• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
November 25, 2023

ڕۆژهەڵاتناسیی فارسی: ئایدیۆلۆجیا ڕەچەڵەك ـ زمانییەكان و دروستكراوەی «ئێرانییەت»

ئەحمەد محەمەدپوور/ و: گەلاوێژ پوختە

ئەم نووسینە[1] شەن وکەوی ڕەگ و ڕیشەی یورۆسەنتریکی ئێرانی دەکات، کە لە ڕێڕەوی سیاسی و فیکریی کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەمەوە سەریهەڵدا. لەسەر بنەمای ئیمتیازاتی مەعریفی زمانی فارسی، یادکردنەوەیەکی هەڵبژێردراوی ڕابردوو، ساختەکردنی ئەوی دیکەی ناوخۆیی، کە ئەم ئایدۆلۆژیای ڕەگەزی زمانەوانییە فارسیبوونی یەکسان کردووە بە ئێرانیی بوون و بە سروشتیکردنی زمانی فارسی هەم بە ناونیشانی زمان و هەم وەک نەژاد. بە شوێنپێ هەڵگرتنی سەرچاوەی ئێرانی و ئێرانییەت دەستپێدەکەم: چکە لەلایەن میرزا فەتحعەلی ئاخوندزادە و میرزا ئاقاخان کرمانی داڕێژراوە، دوو کەسایەتی کاریگەر لە ئێرانی کۆتایی فەرمانڕەوایی قاجارەکاندا، کە لە نووسینەکانیاندا ڕوانگەی ئەوی تری غەیرە فارسی ڕۆژهەڵاتناسیی و یورۆسەنتریکییان ناساند و بڵاویان کردەوە. لە بەشی دووەمدا، لێکۆڵینەوە لەوە دەکەم کە چۆن بازنەی بەرلین، کە کۆمەڵێک ڕۆشنبیری ناسیۆنالیستی ئێرانی بوون لەسەرەتای سەدەی بیستەمدا، ئەم بیرۆکانەیان وردتر کردۆتەوە بۆ ئایدۆلۆژیایەکی نەژادی و سیاسی یەکگرتوو کە دواتر لە ساڵی ١٩٢٥دا پرۆژەی دەوڵەتسازیی پەهلەوی ڕاگەیاند. دوابەشی نووسینەکە پەیوەندی بە نیۆلۆژیزمی ئەم دواییە سەبارەت بە  جیهانی فارسی  هەیە، پرۆژەیەکی فیکریی کە پڕ بوو لە مەیلی ڕۆژهەڵاتناسی کە ئامانجیەتی کواڵیتیی فرەکولتووریی و ئەودیو سنوور بۆ کولتووری فارسی بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێستای، کە ئۆراسیا و . . ئاسیای ناوەڕاستە دووربخاتەوە.

زاراوە سەرەکییەکان

ئێران، ئیسلام، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، فرەنەتەوەیی، نەتەوەبوون/شوناسی نەتەوەیی، نەژاد. . . و نەتەوەکەی

 عەرەبە سەرەتایی و نەزانەکان، کە گەورەترین و ئازیزترین سەرمایەی ژیانیان و جیهانەکەیان حوشترە، [نەتەوەیەک] کە تەماحەکەی لە ملی حوشترەکەیان بەرزتر نابێتەوە (Ali Shariati, Recognazing Iranian identity,Vol. 27).

تەنها شتێک کە بەرگریم لێکردووەو ئاواتم بۆ خواستووە، نەهێشتنی ئەو زمانانەیە کە لە ئێراندا قسەیان پێدەکرێت: تورکی، عەرەبی، ئەرمەنی و ئاشووری و نیمچە زمانەکان [واتە کوردی و شوشتاری. . . ]، بۆ ئەوەی هەموو ئێرانییەکان تەنیا بە یەک زمان قسە بکەن، کە فارسییە. ئەمە ئیرادەی من بووە، بۆ ئەوەش هەوڵمداوە (Ahmad Kasravi, 1944).

عەرەبەکان پێویستە لە بیریان بێت کە لە وڵاتی ئێراندا میوانن (Naseh Nateq, quoted from Rasmus Christian Elling, Minorities in Iran, 2013, p. 129).

١| پێشەکی

لە ١٩ی ئایاری ٢٠١٩دا، ڕەزوان حەکیمی، جێگری وەزیری پەروەردە بۆ خوێندنی سەرەتایی لە کۆماری ئیسلامیی ئێران (لەمەودوا، IRI) ڕایگەیاند کە  دوابەدوای ئامۆژگارییەکانی ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامیی و جەختکردنەوە لەسەر فێربوونی زمانی فارسی  وەزارەتەکەی بڕیاریداوە  تاقیکردنەوەی توانستی زمانی فارسی  ئەنجامبدات. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانجی ئەم تاقیکردنەوەیە، بەرەوپێشبردنی دادپەروەری پەروەردەیی بووە لەسەرانسەری وڵاتدا،  ئەو خوێندکارانەی کە لە تاقیکردنەوەکە شکستدەهێنن، خزمەتگوزاری تایبەت وەردەگرن بۆ ئەوەی بگەنە ئاستی قسەکەری شارەزای فارسی.

لە ڕووداوێکی دیکەدا لە ساڵی ٢٠٢١دا، محەمەد مەهدی ئیسماعیلی، وەزیری ئیرشادی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند، ئەگەر ئەو سیاسەتە کولتووریانەی کە بۆ پاراستنی زمان و ئەدەبیاتی فارسی داڕێژراون، شکست بهێنن لەوەی ئەرکەکەیان بە شێوەیەکی کاریگەر بەئەنجام بگەیەنن، ئەوا ئەم وەزارەتە پەنا دەباتە بەر هێزی پۆلیس بۆ بەرگریکردن لە زمانی  نەتەوە . وتەکەی ئیسماعیلی لەکاتی ناونان بوو لە هەندێک شوێن و کۆگا بە زمانە غەیرە فارسییەکان لە تاران. ١

زنجیرەی سێیەم هەڵمەتی هاشتاگی ManoFarsi# بە واتای  من و فارسی  بوو لە تویتەر. ئەم هەڵمەتە لە مانگی شوباتی ٢٠٢٢، لەلایەن گەلانی کەمینەی ئێرانەوە، ڕۆژێک پێش ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخرابوو. ٢ لەو ڕۆژەدا نزیکەی هەزار کەسی غەیرە فارس کە بە زمانی کەمینە گەورە بوون، بە هاشتاگی ManoFarsi (من و فارسی) کەوتنە تویتەر بۆ دەربڕینی ناڕەزایی خۆیان لە پەراوێزخستنی زمانی دایکیان. ئەم هاشتاگە دووچاری وەڵامی تووند بوویەوە لەلایەن ئیتنۆ-نەتەوەی باڵادەستەوە. بۆ نموونە، ئیسماعیل ئازەر، مامۆستای زمانی فارسی، لە نووسینێکدا بە ناوی  یاخیبوون دژی زمانی فارسی ٣، ئەم هاشتاگەی بۆ دەستی دوژمنە بیانییەکان گەڕاندۆتەوە کە پیلان بۆ هاندانی زمانە لۆکاڵییەکان دژی زمانی نەتەوە دادەنێن. ئەو نووسیویەتی   پێویستە ئێمە بە تووندی دژی هەموو ئەو شتانە بووەستینەوە کە زمانی فارسی سووک و زەلیل دەکەن . بەکارهێنەرانی فارسی، زمانی فارسییان بە گرنگترین میراتی فەرهەنگی و شارستانی ئێران ناوبرد، کە  ناوەندێکی نەتەوەیی  و  زمانێکی نێوەندگیر ە، دەبێت بەردەوام وەک زمانی فەرمی ئێران ڕێزی لێبگیرێت.

زنجیرەی چوارەم (بڕوانە وێنەی ١) نامەیەکی نهێنی وەزارەتی جەنگی ڕەزا شایە لە ساڵی ١٩٣٤ دەربارەی سڕینەوەی زمانەکانی کوردی و تورکی، کە باشترین نموونەی سیاسەتی دەوڵەت نیشاندەدات بۆ  لەناوبردنی جیاوازی  بە بەکارهێنانی دەستەواژەی ئەلیکساندەر هینتۆن.

 پێویستە ئەوە ڕوون بێت کە مامۆستایانی تورک و کورد زمان نابێت لە قوتابخانەکانی ئەو ولایەت و پارێزگایانەدا وانە بڵێنەوە کە دانیشتوانەکەی تورک یان کوردن، لە بنەڕەتدا، دەبێت زمانی تورکی و کوردی لە ئێران بە زووترین کات وازیان لێبهێنرێت. جگە لەوەش، ئەگەر بیرێکی جددی نەکرێتەوە بۆ لەناوبردنی بیروباوەڕە جیاوازەکانیان و شێوازی پەروەردەی منداڵەکانیان لە سیستەمەکەدا [نەتەوەکەمان]، ڕەنگە ڕۆژێک بێت ببنە سەرچاوەیەکی گرنگی پشتگیری بۆ قەوارە بیانییەکان چونکە، تا ئێستا، نەبینراوە پیکهاتەکانی تورک و کورد و ئاشووری کە لە ئێران دەژین خزمەتی زێدی خۆیان بە شەرەف و کەرامەتەوە بکەن، سەرەڕای لە ئامێزگرتنی میللەت بۆیان.

ئەم نووسینە ڕەگ و ڕیشەی فیکریی بیرۆکەی ناسنامەی ئێرانی یان ئێرانیبوون (ئێرانییەت) دەردەخات، کە وەک ئایدۆلۆژیایەکی جیهانی و چونیەک لەسەر بنەمای ئیمتیاز و دەزگای مێژوویی زمان و کولتووری فارسی دامەزراوە (بروانە Asari,2012, 2017, 2019; Dabashi, 2007, 2016; Marashi, 2008; Morady, 2020; Sharifi, 2013).

وێنەی ١

نامەی حکومەتەکەی ڕەزاشا پەهلەویە سەبارەت بە قەدەغەکردنی زمانی کوردی و تورکی (١٩٣٤).

بەم کارە هەوڵدەدەم ئەو دیدگا یورۆسەنتریکە سەبارەت بە مێژوو و کولتوور کە ئەم ڕژێمە دەوڵەتگەرا ڕاستیە ئاڕاستە دەکات، لەیەکتر جیابکەمەوە. سەرەتا بە لێکۆڵینەوە لە نووسینەکانی میرزا ئاقاخان کرمانی (١٨٥٣-١٨٩٦) و میرزا فەتحعەلی ئاخوندزادە (١٨١٢-١٨٧٨) دەستپێدەکەم، کە دوو بیرمەندی پێشەنگی سەردەمی کۆتایی شانشینی قاجار بوون و یەکەمین بەردی بناغەی گوتاری ناسیۆنالیستی ئێرانیان بنیاتنا. بەشی دووەمی نوسینەکە باس لە پەرەسەندنی چەمکی  شوناسی ئێرانی  دەکات لەلایەن نەوەی دووەمی ناسیۆنالیستە ئێرانییەکانی ناسراو بە بازنەی بەرلین لە ساڵانی ١٩٢٠دا، کە ئەم چەمکەیان لە گوتارێکی سیاسی یەکگرتوودا خستەڕوو. لە کۆتاییدا، نووسینەکە باس لە جیهانی فارسییەت دەکات، کە وشەیەکی نوێیە توێژەرانی ئێران بەکاریدەهێنن بۆ بەرەوپێشبردنی تێگەیشتنی فارس-سەنتەری لە کولتوور و مێژوو و یادەوەرییە جۆراوجۆرەکان لە ناو ئێران و شارستانییەتی گەورەی ئیسلامیدا.

٢| تێبینییەک سەبارەت بە تیۆری نەژادی ئاریایی

 ڕۆژهەڵاتناسانی ئەورووپی کە لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا لە ئێرانیان دەکۆڵییەوە، دەورێکی بنەڕەتییان هەبوو لەدروستکردنی وێنەیەکی سادە و ساکارانەی مێژووی ئێران بە کێشانی وێنەیەکی نەسەبی لە نێوان زمانی فارسی و ئەفسانەی نەژاد و خوێنی ئاریاییەکان( Vaziri, 1993, p. 111). بنچینەی ئەفسانەی ئاریایی بەشێوەیەکی گشتی پەیوەستە بە سێر ولیام جۆنز(١٧٨٦) کە پێیوابوو ئەو ڕەگ و ڕیشە هاوبەشەی کە یۆنانی و لاتینی و سانسکریت و فارسی لێوەی سەرچاوەی گرتووە، دۆزیویەتەوە. خودی زاراوەی  ئاریایی  لەلایەن ئەبراهام -هایەسنس ئۆنکتیل-دوپەرۆن (١٧٣١-١٨٠٦)ەوە داڕێژراوە، کە بیرۆکەی باڵادەستی سروشتی نەژادی ئاری بەسەر ئەوانی  دیکەی  نزمتردا بەرەوپێش بردووە (بڕوانە Zia-Ebrahimi,2011). ڕۆژهەڵاتناسان و زمانەوانان ڕۆڵێکی دیاریکراویان لە داڕشتنی چەمکی  نەتەوەی ئێران  وەک  بنەمایەکی ڕۆحی  گێڕا، بیرۆکەیەک کە لە بنەڕەتدا ڕەگ و ڕیشەی لە گوتاری زمانەوانیدا پەرەیان پێدابوو سەبارەت بە بوونی درەختی بنەماڵەی هیندۆ-ئەورووپی کە . . . زمانی فارسی وەک لقێکی لە قەڵەمدەدرێت. ئەم وێنە زمانەوانییە فارسەکانی (کە یەکسان کراون بە ئێرانییەکان) بە ئەورووپییەکانەوە گرێدا بە دروستکردنی پاساوێکی نەژادی کە زمان و نەژاد و مێژوو بەیەکەوە دەبەستێتەوە. تیۆری ڕەگەزی ئاریایی، نەتەوەی ئێرانی وەک قەوارەیەکی سەرەتایی یان  ڕۆحێک  دەبینێت کە ڕابردوویەکی بەرچاوی مێژوویی و پێش ئیسلامی هەر لە دێر زەمانەوە هەبووە. ئەم تێڕوانینە ڕۆمانتیکییە نامێژووییە بۆ ئێرانی کۆن، بوو بە سەرچاوەی ئیلهام و لاساییکردنەوە بۆ بیرمەندانی ناسیۆنالیستی ئێرانی تا فەتحی سەدەی حەوتەمی مسوڵمانە عەرەبەکان بۆ سەر ئێران (لە ئەنجامدا، عەرەبی مسوڵمان)وەک کارەساتێک بۆ سەر ڕابردووی شکۆمەندی ئێران و لە ڕووی مێژوویشەوە بەرپرسیار لە شکستی ئێستا چاولێبکەن. ئەم هزرە سەبارەت بە ئەفسانەی ڕەگ و ڕیشەی هاوبەشی هیندۆ-ئەورووپی تەنانەت لە وەشانی مۆدێرنی ناسیۆنالیزمی ئێرانیشدا بە درێژایی سەدەی بیستەم تا ئێستا وەک بابەتێکی سەرەکی ماوەتەوە (بڕوانە، Marashi, 2008; Tavakoli-Targhi, 2011; Ansari, 2012; Amanat, 2017). بانگەشەی زیندووکردنەوەی  ڕۆحی سەرەتایی  یان  بنەمای ڕۆحی  ئێران بۆ زاڵبوون بەسەر لاوازییەکانی ئێستادا دەکرا.

جۆزێف ئارسەر دو گۆبینۆ (١٨٥٥) لە وتارەکەیدا دەربارەی نایەکسانی نەژادی مرۆڤ، زیاتر ئایدۆلۆژیای باڵادەستی ئاریایی پەرەپێدا تا پێشنیاری هاوتابوونی  ئاریایی  لەگەڵ ڕەچەڵەک/کولتووری بانگەشە بۆکراوی پێش مێژووی هیندۆ-ئەورووپی نیشان بدات. ئەو بە پێشکەشکردنی پۆلێنکردنێکی نەژادی دەستیپێکرد کە سێ ڕەگەزی سەرەکی لەخۆدەگرێت، سپی و زەرد و ڕەش، بەو پێیەی هەموو شتێک بەهۆی تێکەڵکردنی نەژادەوە یان ئاژاوەوە بووە (see,Nale, 2014). گۆبینۆ زاراوەی ؛ئاریایی  بەکارهێناوە بۆ ئاماژەدان بە  ڕەگەزێکی سەرەتایی  کە بە بڕوای ئەو،  نوخبەی هندستانی کۆن و دەوڵەتی فارس و هەروەها فەرەنسای هاوچەرخی سەدەی نۆزدەهەم  بوو (Motadel,2014,p. 123). ڕۆژهەڵاتناسانی دیکەی وەک فریدریک ماکس مۆلەر(١٨٦١)، پەیوەندییەکی تری ڕاستەوخۆی لەنێوان وشەی  ئاریایی  و  ئێران  دروستکرد و  ئێران یان وەک  خاکی ئاریاییەکان  وەرگێڕا. لەسەرەتای سەدەی بیستەمدا، زاراوەی  ئاریایی  لە کایەی فیکری و سیاسیدا بوو پەرەی گرت و زۆری نەخایاند بوو بە هاوواتای  نەژادی سەرەکی  یان  نەژادی بڵند (MOTADEL, 2014, P. 124).

تێگەیشتنی ناسیۆنالیستە یەکەمەکانی ئێران بۆ ناسنامەی ئێرانی و ڕق لێبوونەوەیان لە ئیسلام زیاتر قەرزاری نووسینە دژە سامیەکانی ئیرنیست ڕێنانە(Alinejad, 2022; Keddie, 1962). ڕێنان بە بەستنەوەی نەژاد بە ئایین، ئیسلامی وەک دەربڕینی بەردەوامی ئاییندارییەکی تەسک کە ڕێگری لە پێشکەوتن و مۆدێرنیتە دەکات، نیشاندا. بەپێچەوانەی دو گۆبینۆ کە شیعەگەرایی وەک وەڵامێکی فارسی بۆ لەشکرکێشی عەرەبە مسوڵمانەکان و تێگەیشتن لەناو خۆیدا و فۆرمەکانی سۆفیگەری ئێرانی وەسفکرد، ڕێنان ئیسلامی بەتەواوی وەک دروستکراوێکی سامی ڕەتکردەوە Nash, 2014, p. 34 ))، وەک بنچینەی  هزری سامی و لەبەرئەوە نەیتوانی لە بیرۆکە ئاڵۆزەکان بەبەراورد بەهزری بەتوانای ئاریایی تێبگات (Anzali, 2021, p. 13) ڕێنان دەنووسێت  ئیسلام هەزار میل لە هەر شتێکەوە دوورە کە مرۆڤ پێی بڵێت عەقڵگەرایی یان زانست. ئەو سوارچاکە عەرەبانەی کە وەک بیانوویەک بۆ فەتحکردن و تاڵانکردن پەیوەستبوون پێیەوە، لەسەردەمی خۆیاندا، جەنگاوەری پێشەنگی جیهان بوون، بەڵام بە دڵنیاییەوە کەمترینیان ئەهلی فەلسەفە بوون(Renan, 2018/1882, p. 266). بیرۆکەکانی ڕێنان بوونە بنەما لە بڵاوکردنەوەی ڕق و کینە بەرامبەر عەرەب و پێناسەکردنی ئاریایی بوون وەک پێچەوانەی عەرەب بوون. تایپۆلۆژیای ڕێنان سەبارەت بە  سامی  و  ئاریایی  کە لەگەڵ چەمکە بایۆلۆژییەکانی ڕەگەزدا تێکەڵیکردبوو، بناغەی چەمکەکانی  سامیزم  و  دژە سامیزم ی پێکهێنا (see, Motadel, 2014, p. 123) و ئایینی بە ڕەگەزەوە دەبەستەوە. خودی ئاخوندزادە هەرگیز ئاماژەی بە هیچ بیرمەندێکی دیاریکراوی ڕۆژئاوایی نەکردووە، بەڵام بەشێوەی کۆمەڵ وەک زانای ڕۆژئاوایی ئاماژەی پێکردوون. شایانی باسە کە بە پێی هەژمارەکانی ڕێنان و گۆبینۆ، ئێرانییەکان وەک دووبارەبوونەوەیەکی خراپ و نزمی ئارییە ڕەسەنەکان وێنا دەکران. ئەم تێڕوانینە ڕۆژهەڵاتناسی و ڕەگەزپەرستییە پێیوابوو کە تێکەڵبوونی نەژادی لەگەڵ عەرەبەکاندا پاکژی هێڵی ئاریایی پیس کردووە. ئاماژەیەکی ڕاستەوخۆتر بۆ ڕێنان و دو گۆبینۆ و ڕۆژهەڵاتناسەکانی دیکە لەلایەن کرمانی و ئەندامانی بازنەی بەرلین لە بیستەکانی سەدەی ڕبردوودا کراوە. بۆ نموونە، بۆ سەلماندنی پەیوەندی نەژادی ئێرانییەکان بە ئەورووپییەکانەوە پەنا دەباتە بەر فەنتازیا و وەهم و لەوێدا چیرۆکێکی دروستکراوی خۆی دەخاتەڕوو.

دوو برا هەبوون، یەکێکیان کۆچی کرد بۆ ڕۆژئاوا بۆ فەرەنسا، گەیشتە لوتکەی پێشکەوتن و شارستانییەت و سامان و شکۆمەندی و مرۆڤایەتی. دووەمیان کە فارس [فارس/بە واتای ئێرانی] بوو، چووە ڕۆژهەڵات و لەوێ بووە دیلێکی پیری دزە خوێنمژەکان و شوانی حوشترە پیسەکان و گەمژە مارمێلکە خۆرەکان و عەرەبە شەیتانپەرست و عەرەبە خراپەکارەکان (Kermani, Seh Maktoub, pp. 403-. (404

ئاخوندزادە و کرمانی قاڵبە نەژادییە ڕۆژئاواییەکانی ئەوانی دیکەیان وەرگرت و بۆ بنیاتنانی  ئەویتری عەرەبی  دووبارەیان کردەوە (بڕوانە Labib, 2007)، بە شەیتانیکردنیان وەک تاوانبارێکی مێژوویی بەرپرسیار لە شکستی ئێران بە بەرارد لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا. بەدرێژایی کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەم، نوێنەرایەتی  ئەویتری عەرەب  چەواشەکرا بۆ ئەوەی تیشک بخاتەسەر جیاوازی ڕەگەزی نەتەوەی ئێران و بانگەشەی یەکسانی لەگەڵ ئەورووپا (بڕوانە، AdibMoghddam, 2006).

٣|میرزا فەتحعەلی ئاخوندزادە: لەدایکبوونی  ئەویتری عەرەبی

هزری ناسیۆنالیستی ئاخوندزادە لە دوو کتێبدا دەرکەوتووە: کتێبی یەکەم مکتوبات کمال الدولە (١٨٦٥)(نامەکانی کەمال الدولە بۆ جەلال الدولە) کە خودی ئاخوندزادە نووسیویەتی و دووەمیان هزرەکانی میرزا فەتحعەلی ئاخوندزادە کە لەلایەن فەرەیدون ئادەمیات (١٩٧٩) کۆکراوەتەوە، کە تێیدا ئادەمیات وێڕای پێشکەشکردنی تێڕوانینێکی گشتی هەڵبژێردراو لە ژیان و نووسینەکانی ئاخوندزادە، سەرسامە بە بەشداریکردنی لە بەئاگاهاتنەوەی مێژوویی ئێرانییەکان و هەروەها هەستی (دژە عەرەبی). مەکتوبات، لە نووسینی ئاخوندزادە، ئاڵوگۆڕی وتوێژێکی خەیاڵییە لە نێوان کەمال، هیندییەک کە نوێنەرایەتی ئاخوندزادە و جەلال، ئێرانییەک کە لە بری بینەرانی ئاخوندزادە قسە دەکات. شێواز و زمانی مەکتوبات زۆر جێگەی مشتومڕ و نۆستالژییە، پڕە لە ئارەزووی ئاگرین بۆ ئێرانێکی دێرین کە سەردەمانێک شکۆمەندبوو، ئەمەش ئاماژەیە بۆ دابڕانی تەواو لە ئایین و گەڕانەوە بۆ  خودی ئێرانی . یەکەم مەکتوبی خۆی (1865. P. 21) بە لاواندنەوە دەستپێدەکات:

ئەی ئێران! کوا ئەو مەزنی و خۆشبەختییەی کە سەردەمی کیومەرس و جەمشید و گشتاسب و نەوشیروان و خەسرەو و پەرویز [پاشاکانی ئێرانی کۆن] هەتبوو؟‌! هەرچەندە مەزنی و خۆشبەختی تۆ بەبەراورد بە گەلانی فەرەنگستان [ئەورووپی] و جیهان وەک خۆرێک بوو لەبەرامبەر مۆمێکدا.

ڕێکخراوترین و پوختەترین کاری زانستی سەبارەت بەم دوو بیرمەندە لەلایەن ڕەزا زیا ئیبراهیمی (٢٠١٦) بەرهەمهێنراوە، کە تیایدا ئاخوندزادە و کرمانی وەک باوکی دامەزرێنەری گوتاری ناسیۆنالیستی ئێرانی دەزانێت کە ئیلهامبەخش بووە بۆ نەوەی داهاتووی مێژوونووسان و زانایان و دەوڵەتمەدارانی ئێرانی لە ماوەی سەردەمی پەهلەویدا. ئەو ئاماژە بە مارکەی ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیستی ئاخوندزادە و کرمانی بە  لادراو  دەکات کە بۆ یەکەم جار لە زانستنامەکانیاندا لە ساڵی ١٨٦٠ تا ١٩٠٠ دەرکەوت. نووسینەکانی ئاخوندزادەو کرمانی نموونەی جۆری ئایدیالی ناسیۆنالیستی فارسین، وەک لیستێک خزمەت دەکەن بۆ ڕاگرتنی توخمە ئایدۆلۆژی و ڕەگەزپەرستییەکانی ئەوەی کە دوای دوو دەیەی دواتر بوو بە سەرچاوەی ئیلهامبەخشین بۆ نەوەی سەرەتایی ناسیۆنالیستەکانی پەهلەوی، هەروەها دەوڵەتمەدارەکانی کە چالاکانە بەشدارییان کرد لە دامەزراندنی دەوڵەتی مۆدێرن لە ئێران. هاوبەشییە فیکرییەکانی نێوان ئەم دوو بیرمەندە وادەکات کە بە نزیکەیی هیچکامیان نەتوانن بەبێ ئەوی دیکە گفتوگۆ لەسەر یەکتر بکەن. هەردووکیان گوتاری ڕەگەزپەرستانە و دژە سامییان سازکرد و پێشخست، کە وەبەرهێنانیان لە بە ڕۆمانتیک کردنی ئێرانی پێش ئیسلام وەک سەردەمێکی زێڕین کرد، کە تەنها لە لایەن عەرەبەکانەوە شێوێنرا. دووبارەترین پێکهاتەی نووسینەکانی ئاخوندزادە وێناکردنی ئەفسانەیی ئێرانی پێش ئیسلامە کە لە بەهەشتێک دەچێت کە ئێرانییەکان لە ژێر دەستەڵاتی پاشا خێرخواز و بێ هەڵەو دادپەروەرەکاندا دەژین. ئاخوندزادە بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە مەزنی ئێرانی پێش ئیسلام بە دەستی  عەرەبە برسی و ڕووت و دڕندەکان  کاڵ بووەتەوە. کەموکووڕییەکانی ئێران بەردەوام دەخرێنە ئەستۆی عەرەبەکان، کە لە گوتاری ئاخوندزادەدا  ئەویتری  یەک بڕگە و بێگانەیە. وەک بەشێک لە چارەسەر بۆ گەڕاندنەوەی ئەم مەزنایەتییە، ئاخوندزادە ئیلهامی لە تەنزیماتی عوسمانی (١٨٣٩-١٨٧٦) وەرگرت، پرۆژەی چاکسازی لە ئەلفوبێی فارسی لە ساڵی ١٨٥٧ پێشکەشکرد، ، کە گۆڕانکاری لە سینتاکس و ڕێنووسی فارسی و سیستەمێکی پەروەردەیی کاریگەر بۆ  پەروەردەکردنی نەتەوە  لە خۆ دەگرت. بۆ ئەم مەبەستە، لە ساڵی ١٨٥٧ ڕیسالەیەکی بەناوی ئەلفوبێی نوێ کە تێیدا پرۆژەی ئەلفوبێی نوێی خۆی بەم شێوەیە باسدەکات:

مەبەستم لە گۆڕینی ڕێنووسی ئیسلامی ئەوە بوو کە ئاسانکاری بکەم بۆ ئامرازەکانی فێربوونی زانست و پیشەسازی، بۆ ئەوەی هەموو میللەتە ئیسلامییەکان، لە شار و لادێکانەوە، ژن و پیاو پێکەوە بەهەمان شێوە، پەروەردە بکرێن و فێری زانست و پیشەسازی بن وەک نەتەوەی پروس، پێشکەوتن بەدەستبهێنن و بەشێوەیەکی بەردەوام بگەنە ئاستی گەلانی ئەورووپی لە ڕووی شارستانییەتەوە (qouted in Adamiyat, 1970, p. 76). بیرۆکەی گۆڕینی ئەلفوبێ، هەروەها پاڵنەرێکی ئایدۆلۆژیشی هەبوو لەو پەیوەندییەوە سەرچاوەی گرتبوو کە ئاخوندزادە لە نێوان زمان و  نەژاد دا دروستی کردبوو، وەک ئەو (1865, p. 177)دەڵێت:

یەکێک لە کاریگەرییە نەخوازراوەکانی زاڵبوونی تازی دڕندە بەسەر ئێراندا ئەوەیە کە ئەلفوبێیەکیان بە ملی ئێمەوە بەستووە، کە بە هۆیەوە خوێندەواری گشتی بووەتە قورسترین ئەرک بۆمان. ئێستا، تاکە ئامانج و هەوڵی نووسەر-کەمال ئۆد-دەولە- ئەوەیە کە میللەتەکەی لە دەستی ئەم ئەلفوبێ ڕەتکراو و گڵاوە ڕزگار بکات، کە ئەم قەومی (قەومی عەرەب)ە بۆی بەجێهێشتوون تا میللەتەکەی لە تاریکی و جەهلەوە بۆ ڕووناکی زانین بهێنێتەوە.

کاتێک پێشنیارەکەی بۆ گۆڕینی ئەلفوبێ ڕەتکرایەوە، ئەو لە نامەیەکدا بۆ مستەشاروالدەولە، نووسی:  پێشنیاری ئەلفوبێی نوێم تەنانەت دەیتوانی سەرنجی دڕندەکانی ئەفریقا و ئەمەریکاش ڕابکێشێت، بەڵام کاریگەری لەسەر دەسەڵاتدارانی تاران نەبوو  (quoted in Adamiyat, 1970, p. 84).

پێناسەی ئاخوندزادە بۆ نەتەوە لە بنەڕەتدا سەرەتاییە، شوناسێکی نەژادی تاکەکەسی ترانزمێژووییە کە هەزاران ساڵە ماوەتەوە. لە دۆخی ئێراندا، ئەو نەتەوەیە، لە شێوەی قەوارەیەکی ئیمپراتۆریدا کۆکرابووەوە کە بڕیاربوو لە لایەن عەرەبەکانەوە هەڵبووەشێنرێتەوە. بۆ تێگەیشتن لەوەی کە ئاخوندزادە ئاماژە بەچی دەکات کە دەڵێ وەک نەتەوەیەک، زۆر گرنگە بزانین پێکهاتە خوازراوەکەی نەتەوەی ئێرانی لەچی پێکدێت. ئەو نەتەوەیەی ئاخوندزادە خەیاڵی دەکرد، مەبەستی ئەوەبوو نەخشەی مۆدێلی ئەورووپی بۆ حوکمڕانی و سەروەری بگونجێنێت. ئەم جۆرە مۆدێلە لە ئێراندا مەحاڵ بوو لەگەڵ بوونی پێکهاتەی دەسەڵاتی لامەرکەزی لە حکومەتی قاجاردا کە تێیدا هەر ولایەتێک (پارێزگا) ڕێژەیەکی دیاریکراوی سەربەخۆیی فیدراڵی هەبوو. ئاخوندزادە لامەرکەزییەتی نەک وەک دەرفەتێک لەبەرژەوەندی دروستکردنی حکومەتێکی دیموکراسی و لیبراڵ نەدەبینی، بەڵکو وەک هەڕەشەیەک بۆسەر پلاتفۆرمی سیاسی خەیاڵی خۆی دەبینی. پەنابردن بۆ گێڕانەوەیەکی ئەفسانەیی ئێرانی دێرین، ئەوە بوو زەمینەسازی بکات بۆ بیرۆکەی ئێرانی پێش ئیسلام وەک کیانێکی تاک و یەکگرتوو و بەردەوام کە نەتەوە و کولتوورە جۆراوجۆرەکانی (پاشای پاشاکان)ی لە خۆگرتبوو. زیا ئیبراهیمی (2016, p. 100)  فۆرمولەکانی ئاخوندزادە بۆ ناسیۆنالیزم وەک ئۆنتۆلۆژیکی  لادراو  تایبەتمەند دەکات:

 . . . ئۆپەراسیۆنێک کە لە جیهانی خەیاڵدا ڕوودەدات، ئۆپەراسیۆنێک کە بەهۆیەوە نەتەوەی ئێران لە واقیعە ئەزموونییەکەی خۆی دوور دەخرێتەوە، وەک کۆمەڵگەیەکی زۆرینە مسوڵمان کە-بەشێوەیەکی بەرفراوان- لە  ڕۆژهەڵات دا هەڵکەوتووە. ئێران وەک نەتەوەیەکی ئاریایی سەرگەردان نیشاندەدات، وەک بڵێی، پاشماوەی هاو ئاریاییەکان بوون [بخوێنەوە: ئەورووپییەکان].

ئاخوندزادە ڕەتیدەکاتەوە دوازدە سەدەی شارستانییەت و نەریتی ئیسلامی لە ئێراندا لە گێڕانەوە مێژووییە خوازراوەکەیدا باسبکات، چونکە ناگونجێت لەگەڵ وێناکردنەکەی بۆ بەردەوامی  ڕۆح ی ئێرانی بەبەکارهێنانی وتەکانی ڕێنان. بەدەر لە نۆستالژیا خەیاڵییەکەی بۆ ڕابردوو، بنیاتنانی شوناسی ئێرانی ئاخوندزادە، پشت بە پاکژی ڕەگەزی ئاریاییە ئەفسانەییەکان دەبەستێت، کە جیاوازییەکی تەواو لە نێوان ئێرانییەکان و عەرەبەکاندا دروستدەکات. ئەم وەشانە نامێژووییەی ناسیۆنالیزم ڕابردووی پێش ئیسلامی وەک شوێنێکی جەوهەری ئێرانی نەمر خستووەتە ڕوو، سەردەمی ئیسلامی بە سەردەمی پوکانەوە و هەموو شکستەکانی ئێرانی لە سەدەی نۆزدەهەم و دواتر سەدەی بیستەمدا گەڕاندەوە بۆ عەرەب و لە ئامێزگرتنی ئیسلام، بەبێ هیچ ناوهێنانێکی ئینگلیز و ڕووس کە لە ڕووی سیاسی و خاکەوە دەستوەردانیان لە ئیراندا کردبوو (Zia-Ebrahimi, 2016, p. 131). بەم شێوەیە هاتنی ئیسلام وەک  داگیرکاری عەرەبی  بوو، کە وەک حاڵەتێکی پیسبوون یان تێکەڵبوونی نەژادی دەبینرا.

جگە لە ڕەتکردنەوەی جەندین سەدەی ئێرانی ئیسلامی، گوتاری ئاخوندزادە تێگەیشتنێکی نەژادی سەبارەت بە مێژووی ئێران بەرەوپێش هێنا و بەپشت بەستن بەو گریمانە ڕۆژهەڵاتییەی کە ئێرانییەکان لە ڕووی نەژادییەوە ئاریایین، هەربۆیەش خاوەن ئیمتیاز و باڵاترن بەسەر عەرەبەکاندا. تێگەیشتن لەوەی کە ئاخوندزادە بە  ئێرانی  ناوی دەبات، زەحمەت نییە. ئێرانی هاوتا کراوە و بەستراوەتەوە بە  فارسی . ئەمەش بە بەڵگەی ئاماژە زۆرەکانی بۆ پاشا کۆنەکانی ئێران وەک سوڵتانی  فۆرۆس  یان سوڵتانی فارسی. وێنەی  ئەویتری عەرەبی  بەردەوام  شێوێنراوە  لە هەوڵی تیشک خستنەسەر جیاوازی ئێران و نزیکخستنەوەی  سرووشتی  وڵاتەکە لەگەڵ  ڕۆژئاوا  (بڕوانەAdib-Moghaddam, 2006, ). جگە لە عەرەب، ئاخوندزادە بەشێوەیەکی ڕەگەزپەرەستانە وەسفی تورک و مەغۆلیش دەکات. ئەو خاکەی ئاخوندزادە بە ئێران وەسفی دەکات و دەوترێت ئێرانییەکان تێیدا نیشتەجێن، بەلام هیچ ئاماژەیەک بە کورد و لوڕ و بەلوچ نەکراوە کە لەهەمان خاکدا ژیاون و دەژین. تێکەڵکردنی ئێرانیبوون یان ئێرانییەت لەگەڵ فارسیبوون، بڕبڕەی پشتی بیری ناسیۆنالیستی نەژادی ئاخوندزادە پێکدەهێنێت. جیاوازی زمان هیچ کاریگەرییەکی لەسەر نەتەوە و سازانی هزری گریمانەی ئاخوندزادە سەبارەت بە ئێرانییبوون نییە وەک خۆی دەڵێت:  هەرجەندە بە ڕواڵەت تورکم، بەڵام لە نەژادی فارسم. ئێران نیشتمانمانە، زمانەکەشمان شیرین ترین زمانی جیهانە . لەم لێدوانە دژبەیەکەدا فارسی نەک تەنیا زمان نییە بەڵکو نەژادیشە؛ ئەو ئەوە ڕوون ناکاتەوە کە چۆن فارس و تورک دەتوانن یەکسان بن یان چۆن لە یەک ڕەچەڵی نەژادییەوە هاتبن. لە لێدوانێکی دیکەدا زیاتر دەڕوات و ڕاڤەی زەردەشتییەکان وادەکات کە لە ڕووی نەژادییەوە فارسن.  زەردەشتییەکان برای ئێمەن، هاونیشتمانی و میهرەبان و هاوزمانمانن. . . واتە ئەرکی ئێمەیە کە پەرۆشی فارسیمان هەبێت نەک پەرۆشی ئایینی، وەک ئەوەی فەرانگیس (ڕۆژئاواییەکان) کردوویانە  (quoted in Adamiyat, 1970, p. 118).

لە ستایشکردنی پەرۆشی ناسیۆنالیستی ئاخوندزادە، ئادەمیات چیرۆکێک دەگێڕێتەوە کە کاتێک جەلالەدین میرزا داوای لە ئاخوندزادە کرد لە کتێبخانەکانی قەوقازدا بەدوای وێنەی پاشاکانی تورک و تاتاردا بگەڕێت کە تا سەردەمی شانشینی سەفەوی حوکمی ئێرانیان کردبوو، بەم شێوەیە وەڵامی دایەوە:  بە بۆچوونی من، ئەم پاشایانە تەنانەت شایەنی ئەوە نین کە وێنەکانیان لە نووسینەکانتدا هەبێت، جونکە هەموویان دیکتاتۆر و تاڵانچی (حرامی ب آشیان) بوون . شانشینی سەلجوقی و غەزنەوی کە لە ڕووی نەژادییەوە تورک بوون، و بەم پێیەش لە نەزانی و پەرۆشی ئایینی تێر بوون ، بە گرنگترین هۆکارەکانی بنەمای تێکچوونی فیکری ئێران دادەنران. بە هاوسۆزی لەگەڵ ئاخوندزادە، ئادەمیات تورکەکان بە مرۆڤی نەزان و خوێنڕێژ وەسف دەکات کە هەژموونیان بەسەر ئەنادۆڵدا کارەساتێکی مێژوویی گەورەبوو کە ڕێگری دەکرد لەوەی ئێرانییەکان و گەلانی ڕۆژهەڵات ئاگاداری زانست و شارستانییەتی نوێ بن. بەڵام ئەوە هێشتا  تازییەکان ن زۆربەی کات بێڕێزییان پێدەکرێت و بە دڕندەیی و بەربەرییەت تۆمەتبار دەکرێن:  ئەوەندە دڕندە و بە دزێوی لەدایکبوون کە شوێنپێی پاشا شکۆمەندەکانی فارسییان لەسەر ڕووی زەوی و بەتەواوی یاسا دادپەروەرانەکانیان سڕییەوە . عەرەبەکان یاسا و ئایینی سەپێنەری خۆیان لە ئێراندا سەپاند، ئایینێک کە تاڕاددەیەک لەسەر بنەمای هاوشێوەی ئایینی جوولەکە دامەزرا بوو (Adamiyat, 1970, p. 128). ئاخوندزادە بەبەرزکردنەوەی ئیمپراتۆرییەتی فارسی پێش ئیسلام، بە لاواندنەوەوە دەڵێت: ئێرانی ئیسلامیی هەرگیز ئەو یەکگرتوویی و هێزەی بەدەست نەهێناوەتەوە کەلەسەردەمی کۆندا هەیبوو. بوونی شانشینی کاتی و کورتخایەن لەسەردەمی ئیسلامیدا تەنیا تایبەتمەندییەکی سەردەمی ئیسلامییە. ئەو دەستخۆشی لە بەشداری جلال الدین میرزا کرد لە بە ناسیۆنالیستی کردنی بیرۆکەی ئێران لە مێژوونووسیدا و بەکارهێنانی زمانی فاسی لە بەرهەمێکی مێژوویی ئەفسانەییدا بە ناوی نامە خسروان (کتێبی سەروەرەکان). ئەو ئەنووسێت:

 بڵاوکراوەکەت شیاوی ستایشە، بەتایبەت لەبەرئەوەی وشە عەرەبیەکانت بەتەواوی لەناو زمانی فارسی لابردووە. خۆزگە کەسانی تریش شوێنت دەکەوتن و زمانەکەمان کە شیرین ترینی زمانەکانی جیهانە، لە تێکەڵبوون لەگەڵ زمانی عەرەبی زبر و درشت ئازاد بکردایە. . . منیش هەوڵدەدەم میللەتەکەمان لە ڕێنووسی عەرەبی ڕزگار بکەم.

ئاخوندزادە براندێکی لە وێژەی فارسی و مێژوونووسی و گوتاری سیاسی و نەریتی فیکری داڕشت کە جەختی دەخستە سەر سەپاندنی گێڕانەوەی نەژادیی مێژوو و کولتووری ئێران. زاراوەی مێژوو لە نووسینەکانیدا نامێژوویی و لادراو و خەیاڵییە و لەهەندێک حاڵەتدا تەنانەت بوونیشی نەبووە. ئاریایگەرایی و فارسیگەرایی وەک نەژاد و زمان و وەک شوناس بەشێوەی ئاڵوگۆڕ بەکارهێنراون. خاڵی گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە ئەگەرچی ئێرانی قاجار ڕووبەڕووی دەستێوەردانی سەربازیی و سیاسی ڕووسیا و بەریتانیا ببوویەوە، بەڵام لە نووسینەکەی ئاخوندزادەدا هیچ ئاماژەیەک بۆ ڕەخنەگرتن لەو دەسیترێژییە دەرەکییانە نییە. لەبری ئەوە، ئەورووپییەکان وەک مۆدێلێک یان نموونەیەک ئاماژەیان پێدەکرێت کە لە ڕێگەیەوە دەتوانرێت ئێرانێکی مۆدێرن دروستبکرێت. مۆدێلی مۆدێرنیتەی سپی ئەورووپی زیاتر لە نووسینەکانی کرمانی پەرەیپێدراوە؛ دەتوانین نووسینەکانی ئاخوندزادە بە دوو تەوەری پێکەوەگرێدراو کورت بکەینەوە: یەکەم، سوکایەتیکردنێکی تووند بە عەرەب و گەلی سامی و دووەم، شکۆمەندییەکی بێ ڕەخنە و تەواو لە ئەورووپییەکان، بەبێ باسکردنی تێوەگلانی کۆڵۆنیالیزمیان لەئێراندا. ئەوەی جێگای سەرنجە، دەستێوەردانی ئەورووپا لە کاروباری ناوخۆی ئێران تەنیا وەک دەستدرێژییەکی سیاسی و کۆڵۆنیالیزمی تەماشا نەدەکرا، بەڵکو وەک تۆڵەکردنەوەیەک یان وەبیرهێنانەوەیەکی بە ئازار بۆ ئێرانییەکان سەیردەکرا کە گوایە خۆیان داوەتە دەست  کولتووری دواکەوتووی  عەرەبەکان و وازیان لە ڕۆحی فارسی هێناوە کە ڕۆژگارێک بوو سەردەمی زێڕینی ئێرانی دەبزواند.

٤|میرزا ئاقاخان کرمانی: بیرۆکەی نەتەوەیەکی  ئاریایی

ئاخوندزادە ژیانی فیکری خۆی بە پلەی یەکەم بۆ بەستنەوەی زمان و پێشکەوتن و نەژاد تەرخان کردبوو (وەک ئەوەی لە هەڵمەتەکەیدا دژی زمانی عەرەبی دەرکەوت)؛ کرمانی، لەبنەمادا، سەرقاڵی بووژندنەوەی  نەتەوەی ئاریایی  بوو (بڕوانەAnsari, 2019). گرنگترین نووسینەکانی کرمانی، لەنێویاندا پێکدێن لە سە مکتوب (٢٠٠٠) یان سێ نامە، سەد ختابە (٢٠٠٠٦ ئەلف) (سەد وتار، هێشتا ٤٢ وتاریان) و هشت بهشت (٢٠٠٦ ب) یان هەشت بەهەشت (لەبنەڕەتدا لە ساڵی ١٨٩٢ نووسراوە)، کتێبێک لەگەڵ شێخ ئەحمەد ڕۆحی هاوڕێی نووسیویەتی سەبارەت بە پێشکەشکردنی ڕاپرسییەک لە بیری بابی. هەروەک پێشتر ئاماژەی پێکراوە، سێ مکتوب درێژەپێدەری مەکتوباتی ئاخوندزادەیە، بە ئاوازێکی ناسیۆنالیستی تووندەوە، ڕابردووی شکۆداری ئێرانییەکان کە لەلایەن عەرەبەکانەوە وێرانکراوە، بیردەخاتەوە. هەروەک زیا ئیبراهیمی) (2016, p. 174 بەشێوەیەکی قایلکەر جەختی لەسەر دەکاتەوە، ئەو ئارگیومێنتە سەرەکییەی کە بنەمای سێ مکتوب و سەد ختابەیە، دەتوانرێت بە یەک وشە کورت بکرێتەوە،  عەرەب ، کە پێدەچێت تاکە تاوانباری نەهامەتی و دواکەوتوویی ئێران بن.

کرمانی بەمەبەست پەیڕەویی لە شێوازی نووسینی ئاخوندزادە دەکرد و لەهەندێک حاڵەتدا، تەنانەت کارەکانیشی دووبارە دەکردەوە. بۆ نموونە، لەیەکەم خەتابە (وتار)دا کە ئاڕاستەی جەلال الدولە، نەیاری خەیاڵی، کراوە، کرمانی بە لاواندنەوەوە دەڵێت:  ئەی ئێران، مێژووی مەزنی و پایەبەرزی و شکۆداری و سەربەرزیت لە دەستی تازیاندا وێران بوو و لەژێر زوڵمی ئەو بەربەریانەدا پێشێل کرا بە ئەندازەیەک کە یەک لاپەڕەش نییە لە مێژووی ڕەسەنی ئێران لە دوو هەزار ساڵی ڕابردوودا (ل ١). بەهەمان شێوە کرمانی وێنەیەکی ئایدیالی و ڕۆمانتیکی ئێرانی پێش ئیسلامیی دەکێشێت و ستایشی دەکات بۆ فراوانی جوگرافیا و دادپەروەری بێهاوتا و سیستەمی سیاسی و سەربازیی بەهێز و ڕاوێژکاری زیرەکی دادگاو پاشای بە فەزیلەت. ئەو بانگەشەی ئەوە دەکات،  کشانی وڵاتەکە بەجۆرێک بووە کە خۆر نەیتوانیوە لە یەک ڕۆژدا لە کەناراوێکەوە بۆ کەنارێکی تری تێپەڕێت  دواتر درێژە بە قسەکانی دەدات کە وڵاتەکە خاکەکانی لە وڵاتی پشت دوو ڕووبارەوە تا ئەنادۆڵ، تا نیمجە دوورگەی عەرەبی، لەگەڵ میسر و هیندستان و یۆنانی لەخۆگرتووە و لەژێر فەرمانرەوایی ئەودا بوو. ئەو بەردەوام دەبێت و دەڵێت:  پایتەختی ئەم شانشینە، فارس، ناوی گۆڕا بە بە استخر فارس (استخر بە واتای حەوز یان دەریاچە دێت) چونکە  پاشاکان وەک چۆن ڕووبارەکان دەڕژێن، سەردانی ناوەندی سوڵتانییەتی ئێرانیان دەکرد بۆئەوەی وەک پاشای وڵاتەکانیان دەستنیشان بکرێن  (ل ٤-٥).

لەم جۆرە لێدوانە زیادەڕەوانە لە نووسینەکانی کرمانیدا تاڕاددەیەک زۆرن، کەسێک کە گوایە داکۆکیکاری زانستی مۆدێرن بووە. ئەم نموونەیەی خوارەوە لە مێژووسازی ئەو بۆ ڕابردووی ئێران وەربگرە، کە هیچ پێوەرێکی لێکۆڵینەوەی مێژوویی توندی تێدا نییە:

جیاوازییەکی گەورە هەبوو لە نێوان شێوازەکانی حوکمڕانی لە ئێران لەسەردەمی پێش ئیسلام و ئیسلامدا. یاساکانی حوکمڕانی لەنێو پاشاکانی ئێراندا گشتگیر تر بوون، بۆ هەر کاروبارێک یاسایەکی دیاریکراو هەبوو؛ ئەگەر پەلەمانیان نەبوو، لەبری ئەوە سیستەمێکی ڕاوێژکاری بەهێزیان هەبوو. بۆ هەر بابەتێکی گرنگی حکومەت، سێ کۆمەڵەیان لە کەسانی لێهاتوو و دانایان پێکهێنابوو (سە مکتوب) .

کرمانی وێنای ئێرانێکی پێش ئیسلامی لەلایەن ئاخوندزادەوە وەک جۆرێک لە  جنة عدن  دەخوێنێتەوە کە تەنیا بەهۆی لەشکرکێشی عەرەبەکان و هەژموونی ئیسلامەوە تووشی لەناوچوون بووبوو. ڕەخنەکانی ئەو لە ئیسلام هێندەی ئاخوندزادە لە تێگەیشتنیەوە نین، وەک خۆی دەڵێت بەشێوەیەکی سەرەکی لەسەر بنەمای ڕق و کینە بەرامبەر بە عەرەب وەستاوە وەک خۆی دەڵێت:

هیچ لایەنێکی ڕەوشت و ئەخلاقیی مەدەنی ئێرانی بێ هێرش نەماوەتەوە بەهۆی ڕێوڕەسمی تازییەکانەوە، شێوازی نانخوادنیان کە وەک ئاژەڵ سەری بۆ دادەنەوێنن، پێچەوانەی ڕێکخستنی سرووشتە. ئێرانییەکان چیتر ئەو جل و بەرگە جوان و تەسکانە لەبەرناکەن کە لە نووسینە هەڵکۆڵراوەکانی تەختی جەمشیددا نیشاندراون. لەبری ئەوە، ئەوان عەبای پان و پۆڕ هەڵدەبژێرن، کە لە فەرش دەچێت لە دوو لاوە کونی تیابێت، و دەستبەندێک لە دەست دەکەن کە شل و شۆڕە و هەڵواسراوە وەک جانتایەکی ڕەق. پێڵاوەکانیان زەردەو لە توێکڵی کاڵەک دەچێت؛ ئەگەر تازییەکان ئەو جۆرە جل و بەرگەیان لەبەردەکرد، ئەوە بەهۆی شارەزا نەبوونیان بوو لە خەیاتی و پێڵاوسازیدا و ئەمەش پەیوەندی بە کەش و هەوای ئێرانەوە نییە (Seh Maktoub, p. 239).

کرمانی لە وەسفە خەیاڵییەکەیدا بۆ ڕابردووی ئێران، جوگرافیا بە پاکژی نەژادەوە دەبەستێتەوەو کەش و هەوای ئێران شکۆدار دەکات کە نەتەوەیەکی پایەبەرزی پەروەردە کردبوو:

کەش و هەوای مامناوەندی ئێران، جۆرەها ڕووەک و گوڵ و میوەی پەروەردە کردووە و لە هەمانکاتدا بە درێژایی مێژوو تایبەتمەندییەکانی کەسایەتی گەلی ئێرانی دروستکردووە. میزاجی مامناوەند و جەستەی تەندروست و عەقڵی تیژ و ئاوات و ئارەزووی بڵند و سرووشتی سوارچاکیی ئێرانییەکان بەڵگەی کاریگەری ئەرێنی کەش و هەواکەیەتی. بەپێچەوانەوە شێوازی ژیانی بەدەوی و خێڵەکی کاریگەری جیاوازی لەسەر خەڵکی تازی هەبووە (quoted from Roshan-Zamir, 2014, p. 10).

کرمانی قەشمەری بە زمانی عەرەبی دەکات- ئەو زمانە باڵادەستەی کە ئێرانییەکان چ بۆ مەبەستی زانستی و چ بۆ مەبەستی ئیداری بۆ چەندین سەدە بەکاریانهێناوە- لە بنەڕەتدا توانای چاندنی پێشکەوتنی نییە و ڕەنگدانەوەی کولتووری دواکەوتووی عەرەبییە:

ئاستی شارستانییەتی تازیی لەسەردەمی جاهیلیە (سەردەمی نەفامی) لە نەبوونی وشەو وشەسازییان بۆ زانست و تەکنەلۆژیا دەردەکەوێ؛ زمانەکەیان خاڵییە لە وشەی سیاسی و یاسا مەدەنییەکان، بەڵام بۆ ئۆرگانێکی وەک ئەندامی نێرینە، خاوەنی هەزاران ناو و نازناو و سیفەتن و تەنانەت شتێکی بەنرخی وەک ڕۆحی مرۆڤیش یەکێکە لە ناوەکانی. ئەمەش نزمی ئەخلاقی عەرەب و حەسرەتیان بۆ لەشفرۆشی نیشاندەدات (هەمان سەرچاوەی پێشو، ل ١٠).

هەرچەندە نووسینەکانی کرمانی بەشێوەیەکی سەرەکی پڕن لە نازناوی شۆڤێنی و ڕەگەزپەرستی و تۆمەتی مێژوویی بێ بنەما بەرامبەر بە عەرەبەکان، بەڵام مەغۆل و تورکەکانیش لە هێرشە ڕەگەزپەرستییەکانی ڕزگاریان نابێت. بۆ ئەم مەبەستە، ئەو ئاماژە بە هەندێک وشەی تورکی و مەغۆلی دەکات کە مانای حەرفییان نزیکە لە وشەی فارسی شکنجە (ئەشکەنجە):

بەهەمان شێوە، مرۆڤ دەتوانێت لە ڕێژەی شارستانییەت و یاسادانان لە نێوان تورکەکان و مەغۆلەکان تێبگات لە وشەکانی وەک ئەشکلیک، توماق، گۆرمە، دۆستاغ و غولەگ کە لەسەردەمی جەنگیزخانەوە تێکەڵ بە فارسی بوون، کە ئێستا بوونەتە هاو واتای شێوە جیاوازەکانی ئەشکەنجە لە ئێراندا (هەمان سەرچاوە، ل ١١).

کرمانی لە درێژەدا هێرش دەکاتە سەر جولەکە و ئایینەکەیان بە بەسەرچوو و دژەمۆدێرن سەرزەنشت دەکات و چونکە پێویستی بە چاکسازییەکی ئایینی هەیە هاوشێوەی ئەوەی مەسیحیەت لە ڕێگەی پرۆتستانیزمەوە ئەنجامیدا:

ئەگەر ئەم گەلە جوولەکەیە ئەم تەوراتە خۆشەویست و ساختەو کۆن و ڕزیوەی بە دوو بەرگەکەیەوە فڕێدابووایە کە تەنانەت پەیوەندییان بەیەکەوە نییە و شارستانی ببوونایە، ئەوا بە داوی ئەم میحنەتەوە نەدەبوون (هەمان سەرچاوە، ل ١٤).

لە هەوڵی ناوزڕاندنی عەرەبەکاندا، کرمانی ئەمریکییە بە ڕەگەز ئەفریقییەکان و ئەمریکییە ڕەسەنەکان لە ڕەوانبێژی بە شەیتانی کردندا، بە بەکارهێنانی وشەی بازاڕیی و ڕەگەزپەرستانەی سەرنجڕاکێش دەهێنێتە ناو : ئەگەر زانایانی ئێران هەمو ئەو هەوڵانەیان بۆ بە شارستانیکردنی عەرەب یان ڕەشپێستە ئەفریقی و ئەمریکییە ڕەسەنەکان بدایە، ئەوا لە بە شارستانیکردنی ئەوەی دووەمدا سەرکەوتوو دەبوون . ئەم خەیاڵە ڕەگەزپەرستانەیە بۆ شوناسی نەتەوەیی ئێرانیش لە زەلیلی و ملکەچی بۆ دەستێوەردانی دەرەکی (وەک زلهێزەکانی عوسمانی و ڕووسیا و ئەورووپی) دروستبووە. زیا ئیبراهیمی (٢٠١٦) بە دروستی هێما بۆ ئەوە دەکات کە عەرەبەکان لەسەرەتای سەدەی نۆزدەدا هیچ مەترسییەکیان بۆ سەر ئێران دروست نەکردبوو کاتێک ئەم نووسینە ڕەگەزپەرستیانە سەریانهەڵدا. لەسەردەمی ئیسلامیدا، خانەدانەکانی ئێران شەرعییەتی خۆیان لە خەلافەتی ئومەوی و عەباسی وەردەگرت و دڵسۆز بوون بۆ خەلافەت بە دانانی دراو بە ناوی خۆیانەوە و بە وتنی ناوی خۆیان لە نوێژی هەینی و دانی باج. هەتا شانشینی سەفەوی، جگە لە فەرمانرەوایی زیاریان و دەلیمێت، هەموو فەرمانڕەواکانی ئێران سوننە بوون و پابەندی خەلافەت بوون (Vaziri, 1993). ئاشکرایە کە زمانی عەرەبی زمانی زانست و ئایین و فەلسەفە بووە. تەنانەت لە سەدەی نۆزدەدا ناسیۆنالیزمی عەرەبی هەرگیز گرنگی بە ئێرانییەکان نەدەدا، بەڵکو لەسەرەتادا بە عوسماییەکان و دواتریش دەستێوەردانەکانی ئیمپراتۆرییەتی ڕۆژئاوایی دا. لەماوەی کۆتایی فەرمانڕەوایی قاجاردا، دوژمنایەتی عەرەب تەنیا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تراومای دواکەوتوویی داهێنرا. ئێران پێشتر لە چەندین شکستی شەرمەزارکەردا زەوییەکانی لە دەستدابوو بۆ ڕووسیا، وەک پەیماننامەکانی گوڵستان (١٨١٣) و تورکمانچای (١٨٢٨) و دەستێوەردانەکانی بەریتانیا و فەرەنسا لە ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردبوو، وەک زیا ئیبراهیمی (2014, p. 1059) دەڵێت:  فیگەری عەرەب لە نووسینی ناسیۆنالیستیدا ئەزموونی نییە، بەڵکو تەنیا ئامرازێکە: عەرەب لاڵە .

کرمانی چارەسەری قاجاری لاوازی نەک لە بنیاتنانی حکومەتێکی بەهێزدا بەڵکو لە داهێنانی ڕابردوویەکی بە پیتی ئەفسانەییدا دەبینییەوە بۆ بونیاتنانی شوناسێکی نەتەوەیی خوازراو کە پشت بە دا‌هێنانی ئەوی تری عەرەبی  ببەستێت. کرمانی هیواخوازبوو کە فارسی مۆدێرن بگەڕێنێتەوە بۆ  شکۆمەندی ونبووی باوباپیرانیان . بە پاڵنانی جیاوازی نێوان ئەدەبیاتی فارسی و عەرەبی بۆ دوورترین سنووری (نەژادی)، کرمانی ڕایدەگەیەنێت:

زمان نوێنەرایەتی ڕۆحی نەتەوە دەکات؛ هەروەک چۆن قورئانی محەمەد نوێنەرایەتی هزری [عەرەبی] ئەو دەکات، شانامەش دەربڕی ڕۆحی ئێرانییە، . . . خوای گەورە ڕۆحی فیرەدوسی شاد بکات . . . ئەگەر ئێرانییەکان بزانن هەژموونی زمانی عەرەبی چ زیانێکی بە ئێران گەیاندووە، ئەوا هەرگیز یەک وشەی عەرەبییان نەدەگوت (quoted from Roshan-Zmiri, 2014, p. 27).

ڕەوانبێژی ڕەگەزپەرستی بەردەوامی کرمانی لە سە مکتوب و سەد ختابەدا، ئاماژەیە بە بوونی چەندین دژایەتی و زیادەڕەوی لە ژیانی فیکری و بنیاتنانەوەی مێژوویی لە ئێراندا. سەرنج بدە لەم نووسینەنەی کرمانی کە لەلایەن زانایانی ئێرانی فەرزین وەحدەت (٢٠٠٢) و حەمید دەباشی (٢٠١٥) ستایش دەکرێت وەک یەکەم ئێرانی کە زەمینەسازی لە بیری ئێرانی بنەما فەلسەفییە مۆدێرنەکانی ڕۆژئاوادا کردووە و یەکێکە لە سێ شۆڕشگێرە ڕادیکاڵەکانی سەردەمی خۆی:

 [عەرەبی] ڕووت و قوت، دڕندە، برسی، دەربەدەر  و بەردەوام دەبێت:  تفیان لێدەکەم . . . جەردە ڕووتەکان، مارمێلکەخۆرە بێ ماڵ و حاڵەکان . . . ناشیرینترین مرۆڤەکان، بەدترین دڕندە، دزەکانی سواری حوشتر، ڕوو ڕەش و خراپترینی شێوە ئاژەڵی لە ئاژەڵ خراپتر، بێ شەرم و بێ ئەدەب  (Seh Maktoub, pp. 128 and 139).

٥|بازنەی بەرلین: سیمبوڵی فارسیگەرایی و شیعەگەرایی

نووسینەکانی کرمانی و ئاخوندزادە لەسەرەتای سەدەی بیستەمدا زەخیرەیەکی زانستییان بۆ نەوەی یەکەمی نوخبە ناسیۆنالیستەکانی ئێران دابینکرد کە ئەرکی داڕشتنی شوناسێکی یەکگرتوو، بەردەوام و تاکی ئێرانییان لەسەر بنەمای پێوەرەکانی زمانی فارسی، میراتگەرایی و دێرینی بوو (بڕوانە، Boroujerdi, 1998).

لە ساڵی ١٩١٦ لەسەروبەندی جەنگی یەکەمی جیهانیدا، حکومەتی ئەڵمانیا کە لەلایەن پارتی دیموکراتەوە بەڕێوە دەبرا، بانگهێشتی حەسەن تەقی زادەی کرد بۆ بەرلین بۆ ئەوەی بەشداری لە بەناو هەڵمەتی ئەڵمانیا دژی ئیمپریالیزمی ئەنگلۆ- ڕووسیا بکات. دەستێوەردانە درێژخایەنەکانی بەریتانیا و ڕووسیا لە ئێران شان بە شانی پڕوپاگەندەی ئەڵمانیا سەبارەت بە  یەکێتی ئیسلام  لە دژی ئیمپریالیزمی ڕۆژئاوا، تەقی زادەیان قایل کرد کە هاوپەیمانی لەگەڵ ئەڵمانیادا بکات (Matin-Asgari, 2014, p. 53 ). بە بودجەی تەواو کە لەلایەن حکومەتی ئەڵمانیاوە دابینکرابوو، تەقی زادە لەگەڵ گرووپی نوخبەکانی (کە بە بازنەی بەرلین ناسراون) گۆڤارێکی وەرزییان بە ناوی کاوە لە ساڵانی ١٩١٦-١٩٢٢ بڵاوکردەوە. کاوە لە دوو زنجیرەدا بڵاوکرایەوە. زنجیرەی یەکەم (١٩١٦-١٩١٨) بەشێوەیەکی سەرەکی جەختی دەکردە سەر بەرگریکردن لە ئەڵمانیا و پڕوپاگەندە دژی ڕۆڵی بەریتانیا و ڕووسیا وەک دوژمنی ئێران لەگەڵ هەندێک هەڵمەت سەبارەت بە هەستی ناسیۆنالیستی ئێران. لە پاش شەڕ، لەگەڵ شکستی ئەڵمانیا و چۆڵکردنی ئێران لەلایەن بەریتانیا و ڕووسیاوە، کاوە زنجیرەی دووەمی خۆی (١٩١٩-١٩٢٢) دەستپێکرد کە تایبەت بوو بە داڕشتن و پێشخستنی گوتاری ناسیۆنالیستی ئێران. زمانی فارسی سیمای دیاریکەری مەفهومی کاوە بۆ نەتەوەی ئێران پێکدەهێنێت کە لە ژمارەی یەکەمی زنجیرەی دووەمدا لە ٢٢ی بانەمەڕی ١٩٢٠دا ڕاگەیەنراوە:

ڕۆژنامەی کاوە لە جەنگەوە[جەنگی جیهانی یەکەم] لەدایکبوو، ئێستا جەنگەکە تەواو بووە، کاوەش دەزانێت جەنگەکەی کۆتاییهاتووە. وەک ڕۆژنامەیەکی نوێ بڵاودەکرێتەوە کە ناوەڕۆکەکەی زیاتر بابەتی زانستی و ئەدەبی و مێژوویی دەبێت و پیشە و مەبەستی زیاتر لە هەموو شتێک برەودانە بە شارستانییەتی ئەورووپی لە ئێران، جیهاد دژی دەمارگیری، خزمەت بە پاراستتنی نەتەوەیی ئێران و یەکێتی نەتەوەیی دەکات، خەبات دەکات بۆ پاراستن و بە پاکی هێشتنەوەی زمان و ئەدەبیاتی فارسی لە نەخۆشی و مەترسییەکانی دەوروبەری (Kava, no. 36, pp. 279-280).

تاریفی تەقیزادە بۆ ڕابردووی دێرینی ئێران بەشێوەیەکی یەکجار زۆر دەچێتەوە سەر ئاخوندزادە. لەسەرەتای جەنگی جیهانی یەکەمدا، بیرۆکەی نەژادی ئاریایی و برایەتی ئێرانی-ئەڵمانی لە کایەی ڕۆشنبیری و سیاسی ئێراندا دەستی بە دەرکەوتن کرد. هەر هەڵبژاردنی ناوی  کاوە  پاڵەوانی ئەفسانەیی فردەوسی شا بۆ بڵاوکراوەکە، بەپێی پێویست دەڵێت، کە لەلایەن کوردناسێکی ئەڵمانی ؛ئۆسکار مان  پێشنیارکرا (Matin-Asgari, 2018, p. 52).  کاوە و ئاڵاکەی  بوونە هێمای بڵاوکراوەی کاوە. یەکەم ژمارەی کاوە بە شیعرێکی فردەوسی دەستیپێکرد  ئەگەر بیەوێت بگاتەوە بە فەرەیدوون، دەبێت لە زوحاک جیا بێتەوە . لە هەمان ژمارەدا، وێڕای ئاماژەدان بە شیعرەکانی فردەوسی، تەقی زادە شەڕی ئێران لەگەڵ ڕووسیا و بەریتانیا بە کاوە بەرامبەر زوحاک دەشوبهێنێت و هانی ئێرانییەکان دەدات بۆ  جیهادی نیشتمانی  دژی ئەم  شەیتانانە  و دەڵێت:  پێویستە ئێران ئەوە بسەلمێنێت کە ڕۆحی نەتەوەیی زیندووە و ئاڵاکەی کاوە جارێکی دیکە بە پەرۆشی و بوێرییەوە ڕادەپەڕێت، ڕووسە شەیتانەکان دەبەزێنێت .

هەرجەندە زنجیرەی یەکەم زیاتر ڕووی لە بەرگریکردن بوو لە ئەڵمانیا، بەڵام ئاماژەکانی بۆ نەتەوەی ئێران و نەژادی ئێرانی (نژاد) و پاشا و ئایکۆنە کۆنەکانی ئێران لە هەموو ژمارەیەکی بڵاوکراوەکەدا بوونی هەبوو. ئاشکرایە زمانی کاوە لە نووسینەکانی ئاخوندزادە و کرمانی جیاوازە لەوەی کە زیاتر مێژوویی و سیاسییە نەک مشتومڕئامێز، بەڵام هێشتا لە دەوری هەمان گێڕانەوەی ئەفسانەییدا دەسووڕێتەوە. بۆ نموونە ژمارە ٥ و ٦ بە بابەتێك بە ناوی  جەمشیدی نەورۆز  دەستپێدەکات:

بەڵێ، ، ئەم بەهار پەرستییە یەکێکە لە مەزنترین تایبەتمەندییەکانی نەژادی نەتەوەیی ئێران کە بە درێژایی چەندین سەدە لە دروستکردن و جەوهەری ئەم نەتەوەیەدا لەدایکبووە. . . . نەورۆزی ساڵی ١٢٨٥ی یەزدگەردی زۆر بە سەختی بەسەر ئێرانشاری دێرین و وڵاتی زەردەشتیدا دەگوزەرێ، لەکاتێکدا سوپای ئەهریمەن و شەیتان چادرەکەی لەسەر دڵی ئەم خاکە ئیلاهییە (یەزدانییە) داناوە.

 ئەرکی کاوە بە گەڕاندنەوەی سەردەمی زێڕین و وەهمیی ئێران بۆ ڕابردووی پێش ئیسلام، و ڕەتکردنەوەی سەرلەبەری شارستانییەتی ئیسلامی دیاریکرا بوو. هەروەها پێشنیاری تەسلیمبوونی ڕەهای بە ڕۆژئاوا دەکرد. باشترین شێوەی وەسفیش بۆ ئەمە قسەکانی تەقی زادەیە کە دەڵێت:  پێویستە ئێران لە دەرەوە و ناوەوە، لە ڕووی فیزیکی و ڕۆحییەوە ببێتە ڕۆژئاوایی، و تەواو . نووسەرانی کاوە لە چیرۆکە ئەفسانەییەکانی شانامەی فردەوسیدا  کولتووری ئێران یان وەک قەوارەیەکی هەمیشەیی و بەردەوام و پێشکەوتوو ناساند کە لە چەندین سەدە لە داگیرکاری ڕزگاری بووە. لەکاتێکدا خۆی بە دووردەگرت لە گوتارەکانی ئاخوندزادە و کرمانی، کاوە بەشێوەیەکی سەرەکی جەختی لە چەمکی تاکە شوناسی نەتەوەیی ئێران  دەکردەوە، لەگەڵ ئەوەشدا شکۆی ئاخوندزادە و کرمانی سەبارەت بە ڕابردووی ئەفسانەیی ئێران و خستنەڕووی  فەرهەنگی ئێرانی ی پاراست. فەزایەکی بەرچاو لە هەر ژمارەیەکی کاوە بۆ ناساندنی خوێنەری فارسی، بەتایبەتی بە شانامەی فردەوسی، خوێندنەوەی  چیرۆکی نەتەوەیی  (بڕوانە، ژمارە ١٠) و شیعر بۆ هاندانی نەتەوایەتی و  یەکگرتوویی  و ئێران تەرخانکرابوو. چیرۆک سەبارەت بە پاشاکانی هەخامەنشینی و ئەشکانی و ساسانی بەدرێژایی زنجیرەی دووەمی کاوە زۆرن.

کاوە لە ساڵی ١٩٢٢دا واز لەچاپکرنی هێنرا و ئێرانشار-دووەم بڵاوکراوە کە لە بەرلین چاپدەکرا، لەدایکبوو- کە نەک هەر گوتاری کاوەی بۆ دروستکردنی شوناسی ئێرانی فراوانتر کرد بەڵکو گۆڕی بۆ پۆڵێنێکی نەژادی. کاوە کاریگەری بەردەوامی خۆی لەسەر بیری ناسیۆنالیستی ئێران هەڵکەند. وەک جەمشید بهنام دەڵێت،  کاتێک دەوڵەتی ڕەزا شا دەستی بە کارکردن کرد، بەنزیکەیی ئەوەی کە تەقیزادە و بازنەکەی لە ڕاگەیاندراوەکەیاندا دەربارەی  کۆمەڵەی لاوانی ئێران  باسیان کردبوو، جێبەجێی کرد.

ئێرانشار تەحددای گوتاری کاوەی کرد کە لە ئامێزگرتنی ڕۆژئاوا بوو وەک تاکە چارەسەر بۆ گەڕاندنەوەی  نەژادی ئێران  بەرەو ڕێگای پێشکەوتن. لەبری ئەوە ڕووی لە ڕۆژهەڵات کرد و خۆی بە دابڕان لە مۆدێلی بیرکردنەوەی ڕۆژئاوایی نیشانە کرد و بەرەو تەوەرەی ئیزۆتریکی گواستییەوە. سەرەکیترین پێکهاتەی گێڕانەوەی ئێرانشار سەبارەت بە ناسنامەی ئێرانی، ئەو پەیوەندییە بوو کە لە نێوان ئاریانیزم و ئاییندا لە ڕێی جەختکردنەوە لەسەر شیعەگەرایی دروستیکردبوو، کە تێکەڵ بوو بەخوێندنەوەیەکی تایبەتی سۆفیگەری لە شێوەی ڕۆحانییەتدا (Anzali, 2021,p. 41). لەکاتێکدا کرمانی ئیسلامی وەک ئایینێکی نامۆ کەلەلایەن  مشتێک عەرەبی پێ پەتی مارمێلکە خۆر و کۆچەری بیاباننشین و درندە وە بەزۆر بەسەر  نەتەوەی ئاریایی بڵند دا سەپێنرا، ڕەتکردەوە، ئێرانشار ئیسلامی لە شێوەی شیعەگەریدا هێنایەوە ناوەوە، بەبانگەشەی ئەوەی کە شیعییەت لە ڕووی مێژووییەوە لەگەڵ ڕۆحی نەتەوایەتی ئێراندا گونجاوە، بە پلەی یەکەم بەهۆی لێکچوونە بەرچاوەکەی لەگەڵ زەردەشتگەرایی کە ئایینێکی دێرینی  ئێرانی یە. پێویستە ئاماژە بەوەبکرێت کە پێش ئێرانشار، ئەحمەد ئاقائۆغلۆ، ڕۆشنبیری قەوقازی ئازەری، بیرۆکەی هاوشێوەی پێشنیار کردبوو، هەوڵی دابوو شیعەگەرایی بخاتە ناو ناسیۆنالیزمی ئێرانییەوە (بڕوانە Matin-Asgari, 2018). ئاقائۆغلۆ لە وتارەکەیدا بەناوی  باوەڕی مەزدییەکان بە شیعەگەرایی  هەوڵیدا بەردەوامبوونی ئێرانیەت لەشێوەی شیعەگەریدا نیشان بدات. ئێرانشار ئەم ئەرکەی فراوانتر کرد بە بەستنەوەی ئاریاییگەرایی و ناسیۆنالیزم و شیعەگەرایی بەشێوەیەکی دەستکرد. ئێرانشار بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە ئەم گونجاندنە ڕۆحییە لە ڕێگەی هاوسەرگیری ئیمام حوسێن لەگەڵ کچی یەزدەگێردی سێیەم (دوایین پاشای ئێران) بەدیهاتووە. بەگوێرەی ئێرانشار، ئەمە نیشانی دەدا کە  ڕۆحی ئێرانی  و  رۆحی ئاریایی  یەکن و تەواوکەری یەکترن. ئێرانشار بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە ئەم سازگارییە بەهۆی  سوودەکانی ڕەگەزی هیندۆ-ئەورووپی  بووەتە شتێکی مومکین، جۆرێتییەک کە نەژادی ئێرانی تەیارکردووە بە توانایەکی سرووشتی بە  ڕامکردنی  ئەو گەل و کولتوورانەی کە بەرکەوتنیان لەگەڵی هەبووە.

سەرەڕای ڕەخنەی لە  خۆگونجاندنی گشتی جیهانبینی ڕۆژئاوا  (Matin-Asgari, 2014, p. 58)، گوتاری ئایدۆلۆژی ئێرانشار هێشتا لەژێر کاریگەری باڵادەستی کولتووری ئەڵمانییەوە بوو، هەربۆیەش بەردەوام بوو لە داننان بە کولتووری ئەڵمانی وەک چارەسەرێک بۆ ئەو لاوازییەی ڕۆژئاوا. شوێنەوارە فیکرییەکانی نوسینی ڕۆژهەڵاتناسان دەتوانرێت لەلاپەرەکانی ئێرانشاردا بەشێوەیەکی بەرفراوان بدۆزرێتەوە. جۆزێف مارکوارت (١٩٢٢) ڕۆژهەڵاتناسی ئەڵمانی لە وتارێکدا بە ناوی  ئێرانشار ، باسی ئێرانشار دەکات و سنوورە جیۆ-کولتوورییەکانی بەم شێوەیە دیاری دەکات:

  • ئەو ناوچانەی کە بە فارسی قسەدەکەن لە ئێران ٢) ئەو ناوچانەی کە یەکێک لە دیالێکتەکانی ڕۆژهەڵاتی ئێران  قسەی پێدەکرێت، وەک پامیر و پاکستان٣) ئەو ناوچانەی کە بە زاراوەی زمانی فارسی تێیدا قسەدەکرێت بەڵام زمانەکەیان لەژێر کاریگەری زمانە تورکییەکان بووە. وەک تالش و باکۆ ٤) هۆزەکانی ناسراو بە زازا لە دیاربەکر و هۆزەکانی دەرسیم، ٥) ئەو ناوچانەی کە ئێستا سەربەخۆن، بەڵام بە یەکێک لە زمانە فارسییەکان یان شارستانییەتەکەیان لەسەر بنەمای شارستانییەتی ئێرانی وەک بەلوجستان و ئەفغانستان دامەزراوە (ل ٧١-٧٤).

سنوورە جیۆ-فەرهەنگییەکانی ئیمپراتۆرییەتی ئێرانشار کە لەلایەن مارکواتەوە نەخشەی دانراوە، لەگەڵ وەسفی ئەفسانەیی ئاخوندزادە و کرمانی بۆ شانشینی دێرینی ئێران دەگونجێت. ئەم سنوورانە لەگەڵ تێگەیشتنی هاوچەرخی جیهانی فارسیش هاوتەریبن، چەمکێک کە ئەو بوارە کولتووری و جوگرافییە دەگرێتەوە کە زانایانی ئێرانی وەک عەباس ئەمانات (٢٠٢١) و جەباری (٢٠٢١) لە ئامێزیان گرتووە. لە نووسینەکانی ئێرانشار و کازمزادەدا گۆڕانێکی ڕیشەیی دەبینین لە شکۆمەندڕاگرتنی ڕابردووی دێرینی ئێرانەوە بۆ ڕەگەزپەرستیکردنی جیاوازی ڕۆحی ئێرانی. ئێرانشار بەئاگادار بوون لەئەدەبیاتی ڕۆژهەڵاتناسی و بەتایبەتی ڕەگەزی پۆلێنناسی دو گۆبینۆ، پۆڵێنبەندییەکی ڕەگەزی پێشنیارکرد کە ئاریاییەکان و گەلانی سامی و مەغۆلەکان لەخۆدەگرێت، کەهەریەکەیان تایبەتمەندییەکی ڕەگەزی جیاوازیان هەیە. ئەم وەرگێڕانەی خوارەوە لە کتێبی تەجالیاتی کازم زادە بە ڕوونی باس لەوەدەکات کە مەبەستی لە ڕەگەزی ئاریایی چییە:

ڕۆحی ئێران، ڕێک وەک ئاوێنەیەکی بێ نەنگی، هەموو تایبەتمەندییە سەرنجڕاکێش و فەزیلەتە ناوازەکانی تایبەت بە نەژادی سەربەرزی ئاریایی لەهەموو قۆناغە مێژووییەکانیدا دەرخستووە. ڕۆحی ئێرانی هەمیشە پێشانگای دەرخستەکانی ڕۆحی ئاریایی بووە، لەنێوان سەدەکانی فەتحکردن و ژێردەستەیی و لەناوبردن، سودەکانی نەژادی هندۆ-ئەورووپی خۆی نمایشکردووە و پاراستووە، وەک زیرەکی لە ڕادەبەدەر و بیرکردنەوەی خێرا و شکۆدار، بیری کراوە، خەیاڵی ئاڵۆز، زۆری بەرهەمە فیکرییەکان و هێزی شیکردنەوە و پەروەردەکردنی گرووپە ئیتنییەکانی دیکەKazemzadeh, 1924a,) p. 12).

وەک لەم ڕوونکردنەوەیەی سەرەوەدا دەردەکەوێت، ئێرانشار تەنانەت بە ‌هێنانە ناوەوەی چەمکی (soul) یان (ڕۆح) بۆ تایبەتمەندکردنی ڕۆحی ئێرانی، پۆڵێنبەندییەکی نەژادی لە دەرەوەی سنوورەکانی نیشاندەدات. ئێرانیبوون وەک (کواڵیتییەکی هزری) یان (جەوهەرێکی ڕۆحی) وێنادەکرێت کە لەڕێی نەوە و سەدەکانەوە بۆ ئەمڕۆ گوازراوەتەوە. هاوشێوەی کاوە و ئاخوندزادە و کرمانی، پێناسەی ئێرانشار بۆ  ئێرانیبوون  یان نەژادی ئێرانی بە ناڕوونی ماوەتەوە و بەشێوەیەکی گشتگیر هەر تاک و کولتوورێک دەگرێتەوە بەبێ گوێدانە زمان و شوناسیان، کە گوایە لەسەر خاکی ئێران نیشتەجێن وەک خۆی دەڵێت:  هەرکەسێک کە خوێنی ئاریایی لە جەستەیدا هەبێت و خاکی ئێران بە زێدی خۆی بزانێت، کورد، بەلوچ، زەردەشتی یان ئەرمەنی بێت، پێویستە بە  ئێرانی  هەژماربکرێت.

ئێرانشار نەک تەنها بانگەشەی دووبارە و بەردەوامی نەژادیی دەکات، بەڵکو بانگەشە بۆ پاکتاوی نەژادی و نەتەوەیی دەکات وەک پێشمەرجێکی پێویست بۆ بنیاتنانی شوناسێکی نەتەوەیی. کازمزادە (1924b, p. 33) لەنووسینێکدا بەناونیشانی معارف عثمانی (پەروەردە بە عوسمانی)، بە ئاشکرا سیاسەتەکانی کۆتایی عوسمانییەکان، بەتایبەتی کۆمیتەی پێشکەوتن و یەکێتی (CPU) لە ساڵی ١٨٨٩دا بەرزدەنرخێنێت، کە بووە هۆی پاکتاوی ئیتنیکی کەمینە غەیرە تورکەکانی وەک ئەرمەنی، کورد و یۆنانییەکان لەنێو ئەوانی تردا، لە ساڵی ١٩١٧. کازمزادە بە ستایشکردنی لاوانی تورک و هەوڵە ناسیۆنالیستییە دوژمنکارانەکانیان بۆ دروستکردنی بەرەیەکی یەکگرتوو لە دژی  هێزە بیانییەکان  و  قەومییەتەکان ، ئەم کۆمەڵکوژییە دڕندانەیە بە حەتمی و پێویست بۆ ڕزگارکردنی یەکپارچەیی و یەکگرتوویی نەتەوە دەزانی:

ئەگەر کاری پاکتاوی ئیتنیکی بەم خێراییەی ئێستای بەرەوپێش بچێت، ئەوا هیچ نەتەوەیەک بوونی نابێت لە خاکی عوسمانیدا دوای کۆتاییهاتنی جەنگی عوسمانی جگە لە تورکەکان، لە خەبات و ئۆپەراسیۆنە شاراوەکان و نیازی پێکهاتە جوداخوازەکانی وەک ئەرمەن و یۆنانی و عەرەبەکان و ئەوانی تر ڕزگاریان دەبێت. ئەم پاکتاوکردنە پێش مەرجێکی سەرەکییە بۆ دامەزراندنی وڵاتێکی [سەربەخۆ] عوسمانی. هەر حکومەتێکی تر ئەگەر لە دۆخێکی لەوشێوەیەدا بوایە، بە تەواوی بەهەمانشێوە مامەڵەی دەکرد؛ عوسمانییەکان ئێستا ئەوە بەکاردەهێنن کە لە ئەورووپییەکانەوە فێربوون (Kazemzadeh, 1924a, pp. 132-133).

ئێرانشار جەختی دەکردەوە لەسەر دوو پێکهاتەی بنچینەیی بۆ دروستکردنی نەتەوەی ئێرانی خواستراو: خاک (ئێرانشار) و پاککردنەوەی خوێنی ئێران یان نەژاد. ئێرانشار پێشنیاری کرد کە پاککردنەوەی ڕەگەزی ئێرانی دەتوانرێت  یان بە ڕشتنی خوێنی پیس، هاوسەرگیری لەگەڵ پێکهاتە بەهێزەکان (ئیتنیک) یان گواستنەوەی زۆرەملێی پێکهاتەکان (ئیتنیک) ی نەتەوەیەک لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر  بەدەستبهێنرێت. کازمزادە خوێن لەگەڵ ڕۆح و ڕۆح لەگەڵ نەتەوە یەکسان دەکات. ئەو نەتەوە بە  ڕۆحی ڕۆحەکان  پێناسە دەکات، کە کۆی هەموو بەهرە و فەزیلەت و ئەخلاقێکە کە خۆی لە  ڕۆحی نەتەوەیی دا نیشان دەدات. ئەو دووپاتی دەکاتەوە:

ئەوە بەهۆی نیعمەتی ئەو ڕۆحەوەیە کە نەتەوەی ئێران دوای ئەوەی [بەزۆر] ئیسلام قبووڵدەکات و بەرگەی چەند سەدەیەک لە دیلێتی مەعنەوی گرتووە، ئەم ئایینەی فراوانتر کردووە و لەگەڵ ئەخلاق و ڕۆح و ڕێوڕەسمەکانی خۆیدا گونجاندوویەتی بۆ دروستکردنی ئیسلامێکی پێشکەوتوو و بەرزی ئێرانی[شیعەگەرایی] (Kazemzadeh, 1924b, p. 9).

کازمزادە ڕۆحی ئێرانی بە  باڵاخواز  و  ئارەزووخواز  وەسفدەکات. بۆ بە ئاگاهێنانەوەی هەستی نەتەوەیی لای ئێرانییەکان، پێشنیاری بەکارهێنانی هەر ئامرازێکی شیاو ، بەتایبەتی ئامرازەکانی پەروەردە و فێرکردنی شارستانیەتی کۆنی ئێران بە منداڵانی ئێرانی نەژاد دەکات. ئەم ئەرکە دەتوانرێت تەنیا بە بەکارهێنانی زمانی فارسی بێتە دی، کە وەک زمانی نەژادی ئاریایی بیری لێدەکرایەوە، کە بنەڕەتیترین پایەی شوناسی ئێرانییە کە ئێرانی پێش ئیسلامی بە سەردەمی نوێیەوە گرێداوە و ڕۆحی نەتەوەی لە ئاژاوە و شکاندن ڕزگارکردووە. ئێرانشار نەخشەیەکی درێژخایەنی لەسەر وەشانی ڕەسەنی ناسیۆنالیزمی ئێرانی بەجێ‌هێشت، ڕێبازێک کە پشتی بە دووپاتکردنەوەی میراتی فارسی-شیعی ئێران وەک بناغەیەک بۆ شوناسی ئێرانی و ئایندەی ئێران بەستبوو.

دەرکەوتنی ڕەزاشا سەرهەڵدانی شوناسی نەتەوەیی فەرمی وەک بەردی بناغەی پرۆژەی بنیاتنانی دەوڵەت نیشاندا، کە زۆر سوودی لە بیرۆکەی نوخبەی ناسیۆنالیستە ئەڵمانییەکان وەرگرت. هەروەها ئەم قۆناغە شاهیدی بووژانەوەی ڕێبازی تەقیزادە بۆ بە ڕۆژئاواکردنی ئێران بوو، وەک نموونەی نامە فرنگستان، بڵاوکراوەیەکی ڕۆشنبیرانی ئێرانی بوو لەبەرلین لەنێوان ساڵانی ١٩٢٤ بۆ ١٩٢٥ بڵاودەکرایەوە. بڵاوکراوەکە هاواری بۆ تجدد امیرانە (مۆدێرنیزاسیۆنی دەسەڵاتخوازانە) لە ئێراندا دەکرد لە ڕێی سەرکردەیەکی بەهێزەوە.

موشفەق کازمی، سەرنووسەر، داوای  دیکتاتۆرێکی ڕاستەقینە ی وەک  مۆسۆلۆنی  دەکرد کە هەم  توند  و هەم  زانیاری سەرکردایەتی ی هەبێت. نامە فرنگستان تەمەنی کورت بوو، بەهۆی ئەوەی کە ئەندامەکانی هەر زوو ڕۆڵی گرنگی سیاسی و ئیدارییان لە ئێران وەرگرت لەژێر دەسەڵاتی گەشەسەندووی ڕەزاشادا.

گوتاری ناسیۆنالیستی ئێران لە ساڵی ١٩٢٤ بە بڵاوکردنەوەی گۆڤاری ئایندە هەنگاوێکی دیکەی بڕی، کە چوارەم بڵاوکراوە بوو کە مەحمود ئەفشار یەزدیی سەرنووسەری بوو، لە چوارچێوەیەکی ئایدۆلۆژی جیاواز و دەوڵەتگەرایانەی بەرزەوە داڕێژرابوو. ئایندە وەک دەستنووسێک بۆ پرۆژەی پەهلەوی بنیاتنانی دەوڵەت لەسەرەوە بۆ خوارەوە کاریدەکرد. ئەفشار بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە ئێران پێش لەشکرکێشییەکانی عەرەب و مەغۆلەکان نەژادی ئێرانی تێیدا نیشتەجێ بووە و ئەم هۆزە کۆچبەرانە تەنیا دواتر تێکەڵ بە نەتەوەی ڕەسەنی ئاریایی بوون. ئەفشار زمانی فارسی وەک پایەی حاشاهەڵنەگری نەتەوەیی و یەکگرتوویی نەتەوەی ئێرانییەکان ناساند. لەسەروتارێکیدا لەژێر ناوی  نموونەی بەرزمان: یەکێتی نەتەوەیی ئێران ، وردتر باسی لەوەکرد کە مەبەستی لە یەکێتی نەتەوەیی و زمانەوانی چییە:

مەبەستمان لە یەکگرتوویی نەتەوەیی ئێران، یەکگرتوویی سیاسی و ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی ئەو گەلانەیە کە لەژێر سایەی ڕژێمی سیاسی ئێرانی ئەمڕۆدا دەژین. ئەم لێدوانە دوو چەمکی دیکە لەخۆدەگرێت کە بریتین لە:پاراستنی سەربەخۆیی سیاسی و یەکپارچەیی خاکی ئێران. لەگەڵ ئەوەشدا، بەکامڵکردنی یەکپارچەیی نەتەوەیی، مەبەستمان لە بەربڵاوی زمانی فارسییە لەتەواوی سیاسەتی [مەملەکەت]دا، ڕیشەکێشکردنی جیاوازییە ناوخۆییەکان لە ڕووی جل و بەرگ و مۆراڵ و . . . هتد و لەناوبردنی ملوک التوایفیە (فیوداڵی). کورد، لوڕ، قەشقایی، عەرەب، تورک، تورکمان دەبێ وەک یەکبن؛ کە هیچ کامیان نابێت جل و بەرگێکی جیاواز لەبەربکەن و بەزمانی جیاواز بدوێن . . . لە ڕوانگەی ئێمەوە، تا نەتوانین هەموو ناوچە و زمان و مۆراڵ و جل و بەرگ و ئیتنیکە جیاوازەکانی ئێران یەکپۆش بکەین، سەربەخۆیی سیاسی و یەکپارچەیی نەتەوەییمان هەمیشە لە مەترسیدا دەبێت (1924a, p. 5).

ئەفشار فرەچەشنی زمانی وەک هەڕەشەیەکی بەردەوام بۆ سەر یەکێتی نەتەوەیی دەبینی و نووسیویەتی:

هەرجەندە ڕەگەزنامەی ئێران بە مێژووی پڕ شانازی چەند هەزار ساڵەی و نەژادی ئاریایی بەرزی بە دراوسێ تورانیە پێست زەردەکانی و عەرەبە سامییەکان دەناسرێتەوە، بەڵام یەکێتی نەتەوەییمان ناتەواوە بەهۆی جیاوازی بنچینەیی لەنێوان تورک زمانەکانی ئازەربایجان و عەرەب زمانەکانی خوزستان و فارس زمانەکانی پارێزگاکانی تر (Afshar, 1925b, p. 561).

ئەم پارچە نووسینە نەک تەنیا شایەتی ئەو ڕەگەزپەرستییە ڕاشکاوانەیەیە کە ئایندە بانگەشەی بۆ دەکات بەڵکو پێگەی کۆڵۆنیالیزمی لای ئەفشار سەبارەت بە نەتەوە ڕەسەنەکانی ئێرانیش دەسەلمێنێت (بڕوانە وێنەی ٢).

٦|جیهانی فارسی و تۆپخانەی زمان

هزری ناسیۆنالیستی ئێرانی، لەبنەڕەتدا لەدوای بازنەی بەرلین وەک خۆی ماوەتەوە، بەتایبەت لە ڕووی جەختکردنەوەکەی لەسەر یەکسانی و بەردەوامی تاکگەرایی نەتەوەی ئێران. لە ساڵانی ١٩٣٠دا، گۆڕانکارییەکی گەورە لە ناسیۆنالیزمی ئێرانیدا  نەیتیڤیزم  یان گەڕانەوە بۆ ڕەگ و ڕیشەی مرۆڤدا ڕوویدا، کە یەکەمجار چەمکی غەربزادگی یان وێستۆکسیکەیشن لەلایەن جەلال ئەلئەحمەدەوە داڕێژرا (بڕوانەBoroujerdi, 1996, ). ئەم چەمکە تەحەددای هەژموونی کولتووری ڕۆژئاوای کرد و بانگەشەی بۆ زیندووکردنەوەی شوناس و بەها ڕەسەنەکانی ئێران دەکرد. ئەم ڕێبازە وەرگیراو پەرەی پێدرا لەلایەن تەیاری فیکری جۆراوجۆرەوە، لە چەپگەراییەوە، وەک وەشانی تەقی ئارانی لە ئێرانی جیهانی (بڕوانە Mirsepassi, 2021, p. 5)، بۆ ئەو وەشانە ئایینییەی کە ناسیۆنالیستە ئایینییەکانی وەک عەلی شەریعەتی نموونەیانن. دەتوانین گواستنەوەی فیکری ئەم چەمکە بۆ ئێرانی دوای ساڵی ١٩٧٩ لە بەرهەمی چەندین کەسایەتیدا دیاری بکەین، کە سەرەکیترینیان سادق هیدایەت، عەبدلحەسەن زەرین کوب، شجاع الدین شەفا و بەتایبەتی تر عەلی شەریعەتی و داریوش شایگان.

 عەلی شەریعەتی و داریوش شایگان دەتوانرێ وەک پەیوەندی فیکری بۆ بەستنەوەی بیری ڕۆشنبیری ئێران لەسەردەمی پەهلەوی بە قۆناغی دوای ١٩٧٩ تەماشا بکرێن. عەلی شەریعەتی بە هەوڵدان بۆ کۆکردنەوەی مارکسیزم و ئیسلام و ڕەخنەگرتن لە فەلسەفەی ڕۆژئاوا ناسراوە، تێروانینی نەژادیی لای شەریعەتی لە هەمبەر عەرەبەکان لەلایەن توێژەرانی ئێرانییەوە ڕەتکراوەتەوە (بڕوانەMirsepassi, 2011, ). بۆ نموونە، پەرتووکی بازشناسی هویات ایرانی/داننان بە شوناسی ئێرانی (٢٠١٥)ی شەریعەتی، دەنگدانەوەی نووسینە ڕەگەزپەرستییەکانی ئاخوندزادە و کرمانییە، کە عەرەبەکان وەک دواکەوتوو، نەزان و کۆنەپەرست نیشاندەدات و لەهەمان کاتدا شارستانییەتی ئێرانی پێش ئیسلامی وەک باڵادەست و ڕۆشنگەر و پێشکەوتنخواز شکۆمەند دەکات. هەروەها تێڕوانینی شەریعەتی بەرامبەر عەرەب، هەڵوێستی دوفاقی ئەو بەرامبەر ئیسلام و دەستبەسەردا گرتنی مێژووی ئێران ئاشکرا دەکات. تێزی شەریعەتی سەبارەت بە  گەڕانەوە بۆ خود  یان ئێرانیبوون لە دوو پێکهاتەی جەوهەری پێکدێت: شیعەگەرایی و فارسیگەرایی، بەبانگەشەی ئەوەی کە ڕۆحی ئێرانی لەماوەی ٣٠٠٠ ساڵی ڕابردوودا بەرگەی چەندین پچڕانی گرتووەو ماوەتەوە. بەتێڕوانینی شەریعەتی، ڕۆحی ئێران کەتایبەتمەندی و بەهرەی ئاریایی پێدراوە، توانیویەتی خۆی لەڕووی ڕۆحی و کولتوورییەوە لەگەڵ شیعەدا هاوتەریب بکات. ئەو دوو شەپۆلی لەشکرکێشی کولتووری دەستنیشان دەکات کە شوناسی ئێرانی خستووەتە مەترسییەوە. شەپۆلی یەکەم بریتی بوو لە Hélène-struck-ness(یۆنانی-زادگی) کە شەریعەتی بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئێران و ڕۆژهەڵاتی ئاسیای گرتووەتەوە بەڵام لەبەرامبەر کولتووری بەهێزی ئێراندا زۆر خۆی نەگرت (Shariati, 1398/2015, p. 220). دووەمیان Arab-struck-ness (عەرەبزادگی) (هەمان سەرچاوە، ل٢٢٥) کە لە داگیرکاری عەرەبی بۆسەر ئێران دەستی پێکردووە (Shariati, 1398/2015, p. 225). شەریعەتی ئیسلام لە عەرەبییەت جیادەکاتەوە و دەڵێت کە ئیسلام لەماوەیەکی کەمدا تێکەڵ و زاڵبووە بەسەر ڕۆحی ئێرانیدا، ئەمەش بووەهۆی سەرهەڵدانی شیعەگەرایی. هەربۆیە جوڵانەوەی شیعەکانی ئێران بزووتنەوەی گەڕانەوە بوو بۆ خود،  کە ئامانجیان گەڕاندنەوەی شوناس و شکۆی لەدەستچووی ئێرانییەکان بوو هاوکات لەئامێزگرتنی شیعەگەری ڕەسەن. شیعەگەرایی شەریعەتی جەخت لەسەر زمانی فارسی دەکاتەوە وەک هەڵگری ئێرانیبوون، کە پێی وایە زمان و کولتووری عەرەبی بۆ جەندین سەدە دەستی بەسەردا گرتووە. ئەم وتانەی خوارەوەی شەریعەتی یەکێکە لەو چەندین وتانەی کە وێناکردنی بۆ عەرەب دەخاتە ڕوو، و دەقەکانی ئاخوندزادە و کرمانی دەهێنێتەوە یاد:

لە عەرەبستان وشەی نەفەر (وشەیەک دەتوانێت بە واتای  کەس  بێت و بۆ ژماردنی مرۆڤیش بەکاربهێنرێت) تەنها بۆ ژماردنی مرۆڤ و حوشتر بەکاردێت: سێ نەفەر حوشتر، یەک نەفەر مرۆڤ. ڕاستییەکە ئەوەیە کە لەنێو هەموو ئاژەڵەکاندا تەنیا حوشترەکان بەهەمان ناو/تەرازووی مرۆڤ دەژمێردرێن، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە مرۆڤ [عەرەبەکان] چەندە لە کەسایەتی حوشترەکەی دەچێت لەو ژینگەیەدا، تا ئەو ڕادەیەی کە هەندێک جار خۆی وەک حوشترەکەی یان هەست بە وشترەکەی دەکات وەک خۆی (Shariati, 1398/2015: 7) . . . و نەتەوەی، عەرەبە سەرەتایی و نەزانەکان، کە گەورەترین و ئازیزترین سەرمایەی ژیان و جیهانەکەیان حوشترە، [نەتەوەیەک] کە تەماحەکەی لە ملی حوشترەکانیان بەرزتر نابێتەوە، دەستکەوتەکەیان ناتوانێت لە کۆڵی حوشترەکەیان بەرزتر بێت وەک ئەوەی خۆیان و حوشترەکانیان لە یەک خزم و یەک جۆرن، بۆیە پێیان دەڵێن نەفەر یان مرۆڤ هەروەک چۆن بەخۆیان وا دەڵێن؛ لەچاوی عەرەبدا، حوشتر عەرەبە (هەمان سەرچاوە، ل٣٩٢).

وینە ٢

پێکهاتەی ئیتنۆ زمانەوانی ئێران.

داریوش شایگان لێکدانەوەیەکی عیرفانی بۆ ئێرانیبوون و بەناو گەشەسەندنی ڕۆحی پێشکەشدەکات. چوارچێوەی فیکری شایگان لەسەر بوژانەوەی شوناسی نەریتی و حیکمەتی ئەشراقی دامەزراوە کە لەلایەن هەردوو پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی بۆ پێناسەکردنی سیاسەتی شوناسی خۆیان وپاساودانی گوتاری فارسییان و چەسپاندنی دەسەڵاتی سیاسی خۆیان وەرگیراون و بەکارهێنراون. ڕوانگەی جەوهەرگەرایی و سەرەتایی شایگان بۆ  مێژوو و کولتوور  لە چەمکەکانیدا  ڕۆحی ئێرانی  و  ئێرانیبوون  (ایرانی بودن)دا دەردەکەوێت. شایگان بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەم  ڕۆحە ئێرانییە ناوازەیە  لە هەموو شوێنێکدا دەبینرێت، لە تەلارسازی خانووەکانی یەزدەوە تا شیعر و ئەدەبیاتی ئێران/فارسی. شایگان لە کتێبی ئاسیا بەرانبەر ڕۆژئاوا (١٩٧٧)دا، ئێران  وەکو خاکێک دێتەبەرچاو کە بەشێوەیەکی هەڕەمەکی بەڵام چارەنووسساز و پیرۆز لە جوگرافیایەکی دیاریکراودا سەریهەڵداوە و ئەگەری ئامادەیی کولتووری و مەعنەوی ناوازەی لە دووڕیانی ڕۆژهەلات و ڕۆژئاوادا هەیە. کتێبەکەی دیکەی بەناوی پێنج ناوچەی ئامادەبوو: گفتووگۆیەک لەسەر سرووشتی شیعری ئێرانییەکان (Shaygan, 2014/1393)، هەولێکی بێوچان دەدات بۆ رۆمانتیزەکردنی  جیاوازی ی کولتووری ئێرانی بەبانگەوازکردن بۆ شیعری پێنج شاعیر: حافز، سەعدی، فردەوسی، مەولانای ڕومی و خەیام. شایگان پێی وایە کە هەریەک لەو شاعیرانە نوێنەرایەتی کوالیتیەکی ناوازەی کولتووری و کارەکتەری ئێرانی دەکات. شایگان هاوشێوەی ئەوانەی پێش خۆی، مەیلی ئەوەی هەیە کە فەرهەنگ و نەتەوەی یەکگرتووی ئێرانی وەک کیانێکی ئەبەدی کە پێش سەردەمی مۆدێرن بوونی هەبووە، سەیر بکات.

توێژینەوەی ناسیۆنالیستی سەبارەت بە مێژوو و کولتووری ئێران، بەدرێژایی سەدەی ڕابردوو، تیگەیشتنێکی نەژادی زمانەوانی  لە کولتوور بەرهەمهێناوە، و بڵاوکردووتەوە و ئاساییکردووەتەوە، کە ئیمتیازی داوە بە زمانی فارسی وەک تاکە بریکاری ئەو مێژووە نەتەوەییەی کە دەوترێت نەگۆرە و تێیدا کولتوورە نافارسەکان لە قەوارەیەکی  ناوخۆیی  و  خیڵەکی  زیاترنین (بڕوانە Ahmadi, 2023). ئەمەش لەم دواییانەدا خۆی تێکەڵ بە چەمکی  جیهانی فارسی  کردووە، کە زاراوەیەکی نوێیە لە بنەڕەتدا لەلایەن مارشاڵ هۆجسۆن (١٩٧٤) لە کتێبەکەیدا بەناوی Venture of Islam داڕێژراوە. مەبەستی سەرەکی هۆجسۆن ڕاستکردنەوەی ئەو تێڕوانینە ڕۆژهەڵاتناسییە باوە بوو  کە بەزۆری مێژووی ئیسلامی وەک تەنیا مێژووی عەرەبی نیشاندەدا، بە فەرامۆشکردنی بەشدارییە بەرچاوەکانی کولتوورەکانی دیکەی وەک تورک، فارس و ئەوانی تر لە بە ئیسلامیکردنی شارستانییەتدا. لە وەڵامی ئەم پشتگوێخستنەدا، هۆجسۆن دەستەواژەی  بەئیسلامیکردن ی ناساند (کە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ  بەفارسیکردن  هەیە) بۆ جیاکردنەوەی خودی ئایینی ئیسلام (ئیسلامی) و ئەو شارستانیەتە فراوانەی کە ئەوی گرتبووەوە (بە ئیسلامیکردن)، کە ڕێگە بە گرتنەخۆی نامسوڵمانەکان دەدات لە کایە کولتووریەکەیدا. مەوداو سنووری جیهانی فارسی بە بەکارهێنانی زمانی فارسی وەک زمانی هاوبەش  لینگوا فرانکا  دیاریکراوە، بەزۆری لە فۆرمی نووسیندا، کە گوایە  دوای فەتحی ئیسلامی سەریهەڵداوە و بۆ ماوەی ١٤ سەدە بەردەوام بووە. ئەم چەمکە لەلایەن سەعید ئەمیر ئەرجومەندەوە بوژێنرایەوە کاتێک کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی کۆمەڵگە فارسییەکانی (ASPS) لە ساڵی ١٩٩٦ دامەزراند. لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، زاراوەی جیهانی فارسی لەڕێگەی جەختکردنەو لەسەر زمانی فارسی، بایەخێکی بەرچاوی لەنێو زانایانی ئێراندا بەدەستهێناوەو تا ڕاددەیەک بووەتە هاوتەریبێک بۆ توێژینەوەکانی ئێران.

پاش هۆجسۆ، مێژوونووسانی ئێرانی ئاماژە بە جیهانی فارسی دەکەن وەک  جیۆ-کولتووری یەکی فراوان (Kia, 2014) کە خەڵکەکەی فارسن یان بە ئاخێوەری زمانی فارسی دادەنرێن بەهۆی بەکارهێنانی زمانی فارسییەوە. چەقی بیرۆکەی جیهانی فارسی یان  کۆمەڵگەکان  زمان و ئەدەبیاتی فارسییە کەوا گریمانە دەکرێت سنوورە کولتووری و سیاسییەکانی جیهانی فارسی لەماوەی زنجیرە سەرەکییەکانی مێژووی شارستانیەتی ئیسلامیدا دیاری کردبێت (بڕوانە Arjomand, 2009). حەمید بۆرجیان (2009, P. 24) بانگەشەی ئەوە دەکات، فراوانبوونی ئەم زمانە  لەلایەن خودی پەرسفۆنەکانەوە نەگوازراوەتەوە بۆ ئەنادۆڵ و هندستان بەڵکو لەلایەن خێڵە تورکە بڵاوبووەکانەوە کە لەناوخۆی ئاسیاوە هاتبوون. لەم دواییانەدا، لایەنگرانی لێکۆلینەوە فارسییەکان، چەندین پۆڵێنی ناڕوون و پڕکێشەیان بەکارهێناوە وەک  کۆمەڵگەی فارسییەت ،  زەوی فارسی  ،  شارستانیەتی فارسییەت  (Borjian, 2009, p. 23)، خودی فارسییەت ( 2020، Kia) و  مۆدیرنیتەی فارسییەت یان بەکارهێناوە (جەباری، ٢٠٢٣). ئامانجی ئەم چەمکانە وەسفکردنی کۆمەڵێک کولتووری بەرفراوانە کە لە ئۆراسیا تا ئاسیای ناوەڕاست درێژدەبێتەوە، بەشێوەیەکی کاریگەر جیهانی فارسی لەگەڵ نزیکەی تەواوی شارستانییەتی ئیسلامیی یەکسان دەکەن. مانا کیا (٢٠٢٠) لەدرێژەی قسەکانیدا بانگەشەی ئەوە دەکات کە تەنانەت لەسەردەمی پێش مۆدێرنیشدا، زمانی فارسی توانیویەتی وا لەخەڵکی  جیهانی فارسی  بکات هەست بە  خود  بکەن و کۆمەڵگەیەکی خەیاڵی دروستبکەن.

لەم بوارەدا سکۆڵەرشیپ بەشێوەیەکی هەڕەمەکی سنوورە جیۆ-کولتوورییەکانی  جیهانی فارسی ی فراوانتر کردووە. نایل گرین (٢٠١٩) سنوورەکانی ئەم بنیاتە خەیاڵییە بەرەوپێش دەبات بۆ ئەوەی بەرفراوانی مەزنی ئۆراسیا بگرێتەوە، ئەو پێشنیارە ڕەسەنانە تێپەڕێنێت کە خودی مارشاڵ هۆجسۆن خستویەتیەڕوو. دەیڤد مۆرگان (2012, p. 168) پێیوایە کە  بەڵام یەک نەگۆڕ هەیە کە ڕەنگە بەس بێت بۆ بەستنەوەی زەردەشت و خومەینی: زمانی فارسی . عەباس ئەمانات، کەسایەتییەکی دیار لەنێو توێژینەوە فارسی ئامێزەکاندا ، دان بەوەدا دەنێت کە هەموو کۆمەڵگە فارسییەکان بە زمانی فارسی قسە ناکەن، بەڵام بەهۆی بەرکەوتن یان بەکارهێنانی زمانی فارسی، دەتوانرێت بەبەشێک لە  فەزای فارسی ئامێز  هەژماربکرێن (Amanat, 2021, p. 20). ئەمانات دان بەوەدا دەنێت کە  هەموو کۆمەڵگە فارسی ئامێزەکان بە فارسی قسە ناکەن ، بەڵام بەو پێیەی ئەم کۆمەڵگەیانە زمانی فارسییان بەکارهێناوە یان بەرکەوتنیان لەگەڵی هەبووە، هێشتا دەتوانرێت بە ئەندامی  فەزای فارسی ئامێز  بێنەژماردن ( Amanat, 2021, p. 20). ئەمانات دەڵێت زمانی فارسی بەهۆی ڕۆڵی وەک زمانی دادگا و ئیدارە لە نێو ئەم  زمانە ڕەسەنە هەریمایەتیانەدا  ناوبانگێکی زۆری بەدەستهێناوە (هەمان سەرچاوە، ل٥٨). بۆرجیان (٢٠٠٩، ل٢٣) جیاوازی لەنێوان جیهانی ئێرانی/فارسی و جیهانی فارسییەت دەکات و جەخت لەوەدەکاتەوە کە یەکەمیان ئاماژەیە بۆ ئەو کایە جوگرافییەی کە ئاخێوەرانی زمانە ئێرانییەکان تێیدا نیشتەجێن، لە کاتێکدا دووەمیان پەیوەندی بە کایەی زمانی فارسییەوە هەیە وەک زمانی هاوبەش. بەبڕوای بۆرجیان، جیهانی فارسی لە دەرەوەی سنوورە تەقلیدیەکانی ئێرانەوە درێژدەبێتەوە و هەڵگری چەمکێكی شارستانییە نەک تەنیا ئیتنۆلۆجی بێت. وەسفەکانی ئەم ئیمپراتۆرییەتە زمانەوانییە خەیاڵییە دەنگدانەوەی نۆستالژیای سەرەتایی ڕۆشنبیرانی کۆنی ناسیۆنالیستی وەک ئاخوندزادە و کرمانییە کە شوناسی ئێرانیان لەناو زمانی فارسی و لێکدانەوەیەکی خوازراو بۆ مێژووی ئێران جێگیرکرد.

توێژەرانی جیهانی فارسی دەیانەوێت چاوپۆشی لەو سنوورە سرووشتیانە بکەن لە سەپاندنی مێتاگێڕانەوەیەکی فراوان بەسەر ناوچەیەکدا کە بە فرە کولتووری و زمانەوانی بەناوبانگە و زۆرجار پێی دەوترێت لانکەی شارستانییەتەکان. ڕێبازێکی لەم جۆرە بەهای شیکاری و ڕوونکردەوەی نابێت، چونکە میراتی دەوڵەمەندی مرۆڤایەتی پشتگوێ دەخات و لە بری ئەوە بەردەوام دەبێت لە بێدەنگ کردنی یادەوەری و مێژوو کەلە دەرەوەی سنوورەکانی ئەم ئیمپراتۆریەتە ئەفسانەییەوەن، وە ئەگەر بەشێوەیەکی کاتیش بێت (Mohammadpour & Soleimani, 2022). ئەم ناونانەی جیهانێکی زمانەوانی خەیاڵی، وەک میهرزاد بروجێردی (1998, p. 43) دەڵێت: چەمکی شوناسی ئێرانی  لەسەر ماتریسەکەنی زمان و مێژوونووسیی هەڵبژێردراو و ناسیۆنالیزمی فارسی-سەنتەری  چەسپاوە. بەهەمان شێوە، شەهاب ئەحمەد، کە مێژوونووسێکی ئیسلامییە، هۆشداریدا لەوەی کە زاراوەی  فارسی  وەک نیشاندەرێکی سەرەتایی یان تایبەتمەندی بەکارهێنانی قۆناغی یەکەم بە شێوەیەکی هەڵبژێردراو تیشک دەخاتە سەر پێکهاتە  فارسییەکان  (Ahmed, 2015, p. 84). دەتوانرێت بوترێت کە ئەحمەد تەحەددای ئەو چەمکە دەکات بەو پاساوەی کە  بەشێوەیەکی گریمانەیی ئیمتیاز بە پێکهاتە زمانەوانی و  ئیتنیک ییەکان دەدات  و بەم پێیەش مەترسی ئەوەی هەیە  بکەوێتە خزمەتی ئەو بانگەشە هەمیشەییەی کە لە چەمکسازی مێژووی ئیسلامیدا لەڕووی خوێندنەوەی ناسیۆنالیستی  فارسی  و  عەرەبی ە. ئەمە خاڵیکی بەرچاوە چونکە فرەزمانی لە ڕاستیدا تایبەتمەندییەکی پێناسەکراوی خوێندنەوەی هۆجسۆن بوو لە جیهانی ئیسلامیدا. جگە لەوەش کەمال سولەیمانی و ئەحمەد محەمەدپوور (٢٠١٩) دەڵێن نوخبە فارسییەکان لە سەدەی نۆزدەهەمەوە دەستەواژەی  فەرهەنگی ئێرانی  لە شێوە موفرەدەکەیدا قۆستووەتەوە بۆ نوێنەرایەتیکردنی  فەرهەنگی فارسی  وەک  فەرهەنگی هاوبەش ی ئێران و دەڵێن:

ئەو ناوچانەی کە ڕۆشنبیرانی فارسی بە  فارسییەت  خەیاڵی دەکەن، دەتوانرێت بە ئاسانی ناویان لێبنرێت  عەرەبی  یان  عوسمانی  چونکە ئەم زمانانە هاوشێوەی زمانی فارسی باوبوون. ئینجا بۆچی ئەو جۆرە ناوچە فرەزمان و فرەنەتەوانە لەدوای مردنیان ناویان لێنراوە فارسی؟ (هەمان سەرچاوە، ل٧).

٧| تێبینی کۆتایی

ئەم نووسینە هەوڵیداوە لێکۆڵینەوە لە ساتەوەختە سەرەکییەکانی سەرهەڵدان و پەرەسەندنی بیری ناسیۆنالیستی ئێرانی لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا بکات بە توێژینەوە لە نووسینە ڕەگەزپەرستییەکانی ئاخوندزادە و کرمانی و چۆنیەتی ڕێنماییکردنی نەوەیەکی ناسیۆنالیستی ئێرانی وەک ڕاگەیەنراوەکەی نەوەی پەهلەوی (بڕوانە، Boroujerdi, 2020) بەشداریکردووە لە دەوڵەتسازی کۆلۆنیالیزمی کە لەسەر بنەمای کولتوورێکی نەتەوەیی یەکسان بوو (Cronin, 2003; Matin-Asgari, 2020). لە ساڵانی ١٩٢٠کاندا، ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیستی یورۆسەنتەری ئاخوندزادە و کرمانی لەلایەن بازنەی بەرلین پەرەی پێدراو بوو بە فۆرمولەیەکی فیکری و سیستماتیکتر کە ناسینەوەی ئێران لەگەڵ ڕەچەڵەکی بەناو نەژادی ئاریایی فارسەکان بوو بە کرێگرتەی گوتاری ناسیۆنالیستی ئێرانی لەسەردەمی پەهلەویدا. ئەمەش بە باشترین شێوە لەو وتارەدا دەبینرێت کە فەروغی سەرۆک وەزیران لەکاتی لەسەرنانی تاجی پاشایەتی پێشکەشی کرد، کەتێیدا ڕایگەیاند:  نەتەوەی ئێران ئەمڕۆ دەزانێت کە پاشایەکی هەیە کە نەژادێکی ڕەسەن (پاکزاد) و لەنەژادی ئێرانی (ایران نژاد) (quoted from in Matin-Asgari, 2021, p. 200). ئەم گوتارە ڕەگەزپەرستانەیە لە کایەی ڕۆشنبیری و سیاسی تا پاش ساڵی ١٩٧٩ بەردەوام بوو لە ڕێگەی نووسینەکانی ڕۆشنبیران لە نێویاندا، شایگان. خاڵی سەرەکی مشتومڕەکەی من ئەوەیە کە ناسیۆنالیزمی ئێرانی لەلایەن ڕۆشنبیران و نوخبەی فارسی و فارسییەکانەوە لە قاڵب دراوە کە لە ڕێگەی بنیاتنانی  ئەویتری ڕۆژهەڵاتی ناوخۆیی ، نەک هەر ئاسانکارییان بۆ سیاسەتی دەوڵەتی  لەناوبردنی جیاوازی  کردووە (بڕوانە Hinton, 2002) بەڵکو هەروەها بەشدارییان کردووە لە ئاساییکرنەوەی پلە بەندییە ئیتنۆ زمانەوانی و کولتووریەکانی ئێستا (Mohammadpour & Soleimani, 2022). لەم چوارچێوەیەدا، مێژوونووسی بەشیوەیەکی هەڵاوێردوو خزمەتێکی زۆری بە کارنامەی دەوڵەت کردووە کە بریتیە لە سەپاندنی یەکێتی پلەبەندی نائیرادی و شەرعیەتدان بە کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی. بە وەبیرهێنانەوەی شێوازی کۆلۆنیالیزم و یۆرۆسەنتریکی نووسینی مێژوو (بڕوانەMohammadpur & Soleimani, 2019)، مێژوونووسی سەرەکی ئێران بە ئەرکی سەرکوتکردنی  ڕابردوو و ئێستا یەکی نەخوازراوەوە بەڕێوە براوە.

دەستەواژە گشتگیرەکانی وەک کولتووری ئێران، کولتووری مەزنی ئێران یان جیهانی فارسی کە زۆرجار مێژوونووسانی ناسیۆنالیستی ئێران بەکاریان دەهێنن، بارگاوین بە کاریگەرییە کۆڵۆنیالیزم و ئیمۆریالیستەکانی باڵادەستی و هەژموونی نەژادی کە ڕەنگدانەوەی پرۆسەی کولتووری و سیاسی سڕینەوە و ئینکاریکردنی ئەوانی تری نەخوازراو. سەید جەواد تەباتەبایی، ناسیۆنالیستی ئێرانی ئازرەی-تورک، نموونەی ڕاستەقینەی ئەم ڕژێمە فارس-سەنتەرییەیە. تەباتەبایی٥(٢٠١٦) لە وتارەکەیدا بەناونیشانی زمانی نەتەوەیی و بەرنامەی فێرکردنی زمانە خۆجێییەکان نیگەرانییەکی گەورە لە ئەگەری فێرکردنی زمانە غەیرە فارسییەکان لە ئێران و ئەوەی کە دەوترێت زمانە خۆجێیەکان توانای بەرهەمهێنانی زانیاریان نییە:

زمانی فارسی هەمیشە زمانی  نەتەوەیی  ئێرانییەکان بووە، بەڵام ئەم زمانە هەرگیز نەبووەتە زمانی نەتەوەیی لەسەر حسابی زمانە خۆجێییەکانی دیکە . . . لە ئێراندا، لە هەموو قۆناغە مێژووییەکاندا، تەنیا یەک زمان توانیویەتی ببێتە زمانی زانستی ستاندارد و زمانی کولتووری [کە فارسییە]؛ هەموو زمانەکان بە پێی توانای خۆیان پەرەیان بە خوێندەواری داوە. هەموو ئەم زمانە [خۆجێییانە] و خوێندەوارەکانیان فۆرمی زمان و فەرهەنگی ئێرانی مەزنن و پێویستە هەوڵی پاراستنیان بدەیت، بەڵام نابێت خەیاڵیان لەسەر بونیات بنێیت، دەبێ زمانی نەتەوەیی [فارسی] وەک زمانی زانین و کولتووری ئەم وڵاتە بمێنێتەوە. ناتوانرێ لە زمانە خۆجێیەکانی ترو خوێندەوارەکانیان تێبگەیت جگە لەناو خودی زمانی نەتەوەییدا نەبێت، مرۆڤ نابێت مێژوو بنەچەیان بۆ هەڵبەستێت. پێنج ساڵ لەمەوبەر گوتم کە پێویستە ئەدەبیاتی تورکی ئازەری بخوێنرێت، بەڵام بەرنامەیەکی لەوشێوەیە ناتوانێت لە دوو کرێدیتی [کۆرس] زیاتربێت لە ساڵێکدا.

لە کۆتاییدا، مێتاگێرانەوەی ئێرانیبوون وەک مەکینەی فیکری کاردەکات کە لەلایەن هەردوو نوخبە و دەوڵەتەوە داڕێژراوە بۆ دروستکردنی ئیمپراتۆرییەتێکی خەیاڵی کە ئێران وەک نەتەوەیەکی تاک زمان و تاک کولتووری پیشاندەدات کە شانازی بە مێژوویەکی بەردەوام و بەناوبانگەوە دەکات کە سێ هەزار ساڵە هەیە (بڕوانە Amanat, 2017, p. 34). ئەم گوتارە ڕۆژهەڵاتگەرا ناوخۆییە وەک  تەکنەلۆژیایەکی بەهێزی لەبیرکردن  بەکاردێت (بروانە Smith, 2022, p. 561) بۆ سڕینەوەی مێژوو و یادەوەرییە نافارسییەکان لە فەرهەنگی زانستی ئێرانی بەناو کۆسمۆپۆلیتی جێگیرکراوە.

[1] – ناونیشانی توێژینەوەكە بە زمانی ئینگلیزی

Persian orientalism: Raciolinguistic ideologies and the construction of  Iranianness  – Mohammadpour – Nations and Nationalism – Wiley Online Library

Send this to a friend