• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
August 4, 2022

زیائەدین تەباتەبایی، ڕۆژنامەنووسێکی کودەتاچی

 کەسایەتییەکانی ئێرانناسی(١)

د. هەردی مەهدی

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە (4)ی ته‌موزی 2022ی وه‌رزنامه‌ی ئێرانناسی

سەید زیائەدین تەباتەبایی (١٨٨٩-١٩٦٩ز)، یەکەمین کودەتاچی لە ئێرانی هاوچەرخ و ڕۆژنامەنووسێکی زمان توند و سیاسییەکی ناجێگیر و وتاربێژێکی کەموێنەی سەردەمی خۆی بوو، ئەستێرەی ئەو، پەیتاپەیتا دەدرەوشایەوە، بەڵام کورت و کەمئەنجام. هەر لە سەردەمی مەشرووتەوە وەک ڕەخنەگرێک و پاشان ڕۆژنامەنووسێکی دیار و سەرنووسەری چەند بڵاوکراوەیەک و لە پاش جەنگی جیهانی یەکەمیش ناوی وەک سیاسییەک دەردەکەوێت و تا ڕادەی ئەوەی بەهۆی کودەتایەکەوە لەگەڵ میرپەنج (پەهلەوی دواتر) دەبێتە سەرۆکوەزیران، بەڵام هەر زوو ئەستێرەی بەختی ئاوابوو، تا جارێکی دی لە پاش جەنگی جیهانی دووەم دەرکەوتەوە، گەرچی ئەمجارەش بە ئاواتەکانی نەگەیشت کە سەرۆکوەزیرانی حکومەت بوو.

تەباتەبایی لە ساڵی (١٨٨٩)ی زاینی لە شیراز لەدایکبووە، کوڕی سەید عەلی موجتەهیدی یەزدییە کە بە یەکێک وتاربێژە دیارەکان دادەنرێت و لە پیاوە ئاینییە ڕەخنەگرەکانی سەردەمی قاجار ناسراو بووە. تەباتەبایی هەر بە مناڵی لەگەڵ خێزانەکەیدا دەچێتە تەورێز، سەرەتاکانی خوێندنی خۆی لەوێ دەستپێکردووە و سەرەڕای وەرگرتنی وانە باوەکانی زمان، پاشتر فێری زمانەکانی ئینگلیزی، فەرەنسی و ڕووسی بووە.

پاش  ئەوە دیسان دەگەڕێتەوە شیراز و یەک لەدوایەک ڕۆژنامەکانی “ئیسلام”(١٩٠٧) (بە هاوکاری خاڵی) و “ندای ئیسلام” (هاواری ئیسلام) دادەمەزرێنێت و دەوەشێنێت.

تەباتەبایی لەو دەمەدا، چەندین وتار و بابەتی ڕەخنەگرانە و “ریسالە”ی لە بارەی سیاسەتی گشتیی وڵات و لایەنگیری لە حکومەتی قانون و ئازادیی  بڵاوکردەوە، ئەم بابەتانەی هیچکات دڵپەسەندی خاوەن موڵک و ئاغا و کەسایەتییە دیارەکانی ئەو سەردەمە نەبوون. هەر لەبەرئەوەشبوو لە دڵی واندا جێی نەگرت و کەوتنە بەرامبەری و نەیارییکردنی. تەباتەباییش هەر لەسەر ڕەخنە توندەکانی بەردەوام بوو و تا ئەوە بوو ڕەخنەلێگیراوەکان پەلامارییان دا و وەخت بوو گیان لەدەست بدات، بەڵام ڕزگاری بوو. لەسەردەمی “ئیستبدادی بچووک”یشدا، بەرەو تاران کەوتەڕێ و کەوتە ڕەخنەگرتن و نەیارییکردنی محەمەدعەلی شای قاجار، تەنانەت لەگەڵ باوکیدا لەم کارەیاندا پێکەوەبوون و لە یەکێک لە هەڵوێستە ڕەخنەییەکانیان بەرامبەر دەوڵەتی قاجار و شا، وەک نەیاری دەربڕین، لە مەزاری شاعەبدولعەزیم مانیان گرت و مانەوە، پاش تەواوبوونی مانگرتنەکەش، تەباتەبایی لەگەڵ گرووپێک لە هاوڕێیانی ڕادیکاڵ و توندئاژۆی ئەنجومەنێکیان بەناوی جیهانگیر-ەوە پێکهێنا. ئەو بوویە لینکی پەیوەندیی نێوان مانگرتووانی ڕەخنەگر و سەرانی مەشرووتەش کە ئۆپۆزسیۆنی شای قاجار بوو و داوای چاکسازیی ڕیشەیی و دەزگاییکردنی دەوڵەتیان دەکرد.

چالاکییەکانی تەباتەبایی حکومەتی توڕەکرد و هێزە ئەمنییەکانی دەسەڵات بەمەبەستی دەستگیرکردن وەدووی کەون، بەڵام ئەو زووتر هەستی بەمە کرد و ناچار پەنای بردە بەر باڵیۆزخانەی عوسمانی، بەڵام عوسمانەییەکان ئەویان قبووڵ نەکرد و ئەویش دەستبەجێ ڕووی کردە باڵیۆزخانەی بەریتانیا و ئەوانیش وەریان نەگرت، ئیتر ناچار ڕووی کردە باڵیۆحزخانەی نەمسا و ماوەیەک لەوێ مایەوە، بەڵام پاشتر بەهۆی فشاری ڕای گشتی و ملدان بۆ ناڕەزایەتییەکان، محەمەدعەلی شای قاجار لیخۆشبوونێکی گشتی دەرکرد و یەکێک لەوانەی لەم لێخۆشبوونە سوودمەند بوو، زیائەدینی تەباتەبایی بوو و ئیتر جارێکی دی ئازادانە کەوتەوە چالاکی.

پاش ئازادکردنی شاری تاران لەلایەن مەشرووتەخوازانەوە، تەباتەبایی ڕۆژنامەیەکی نوێی بەناوی “شەرق” وەشاند، بەڵام بەهۆی زمانی توند و زبری ڕۆژنامەکە لە کابینەی حکومەت و سیاسییەکان، سێ جار ڕاگیرا و  بە یەکجاریش ناچار لە ژمارە (١٠٦)  وەستێنرا.

زیائەدین لە خولی دووەمی پەرلەمانی ئێراندا، بەهۆی هێرشی توندی دژی پەرلەمان، دادگایی کرا و بە پێنج ساڵ زیندانی مەحکوم کرا و پاش ئەوەش بڕیار درا بەرەو ئەوروپا وەک سزایەک دوورخرایەوە. ئەو ناچار ملی ڕێی ئەوروپای گرت و پاش ماوەیەک دیسانەوە بەرەو ئێران گەڕایەوە، ئەمجارە ڕۆژنامەیەکی دیکەی لەسەر ستایڵی پێشووتری بە ناوی ڕەعد (هەورەبروسکە) دەرکرد. ئەم ڕۆژنامەیەی لایەنگری ڕاشکاوی سیاسەتی ئینگلیز لە ئێران بوو، وەک ئەوانی پێشووتریشی ڕۆژنامەکە زمانێکی توند و ڕەخنەگرانەی هەبوو. ڕۆژنامەکەی هێندە لایەنگری ئینگلیز بوو، تەنانەت پشتیوانی لە ڕیککەوتنی (١٩١٩)ی ئینگلیز-قاجاری لەسەردەمی کابینەی وسوقولدەولە کرد، لەکاتێکدا خەڵک و پەرلەمان و ئۆپۆزسیۆن زۆر دژی بوون.

تەباتەبایی بە کردەیی لە ساڵی (١٩٢٠)دا، کاری ڕۆژنامەوانی خستەلاوە و بەیەکجاریی یەکلابوویەوە بۆ سیاسەت. چەند هەنگاوێکی گرنگی سیاسییشی هاویشت کە ئەنجامەکەی کودەتاکەی سێی ئیسفەند بوو، کە خۆی وەک ڕێبەری کودەتاکە دەرکەوت، ئەم کودەتایە لە دیارترین و لوتکەی کاری سیاسیی تەباتەباییە و هەر بەمەش زۆرتر ناسراوە.

دۆخی خراپی ئابووریی و بژێوی خەڵک و دەستەمۆیی سیاسیی حکومەتی وسوقولدەولە و ناکاریی ئەحمەدشای قاجار و هەڵگەڕانەوە سیاسییەکانی ئەهواز و کوردستان و تەورێز و …تاد، توڕەیی و ناڕەزایی خەڵکی گەیاندبوویە و لوتکە. لە هاوینی (١٩٢٠)دا حکومەتی وسوقلدەولە دەستی لەکارکێشایەوە و کابینەی موشیردەولە پێکهات و ئەویش هیچی پێنەکرا و پایزی هەمان ساڵ دەستی لەکارکێشایەوە و ئەعزەم ڕەشتی فەتحوڵڵا ئەکبەر (سپهدار) کرایە سەرۆکوەزیران. بەڵام پاش چەند مانگێک هیچی پێنەکرا و دۆخی خەڵک هەر خراپتر دەبوو، ئیتر سەرەتاکانی کودەتا ڕەخسا و بە پشتیوانی و دەستلەپشتدانی سیاسییەکانی ئینگلیز، ئەوانەی کەباوەڕیان بە کودەتا بوو و ئینگلیزیش چاوی لەسەریان بوو بۆ جێبەجێکردنی، فەیرۆز میرزای نەسرودەولە، سەید زیائەدین تەباتەبایی و سەردار ئەسعەدی بەختیاری بوون و  هەر یەک لای خۆیەوە کاریان بۆ دەکرد. بەڵام دواجار جگە لە تەباتەبایی کەسی دییان هەلەکەی بۆ نەڕەخسا و ئەو بووە ڕوخساری سەرەکی کودەتا. لەم کودەتایەدا ژەنڕال ئایرون ساید ژەنڕاڵی ئینگلیزی و فەرماندەی سوپای بەریتانی لە ئێران، ڕۆڵی گرنگی گێڕا و لەسەر پێشنیاری ئەویش ڕەزا میرپنجی پاڵانی (پەهلەویی دواتر) کرایە فەرماندەی هێزەکانی قوزاق و کرایە هاوبەشی کودەتاکەی سەیدزیا و پێکەوە کارەکەیان ئەنجام دا، زیا بەشە سیاسییەکەی و حکومەتداری، ڕەزاش بەشە سەربازیی و ئەمنییەکەی.

لەم کودەتایەدا، بەرهەم و ئەنجامە سیاسییەکەی بۆ خۆی نەبوو، بەڵکو زۆرتر ڕەزا خان بەرهەکەی خوارد و  هەر ئەویش بە جۆرێک تەباتەبایی ناچارکرد پەراوێز بخرێتەوە و بگرە ڕەوانەی تاراوگەش بکرێت. تەنها چەند مانگی یەکەمی کودەتا تەباتەبایی خۆی نواند و هەلی سیاسیی خۆی لە لوتکەی حکومەتدا لەدەستدا. سەرەتا وا کابینەکەی خۆی ناساند کە کابینەی شۆڕشگیڕ، بەهێز، چاکسازیی ئابووریی و کولتووری و دژبەری ڕێککەوتنی (١٩١٩)یە، بەڵام بەهۆی دەستگیریی زۆرێک نەیاران و سیاسییەکان، لەنێو حیزب و سیاسییەکاندا بە کابینەی ڕەش ناوبانگی دەرکرد.

چونکە ئەو بەهۆی خراپی بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکانی و توندی لەگەڵ سیاسییەکان و کەسایەتییەکان و پێشینەی ناکۆکی لەگەڵ سەرانی سیاسەت و ڕۆڵگێڕدا، وایکرد نەتوانێت ڕایەڵەیەکی باش بۆ بەڕێوەبردنی پەیوەندیی سیاسیی خۆی دروست بکات، بۆیە هەر زوو بە دۆست و نەیارەوە لە سەرۆکوەزیرانیی دووریان خستەوە و نەیتوانی لەبەردەم پیلان و پلانەکانی ڕەزاخاندا خۆی بگرێت، چونکە ئەویش هەرچەند شەریکی زیا بوو، بەڵام ئەوە لە کەللەیدا دەگوزەرا کە خۆی ببێتە سەرۆکوەزیران و هەر واشی کرد. ئەو پێچەوانەی زیا، توانیبووی هەم دڵی سەرانی سیاسیی و هەم دڵی سەرباز و هێزە بەرگرییەکانی حکومەت بۆ خۆی مسۆگەر بکات. ئینگلیزیش هەر بەو ڕێڕەوەدا بیری دەکردەوە و پشتی لە دۆستەکەی خۆی (زیا) کرد و ڕەزامەندی لەسەر ڕەزاخان بوو. ئەوەبوو پاش (٩٣) ڕۆژ لە حوکمڕانی و سەرۆکوەزیریی (١٩٢١)، بە فەرمانی ئەحمەدشای قاجار زیا لەکار دوورخرایەوە.

ئەو پاش دوورخستنەوەی لە سیاسەت و حکومەت، ڕووی کردە جنێف.

لەساڵی (١٩٣١) بە دەعوەتی ئەمین حسێنی ڕێبەر و موفتی فەلەستینی بۆ پشتیوانی دۆزی فەلەستین بانگهێشتی کۆنگرەی فەلەستین کرا، کە ئامانجی دژایەتی کۆچی جووەکان بوو بۆ فەلەستین، لەوێش سەرۆکایەتی کۆنگرەکەی کرد و بەڕێوەی برد، کە تێیدا چەندین کەسیایەتیی جیهانیی سیاسیی و نێوچەیی بانگهێشت کرابوون. پاش دوو هەفتە گەڕایەوە سویسرا، بەڵام پاش ماوەیەک جارێکی دیکە گەڕایەوە فەلەستین و چەندین کۆمیتەی نیشتمانی دژبەری جووەکان پێکهێنا و لقیشی لە چەند وڵاتێکی عەرەبی کردەوە، پاش ئەوە دیسان گەڕایەوە سویسرا، بەڵام جارێکی دی لە (١٩٣٥)دا گەڕایەوە فەلەستین و بۆ ماوەی هەشت ساڵ نیشتەجێی فەلەستین بوو. لەمەشدا لەلایەن هەندێک لە موسڵمانانەوە پەنجەی تۆمەتی بۆ درێژدەکرێت کە هاوکاریی فرۆشتنی زەوی موسڵمانەکانی بە جووەکان کردووە.

لە کاتی شەڕی دووەمی جیهانی و ڕووداوەکانی پاش، ئینگلیز هەر چاوی لەسەر لانەبردوو، لە میهری (١٩٤٣) جارێکی دی گەڕاندیەوە ئێران، بەمەش خولی دووەمی سیاستکردنی زیائەدین لە ئێراندا دەستپێدەکات، ئەو وەک نوێنەری شاری یەزد بووە پەرلەمانتار و هاوتا دەستی کردەوە بە کاری ڕۆژنامەوانی و ڕۆژنامەکانی کاروان و ڕەعدی دەرکرد و لە سیاسەتیشیدا دژایەتی ڕوونی بلۆکی شورەوی و حزبی تودەی دەکرد.

لەڕووی حزبایەتیشەوە حیزبی نیشتمان (وطن) و پاشان حزبی ئیرادەی نیشتمانی دامەزراند و وەک زمانحاڵی حزبەکەشی ڕۆژنامەی ڕەعدی ئیمروز و پاشان بڵاوکراوەی ڕوستا و چەندین دیکەی لەژێر سایەی حزبەکەیدا بڵاودەبوونەوە. ئەو یەکێتییەکی بەناوی “یەکێتی ڕۆژنامە نیشتمانییەکانی”یشی وەک بەرەیەکی ڕۆژنامەوانی دروستکرد و هەریەک لە ڕۆژنامەکانی وەزیفە، کاروان، کانون، حور، کشوەر و ئیقدام ئەندامی بوون.

پاش جەنگی جیهانی دووەمیش ماوەیەک لەلایەن قەوام سەڵەتەنەی سەرۆکوەزیرانەوە زیندای کرا گوایە دژی ئاسایشی نیشتمانی جووڵاوەتەوە. گەرچی دەوترێت ئەم قۆناغەی زیندانی لەسەر داوای سۆڤێت و حیزبی توودە بووە، چونکە تەباتەبایی لە نەیارە سەرسەختەکانی ئەو دوانە بوو.

زیائەدین پاش جەنگی جیهانی دووەم هەوڵی دا لە ڕێی ڕەزامەند محەمەد ڕەزاشا و ئینگلیزەوە ببێتەوە سەرۆکوەزیران بەڵام بەهۆی ناڕەزایی خەڵک و پەڕلەمانتارانەوە سەرکەوتوو نەبوو، پاشتریش بە درەوشانەوەی کاری پەڕلەمانی و سیاسییانەی موسەدەق ئیتر شانسی زیائەدین ڕۆژ دوای ڕۆژ کەم و کەمتر دەبوویەوە.

پاش زیندانیکردنەوەی لە (١٩٥٧)دا، لەوەبەدوا ئیتر لە سیاسەت دووری گرت و لە ئاوایی سەعادەت ئاباد لە تاران خۆی مەشغوڵی کشتوکاڵ کرد. بەڵام پەیتا پەیتا وەک هەڵگری پەیامی شا بۆ شای سعودیە و هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپی دەردەکەوتەوە.

دەوترێت لە ژیانیدا سێ جار پرۆسەی هاوسەرگیری ئەنجامداوە، لە کۆتاییەکانی تەمەنی و هاوسەرگیری سێیەمی لەگەڵ یەکێک لە ژنەکانی ئاواییەکەی خۆی (ئەڵلائاوای قەزوین) کردووە و دوو کوڕ و کچێکی لەو ژنە بووە (سەدیقە و مەهدی و ئەحمەد).

سەرەنجام پاش ژیانێکی پڕ لە بەرزی و نزمی و هەڵپەی سیاسی و ئاڵۆز، لە مەشروتەوە بۆ دەسەڵاتخوازیی و کودەتا و فەلەستینەوە بۆ لایەنگری ئیمپریالیزم و ئینگلیز و لە دژایەتی ڕەزای پەهلەوەیەوە بۆ لایەنگری حەمەڕەزای کوڕی لە ساڵی (١٩٦٩)دا و لەتەمەنی  (٨٠)ساڵیدا مرد لە گۆڕستانی شا عەبدولعەزیمی حەسەنی شاری ڕەی بە خاک سپێردرا.

پەراوێز و سەرچاوەکان

[1] . * شا عەبدولەعەزیم: مەزارێکی پیرۆزی نێو تارانە و وەک باوی سەردەمی مەشرووتە و پێشتریش ڕەخنەگران و کەسایەتییە ناڕازییەکان و پیاوانی ئایینی شیعە لەوێدا گرد دەبوونەوە و جۆرێک لە حەسانەشی هەبوو لەڕووی پارێزراویی گیانییەوە بەهۆی پێگەی ئایینی و کۆمەڵایەتیی مەزارەکەوە.

– بهار, ملک الشعراء. ١٣٩٢. تاریخ مختصر احزاب سیاسی ایران(انقراض قاجاریە). چاپ نهم. تهران : انتشارات امیرکبیر, ١٣٩٢. جلد 2جلد.

– مدنی, سید جلال الدین. 1378. تاریخ سیاسی معاصر ایران. نهم. قم : انتشارات اسلامی, 1378. Vol. 2جلد.

– مستوفى‏, عبدالله. 1384. شرح زندگانی من. چاپ: پنجم. تهران‏ : ناشر: زوار, 1384. جلد 3 جلد.

– نظری, منوچهر. 1390. رجال پارلمانی ایران(از مشروطه تا انقلاب اسلامی). چاپ اول. تهران : انتشارات فرهنگ معاصر, 1390.

– مؤسسه مطالعات و پژوهش‌های سیاسی(1400): سید ضیاء الدین طباطبایی که بود؟ https://psri.ir/?id=jx4ze915

– مصاحبه با سید ضیاءالدین(حسن مجیدی)، رئیس الوزرای اسبق ایران(1397): کودتا در ایران     https://rb.gy/xuwwzo

– ویکی فقه(١٣٩٥): سیدضیاءالدین طباطبایی   https://rb.gy/9dcfbu

Send this to a friend