• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
August 30, 2020

یاسای چاکسازیی هەرێم، ئاستەنگ و پێشهاتەکان

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە 2ی تەمووزی2020ی گۆڤاری ئایندەناسی

ئامادەكردن: عەدنان ئەحمەد

لە هەر کات زیاتر هەرێمی کوردستان پێویستی بە چاوپیاخشاندنەوە و چاکسازی هەیە لە بەڕێوەبردن و ڕێکخستنە داراییەکانیدا. قەیرانی دارایی لە ئێستادا نەک لە دەروازەکانی هەرێمی داوە، بەڵکوو لەناو ئاستە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیشدا شۆڕ بووەتەوە. چاکسازی لە بوارەکانی سەرچاوەکانی داهات و دەروازە و دەرچەکانی، کە لە خولی پێشووی پەرلەمانەوە چەندین هەوراز و نشێویی بەخۆیەوە دی تا گەیشتە پەسەندکردنی، لە کارنامەی حکومەتی هەرێمیشدا وەک بڕگەیەکی سەرەکیی پەسەندکراوی سەرجەم لایەنەکانی پێکهێنەری کابینەش بوو، کە دیسانەوە لە پەرلەمانەوە دەنگی پەسەندکراویی بەدەست خست، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەم لە ڕێکار و هەم لە چەسپاندنیدا ڕێگاکەی بێ هەوراز نییە،  دۆخی سیاسی و ئابووریی هەرێمی کوردستانیش هاوکاری چەسپاندنیەتی؟ ئاستەنگەکانی چین؟ پێشهاتەکان و سیناریۆکانی جێبەجێکردنی کامانەن؟

لە ٧٦٪‏ی سەرچاوەی داھاتی ھەرێم پشتی بە نەوت بەستووە، چونکە 34٪ی داھات لە فرۆشتنی نەوتی هەرێم و ٤٢٪ی لە بەغداوە دێت، کە ئەویش سەرچاوەی سەرەکیی ھەر فرۆشتنی نەوتە. زۆر لە پسپۆڕانی بواری ئابووری کۆکن لەسەر ئەوەی ئەم پشتبەستنەی حکومەتی هەرێم بە نەوت و جۆری ئیدارەدانی دۆسیەکە، سەرچاوەی قەیرانە داراییەکان بووە. ئەو بڕە لە داهات گەیشتووە بە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، دەرخەری ئەو پشتبەستنە زۆرەیە بە داهاتی نەوت کە داهاتی ناوخۆ: ٢٤٠ ملیار، نەوت: ٣٦٠ ملیار، بڕی نێردراو لەلایەن حکومەتی عێراق: ٤٥٢ ملیار و سەرچاوەکانی دیکەش نزیکەی ٢٠ ملیارە.

د. خالید حەیدەر؛ پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی ئابووری لە زانکۆی سلێمانی، دەربارەی ئەوەی چۆن داھاتی ھەرێم کەمتر پشت بە نەوت ببەستێت، پێی وایە پێویستە پشت بە توانا ناوخۆییەکان لە ھەموو بوارەکان ببەسترێت. بۆ نموونە؛ کشتوکاڵ کە دەتوانرێت پێش بخرێت و توانای باشی ھەیە تاکوو پێداویستییە ناوخۆییەکان پڕ بکرێتەوە، ئەمەش وا دەکات لەتەنیشت داھاتی نەوت، داھاتێکی دیکەمان ھەبێت و بەو بەرھەمە خۆماڵییانە داھاتێکی دیکە بۆ ھەرێم دەستەبەر بکەین، چونکە ئەگەر توانای کشتوکاڵیمان بەرز بێتەوە، دەتوانین ھەناردەی دەرەوەی بکەین و ھاوڵاتییش بە ھۆی ئەوەی بەرھەمی ناوخۆ بەکار دەھێنێت، پارەی ھەرێم ناچێتە دەرەوەی وڵات. بەم جۆرە دەبێت ھەوڵ بدەین بگەین بە قۆناغی خۆژێنی و ئەو پارەی دەستمان دەکەوێت، نەچێتە دەرەوە. یەکێکی دیکە لە سەرچاوەکانی داھات کە دەتوانین پەرەی پێ بدەین، کەرتی گەشتوگوزارە و ئەگەر بە شێوەیەکی باش کاری تێدا بکرێت، دەکرێت ببێت بە سەرچاوەیەکی باشی داھات، ئەویش ئەو کاتەی ژیان لەدوای کۆرۆنا ئاسایی ببێتەوە و گەشتیاران ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بکەنەوە.

باس لەوەش دەکات لەبەر ئەوەی چالاکیی نەوت زاڵە بەسەر ئابووریی ھەرێمی کوردستاندا، بەشی زۆری داھات پەیوەستە بە نەوتەوە، دابەشکردنی مووچەش کە پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت؛ دڵنیایی تێدا نییە، ئەمەش کار دەکاتە سەر چالاکی و جووڵەی بازاڕ و خاوی دەکاتەوە، چونکە ژمارەیەکی زۆر مووچەخۆر ھەیە لە ھەرێم، ئەم مووچەیەش ژیانی بەشێکی زۆری خەڵکی ھەرێمی پێوە بەندە، چونکە مووچەی ھەر مووچەخۆرێک داھاتە بۆ چەند کەسێک یان زیاتری خێزانەکەی.

سەبارەت بە زیادکردنی داھاتی ھەرێمی کوردستان، عەلی حەمە ساڵح؛ سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان، سەرۆکی لیژنه‌ى وزه‌ و سامانە سروشتییه‌كان و پیشه‌سازى و بازرگانی و ئەندامی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان، باوەڕی وایە سیستمی باج پێداچوونەوەی گەورە و پێویستی دەوێت، وەرگرتنی باج لە کۆمپانیا گەورەکان بەتایبەت کۆمپانیاکانی نەوت، گەیاندن و نیشتەجێبوون، چونکە دەتوانرێت بوترێت لەم دۆخەدا پارەی گەورە لای ئەوانە و ئەمەش پێداچوونەوەی دەوێت. جگە لەمانەش خاڵە سنوورییەکان، کۆمپانیاکانی خاڵە سنوورییەکان و ڕێگری لە کاری قاچاخییش پێداچوونەوەی دەوێت، بۆیە بە پێداچوونەوە لەم بوارانەدا، تا ئاستێکی زۆر دەتوانرێت باج و پاشانیش داھات زیاد بکرێت.

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان باس لەوەش دەکات، ٦٤ کۆمپانیای ئاسایشی ھەیە، بەشێکی زۆری ئەرکی ئەم کۆمپانیایانە؛ ئەرکی دەوڵەت و دامەزراوەکانی حکومەتە لە پاراستنی کێڵگەکانی نەوت و غاز و ھەندێک شوێنی گشتی و گەنجینەکان کە پارەیەکی زۆر لەو شوێنانە وەردەگرن.

سەبارەت بە وردەکارییەکانی ئەم ھەنگاوانەش، عەلی حەمە ساڵح باس لەوە دەکات ئاستی یەکەم بریتییە لە ڕێککەوتنێکی سەنگین لەگەڵ عێراقدا و ئاستی دووەمیش دابەش دەبێت بەسەر چەند بەشێکدا، یاسای چاکسازی لە زووترین کاتدا وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، نەک ھەوڵ بدرێت خانەنشینی نایاسایی بەشێکیان نەگرێتەوە و کەموکورتی لە ھەندێک بەشیدا بکرێت، دەبێت یاساکە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت. دەشڵێت دەبێت پێداچوونەوە بە خاڵە سنوورییەکاندا بکرێت، کە پێی وایە بە کۆی ڕێگاکانی ئەوەی لە خاڵە سنورییەکاندا دەکرێن؛ بە چوار ڕێگا گەندەڵی دەکرێن:

قاچاخی کە ئێستا لە چەند شوێنێکەوە دەکرێت، لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستان دەکرێت لە سێمیلکا و خاڵی سنووریی وەلید، لە باشماخیش دەکرێت، زۆر زۆرن و زیانێکی زۆریان لە داھاتی ھەرێم داوە.

عەلی حەمە ساڵح بەم جۆرە دەربارەی هۆکارەکانی کەمبوونەوەی داهاتی هەرێم بەردەوام دەبێت و دەڵێت قاچاخی لە خاڵە سنوورییەکان، کاری کۆمپانیاکان، لێخۆشبوونی گومرگی و ترانزێت؛ ئەو چوار ڕێگایەن کە زیانێکی زۆریان لە داھات و ئابووریی ھەرێم داوە و دەبێت چارەسەر بکرێن، کە بڕەکەی نزیکەی ١٠٠ ملیۆن دۆلار دەبێت. دەشڵێت لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە پێداچوونەوە بە سیستمی باجدا بکرێت، باج لە کەسێک وەربگیردرێت کە شایستەیە باجی لێ وەربگیردرێت. ئەگەر ئەم ھەنگاوانە نەنرێن، بەدڵنیاییەوە ھەرێمی کوردستان و حوکمڕانییەکەی توانای بەردەوامبوونیان نییە، کە بتوانێت مووچە بدات، ژیانی خەڵک ئاسایی بکاتەوە و جووڵە لە بازاڕدا دروست بکات.

 

یاسای چاکسازی دەتوانێت ھەرێم ڕزگار بکات؟

دوای چەند ساڵێك لە گفتوگۆی بەردەوام لە بارەی چاکسازی و ڕیفۆرم بۆ زیادکردنی داھات، کەمکردنەوەی خەرجییەکان، ڕێگرتن لە بەفیڕۆدانی داھاتی ھەرێم، کەمکردنەوەی گەندەڵی و نەھێشتنی مووچەخۆری ناکردەیی، دواجار پڕۆژەیاسای چاکسازی لە پەرلەمانی کوردستان دەنگی لەسەر درا و بوو بە یاسا، لەگەڵ ئەوەی چەند ڕەخنەیەک لەسەر یاساکە ھەیە، بەڵام بڕوا وایە جێبەجێکردنی ئەم یاسایە بەشێکی گەورە لە داھات بۆ حکومەت دەگەڕێنێتەوە و ھەنگاوێکی گرنگە بۆ چاکسازی لە داھات و ئابووریی ھەرێم، لەگەڵ ئەوەشدا دوای چەند مانگێک ھێشتا یاساکە جێبەجێ نەکراوە، بەڵام بڕیار وایە لە کۆتایی مانگی حوزەیران یان سەرەتای مانگی تەممووز یاساکە جێبەجێ بکرێت.

ئەنجوومەنی وەزیران لە بارەی یاسای چاكسازییەوە كۆمەڵێك بڕیاری دەركردووە، كە دەركردنی كۆمەڵێك ڕێوشوێنە تاکوو وەزارەتەكان بیگرنە بەر تا بڕیارەكان جێبەجێ بكەن، وەزارەتەكان دەستیان بە جێبەجێكردنی ڕێکارەکانی یاساكە كردووە.  لە (٨)ی نیسانیش لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی؛ یەكەم كۆبوونەوەی بە سەرۆكایەتیی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە، کە ھەریەک لە جێگری سەرۆكی حکومەت، وەزیرانی پلاندانان، ناوخۆ، شەھیدان، دارایی، پێشمەرگە، كاروبای كۆمەڵایەتی، پێشمەرگە، دیوانی وەزارەتی ئەنجوومەنی وەزیران و فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون ئەندامن تێیدا. لە كۆبوونەوەکەدا، پلان و میكانیزمی جێبەجێكردنی یاساكە دانراوە.

 

داھاتی ھەرێم لە ئەگەری ئەنجامدانی چاكسازی

بەپێی لێدوانەکانی د. عەبدولحەكیم خەسرۆ؛ بەرپرسی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانجی یاساکە دادپەروەری و شەفافیەتە، بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی كە شایستەن؛ لە بودجەی گشتی داهاتیان هەبێت. ئەم کاروبارانە ڕێك دەخرێن و هێزی پێشمەرگە و پاسەوانانیش ڕێك دەخرێنەوە. یاساکە چەند لایەنێکی گرنگی ھەیە، وەک ڕێکخستنەوە لە وەزارەتی پێشمەرگە، خانەنشینی، كاروباری كۆمەڵایەتی، میلاكی گشتی، قەرزی بازرگانی و ئەلیكترۆنی، سیستمی مووچە و سیستمی بانكی.

عەبدولحەكیم خەسرۆ دەربارەی جێبەجێکردن و بوارەکانی یاساکە، لە چەند لێدوانێکیدا باسی لەوە کردووە یاسای چاكسازی؛ هەموو بوارەكانی خەرجی و داهات و چەند بوارێکی دیكە دەگرێتەوە، بۆ هەر بوارێكیش كاتی تایبەتی بۆ دانراوە و لەو کاتەدا جێبەجێ دەكرێت. ئامانجی گرنگی یاساکەش ئەوەیە ئەوەی شایستەی مووچە و بەخشین بێت؛ وەریدەگرێت و ئەوەی پەیوەستە بە خانەنشینی، كەسوكاری شەهیدان و و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی، بەپێی یاسا بەركارەكان مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت. یاسای ھەرێم هەر مافێكی بە فەرمانبەرێک دابێت، حكومەت ناتوانێت و بۆی نییە دەستكاریی بكات، یاساکە ئەوانە دەگرێتەوە كە لە دەرەوەی یاسا بەركارکارەکان مافیان وەرگرتبێت،  ئەوانەی بە یاسا مافیان بۆ دیاری كرابێت؛ پێیان دەدرێت و لێیان وەرناگیرێتەوە.

یەكێك لە بڕیارە گرنگەکانی چاكسازی؛ وەرگرتنەوەی قەرزەكانە، كە لە ڕۆژی ١٣ی ئایاری ئەمساڵ وەزارەتی دارایی و ئابووری داوای لە بانكە بازرگانییەكان كردووە دەست بە ڕێكارە یاساییەکان بكەن بە ھەماھەنگیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی یاسایی لە وەزارەتی دارایی.

لە ھەمان كاتدا وەزارەتی دارایی؛ لیژنەیەكی بەدواداچوونی پێک هێناوە و ئامانج لە کاری لیژنەکەش، بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەکانە. لیژنەکە بە ئەندامێتیی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیران، داواكاری گشتی و بانكە بازرگانییەكان پێك هێنراوە، داوایان كردووە كە دەست بەسەر موڵكە ڕەھنكراوەكاندا بگیرێت، تاکوو بفرۆشرێن.

لە ئێستادا وەرگرتنەوەی قەرزەكان سەرجەم قۆناغەكانی تێپەڕاندووە، ڕێكارە یاساییەكان دەستیان پێ كردووە كە كۆمەڵێك ڕێوشوێن لەخۆ دەگرن كە قۆناغ بە قۆناغ دەبن، حكومەت پێویستی بە كاتێكی دیاریكراو ھەیە بۆ دەستبەسەرداگرتنی موڵك و ماڵەكان، پاشان فرۆشتنیان و بوونی كڕیار. لە قۆناغی دواتردا ئەو پارەیە بە میکانیزمێک ڕادەستی وەزارەتی دارایی دەكرێت، بەڵام تاکوو ئێستا ئەو میکانیزمە بەتەواوی ڕوون نییە، چونكە تا ئێستا كەس قەرزەكەی نەگەڕاندووەتەوە یان دەست بەسەر موڵکەکەیدا نەگیراوە.

بەپێی تۆمارەکان، حكومەتی ھەرێمی كوردستان؛ ٨٥٠ ملیار دینار قەرزی لەسەر ٤٠ بازرگان و سەرمایەدار ھەیە، هیچ یەکێک لەو بازرگان و سەرمایەدارانەش قەرزەکانیان نەگەڕاندووەتەوە.

عەلی حەمە ساڵح لە بارەی سوود و قەبارەی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، پێی وایە یاسای چاکسازی تا نەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ھەر کەس ھەر ژمارەیەک بڵێ؛ ڕاست و ورد نییە، پێی وا نییە ھیچ کەس بەوردی بزانێت چەند کەس بەناڕەوا پلەکەیان بەرز کراوەتەوە، چونکە زۆر زۆرە، لەبەر ئەوەی لە پلەی سەربازی ھەیە، لە پلەی مەدەنی ھەیە. کەس نازانێت چەند کەس بەناڕەوا خانەنشین کراوە، چەند کەس بەناڕەوا کراوە بە زیندانی سیاسی، کەمئەندامی سەنگەر و شەھید، بۆیە ھەر ژمارەیەک بوترێت؛ ورد نییە و لە جێبەجێبوونی یاساکەدا دەردەکەوێت چەند داھات بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە.

 

ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی

چەند مانگێکە یاسای چاکسازی لە پەرلەمانی کوردستان تێپەڕێنراوە و دەبووایە جێبەجێ بکرێت، ئەوەی تاکوو ئێستا کراوە، هەنگاوە ئامادەکارییەکانن لەلایەن دەستە و وەزارەتەکانەوە. بەشێک لە پسپۆڕانی ئابووری و پەرلەمنتارانیش ڕەخنەی ئەوە دەگرن، ویستی گەورە بۆ جێبەجێکردنی یاساکە نییە لەلایەن حکومەتی ھەرێمەوە.

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان دەربارەی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، بۆچوونی وایە کە حکومەت تاکوو ئەم ساتە ناڵێت ئاستەنگ ھەیە، لە ڕاستیدا خاوی و لەسەرخۆیی ھەیە، بەپێی یاساکە ماوەی زەمەنی ھەیە بۆ دەرکردنی ڕێنماییەکان لەلایەن وەزارەتەکانەوە، ھەروەها ئەو پەیڕەوەی ئەنجوومەنی وەزیران نووسیویەتی و بڕیارە لە (١)ی تەممووزی ئەمساڵەوە (٢٠٢٠) بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

“د. خالید حەیدەر”یش بەم جۆرە بۆچوونی خۆی لە بارەی ئاستەنگەکان دەردەبڕێت، ئەم یاسایە ھەوڵ دەدات کار لەسەر زیادکردنی داھات و کەمکردنەوەی خەرجییەکان بکات، باشترین ڕێگا ئەوەیە سەرەتا گۆڕانکاری لە مووچەی خاوەن پلە باڵاكان بكرێت، نەک فەرمانبەرانی ئاسایی کە مووچەکانیان کەمە. ئەو کەسانەی کە پۆستێکی باڵا وەردەگرن، دواتر بگەڕێنەوە بۆ ئەرکی خۆیان و لە کاتی خانەنشینیشدا لەسەر کاری پێشوویان خانەنشین بکرێن، نەک وەک وەزیر و پلە باڵاکانی تر، ئەمەش وا دەکات بڕێکی زۆر پارە بۆ حکومەت بگەڕێتەوە، چونکە ژمارەیەکی زۆر خەڵک لە سەرجەم کایەکان بە پلەی باڵا خانەنشین کراون. یەکێک لە ئاستەنگەکانی بەردەم یاسای چاکسازی و کەمکردنەوەی مووچەی خاوەن پلە باڵاکان ئەوەیە کە ئەم کەسانە ڕەنگە بەئاسانی نەچنە ژێر باری جێبەجێکردنی یاساکە.

پەیوەندییەکانی بەغدا و ھەولێر و کاریگەریی لەسەر داھاتی ھەرێم

لەبەر ئەوەی بەشێکی گەورەی داھاتی ھەرێم لە بەغداوە دێت، ئەم داھاتە؛ بڕەکەی، شێواز و کاتی ناردنی پەیوەستە بە پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو لا. ھەر کاتێک پەیوەندییەکانی ھەرێم  و بەغدا باش بێت و نرخی نەوت جێگیر بێت، بڕی ڕێککەوتن لەسەر کراو دەنێردرێت، بەڵام کاتێک کێشە دەکەوێتە نێوان ئەم پەیوندییەوە، بڕی نێردراوی بەغداش یان دوا دەکەوێت یان ڕادەگیرێت. د. خالید حەیدەر ئەم کێشە بەردەوامە بەم جۆرە شی دەکاتەوە: یەکێک لە کێشەکان ئەوەیە ھەرێم تواناکانی خۆی نەخستووتە گەڕ تاکوو پشت بە خۆی ببەستێت و تەنھا چاوەڕوانی بەغدا نەبێت، کە بەردەوام کێشەکانی نێوان بەغدا و ھەولێر ڕوو لە زیادبوونن. هەرێم چەند لە ڕووی داراییەوە پشت بە خۆی ببەستێت، ئەوەندە کەمتر پێویستی بە بەغدا دەبێت، واتە دەبێت چۆن لە ڕووی سیاسییە سەربەخۆیی ھەیە و حکومەتی ھەرێم ھەیە، ئاواش سەربەخۆیی ئابووریی ھەبێت. بێگومان سەربەخۆیی ئابووری، سەددا سەد نییە و ھەموو وڵاتێک پێویستی بە بەرھەمی وڵاتانی دیکە دەبێت. کە حکومەتی عێراق تێدەگات ھەرێم ناتوانێت پشت بە خۆی ببەستێت و داوای ھاوکاری لە بەغدا دەکات، وەھا دەکات مامەڵەی بەغداش لەگەڵ ھەولێر بگۆڕێت و ھەرێم لە گفتوگۆکاندا بەھێز دەرنەکەوێت.

لە بارەی لاوازی و بەھێزیی پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا بە چییەوە بەستراوەتەوە، د. خالد حەیدەر پێی وایە ئەم بابەتە پەیوەندیی بەوەوە ھەیە ھەولێر تا چەند دەتوانێت لەگەڵ بەغدا ڕێک بکەوێت، لێرەش گرنگە ھەرێم بە توانایەکی ئابووریی بەھێزەوە بچێتە ناو دانوستان و گفتوگۆکان لەگەڵ عێراق، کە ئەوەش وەھا دەکات بەغداش بە شێوەیەکی دیکە مامەڵە بکات و بێمنەت نەبێت بەرامبەر ھەرێم، بەڵام ئەگەر هەرێم بەلاوازی بڕواتە بەغدا، ئەوانیش مامەڵەیان دەگۆڕێت. بۆیە پێویستە هەرێم ببێت بە ھێزی تەواوکەری عێراق نەک پێویستی بە بەغدا ھەبێت، بەڵکوو دەبێت ئەوان پێویستیان بە هەرێم ھەبێت.

 

سیاسەتی ئابووریی ھەرێم

لە چەند ساڵی ڕابردوودا ڕەخنەی زۆر لە سیاسەتی ئابووریی ھەرێم گیراوە، بەوەی کە بە شێوەی ڕوون و زانستی دانەڕێژراوە و ئەوەشی ھەیە چەندین کێشەی گەورەی تێدایە، کە تەنھا پشت بە نەوت بەستراوە و ئەمەش ھەرێمی کردووە بە پاشکۆی بەغدا.

د. خالید حەیدەر بۆچوونی وایە سیاسەتی ئابووری بریتییە لەو ڕێکار و ھەنگاوانەی حکومەت دەیگرێتە بەر، یەکێک لە لایەنە سەرەکییەکانی سیاسەتی ئابوورییش سیاسەتی داراییە، هەرێمیش بەگشتی سەر بە عێراقە، بەغدا داوا دەکات داھاتە سنوورییەکان بنێردرێتەوە بۆ گەنجینەی ناوەندی، چاودێریی نەوت دەکات و داوای ٢٥٠ ھەزار بەرمیلی ڕۆژانە دەکات، ئەمەش وەھا دەکات سەرەڕای ئەوەی کە دەبێت هەرێم سیاسەتی ئابووریی ھەبێت، بەڵام بەغدا بەردەوام خەریکی دەستوەردانە کە سیاسەتی دارایی و ئابووریی ھەرێم بخاتە ژێر دەستی خۆی، بۆیە سیاسەتی دارایی ھەرێم سەربەخۆ نییە و بەغدا بەردەوام دەستوەردان دەکات، واتە بەشێک لە بڕیارەکانی سیاسەتی دارایی ھەرێم لە بەغدایە، بۆ نموونە بەغدا لە ھەر کاتێکدا دەکرێت داوای داھاتی خاڵە سنوورییەکان و ناوخۆ بکات، نەوتی ھەرێمیش ھەمیشە کێشەیە لەنێوان ھەولێر و بەغدا. ناڕوونیی پەیوەندییە سیاسییە ئابوورییەکانی ھەرێم لەگەڵ حکومەتی عێراق، ناسەربەخۆیی سیاسەتی دارایی-ئابووریی ھەرێم بە ھۆی دەستوەردانەکانی حکومەتی ناوەندی؛ وای کردووە سیاسەتی ئابووریی هەرێم زۆر سەربەخۆ و سەرکەوتوو نەبێت.

ئاماژە بەوەش دەکات لە ناوخۆی ھەرێمیش گرتنەبەری ڕێکار و ھەنگاوەکان لە سیاسەتی ئابووریدا سەرکەوتوو نەبووە، پەیکەری ئابووریی ھەرێمیش ھاوشێوەی عێراقە کە پشت بە نەوت دەبەستێت، کە نەوت نرخی دابەزێت؛ ئابوورییەکە دەپووکێتەوە و تووشی کێشە دەبێت. هەرێم دەیتوانی سیستمێکی ئابووریی باشتری ھەبێت، نەک سیستمێک تەنھا لەسەر پایەی نەوت بوەستێت، دەبووایە سیستمە ئابوورییەکەی ھاوشێوەی عێراق نەبووایە، پشت بە کەرتەکانی دیکەی وەک کشتوکاڵ، گەشتوگوزار، خزمەتگوزاری و کەرتەکانی دیکە ببەسترایە. بۆیە سەرنەکەوتنی ئابووریی ھەرێم پەیوەستە بە ھۆکارە سیاسی و ئابوورییەکانیش.

سەبارەت بەوەی چی بکرێت ھاوڵاتیانی ھەرێم بەردەوام لەژێر ترسی دووبارەبوونەوەی دۆخی بڕینی مووچە و پاشەکەوتکردنیدا نەبن و ئەم دۆخە کۆتایی بێت، دەڵێت دەوروبەری ھەرێم وڵاتی دۆست نین، ئابووریی ھەرێمی کوردستان سەقامگیر نییە، سەرچاوەی سەرەکیی داھات؛ نەوتە و ئەمەش کێشەیەکی بنەڕەتییە و کەرتی حکومەتیش زاڵە بەسەر ئابووریی ھەرێمدا. ھەندێک لە یاساکان پێویستیان بە ھەموارکردنە تاکوو ئیش و چالاکییە ئابوورییەکان بە نەرمییەکی زیاترەوە بەڕێوە بچن، دەبێت دەستتێوەردانی حکومەت کەمتر بکرێتەوە، ڕۆڵی کەرتی تایبەت زیاد بکرێت و چالاکتر بێت، پێویست بە ئیدارەکردنێکی زانستییانە ھەیە کە تێیدا کەرتی تایبەت زیاتر بەشدار و چالاک بێت و لەو کەرتەشدا گرنگیی زیاتر بە کشتوکاڵ بدرێت. ھاوردەکردن کەم بکرێتەوە و ئەوەشی دێت؛ باجی زیاتری بخرێتە سەر، تاکوو بەرھەمە ناوخۆییەکە لەلایەن ھاوڵاتیانەوە بکڕدرێت، ئەمەش سەرەتایە بۆ بەدەستھێنانی ئاسایشی خۆراک کە ھۆکارە بۆ بەدەستھێنانی ئاسایشی ئابووری، ئاسایشی ئابوورییش ئەوەیە کە بتوانرێت ھاوسەنگی ڕابگیرێت لەنێوان خواست و خستنەڕوو. خواستی ئابوورییەکەت چەند پشت ببەستێت بە خستنەڕووی دەرەکی، واتە شت لە دەرەوە بھێبرێت و لە ئابوورییەکەدا بخرێتە ڕوو، ئەوا ئاسایشی ئابوورییەکەت دەکەوێتە مەترسییەوە، بەپێچەوانەشەوە ئەگەر توانای باشتر ھەبوو لە ناوخۆ و خواستی ناوخۆ بە خستنەڕووی ناوخۆ پڕ بکرێتەوە، ئەو کاتە دەتوانرێت باس لە ئاسایشی خۆراک و  ئابووری بکرێت. وتیشی، بە کەمکردنەوەی ڕۆڵی حکومەت و پشتبەستنی کەمتر بە نەوت، ڕێکخستنی پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق، دەکرێت باس لە ئایندەیەکی گەش و سەقامگیریی ئابووری بکرێت.

 

ئایندەی ئابووریی ھەرێم بەرەو کوێ؟

دەرئەنجامەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، دابەزینی نرخی نەوت، ئاڵۆزیی پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم و وەستانی پێدانی مووچە بەم ھۆیەوە، ھێندەی دیکە لاوازیی ئابووریی ھەرێمی دەرخست و زیاتر کەوتە ژێر پرسیارەوە. عەلی حەمەساڵح وەک یەکێک لەو پەرلەمانتارانەی ماوەیەکە بەردەوام لەسەر ئەم بابەتە کار دەکات، دەڵێت ئەم دۆخەی ئێستای حکومڕانیی ھەرێمی کوردستان بە ھیچ شێوەیەک توانای بەردەوامبوونی نییە، لەبەر بوونی گەندەڵییەکی زۆر لە خاڵە سنوورییەکان، لە سیستمی باج. گەندەڵییەکی گەورە لە گرێبەستە نەوتییەکان هەیە کە خەرجییەکی زۆر زۆر ھەیە لە پڕۆسەی نەوتدا، لە ھەڵکەندن، کۆمپانیا خزمەتگوزارییەکان، سکویریتی، گرێبەستی بۆری فرۆشتن، گەڕانەوەی پارە و گۆڕینەوەی دۆلار بە دینار کە دەبێت پرسیار لەوە بکرێت بۆچی یەک بانک دیاری کراوە کە “ئاڕ تی بانک”ە، سەد دۆلار بە ١٢٠ ھەزار دەگۆڕێتەوە. ئەگەر پێداچوونەوە بەم بوارانەدا نەکرێت، بەردەوامبوونی ئەم دۆخە زۆر قورسە.

د. خالید حەیدەر پێیوایە كە سیستمی ئابووری بە یەکێک لە پێناسەکان واتە دەستنیشانکردنی سەرچاوەکان، بەرھەمھێنان و ئاڵوگۆڕكردنی ئەو بەرھەمانە و دابەشکردنی. چۆنیەتیی بڕیاردان لە سیستمی ئابووریدا زۆر گرنگە، لێرەشدا ئەوەی گرنگە ئەوەیە ئەو ئابوورییە لەژێر دەستی کەرتی گشتیدایە یان تایبەت، لەمەشدا چ بوارێک گرنگیی پێ دەدرێت، ئایا کشتوکاڵە، پیشەسازییە یان نەوت و بواری دیکەیە، بە تێگەشتن لەم بوارانە، دەتوانرێت قسە لەسەر سیستمی ئابووری بکرێت.

د. خالید دەڵێت ڕوون نییە کێ ئیدارەی ئابووریی ھەرێمی کوردستان دەکات، بەڵام دەکرێت بوترێت کەرتی گشتی و حکومەت زاڵە بەسەر سیستمی ئابووریدا، ئەمەش بەو پێیەی بڕیار و یاساکان لای حکومەتن، واتە چوارچێوەی ئیدارەکردنی چالاکییە ئابوورییەکان لای حکومەتە. ناتوانرێت چوارچێوەیەکی زانستیی ڕوون بۆ سیستمە ئابوورییەکەی هەرێم دابنرێت و بوترێت سیستمی ئابووریی ھەرێم ئەمەیە یان ئەمە نییە، لەگەڵ ئەوەشدا تێکەڵبوونێک ھەیە لەنێوان کەرتی تایبەت و گشتی لە ئیدارەکردنەکەدا، بەڵام شوێنپەنجەی کەرتی حکومەت زیاترە لە چالاکییە ئابوورییەکان.

ئاماژە بەوەش دەکات لەبەر ئەوەی چالاکیی نەوت زاڵە بەسەر ئابووریی ھەرێمی کوردستاندا، بەشی زۆری داھات پەیوەستە بە نەوتەوە، دابەشکردنی مووچەش کە پشت بە نەوت دەبەستێت؛ دڵنیایی تێدا نییە، ئەمەش کار دەکاتە سەر چالاکی و جووڵەی بازاڕ و خاوی دەکاتەوە، چونکە ژمارەیەکی زۆر مووچەخۆر ھەیە لە ھەرێم کە ئەم مووچەیەش ژیانی بەشێکی زۆری خەڵکی ھەرێمی پێوە بەندە. بۆیە کۆکردنەوەی داھات و دابەشکردنی، ڕوون نییە و لاوازە.

 

سیناریۆکان

سەبارەت بە سیناریۆکان لە بارەی داھات، سیستمی ئابووری و سیستمی دارایی ھەرێم و دەبێت چی بکرێت، د. خالید حەیدەر دەڵێت لەبەردەم چەند سیناریۆیەکداین.

سیناریۆی یەکەم: ئەوەیە کە لەگەڵ بەغدا ڕێککەوتن بکرێت بۆ دانانی چوارچێوەیەکی زانستی بۆ چالاکییە ئابوورییەکان و پەیوەندیی ئەم چالاکییانە لەگەڵ بەغدا. ئایا ھەرێم بەسەربەخۆیی ئیدارەی ئابوورییەکەی بکات و پارەکەشی بۆ خۆی بگەڕێتەوە، یان بەپێچەوانەوە تەنھا بە ناو سەربەخۆیی دارایی ھەبێت و بەغدا داوای ھەموو داھاتی ھەرێم بکات. پێویستە هەرێم بەردەوام بێت لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا، بەڵام بە نەھێشتنی کێشەکان، ھەروەھا دەبێت جێگیری و سەقامگیری ھەبێت لە ئابوورییەکەیدا، بەپێی ڕێککەوتنەکانیش ئەو خاڵانەی لەسەر ھەرێمن؛ جێبەجێیان بکات و بەغداش پابەند بێت بە ڕێککەوتنەکان.

سیناریۆی دووەم: ھەرێم توانای ھەبێت کۆنترۆڵی سەرچاوە داراییەکانی خۆی بکات بە ڕەزامەندی و ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا، بەو مەرجەی پەرلەمان چاودێرییەکی وردی سەر حکومەت و کارەکانی بێت لەم بوارەدا، دیوانی چاودێریی داراییش ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات و ھاوبەشی ھەبێت لەنێوان کەرتی تایبەت و گشتی، واتە کەرتی تایبەتیش بەشدار بێت لە ئیدارەکردنی بواری ئابووریدا.

سیناریۆی سێیەم: ئەم سیناریۆیە تایبەتە بە ئیدارەکردنی ئابووریی ھەرێم، لەم بوارەدا حکومەت تا ئاستێکی زۆر بکشێتەوە لە چالاکییە ئابوورییەکان و دەستوەردان لە ئیش و کاروباری ئابووری. حکومەت سەرقاڵی چاودێریکردن بێت و تەنھا لە کاتی فریاکەوتن و قەیرانەکان دەستوەردان لە ئابووری بکات.

واتە دەبێت ھەوڵ بدرێت ئابوورییەکەی پشت بە کەرتی تایبەت ببەستێت، حکومەتێکی قەبارە بچووک ھەبێت کە ئەرکی دابینکردنی ئاسایش، چاودێریکردنی بواری تەندروستی، پەروەردە، خوێندن و داد و بوارەکانی دیکە بێت. واتە قەبارەی حکومەت بچووک بکرێتەوە و لە کابینەکانی داھاتووشدا ژمارەی وەزارەتەکان کەم بکرێنەوە، تاکوو کەرتی تایبەت بەھێز بێت، ئەمەش وەھا دەکات خەڵک کەمتر پشت بە حکومەت ببەستێت کە زۆربەی داھاتی خەڵک لەسەر ئەو داھاتەی حکومەتە، کە دڵنیایی تێدا نییە و ھەر کاتێک کەم بووەوە و تووشی قەیران بوو، بازاڕ و ئابوورییش تووشی قەیران دەبێت. ئەگەر ژمارەی ئیشکەران لە کەرتی تایبەت زیاتر بوو، ئابوورییش بەھێزتر دەبێت، چونکە بوونی مووچە تێیدا؛ دڵنیایی زیاترە.

بەپێی ئەو پلانەی دانراوە، مانگی تەممووز مانگێکی تا ڕادەیەک یەکلاکەرەوە دەبێت، بڕیار وایە هەنگاو بنرێت و دەست بە قۆناغە پێویست و گرنگەکانی یاسای چاکسازی بکرێت. ئاماژەکان بەرەو ئەوە دەڕۆن ئەگەر بەلەسەرخۆییش بێت؛ دەست بە جێبەجێکردنی یاساکە بکرێت، بەڵام تاکوو جێبەجێ نەکرێت، ناتوانرێت بەتەواوی قەبارەی داهاتی گەڕاوە بۆ حکومەتی هەرێم مەزەندە بکرێت.

سەرچاوەكان

  • چاوپێكەوتن لەگەڵ عەلی حەمە ساڵح (٢٨/٥/٢٠٢٠)، سلێمانی
  • چاوپێكەوتن لەگەڵ د. خالید حەیدەر (١/٦/٢٠٢٠)، سلێمانی

 

گۆڤاری ئایندەناسی ژمارە 2 تەمووزی 2020

Send this to a friend