• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
February 25, 2024

ایران السنیە والحیاة الدینیە فی ایران قبل الصفویین (٧٣٦-٩٠٦‌‌هجری/ ١٣٣٥-١٥٠٠ م)

دکتر ممدوح رمضان احمد

ئامادەکردن: ئێرانناسی

کاتێک ئاوڕ لە مێژووی ئێرانی ئیسلامیی دەدەینەوە، دوو کۆڵەکەی گرنگی ئەو مێژووە ونکراوە. مەبەستمان لە ونبوونی دوو ڕووداوی گرنگ لە مێژووی ئێران، لە گێڕانەوە فەرمییەکانی مێژووە. یەکەمیان مێژووی خەلافەتی ئیسلامیی سەردەمی عەباسییەکانە لە ئێران، کە ئەم مێژووە دوور و درێژە کورتکراوەتەوە لە ئیمام ڕەزا و هارونە ڕەشید و حیکایەتەکانی پەیوەست بە ئەبوو موسلیمی خۆراسانی. هەروەک چۆن کاتێک ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە دورگەی عەرەبی گەشەی کرد و خۆی بە شارستانییەتی میسری کۆندا کێشا، هەموو مێژووی میسر کورتکرایەوە لە حیکایەتە قورئانییەکانی فیرعەون و سەڵتەنەتی یوسف لە میسر. پاشان بۆ دەیان سەدە لە ژێر سێبەری ئەم ئاگییە ئایینیەدا هیچ لێکۆڵینەوەیەک لەسەر دەستی مسوڵمانان و لەسەر شارستانیەتی میسری کۆن ئەنجام نەدرا و کەس گەرد و تۆزی لەسەر لانەدا. ئەم ئارگیۆمێنتە بۆ ئێرانیش هەروا بوو. بەناوی خەلیفەکانی عەباسی لە ئێران خوتبەی جومعە  دەخوێنرایەوە و دەسەڵاتەکەیان فەرمی بوو، بەڵام ئەم مێژووە لە مێژووی ئێراندا نەکرا. دووەمیان ئەو گۆڕانکارییە ئایینیە بو کە مێژووی ئێرانی دابەشکرد بۆ دوو مێژووی ئیسلامیی و پێش ئیسلام. لە بەرەبەیانی گەشەکردنی ئایینی ئیسلام لە ئێراندا، کۆن مەزهەبی سوننە بە شێوەیەکی بەربڵاو لە ئێراندا گەشەی کرد،تا هاتنی سەفەوییەکان و ئەو گۆڕانکارییە مەزهەبییەی کە لە ئێران و هەندێجار بە زەبری شمشێر ڕوویدا. مەزهەبی شیعە بە فەرمی وەک مەزهەبی ڕەسمی ئێران دانی پیانرا. لەم سۆنگەیەوە کتێبی ئەمجارەی ئێرانناسی کتێبێکی ئەکادیمی دەخاتەڕوو، کە نامەیەکی دکتۆرایە لە بواری مێژووی ئایینی و مەزهەبی سوننەی ئێرانی سەردەمی ئیسلامییە تا دامەزراندنی حکومەتی سەفەوی لە ئێران.

ئەم لێکۆڵینەوەیە نامەیەکی دکتۆرای نووسەرێکی میسرییە، کە تیشکی خستووەتە سەر ڕەهەندێکی هەستیاری مێژووی ئێران، کە لە ناوخۆی ئێران لەم چەشنە لێکۆڵینەوانە یا بەردەست نابن یا دەرفەت بۆ ئەم لێکۆڵینەوانە بەرتەسکن و دەبێت سەختی و ئاستەنگی زۆر ببینن تا ئەنجام بدرێن. بە شێوەیەکی گشتی وەک هەموو ئەو نامانەی کە لە ناوەندەکانی ئەکادیمی دێنە بەرهەم تا ڕادەیەک وشکن، بە فیلتەری پرۆسەی نووسینی ئەکادیمی تێپەڕی کردووە. بەڵام دەکرێت وەک بەرهەمێکی بە بەها بیخوێنینەوە و سوودبەخش بێت بۆ ئێرانناسەکان و لێکۆڵیارانی ئەو بوارە.

کتێبەکە پێکهاتووە لە پێشەکیەکی ئەکادیمی و چوار بەشی سەرەکی. کە لە بەشی یەکەم باس لە مەزهەبی سوننە لە ئێران دەکات. وەک بابەتەکانی حکومەتە سوننییەکانی ئێران و سیاسەتی ئایینی لە ئێران و مەزهەب و زاناکانی ئیسلامی سوننی و ناوەندەکانی پەروەردەی ئایینی لە ئێران شیکاری دەکات. لەم بەشەدا نووسەر بە وردی تیشکی خستووەتە سەر زۆر بابەتی گرنگ و لە چەند ڕەهەندێکی جیاواز لێکدانەوەی کردووە. ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێران کە لە ماوەی جیاوازدا حوکمی ئێرانیان کردووە، پەرەیان بە بەهێزکردنی مەزهەبی سوننە لە ئێران داوە. سیاسەتێکی میانڕەو و تەساموحی مەزهەبی و ئایینی زۆریان بەرامبەر کەمینەکانی تری ئێران گرتوەتەبەر. ئینتیمای بەشێک لەو پاشا و حوکمڕانانەی ئێران بە تایبەت موزەفەرییەکان بووە هۆی کرانەوەی زۆری ئایینی و مەزهەبی لە ئێران. وەک چۆن خۆیان پەیڕەوی شێوازێک لە تەسەوفیان دەکرد، ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی کە ڕێچکە فیکری و فیقهی مەزهەبیەکانیش لە ئێران گەشەی زۆریان کرد. پاشان ئەم سیاسەتە کاریگەری زۆری بە سەر ڕووداوەکانی سەدەکانی دواتر بەجێهێشت. زانستەکانی وەک (علم الحدیث، علم الفقه، علم التفسیر و علم القراءات) گەشەی زۆریان کرد. ئەم گەشەکردنانەش لە دوو ناوەندی زۆر بەهێز ڕوویاندا:

 یەکەم: مزگەوت. مزگەوتەکان ڕۆڵی گەورەیان لە مێژووی ئایینی ئیسلامدا هەبووە. هەم شوێنی عیبادەت و هەم وەک ئەکادیمیای زانستە ئیسلامییەکان، ناوەندی زانست و فێرخوازی بوون لە ئیسلامدا. لە سەردەمی پێش سەفەوی لە ئێران، بونیاتنانی مزگەوت وەک نەریتێکی شاهانە و میرانە بەدیدەکرا. موزەفەرییەکان گرنگی زۆریان بە دروستکردنی مزگەوتەکان دەدا. مزگەوتی گەورەی کرمان کە لەسەردەستی ئەمیە موبارز لە ساڵی ٧٥٠ه ١٣٤٩ م دروستکرا هەنگاوێکی گرنگ بوو. لە شارەکانی وەک تەبرێز و ئیسفەهان و شیراز و زۆرێک لە شارەکانی تر ئەم ئاوەدانی و بیناسازییە هەبوون  بوون بە دیاردەی باوی سەردەم.

دووەم: مەکتەب و مەدرەسە دینییەکان (المدارس الدینیە)  ئەم مەدرەسە ئایینییانە لە تەنیشت مزگەوتەکانەوە ڕۆڵی گەورەیان هەبوو لە بەرەوپێشبردنی زانستەکان بە گشتی و زانستە ئیسلامییەکان بە تایبەتی. لە شارەکان بە گشتی دامەزرابوون. لە تەنیشت مزگەوتەکان بینا دەکران. شوێنی حەوانەوەی فێرخوازانی هەبوو. لە داهاتی مەوقوفات بەڕێوە دەچوون. کە گرنگترینیان: مەدرەسەی نیزامیە لە هەرات، مەدرەسەی موزەفەریە، مەدرەسەی دارالشفاء لە شیراز، مەدرەسەی میر ئاخوڕ، مەدرەسەی شاهڕخییە، مەدرەسەی غیاسییە، مەدرەسەی گەوهەرشاد، مەدرەسەی سوڵتان حسەین بایقرا لە هەرات، مەدرەسەی بەدیعییە، مەدرەسەی ئیخڵاسییە لە هەرات) کە سەردەم و مێژووی جیاواز بونیاتنراون. ئەم قۆناغە لە مێژووی ئێران لە لایەن هەندێک لە لایەنگرانی مەزهەبی شیعی بە “سوننەی داوانزە ئیمامی” ناوزەد کراوە. ئەم بابەتە بووتە جێگەی مشتومڕێکی زۆر کە لە کتێبەکە بە تێر و تەسەلی باسی لێوە کراوە.

 بەشی دووەمی کتێبەکە تەرخانکراوە بۆ باسکردن لەسەر مەزهەبی شیعە لە ئێران. شیعە لە ئێران بنچینەی سەرەکی ژیانی مەزهەبی و ئاینییە لە ئێران. گەشەکردنی ئەم ئایینە بە تەنها پەیوەست نییە بە حوکمی دەسەڵاتدارانی شیعە، بەڵکو دەسەڵاتی سوننەش ڕۆڵی گرنگی هەبووە لە پەرەسەندنی شیعەگەری لە ئێران. شیعە ئازادی تەواویان هەبووە لە بە جێگەیاندنی داب و نەریت و دروشمی مەزهەبی خۆیان بەبێ ترس. لەگەڵ سەرهەڵدانی شیعەی دوانزە ئیمامی لە ئێران، هاوتەریب شیعەی ئیسماعیلی وەک بزووتنەوەیەکی مەزهەبی و کۆمەڵایەتی دەرکەوتن. بەڵام سەرەتای سەرهەڵدانی شیعە لە عێراقەوە بوو، سەرەتا وەک باوەڕێکی سیاسی بۆ ئیمام عەلی دەرکەوت، کە پایتەختی گواستەوە بۆ کوفە لە عێراق. عێراق وەک تەختی شانۆی ئێران هەمیشە ڕۆڵی بینیوە لە مێژوودا. بە تایبەت لە گەشەسەندنی مەزهەبی شیعە و گواستنەوەی بۆ ئێران. عەبدوڵڵای کوڕی سەبەء بیروباوەڕی لایەنگرانی ئیمام عەلی و بابەتی وەسیەت و ڕەهەندەکانی گواستەوە بۆ ناو ئەم مەیلە سیاسییەی لایەنگرانی شیعەی ئال و بەیت. نووسەی ئەم کتێبە لە سەرهەڵدانی ئەمەوییەکان و سامانییەکان لە ئێران وەک قۆناغی یەکەمی ئەم پرۆسەیە بە وردەکارییەوە، شیکار دەکات. غەزنەویی و سەردەمی ئێلخانەکانی مەغول و هەتا سەرهەڵدانی سیلسیلەی سەفەوی لە ئێران پۆڵێنی ڕووداوەکانی دەکات. هەروەک چۆن لە گەشەسەندنی مەزهەبی سوننی لە ئێران، مزگەوت و مەدرەسە ئایینییەکان ڕۆڵی گەورەیان هەبوو، بە هەمان شێوە، بۆ مەزهەبی شیعەش ڕاست بوو.

لە بەشی سێ و چواری لێکۆڵینەوکە تیشک دەخاتەسەر تەسەوفی ئیسلامی کە وەک هێلانەی ئارامی پێکگەیشتنی شیعە و سوننە لە ئێران کە لە سەردەمی سەفەوییەدا بەجەستە بوو. بەشی زۆری عاریف و بیرمەندەکانی شیعە لەم قۆناغەدا بوونە داڕێژەر و بونیاتنەری شیعەی سەفەویی لە ئێران. شیخ سەفیەدینی ئەردەبیلی و گەشەسەندنی تەریقەتی سۆفی لە ئێران و لایەنگرانی بێشومار و زۆری ئەو زاتە و ڕۆڵی لە بونیاتنای شیعە لە ئێراندا باسی لێکراوە.

بەشی چوارەم و کۆتا بەشی ئەم کتێبە هەڵسەنگاندنێک بۆ ژیانی ئایینی لە ئێران دەکات لە ژێر کاریگەری ئایینەکانی دەرەوەی ئیسلام. وەک ئایینی یەهوود و مەسیحی. دوو سەرهەڵدانی گرنگی ئایینی لە ئێران وەک “حروفیەکان” کە لە لە ژێر کاریگەری تێزی مەهدەویەت و پاشان ئایینی یەهوود و مەسیحی. لە ئەنجامدا وەک فیرقەیەکی دەرچوو لە ئیسلام سەیرکران. فیرقەی”موشەعشەعیەکان” بە هەمانشێوە لە مێژووی ئێران دەرکەوتن. بە گشتی ئەگەر هەڵسەنگاندن بۆ ئەم بەرهەمە ئەکادیمییە بکەین هەر لە سەرەتاوە هەست بە لایەنی سۆزداری نووسەر دەکرێت لە نووسینی کتیبێکەدا کە لە لایەن کەسێکی نا فارسەوە نووسراوە. بەڵام ئەمە ناکاتە ئەوەی کە کۆی بابەتەکانی ئەم لێکۆڵینەوەیە وەک مەوسوعەیەکی بچوک لەسەر مێژووی ئایینی لە ئێران، لێوانلێوە لە زانیاری گرنگ و بەسوود و هەندێکجار بۆ خوێنەری ئاسایی نەبیستراو لە مێژوودا هەژمار بکەین.

 

Send this to a friend