• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
November 19, 2023

چاوپێكەوتن لەگەڵ فەیسەڵ عەلی؛ ئابووریناس و سەرۆكی مونتەدای ئابووری كوردستان، بەرزیی ڕێژەی ھەڵئاوسان لە ئێران کەڵێنی کۆمەڵایەتی فراوان دەکات

ئێرانناسی: ئەم وتووێژەمان لەگەڵ بەڕێز فەیسەڵ عەلی سەرۆکی مونتەدای ئابووری کوردستانە؛ ئابووریناس خاوەنی زیاتر لە بیست کتێب و سەدان وتاری ئابوورییە. تێڕوانینی بەڕێزیان لەسەر ئابووری ئێران و کێشە و گرفتەکانی پەیوەندیی ئێران و عێراق لەم چاوپێکەوتنەدا بخەینە ڕوو.

یەکەم پرسیارمان بەوە دەستپێدەکەین: بە شێوەیەکی گشتی هەلومەرجی ئابووریی ئێران چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟ واتە خەسڵەتەکانی ئابووری ئێران لە دیدگای بەڕێزتانەوە چۆنە؟ ئەم دۆخەی کە ئێستا ئێرانی تێدایە چۆنە؟

فەیسەڵ عەلی: ئێران یەکێکە لە دەوڵەتە گەورەکانی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. دەکرێت لێرەدا هەندێک لە بنەما ئابوورییەکانی ئێران باس بکەین؛ یەکەمیان، خاوەنی سەرچاوەیەکی زۆری نەوت و گازە، بە تایبەتی ئێران شەشەم گەورە دەوڵەتی بەرهەمهێنی نەوتە لە جیهان و دووەم دەوڵەتی گازی سروشتییە، بەپێی دوایین ئامارەکان، ئێران ساڵانە سەد ملیار مەتر سێجا گاز بەرهەم دەهێنێت چ بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی و چ بۆ هەناردەکردن بێت. ئەمە خاڵێکی بنەڕەتییە. دووەمیان، ئێران خاوەن هێزێکی مرۆیی گەورەیە، هێزێکی کاری کارامە و هەمەجۆری هەیە کە ئێستا دانیشتوانی نزیکەی (٩٠) نەوەد ملیۆن کەسە. سێیەمیان، پێگەیەکی جوگرافی گەورەی لە ناوچەکە هەیە، نزیکەی (٥٤٠٠) پێنج هەزار و چوارسەد کیلۆمەتر سنووری وشکانی هەیە، لەگەڵ هەشت دەوڵەتدا دراوسێیە، بێجگە لە سنووری سەر ئاوی کەنداو، پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەدا هەیە، بەشێک لەو کێشانەی کە ئێستا ئێران هەیەتی بە حوکمی ئەو گەمارۆیەی خۆرئاوا، بە هۆکاری ئەو پەیوەندییە بازرگانییەی لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێی هەیە (کە زۆربەیان لەڕووی ئابوورییەوە بەراورد بە ئێران دواکەوتوون) توانیویەتی بیانکاتە سەرچاوەیەکی باشی بەدەستهێنانی دراوی گرانبەها و شکاندنی بەشێکی ئەو گەمارۆیەی لەسەریەتی. لەبەرئەوە دەبینین تەرازووی بازرگانیی ئێران لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێی تەرازوویەکە کورتی نەهێناوە، بەڵکو زیادەی هەیە، بەمانایەکی تر لەگەڵ ئەو دەوڵەتانە هەناردەی لە هاوردەکردنی زیاترە. ئەمە هەنگاوێکی باشە بۆ ئێران چونکە ئەوانیش پێویستیان بە کاڵا و بەرهەمی ئێرانە، بەتایبەتی بەرهەمی کشتوکاڵ و پیشەسازی هەیە.

ئەمانە بۆخۆی هەنگاوی گەورەن بۆ دەوڵەتێکی وەکو ئێران بە بەراورد بە عێراق و بە دەوڵەتە نەوتییەکانی تر، کە کشتوکاڵ و پیشەسازی پشکی گەورەیان لە ئابوورییاندا نییە،  واتە بەشداری گەورەیەیان لە کۆی بەرهەمی ناوخۆی وڵاتەکانیان نییە. لەبەرئەوە بەشێکی زۆری ئەم بەرهەمە پیشەسازییانەی کە هەیەتی بە هۆی دەوڵەتانی دەورووبەری بووەتە هۆی ئەوەی کە باشتر بەگەڕی بخات و بووەتە هۆی ئەوەی کە بەشێکی ئەو گەمارۆیەی سەری بشکێنێت. ئێران ئەمانە بنەما بنچینەییەکانی بوون، بۆ نموونە یەدەگی گازی سروشتییەکەی (٣٣) سی و سێ ترلیۆن مەتر سێجایە، کە پێنجەم دەوڵەتە لە ڕووی یەدەگی گازی سروشتییەوە لە سەر  ئاستی هەموو جیهان. لە ڕووی نەوتەوە یەدەگەکەی (١٥٤) ملیار بەرمیلە، لە سەدا نۆی کۆی یەدەگی جیهان پێکدەهێنێت، کە ئەمەش ژمارەیەکی گەورەیە. ڕۆژانە (٣.٤) ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە دەکرد پێش گەمارۆکە، ئێستاش هەرچۆنێک بێت لە ڕێگەی دەوڵەتانی ترەوە بەشێک لەو ڕیژەیە هەر دەنێرێتە دەرەوە. کەرتی بازرگانی بەشداری لە سەدا بیستی کۆی بەرهەمی وڵاتەکە پێکدەهێنێت کە ئەمە هەنگاوێکی زۆر گەورەیە بۆ ئێران بە تایبەتی کە زیادەی هەبێت نەک کورتهێنان. واتە ئەمانە بە گشتی بەشێک بوون لەو هۆکارانەی کە ئابووریی ئێران بەرگەی گرتووە و بەشێکی ئەو گرفتانەی  هەیەتی داپۆشێت. خاڵێکی سەرەکی تر کە ڕەنگە جیاوازی بکات لە ئابووری وڵاتانی تری ناوچەکە؛ بوونی سیستەمێکی بانکی زۆر پێشکەوتووە، سەرباری ئەو سیستمەیش هۆشیاری خەڵکی ئێرانیش بە گشتی ڕۆڵی گەورەی گێڕاوە. لە ئابووریدا دەڵێن بانک شادەماری ئابووری دەوڵەتە. هەر بۆیە ئەمە وایکردووە کە ئابوورییەکەی بجوڵێنێت و ئەو گەمارۆیەی کە لەسەر ئێران هەیە لەڕێی ئەم بانکە  و لە ڕێی ئەو مامەڵە بانکییانەوە هەموو خەڵکی ئێرانی بە یەکەوە گرێ داوە، وایکردووە ئێران نەبوونی پارە و کەمی پارە و دابڕینی لە سیستەمی بانکی جیهانی کاریگەریی زۆری گەورەی لە سەر ناوخۆی ئێران نەکات. بەگشتی دەکرێت بڵێین بنەما بنچینەییەکانی ئابووری ئێرانن کە هێزێکی گەورەی هەیە بتوانێت بۆ خۆی بوەستێت. بێگومان ئەمە بەو مانایە نییە ئاڵنگاری گەورەشی نەبێت، یەكێک لەو ئاڵنگارییە گەورانەی ئێران هەیەتی گەمارۆی نێودەوڵەتییە، کە کاریگەرییەکی گەورەی هەیە لەسەر ئەوەی کە نەتوانرێت سەرمایەگوزاری بیانی بێتە ناو ئێرانەوە، هاتنی سەرمایەگوزاری بیانی واتە هاتنی تەکنەلۆجیای تازە بۆ ناو ئێران. ئێران ڕاستە بە پیشەسازیی خۆی توانیویەتی بە شێکی زۆری پێداویستی خۆی دابین بکات بۆ دەرەوەش ببینێرێت، بەڵام ئەگەر تەکنەلۆجیای تازە بێت بێگومان ئەم بەرهەمانە دوو هێندە و سێ هێندە زیاد دەکەن و ئاستی گەشەکردنی ئابووری ئێران زیاتر دەبێ و هەناردەشی زیاتر دەبێت، ئەمە یەکێکە لەو ئاڵنگارییانەی کە گەمارۆی نێودەوڵەتی و بە تایبەتی ئەمریکا لە سەر ئێران وای کردووە کە لە سەرمایەگوزاریی بیانی بێبەش بێت.

ئێرانناسی: ئەوەی تا ئێستا باست کرد تێڕوانینێکی خۆشبینانە و گەشە بۆ بنچینە ئابوورییەکانی ئێران.

فەیسەڵ عەلی: بەڵێ ئەگەر باسی ئاڵنگارییەکانیش بکەم.

ئێرانناسی: گرفتە بنچینەییەکان، دەربارەی ئەمە چی دەڵێیت؟

فەیسەڵ عەلی: گەمارۆی ئابووری بۆ ئێران زۆر کوشندەیە، واتە ئەگەر گەمارۆکە نەبووایە دەکرا ئێستا ئەندامی گرووپی بیست بێت. خاڵێکی تری کوشندەی ئێران گەندەڵییە، گەندەڵی یەکێکە لە گەورەترین بەربەستەکانی بەردەم پێشکەوتنی هەر وڵات و هەر ئابوورییەک، بەتایبەتی لە ئێراندا بەشێکی زۆری ئەوەی کە جێی سەرمایەگوزاری بیانی گرتۆتەوە سەرمایەگوزاریی ناوخۆییە، ئەمەش بە دەست کۆمەڵێک گرووپەوەن، نموونەی سوپای پاسداران، کە بەشێکی زۆری پرۆژە سەرمایەگوزارییەکانی ئێران بەدەست ئەوانە، بێگومان توانای ئیداری و ئەوەی پێی دەوترێت عەقڵەییەتی ئابووری ئیدارەدانی ئابووریی ئەو پرۆژانە لە توانای سوپای پاسداران نییە و ناتوانن وەک پێویست بتوانن پەرە بەو پرۆژانە بدەن. بەشێکی زۆری ئەو پرۆژانە بە حوکمی دەسەڵاتەکەیان وەریان گرتووە، نەک بە حوکمی توانای ئابووری و توانای دارایی و توانای عەقلی سەرمایەگوزارییان، ئەمە گەورەترین بەربەستە لەوەی بتوانرێت ئەم پرۆژانە بەرەوپێش ببرێت و سەرکەوتوو ببن، بگرە ئەو پرۆژانە ڕەنگە بە نیوەناچڵی لە زەمەنێکا هەموویان بکەون لەبەرئەوەی پرۆژەکە لەسەر بنچینەی کەڵکی ئابووری ئەوەی پێی دەوترێت (دراسة الجدوی الاقتصادیة)  نەکراوە. بۆیە ئەمانە ناتوانن سەرکەوتووبن. خاڵێکیتر هەڵئاوسانە لە ئێران، ڕێژەی هەڵئاوسان لە ئێران لە سەدا چلە، ئەمە بارگرانییەکی زۆری بۆ خەڵک دروستکردووە. ئەمە دەبێتە ڕێگر لەوەی تەنانەت ئەگەر ئێستا کرانەوەش ڕووبدات، پێناچێ سەرمایەگوزاریی بیانی ڕوو لە ئێران بکات، چونکە بەرچاوی ڕوون نییە ونازانێ ئاستی ئەم هەڵئاوسانە بەرەو کوێ دەڕوات ؟ زیاد دەکات؟ یان بەرەو کوێی دەبات؟ ئەمە وا دەکات ناجێگیریی نەختینە هەبێت لە ئێران، یانی متمانە نییە بە توانای ماددی ئێران لەوەی بتوانێت هەم پێداویستییەکانی خەڵک هەم پێداویستییەکانی سەرمایەگوزاریی بیانی ئەگەر بیەوێت بێتە ناو ئێرانەوە پڕ بکاتەوە.

کێشەیەکی تری ئێران بێکارییە، وتمان ئێران ژمارەی دانیشتوانەکەی زۆرە و دەستی کاری هەیە، هەندێک سەرچاوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، ڕێژەی بێکاری زۆر لەوە زیاترە کە بە ڕەسمی ڕادەگەیەندرێت، کە لە سەدا دە بێت. بێگومان بێکاری کێشەی کۆمەڵایەتی لێدەکەوێتەوە. یەکێک لە دیارترین دەرهاویشتەکانی بێکاری کێشە کۆمەڵایەتییەکانە. سەرچاوەی زیادبوونی هەژارییە ئەمەش لەگەڵ گەندەڵی کیشەکان قوڵتر دەکەنەوە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی ناو کۆمەڵگە دەشێوێنێت، جۆرێک لەوەی پێی دەوترێت ناکۆکی نێوان چینەکان دروست دەکات و ناجێگیریی کۆمەڵایەتیی ناو کۆمەڵگەی لێدەکەوێتەوە..

ئێرانناسی: مەسەلەی هەڵئاوسانی ئێران کە گرفتێکی گەورەی ڕۆژانەی خەڵکی ئێرانە، بە تایبەتی دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانی بەرامبەر بە دۆلار. بۆچوونی زۆر هەیە کە دراوی مامەڵەی ئێرانی بە دراوی تر بکرێت جگە لە دۆلار، بەڵام ئەم پێشنیارانە هیچی سەرکەوتوو نەبوو.

بە شێوەیەکی گشتی ئەم هەڵئاوسانە چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟ پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە گەمارۆکانەوە هەیە یان نییە، وڵاتێکی وەکو تورکیا هیچ گەمارۆیەکی ئابووریشی لەسەر نییە، بەڵام ڕێژەی هەڵئاوسانی وڵاتەکە ڕۆژبەڕۆژ دەگاتە ئاستێکی مەترسیدار، هۆکارەکە دەرەکی و ناوخۆییە یان چییە؟

فەیسەڵ عەلی: سەرچاوەی هەڵئاوسان هەر لە ناوخۆ نییە، بەشێک لەو هەڵئاوسانە پێی دەوترێت هەڵئاوسانی هاوردە، هەڵئاوسانی هاوردە لەگەڵ هاوردەکردن لە دەوڵەتانی تر، بە تایبەتی کە لە وڵاتێک هاوردە دەکەی ئەو وڵاتە خۆی هەڵئاوسانی هەیە، بەشێک لە هەڵئاوسانەکانی دەهێنیت بۆ ناوخۆ. ئێستا بۆ نموونە عێراق ئاڵوگۆڕ لەگەڵ ئێراندا دەکات، بەشێک لەو هەڵئاوسانەی ئێران لە ڕێگەی ئەو کەلوپەلەی بۆ عێراق دێت. ئێرانیش بە هەمان شێوە، لەگەڵ ئەو وڵاتانەی مامەڵە دەکات، هەڵئاوسان بۆتە دیاردەیەکی جیهانی. ئێستا وای لێهاتووە کە ئەگەر هەڵئاوسان لە وڵاتێکدا هەبێت و یەک ژمارەیی بێت، واتە تا نۆ لە سەدیش بڕوات بە ئاسایی دابنرێت، بەڵام کە گەیشتە دوو ژمارە؛ واتە گەیشتە یانزە و دوانزە واتە بووە دوو ژمارە هەڵئاوسانەکە دەبێتە جێی مەترسی بۆ ئابوورییەکە، واتە متمانەی دەوڵەتانی تر، متمانەی سەرمایەگوزاریی دەوڵەتانی تر بۆ ئەوەی بێن سەرمایەگوزاری بکەن کەم دەکات. چەند ئەم متمانەیە کەم بکات ڕێژەی هەڵئاوسانەکە زیاد دەکات و وا دەکات خەڵکی ناو وڵاتەکە خۆی متمانەی بە دراوی وڵاتەکەی نەمێنێت، پەنا دەبات بۆ دراوێکی تر. نەبوونی متمانە بە دراو گەورەترین گرفتە کە لە ئابووریی لە دەوڵەت دروست دەبێت، هاوڵاتییانت متمانەی بە دراوەکەت نەبێت. هەموو هاوڵاتییەک بەردەوام کار لەسەر ئەوە دەکات و هەوڵی ئەوە دەدات دراوی وڵاتەکەی خۆی بفرۆشێت و دراوێکی گرانبەها لای خۆی کۆبکاتەوە. ئەمە ڕەنگە لە توانای هیچ وڵاتێکدا نەبێت بڵێت من مامەڵە بە دۆلار یان بە یۆرۆ ناکەم. بۆ نموونە ئێران ئێستا پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ چین و ڕوسیادا هەیە، ڕەنگە بەشێک لە ئێرانییەکان بەشێک لە ئاڵوگۆڕەکانیان بە (ڕۆبڵ) بێت، پێیان وابیت ڕۆبڵ لە تمەنەکەی خۆیان باشترە و جێگیرترە یان دراوی چینییان پێ باشتر بێت لە دراوەکەی خۆیان. واتە هاوڵاتی کە متمانەی بە دراوەکەی خۆی نەما پەنا بۆ دراوی وڵاتێکی تر دەبات، ئەم بێ متمانەییە ڕۆژ بەڕۆژ زیاد دەکات بە تایبەتی لای کێ؟ لای ئەوانەی کە پێیان دەوترێت بزنس مان، لای ئەوانەی کە پرۆژەیان هەیە، گرفتەکە لای هاوڵاتییەکی ئاسایی نییە گرفتەکە لای ئەوانەیە کە سامانی لە بەردەستە، ئەوەش کە سامانەکەی لە بەردەستە دوو هەوڵ دەدات؛ یەکەم: دراوەکەی بکات بە دراوێکی تری دەرەوەی وڵاتەکەی. دووەم: بەشێک لەو دراوە گرانبەهایەی هەیەتی یان بیباتە دەرەوە، چەند دراوی گرانبەها بەرەو دەرەوە ببرێت کاریگەریی قورسی لەسەر ناوخۆ دەبێت، جێگیریی دراو و هاوکاتیش ئابووری لەبار دەبات و هەڵئاوسانیش بەرزتر دەکات. وەک دەبینین لە ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ شت گرانتر دەبێت، ڕۆژ بە ڕۆژ ڕێژەی هەڵئاوسانەکە زیاد دەبێت. ئەگەر ئەمە بیبەستینەوە بە لایەنە کۆمەڵایەتییەکەوە وا دەکات کە بەرەبەرە چینی ناوەڕاستی ناو کۆمەڵگە کە هۆکاری سەقامگیریی کۆمەڵگەیە بەرەبەرە بەرتەسک دەبێتەوە، چینێکی زۆر زۆر دەوڵەمەند و چینێکی زۆر هەژار. ئەو چینە دەوڵەمەندەی دروست دەبن زۆربەی کات بەستراون بە دەسەڵاتەوە، ئەمەش وا دەکات ناکۆکییە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر زەق ببێتەوە، بەردەوام لیکترازانێکی قوورس دروست دەبێت، لەبەرئەوەی پێیانوایە کە ئەمانیش بەشێکی دەسەڵاتن و هاوکاتیش بەشێکن لەوەی ئەم ڕەوشەیان خوڵقاندووە و ئەم پارەیە بەهای نەمێنێت و هاوڵاتییەکی ئاسایی کە ئیش دەکات ڕۆژانە نەتوانێت پێداویستی ڕۆژانەی خۆی دابین بکات، کە ئەمەش ڕەنگە دەرهاویشتەی کۆمەڵایەتیی دیکەی لێ ببێتەوە، وەک هەڵوەشاندنەوەی شیرازەی خێزان، یانی خێزانەکان بە ئاڕاستەیەکی تری بەرێت، بۆچی؟ چونکە ئەوکات گرنک ئەوەیە ئەندامانی خێزان پارە پەیدا بکات تا ئەو خێزانە پێی بژین، چیتر ئەوە گرنگ نییە چۆنی پەیدا دەکات. واتە هەڵئاوسان ئەم دەرهاویشتانەی لێ دەکەوێتەوە. بە کورتییەکەی هەم دەرەکییە و هەم ناوخۆییشە، واتە بەشێکی گەمارۆکەی خۆرئاوایە لە سەر ئێران، بەشێکیشی ناوخۆییە؛ خراپی سیاسەتی ئیدارەدانی ئابووری ئێرانە کە ناتوانێت بە شێوەیەکی دروست ئەو ئابوورییە وا ڕێک بخاتەوە کە بتوانێت هەمەڕەنگتری بکات بۆ ئەوەی بەشەکانی تری ئابووری ڕۆڵی کاریگەرتریان لە ناو ئابووریدا هەبێت و بەشداری دیاریان لە پێکهێنانی کۆی بەرهەمی ناوخۆییدا هەبێت. بەشی شێری ئەو بەشدارییکردنە بۆ کەرتی خزمەتگوزارییە، ئەم کەرتەیش ئەو توانایەی نییە پێداویستیی ئابووری تێربکات. خزمەتگوزاری بۆ نموونە وەک هاتوچۆ بەرهەمێکی وای نییە بتوانێت گیرفانی هاوڵاتییەکانی تر پڕ بکات، ڕاستە بەشێک لە داهاتیان دەداتێ بەڵام ئەو داهاتە پێداویستییەکانی خێزانێک پر ناکاتەوە، واتە ئیش دەکەن لەسەر بازرگانی، بەڵام کشتوکاڵ، پیشەسازی ئەمانە دەتوانن ببنە سەرچاوەی داهاتێکی زۆر گەورە بۆ ئەوەی بتوانێت پێداویستیی خەڵک پڕ بکاتەوە، واتە داهاتی نوێ بخوڵقێنیت.

ئێرانناسی: پرسیارێک هەیە زۆر باو نییە لە ئاڕاستەکردنی پرسیاریدا، ئەویش ئەوەیە کە: لە ژێر هەژموونی نیزامێکی دینیدا ئابووری چۆن دەتوانێت نەشونما و گەشە بکات، بۆ نموونە بۆچوونێک لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە خراوەتەڕوو، لە دەزگای ڕۆحانی کۆماری ئیسلامی نێرانەوە کرا ئەویش ئەوەیە کە لەگەڵ هەبوونی گەمارۆکان، خستنەڕووی شێوازێک لە ئابوورییە کە بە ناوی ئابووریی مقاوەمەت (ئابووریی خۆڕاگرنە). پێتوایە ئەمە دەتوانێت جوابی گرفت و کێشە ئابوورییەکان بداتەوە و دەرئەنجامی هەبێت؟ یاخود زیاتر هەر بۆچوونێک بۆ بەهێزکردنی بیری ئایدۆلۆجی؟ کاریگەری و ڕەنگدانەوەی لەسەر ئابووری دەبێت یان نایبێت؟

فەیسەڵ عەلی: ئابووری خەسڵەتی خۆی هەیە، بۆ نموونە کە دەڵێن ئابووری سەرمایەداری شکڵەکەی ڕوونە، ئابووریی مقاوەمەت شکڵەکەی ناڕوونە وەک چۆن عەرەبەکان وتەیەکیان هەیە دەڵێن قسەی ناو جەریدەیە و تەنها بۆ جەریدەی دەکەی و وەک بڵێی بۆ دڵخۆشکردنی خەڵکە. شتێک نییە بە ناوی ئابووریی مقاوەمەت، مقاوەمەت بە چی دەکەی؟ مقاوەمەت لە سەر پێگەی و بنچینەی ئابووری دەکرێت، ئەم ئابوورییەی تۆ ئەگەر مقاوەمەتە خەسڵەتەکانی چین و چی جیاوازە لەو ئابوورییەی بۆ نموونە کە ئێستا لە ئێراندا هەیە، کە ئابوورییەکی سەرمایەداریی دەوڵەتییە، بۆ نموونە بازاڕ مامەڵە بە بەشێکی زۆریی ئابوورییەکەوە دەکات، ڕاستە ئابوورییەکە دەسەڵاتێک هەیە گرتوویەتی، بەڵام لە خوار دەسەڵاتەکەوە ئابوورییەکە بازاڕ مامەڵەی پێدەکات، لە ڕێگەی کۆمپانیا سەرەکییەکانەوە و بەشێکیان وەک وتم لای کەسە نزیکەکانی ناو دەسەڵاتن، واتە ئەمە دەرفەتێکی باشتری پێداون کۆنترۆڵی زیاتری ناو بازاڕ بکەن، دەرفەتێکی باشتری پێداون جومگە بنچینەییەکانی ئابووری بگرنە خۆیان؛ ئەمە ناکاتە ئابووریی مقاوەمەت، ئەمە دەکاتە ئابووریی بازاڕ، ئەو ئابووریی مقاوەمەتە ڕەنگە بڵێم جگە لە زارەوەیەکی دینی و لە ڕاکێشانی سۆزی خەڵک بەوەی ئێمە مقاوەمەتی ئەو گەمارۆییەی لە سەرمانە دەیکەین، مقاوەمەتی ئیستیعمار دەکەین، مقاوەمەتی ئەوەی کە پێی دەوترێت غەرب و شەرق دەکەین. جگە لەوە هیچی تر نییە، بەڵام کە لە واقیعدا دەیبینی شتێک نییە بە ناوی ئابووریی مقاوەمەت بێت، ئابوورییەک بێت کە پێگەیەکی بنچینەیی هەبێت و لەسەری دانرابێت و ڕوویایەکی ڕوونی هەبێت کە لەسەر ئەو بنچینەیە ئیش لەسەر ئەوە کرابیت، بەمە دەتوانم جیاکار بم لەوەی کە پێی دەوترێت ئابووریی سەرمایەداری جیاکار بم لەوەی کە پێی دەوترێت ئابووریی تێکەڵ. وەک ئەوەی ئێستە جۆرێک لە تێکەڵی هەیە لە نێوان ئەوەی کە پێی دەوترێت ئابووری دەوڵەت و لە ئابووریی سەرمایەداری کە پێکەوە ئیش دەکەن وەک ئەوەی ئێستە چین دەیکات سیستەمێکی شموولییە و ئابوورییەکی ئازادیشی هەیە. شتێکمان  نییە بە ناوی ئابووریی مقاوەمەت بێت و بنچینەی هەبێت جگە لەوەی وەرەقەیەکە فڕێ دراوە بەڵام بنچینەکەی هیچ بوونێکی نییە.

ئێرانناسی: بە شێوەیەکی گشتی ئابووریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆی پرۆسەکە لەسەر ئەو دەبێت. ئەگەر بەراوردێک بکەی لە  نێوان ئابووریی وڵاتێکی وەکو ئێران، وەکو تورکیا و وەکو عێراق لەگەڵ ئیمارات، ئاسۆکانی بەردەم ئابووریی ئێران چییە؟ واتە پێگەی ئێران لە ئابووریی ئەم زۆنە؛ لەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەدا چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟

فەیسەڵ عەلی: ئابووریی ئێران یەکێکە لە ئابوورییە زۆر گەورەکانی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، دەشێ لە ڕووی ئیمکانیات و لە ڕووی دانیشتوان و لە ڕووی سامانی سروشتییەوە، کە خاڵێکی بەهێزی هەموو ئابوورییەکە لە دوای تورکیاوە بێت، بەو مەرجەی ئەو سامانە سروشتییەی لە ئێران هەیە بە شێوەیەکی دروست بخرێتە خزمەت هەمەڕەنگکردنی ئابووریی ئێرانەوە بەتایبەتی کە ئێران ڕووبەرێکی فراوانی هەیە کە (١.٦٤٨.٠٠٠) ملیۆنێک و شەشسەد و چلو هەشت کیلۆمەتر دوجایە، ڕووبەرێکی فراوانی هەیە و هەموو وەرزەکانی تیایە، دەتوانێت سەرچاوەیەکی گەورەی کشتوکال و پیشەسازی بێت، دەتوانێت ئەوەی ئێمە لە ئابوورییدا پێی دەڵێین تەواوکاریی ئابووری؛ ئێران دەتوانێت تەواوکاریی ئابووری خۆی بکات. ئەگەر بە مەرجێک ئەو داهاتە گەورەیەی خۆی بخاتە گەڕ. ئێمە بیرمان نەچێت ئێران بەشێکی زۆری داهاتەکەی خستۆتە خزمەت هێزی سەربازی و بەرهەمهێنانی چەک و تەقەمەنی. ئەمە وای کردووە کە بەشێکی گەورەی ئەو داهاتەی کە دەبوو لە خزمەتی ئابوورییەکەی و بەهێزکردنی ئابوورییەکەی بەکاری بهێنێت لە خزمەتی ململانێ و چەک بەکاری هێناوە، ئەمە پاشەکشێی بە ئابوورییەکەی کردووە، چونکە چەک خزمەت بە کۆمەڵگە و بە ئابوورییەکە ناکات بەقەدەر ئەوەی بارگرانییە، هەرچەند ئەم قسەیە بۆ ئەو دەوڵەتانە ڕاست نییە، کە بەرهەمهێنانی چەک و تەقەمەنی سەرچاوەی ڕەخساندنی دەرفەتی کار و دراوە، واتە هەناردەی دەرەوەی دەکەن، واتە دەبێتە بارگرانی بەسەر ئابوورییەکەوە لە بری ئەوەی ببێتە هۆکاری بەرەو پێشبردنی ئابوورییەکەی. بۆ نموونە، ئابووریی ئێران توانای فرۆشتنی چەکی نییە وەک ئەمریکا کە ساڵانە بە دەیان ملیار دۆلار چەک دەفرۆشێت، هەروەها بۆ ڕووسیا هەندێک لە دەوڵەتانی ئەورووپاش ڕاستە، بەڵام ئێران توانای بەرهەمهێنانی چەک و تەقەمەنییەکەیشی ئەو پێشکەوتووە نییە کە بتوانێت بیفرۆشێت بە وڵاتانی تر، هەر بەرهەمی دەهێنێت و ئەم بەرهەمە بە زمانی ئابووری بەشداری دیاری لە کۆی بەرهەمی ناوخۆییدا نییە.

ئێران بە بەراورد بە دەوڵەتانی تری ناوچەکە لە ڕووی تەکنەلۆجیا و بەرهەمهێنانی پیشەسازی و کشتوکاڵییەوە پێشکەوتوترە، نموونە بەراورد بە عێراق و سوریا، تا ڕادەیەک لە هەندێک لە دەوڵەتانی کەنداویش پێشکەوتووترە بە حوکمی ئەوەی زەوی و زاری کشتووکاڵییان نییە، ئەم بەرهەمی کشتوکاڵییان پێ دەفرۆشێت، واتە پێشکەوتوترە و توانیویەتی بەشێک لە بازاڕەکانی ئەوانیش ببات. بەڵام ئەمە ناکاتە ئەوەی بەراوردی بکەی بە ئابووریی تورکیا کە تورکیا توانیویەتی پێگەیەکی گەورە بۆ خۆی دروست بکات، بۆ نموونە ئەندامی گروپی بیستە، بۆ نموونە کۆی بەرهەمی ناوخۆییەکەی ترلیۆنی تێپەڕاندووە، بەڵام ئێران هێشتا زۆر زۆر لە دواوەیە لەو ڕووەوە، چونکە بە تایبەتی لە سەدا هەشتای داهاتی ئێران هی هەناردەی نەوت و گازە، بۆ نموونە هی بەرهەمی پیشەسازی و کشتوکاڵی نییە تا بتوانین بۆ نموونە بڵێین ئێران توانیویەتی لە ڕووی بازرگانییەوە باش بێت. ئەمانە وایکردوە کە ئێران هەژموونە سیاسییەکەی زاڵتر بێت بەسەر ناوچەکەدا تا هەژموونێکی ئابووریی هەبێت. ئەمە خۆی ئیشکالە گەورەکەیەتی. ئەگەر بمانەوێت بڵێین ئێران هێزێکی گەورەیە دەبوو هەژموونە ئابوورییەکەی بەسەر ئەم ناوچەیەدا زیاتر بوایە وەک لە هەژموونە سیاسییەکەی، واتە ئەمە گرفتە سەرەکییەکەی ئێرانە لە ناوچەکە.

ئێرانناسی: دەرفەتێکی باشە تا ئەو پرسیارە بکەین؛ ئەویش پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ئێران و عێراقە، وەکو هەموو لایەک دەزانن ئەمساڵ ٢٠٢٣ عێراق بودجەی گشتیی لە ئەنجومەنی نوێنەران تێپەڕاند، لە ژێر سەقفی ئەم پرۆژە یاسایەی لە پەرلەمانی عێراق تێپەری، جەنابت پەیوەندی ئابووریی ئێران و عێراق چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟ بە شێوەیەکی گشتی هەندێک لە پسپۆرەکان پێیان وایە ئێران کاریگەری بە سەر پرۆژە یاساکەوە هەبووە یاخود بەشێک لە داهاتی عێراق بە شێوازی نا شەرعی؛ دراوەکان کێشەیەکی بۆ مەسەلەی نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق کە بە ناجێگیریی ماوەتەوە دروستکردوووە، ئایا کاریگەریی ناڕاستەوخۆی ئێرانی بە سەرەوەیە؟

فەیسەڵ عەلی: سەرەتا دەبێت لە پەیوەندیی بازرگانی نێوان ئەم دوو دەوڵەتەوە دەست پێبکەین، قەبارەی بازرگانیی نێوان ئێران و عێراق بۆ ٢٠٢٢ نزیکی دوازدە ملیار دۆلار بووە، لە ڕووی بازرگانییەوە. ئەم دوازدە ملیار دۆلارە کە حسابی بۆ دەکەین لە بەرژەوەندیی ئابووریی ئێرانە. چونکە عێراق هاوردەی زیاترە، عێراق کەمتر بەرهەم و کاڵاکانمان هەناردەی ئێران دەکەین، ئەمە وای کردووە تەرازووی بازرگانی لە بەرژەوەندی ئێران بێت و بەشێکی زۆری سامان لە عێراقەوە بچێتە ئێران، واتە بەشێک لە داهاتی بودجەیەی لە عێراقدا هەیە بەرەو ئێران دەڕوات. بەتایبەتی ئێمە لە ئابوورییدا زاراوەیەکمان هەیە پێی دەوترێت سووڕی داهات؛ سووڕی داهات بۆ دەوڵەت و ئابووریی دروست ئەوەیە، بەشی هەرەزۆری داهات لەناو ئابوورییدا دەستاودەست بکات و بڕێکی ئیجگار کەمی بچیتە دەرەوە، بۆ عێراق پێچەوانەکەی ڕاستە، بەشی زۆری داهاتی عێراق چ بە حەقیقی بۆ هاوردەکردنی کاڵا و پێداویستیی ئابووری دەچیتە دەرەوە، بەشێکیشی وەک سپیکردنەوەی پارە بە ناوی بازرگانی ڕەوانەی دەرەوە دەکرێت، واتە ئابووریی حێراق ئابوورییەکە پشت بە دەوڵەتانی تر دەبەستێت. واتە ئەمە بۆ خۆی گرفتێکی گەورەی ئابووریی عێراقە، وای کردوە بەشێکی داهاتی عێراق بە هۆکاری لاسەنگیی تەرازوویی بازرگانی لە بەرژەوەندیی ئێران دەشکێتەوە. ئەمە دیوێکی، دیوێکی تری ئێران لە ڕووی پرۆژەی وەبەرهێنانەوە لە عێراقدا ڕۆڵێکی گەورەی هەیە لە دروستکردنی کارگە و ڕێگەوبان و پرد. ئەمانەی ئێران لە ناو عێراقدایە و ئەمانە وایان کردووە بەشێک لەم سەرمایەگوزارییەی ئێران دەیکات بۆ ئەوەیە جارێکیتر و بە شێوازێکیتر قازانج بگەڕێتەوە بۆ ئێران جگە لە بازرگانییەکە لە ڕووی وەبەرهێنانیشەوە قازانجی بۆ دەچێت، ئینجا ئێستا وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق دروست دەکات. بۆ نموونە ئێستا بۆرییەکی گازی سروشتی لە ئێرانەوە بۆ عێراق دێت ئێرانییەکان خۆیان دروستی دەکەن. ئەمە بۆ خۆی ڕۆشتنی بەشێکی بودجەی عێراقە بۆ ئێران.

ئەمە کەناڵە ئاساییەکان و کەناڵە ڕەسمییەکان بوون کە پارە لێیەوە لە عێراقەوە بۆ ئێران دەڕوات، جگە لەوەش بەشێکی زۆری دەستی کاری ئێرانی لەبەرئەوەی ڕەوشی ئابوورییەکەیان بەو شێوەیە کە ئاماژەمان پێکرد، هاتوون لێرە کار دەکەن، ئەمەش بە جۆرێکیتر و جارێکیتر دەبێتە یەکێکی تری لەو کەناڵانەی پارە لە عێراقەوە بچێتەوە ئێران. هەموو ئەم پارانە ڕەنگە بەشی زۆری بە دۆلار بڕواتەوە ناو ئێران، ئەمە بۆ خۆی بۆ ئێران قازانجێکی گەورەیە و بەشێکی داهاتەکەی ئێرەش دەبات. ئەمە بەدەر لەوەی بێینە ناو ئەوەی کە بڵێین گوشاری ئێرانی لەسەر سیاسییەکانی عێراق هەیە لەوەی بودجە بە ئاڕاستەیەک دابڕێژن، دەکرێت بڵێین دەبوو عێراق خۆی لە جیاتی لەگەڵ ئێران ڕێک بکەوێت بۆری گاز بۆ عێراق ڕاکێشی و ئێران گاز بنێرێت بۆ عێراق؛ ئەو پارەیەی کە لە بودجەی عێراق بۆ ئەوە تەرخان دەکرێت دەبوو تەرخان بکرێت بۆ پەرەپێدانی کێڵگە گازییەکانی عێراق خۆی و گاز بەرهەم بێنین لە جیاتی بسوتێنرێت بە بەلاش عێراق پرۆژەی وەبەرهێنانی خۆی هەبێت، عێراق دەیتوانی وەبەرهێنانی بیانی بێنێتە ناو عێراقەوە و دەیان کۆمپانیای جیهانی هەن کە ئێستا لە بواری نەوت لە عێراقدا ئیش دەکەن بێن بەرهەمهێنانی گاز بۆ عێراق بکەن لە جیاتی ئەوەی ئێمە بێین بۆری گاز لە ئێرانەوە ڕابکێشین، کە ئێران خۆی جێبەجێی بکات و خۆشی قازانج بکات، عێراق بکەوێتە ژێر کاریگەریی ئێران و هەرکات لەبەر هەر هەڵوێستێکی سیاسی گوشار بخاتە سەر عێراق و گازەکەی لێ بگرێتەوە. وەک ئەوەی لەم ماوەی ڕابردوودا کە کارەباکەی لە باشووری عێراق بڕی. ئەمە یەکێکە لەو گرفتانەی کە ناڕاستەوخۆ ئێران گوشار لەسەر بودجەی عێراق دەکات، توانیویەتی ڕێگە لەو پرۆژانە بگرێت، ئەگەر نا دەیان کۆمپانیای جیهانی هەن کە دەتوانن باشترین پرۆژەی ڕێگاو بان و پیشەسازی و کشتوکاڵی بە ستاندارتی جیهانی بۆ دروستکردن، لەبەرئەوەی تەکنەلۆجیای ئێرانی بە بەراورد بە تەکنەلۆجیای بیانی تەنانەت بە بەراورد بە تورکیا دواکەوتووە. دیارە ئێمە بەشێکی زۆری بەوان سپاردووە کە ئەوان بیکەن. یان بۆ نموونە هاوردەکردنی سەیارەی ئێرانی بۆ عێراق ئەویش بە هەمان شێوە بە بەراورد بە سەیارەی هەر وڵاتێکی تر سەیارەکەیان لە ئێران پێشکەوتووترە. ئەمەش دەچێتە ناو بازرگانییەکەوە کە لە ڕێوە ئێران بەشیکی داهاتی عێراق دەبات بۆ خۆی.

 ئەمانە هەن بەڵام ناکرێت بڵێن هەموو بودجە لە سەر بنەمای ئەوە دانراوە، بەڵام زۆر جار ئەمە بەشیکی نادیارە و دەستە نادیارەکە ئەمەیە، چۆن؟ ئێران لە ڕووی سیاسییەوە دەتوانێت کاریگەریی لە سەر ڕەوشە ئابوورییەکەی عێراق هەبێت و وا بکات عێراق نەتوانێت کۆمەڵیک پرۆژەی گەورەی هەبێت بۆ نموونە عێراق دەتوانیت کارگەی بەرهەمهێنانی پەینی کیمیایی هەبێت یەکێکە لەو حاڵەتانەی کە ڕەنگە عێراق لەبەر خاتری ئێران نەیکات، چونکە ئێران یەکێکە لە دەوڵەتە گەورەکانی جیهان لە بەرهەمهێنانی پەیینی کیمییایی و هەناردەی زۆربەی زۆری دەوڵەتانی دەکات کە عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی بازاڕێکی باشی ساغکردنەوەی پەینی کیمییایی ئێرانی بێت لە کاتێکدا عێراق خۆی ئەو کارگانەی هەبووە پێشتر، ئێستا هەمووی داخراون و ئیش ناکەن. ئەمانە هەمووی دەکرێت ناو بنێین هەژموونی ئێران لە سەر ئابووریی عێراق، کە بودجەکە داڕیژەری سیاسەتی ئابووری عێراقە بۆ سێ ساڵ، واتە دەشی ئەو هەژموونەی لە سەر ئابووری عێراق بێگومان ناڕاستەوخۆ بێت، هەژموونێک لە سەر سیاسەتی ئابوری عێراقی کە لە بودجەکەدا ڕەنگ دەداتەوە. بودجەی گشتی ئاوێنەی ئابووری هەموو وڵاتێکە کە لە بودجەکە دەڕوانیت بۆت دەردەکەوێت، ئابوورییەکە چۆن ئیش دەکات و ئابووری ئەم وڵاتە بە چی ئاڕاستەیەکە و پەیوەندییەکانی چۆنە و لە ڕووی پیشەسازییەوە دەیەوێت بەرەو کوێ بڕوات، ئایا گەشە بە پیشەسازی دەدات یان پشت بە هاوردە دەبەستێت. یان کەرتی کشتوکاڵ بەرەو کوێ دەبات؟ لەبەرئەوە دەبینی ئەگەر لە گەشەی پیشەسازی و کشتوکاڵی و تەنانەت لە ڕووی بازرگانیشەوە لە ئابووریی عێراق بڕوانیت، پارسەنگەکە لە بەرژەوەندیی ئێرانە. لەمەوە بۆت دەردەکەوێت ئەم بودجەیە بە شێوەیەک لە شێوەکان دەکرێت بڵێی دەستە نادیارەکەی سیاسەتی پێوە دیارە.

ئێرانناسی: پرسیارێک هەیە زۆر جار ئەم پرسیارە کراوە و پرسیارێکی باوە، بەڵام لە کاتی ئێستادا ئەو پرسیارە دروستە کە باس لە پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران بکرێت، یاخود هەمووی دەبێت لە چوارچێوەی ئابووری عێراقدا هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت؟

فەیسەڵ عەلی: ئێران زۆر باش یاری دەکات، بۆ مامەڵەکردن فۆرمێکی تایبەتی بە هەرێمی کوردستان داوە. پێشتر بەشێکی زۆری هەناردەکانی ئێران بۆ عێراق لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە بووە، واتە ئەمە سەرچاوەیەکی داهاتی باش بووە بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام ئێستا لەبەرئەوەی هەلومەرجەکە گۆڕاوە و دەروازەی زۆری لەگەڵ عێراق خۆیا کردۆتەوە،  ئێستا پێویستی بە هەرێمی کوردستان نەبێت. بەڵام کوردستان خۆی بازرگانییەکەی لەگەڵ ئێراندا بە گشتی لە نێوان پێنج ملیار بۆ شەش ملیار دۆلار هەبوو، بەڵام ساڵ بە ساڵ ئەمە کەمتر دەکات. وەک ئاماژەمان پێکرد، ئەو بازرگانییەی کە هەبوو بەشێکی بەرەو عێراق دەڕۆشت، ئێستا ئەوە نەماوە و بەردەوام کەم دەکات و ڕوونیش نییە، ئێستا بە ڕوونی لە هەرێمی کوردستاندا ژمارەیەک نییە ئاماژە بە قەبارەی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران بکات چەندە. خۆی بەشێکی زۆری ئەوەی هەرێمی کوردستان هەناردەی دەکرد نەوتی خاو بوو لە ڕێی تەنکەرەوە، لەگەڵ هەندێک لەو ئاسن و ئەو پێداویستییانەی لە هەرێم ناتوانرێ مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و بەگەڕبخرێنەوە هەناردە دەکران و لە ئێران دووبارە بە گەڕ دەخرایەوە و وەک کاڵا بۆیان دەناردینەوە. ئەمەش بێگومان قازانجی بۆ ئێران هەبوو لەبەرئەوەی بە هەرزان لێمانی دەکڕی و بە گران پێی دەفرۆشتینەوە. واتە لە بەرژەوەندیی ئێران بوو. خاڵێک کە هەم بۆ عێراق و هەم بۆ کوردستانیش ڕاستە، ئەو کاڵایەی کە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و بۆ هەموو دەوڵەتانی دراوسێی خۆی دەنێرێت کواڵیتییەکەی زۆر نزمن بە بەراورد بەوەی بۆ نموونە بۆ تورکیای دەنێرێت، یان بە بەراورد بەوەی بۆ ڕووسیا و بۆ چینی دەنێرێت. کواڵیتی ئەوەی بۆ ئەم ناوچانەی دەنێریت نزمە.

ئێرانناسی: هۆکارەکەی چییە؟

فەیسەڵ عەلی: ڕاستی هۆکارەکەی لاوازی حکومەتە، لاوازی سیستەمی گومرگی ئێمەیە. خاڵێکی سەرەکی هەیە کە وایکردووە ئەو لاسەنگییە هەبێت. سیاسەتی بازرگانییە؛ عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە سیاسەتێکە لە خزمەت دەوڵەتانیتردایە، لە جیاتی ئەوەی لە خزمەت ئابووری خۆیدا بێت. واتە بۆ نموونە کۆمەڵێک بەرهەم هەیە عێراق بەرهەمی دەهێنێت، لە جیاتی ساڵ بە ساڵ گەشەی پێ بدەین تا پشت بە دەوڵەتێکی تر نەبەستین. کەچی ڕەسمی گومرگی ئەوەندە نزمە وایکردوە ئەو بەرهەمەی لە ئێرانەوە دێتە ناو عێراقەوە بەرهەمی ناوخۆیی بکوژێت. ئێران پشتیوانی هەموو ئەو بەرهەمهێنەرانەی خۆی دەکات کە بەرهەمەکانیان ڕەوانەی دەرەوە دەکات، بەوەی ڕەسمی گومرگی کەمتر و پشتیوانی بانکی دەکات تا بتوانن دراوی بیانی بهێنیتە ناو ئابووریی ئێرانەوە، هاوکاتیش سیاسەتی بازرگانیی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە لەبری ئەوەی هاندەری بەرهەمی ناوخۆیی بێت، دەبێتە هاوکاری بەرهەمی بیانی و شکست بە بەرهەمهێنی ناوخۆیی دەهێنێت و ناتوانێت لەناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان کێبڕکێی بەرهەمی بیانی بکات.

ئێرانناسی: ئاماژەت بە دەستەواژەی ناڕوونی دا لە پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران. ئەم ناڕوونییە جۆرێکە لە گەندەڵی کە بووەتە کێشەیەکی سیاسیش لە نێوان پەیوەندیەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی بەغداد. ئەو درزەی کە کەوتۆتە نێوان پەیوەندی ئابووری هەرێمی کوردستان و ئێرانەوە، ئەوەی پێیدەوترێت ئابووری قاچاخ. لە کۆتاییدا ئەمانە دەبن بە ژمارە بە سەر ئابووری وڵات خۆی یان هەر بەشێکە لەو کۆڕاپشنە کە ئەمێنێتەوە؟

فەیسەڵ عەلی: بە گشتی زۆربەی زۆری دەوڵەتانی ئەم ناوچەیە، ئابووریی ناڕەسمی یان ئەوەی پێیدەگوترێ ئابووریی شاراوە بەشێکی گەورەی ئابوورییان پێکدەهێنێت. بەشێکی زۆری ئابووریی دەوڵەتانی گەشەندە (دول النامیة) هەموویان ئەو ئابوورییەیان هەیە. ئەم بەشە ناچیتە ناو سیستەمەوە، ناچێتە ناو ژمارەوە لەبەرئەوە زۆرجار هەرێم ناتوانێت کۆنترۆڵی سنوورەکانی بکات بەوەی کە قەبارەی بازرگانییەکەی لەگەڵ ئێران چەندە. ئەمەش وایکردووە عێراق ئەو شتانەی گومانی لەسەر شێواز و سیستەمی گومرگی و پسوڵە گومرگییەکان لا دروست بووبێت. واتە ئەو قەبارە بازرگانییەی لە نێوان هەرێم و ئێراندا هەیە جێ گومانی عێراق بێت.

ئێرانناسی: زۆر سوپاس بۆ بەڕێز فەیسەڵ عەلی سەرۆکی مونتەدای ئابووریی کوردستان.

فەیسەڵ عەلی: سوپاس بۆ ئێوە.

Send this to a friend