• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
August 5, 2022

كتێبی ئێراننامە

  • ناوی کتێب: ئێراننامە؛ سیستەم، سیاسەت و کولتوور
  • نووسەر: هەردی مەهدی میکە
  • دەزگای چاپ: دامەزراوەی درەو میدیا
  • بابەت: سیاسەت، مێژوو، مێژووی هاوچەرخی ئێران، ئێرانناسی
  • دیزاینی ناوەوە: ئارام عوسمان
  • بەرگ: شێرکۆ خانزادی
  • نۆرەی چاپ: یەکەم
  • شوێنی چاپ: چاپخانەی پاندا- سلێمانی
  • شوێن: سلێمانی – هەرێمی کوردستان- عێراق

ژمارەی سپاردنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی کتێبخانەکانی هەرێمی کوردستان ( ١٥٣٧) ٢٠٢٢

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە (4)ی ته‌موزی 2022ی وه‌رزنامه‌ی ئێرانناسی

كتێبی ئێراننامە لە نووسینی د. هەردی مەهدی میكە (توێژەری بواری مێژووی ئێران و مامۆستای زانكۆی سلێمانی)، گوزەر و خوێندنەوەیەكی شرۆڤەیی گشتییە و دەروازەیەکە بۆ ناسینی سیستەم، سیاسەت و سیاسەتی كولتووری ئێرانی ئێستا بە ئاوڕدانەوەیەك بۆ سەردەمی پەهلەوی و بەراوردكردنی دۆخی سیاسی و سیاسەتە كولتوورییەكانی هەردوو ڕژێمی پەهلەوی و كۆماری ئیسلامیی ئێران و لێكەوتە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانی ئەم سیاسەتانە لەسەر دۆخی ناوخۆیی و دەرەكی ئێران.

كتێبی ئێراننامە لە چوار بەشی سەرەكی پێكهاتووە:

بەشێ یەكەم؛ شیرازەی سیاسی و دەزگا دەوڵەتییەكانی ئێران

بەشی دووەم؛ ئێران لە سەردەمی ڕەئیسیدا و شۆڕشێك لە قەیراندا

بەشی سێیەم؛ مافی پێكهاتە نەتەوییەكانی نێو ئێران

بەشێ چوارەم؛ ئێران و هاوسێكانی (پرسە هەنووكەییەكان)

نووسەر لە بەشی یەكەمدا سەرەتا ناساندنی بۆ ئەو دامەزراوە و دەزگا گرنگانەی كۆماری ئیسلامیی ئێران كردووە كە لە چوارچێوەی ناوەندەكانی بڕیاری كۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆڵی سیاسەتڕێژی و ئاڕاستەكرنی سیاسەتە ناوخۆیی و دەرەكیییەكانی ئێران دەبین. ڕێبەڕ باڵای ئێران وەك گەرەترین و بەهێزترین ناوەندی بڕیاری ئێران، ئەنجومەنی پاسەوانی دەستوور (شورای نگهبان)، ئەنجومەنی شارەزایانی ڕێبەری (شورای خبرگان رهبری)، ئەنجومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی رژێم (مجمع تشخیص مصلحت نظام)، پەڕلەمان و سوپای پاسداران لەو دامەزراوە و دەزگایانەن كە نووسەر ناساندن و شرۆڤەی بۆ پێگە و كاریگەرییان كردووە. ئەمە جیا لەوەی هەر لەم بەشەدا پرۆسەی هەڵبژاردن لە كۆماری ئیسلامیی ئێران، سیاسەتی ڕاگەیاندن، هەروەها سیاسەتی پۆشاك وەك بەشێك لە سیاسەتی كولتووری خراوەتەر بەر لێكۆڵینەوە و لەم تەوەرانەدا نووسەر ئاوڕی لە سیاسەتی ڕاگەیاندن و كولتووریی ڕژێمی پەهلەویش داوەتەوە.

بەشی دووەم بۆ كابینەی ئیبراهیمی رەئیسی، سەرۆككۆماری ئێستای ئێرانی و قەیرانەكانی بەردەمی تەرخانكراوە. نووسەر لەم بەشەدا جەختی سەرەكی خستووەتە سەر بەڕێوەچوونی دوایین هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری ئێران لە ساڵی (٢٠٢١)، شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، ئەنجامی هەڵبژاردن دەرهاویشتەكانی و كاریگەریی لەسەر ئایندەی سیاسەتی ناوخۆیی  و دەرەكی ئێران، پێكهاتە سەرەكییەكانی كابینەی ڕەئیسی و ئاسۆی گۆڕانكارییەكانی ناوخۆ لە سایەی كابینەی حكومەتی ئوسوڵگەرا.

بەشی سێیەم تایبەتە بە بابەتی مافی پێكهاتە نەتەوییەكانی ئێستای ئێران و بەتایبەتی كورد؛ شوێن و پێگەی كورد لە سیاسەتی گشتی ئێران، تێڕوانینی دەسەڵاتی ناوەندیی ئێران بۆ كورد، لەمپەر و ئاڵەنگارییەكانی بەردەم پێكهاتەی كورد لە ئێران بۆ بەشداری لە پرۆسەی سیاسیی ئێران، شوێنی پێكهاتەكان و لە نێویاندا كورد لە دەستووری بنەڕەتی ئێران، ئەو بابەتانەن كە لە بەشی سێیەم تیشك خراوەتە سەری.

بەشی چوارەم و كۆتایی، سیاسەتی دەرەكی و پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكانی ئێران لەخۆ دەگرێت. گۆڕانكارییە نوێیەكانی ئەفغانستان و دەركەوتنی تاڵیبان، سیاسەتی ئێران بەرامبەر ئەم پێشهاتە نوێیە، كێشە مێژوویی و چارەسەرنەكراوەكانی نێوان ئێران و دەوڵەتی ئازربایجان و ئاوڕێك لە ڕەهەندە مێژوویی و سیاسییەكانی ناكۆكییەكانی نێوان ئەم دوو دەوڵەتە، جەنگی قەرەباغ و شیكردنەوەی هەڵوێستی ئێران بۆ ئەم قەیرانە، كاریگەرییەكانی ئەنجامی شەڕی قەرەباغ لەسەر نفوزی ئێران لە قەوقاز و ململانێی ئازەربایجان و ئەرمینیا و ڕەنگدانەوەی لە كێشمەكێشەكانی ئێران و توركیا لەم ناوچەیە و ڕۆڵی وڵاتانی وەك ڕووسیا و ئیسرائیل، تەوەرە گرنگەكانی بەشی چوارەمی لەخۆ گرتووە.

كتێبی ئێراننامە بۆ خوێندكارانی بەشەكانی زانستە ڕامیارییەكان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، هەروەها بەشی مێژوو سەرچاوەیەكی بەسوودە و دەروازەیەکە بۆ ئاشنابوونێكی پوختی سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەكیی كۆماری ئیسلامیی ئێران و ناساندنی دەزگا و ناوەندەكانی هێز لە ئێران و تێگەیشتن لە چۆنێتی ڕۆڵبینیان لە گۆڕەپانی سیاسەتی ئێران، هەروەها تێگەیشتن لە ئێرانی ئێستا و گرنگترین ئەو ئاڵەنگاری و گۆڕانكارییانەی كە ڕووبەڕووی بۆتەوە و كاریگەریی لەسەر ئایندەی ئێران دەبێت.

Send this to a friend