• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
July 10, 2023

قەیرانی ئۆتۆمبیل لە ئێران؛ بەریەككەوتنی حكومەت و پەڕلەمان

توێژەر: یاسین عزەم- توێژەر

بەرایی

ناڕەزایەتی خەڵك لە گرانی نرخی ئۆتۆمبیل، پەڕلەمانی ئێرانی ناچار كرد، بۆ جاری دووەم بانگهێشتی وەزیری پیشەسازی و كانزاكان و بازرگانی بكات بۆ لێپرسینەوە، ئەوە بۆ جاری دووەم بوو كە لەماوەی كەمتر لە ساڵێكدا وەزیری ناوبراو بۆ لێپرسینەوە بانگهێشتی پەڕلەمان بكرێت. ڕەنگە لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا بۆ جاری یەكەم بێت كە وەزیرێك لەماوەی كەمتر لە ساڵێكدا دوو جار لێپرسینەوەی لێبكرێت و متمانەی لێبسەندرێتەوە، هەرچەندە گرانی نرخی ئۆتۆمبیل بەشێكی پەیوەندیدارە بەو سزا ئابوورییانەی كە لە لایەن ئەمریكاوە بەسەر ئێراندا سەپێندراوە، بەڵام ژمارەیەكی زۆر لە پەڕلەمانتاران پێیان وابوو، وەزیری پیشەسازی و باندەكانی مافیای ئۆتۆمبیل بەرپرسن لە گرانی نرخی ئۆتۆمبیل، بەجۆرێك ئەو باندانە دەستیان گرتووە بەسەر بازاڕەكانی فرۆشتنی ئۆتۆمبیل و بە ئارەزووی خۆیان نرخی لەسەر دادەنێن، لەو نێوانەشدا وەزیری پیشەسازی نەیتوانیوە هیچ ڕێكارێكی گونجاو بگرێتەبەر بۆ كۆتایی هێنان بەو دۆخەی كە لە وڵاتدا دروست بووە، ئەوە جگە لە تۆمەتباركردنی وەزیر بە گەندەڵی و كەمتوانایی لە بەڕێوەبردنی كارەكانی وەزارەتدا.

 قەیرانی ئۆتۆمبیل

بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی ئۆتۆمبیل، لەپێشانگاكانی فرۆشتنی ئۆتۆمبیل و بازاڕی ڕەش، بووەتە مایەی ناڕەزایەتی هاونیشتیمانیانی ئێرانی، گرانبوونی ئۆتۆمبیل لەماوەیەكی كەم بەڕێژەیەكی زۆر، وای لە كاربەدەستانی دەوڵەت كرد بێدەنگی بشكێنن. ئەوە لەكاتێكدایە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبیل لەو بەرزبوونەوەی نرخە هیچ سوودێك نەبینن، بەڵكو ئەو زیادەیە لە نرخ دەچێتە گیرفانی ئەو لایەنانەی كە مامەڵەی پێوە دەكەن لە بازەڕەكانی فرۆشتندا. كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبیل لە ئێستادا بەشێوەی تیروپشک ئۆتۆمبیلەكانیان دەفرۆشن بە بەكاربەر، لە ڕێگەی تۆماركردنی ناوی ئەو هاووڵاتییانەی كە دەیانەوێت ئۆتۆمبیل بكڕن، بۆ ئەو مەبەستەش كارتی نیشتیمانی بەكاردەهێنن، هاووڵاتیش دەتوانێت تەنها داوای كڕینی یەك ئۆتۆمبیل بكات لەڕێگەی كارتی نیشتیمانییەكەیەوە، ئەوەش هۆكارێكە بۆ ئەوەی ئەو هاووڵاتییانەی كە خۆیان توانای كڕینیان نییە، كارتەكانیان بفرۆشن بەو كەسانەی كە دەیانەوێت لە تیروپشکدا بەشداری بكەن، بە ئومێدی ئەوەی ئۆتۆمبیلێكیان بۆ دەربچێت، تا لە بازاڕەكانی فرۆشتن بە گرانتر بیفرۆشنەوە.

جیاوازی گەورەی نرخی ئۆتۆمبیل لە كارگەكانی بەرهەمهێنان و بازاڕی ڕەشی فرۆشتن، بووەتە هۆكاری ئەوەی كە خەڵكانێكی زۆر ڕوو لەو بازاڕانە بکەن، بە مەبەستی بەدەستهێنانی قازانج، ئەوەش جارێكی دیكە كاریگەری كردۆتە سەر گرانبوونی نرخی ئۆتۆمبیل لەو وڵاتە.

دیاریكردنی نرخی ئۆتۆمبیلی بەرهەمهێنراو لە لایەن كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانەوە لە ئێران، لە لایەن دەوڵەتەوە دەستنیشان دەكرێت، بەڵام بڕیار درا گۆڕانكاری لەوەدا بكرێت و كۆمپانیاكان سەرپشك بكرێن لە بەرهەمهێنان و دیاریكردنی نرخی فرۆشتنی لە بازاڕەكانی ئۆتۆمبیل، هەرچەندە بڕیارەكە دەركرا، بەڵام نەك نەچووە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵكو كۆمپانیاكان چاوەڕێی ئەوە دەكەن كە نرخێكی نوێیان بۆ دیاری بكرێت تا بە ڕێژەیەكی بەرزتر ئۆتۆمبیلەكانیان بە بەكاربەران بفرۆشن، ئەوەش وای كردووە لە ئێستادا بڕی بەرهەمهێنان كەم بكەنەوە و ئەوەشی كە بەرهەمیان هێناوە نەیخەنە بازاڕەوە. ئەو دۆخەی كە دروست بووە بەشێوەیەكی بەرچاو كاریگەری لەسەر نرخی ئۆتۆمبیل و زۆری خواست و كەمی خستەنەڕوو داناوە، جارێكی دیكە نرخەكەی بەزرتر بووەتەوە.

لەڕاستیدا هۆكارەكانی گرانی نرخی ئۆتۆمبیل لە ئێران، جۆراوجۆرن، بەشێك لە شارەزایان هۆكارەكەی دەگێڕنەوە بۆ داخستنی سنوورەكانی وڵات بەڕووی هاوردەكردنی ئۆتۆمبیلی بیانی و بەشێكی دیكەش دەیبەستنەوە بە بێتوانایی كۆمپانیا ناوخۆییەكانی ئێران لە بەرهەمھێنانی ئۆتۆمبیل و ئەو نرخەی كە لە لایەن دەوڵەتەوە بۆی دەستنیشان دەكرێـ.ت، ئەوە سەرباری سزا ئابوورییەكانی ئەمریكا كە بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاندوویەتی، بەتەواوی ئابووری ئەو وڵاتەی توشی ئیفلیجی كردووە.

لە م ساڵانەی دواییدا، بازاڕی ئۆتۆمبیل بەتەواوی تێكچوو، ئەوەش بووبە مایەی ئەوەی بەرهەمهێنانی لە لایەن كۆمپانیاكانەوە كەمبكرێتەوە، جگە لەوەش بۆ ئەوەی بتوانن ئەوەی بەرهەمی دەهێنن بیگەیەننە دەست بەكاربەرەكانی، كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبیل لە ئێران بۆ یەكەمینجار لەسەر ئاستی جیهان سیستەمی تیروپشکیان داهێنا، بەجۆرێك ئەوانەی كە دەیانویست ئۆتۆمبیل لە دەستی یەكەم بكڕن، دەبوایە لەڕێگەی كارتی نیشتیمانییەوە ناوی خۆیان بۆ كڕینی ئۆتۆمبیل لای كۆمپانیای بەرهەمهێن تۆمار بكردایە، بەو شێوەیش ناوی دەچووە تیروپشکەكەوە، بۆ ئەوەی لە قۆناغی دواتردا دوای ڕاكێشانی تیروپشکەكە بتوانێت ببێت بە خاوەن ئۆتۆمبیلی خۆی، هاوكات دەبوایە ڕاستەوخۆ دوای ناوتۆماركردن، پارەی پێشوەختە بدات بە كۆمپانیا.

ئەوە لەكاتێكدایە كە زۆربەی كۆمپانیا جیهانییەكان، ئەگەر كەسێك بیەوێت ئۆتۆمبیلیان لێبكڕێت، سەرباری ئەوەی نرخی لەسەر كەمدەكەنەوە، دەتوانیت دوای ئەوەی ئۆتۆمبیلەكەت وەرگرت، پارەكەی بەشێوەی قیست بدەیتەوە بە كۆمپانیا.

بەهۆكاری ئەوەی كە بەشێك لە هاووڵاتییانی ئێرانیی خۆیان توانای كڕینی ئۆتۆمبیلیان نەبوو، كارتی نیشتیمانی خۆیان لەبەرامبەر بە پارەیەكی ڕەمزی دەدا بەو كەسانەی كە لەبازاڕەكانی فرۆشتنی ئۆتۆمبیل كاریان دەكرد، ئەوانیش لە ڕێگەی ئەو كارتانەوە ئۆتۆمبیلەكانیان دەكڕی و بە پارەیەكی زۆرتر لە بازاڕی ڕەش دەیانفرۆشتەوە، بەو شێوەیەش جارێكی دیكە نرخی ئۆتۆمبیل بەرزبووەوە.

لەگەڵ ئەوەی هاووڵاتییانی ئێرانی لە ئێستادا بەدەست گرانی نرخی ئۆتۆمبیلەوە دەناڵێنن، كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبیلیش گازەندەی ئەوە دەكەن كە ئەو نرخەی بۆیان دیاری كراوە زۆر كەمە لە چاو تێچووەكەی، بۆیە لە بەرهەمهێنانی هەر ئۆتۆمبێلێكدا زیانێكی گەورە دەكەن، دوو كۆمپانیای گەورەی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبیل باس لەوە دەكەن كە زیانەكانیان نزیك بووەتەوە لە 80 هەزار ملیار تمەن. بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە كە چیتر نەتوانن بەو نرخەی كە لە ئێستادا هەیە ئۆتۆمبیلەكانیان بفرۆشن، چونكە ئەو زیانەی لێیان دەكەوێت بەجۆرێكە كە لە داهاتوودا ناچاریان دەكات كۆتایی بە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبیل بهێنن.

دیاریكردنی نرخی ئۆتۆمبیل لە لایەن ئەنجومەنی كێبڕكێ لەم چەند ساڵەی دواییدا چەند جارێك گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، هەرچەندە ئەو ئەنجومەنە بەنیازبوو لەو ڕێگەیەوە چارەسەرێكی گونجاو بۆ جیاوازی نرخی ئۆتۆمبیل لای كۆمپانیای بەرهەمهێن و بازاری ڕەش كەمبكاتەوە، بەڵام چارەسەرەكانی ئەو ئەنجومەنەش سەركەوتنی بەدەست نەهێنا، ئەو نرخەی كە لەلایەن ئەنجومەنی كێبڕكێوە دیاریدەكرا، بوو بە جێگەی ڕەخنەی هاونیشتیمانیای ئێرانیی، بابەتی پێدانی ئۆتۆمبیل بە شێوازی تیروپشک یەكێك بوو لە پیشنییارەكانی ئەنجومەنی كێبڕكێ كە سەركەوتنی بەدەست نەهێنا، دواتریش دیاریكردنی نرخی ئۆتۆمبیل هەر چوار مانگ جارێك، تا گەشتە دیاریكردنی نرخەكەی هەر شەش مانگ جارێك.

وەزارەتی پیشەسازی و كانزاكان و بازرگانی ئێران دەستبەكار بوو، بۆ ئەوەی چارەسەرێك بۆ ئەو دۆخە نالەبارە بدۆزێتەوە، یەكێك لە پێشنیارەكانیان هەڵگرتنی ڕێكاری پێدانی ئۆتۆمبیل لە شێوازی تیروپشک بوو، جگە لەوەش جەختیان لەوە كردەوە كە لە زووترین كاتدا نرخی نوێی ئۆتۆمبیل ڕادەگەیەنن، ئەو ڕاڕاییە كەلە ڕاگەیاندنی نرخی نوێی ئۆتۆمبیل دروستبوو، كاریگەری گەورەی هەبوو لەسەر گرانبوونی نرخی ئۆتۆمبیل، ئەوە لەكاتێدا بوو كە ئەنجومەنی كێبڕكێ ڕایگەیاند نازانرێت نرخی نوێی ئۆتۆمبیل بە چ شێوازێك و لەسەر بنەمای چی دیاری دەكرێت، ئەوەشی دووپات كردەوە، تا ئێستا بڕیار نەدراوە لەسەر نرخی كۆن دەفرۆشرێت، یان نرخێكی نوێی لەسەر دادەنرێت.

ڕێكارێكی دیكەی ئەنجومەنی كێبڕكێ بۆ ڕێگری كردن لە گرانبوونی نرخی ئۆتۆمبیل بریتی بوو لە ناچاركردنی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنان، بەوەی كە دەبێت لە كاتی دیاریكراو و بەهەمان ئەو نرخەی كە پێشتر لەسەری ڕێكەوتوون ئۆتۆمبیل بدرێت بە بەكاربەران، هۆشداری ئەوەی بە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنان دا، كە پێویستە تەواوی ئەو ڕێكارانەی كە لە لایەن ئەنجومەنی كێبڕكێوە دانراوە وەك خۆی جێبەجێبكرێن. هەموو ئەو دەنگۆیانەشی ڕەتكردەوە كە گوایە نرخی ئۆتۆمبیل لەلایەن كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانەوە زیاد دەكرێت، بەڵام هەموو ئەو هەوڵانەش نەیانتوانی ڕێگری بكەن لە بەرزبوونەوەی نرخی ئۆتۆمبیل.

ئەوەی جێگەی سەرنجە ڕێكارەكانی وەزارەتی پیشەسازی و ئەنجومەنی كێبڕكێ نەیانتوانی كۆتایی بە جیاوازی گەورەی نرخ بهێنن، كە لە نێوان فرۆشی یەكەمی كۆمپانیای بەرهەمهێن و بازاڕی ڕەشدا هەیە، بەجۆرێك بەشێك لە چاودێران باس لەوە دەكەن بەنزیكەی 50 هەزار ملیار تمەن سوودی ئەو كەسانەیە كە لەو بازاڕانەدا كار دەكەن، ئەوە لەكاتێكدایە كۆمپانیای بەرهەمهێن باس لەوە دەكات لە فرۆشتنی ئۆتۆمبیل زیان دەكەن. وەزیری پێشووی پیشەسازی ئێران ڕەزا فاتمی ئەمین، پێشنیارێكی نوێی كرد بۆ ئەوەی كۆتایی بە گرانفرۆشی ئۆتۆمبیل بهێندرێت، بەوەی كە هەوڵبدرێت ڕێژەی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبیل بە جۆرێك بەرزبكرێتەوە پێداویستییەكانی بازاڕ پربكاتەوە و هاونیشتیمانیان بتوانن ڕاستەوخۆ ئۆتۆمبیل لە كۆمپانیای بەرهەمهێن بكڕن، بەو شێویەش دەتوانین كۆتایی بەجیاوازی گەورەی نرخی فرۆشتنی ئۆتۆمبیل بهێنین لە نێوان كۆمپانیای بەرهەمهێن و بازاڕی ڕەشدا هەیە.

سەندنەوەی متمانە لە وەزیری پیشەسازی لە لایەن پەڕلەمانەوە

لە ڕۆژی 30ی نیسانی 2023 پەڕلەمانی ئێران بە سەرۆكایەتی محەمەد باقر قالیباف بانگهێشتی وەزری پیشەسازی و كانزاكان و بازرگانی وڵاتەكەی كرد بۆ لێپرسینەوە. لەسەرەتای بەڕێوەچوونی دانیشتنەكەدا ئەندامانی پەڕلەمان بۆچوونی خۆیان دەربارەی وەزیری ناوبراو و كارەكانی دەربڕی، سەید ئەحمەد ڕەسوڵی نەژاد نوێنەری خەڵكی شاری دەماوەند لە پەڕلەمانی ئێران، ئاماژەی بەوە كرد، كە بەرهەمی كۆمپانیای بەرهەمهێنانی سایپا لەساڵی ڕابردوو 351 هەزار یەكە بووە، ئەوە لە كاتێكدایە بڕی فرۆشی ئەو ئۆتۆمبیلە 381 هەزار یەكە بووە، هەموو بەرهەمی ئێران خودرو و سایپا لە ساڵی ڕابردوو 901 هەزار یەكە بووە، بەڵام ئەوەی كە فرۆشراوە 994 هەزار یەكە بووە. كاتێك وەزیر لە ڕابردوو بەڵێنیدا ئەو ڕێژەیە بگەیەنێتە یەك ملیۆن و شەش سەدهەزار یەكە، ئەو ئەندامەی پەڕلەمان وەزیری بەوە تۆمەتبار كرد كە تەنها بەڵێن دەدات بە بێ ئەوەی جێبەجێی بكات.

ئەندامێكی دیكەی پەڕلەمان بەناوی موسەوی لارگانی، ئاماژەی بەوە كرد لە لێپرسینەوەی ساڵی ڕابردوو وەزیر بەڵێنی ئەوەیدا ڕێگە بە هاوردەكردنی ئۆتۆمبیلی دەرەكی بدات، بەڵام بەڵێنەكەی جیبەجی نەكرد، ئاماژەی بەوەش كرد باشترە بیانوو نەهێنیتەوە، چونكە گوێمانپڕە لەو بەهانانە، ئێوە بارودۆخی وڵاتتان بە جێگەیەك گەیاندووە، كە ئۆتۆمبیلی جۆری پراید نرخەكەی لە 100 ملیۆنەوە بووەتە 300 ملیۆن. لە درێژەی وتەكەیدا ئاماژەی بەوە كرد، ئێوە باس لە فرۆشتنی ئۆتۆمبیل دەكەن بە شێوەی قیست، بەڵام پارەی پیشوەختە لە خەڵكی ئێران وەردەگرن و بەڵێنی ئەوەی پێدەدەن لە داهاتوو ئۆتۆمبیلی پێبدەن، هەندێ كات بەكاربەر دوو ساڵ چاوەڕێ دەكات. داوای لە وەزیر كرد پێیان ڕابگەیەنێت كام كۆمپانیا ئامادەیە ئۆتۆمبیل بە قیست بدات بە هاونیشتیمانیان، ئێوە  ئۆتۆمبیلەكانتان فرۆشتووە و دوو ساڵی دیكە دەیدەنە دەست بەكاربەر، لە كۆتایی وتەكەیدا وەزیری بەوە تۆمەتبار كرد كە جگە لە فرۆشتنی ئۆتۆمبیلی بەرهەمهێندراوی ئایندە هیچی دیكەتان نەكردووە.

لارگانی  ڕووبەڕووی وەزیر ئاماژەی بەوە كرد من هەر لەسەرەتای دەستبەكاربوونیەوە گومانم لە توانای فاتمی هەبوو، كە وەك وەزیر بتوانێت ئەركی سەرشانی ڕاپەڕێنێت، ئەوەشی دووپات كردەوە كە فاتمی لەسەرەتای بەدەستهێنانی متمانەی پەڕلەمان كۆمەڵێك بەڵێنی گەورەیدا، بەڵام هیچانی جێبەجێ نەكرد.

ئەندامێكی دیكەی پەڕلەمان بەناوی ئەلهویردی دەهقانی، یەكێك لەوانەی كە واژۆی لەسەر لێپرسینەوە لە وەزیری پیشەسازی كردبوو، بە وەزیری ڕاگەیاند، ئاماری دروستی ئۆتۆمبیل لە ئێران نزیكەی 209 ملیۆنە، ئەگەر تەمەنی بەكارهێنانی ئۆتۆمبیل بۆ بەكارهێنان بەشێوەیەكی دروست حەوت ساڵ بێت، ئەوا نزیكیە 23 ملیۆن ئۆتۆمبیل لە ئێستادا کە لەسەر شەقامەكانی ئێرانن، بەكەڵكی لێخوڕین نایەن. سەبارەت بە نرخی ئۆتۆمبیل ئەو ئەندامەی پەڕلەمان ئاماژەی بەوە كرد، كە لەسەرەتای هاتنە سەركاری فاتمی، تا ئێستا نرخی ئۆتۆمبیل سێ بەرامبەر بووە، بۆ نمونە نرخی ئۆتۆمبیلی جۆری پراید لە 109 ملیۆنەوە بووەتە 330 ملیۆن، پژو پارس لە 127 ملیۆنەوە بووەتە 615 ملیۆن، ئەوەشی بە كارەسات ناوبرد. سەبارەت بە ڕێژەی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبیل باسی لەوە كرد وەزیر پیشتر بەڵێنیدا ساڵانە ملیۆن و نیوێك تا دوو ملیۆن ئۆتۆمبیل بەرهەم دەهێنین، بەڵام ئەو بەڵێنەی جێبەجێ نەكرد. بەڵێنیدا سیستەمی تیروپشک هەڵبگرێت و كاری پێنەكرێت، بەڵام ئەوەشی نەبردە سەر.

هاجەر چنارانی، سەبارەت بە لێپرسینەوە لە فاتمی ئاماژەی بەوە كرد، ئێمە دوای پانزە مانگ لە حكومەتی ئیبراهیم ڕەئیسی، بانگهێشتی وەزیری پیشەسازیمان كرد، بەڵام هیچی لێنەكەوتەوە، ئێمە دەبێت لە ئێستادا ئەوە بپرسین لەو کاتەوە تا ئێستا چی ڕوویداوە لە بازاڕی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبیل، نرخەكان بۆچی بەو شێوەیە بەرز دەبنەوە؟ لەگەڵ ئەوەی پشتگیری لە دەوڵەتی ڕەئیسی دووپات كردەوە، بەڵام هاوكات ئەوەی ڕاگەیاند كە گرانی نرخی ئۆتۆمبیل ئێسكی خەڵكی شكاندووە، لەوە زیاتر بەرگەناگرێت.

لە درێژەی لێپرسینەوە لە وەزیری پیشەسازی، ڕوحوڵا حەزرەت پور، ئاماژەی بەوە كرد ڕووبەڕووی وەزیرێك قسە دەكەم كە نیازی خێزانی ئێرانییەكان لە كڕینی ئۆتۆمبیل كردووە بە خەیاڵێكی بەدەست نەهاتوو.

ئەو ئەندامەی پەڕلەمان وتەبێژی وەزیری بەوە تۆمەتبار كرد، كە بەشێوەیەكی ئاشكرا بانگەشەی بۆ ئەوە كردووە، كە گوایە وەزیر ڕەشوەی نەداوە بە ئەندامانی پەڕلەمان بۆیە لێپرسینەوەی لێدەكرێت، داوای لە وەزیر كرد كێن ئەوانەی داوای بەرتیلیان لە تۆ كردووە هەر ئەمڕۆ بیخەڕوو بۆ ئەوەی هەموو خەڵك بزانێت. هاوكات ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر ئێوە وەزیری خەڵكن بۆچی چەند حەفتەیەكە باندەكانی مافیای ئۆتۆمبیل پشتگیری لە تۆ دەكەن، لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی چەندین سیناریۆ دژ بە ئەندامانی پەڕلەمان دروستكراوە بۆ ئەوەی دەستبەرداری لێپرسینەوەكە بن.

حەزرەت پور ئاماژەی بەوەش كرد تا بەر لە دەستپێكردنی دانیشتنی لێپرسینەوە لە فاتمی نرخی ئۆتۆمبیل بەردەوام لە بەرزبوونەوە بوو، بەڵام دوای دەستپێكی لێپرسینەوە نرخی ئۆتۆمبیل دابەزی، ئەوەش سەلمێنەری ئەوەیە كە خەڵكی ئومێدیان بە لێپرسینەوەی وەزیر هەیە، چاوەڕێی ئایندەیەكی باشتر دەكەن.

سەبارەت بە هەڵوێستی توندی بەشێك لە ئەندامانی پەڕلەمان و ئاڕاستەكردنی ڕەخنەكانیان بەزمانێكی زبر، سەرۆكی پەڕلەمانی ئێران، ڕووی دەمی كردە ئەو پەڕلەمانتارانە و ڕایگەیاند ڕەخنە شێوازی تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام بەشێك لە پەڕلەمانتاران لە وتەكانیاندا ڕەچاوی ئەوە ناكەن بەرامبەر بە وەزیرێكی حكومەت قسە دەكەن. قالیباف ئاماژەی بەوە كرد، كە بەشێك لە دۆستەكانمان لە پەڕلەمان تیشكیان خستەسەر هەندێك بابەت سەبارە بە لێپرسینەوە لە وەزیری پیشەسازی، كە ئەوە زۆر باش ناكەوێتەوە، جەختی لەوەش كردەوە بەكارهێنانی  كۆمەڵێك وشە كە شایەنی ئەوە نییە لە لایەن پەڕلەمانتارانەوە بەكاربهێندرێن، ئاخر چۆن دەبێت پەڕلەمانتار بە كەسێك بڵێت درۆزن. یان نەفرەت لە كەسێك بكات، بۆیە من داوا لە هەموو پەڕلەمانتارە بەڕێزەكان دەكەم لە وتەكانیاندا ڕەچاوی ئەوە بكەن كە چۆن ڕەخنەكانیان ئاڕاستەی وەزیر دەكەن.

لەگەڵ ئەوەی ژمارەی ئەو ئەندامانەی پەڕلەمان كە داوای لێپرسینەوەیان لە وەزیر كرد زۆر بوون، بەڵام بەشێكی دیكەش لە پەڕلەمانتاران، دژی ئەوە وەستانەوە كە وەزیر لێپرسینەوەی لێبكرێت و متمانەی لێبسەندرێتەوە، ئەو ئەندامانەی پەڕلەمان پێیان وابوو ئەوەی كە ڕووبەڕووی وەزیر دەكرێتەوە زۆربەیان تۆمەتن و بەدرۆخراونەتەوە.

سەید جەلیل میر محەمەدی، یەكێك لەو پەڕلەمانتارانەی دژ بوو بە بڕیاری لێپرسینەوە لە وەزیری پیشەسازی، ڕایگەیاند بەشێك لە پەڕلەمانتاران و كەناڵەكانی ڕاگەیاندن باس لەوە دەكەن كە لە ڕابردوودا وەزیر، 75 ئۆتۆمبیلی تایبەتی بەرزی داوە بە ئەندامانی پەڕلەمان بۆ ئەوەی لێپرسینەوەی لێ نەكرێت، ئەوە لە كاتێكدایە ئەو بابەتە لە لایەن سەرۆكایەتی پەڕلەمان و ڕاگەیاندنی سەرۆكایەتیشەوە بەدرۆ خراوەتەوە. میر محەمەدی ئاماژەی بەوەش كرد كە چۆن دەبێت بە بێ بەڵگە كەسێك تۆمەتبار بكەین.

میر محەمەدی بە شێوەیەكی گاڵتە ئامێز ڕووی لە پەڕلەمانتارانی ناڕازی كرد، وتی بڕیارە سەلاجە و موجەمیدە هەرزان بێت ئەگەر متمانە لە وەزیری پیشەسازی بسەندرێتەوە؟ محەمەدی ئاماژەی بەوە كرد كە وەزیر بە كۆمەڵێك بەڵگە و ئامار ڕاستییەكانی خستەڕوو، بەڵام ئێمە دەڵێین نەخێر وەزیر درۆ دەكات، ئێوە ئەگەر كێشەتان لەگەڵ خودی وەزیر هەیە، بۆچی ڕژێمی حوكم دەخەنە ژێر پرسیارەوە؟، محەمەدی داوای لە پەڕلەمانتاران كرد با بە دەستی خۆیان پەڕلەمان و پەڕلەمانتاران نەخنە ژێر پرسیارەوە.

پەڕلەمانتارێكی دیكە بەناوی میر تاجەدینی، پشتگیری لە وەزیری پیشەسازی كرد، ئەو لە وتەیەكیدا لەبەردەم پەڕلەمانتارانی ناڕازی لە كارەكانی فاتمی ئاماژەی بەوە كرد، كە بۆچی لەماوەی كەمتر لە شەش مانگ لێپرسینەوەی لێدەكرێت، ئەگەر بە نۆرەش بێت، ئیتر نۆرەی ئەوانی دیكەیە. بۆچی دەبێت پەڕلەمانتاران بەو جۆرە ڕەفتار لەگەڵ دەوڵەتی شۆڕشگێڕدا بكەن (مەبەستی كابینەی ڕەئیسی بوو)، ئاماژەی بەوە كرد كە ئێمەی پەڕلەمانتاران واژۆمان كرد بۆ ئەوەی ڕەئیسی بێت و كابینەی حكومەتەكەی پێكبهێنێت. ئێمە هەموومان لە یەك كەشتیداین، جارێكی دیكە جەختی لە دەستپاكی وەزیری ناوبراو كردەوە، وتی هیچ كەسێك گومانی لە دەستپاكی وەزیر نییە، ئیتر بۆ دەبێـت بەو جۆرە تۆمەتباری بكەین.

سەید ڕەزا فاتمی ئەمین وەزیری پیشەسازی و كانزاكان و بازرگانی لە وەڵامی ئەو پەڕلەمانتارانەی كە ڕەخنەیان لە كاروبارەكانی گرت، سەرنجی خستەسەر كۆمەڵێك دۆسییە كە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە كاری وەزارەتەكەی ئەوەوە هەبوو، سەبارەت بە گرانبوونی نرخی ئۆتۆمبیل ئەوەی دووپاتكردەوە كە ئەویش ناڕازییە لە گرانی نرخی ئۆتۆمبیل، بەڵام هۆكارەكەی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی كە لە چوار ساڵی ڕابردوو بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبیل وەستابوو، ئەوەش كاریگەری ڕاستەوخۆی هەبوو لەسەر بازاڕ، بەجۆرێك ئاستی خستنەڕوو كەمتربوو لە خواست، بۆیە خەڵكانێك، توانیان سوود لەو جیاوازییە وەربگرن تا لە ڕێگەیەوە سوودێك بۆ خۆیان بەدەست بهێنن.

وەزیری پیشەسازی لەسەرەتای وەڵامی پەڕلەمانتاراندا ئەوەی دووپاتكردەوە كە لێپرسینەوە لە وەزیرەكانی حكومەت مافێكی شەرعی پەڕلەمانتارانە، بەڵام تیشكی خستەسەر ئەوەی كە كێن ئەوانەی كە سوود دەبینن لە لێپرسینەوە، دەبێت ئەندامانی پەڕلەمان لە خۆیان بپرسن بۆچی كەسانێك هەن لە دەرەوەی پەڕلەمان خۆشحاڵن بە لێپرسینەوە لە وەزیری پیشەسازی، دەبێت ئەندامانی پەڕلەمان ئەوە لە خۆیان بپرسن بۆچی بەشێك لە پەڕلەمانتاران بڕیاری دوولایەنە دەدەن، ئەوانەی بەو جۆرە كار دەكەن خیانەتكارن و دەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت. جارێكی دیكە جەختی لەوە كردەوە بەشێك لە پەڕلەمانتاران پێیان وایە لێپرسینەوە لە وەزیر پەیوەندیدارە بە كێبڕكێی نێوان حكومەت و پەڕلەمان، بەجۆرێك ئەوە وێنا دەكەن كە ئەگەر وەزیر لێپرسینەوەی لێبكرێت، ئەوە پەڕلەمان بردویەتییەوە و بە پێچەوانەشەوە ئەگەر ئەوە نەكرێت ئەوا حكومەت بردویەتییەوە، ئەوەشی بەكارێكی هەڵە ناوبرد.

فاتمی جەختی لەوە كردەوە كە ئەو چەندین جار ئەوەی وتووە، كە پیشەسازی ئۆتۆمبیل لە ئێران لە بارودۆخێكی خراپدایە، ئەگەر لە ساڵانی ڕابردوو هاوردەكردنی ئۆتۆمبیل ڕانەگیرایە و بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبیل نەوەستایە، ئەوا ئێستا دووچاری ئەم كێشەیە نەدەبووین. بەشێكی دیكە لە كێشەی گرانی ئۆتۆمبیلی بەستەوە بە سزا ئابوورییەكانی سەر وڵاتەكەی كە ڕۆڵی هەبووە لە كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبیل.

سەبارەت بە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبیل ئاماژەی بەوە كرد، لە ساڵی 2021 بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبیل لە سەدا سێ زیادی كرد، ئەوە لەكاتێكدایە لەساڵی 2022 ئەو ڕێژەیە بەرزبووەتەوە بۆ لەسەدا هەشت، ئەوە سەربای ئەو كێشە ئابوورییەی كە بەرۆكی وڵاتی گرتووە.

سەرۆككۆماری ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی بۆ پشتگیری كردن لە وەزیری پیشەسازی حكومەتەكەی سەردانی بینای پەڕلەمانی وڵاتەكەی لە بەهارستان كرد، ڕەئیسی دوای ئەوەی گوێ بیستی دەنگی یار و نەیاری وەزیری پیشەسازی بوو، لە میانی بەشداریكردنی لە گفتووگۆكانی تایبەت بە لێپرسینەوە لە وەزیری پیشەسازی و كانزاكان و بازرگانی، سوپاسی ئەندامانی پەڕلەمانی وڵاتەكەی كرد، كە شێلگیرانە دەیانەوێت پارێزگاری لە بەرژەوەندییە باڵاكانی وڵات بكەن، بەڵام لە هەمانكاتدا پشتگیری لە فاتمی وەزیر پیشەسازی حكومەتەكەی كرد و ئاماژەی بەوە كرد، كە فاتمی یەكێكە لە وەزیرە هەرەباشەكانی كابینەكەی، كە زۆر دژی گەندەڵییە، ئەوەش یەكێكە لەو سیفەتانەی كە وەزیری پیشەسازی پێ دەناسرێتەوە. ئەو باسی لە ڕێكارەكانی وەزیر كرد سەبارەت بە شێوازی ڕووبەڕوو بوونەوەی گەندەڵی و كاری مافیایی و قاچاخچێتی، سەبارەت بە پێدانی ئۆتۆمبێلی بەرز بە ئەندامانی پەڕلەمان وەك بەرتیل ڕەئیس ئەو هەواڵەی بەدرۆخستەوە و ئاماژەی بەوە كرد لیژنەی لێكۆڵینەوەیان پێكهێناوە بۆ دەرخستنی ڕاستییەكان.

دوای مشتومڕێكی زۆری پەڕلەمانتاران و وەڵامی وەزیر بۆ ئەو تۆمەتانەی كە لە لایەن ئەندامانی پەڕلەمانەوە ئاڕاستەی كران، لەكۆتایی دانیشتنەكەدا، مانەوەی وەزیر یان لێسەندنەوەی متمانە لێی، خرایە دەنگدانەوە، لە كۆی 272 ئەندام پەڕلەمان، 162 ئەندام دەنگیاندا بە لیسەندنەوەی متمانە، لە بەرامبەریشدا 102 ئەندام لەگەڵ مانەوەی بوون لە پۆستی وەزیری پیشەسازی، شایەنی باسە  دوو ئەندام بەشداریان لە دەنگدانەكەدا نەكردوو شەش ئەندامیش كارتەكەیان پووچەڵ كردەوە. بەو شێوەیەش وەزیری پیشەسازی لە لایەن ئەندامانی دەورەی یانزەیەمینی پەڕلەمانی ئێرانەوە متمانەی لێسەندرایەوە.

عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای شۆرشی ئیسلامیی ڕۆژی چوارشەممە 24ی ئایاری 2023, لە میانی كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەندامانی پەڕلەمانی وڵاتەكەی، سەرباری هاندانیان بە ئاڕاستەی كاركردن لە بەرژەوەندی كۆمەڵگەی ئێران و دەستخۆشی لێكردنیان لەسەر ئەو كارانەی كە لە كۆتا ساڵی تەمەنی پەڕلەمانیان ئەنجامی دەدەن. هاوكات جەختی لەوە كردەوە كە نابێت كارەكانیان بەو ئاڕاستەیە بێت كە بیانەوێت تەنها دڵی هاونیشتیمانیان بەلای خۆیاندا ڕاكێشن، بۆ ئەوەی جارێكی دیكە دەنگیان پێبدەنەوە و بیانكەنەوە بە ئەندامی پەڕلەمان. ئەو وتانەی خامنەیی لەكاتێكدایە بەشێك لە ئاژانسەكانی هەواڵ دەنگۆی ئەوەیان بڵاوكردەوە كە ئەندامانی پەڕلەمانی ئێران ئەو كارانەی كە لە ئێستادا ئەنجامی دەدەن، بۆ ئەوەیە جارێكی دیكە دەنگی دەنگدەرەكانیان بەدەست بهێننەوە، سەبارەت بە سەندنەوەی متمانە لە وەزیری پیشەسازی، لایەنگرانی وەزیر جەختیان لەوە كردەوە كە ئەو ئەندامانەی دەنگیانداوە بە سەندنەوەی متمانە لە وەزیر، بۆ خۆ دەرخستن بووە بۆ ئەوەی جارێكی دیكە متمانەی دەنگدەرەكانیان بەدەست بهێننەوە، چونكە بە هۆكاری گرانی نرخی ئۆتۆمبیل و كەمتوانایی هاووڵاتیان بۆ كڕین، دەیانەوێت ئەو هەلە بقۆزنەوە تا لەڕێگەیەوە جارێكی دیكە ببنەوە بە ئەندامی پەڕلەمان، چونكە ماوەیەكی كەمی ماوە دەورەی یازدەهەمی پەڕلەمان كۆتایی پێدێت، ئێران دەچێتە قۆناغی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە، بۆیە ئەو ئەندامانەی پەڕلەمان لە ئێستاوە لە هەولی ئەوەدان جارێكی دیكە كورسییەكانیان بەدەست بهێننەوە.

سەرچاوەكان

  • دلایل گران شدن محصولات ایران خودرو و سایپا، لەماڵپەڕی https://z4car.com/news-iran.
  • خامنەای در دیدار با نمایندگان مجلی: علاقە مندی و ڕای مردم ڕا از ذهنتان دور كنید، لەماڵپەری independentpersian.com.
  • مسؤولیت فاطمی‌امین در وزارت صمت به پایان ڕسید/ مخالفان و موافقان استیضاح وزیر چه گفتند؟، لەماڵپەڕی https://www.farsnews.ir/news.
  • مخالفان و موافقان وزیر صمت در صحن علنی مجلس چه گفتند؟، لە ماڵپەڕی https://www.pana.ir/news.
  • فرشته فریادرس، شکست لابی‌ها، موافقان ومخالفان استیضاح چه گفتند؟، لە ماڵپەڕی https://www.taadolnewspaper.ir/.
  • پایان کار فاطمی‌امین در وزارت صمت استیضاح وزیر ڕأی آورد، لەماڵپەری https://kayhan.ir/fa/news.
  • موافقان استیضاح وزیر صمت چه گفتند؟، لەماڵپەڕی https://www.irna.ir/news.
  • پایان کار فاطمی امین در وزارت صمت/ نمایندگان مجلس به وزیر صمت ڕای اعتماد ندادند، لەماڵپەڕی https://www.rokna.net/.
  • مسؤولیت فاطمی‌امین در وزارت صمت به پایان ڕسید/ مخالفان و موافقان استیضاح وزیر چه گفتند؟، لەماڵپەڕیhttps://www.ghatreh.com/news .
  • فاطمی امین از وزارت صمت ڕفت / نمایندگان با استیضاح موافقت کردند، لەماڵپەڕی https://www.iscanews.ir/news.
  • کارت قرمز مجلس به فاطمی امین/ صمت در انتظار وزیر بعدی، لەماڵپەڕی https://www.mehrnews.com/news.
  • «مجلس» تعارف با «دولت» ڕا کنار گذاشت!، لەماڵپەڕی https://aftabeyazd.ir/.
  • آلودگی و فساد خودرویی در وزارت صمت و تلاش‌های آخر وزیر برای ماندن | فاطمی امین دست به افشاگری زد + تصاویر و ویدئو، لەماڵپەڕی https://www.arshehonline.com/.

Send this to a friend