• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
February 18, 2024

جەنگی ئیسرائیل ـ حەماس و ڕۆڵی ئێران

هەڤاڵ ئازاد محی الدین

بەرایی

دوای ئەوەی دەوڵەتی ئیسرائیل دادەمەزرێت ناکۆکییەکی مێژووی دەکەوێتە نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیلەوە کە دەبێتە هۆکاری سەرهەڵدانی چەندین بزووتنەوەی ڕزگاریخواز وەک بزووتنەوەی حەماس. دوای ئەوەی ڕۆڵی وڵاتانی عەرەبی لە هاوکاری کردنی کێشەی فەلەستین لاواز دەبێت، ئێران هەوڵدەدات ئەو ڕۆڵە بگێڕیت. بۆیە پەیوەندی لەگەڵ لایەنە فەلەستینییەکان دورست دەکات و هاوکاریان دەکات تا ئاستێک توانای سەربازییان بەرز دەبێتەوە کە بتوانن ئۆپەراسیۆنێکی وەک ئەقسا ئەنجام بدەن. ئەگەر چی بەڵگەی پێویست لەبەردەستدا نییە بۆ هاوکاریکردن و بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی ئێران لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، بەڵام هیچ گومان لە کاریگەری و ڕۆڵی ئێران ناکرێت لە هاوکارییەکانی بۆ حەماس و ڕۆڵی ناڕاستەوخۆی لە ئۆپەراسیۆنی ئەقسادا. ئەگەر چی لە لایەک ئیسرائیل و ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێران بەشێک نییە لە ئۆپەراسیۆنەکە، لە لایەکی ترەوە حەماس و ئێرانیش ئاماژە بەوە دەکەن کە ئۆپەراسیۆنەکە بڕیاری تایبەتی حەماسە و پەیوەندی بە ئێرانەوە نییە. بەڵام هەموان هاوڕان لە بوونی پەیوەندی و هاوکاری ئێران بۆ حەماس.

جەنگی ئیسرائیل – حەماس و ڕۆڵی ئێران

بێگومان کاتێک بمانەوێت باس لە جەنگی نێوان ئیسرائیل – حەماس بکەین ئەوا پێویستە بگەڕێینەوە بۆ سەرچاوەی ناکۆکییەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس. لەم ڕوانگەیەشەوە پێویستە باس لە دروستبوونی دەوڵەتێک بکەین لەناوخاکی فەلەستیندا بەناوی ئیسرائیل و باس لەو هەلومەرجانەش بکەین کە هۆکار بوون بۆ سەرهەڵدانی بزووتنەوەیەک بە ناوی حەماس. هەر بۆیە گونجاو ترە سەرەتا بەکورتی باس لە دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیل بکەین.

دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل

سەبارەت بە دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل وەک زانراوە هەوڵێکی لە مێژینەی هەبوو لە لایەن یەهودییەکانەوە بە مەبەستی دروستکردنی دەوڵەتێک بۆ یەهودییەکانی جیهان. بێگومان ئەو خاکەی کە یەهودییەکان خەونیان بوو بیکەن بە دەوڵەتی خۆیان خاکێک بوو بەناوی خاکی فەلەستین و دانیشتوانەکەی عەرەب بوون، هاوتەریب دراوسێکانی ئەم نیشتیمانیش هەموویان عەرەبی مسوڵمان بوون، کە ئەمەش دەتوانرێت بەیەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی ئاڵۆزییە بەردەوامەکانی ئیسرائیل و گەلی عەرەبی دابنرێت. وەک زانراوە تا دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل خاکی فەلەستین لەژێر حوکمی ماندای ئینگلتەرادا بووە. دوای ئەوەی ئینگلتەرا ڕایگەیاند لە ١٥ مایسی ١٩٤٨ بەدواوە لە خاکی فەلەستین دەکشێتەوە، ئاڵۆزی کەوتە نێوان یەهودییەکان و عەرەبەکانەوە بەهۆکاری نا دیسپلینی عەرەبەکان و نەبوونی ڕابەرێکی باڵا، یەهودییەکان توانییان سەربکەون بەسەر عەرەبەکان و بە چەند کاتژمێرێک پێش کۆتاییهاتنی سیستەمی ماندای ئینگلتەرا بە سەر فەلەستین، ئەنجومەنی نیشتمانی یەهودی لە ١٤ ی مایسی ١٩٤٨ دا لە تەلئەبیب کۆبوونەوە و هەستان بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک کە تێیدا ئاماژەیان بەوە کرد کە دەوڵەتی ئیسرائیلیان دامەزراندووە.(١) یەهودییەکان لەگەڵ ڕاگەیاندنی دەوڵەتەکەیان  داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرابوو کە ئیسرائیل وەک ئەندامی خۆی پەسەند بکات، هەروەها ئاماژەیش بەوە کرابوو کە هەموو ئەو عەرەبانەی کە دەکەونە چوارچێوەی ئەم دەوڵەتەوە دەبن بەخاوەنی هەموو مافێکی یەکسان لە پاڵ یەهودییەکاندا. هەروەها جەختیش لەوە کرابوویەوە کە دەوڵەتی ڕاگەیەندراوی ئیسرائیل هیواخوازە کە بە شێوەیەکی ئاشتیانە لە تەک وڵاتانی عەرەبی پەیوەندییەکی دراوسێیانەی باش دروست بکات. هاوتەرب لە تەک ڕاگەیاندنی سەربەخۆیەتی دەوڵەتی ئیسرائیل کابینەیەکی ١٣ کەسی بە سەرۆکایەتی (بەن گیورۆن – Ben Grion) پێکبهێنێت، ئەم کابینەیەش ناونرا کابینەی حکومەتی کاتی ئیسرائیل.(٢) یەکەم دەوڵەتیش کە هەستا بە ناساندنی دەوڵەتی ئیسرائیل وویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوو کە ڕاستەوخۆ دوات تێپەڕبوونی ١١ خولەک بەسەر دەمەزراندنەکەدا دانی نا بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا. دوای ئەمریکایش یەکێتی سۆڤیەت لە ١٧ مایسی ١٩٤٨ دا هەستا بە ناساندنی ئیسرائیل. هەر بۆیە دوای داننانی ئەم دوو دەوڵەتە ژمارەی ئەو دەوڵەتانەی کە دانیاین نا بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا ڕووی لە زیادبوون کرد. بێگومان دوا بەدوای ڕاگەیاندنی دەوڵەتی ئیسرائیل کۆمەڵێک دەوڵەتی عەرەبی وەک میسر، عێراق، سووریا، لوبنان، ئوردن هەستان بە ڕاگەیاندنی جەنگ لە دژی ئەم دەوڵەتە تازە دروستکراوە و ئامادەنەبوون بە هیج جۆریک سازیش بۆ خاکی فەلەستین و گفتوگۆ لەبارەی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیلەوە بکەن، بەم شێوەیە یەکەمین ناکۆکی پێکدادان لە نێوان جیهانی عەرەبی و دەوڵەتی ئیسرائیلدا دروستبوو،(٣) کە ئەم ئاڵۆزی و پێکدادانە بە درێژای چەندین ساڵ بەردەوام دەبێت لە هەر قۆناغەو بە شێوە و بارگراوندێکی جیاواز کە کۆتا پێکدادانی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە ٧/١٠/٢٠٢٣ درێژکراوەی ئەو ئاڵۆزی و پێکدادانەی نێوان ئیسرائیل جیهانی عەرەبییە بە تایبەت گەلی فەلەستین.

مێژووی جەنگی عەرەب – ئیسرائیل

وەک پێشتر ئاماژەمان بۆ کرد دوای دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل کۆمەڵێک دەوڵەتی عەرەبی هەستان بە ڕاگەیاندنی جەنگ لە دژی ئیسرائیل و لە ١٥ مایسی ١٩٤٨ هێزی وڵاتانی عەرەبی خزانە ناو ئیسرائیل و یەکەمین جەنگی نێوان عەرەب – ئیسرائیل هەڵگیرسا. لەیەکەم جەنگی نیوان عەرەب – ئیسرائیل عەرەبەکان نەک هەر نەیان توانی کۆتایی بە ئیسرائیل بێنن بەڵکو ڕووبەڕووی شکستێکی گەورە بوونەوە کە دەرئەنجام فراوانبوونی خاکی ئیسرائیلی لێکەوتەوە.(٤) دەرئەنجامیش وڵاتانی عەرەبی ناچاربوون ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیلدا واژۆ بکەن. دوابەدوای ئاگربەست نەتەوەیەکگرتووەکان لە ١١ ئایاری ١٩٤٩ دەوڵەتی ئیسرائیلی وەک ئەندامی نەتەوەیەکگرتووەکان پەسەندکرد. بێگومان وڵاتانی عەرەبی هۆکاری ئەم شکستەیان دەگەڕاندەوە بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا، هەر بۆیە دوا بەدوای شکستەکە دژایەتییەکی تەواو لە جیهانی عەرەبیدا بە ڕامبەر بە خۆرئاوا سەری هەڵدا بە تایبەت فەرەنسا و ئینگلتر. دەرئەنجامی ئەمەش گەشەکردنی هەستی نەتەوایەتی عەرەبی بوو لە وڵاتانی عەرەبیدا. هەربۆیە لەهەوڵی ئەوەدا بوون و بە دوای دەرفەتێکدا دەگەڕان تاکو بتوانن توانا سەربازییەکانی ئیسرائیل لەناو بەرن و دواتر خودی دەوڵەتی ئیسرائیلیش. لەم ڕوانگەیەوە لەدوای جەنگی یەکەمی عەرەب – ئیسرائیل هەتا دەستپێکردنی جەنگی شەش ڕۆژەی ساڵی ١٩٦٧ چەندین جار ڕووبەڕووبوونەوە و پشێوی لە سنورەکانی ئیسرائیل ڕویان داوە.(٥) بۆیە هەڵگیرساندنی جەنگێکی تری نێوان عەرەب-ئیسرائیل پێشهاتێکی جاوەڕوان کراوبوو. لە سەرەتای حوزەیرانی ١٩٦٧ ئەو پێشهاتەی کە چاوەڕوان دەکرا لە نێوان وڵاتانی عەرەبی ئیسرائیلدا ڕویدا و جەنگێکی ٦ ڕۆژە لە نێوانیان ڕویدا کە ئیسرائیل سەرکەوتنێکی مێژووی تۆمار کرد و زۆرینەی توانا سەربازییەکانی میسر و سووریا و ئوردنی لەناوی برد و ڕووبەری ئەو خاکەی کە دەستی بەسەردا گرتبوو نیزک بویەوە لە ٤ هێندە. لە جەنگەکەدا توانی دەست بگرێت بەسەر چەندین ناوچەی ستراتیجیدا.(٦)  بێگومان ئەمە کۆتا جەنگی نێوان عەرەب – ئیسرائیل نابێت بەڵکو بۆ جارێکی تر لە ساڵی ١٩٧٣ ئاڵۆزی لەنێوان هەردوو لادا دروست دەبێت و جەنگی تر لەنێوانیاندا سەرهەڵدەدات. شارەزایان پێیان وایە کە ئامانجی جەنگی ١٩٧٣ عەرەب – ئیسرائیل جیاوازترە لە جەنگەکانی پێشتر، وڵاتانی عەرەبی لە جەنگەکانی پێشتردا ئامانجیان سڕینەوەی یەکجاری ئیسرائیل بوو، بەڵام لە جەنگی ١٩٧٣ بە پێچەوانەوە هەوڵیانداوە تەنها ئەو خاکانە بگێڕنەوە کە ئیسرائیل لە جەنگی ١٩٦٧ دا داگیری کردبوو.(٧) وەک دەبینینن لە دوای دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەچێتە قۆناغێکی نوێی ململانێوە و بەردەوام ئاڵۆزی و ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری لە نێوان ئەم دەوڵەتە تازە و وڵاتانی عەرەبی سەرهەڵدەدەن. کە چارەسەرکردنی ئەم دۆخە تاڕادەیەک بووە بە دۆخێکی هەستیار و مەحاڵ. ئەوەی جێگەی سەرنجە لە دوای دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل و سەرهەڵدانی جەنگەکانی نێوان ئەو وڵاتە و وڵاتانی عەرەبی قەیرانێکی نوێ بەرۆکی ناوچەکە دەگرێت کە ئەویش قەیرانی ئاوارەکانی فەلەستینە کە بەهۆکاری جەنگ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە ناچارن ئاوارەی وڵاتان ببن بە تایبەتی وڵاتانی دراوسێی فەلەستین وەک میسر، ئوردن، لوبنان، سووریا … هتد.(٨) وەک زانراوە ئاوارە فەلەستینییەکان لەدۆخێکی ناهەمواردا دەژیان و بێبەش ببوون لە هەموو مافێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەر بۆیە ئەم بارودۆخە وای لە ئاوارە فەلەستینییەکان کرد کە بیر لەوە بکەنەوە خۆیان ڕیکبخەن و وەک ڕێکخراوێک هەوڵ بۆ ئازادکردنی خاکی فەلەستین بدەن لە دەستی ئیسرائیل. هەر بۆیە لەو سەروبەندەدا ئاوارە فەلەستینییەکان هەوڵی دروستکردنی چەندان گرووپ و ڕێکخراوی نهێنی و ئاشکرا دەدەن،(٩) لەم چوار جێوەیەدا لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بزووتنەوەیەک دروست دەبێت بە ناوی (بزووتنەوەی بەرگری ئیسلامی) کە بە حەماس ناسراوە و دەبێت بە یەکێک لە بەهێزترین بزووتنەوەی چەکداری فەلەستینی لە دژی ئیسرائیل و هەتا هەنوکە ڕۆڵێکی کارای هەیە سەبارەت بە دۆزی فەلەستین و کەرتی غەزە کە هەوڵدەدەین بە وردی باس لە دروستبوون و ڕۆڵی ئەو بزووتنەوەیە بکەین.

بزووتنەوەی بەرگری ئیسلامی (حماس)

بزووتنەوەی حماس وەک بزووتنەوەیەکی جیهاندی توند لە ناوەڕاستەکانی کانونی یەکەمی ساڵی ١٩٨٧ دا دامەزرا. ئامانج لە دامەزراندنی ئەم بزووتنەوەیە بێگومان وەک هەموو بزووتنەوەکانی تر ئامانجی پارێزگاری کردنە لە فەلەستینییەکان و بە گژداچوونەوەی ئیسرائیلە.(١٠) شێخ ئەحمەد یاسین کە بە دامەزرێنەی (حەماس) دەناسرێت بێگومان پێشتر دیاترین ئەندامی  ئیخوان موسلیمینی باڵی فەلەستین بوو، دواتریش  ڕێکخراوی مەرکەزی ئیسلامیی دادەمەزرێنن شێخ ئەحمەد یاسین بەزۆری چالاکییەکانی چڕکردبوویەوە لە بوارەکانی پەروەردە و کولتوور و بۆنەی کۆمەڵایەتی. بەڵام دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، بۆچوونی شێخ ئەحمەد یاسین سەبارەت بە شێوازی خەبات و ڕووبەڕووبوونەی ئیسرائیل دەگۆڕێت. هەربۆیە لەگەڵ چەند لایەنێکی تر کە لە ئیخوان موسلیمین و ئەل فەتح جیاببوونەوە و کاریگەربوون بە فتواکانی حەسەن بەنا و سەید قوتب هەستان بە دامەزراندنی ڕێکخراوێکی نوێ بە ناوی ڕێکخراوی جیهادی ئیسلامی فەلەستین. لەگەڵ سەرهەڵدانی ڕاپەڕینەکەی کانونی دووەمی ساڵی ١٩٨٧ ی غەزەدا شێخ ئەحمەس یاسین هەستا بە دامەزراندنی بزووتنەوەیەکی جیهادی بە ناوی بزووتنەوەی حەماس.(١١) بێگومان حەماس لە ناساندنی ناسنامەی سیاسی خۆیدا پێی وایە کە جووڵانەوەیەکی جەماوەریە کە هەوڵدەدات لە ڕێگەی جیهادەوە تەواوی خاکی فەلەستین لە دەستی یەهودییەکان ڕزگار بکات. هەروەها حەماس پێی وایە کێشەی فەلەستین – ئیسرائیل بەتەنها کێشەی فەلەستینییەکان نییە، بەڵکو کێشەی هەموو جیهانی عەرەبی و ئیسلامییە، هەر بۆیە پێویستە هەموو جیهانی عەرەبی و ئیسلامیی یەک دەنگ و یەک هەڵوێستبن سەبارەت بە دۆزی فەلەستین و بە گژداچوونەوەی ئیسرائیل. حەماس پێیوایە کە دەبێت شێوازی خەباتکردن لەگەڵ ئیسرائیلدا بگۆردرێت و لە بری مفاوەزات و گفتوگۆ پێویستە سوود لە هێزی سەربازی و چەکداری وەربگیرێت. هاوتەریب هیچ بژاردەیەک لەبەردەم گەلی فەلەستیندا نەماوە جگە لە بژاردەی جەنگ و هەتا هۆکارەکانی ئەم جەنگ و ململانێیە مابن پێویستە گەلی فەلەستین و تەواوی مسوڵمانانی جیهان درێژە بەم ململانێیە بدەن، بێگومان هۆکارەکانی ئەم جەنگ و ململانێیەش داگیرکردنی خاکی فەلەستینە لە لایەن یەهودییەکان و جێگربوونیانە. واتە حەماس نایەوێت بە هیچ جۆرێک سازش لەسەر خاکی فەلەستین بکات و هیچ کاتێک قەوارەی ئیسرائیل وەک قەوارەیەکی یاسایی و شەرعی بناسێنێت و بەردەوام دەبێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل.(١٢) هەر بۆ ئەم مەبەستە حەماس باڵی سەربازی تایبەت بە خۆی هەیە بەناوی کەتیبەکانی عیزەدین ئەل قەسام، کە درێژکراوەی گروپی سەربازی موجاهیدینی فەلەستینییە کە لە ساڵی ١٩٨٦ دا دامەزرابوو. بەڵام دوای ڕاگەیاندنی بزووتنەوەی حەماس و دامەزراندنی باڵی سەربازی ئەم بزووتنەوەیە لە سەرەتای ١٩٩٠ کان گروپی موجاهیدینی فەلەستینی گۆڕدرا بۆ کەتیبەکانی عیزەدەین ئەل قەسام و خودی سەلاح شحادە کە ڕابەری موجاهیدانی فەلەستینی بوو کرا بە ڕابەری باڵی سەربازی حەماس (کەتیبەکانی عیزەدین ئەل قەسام).(١٣) سەربازەکانی باڵی سەربازی حەماس هەم لە فەلەستین و هەمیش لە کامپەکانی حیزبوڵای لوبنان وانەی سەربازیی وەردەگرن.(١٤)  سەبارەت بە ئایدۆلۆژیای حەماس وەک خۆیان ئاماژەی بۆ دەکەن سەرچاوەی سەرەکی یاسا و دەستووریان قورئان و سوننەتە، بەڵام لەگەڵ تەمەنی بزووتنەوەکە کرانەوە لەناو بزووتنەوەکەدا ڕودەدات و کۆمەڵێک گۆڕانکاری جەوهەری ڕودەدەن لە سیاسەتی بزووتنەوەکەدا تەنانەت بەشداری هەڵبژاردن دەکەن و هەوڵدەدەن سوود لە ڕێگەی دیبلۆمایش وەربگرن و پەیوەدنیش لەگەڵ وڵاتانی تردا دروست بکەن وەک تورکیا و میسر و وڵاتانی تری ناوچەکە.(١٥)

پەیوەندی نێوان حەماس – ئێران

وەک دەزانرێت لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران دەبێت بە یەکێک لە وڵاتە بەهێزەکانی ناوچەکە و دەچێتە نێو ململانێیەکی مێژووییەوە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەبەتی وڵاتانی عەرەبی لە لایەک و دەوڵەتی ئیسرائیل لە لایەکی ترەوە. ئێرانی پێش شۆڕش یەکێک بوو لە گەورەترین هاوپەیمانەکانی ئیسرائیل و هەناردەکارێکی سەرەکی نەوت بوو بۆ ئیسرائیل. بەڵام ئێرانی دوای شۆڕش هەموو پەیوەندییە سیاسی و ئابووری و دیبلۆماسییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل کۆتایی پێهێناو لە بری ئیسرائیل هەستا بە دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ لایەنە فەلەستینییەکان لە دژی ئیسرائیل. ئێرانی دوای شۆڕش هەمیشە ئیسرائیلی وەک شەیتانی بچوک ناوزەند کردووە. سەڕەڕای ئەوەی ئێران هەندێک جار ئامادەبووە گفتوگۆی دیبلۆماسی لەگەڵ شەیتانی گەورە کە ئەمریکایە بکات، بەڵام بە هیچ جۆرێک ئامادە نەبوو بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەم شەیتانە بچوکەدا.(١٦) کاربەدەستانی ئێران بەردەوام هەوڵیانداوە کە ببن بە سەرچاوەی ئیلهامی چەندین شۆڕشی تر لە ناوچەکەدا، هەر بۆیە دەستیان کردووە بە سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕش بۆ دەرەوەی سنوورەکانی خۆیان کە ئەمەش جێگەی مەترسی بووە بۆ دەوڵەتانی تری ناوچەکە و دەکرێت لە هەر دۆخێکدا هاوپەیمانی دروستبکرێت لە دژی پەیڕەوکردنی ئەم سیاسەتە نوێیەی ئێران. هەر بۆیە ئێران بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر مەترسییەک لەسەرخۆی و ئایدۆلۆژیاکەی هەمیشە هەوڵی داوە سوود لە گرووپە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەربگرێت و پەیوەندی سیاسی و سەربازییان لەگەڵدا گەشە پێبدات وەک حزبوڵای لوبنان و حوسییەکانی یەمەن و گرووپە جەکدارەکانی عێراق و بزووتنەوەی حەماسی فەلەستین. ستراتیجی ئێران لە هاوکاریکردنی ئەم گرووپانە بێگومان لە لایەک دوورخستنەوەی مەترسییەکانە لەسەر ئاسایشی نەتەوەی خۆی و لێدانە لە بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا و دروستکردنی نائارامیە لە ناوچەکەدا.(١٧) لەم ڕوانگەیەوە یەکێک لەو گرووپانەی کە ئێران هەوڵیداوە پەیوەندی لەگەڵ دروست بکات گرووپی ڕزگاریخوازەکانی فەلەستین بووە. یەکێک لەو گرووپانەی کە ئێران توانیویەتی پەیوەندی لەگەڵ دروست بکات گرووپی ئەل فەتیح بوو. بەڵام دوای ئەوەی ئەل فەتح هەستا بە ناسینی دەوڵەتی ئیسرائیل و لە هەمانکاتدا لە جەنگی ئێران – ئێراق هاوکاری عێراق بوو، ئێران بیری لە جێگرەوەی ئەل فەتیح کردەوە و لەم ڕوانگەیەوە هەستا بە دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ حەماس وەک جێگرەوەی ئەل فەتح.(١٨) لەم چوارچێوەیەدا هەر لە دوای دروستبوونی بزووتنەوەی حەماس ئێران یەکێک بووە لەو وڵاتانەی هەوڵیداوە کە هاوکاری مادی و سەربازیی پێشکەش بە بزووتنەوەکە بکات، بەڵام ڕابەری بزووتنەوەکە ئەحمەد شێخ یاسین سەرەڕای وەرگرتنی هاوکارییەکانی ئێران هەمیشە هەوڵی داوە کە پەیوەندییەکی سنورداری هەبێت لەگەڵ ئێراندا و بەجۆرێک کە کار نەکاتە سەر بڕیارەکانی بزووتنەوەکە.(١٩) محمد زەهرا یەکێک لە ڕابەرە دیارەکانی بزووتنەوەی حەماس سەبارەت بە سەرەتاکانی پەیوەندییەکانی ئێران – حەماس ئاماژە بەوە دەکات کە دوای ئەوەی ئیسرائیل هەستا بە دەرکردنی ئەندامانی حەماس بۆ باشووری لوبنان، ئێران بە مەبەستی هاوکاریکردن و بونیادنانی پەیوەندی هەستا بە ناردنی وەفدێکی باڵا بۆ لوبنان و پێشکەشکردنی هاوکاری ئەندامانی حەماس لە باشووری لوبنان، کە دواتر ئەم ئەندامانە ڕۆڵی کارا دەبینین لەناو بزووتنەوەی حەماسدا.(٢٠)

دوای جەنگی سارد و ئەنجامدانی کۆمەڵیک هەوڵی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی، کەم بونەوەی هاوکارییەکانی جیهانی عەرەبی بۆ لایەنە جیاوازەکانی فەلەستین، ڕۆڵی ئێرانی لە ناوچەکەدا زیاتر کرد بۆ ڕابەرایەتیکردنی بەرەی بەرهەڵەستکاری ئیسرائیل. هەر بۆیە لەم قۆناغەدا پەیوەندییەکانی ئێران و گرووپەکانی فەلەستین بە تایبەت حەماس پێشکەوتنی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت.(٢١)

لە ڕاپەڕینی دووەمیدا ئێران ڕۆڵی کارای هەبوو لە هاوکاریکردنی لایەنە جیاوازەکانی فەلەستیندا بە تایبەت حەماس. هاوتەریب هەستا بە ئەنجامدانی کۆنفرانسێکی تایبەت بە مەبەستی هاوکاریکردنی ڕاپەڕینەکە و چەندین ڕابەری باڵای حەماس بەشداربوون لە کۆنفرانسەکەدا. بێگومان ڕاپەڕینی دووەم پێشهاتێکی گرنگ بوو لە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان حەماس و ئێران.(٢٢)

لەدوای سەرکەوتنی حەماس لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٦ پەیوەندییەکانی نێوان حەماس و ئێران دەچیتە قۆناغێکی نوێوە و ئێران یەکێک دەبێت لەو ئەکتەرانەی کە زۆرترین هاوکاری پێشکەش بە بزووتنەوەی حەماس دەکات.(٢٣) لەم چوارچێوەیەدا ڕابەرانی باڵای حەماس چەندین سەردانی فەرمی بۆ تاران ئەنجام دەدەدن و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئێراندا کۆدەبنەوە، ئێرانیش جگە هاوکارییە سەربازییەکانی هاوکاری مادیش پێشکەش بە حەماس دەکەن.(٢٤) بەڵام دوای سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی و جەنگی ناوخۆی سووریا پەیوەندییەکانی ئێران و حەماس تاڕادەیەک پاشەکشە دەکات و حەماس لەبری ئێران و سووریا هاوکاری هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریا دەکات لە دژی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، بەو هیوایەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا و قەتەر و میسر و عەرەبستانی سعودیەدا پێش بخات. بەڵام خوێندنەوەی حەماس بۆ پێشهاتەکان هەڵە بوو.(٢٥)  وەک دەزانرێت حەماس و ئیخوان موسلیمین پەیوەندیییەکی مێژووییان هەیە دوای کودەتاکەی سیسی بەسەر ئیخوان لە میسر و لە ناوچوونی یەکێک لە هاوپەیمانە گرنگەکانی حەماس، لە لایەکی ترەوە ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل، هۆکار بوو بۆ بێهیوابونی حەماس لە وڵاتانی عەرەبی و تورکیا هەر بۆیە ناچاربوو لە ئێران نزیکتر بێتەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران ئاسایی بکاتەوە.(٢٦)

بێگومان لێکنزیکبوونەوەی جیهانی عەرەبی و ئیسرائیل و هەوڵی ئەنجامدانی ڕێکەوتننامەی ئاشتی نێوانیان و تا ڕادەیەک دوورکەوتنەوەی لە کێشەی فەلەستین، بە یەکێک لە فاکتەرە گرنگەکان دادەنرێت بۆ نزیکبوونەوەی حەماس و ئێران و گەشەپێدانی پەیوەندییەکانیان.(٢٧) بە دەستەواژەیەکی تر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا و هاوکارییەکانی خودی سەرۆکی پێشوی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ بۆ ئیسرائیل و لە لایەک فشارکردنە سەر وڵاتانی عەرەبی بەتایبەتی سعودیە، میسر، چەند وڵاتێکی تری کەنداو بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل و دەرئەنجام سنووردارکردن و لە قاڵبدانی بزووتنەوەی حەماس و چالاکییەکانیان لە وڵاتانی عەرەبیدا، لە لایەکی ترەوە سەپاندنی سزای ئابووری قورس بەسەر ئێراندا هۆکاربوون بۆ دوبارە نزیکبوونەوەی حەماس و ئێران لە یەکتری و سەر لەنوێ چالاککردنەوەی پەیوەندییەکان.(٢٨) لە کۆتایدا دەتوانرێت ئاماژە بەوە بکرێت ئێران گرنگی زۆر دەدات بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ حەماس سەرەڕای جیاوازی ئایدۆلۆجیای هەردوو لا بەڵام ساڵانە سەدان ملیۆن دۆلار هاوکاری ماددی پێشکەش بە حەماس دەکات سەرەڕای هاوکاری سەربازیی و هەواڵگری کە ئەمەش زۆرجار نیگەرانی ڕای گشتی ئێرانی لێدەکەوێتەوە و لە شێوەی ناڕەزایەتیدا هاوڵاتیانی ئێران ئاماژە بەو هاوکارییانەی وڵاتەکەیان دەکەن بۆ حەماس.(٢٩)

ڕۆڵی ئێران لە جەنگی ئیسرائیل – حەماس

لە دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بە ناوی ئۆپەراسیۆنی ئەقسا، ڕۆڵی ئێران لەو ئۆپەراسیۆنەدا بووە بە بابەتی سەرەکی زۆرێک لە چاودێران و میدیا و ناوەندە ئەکادیمییەکان. وەک زانراوە ئێران و ئیسرائیل لە جەنگێکی ناڕاستەوخۆی بەردەوامدان و دەکرێت ئەم جەنگەی ئێستای ئیسرائیل – حەماس بە بەشێک لەو جەنگە ناڕاستەوخۆییەی نێوانیان ئەژمار بکرێت.

سەبارەت بە ڕۆڵی ئێران لە ئۆپەراسیۆنی ئەقسادا هەندێک میدیای ڕۆژئاوا وەک میدیای  Wall Street Journal   ئاماژە بە تێوەگلانی ئێران دەکەن لە ئۆپەراسیۆنەکەدا و پێیانوایە کە ئێران لە پێش ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە بەردەوام لە کۆبوونەوە و چاوپێکەوتن بووە لەگەڵ گەورە بەرپرسانی حەماس و لەم چوارچێوەیەدا هەستاوە بە داڕشتنی پلانی ئۆپەراسیۆنی ئەقسا، بەڵام ئەم زانیارییانەی میدیا ڕۆژئاواییەکان لە لایەن ئەمریکا و خودی ئیسرائیلەوە ڕەتکراوەتەوە و هەر یەک لە ئەمریکا و ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکەن کە هیچ بەڵگەیەکی فەرمی نییە ئاماژە بەوە بکات کە ئێران بەشداربووبێت لە ئۆپەراسیۆنی ئەقسادا. هەروەک وتەبێژی سوپای ئیسرائیل جەنەڕال دانی هاگاری ئاماژەی بەوە داوە کە ئێران بە هیچ شێوەیەک بەشدار نەبوو لە ئۆپەراسیۆنی ئەقسادا.(٣٠) هاوتەریب وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەنتۆنی بلینکن بە هەمان شێوەی ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا کە هیچ بەڵگەیەکی پێویست لەبەردەست نییە سەبارەت بە تێوەگلانی ئێران لە ئۆپەراسیۆنی ئەقسادا.(٣١) لەگەڵ ئەمانەدا  کاربەدەستانی باڵای ئێرانیش عەلی خامنەی ڕابەری باڵای ئێران و ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئێران وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران و نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئێران بەهیچ جۆرێک بەشدار نەبوو لە ئۆپەراسیۆنەکەدا. هاوتەریب عەلی برکە ڕابەری بزووتنەوەی حەماس ئاماژەی بەوە کردووە کە ئۆپەراسیۆنی ئەقسا ئۆپەراسیۆنێکی تەواو سەربەخۆیەو بڕیاری تایبەتی حەماس بووە، هێچ لایەنێک بە تایبەتی ئێران و حیزبوڵا ڕۆڵیان نەبووە لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکەدا.(٣٢)

ئێران ئەگەر بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ هاوکاری حەماس نەبووبێت لە ئۆپەراسیۆنی ئەقسادا، ئەوا گومان لەوەدا نییە کە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە ڕووی سەربازییەوە هاوکاری حەماس بووە. ئەم هاوکارییەش ڕیشەی مێژوویی هەیە تەنانەت لە جەنگی ئیسرائیل – حەماس ٢٠٠٨ دا ئێران ڕۆڵێکی کارای هەبوو لە دابینکردنی کەرەستەی سەربازیی بۆ باڵی سەربازیی حەماس کە هاوکار بوو بۆ بەرزکردنەوەی توانای سەربازیی بزووتنەوەکە.(٣٣) هەروەها ئەمیر عەلی حاجی زادە فەرماندەی باڵا لە سوپاسی پاسداران لە یەکێک لە وتارەکاندیدا دەڵێت” ئێمە لە بری ئەوەی ماسی بدەین بەدۆستەکانمان یاخود فێری ماسی گرتنیان بکەین، هەوڵدەدەین فێری هەڵدانی قولاپی ماسیگرتنیان بکەین” هەر بۆیە چاودێران پێیانوایە ئەگەر ئێران ڕاستەوخۆ لە ئۆپەراسیۆنی ئەقسادا بەشدار نەبوبێت ئەوا دەکرێت بەشێک بوبێت لە پلانەکە.(٣٤) هەروەها ڕابەری باڵای ئێران عەلی خامنەی لە وتارێکیدا سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی ئەقسا دەڵێت” دەستی ئەوکەسانە ماچ دەکەین کە پلانی ئۆپەراسیۆنی ئەقسایان داناوە لە دژی ڕژێمی زایۆنی”.(٣٥) لە لایەکی ترەوە ئیبراهیم ڕەئیسی لە پەیامێکیدا ڕایگەیاند” کە گەلی ئێران پشتیوانی داوا ڕەواکانی گەلی فەلەستینە”، بەهەمان شێوەیە ئەمیر سەید ئیراڤانی نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند “ئیران لەگەڵ فەلەستینە” بەڵام نابێت بە بەشێک لە جەنگەکە.(٣٦) لەم ڕوانگەیەوە دەتوانرێت ئاماژە بەوە بکرێت کە ئێران هاوکاری بزووتنەوەی حەماسە تەنها لە چوارچیوەی مەشقی سەربازیی، زانیاری هەواڵگیری، لایەنی ماددی. بە دەستەواژەیەکی تر ئێران ئامادەیە لە ڕێگەی سوپای پاسداران یاخود حیزبوڵای لوبنانەوە هاوکارییەکانی پێشکەش بە حەماس بکات. حەماس توانیویەتی بە سوود وەرگرتن لە هاوکارییەکانی باڵی دەرەوەی سوپاسی پاسداران (هێزی قودس) توانا سەربازییەکان پێشبخات، تەنانەت توانیویەتی برەو بە بەرهەمهێنانی موشەکی تایبەتی خۆی بدات.(٣٧) دەتوانرێت ئاماژە بەوە بکرێت کە دەکرێت هاوکارییەکانی ئێران بۆ حەماس هەمان سیناریۆ و هاوکارییەکانی بێت بۆ حیزبوڵای لوبنان لە جەنگی ساڵی ٢٠٠٦ واتە تەنها هاوکارییەکانی لایەنی هەواڵگیری و ڕاهێنانی سەربازیی هاوکاری ماددی بگرێتەوە و خۆی بە دووربگرێت لە هەر هاوکارییەک کە تێوەگلانی ئێران پشت ڕاست بکاتەوە لە جەنگی حەماس – ئیسرائیلدا.(٣٨) چونکە ئێران دەیەوێت جەنگەکە تەنها لە چوارچێوەی سنوورەکانی غەزەدا بمێنێتەوە و نەگات بە خودی ئێران خۆی، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا دەیەوێت لە ڕێگەی هێرشی هێزە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانەوە ئەو پەیامە بدات بە ئیسرائیل و ئەمریکا کە ئەگەر بیانەویت سنووری جەنگەکە فراوان بکەن ئەوا لە بری ئێران دەبێت ڕووبەڕووی گرووپەکانی سەربە ئێران ببنەوە لە یەمەن و لوبنان و سووریا و عێراق، هەر بۆیە لە لایەک گرووپەکانی نزیک لە ئێران لە یەمەن لە ڕێگەی هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بە تایبەتی لە دەریای سووردا،(٣٩)هێرشی گرووپە میلیشیاکانی عێراق بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە ئەو پەیامە هەڕەشە ئامێزەی گەیاندبێت بە ئیسرائیل و ئەمریکا کە ئێران مەبەستێتی.(٤٠) لە ئەگەری فراوانبوونی سنووری جەنگەکە دەکرێت ستراتیجی ئێران بە جۆرێک بێت کە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران ڕاستەوخۆ بچنە ناو جەنگەکەوە بە تایبەتی حیزبوڵای لوبنان و دواتر هەر یەک لە گرووپەکانی سووریا و  عێراق و یەمەن و جەنگەکە ببێت بە جەنگێکی هەرێمی. بەڵام ئەم سیناریۆیانە لاوازن و هەم ئێران و هەمیش ئیسرائیل و ئەمریکا نایانەوێت جەنگەکە بگات بەو قۆناغە. بۆیە دەکرێت هێرش و پەلامارەکانی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران تەنها لە چوارچێوەی ترساندان و نیشاندانی هێزی خۆیان بێت بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا و کاردانەوەکانی ئیسرائیل ئەمریکایش هێندەی ئەو هێرشانە بێت کە دەرێتە سەریان.(٤١)

سەبارەت بە ستراتیجی و دەستکەوتەکانی ئێران لە جەنگی حەماس – ئیسرائیل چاودێران پێیانوایە کە پەکخستنی پرۆسەی ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی بە تایبەت سعودییە لە گرنگترین دەستکەوتەکانی ئێرانن لە جەنگی حەماس – ئیسرائیل. چونکە چەندین جار کاربەدەستانی باڵای ئێران جەختیان لە مەترسییەکانی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و سعودیە کردۆتەوە و پێیانوابووە کە ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و سعودیە دەبێت هۆی تێکچوونی هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا.(٤٢) لە لایەکی ترەوە دەکرێت دەرئەنجامی جەنگەکە و ئۆپەراسیۆنە فراوانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززەو بۆردومانکردنی چڕی هاوڵاتیان و کوشتنی هەزاران هاوڵاتی سڤیل هەوڵە دیبلۆماسییەکان بۆ مەبەستی ئاسایی کردنەوە و ئەنجامدانی پرۆسەی ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی بۆ چەند دەیەیەک دوابخات.

سەرچاوەکان

  1. 5-8.

Send this to a friend