• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
January 11, 2021

پلانی ستراتیژی

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە  (٥‌)ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ی گۆڤاری ئایندەناسی

پلانی ستراتیژی* (Strategic planning): بریتییە لە پلانی درێژمەودا، کە سەرجەم گۆڕاوە دەرەکی و نێوخۆییەکان لەبەرچاو دەگرێت، هەروەها هەڵدەستێت بە دیاریکردنی سەرجەم توێژ و کەرتە بەئامانجگیراوەکانی پلانەکە و هەڵبژاردنی ڕێگا گونجاو و ململانێکارەکانی.

بە واتایەکی دیکە: پلانی ستراتیژی بریتییە لە گواستنەوەیەکی جۆری لە ڕێکار و جێبەجێکردنەکانی پلانەکاندا، پەیوەستە بە هزر و جێبەجێکردنەوە لە میانەی کردە کارگێڕییەکانەوە، بە مەبەستی هاتنەبەری دیدگایەکی ئایندەیی بۆ پێکەوەژیان لەگەڵ گۆڕانکارییە ئایندەییەکان و چۆنێتیی مامەڵەکردن لەگەڵیاندا. ئەم جۆرە لە پلان، هێندەی پەیوەستە بە کۆششی زەینیی ڕێکخراوەوە و پایەدارکراو لەسەر داهێنان و نوێکردنەوە، هێندەش بەرهەمهێنانی ئەو بڕیار و کردە سەرەکییانەیە کە چییەتیی ڕێکخراوێک یان دەستەیەک یان هەر کیانێک پێک دەهێنێت، چونکە کار دەکات لەسەر ئەوەی چی دەکات و هۆکاری کردنەکەشی چییە.

پلانی ستراتیژی پشت بە چوارچێوەیەکی ڕێبازی دەبەستێت بەرەو ئایندە، بەو پێیەی پڕۆسەکە کار دەکات لەسەر گواستنەوەی دۆخ لە کردە ڕۆژانەییەکانەوە کە لە چوارچێوە کلاسیکییە ڕۆتینییەکانیاندان، بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان بۆ بەدیهێنانی دیدگایەکی جیاواز بە ڕوانین بۆ ئەو هۆکارە کاریگەرانەی کە توانای گۆڕانکارییان هەیە و لە کۆتاییدا ئایندە بە شێوەیەکی باشتر ئاڕاستە دەکات.

ئەم دەستەواژەیە وەڵامدەرەوەی پرسیاری “بەرەو کوێ دەڕۆین”ە، کە لە دیدێکی ئایندەییەوە سەرچاوەی گرتووە.

سەرەتاکانی دەرکەوتنی بەکارهێنانی چەمکی پلانی ستراتیژی بە فۆرمە سەرەتاییەکەی، دەگەڕێتەوە بۆ پەنجاکانی سەدەی بیستەم و زیاتریش لەسەر زاری پیاوانی خاوەنکار و زانایانی بواری بەڕێوەبردن لەژێر ناوی “بەڕێوەبردنی ستراتیژی” برەوی پێ درا.

هەروەها لە ماوەی نێوان ١٩٦١ تا ١٩٦٥، سیستم (شیرازە)ی پلانی ستراتیژی لە وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا بەکار هات و سەرکەوتنێکی بەرچاویشی بەدەست هێنا. هەر بۆیە ئیدارەی ئەمەریکا کۆمەڵێ ڕێنمایی لە مانگی ئابی ١٩٦٥دا دەرکرد، کە داوای جێبەجێکردنی پلانی ستراتیژیی لە سەرجەم فەرمانگە فیدراڵییەکانی حکومەتی ئەمەریکادا لەژێر ناوی “سیستمی پلان و بەرنامەکان و موازەنە”دا کرد. لە شەستەکاندا، زۆرینەی کۆلێژەکانی بەڕێوەبردنی کار؛ پڕۆگرامی پلانی ستراتیژی لە چوارچێوەی بابەتەکاندا و لەژێر ناوی “سیاسەتە کارگێڕییەکان”دا هێنایە ڕیزی بابەتەکانی دیکە.

پاش ئەوەش چەمکی پلانی ستراتیژی سنووری ئەمەریکای بڕی و گەیشتە کیشوەری ئەورووپا و پاشتریش گەیشتە هەندێ وڵاتی ئاسیایی وەک ژاپۆن، چین، مالیزیا، کۆریای باشوور و سەنگاپوورە…هتد. بەڵام بەشێکی زۆری وڵاتانی ئاسیا و ئەفەریقا تا ساڵانێکی درەنگتر و بگرە تا ئێستاش گرنگیی ئەم بابەتەیان بۆ دەرنەکەوت، یان زۆر سست و لاواز پڕۆسەکەیان وەرگرت.

پلانی ستراتیژی بەگشتی لە گەشەی خۆیی و پەرەگرتنیدا، چەند قۆناغی سەرەکیی بەخۆوە دیوە:

١. قۆناغی یەکەم: پلان لەسەر بنەمای دارایی یان پلانی موازەنات

٢. قۆناغی دووەم: پلان لەسەر بنەمای پێشبینی یان پلانی درێژمەودا

٣. قۆناغی سیێەم: پلانی ستراتیژی، کە بەم چەمک و فۆرمەی ئێستایەوە لە حەفتاکاندا جێگەی خۆی گرت.

٤-قۆناغی چوارەم: قۆناغی تەواوکارییە لەنێوان بەڕێوەبردنی ستراتیژیانە و پلانی ستراتیژی، کە ئەم قۆناغە بە چەند تایبەتمەندییەک دەناسرێتەوە:

– پشتبەستن بە بیرکردنەوەی ستراتیژی لە ئاستە کارگێڕییەکاندا و بەتایبەت ئاستە باڵاکان.

– سەروەریی پڕۆسەی پلانی دۆزەرەوە و قووڵ و نەرم و داهێنەرانە.

– بوونی ڕۆحیەتی گرووپی لە کاردا و پشتیوانیکردنی یەک لەنێو تیمێکدا (Team work)، هەروەها هەبوونی پەیوەندیی کراوە بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری لە ئاستە کارگێڕییە جیاوازەکاندا لە لایەک و خاوەن بەرژەوەندییە هاوبەشەکان (Stakeholders) لە لایەکی دیکەوە.

– پلاندانان لەسەر بنەمای هەبووە بەردەستەکان بە جۆرێک کە شایستەی جێبەجێکردن بێت، واتە پلانێکی کاریگەر و چالاک بێت (Action Planning).

* بۆ زانیاریی زیاتر لە بارەی وشەی ستراتیژییەوە، بڕوانە: گۆڤاری ئایندەناسی، ژمارە چوار، تشرینی دووەمی٢٠٢٠.

بۆ ھیچ کەس، دەزگا و لایەنێک نییە، بەبێ ئاماژەدان بە ناوی گۆڤاری ئایندەناسی، ژمارە و رۆژی دەرچوونی ئەم بابەتە بڵاوبکاتەوە.

گۆڤاری ئایندەناسی ژمارە پێنج (5)ی کانوونی دووەمی2021

Send this to a friend