناسراو بە (رێگەی ئاوریشمی نوێ)، هەر بۆیە بەر مەبنای مەزنی پڕۆژەی بەندەری (مینا)ی بەسرە، ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە لەماوەی ساڵانی (2014، 2017، 2022) (12) پڕۆژەی جۆراوجۆریان لەبارەی ناساندنی بەسرا وەك هەرێمێكی سەربەخۆو فیدراڵ داوەتە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، زیاتر لەوە ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە و دەورەبەری لە دوو یاداشتی جیاوازدا، بە پاڵپشتی بایەخ و هەڵسوڕانی ئابووریی چین و پشتیوانییەكانی لە سێكتەری ئابووریی شارەكە، پێداگربوون لە كشانەوەی پاشماوەی هێزەكانی هاوپەیمانان و ئەمریكا لە عێراق بەگشتی و ناوچەكەیان بەتایبەتی.

کێشە لەگەڵ واشنتن

لە ساڵی 2020دا، لە چاوپێکەوتنێکدا کە ڕۆژنامەی “واشنتن پۆست” بڵاوی کردەوە، “مستەفا کازمی”ی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق باسی لە ئایندەیەکی هاوشێوەی پێشكەوتنەكانی ئەورووپا كرد لە ناوچەكانی كەنداوی عەرەبی و عێراقدا، لەگەڵ ڕۆیشتنی ئازادتری سەرمایە و تەکنەلۆژیا. لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە دەربارەی لوتکەی سێ قۆڵییەکەی نێوان عێراق، ئوردن و میسڕ و كاریگەریی لە سەر لێکنزیکبوونەوەیان لەگەڵ چین لێ كرا، دانی بەو ڕاستییەدا نا كە كارگەریی ئایندەی ڕێگەی ئاوریشمی چین لە عێراقدا زیاتر دەبێت لە هەر ناوچەیەكی تر. دواتر لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەی “ڕاستی لە کوێیە” لە ڕادیۆی “سپۆتنیک”، شارەزای ئابووری “مازن ئەلئەشایکار” وتی: “لێدوانی هاوشێوەی سەرۆکوەزیرانی پێشوو هەبوو، بەڵام هیچمان لە سەر زەوی نەبینی، ناکرێت ئەو پرسە بە ڕێککەوتنی سەدەیەکەوە ببەسترێتەوە، بەو پێیەی عێراق بەشێک نییە لەم ڕێککەوتنە، بەڵکوو ئەو پرسە پەیوەندیی بە هاوبەشی ئابوورییەوە هەیە، هەمان كات بەشێکە لە ململانێیەکی ئەمەریکا و چین.”

زەمینە سازییەكانی چین بۆ جڵەوكردنی ئابووری عێراق، حكومەتی “محەمەد شیاع سودانی” خستووەتە بەردەم بەرپرسیارێتییەكی گەورە لەبەرانبەر ئەمریكادا، هەرچەندە سودانی لە مانگی شوباتی 2024 شاندێکی ناردە بۆ واشنتۆن، تاكو دڵنیایی لە پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا بدات، لە پاش گەڕانەوەیان سودانی هەوڵی مامەڵەكردنی لە گەڵ ئەو کێشانەدا كە هەڕەشەن لەسەر سەقامگیریی ئابووری، ئاینی و گرفیتی گرووپە چەكدارەكان، بۆ راستاندنی هەنگاویی كردەیی حكومەت، سودانی لە 15ی نیسانی 20224 لە سەردانێكیدا بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، هەوڵیدا بەجۆرێك وێنای عێراق بکات کە جێگایەکی سەقامگیرو کراوەو گوێڕایەڵە بۆ  وەبەرهێنانی رۆژئاوا، جیا لە مانۆڕی چینییەكان، بۆیە زیاتر جەخت لە سەر وەزارەتە ئابوورییەکانی وەک نەوت، بازرگانی و  بانكە وەبەرهێنەرەكان لە نموونی ( PR) كردەوە، ئەمە لە كاتێكدا سەرباری واژووكردنی (18) رێككەوتنی ئابووری و بارزگانی مەزن لەگەڵ ئەمریكادا، كردنەوەی نوێنەرایەتی كونسوڵی عێراق لە تەكساس پەیامێکە بۆ گرنگی نەوت لە پەیوەندییەکەدا، لەلایەكی ترەوە سودانی و تیمەكەی بە نزیكبوونەوەیان لە ئەمریكا هەوڵدەدات لە ئایندەدە دەرفەتێك بداتە خۆی بۆ بونیادنانی وێنایەك كە وەک پیاوی دەوڵەتمەدارو نزیك لە ئەمریكا نیشانبدات و دووپاتی بكاتەوە كە هەڵەی حكومەتەكانی پێشوو لە مامەڵەیان لەگەل دۆخی ئابووریی و بارزگانی دووبارە ناكەنەوە، ئەمە لە كاتێكدا دڵنیایی زیاتر بۆ كارڕایی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان باڵاتر دەكات.

سەرچاوەكان

  • الجزیرة (7/7/2021)، “استثمارات ضخمة ومشاريع إستراتيجية.. لماذا تسعى الصين للتوسع في العراق؟”، https://shorturl.at/ijrGH.
  • مركز أبحاث ودراسات مينا (8/2/2020)، “طريق الحرير بين الصين والعراق.. جدل الممكن وآمال بغداد”، https://shorturl.at/kmOU9.
  • فراش محمد صبار و خطاب سعید محبمبد (2022)، “العلاقات الاقتصادية العراقية الصينية للمدة 2003-2020″، https://jaa.tu.edu.iq/index.php/jaa/article/view/561.
  • خالد الطائی: (27/7/2023)، مستقبل واعد لميناء الفاو الكبير بالعراق رغم التأخيرات في إنجازه، المشارق، https://shorturl.at/cgntS
  • سكای نیوز العربیة (7/12/2022)، العراق ينهي المرحلة الأولى من ميناء الفاو الكبير بالبصرة، https://shorturl.at/dguFI
  • صافيناز محمد أحمد، (15/4/2024)، زیارە السودانی للولایات المتحدة، لالات التوقیت و تحدیات الملفات الصعبة، المركز الأهرام للدراسات السیاسیة و الاستراتیجیة، https://shorturl.at/nJV

 

 

Send this to a friend