• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
April 17, 2023

موقتەدا سەدر و ململانێ لەسەر دەسەڵاتی ئایینی

نووسینی: بينيديكت ڕۆبن-ديكروز

وەرگێڕانی: عومەر ڕەشید

پێشەكی
لە ٢٩ی ئابی ٢٠٢٢، ئایەتوڵا عوزما کازم حسێن حائیری کە بنکەکەی لە شاری قوم بوو، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە، دەستبەرداربوونی خۆی لە مەڕجەعیەت، واتە دەسەڵاتی ئایینی ڕاگەیاند، بەو سیفەتەی مەرجەعێکی تەقلیدی بوو لەلای کۆمەڵە شیعییەکان، پێشنیاری کرد شوێنکەوتوانی پەیڕەو لە موڕشیدی باڵای ئێرانی ئایەتوڵا عەلی خامنەیی بکەن. هەروەها لە بەیاننامەکەیدا ڕەخنەی توندی لە موقتەدا سەدر گرتبوو، کە پیاوێکی ئایینی تاکڕەوی ڕێبەری ڕەوتەكەیە، ئاماژەی بەوە کردووە کە سەدر بڕوانامەی ئایینی پێویستی نییە بۆ ئەوەی سەرکردایەتی ڕەوتەکە بگرێتە دەست، چونکە ئەو لایداوە لە ڕێبازی هەردوو شەهیدە مەزنە سەدرییەکە، ئایەتوڵڵا عوزما محەممەد باقر سەدر و ئایەتوڵڵا عوزما محەممەد سادق سەدر، باوکی موقتەدا سەدر.

ئەم هەڵوێستەی حائیری گرنگییەکی زۆری هەبوو، چونکە خودی خۆی بە مەڕجەعییەتی ئایینی دادەنرا بۆ ڕەوتی سەدر. بۆیە پێدەچوو ڕەخنەکانی لەو کاتە گرنگەدا هەڕەشە بۆ سەر دەسەڵاتی سەدر دروست بکات، چونکە لە چوارچێوەی ناکۆکییەکانی بوو لەگەڵ ئەو کوتلانەی لایەنگری ئێران بوون لەسەر پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، بەڵام سەدرییەکان لێدوانەکەی حائیری-یان بەس بە توڕەکردن زانی، پێیان وابوو نابێتە ئاڵنگارییەکی ڕاستەقینە بۆ دەسەڵاتی سەدر، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی کاریگەرییە سنووردارەکانی حائیری بوو لەناو ڕەوتی سەدردا.
سەدر بوو لە بنیاتنان و پاراستنی دەسەڵاتی ئایینی خۆی لە ڕێگەی دوو ستراتیژەوە سەركەوتوو بوو. پارێزگاری لە فرەیی ڕێکخراوەیی ئایینی کرد، سوودی لەو شەرعیەتەش وەرگرت کە پیاوانی ئایینی باڵاتر لەخۆی وەک حائیری پێیان بەخشیبوو، لە هەمان کاتدا دڵنیا بوو لەوەی هیچ دەسەڵاتێکی ئایینی ناتوانێت ڕکابەری کاریگەرییەکانی بکات لەناو بزووتنەوەی سەدریدا. هەروەها پەنای بۆ تێکەڵەیەک برد لە پیادەکردنە ئایینییە تەقلیدی و ناتەقلیدییەکان بۆ هەمەجۆرکردنی دەسەڵاتی ئایینی خۆی. بەمشێوەیە توانی بەسەر لاوازییەکانیدا زاڵ بێت لە شێوازە تەقلیدی و کاریگەرییە ئاینییەکەدا، بە تایبەت خوێندنی ئایینی و ڕاهێنانی فەرمی لە حەوزە زانستییەکاندا.
پەیوەندی نێوان سەدر و حائیری تیشک دەخاتە سەر ململانێکان بۆ دەسەڵاتی ئایینی لەناو ڕەوتی سەدردا کە زۆرجار وەک هێزێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەردەکەوێت. بەڵام بە ڕوانین بۆ ڕێبازی ڕەوتی سەدر لە ڕوانگەی ئایینییەوە لایەنە سیاسییەکە فراوانترە، بەتایبەتی توانای بەردەوامی سەدر بۆ کۆکردنەوەی بنکە جەماوەرییەکەی، سەرەڕای شکستەکانی ڕەوتەکە لە حوکمڕانیدا و نەبوونی دیدێکی سیاسیی یەکگرتوو. ئەمە جگە لە خستنەڕووی ڕۆڵی سیاسی سەدر لەناو ئەم دیدە ئایینییە بۆ سەرکردایەتیکردن، بە هەمان شێوە تیشک دەخاتە سەر لاوازی سەدریش وەک لایەنێکی سیاسی، بە تایبەتیش لەبەر ئەو قەیرانەی ڕووبەڕووی دەبێتەوە لەسەر ئاستی دەسەڵاتە ئەخلاقییەکەی کە دەسەڵاتە سیاسییەکەی لەسەر بنیات نراوە.

فرەیی مەرجەعییەتی ئایینی لە ڕەوتی سەدردا
بۆ تێگەیشتن لەو کاریگەرییە سنووردارەی کە حائیری لەنێو ڕیزی سەدرییەکاندا هەیبوو، پێویستە بەدواداچوون بۆ شێوازی پەیوەندییەکەی بکرێت لەگەڵ ڕەوتی سەدر، لە پێش تیرۆرکردنی محەممەد سادق سەدر لە ساڵی ١٩٩٩، لەو ماوەیەدا هەردووکیان ڕکابەر بوون بۆ کێبڕکێ لەسەر میراتی محەممەد باقر سەدر کە قوتابی بەردەستی ئەو بوون، ئەوە وای لێکردن خۆیان بە میراتگری دەسەڵاتی ئەو بزانن، بەڵام حائیری خۆی وەک مەرجەعییەت سەپاند، ئەمەش توانای زیاتری پێبەخشیبوو کە کاریگەری لەسەر ڕێبازی محەممەد سادق سەدر هەبێت بەرەو وەرگرتنی دەسەڵاتی ئایینی.
ئاماژە دراوە کە حائیری تەنانەت دانی بەو پڕوپاگەندانەدا نەناوە کە محەممەد سادق سەدر مەرجەع بێت. هەروەها هەوڵی بریکارەکانی ڕەتکردەوە کاتێک سەردانی قومیان کرد بۆ ئەوەی لەوێ نووسینگە بۆ سەدر دابمەزرێنن. ئەم ڕەتکردنەوەیە ڕێگری لە هەوڵەکانی سادق سەدر کرد بۆ فراوانکردنی تۆڕە تەقلیدییەکەی و دامەزراندنی مەرجەعییەتی تایبەتی خۆی. هەروەها باس لەوە کراوە کە حائیری نێردەکەی سەدر (ئەبو سەیف وائیلی)ی لە ماڵەکەی خۆی دەرکردووە و تۆمەتباری کردووە بە کارکردن بۆ دەزگا هەواڵگرییەکانی ڕژێمی بەعس.
لەبەر ڕۆشنایی ئەم ململانێیە بۆ دەسەڵات، بۆچی محەممەد سادق سەدر، حائیری وەک میراتگری مەرجەعی تەقلیدی بۆ سەدرییەکان دەستنیشان نەکرد؟ بەپێی سەرچاوەکانی نزیک لە ڕەوتی سەدر، محەممەد سادق سەدر ئامادە نەبووە ئەم دەستنیشان کردنە بکات، سەرەڕای ئەو پەیوەندییەی کە حائیری لەگەڵ محەممەد باقر سەدر و حەوزەی زانستی لە نەجەف هەیبوو. بەڵام لە ڕۆژانی کۆتایی تەمەنیدا ئەو بڕیارەی داوە، ئەویش بە دوودڵی و لە ژێر فشاری شوێنکەوتوانیدا، کە ترسیان لە ئەگەری تیرۆرکردنی مەرجەعەکەیان و مانەوەیان بەبێ مەرجەعێکی ئایینی ئاشکرا هەبوو، کە ئەمەش دەبێتە هۆی ململانێیەکی ناوخۆیی لەسەر سەرکردایەتی.
جگە لەوەش ئەندامانی ڕەوتی سەدر باسیان لەوە کردووە کە حائیری یەکێک بووە لەو پیاوە ئایینییانەی محەممەد سادق سەدر باسی کردووە، کە دەتوانێت پۆستی مەرجەعی تەقلیدی لە دوای مردنی خۆی وەربگرێت. ئەویش بە پشتبەستن بە ڕاسپاردەکانی سەدر. چینە کۆنەکەی سەدرییەکان بەشێوەیەکی بنچینەیی پەیڕەوییان لە مەرجەعیەتی حائیری، یان ئایەتوڵڵا عوزما محەممەد حسێن فەزلوڵڵا (کە پێش ئەوەی بچێتە لوبنان لە حەوزەی نەجەف خوێندوویەتی)، یان ئایەتوڵا عوزما محەممەد ئیسحاق فەیاز کە لە نەجەف نیشتەجێ بووە، دەکرد، لە کاتێکدا ئەمان ژمارەیان کەم بوو، بەڵام گرنگ بەلای سەدرییەکانەوە مەرجەعییەتی ئایەتوڵا عوزما عەلی سیستانییە. گێڕانەوەی ئەم باسانە گرنگییەکی ئەوتۆی نییە لەوەی کە بتوانێت بەشێک لە گوتاری سەدری پێکبهێنێت. بەکورتی و پوختی ئەوەی کە دەتوانرێت لە دیدی سەدرییەکانەوە دەرک بکرێت ئەوەیە کە ڕەوتی سەدری لە دوای کۆچی دوایی محەممەد سادق سەدر، خاوەنی یەک دەسەڵاتی ئایینی نەبووە.
بە هەمان شێوە ڕێگەپێدانی مانەوە لەسەر مەرجەعی مردوو لە فرەیی دەسەڵاتی ئایینی ناو ڕەوتی سەدر بوو. لە ڕوانگەی شیعەی دوانزە ئیمامییەوە، وا لێکدراوەتەوە کە تەقلیدی مردوو کارێکی ناتەقلیدییە، بەڵام بۆ سەدرییەکان گرنگە بەهۆی جەختکردنەوە بۆ وەرگرتنی دەسەڵاتی ئایینی، بە تایبەت لە نموونەی پیاوانی ئایینی وەک محەممەد باقر سەدر، بە تایبەتتر محەممەد سادق سەدر.

تەقلیدی مردووەکان ڕێگە بە سەدرییەکان دەدات بەردەوام بن لە پەیڕەوکردنی مەرجەعیەتی محەممەد سادق سەدر، بەڵام ئەم پیادەکردنە ملکەچە بۆ دوو مەرج. یەکەم: گریمانە دەکرێت کە سنووردار بێت بۆ ئەو تەقلیدکارانەی کە پەیڕەوی مەرجەعیەتی ئایەتوڵڵایان کردووە کاتێک هێشتا لە ژیاندا ماوە. دووەم: دروستە بۆ تەقلیدکارەکان پابەندی حوکمەکانی سەدر بن لە حاڵەتە ئاساییەکاندا، واتە کاتێک فەتوا و حوکمە ئایینییەکە جێبەجێ دەکرێت، گۆڕانکارییەکی چاوەڕواننەکراو دروست نەکات لەسەر بارودۆخ و هەلومەرجەکان.
لە ئاستە تیۆرییەکەیدا، گریمانەی ئەوە دەکرێت کەلێنێک لە نێوان نەوە کۆنەکە و نەوەیەکی گەنجی سەدرییەکان دروست بکات کە لە سەردەمی محەممەد سادق سەدردا لەدایک نەبوون، هەر بۆیەش ناچار دەبوون شوێن مەرجەعییەتی پیاوێکی ئایینی دیکە بکەون، بە تایبەت حائیری، بەڵام سەدرییەکان دەڵێن، گەنجە سەدرییەکان دەتوانن شوێن مەرجەعییەتی محەممەد سادق سەدر بکەون، بە مەرجێک لە هەمان کاتدا شوێن مەرجەعێکی دیکە بکەون کە هێشتا زیندووە و ڕێگا بەم پیادەکردنە دەدات. ئەندامێکی ڕەوتی سەدر ئەم بابەتەی ڕوونکردووەتەوە و دەڵێت: “گەنجە سەدرییەکان دەبێ شوێن موجتەهیدی زیندوو بکەون، مەگەر پێیان وابێت کە محەممەد سادق سەدر شارەزاترە لە موجتەهیدە زیندووەکان، لەم حاڵەتەشدا دەبێت شوێن فەتوای موجتەهیدێکی زیندوو بکەون کە ڕێگەیان پێدەدات ئەو کارە بکەن.
تەقلیدی مردووەکان لە کۆتاییدا دەمانگەیەنێت بە هەمەچەشنکردنی دەسەڵاتی ئایینی سەدری. لێکدانەوە جیاوازەکان بۆ ئەم پیادەکردنە کە بووەتە هۆی وەرگرتنی تێکەڵەیەکی هەمەچەشن لە مەرجەعییەتی ئایینی، تیشک دەخاتە سەر ئاستی نەرمی نواندنی تەقلیدکارانی سەدری سەبارەت بە پرسی تەقلیدکردن. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە چۆن تەقلیدکارانی سەدری چالاکانە بەشداری ئەم پیادەکارییە دەکەن، تەنها وەک گوێڕایەڵێک بۆ ڕاسپاردە ئایینییەکان نامێننەوە. بەتایبەت بەشداری دەکەن لە نوێکردنەوەی شێوازی دیاریکردنی دەسەڵاتی ئایینی.

هاوسەنگی نێوان فرەیی باوکانی ڕۆحی

پاش ئەو لەشکرکێشییەی کە ساڵی ٢٠٠٣ ئەمریکا پێشەوایەتی دەکرد بۆ سەر عێراق، پەیوەندی نێوان حائیری و موقتەدا سەدر لەسەر بناغەیەکی ناجێگیر بوو. هێشتا سەدر و حائیری پاڵنەرێکی بەهێزیان هەبوو بۆ هاوکاریکردن. سەدر ڕووبەڕووی ململانێیەکی ناوخۆیی بووەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی کێشمەکێشی ئەو ڕەوتەی کە باوکی دایمەزراندبوو، هەندێک لەو پیاوە ئایینییانەی پێگەیان لەو باڵاتر بوو، وەک محەممەد یەعقوبی، بەڕێوەبەری نووسینگەی محەممەد سادق سەدر لە نەجەف لە ساڵی ٢٠٠٣ کەوتنە چەلەحانێ لەگەڵی، دەیانوت دەسەڵاتی ئایینی دوای مردنی سەدر گواستراوەتەوە بۆ ئەوان، چونکە ئەوان لەنێو قوتابییەکانیاندا شارەزاتر و لێهاتووتر بوون، ئەمەش بانگەشەی سەدر بۆ میراتگرتنی مەرجەعییەتی باوکی لاواز دەکرد.

یەعقوبی لە ١٦ی تەمموزی ٢٠٠٣ لە موقتەدا سەدر جیابووەوە، بۆ ئەوەی خۆی وەک مەرجەع بناسێنێت و کۆنترۆڵی تۆڕی ڕێکخراوەیی و دارایی محەممەد سادق سەدر بکات، بەتایبەتی کۆکردنەوەی پێنج یەک، کە فەرزێکی داراییە لەسەر سامانی باوەڕداران. بەم پێیە، بڕیارەکەی حائیری بۆ دانانی موقتەدا سەدر وەک نوێنەری خۆی لە عێراق لە ٧ی نیسانی ٢٠٠٣، کە دەسەڵاتی پێدا بۆ ئەنجامدانی ئەو ئەرکانەی کە بە شێوەیەکی ئاسایی بۆ مەرجەعەکان دیاریکراون- وەک کۆکردنەوەی پێنج یەک و دابەشکردنی و دەرکردنی هەندێک حوکمی ئایینی- زۆر گرنگ بوو. بانگەشەی سەدری بۆ دەسەڵاتی ئایینی لەنێو سەدرییەکاندا چەسپاند، ئەمەش یارمەتی دا لە بەرپەرچدانەوەی دژەکەی.
لە بەرامبەردا حائیری پێویستی بە ڕۆڵی سەدر بوو، دەرفەتێکی بۆ ڕەخساند کە کاریگەری خۆی لەناو ڕەوتی سەدریدا بچەسپێنێت لە ڕێگەی ئەو پیاوە ئایینییانەی تازەبوون، کە لە ڕووی تیۆرییەوە ملکەچی ڕێنمایی ئایینی حائیری بوون. ئەگەر سەدر نەبوایە، حائیری ناچار دەبوو چاو بخشێنێتەوە بە پێگەی خۆی لە قوم، چونکە بەرەوڕووی ئاڵنگاری کەسانی وەک یەعقوبی دەبووەوە، کە دەیتوانی بە ئاسانی “هەر واقیعێک بیەوێت” لە عێراقدا بیچەسپێنێت. دەستنیشانکردنی حائیری بەفەرمی وەک مەرجەع بۆ بزووتنەوەی سەدری، هێزێکی کەمی بەدەست دەهێنا ئەگەر بە پاڵپشتی توانای سەدر نەبوایە بۆ کۆکردنەوەی هێزی زۆرەملێی پێویست بۆ دەستبەسەرداگرتنی خانووبەرەی بزووتنەوە ئایینییەکە و تۆڕە ڕێکخراوەییەکانی ڕەوتەکە.
هاوکاریی حائیری لەگەڵ سەدر تەنها ڕەنگدانەوەی بەرژەوەندییە ئایینییەکانی خۆی نەبوو، بەڵکو بەشێک بوو لە تۆڕێکی پەیوەندی کە ئێران لە ڕێگەیەوە هەوڵی بەستنەوەی سەدر و سەدرییەکانی دەدا بە بەرژەوەندییەکانی خۆیەوە. بزوێنەری پەیوەندی حائیری لەگەڵ سەدر لە قۆناغە سەرەتاییەکانیدا، تەواو هاوتەریب بوو لەگەڵ ستراتیژی سوپای پاسداران بەرامبەر بە ڕەوتی سەدری. ئەمەش کارئاسانی کرد بۆ حائیری کە بەشداری یەکەم دیدارەکان بکات کە سەدر و بازنەی نزیک لە خۆی لەگەڵ بەرپرسە سیاسی و هەواڵگرییە ئێرانییەکان ڕاستەوخۆ دوای لەشکرکێشییەکە بە سەرکردایەتی ئەمریکا ئەنجامیاندا. کاتێک هەڵوێستی سوپای پاسداران لەسەر سەدر گۆڕا، کاتێک ویستی میلیشیای سوپای مەهدی باڵی سەربازی ڕەوتی سەدری هەڵبوەشێنێتەوە، ئەویش دوای شەڕە کارەساتبارەکەی نەجەف لە ئابی ٢٠٠٤، ویستی دەسەڵاتی سەدری کەم بکاتەوە بە بەهێزکردنی دژەکانی، پاش ئەوە حائیری بە فەرمی پشتگیری خۆی لەسەدر کشاندەوە، سەدرییەکانی ڕاسپارد کە ڕاستەوخۆ پێنج یەک بنێرن بۆ ئۆفیسەکانی خۆی.

سەرەڕای تێکچوونی پەیوەندی نێوان سەدر و حائیری کە لە قۆناغە سەرەتاییەکانیدا بە خۆیەوە بینی، دوورکەوتنەوەی کۆتایی و نەگەڕانەوە نەبوو. سەدر لە دوای 2004، دووبارە و سێبارە هەوڵی باشترکردنی پێگەی ئایینی خۆی دا لە چوارچێوەی خوێندنەکەی و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەسەڵاتە ئایینییە جیاوازەکان، لەوانە حائیری، بەڵام سەدر بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ ئەم پەیوەندییانەدا دەکرد، هەوڵیدا شەرعیەت لە مەرجەعە ئایینییە باڵاکانەوە وەربگرێت، لە هەمان کاتدا پەیوەندییە هەمەجۆرە ئایینییەکانی تری دەپاراست. بەم شێوەیە ئەو قسە و باسەی دەکران کە گوایە حائیری دەسەڵاتی ناوەندی ئایینییە بۆ سەدرییەکان و سەدر بەردەوام شوێنپێی ئەو هەڵدەگرێت و چووە بۆ ئێران بۆ ئەوەی ببێتە قوتابی ئەو، ئەم لایەنە بنچینە ستراتیژییە ئایینییەکەی سەدری داپۆشی.

بە وتەی سەدرییەکان، حائیری تەنیا مەرجەع نەبووە کە سەدر قوتابی بەردەستی بووبێت. بۆ نموونە پێش تیرۆرکردنی محەممەد سادق سەدر، موقتەدا سەدر بە گەنجی لە نەجەف لای محەممەد کەلەنتەری خوێندویەتی، کە سەدرییەکان بە دژێکی توندی دەزانن بەرامبەر حائیری، لەبەر ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە بەهێزەی لەگەڵ بنەماڵەی سەدر هەیبووە و پشتگیریکردنی لە مەرجەعییەتی محەممەد سادق سەدر و قوربانیدانی لە تیرۆرکردنەکەیدا ساڵی ١٩٩٩، دواتر و لە ساڵی ٢٠٠٣ یەکێک لە کوڕەکانیشی کوژرا. پاش ساڵی ٢٠٠٣ سەدر لە قوم لەبەر دەستی حائیری و ئایەتوڵڵا عوزما جەعفەر سوبحانی و برا بچووکەکەی حائیری عەلی ئەکبەر حائیری خوێندویەتی. لەم ساڵانەی دواییدا سەدر زیاتر هەوڵی دەدا هەڵوێستە گشتییەکانی لە نزیکەوە لەگەڵ دەسەڵاتی سیستانیدا هاوتەریب بکات.
بەڵام سەدر سەرەڕای هەوڵەکانی بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی ئایینی خۆی لە ڕێگەی خوێندن، یان هەمەچەشنکردنی پابەندبوونە ئایینییەکانی، بەڵام هێشتا دوورە لە بەدەستهێنانی پێگەی مەرجەعییەت. لە ئاستی بڕوانای زانستیدا قۆناغی پلە بەرزەکانی تەواو کرد، دەستی کرد بە چوون بۆ قۆناغی کۆتایی، واتە قۆناغی لێکۆڵینەوەی دەرەکی، کە تیایدا قوتابییەکان تێزێک دەخەنە ڕوو کە لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنێکی ڕەخنەگرانە بۆ پرسێکی گرنگ لە فیقهی ئیسلامیدا. تا ئەم قۆناغەش گەیشتن بە نازناوی ئایەتوڵڵا ڕاناگەیەنێت، لەبری ئەوە نازناوی حوجەتولئیسلام وەلموسلیمین بەکاردەهێنێت، واتە ئەو پێگە ئایینییەی کە ڕاستەوخۆ دەکەوێتە ژێر پێگەی ئایەتوڵڵا. تەنانەت دوای تەواوکردنی قۆناغی لێکۆڵینەوەی دەرەکیش، دەبێت سەدر تێزی کردەیی ئامادەبکات، ئەویش بریتییە لە لێکۆڵینەوەیەک بە قەبارەی کتێبێک دەربارەی فیقهی ئیسلامی، کە موجتەهیدەکە دەیخاتەڕوو بۆ بەدەستهێنانی ناونیشانی مەرجەعی تەقلیدی.

پشتبەستنی سەدر بە پیادەکارییە ئایینییەکان لە پێناو چەسپاندنی دەسەڵاتەکەی
سەرەڕای نەبوونی بنەما سەرەکییەکانی دەسەڵاتی ئایینی تەواو، سەدر هەنگاوی گەورەی ناوە بۆ گەیشتن بە ئەرکەکانی دەسەڵاتی ئایینیی پێگەباڵا، ئەمەش بە پەرەپێدانی پیادەکاری بۆ هەمەچەشنەکردنی سەرچاوەکانی دەسەڵاتی ئایینی خۆی، لە دەرەوەی ئەوەی کە ڕاهێنانی ئایینی فەرمی پشتی پێبەستووە.
بۆ ئەوەی تیشک بخەینە سەر ئەم ڕێبازە و دانانی پێگەی ئایینی سەدر لە چوارچێوەی دروستی خۆیدا، دەتوانرێت بەراورد بکرێت لەگەڵ قەیس خەزعەلی هاوتەمەن و نەیارەکەی لە بزووتنەوە فراوانەکەی سەدریدا. هەردووکیان لە تەمەندا نزیکن و لەلای باوکی سەدر قوتابی بوون، بەڵام خەزعەلی لە مەشق و ڕاهێنانەکانی حەوزە زانستییەکاندا گەیشتە قۆناغێکی پێشکەوتووتر لە سەدر، ئەو قۆناغی لێکۆڵینەوەی دەرەکی تەواو کرد، زۆرێک لە ئەوانەی لە حەوزەکەدا بوون پێیان وابوو ئەو تێزەی کە پێشکەشی کردووە ئاماژەیە بۆ زانیارییەکی قووڵ لە فیقهی ئیسلامییدا، بەڵام خەزعەلی نەیویستووە خۆی وەک دەسەڵاتێکی ئایینی سەربەخۆ لەناو حەوزەکەدا بچەسپێنێت، بەڵکو ڕایگەیاندووە کە ئەو پەیڕەوی لە ڕاڤەکانی ئایەتوڵڵا ڕوحوڵڵا خومەینی دەکات بۆ ویلایەتی فەقیهـ و نوێنەرایەتی خامنەیی. کەواتە بە پێچەوانەی سەدر، خەزعەلی هەوڵ نادات وەزیفەی ئایینی وەک بانگەواز یان ڕاپرسی ئەنجام بدات (لێکۆڵینەوەیەکی ئایینییە کە تێیدا تەقلیدکاران داوای لێکدانەوەیەکی فیقهی لە مەرجەعێک دەکەن، کە بە زۆری لە دەوری پرسە ڕۆژانەکاندا دەسوڕێتەوە). بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق کە خەزعەلی سەرۆکایەتی دەکات هەوڵیدا پێنج یەک کۆبکاتەوە، بەڵام بەبێ پشتبەستن بە دەسەڵاتە ئایینییەکەی خەزعەلی، هەر لەربەر ئەوە تەنها چەند کەسێک پارەیان دا.
بەم شێوەیە سەدر بۆ وەرگرتنی ڕۆڵی سەربەخۆی ئایینی زۆر لە خەزعەلی خێراتر ڕۆیشت، ئەویش بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی شەرعییەتی ئایینی لە دەرەوەی چوارچێوەی ڕاهێنراوی ئایینی فەرمییدا. بۆ نموونە، سەدر لە سەرەتای کاروانەکەیدا ئاماژەی بە پەیوەندی تایبەتی خۆی دا بە ئیمامی شاراوەوە (باوەڕێکی بنچینەییە لە زانستی دواڕۆژیدا لەلای شیعەی دوانزە ئیمامی کە پەیوەندی بە گەڕانەوەی ئیمام مەهدییەوە هەیە لە کۆتایی دنیادا)، بانگەشەی هێزێکی ڕۆحی کرد کە تێڕوانینێکی ئایینی پێببەخشراوە، دەتوانێت بەبێ نێوەندگیری پەیوەندی پێوەی هەبێت. یەکێک لە تازەترین داهێنانەکانی دروستکردنی ئەنجومەنێکی ڕاوێژکاری بوو کە لە پیاوانی ئایینی بەتەمەن و پلە باڵا پێکهاتبوون، ئەوانە لە قوتابییە سەرەکییەکانی محەممەد سادق سەدر بوون، بۆ ئەوەی ئامۆژگاری بکەن لە بابەتی ڕێنمایی ئایینیدا. لەم حاڵەتەشدا ئەم پیادەکردنە ئاماژەیە بۆ هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی فرەیی دەسەڵاتی ئایینی.

بە هەمان شێوە، زۆرجار سەدر شتە مادییەکان وەک ئامڕازی پیرۆز بەکاردەهێنێت. بۆ نموونە زۆرجار بە گۆچانێکەوە وێنەی دەگیرێت، ئەم دیمەنەش هێمایە بۆ بیرخستنەوەی گۆچانەکەی باوکی. کاتێک سەدر سەردانی پیاوانی ئایینی باڵا دەکات لە نەجەف، بەزۆری بە ئۆتۆمبێلێکی کۆنی میتسوبوشی گلانت دەچێت. ئەمەش دیمەنێکی بەهێزی ترە کە سەدر بە مەبەست دەیکات، چونکە محەممەد سادق سەدر لە ساتی تیرۆرکردنەکەیدا بە سواری ئۆتۆمبێلێکی (گلانت)ەوە بوو. ئەم پیادەکردنانە گوزارشتن لە دەسەڵاتێکی ئایینی کە لە کەس و شتە بەرجەستەکراوەکاندا بەرجەستە بووە، بەبێ بەکارهێنانی گوتاری ئایینی عەقڵانی، یان دامەزراوە فەرمییەکان. سەدر پێیوایە ئەم ئامڕازانە ڕاستەوخۆ بە دەسەڵاتە ئایینییەکەی باوکییەوە دەیبەستێتەوە.
جگە لەوەش زۆرێک لەو پیادەکارییانەی کە پشکیان هەیە لە دەسەڵاتی ئایینی مەرجەعدا، لە بەرگە شەرعییەکەیاندا ڕەگیان داکوتاوە لەسەر بنەمای کەسی کاریزمایی، نەک لە فۆڕمێکی عەقڵانی – یاسایی و دامەزراوەیی پەیوەست بە ڕاهێنانی فەرمی لە حەوزەدا. بە واتایەکی تر سەدر لە دەرەوەی بیروباوەڕی ئایینی تەقلیدی نییە وەک ئەوەی بە شێوەیەکی گشتی بانگەشەی بۆ دەکرێت، بەڵکو پیادەی تەقلیدی و ناتەقلیدیەکان تێکەڵ دەکات بۆ گەورە پیشاندانی دەسەڵاتە ئایینییەکەی. جگە لەوەش، بەمشێوەیە مەیدانی ئایینی شیعە زەمینەیەکی لەبار دەڕەخسێنێت بۆ ڕەوتی ئایینی-سیاسی، وەک ڕەوتی سەدری کە بە شێوەیەکی سەرەکی پشتی بە ئایدۆلۆژیای کاریزما بەستووە.
لە سەر ئاستی داماڵینی (تجرید) زیاتر، پەیوەندییەکی پێکەوە ژیان لە نێوان دەسەڵاتە جۆربەجۆرەکان هەیە لە مەیدانی ئایینی شیعیدا. پیادەکارییە سەرەکییەکانی لە ڕووی دیالەکتیکەوە پەیوەندییان بە یەکەوە هەیە، وەک پاشەکشەی زوهد لە بەرامبەر جووڵەی کۆمەڵایەتی و سیاسی؛ داماڵینی فیکری لە بەرامبەر کردە بەرجەستەییەکان، هەوڵی توێژینەوە لە بەرامبەر وەحی ڕۆحی بێ نێوەندگیر، تێپەڕاندن لە بەرامبەر وەستان لەسەر شێوازە کۆنەکان. ئەم دژبەیەکیانە بۆ جیاکاری نێوان دەسەڵاتی ئایینی (ڕەسەن) و (ناشەرعی) نییە، بەڵکو لە خۆیاندا میکانیزمێکن بۆ بەرهەمهێنانی هێزێکی مەیدانی ئایینی. سەدرییەکان حاڵەتێکی ئایینی نامۆ پێکناهێنن، بەتێپەڕبوونی کاتیش ڕەوتی سەدری بە سادەیی پاشەکشە ناکات، بەڵکو ئەم ڕەوتە بەردەوام دەبێت تا مەیدانی ئایینی شیعە لە عێراقدا بەشدار بێت لە دابەشکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییە بەرفراوانەکانی وڵاتدا.

دەرەنجام لەسەر ئاییندەی سیاسی سەدرییەکان
لە قۆناغی داهاتوودا، مردنی چاوەڕوانکراوی سیستانی وێستگەیەکی ڕاگوزەرییە بۆ پێکهاتەکانی شیعە لە عێراقدا. سەدر بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت ببێتە مەرجەعی ئایینی، ناتوانێت جێگەی سیستانی کە دیارترین پۆستی دەسەڵاتی ئایینی شیعەیە لە وڵاتدا بگرێتەوە. بەڵام داڕشتنەوەی کارتەکانی پلەبەندی ئایینی نەجەف لە سەردەمی دوای سیستانیدا دەرفەتێک بۆ سەدر دەڕەخسێنێت کە پشکی خۆی لە دەسەڵاتی ئایینی زیاتر بکات. هەرچەند لە ئێستادا سەدر سەرکردایەتی ڕەوتێکی کۆمەڵایەتی دەکات، نەک قوتابخانەیەک بۆ پەروەردەی ئایینی لەناو حەوزەدا، بۆیە دواتر دەسەڵاتە ئایینییەکە هەوادارە سەرەکییەکان دیاری دەکات کە لە بنکەی سەدری پێکهاتوون، زیاتر لەوەی دامەزراوە ئایینییە شیعییەکان دانی پێدابنێت.

سروشتی ئەم دەسەڵاتە ئایینییە، وەک پەنجەرەیەکە کرابێتەوە بەرەو ڕووی ڕەهەندی سیاسی ڕەوتی سەدری. ڕووداوەکانی ئەم دواییەی عێراق، دەسەڵاتی ئایینی سەدری بەهێزتر کردووە بۆ ئەوەی بتوانێت بەردەوام لایەنگرانی کۆبکاتەوە لە دەوری سیاسەتەکەی، جا لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە بێت، یان ناڕەزایەتی، یان توندوتیژی. بۆیە پێویستە هەڵوێستە بکەین لەسەر ئەم دەسەڵاتە بۆ ئەوەی لەو کاریگەرییە تێبگەین کە سەدر وەک کەسایەتییەکی سیاسی بەکاریدەهێنێت. ئامادەیی سەدرییەکان بۆ قوربانیدان بۆ سەدر و کۆمەڵگەی سەدرییەکان بە سەرفکردنی کات و سامان و جەستەیان لەبەردەم دۆزی سەدرییەکان، پاڵنەرێکی ئایینی لە پشت ڕەفتارەکانیانەوە دەردەخات.

زۆرجار ئەم ڕاڤەکاریانە سەر لە داڕێژەرانی سیاسەتی ڕۆژئاوا دەشێوێنێت. زۆرجار گریمانەی عەلمانییەکان و عەقڵانییەکان بە ناڕاستەوخۆ بەرەو ئەوە دەچن کە ئایین بە سەرچاوەیەک سەیر بکەن بۆ پاڵپشتی ئامانجە سیاسییەکان. بەڵام سەدر دیدێکی سیاسی ڕوون ناخاتەڕوو جگە لە هەوڵەکانی بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆی لەناو ڕەوتەکەدا. بەهەمان شێوە چاودێرانی ڕۆژئاوا پێیان وایە کە جەماوەرییەتی بزووتنەوەیەکی ئیسلامی وەک بزووتنەوەی سەدری بە شێوەیەکی سەرەکی پەیوەستە بە هۆکاری مادی و مامەڵەی پەیوەست بە حوکمڕانی کاریگەر و هەوڵ بۆ دامەزراندن. بەڵام کاریگەرییەکانی سەدر بەردەوامیان هەیە سەرەڕای پێشینە خراپەکانی ڕەوتەکە لە حوکمدا، باسی ئەوە ناکەم کە زۆربەی سەدرییەکان هێشتا لە یەکەمین پلەکانی پەیژەی ئابووری سیاسی عێراقدان، لە ڕووی وەرگرتنی هەلی کارەوە.
بەم پێیە، ئامادەگی سەدری سیاسی لە گۆڕەپانی عێراقدا پاشەکشە ناکات، نە بەهۆی دەستوەردانی پیاوانی ئایینی پلە باڵا و نە بەهۆی شکستی سەدرییەکان لە بەدیهێنانی چاکسازیی سیاسیدا، بەڵام ئەگەری هەیە بەهۆی ئەو هەڵانەی موقتەدا سەدر ئەنجامیان دەدات، لایەنگرانی چاوبخشێننەوە بەوەدا کە پێشتر سەیریان کردووە وەک پارێزەر و ڕێبەر و کەسایەتی کۆکەرەوە بۆ کۆمەڵگەی سەدری. زۆر گرنگە سەدر تەنها بەوشێوەیە سەیر نەکرێت کە بێ توانا بێت بۆ پارستنی ئەو پەیوەندییە هاوپشتییە کە سەدرییەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە، یان وەک بەفیڕۆدەری قوربانیدانی لایەنگرانی. واقیعی دۆخەکە ئەوەیە کە ئەگەری ڕوودانی ئەم قەیرانە هەیە لەسەر ئاستی دەسەڵاتی ئەخلاقیدا، ئەمەش بە شێوەیەکی سەرەکی بابەتێکی ئایینییە، ئەمە ئەو پاڵنەرەیە کە لە ئێستادا ڕەفتارەکانی سەدر پاڵدەنێت و هانی دەدات بۆ پشتیوانی هەڵوێستی سیاسی مەترسیدارتر.

سەرچاوە:
سەنتەری مالكۆم كیر كارنیگی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

وەرزنامەی ئایینناسی ژمارە (2) نیسانی (2023) ساڵی یەكەم

Send this to a friend