• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
July 10, 2023

هەژموونگەرایی ئێران و ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی باشوری کوردستان

شێرکۆ کرمانج و سەردار عەزیز

و.گەلاوێژ سۆفی

بەرایی

لە چەند ساڵی ڕابردوودا دوو پێشهات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەسەر ناوچەکەدا زاڵبوون، ئەوانیش دەرکەوتنی ئێران وەک زلهێزێکی لە ناوچەکەدا و هەوڵە سەربەخۆیخوازییەکانی کوردانی عێراق بوون، کە هەردووکیان فرەڕەهەند و ئاڵۆزن. لە زۆر ئاستدا پەیوەندییان پێکەوە هەیە. ئەم بابەتە باس لە گرنگی و کاریگەرییەکانی سەربەخۆیی باشوری کوردستان (کوردستانی عێراق) لەسەر خواستە هەژموونگەراییەکانی ئێران دەکات، بەپێچەوانەشەوە. هەروەها تاوتوێی هۆکارە سەرەکییەکانی پێکدادانی پلانی سەربەخۆیی کورد لەگەڵ هەڵوێستی هەژموونگەرایی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات. لەپاڵئەمانە، هەوڵدەدرێت بە وردی سەرنج بدەینە پاڵنەرەکانی ئێران بۆ سەپاندنی هەژموونی لە ناوچەکەدا.

سەرهەڵدانی هێزێکی هەرێمیی یەکێکە لە نۆرمەکانی دوای شەڕی سارد. ئەم دیاردە نوێیە زیاتر کاتێک دەردەکەوێت کە “تواناکانی ئەمەریکا سنووردار دەبن”(Beck 2014: 1).هەژموون یان دەسەڵاتی هەرێمایەتی ئێران هێشتا بەتەواوی جێگیر نەبووە، بەهەمانشێوەهێشتان سەربەخۆیی کورد بەدینەهاتووە. بەمجۆرە هەژموونی ئێران و هەوڵی سەربەخۆیی کورد لە باشوری کوردستان، کوردستانی عێراق لێرە بەدواوە کوردستان، هەردووکیان لە پڕۆسەی گەشە و نەشونمادان. وەک ڕیچارد هاس (Hass 2013: 66) دەڵێت سیستەمە کۆنەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەریکە نامێنێت بەڵام گواستنەوەش هێشتا لە قۆناغە سەرەتاییەکانیدایە. لە قۆناغی گواستنەوە، ژینگەیەک و بۆشاییەک بۆ ئەکتەرە هەرێمایەتییەکان هاتۆتە ئاراوە کە لە هەوڵی سەپاندنی دەسەڵاتی خۆیاندان بەسەر ناوچەکەدا . لێرەدا مەبەست ئەوە نییە کە ماهیەتی هێزی هەرێمیی دیاری بکرێت، چونکە زەحمەتە هێزە هەرێمییەکان لە ناوچەیەکی دیاریکراودا لە ژێر یەک پۆلێندا دابنرێن یان هەمان پێناسەیان بیانگرێتەوە. ئەگەر وەک دێتڵێف نۆڵت (بڕوانە: Beck 2014: 1) دەڵێت، کەیسەکە ئەوەیە کە “هێزە ‌هەرێمییەکان بەچڕی پشت بە تواناکانی هێزی نەرم دەبەستن”، لەبەرئەوە ئەمە دۆخێکی پەیڕەوکراو نەبووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لەگەڵئەوەشدا، ناوچەکە شاهێدی دەرکەوتنی ئەو قۆناغەیە، ئەویش لە دۆخی ئێراندا دەردەکەوێت کە بە ڕوونی لە کردنەوەی “لقەکانی زانکۆی ئازادی ئیسلامی لە چەند وڵاتێک لەوانە سوریا و عێراق و لوبنان” دا دیارە (Majidyar 2018).

ئەم توێژینەوەیە باس لەوە دەکات کە هەڵوێستی مێژوویی ئیمپریالی ئێران و دژایەتیکردنی و ڕکابەری لەگەڵ زلهێزە هەرێمیی و جیهانییەکان، هێندەی دیکە بەنزین بە خواستە هەژموونگەراییەکانی ئێراندا دەکات و لەگەڵ خواستە سەربەخۆییخوازییەکانی کوردیش بەریەک دەکەون. ئەم هەڵوێستەی ئێران، کاتێک دێتەسەر باسی مامەڵە لەگەڵ کورد، بەهۆی بوونی ملیۆنان کورد لە ئێراندا لەلایەک و ڕاستەوخۆ پەیوەستبوونیان بە کوردەکانی عێراقەوە لەلایەکی دیکەوە نەک تەنها لە ڕووی جوگرافییەوە بەڵکو لە ڕووی کلتووری و مێژوویی و یادەوەری هاوبەشەوە لەلایەکی دیکەوە، هەمووی بەسەریەکەوە ترسێکی پان-کوردیان لە ئێران و ناوچەکەدا خولقاندووە. جگە لەوەش، کردەوە سەربەخۆیخوازییەکانی کوردەکان لە گۆڕەپانە نێودەوڵەتییەکان و هەڵسوکەوتە کلتوری و سیاسییەکانی کوردەکانبەگشتی وەک هەڕەشەی ئەمنی لەلایەن ئێرانەوە سەیردەکرێن. خۆگیڤکردنەوەی هەژموونگەراییانە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەوانی دیکە، بەتایبەت ئەوانەی کە لە دەوروبەری هەژموونگەرەکە دان، پێویستە زاڵبوونی دەسەڵاتی هەژموونگەرەکە قەبوڵبکەن و بەرژەوەندی ئاغاکەیان پێش بەرژەوەندی خۆیان بپارێزن. بۆ نموونە، ئەگەر ئێران پێی خۆش نەبێت پەیوەندیەکی باش لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا هەبێت، ئەوا لە تێگەیشتنی ئێرانی هەژموونگەردا دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکی لەو شێوەیە خۆی بەدوور بگرێت.

بەدەر لە کار و کردارەکانیان، هەردوو لایەن، ئێران و کوردستان، لێکچوونی زۆر هەیە لە پاڵنەرەکانی پشت ڕەفتارەکانیاندا، ئەوەی لە پشت هەوڵەکانی ئێران بۆ هەژموونگەراییەوەیە وەک هەوڵەکانی کوردەکان بۆ سەربەخۆیی نیگەرانی هەردوولایەن لە گۆڕانکارە ئەمنی و سنورییەکان. لە دوای شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ـەوە، ئێران گۆشەگیر کراوە، کەچی هێشتان خۆی بە هێزێکی هەرێمایەتی دەزانێت و دەیەوێت ڕۆڵێکی بڕیاردەر ببینێت لە داڕشتنی سیاسەت و ئابووری ناوچەکەدا و لەلایەن هێزە هەرێمییەکانی دیکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی قبووڵ بکرێت. ئامانجی ئێران لە بوون بە زلهێزێکی هەرێمیی و هەبوونی کورسیەک لە بڕیاردان لەسەر چارەنووسی ناوچەکە “پێویستییەکی ستراتیجییە” (Parsi 2007: 4)، نەک تەنیا خەونێکی ڕژێمی ئێستا. دوایین شای ئێران، محمد ڕەزا شا پەهلەوی (١٩٤١- ١٩٧٩) “هەوڵی سەروەریی لە کەنداوی فارس و بەشێک لە ناوچەکانی زەریای هیندی دا، بە هیوای ئەوەی ئێران بکاتە ژاپۆنی ڕۆژئاوای ئاسیا، کەچی حکومەتی خومەینی لە تەواوی جیهانی ئیسلامیدا بەدوای سەرکردایەتیدا دەگەڕا” (Parsi 2007: 4).

بەهەرحاڵ، لە کاتێکدا خەونی مەزن بوون هەمیشەییە، شێواز و ئامرازەکانی جیاوازن. بۆ نمونە، سوپایەکی بەهێز و هاوپەیمانی ستراتیجی لەگەڵ ئەمەریکا ئامرازگەلی سەرەکی بوون بۆ بەدەستهێنانی هەژموونی هەرێمایەتی لەسەردەمی شادا. لەبەرابەردا ئایەتوڵڵاکان زۆر پشتیان بە “ئیسلامی سیاسی و پەرۆشی ئایدۆلۆژی بۆ زاڵبوون بەسەر دابەشبوونی عەرەب و فارس و لاوازکردنی ئەو حکومەتە عەرەبیانەی کە دژی خواستەکانی ئێران بوون” دەبەست (Parsi 2007: 4). ئێرانیەکان پێیان وایە کە وڵاتەکەیان هەموو پێکهاتەکانی هێزێکی هەرێمیی هەیە کەچی تەواوی جیهان دوژمنایەتی بەدیهێنانی ئەم خەونەیان دەکات. لە ڕاستیدا هەوڵدان بۆ “سەروەریی هەرێمیی بۆ ئێران بە درێژایی مێژووی سێ- هەزار ساڵەیان نۆرم بووە نەک حاڵەت یان دۆخێکی کاتیی”( Parsi 2007: 39). نەتوانین یان ڕێگریکردن لە گێڕانی ئەو ڕۆڵە، ناوەڕۆکی گوتاری خۆ بەمەزڵوم زانینە لای ئێرانییەکان.

بەهەمان شێوە بۆ کوردەکانیش، سەربەخۆیی وەک دانپێنان و خۆبەڕێوەبەریی و توانای چێژوەرگرتن و بەرەوپێشبردنی شوناسی کورد و گەیشتن بە سەروەریی دەبینرێت. بۆ هەموو کوردێک سەربەخۆیی پرسێکی ئاڵۆزە. لە ناوەڕۆکدا، پرسی بوونە لە جیهاندا وەک کوردێک، لێرەوە هەم ئێران و هەم کوردستان هەوڵدەدەن بەشێک بن لە ناوچەیەک و ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاست و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە لە کردار و بڕیارەکانیاندا سەروەربن. بەڵام ئەم ئامانجانە بە توندی لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دژایەتی دەکرێت.نەزمی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سنوورەکانی بەشێوەیەک داڕێژراون کە نابێت کورد وەک گەلێکی سەربەخۆ ببینرێت. لەم دیدەوە، دوای دابەشکردنیان بەسەر چوار دەوڵەتی نەتەوەیی جیاوازدا (تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا) لە  سەرەتای سەدەی ڕابردوودا، کوردەکان دەبوو خۆیان لە ناو ئەو وڵاتانەدا نقوم بکەن و ون ببن.

ئەو پرسیارەی لەم بابەتەدا وروژێنراوە ئەوەیە، داخۆ ئەم چارەنووسە هاوبەشە بۆ ئێران و کوردستان ناکاتە هاوپەیمان؟ یان بۆچی ئێران دژی هەمان ئامانجی کوردەکانە؟ ئامانجی ئەم بابەتە هەڵسەنگاندنی ئەم هەوڵە نییە، بەڵکو ڕوونکردنەوەی ئەوەیە کە بۆچی ئێران و کوردستان، لە کاتێکدا ئاڵنگاری هاوشێوەیان هەیە، کەچی دژی یەکدین. لەئاکامدا، هەم ئێران و هەم کوردستان نقومی هەستی نائارامی و گۆشەگیری لە ناوچەکەدا بوون و ناتوانن بەو شێوەیەی کە خوازیارن پەیوەندی بە دەوروبەری خۆیان و جیهانەوە بکەن.

بەسەیرکردن لە چاویلکەکانیتیۆری ئاڵۆزیی ئاسایشی هەرێمیی (Regional Security Complex Theory (RSCT))، وادەردەکەوێت کە هەم ئێران هەم کوردستان لە ئاستی هەرێیی و نێوەدەوڵەتیدا ڕەتکراونەتەوە، ئەم نکوڵیکردنە بە توندی ڕەفتاری هەردوولایان لەقالبدەدات. لەبەرئەوە،  ئەم توێژینەوەیە سەرنج دەخاتە سەر “ئاستی هەرێمیی وەک ئاستێکی گونجاو بۆ شیکاری ئاسایشی پراکتیکی” نەک دوو ئاستە باوەکەی شیکاریی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا کە شیکاری ئاسایش لەسەر ئاستی نیشتیمانی و جیهانیدا دەکەن. (Buzan and Weaver 2003: 43). ئامرازێکی دیکە کە دەتوانرێت لە تیۆری ئاڵۆزیی ئاسایشی هەرێمییدا بەکاربهێنرێت سروشتی ئاسایشی “پەیوەندیدارە” ، چونکە وەک بۆزان و ویڤە دەڵێن  “ئاسایشی هیچ  دەوڵەتێک/نەتەوەیەک تەنیا بەخۆی دابینناکرێت .پەیوەندییە وابەستەییە ئاڵۆزەکانی نێوان ئەم دەڤەرە و جیهان هاوکات وابەستەیی  هەرێمیی و نێودەوڵەتی لەبەرچاوگیراون. لەپاڵ ئەمانەوە، تیۆری ئاڵۆزیی ئاسایشی هەرێمیی (RSCT) لە تیورەکانی دیکە واقیعیترە لە بەستنەوەی نیگەرانییەکانی ئاسایشی هەرێیی و جیهانی. بە واتایەکی دیکە، “ئاستی هەرێمیی ئەو شوێنەیە کە ئاسایشی نیشتیمانیی و جیهانیی کارلێک دەکەن و زۆربەی کردارەکانیش لەوێ ڕوودەدەن” (Buzan and Weaver 2003: 43).

لە کەیسی ئێران و کوردستاندا، بواری ناوچەیی فەزایەکی یەکلاکەرەوەیە بۆ دەرکەوتن و کاریگەری دانان لەسەر جیهان. ئێران ئامانجی کۆنترۆڵکردنی ناوچەکەیە بەڵام ئێران پێیوایە کە کوردەکان لەڕێی هەڵوێست و کردارەکانیانەوە دەیانەوێت ناوچەکە بگۆڕن. ئەم گۆڕانکارییە لەلایەن زلهێزە هەرێمایەتی و جیهانییەکانەوە بەشێوەی جیاواز دەبینرێن و لێکدانەوەیان بۆ دەکرێت. لێرەدا پێویستە جەخت لەوە بکرێت کە کوردەکان بە پێچەوانەی ئێرانییەکانەوە، لەڕێی گوتار و کردارەکانیانەوە، هیچ خواستێکیان بۆ گۆڕینی ناوچەکە نییە. ئەم سەرنجنەدانەی کوردەکان لەسەر دەرەنجامی کارەکانیان وایلێکردوون بە هەڵەدابچن لەسەر کاردانەوەی ئەوانی دیکە بەتایبەتی زلهێزە هەرێمایەتییەکان بەرامبەر کارەکانیان، بەتایبەتی ئێران و تورکیا.

ئێران وەک کیانێک کێشەی بوون بە دەوڵەت-نەتەوەی هەیە؛ ئەمە خۆی هۆکارێکە، ڕێک وەک ئەوەی کە وەک دۆخە کیسنجەرییەکە ناسراوە (Graubard 2008).ئەم دۆزە چەندین ڕووی هەیە: تائیفی و نەتەوەیی و ئیمپریالی. بەڵام کوردستان نەک کێشەی بوون بە دەوڵەت-نەتەوەی هەیە بەڵکو نەتەوەیەکە کە کێشەی نەبوونی دەوڵەتی هەیە. لە هەردوو حاڵەتەکەدا، هەستی نائەمنیەتی ئێرانی و نائەمنیەتی کوردی ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی هەیە، کە هەر یەکێکیان بە پێی توانا و تێگەیشتنی خۆی هەوڵدەدات ڕووبەڕووی بێتەوە. بە واتایەکی دیکە، نە ئێران و نە کوردستان بە دۆخی ئێستایان ڕازی نین و دڵخۆش نین. هەر هەوڵێک لەلایەن ئێرانەوە بۆ بوون بە شتێکی گەورەتر لە دەوڵەت-نەتەوە (بۆ نمونە: هێزێکی هەرێمیی) یان لەلایەن کوردستانەوە بۆ بوون بە دەولڵەت-نەتەوە، پەیوەندییەکانی نێوانیان دەگۆڕێت و کاریگەری لەسەر جیۆپۆلەتیکی هەرێمایەتی دەبێت. هەوڵەکانی ئێران لەلایەن لایەنەکانی دیکەوە وەک هەوڵێک بۆ هەژموونگەرایی لێکدەدرێتەوە. ئەوە لەکاتێکدایە، ئێران ئامانجەکەی وەک “هەوڵی دروستکردنی “ناوچەیەکی بەهێز” وێنا دەکات، نەک بەدوای هەژموونگەراییدا بێت” (Zarif 2018).

بەپێی ئەم لۆژیکە و تێگەیشتن لە سیاسەتی نێودەوڵەتی، ئەگەر وەک دەوڵەت بەهێز نەبیت، ئەوا سەلامەت و پارێزراو نابیت. بۆیە هەر هەوڵێک بۆ لاوازکردنی پێگەی دەوڵەتی ئێران لەلایەن ئێرانییەکانەوە بەرەنگاری دەکرێت. بەکورتی، ئێران هەست بە نائەمنیەتی و لاوازی و قبوڵنەکراوی خۆی دەکات. بەهەمانشێوەش، کورد، لە بێدەوڵەتیدا، هەست بە نائەمنی و لاوازی خۆی دەکات. لێرەوە، بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، ئێران هەوڵی سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی بەسەر ناوچەکەدا دەدات، چ بە ئاشتی چ بە هێز. لەبەرئەوە، کوردستانێکی سەربەخۆ لەلایەن ئێرانەوە وەک تەحەددایەک بۆ هەژموونی خۆی دەبینێت کە دروستبوونی ڕەنگە ببێتە هۆی لاوازکردنی پێگەی ئێران لە ناوچەکەدا. ئەمەش وادەکات کوردستان و ئێران،تەنانەت ئیسرائیلیش، جۆرە قەوارەیەک بن، دەوڵەتگەلێک بن، کە نەتوانن ببنە بەشێک لە سیستەمی ئاڵۆزی ئاسایشی هەرێمیی دەوروبەریان (RSCs) بەڵكو وەک دابڕاو ماونەتەوە.

پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی کوردستان و ئیسرائیل وەک دوو دابڕاو “پشتیوانی” یەکدی دەکەن، لانیکەم دژی یەکدی ناوەستن، لەکاتێکدا ئێران جیایە. ئێران بە پێچەوانەی ئیسرائیلەوە خۆی وەک دابڕاو و جیاکەرەوە نابینێت، ئەمەش بەهۆی پەیوەندییە چڕوپڕەکانیەتی بە خەڵکان و دەوڵەتانی ناوچەکەوە کە بە پلەی یەکەم لەڕێگەی هاومەزهەبی شیعەیەوەیە. لەم ڕووەوە، ئێران پێچەوانەی ئیسرائیل، لە بری ئەوەی بچێتە پەڕگە و پەراوێز لە دڵی ناوچەکە نزیکدەبێتەوە تاوەکو دووبارە بەو شێوەیە دایبڕێژێتەوە کە خۆی دەیەوێت و خواستییەتی (Alpher 2015).

لێرەدا پرسی کات دێتەگۆڕێ ، ئەگەر ڕیفراندۆمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی لەلایەک و سەپاندنی هەژموونی ئێران لەلایەکی دیکە دوو هەوڵ بووبن بۆ گۆڕینی ناوچەکە، ئەوا هەڵکەوتی، واتە کاتی، ئەم دوو خەون و ئامانجە تەواو دژ بە یەکدی بوون، زیاتریش لە هەر سات و قۆناغێکی دیکە. ڕیفراندۆم لەکاتێکدا ئەنجامدرا کە ئێران ئاهەنگی گەیشتن بە ئامانجەکەی دەگێڕا، کە هەژموونگەرایی بوو بە سەر شام و میزۆپۆتامیا و یەمەن، ئەویش لە ڕێگەی پاڵپشتیکردنی حکومەتە شیعە باڵادەستەکان لە عێراق و سوریا و یەمەن، هەروەها  بریکارەکانی لە لوبناندا. لەبەرابەردا، بۆ کورد، سەربەخۆیی تەنیا کاتێک گونجاو دەبێت کە درزێك لە ڕێکخستنی دۆخی ناوچەکەدا هەبێت، کە ئێران خۆی بە پارێزەری دەزانێت، لانیکەم دوای شکستی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە عێراق و سوریا، ئەمەش هێندەی دیکە بەریەکەوتنی ئەم دوو دید و کردارەی لێکەوتەوە

بەم پێیە، ئەوەی بەدیدەکرێت پەیوەندییەکی تراژیدییە لە نێوان هەوڵە هەژموونگەراییەکانی ئێران و هەڵەوڵەکانی سەربەخۆیی کوردستان. کاتی گونجاو بۆ جیابوونەوەی کورد لە عێراقی فیدراڵ کاتێکە کە ئەوانی دیکە بەشێوەیەکی بەرچاو لاواز بن یان لە قەیراندا بن. بەپێچەوانەوە پڕۆسەی هەژموونگەرایی ئێران بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە شێوازی کۆنی کۆلۆنیالیزم دەبەستێت کە خۆی لە گردکردنەوە و دانانی نوخبەگەلێکی دڵسۆز بۆ ئێران لە ناوخۆ دەبینێتەوە کە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ حوکمبەدەستن. لەم جەرەیانەدا سەربەخۆیی کوردستان لە ڕووی نەتەوەیی و مەزهەبییەوە بەربەستێک بۆ پرۆژەکە هەژموونگەراییەکەی ئێران دروستدەکات.ڕپرۆژەی ئێران و هەوڵی سەربەخۆیی کوردستان هاوکات بوون لەگەڵ ساتێکی دیاریکراو لە دۆخی سیاسی عێراق کە دەکرێت وەک ساتەوەختی پچڕان لە مێژووی هاوچەرخی عێراقدا ناوزەد بکرێت، کە پچڕان بوو لە حوکمی سوننەوە بۆ حوکمی شیعە. حوکمی شیعە بەردی بناغەی سەرەکی پڕۆژەی هەژموونگەرایی ئێرانە. بۆیە ڕیفراندۆمی کوردستان، بە ئیزافەی ڕەهەندە نەتەوەیی و جیوسیاسییەکەی ڕەهەندێکی مەزهەبیشی هەبوو بۆ ئێرانییەکان.

لەگەڵ دەسپێکی قۆناغی باڵادەستی شیعە لە عێراق، سوننەکانی عێراق هەم دابەشبوون هەمیش پەراوێزخران، بەپێچەوانەوە لە قۆناغە سەرەتاییەکانی باڵادەستی شیعەکان  لە عێراقدا کورد یەکگرتوو و بەهێز بوو. ئەمەش بە پلەی یەکەم بۆ لاوازیی حکومەتی ناوەند و پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ کوردەکانی عێراق دەگەڕایەوە. پەیوەندی نێوان ناوەند (حکومەتی فیدراڵ) و هەرێم (حکومەتی هەرێمی کوردستان) سەرەڕای بنەمای دەستوریی، لەسەر بنەمای یاسای هێز بوو نەک هێزی یاسا، ئەمەش بە زەقی لە ڕووداوەکانی دەیەی ڕابردووی مێژووی عێراق دەردەکەوێت. ئەم پەیوەندییە ئاشوبییە (anarchic)، هاوشێوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، ناوەند و پاشکۆکەی بەوە پێناسەدەکات کە وا مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت وەک ئەوەی هاوسەنگی لە پەیوەندی هێزەوەیە نەک پەیوەندییەکی دەستوریی ڕێکخراو لەنێوان ناوەند و قەراغەکانی. ئەمەش بە دەقیقی لە ساتەوەختی ڕیفراندۆمدا دەرکەوت کە ناوەند گەڕایەوە بۆ گوتاری ناوەندگەرایی نەک فیدراڵی. ئەمەش بە وردی لە هەموو ئەو بودجانە دەردەکەوێت کە لە دوای ڕیفراندۆمەوە پەسەند کراون کە بڕە بەشە بودجەی هەرێم پەڕوباڵی دەکرێت.

بەپشتبەستن بە تیوری RSCT، ئێران هەنگاوەکانی سەربەخۆیی کوردستانی وەک هەوڵێک بۆ بە ئاشوبکردنی زیاتری ناوچەکە دەبینێت، ئەویش بە زیادکردنی قەوارەیەکی سیاسی دیکە و لەم ڕێگەیانەوەوە.، یەکەم: دابەشکردنی عێراق کە کایە و بەردەبازێکی سەرەکی هەژموونی ئێرانە؛ دووەم: بە دروستکردنی جەمسەری زیاتر لە ناو کایە و قەڵەمڕەوی ئێراندا؛ سێیەم: چونکە کوردستانێکی سەربەخۆ بۆ ئێران نەک تەنیا هەڵگری ناوی وڵاتێکی دراوسێیە بەڵکو ئەگەری ئەوەی هەیە کە کاریگەری لەسەر سیاسەتی ناوخۆی ئێران لە ڕووی مەزهەبی و نەتەوەییە هەبێت، لەوەش ترسناکتر، لە ڕووی کلتورییەوە، جگە لەوەی دەکرێت ببێتە بەشێک، یان پێگەیەک، بۆ دەسەڵاتی ‌ڕکابەرە هەرێمایەتییەکەی ئێران کە ئەمەریکا و ئیسرائیل (بڕوانە بڕگەکانی دواتر).

هەوڵی ڕیفراندۆم دیمەنەکەی گۆڕی و زەمینەی بۆ سەرهەڵدانی عێراقێکی بەهێز و کوردستانێکی لاواز ئامادەکرد. ڕیفراندۆم بووە هۆی ئەوەی کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانی تێگەیشتنەکانی هێزە هەرێمایەتییەکان (وەک، ئێران و تورکیا) بکەن لەبەرامبەر کورد بەتایبەتی لە پەیوەند بە پاراستنی یەکپارچەیی عێراق. نوخبە سیاسییەکانی کورد بە ڕوونی لەبەرامبەر ئەم هەنگاوەدا هۆشدارییان لەلایەن زۆر کەس و لایەنەوە پێدرا، بەڵام سیاسەتی کەلەڕەقی و تاکڕەویانەی بەشێکی بچوک، بەڵام کاریگەر، لە نوخبەی سیاسی کورد، شکستی هێنا لە هەڵسەنگاندنی مەترسییەکاندا.

سەرەڕای ڕەوایی و پاساوە مێژوویی و ئەخلاقی و ئەمنییەکان بۆ سەربەخۆیی کوردستان، هەوڵی ڕیفراندۆم بەرهەمی پێچەوانەی هەبوو و لە ئەنجامدا ئامانجی سەربەخۆیی نەک بەدینەهێنا بەڵكو تێکشکاند. ئەمەش بەشێکی بەهۆی دژایەتی توندی ئێران بوو بۆ خواستەکانی کورد. وەک داڕێژەرانی سیاسەتی هەرێمایەتی ئێران بە نهێنی ڕایانگەیاندووە، هەرێمێکی کوردستانی بەهێز لەناو عێراقدا بەبێ ڕیفراندۆم و بە گڵۆپی سەوزی ئێران مومکین بوو، مەلا بەختیار ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان ئەمەی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا لە ٧ی کانونی دووەمی ٢٠١٨ دا یەکێتیینیشتیمانئاشکرا کرد.

زانیاری و تێگەیشتنەکانمان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێرانییەکان دژایەتی کوردستانێکی بەهێز یان بەهێزتریان لەناوخۆی عێراقدا نەدەکرد، بەڵام وەک هۆشدارییان دا، لەبەرئەوەینیگەرانییەکانیان لەبەرچاونەگیران بۆیە بە پێچەوانەوە مامەڵەیان کرد. ئۆفەری ئێران و ڕەتکردنەوەی کوردستان پێشینەی لە مێژووی ناوچەکەدا هەیە و دەبوایە سەرکردایەتی کورد هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەوە کردبا کە کاردانەوەی ئێرانی بەدوادادێت. لە ڕۆژانی سەرەتای داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمەریکاوە لە ٢٠٠٣ دا، ئێران هەستی بە مەترسی کرد و پێشنیاری دانووستانی لەگەڵ ئەمەریکا کرد. بە گوێرەی پارسی (Parsi 2017: 49) پێشنیارەکە ناماقوڵ بوو،ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئێرانییەکان ترسیان لێنیشتبوو ئامادەبوون بۆ ئەوەی هەموو شتێک بخەنە سەر مێزی دانوستان. ئەمەریکییەکان ئەو پێشنیارەیان ڕەتکردەوە، ئێرانییەکانیش هیچ بژاردەیەکیان نەبوو جگە لە هەوڵدان بۆ ڕاستکردنەوەی باڵانسی هێز، ئەنجامەکەشی ئەوە بوو کە ئەمەریکا ناچار بوو بەبێ هیچ دەستکەوتێک و دوای زیانێکی زۆری سیاسی و ئابوری و سەربازی عێراق بەجێبهێڵێت. بەهەمان شێوە نوخبەی سیاسی کورد لە عێراق پێشنیاری ئێرانیان بە جددی وەرنەگرت و هەڕەشەکانی ئێرانیان پشتگوێ خست، لەمەشدا تواناکانی ئێرانیان بەهەڵە خەمڵاند.

ڕەنگە هەندێک وایببینن کە ئێران پەیڕەو لە عەقیدە و ڕێبازێکی ئاسایشی بەرگریی بکات (Tabatabai 2017) کەچی لەڕاستیدا ئێران بە پلەی یەکەم بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی “پەیڕەوی سیاسەتی کاردانەوە و خۆگونجاندن دەکات نەک دروستکردن و داڕشتنی” سیاسەتی نوێ (Tabatabai 2017). بەوردی بڵێین، بەرهەمەکانی سیاسەتی دەسەڵاتدارانی ئێرانهەوڵدانە بۆ لەدەستنەدانی هەڵەکانی ئەوانی دیکە. لە ڕیفراندۆمدا، ئێران هەلی هەڵەی سەرکردایەتی کوردستانی باش قۆستەوە و  کوردستانی کرد بە پاشکۆیەکی لاواز و عێراقیشی بەهێز و سێنتڕاڵ کرد.

بۆ لێکدانەوەی جووڵە و خواستەکانی ئێران، مرۆڤ پێویستە بیر لە چەند فاکتەرێک بکاتەوە. بۆ ئەوەی ئەم چەند گریمانەیە ڕوونتر بکەینەوە کە تا ئێستا خراونەتەڕوو. لەم فاکتەرانە، یەکەم: ئێران ڕۆڵ و کاریگەرییەکی کەم و سنوورداری لە ئاستی جیهاندا هەیە، بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەوە، ئێران تەرکیزی خستۆتەسەر سیاسەت و هەوڵەکانی لە ناوچەکەدا. ئەمەش، وەک ئاماژەی پێکرا، بۆ ئەوەی ڕۆڵ و کاریگەریی و قورسایی لە سیاسەتی جیهانیدا هەبێت. ئەمەش وادەکات کە سیاسەتی هەرێمایەتی لە ئەولەویاتی کار و ئامانجەکانی ئێراندا بێت. دووەم: داڕمانی یەکێتیییەکێتیی سۆڤیەت و هاتنی ئەمریکییەکان بۆ ناوچەکە، هەم هەڕەشە و هەم دەرفەتی بە ئێرانییەکان بەخشی کە ببنە یاریزانێکی هەرێمایەتی لە پێناو بەرگریکردن لە ڕژێمەکەیان. سێیەم: مەعریفە و مرونەت لەلای ئێرانییەکانەوە و نەشارەزایی و نەزانی و بێئۆقرەیی لەلایەن زلهێزە ڕۆژئاواییەکانەوە، بە سوودی ئێرانییەکان گەڕایەوە و کە لە قانجی خۆیان لە گەمە سیاسییەکانیان بەکاریانهێنا. بۆ ئەوەی لە چوارچێوەیەکی ڕوون و ئاشکراتر بیخەینەڕوو، بەشێوازێکی دیکە دەریدەبڕین بەکورتی، ئێرانی ئیسلامی، لەگەڵ هاتنەسەر حوکمی بەگشتی و لەدوای ڕوخاندنی ڕژێمەکەی سەدام لە عێراق بەتایبەتی، وا هەستی دەکرد کە ئەو هیچ پێگە و شوێنێکی لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا نییە، یان نەماوە. لێرە مەبەستمان جیهانی پاش شەڕی سارد و پاش داگیرکردنی عێراقە لەلایەن ئەمریکییەکانە بەتایبەتی، جیهانێک کە نیزام گەمە جیهانیی و هەرێمییەکانی بە قازانجی ئەمریکا گۆڕان و ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدوای خۆیدا هێنا. ئێران سەرەتا ترس دایگرتببوو بەڵام دواتر هەوڵی بەدەستهێنانی زەمینەی دەدا لەڕێگەی بەکارهێنانیهەم هێزی نەرم هەم هێزی ڕەق. وڵاتێک لەو نێوەدا ڕۆڵێکی گرنگی دەبینی لە بەدیهێنانی ئەم حەز و ئامانج و خواستە گەورەیەی ئێران، ئەوی عێراق بوو. بەڵام عێراق ئەو خاکەیە، ئەو جوگرافیایەیە، کە لە ٢٠٠٣ وە کورد هەوڵی تێکشکاندن و هەڵوەشانەوەی دەدات. ئێرانییەکان چۆن ئەم خواستەی کورد دەبینن لەبەرامبەر خواستەکانیاندا ئەوار لە بڕگەکانی خوارەوەدا تاوتوێ دەکرێن.

خواستەکانی سەروەریی کوردستان

عێراق لە  ١٩٢١ دا لەلایەن ئینگلیزەکانەوە دروستکرا. لە ١٩٢٦، بەهاوکاری بەریتانییەکان، عێراق بەفەرمی ویلایەتی موسڵی عوسمانی کە زۆرینە کورد بوو خستە سەرخۆی. گەلی کورد ئەم لکاندنەی بە دەوڵەتی عێراقی تازە-دامەزراو بەخیانەتی زلهێزەکان لەقەڵەمدا چونکە پەیمانی سیڤەری ١٩٢٠، کە شەش ساڵ پێشتر واژۆکرابوو، داوای دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی کردبوو. هەستی خیانەت و سیاسەتی پەراوێزخستن لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بووە هۆی ڕاپەڕینی بەردەوام لەلایەن کوردەکانی عێراقەوە. چیرۆکی پشت لکاندنی باشوری کوردستان بە عێراق چیرۆکێکە کە هەندێک پێیانوایە پەیوەندی بە هاوسەنگکردنی قورسایی سوننە و شیعەکانە لەو دەوڵەتە نوێیەدا. هەندێکیش دەیگێڕنەوە بۆ ترس لە هاتنەخوارەوەی سۆڤیەت و دروستکردنی هەڕەشە لەسەر عێراق، بەواتایەکی دیکە، کوردستان وەک بەربەستێک لە پێش سۆڤیەت دانراوە بۆ پاراستنی عێراق. زۆریشن ئەوانەی لکاندنەکە دەبەستنەوە بە کێشەی داراییەکانی بەریتانیا لەو ئانوساتدا. هەشن نەوت وەک فاکتەری لکاندنی ویلایەتی موسڵ بە عێراقەوە دەبینن  (Kirmanj 2013: 44; Fattah 2009: 170). سەرکردایەتی کورد لە عێراق لەژێر کاریگەری بیرۆکەکانی سەرۆکی ئەمریکا، ودرۆ ویلسن، لەمەڕ مافی چارەنووس لەلایەک و لەلایەکی دیکە وەک چاولێکەری لە عەرەبەکانی ناوچەکە کە کرابوون بە خاوەن چەند دەوڵەتێک، هەروەها کاریگەریی بانگەوازی ڕۆشنبیرانی کورد لە ئەستەنبوڵ وئەوروپا، هیوای سەربەخۆیی و دەوڵەتێکی تایبەت بە خۆیان دەخواست.

یەکەم هەوڵی سەربەخۆیی کوردەکانی باشوری کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ پێش دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق. ڕاپەڕین بە ڕێبەرایەتی شێخ مەحمود لە ١٩١٩ دا دەستی پێکرد کە چەند مانگێکی خایاند (Al-Bayatti 2005). لاوازیی لە ڕووی دیپلۆماسی و دەوڵەتسازی لەلایەک و شکستهێنانی شێخ لە کۆکردنەوەی خەڵکانێکی پێویست لە هۆزەکانی دیکەی کورد لەلایەکی دیکەوە تاوەکو هێرشێکی یەکلاکەرەوە بۆ سەر ئینگلیزەکان ئەنجامبدەن، هەموویان بوونە هۆکاری شکستی ئەو هەوڵەی کوردەکان. سەرەڕای شکستەکەی، یاخیبوونی شێخ مەحمود و حکومەتە کورتخایەنەکەی بوون بە “ئەفسانەگەلدامەزراندنی ناسیۆنالیزمی کوردی”(Kirmanj 2013: 23-31).

پاش دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ١٩٤٦، بەمە پێکهاتەیەکی ڕێکخراوەیی نەتەوەیی بۆ کورد هاتەئاراوە. کاتێک لە ١٩٦١ شەڕ لەنێوان کورد و حکومەتی ناوەندی عێراقدا هەڵگیرسا، بزووتنەوەیەکی تاڕاددەیەک بەهێزی نەتەوەیی کورد سەریهەڵدا (Bengio 2012: 13). لە ١٩٧٠ حکومەتی عێراق و سەرکردایەتی کورد بەیەننامەی ١١ ی ئازاریان واژۆ کرد، کە لانیکەم لەسەر کاغەز گەرەنتی ئۆتۆنۆمی کوردستانی عێراق دەکرد. لەگەڵ ئەوەشدا، دیاریکردنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان دواخرا تا ئەو کاتەی سەرژمێرییەک ئەنجامدەدرێت، کە هەرگیز ئەنجام نەدرا. جگە لەوەش، دەسەڵاتدارانی عێراق سیاسەتی بەعەرەبکردنیان دەستپێکرد کە بۆ گۆڕینی ناسنامەی نەتەوەیی ناوچە کوردنشینەکان داڕێژرابوو. سەرەڕای ئەوە، بەغدا تاکلایەنە پڕۆگرامێکی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان دەرکرد و جێبەجێکرد، بەڵام شوێنە ستراتیجییەکانی وەک کەرکوک و خانەقین وئاکرێ و شەنگالی لە دەسەڵاتە ئۆتۆنۆمییەکە دوورخستەوە. لە مانگی ئازاری ١٩٧٤ شەڕ دەستی پێکردەوە و ساڵێکی خایاند، حکومەتی ناوەندی سەرکەوت. بەڵام هەر زوو یاخیبوونێکی دیکە لە کوردستان سەریهەڵدا و لەوێدا یاریزانێکی سیاسی نوێ دەرکەوت، ئەویش یەکێتیییەکێتیی نیشتیمانی کوردستان بوو.  پڕۆسەی پاکتاوی نەژادی و بەعەرەبکردن بەردەوام بوو و لە ئۆپەراسیۆنە بەدناوەکانی ئەنفالی ١٩٨٨دا گەیشتە لوتکە، کاتێک حکومەتی عێراق زیاتر لە ١٠٠ هەزار هاوڵاتی کوردی کۆمەڵکوژ کرد و نزیکەی یەک ملیۆن و نیو کوردی بە زۆرەملێ ڕاگواست بۆ ئۆردوگاکان (Human Rights Watch 1995: 5).

لەشکرکیشی عێراق بۆ سەر کوێت و فراوانخوازییەکانی بووە هۆی ڕاپەڕینەکانی بەهاری ١٩٩١. چەند ڕۆژێک دوای سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی شیعەکان لە باشور، لە ٥ ی ئازاری ١٩٩١ ڕاپەڕینێکی دیکە لە کوردستان ڕوویدا. شکستی کورد لە وەستانەوە لە دژی سوپای عێراق بووە هۆی کۆچکردنی نزیکەی دوو ملیۆن کورد. بەمجۆرە، سەپاندنی ناوچەی دژە فڕین و دامەزراندنی ناوچەی ئارام لە ناوچە کوردییەکان لەلایەن ئەمەریکا وهاوپەیمانەکانییەوە حکومەتی عێراقی ناچارکرد کە دامودەزگا مەدەنی و ئەمنییەکانی لە ناوچە کوردییەکان بکشێنێتەوە. هەر زوو کوردەکان ئەو بۆشاییەیان پڕکردەوە، ئەویش بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی گشتی لە ئایاری ١٩٩٢ کە ئەنجامەکەی درووستبوونی حکومەتی هەرێم و پەرلەمانی کوردستان لێکەوتەوە. ئەم پێشهاتە بووە هۆی ئەوەی لە تشرینی دووەمی ١٩٩٢ دا کۆبوونەوەی سێ قۆڵی تورکیا-سوریا –ئێران ئەنجامبدرێت، کە ئامانج لێی سنوورداردکردنی خواستەکانی کورد بوو لە خۆبەڕێوەبەریدا (Bengio 2012: 219).

ئەو ناوچەیەی کە سوودی لەخۆبەڕێوەبەری وەرگرتبوولە ساڵی ١٩٩٤دا بەهۆی شەڕی ناوخۆوە وێران بوو و بەسەر دوو ناوچەی نفوزی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانی کوردستاندا دابەشبوو. لە کۆتایی ١٩٩٨ دا، بە هەوڵی ئەمەریکییەکان، شەڕی ناوخۆی کوردی-کوردی کۆتاییهات. کۆتاییهاتنی شەڕی ناوخۆ کەشێکی هێنایە ئاراوە کە کورد هێواش هێواش دەستیکرد بە پڕۆسەپڕۆسەی نەتەوەسازی و دەوڵەتسازی لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا (Kirmanj 2013: 185; 2014: 367-384). ڕاستە کە پڕۆژەی نەتەوەسازی کورد لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ خەمڵی، بەڵام لەڕاستیدا سەرکەوتنەکەی بەرهەمی کەڵەکەبووی نزیک سەدەیەک خەباتی نەپساوە بوو (Bengio 2012: 315). لە ١٩٩٢ تا ٢٠٠٣، حکومەتی هەرێمی کوردستان سیماکانی نیمچە-دەوڵەتی لەخۆیدا گەشەپێدابوو، بەڵام لە دوای ڕوخانی دەوڵەتی عێراقی لە ٢٠٠٣ دا  توانا و پێگەی زۆر بەهێزتر بوون (Rafaat 2018; Natali 2010: 127-131). سیماکانی  نیمچە-دەوڵەتی خۆیان لەمانەدا دەبینیەوە: پەرلەمان و حکومەت و هێزەکانی ئاسایش و بەرگری، کە هەموویان بەشێوەیەک لە شێوەکان ببوون بە سیمبوڵی دەوڵەتێکی نیمچە سەربەخۆ لە دەرەوەی دەسەڵاتی بەغدا. بەفەرمیکردنی سروودی نیشتیمانی کورد و چاپکردنی پول و بنیاتنانی مۆنۆمێنت و پەیکەری یادگاری و مۆزەخانەش وەک نیشانەکانی نەتەوەسازی و دەوڵەتسازی لە دەرەوەی عێراق دەبینران. بەگەیشتن بە ٢٠٠٥، دوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دروستکران کە بیانییەکان بەگەیشتنیان دەتوانن ڤیزا لە ئەفسەرە کوردەکان وەربگرن. تاوەکو ٢٠١٦، هەرێم دە زانکۆی حکومی و دە زانکۆی ئەهلیشی هەبوو، لەنێویاندا دوو زانکۆی ئەمەریکی. بەگشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر لە حکومەتی ناوەند سەرکەوتووتر بوو، چونکە هەرێم  تا ٢٠١٧ جێگیرترین و لاشەڕترین ناوچەی عێراق بوو.

لە حوزەیرانی ٢٠١٧ داسەرکردایەتی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان ڕۆژی ٢٥ ی ئەیلولی ٢٠١٧ یان وەک ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان دیاریکرد. زۆرینەی ڕەها، ٩٢%، دەنگیان بە سەربەخۆیی دا (The Guardian 2017). هۆکارەکانی پشت ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و شکستهێنانی لە دەرەوەی بازنەی ئەم توێژینەوەیەن بەڵام هەر چۆنێک بێت ئەنجامەکان دەریانخست کە زۆرینەی زۆری کورد لە عێراق پشتیوانی جیابوونەوەی کوردستان لە عێراق دەکەن و ئامانجی کۆتایی کوردەکان سەربەخۆییە. ئەم پەیوەندییە ئاڵۆزە لەگەڵ سەربەخۆیی، پەیوەندییەکی ئاڵۆزی لە نێوان کوردەکان و عێراقییەکان، هەروەها کورد و هێزە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان، دروستکردووە. پەیوەندی کورد بە سەربەخۆییەوە هەر شتێک بێت ڕاستەوخۆ نیە. کوردەکان هەست دەکەن لەبەرچاونین لە جیهاندا، بە واتایەکی دیکە دیارێکی ونن، لە دەرەوەی مێژوودان. کوردەکان نە نوێنەرایەتی دەکرێن و نە بەرگرییان لێدەکرێت تەنانەت ئەوکاتانەش کە مەترسی لەناچوونیشیان لەسەرە. لەوەش زیاتر، نەبوونی دەوڵەت بووەتە هۆی هەستی خۆبەکەمزانی و خودنەفرەتی لەلای کوردەکان، بەتایبەتی کاتێک وەک گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەت وەسفدەکرێن (Chaliand 1993; Brendan et al. 2006). ئەم دیدە کوردییە وجودی و سیاسی و ئەخلاقییەی نەبوونی دەوڵەت بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر لەگەڵ هەستی ئێرانییەکان لەنەبوون بە زلهێزێک لە ناوچەکەدا بەریەکدەکەون.

خواستیهەژموونگەرایی هەرێمایەتیی ئێران

ئێران (لە مێژوودا بە وڵاتی فارس، پێرژیا ناسراوە)، بە پێچەوانەی دەوڵەتانی دیکەی دراوسێیەوە، مێژوویەکی دوور و درێژ و بەهێزی دەوڵەتداری و ناوەندگەرایی سەربەخۆی هەیە. بۆ چەندین سەدە خاکی چەندین ئیمپراتۆر بووە لەژێر ناوی جیاوازدا. بۆ ماوەی ١٢٠٠ ساڵ، فارسەکان دەسەڵاتیان بەسەر ناوچەیەکدا هەبوو کە لە دەریای ڕەشەوە درێژ دەبوویەوە تا کەنداوی فارس و لە کەنارەکانی دەریای ناوەڕاستەوە تا بەشەکانی باکوری هیندستان و ئاسیای ناوەڕاست. بە درێژایی مێژوو، دەوڵەتی فارس پەیوەندی بازرگانی و ئابوری و سیاسی دروستکردووە و زۆرجاریش شەڕی لەگەڵ ئیمپراتۆرییەتەکانی دەوروبەری لە ڕابردوودا کردووە. قەڵەمڕەویەکانی فارس لە ناوەندی باشوری ڕۆژئاوای ئێرانی ئێستا و چیاکانی زاگرۆس بووە. لە زێدی خۆیانەوە، فارسەکان شانشینە جۆراوجۆرەکانی میزۆپۆتامیایان بەزاندوە و داگیریان کردوە و حوکمڕنییان کردون، واتە لەو شوێنەی کە ئێستا بە عێراق ناسراوە (Burgan 2010: 7). ئەم مێژووە هەوڵی ئێرانییەکانی دوێنێ و ئەمڕۆی بەدوای باڵادەستیدا لێکەوتۆتەوە. لە ڕاستیدا، زاڵیی و باڵادەستی نۆرمی ئێران بووە بە درێژایی مێژووە دوور و درێژەکەی (Parsi 2007: 41).

ئێران خۆی پێگەیەک لەسەرووی هەموو دراوسێکانییەوە دادەنێت. ڕاست بێت یان هەڵە، ئەم خۆبەزلزانییەی ئێرانییەکان وای کردووە کە خۆیان وەک یەکەمی نێوان یەکسانەکان (primus inter pares) لە ناوچەکەدا ببینن (Ramazani, 1988). لەوانەیە ئەمە هۆکاری پشت سەختییەکانی هاوسەنگکردنی ئایدۆلۆژیا و پراگماتیزم بێت لە درووستکردنی بڕیارەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا(Ramazani 2004: 551). ئەم هەڵوێست و هەڵسوکەوتە قوڵایی لە مێژووی فارسدا هەیە، کە بۆ سەدەی شەشەمی پێش زایین دەگەڕێتەوە، ئەوکاتەی یەکەم دەوڵەتی فارس (پێرژیا) لەدایکبوو، کە لە دیدگای ئێرانییەکان تا ئێستاش هەر بەردەوامە. ئەم تێگەشتنانە، ئەفسانە بن یان ڕاستیی، شا لێیان دەرباز نەبوو، کە خەونی بە زیندووکردنەوەی ئێرانە گەورەکەی ڕابردوو دەبینی، ئەویش بە گۆڕینی ئێرانی ئێستا بۆ ئیمپراتۆرییەتێکی بەهێزەی کە ڕۆژێک لە ڕۆژان دەسەڵاتدار بوو. شرۆڤەکردنی گوتارە سیاسی و مێژووی و کۆمەڵایەتییەکانی ئێران و پاڵنەر و هەوڵە سیاسییەکانی ئەمڕۆی ئێران ئەو هاوبەشە لە دیدی ئەمڕۆ و دوێنێی ئێران پشتڕاست دەکاتەوە. شا پێیوابوو “تەنها لە ژێر باڵادەستی ئێراندا، ناوچەکە دەتوانێت گەشەبکات و دەرئاسایەک بۆ شەڕ و خوێنڕشتن بدۆزرێتەوە” ((Parsi 2007: 41)). لەسەروبەندی مردنی شا گوتویەتی ئێران “تاکە نەتەوەیەکە کە توانای پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە”. لە مێشکی ئێرانییەکاندا، وڵاتەکەیان هەژموونێکی سروشتی هەبوو لە کەنداوی فارسدا؛ لاوازی دراوسێکانی ئێران ئەوانی بێبەشکرد لە وەرگرتنی ئەو شانازییە بەشێوەیەکی یاسایی. غوڵامڕەزا ئەفخەمی، ڕاوێژکاری پێشووی شا ڕاشکاوانە ئەم تێگەیشتنە دەردەبڕێت و دەڵێت: “کەس ناتوانێت هاوتای دەسەڵاتی ئێران، کولتووری ئێران، یان مێژووی ئێران بێت” (Parsi 2007: 39).

بە درێژایی مێژوو ئەم پاشخانە سەرچاوەی خواستی ئیمپریالییانەیە لە نێو ئێرانییەکاندا. هەروەها ئەو باوەڕەی کە نەخشەی ئەسڵی و مێژوویی قەڵمڕەویەکەیان زۆر فراوانترە لەوەی ئێستا و بواری کاریگەرییان کاتیخۆی لە سنووری چینەوە بۆ جەزیرەی عەرەبی درێژ دەبۆوە کەچی ئێستا زۆر بەرتەسکتر بۆتەوە، بۆتە مایەی دروستبوونی هەستی نائەمنی و ناسەقامگیری. ئەو قەڵەمڕەوەی کە ئێران خۆی تێدا دەبینێتەوە، بە گوتەی کێمپ و هەرکاڤ (Kemp and Harkav 1997: 15-17)، “چوار گۆشەیەکی بەرفراوانە” کە ئەوروپا، رووسیا و ئەفریقا لەگەڵ دەریای ناوەراست و بیابانی سەحارادا یەکەوە دەبەستێتەوە لەگەڵ دەریای ڕەش، قەوقاز، دەریای خەزەر و بەرزە-بیابانەکانی  ئاسیای ناوەڕاست بۆ باکوور لەگەڵ هیندۆکوش و نیمچە کیشوەری هیندستان لە ڕۆژهەڵات و زەریای هیندی لە باشور. ڕێک وەک ئەوەی کاپلان (Kaplan 2012: 145) ڕوونیدەکاتەوە:

نە وەک چین یان ڕووسیا، ئەم چوارگۆشەیە [ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست] یەک دەوڵەتی بەرین و فراوان نیە؛  وەک نیمچە کیشوەری هیندیش  یەک دەوڵەت سەرسەختانە زاڵ نییە بەسەرئەوانی دیکەدا، کە لانیکەم ڕواڵەتیش بێت یەکگرتووییەکی پێوەدیاربێت. هاوکات، وەک ئەوروپاش نیە کە لە کۆمەڵێک دەوڵەت پێکهاتوە و لە چوارچێوەیهاوپەیمانێتییەکی تۆکمە ڕێکخراو بن(وەک، ناتۆ و یەکێتیی ئەوروپا). بەپێچەوانەوەی ئەمانە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کارێکتەرێکی ناڕێک و سەرلێشێواو هەیە کە لە کۆمەڵێک شانشین و سەڵتەنەت و تیۆکراسی و دیموکراسی و ئۆتۆکراتی عەسکەرتار پێکهاتووە کە سنوورە هاوبەشەکانیان وەک چەقۆیەکی ناجێگیر لە لاشەیەکدا دەردەکەون.

لەم ناوچە شلۆق و ناجێگیرەدا، کێشەی ئەمنی و تەماحی مەزن لەگەڵ یەکدیدا تێکەڵ دەبن. لەکاتێکدا ئەگەری بردنەوە هەیە، مەترسی لەدەستدانیش هەیە. ئەم دۆخە بە درێژایی مێژوو، بەتایبەتی لە دوو دەیەی ڕابردوودا، سیاسەتی ئێرانیی لەقاڵبداوە. کۆتاییهاتنی شەڕی سارد “کاریگەریی لە ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دانا و ئێرانییەکان هەستیان بەوەکرد کە بارودۆخیان باشتر بووە” (Aminzadeh 1999: 6). ئەمەش لە زۆر ڕووەوە دەرکەوت، بۆ نموونە، چیتر یەكێتیی سۆڤیەت وەک هێزێکی جیهانی گەورە لەو دەوروبەرە بوونی نەما، هاوکات بوونی ژمارەیەک وڵاتی بچووک و مامناوەند کە ئێران دەتوانێت کاریگەرییان لەسەر بکات و سوود لە ناکۆکییەکانیان وەربگرێت و کراوە بێت بۆ ناسنامەی نوێ، لەوانە دینیی و کلتوری و مەزهەبی لە پێکهێنانی سیاسەتی هەرێمایەتییدا. بۆ ئێران نەخشێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست هاتەگۆڕێ. لەوێوە وانەی ئەوە فێر بوو کە چۆن مامەڵە لەگەڵ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات،بە دڵنیاییەوە لەگەڵ ڕەچاوکردنی جیاوازییەکاندا. ئەگەر ئاسیای ناوەڕاست باخچەی پشتەوەی ڕووسیا بێت، ئەوا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هی ئەمەریکیەکانە. بێگومان لێکۆڵینەوە بەراوردکارییەکان لە پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ ئاسیای ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زۆر لایەنی خواستی هەرێمایەتی ئێران و وێنەی دیکەمان بۆ ڕۆشندەکاتەوە.

هەروەک سباستیان (Sebastien 2014) دەڵێت هەر لە سەرەتاوە “دوای ڕووخانی سۆڤیەت، ئێران هیچ هەوڵێکی دوانەخست بۆ سەپاندنی خۆی بەسەر گۆڕەپانی ناوچەکە [ناوەڕاستی ئاسیا] دا، “. مرۆڤ دەتوانێت هەمان شێواز، تەنانەت بەهێزتر، بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببینێت، ئەویش بەهۆی تێکەڵەیەک لە لاوازی دەسەڵاتدارانی ناوچەکە و گرنگی ناوچەکە بۆ ئێران. لە پاڵ دۆخی بونیادی ئێران و ناوچەکە، ڕەهەندێکی کلتووریش لە دیاردەکانی گۆشەگیریی ستراتیجی ئێراندا هەیە، ئەویش ڕەهەندە کولتوورییەکە کە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ خۆبەزلزانی ئێران، ئەمەش لە هەستی ئێرانسەنتریزمەوە دەردەکەوێت، کە دەتوانرێت بە یورۆسەنتەریزم بەراورد بکرێت (Juneau 2014: 92).

بەتێگەیشتن لە ڕەفتاری ئێران دەتوانین پێشبینی هەوڵەکانی بۆ دامەزراندنی ناوەندێک کە چەقی لەسەر ئێران بەستبێت و چەندین ناوچەی پەراوێز و نیمچە-پەراوێز لە جیهانی ئیسلامیدا بکەین، لەم دابەشبوونەدا، ململانێ و کێشە ئەمنییەکان لە ئەولەویاتی هەوڵەکانی ئێرانن، کە ئاژاوە لە ناوچە پەراوێز و نیمچە-پەراوێزەکاندا بەکاربهێنرێت بۆ گەیشتن بە ئاسایش لە “ناوەند”دا، واتە لەناو . بە دەربڕینێکی دیکە، ئاسایشی ناوەوە و سنوورەکانی ئێران بە هۆی ڕۆڵ و بوونی ئێران لە ناوچە پەراوێز و نیمچە-پەراوێزەکانەوە دیاریدەکرێت. ئەوە ئاسایشی “ناوەند”ە کە بەشێوەیەکی بەرچاو ڕوونیدەکاتەوە کە چۆن ئێران سەیری تێچوونە مرۆیی و ئابووریەکانی بوونی سەربازی دەرەکی دەکات، کە ئێران بە ناوەندی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دادەنێت. لە ٢٩ کانوونی دووەمی ٢٠١٤، لەکاتی پرسەی ژەنەراڵ حەمید تەقاوی، فەرماندەی سوپای پاسداران، عەلی شەمخانی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانیی ئێران ڕایگەیاند کە “تەقاوی [بۆیە] گیانی خۆی بەختکردووە بۆ ئەوەی ئێمە لە تاران [ئەوە] نەکەین. ئەگەر [لایەنگرانی تەقاوی] لە سامەڕا گیانیان بەختنەکردبا، ئێمە لە سیستان، ئازەربایجان، شیراز و ئەسفەهان گیانمان پێشکەش دەکرد”( Mehr News agency, 2017).پێویستە هەوڵبدەین شۆڕشەکەمان هەناردەی جیهان بکەین. پێویستە ئەو بیرۆکەیە وەلانێین کە شۆڕشەکەمان هەناردە نەکەین، چونکە ئیسلام بە شێوەی جیا سەیری وڵاتە ئیسلامییە جیاوازەکان ناکات و پشتیوانی هەموو گەلانی ستەملێکراوی جیهانە. لەلایەکی دیکەوە، هەموو زلهێزەکان بۆ لەناوبردنی ئێمە هەستاونەتە سەرپێ. ئەگەر ئێمە لە قاوغێکی داخراودا بمێنینەوە، بە دڵنیاییەوە ڕووبەڕووی شکست دەبینەوە.( Radio Tehran 1980).

دەیان ساڵە ئێران هێزێکی هەرێمایەتیی بووە وەک هەبکەرێکی دیکەی هەرێمایەتیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بەڵام لەسەرکارلادانی ڕژێمی تاڵیبان لە ئەفغانستان لە ٢٠٠١ دا و سەددام حسێنی عێراق لە ٢٠٠٣ دا، وەک دەرئەنجامێکی “شەڕی دژەتیرۆر”، ئێرانی کردە بکەر و یاریزانێکی سەرەکی لە ناوچەکەدا. لە ڕاستیدا، جەنگی ئەمەریکا دژ بە تیرۆر دوو وڵاتی ژێردەسەڵاتی سوننەی وێرانکرد کە بۆ چەندین ساڵ ئێرانیان لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواوە سنووردار کردبوو. بە واتایەکی دیکە، ئێران سوودمەندی سەرەکی کردەوەکانی ئەمەریکا بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پاش ١١ ی سێپتەمبەر (Sayah 2011; Nuruzzaman 2017). سەرەڕای ئەوەش، هەڕەشە بەردەوامەکانی ئیدارەی ترەمپ و بوش دژی ئێران پاڵیان بە ڕژێمی ئێرانەوە نا کە بەتووندی دەست بە پەرەپێدانی پیشەسازی سەربازی ناخۆیی بدات. ئێران ئێستا بەرهەمهێنەر و هەناردەکاری چەکە. بەسەرکەوتوویی مووشەکی بالستیکی دوور مەودای بەرهەمهێناوە و تاقیکردووەتەوە. ئێران تانکی شەڕ و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) و ژێردەریایی و بەلەمی هێرشبەر درووستدەکات (The Iran Project 2017; Roblin 2017).

ئەو مەترسییەی کە داعش بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دروستیکرد، ئێرانی کردە هاوپەیمانی نافەرمی بۆ هاوپەیمانی جیهانی دژ بە داعش کە لە ئەیلولی ٢٠١٤ پێکهێنرا. ئەمەش پێگەی ئێرانی لە ناوچەکە و دەرەوە بەهێزتر کرد. جگە لەوە،  ئێران کاردەکات لەسەر “بنیاتنانی توانای ناوخۆییەکانی لەگەڵ پەرەپێدانی ئابورییەک کە بنەمای لەسەر زانیاری و تەکنۆلۆجیا دانابێت، هاوکات لە هەوڵی باشترکردنی بەرهەمهێنانی پیسەسازی دایە لەگەڵ توانای کێبڕکێی تەکنەلۆژی” (UNESCO 2017; Nuruzzaman 2017). ئەمانە هەمووی هەنگاوی پێشکەوتوو و یەکلاکەرەوە بوون لە بەهێزکردن و تۆکمەکردنی پێگە و هەڵوێستی نێودەوڵەتی و ناوچەیی ئێران. ئەمەش وایکرد ئێران هێندەی دیکە پرۆژە هەژمونگەراییەکەی خۆی بباتەپێش، کە لەگەڵ خواستی کورد بۆ سەربەخۆیی بەریەککەوت.

پێکدادانی ستراتیجی هەرێمایەتیی ئێران و هەوڵەکانی سەربەخۆیی کوردستان

پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ کوردەکانی عێراق دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی ساڵی ١٩٦٢ کاتێک شای ئێران، محمد ڕەزا، دەستیکرد بە دابینکردنی تەقەمەنی سووک و پاڵپشتی دارایی بۆ یاخیبوونی کوردەکان دژی حکومەتی عێراق. پشتگیریی دارایی ساڵانە و ناردنی چەک لەگەڵ تێپەڕ بوونی کاتدا زیادی کرد و لە ١٩٧٤ دا گەیشتە لوتکە و لە ٧٥ ملیۆن دۆلاری تێپەڕاند (Rashid 2017: 306; Milani 2011: 359). شا دەیویست عێراق لاواز بکات بۆ ئەوەی ناکۆکییەکانی لەگەڵ عێراق لەسەر شەتولعەرەب بباتەوە، کە ڕووبارێکە لەسەر سنووری هەردوو وڵات. شا عێراقێکی بەهێزی وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ستراتیجی خۆی بۆ فراوانکردنی هەژموونی ئێران لە کەنداو دەبینی (Tabatabai 2017). لە نیسانی ١٩٧٢ دا عێراق و یەکێتیی سۆڤیەت پەیماننامەیەکی دۆستایەتی و هاوکارییان واژۆکرد. لە ئەنجامدا ترسی شا زیاتر بوو و لە ئەمەریکاش دەنگدانەوەی هەبوو، چونکە هەردوو وڵات دەیانویست ڕێگری لە فراوانخوازی یەکێتیی سۆڤیەت و کۆمۆنیزم بکەن. لە ئەنجامدا، ئەمەریکا و ئیسرائیل پەیوەستبوون بە پلانەکەی شا بۆ پشتیوانی لە کوردەکانی عێراق (Milani 2011: 359-360; Bengio 2012: 51). لە ئازاری ١٩٧٥ دا، عێراق سەروەریی ئێرانی بەسەر شەتولعەرەب و چەند ناوچەیەکی دیکەی کێشەلەسەردا قبوڵکرد، کە بە ڕێککەوتنی جەزائیر ناسراوە. لە ئەنجامدا ئێران پشتی لە یاخیبوونی کوردەکان کرد کە بووە هۆی داڕمانی یاخیبوونەکەیان.

پاش ڕێککەوتنی جەزائیر، پەیوەندییەکانی نێوان کورد و ئێران تێکچوو هەتا لادانی شا لە دەسەڵات لە ١٩٧٩ دا، کە ڕێخۆشکەر بوو بۆ دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتەکەدا. هەڵوێستی دژبەرانەی ڕژێمی نوێ بەرامبەر عێراق و سەددام حسێنی سەرکردەی، دەستوەردانی ئێران لە سیاسەتی عێراق و هەروەها خواستی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتننامەی جەزائیر هەمووی پێکەوە شەڕێکی هەشت ساڵەی لەنێوان هەردوو وڵاتی لێکەوتەوە. ئەم شەڕە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و گروپە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی لێدروستبووەوە، لەوانە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان. بەدرێژایی ماوەی جەنگەکە، ئێران چەک و ڕاوێژکاری بۆ گرووپە کوردییە یاخیبووە جیاوازەکان دابیندەکرد. لە ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە، سیخوڕەکانی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی و دامودەزگا هەواڵگرییەکانی ئێران لە عێراق دەبینران کە زانیاری ورد و دروستیان بەدەستدەهێنا لەسەر لایەنە کوردییەکان، لەوانە گروپە کوردییەکانی ئێران کە وەک ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی کوردستان جێگیرببوون ( Gunter 1996: 18).

لە ساڵی ١٩٨٨ و لە کۆتایی شەڕەکەدا، عێراق بە چەکی کیمیاوی هێرشی کردە سەر شاری هەڵەبجەی کوردنشین. ئێران هاوکاری بریندارانی کرد و دڕندەییەکەی دەوڵەتی عێراقی دۆکیۆمێنت کرد، لەهەمان ساڵیشدا سنوورەکانی بە ڕووی پەنابەران و پێشمەرگە کوردەکاندا کردەوە بۆ دەرباز بوون لە هەڵمەتی جینۆسایدی ناسراو بە ئەنفال (Berman 2016). لە ١٩٩١ یش، ئێران دووبارە بەخشندەیی خۆی نیشاندا بە کردنەوەی سنوورەکانی بۆ زیاتر لە ملیۆنێک ئاوارەی کورد کە لە هێرشەکانی سوپای عێراق دوای شکستی ڕاپەڕینەکەی ئەو ساڵەیان هەڵدەهاتن. بەڵام کاتێک شەڕی ناوخۆی کوردی-کوردی لە ١٩٩٤ دەستی پێکرد، ئێران لایەنگری یەکێتیی نیشتیمانی کوردستانی کرد لە دژی پارتی دیموکراتی کوردستان کە لەلایەن عێراق و تورکیاوە پشتیوانی دەکرا. پاش دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، ئێران بە شێوەیەکی قووڵ تێوەگلا لە سیاسەتی کورد و هێرشی ئاسمانی و ئۆپەراسیۆنی زەمینی و تیرۆری کوردەکانی ئێران، ئەوانەی لە هەرێم ببووە پەناگەیان (New York Times 1994; US State Department 1998).

لە کۆتایی نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوودا، بۆ ماوەی چەند ساڵێک، پێگەی ئێران لە هەرێمی کوردستان لاوازبوو بەهۆی ئەوەی ئەمەریکا پتر هاتبووە نێوەندەکە و نێوانگیریی ڕێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتیی دەکرد. پاش لەشکرکێشی ئەمەریکا بۆ سەر عێراق لە ٢٠٠٣ دا، پێگەی ئێران هێندەی دیکە لاوازبوو. کوردەکان لە ٢٠٠٥ حکومەتێکی یەکگرتوویان پێکهێنا و پێگەیان بەبەراورد بە پێکهاتەکانی دیکەی عێراق بۆ بکەرە ناوخۆیی و هەرێمیی و نێودەوڵەتییەکان بەرزبووەوە چونکەهەرێمی کوردستان سەقامگیرترین و ئارامترین ناوچەی عێراق بوو، هاوکات ببووە ناوەندێک بۆ وەبەرهێنانی بیانیی و ناوخۆیی. کوردەکان وەک لایەنگری ئەمەریکا خۆیان نیشان دەدا و دەبینران. ئێران لە دۆخێکدا نەبوو کە ناڕەزایی خۆی لەم دۆخە نیشان بدات. بەوپێیەی کە ئامانجی سەرەکی پاراستنی خۆی بوو لە ئەمەریکایەکی سەرکەوتوو خاوەن نفوز لە عێراقێکی دراوسێ بەتایبەتی لە چەند ساڵی یەکەمی لەشکرکێشی و دەسەڵاتبەدەستبوونیان لەسەرعێراق. بەڵام لە ئەنجامی شەڕێکی ناوخۆیی درێژخایەن لەنێوان سوننەکان و شیعەکان و یاخیبوون و بەرهەڵستکارییەکی زۆر لەلایەن عێراقییەکانەوە و زیادبوونی قوربانییەکانی هێزە ئەمریکییەکان، ئیدی پشتیوانی خەڵکی ئەمەریکا بۆ شەڕەکە کەمبووەوە و پێگەی ئەمریکاش ڕۆژ دوای ڕۆژ بەرەو لاوازی دەڕۆیشت. لەئەنجامدا، ئەمەریکا بە کۆتایی ٢٠١١ دوایین هێزی شەڕکەری خۆی لە عێراق کشاندەوە. ئەم هەنگاوە هاوسەنگی هێزی لەنێوان یاریزانە سیاسییە ناوخۆییەکان لەبەرژەوەندی لایەنگرانی ئێران گۆڕی، بەتایبەتی کە ئێران دەڵاڵی ڕێککەوتنێک بوو کە بووە هۆی زاڵبوونی هەژموونی شیعە و دەستبەکاربوونی نوری مالیکی وەک ئاکامێکی هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٠.

لەوکاتەی ئێران شلۆقی بۆ ئەمەریکاییەکان لە عێراقدا دروستدەکرد ، کوردەکان لە ئێران نزیک دەبوونەوە. لە ٢٠١١ دا، مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان (٢٠٠٥-٢٠١٧) سەردانی ئێرانی کرد و چاوی بە مەحمود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆکی ئەوکاتی ئێران کەوت. دواتریش، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی تارانی کرد بۆ بەشداری لە مەراسیمی دەستبەکاربوونی سەرۆک حەسەن ڕۆحانی (The Guardian 2013). زۆری نەخایاند پەیوەندی بازرگانی ئێران لەگەڵ حکومەتی هەرێم پەرەیسەند. قەبارەی بازرگانی دوولایەنە لە ١٠٠ ملیۆن دۆلارەوە لە ٢٠٠٠ ـەوە بۆ ٤ ملیار دۆلار لە ٢٠١٤ بەرزبووەوە (Berman 2016). لەپاڵ ئەمانە، ڕاپۆرتەکان باسی ئەوە دەکەن کە ڕۆژانە نزیکەی سی هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە کوردستانی عێراقەوە بە قاچاخ بۆ ئێران دەبرێت (Reuters 2013). سەرەڕای ئەوە، گرژیی و خاویی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردسان  لەگەڵ ئێران بەردەوامبوو کەچی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش بەرەوپێشچوون.

لە ٢٠١٤ دا، ئێران دەستبەجێ وەڵامی داواکاری کوردەکانی دایەوە بۆ یارمەتیدانیان کاتیك داعش ڕووبەرێکی زۆری خاکی باکوری ڕۆژئاوای عێراقی داگیرکرد و هێرشی کردە سەر ناوچەکانی ژێردەستەڵاتی کوردەکان. ڕۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران، ڕایگەیاند “ئێران هەولێر و بەغداد دەپارێزێت بەوشێوەیەی کە کوردستانی ئێران دەپارێزێت” (Rudaw 2015). لە ڕاستیدا، هێزەکانی ئێران شانبەشانی پێشمەرگەکانی یەکێتیی،لانیکەم، لە جەلەولا شارێکی کوردی نزیک لە سنووری ئێران شەڕیان کرد (Natali 2015). بارزانی دانی بەوەدا نا کە “ئێران یەکەم دەوڵەت بوو کە هاوکاری کردین بە دابینکردنی چەک و کەلوپەل” (Time 2014). لە سەرەتای ٢٠١٤ دا، ئێران و حکومەتی هەرێم نزیکبوون لە واژۆکردنی ڕێککەوتنێک سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی ئێرانەوە (Aljazeera 2016). بەڵام هەر زوو ئەم بیرۆکەیە لە گۆڕنرا کاتێک سەرکردایەتی کورد پڕۆسەی ڕیفراندۆمی  کوردستانی خستەڕوو. دەنگدان لەسەر سەربەخۆیی و هەڵوێستی ئێران، ڕێککەوتن و پەیوەندییە دوولایەنییەکانی هێندە لاوازکرد هەردوو لایەنی خستە سەر ڕێڕەوی پێکدادان.

وادیارە زیاتر لە نیو سەدە لە بەرژەوەندی هاوبەش لەلایەک و/  هەڕەشە لەلایەکی دیکە لەنێوان کوردەکانی عێراق و ئێرانییەکان ناوەناوە بەیەکیبەستونەتەوە و جارجاریش دایبڕیوون. قەیرانی سیاسی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ٢٠١٥ بەدواوە، ڕێخۆشکەر بوو بۆ ئێران کە زیاتر دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی هەرێمی کوردستان بکات. لە کاتێکدا ماوەی سەرۆکایەتیی پێشووتر درێژکراوەی مەسعود بارزانی کۆتاییهات و حکومەتەکەشی بۆ چەندین مانگ نەیدەتوانی موچەی فەرمانبەرانی دابینبکات، ئیدی خۆپیشاندان و مانگرتن لە شارە گەورەکانی هەرێم دەستی پێکرد. دابەزینی نرخی نەوت لە کۆتاییەکانی ٢٠١٤ هاوکات بوو لەگەڵ شەڕی بەردەوام لەدژی داعش، ئەمانە بەسەریەکەوە، پێگەی حکومەتی هەرێمیان لەبەرامبەر نەیارەکانی، لە نێویاندا ئێران، زیاتر لاواز کرد. لەو ئانوساتانەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کۆنترڵکرابوو، لە تورکیا نزیک دەبووەوە، بەتایبەتی پاش واژۆکردنی ئەوەی بە ڕێککەوتنی پەنجا ساڵەی نەوت ناسراوە (Jones 2014)،هەندێک توێژی ناو یەکێتیی بانگهێشتی ئێرانیان دەکرد بۆ زیاتر تێوەگلان لە کاروباری کورد بەمەبەستی هاوسەنگکردنی کاریگەری تورکیا. ئەم جۆرە بانگهێشتکردنانە و زیاد بوونی کاریگەریی بەردەوامی تورکیا لە هەرێمی کوردستان وای لە ئێران کرد بە هێزێکی زۆرەوە هەنگاو بنێتە ناوەوە بەتایبەتی کە ڕیفراندۆم نزیک دەبووەوە. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە بۆچی ئێران بە تووندی دژی سەربەخۆیی کوردەکانی عێراق وەستایەوە؟

کاتێک سەرکردایەتی سیاسی کورد خواستی خۆی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ٢٥ ئەیلولی ٢٠١٧ ڕاگەیاند، ئێران بە ئاشکرا دژایەتییەکی تووندی ڕاگەیاند. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بەهرام قاسمی، گوتی یەکپارچەیی عێراق “گفتوگۆی لەسەر ناکرێت”. بەهەمانشێوە، عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی ئێران هۆشداری دا کە “ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی، کوردستان گۆشەگیر و لاواز دەکات” (Rudaw 2017). تێگەیشتن لە ئامانجە ستراتیجییەکانی ئێران لە ناوخۆ و دەرەوە زەمینەسازی بۆ تێگەیشتن لە هەڵوێستی ئێران سەبارەت بە خواستی دەوڵەتبوونی کورد دەکات. داڵتن(Dalton 2016) بەدروستی ستراتیج و ئامانجەکانی ئێرانی لەم چوارچێوەیەدا کورت کردۆەتەوە: یەکەم: دەستەبەرکردنی مانەوەی ناوخۆیی لەڕێگەی پاراستنی سەروەریی و باڵادەستکردنی کۆماری ئیسلامی؛ دووەم: بەهێزکردنی دەسەڵات و هەژموونی ئێران لە دەڤەرەکەدا؛ سێیەم: پاراستنی شوێنی پێگەی سیاسی و ئابوری لە ناو کۆمەڵگەی جیهانیدا؛ هەروەها، پارێزگاریکردن لە تواناکانی بۆ ڕێگریکردن لە زلهێزە ڕکابەرەکان لە سەپاندنی هەر هەڕەشەیەکی وجودی لەسەر ئێران.

ئێران سەربەخۆیی کوردەکان وەک کردنەوەی سندوقی پاندۆرا دەبینی. ئێران نزیکەی دە ملیۆن کوردی دراوسێی کوردەکانی عێراقی لە سەر سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی هەیە. لەبەرئەوە، ئێران وایدەبینێت کە کوردستانێکی سەربەخۆ ئەکرێ هەڕەشە بێت بۆ سەر یەکپارچەیی خاکەکەی. ئەوان نیگەرانی ئەوەن کە ئەم جۆرە هەنگاوە لەوانەیە ببێتە هۆی جیابوونەوەی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران و سوریا و تورکیا بە دروستکردنی دەوڵەتی نوێ لە ناوچەکەدا. مرۆڤ ناتوانێت درک بە ترسی ئێران بکات تەنیا کاتێک نەبێت کە دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، کە لەلایەن سۆڤییەت پاڵپشتی لێکرا لە ١٩٤٦و تەنیا ساڵێکی خایاند، وەبیربهێنێتەوە، لەگەڵ لەبیرنەکردنی ئەوەی کە دەیان ساڵە، لە ١٩٧٩ وە تا ئێستا، ئێران لە شەڕێکی بێوچانە لەگەڵ گروپە سیاسییە کوردەکان، چ ڕاستەخۆ یان ناڕاستەوخۆ. هاوکات، ترسی ئێران لەو ڕاستییەوە سەرچاوە دەگرێت کە سەربەخۆیی کوردەکانی عێراق دەتوانێت ئیلهام بە کوردەکانی ئێران و کەمینەکانی دیکەی ئێران ببەخشێت بۆ ڕزگاریی و سەربەخۆیی. بەواتایەکی دیکە، دووبارە داڕشتنەوەی سنوورەکانی عێراق لە دیدی  ئێرانییەکانەوە وەک پێشینەیەک دەبینرێت کە نابێت ڕووبدات.

ئێران سنوورێکی مێژوویی شلوخاو و کونکونی زیاتر لە ٥٠٠ کیلۆمەتری لەگەڵ کوردستانی عێراقدا هەیە کە ئەگەری بازدان و پەڕینەوەی کاریگەرییە سیاسییەکان زۆر زیاد بکات. لەڕاستیدا ترسی ئێران بە جۆرێک لە جۆرەکان لە ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی کوردستانی عێراقدا وەدیهات، کاتێک هەزاران کوردی ئێران لە شارە کوردنشینەکانی بانە و سنە و مەهاباد خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و دروشمی پشتیوانیان لە براکانیان لە کوردستانی عێراق دەچڕی و بەرزکردبۆوە. ئەوان هیوایان دەخواست کە ئازادی ڕوو لەوێش بکات لە نزیکترین کاتدا (Washington Post 2017). جگە لەوانە، پارتە سیاسییە سەرەکییەکانی کوردانی ئێران داوایان لە کوردەکانی کوردستانی ئێران کرد کە پشتیوانی لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بکەن(PDKI 2017; Baghdad Post 2017).

تاران هەر مافێک، خواستێک یان داوایەکی نەتەوەیییاندینیی وەک بنکۆڵكردنی یەکپا،رچەیی خاکی ئێران و پێکەوەگرێدانی ناوخۆیی خۆی چاولێدەکات. لەو باوەڕەدایە کە سەربەخۆیی کوردستان دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی عێراق و ئەمەش کاریگەرییەکی دۆمینۆیی لەسەر وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، لەوانە ئێران، لەسەر هێڵە نەتەوەیی و دینییەکان دروستدەکات. لە تێڕوانینی ئێرانەوە، هەڵوەشاندنەوەی عێراق دەبێتە هۆی دروستبوونی دەوڵەتێکی عەرەبی-سوننە لە بەشەکانی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای عێراق، کە ڕەنگە هاوپەیمانی سعودیە بێت، ئەمەش ئەو پەیوەندییە هەرێمایەتییە دەبڕێت کە تاران لە دەیەی ڕابردوودا کاری لەسەر پێكهێنانی کردووە، کە ڕێڕەوێکە ئێران بە هاوپەیمانە هەرێمایەتییەکانییەوە لە سوریا و لوبنان لە ڕێگەی خاکی عێراقەوە دەبەستێتەوە (Saleem 2017). ئەمەش بە شێوەیەکی دراماتیکی گۆڕانکاری لە دینامیکییەتی سیاسی و هاوسەنگی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگۆڕێت، کە وەک ئێستا لە بەرژەوەندی ئێران نابێت. بەواتایەکی دیکە، ئێران باوەڕی وایە کە دروستبوونی کوردستانێكی سەربەخۆ ڕێگری لە دروستبوونی هیلالی شیعە دەکات لە کەنداوی فارسەوە بۆ دەریای ناوەڕاست. ئەگەر هەرێمی کوردستان ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ، دەبێت ئێران لە چوارچێوەی نۆرم و یاسا نێودەوڵەتییەکاند مامەڵە لەگەڵ کوردستانێکی سەربەخۆدا بکات. لە ئێستادا ئێران دەتوانێت تواناکانی حکومەتی هەرێم و چالاکییە ناهاوتاکانی بەکاربهێنێت بەبێ ئەوەی پابەند بێت بە یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە، بۆ نموونە: دەستوەردان لە کاروباری سیاسیی و سەربازیی کوردستان بەوشێوەیەی کە خۆی دەیەوێت بکات. کوردستانێکی سەربەخۆ یاساکانی یارییەکە لە بەرژەوەندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و زەرەری ئێران دەگۆڕێت.

لە هەمووان گرنگتر، ئێران پێیوایە کە کوردستانێکی سەربەخۆ وەک بنکەیەکی ئەمەریکا و ئیسرائیل کاردەکات بۆ سنووردارکردنی ئێران، یان لە باشترین حاڵەتدا دەبێتە هاوپەیمانێکی تورکیا، کە هەموو ڕکابەریی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی ئێرانن. عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی وەک پیلانی ئەمەریکا و هێزە بیانییەکان ” بۆ دروستکردنی ئیسرائیلێکی دیکە لە ناوچەکەدا” وەسفکرد (Office of the Supreme Leader 2017). لە دیدی ئیسرائیلەوە، کوردستان هاوبەشێکە کە دەتوانرێت پشتی پێببەسترێت، دۆستێکی ڕۆژئاوایە کە ڕووبەڕووی دووژمنە هاوبەشەکەیان ،ئێران، دەبێتەوە. ئەو لێدوانە ڕاشکاوانەی بۆ پشتیوانی لە بەدەوڵەتبوونی کوردەکان ڕاگەیەندرا لەلایەن بەرپرسانی باڵای ئیسرائیلەوە، لەوانە شیمۆن پێرێز، سەرۆک کۆماری پێشوو، بنیامین نەتانیاهو، سەرۆک وەزیران و ئەڤیگدۆر لیبەرمان، وەزیری دەرەوە (Bengio 2017) دڵەڕاوکێی ئێرانی زیاتر کرد سەبارەت بە خواستەکانی کورد بۆ سەربەخۆیی.

ئێران نیگەرانە لە زیادبوونی پەیوەندییە سیاسیی و هەواڵگریی و بازرگانییەکانی نێوان ئیسرائیل و حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئیسرائیل سێ چارەکی نەوتی خۆی لە هەرێمی کوردستان هاوردە دەکات، کە زیاتر لە یەک لەسەر سێی سەرجەمی هەناردەکردنی هەرێمی کوردستان بووە (Financial Times 2015). ئیسرائیل و هەرێمی کوردستان لە ٢٠٠٣ ـەوە پەیوەندی بازرگانی شاردراوەی سنوورداریان پەرەپێداوە. ئیسرائیل بە وریاییەوە کەرەستەی جەنگی بۆ حکومەتی هەرێم گواستۆتەوە و زانیاری هەواڵگری پێشکەش کردووە (Huffington Post 2017). نابێت ئەوەش لەبیربکەین کە سنوورە شاخاوییە پێنج سەد کیلۆمەترییەکەی کوردستانێکی سەربەخۆ، دەتوانێت دەستڕاگەیشتنێکی گرنگ و گونجاو بێت بۆ هێزە سەربازی و هەواڵگرییەکانی ئیسرئیل لە ئێران. هەروەها ئێران ئاگاداری ئەوەیە کە “لەکاتێکدا [ئیسرائیل و ئەمریکا] بە ئاشكرا بانگەشەی دیپلۆماسییەت دەکەن بۆ ڕێگەگرتن لە ئێران لە هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ناوەکی، کەچی چالاکییە نهێنییەکانیان لە ناو ئێراندا زیادکردووە و پلانی بۆ ئەگەری هێرشێکی ئاسمانی گەورە چڕتر کراوەتەوە” (Hersh 2016). دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا (2017-2021) ڕەتیکردەوە گەواهی لەسەر ئەو ڕێککەوتنە ئەتۆمییە بدات کە لە ٢٠١٥ لەگەڵ ئێران واژۆکرابوو (The Telegraph 2017). لێرە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە سەرەڕای واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی، ترسی ئەمەریکا و ئیسرئیل لە ئێرانی ئەتۆمی بە زیندوویی ماوەتەوە. ئەمەش وادەکات ئێران بە تووندی دژایەتی هەوڵەکانی کورد بۆ سەربەخۆیی بکات لە پێناو ڕێگریکردن لە “بنکەیەکی” ئەمەریکا و ئیسرائیل ڕاست لەسەر سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی نوێ، وەک ئەوەی ئێرانییەکان پێیانوایە کە لە ئاکامی ڕیفراندۆمدا ڕوودەدات. بەکورتی، ئێران کوردساتنێکی سەربەخۆ وەک هەوڵدانێک بۆ گۆڕینی ڕژێم لە تاران چاولێدەکات.

بەوپێیەی زۆرینەی کوردەکانی عێراق موسڵمانی سوننەن، ئەمە بەشیوەیەکی ڕێژەیی ڕێگریی لە ئێرانییەکان کردووە لە دروستکردنی هاپەیمانییەتێکی ئایدۆلۆژی و عەقیدەیی لەگەڵیاندا، ڕێک پێچەوانەی بەشکانی دیکەی عێراق. بۆیە ئێران ترسی ئەوەی هەیە کە لە ئەگەر سەربەخۆبوونی کوردستان ئەوە بکەرێکی ناوچەیی لەدەست بچێت و بکەوێتە دەستی یاریزانە نێودەوڵەتییەکانی دیکە، وەک ئەمەریکا و ئیسرائیل یان تورکیا، وەک لەسەرەوە باسمان کرد.

ئیسرئیل و وڵاتانی کەنداو، بەتایبەتی سعودیە و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، گومانیان هەیە کە ئەمەریکا چالاکی دەستوەردانەکانی ئێران لە وڵاتانی عەرەبیدا بەهەند وەرگرتبێت. بۆیە دەوڵەتانی کەنداو هەوڵیان داوە کارتی کوردەکانی عێراق و ئێران لە دژی ئێران و هەژموونی شیعە لە عێراق بەکاربهێنن. پەیوەندی وڵاتانی کەنداو لەگەڵ کورد لە عێراق دوای ڕووخانی ڕژێمی سەددام حسێن لە ٢٠٠٣ دا دەستیپێکرد، کە ڕێخۆشکەربوو بۆ دامەزراندنی حکومەتێکی زۆرینە شیعە. خۆدوورگرتنی وڵاتانی کەنداو لە مامەڵەکردن و پشتیوانیکردنی حکومەتی ناوەندی وای لێکردن پەیوەندی لەگەڵ ئەکتەرە لۆکاڵییەکان دروستبکەن، لەوانە حکومەتی هەرێمی کوردستان. پاڵنەرەکە هەم سیاسی هەم ئابوری بوو ، بەوپێیەی هەرێمی کوردستان تاکە بەشی عێراق بوو کە بە ڕووی وەبەرهێنەرانی کەنداودا کراوە بوو، لانیکەم لەسەرەتادا.  وڵاتانی کەنداو بەتایبەتی سعودیە هەوڵی زیندووکردنەوەی یاخیبوونی کوردەکانی لە ئێران دەدا، ئەویش بە دابینکردنی پارە بۆ چەند گروپێکی چەکداریی کوردی بەمەبەستی بەکارهێنانیان وەک چەکێک دژی ئێران. پێدەچێت ئێران ئاگاداری نیاز و چالاکییەکانی سعودیە بێت، بۆیەش چەند جارێک داوای لە حکومەتی هەرێم کرد ڕێگە بە سعودیە نەدات پێشمەرگە کوردەکانی ئێران چەکدار بکات (e-Kurd Daily 2017; ARA News 2016; Reuters 2016). ئەوەی کە نیگەرانی ئێران زیاتر کردبوو، زیادبوونی گروپە ئۆپۆزسیۆنە کوردەکانی ئێران بوو لەناو ئێران کە بنکەکانیان لە هەرێمی کوردستانە بەڵام لە ناوەڕاستی ٢٠١٦ ـەوە هەندێکیان خشکەیان کردبوو بۆ ناو ئێران (Al-Monitor 2017; KDPI 2016).

بەکورتی، دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی ڕەنگە ئاسانکاری زیاتر بکات بۆ خواستی سعودیە بۆ دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی ئێران. لە ١٩٧٩ وە ئێران شەڕی هەڕەشە دەرەکییەکانی بە بەکارهێنانی ئەو میلیشیایانە کردووە کە لەلایەن هێزەکانی قودسەوە پشتگیری و مەشقیان پێکراوە بەڵام ئێستا نیگەرانە لەوەی کە ئیسرائیل و ئەمەریکا و عەرەبستانی سعودیە هەمان تاکتکیک لەدژی ئەو بەکاربهێنن.

ئەنجام

لەم بابەتەدا هەوڵێک دراوە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی بۆچی ئێران هەوڵدەدات هەژموونی خۆی بەسەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بسەپێنێت. کوردستانی عێراق دەکەوێتە ناوجەرگەی ئەو ناوچەیەی کە ئێران هەوڵدەدات هەژموونی بەسەریدا زاڵ بکات. لەڕێی هەڵسەنگاندنی ئارگومێنتە سەرەکییەکانمانەوە، ئەم بابەتە دەریخست کە ئێران بەهۆی پێگە جیۆپۆلەتیکی و کلتوری و ئابورییەکەیەوە بەرەو هەژموونگەرایی دەڕوات بەمەبەستی ئەوەی بلۆکێکی هەرێمایەتی دروست بکات و ویستی خۆی بەسەر هێز و لایەنەکانیدا بسەپێنێت.  هۆکاری سەرەکی پشت ئەو هەنگاوەی ئێران ئەوەیە کە پێگە و شوێنێکی هەبێت لە جیهاندا کە بتوانێت خۆی بپارێزێت. ڕەگوڕیشەی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕۆڵە مێژوویی و کلتورییەی کە فارسەکان بۆ ماوەی هەزاران ساڵ گێڕاویانە لە پڕۆسەی هەستی باڵابوونی ئیرانییەکاندا. ئێران بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، هێزی ڕەق و نەرمی خۆی بۆ فشارخستنە سەر وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گروپە نەتەوەیی و دینییەکان بەکارهێناوە.

هەرێمی کوردستانی عێراق دراوسێیی ئێرانە و لە زۆر کایەی فەرهەنگی و نەژادی و دینی لەگەڵ ئێران هاوبەشە. ئەم شوێنە جوگرافییە تایبەتییە هەرێمی کوردستان، کە ڕەهەندی نەتەوەیی بەنرختری کردووە، وای لە ئێران کردووە لە هەر گۆڕانکارییەک لە کوردستانی عێراق ڕابچڵەکێت. ئەم بابەتە باس لەوەدەکات کە دەکرێت لە ڕوانگەی ئەمنییەوە کردەوە و ڕەفتارەکانی ئێران و کوردستان ڕوونبکرێتەوە. لە دڵی هەوڵەکانی هەژموونگەرایی ئێران و خواستەکانی سەربەخۆیی کوردەکاندا، کێشەی ئەمنی هەیە. لەسەر ئەم بنەمایە، ئەم بەشە سوودمەند بووە لە تیۆری ئاڵۆزیی ئاسایشی هەرێمیی (RSCT) و گرنگیی سروشتی پەیوەندییەکانی بلۆکی هەرێمایەتیی. لە دیدی ئێرانەوە، کوردەکان وەک جیاکەرەوەیەک یان قەوارەیەک کە سەرەڕای بچووکییان لەوانەیە ڕۆڵێکی گرنگ ببینن لە سنووردارکردنی ڕۆڵی ئێران لە ناوچەکەدا، بەتایبەتیش ئەگەر کوردەکان سەروەریان هەبێت و بەشێوەیەکی سەربەخۆ پەیوەندییان بە بەشەکانی دیکەی جیهانەوە هەبێت. لێرەوە، لەخۆگرتنی کورد لەناو عێراقدا بۆ جوڵە هەرێمایەتیەکانی ئێران زۆر گرنگە. ئەمە گرنگتر دەبێت ئەگەر عێراق هەروەک ئێستای بە دڵسۆزیی بۆ ئێران بمێنێتەوە.

ئاسایش و کات و قەیران سیما سەرەکییەکانی کورد و ئێرانن لە بەدەستهێنانی سەربەخۆیی و هەژموونگەرایی، چونکە هەردوو لایان وەک پێش مەرجی پێویست بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیان دەیبینن. ئەم لێکچوونانە ئاستێکی دیکەی بەیەکدادان لە نێوان هەردوولادا دروستدەکات.  بۆ کورد، سەردەمی قەیران لە عێراق و ناوچەکە، سەردەمی سەربەخۆییە. بەهەمانشێوە بۆ ئێرانییەکان کاتی قەیرانەکان کاتی دامەزراندنی هەژموونگەراییە، بەتایبەتی لە ڕوانگەی هێزی ڕەقەوە. بەم پێیە؛ ئێران بەربەستی سەرەکییە لەبەردەم سەربەخۆیی کوردستان. جگە لەوە، حساباتی هەڵە و قوماری کورد لەسەر ڕۆڵی ئەمەریکا، یارمەتی ئێرانیەکانی دا و کوردی خزاندە سوچێکەوە کە ئێرانییەکان بتوانن بیتوڵقێننەوە.

References:

Al-Bayatti, Abdul Rahman Idris.  2005.  Sheikh Mahmud al-Hafid wa al-Nifuz al-Britani fi Kurdistan al-Iraq hata ‘am 1925 (Sheikh Mahmud al-Hafid and British influence in Iraqi Kurdistan up to 1925).  London: Dar al-Hikma.

Aljazeera.  2016.  “Iraq: Kurds and Iran eye an oil deal. ” Jun 22.  https://goo. gl/g2CcnV.

Al-Monitor.  2017.  “Iranian Kurdish fighters step up clashes ahead of KRG independence vote. ” August 18.  https://goo. gl/4TNzZH.

Aminzadeh, Mohsen.  1999 “New Regional Geopolitics Development and the National Security. ” Center for Research and Middle East Strategic Study.  vol.  1, Summer.

Alpher, Yossi.  2015.  Periphery: Israel’s search for Middle East allies.  Lanham: Rowman & Littlefield Publishers.

ARA News.  2016.  “Iranian Kurdish parties deny being supported by Saudi Arabia. ” November 11.  https://goo. gl/4R9Ust.

Baghdad Post.  2017 “Kurds inside Iran voice support for Kurdistan independence referendum. ” September 18.  https://goo. gl/SYZCsD.

BBC NEWS.  2011 “Iranian troops attack Kurdish PJAK rebel bases in Iraq. ” July 18.  https://goo. gl/3vorZi.

Beck, Martin.  2014.  “The Concept of Regional Power as Applied to the Middle East. ” In Regional powers in the Middle East, Henner Fürtig, ed. , 1-20.  New York: Palgrave Macmillan.

Bengio, Ofra.  2012.  The Kurds of Iraq: building a state within a state.  Boulder, US: Lynne Rienner Publishers.

Bengio, Ofra.  2017.  “Has Israel’s Support for Kurdistan’s Independence Helped or Harmed the Kurds?. ” BESA Center Perspectives.  no.  637.  November 9.  https://goo. gl/LcHSm2.

Berman, Lazar.  2016.  “The Iranian Penetration of Iraqi Kurdistan. ” Jerusalem Issue Briefs 16 (13): https://goo. gl/UxuUzj.

Burgan, Michael.  2010.  Great Empires of the Past: Empires of Ancient Persia.  New York: Chelsea House.

Buzan, Barry and Ole Wæver.  2003.  Regions and powers: the structure of international security.  Cambridge: Cambridge University Press

Chaliand, Gérard.  1993.  A People without a Country: The Kurds and Kurdistan.  London: Zed Books.

Dalton, Melissa.  2017.  “Defeating the Iranian Threat Network: Options for Countering Iranian Proxies. ” Hampton Roads International Security Quarterly 9.

e-Kurd Daily.  2017.  “Saudi Arabia consulate in Iraqi Kurdistan should be closed, Iranian commander warns. ” January 15.  https://goo. gl/suQPgK.

Fattah, Hala.  2009.  A Brief History of Iraq.  New York: Infobase Publishing.

Financial Times.  2015.  “Israel turns to Kurds for three-quarters of its oil supplies. ” August 24.  https://goo. gl/1VnLTm.

Gunter, Michael M.  1996.  “The KDP-PUK Conflict in Northern Iraq. ” Middle East Journal 50 (2): 224-241.

Graubard, Stephan.  2008.  “Lunch with FT: Henry Kissinger. ” May 24.  https://goo. gl/Tcc76U.

Hass, Richard, N.  2013.  “The Irony of American Strategy Putting the Middle East in Proper Perspective. ” Foreign Affairs 92 (3): 57-67.

Hersh, Seymour.  2016.  “The Iran Plans. ” The New Yorker, April 17.  https://goo. gl/hqEMCz.

Huffington Post.  2017.  “Iran is the Big Winner. ” November 2.  https://goo. gl/rq5E6W.

Human Rights Watch.  1995.  Iraq’s Crime of Genocide: the Anfal Campaign against the Kurds.  New Haven, US: Yale University Press.

Jones, Dorian.  2014.  “Turkey, Iraqi Kurdistan Seal 50-Year Energy Deal. ” Voice of America.  June 5.  https://goo. gl/9rqqxT.

Juneau, Thomas.  2014.  “Iran under Rouhani: Still Alone in the World. ” Middle East Policy 21 (4): 92-104.

Kaplan, Robert D.  2012.  The Revenge of Geography: What the Map tells us about coming Conflicts and the Battle against Fate.  New York: Penguin Random House.

KDPI (Kurdistan Democratic Party – Iran).  2016.  “Statement on Clashes between Peshmerga Forces and IRGC. ” September 24.  http://pdki. org/english/?p=4453.

Kemp, Geoffrey and Robert E.  Harkavy.  1997.  Strategic Geography and the Changing Middle East.  Washington, DC: Brookings Institution Press.

Kirmanj, Sherko.  2013.  Identity and Nation in Iraq.  Boulder, USA: Lynne Rienner Publishers.

Kirmanj, Sherko.  2014.  “Kurdish History Textbooks: Building a Nation-state within a Nation-state. ” Middle East Journal 68 (3): 367-384.

Majidyar, Ahmad . 2018.  “Iran’s soft power: Islamic Azad University opening branches in major Syrian and Iraqi cities. ” The Middle East Institute.  Jan 17.  https://goo. gl/AbQR4Q.

Mehr News agency.  2014.  “Sardar Taqwa dar Samarraa khun dad ta dar Tehran khun nadahim (Sardar Taqwar sacrificed in Samrraa so we don’t have to give sacrifices in Tehran). ” December 29.  https://www. mehrnews. com/news/2451623/.

Milani, Abbas.  2011.  The Shah.  New York: Palgrave Macmillan.

Natali, Denise.  2010.  The Kurdish Quasi-State: Development and dependency in post–Gulf War Iraq.  Syracuse: Syracuse University Press.

Natali, Denise.  2015.  “Counting on the Kurds: The Peshmerga’s Prospects against ISIS. ” Foreign Affairs.  April 22.  https://goo. gl/5Yindj.

New York Times, The.  1994.  “Iranian Jets Bomb Kurdish Base in Iraq, Killing 1 and Hurting 3. ” November 10.  https://goo. gl/vx2eV7.

Nuruzzaman, Mohammed.  2017.  “The rise and rise of Iran: How Tehran has become pivotal to the future of the Middle East. ” The Conversation.  September 1.  https://goo. gl/VUcSqc.

O’Leary, Brendan, John McGarry and Khaled Salih.  2006.  The Future of Kurdistan in Iraq.  Pennsylvania: University of Pennsylvania Press.

Office of the Supreme Leader.  2017.  “Zionist regime seeking to create ‘new Israel’ in region. ” October 5.  https://goo. gl/jrR394.

Parsi, Trita.  2007.  Treacherous alliance: the secret dealings of Israel, Iran, and the United States.  New Haven: Yale University Press.

PDKI (Kurdistan Democratic Party – Iran).  2017.  “PDKI calls on the Kurdish People to support Southern Kurdistan’s Independence Referendum. ” September 16.  http://pdki. org/english/?p=4959.

Radio Tehran.  1980.  “Khomeini: ‘We Shall Confront the World with Our Ideology’. ” Middle East Research.  March 21.  https://goo. gl/C1chC5.

Rafaat, Aram.  2018.  Kurdistan in Iraq: The Evolution of a Quasi-State.  London: Rutledge.

Ramazani, R.  K.  1988.  Revolutionary Iran: Challenge and Response in the Middle East.  Baltimore: Johns Hopkins University Press.

Ramazani, R.  K.   . 2004.  “Ideology and Pragmatism in Iran’s Foreign Policy. ” The Middle East Journal 58 (4): 1-11.

Ramazani, R.  K.  (2013) Independence without Freedom: Iran’s Foreign Policy.  Charlottesville: University of Virginia Press.  (This is not cited in the text)

Rashid, Salah.  2017.  Mam Jalal:  Didari Temen le lawetiyawa bo koshki komari (Jalal Talabani: Life Interview from youth to the presidential palace).  Sulaimani: Karo Publishing.

Reuters.  2013.  “Iraqi Kurdistan opens official crude oil trade route via Iran-sources. ” August 7.  https://goo. gl/EY7Dmx.

Reuters.  2016.  “To Iranian eyes, Kurdish unrest spells Saudi incitement. ” September 4.  https://goo. gl/YTZMzn.

Roblin, Sebastien.  2017.  “Iran is Building its Own Submarines with Torpedoes the U. S.  Navy can’t Match. ” June 9.  https://goo. gl/7G3usG.

Rudaw.  2015.  “Iranian president visits Iranian Kurdistan. ” July 26.  https://goo. gl/1qMb2B.

Rudaw.  2018.  “Interview with Mala Bakhtyar. ”, (please complete this reference)

Rudaw.  2017.  “Iran: Independence referendum will isolate, weaken Kurdistan. ” July 17.  https://goo. gl/p1FCzW.

Saleem, A.  Zmkan.  2017.  “Iran and Iraqi Kurdistan: Heading Toward Confrontation. ” August 9.  https://goo. gl/FR3KsL.

Sayah, Reza.  2011.  “Iran winning from war on terror, analysts say. ” CNN.  https://goo. gl/gb9AqK.

Sebastien, Peyrouse.  2014.  “Iran’s Growing Role in Central Asia? Geopolitical, Economic and Political Profit and Loss Account. ” AlJazeera Centre for Studies.  April 6.  https://goo. gl/oFVGXL.

Tabatabai, Adnan.  2018.  “Why Iran is not a Mideast Hegemon. ” Lobe Log.  https://goo. gl/bbS4R5.

Tabatabai, Adnan.  2017.  “The Logic Behind Iran’s Regional Posture. ” Lobe Log.  https://goo. gl/iPDptM.

Tabatabai, Ariane M.  2017.  “Iran and the Kurds: What the Referendum Means for Tehran. ” September 26.  https://goo. gl/RhwhJm.

The Guardian.  2013.  “Across the Zagros: Iranian influence in Iraqi Kurdistan. ” November 22.  https://goo. gl/SwCW8J.

The Guardian.  2017.  “More than 92% of voters in Iraqi Kurdistan back independence. ” September 28.  https://goo. gl/pgcb5t.

The Iran Project.  2017 “Tag Archives: Iran’s military achievements. ” https://goo. gl/HB7Ai7.

The Telegraph.  2017.  “Donald Trump refuses to certify Iran nuclear deal. ” October 13.  https://goo. gl/mr9rvC.

Time, The.  2014.  “The Enemy of My Enemy: Iran Arms Kurds in Fight Against ISIS. ” August 27.  https://goo. gl/wS2bXJ.

Tripp, Charles.  2000.  A History of Iraq.  Cambridge: Cambridge University Press.

UNESCO (United Nations Organization for Education, Science and Culture).  2017 “Iran in pursuit of a knowledge economy. ” May 29.  https://goo. gl/L3HFu6.

US State Department.  1998.  “Patterns of Global Terrorism: 1997. ” https://goo. gl/yEGYks.

Washington Post.  2017.  “Iran’s leaders opposed Kurdish independence vote in Iraq. ” September 26.  https://goo. gl/kMPH87.

Zarif, Muhammad.  2018.  “Full transcript of FM Zarif’s speech at Tehran Security Conference. ” January 8.  https://goo. gl/e5wJ6v .

 

 

Send this to a friend