• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
August 30, 2020

ئابووریی سیاسی و پووکانەوەی دامەزراوەکان و گەندەڵیی فەرمی: دۆسێی عێراق

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە 2ی تەمووزی2020ی گۆڤاری ئایندەناسی

نووسینی: پڕۆفیسۆر عەلی عەلاوی

وەرگێڕانی: پێشەوا جلال محەمەد

سەرچاوە: تۆڕی ئابووریناسانی عێراق/ http://iraqieconomists.net

پڕۆفایلی نووسەر

عەلی عەبدول ئەمیر عەلاوی، لە ساڵی ١٩٤٧ لە شاری بەغدا لەدایک بووە، لە زانکۆی هارڤاردی ئەمەریکی، ماستەری زانستی ئابووریی خوێندووە و کاری بۆ بانکی جیهانی کردووە.  پێشتر وەزیری گواستنەوە و هەروەها وەزیری بەرگری بووە لە حکومەتی کاتیی عێراق لە ٢٠٠٣-٢٠٠٤، پاشان وەزیری دارایی بووە لە حکومەتی ڕاگوزەر لە ساڵی ٢٠٠٥ بۆ ٢٠٠٦. لە ئێستادا و لە كابینەی مستەفا كازمی، وەك وەزیری دارایی عێراق سەرقاڵی كاركردنە.

پێشەکی

چوارچێوەی تیۆری

پێکەوەبەستنی بنەما کارگێڕییەکان، ڕێکخراوەکان، یاساکان، نەریتەکان و ئایدیاکان؛ دڵی مامەڵە ئابوورییەکانن. ئەمانە ڕاستەوخۆ کار دەکەنە سەر تێچووی مامەڵە داراییەکان و کاریگەرگەریی خراپیان دەبێت لەسەر چالاکیی بازاڕ. یاسا فەرمییەکانی کۆمەڵگا (یاسا و ڕێنماییەکان) و ڕێسا نافەرمییەکان (ڕێککەوتنەکان و یاسا ئەخلاقییەکان)، ئەو سنوورانەن کە مرۆڤ لەگەڵیاندا بەرکەوتەی هەیە.

ئەوانەی گوزارشت لە بنەما کارگێڕییەکان و یاسا فەرمییەکان دەکەن، ئەمانەن: لایەنە سیاسییەکان، یەکە ئابوورییەکان، لایەنە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان و دەزگا پەروەردەییەکان.

بە بۆچوونی من و ئەزموونم لە دەزگای جۆراوجۆری حکومی و تایبەت، ئەم پێکهاتانە کلیلی گەشەی ئابووری و پێشکەوتنن. لەوانەیە بۆ ئەو کۆمەڵگا و ئابوورییانەی کە زادەی ململانێی و توندوتیژیی ماوەدرێژن، گرنگترین بن. پلاندانان و ڕێکخستنی گۆڕانکاریی دەزگایی، پێشکەوتنی ئابووریی کۆمەڵگا خێرا دەکات هەروەکوو ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەی دوای جەنگ لە ئەڵمانیا، یابان، کۆریا، تایوان و لە ئێستاشا لە چین هاتنە ئاراوە.

گۆڕینی یاسا فەرمییەکان، بەشە ئاسانەکەیە. دەستوورەکان لە ماوەیەکی زۆر کەمدا دەتوانرێت بگۆڕدرێن و یاسا و ڕێنماییەکان چاکسازییان تیا بکرێت، بەڵام ئەو نۆرمانەی کە ڕەوایەتی دەدەن بەو یاسایانە؛ کاتێکی زۆر زیاتری دەوێت بۆ گۆڕانکاری. هەموو کاتێک گواستنەوەی یاسا فەرمییەکانی کۆمەڵگا سەرکەوتووەکان بۆ کۆمەڵگایەکی تر، نابێتە ئەزموونێکی دڵخۆشکەر و سەرکەوتوو.

گۆڕانکاریی ئەرێنی دامەزراوەیی کە بتوانێت توانای ئابووری گەشە پێ بدات، ڕاستەوخۆ گرێ دراوە بە پێکهاتە سیاسییەکانەوە کە پێناسە و سەپاندنی یاسا ئابوورییەکانی گەمەکە ئەنجام دەدات، هەروەها جێگیریی دەزگا سیاسییەکان، گونجاویی سیاسەتەکان، کوالێتیی یاسادانان و توانای ڕاپەراندنی ڕێکەوتننامەکان و گرێبەستەکان؛ بنەمای گرنگن بۆ باشترکردنی چالاکیی ئابووری.

ناساندنی گەندەڵی

ڕاستگۆیی لێپرسراوانی کەرتی گشتی و دانانی فەزڵی کەرتی گشتی بەسەر کەرتی تایبەتدا لەناو چینی سیاسییەکان؛ زۆر گرنگن بۆ گۆڕانکاریی دامەزراوەیی سەرکەوتوو، لەو شوێنەوەیە گەندەڵی دێتە ژوورەوە. بەپێی شەفافیەتی نێودەوڵەتی، “گەندەڵی سیاسی بریتییە لە دەستبەسەراگرتنی سیاسەتەکان، دەزگاکان و یاساکان لە کۆکردنەوەی سەرچاوە و داراییەکان لەلایەن سیاسەتمەدارانەوە کە پێگەکەیان خراپ بەکار دەهێنن بۆ بەدەستهێنانی هێز و پێگە و سامان”.

پێناسەی گەندەڵی

“گەندەڵی؛ سوودمەندیی ژمارەیەکی کەمە لەسەر حسابی ژمارەیەکی زۆر، ئابووری دەشێوێنێ و دوای دەخات، ڕێگری لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان دەکات، سەرچاوەکانی وەکوو خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، هاوکاریی نێودەوڵەتی و هەموو ئابووری تەخشان دەکات و بەفیڕۆی دەدات. زۆربەی کات کە دەزگاکانی دەوڵەت لاوازن، پەیوەندیدارە بە توندوتیژییەوە، وە بەشێکی بە هۆی گەندەڵییەوەیە. بەلای ملیۆنان کەسیش دیموکراسی واتە نەبوونی ئاسایش و “بازاڕی ئازاد”، کە تێیدا دەوڵەمەندەکان زیاتر دەوڵەمەند دەبن لەسەر حسابی هەمووان.

  • نیشانەکانی گەندەڵی لای میشێل جۆنستۆن

گەندەڵی؛ گەشەی ئابووری کەم دەکاتەوە، بە هۆی دابەشکردنی سەرچاوەکانەوە. چەندین لێکۆڵینەوە کاریگەریی نەرێنیی گەندەڵیمان نیشان دەدەن لەسەر گەشەی ئابووری و وەبەرهێنان.

  • دوو جۆری گەندەڵی هەیە: یەخسیرکردن کە ڕەشووە و کاریگەریی دەکاتە سەر ئاڕاستەکردنی کاری بەرپرسان، بۆ نموونە “بردنەوەی کۆنتراکت” و بەزۆر وەرگرتن، لێرەدا بەرپرسانی کەرتی گشتی دەبێت ڕەشووەیان بدرێتێ تا ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن، بۆ نموونە “پارەدان بۆ کۆکردنەوەی خاشاک”.

– زاڵبوون بەسەر جۆری یەکەم، زۆر قورسترە لە جۆری دووەم. لە وڵاتانی پێشکەوتوو بەدەگمەن جۆری دووەم دەبینرێت، بەڵام جۆری یەکەم دەردەکەوێت. لە وڵاتانی تازەگەشەکردوو، هەردوو جۆرەکە بەربڵاوە و دەبینرێت. مەسەلەی پێوانەکردنی گەندەڵی کێشەدارە، بەڵام شەفافیەتی نێودەوڵەتی پێوانەیەکی داناوە لەسەر بنەمای تێگەیشتن لە ئاستی گەندەڵی.

– لە پێوانەی شەفافیەتی نێودەوڵەتی، عێراق بەبەردەوامی لە بەشی خوارەوە بووە، واتە لە گەندەڵترین وڵاتان بووە. لە گریمانەی ١٠ پلە (بۆ نیشاندانی نەبوونی گەندەڵی)، عێراق خاڵەکانی لەنێوان ١,٥ و ١,٨ بووە لە ساڵانی ٢٠٠٧ تا ٢٠١٩.

– لە ساڵی ٢٠١٧، لە پێوانەی شەفافیەتی نێودەوڵەتی؛ خراپترین پێوانەی تۆمار کرد کە (١٦٨)ەمین وڵات بوو لە کۆی ١٨٠ وڵات.

جۆنستۆن چوار شێوەی گەندەڵی دەستنیشان دەکات، بەم شێوەیە:

١. کاریگەری خستنە سەر بازاڕ: لێرەدا گەندەڵی بەدەوری بەکارهێنانی سامانەوە دەخولێتەوە تا کاریگەری دروست بکات لەناو دامودەزگا سیاسی و ئیدارییەکاندا، زۆر جار سیاسییەکان گەیشتن پێیان؛ دەخەنە کرێوە.

٢. یەکگرتنی نوخبە: لێرەدا تێکەڵاوبوونی کۆمەڵێک سیاسی، بازرگان، سەرکردەی سەربازی و نەتەوەییە، کە قازانجی گەندەڵییەکانیان لەنێوان خۆیاندا دابەش دەکەن. دەتوانن هاوپەیمانی و تۆڕ دروست بکەن بۆ بەهێزکردنی خۆیان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوانەی دژیانن. گەندەڵیی لەم جۆرە، لەوانەیە سەرمایەی زۆریان بۆ بەدەست بخات و ستراتیجێکیشە بۆ ڕێگەگرتن لە گۆڕانکاریی سیاسی.

٣. بنەماڵە و خێزان: لەم بارەدا تا ڕادەیەک ژمارەیەکی کەمی خەڵک؛ سامان، هێزی سیاسی یان توندوتیژی بەکار دەهێنن بۆ وەستانەوە دژی هەر نەیارێک و خەڵاتکردنی شوێنکەوتووانیان، لە وەها ژینگەیەکدا ڕۆڵ و پشکنینی دەزگاکان و گەرەنتی یاسایی؛ مانایەکی ئەوتۆی نامێنێت.

٤. دەسەڵاتداری فەرمی: کاتێک نوخبەکانی ناو حکومەت کار دەکەن لەناو دامودەزگای لاوازی وەهادا کە زۆر بەکەمی پێشبڕکێی سیاسی و فراوان بوونی هەلە ئابوورییەکان دەبینرێت، لە بارودۆخی لەو شێوەیەدا بارەکە گونجاوە بۆ گەندەڵی و مانەوەشی. دەسەڵاتداری فەرمی یان فیگەری سیاسیی بەهێز و بەرژەوەندییەکانیان، هەموو کارتەکان دەگرنە دەست.

٥. لە عێراقدا هەموو جۆرەکانی گەندەڵی بوونیان هەیە، بەڵام زیاتر بە ئاڕاستەی جۆری بنەماڵە و خێزان و دەسەڵاتداری فەرمییە.

٦. لە عێراقدا هێڵێکی جیاکەرەوە نییە لەنێوان سیاسی و بازرگاندا، زۆربەی سیاسییەکانی عێراق باوەڕیان وایە کە ئۆفیسەکانیان هەلی دەوڵەمەندبوونیان دەداتێ لەسەر حسابی گشتی.

“دەسەڵاتداریی فەرمی” دوو مانای هەیە: یەکەم ئەو بەرپرس و سیاسییانەی کە کەم و زۆر خۆیان دەوڵەمەند دەکەن لە ڕێگەی گەندەڵییەوە، خۆیان دەخزێننە ناو ئابوورییەوە بە گۆڕینی هەموو دەزگاکانی حکومەت بۆ پڕۆژەی بەرژەوەندییەکان. دووەمیان ئەو بازرگانە تەماحکارانەن کە بە هاوکاری و پارێزگاریی کەسانی فەرمی، پێگەیەکی نیمچەفەرمی بۆ خۆیان دروست دەکەن و ئیمپڕاتۆریەتی خۆیان بنیات دەنێن. هەر کامیان بێت، جێگایان لە حکومەتدا نابێتەوە ئەگەر لە ڕێگەی بەرپرسانی حکومییەوە نەبێت کە هێزی سیاسیی خۆیان بەکار دەهێنن بۆ پچڕینی سامان.

لە عێراقدا گەندەڵی بەم شێوازە لە بەرفراوانبووندایە، بە جۆرێک بوونەتە کارەکتەری شێوە حکومی کە هەندێ سێکتەری ئابوورییان پێ دراوە و قۆرخیان کردووە بۆ بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆیان. ئەمە بەشێکی پەیوەستە بە هێزە میلیشیاکانەوە کە بەئاشکرا دەسەڵاتیان بەسەر قاچاغچێتی و بازرگانیی نایاسایی پەیوەست بە پیشەسازیی نەوت و بەرگری هەیە.

حوکمڕانی

لە ساڵی ١٩٩٢دا بانکی جیهان ڕاپۆرتێکی بڵاو کردوەوە لەژێر ناوی “حوکمڕانی و گەشەکردن”، کە تیایدا حوکمڕانیی پێناسە کردبوو وەک شێوازی بەکارهێنانی هێز بۆ ڕێکخستنی ئابووریی وڵاتێک و سەرچاوە مرۆییەکانی لە پێناو پێشکەوتنی. ئەوە یەکەم جار بوو کە بانکی جیهانی لە سنووری شێوازی کارکردنی لەسەر مەرجەکانی قەرزپێدان لا بدات و بچێتە ناو بازنە ناسیاسییەکانەوە.

لە ساڵی ١٩٩٦دا، بانکی جیهانی پێوەرە جیهانییەکانی حوکمڕانیی بڵاو کردەوە کە بوونەتە ستانداردێک بۆ پێوانەکردنی کێشەکانی حوکمڕانی لە وڵاتانی تازەگەشەکردوودا. ئەو پێوەرانەش لە شەش پێوەر پێک هاتوون، کە بوونەتە پێوانە لە ساڵی (١٩٩٦)ەوە بۆ زیاتر لە  ٢٠٠ وڵات، ئەوانیش: دەنگ و لێپرسراوێتی، جێگیریی سیاسی، نەبوونی توندوتیژی/تیرۆریزم، لێهاتوویی حکومەت، چۆنایەتیی ڕێکخستن، حوکمی یاسا، کۆنترۆڵی گەندەڵی.

دەنگ و  لێپرسراوێتی:  ئەو مەودایەیە کە هاوڵاتیانی وڵاتێک بتوانن بەشدار بن لە هەڵبژاردنی حکومەتەکەیان، هەروەها ئازادیی ڕادەربڕین، ئازادیی ڕێکخراوەیی، ئازادیی میدیا. ئەمە باشترین پێوەری بەدەستهاتوو بوو بۆ عێراق. لەوانەیە ڕەنگدانەوەی ئەو ئازادی و مافە بێت کە لە دەستوور و پڕۆسەی هەڵبژاردندا گەرەنتی کراوە. لەگەڵ ئەوانەشدا عێراق لە نزمترین پۆلێنی سەدیدا بوو کە ٢٢ بوو، بەپێی پۆلێنی ٢٠١٨.

جێگیریی سیاسی و نەبوونی توندوتیژی: ئەم پێوەرە بریتییە لە ئەگەری ئەوەی حکومەتێک ناجێگیر بێت و هۆکارەکانی توندوتیژی و نادەستووری بەسەریدا زاڵ بێت، وەکوو توندوتیژیی ناوخۆ و تیرۆریزم. لەمەدا عێراق نزمترین پۆلێنی سەدیی هەبوو کە ١,٤ بوو، بەپێی پۆلێنی ٢٠١٨.

لێهاتوویی حکومەت: کوالێتیی خزمەتگوزاریی گشتی و خزمەتگوزاریی مەدەنی و ڕادەی سەربەخۆیی لە فشاری سیاسی، کوالێتیی جێبەجێکردنی سیاسەت و دروستکردنی، هەروەها پابەندبوونی حکومەت بەو سیاسەتانەوە. لەمەشدا عێراق لە نزمترین پلەدا بوو لە پۆلێنی سەدیدا کە ٩ بوو.

چۆنایەتیی ڕێکخستن: توانای حکومەتە بۆ جێبەجێکردنی ئەو سیاسەت و ڕێنماییانەی کە توانا دەدەن بە کەرتی تایبەت و گەشەی پێ دەدەن. لەمەشدا عێراق پلەیەکی زۆر خراپی هەبوو، لە پۆلێنی سەدیدا ٩ بوو، بەپێی پۆلێنی ٢٠١٨.

حوکمی یاسا: لەگەڵ یاساکانی کۆمەڵگا، لە ناویشیاندا چۆنایەتیی پابەندبوون بە کۆنتراکتەکان و مافی خاوەندارێتی، پۆلیس، دادگاکان، ئەگەری تاوان و توندوتیژی. عێراق لەمەدا تەنانەت خراپتر بوو بە پلەی ٣ لە پۆلێنی سەدی، بەپێی ٢٠١٨.

کۆنترۆڵی گەندەڵی: ئەمەش بەکارهێنانی هێزی گشتییە لە پێناو دەستکەوتی کەسی، کە گەندەڵیی بچووک و گەورە دەگرێتەوە. لەمەدا عێراق لە نزمترین پلەدا بوو لە پۆلێنی سەدیدا کە ٧ بوو، بەپێی پۆلی ٢٠١٨.

چۆن گەیشتینە ئێرە؟

گوزەرێکی کورت بە مێژووی عێراقدا

لە دامەزراندنی دەوڵەتەوە لە ١٩٢١ بۆ ٢٠٠٣

لە کاتی دامەزراندنیەوە لە ساڵی (١٩٢١)ەوە  هەتا (١٩٨٠)کان ، عێراق بە وڵاتێکی گەندەڵ دانەدەنرا، هەندێ لەو هۆکارانەی عێراقیان بەرەو گەندەڵی برد، بریتی بوون لە:

  • پەرەپێدانی نەریت و باوەڕەکان لەسەر بنەمای ئایینی و بەها ئەخلاقییەکان بۆ بەڕێوەبردنی مامەڵە ئابوورییەکان، ئەمانە بە درێژایی چەند سەدەیەک پەرە پێ دران.

  • بەهێزکردنی پشکنین و کۆنترۆڵ بەسەر ڕێکارە بیرۆکراتییەکانی بڕیاردان و کارگێڕی، ئەمەش زیاتر بە‌هێز کرا لە سەردەمی ئینتیداب (ژێرفەرمانی) لە ١٩٢١ بۆ ١٩٣٢ و بەردەوامیی پێ درا تا (١٩٧٠)کان.

  • سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر ئەوانەی لە یاسا دەرچوون لە ڕێگەی یاساوە.
  • زیهنیەتی بەرژەوەندیی گشتی بە ڕێژەیەکی کەم گەشەی کرد لەنێو چینی سیاسییەکاندا، بە دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆنەوە.

  • هەندێ سەکردە لە دەسەڵاتی بەرزدا (لایەنگری پاشایەتی بێت یان کۆماری لەدوای ١٩٥٨)، سەرقاڵی کۆکردنەوەی سەرمایەی کەسی بوون.

  • داهاتی کەرتی حکومی تا ڕادەیەک مامناوەند بوو (تا سەرەتای ١٩٧٠)، بۆیە هەلی سەرهەڵدان و گەندەڵیکردن سنووردار بوو.

لە ١٩٧٠ بەدواوە، کێشە بنەڕەتییەکان دەستیان پێ کرد

  • بەرفراوانبوونی کەرتی حکومی لە ڕێگەی خۆماڵیکردنەکانەوە و لەسەرووی هەمووشی تەقینەوە لە داهاتی نەوتدا.
  • بەرزبوونەوەی داهات، کە وای کرد نەهێشتنی گەندەڵی لە جۆری “بەزۆر وەرگرتن”ی کردە حەتمی.
  • دەرکەوتنی چوارچێوەی ئایدۆلۆجیی توند لە وڵاتدا، کە جەختی دەکردەوە لەسەر بنیاتنانی نەتەوە و بەئەمەکی بۆ تاکە حیزبێک. بەم شێوەیە حکومەت بوو بە دەستەیەک باوەڕدار بۆ لایەنێک.
  • یاسای زۆر توند دژی لەیاسادەرچووان، لە ناویشیاندا لەسێدارەدانی سیاسی و بازرگانی گەندەڵ لەناو جەماوەردا.

ئەم گۆڕانکارییانە بوون بە ماسکێک بۆ داپۆشینی هەرەسەکان لەناو نۆرم و باوەڕە دامەزراوەییەکان کە مامەڵە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانیان بەڕێوە دەبرد، لە هەمان کاتدا خەڵکی بوونە ئامرازی کەمپینی بەمۆدێرنکردن کە جەختی لەوە دەکردەوە خەڵکی لە ڕابردووی خۆی داببڕێت.

“فاکتەری ترس” و حەماسی ئایدۆلۆجی؛ جێی نەریت و باوەڕە دینی و ئەخلاقییەکانی گرتەوە، وەکو ئامرازێکی سەپاندن بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی گەندەڵی. جەنگی عێراق-ئێران (١٩٨٠-١٩٨٨)، پەستانی خستە سەر سیستمی ئیداری، بەڵام نەیتوانی جێگرەوەیەک بۆ پانتایی گەندەڵی دابنێت لە وڵاتدا. هۆکاری سەرەکیی ئەمەش ئەوە بوو کە حکومەت ڕێژەی تێچووەکانی جەنگی بەردەوام زیاد دەکرد لە ڕێگەی قەرزی بیانییەوە (نزیکەی ١٤٠ بلیۆن دۆلار کە بەردەوام دانەوەی دوا دەکەوت)، ئەمە کاریگەریی ئەوتۆی نەخستە سەر ستانداردەکانی ژیان و داهات بەتایبەتی لە گەرتی گشتیدا.

 سەرەتای داڕمان لە یاساکانی دامەزراوە فەرمییەکان، دەگەڕێتەوە بۆ ١٩٧٠ و دواتر

  • تاک حیزب دەستی کرد بە ئیمتیازدان بە ئەندامانی خۆی لە ڕووی ئیداری و پلە بەرزکردنەوەوە و یاسا و ڕێنماییەکان بەلاستیکی کران یان پشتگوێ خران.
  • سیستمی دادوەری بوو بە شوێنی سازان و ئامرازێک بۆ دەستوەردان لە کاروبارەکان لەلایەن کەسانی پلە بەرزەوە.
  • مافی موڵکداری بووە جێگەی نادڵنیایی، بە هۆی زەوتکردنی نایاسایی بە شێوەی بەربڵاو و دەستبەسەراگرتنی موڵکی قەرزاران بەتایبەتی ئەوانەی بە “دوژمنی دەوڵەت” دادەنران.
  • دەستبەسەراگرتنی نایاسایی زۆر جار سەری دەکێشا بۆ پشتگوێخستنی بەهاکان لەلایەن گرووپی سەردەستەوە و لێرەشەوە کاریگەریی خراپی کردە سەر چەمکی متمانە و دادوەری و گوازرایەوە بۆ مامەڵە داراییەکان. چینێک دەرکەوتن کە ڕاستەوخۆ سوودیان لەو دەستبەسەراگرتنانە وەردەگرت.
  • کولتوورێکی نوێ دەرکەوت کە ڕێگریی دەکرد لە مامەڵە و گواستنەوە داراییەکان و سەرمایە کەسی و گشتییەکانی بەکار دەهێنا لە شێوەی خەڵات و ڕەشووە و میراتی هێزە سیاسییەکان.
  • لە کۆتایی جەنگی یەکەمی کەنداوەوە لە ساڵی ١٩٩١، عێراق ڕووبەڕووی کارەساتی کۆمەڵایەتی، ئابووری و داڕمانی کارگێڕی بوویەوە.
  • سزا نێودەوڵەتییەکان زۆر بەخراپی داهاتی حکومەت و بازرگانیی عێراقیان کەم کردەوە، هەڵاوسانی ئابووری بەرز بووەوە و داڕمان لە داهاتدا ڕووی دا.
  • لەگەڵ کەمبوونەوەی داهات و لاوازبوونی شێوازی داپڵۆسین و چەوسانەوەی حکومەت، بەرتیل (گەندەڵیی بەزۆر وەرگرتن) بڵاو بووەوە لەناو بەرپرسە حکومییەکاندا.

  • مامۆستایان بەرتیلیان وەردەگرت تا نمرە بدەن بە خوێندکاران و دەریانبچێنن، دکتۆرەکان ڕەتیان دەکردەوە نەخۆش چارەسەر بکەن تا پارەیان پێ نەدرێت لەژێر مێزەکانەوە، ڕۆتیناتی مامەڵەکان تێکەڵی بەرتیل بوو.
  • ئابووری لەژێر ئابڵووقەدا تۆڕی قاچاغچیی دروست کرد کە مامەڵەیان لەگەڵ بەرتیل و گەندەڵی دەکرد. حکومەت مامەڵەی لەگەڵ دەکردن بۆ زیادکردنی داهات (بۆ نموونە نەوتی قاچاغ)، بۆ دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ ئابڵوقەکان.
  • بە هەمان شێوە ئابڵوقە ئابوورییەکان وای کرد کە دەوڵەت ناچار میکانیزمێک دابنێت بۆ دابینکردن و دابەشکردنی پێداویستییە بنەڕەتییەکانی خەڵک.
  • سیستمی دابەشکردنی گشتی (بایەع) بۆ کڕین و دابەشکردنی بەشەخۆراک و پێداویستییە بنەڕەتییەکان بۆ هەموو دانیشتووان، ئەم پڕۆگرامە بەشێکی بۆ یارمەتی و بەشێکی بۆ مانەوەی “فاکتەری ترس” بوو.

لە (٢٠٠٣)ەوە بۆ ئێستا

لەدوای داگیرکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣، ئاستی گەندەڵی لە عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەوە و دارمانی دامەزراوەیی لە هەموو شوێنێک دەرکەوت:

  • بیرۆکراسیی هەڵتۆقیو و کارمەندی مەدەنی بە پارەیەکی کەم و بڵاوبوونەوەی گەندەڵی لە جۆری بەزۆر وەرگرتن دەرکەوت.
  • دادوەرییەکی لاواز کە دەکرا بەئاسانی بە لاڕێدا ببرێت، لەلایەن بەرپرسە باڵاکانەوە.
  • دەوڵەتێکی تاک حزبی کە ئایدۆلۆجیاکەی قەدەغە کرابوو.
  • ئابوورییەکی قەیراناوی کە چەند پڕۆگرامێکی بەسەردا زاڵ کرابوو، بە شێوەیەک نەخشەڕێژی کرابوو کە بتوانێ پێداویستییە بنەڕەتییەکانی مانەوە دابین بکات.
  • دەرکەوتنی چینێک لە بازرگانی تاوانکار کە درێژەپێدەری بەرنامەی ئابڵوقە بوون، پەیوەندییان هەبوو بە چالاکییەکانی ئاسایشی دەوڵەتەوە. ئەم گرووپانە دەستیان گرت بەسەر بازرگانیی نایاسایی هەناردەی نەوت و قاچاغچێتیی جگەرە.
  • تێکچوونی یاسای دامەزراوەکان، سنوورەکان، بیروباوەڕەکان؛ کە مامەڵە ئابوورییەکانیان بەڕێوە دەبرد.
  • ئەو چاکسازییە ناڕێک و هەڕەمەکییانەی کە هیچ گوێی نەدا بەو فاکتەرانە و دواتریش هەوڵەکانیان ڕاگرت، دۆخێکی فەوزا و پشێویی هێنایە کایەوە کە عێراقی پەلکێش کرد بەرەو بوون بە یەکێک لە گەندەڵترین وڵاتەکان.
  • ئەم بارودۆخانە خراپتر بوو کاتێک حکومەتی عێراقی وای نیشان دا زاڵ بووە بەسەر ناڕێکیی کارگێڕیدا لە ٢٠٠٤دا.
  • دوورخستنەوەی ئەو بیرۆکراتانەی کە پەیوەندییان بە بەعسەوە هەبوو؛ بۆشاییەکی دروست کرد کە بە کەسانی ئاست نزم و بێ ئەزموون پڕ کرانەوە، کە هەندێکیان بە هۆی شکستیان یان کاری هەڵەیانەوە دوور خرابوونەوە لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا.
  • نووسینگەکانی حکومەت بووە جێی کەڵەکەبوونی هاوڕێیانی یەکتر و ئەوانەی خۆیان هەڵواسیبوو بە چینی تازەی سیاسییەکانەوە، ئەمەش چینێکی بیرۆکراتیی دروست کرد کە هیچ یان کەمێک مەشقیان بینیبوو لە بارەی ئیدارەدانی مۆدێرن، ئەرکەکان و سنووردانانەکان.
  • دەیان هەزار لەو کەسانەی کە لە دەرەوەی وڵاتەوە بەدوای کاردا وێڵ بوون، گەڕانەوە بەو هیوایەی پۆستێکی حکومی بە مووچەی باش و ئەرکی کەم وەربگرن. ئەمانە سایکۆلۆجیای مافی هەبوونی سامانیان لای حکومەت لە ماوەی مەنفادا بۆ دروست بوو.

پشێوی، ناڕێکی، ناچالاکی، کاری کەسی، نەزانیی ئاشکرا؛ تایبەتمەندییەکانی سیاسەت داڕشتنی ئابووری بوون. ئەوەی دۆخەکەی خراپتر کرد، حکومەتێکی سەرلێشواو هەلێکی باشی بەخشی بە کەسانی بێ مۆراڵ و گەندەڵ تا سوود وەربگرن لەو نانیزامییە. گەڕان بەدوای قازانج بەبێ بەرهەمهێنان لای بازرگانەکان، بەرپرسانی حکومی، وەزیرەکان و بیانییەکان، بووە ڕێگای خۆدەوڵەمەندکردن. پاڵنەری سەرەکی بۆ بڕیارە ئابوورییەکان، بە لایەنی کەمەوە لە کەرتی گشتی بۆ قازانجکردنی ئەو کەسانە بوو. تێچووی گەشەی ئابووری زۆر بەرز بووەوە. چینی سیاسیی نوێ ساڵانێکی زۆریان بەهەژاری لە مەنفا و لە ژینگەیەکی بە کەم سەیرکراو بەسەر بردبوو، ئەمە وای کرد بە یارمەتیی سەرکردەکان؛ خۆیان ڕێک بخەنەوە و سامانی کەسی کۆ بکەنەوە لە ڕێگەی دەستبەسەراگرتنی وەزارەتە گرنگەکان و نووسینگەکانی حکومەت. هەر شتێک کۆنترۆڵی هەبوو بەسەر گەندەڵییەوە، لە ڕێگەی بیرۆکراسیەتی ترسێنراو و شێواو لاوازیان کرد. تاوانکارە قۆرخکارەکان و تۆڕە بازرگانییەکان خۆیان ڕێک خستەوە لە ڕێگەی هاوکاریی سیاسییە نوێیەکان و لەوێوە بەردەوامییان دا بە “قەیرانی” ئابووری لە عێراق. زیادکردنی گەندەڵی بۆ ئاستی هەرە مەترسیدار، لە ماوەی ساڵانی ٢٠٠٤ بۆ ٢٠٠٩ بوو. سەرەڕای تاڵانیی زۆر، هیچ بەرپرسێکی گەورە تاوانبار نەکرا و نەخرایە زیندانەوە. تەنها کەسێک کە نزیک بوو لەوەی لێپێچینەوەی لێ بکرێ، وەزیری پێشووی کارەبا بوو کە چەند ڕۆژێک دەستگیر کرا و دواتر لەلایەن کۆمپانیای ئاوی ڕەشی ئەمەریکاوە لە زیندان دەرهێنرا. وەزیری پێشووی بازرگانی لە ماڵەکەیدا خرایە زیندانەوە، دوای ئەوەی یاسای ئیداریی شکاندبوو.

نموونەکانی مومارەسەکردنی گەندەڵی لە (٢٠٠٣)ەوە تا ئێستا

دەستەی دەستپاکی (نەزاهە): دەزگایەکە بۆ چاودێریکردن و سەلماندنی گەندەڵی، بەڵام خۆی تۆمەتبارە بە گەندەڵی لە شێوەی بەزۆروەرگرتن و هەڕەشەکردن لە تۆمەتبارانی بەئامانجگیراو. سەرەڕای ئەمانە، سەرۆکی دەستەکە ناڕەزایەتیی ئەوە دەردەبڕێ کە ناتوانن دوای ئەو کەسانە بکەون کە لە یاسا دەرچوون بە هۆی پارێزگاریی سیاسییەوە. دەستەکە هەزاران کەیسی گەندەڵیی سەلمێنراوی لایە، بەبێ ئەوەی کاری یاساییان بەرامبەر ئەنجام بدرێت.

٢٠٠٤-٢٠٠٩: زیانی هاوردەنیی بەرهەمە نەوتییەکان نزیکەی ١ بۆ ١,٥ملیۆن دۆلار بووە، بە هۆی دانانی نرخی زیاد و کەموکوڕی لە کەلوپەلەکان.

٢٠١٤-ئێستا: زیانی گەندەڵی لە دابینکردن و بازرگانیی سووتەمەنیی قورسی نەوت، نزیکەی ٤٠٠ ملیۆن دۆلار بووە.

٢٠٠٦-٢٠١٠: زیانی گەندەڵیی وەزارەتی بەرگری لە کڕینی کەلوپەلی سەربازی لە هاوپەیمانی وارشۆ، نزیکەی ٣٠٠ ملیۆن دۆلار بووە.

٢٠٠٩: زیانی گەندەڵی لە وەزارەتی ناوخۆ لە دابینکردنی ئامێری دۆزینەوەی بۆمب، نزیکەی ٢٠٠ ملیۆن دۆلار بووە بە هۆی زیادکردنی نرخەوە (کەلوپەلی بێکەڵک نرخی هەر پارچەیەکی ٦٠ دۆلار بووە، بە ١٦٠٠ دۆلار ئەژمار کراوە. سەرچاوە: نیویۆرک تایمز).

٢٠٠٨-٢٠١٤: گەندەڵی لە وەزارەتی گواستنەوە: کڕینی فڕۆکەی بۆمباردی: بەڵگەنامە و کۆنتراکتی گواستنەوەی نادیارە. زیانەکەی بە نزیکەی ٥٠٠ ملیۆنە.

٢٠٠٤-٢٠١٩: شارەوانی بەغدا: کۆنتراکتی ئاو و ئاوەڕۆ، گواستنەوەی موڵک و فرۆشتنی: زیانەکانی بە نزیکەی ٢,٥٠٠ ملیۆن دادەنرێت.

٢٠٠٤-ئێستا: کارمەندی شاراوە (بندیوار) لە وەزارەتەکانی حکومەت، بەتایبەت وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ: زیانەکانی بە ٢٥٠ ملیۆن دۆلار دادەنرێت بۆ هەر ساڵێک.

٢٠٠٤-٢٠١٠: دەوترێ کە گەندەڵی کراوە لە بنیاتنانی گۆڕەپاندا.

٢٠٠٤-٢٠١٦: نووسینگەی حەج و عومرە: دەوترێت گەندەڵی کراوە لە فرۆشتنی گەشت و خزمەتگوزارییەکان بۆ حاجییان.

٢٠٠٤-ئێستا: گەندەڵیکردن لە دابینکردنی پەیین و تۆو لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە.

٢٠٠٤-ئێستا: گەندەڵی کراوە لە دەزگای کڕینی دەرمانی وەزارەتی تەندروستی: زیانەکان دەگەنە ٢٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ هەر ساڵێک.

٢٠١٠-ئێستا: گەندەڵیکردن لە پڕۆژەی دروستکردنی نەخۆشخانەکان.

گەندەڵی هەیە لە دابینکردنی قەرزەکان و گەرەنتییەکان لەو دەزگا داراییانەی کە خاوەندارێتی دەکرێت لەلایەن دەوڵەتەوە وەکوو: بانکی ڕافیدەین، بانکی ڕەشید و تی بی ئای (TBI).

گەندەڵی کراوە لە مامەڵەکردن بە موڵکی ئەوقافەوە و گواستنەوە و فرۆشتنی موڵکی دەوڵەت دەستی بەسەردا گیراوە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە.

ناشەفافی لە کۆنتراکتی بەرهەمهێنانە هاوبەشەکان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت، کە پەردەی داوە بەسەر بەرژوەندییەکانی سەرکردە سیاسییەکانی حکومەتی هەرێم و ئەگەر داتاکان بخرێنە بەر دەست؛ بە بلیۆنان مەزەندە دەکرێت.

یەکێک لە کارە خراپەکان بە ئاڕاستەی بازرگانیی شەخسی، داپۆشینی یاسایی ئەو بودجە زۆرەیە کە ساڵانە تەرخان دەکرێت بۆ چینی سیاسی (پەرلەمانتاران، ئۆفیسی سەرۆکوەزیران، ئۆفیسی سەرۆککۆمار)کە خەڵاتی خۆیانی پێ دەکەن.

خەرجیی پاڵپشتیی سەرۆکوەزیران، یەکێکە لە بەرزترین خەرجییەکان لە جیهاندا (٥٠٠ ملیۆن ساڵانە). بودجەی سەرۆکوەزیران دەگاتە ٩٠٠ ملیۆن دۆلار، کە زۆربەی لە حیساباتدا دەردەکرێ. بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار، بودجەکە دەگاتە ٤٠٠ ملیۆن. بەگشتی ٤٠٠ ئەندامی چینی سیاسیی عێراق خۆیان خەڵات کردووە بە نزیکەی ٢ بلیۆن دۆلار ساڵانە. ئەو ڕیفۆرمانەی گیرانە بەر بەم دواییە، لە ساڵی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ دەکرێ ئەو ژمارانە کەم بکەنەوە.

گومانێکی وا نییە لەسەر باجی داڕمانی دامەزراوەیی و زیادبوونی گەندەڵی لە ئابووریی عێراقدا. ئەرکی بنیاتنانەوەی چوارچێوەی دامەزراوەیی لە کۆمەڵگای عێراقی لە هەردوو دەزگای فەرمی و نافەرمی، جێبەجێکردنی یاسا و ڕێنماییەکانە بە شێوەیەکی جددی ئەگەر زیادکردنی سامانی نەوت نەبێتە نەفرەتی نەوت.

ئەنجام و پێشنیار

ئەمەی خوارەوە لیستێکی درێژە لەو کارانەی کە پێویستە ئەنجام بدرێت، هەریەکەیان گرنگیی خۆی هەیە. هەریەکەیان بایەخی ئەرکی داهاتوومان بۆ دیاری دەکات، ئەم ئەرکانە زۆر ماندووکەر نین، بەڵام بەتەواوی پێویستن.

کارە پێویستەکان:

١. چاکسازی لە شێوازی دامەزراندنی کارمەندی مەدەنی.

٢. دامەزراندنی دەزگای کارگێڕیی نەتەوەیی بۆ مەشقپێکردنی کارمەندە مەدەنییەکان و ئەوانەی کە لە داهاتوودا لە پلەی سەرکردایەتیدا دەبن لە بواری کارگێڕیدا (هەروەکوو قوتابخانەی کارگێڕیی ئیکۆل لە فەرەنسا).

٣. لابردنی ئەو پڕۆژە و پڕۆگرامانەی کە لەژێر ڕکێفی وەزیرەکانن.

٤. دامەزراندنی بۆردێکی سەربەخۆ و تایبەت بە بنیاتنان بۆ دیزاینکردن و جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیجییەکان.

٥. ڕێژەیەکی سەدی تەرخان بکرێ لە سامانی نەوت بۆ بنیاتنانی بۆردەکە.

٦. گۆڕینی کاری وەزیرە کۆمەڵایەتییەکان (شارەوانی، نیشتەجێبوون، کاروباری کۆمەڵایەتی، گواستنەوە، تەندروستی، پەروەردە) بدرێتە پارێزگاکان بۆ ماوەی ٣ بۆ ٥ ساڵ.

٧. زیادکردنی داهات بۆ پارێزگاکان بەو ڕادەیەی بێتەوە لەگەڵ خەرجی و لێپرسراوێتییان.

٨. دانانی بەرنامەی چڕوپڕ بۆ بنیاتنانی بەڕێوەبردنی پارێزگاکان.

٩. چاکسازی لە دەزگای دادوەری و پێدانی توانای تەواو و پێوانەی بێ پێچوپەنا.

١٠. چاکسازی بە داماڵینی سیاسەت لە سیستمی پشکنینی گشتی و دەستەی دەستپاکیی نەتەوەیی.

١١. دروستکردنی پۆلیسی دارایی بە دەسەڵاتێکی بەرفراوانی لێپێچینەوە و دەستگیرکردنەوە، هەروەها دادگای تایبەتی دژەگەندەڵی.

١٢. دروستکردنی دەسەڵاتێک بۆ ‌هێنانەوەی سامانە دزراوەکان و ئەو سامانەی بە گەندەڵی بەدەست هاتوون، ڕاوەدوونان و ڕووبەڕووکردنەوەی بەرپرسە گەندەڵەکان و ڕاکردووەکان بە دادگا.

١٣. پێشنیارکردنی کێشەی زەروریەتی حکومەتی ئەلیکترۆنی لەناو سیستمی حکومەتی عێراقیدا.

١٤. دووبارە ڕێکخستنەوە و سەرمایەپێدانی بانکە حکومییەکان وەکوو مەسەلەیەکی بەپەلەی نیشتمانی.

١٥. دانانی بانکی گەشەی هەرێمەکان بۆ یارمەتیی پڕۆسەی سەرمایەگوزاری لە ئاستی پارێزگادا.

١٦. دامەزراندنی بۆردی سیاسەتی ئابووریی نەتەوەیی لەگەڵ شارەزا و ئەکادیمییە عێراقییەکان، بە پاڵپشتیی ڕاوێژکارانی بیانی. بۆردەکە  تاوتوێ و پێشنیار و هەڵسەنگاندن بکات بۆ سیاسەت و ستراتیجە ئابوورییەکان.

١٧. دامەزراندنی بۆردی سیاسەتی نەتەوەیی نەوت، کە ئاڕاستە و ستراتیجی سیاسەتی نەوت دیاری بکات.

١٨. دامەزراندنی بۆردی سیاسەتی کۆمەڵایەتیی نەتەوەیی بۆ دانانی ئامانجی کۆمەڵایەتیی بەرفراوان، لەوانەش ئاڵوگۆڕی داهات.

١٩. دامەزراندنی بۆردی ناوەندی بۆ کڕین، کە بەرپرسیار بێت لەو کۆنتراکتانەی لەسەرووی ٢٠ ملیۆن دۆلارەوەن.

٢٠. چاکسازی و ئاسانکردنی سیاسەتی باج و ڕێکارەکانی کۆکردنەوەی باج.

٢١. توندوتۆڵکردنەوەی یاساکانی دروستکردنی کۆمپانیاکان و گۆڕینی لێپرسراوێتیی ڕێگەپێدان لە وەزارەتی گواستنەوەوە بۆ کەسانی شارەزای تۆمارکراو وەکوو پارێزەر یان ژمێریار.

٢٢. بەلامەرکەزیکردنی نامەی حساب لە بانکی بازرگانیی عێراق بۆ بانکە تایبەتەکان بەپێی یاسا و ڕێنمایی گونجاو.

٢٣. دامەزراندنی ئەنجوومەنی پیران لە پەرلەمانی عێراق بۆ پێداویستییە دەستوورییەکان.

گۆڤاری ئایندەناسی ژمارە 2 تەمووزی 2020

Send this to a friend