• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
January 18, 2021

ئایا سەدەی ئەمەریکایی کۆتایی هاتووە؟

پوختەی كتێب

(1-2)

ئامادەكردن و وەرگێڕان: زانا كەریم

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە  (5‌)ی کانوونی دووەمی 2021ی گۆڤاری ئایندەناسی

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

ناونیشانی کتێب: ئایا سەدەی ئەمەریکایی کۆتایی هاتووە؟

نووسەر: جۆزێف ئێس. نای، کوڕ

بڵاوکار: Polity Press

ساڵی بڵاوکردنەوە: 2015

ژمارەی لاپەڕە: 154

_____________

بەرایی

   “جۆزێف س. نای، کوڕ”؛ مامۆستا لە زانکۆی هارڤارد و خاوەنی بیردۆزی نەرمەهێز (soft power)، یەکێک لەو بیریارە ئەمەریکاییانەی بواری سیاسەتی نێودەوڵەتییە کە داکۆکی لە سەردەمی ئەمەریکایی دەکات. بەخۆپارێزییەوە گریمانەی بەردەوامبوونی دەکات و پێی وایە لە ئایندەیەکی نزیکدا پێشبینیی ئاوابوونی ناکرێت. دوای تێپەڕبوونی نزیکەی سێ دەیە بەسەر کتێبی “Bound to Lead: The Changing Nature of American Power” کە تێیدا جۆزێف نای، لەگەڵ داڕمانی یەکێتیی سۆڤیەتدا پێداگری لەسەر مانەوەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا وەک هێزێکی زاڵی جیهانی لە چەند دەیەی داهاتوودا دەکات، جارێکی تر و لە کتێبی “Is American Century Over?”دا پێداگری لەسەر ئەو دەرەنجامە دەکاتەوە و لە میانەیدا هەوڵ دەدات وەڵامی دوو پرسیاری سەرەکی بداتەوە: ئایا هێزی ئەمەریکایی لە پاشەکشێدایە؟ وە ئایا هێزی چینی لە ماوەی چەند دەیەی داهاتوودا، هێزی ئەمەریکایی تێدەپەڕێنێ[1]؟

   ئەم کتێبە لەو گریمانەیەوە دەست پێ دەکات کە وا: هێزی ئەمەریکایی؛ هێزێکی فرە ڕەهەندە و هێزە ئاڵەنگارەکان، ئەوانەی ئەگەری دانەدواوەی هێزی ئەمەریکا و کۆتاییپێهێنانی سەدەی ئەمریکاییان هەیە، هێزی تاک ڕەهەندن. کتێبی “ئایا سەدەی ئەمەریکایی کۆتایی هاتووە؟”، تەنها لە ساڵی 2015دا کە ساڵی هاتنەدەرەوەی کتێبەکەیە؛ چواردە جار، لە ساڵی 2016دا دوو جار، لە ساڵی 2017شدا دوو جار چاپ کراوەتەوە. “نای” لەم کتێبەدا پوختەی بۆچوونەکانی لە بارەی پاشەڕۆژی سەدەی ئەمەریکاییەوە، کە زیاتر لە سێ دەیەیە داکۆکیی لێ دەکات، دەخاتە ڕوو، هەروەها بەرپەرچی ئەو بۆچوونانە دەداتەوە کە باس لە ئاوابوون و کۆتاییهاتنی سەدەی ئەمەریکایی دەکەن. سەرەڕای ئەم گرنگییەش، هۆکارێکی تر کە وای لە ئێمە کرد ئاوڕ لەم کتێبە بدەینەوە و وردەکارانە بۆ خوێنەری کوردی ڕابنێین، گرنگیی سەدەی ئەمەریکایی و باندۆرەکانیەتی لەسەر پرسی کورد و چارەنووسی ئەم پرسە لە داهاتوودا.

   ئەوەی لەم ڕانانەدا دەمانەوێت بەئامانجی بگرین، خستنەڕووی دید و تێڕوانینەکانی جۆزێف نای و ڕانانێکی وردەکارانەی کتێبەکەیەتی، بەڵام پەیوەست بە ڕانانەکەمان سەرەتا پێویستە ئاماژە بە چەند خاڵێک بکەین:

یەک: ئەوەی لێرەدا دەیخەینە ڕوو، زیاتر پوختەکردنەوە و ڕانانێکی وردەکارانەی کتێبەکەیە نەک تەنها خوێندنەوە (review)ی کتێبەکە.

دوو: ڕێکەوتی بڵاوبوونەوەی کتێبەکە ساڵی (2015)یە و داتا و ئامارەکان هیی ئەو مێژووە و پێشترە، بۆیە ڕەنگە لەو کاتەوە تا ئێستا هەندێکیان گۆڕانکارییان بەسەردا هاتبێت.

سێ: سەرچاوەی ڕانانەکەمان؛ چاپی ئینگلیزیی کتێبەکەیە، بەڵام بەراوردی دەقە ئینگلیزییەکە و وەرگێڕانە عەرەبییەکەشمان کردووە و سوودمان لێ بینیوە[2].

کتێبەکە لە 154 لاپەڕەی قەبارە مامناوەند پێک هاتووە، بەسەر ‌‌حەوت بەشدا دابەش کراوە، لە بەشی حەوتهەمدا دەرەنجامەکان خراونەتە ڕوو. ئێمەش لە حەوت خاڵدا، واتە هەر بەشێک لە خاڵێکدا، ڕادەنێین.

  1. لەدایکبوونی سەدەی ئەمەریکایی

   لە سەرەتاوە دەبێت سەرەتای دەستپێکی سەدەی ئەمەریکایی دەستنیشان بکرێت و پرسیار بکرێت: کەی سەدەی ئەمەریکایی دەستی پێ کرد؟ دەکرێت سێ ڕێکەوت وەک نیشاندەری دەستپێک و سەرەتای لەدایکبوونی سەدەی ئەمەریکایی دەستنیشان بکرێت: نیشاندەری یەکەمیان؛ سەرچاوەکانی هێز، کە لێرەدا هێزی ئابوورییە، دەکاتە پێوەری دەستنیشانکردنی سەرەتاکانی دەرکەوتنی سەدەی ئەمەریکایی و بەم پێیە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە، کاتێک وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەبێتە گەورەترین هێزی پیشەسازیی جیهان، دەستپێکی سەدەی ئەمەریکاییە. بەڵام گرفتی ئەم دەستنیشانکردنە ئەوەیە کە تەنها یەک ڕەهەندی هێزی تێدا ڕەچاو کراوە، کە ڕەهەندی ئابووری هێزە و ئەمەش دەستنیشانکردنێکی ورد نییە، بۆ نموونە لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەمدا کاتێک وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا گەورەترین هێزی ئابووریی جیهان بوو، کەچی وەک یاریکەرێکی گەورەی تەرازووی هێزی جیهانی ئامادەگیی نەبوو.

   نیشاندەرێکی تر بۆ دەستنیشانکردنی ڕێکەوتی لەدایکبوونی سەدەی ئەمەریکایی، دەکرێت نیشاندەری “خستنەگەڕی سەرچاوەکانی هێز” بێت[3] لە تەرازووی هێزی جیهانیدا. ئەگەر خستنەگەڕی سەرچاوەکانی هێز و تەڤڵیهەڤبوونی سیاسەتی جیهانی وەک دەستنیشانکەری سەرەتای لەدایکبوونی سەدەی ئەمەریکایی دابنێین، ئەوا دەکرێت سەرەتاکانی سەدەی ئەمەریکایی بگەڕێنینەوە بۆ ئەو کاتەی “تیۆدۆر ڕۆزڤێڵت” کەشتیگەلی ئەمەریکایی بنیاد نا و تێکەڵی دیپلۆماسیی جیهانی بوو، هەروەها وەرچەرخانی گەورەش لەم ڕووەوە بەشداریکردنی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بوو لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا. بەم پێیە و هەروەک مایکڵ لێند (Michel Lend) گفتوگۆی دەکات، ساڵی 1914 ساڵی دەستپێکردنی سەدەی ئەمەریکاییە. بەڵام بە هۆی ئەوەی لە دەیەی سێهەمی سەدەی بیستدا جارێکی تر وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا چووەوە ناو قۆزاخەی گۆشەگیری، دەکرێت بڕیاری بەشداریکردنی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە جەنگی دووهەمی جیهانیدا وەک سەرەتایەکی دروستتری مێژووی لەدایکبوونی سەدەی ئەمەریکایی دابنێین. لەم بەستێنەدا هێنری لویس (Henry Luce) کوڕی یەکێک لە باوکانی موژدەدەر لە ساڵی 1941 و لە گۆڤاری لایف (LIFE)دا سەروتارە بەناوبانگەکەی نووسی لە بارەی “سەدەی ئەمەریکایی”ەوە.

   سێهەمین ڕێکەوت کە دەکرێت وەک دەستپێکی لەدایکبوونی سەدەی ئەمەریکایی دەستنیشان بکرێت، لەبەر یەکهەڵوەشانی یەکێتیی سۆڤیەتە لە ساڵی 1991دا. بەلای هەندێکەوە بە لەبەریەکهەڵوەشانی یەکێتیی سۆڤیەت، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەبێتە تاقە دەوڵەت کە بتوانێت لەسەر ئاستی جیهان نمایشی هێزی سەربازی بکات. لەم سەردەمەدا قەبارەی کەشتیگەلی ئەمەریکایی یەکسان دەبێت بە قەبارەی کەشتیگەلی حەڤدە دەوڵەتی یەک بەدوای یەکی دوای خۆی، هێزی هەوایی ئەمەریکایی دەبێتە پێشەنگ، ئەمەریکا جڵەوی سەرکردایەتیی بۆشایی ئاسمانی دەگرێتە دەست، هەروەها بودجەی سەربازیی ئەمەریکا بەنزیکەیی دەبێت بە نیوەی کۆی هەموو بودجەی سەربازی جیهانی.

   لە مێژوودا وڵاتێک نییە لە ڕووی سەربازییەوە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای تێپەڕاندبێت، هەندێک شرۆڤەکار ئەم پێشەنگییە بە “هەژموون” ناوزەد دەکەن، بەڵام هەژموون دەستەواژەیەکی هێندە ورد نییە تاکوو لە دیاریکردنی سەرەتای لەدایکبوونی سەدەی ئەمەریکاییدا کۆمەککار بێت. دەستەواژەی هەژموون دەستەواژەیەکی لێڵ و ئاڵۆزکاوە و ناتوانین مێژووی دەستپێکردن و کۆتاییهاتنی دیاری بکەین. بە هۆی ئەو لێڵییەوە کە دەستەواژەی هەژموونی تەنیوە، دەکرێت پێشەنگی لە سەرچاوەکانی هێزی ئابووریدا و بوون بە گەمەکەرێکی تەوەرەیی لە تەرازوی هێزی جیهانیدا، وەک سەرەتا و دەستپێکی لەدایکبوونی سەردەمی ئەمەریکایی دابنێین. بەم پێیە ساڵی 1941، ساڵی لەدایکبوونی سەدەی ئەمەریکاییە و کۆتاییهاتنی سەدەکەش لە ئاسۆوە دیار نییە.

  1. داکشان (پووکانەوە)ی ئەمەریکا؟

   هەڵەیە و دژی تێگەیشتنی گشتی (common sense) و ڕاستییەکانی مێژووە گەر بڕوامان وا بێت وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ هەتاهەتایە پشکی شێری لە هێزی جیهانیدا دەبێت. بەڵام دەکرێت بپرسین: ئەی کەواتە سووڕی ژیانی وڵاتێک چییە؟ کاتێک لە بارودۆخی کەسێک یان مرۆڤێک ورد دەبیتەوە، دەتوانیت بڕیار بدەیت ئایا ڕوو لە داکشانە یاخود نا، بەڵام بارودۆخی نەتەوەکان لەوە سەختترە بکرێت كە بەئاسانی پێوانە بکرێت. لە لایەکی تریشەوە ئاسۆکانی کات لە حاڵەتی نەتەوەدا زۆر دوورودرێژترە، بۆ نموونە ئیمپڕاتۆریای ڕۆما لە ساڵی 117ی زاینیدا گەیشتە ترۆپک، کەچی ئیمپڕاتۆریای ڕۆمای ڕۆژئاوا دوای سێ سەدە و نیو لەو ڕێکەوتە لەبەریەک هەڵوەشا، ئیمپڕاتۆریای ڕۆمای ڕۆژهەڵاتیش تا ساڵی 1453ی زایینی درێژەی کێشا.

   سەرەڕای ئەم سەختی و گیروگازانەش، هەندێک شرۆڤەکار و مێژوونووس هەوڵیان داوە چەند شێوازێک لە سووڕی ژیانی وڵاتانی زلهێز لە ماوەی سەدەیەکدا دەستنیشان بکەن. لە ساڵی 1919دا، “هاڵفۆرد ماکیندەر”ی بەریتانیای و شارەزای بواری جیۆستراتیجیا مشتومڕی لەسەر ئەم بابەتە کرد، کە وا گەشەی ناهاوسەنگی نێوان نەتەوەکان هەر سەد ساڵ جارێک دەبێتە هۆی بەرپاکردنی جەنگێکی جیهانی. هەروەها زانای بواری زانستی ڕامیاری؛ “جۆرج مۆدێلسکی”، سووڕێکی سەد ساڵی بۆ گۆڕانکاری لە سەرکردایەتیی جیهاندا پێشنیاز کردووە، سووڕەکە بە جەنگێکی گەورە دەست پێ دەکات، هێزی سەرکەوتوو ڕەوایەتیی پەیماننامەکانی دوای جەنگ بەدەست دەهێنێت، پاشان ئاڵەنگاری دەکرێت و دەپووکێتەوە. لە لایەکی ترەوە “ئیمانوێڵ واڵێرشتاین” بەم جۆرە وەسفی قۆناغەکانی هەژموونی هۆڵەندا و بەریتانیا و ئەمەریکا دەکات: قۆناغی هەژموونی هۆڵەندایی شانی لەسەر جەنگی سی ساڵە دادا و ساڵی 1650 پووکایەوە، هەژموونی بەریتانیایی بە جەنگە ناپلیۆنییەکان لە سەرەتای سەدەی نۆزدەدا دەستی پێ کرد و لە کۆتایی سەدەکەدا دەستی بە پووکانەوە کرد، هەژموونی ئەمەریکایی لەگەڵ جەنگە جیهانییەکانی سەدەی بیستدا دەستی پێ کرد و لە ساڵی 1967دا دەستی بە پووکانەوە کرد.

   هەر یەکێک لەو پڕۆژانە کە باس لە سووڕی ژیانی زلهێزەکان دەکەن، جەنگە جیهانییەکانیان وەک مێژووی دەستپێکی سەدەی ئەمەریکایی داناوە، بەڵام هەموویان لە لێکدانەوەی هۆکاری دابەزینی پشکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە بەرهەمی جیهانی (world product)دا لەنێوان ساڵانی (1945-1970) ڕاستییان نەپێکاوە.

   سەبارەت بەم دابەزینەی پشکی ئەمەریکا لە بەرهەمی جیهانیدا، دەکرێت بڵێین: ئەمە گەڕانەوەیە بۆ باری سروشتی نەک پووکانەوە و داکشان. وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەدا بوو بە گەورەترین هێزی پیشەسازی و لە سەرەتاکانی سەدەی بیستیشدا بەنزیکەیی بوو بە خاوەنی چواریەک (چارەک)ی ئابووریی جیهانی و لە ماوەی جەنگی دووهەمی جیهانییشدا ئەم توانایە هەروەک خۆی بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی جەنگەکە هەموو ئابوورییە گەورەکانی وێران کرد و لە هەمان کاتدا ئابووریی ئەمەریکای بەهێز کرد، ڕاستەوخۆ و دوای جەنگەکە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا نوێنەرایەتیی نیوەی ئابووریی جیهانیی کرد. وردە وردە و دوای گەشەکردن و ژیانەوەی هێزەکانی تر لە ڕووی ئابوورییەوە، وەک بەرەنجامی پێشبڕکێ جیهانییەکان پشکی ئەمەریکاش گەڕایەوە شوێنی سروشتیی خۆی کە نزیکەی چارەکی ئابووریی جیهانی بوو، هەر بەم قەبارەیەش مایەوە تا کۆتاییەکانی سەدە. لەبەر ئەوە دەکرێت ئەمە وەک “گەڕانەوە بۆ دۆخی سروشتی” ناودێر بکەین، نەک داکشان و پووکانەوە.

   لای ئەمەریکاییەکان مێژوویەکی درێژی دڵەڕاوکێ لە بارەی داکشان و پووکانەوەیانەوە ئامادەگیی هەیە و دەکرێت چەند نموونەیەک لەم بارەیەوە بهێنینەوە: بۆ نموونە بە ماوەیەکی کورت دوای ئاواکردنی کۆلۆنی کەنداوی ماساچوسیتس لە سەدەی حەڤدەدا، هەندێک لە پیوریتانییەکان جاڕی پووکانەوەی پێشوەختەی نیکی (virtue)یان دا، لە سەدەی هەژدەدا باوکانی دامەزرێنەر سێرەیان لەسەر مێژووی ڕۆما گرتبووەوە و دڵەڕاوکێی خۆیان لە بارەی پووکانەوەی کۆمارە نوێیەکەی ئەمەریکاوە نەشاردەوە، لە سەدەی نۆزدەدا “چارلس دیکنز” تێبینی کردبوو کە ئەگەر گوێ لە هاوڵاتییەکانی ئەمەریکا بگریت، هەمیشە ئەمەریکا غەمۆک و ڕاوەستاوە و هەمیشە لە قەیرانێکی چاوەڕوانکراودایە، لە کاتێکدا هەرگیز وا نەبووە. هەروەها “سامۆیل هانتینگتۆن” پێنج قۆناغی داکشانی ئەمەریکا لە نیوەی دووهەمی سەدەی بیستدا دیاری دەکات: دوای هەڵدانی یەکەمین مانگی دەستکرد لەلایەن یەکێتیی سۆڤیەتەوە ساڵی 1957، دوای ڕاگەیاندنی فرەجەمسەری لەلایەن سەرۆک نیکسۆنەوە لە کۆتایی شەستەکاندا، دوای قەدەغەی (embargo) نەوتی عەرەبی ساڵی 1973، دوای فراوانخوازیی یەکێتیی سۆڤیەت لە کۆتایی حەفتاکاندا، دوای ڕاگەیاندنی کورتهێنانی دارایی و بازرگانی لەلایەن سەرۆک ڕۆناڵد ڕیگانەوە لە کۆتایی هەشتاکاندا. هەروەک لە سەدەی بیست و یەکیشدا پێویستە داکشانی ماوەی دوای قەیرانی دارایی ساڵی 2008 سەربار بکەین.

   ئەم ئەڵقانەی زنجیرەی داکشان، زیاتر لەوەی شرۆڤەی جیۆسیاسی بن، گوزارشتن لە سایکۆلۆجیای گەلی (popular psychology)، بەڵام لە هەمان کاتیشدا پێمان دەڵێت چۆن بیرۆکەی داکشان بەر دەمارێکی هەستیار لە سیاسەتی ئەمەریکاییدا دەکەوێت.

   پێش ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە کە ناونیشانی ئەم بەشەی خەمڵاندووە (ئایا وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەپووکێتەوە؟)، گرنگە تێبینیی ئەوە بکەین کە وشەی پووکانەوە یاخود داکشان وشەیەکی ناڕۆشنە و دوو تێگەیشتنی تەواو جیاواز لە هەناوی خۆیدا کۆ دەکاتەوە:

یەک: داکشانی ڕێژەییانەی هێزی دەرەکی

دوو: داڕمان و لەبەریەکهەڵوەشانی ناوەکی

پووکانەوەی یەکەمیان پووکانەوەیەکی ڕێژەییە، بەڵام دووهەمیان پووکانەوەیەکی ڕەهایە. لێرە بەدواوە و لە بەشەکانی تردا دەچینە سەر باسکردن لە “پووکانەوەی ڕێژەیی” و “پووکانەوەی ڕەها” و ئەو هێز و هۆکارانە شەنوکەو دەکەین کە دەبنە ئاڵەنگاری و هۆکاری پووکانەوەی دەرەکی (ڕێژەیی) و ناوەکی (ڕەها). سەبارەت بەو هێزانەی کە ئاڵەنگارین و دەبنە هۆکاری پووکانەوەی ڕێژەیی، واتە ئەگەری ئەوەیان هەیە کۆتایی بە سەدەی ئەمەریکایی بهێنن، بریتین لە: ئەورووپا، ژاپۆن، ڕووسیا، هیندستان، بەڕازیل و چین. لە بڕگەی داهاتوودا باس لە ئاڵەنگاریی هەموو هێزەکان دەکەین جگە لە چین. چین لەبەر ئەوەی پاڵێوراوی یەکەمە بۆ وازیکردنی ڕۆڵی کۆتاییهێنان بە سەدەی ئەمەریکایی، لە بەشێکی سەربەخۆدا گەنگەشەی دەکەین. لە بارەی پووکانەوەی ڕەهایشەوە، باس لەو هۆکارە ناوخۆییانە دەکەین کە هۆکاری پووکانەوەی ڕەهان و بریتین لە: کۆمەڵگا و فەرهەنگ، ئابووری، دامەزراوە سیاسییەکان.

  1. هێزە ئاڵەنگارەکان و داکشان (پووکانەوە)ی ڕێژەیی

   مەبەست لە هێزە ئاڵەنگارەکان (challengers)، ئەو هێزانەن کە ئەگەری ئەوەیان هەیە بە هۆی بەهێزبوون و هەڵکشانیانەوە کۆتایی بە باڵادەستی و سەدەی ئەمەریکایی بهێنن، چونکە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا تەنانەت ئەگەر لە پووکانەوەیەکی ڕەهاشدا نەبێت، ئەوا دەشێت سەدەی ئەمەریکایی تەنها بە هەڵکشانی هێزەکانی تر کۆتایی پێ بێت. ڕەنگە هیچ هێزێک بەتەنها نەتوانێت وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بداتە دواوە، بەڵام هاوپەیمانیی نێوان چەند دەوڵەتێکی تر ڕەنگە کۆتایی بە باڵادەستیی ئەمەریکایی بهێنێت و توانای بەسەر پاراستنی نەزمی نێودەوڵەتیدا کۆتایی پێ بهێنێت. ئایا چ هێز و دەوڵەتێک پاڵێوراوە بۆ گێڕانی وەها ڕۆڵێک؟ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێتە تەوەرەی ئەم بەشە و بەشی داهاتووی کتێبەکەی جۆزێف نای.

  • ئەورووپا

  ئەورووپا کاتێک وەک یەک قەوارە هەڵسوکەوت دەکات، ئەوا گەورەترین ئابووریی جیهانە. کۆی بەرهەمی ناوخۆیی یاخود تێکڕای (اجمالي) بەرهەمی خۆجێیی (gross domestic product)ی یەکێتیی ئەورووپا، کەمێک لە کۆی بەرهەمی ناوخۆیی ئەمەریکا زیاترە… هەر چەندە داهاتی تاکەکەس (per capita income)ی ئەمەریکایی لە داهاتی تاکەکەسیی یەکێتیی ئەوروپا بەرزترە، بەڵام بە هەژمارکردنی سەرمایەی مرۆیی و تەکنەلۆجیا و هەناردەکردن، ئەورووپا هاوشان و کێبەرکێکارێکی گەورەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە.

   پەیوەست بە سەرچاوەی سەربازی، ئەورووپا نیوەی ئەو بڕە خەرج دەکات کە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە بواری بەرگریدا خەرجی دەکات، بەڵام سەربازی چەکدار(men under arms)ی زیاترە.

   لە بواری نەرمەهێزدا، فەرهەنگە ئەورووپاییەکان لە جیهاندا سەرنجڕاكێشن و هەستی ئەورووپایەکی یەکگرتووش سەرنجڕاکێشییەکی زۆر بە یەکێتیی ئەورووپا دەبەخشێت لای دراوسێکانی.

   ئەورووپاییەکان ڕۆڵێکی ناوەندی لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکاندا دەگێڕن. پرسیاری سەرەکیی پەیوەست بە هەڵسەنگاندنی هێزی سەرچاوە ئەورووپاییەکان ئەوەیە کە: ئایا یەکێتیی ئەورووپا بایی ئەوەندە یەکگرتوویی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی پەرە پێ دەدات تاکوو وەکوو یەک قەوارە و لەسەر ئاستێکی فراوان لە پرسە نێودەوڵەتییەکاندا هەڵسوکەوت بکات، یان وەک کۆمەڵە دەوڵەتێکی خاوەن نەتەوە و فەرهەنگی سیاسی و سیاسەتی دەرەکیی جیاواز دەمێنێتەوە؟

   توانای ئەورووپا لە بەگەڕخستنی سەرچاوەکانیدا سنووردارە و لە پرسێک بۆ پرسێکی تر دەگۆڕێت. لە هەمان کاتدا ئەورووپا ڕووبەڕووی سنوورداریی گرنگ دەبێتەوە لەسەر ئاستی یەکێتییەکەی.

هەر چەندە ئەورووپا بەبەردەوامی دەگۆڕێت، بەڵام ئەگەری نییە ئەمەریکا تێپەڕێنێت. لە لایەکی ترەوە ئەورووپا ڕووبەڕووی گرفتی دیمۆگرافیی ترسناک دەبێتەوە لەسەر ئاستی ڕێژەی لەدایکبوون و وەرگرتنی سیاسییانەی کۆچبەران.

   پەیوەست بە خەرجیی سەربازیی ئەورووپا بە ڕێژەی 15٪ی کۆی خەرجیی جیهانی، بە پلەی دووهەم دێت لەدوای وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بەڵام ژمارەکە سەرلێشێوێنەرە، چونکە ئەورووپا پێویستی بە تەواوکاریی سەربازی هەیە (military integration). پەیوەست بە هێزی ئابووری، ئەورووپا گەورەترین بازاڕی هەیە و 17٪ی بازرگانیی جیهانی دەنوێنێت، بەراورد بە 12٪ی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. ئەورووپا نیوەی هاوکارییە جیهانییە بیانییەکان دابەش دەکات، بەراورد بە 20٪ی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بەڵام ئەمە نفووزێکی گەورەی بەرهەم نەهێناوە، بەتایبەت لە ناوچەیەکی وەک ئاسیا. پەیوەست بە نەرمەهێز، ئەورووپا خاوەنی 27 زانکۆیە لە کۆی 100 زانکۆی لوتکە، بەراورد بە 52 زانکۆ کە ئەمەریکا خاوەنیەتی. وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا (2.7٪) لە کۆی داهاتی نەتەوەیی بۆ گەشەپێدان و توێژینەوە خەرج دەکات، ئەمەش دوو بەرابەری خەرجییەکانی ئەورووپایە لەم بوارەدا. لە کاتێکدا پیشەسازیی فەرهەنگی ئەوروپایی کاریگەرە، بەڵام قەبارەکەی لە قەبارەی پیشەسازیی فەرهەنگی ئەمەریکایی بچووکترە، بۆ نموونە بەپێی ڕووپێوییەکی ڕێکخراوی یونسکۆ لەساڵی 2009، لە کۆی 20 فیلمی بەرهەمهێنراو، 14 لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بووە.

   دەرەنجام: شیمانەی ئەوەی کە ئەورووپای یەکگرتوو بەهێزتر بێت لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ئەم بەهێزییەش هۆکارێک بێت بۆ کۆتاییهێنان بە سەدەی ئەمەریکایی، شیمانەیەکی زۆر لاوازە.

  • ژاپۆن

   سێ دەیە لەمەوپێش دوای ئەوەی داهاتی تاکی ژاپۆنی؛ داهاتی تاکی ئەمەریکایی تێپەڕاند، زۆرێک لە ئەمەریکاییەکان لەوە دەترسان کە وا هێزێکی تر پێشیان بکەوێت و بیانداتە دواوە. توێژەرانێک پێشبینیی دروستبوونی بارستەیەکی پاسیفیکی دەکەن کە ژاپۆن سەرکردایەتیی دەکات و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دوور دەخاتەوە، تەنانەت پێشبینیی ئەگەری جەنگ لەنێوان ژاپۆن و ئەمەریکادا دەکەن. هەندێک شرۆڤەکار پێشبینیی ئەوە دەکەن کە وا ژاپۆن دەبێتە گەورەترین هێزی ناوکی. نموونەی ئەم باری سەرنجانە، دەرەنجامی خوێندنەوەی تۆماری سەرنجڕاکێشەرانەی ئابووریی ژاپۆنین، بەڵام ئەم سەرنجانە لەمڕۆدا بەسادەیی ئەو ترسەمان بیر دەخاتەوە کە بەرەنجامی چەسپاندن یاخود هەڵسانگاندنێکی ئاسۆیی (linear projections) تێکڕایی گەشەیەکی خێرای ئابوورییە.

   دواتر و بۆ ماوەی دوو دەیە ئابووریی ژاپۆن گرفتاری گەشەی هێواش و لەسەرخۆ بووەوە و لە ساڵی 2010دا قەباری گشتیی (total size) ئابووریی چین، بە دۆلار قەبارەی گشتیی ئابووریی ژاپۆنی تێپەڕاند. بەڵام سەرەڕای ئەمانەش، هێشتا ژاپۆن خاوەنی سەرچاوەکانی هێزێکی کاریگەرە. ژاپۆن خاوەنی سێهەم گەورەترین ئابووریی جیهانی و پیشەسازییەکی زۆر پێشکەوتوو و نوێگەرانەترین سوپای ئاسیایە.

   ژاپۆن ڕووبەڕووی کێشەی دیمۆگرافیی زۆر توند دەبێتەوە و چاوەڕوان دەکرێت ژمارەی دانیشتووان لە 127 ملیۆن کەسەوە لەمڕۆدا دابەزێت بۆ 100 ملیۆن کەس لە ساڵی 2050دا و لە لایەکی ترەوە فەرهەنگی ژاپۆنیش کۆچبەر قبووڵ ناکات. بەڵام ژاپۆن خاوەنی ئاستێکی باڵای داهات و هێزێکی کاری زۆر شارەزا و کۆمەڵگایەکی سەقامگیر و ئاووهەوایەکی خاوێن و سازگاری ڕێژەییە، هەروەها لە چەند بوارێکی تەکنەلۆجیادا پێشەنگە و خاوەنی لێهاتوویی بەرهەمهێنانە. سەرباری ئەمانەش، فەرهەنگی ژاپۆن چ کلاسیکی و چ میللی، هەروەها هاوکارییە دەرەکییەکانی و پشتیوانییەکانی بۆ دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، سەرچاوەیەکی نەرمەهێزن بۆ ژاپۆن.

   ژاپۆن، وەک لە کۆتایی سەدەی بیستدا پێشبینی دەکرا، ئەگەری نییە ببێتە هێزێکی ئاڵەنگاریی جیهانی بۆ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، نە لە ڕووی سەربازییەوە، نە لە ڕووی ئابوورییەوە. بچووکیی ڕووبەری جوگرافیاکەی لەچاو وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا، هەروەها ئەو پشتوێنە (النطاق- scale) جوگرافی و دانیشتووانییەی نییە کە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا خاوەنیەتی. سەرکەوتنی لە بواری نوێبوونەوە و دیموکراسیدا، ژاپۆنی کردووە بە خاوەنی هەندێک نەرمەهێز، بەڵام ئاڕاستە ڕەگەزپەرستانەکان ئەم نەرمەهێزەیان سنووردار کردووە. کەسانێک باس لە خۆپڕچەککردنی ژاپۆن دەکەن بە چەکی ناوکی، لە بارێکدا ئەگەر وڵاتە یەکگرتووەکان هاوپەیمانێتییەکەی لەگەڵ ژاپۆن هەڵوەشێنێتەوە. دەشێت ئەو هەستکردنەی ژاپۆن بە نائاسایش، بیگەیەنێتە ئەو بڕوایەی کە پێویستە بڕیاری پەرەپێدانی چەکی ناوکیی تایبەت بە خۆی بدات، بەڵام تەنانەت ئەگەر ئەمەش ڕوو بدات، هێشتا زۆری دەمێنێت کە ببێتە ئاڵەنگارێکی کێبەرکێکاری وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.

   وەک جێداری ئەمانە، ئەگەر ژاپۆن لەگەڵ چیندا هاوپەیمانێتی پێک بهێنێت، ئەوا کۆی سەرچاوەکانی هێزی هەردوو لا هاوپەیمانێتییەکی بەهێز دروست دەکات، بەڵام بە هۆی ناکۆکیی هەرێمی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای چینی و برینی دەیەی سییەکانی سەدەی بیست کە هێشتا ساڕێژ نەبووە، هاوپەیمانێتییەکی لەم جۆرە ئەگەرێکی لاوازە. هەروەها سەبارەت بە پلەوپایەی گونجاوی ژاپۆن لە جیهاندا، هەر یەکە لە چین و ژاپۆن خاوەنی دید و تێڕوانینی ناکۆکن، بۆ نموونە چین ڕێگریی لە هەوڵەکانی ژاپۆن کرد بۆ بەدەستهێنانی کورسیی ئەندامێتیی هەمیشەیی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، هەروەها چین دەیەوێت ژاپۆن کۆتوبەند بکات و ژاپۆنیش تووڕەبوونی خۆی لەو کۆتوبەندانە نەشاردووەتەوە. بە ئەگەرێکی دوور، ڕەنگە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ناوچەی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بکشێتەوە و ژاپۆن ڕەگەڵ چین بکەوێت، بەڵام بە هۆی دڵەڕاوکێی ژاپۆن لە هەڵکشانی هێزی چین، ئەوا بەردەوامیی هاوپەیمانێتییەکەی لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا دەرەنجامێکە زۆرترین ئەگەری هەیە. لەژێر ڕۆشنایی سەرچاوەکانی هێزی کلاسیکیدا، ئەگەری زۆر ئەوەیە ژاپۆن پشتیوانیی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بخوازێت لە پێناو پاراستنی سەربەخۆیی خۆیدا لەهەمبەر چین، ئەمەش هەڵوێستی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەهێز دەکات.

ئەنجام: هاوپەیمانێتییەک لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، ڕێگایەکی قبوڵکراو نییە بۆ کۆتاییهێنان بە سەدەی ئەمەریکایی.

  • ڕووسیا

   بە داڕمانی یەکێتیی سۆڤیەت، ڕووسیا بوو بە خاوەنی نیوەی دانیشتووان و نیوەی ئابووریی یەکێتیی سۆڤێت و نەرمەهێزی ئایدۆلۆجیای کۆمۆنیزمیش بەنزیکەیی کۆتایی پێ هات، لە هەمان کاتدا ڕووسیا بوو بە خاوەنی جبەخانەیەکی ناوکی (nuclear)ی فراوان، تەنانەت فراوانتر لەوەیش کە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا خاوەنیەتی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نەخشی ڕووسیا لە تابلۆی هێزی جیهانیدا دای لە کزی و لە ڕووی هەرێمییشەوە تەنها دژی دراوسێ لاوازەکانی دەتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر هێز بەکار بهێنێت، بۆ نموونە دژی جۆرجیا ساڵی 2008 و ئۆکرانیا ساڵی 2014. لە ڕووی سەرچاوەی ئابوورییەوە، کۆی بەرهەمی ڕووسیا کە دەگاتە دوو تریلیۆن و نیو دۆلار، حەوتیەک (1/7)ی کۆی بەرهەمی ئەمەریکایە و ناوەندی داهاتی تاک (per capita income) (بە پێوەری توانای کڕین) نزیکەی سێیەک (1/3) داهاتی تاکی ئەمەریکاییە. ئابووریی ڕووسیا بە شێوەیەکی فراوان پشت بە وزە دەبەستێت و نەوت و غاز سێیەکی هەناردەی ڕووسیا و نیوەی داهاتی دەوڵەت و 20٪ی کۆی داهاتی نەتەوەیی پێک دەهێنێت. هەناردەی تەکنەلۆجیای جیهانی، 7٪ی هەناردەی ڕووسیا پێک دەهێنێت. بەپێی خەمڵاندنە ناوەند مەوداکانی پسپۆڕانی بواری دانیشتووانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، دانیشتووانی ڕووسیا لەوانەیە لە 140 ملیۆن کەسەوە کەم ببێتەوە بۆ 121 ملیۆن کەس لە ناوەڕاستی سەدەی بیست و یەکدا. وێڕای سەرنجڕاکێشیی فەرهەنگی کلاسیکیی ڕووسیایی، بە هۆی سیاسەتەکانی ڕووسیاوە لەهەمبەر دراوسێکانی و سێرەگرتنی لەسەر نەتەوەگەریی ڕووسیایی، ئەم سەرچاوەیە لە بواری نەرمەهێزدا کەمتینە و ژمارەیەکی کەم بیانی سەیری فیلمی ڕووسیایی دەکەن و تەنها یەک زانکۆی ڕووسیاییش لەنێو 100 زانکۆ لوتکەکەی جیهاندایە.

   چەندین شیمانە ئەگەری ڕوودانی هەیە، بەڵام لەم خاڵەدا گڵۆڵەی هێزی ڕووسیایی ڕوو لە لێژییە، ئابوورییەکی خاوەن یەک سەرچاوە و کۆمەڵێک دامەزراوەی گەندەڵ، گرفتی دیمۆگرافی و تەندروستی کە ناتوانرێت بەسەریاندا زاڵ بێت. بەڵام بە هۆی ئەوەی ڕووسیا لە هەندێک بوای وەک پیشەسازیی سەربازیدا خاوەنی سەرچاوەیەکی مرۆیی بەهرەدارە، بۆیە  ئەم ڕوو لە لێژییە نابێت زیادەڕەویی تێدا بکرێت و هەندێک شرۆڤەکار بڕوایان وایە ڕووسیا لە ڕێگەی چاکسازی و نوێکردنەوەوە دەتوانێت بەسەر ئەم گرفتانەدا زاڵ ببێت.

   ڕووسیا بە هۆی ئەو هێزە ناوکییەی کە بۆی ماوەتەوە، هەبوونی نەوت و غاز، شارەزایی لە تەکنەلۆجیای ئەلیکترۆنی، نزیکیی لە ئەورووپاوە و ئەگەری گرێدانی هاوپەیمانێتیی لەگەڵ چین، بایی ئەوەندە خاوەنی سەرچاوەی هێزە سەرئێشە بۆ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دروست بکات. بەڵام ڕووسیا ئەو توانایەی نابێت کە هاوسەنگیی توانای وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بێت و لە کاتی جەنگی سارددا خاوەنی بوو، هەروەها ئەگەری نییە ئاڵەنگاریی ڕووسیایی هۆکارێک بێت بۆ کۆتاییهاتنی سەدەی ئەمەریکایی.

   ئەی دەکرێت هاوپەیمانێتییەکی ڕووسیایی و چینی لە داهاتوودا هۆکاری کۆتاییهاتنی سەدەی ئەمەریکایی بێت؟ بەپێی هاوسەنگیی هێزی کلاسیکی، دەکرێت پێشبینیی وەها هاوپەیمانێتییەک بکرێت لەهەمبەر پێشەنگیی ئەمەریکا لە بواری سەرچاوەکانی هێزدا و پێشینەی مێژووش لەم ڕووەوە هەیە، بۆ نموونە: هاوپەیمانێتیی چین و ڕووسیا دژی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە پەنجاکانی سەدەی بیستدا، لە لایەکی ترەوە ڕووسیا و چین لە ساڵی 1992دا ڕایانگەیاند پەیوەندییەکانیان پەیوەندیی “هاوبەشی بنیادنەرە”، لە ساڵی 1996دا ڕایانگەیاند پەیوەندییەکانیان “هاوبەشی ستراتیجییە” و لە ساڵی (2001)یشدا پەیماننامەی “هاوڕێیەتی و هاوکاری”یان واژۆ کرد و لە ئەنجوومەنی ئاسایشیشدا هاریکاری یەکترن و… هتد.

   سەرەڕای ئەو ڕاستییانەش، چەندین ئاستەنگی ترسناک لەبەردەم هاوپەیمانێتیی ڕووسیا و چیندایە. چین وەک هێزێکی هەڵکشاو زیاتر لە ڕووسیای هەیە، تاکوو لە باری ئارا بەدەستی بهێنێت، لەوانەش: دەروازەی بازرگانی و تەکنەلۆجیای ئەمەریکایی. هەروەها پاشماوەی بێمتمانەییەکی هەمیشەیی لەنێوان ڕووسیا و چیندا هەیە و هەردووکیان کێبەرکێی یەکتری دەکەن لەسەر باڵادەستی لە ئاسیای ناوەڕاستدا. هەروەک ڕەوشی دیمۆگرافی لە ڕۆژهەڵاتی دوور؛ دڵەڕاوکێیەکی لای مۆسکۆ دروست کردووە، چونکە دانیشتووانی سەر سنوور لە بەری ڕووسیاوە؛ 6 ملیۆن کەسە، لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتووانی بەری چین 120 ملیۆن کەسە. هەروەها سەرەولێژبوونەوەی باری ئابووری و سەربازیی ڕووسیا، دڵەڕاوکێی ڕووسیای لەهەمبەر هەڵکشانی هێزی چینی زیاد کردووە.

 ئەنجام: هێشتا ڕووسیا تا ڕادەیەکی زۆر توانای هەڕەشەکردنی لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەیە، چونکە وڵاتێکە مووشەک و کڵاوەی ناوکیی پێویستی هەیە بۆ وێرانکردنی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، هەروەها خاوەنی ڕووبەرێکی جوگرافیی فراوان و دانیشتووانێکی خوێندەوار و زانا و ئەندازیاری کارامە و سەرچاوەی سروشتیی زۆر و زەوەندە. بەڵام ئەگەری ئەوە لەئارادا نییە، ڕووسیا جارێکی تر ببێتەوە خاوەنی سەرچاوەگەلێکی هێز کە هاوسەنگیی هێزی ئەمەریکا بێت، وەک چۆن یەکێتیی سۆڤیەتی جاران پاش جەنگی دووهەمی جیهانی؛ هاوسەنگی هێزی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بوو. هەروەها ئەگەری ئەوە لەئارادا نییە گەڕانەوەی ڕووسیا بۆ دۆخی تەندروستی پێشووی، کۆتایی سەدەی ئەمەریکایی خێراتر بکات.

  • هیندستان

   ژمارەی دانیشتووانی هیندستان دەگاتە 1.2 بلیۆن کەس، ئەمەش چوار ئەوەندەی ژمارەی دانیشتووانی ئەمەریکایە، هەروەها پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2025دا هندستان لە ڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە؛ چین تێبپەڕێنێت. هەندێک لە هیندستانییەکان پێشبینیی جیهانێکی سێ جەمسەری دەکەن لەناوەڕاستی سەدەی بیست و یەکدا، ئەوانیش: وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و چین و هیندستانە. بەڵام دانیشتووان بەتەنها نیشاندەری هێز نییە ئەگەر ئەو سەرچاوە مرۆییە پەرەی پێ نەدرابێت، هیندستان لە ڕووی پێوەرەکانی خوێندەواری و تێکڕایی گەشەی ئابوورییەوە بە شێوەیەکی ترسناک لەدوای چینەوەیە.

   چەندین سەدە هیندستان گرفتاری ئەو کێشەیە بوو کە پێی دەگوترێت “تێکڕایی گەشەی ئابووریی هیندستانی” بە تێکڕای 1٪ بۆ هەر تاکێک، پاش سەربەخۆیی لە ساڵی 1947 هیندستان پەیڕەویی لە نەزمێکی پلان یان ئاڕاستەیەکی ناوخۆیی کرد و سێرەی لەسەر پیشەسازیی قورس گرتەوە. وە دوای چاکسازییەکان کە ڕووی کردە بازاڕ لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا، ڕەوتی گەشەکە گۆڕا و تێکڕاییەکانی گەشە بەرز بووەوە بۆ زیاتر لە 7٪، بەڵام لە ساڵی 2014دا گەشەی هیندستان دابەزی بۆ 5٪.

   هیندستان چینێکی ناوەندی دەرکەوتووی هەیە و خاوەنی 50 بۆ 100 ملیۆن کەسە کە بە زمانی ئینگلیزی دەدوێن. پاڵپشت بەم بنکە مرۆییە، پیشەسازیی زانیاریی هیندستانی دەتوانێت ڕۆڵێکی جیهانی وازی بکات. هەروەها هیندستان بەرنامەیەکی چالاکی لە بواری بۆشایی ئاسماندا هەیە و لە مانگی مارسی ساڵی 2014دا، مانگێکی دەستکردی ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان کرد.

   هیندستان بە 90 بۆ 100 چەکی ناوکی، مووشەکی ناوەند مەودا، 1.3 ملیۆن سەرباز، خەرجییەکی سەربازیی ساڵانە کە نزیکەی 50 بلیۆن یان 3٪ی کۆی گشتیی خەرجیی سەربازیی جیهانییە، خاوەنی سەرچاویەکی گرنگی هێزی سەربازییە. سەبارەت بە نەرمەهێزیش، هیندستان خاوەنی دیمۆکراتییەکی دانپێدانراو، فەرهەنگێکی میللیی کاریگەر و زیندووی کیشوەربڕ، کۆچبەرانێکی خاوەن نفووزە، هەروەها پیشەسازیی سینەمایی هیندستان (بۆلیوود) لە ڕووی بەرهەمهێنانی فیلمەوە ساڵانە گەورەترینە لە جیهاندا و لە هەندێک ناوچەی ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێستاش لە ئەمەریکای لاتینی کێبەرکێی هۆڵیوود دەکات.

   لە هەمان کاتدا هیندستان وڵاتێکی تازەگەشەسەندووە (underdeveloped country) و سەدان ملیۆن هاوڵاتیی هیندستانی لە ڕەوشێکی هەژاری تاقەتپڕووکێندا ژیان دەگوزەرێنن. کۆی داهاتی نەتەوەیی هیندستان، کەمێک لە سێیەک (1/3)ی داهاتی نەتەوەیی چین زیاترە. ئەوەشی مایەی سەرسوڕمانە، لە کاتێکدا 95٪ی دانیشتووانی چین خوێندەوارن، ژمارەکە لە هیندستان تەنها 63٪. هەموو ساڵێک هیندستان دوو هێندەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئەندازیار پێدەگەیەنێت، بەڵام تەنها پێنجیەک (1/5)ی ئەو ئەندازیارانە لە کۆمپانیاکانی ڕاژەی تەکنەلۆجیا کاریان دەست دەکەوێت، ئەویش دوای شەش مانگ ڕاهێنان. لەنێو 100 زانکۆی لوتکەی جیهاندا، هیندستان خاوەنی تەنها یەک زانکۆیە. هەناردەی تەکنەلۆجیای جیهانیی هیندستان، تەنها 5٪ی کۆی هەناردەی هیندستان پێک دەهێنێت، بەراورد بە چین کە 30٪ پێک دەهێنێت.

   ئەگەری ئەوە لەئارادا نییە هیندستان لە نیوەی یەکەمی ئەم سەدەیەدا سەرچاوەکانی هێزی خۆی بە جۆرێک پەرە پێ بدات کە ببێتە ئاڵەنگارێکی جیهانی بۆ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بەڵام بایی ئەوەندە پشکی هەیە کە بکرێت بخرێتە سەر تای تەرازووی هاوپەیمانێتیی چینی-هندستانی و ئاڵەنگاری دروست بکات. لە هەمان کاتدا ئەگەری ئەوەی ئەم هاوپەیمانێتییە ببێتە هاوپەیمانێتییەکی دژ بە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ئەگەرێکی لاوازە. هەروەک گومانێکی هەڵواسراو لە پەیوەندییەکانی چین و ڕووسیادا هەیە، کێبەرکێیەکی توندیش لەنێوان چین و هیندستاندا هەیە. هەر چەندە چین و هیندستان لە ساڵی 1962دا یەکلاکردنەوەی ئاشتییانەی ناکۆکییەکانی سنووریان واژۆ کرد، کەچی جارێکی تر و لە ساڵی 2009دا سنوور بووەوە بە شوێنی ناکۆکیی هەردوو لا.

   هییندستان زیاتر لەوەی ببێتە هاوپەیمانی چین، ئەگەری هەیە ببێتە بەشێک لە کۆمەڵەی ئەو دەوڵەتە ئاسیاییانەی کە ڕوو لەوەن پارسەنگی تەرازووی هێزی چین بکەن و دەستی کردووە بە بەهێزکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ ژاپۆندا.

ئەنجام: ئەگەری ئەوەی ئاڵەنگارییەک لای هیندستانەوە کۆتایی سەدەی ئەمەریکایی خێراتر بکات، لە ئاسۆوە دیار نییە.

  • بەڕازیل

   بەڕازیل ئەندامێکی تری گرنگی کۆمەڵەی بریکس (BRICS group)ە و گەورەترین وڵاتی ئەمەریکای لاتینە، وێڕای ئەوەی لە ڕووی ناوەندی داهاتی تاکەکەسەوە ( per capita income) نەوەد و پێنجهەمین وڵاتە، بەڵام حەوتهەمین گەورە ئابووریی جیهانە. هەر چەندە لەم ساڵانەی دواییدا تێکڕای گەشەی بەڕازیل هێواش بووەتەوە، بەڵام دوای جڵەوکردنی هەڵاوسان و پەیڕەوکردنی چاکسازیییەکانی بازاڕ لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا، بەڕازیل بە تێکڕاییەکی کاریگەر کە 5٪ بوو؛ لە دەیەی دواتردا گەشەی کرد. بە هۆی ڕووبەرێکی فراوان کە نزیکەی سێ هێندەی ڕووبەری هیندستانە، 90٪ی دانیشتووانەکەی (کە 200 ملیۆن کەسە) خوێندەوارە، قەبارەی بەرهەمێکی نەتەوەیی (GDP) کە 2.5 تریلیۆن دۆلارە (کە یەکسانە بە بەرهەمی نەتەوەیی ڕووسیا)، ناوەندی داهاتی تاکەکەس کە 12 هەزار دۆلارە (واتە سێ هێندەی داهاتی تاک لە هیندستان)، بەڕازیل خاوەنی سەرچاوەیەکی هێزی کاریگەرە. هەروەها دۆزینەوەی یەدەکێکی زۆری نەوت لە ساڵی 2007دا، بەڕازیلی کردە وازیکەرێکی گرنگی بواری وزە. بەڵام هێزە سەربازییەکەی زۆر بچووکە و خاوەنی چەکی ناوکیش نییە، لە لایەکی ترەوە گەورەترین وڵاتی کیشوەرەکەی خۆیەتی و لەناو دراوسێکانیدا نەیارێکی کێبەرکێکاری ڕاستەقینەی نییە. لە ڕووی نەرمەهێزەوە، سەرنجڕاکێشیی فەرهەنگە میللییەکەی لە کەرنەڤاڵ و تۆپی پێدا بەنێو نەتەوەکاندا بڵاو بووەتەوە، سیاسەتێکی دەرەکی پیادە دەکات کە وا داڕێژراوە ڕەنگدانەوەی وێنەیەکی ئەرێنی بێت لە ئەمەریکای لاتین و دەرەوەی ئەمەریکای لاتینیشدا.

   لە هەمان کاتدا بەڕازیل ڕووبەڕووی چەند گرفتێکی ترسناک بووەتەوە، وەک: ژێرخانێکی نەگونجاو (inadequate)، سیستمێکی قانوونیی بارگران، ڕێژەیەکی بەرزی تاوان، گرفتی ترسناکی گەندەڵی. لەنێو 175 دەوڵەتدا، بەڕازیل لە پلەی (72)دایە لە پێوەری شەفافیەتی نێودەوڵەتیدا (چین لە پلەی (82)دایە، هیندستان (94)، ڕووسیا (27)). لە کێبەرکێی ئابووریدا، کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی (World Economic Forum) لەنێو 144 دەوڵەتدا، بەڕازیلی لە پلەی (75)دا داناوە (چین لە پلەی (28)دایە، هیندستان (71)، ڕووسیا (53)). بەڕازیل کەمتر لە تێکڕای دەوڵەتەکانی ڕێکخراوی هاریکاریی ئابووریی ئەورووپایی (OECD) لە بواری توێژینەوە و گەشەپێداندا خەرج دەکات. کۆریای باشوور کە چواریەکی دانیشتووانی بەڕازیلی هەیە، 30 جار زیاتر لە بەڕازیل ئەستۆپاکیی داهێنانی (patents) تۆمار کردووە.

   گەشەی بەرهەمداریی (بەرهەمهێنانەکی) (productivity growth) بەڕازیل لە ساڵی (2000)ەوە وەستاوە و لەمڕۆدا تەنها زیاتر لە نیوەی ئەو ئاستەیە کە لە مەکسیکدا هەیە. وێڕای ئەوەی بەڕازیل بارەگای چەند کۆمپانیایەکی دەوڵەتبڕی وەک “Embraer” و “Vale”ە، بەڵام خاوەنی هارڤارد و گۆگڵ نییە. هەندێک شرۆڤەکاری بەڕازیلی باوەڕیان وایە کە بەڕازیل ناتوانێت تێکڕای بەرهەمداریی (بەرهەمهێنانەکی) (productivity rate) خۆی بەرز بکاتەوە ئەگەر پاشەکەوتەکانیان (savings) زیاتر نەکەن و وەبەرهێنانی زیاتر نەکەن لە جیهاندا.

   پەیوەست بە ئامانجەکانی سیاسەتی دەرەکییەوە: بەڕازیل بەرهەڵستیی چەند داواکارییەکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای کردووە لە بارەی گۆڕینی سیاسەتی خۆی بەرانبەر ئێران و ڤەنزوێلا. لە لایەکی ترەوە بەڕازیل نەیتوانیوە پێشکەوتنێکی بەرچاو لە بارەی ئامانجە سەرەکییەکانی سیاسەتی دەرەکیی خۆیەوە بەدەست بهێبێت، وەک: بەدەستهێنانی کورسیی ئەندامێتیی هەمیشەیی لە ئەنجوومەنی ئاسایش، سەفقەیەکی بازرگانیی جیهانی، یان تەواوکردنی (completion) بارستەیەکی بەهێز بۆ ئەمەریکای باشوور.

ئەنجام: بەڕازیل ئەگەری نییە ببێتە هاوشانێکی کێبەرکێکاری وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. جارێکی تریش سەختە ببینیت گەشەی بەڕازیل، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا تێبپەڕێنێت و هاوکار بێت لە خێراکردنی کۆتایی سەدەی ئەمەریکایی.

   تاکە وڵاتێک بتوانێت وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا تێپەڕێنێت و کۆتاییهاتنی سەدەی ئەمەریکایی خێراتر بکات، چینە. لەنێو وڵاتانی بریکسدا، چین تا ڕادەیەکی زۆر عیملاقەکەیە بە هۆی ئەوەی کە خاوەنی ئابوورییەکە یەکسانە بە ئابووریی کۆی دەوڵەتەکانی تر. گەورەترین سوپا و گەورەترین بودجەی سەربازیی هەیە، خاوەنی بەرزترین تێکڕای گەشە و زۆرترین بەکارهێنەری ئینتەرنێتە. چین لە ڕووی تێکڕای داهاتی تاکەکەس؛ لەدوای ڕووسیا و بەڕازیلەوەیە، بەڵام دەکرێت ئەمە گۆڕانی بەسەردا بێت، ئەگەر چین پارێزگاری لە تێکڕای گەشەی خۆی بکات.

 ئەمانە وا دەکەن بەشێکی سەربەخۆ تەرخان بکەین بۆ هەڵکشانی چین و ئەو ئاڵەنگارییانەی ڕووبەڕووی سەدەی ئەمەریکایی دەکاتەوە.

پەراوێزەكان

[1] . عمروعبدالعاطي، مراجعة كتاب: هل انتهى القرن الأمريكي؟ (الدوحة: مركز الجزيرة للدراسات، 19/أبريل-نيسان/2019)، ص ص2-3.

[2] . کتێبەکە دکتۆر ئەلسەید ئەمین شەلەبی کردوویەتی بە عەرەبی و لەلایەن “المركز القومي للترجمة” لە قاهیرە لە ساڵی 2019دا بڵاو کراوەتەوە.

__________________________________

بۆ ھیچ کەس، دەزگا و لایەنێک نییە، بەبێ ئاماژەدان بە ناوی گۆڤاری ئایندەناسی، ژمارە و رۆژی دەرچوونی ئەم بابەتە بڵاوبکاتەوە.

گۆڤاری ئایندەناسی ژمارە پێنج (5)ی کانوونی دووەمی2021

Send this to a friend