• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
January 24, 2024

ئایین و دەوڵەت جێبەجێکردنی شەریعەت

 ئیبراهیم میکە عەلی

ئەم کتێبە لە نووسینی بیرمەند و فەیلەسووفی گەورەی عەرەبی مەغریبی دکتۆر محەممەد عابد ئەلجابریە و لە سەرەتای ئەم سەدەیەدا و لە دواساڵەکانی تەمەنیدا بە زمانی عەرەبی نووسیویەتی. لەبەر بایەخی ناوەرۆکەکەی، کتێبەکە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی.

بۆ ئەوەی بە وردی لە پەیامی ناو کتێبەکە تێبگەین، بە پێویستی دەزانم گەر بە کورتیش بێت تیشکێک بخەینە سەر کەسایەتی نووسەرەکەی و وێستگە گرنگەکانی ژیانی و گرنگترین بەرهەمەکانی.

لە بارەی نووسەرەوە

– ناوی محەممەد عابد ئەلجابریە.

– لە پاییزی ساڵی ١٩٣٥ لە ڕۆژهەڵاتی مەغریب و لە شارێک بە ناوی ئەلفەجیج لە دایک بووە.

– لە سەرەتای تەمەنییەوە باوک و دایکی جیابوونەوە و بەو هۆیەوە کەوتووەتە لای باپیرەی لە سەری دایکییەوە، بۆیە لە ماڵی باپیرەیدا و لەگەڵ خاڵ و پوورەکانیدا ژیاوە و باپیرەی نازی زۆری پێ داوە، بەو هۆیەوە قوتابییەکی وریا و زیرەک دەرچووە.

– لەو دەمەدا مەغریب لە ژێر داگیرکاری فەڕەنسییەکاندا بووە و فەڕەنسییەکان قوتابییە زیرەکەکانیان هەڵبژاردووە، محەممەد عابد ئەلجابریش یەکێک بووە لە قوتابییە زیرەکەکان و بەو هۆیەوە لە خوێندنگەی فەڕەنسیدا وەرگیراوە و لەو ڕێگەیەوە چووەتە دونیای نوێگەری و کرانەوە بە ڕووی جیهاندا و دواتر کەوتووەتە بیری خوێندنەوەی جۆری تێگەیشتن و پێکهاتەی کۆمەڵگە و ڕابردووی گەل و نەتەوەکەی.

– شەش خەڵاتی ڕێزلێنانی وەرگرتووە، یەکێکیان یونسکۆ وەک ئیبنوڕوشدناسێک پێی بەخشیوە، پێنج خەڵاتیشی ڕەت کردوەتەوە، کە یەکێکیان هی موعەممەر قەزافی سەرۆکی ئەو کاتی لیبیا و یەکێکیشیان هی سەدام حسێن سەرۆکی ئەو کاتی عێراق بووە و بە هۆی هەڵوێستەکانیانەوە پێی باش نەبووە خەڵاتیان لێ وەربگرێت.

– لە نێوان ساڵەکانی ١٩٦٧ – ١٩٧٠ لە زانکۆی محەممەدی پێنجەم خوێندنی زانکۆیی خوێندووە.

– وەک بیرمەند و فەیلەسووفێک لە ماوەی ٧٥ ساڵی تەمەنیدا خاوەنی ٣٠ بەرهەمی چاپکراوە، کە دیارترینیان کتێبێکی چوار بەرگییە بە ناوی: نقد العقل العربی.

– ساڵی ٢٠١٠ کۆچی دوایی کردووە.

لە بارەی کتێبەکەوە

– کتێبی (ئایین و دەوڵەت جێبەجێکردنی شەریعەت) ساڵی ١٩٩٦ بۆ یەکەمجار بە زمانی عەرەبی نووسراوە و چاپکراوە، لە ٢٠٢٠ لەلایەن نووسەری ئەم ڕانانەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و هەر لەو ساڵەدا چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

– لەم ڕانانەدا لە ڕووی هونەرییەوە تیشکمان لەسەر چاپە کوردییەکەیەتی و لە ڕووی جەوهەریشەوە قسەمان لەسەر ناوەرۆکەکەیەتی.

– کتێبەکە بە گشتی لە سێ بەش پێک دێت، بەشی یەکەم کە نووسەر ناوی لێناوە بەرایی و ٥٥ لاپەڕەی بۆ تەرخان کردووە، هەروەها دوو بەشی تر، لە بەشەکاندا بە ١٣ بڕگەی سەرەکی و ٦ بڕگەی لاوەکی بە وردی باسی لە پەیوەندی نێوان ئایین و دەوڵەت و جێبەجێکردنی شەریعەت کردووە، لە بڕگەی دەیەم و کۆتایی بەشی کۆتاییشدا بە خێرایی و لە ٨ لاپەڕەدا جارێکی تر باس لە جێبەجێکردنی شەریعەت دەکاتەوە و چەند نموونەیەک دەهێنێتەوە.

ئەمەی ڕابورد بە شێوەیەکی گشتی ناساندنی نووسەر و تیشکێک بوو لە سەر کتێبی (ئایین و دەوڵەت جێبەجێکردنی شەریعەت) کە ئەم ڕانانە دەیەوێت بە خوێنەری بناسێنێت.

دیدگایەکی گشتی لە بارەی کتێبەکەوە ئەوەیە کە پێی وایە، مەرجەعیەتی سەرەکی ئەگەر نەڵێین تاکە مەرجەع لە بواری پەیوەندی نێوان ئایین و دەوڵەت و جێبەجێکردنی شەریعەتدا بریتییە لە عەمەل و کرداری هاوەڵان.

وەک خۆی لە بڕگەی یەکەمی بەراییەکەیدا و لە لاپەڕە ٧دا نووسیویەتی: “ئەو مەرجەعەش کە لە ئەزموون و مێژووی عەرەبی و ئیسلامیدا، بنەڕەتی و پێشتر و بەرتر لە هەموانە، بریتییە لە کردار و ڕەفتاری هاوەڵان لە سەردەمی جێنشینانی ڕاشدیندا، ئەویش لەبەر ئەوەی کە لە دەقەکانی پەڕاو و سوننەتەوە تەشریع و یاساسازیی نەدەکرد بۆ کاروباری حوکم و سیاسەت، هەروەها دەقەکانیش بە هەمان ئەو وردەکاری و ڕوونییەوە کە باسی پرسەکانی تری وەک پرسی میرات و هاوسەرگیرییان کردووە، قسەیان لە پەیوەندیی نێوان دین و دەوڵەتدا نەدەکرد، چونکە بە دڵنیاییەوە بنەوانی بنەڕەتی – ئەگەر نەڵێین تاکە بنەوان و مەرجەع – لە بواری پەیوەندی نێوان ئایین و دەوڵەت و جێبەجێکردنی شەریعەتدا، بریتییە لە کردەوە و ڕەفتاری هاوەڵان” .

بۆیە نووسەر و کتێبەکەی پێیان وایە دەبێت لەم سەردەمەدا ئێمەش بگەڕێینەوە بۆ لای ئەو مەرجەعیەتە سەرەکییەی کە پێش سەرهەڵدانی ناکۆکییەکان و پەیدابوونی مەزهەبەکان، لە سەردەمی چوار خەلیفە و جێنشینەکەدا کراوە بووە و لە کاردا بووە.

نووسەر لە بەشی یەکەمی کتێبەکەیدا کە خۆی ناوی لێناوە بەرایی و لە سێ بڕگە پێکهاتووە، لە بڕگەی یەکەمدا و لە ٥ لاپەڕەدا لە بارەی ئەو قسە و هەوڵانەوە دەدوێت کە لە ئارادان لە بارەی پەیوەندی نێوان ئایین و دەوڵەتەوە و پۆلێنیان دەکات بۆ سێ چەشن بەم شێوەیە:

– سیمای ڕکابەری و کێبڕکێ و دەمەدەمێیان پێوە دیارە.

– هەندێکیشیان لە هەوڵدان ڕکابەرایەتی تێپەڕێنن و هەنگاو هەڵگرن بەرەو لێکۆڵینەوە، بەڵام ڕەخنەی قورس لەم چەشنەیان دەگرێت و دەڵێت: زۆربەی کات پشت بە چەند گریمانەیەک دەبەستن کە خۆیان گریمانەکان بە زۆر دادەتاشن، یان لە لێکدانەوە و تەئویلێکەوە بۆ هەندێک لە دەقەکان هەنگاو هەڵدەگرن، کە فشار دەخەنە سەر دەقەکان و لە ڕەواڵ و کۆنتێکستی خۆیان لایان دەدەن.

– هەندێک لە توێژەرانی هاوچەرخ پشت بە چەند مەرجەعێک دەبەستن، کە ئەوانیش بە شێوەیەک لە شێوەکان لە ژێر کاریگەریی هەلومەرجی سیاسیی سەردەمەکەی خۆیاندا بوون.

لەم بارەیەوە نووسەر لە لاپەڕە ٥دا نووسیویەتی: “سەرنجی ئەوەشمان داوە زۆربەی ئەو نووسراو و گوتراوانەی کە لە گۆشەنیگای جیاوازەوە باس لەم بابەتە دەکەن، ئیتر پاڵنەرەکەیان هەر شتێک بێت، هەموویان بە ڕاشکاوی، یان بە ئاماژە و هێما، سیمای ڕکابەری و کێبڕکێ و دەمەدەمێیان پێوە دیارە.

ئاشکراشە کە گوتاری ڕکابەریی گوتارێکە، پێش هەموو شتێک حەزی پووچەڵکردنەوەی بۆچوونی ڕکابەرەکەی ئاڕاستەی دەکات.

بە واتایەکی تر بڵێین: گوتاری دەمەقاڵێ و بەرپەرچدانەوەی یەکترە، هیچ مەعریفە و زانینێکی لێ ناکەوێتەوە و دەستی کەسیش ناگرێت بەرەو ڕاستی.

لەم بوارەدا هەندێک نووسەریش هەن لە هەوڵدان ڕکابەرایەتیی ڕاستەوخۆ و ڕوبەڕوو تێپەڕێنن و هەنگاو هەڵگرن بەرەو چەشنێک لە لێکۆڵینەوە لە دیدگایەکی تازە، یان خوێندنەوەیەکی هاوچەرخ .

ئەم بەڕێزانەش زۆربەی کات لەم کارەیاندا لەوەوە هەنگاو هەڵدەگرن و پشت دەبەستن، یان بە چەند گریمانەیەک کە بە زۆر دایاندەتاشن، بەبێ ئەوەی نە هیچ دەقێکی ئایینی، یان نموونەیەک لە ئەزموونی مێژوویی عەرەبی و ئیسلامی پشتگیریی بۆچوونەکەیان بکات، یانیش لە لێکدانەوە و تەئویلێکەوە بۆ هەندێک لە دەقەکان هەنگاو هەڵدەگرن، کە گوشار دەخاتە سەر وشە و ڕەواڵ و سیاقەکان و زیاد لە توانای خۆیان زۆریان لێ دەکات.

ئەم چەشنە ڕکابەری و خوێندنەوانەش زۆربەی کات – هەندێکیشیان بە مەبەستەوە – ئەو جیاکارییە پشتگوێ دەخەن لە نێوان ئەم هەوڵانەدا کە ئاخۆ: کامەیان مەعریفی و کامەشیان ئایدۆلۆژییە، یان کامانەیان ڕاستیی مێژوویین و کامانەشیان تەنیا خواستی خۆیی و تاکەکەسین، ئیتر جیاوازی نییە، نووسەر و لێکۆڵەرەکە لە نووسراو و گوتراوەکانی خۆیدا ئەمە بڵێت، یان لەو گوتارانەدا کە قسەیان لەبارەوە دەکات، یان کاریان تێدا دەکات، یان ئەو گوتارانەی کە لە دەور و پشتیدان، وەک گوتاری دەستە و پێڕەکانی سەر بە کەسە قسە ڕۆیشتوو و موجتەهیدەکان، بە کۆن و نوێیانەوە.

ئەمەش لە دیدی ئێمەوە هەڵەیەکی میتۆدیی مەترسیدارە، چونکە بابەتی – ئایین و دەوڵەت و جێبەجێ کردنی شەریعەت – لەو بابەتانەیە کە دەکەونە ژێر کاریگەریی سیاسەت و لە ژێر باری پێداویستی و لۆژیکی سیاسەتدان، لەوەش زیاتر دەکرێت بڵێین: زۆربەی ئەو مەرجەعانەی کە لێکۆڵەر و توێژەرانی هاوچەرخ دەگەڕێنەوە بۆ لایان و پشتیان پێ دەبەستن، بە شێوەیەک لە شێوەکان ئەوانیش لەژێر کاریگەری هەلومەرجی سیاسی سەردەمەکەی خۆیاندا بوون و لەوێوە ئاڕاستەیان وەرگرتووە، ئەگەر لێکۆڵەری هاوچەرخ خۆی خاوەنی هەواداری و دونیابینییەکی سیاسی بێت و بیەوێت بیسەپێنێت و بیکاتە باو، ئەوا بە دڵنیاییەوە حەقیقەت و ڕاستی، لە نێوان خەیاڵپڵاوەکانی سیاسەتی ڕابردوو و دۆڵ و نشێوەکانی سیاسەتی ئێستادا، گوم دەبێت و تێدا دەچێت.

ئەوەی کە دەمانەوێت لە ڕێگەی ئەو چەند تێبینییە خێرایەمانەوە بیخەینە ڕوو، بریتییە لە: پێداگری کردنمان لەسەر پێویستی بنیاتنانی مەرجەعیەتێکی ئەوتۆ کە پێشکەوتووتر و زیاتر متمانەپێکراوتر بێت لە مەرجەعییەتە مەزهەبییەکانی ڕابردوو، بە دیاریکراویی مەبەستم ئەو مەرجەعیەتانەیە کە لە بنەڕەتەوە وەک باری سەرنجی کەسێک بوون و بە مەبەستی پشتیوانی هەڵوێستێکی سیاسی دیاریکراو هاتوونەتە گۆڕێ” .

نووسەر لە کۆتایی ئەم بڕگەیەدا باس لە دوو پرسی زۆر گرنگ دەکات کە بریتین لە:

– ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی گشتی (المَصْڵحَة).

– سەرلەنوێ داڕشتنەوە و بردنەوە سەر بنەوانی بنەماکان (تَأصِیل الأُصول) .

لەم بارەیەوە لە لاپەڕە ١٠ نووسیویەتی: “بەڵکو ئەو بنەمایەی کە ئەوان – هاوەڵان – هەمیشە دەیانپاراست و مەبەستیان بوو ڕەچاوی بکەن، بریتی بوو لە بەرژەوەندی، نەک هیچی تر.

بۆیە دەبینین هەمیشە ئەوەیان کردووە کە بەرژەوەندی خواستوویەتی، ئەگەر هەلومەرجە تایبەتییەکە خواستبێتی چاوپۆشیشیان کردووە لە دەقەکان، تەنانەت ئەگەر ڕاشکاو و یەکلاکەرەوەش بووبن.

ئەم سەردەمەی ئەمڕۆشمان چەند خواست و پێداویستییەکی هەیە، جیاواز لەو خواستانەی کە لە سەردەمی فەقیهـ و موجتەهیدە دێرینەکاندا هەبوون و ناچاری کردوون تا بیر لەو بنەما و بنەڕەت و میتۆدی کارکردنانە بکەنەوە کە دایانڕشتوون”.

لە بارەی پرسی دووەمیشەوە لە هەمان لاپەڕەدا نووسیویەتی: “خواست و سەرقاڵی و گرفتەکانی ئەم سەردەمەشمان دەخوازێت ئەو کۆت و بەندانە تێپەڕێنین کە لە ڕابردوودا زانینی ئایینییان پێ کۆت و بەند کرابوو، مەبەستم ئەوەیە بە نەرموونیانییەوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا بکرێت و لەو گۆشەنیگایەشەوە سەیریان بکەین کە هەوڵێکی ڕێژەییی و مێژوویی بوون.

ئێمە لێرەوە کە بانگەواز بۆ ئەوە دەکەین، بۆچوون و ئیجتیهادە پێشووەکان بخەینە نێوان دوو کەوانەوە و ڕاستەوخۆ بگەڕێینەوە بۆ لای – کرداری هاوەڵان – ، چونکە ئەو بابەتەی ئێمە لە بیری چارەسەریداین لە لایەکەوە بابەتێکی ئایینییە و بابەتی ئایینیش سروشتی وایە دەبێت بگەڕێیتەوە سەر بنەڕەت و بناغە سەرەکییەکەی، لە لایەکی تریشەوە -کرداری هاوەڵان – لەو ڕووەوە کە ئێمە قسەی لەبارەوە دەکەین سروشتی وایە کە بوارێکی ڕێژەیی و تیۆری و مێژووییە، ئەمەش وا دەکات کردەوە و کردارەکەیان کراوە و ئیلهامبەخش بێت و دەرگای لێکۆڵینەوە و نوێگەرییش تێیدا هەمیشە کراوە بێت” .

لە بڕگەی دووەمی بەشی یەکەمدا کە نووسەر ٢٥ لاپەڕەی بۆ تەرخان کردووە، بە وردیی باس لە بابەتێک دەکات کە لە کۆتایی بڕگەی یەکەمدا ئاماژەی بۆ کردووە، ئەویش سەرلەنوێ داڕشتنەوەی بنەوان و مەرجەعیەتی فیقهییە بە پشتبەستن بە کردای هاوەڵان بۆ ڕوونکردنەوەی مەبەستەکەشی لەبارەی کرداری هاوەڵانەوە لە سەرەتای لاپەڕە ١١ دەنووسێت: “مەبەستمان لە – کرداری هاوەڵان – کۆی کردار و پیادەکردنە سیاسی و یاساسازی و تەشریعییەکانیانە، چ بە کردار بێت، یان بە گوفتار، ئاشکرایە کە ئەم پرسەش پەیوەستە بە ئەزموونێکی مێژووییەوە، کە ئەویش وەک هاوشێوەکانی تری بە پێدراوە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و کولتورییەکان دەورە دراوە، کە بە هەموویانەوە بوونەتە ڕاگری مێژوو و کۆمەڵگەکەیان لەو سەردەمەدا.

کەواتە با بە دەرخستن و خستنەڕووی ئەو پێدراوانە دەست پێ بکەین، واتە: ئەو ڕاستییە مێژوویی و کۆمەڵایەتییانەی کە دەبوونە چوارچێوە بۆ بابەتی – ئایین و دەوڵەت – لەو سەردەمەدا، دوای ئەوەش دەگەڕێینەوە سەر بابەتی – جێبەجێ کردنی شەریعەت” .

نووسەر لە ١٢ لاپەڕەدا و بە خستنەڕووی پێنج ڕاستی و زۆر بە وردی و بابەتیانە و بوێرانە قسە لەسەر ئەو ڕاستییە مێژوویی و کۆمەڵایەتیانە دەکات، کە لە سەردەمی سەرهەڵدانی پێغەمبەردا دەبوونە چوارچێوە بۆ بابەتی یاساسازی و ئایین و دەوڵەت.

دوابەدوای خستنەڕووی ئەو پێنج ڕاستییە مێژوویی و کۆمەڵایەتییە، نووسەر قسە لەسەر بابەتێکی حاشاهەڵنەگر دەکات، کە ئەویش بریتییە لە زەمینەی سەرهەڵدانی جیاوازی لە تێڕوانینە فیقهی و سیاسییەکاندا لەبارەی ڕابەرایەتی و ئیمامەت لە ڕوانگەی پەیوەندی نێوان ئایین و دەوڵەتەوە، قسە لەسەر بۆچوونی شیعە و سوننە و موعتەزیلە و خەواریج دەکات لەم بارەیەوە و دابەشیان دەکات بەسەر سێ هەڵوێستدا، وەک زەمینەسازییەک بۆ خستنەڕووی سێ هەڵوێستەکە لە لاپەڕە ٢٢ دا نووسیویەتی: “بەو پێیەش کە پرسی سیاسی لەو سەردەمەدا وەک بینیمان بابەتی ناکۆکییەکی فرە ڕەهەند بووە، بەو هۆیەوە دیدگا و ئاسۆکانی بیرکردنەوەش لەبارەی پرسی ئیمامەت و خیلافەتەوە، جیاوازبوون تا ئاستی دژبەیەکی، چونکە هەموو خاوەن دیدگا و بۆچوونێک، ئەوەی هەڵدەبژارد – لە سەردەمی ڕاشدیندا – کە بگونجایە و دەستی بدایە بۆ ئەوەی بیکاتە مەرجەع و بنەوانێک بۆ دیدگا و بۆچوونەکەی خۆی، واتە: ئەوەی کە بشێت بۆ ئەوەی هەڵوێستە سیاسییەکەی خۆی پێ بپەڕێنێتەوە و بیکاتە بەڵگە بە دەستییەوە لە سەردەمەکەی خۆیدا”.

لە لاپەڕە ٢٩دا نووسەر لە سێ خاڵدا باس لە چییەتی مەرجەع و چۆنێتی سوود لێوەرگرتن و بەکارهێنانی لە لایەن موتەکەلمینەوە دەکات، وەک پێشگریمانەیەکیش لە دەستپێکدا دەنووسێت: “بە واتایەکی تر مەرجەع لێرەدا بریتییە لە ئەزموونی مێژوویی ئوممەت، نەک دەقی ئایینی” .

لە کۆتایی ئەم بڕگەیەشدا و لە لاپەڕە ٣٤دا نووسەر بە ڕوونی و بێ پەردە باس لە (أولی الأمر) دەکات و قسە و بۆچوونێکی ئەبووبەکری ئیبنولعەرەبی (٤٦٨ە/ ١٠٧٦م -١١٤٨م) دەگوازێتەوە و دەنووسێت: “لەم بارەیەوە ئەبووبەکر ئیبنولعەرەبیی، فیقهزانی ئەشعەریی ئەندەلوسیی ناسراو، دەڵێت: لە سەرەتای ئیسلامەوە حوکمڕانەکان زاناش بوون، ڕەعیەتیش سەرباز بوون، بەڕێوەبردن لەسەر ئەم شێوازە درێژەی کێشا تا کار گەیشتە ئەوەی خەڵکی ڕەشۆکی، پێڕێک بوون و حوکمڕانەکانیش پێڕێکی تر، تا دواتر خوداوەند بە توانای خۆی ئیشەکانی جیاکردنەوە و پرسەکەی یەکلایی کردەوە و زانایان بوونە دەستەیەک و حوکمڕانەکانیش دەستەیەکی تر، ڕەعیەت بوونە پۆلێکی دیاریکراو و سەربازیش پۆلێکی تر، کارەکان لێکئاڵان و ژیانی خەڵک ڕێکنەدەخرا، خەڵک ڕژانە سەر ڕێگەکان و بە حیسابی خۆیان داوای ڕێکخستن و ڕاستکردنەوەیان دەکرد و دەستیشیان نەکەوت، تا دونیاش دونیایە دەستیان ناکەوێت، چونکە ئەستەمە کەسێک کە لە ڕێگەی گەیشتن بە مەبەستەکەی لای دابێت و بیەوێت پێی بگات.

هەرچەندە ئیبنولعەرەبیی پێی وایە جیابوونەوە و لێکدابڕانی زانایان و حوکمڕانەکان دوای جێنشینە ڕاشدەکان قەزا و قەدەرێکی خوداییە و هیچ هیوایەک لە ئارادا نییە بۆ گەڕانەوە بۆ سەر ئەو حاڵەتەی لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئیسلامەوە ئوممە لەسەری بووە، لە بەرامبەریشەوە بە پێویستی دەزانێت ڕاوێژ بکرێت بە زانایان و کار بکرێت بە فەتوا و ڕێنماییەکانیان.

لە ڕاڤەی ئەم ئایەتەدا: یاأێُّهَا الذینَ آمَنوا أَطِیعوا اللَّهَ وأَطِیعوا الرَّسول وأوْلِی الْأَمْر مِنْکُمْ. دەڵێت: بڕگەی وأوْلِی الْأَمْر مِنْکُمْ، دوو قسە و بۆچوون هەیە لە بارەیەوە:

یەکەمیان پێی وایە: مەبەست لەم دەستەیە، فەرماندەی یەکینە سەربازییەکانە، واتە: فەرماندە سەربازییەکان ئەوانەی کە پێغەمبەر داینان لەسەر یەکە سەربازییەکانی سوپاکەی، ئەمە دێرینترینی ئەو دوو قسە و بۆچوونەیە.

قسەی دووەمیش پێی وایە: مەبەست لەم دەستەیە – زانایانن – ئەمەش ڕاوبۆچوونی شوێنکەوتوان و پێشەواکانی ئەم دواییەن. پاشان ئیبنولعەرەبیی قسە لەسەر ئەمە دەکات و دەڵێت: قسەی ڕاست بە لای منەوە ئەوەیە کە هەردووکیانن، هەم فەرماندە و حوکمڕانەکان و هەم زانایانیش. سەبارەت بە فەرماندە و حوکمڕانەکان، چونکە ئیشەکە ئیشی خۆیانە و بە دەستی خۆیانە.

زانایانیش، لەبەر ئەوەی پرسیار لێکردنیان واجب و ئەرکە لە ئەستۆی خەڵکدا و جێبەجێکردنی وەڵامەکانیشیان پێویستە، گوێڕایەڵیی فەتواکانیشیان واجبە.

پرسیاری گرنگ ئەمەیە کە ئایا کێ حوکمڕان و فەرماندەکان وادار دەکات تا پرسیار لە زانایان بکەن و کار بە فەتواکانیان بکەن؟ ئەمە پرسیارێکی هەڵپەسێردراوە، ئایا بەس بە ئامۆژگاریکردن وادار و ناچار دەکرێن تا پرسیار بکەن، ئەزموون سەلماندویەتی، تەنیا ئامۆژگاری سوودی نییە؟ یان پێویستە لە ڕێگەی بەکارهێنانی هێزەوە ناچار بکرێن بەو کارە، ئەویش بە ڕێکخستن و هاندانی خەڵکیی دژیان (ئەمە تاکە هێزە کە زانایان دەتوانن کاری تێدا بکەن و بەکاری بهێنن) لەم حاڵەتەدا کێ دەستەبەری ئەوە دەکات، ئەم کارە سەرنەکێشێت بۆ ئاژاوە و پشێوی، زانایان لە هەموو کەس زیاتر دەزانن زیانی پشێوی و ئاژاوە چەندە و لە هەموو کەسیش زیاتر مەبەستیانە کۆمەڵگەی لێ بپارێزن؟ ئەم پرسیارانە ڕاستەوخۆ دەستمان دەگرن بەرەو بەشی دواتر لەم لێکۆڵینەوەیەدا، مەبەستم ئەوەیە دەستمان دەگرن بەرەو باسی جێبەجێ کردنی شەریعەت” .

لە دوا بڕگەی ئەم بەشەدا کە ١٨ لاپەڕەی بۆ تەرخان کراوە، لە لاپەڕە ٣٧دا نووسەر بە ڕوونی قسە لەسەر چییەتی هەریەکە لە ئایین و دەوڵەت و پەیوەندی نێوانیان دەکات و دەنووسێت: “ئەگەر پەیوەندیی نێوان ئایین و دەوڵەت لە ئیسلامدا، گرفتی ئەوەی هەبێت کە چەند دەقێک لە قورئان و سوننەدا نییە ڕوونی بکەنەوە کە ئایا دانان و دەستنیشان کردنی ئیمام و پێشەوا و – دامەزراندنی دەوڵەت – واجبە، یان نا، هەروەها باسی چۆنێتی هەڵبژاردنی و دەسەڵاتەکانی دەستنیشان بکەن… تاد.

ئەوا لە حاڵەتی واجب بوونیدا ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر هەیە، ئەویش بریتییە لەوەی کە ئیسلام لە عەقیدە و شەریعەت پێکهاتووە، ئەگەر عەقیدە و بیروباوەڕ تایبەت بێت بە باوەڕبوون بە خوداوەند و فریشتەکانی و پەیامەکانی و پەیامهێنەکانی و ڕۆژی دوایی، کە دەکرێت ئەم بەشە تایبەت بکرێت بە پەیوەندی نێوان مرۆڤ و پەروەردگاریەوە، شەریعەتیش بێجگە لە سروت و دروشمە پەرستشییەکان، کە ئەمانیش دەچنە هەمان خانەی پەیوەندی نێوان خوداوەند و بەندەکانییەوە، بێجگە لەمانیش چەند حوکم و فەرمانێک لەخۆ دەگرێت کە سروشتێکی کۆمەڵایەتییان هەیە و پەیوەندییەکانی خەڵک ڕێکدەخەن لە نێوان خۆیاندا، ئەمەش پێویستی بە دەسەڵاتێکە تا ئەو حوکمانە جێبەجێ بکات، وەک سنوورەکان و سزاکان… تاد.

بێجگە لەوەش ئەرکی پاراستنی قەڵەمڕەوی ئیسلام و سەنگەرەکانی پێشەوەی پارێزگاری، کە دەچێتە خانەی تێکۆشان و جیهادەوە و یەکێکە لە فەرزکراوەکانی ئایین، سەرەڕای ڕاجیایی فەقیهەکان لە بارەی چەشنی فەرزبوونەکەیەوە، ئایا فەرزی کیفایەیە، یان فەرزی عەینە، واتە: ئایا بە ئەنجامدانی لە لایەن چەند کەسێکەوە لە ئەستۆی ئەوانی تر دەکەوێت، یان پێویستە هەر کەسە و خۆی پێی هەستێت؟ لە هەردوو حاڵەتەکەدا پێویستی بە سەرکردایەتی و فەرماندەیەک هەیە تا هەستێت بە ئەرکی کۆ کردنەوە و ڕێکخستنی سەربازەکان و ڕەوانەکرن و هێنان و بردنیان و کێشانی نەخشەی سەربازی و داڕشتنی پلانی کورتخایەن و درێژخایەن بۆیان و… تاد” .

دوابەدوای ئەم بابەتە و هەر لەم بڕگەیەدا و لە لاپەڕە ٤٠ بەدوا باس لەوە دەکات کە ئامادەبوونی پێغەمبەر (سڵاوی لەسەر) و بەردەوامی وەحی، هاوەڵان بە گشتی و عومەری کوڕی خەتاب بەتایبەتی هاوبەشییان کردووە لە یاساسازی و داڕشتنی بڕیار و هەڵگرتنی هەنگاوەکاندا، کە ئەم حاڵەتە لە کەلەپووردا بە موافەقاتی عومەر ناو دەبرێن.

نووسەر بۆ ڕوونکردنەوەی دیدگاکەی خۆی بەڵگە دەهێنێتەوە و لە لاپەڕە ٤١ دا دەنووسێت: “لەم بارەیەوە باس دەکرێت کە عومەری کوڕی خەتاب خۆشی ئاگای لەم حاڵەتە هەبووە و هەستی پێ کردووە و بە دڵنیاییەوە شانازیشی پێوە کردووە و وتووشیەتی: لە سێ جێگەدا بۆچوونەکانم لەگەڵ بڕیارەکانی پەروەردگارمدا ڕێک هاتوونەتەوە، وتم:

– ئەی پەیامهێنی خوداوەند ئەگەر پێگەکەی ئیبراهیم بکەینە جێگەی نوێژکردن باشترە، ئەم ئایەتە دابەزیی: ۆاتَّخِذوا مِنْ مَقَامِ إِبْرَاهِیمَ مُصلی.

– هەروەها وتم: ئەی پەیامهێنی خوداوەند، هاوژینەکانت خەڵکی چاکەکار و نالەباریش هاموشۆیان دەکات، فەرمانیان پێ بکە با پەردە بگێڕن بۆ حەرەمسەراکانیان و خۆشیان داپۆشن، ئایەتی حیجاب و خۆ داپۆشین دابەزیی.

– هاوسەرەکانی پێغەمبەر لەسەر غیرە لە یەکترکردن لێی کۆبوونەوە و پێم وتن: وریا بن نەکا خوداوەند فەرمانی پێ بکات ئێوە تەڵاق بدات و چەند ژنێکی لە ئێوە باشتری بداتێ، دیسانیش وادەرچوو، ئەو ئایەتە دابەزیی کە باس لەم بابەتە دەکات.

– گێڕانەوەیەکی تریش دەگێڕنەوە کە دانی بە ڕاستیی بۆچوونەکەی عومەردا ناوە، ئەویش لەبارەی دیلەکانی جەنگی بەدرەوەیە، کە دواتر لە بارەیەوە ئایەت دابەزی، هەروەها باسی چەندین ئایەتی تریش دەکەن کە بە هەمان ئەو شێوە داڕشتنە هاتوون، کە پێش دابەزینیان عومەر وتوونی و دەریبڕیون، بەو ئایەتانەشیان وتووە: ئەو بڕە لە قورئان کە لەسەر زمان و زاری عومەرەوە دابەزیوە.

ئەم موافەقات و ڕێک دەرچوونانەی عومەر، ئەگەر بەڵگە بن لەسەر شتێک، بەڵگەن لەسەر ئەوەی شەریعەتی ئیسلامی بەپێی خواستی هەلومەرجە کۆمەڵایەتییەکەی ئەو دەمە دابەزیوە، مەبەستم لایەنی ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانە تێیدا.

خۆ عومەر وەحی و نیگای بۆ دانەدەبەزی، بەڵکو ئەزموون و لێهاتنە کۆمەڵایەتییەکەی و هەستی یاساپارێزییەکەی و سووربوونی لەسەر ئەوەی لە پرس و پێشهاتەکاندا بە دوای بەرژەوەندیدا بگەڕێت، ئەمانە بوون وایان کردبوو ئاڕاستەی بیرکردنەوەکانی یەکیان دەگرتەوە و ڕاست دەهاتنەوە لەگەڵ مەبەستەکانی شەریعەتدا و لە یەک خاڵی بنەڕەتیدا یەکیان دەگرتەوە، کە ئەویش بریتی بوو لە بەرژەوەندیی گشتیی” .

بەشی دواتریش کە نووسەر ناوی لێناوە بەشی یەکەم و لە لاپەڕە ٥٩وە تا لاپەڕە ١٢٧ی بۆ تەرخان کردووە، لە بڕگەی یەکەمی ئەم بەشەدا و لە لاپەڕە ٥٩ و ٦٠دا لە ڕووی لۆژیکییەوە پرسیاری: ئایا ئیسلام ئایینە، یان دەوڵەت؟ دەخاتە ژێر نەشتەری ڕەخنە و دەنووسێت: “هیچ شتێک وەک پرسیارە بێ بنەما و ساختەکان بەرچاوی مرۆڤ تەڵخ ناکات و سەرگەردانی و سەرلێشێوانی هزری و فیکریی بۆ دروست ناکات.

پرسیاری بێ بنەما و ساختەش ئەوانەن: وەک پرسیارەکانی منداڵان، پرسیارگەلێک کە چەند گرفت و دژوارییەکی بێ بنەما و ساختە دەوروژێنن، گوایا گرفت و دژواریی ڕاستی و حەقیقین.

مەترسیی پرسیاری ساختە لەوەدایە کە بەدوای وەڵامێکی ساختەدا دەگەڕێت تا لەوێوە دژوارییەک، یان چەند دژواری و گرفتێکی تری پێ بوروژێنێت.

چونکە هەموو پرسیارێک کە دەکرێت، لەگەڵ خۆیدا پرۆژە وەڵامێک هەڵدەگرێت، کاتێک پرسیارەکەش لە داڕشتەیەکی دوانەیی بەرامبەر بە یەکدا دەخرێتە ڕوو، وەک: ئایا ئیسلام ئایینە، یان دەوڵەتە؟ ئەو کات پرسیار لێکراوەکە و لەوێشەوە بیر و پرۆسەی بیرکردنەوەش، دەخاتە بەردەم دابەشبوونێکی لۆژیکی دوانەیی گەمارۆدراوی ئەوتۆوە، کە یەکێک لەم دوو بژاردەیە دەسەپێنێت، یان: – ئیسلام ئایینێکە بە بێ دەوڵەت – یان – ئیسلام ئایین و دەوڵەتیشە .

بەڵام گریمانەی سێیەم کە بریتییە لە: ئیسلام دەوڵەتە، نەک ئایین لە ئارادا نییە، چونکە ئیسلام بەو پێیەی کە ناسێنراوە، ئایینە.

هەروەها پرسیاری ساختە ئەو پرسیارانەن کە زۆربەی کات دژواری و گرفتەکەیان لە واقیع و هەلومەرجی ئێستای ژیانەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکو لە بیرێکی خەیاڵپڵاوییەوە، یان بیرێکی پاکتاوکراوی سەرووی دونیای مادییەوە سەرچاوە دەگرێت و تەعبیر لەو دەکەن، یان لە بوارێکی دیاریکراودا گرفتێک دەخەنە ڕوو، کە ناواخنی گرفت و پرسیارەکەی لە هەلومەرجێکی ترەوە هەڵگۆزیوە.

ئەو دوالیزمییەش کە ئێمە بە دوایەوەین و دەمانەوێت باسی بکەین، بریتییە لە دوالیزمی: ئایین و دەوڵەت لە بیری عەرەبیی نوێدا، کە ئەویش لەم چەشنەی کۆتایی گرفتەکانە.

چونکە پرسیاری: ئایا ئیسلام ئایینە، یان دەوڵەت، پرسیارێکە هەرگیز لە سەردەمی کۆندا و تا سەرەتای سەدەی ڕابردووش، نەکراوە و لە کەس نەبیسراوە، بەڵکو یەکەم جار لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابردووەوە بە ناوەرۆکێکەوە کە پەیوەست نەبوو بە کەلەپووری ئیسلامییەوە کرا و خرایە ڕوو، ناوەرۆکێکی بوژێنەرەوەی – نَهْضوی – ئەوتۆ کە ڕەگ و ڕیشە و لق و پۆپەکەشی لە نموونە ژیارییە ئەوروپیەکەوە بوون، ئەو ژیارەی کە تا ئێستاش عەرەبەکان بە ئاواتەوەن لە وڵاتەکانیاندا بیهێننە دی و بەرپای بکەن، بەتایبەت ئەو بەشەی کە پەیوەندی بە پێشکەوتن و بووژانەوە و ژیانەوەوە هەیە” .

لەم بەشەدا نووسەر بە وردی باس لە پرسی ئایین و دەوڵەت و پەیوەندی نێوانیان دەکات و بەو ئاکامە دەگات کە لە لاپەڕە ٧٣دا دەنووسێت: “پوختەی بابەتەکە ئەوەیە کە کاتێک پێغەمبەر پرسەکەی جێ هێشت بۆ هاوەڵەکانی تا دوای خۆی بە لایەکیدا بخەن، کەواتە هاوەڵان هەرچییان بڕیار دابێت و جێنشینان هەرچییان کردبێت و فیقهزانەکانیش هەرچییان وتبێت لەبارەی جێنشینایەتی و خیلافەتەوە، هەمووی لە خانەی ئیجتیهاد و بنکۆڵکردن و لێکۆڵینەوەدایە، لێکۆڵینەوەش لە بابەتێکدا کە ئیش لەسەرکردنی جێهێڵرابێت بۆ موسڵمانان، بە دڵنیاییەوە بە گۆڕانی هەلومەرج و سەردەمەکان، ئەو لێکۆڵینەوە و ئیجتیهادەش دەگۆڕێت” .

دوا بەشی کتێبەکەش کە نووسەر ناوی لێناوە بەشی دووەم، لە لاپەڕە ١٣١وە دەست پێ دەکات تا لاپەڕە ٢٠٩، واتە ٧٨ لاپەڕەی بۆ تەرخان کردووە و لەم بەشەشدا نووسەر زۆر بە وردی و بابەتیانە باس لە چۆنێتی جێبەجێکردنی شەریعەت و ئەو لایەنەی کە ئەم ئەرکەی دەکەوێتە ئەستۆ دەکات.

سەرەتا ڕەخنە لە بەرزکردنەوەی چەند دروشمێک دەگرێت، لەوانە: بێداری و سەحوەی ئیسلامی، ئیسلام چارەسەرە و… تاد.

لەم بارەیەوە لە لاپەڕە ١٣١ دا دەنووسێت: “لەم ساڵانەی دواییدا و لە گۆڕەپانی گوتاری عەرەبیی ئیسلامیدا، دەستەواژەی بێداریی ئیسلامی بڵاو بووەوە. سەرەڕای پەیوەستبوونی ئەم دەستەواژەیە بە چەند ڕووداوێکی دیاریکراوەوە و لە سەرووی هەمووشیانەوە شۆڕشی ئێرانی و دەرکەوتنی هەندێک ڕێکخراو و ڕێکخستن کە کار بۆ بانگەواز و جێبەجێکردنی سیستمی ئیسلامی دەکەن لە بوارە جیاجیاکانی ژیانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیدا، سەرەڕای ئەمانەش هێشتا لە دیدی ئێمەدا دەستەواژەی بێداری – الصحوة – هەر نامۆیە بە فەرهەنگی ئیسلامی، یان لانی کەم ناگونجێت نە لەگەڵ ئەوەدا کە ئێستا هەیە و نە لەگەڵ ئەوەشدا کە پێویستە ببێت.

چونکە ناوبردن و وەسفکردنی ئەوەی کە لە ئێران ڕوویدا، یان ئەو ڕووداو و پێشهاتانەی کە هەندێک لە وڵاتە عەرەبی و ئیسلامییەکان بە خۆیانەوە بینییان لە سەرهەڵدانی چەندین بزووتنەوە و تەڤگەر، کە کاریان دەکرد بۆ بانگەواز و جێبەجێکردنی سیستمی ئیسلامی، ناونان و ناوبردن و وەسفکردنی ئەم حاڵەتانە بە بێداریی ئیسلامی ئەوە دەدات بە گوێ و زەینی مرۆڤدا کە پێش ئەم ڕووداوانە ئیسلام لە خەودا بووبێت، یان ئامادە نەبووبێت و بزر بووبێت لە گۆڕەپانەکەدا، لە کاتێکدا کە ئیسلام چ وەک بیروباوەڕ و چ وەک شەریعەت و ڕێساش، یان وەک نموونە و بەهایەکی باڵا بۆ ژیان، هەرگیز نە – خەوتووە – و نە ڕۆژێکیش نادیار و بزر بووە، نە لە ناخی موسڵمانان و نە لە ڕەفتار و هەڵسوکەوتی زۆربەشیاندا.

ئەمە لە لایەکەوە، لە لایەکی تریشەوە لە دیدی ئێمەوە وشەی – بێداری – بەس نییە و ناتوانێت لە ئاستی ئەو خواست و داواکاری و پێداویستییانەدا بێت کە لەم هەلومەرج و ژیانە هاوچەرخەدا بە هەموو دیاردە و ڕووکارە ئاڵۆزەکانییەوە ڕووبەڕووی موسڵمانان بووەتەوە. – بێداری – هەڵچوونە نەک کردار، موسڵمانانیش پێویستیان بە کردارە و خواستی کرداریان لەسەرە، نەک تەنیا هەڵچوون، تەنانەت با هەڵچوونەکە بۆ دەربڕینی ئەو شتەش بێت کە لە دەرووندا ڕوو دەدات.

ئێمە بە دووری نازانین وشەی – بێداری -ش، تەنیا وەرگێڕانێک بێت بۆ وشەیەکی هاوشێوە لە زمانە ئەوروپییەکاندا، چونکە ڕۆژنامە ڕۆژئاواییەکان، ئەو جووڵانەوە و بزاوتانەی کە هەندێک وڵاتانی عەرەبیی و ئیسلامی – بەناوی ئیسلامەوە – بە خۆیانەوە بینییانن، بە دەستەواژەیەک ناویان بردن کە وەرگێڕانەکەی دەبێتە: بێداریی ئیسلام”.

نووسەر ئەم بەشە لە کتێبەکەی کە دوا بەشیەتی، دابەش کردووە بە سەر ١٠ خاڵدا و لە هەر یەکێک لەو خاڵانەدا قسە لەسەر بابەتێکی سەربەخۆ دەکات وەک: چەمک و دەستەواژەکانی:

– بێداری.

– سەلەفییەت و ئەزموونی مێژوویی.

– توندئاژۆیی و پەڕگیری بە ڕاست و چەپدا.

– پەڕگیری لە نێوان بیروباوەڕ و شەریعەتدا.

– لەپێناو ئیجتیهاد و لێکۆڵینەوەیەکی هاوشان لەگەڵ سەردەمدا.

– پەسەندبوونی حوکمە شەرعییەکان لە ڕووی فام و ژیرییەوە.

– حوکمەکان و گەڕان و هاتن و چوونیان.

– هەموو سەردەمێک خواستە گرنگەکانی خۆی هەیە.

– بە شوبهە و ناڕوونییەکان سنوورەکان لادەن.

– لە بارەی جێبەجێکردنی شەریعەتەوە.

Send this to a friend