• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
February 18, 2024

ستراتیژی نە شەڕ، نە ئاشتی

بارام مەجید خان

دۆخی نە شەڕ نە ئاشتی، ئەو ستراتیژەیە کە ئێران پەیڕەوی دەکات بۆ پەیوەندییەکانی خۆێ لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. هەلومەرجی دوای ڕووداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەر و هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، کۆی ناوچەکەی خستە ژێر کاریگەریەکی قوورسەوە. بەتایبەت ئێران کەوتە بەر لۆمەی ڕای گشتی و گرووپە هاوسۆزەکانی لە ناوچەکە. هەڵکشانی گرژیەکانی ناوچەکە لە غەززە و یەمەن و عێراق و لوبنان سووریا و هێرشی گرووپە چەکدارەکانی هاوسۆز لەگەڵ ئێران، لە هەموو کات زیاتر ناوچەکەی ڕووبەڕووی جەنگێکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کردووەتەوە. ئەوەی جێگەی سەرنجە ڕۆڵی میحوەری موقاوەمەیە لەم هاوکێشانەدا. بە تایبەت لەو وڵاتانەی کە ئاماژەمان پێکرد. تۆڕی گرووپەکانی هاوسۆز لەگەڵ ئێران، ڕۆژ لە داوی ڕۆژ بەهێزتر دەبن. لەگەڵ بەهێزبونیان، دەوڵەتانی ناوچەکە لاواز دەبن. هەم سوپاکانیان و هەم سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتانە کەوتوونەتە ژێر سێبەری ئەم گرووپانە. بە دەیان گرووپی چەکدار لە ناوچەکە و لە ژێر ناوی جیاوازدا بوونییان هەیە، کە شێوازی کارکردنیان جیاوازە لە گرووپەکانی ڤاگنەری ڕووسی. ئەم گرووپانە وەک بازووی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەجێندای سیاسی و فیکری جیاوازیان هەیە، بەڵام لە دژایەتیکردنی ئەمریکا و ئیسرائیل هاوئامانجن. نەیارەکانی ئێران خوازیارن دەستی ئەم دژبەرە سەرسەخت و ئاڵۆزەیان ببڕن، بەڵام دەست بۆ دڵی نابەن کە لێدانی ڕاستەوخۆی ئێرانە.

لەم دۆخە ئاڵۆزەدا نە ئێران و نە ئەمریکا خوازیاری شەڕ نین. دیپلۆماسیەتی ئاشکرای ئەمریکا لە پێناو پشتیوانی لە ئیسرائیل و بە ئەنجام گەیاندنی شەڕی غەززە و زیاتر ئاڵۆز نەبوونی ناوچەکە و لە ڕێگەی کەناڵە نهێنییەکان هەوڵی ئەوە دەدەن کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە شەڕێکی کۆنتڕۆڵ نەکراو و درێژخایەن بپارێزن. دەرفەتەکانی هەڵگیرسانی شەڕ هەمیشە بەردەستن، بەڵام هەم ئەمریکا و هەم ئێران خۆیانی لێ دەپارێزن. بە تایبەت لە گرژیەکانی ساڵی ٢٠١٢ کە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکا لە کەنداو لە سەردەمی دۆناڵد ترامپ کەوتە خوارەوە. هەروەها کوژرانی فەرماندە و سەرداری ئیران قاسم سولەیمانی لە بەغدا و شەڕی غەززە کە دەکرا ئێران لە شەڕێکی درێژ خایەنی (وەک جەواد زەریف بە شەڕی سی ساڵە ناوی هێناوە) بئاڵێت. بەڵام ئێران وەک درێژەدان بە نەفەسی سیاسەتی “نەشەڕ” لە ژێر ناونیشانی “ئێمە شەڕی بە وەکالەتی هیچ نەتەوە و وڵاتێکی دیکە ناکەین” خۆیان لەو شەڕە بوارد.

سیاسەتی “نە ئاشتی” لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە دۆسییەی ئەتۆمی ئێران و بە تایبەت لە سەردەمی دۆناڵد ترامپ کە ئەمریکا لێی کشایەوە و حکومەتی جۆ بایدن سەرکەوتوو نەبوو لە زیندووکردنەوە و گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتننامەی وڵاتانی ٥+١ ساڵی ٢٠١٥. پێدەچێت هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر عێراق و سووریا، دۆسیەی ئەتۆمی ئێران لەگەڵ ئەمریکا بە تەواوی هەڵگێڕێتەوە و هیچ دەرفەتێک بۆ چارەسەری دیپلۆماسی نەمابێت. بە تایبەت لە ژێر کاریگەری هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا بایدن دەرفەتی ئەو دۆسییەی لەدەستدابێت. ئەمریکا لە لێدانی پێگەکانی ئێران لە ناوچەکە، بە شێوەی ئێستا دەکەوێتە بەر هێرشی کۆمارییەکان و ئەگەر لەسەر ئەم سیاسەتی پێش لێدانیش بەردەوام بوایە هەر ڕەخنەی توندی لێدەگیرا. کاردانەوەکانی ئەم هێرشانە چ لەسەر ئاستی ناوچەکە و سوپای پاسداران، یاخود لە ناوخۆی ئەمریکا ناکاتە ئەوەی کە پێگەی دیموکراتەکان بەهێز بکات. مەلەفی ئێران هەر چوار ساڵ جارێک وەک بەشێک لە خۆراکی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا دەکەونە ڕوو.

ڕەهەندێکی تری”نە ئاشتی” بەرەی موقاوەمەیە کە پێشتر بە هیلالی شیعی ناودەبرا. هیلالی شیعی ناونیشانێکی فیکری، ئایدۆلۆژی و مەزهەبی بوو. لەگەڵ بەهێزبوونی ئەم هیلالە و چەکدار بوونی، میحوەرەی موقاوەمە وەک ئامادەکاری بۆ بەرەنگاربوونەوەی زلهێزەکانی ناوچەکە وەڕوو کەوت. لەگەڵ پێشکەوتنی ئامڕازەکانی شەڕ و گەشەی زۆری تەکنەلۆژیای شەڕ و هێزی موشەک و درۆنەکان و بە دەست گەیشتنی بۆ دەستی هێزە نادەوڵەتییەکان، هاوکێشەکان لە ناوچەکە گۆڕانی قوورسیان بەسەردا هات. ئەم دۆخە بۆ ئەمریکا و بە تایبەت بۆ ئیسرائیل پێشبینیکراو نەبوو. کاتێک هێرشەکانی حەماس بۆ سەر غەززە دیوای پۆڵایینی ئیسرائیلی بڕی. خۆڕاگری حەماس لە ڕوبەڕوبوونەوەی لەگەڵ ماشێنی زەبەلاحی شەڕکەری ئیسرائیل ورە و ئازایەتی زۆری بە گرووپەکانی هاوشێوەی خۆی لە ناوچەکەدا بەخشی. تۆڕی بەرگریکاری ئێران لە ناوچەکە و جووڵە سەربازییەکانیان کاریگەری بەسەر پەیوەندییە هەرێمایەتییەکانەوە بە جێدەهێڵێت، کاتێک پرۆسەی ئاشتی عەرەب-ئیسرائیل تووشی داڕمان دەبێت و گرفتی بۆ درست دەبێت. پرۆسەی ئاشتی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و دنیای عەرەبی لە جووڵە دەکەویت. پەیوەنیەکانی ئێران و سعودیە خاو دەبنەوە. ئەمریکا وەک زلهێز لە ناوچەکە مانۆڕە سەربازیی و سیاسیەکانی لە جاران زیاتر خۆی نمایش دەکات. ئێران و هاوپەیمانەکانی لە ژێر گوشارێکی هەمە لایەنەی بەهێزدان. فشارەکان لە یەمەن بە تایبەتی و کێشەی ئاسایشی ئاوە ئازادەکانی بازرگانی نێودەوڵەتی ئەمریکا و بەریتانیای ناچارکردووە کە کردەوەی سەربازیی لە یەمەن ئەنجام بدەن. لە عێراق و سووریاش هەمان سیناریۆ بەڕێوەچوو، بە ئەنجامدانی کردەوەی سەربازیی. بەڵام ئایا کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەی تاک لایەنە و بە دیدگای پەڕگیری ئیسرائیل لەمەڕ چارەسەری کێشەکان لە لایەک و جیهانی ڕۆژئاوا چارەسەر دەبن. ئەوەی جێگای سەرنجە دنیای عەرەبی لاوازە. سێ کاراکتەری سەرەکی ڕۆڵی سەرەکییان هەیە لە ڕووداوەکانی ئەم ناوچەیە. ئێرانناسی ئەمجارە تیشک دەخاتە سەر بەشێک لە شانۆی سیاسیی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی لە تەک بابەتگەلی پەیوەست بە ئێران.

Send this to a friend