• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
June 17, 2022

دیدگای ستراتیژی: ئەمه‌ریکا و قەیرانی دەسەڵاتی جیهانی

د. عابد خالد

دیدگای ستراتیژی: ئەمریکا و قەیرانی دەسەڵاتی جیهانی

د. عابد خالد

ئەم کتێبە لە نووسینى بیرمەندی ستراتیژی و ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی پێشووتری وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا (زبگنیو بریجنسکی – Zbigniew Brzeziński)یە، کە لەبنەڕەتدا بە زمانى ئینگلیزى بە ناونیشانى “Strategic Vision: America and the Crisis of Global Power” نووسراوە و لەلایەن دەزگاى “Basic Books” لە نیویۆرک لە ساڵى ٢٠١٢ لەچاپ دراوە، هەر لە هەمان ساڵیشدا لەلایەن “فاضل جکتر” وەرگێڕدراوە بۆ زمانى عەرەبى، کە بە ناونیشانى “رؤية استراتيجية: أمريكا و أزمة السلطة العالمية” لە دووتوێى (٢٢٢) لاپەڕەدا لەلایەن دەزگاى “دار الكتاب العربي” لە بەیرووت بڵاو کراوەتەوە.

ئەم کتێبە هەوڵێکە بۆ خوێندنەوەى ئایندەى ئەو گۆڕانکارییانەى کە دەشێت له دابەشبوونى هێزدا لەسەر ئاستى جیهان و وەرچەرخانى چەقى قورساییەکەى لە ڕۆژئاواوە و بەرەو ڕۆژهەڵات، لە ماوەی کورت و مامناوەنددا (تا ساڵى ٢٠٢٥ و دواتری) ڕوو بدەن، ئەمەش لە پێناو داڕشتنى نەخشەڕێگایەکى ورد بۆ زامنکردنى بەردەوامبوونى پێشەوایەتیى ئەمەریکا بۆ سیاسەتى نێودەوڵەتى، وێڕاى لاوازبوونى هێز و تواناکانى و پاشەکشەکردنى پێگە تاکانە جیهانییەکەى و دەرکەوتنى چەندین هێزى ڕکابەر بەرامبەرى کە بەردەوام هێز ماددى و مرۆییان لە زیادبووندایە.

بیرۆکە سەرەکییەکانی ئەم کتێبە لە دووتوێی “چوار دەروازە”دا خراوەتە ڕوو: لە “دەروازەى یەکەم”دا بە ناونیشانی “ڕۆژئاوای پاشەکشەکردوو”، سەرەتا نووسەرى کتێبەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە کۆتاییهاتنی جەنگی سارد، بە داڕمان و هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی سۆڤیەت، دەرفەتێکی مێژوویی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕەخساند تا پێگەی یەکەمین زلهێز لەسەر ئاستی جیهان وەربگرێت، هاوتا لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا، وەک هاوبەشێکی سیاسی و ئابووری. بەڵام دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو دەیە -لە ١٩٩١ تا ٢٠١٢-، هێشتا یەکێتیی ئەورووپا دوورە لەوەی کە ببێتە کاراکتەرێکی سیاسیى جیهانیی کاریگەر گەرچى خاوەنى تواناى ئابووری و بازرگانیی بەرفراوانە، هاوکات ڕۆڵی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش لەسەر ئاستى جیهانی بەرەو لاوازى دەچێت، هەموو ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە پێگەى ڕۆژئاوا لە سیاسەتى نێودەوڵەتیدا لە پاشەکشەکردندایە و چیدى توانای مانۆڕکردن و جووڵەی سیاسیی وەکوو جاران سەربەست و فراوان نییە. هۆکارى سەرەکیى ئەمەش بۆ ئەمەریکا لەپاڵ هەردوو جەنگە تاقەتپڕووکێنەکەى ئەفغانستان و عێراق، کاریگەرییەکانى قەیرانە داراییە جیهانییەکەى ساڵی ٢٠٠٨ بوو، کە ئەم قەیرانە سەرچاوەى هەرە قووڵترین گۆڕانکاری بوو لە دابەشکردنی هێز لەسەر ئاستى جیهان لە بواری ئابووری و سیاسییشدا، بەتایبەت قەیرانەکە ئەوەی ئاشکرای کرد کە سروشتی ئەو کێشانەی ئابووریی جیهانی دووچاری بووە؛ هێندە توند و ئاڵۆزە لە توانای هیچ تاکە هێزێکی جیهانیدا نییە، وەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا -یاخود سەرجەم ڕۆژئاوا، بەتەنها ڕووبەڕوویان ببێتەوە، بەڵکوو هەر هەوڵێکی جددی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ئاڵنگارییە پێویستی بە هاوکاریی هەموو وڵاتانی جیهان هەیە، بەتایبەت لەلایەن ئەو کاراکتەرانەی کە لە پڕۆسەی دانانی بڕیارە دارایی و ئابوورییە جیهانییەکاندا کاریگەریی بەرچاویان هەیە.

لەم نێوەندەشدا، ڕۆژهەڵات سەرهەڵدان و هەڵکشانی چەند زلهێزێکی خاوەن ‌هەژموونی جیهانى لەسەر ئاستى سیاسی-ئابووری بەخۆیەوە دەبینێت، لە پێشەنگیشیاندا هەریەک لە (چین، ژاپۆن و هیندستان) لە کیشوەری ئاسیا و ڕووسیا لە کیشوەرى ئەورووپا. هەر چەندە ئەمەریکا لەسەر ئاستی جیهانی، لە ڕووی ڕەگەز گشتگیرەکانی هێزەوە، کە بریتین لە ڕەگەزی سەربازی و تەکنەلۆژی و ئابووری و دارایی، هێشتا زلهێزێکی بێهاوتایە، ئەمانەش هەلی ئەوەی پێ دەدەن لەسەر ئاستی جیهان وەک هێزێکی باڵادەست بمێنێتەوە، بەڵام ئەم تەنها ئومێدێکە و زامنکردنى لەسەر زەمینەى واقیع زەحمەتە، بۆیە دەشێت هەریەک لەو زلهێزانەى ڕۆژهەڵات لە هەڵپەدا بن بۆ جێگرتنەوەى پێگە جیهانییەکەى ئەمەریکا.

سەبارەت بە چین، بریجنسکی ڕاى وایە ئەو گەشە ئابوورییە گەورەیەی کە بەدەستی هێناوە و ئەو ئازادییە ڕێژەییەش کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە هۆی کەمیی پابەندبوونە دەرەکییە قورس و پڕتێچووەکان هەیەتی، لەگەڵ خاوەندارێتی بۆ توانای سەربازیی پێشکەوتوو، هەمووی هۆکارن کە لە هەڕەمی ئێستاى هێزە نێودەوڵەتییەکاندا، لەدوای ئەمەریکا، چین پلەی دووەم وەربگرێت، سەرەڕای ئەو گرفتە کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییانەى لە ئاستى ناوخۆییدا بەدەستیانەوە دەناڵێنێت. سەبارەت بە ڕووسیاش، بە هۆی پێگە جیۆسیاسییەکەی و خاوەندارێتیی سەرچاوە گرنگەکانى وزە (نەوت و گاز) و بوونی توانای سەربازی بەتایبەتی ئەتۆمی، لەدوای ئەمەریکا، بە زلهێزێکی گەورە ئەژمار دەکرێت، بەڵام پێگەی ڕووسیا بە هۆی کێشە ئابووری و سیاسی و دیمۆگرافییە ناوخۆییەکانیەوە هەمیشە لەژێر هەڕەشەدایە، ئەمەش وا دەکات کە ڕووسیا توانای بەردەوامبوونی وەک زلهێزێکی سەرەکی نەبێت. هەر چى هیندستانیشە، سەرەڕای ئەو تەماع و قورساییە هەرێمییەی کە هەیەتی، بەڵام هێشتا لە قاپیلکەی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی لەگەڵ وڵاتانی هاوسێیدا (چین و پاکستان) قەتیس بووە، سەربارى گرفتە دیمۆگرافی و کۆمەڵایەتییە ناوخۆییەکانیشى لەپاڵ ئەم زلهێزانەدا. بە ڕاى بریجنسکی، ناکرێ کاریگەریى شۆڕشی زانیارییەکان و پەیوەندیکردن و بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی ئامرازەکانی میدیا لەسەر چینوتوێژەکانی کۆمەڵگەکانى جیهان لە ناویشیاندا توێژی گەنجان نادیدە بگیرێت، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە لەژێر کاریگەریی ئامرزە جەماوەرییەکانى گەیاندن و پەیوەندیکردن جۆرێک ئازادى لە هزرى گەنجانی ئەم ناوچەیەدا ئەفرێنراوە کە لە زۆرێک لەو کۆتوبەندانە قوتاری کردوون کە دەسەڵاتە حوکمڕانەکانەوە بەسەر هەڵسوکەوت و بزاوتیاندا سەپاندبوویان، بەڵگەى ئەمەش ئەو شۆڕش و ڕاپەڕینە جەماوەرییانەن کە لە باکووری ئەفەریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ماوەی ساڵی ٢٠١١دا ڕوویان دا، کە نموونەیەکی بەرچاون بۆ ئەگەری سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیای پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە ئەنجامدانی شۆڕشی بەرفراواندا، ئەمەش بەو ئاسانکارییەى کە بۆ دەمودەست گەیاندن و گواستنەوەی هەواڵ و پێشهاتە مەیدانییەکان دەیکات.

لە “دەروازەى دووەم”دا بە ناونیشانی “تێکشکانی خەونی ئەمەریکی”، سەرەتا بریجنسکی کۆمەڵێک پرسیار دەورووژێنێت، وەک: ئایا هێشتا سیستمی حوکمڕانیی ئەمەریکی مۆدێلێکه کە لەسەر ئاستی جیهانی شایانی تەقلیدکردن بێت؟ ئایا هێشتا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کاریگەریی ئەرێنیی لە کاروبارە نێودەوڵەتییەکاندا ماوە؟

لە وەڵامی ئەم پرسیارانەشدا دەڵێت: پێویستە ئەمەریکییەکان لەوە تێبگەن کە پاراستنى پێگە و هەژموونى ئەمەریکا لەسەر ئاستی جیهانى لە داهاتوودا، بەوەوە بەندە کە تا چ ڕادەیەک دەتوانن سەرکەوتووانە گرفت و ئاڵنگارییەکانیان لە ئاستی ناوخۆیی چارەسەریان بکەن، ئەمەش پێویستی بە چاکسازیی زیاتر و هەوڵگەلێکی وردی پلانبۆداڕێژراو هەیە. ڕەنگە لە پێشەنگی ئەم ئاڵنگارییانەشدا کە بریجنسکیی دەستنیشانی کردووە، گرفتی زیادبوونی قەرزە نیشتمانییەکانی ئەمەریکا بێت کە بە پێى هەندێک لە دۆکیۆمێنتە فەرمییەکانى ئەمەریکا خۆى، قەرزە گشتییەکان لە ئابی ٢٠١٠دا نزیکەی٦٠%ی بەرهەمی نیشتمانیی ئەمەریکا بووە، ئەوەش کە مەترسییەکانی ئەم گرفتە زیاتر زەق دەکاتەوە ئەوەیە کە سەرچاوەی پێدانی بەشێکی زۆری ئەم قەرزانە دەرەکییە هیی خودی ئەمەریکییەکان نییە، ئەمەش کاریگەریی نەرێنیی لەسەر پێگەى سیاسى و ئابووریی ئەمەریکا لەسەر ئاستی جیهانی دەبێت و ڕەونەقی ئەمەریکا وەک باشترین مۆدێلی ئابووری کەم دەکاتەوە، هەروەها هەڕەشە لە پێگەی دۆلاری ئەمەریکی وەک دراوی یەدەگیی جیهانی دەکات، ئەمە جگە لەو گرفتە کۆمەڵایەتییانەی لەمێژە ئەمەریکا بەدەستیانەوە دەناڵێنێت.

دواتر بە ڕاى بریجنسکی، خۆتووشکردنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە جەنگەکانی ئەفغانستان و عێراق لە ساڵانی ٢٠٠١ و ٢٠٠٣ ڕۆڵێکی گەورەی لە پاشەکشەکردنی پێگە جیهانییەکەى ئەمەریکا هەبوو، کە گومانی لەسەر ڕادەی متمانەبوون بە سیاسەتی دەرەکیی ئەمەریکا دروست کرد، کە هۆکارێکی دیکەی زیادبوونی گۆشەگیریی ستراتیژی ئەمەریکایە.

لە “دەروازەى سێیەم”دا بە ناونیشانی “جیهانی دوای ئەمەریکا: بە هاتنی ٢٠٢٥ چینی نییە، بەڵکوو ئەنارشییە”، بە ڕای نووسەرى کتێبەکە لەگەڵ پاشەکشەکردنی پێگەی ئەمەریکا لە جیهاندا ئەوە بەدوور دەزانرێت کە دەمودەست جیهان بکەوێتە ژێر هەژموونی یەک زلهێزی باڵادەستی وەک چین، چونکە چین ناتوانێت ئەو ڕۆڵەی ئەمەریکا بگێڕێت کە لەدوای ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٩١ هەیبوو. لێرەدا بریجنسکی دەڵێت پووکانەوەی سیستمی ئەمەریکی و لەدەستدانی ڕۆڵە جیهانییەکەی کاردانەوەی خێرای لێ دەکەوێتەوە کە لەسەر ئاستی سیاسی و ئابووری ئاژاوەی نێودەوڵەتی دەنێتەوە، هەر بۆیە ئەگەری زۆر ئەوەیە وڵاتان بەرەو پێکهێنانی هاوپەیمانیی ئەوتۆ بچن کە زیاتر نزیک بن لە ئاژاوە و ناسەقامگیری، لەبەر ئەوەی لە هەمان کاتدا و بە هەمان ئاست پشت بە چەندین هێزی جیهانی یان هەرێمی دەبەستن.

بریجنسکی دان بەوەشدا دەنێت كه‌ پاشه‌كشەکردنی ڕۆڵى ئه‌مەریكا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ده‌بێته‌ هۆی چڕبوونه‌وه‌ی دوژمنایه‌تییەکان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل و کەنارخستنی بژاردەى “دوو ده‌وڵه‌تی” بۆ چاره‌سه‌رکردنی ململانێی عه‌ره‌ب-ئیسرائیل. هاوکات ئەم پاشەکشەکردنە لە ناوچەکەدا دەبێتە هۆی پەرەسەندنی ڕکابەریی ئێران و ئیسرائیل، کە ڕەنگە ئەمەریکا هان بدات پەنا بۆ هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئێران ببات، کە ڕەنگە سوودی بۆ ڕووسیا و چین لێ بکەوێتەوە، هەروەها ڕەنگە پاشەكشەکردنی ئەمەریكا هانى وڵاتانی كەنداو بدات بەدوای پاڵپشتییەكی بەدیلدا بگەڕێن و ڕەنگە چینیش چاوەڕێی ئەم سیناریۆیە بێت، كە ڕەنگە ئەمەش گۆڕانكارییەكی قووڵ لە ناوچەكەدا بهێنێتە ئاراوە، بەڵام پاشەكشەکردنی ئەمەریكا نابێتە هۆی کەمبوونەوەى کردە “تیرۆریستییەکان” لە ناوچەکە یان جیهاندا.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، بریجنسکی ڕاى وایە کە سروشتی گرفت و ئاڵنگارییە نێودەوڵەتییەکان، چ ستراتیژی بن یان ژینگەیی، قەبارە و ئاڵۆزییەکی هێندە گەورەیان هەیە کە ڕووبەڕووبوونەوەیان و ڕێگریکردن لە قووڵبوونەوەیان پێویستی بە ڕادەیەکی فراوان لە هاوکاری و بەشداریی نێودەوڵەتی هەیە، لە میانەى ئەمەشدا بەشداریى ئەمەریکا و سەرکردایەتیکردنی ئەو بۆ بەشێک لەو هەوڵانە شتێکی جەوهەری دەبێت. لەمەشدا پێویستە ئەمەریکا دان بە باڵادەستیى جیۆسیاسیی چین لە ئاسیادا بنێت، هاوکات لە ڕێی هاوپەیمانە ئاسیاییەکانیەوە کار بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکی بنیاتنەر لەگەڵ چین بکات، لەپاڵ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانى لەگەڵ هیندستان بەبێ ئەوەی بیگەیەنێتە ڕادەى هەراسانکردنی چین. هەروەها هەڵکشانی پێگەى جیهانیى چین ڕووبەڕووی نیگەرانیی ڕووسیا و هیندستان و ژاپۆن دەبێتەوە، لەمەشدا  پێویستە ئەمەریکا هەوڵ بدات ڕۆڵی “ڕێکخەر” بگێڕێت تاکوو دۆخەکە نەگاتە قۆناغی ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسیدار. لە بەرامبەریشدا، ڕەنگە بۆ ڕووسیا یەکێک لە بەدیلە سیاسییەکان هاوپەیمانی بێت لەگەڵ چین، بەدیلێکی ترى “بەدەستهێنانی یەکێتیی سلاڤییەکان”ە، یاخود بنیاتنانی پەیوەندییەکی ڕووسی-ئەورووپی بەدوور لە ئەمەریکا، کە ئەمەش ئەگەرى سەرگرتنى زۆر زەحمەتە. هاوکات بریجنسکی هۆشداری دەدات لە هەر پەیوەندییەکی ڕووسیا لەگەڵ ناتۆ بە هۆی ئەو مەترسییانەی کە بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بەڵام لاى ئەو دەستەبژێرى “بەڕۆژئاواییکراو” لە ڕووسیا جێگەى هیوایە.

لە “دەروازەى چوارەم”دا بە ناونیشانی “دوای ٢٠٢٥: هاوسەنگییەکی جیۆ-سیاسیی نوێ”، بریجنسکی جەخت لەوە دەکاتەوە کە پاراستنى پێگەی ئەمەریکا لە جیهاندا بەندە بە بە زاڵبوونى بەسەر ئاڵنگارییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی لە ناوخۆدا ڕووبەڕووی دەبێتەوە، کە ئەمەش بە پێی هەوڵگەلێکی بەوردی پلانبۆداڕێژراو دەبێت. هەروەها ڕای وایە کە هەوڵی ئەمەریکا بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی بنیاتنەر بۆ زۆرێک لە قەیران و ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یەکێکە لە کارە لەپێشینەکانی سیاسەتی دەرەکیی ئەمەریکا، بە هۆی کاریگەریی ئەو قەیرانانە لەسەر بەرژەوەندییەکانی لە ناوچەکەدا، کە ڕەنگە خۆدەربازکردن لە قەیرانى ئەفغانستان و یەکلاکردنەوەى ناکۆکییەکان لەگەڵ ئێران و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی خێرا بۆ ململانێی عەرەب-ئیسرائیل لە پێشەنگی ئەو کارانەدا بن.

لە کۆتاییدا ئەم کتێبە بە یەکێک لە ڕانانە گرنگەکان بۆ زۆرێک لە بارودۆخە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان دادەنرێت، کە سەرەڕاى دەوڵەمەندى بە زانیارى و شیکردنەوەى ورد بۆ ڕووداوەکان، هاوکات نووسەرەکەی خاوەنی ئەزموون و شارەزاییەکی زۆرە لەسەر بابەتە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان. ئەم کتێبە نموونەیەکە بۆ چۆنێتیى خوێندنەوەی دیاردە و ڕووداوەکان بە هەموو لێکەوتەکانیانەوە، لە پێناو داڕشتنى ستراتیژێکی ڕوون بۆ گەیشتن بە ئامانجە خوازراوەکان لە ئایندەدا. بۆیە دەشێت کتێبی “دیدگای ستراتیژی” وەک ستراتیژێکی ئایندەیی بۆ سیاسەتی دەرەکیی ئەمەریکا لەقەڵەم بدرێت، ئەگەر ئەمەریکا بیەوێت پارێزگاری لە پێگەی خۆی وەک وڵاتێکی باڵادەست بەسەر کاروبارە نێودەوڵەتییەکاندا بکات.

ژمارە سیانزە (13) ساڵی سێیەم – حوزەیرانی 2022 گۆڤاری ئایندەناسی

Send this to a friend