• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
April 17, 2023

پرسی نەتەوەیی لەژێر ڕۆشنایی گوتاری ئیسلامی سیاسیدا

نووسینی: سەربەست نەبی – بەشی یەكەم

وەرگێڕانی: ئایینناسی

پێشەكی
ئایا دەکرێت دیاردەکانی لادان لە ئاگایی جەماوەری موسڵمانان و هەندێک لە ڕەوتە ئیسلامییەکان -کە زۆر جار بەدی دەکرێن لە کۆمەڵگا کوردستانییەکاندا- جیا بکەینەوە لە هەناوی ئایدۆلۆژیا سەرەکییەکەی کە ناسراوە بە ئیسلامی سیاسی؟ ئایا دەگونجێت بۆ ئەوانەی لە بواری زانستی سیاسەتدا کاردەکەن قسە لەسەر جۆرێک لە ئیسلامی سیاسی نەتەوەیی بکەن کە خواستە ئایدۆلۆژییەکان بێتەوە لەگەڵ بەرژەوەندییە سیاسی و مێژووییەکانی نەتەوەی کورد؟ ئایا دەگونجێت بۆ ئەوانەی لە بواری زانستی سیاسەتدا کاردەکەن قسە لەسەر جۆرێک لە ئیسلامی سیاسی نەتەوەیی بکەن کە خواستە ئایدۆلۆژییەکان بێتەوە لەگەڵ بەرژەوەندییە سیاسی و مێژووییەکانی نەتەوەی کورد؟ ئایا گوتاری ئیسلامی سیاسی بە شێوەیەکی گشتی دەتوانێت ببێتە جێگرەوەیەکی مێژوویی و چارەسەرێکی دادپەروەرانە بۆ پرسی نەتەوەیی لە کۆمەڵگا ئیسلامییەکاندا، بە تایبەت پرسی نەتەوەیی کورد کە زۆرینەی لەسەر ئایینی ئیسلامن و لە هەمان کاتدا ستەمی نەتەوەیی لێدەکرێت لەلایەن سیستمە سیاییەکانی (عەرەب، فارس و تورک) کە قسەکردنیان لە سەر ئایینی ئیسلام قۆرخ کردووە بۆ خۆیان؟ ئەو جیاوازییە تراتژیدییەی کە سەرنجی زۆرێک لە چاودێرەکان ڕادەکێشێت بە لای خۆیدا ئەو ڕاستییەیە کە ئەوە بۆ ماوەی زیاتر لە سەدەیەکە سیستمی سیاسی ئەو دەوڵەتانە شەڕی جینۆساید دژ بە کورد بەرپا دەکەن بەبێ ئەوەی لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە سەرکۆنە بکرێت، لە کاتێکدا ئەو دەوڵەتانەی کە خودی کورد بەناوی ئیسلامەوە شەڕی کردووە لە سەردەمێک لە سەردەمەکاندا داکۆکی لە کورد دەکەن و دەیپارێزن لەو وڵاتە موسڵمانانەی کە کورد لە خاکەکەیدا دەژی. هەر ئەو دەوڵەتانە کە بە (دارولکوفر) ناسراون، ئازادی کولتووری و زمانەوانی دەبەخشن بە کوردەکان و دان دەنێن بە شوناسیاندا، لە کاتێکدا لەو وڵاتە موسڵمانانەی کە کوردی بەسەردا دابەش کراوە ئەوە بەدی ناکرێت. ئەم جیاوازییە دیار و گەورەیە قەبارە و قووڵی ئەو تراژیدیایە دەردەخات کە لە ڕووی مێژووییەوە ڕووبەڕووی کورد بووەتەوە لەلایەن سیستمە سیاسییەکانەوە، ئەو دەوڵەتانەی کە زۆر جار ئایینی ئیسلام و گوتارە پیرۆزەکەی وەک پاساوێک بەکاردەهێنن بۆ پیادەکردنی سیاسەتی ڕەتکردنەوەی چەوساندنەوە و جینۆساید. لە هەمان کاتدا هەندێک ڕەوتی سیاسی و پارت و جوڵانەوەی ئیسلامی لە پشت ئەو سیستمانەوە خۆیان حەشار داوە و بە مەبەستی پاساوهێنانەوە بۆ سیاسەتە داپڵۆسێنەرەکانیان دەرحەق بە نەتەوەی کورد لە سەرتاسەری جیهاندا و لە هەمان کاتدا ڕەتی ئەو دۆخە کارەساتبارەی کورد دەکەنەوە و شکۆی سیمبول و سەرکردەکانیان دەشکێنن و تەکفیر دەکرێن لەبەر ئەوەی دژ بە ستەمکاری وەستاونەتەوە و لەدژی ڕاپەڕیون، نموونەی مەئمون هوزەیبی ڕابەری گشتی ئیخوان لە کۆنگرەیەک لە کاتی جەنگی کەنداوی دووەم وتی، کوردەکان لە ئایینی ئیسلام دەرچوون.
هەروەها ڕاشد غەنوشی ڕابەر و تیۆرسێنی بزووتنەوەی نەهزەی توونسی پرسی کورد بە فیتنەی کوردی دەناسێنێت. بە شێوەیەکی گشتی ئەوە هەڵوێستی بەشێک لە ئیسلامی سیاسییە بەرامبەر بە کورد لە دوای ڕاپەرین و دامەزراندنی حکومەتی هەرێم، بەشێک لە هێزەکانی ئیسلامی سیاسی لە جیهانی عەرەبیدا ئەو کارەیان بە ئەهریمەن کرد و لە دژی وەستانەوە.
لەم توێژینەوەیەدا قسە لەسەر ئەوە دەکرێت کە پێکهاتەی ئایدۆلۆژی بیری سیاسی باو لە لای ئیسلامییەکان دژ بە گوتاری ڕزگاریخوازی پرسی کورد و ئامانجە سیاسییەکانییەتی، یان تەبایە لەگەڵی؟ هەروەها لایەنگری گوتاری ئیسلامی سیاسی و قبوڵکردنی ئایدۆلۆژیاکەی چەند لەگەڵ بیری نەتەوەیی دێتەوە؟ بەکارهێنانی سیفەتی نەتەوەیی و زمان بۆ پێناسەکردنی ئەو گوتارە و بانگەشەکردن بۆی، نابێتە هۆی بەرهەمهێنانی گوتارێکی نەتەوەیی و سیاسی ڕزگاریخواز لە ئیسلامدا؟ ئاماژەش بۆ ئەوە ئەو گوتارەیە کە بەردەوام بەرهەم دەهێنرێتەوە و بانگەشەی بۆ دەکرێت لە کۆمەڵگەی نەتەوەییدا، لە زەمینەیەکی ئایدۆلۆژی و نەتەوەیی نێوەندگەرا کە ڕێگە نادات بە دروستبوونی بیرکردنەوەیەکی نەتەوەیی سەربەخۆ.
ئەم توێژینەوەیە مەبەستێتی کە وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە: ئایا گوتاری ئیسلامی سیاسی وەڵامی خواستەکانی پرسی نەتەوەیی نەتەوەی کورد و ئامانجەکانی بۆ ڕزگاری و یەکسانی دەداتەوە؟ گریمانەی پێچەوانە کە ئەم توێژینەوەیە لایەنگری دەکات، دەڵێت مەرجەعیەتی سیاسی و ئایدۆلۆژی کە ڕەوتی ئیسلامی سیاسیی کورد پشتی پێ دەبەستێت، بە هیچ شێوەیەک دان نانێت بە مافی نەتەوەی کورد بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی بە دوور لە ڕێنوێنییە سیاسی و ئایدۆلۆژییەکانی پڕۆژەی (ئوممەت)ی ئیسلامی کە وڵاتە هاوبەشەکانیش بەشێکن لە پیادەکردنی سیاسەتی داپڵۆسین و ڕەتکردنەوەی مافی شوناسی نەتەوەی کورد وەک بەشێکی گەورە لەو ئایدۆلۆژیایە.
سەرباری ئەوە، پشتبەستن بەم چەمک سیاسییانە دەتوانێت ببێتە هۆی دروستکردنی دابەشبوون لە ئاگایی نەتەوەیی و دروستکردنی جیاکاری لەسەر بنەمای شوناسی ئایینی لە کۆمەڵگەی نەتەوەییدا و ئەمەش هەژموونی شوناسی ئایینی باڵادەست دەکات بەسەر ئاگایی نەتەوەییدا، بە تایبەت کە گوتاری پارتەکانی ئیسلامی سیاسی زیاتر بایەخ بە لایەنە ئایینییەکە دەدات بەراورد بە هەر لایەنیکی دیکە. ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی بایەخێکی ئەوتۆ نادەن بەو کارەساتانەی کە بەسەر کەمینە ئایینییەکاندا هات بە هۆی گرووپە توندڕەوەکانەوە، لە کاتێکدا هەر ئەو ڕەوتە ئیسلامییانە بێ دوودڵی خۆپیشاندان دەکەن و ناڕەزایەتی دەردەبڕن لە شەقامی کوردیدا وەک پشتیوانییەک بۆ ئازاری موسڵمانەکانی ڕۆهینگا، یاخود غەززە.

چەمکی ئیسلامی سیاسی
چەمکی ئیسلامی سیاسی، چەمکێکە لە ڕووی بەکارهێنانەوە بەربڵاوە و بە تەواوی بەو ڕەوت و جووڵانەوە سیاسییانە دەوترێت کە پێی وایە ئیسلام نەوەک تەنها بیروباوەڕێک، بەڵکو سیستمێکی سیاسی سەرتاپاگیرە کە دیدیی خۆی لە شەریعەتی ئیسلامەوە وەردەگرێت کە لە لای سوننەکان بە چەمکی (دەسەڵاتی خودا) و لە لای شیعەکانیش بە چەمکی (ویلایەتی فەقیهـ) دەناسرێت. نووسەری کتێبی «ئیسلامی سیاسی» دەڵێت: بۆ یەکەمین جار لەم کتێبەدا ناونیشانی «ئیسلامی سیاسی» بەکارهێنرا وەک سیفەتێک بۆ ئەو گرووپ و کۆمەڵانەی هەر لە بنەمادا ئامانجی سیاسییان هەیە، ئەگەر چی هەندێک بەرگێکی ئایینی دەکەن بە بەریدا، بۆ نموونە دەڵێن کە سیاسەت بە شێکە لە ئیسلام، یاخود دەڵێن سیاسی بوون فەرزە لەسەر موسڵمان.
ئەگەر تەنها لەڕووی جووڵانەوەیەکی ڕێکخراوەوە لە ئیسلامی سیاسی بڕوانین بەبێ ئەوەی وەک دیاردەیەکی بیر و ئایدۆلۆژیا گرنگی پێبدەین کە شێوازی بیرکردنەوە دیاری دەکات لەلای بەشێکی زۆر لە موسڵمانەکان بەبێ ئەوەی پەیوەست بن بە شێوەیەکی دیاریکراو لە کاری ڕێکخراوەییەوە، ئەوا ئەم جۆرە ناساندنە دروستە، ئەم حاڵەتە لە کاتی هاوپشتیدا بە شێوەیەکی خۆڕسکانە دەردەکەوێت وەک حەزێک بۆ دووبارە بەدەستهێنانەوەی دەسەڵاتی خیلافەتی ئیسلامی. ئەم شێوازە سەرەتاییەش لە ئاگایی سیاسی ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن بەشێک لە ژینگە کۆمەڵایەتییەکانی سووریا و عێراق هاوسۆزیان دەربڕی بۆ ژیان لە ژێر سایەی دەوڵەتی ئیسلامی/داعش-دا.

ئیسلامی سیاسی دیاردەیەکی گشتگیرترە لەوەی تەنها وەک ڕێکخراوێک بناسرێت، کە کارەکەی لە پرۆگرامێکی سیاسی دیاریکراوەوە وەربگرێت، کە بریتییە لە گوتارێکی ئایدۆلۆژی و سیاسی سەرتاپاگیر کە خۆی لە قەرەی پرسیار و ئاڵنگارییە هاوچەرخەکان دەدات و هەوڵدەدات وەڵامەکان لە سەدەی حەوتەمی زایینییەوە وەربگرێت. سەرباری ئەوەش پێویستە بە ئاگا بین لە ڕاپۆرت و بڕیارە خێراکان لەو بارەوە، بەو پێیەی کە ئیسلامی سیاسی تەنها دیاردەیەکی ڕۆژئاوایی نییە، کە بە دوور بێت لە کات و شوێن، بەڵکو پەیوەندییەکی نزیکی هەیە لەگەڵ پرسە هاوچەرخە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان.
کەواتە باشتر وایە بگەڕێین بە دوای ڕیشەی ڕاستەقینەی ئەم دیاردەیە لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئێستادا، بەو پێیەی کە بە دوای ڕەوایەتی مێژوویی خۆیدا دەگەڕێت هەر وەک ئەوەی درێژکراوەی پیرۆزی یەکەمین پڕۆژە و درێژەپێدەری بێت. پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە، بۆچی ململانێکان شێوەیەکی ئایینی وەردەگرن لە گوتاری ئیسلامی سیاسیدا؟ و بۆچی ئایین لە دیدی زۆرینەی موسڵمانەکانەوە خۆی وەک ڕزگارکەر دەبینێت و بووەتە ئاڵنگارییەک لە بەرامبەر گوتاری نەتەوەیی کورد، بەتایبەت لە کوردستانی باشوور و باکووردا؟
لە لایەکی دیکەوە ژمارەیەک لە مێژوونووسەکان پێیان وایە کە ئینگلیزە ڕۆژهەڵاتناسەکان ڕۆڵیان هەبووە لە داڕشتنەوەی چەمکی ئیسلامی سیاسیدا لە بەرژەوەندی ئایدۆلۆژیا داگیرکەرییەکەیاندا، هاوکات ژمارەیەکی دیکە پێیان وایە کە ئەمەریکا ڕۆڵی هەبووە لە پاڵپشتی کردنی جووڵانەوەکانی ئیسلامی سیاسی لە سەردەمی ئێستادا، لەو بارەوە بە بۆچوونی نووسەری کتێبی «گەمەی ئەهریمەن» بێت ئیسلامی سیاسی بەم شێوەیە پێناسە دەکات «وێنەیەکی شێوێنراوی بیروباوەڕی ئایینییە، بریتییە لە ئایدۆلۆژیایەکی گۆڕاو کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پشتیوانی کردووە و بناغەی داڕشتووە، نموونەی ئیخوان موسلمون، ئێران لە سەردەمی ئایەتوڵڵا خومەینی، وەهابی توندڕەو لە سعودیە، حەماس، حزبوڵڵا، موجاهیدە ئەفغانەکان و ئوسامە بن لادن.

بێگومان ئەمە بە مانای ئەوە نایەت کە ئیسلامی پێش ئەو ڕێکەوتە بە دوور بووە لەم سیاسەتە، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەگەر زۆرێک لە ناکۆکییە مێژووییەکانی ئیسلام بگێڕینەوە بۆ ناکۆکیی لە بەرژەوەندییە سیاسییەکاندا، بەو پێیەی ئیسلام وەک ئایین و ئایدۆلۆژیا هیچ کات بە دوور نەبووە لە ململانێ سیاسییەکانەوە، هەروەها لە هەمان کاتدا ناکرێت ئەوە ڕەتبکەینەوە کە ئیسلامی سیاسی دوور بووە لە ناوەندەکانی بڕیاری سیاسی لە ڕۆژئاوای سەرمایەداریدا، لەبەر ئەوەی هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە تێوەگلاوە لەگەڵ هەواڵگری بەریتانی و فەڕەنسی و ئەڵمانیدا. دوای پەنجاکانی سەدەی پێشوو، گرووپە ئیسلامییەکان پەیوندییان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دروستکرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموونی کۆمۆنیزم و شەپۆلی دیموکراسی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی ئیسلامیدا. ئەمەریکییەکان هیچ دوودڵ نەبوون لە پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ ئەو گرووپانە. ئەو پەیوەندییە لە هەشتاکاندا گەیشتە لوتکە، بە شێوەیەک کە ڕۆناڵد ڕیگان سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە کاتی پێشوزایکردن لە سەرکردەی گرووپە ئیسلامییە چەکدارەکان لە کۆشکی سپی، وەک دامەزرێنەرانی ئەمەریکا ناویهێنان. ئەو کاتە ناوی (جەنگاوەران لە پێناو ئازادی) بەخشرا بەو چەکدارە ئیسلامییانەی کە دژ بە ستەمکاری کۆمۆنیزم شەڕیان دەکرد، هەروەها ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و زۆرێک لە دامەزراوە سیاسییەکان پشتیوانییان لە ئیسلامی سیاسی دەکرد لە سوریا و میسڕ. هەڵبەت لێرەدا نابێت لەو بارەوە هەڵە بکەین لەبەر ئەوەی هۆکاری دەرەکی ناتوانێت کاریگەری دروست بکات گەر هەل و مەرجی ناوخۆیی ئامادە نەبێت بۆ وەرگرتنی ئەو پشتیوانییە، بەو پێیەی کە هەر پشتیوانی دەرەکی ڕۆژئاوا بوو، بووە هۆی سەرخستنی ئیسلامی سیاسی و بڵاوبوونەوەی.
دیاردەی ئیسلامی سیاسی لە هەردوو جیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا دابەش بووە بەسەر دوو جەمسەردا، جەمسەرێک داوای دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئیسلامی دەکات کە پڕۆژەکەی خیلافەتی ئیسلامییە و جەمسەرێک کە عەلمانییە و داوای دەوڵەتێکی عەلمانی دەکات وەک تەنها چارەسەرێک بۆ ڕزگاربوون لە پاشکۆیی و دواکەوتوویی و ستەمکاری. ئەم مشتومڕە لە چارەکی یەکەمی سەدەی بیستەم بەربڵاو بوو، بە تایبەت دوای کەوتنی دەوڵەتی خیلافەی عوسمانی لەسەر دەستی کەمال ئەتاتورک لە ساڵی 1924 و ئەمەش نیگەرانی لە لای موسڵمانەکان دروست کرد تایبەت بە شوناس و چارەنووسیان. دوای چەندین سەدە لە ژیان لە ژێر سایەی خیلافەتی ئیسلامی، موسڵمانەکان بۆ یەکەمین جار هەستیان کرد کە لە ژێر دەسەڵاتێکدا دەژین کە نامۆیە پێیان، ئەم هەستە دواتر بەرکەوتنی لە بواری بیرکردنەوەدا لێکەوتەوە لە نێوان ڕۆشنبیران و بیریارە موسڵمانەکان، کە دیارترینیان ئەوەی نێوان فەڕەح ئەنتوان و شێخ محەممەد عەبدە بوو لە ساڵی (1849-1905) و ڕەشید ڕەزا (1865-1935) لە هەردوو گۆڤاری «مەنار» و «جامعە» لە (1902)، کە بۆ چەندین دەیە درێژەی کێشا. لێرەوە گوتاری ئیسلامی سیاسی سەریهەڵدا کە خواستی هەوڵدان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی و گێڕانەوەی خیلافەتی ئیسلامی لێکەوتەوە.
بەپێی بۆچوونێکی تایبەت دەکرێت جمالەدین ئەفغانی (1838-1897) وەک یەکەمین تیۆرسێنی ئیسلامی سیاسی دابنرێت، بۆ نموونە ئەفغانی سروش بەخشی شێخ محەممەد عەبدە بوو، کە بووە خوێندکاری و ڕۆڵی هەبوو لە دروستکردنی بیرکردنەوەی ڕەشید ڕەزا، کە ئەویش بە نۆبەی خۆی کاریگەری لەسەر بیرکردنەوەی حەسەن بەننا (1906-1949) دروست کرد، کە بە دامەزرێنەری جووڵانەوەی ئیخوان موسلمین دادەنرێت لە میسڕ لە ساڵی 1928دا، لە ژێر کاریگەری بیرکردنەوەکانی بەننا-دا، ئەبو ئەعلای مەودودی (1903-1979) چەمکی ئیسلامی سیاسی هێنایە ئاراوە و کۆمەڵەی ئیسلامی لە پاکستان دامەزراند، هەر لە ژێر کاریگەری حەسەن بەننا چەند کەسی دیکە دەرکەوتن کە توانیان کاریگەری قووڵ لەسەر پەرەسەندنی بیر و ڕێکخستنی ئیسلامی سیاسی دابنێن، نموونەی سەید قوتب، ئوسامە بن لادن، عەبدوڵڵا عەزام، ئەیمەن زەواهیری و چەندانی دیکە، تێکڕای ئەو ناوانەش بەو تیۆرسێنە توندڕەو و کاریگەرانە هەژمار دەکرێن، کە پاڵنەری سەرەکییان دەگەڕێتەوە بۆ هەرەسهێنانی دەسەڵاتی ئیسلامی لە قۆناغی دوای جەنگی جیهانی یەکەم، ئەوان بەر لەهەر شتێک دەیانویست کۆمەڵگەی ئیسلامی پێگەی ڕاستەقینەی خۆی لە جیهاندا بەدەست بهێنێتەوە، لەبەر ئەوەش ئەوان کێشەکەیان لە کۆمەڵگەی ئیسلامیدا بینییەوە، بەو پێیەی کە دەستبەرداری ئایین بووە، هەوڵیان دا ئیسلام بگێڕنەوە بۆ ڕۆڵە سەرەکییەکەی لە ژیاندا بە مەبەستی باشترکردنی دۆخی گشتی کۆمەڵگەی موسڵمانان.

ئەبو ئەعلای مەودودی بە دوور نەبوو لە کاریگەری ڕۆژهەڵاتناسە ڕۆژئاواییەکان تایبەت بە ئیسلامی سیاسی کە ئامانجیان-هەروەک سەمیر ئەمین دەڵێت- ئەوە بوو بیسەلمێنن “موسڵمانی باوەڕدار بە ئیسلام ناتوانێت لە دەوڵەتێکدا بژی کە موسڵمان نەبێت”، بەم شێوەیە ئەوان ئامادەکارییان دەکرد بۆ دابەشکردنی وڵات، لەبەر ئەوەی بە پێی بۆچوونی ئەوان، ئیسلام جیاکاری ناکات لە نێوان جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت. لێرەوە ئەبو ئەعلای مەودودی بیرۆکەی دەسەڵاتی خودای پەسەند کرد و بیرۆکەی هاوڵاتی و گەلی ڕەتکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت یاسای شەریعەت بۆ هەمیشە کاری پێبکرێت. بۆ پاساو هێنانەوە بۆ ئەو باوەڕە ساڵی 1939 مەودودی وتارێکی لە ژێر ناونیشانی «تیۆری ئیسلامی سیاسی» پێشکەش کرد لە بەرامبەر تیۆری نەتەوەیی هیندی، کە لە لایەن کۆنگرەی نیشتمانیی هیندستانەوە بانگەشەی بۆ دەکرا وەک هەوڵێک بۆ ڕەتکردنەوەی بۆچوونە نیشتمانییە نەتەوەییەکان کە بە پێی بۆچوونی مەودودی ساختەیە و دژ بە بەها ئیسلامییەکانە. لە ڕاستیدا ئەو وتارە وەک بەیاننامەی دامەزراندن وابوو بۆ گوتاری ئیسلامی سیاسی.

بە پێی بۆچوونێک دەکرێت کە مێژووی ئیسلامی سیاسی دابەش بکرێت بەسەر چوار قۆناغی سەرەکیدا:
یەکەم، قۆناغی لەدایک بوون، یاخود منداڵدانی تیۆرەکە کە لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەم دەستپێدەکات لەگەڵ بیرۆکەکانی جەمالەدین ئەفغانی و شێخ محەممەد عەبدە و ڕەشید ڕەزا و کۆتایی دێت بە حەسەن بەننا. بە شێوەیەک کە ئاگایی بە شوناس لە شێوەی ئاگایی ئایینی لە بەرامبەر بە ئاڵنگاری هاتنی ئەوی تری ڕۆژئاوایی –مەسیحی- کە لە لای دەستەبژێری ئیسلامییەکان نیگەرانی بەرامبەر بە شوناس دروست کرد و وای کرد زیاتر لەو هاتووە نوێیە بترسن. ئەفغانی یەکێک بوو لەو کەسانەی کە زیاترین نیگەرانی هەبوو لە فراوانخوازی ئەورووپییەکان. هیچ شتێک هێندەی پاراستنی شوناسی ئیسلامی ئەفغانی بە خۆیەوە سەرقاڵ نەکردبوو، لە ڕێگەی بانگهێشتکردنی موسڵمانەکان تا لە ئایینەکەی خۆیان تێبگەن و بە شێوەیەکی دروست ڕێوڕەسمەکانی جێبەجێ بکەن و هەر ئەمەش – بەپێی بۆچوونی ئەفغانی- دەتوانێت وەک نەتەوەیەکی بەهێز و یەکگرتوو بیانهێڵێتەوە. موسڵمانەکانیش ناتوانن شوناسی خۆیان بپارێزن و هێزی خۆیان بەدەست بهێننەوە لە بەرامبەر ئەوی دیکە تەنها بە گەڕانەوە نەبێت بۆ ئیسلام و بەهاکانی، لەبەر ئەوەی گەلە موسڵمانەکان –بە پێی بۆچوونی ئەفغانی-زیاتر لاواز بوون بە هۆی ئەوەی کە شەپۆلە یەک لەدوای یەکەکانی تاریکی، ڕاستی ئیسلامیان تێکداوە.
بەم شێوەیە و لە ڕێگەی شۆکەوە خودئاگایی لەلای پێشەنگەکانی ئیسلامی سیاسی لە دەرەنجامی بەریەککەوتن لەگەڵ ئەوی تری ڕۆژئاواییدا دروست بوو، هەڵبەت داگیرکاری تورکیا بە شێوەیەک لە شێوەکان داگیرکاری بوو بۆ عەرەبەکان، بەڵام هەڵبەت ئەمە بەئاگابوون لە جیاکاری دروست نەکرد، بەو پێیەی کە ئەوە ئاڵنگاری ڕۆژئاوایی-مەسیحی بوو کە جۆرێک لە ئاگاییەکی گشتی و هاوبەشی دروست دەکرد لەسەر بنەمای دەمارگیری ئیسلامی لەبری بەئاگابوون لە مێژووی نەتەوەیی خۆیان، ئەم جۆرە بیرکردنەوەیەش لە ڕووی سیاسییەوە لە خواستی برایەتی ئیسلامی- عوسمانییەکاندا خۆی بینییەوە.
قۆناغی دووەم بە ڕووخانی دەوڵەتی خیلافەی عوسمانی دەستپێدەکات لەسەر دەستی مستەفا کەمال ئەتاتورک لە ساڵی 1924 و دامەزراندنی جووڵانەوەی ئیخوان موسلمین لە میسڕ لە ساڵی 1928 بە هۆی هەڵوەشانەوەی خیلافەتی ئیسلامی. دەکرێت ئەم قۆناغە ناوبنرێت بە قۆناغی ئایدۆلۆژی و جێبەجێکردنی سیاسی ڕاستەوخۆ، بە شێوەیەک کە ئیخوان موسلمین دەستیان کرد بە گۆڕینی نیگەرانییەکانی ئەفغانی و ئەو پرسیارانەی کە پێشتر محەممەد عەبدە و ڕەشید ڕەزا خستبویانە ڕوو سەبارەت بە نیگەرانی ئایدۆلۆژییەکانیان بەم شێوەیە: بە چ شێوەیەک دەکرێت سەرچاوە ئایدۆلۆژییە خۆییەکانمان ئامادە بکەین لە بەرامبەر بە پەرەسەندنی هەژموونی ڕۆژئاوا.
جەمالەدین ئەفغانی پێیوایە موسڵمانەکان ناتوانن شوناسی خۆیان بپارێزن و هێزی خۆیان بەدەست بهێننەوە لە بەرامبەر ئەوی دیکە تەنها بە گەڕانەوە نەبێت بۆ ئیسلام و بەهاکانی

لەم قۆناغەدا زۆر بە ڕوونی کاریگەری بیرۆکەکانی حەسەن بەننا دەرکەوت بەسەر دەستەبژێرە ئیسلامییەکاندا، کە کەوتبوونە گومان لەو دامەزراوە نیشتمانییانەی کە لە ماوەی داگیرکاریدا دروست ببوون. ئەو دەستەبژێرانە کەوتنە ئەوەی بانگەواز بۆ بۆچوونەکانی خۆیان بکەن. لێرەدا جێگەی خۆیەتی کە جەخت لەوە بکەینەوە کە سەرباری ئەوەی حەسەن بەننا دەڵێت بیرۆکەکانی لە ڕەشید ڕەزاوە وەرگرتووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا جیاوازی هەبووە کە ئەم دوو کەسەی لێک جیا کردووەتەوە لە ڕێگە و ئامانجەکانیان، یەکەم پشتی بەستووە بە چالاکی تیۆری، لە کاتێکدا کە بەننا و لەگەڵیدا جووڵانەوەی ئیخوان موسلمین بیری بانگخوازی گواستەوە بۆ بواری کۆمەڵایەتی، هەر ئەمەش جیاکاری دەکات لە نێوان جوڵانەوەی چاکسازی ئیسلامی و جوڵانەوەی ئیخوان لەسەر ئاستی مێژووی ئیسلامی سیاسی.
قۆناغی سێهەم بە شەڕی فەڵەستین دەستپێدەکات لە ساڵی 1948، کە تێیدا زۆرێک لە وڵاتە عەرەبییەکان تا هەشتاکانی سەدەی بیستەم سەربەخۆییان بەدەست هێنا. دروشمی باڵا لەو کاتەدا بریتی بوو لە سەروەری کە لە لایەن ئیسلامییەکانەوە بەرز کرابووەوە لەبەرامبەر ئەو دەوڵەتانەی کە خاوەن سەروەری نەبوون بەسەر خاکەکەیاندا، ئەوان پێیان وابوو ئەو سنوور و گەلانەی لەلایەن ڕۆژئاوای داگیرکەری-مەسیحی-یەوە دروست کراوە هۆکاری سەرەکی بووە بۆ شکستی نەتەوەی موسڵمان و ئامادەکاری کردووە بۆ دروستبوونی دەوڵەتی جولەکە لەناو دڵی جیهانی ئیسلامدا. بیرۆکەی سەروەری لە لای مەودودی وەک گوتاری دابڕان وابوو لەگەڵ دەوڵەتی نیشتمانی لە هیندستان و پاساو بوو بۆ دامەزراندنی نەتەوە و دەوڵەتێک لەسەر بنەمای شوناسی ئایینی ئیسلامی لە پاکستان، کە توانی ڕۆڵێکی هاوشێوەی زیاتر توندڕەوانە بگێڕێت لە وڵاتە عەرەبییەکاندا. بە شێوەیەک کە سەید قوتب – تیۆرسێنی دیار لەم قۆناغەدا- زیاتر پشتی بە چەمکی سەروەری بەست بۆ تەکفیر کردنی تەواوی دەوڵەتە نیشتمانییە ئیسلامییەکان و تەنها بە (جاهلی) ناوی نەبرد هەروەک مەودودی کردی و هەر لە ڕوانگەیەوە داوای کرد لەبری ئەوە جیهاد بکرێت.
قۆناغی چوارەم: ئەو قۆناغەیە کە لەگەڵ شەڕی ئەفغانستان دەستپێدەکات لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی پێشوو دژ بە دەستوەردانی یەکێتی سۆڤێت لە ئەفغانستان. ئەم قۆناغە بە جیهادی سنووربڕ و دروستبوونی ڕێکخراوە بناژۆخوازەکان ناسرایەوە، کە سروشتێکی نێونەتەوەیی هەبوو، بەو پێیەی کە گوتاری جیهادی ڕەهەندێکی جیهانی وەرگرت. لەسەر ئاستی پراکتیک چالاکییە جیهادییەکان سروشتێکی خوێناوی توندیان بە خۆوە بینی هاوشێوەی ئەو کوشتارانەی لە جەزائیر ڕوویاندا لە نەوەدەکانی سەدەی پێشوو، بە شێوەیەک کە توندوتیژی پیرۆز سروشتێکی نێودەوڵەتی بە خۆوە بینی (هێرشەکانی 11 سپتێمبەر)، دیارترین ئەو جیهادییانەی کە ئەم سەردەمەیان بە ناوەوە ناسرا بریتی بوون لە ئوسامە بن لادن، ئەیمەن زەواهیری، سەیفولئیسلام خەتاب، عەبدوڵڵا عەزام و تا دەگاتە ئەبووبەکر بەغدادی.

دیاریکەرەکانی گوتار و سەرچاوەکانی
حەسەن بەننا پێی وابوو ئیسلام سیستمێکی سەرتاپاگیرە کە کاروبارەکانی ئەم دونیا و ئەو دونیا ڕێکدەخاتەوە، بریتییە لە ئایینی دەوڵەت، کتێبی پیرۆز و شمشێرە، حکومەت و نەتەوەیە، دروستکردن و هێزە، ڕەحمەت و دادپەروەرییە، کولتوور و یاسایە، مادە و سامانە، بەدەستهێنان و دەوڵەمەندییە، جیهاد و بانگەواز، یاخود سوپا و بیرۆکەیە، هەروەها بریتییە لە بیروباوەڕێکی دروست و خوداپەرستی، پەیوەندی ئایین بە سیاسەتەوە بە یەکێک لە بنەما سەرەکییەکان دادەنرێت لە ئیسلامدا، هەر لەم ڕوانگەیەشەوە بوو کە بەننا ڕەتی کردەوە تەنها وەک گرووپێکی بانگخواز و ڕێنوێنیکەر لە ئیخوان موسلمین بڕوانێت، بەڵکو دەبێت گرنگی بە کاروباری سیاسی بدرێت و هەر هەوڵێک بۆ دوورخستنەوەی ئایین لە سیاسەت بەلادان دابنرێت لە بیروباوەڕی ئیسلامی. حەسەن بەننا یەکێک بوو لەو کەسانەی کە باوەڕی بە سەروەری و گێڕانەوەی دەسەڵات بوو بۆ دەوڵەتی ئیسلامی، لەلای ئەو پەیوەندییەکی پیرۆز هەیە لەنێوان ئایین و دەوڵەت و بە بۆچوونی ئەو بە یەکێک لە بنەماکانی بیروباوەڕی ئیسلامی دادەنرێت و دروشمی «ئیسلام ئایین و دەوڵەت» بوو بە دروشمێکی جێگر لەلای زۆرینەی ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی لەدوای ئەم مێژووەوە.
هەروەک ڕوونە کە ئەو بیروباوەڕە سەرەکییەی کە ئیسلامی سیاسی لێوەی دەستپێدەکات بریتییە لە بیرۆکەی سەروەری کە لەسەر بنەمای سەرتاپاگیری ئیسلام بیناکراوە، بەو پێیەی کە ئایین و دونیایە، کتێبی پیرۆز و شمشێرە، کاروباری حکومەت و دەوڵەتەکان ڕێکدەخات، ئەو دەوڵەتانەی کە خودا ناکاتە سەرچاوەی یاساکانی و پێی وایە دەتوانێت ببێتە خاوەن سەروەری بە بێ خودا و بە یاسایەک کاروبارەکانی بەڕێوە دەبات کە یاسای خودا نییە، لە ڕووی شەرعەوە ئەو حکومەتە ”تاغوتە” هەروەک چۆن مەودودی ناوی دەبات، بەو پێیەی کە تەنها خودا دروستکەری بوون و سەروەری باڵایە هەر بۆیە دەبێت تەواوی سیستمی سیاسی ملکەچی سەروەری باڵا بێت و هیچ شتێکی دیکە نەکرێت بە هاوبەشی. ئەم چەمکەی سەروەری بەم شێوەیە مەودودی باسی لێوە دەکات: سەروەری و خیلافە بە مانای ئەوە دێت کە دەبێت سەرچاوەی سەرەکی یاساکانی خودا بێت و پێویستە دەوڵەت پەیڕەوی لە یاساکانی خودا بکات. هەروەها دەڵێت: هەر وەک لە قورئاندا هاتووە تەنها خودا سەروەری باڵایە و ئەوەی لەگەڵ ئەم باوەڕە نەبێت، تاغوتە هەروەک چۆن لە قورئاندا باس کراوە، ئەو بیروڕایە دژ بە بەندایەتییە بۆ خودا، لەبەر ئەوەی بۆ باوەڕهێنان بە خودا پێویستە مرۆڤ ئەو دەسەڵاتانە ڕەتبکاتەوە، لەبەر ئەوە باوەڕهێنان بە خودا و کوفر کردن بە تاغوت، دوانەیەکی پێکەوە لکاون هەروەک چۆن ملکەچی بۆ خودا، تاغوت ئەو پەڕی دوو ڕوویی تەواوە. لەسەر ئەو بنەمایە مەودودی کۆمەڵگا ئیسلامییەکانی سەردەمەکەی خۆی وەسف دەکات بەوەی کە ئەو کۆمەڵگایانە تەنها بە وتە ئیسلامین نەوەک بە کردار، لەبەر ئەوەی ناکرێت کۆمەڵگەیەک ئیسلامی بێت و پەیڕەوی لە سیستمێکی دژ بە ئیسلام بکات.

ئەوەی خرایە ڕوو پێشەکییەکی گەورە و دامەزرێنەرە بۆ تەکفیر کردنی کۆمەڵگا و دەوڵەت و سیستمەکانی حوکمڕانی ئەو وڵاتانەی کە ئیسلامی نین، هەروەها پاساو دەهێنێتەوە بۆ بەکارهێنانی توندوتیژییەکی بێسنوور لە دژیان، مەودودی پێی وایە ئەوە بەس نییە کە کۆمەڵگاکان موسڵمان بن تا تەکفیر نەکرێن، ئەو خوازیاری ئەوەیە کە دەوڵەت نەوەک هەر دەبێت ئیسلامی بێت وەک شوناس، بەڵکو دەبێت لە بنەما و پێکهاتە و سیستمەکەشیدا ئیسلامی بێت، هەر لەسەر ئەو بنەمایە ئێستا دەکرێت کە جیاکاری بکرێت لەنێوان موسڵمان و ئیسلامی، یاخود ڕێکخراو و جووڵانەوەکان بە ئیسلامی ناوبهێنرێت ئەوانەی کە خاوەن گوتاری ئیسلامی سیاسین. بەم شێوەیە ئەو ئیسلامییانەی کە زیاتر بناژۆخواز بوون وەک قوتابییەکانی سەید قوتب و ئیمام خومەینی دەبوایە یاخی بوونایە لەو دەوڵەت و سیستمە ئیسلامییانەی کە گەندەڵ بوون و دەبوایە حوکمڕانەکانیان تەکفیر بکردایە لەبەر ئەوەی هەڵگەڕاوە بوون.
تێکەڵکردنی تێزەکەی بەننا لەسەر سەرتاپاگیری ئیسلام (وەک ئایین و دەوڵەت) لەگەڵ خواستی سەروەری لەلای مەودودی لەسەر دەستی سەید قوتب دەبێتە گوتارێکی جیهادی تەکفیری کە لە کتێبە بەناوبانگەکەی (مەشخەڵی ڕێ) گرنگترین بیروباوەڕە بناژۆخوازکانی دەخاتە ڕوو. بە پێی بۆچوونی زۆرێک لە لێکۆڵەرەوەکان لە بواری کۆمەڵ و گرووپە ئیسلامییەکان، ئەم کتێبە بە مزگێنیهێنی شۆڕشی ئیسلامی بناژۆخواز دادەنرێت لە سەدەی بیستەم و بە بنەمای ئایدۆلۆژی جووڵانەوە ئیسلامییە هاوچەرخەکان دادەنرێت، کە تێیدا نەوەک تەنها دەوڵەت و سیستمە سیاسییەکان تەکفیر دەکران، بەڵکو کۆمەڵگاش تەکفیر کرا و ئیدی جیهاد تەنها لە دژی دارولکوفر ڕانەگەیەنرا، بەڵکو بوو بە پێویستییەک لە هەموو شوێنێک بە بێ ڕەچاوکردنی کات و شوێن، یاخود سنوورێکی جوگرافی دژ بە هەر سیستم و دەسەڵاتێک کە ملکەچی ویستی خودا نەبێت. بەم شێوەیە جیهاد بوو بە ئەرک لەسەر شانی هەر موسڵمانێک جا لەهەر شوێنێک بێت و لە هەر جێیەک کە جاهلیەت بوونی هەبێت.
لەسەر ئەم ڕێگەیە سەید قوتب بەردەوام بوو لەسەر تەکفیر کردنێکی سەرتاپاگیر و سوودی لە دوانەیی و دژبەیەکی مەودودی وەرگرت بۆ جیاکاری لەنێوان هەردوو جیهانی حاکمییەت و سەروەری، دواجار قوتب گەیشتە ئەو دەرەنجامەی کە تەکفیری تەواوی کۆمەڵگاکان بکات بە کۆمەڵگا موسڵمانەکانیشەوە، لەبەر ئەوەی ملکەچی سەروەری خودا نەبوون، بە بۆچوونی ئەو کۆمەڵگەی جاهلی، ئەو کۆمەڵگایەیە کە بە تەنها ملکەچی خوداوەند نابێت و لە یاسا و ڕێساکاندا ڕەنگ ناداتەوە، بەم پێناسەیەش تەواوی کۆمەڵگاکانی سەر ڕووی زەوی دەچنە چوارچێوەی کۆمەڵگەی جاهیلییەوە، دواتر قوتب لە تەکفیر کردندا وردتر دەبێتەوە و دەڵێت “ئەو کۆمەڵگانە کافرن، تەنانەت گەر نوێژ بکەن و بەڕۆژوو بن و حەج بکەن، کافرن گەر تەنانەت دان بە بوونی خودا بهێنن و ڕێگە بە خەڵک بەدەن کە ئەرکە ئایینییەکانیان جێبەجێ بکەن تا ئەو کاتەی کە ملکەچی شەریعەتی مرۆڤ بن جگە لە شەریعەتی خودا”، دواتر سەید قوتب پاساو بۆ تەواوی ئەوانە دەهێنێتەوە و دەڵێت “هەندێک کۆمەڵگا هەیە وا خۆی دەناسێنێت کە موسڵمانە، ئەم کۆمەڵگایە لەبەر ئەوە پێیان ناوترێت جاهلی لەبەر ئەوەی کە باوەڕیان بە خودا نییە، یاخود ئەرکە ئایینییەکانیان جێبەجێ ناکەن، بەو کۆمەڵگایانە دەوترێت جاهلی لەبەر ئەوەی تەنها ملکەچی خودا نین لە ژیاندا، ئەم کۆمەڵگایانە تایبەتمەندترین خەسڵەتەکانی خوا دەبەخشن بە غەیری خودا و باوەڕ بە سەروەرییەک دەهێنن غەیری خودایە.
ڕاگەیاندنی تاک و تەنیایی خوداوەند بە تەنها مەبەستی ڕەها و باڵا ئەژمار دەکرێت و قوتب وەک پاساو بەکاری دەهێنێت بۆ جیهاد کردن و شۆڕشی سەرتاسەری لەسەر هەموو جۆرەکانی حوکمڕانی مرۆڤ، لە هەر شوێنێک مرۆڤ دەسەڵاتێکی سەپاندبێت بەدەر لە خودا بە مەبەستی گێڕانەوەی ئەو دەسەڵاتە پیرۆزەی کە لەلایەن مرۆڤەوە داگیرکراوە. بەم شێوەیە هەر دەسەڵاتێکی مەدەنی، یاخود سیستمی سیاسی نیشتمانی-نەتەوەیی، یاخود دیموکراتی، یاخود هەر سەروەرییەک کە درابێتە پاڵ نەتەوەیەک بە مانای ڕەتکردنەوەی دەسەڵاتی خودایە لەسەر زەوی، هەروەها جیهاد کردن وەک ئەرک لەدژی ئەو جاهلییەتە بە مانای تێکشکاندنی مەملەکەتی مرۆڤە وەک سەرەتایەک بۆ سەرهەڵدانی مەملەکەتی خوداوەند لەسەر زەوی، واتە “سەندنەوەی دەسەڵات لەدەستی مرۆڤ و گێڕانەوەی بۆ لای خوداوەند و باڵادەستکردنی سەروەری شەریعەتی خوداوەند لە ڕێگەی ڕەتکردنەوەی یاسا مرۆڤایەتییەکان. لێرەوە سەید قوتب دەگاتە دەرەنجامێکی سەرەکی کە خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە باوەڕی ڕاستەقینە ببەستێتەوە بە باوەڕ بە بوونی سەروەری خوداوەند، بە شێوەیەک کە ئەگەر دان بە سەروەری خوداوەنددا نەنرێت، نە ئیسلام بوونی دەبێت و نە باوەڕ بە خودا.
بیرۆکە و بیروباوەڕەکانی سەید قوتب دواتر بوون بە سەرچاوەیەکی نەبڕاوە بۆ چەندین نەوە لە جیهادییە گەنجەکان، ئەو بیروباوەڕانە بوون بە سەرچاوەی تیۆری بۆ پیادەکردنی ئەوپەڕی توندوتیژی لە ژینگەکەیاندا، لە ژێر ڕۆشنای ئەو بیروباوەڕەدا ئەو کەسانە تەکفیری هەموو شتێکیان کرد، بە بۆچوونی ئەوان کەسانی ئەو کۆمەڵگایانە جاهلی و کافر بوون و پێویستی دەکرد کە جیهاد لە دژیان ڕابگەیەنرێت، بە پێی بۆچوونی ئەوان هەر کەسێک تەکفیری کافر نەکات بۆ خۆی دەبێت بە کافر، بە بۆچوونی ئەوان هەڵبژاردنەکان، پەرلەمانەکان و دیموکراسیی سەرجەمیان کوفرن لەبەر ئەوەی لە قورئاندا باسیان لێوە نەکراوە. تەکفیرییەکان بە ئەندازەیەک زیادەڕەویان کرد کە مزگەوتەکانیشیان بە پەرستگای جاهلی ناوزەد کرد، لەبەرئەوەی ئەوانەی کە تێیدا نوێژ دەکەن لە ئیسلام هەڵگەڕاونەتەوە هەر بۆیە نوێژکردن لەگەڵیان وەک ئەوە وایە کە بە ڕاست بزانرێن لەگەڵ ئەوەی کە کافرن”. لە ژێر دروشمی سەید قوتب بە تێکشکاندنی مەملەکەتی جاهیلی مرۆڤ، بەشێک لە جووڵانەوەکانی ئیسلامی سیاسی هێدی هێدی دەگۆڕێن بۆ توندوتیژییەکی پیرۆز لە ژێر ناونیشانی (جیهاد) بە مەبەستی دامەزراندنی دەسەڵاتی خودا.

ئیسلام لە کوردستان
ئیسلام ئایینی زۆرینەی کوردە، مەبەست لە ئیسلام بە تەواوی ئایینزاکانی کە بریتییە لە ئیسلامی سووننە، ئیسلامی سۆفیگەرانە، ئیسلامی ئیمامی و دەروونی، ئەهلی حەق (یارسان)، دوانزە ئیمامی و چەندانی دیکە.
لەناو کورددا ئایینزایەکی باڵا دەست نییە تا بکرێت بوترێت کە زۆرینەی کورد لە سەر ئەو ئایینزایەن. لەناو کورددا تەنها ئایدۆلۆژیایەکی ئیسلامی نییە کە تەواوی بیروباوەڕە پیرۆزەکانی تێدا جێ ببێتەوە بە بێ جیاوازی و بەریەککەوتن، بۆچوونێکی لەم شێوەیە وەهمە و ڕاست نییە و کە دەڵێت زۆرینەی کورد لەسەر ئایینزایەکن. لێرەوە دەبێت بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم بانگەوازانەدا بکرێت و جەخت بکرێتەوە لە جیاکردنەوەی ئیسلام وەک ئایینێکی ئاسمانی و ئەوەی سیاسی و دونیایی و پەیوەندیدارە بە دەسەڵاتەوە.
کورد یەکێکە لەو نەتەوانەی کە دەوڵەمەندە بە فرەیی ئایینزاکان تێیدا، ئەگەر کەسێکیش بانگەشەی ئەوە بکات و بیەوێت تەواوی کورد بە موسڵمان بکات لە ڕووی سیاسییەوە، یاخود گوتاری نەتەوەیی ببەستێتەوە بە ئیسلامەوە، لێیی دەپرسین: مەبەستت لە چ ئیسلامێکە؟ ئایا مەبەستت ئیسلامی شیعەیە، یاخود سووننە، یا یارسانی؟ ئایا مەبەست لەو ئیسلامەیە کە سەید قوتب باسی لێوە دەکات، یاخود بن لادن، یاخود ئەوەی ئایەتوڵڵا خومەینی باسی لێوە دەکات؟ بێگومان دەبێت ئایینزاکە دیاری بکات، دواتر ئیسلامی سیاسی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی دەبێت لەگەڵ بیروڕای زۆرینەی کورد سەرباری بوونی پەیڕەوانی ئایینی تر وەکو ئێزیدی کە لە بنەمادا لەگەڵی ناکۆکە. لێرەدا بایەخ و پێویستی جیاکاری لەنێوان کوردایەتی و ئیسلام لەسەر ئاستی نوێنەرایەتی سیاسی بکرێت، بۆ نموونە لە کوردستانی ئێران، زۆرینەی کورد لەسەر ئایینزای شیعە و یارسانین، هەر بۆیە زۆرێک لە هێزە نەتەوەییە کوردەکانی ئێران دووچاری گرفتی ئایدۆلۆژی پڕ مەترسی و پێچەوانە بوون، بە پێچەوانەی هەر گوتارێکی دیکەی فرەچەشن، بە شێوەیەک کە پەیڕەوی لە گوتارێک کرد کە دەڵێت ئەو داپڵۆسین و چەوساندنەوەیەی کە دەرهەق بە کورد ئەنجامدەدرێت، چەوساندنەوەیەکی دوو لایەنەیە هەم ئایینی و هەم نەتەوەیی، ئەم بۆچوونە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دانپێدانانێکە بەوەی کە نیوەی کورد لە ئێران گرفتیان لەگەڵ دەسەڵات هەیە، بەو پێیەی کە ئەو وڵاتە گرنگی بە لایەنی نەتەوەیی نادات، بەڵام نیوەکەی تر کە لەگەڵ شوناسی لایەنە ئایینییەکەدا دەژی کە گونجاوە لەگەڵ دەسەڵاتی باو و بەم شێوەیە چەوساندنەوەی نەتەوەیی گرفتێکی ئەوتۆی بۆ دروست ناکات.
کوردە عەلەوییەکانیش لە باکووری کوردستان ڕێژەیەکی گەورە پێکدەهێنن و سەرباری نەبوونی زانیاری دروست لەسەر ژمارەیان، بەڵام بەپێی گریمانەکان 35% کۆمەڵگەی کوردی پێکدەهێنن. عەلەوییەکان بەردەوام لە پێشەوەی بەرگری و خەباتی ڕزگاریخوازی بوون و ڕووبەڕووی سیاسەتی جینۆساید و سڕینەوەی ناسنامە بوونەتەوە بە درێژایی مێژوو، چ لە سەردەمی عوسمانییەکان، یاخود لە سەردەمی کۆماری تورکیای عەلمانی کە مستەفا ئەتاتورک لەسەر پاشماوەی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی دایمەزراند. لەکاتی شۆڕشی دێرسیم (1937-1939) کاتێک کە هۆزەکانی زازا عەلەوییەکان کە کورد بوون ڕاپەڕین دژ بە سیاسەتەکانی ڕاگواستنی زۆرەملێیانە، دەوڵەتی کەمال ئەتاتورک بە ئاسن و ئاگر ڕووبەڕووی ڕاپەڕینەکە بووەوە، کە دەرەنجام بە دەیان هەزار هاوڵاتی کورد کوژران، هەروەها کوردە عەلەوییەکانی مەرعەش لە کۆتایی 1978 ڕووبەڕووی کوشتار بوونەوە لەلایەن سووننە توندڕەوەکان و جوڵانەوەی “گورگە بۆرەکان”، کە جووڵانەوەیەکی نەتەوەی ڕاستڕەون بە هاندانی سوپای تورکیا ئامادەکاری کرا بۆ کودەتاکەی کەنعان ئیڤرن لەساڵی 1980. تەنها لەو ماوە کورتەدا بە سەدان کوردی عەلەوی بوونە قوربانی و بە هەزاران کەسیش ڕاگوێزران.
سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا بەردەوام کاری لەسەر دوورخستنەوەی کوردە عەلەوییەکان کرد بە شێوەی جواروجۆر تا ڕێگرییان لێبکات لە ڕووی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە لەگەڵ شوناسی خۆیان لە پەیوەندیدا بن. لە ساڵی 1950 کاتێک دیموکراتییەکان بە سەرکردایەتی عەدنان مەندریس پرۆگرامی خۆی خستەڕوو، شێخ سەعید نەورەسی هانی لایەنگرەکانی دا تا پشتیوانی لێبکەن، لەبەر ئەوەی پێی وابوو کە دیموکراتییەکان لە ڕووی سیاسی و ئایینییەوە پشتیوانی لێدەکەن، بەڵام زۆری پێنەچوو کە حکومەتەکەی مەندریس لە نەورەسی هەڵگەڕایەوە و بێ هیوای کرد و کاری کرد لەسەر پشتیوانی کردنی شێخە کوردەکانی ناوچەکە، بە شێویەک کە کوردە سووننەکان زیاتر هەستیان دەکرد لە تورکەکانەوە نزیکن تا کوردە عەلەوییەکان.

زۆرینەی کوردە عەلەوییەکان بەهۆی کولتووری ئایینی باوی پارتە نەتەوەییە تورکەکان، بە تایبەت لە سەردەمەی سەرکەوتنی پارتی داد و گەشەپێدانی پاشخان ئیخوانی، پشتیوانیان لە پارتە نەتەوەییە توندڕەوەکان کرد، کە ئاڕاستەیەکی عەلمانییان هەبوو، وەک پارتی گەلی کۆماری کە لە لایەن مستەفا کەمال ئەتاتورکەوە دامەزرا. لە لایەکی دیکەوە زۆرێک لە کوردە سووننەکان لەبەر هۆکاری ئایینیی پشتیوانییان لە سیاسەتەکانی پارتی داد و گەشەپێدان کرد و چوونە ناو قەوارە پەرلەمانییەکەیەوە سەرباری سیاسەتە دوژمنکارەکانی بەرامبەر بە کورد. لەهەردوو حاڵەتەکەدا دەردەکەوێت کە ڕیزبەندی سیاسی لەسەر بنەمای ئایینی بووە هۆی دروستکردنی دابەشبوون لە کۆمەڵگا لەسەر بنەمای شوناسی نەتەوەیی هاوبەش، کە بە هۆی باڵادەستکردنی ئایینەوە کارکراوە لەسەر ئاواکردنی ئاگایی نەتەوەیی. سەرباری بیروباوەڕی ڕیشەیی عەلمانییەت کە باڵی کێشابوو بەسەر سیاسەتی ناوخۆیی کۆماری تورکیا، دامەزراوە سەربازی و پەروەردەییەکانی تورکیا هەر لە سەرەتاوە کاریان کردووە لەسەر پشتیوانیکردنی ڕێگە و ڕێبازە ئایینییەکان لە کۆمەڵگای کوردستاندا، بە شێوەیەک کە کار کراوە لەسەر باڵادەستکردنی هەژموونی پیاوانی ئایینی و ئاڕاستەکردنیان بە شێوەیەک کە خزمەت بە سیاسەتی تورکیا بکات بەرامبەر پرسی کورد. هەر بەو شێوەیەش بیری کەمالیزیم کە لە لایەن سوپای تورکیاوە سەپا بەسەر کوردستاندا، بە تایبەت لە دوای کودەتاکەی ساڵی 1980 سروشتێکی ئیسلامی توندڕەوی هەبوو، کە لەسەر پێکهاتەی ئیسلامی-تورکی دامەزرابوو، وەک پێکەوە گونجانێکیش لەگەڵ ئەم ڕەوتەدا زۆرێک لە ناوەندەکانی هەژموونی ئایینی و ڕێگەکانی سۆفییەت کە بڵاوە لە باکووری کوردستان، توانیان زۆرێک لە خواستەکانی تورکیا جێبەجێ بکەن لە ڕێگەی دەستگرتن بەسەر ئاگایی سیاسییان لە ڕووی ئایینەوە و دوورخستنەوەی سەرنجیان لەسەر خواستە نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەکانیان.
سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیا تەنها بەوەوە نەوەستایەوە کە ئایین بەکاربهێنێت لە بەرژەوەندی خۆی، بەڵکو لە کۆتایی حەفتاکانەوە کاری کرد لەسەر بەکارهێنانەوەی ئەو هەستە ئایینییە زاڵەی کە لە کوردستان هەبوو بە شێوەیەکی سیاسی ڕێکخراو، هەروەها کاری کرد لەسەر پشتیوانیکردنی گرووپێکی ئایینی توندڕەو بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕەوتە نەتەوەیی و چەپە گەنجە کوردەکان. بۆ نموونە لە شاری باتمان لە ساڵی 1979 پارتی “حزبوڵڵای کوردی” لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا بە سەرکردایەتی حسێن وەلی ئۆغڵۆ وەک گرووپێکی سوننەی توندڕەو دروست بوو. جێگەی ئاماژە پێدانە کە دامەزرێنەری ئەو پارتە دەرچووی کۆلێژی زانستە سیاسییەکان بوو، هاوەڵی عەبدوڵا ئۆجەلان ڕابەر و دامەزرێنەری پارتی کرێکارانی کوردستان بوو، کە بە دوژمنی سەرسەختی حزبوڵڵا دادەنرێت. ئەگەر چی حزبوڵڵا سەرەتا وەک قەوارەیەکی سیاسی و ڕەوتێکی کولتووری پشتیوانی لە شۆڕشی ئێران دەکرد و وەک درێژکراوەی ئەو شۆڕشە بوو لەناو تورکیادا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەهێز بوونی ئەو پارتە بە پشتیوانی و چاودێری دامەزراوە سەربازییەکانی تورکیا بوو.

ئەم پارتە دروشمی “جێبەجێکردنی شەریعەتی ئیسلامی” بەرز کردەوە و تەکفیری ئەندام و لایەنگری پارتی کرێکارانی کوردستانی کرد، دواتر ئەم پارتە تێوە گلا لە ئەنجامدانی کردەوەی توندوتیژ و خوێناوی کە زۆرینەی شارەکانی باکووری کوردستانی گرتەوە دژ بە پارتە نەتەوەیی و چەپەکان، بە تایبەت پارتی کرێکارانی کوردستان، لێرەوە بایەخی ئەم پارتە دەرکەوت بۆ دەزگا سەربازییەکان، بە تایبەت دوای کودەتاکەی کەنعان ئیڤرن لە ساڵی 1980 کە ئەم پارتە دەستبەجێ بە نهێنی پشتیوانی لێکرد و لەگەڵی کاری کرد بۆ پاکتاوکردنی چالاکوان و ڕۆشنبیرە کوردەکان، بە شێوەیەک کە ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەدەستی ئەم پارتە تیرۆرکران گەیشتە نزیکەی سێ هەزار چالاکوانی ناڕازی و ڕۆشنبیر لە شارە کوردییەکان. دواتر محەممەد ساڵح کولوج ڕابەری پارتەکە تاوانبار کرا بە کوشتنی 91 کەس، هەروەها بەرپرس بوو لە ئەنجامدانی 157 هێرشی تیرۆریستی بە پێی دانپێدانانەکانی خۆی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەگەڵ خۆی و دەیان کەسی تر لە هاوەڵەکانی کە تێوە گلابوون لە کاری تیرۆر لە ساڵی 2013 بەخشران دوای پێکهاتنی ناوبراو لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆکی تورکیا.
لە ژێر سایەی دەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپێدان، سیاسەتی تورکیا بە شێوەیەکی بەردەوام بە ئاشکرا و نهێنی کاردەکات لەسەر بە لاڕێدا بردنی ئاگایی کۆمەڵگای کوردی و دابەشکردنی لەسەر بنەمای شوناسی ئایینی لە ڕێگەی کۆمەڵە و ڕێکخراوە ئایینییە ئیخوانییەکان کە پشت بە پشتگیری شێخ و ناوەندە ئایینییەکانی ناوچەکە دەبەستن.
سەبارەت بە باشووری کوردستان، دەستەبژێرە کۆمەڵایەتییە باوەکانی ئەو سەردەمە ڕابەرایەتی جووڵانەوەی سیاسی عەلمانی کوردستانیان دەکرد، ئەم دەستەبژێرانە بۆ خۆیان ڕزگارنەبوو بوون لە میراتی ئایینی باڵادەست و گوتارە سیاسییەکەی لە مامەڵەکردنیدا لەگەڵ لایەنگرانی ئایینزاکانی دیکە لە کوردستان، وەک پەیڕەوانی ئایینی مەسیحی و ئێزیدی و کوردە فەیلییەکان و یارسان و شەبەک کە تێکڕایان بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵگەی کوردستان پێکدەهێنن. ئەم دەستەبژێرانە تا ئاستێکی زۆر چ لەسەر ئاستی میللی و فەرمی، عەلمانییەت لە ڕەفتاریاندا ڕەنگی نەدایەوە لەکاتی مامەڵەکردن لەگەڵ کەمایەتییە ئایینییەکان، سەرباری بوونی زنجیرەیەک یاسای توند و نوێنەرایەتی سیاسی و یاسایی-ئەگەر بە شێوەیەکی ڕوکەشانەش بێت- بۆ کەمینەکان لە دامەزراوەی پارتەکان، بەڵام سەرجەمی ئەو کارانەش نەیانتوانی ڕێگری لە جیاکاری بکەن لە پێگە و ڕۆڵی ئەو هاووڵاتییانەی سەر بە زۆرینەی ئایینزاکان بوون.
کولتووری زۆرینەی ئایینی و میراتەکەی لە شارەکانی هەرێم قورسایی خستە سەر بوارە گشتی و هاوبەشەکان، ئەمەش کەمایەتییە ئایینییەکانی ناچار کرد کە بە زۆر خۆیان بگونجێنن لە کاتی ئامادەبوون لە بوارە گشتییەکاندا، زۆر جاری دیکەش ناچار بوون کە مل بدەن بە هەندێک ڕەفتاری تایبەت لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ ژینگەی کولتوور و ئایینی باودا. ئەم هەڵوێستە لە لای کەمینە ئایینییەکان هەستێکی لە جۆری پەراوێزخراو و نامۆبوون و دابەشبوونی لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی دروست کرد و لەسەر ئاستی سیاسیش بووە هۆی نەهێشتنی ڕۆڵی لە دروستکردنی بڕیاری سیاسیدا. هاوشان لەگەڵ ئەوەی خرایە ڕوو ئەم دیمەنە پێشێلکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگەی نەتەوەیی هێنایە ئاراوە، بە شێوەیەک کە پاڵنەر بوو بۆ هێزەکانی ئیسلامی سیاسیی شیعە تا زاڵ بن بەسەر ویستی کوردە فەیلییەکان و زۆرینەی شەبەکەکان و قۆرخکردنی دەنگەکانیان و دواتر بانگەشەی نوێنەرایەتیکردنیان لە ڕێگەی وەبەرهێنان لە کارەسات و ناخۆشییەکانیان لەسەردەمی بەعسدا، بەم شێوەیە کۆمەڵگەی کوردی، فەیلی و شەبەک لە ڕووی پراکتیک و لەسەر ئاستی سیاسی بێ پشتیوان مانەوە و لەسەر ئاستی نەتەوەییش هەستیان بە نامۆیی کرد.
هەروەها بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگەی کوردی ئێزیدی هەست دەکات بەوەی کە ئیتر هیچ پەیوەندییەکی بە کوردایەتییەوە نەماوە، نەوەک تەنها بە هۆی پێکهاتەی زەینی و کولتووری باو لە کۆمەڵگەی کوردستان، کە پێی وایە تەنها بووەتە موسڵمانێکی سووننە کە هیچ پەیوەندییەک لە نێوانیاندا نییە، هەروەها هەست بەوە دەکات کەلە ڕووی سیاسییەوە پەراوێز خراوە و هیچ ڕۆڵیکی نییە لە بڕیاری نەتەوەییدا. قووڵی ئەو هەست بە پەراوێزخراوی و نامۆبوون لەلای ئێزیدییەکان کارەساتێکی گەورەیە بە تایبەت دوای ئەو کارەساتانەی کە ڕووبەڕوویان بووەوە لەسەر دەستی تیرۆریستەکانی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە ساڵی 2014.
بێگومان ستراکچەری زەینی و کولتووری باو لە هەرێم بە تایبەت لە شارە سەرەکییەکان تەنها هۆکار نەبوو بۆ هەستکردنی کەمایەتییە ئایینییەکان بە نامۆبوون و پەراوێزخراوی، بەڵکو هێزە کوردییەکانیش شکستیان هێنا لە خوڵقاندنی دۆخێکی لەبار بۆ بەشداری سیاسی.

لەلایەکی دیکەوە ئەم دۆخە هەلومەرجێکی دروست کرد بۆ ئیسلامی سیاسی و هێزەکان تا بە باشترین شێوە کاربکەن لەسەر دروستکردنی دەسەڵاتێکی کۆمەڵایەتی لە سێبەردا لە ڕێگەی قسەکردن لەگەڵ پەراوێزخراو و هەژارەکان، زیانلێکەوتوانی کێشە ناوخۆییەکان، تووڕە لە بەربڵاوی گەندەڵی لە دامەزراوەکانی هەرێم، بەم شێوەیەش توانیان لە ڕووی جەماوەرییەوە بنکەیەکی جەماوەری فراوانی بەهێز بۆ خۆیان دروست بکەن بە پشت بەستن بەو هەستە ئایینییە بڵاوەی کە لە شەقامی ئیسلامیدا بوونی هەبوو. ئیسلامی سیاسی لە ڕێگەی پشتبەستن بە گوتاری کۆمەڵایەتی کاری کرد لەسەر دروستکردنی ئاگاییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دژ بە دەسەڵات و شوناسی گوتارە نەتەوەییەکەی و دامەزراندنی ئاگاییەک بە دوور لە شوناسی نەتەوەیی و خواستی ڕزگاریخوازی و دیموکراسی، تا ئێستا گوتاری سیاسی سەربەخۆ نییە لە کاریگەری مەرجەعییەتە ئایدۆلۆژییەکان (بەتایبەت تورکیا و ئێران) و هەڵوێستیان بەرامبەر بە نەتەوەی کورد لەناوچەکە. دەرەنجام هێز و پارتەکانی ئیسلامی سیاسی توانیان بچنە ناو دامەزراوەکانی پەروەردە و فێرکردن و ئیدارە گشتییەکان و هەژموونی خۆیان سەپاند لە تەواوی ژیاندا.
سەرباری ئەوەی کە دەستەبژێرە سیاسییەکانی هەرێم لەگەڵ هێزەکانی ئیسلامی سیاسی ڕێک نەبوون، ناچار بوون بە شێوەیەکی بەرژەوەندخوازانە لەگەڵ ئەو هێزانە مامەڵە بکەن لە کاتی شەڕی ناوخۆییدا، کە لە نەوەدەکاندا هەرێمی کورستانی گرتەوە لە نێوان هەردوو پارتی باڵادەستدا. دواتر ئەم دوو پارتە سەرەکییە کاریان کرد لەسەر ملدان بۆ خواستەکانی ئەم پارتانە بە مەبەستی ڕاکێشانی هێزەکانی ئیسلامی سیاسی بەلای خۆیاندا، دواتر لە نێوان هەردوو لادا جۆرێک لە پێکهاتن ڕوویدا دوای ئەوەی بەریەککەتنی خوێناوی لە نێوانیاندا ڕوویدا لە کۆتایی نەوەدەکاندا، کە دەرەنجام پێکهاتن لەسەر ئەوەی کە ڕۆڵ و هەژموونیان لە نێوان پارتە نەتەوەییەکان و ڕەوتەکانی ئیسلامی بەش بکەن لەنێوان خۆیاندا. بە پێی ئەو پێکهاتنە ئەو دوو پارتە دەستیان گرت بەسەر سەرچاوەکانی بڕیاری سیاسی و ئیداری و ئاسایش و کۆمەڵایەتی لە بەرامبەر قبوڵکردنی هەژمونی پارت و کۆمەڵە ئایینییەکان بەسەر بەشێکی ژیاندا.

ڕەنگە دیارترین حاڵەت کە لە سروشتی شوناسیی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕەنگیدابێتەوە ئەوە بێت کە لەکاتێکدا کوردی موسڵمانی سووننە زۆرینە پێکدەهێنن لە ڕۆژئاوای کوردستان (سوریا)، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی نەیانتوانیوە شوێنپێیەک بکەنەوە لە ناو کۆمەڵگەی کوردیدا.
لەگەڵ دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی لە سوریا لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا کە سیمایەکی خوێناوی و توندی بە خۆوە بینیوە، گرووپ و کۆمەڵەکانی ئیسلامی سیاسی توندڕەو دەرکەوتن، بەشێکیان بە سەرکردایەتیکردنی ئیخوان موسلمین لە سوریا بە پشتیوانی ڕوون و ئاشکرای تورکیا و قەتەر و سروشتێکی ئیسلامی و تائیفی پێبەخشی. تورکیا لە ڕێگەی باڵە ئیسلامییەکانەوە کاری کردووە لەسەر دامەزراندنی ڕوکار بۆ ئیسلامی سیاسی و تائیفی توندڕەو لە کوردستانی سوریا تا ببێت بە جێگرەوە بۆ جووڵانەوەی سیاسی نەتەوەیی و بە ئیسلامیکردنی گوتاری سیاسی و نەتەوەیی کورد، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو لایەنانە جارێکی تر شکستیان هێنا لەوەی ئامادەییەکی سیاسییان هەبێت لە شەقامی کوردی سوریا و بە نادیاری مایەوە بۆیان، لەوانە بەرەی کاری نیشتمانی کورد لە سوریا بە سەرۆکایەتی مستەفا موسلم برای ساڵح موسلم هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتی و پارتی ئیسلامی کورد بە سەرۆکایەتی ئیبراهیم ڕەمەزان شەدادی و جووڵانەوەی داد و دادپەروەری ئیسلامی کوردی لە سوریا… و چەندین پارتی دیکە.
بە شێوەیەکی گشتی لە ڕووی حاڵەتە کۆمەڵایەتییەکە دەکرێت جیاکاری بکرێت لەنیوان دوو دیاردەی ئیسلام لە کۆمەڵگەی کوردستاندا، بە تایبەت لە باشوور و باکووری کوردستان، یەکەمینیان ئیسلامی کۆمەڵگەی گوند و کشتوکاڵی کە بە شێوەیەکی گشتی دوو ڕەوتی سۆفی باڵا دەستە، کە ئەوانیش قادری و نەقشەبەندین، ئیماندار بوونی کەسەکانیش لەم کۆمەڵگایانەدا بە میانڕەوی ناسراون و ئەوە قبوڵ دەکەن کە بە شێوەیەکی میانڕەو لەگەڵ ئایینەکانی دیکە بژین وەک مەسیحییەت و ئێزیدی و یارسانی و چەندین ئایینی دیکە … باوەڕی ئایینی لەلای ئەم کەسانە سیمایەکی کۆمەڵایەتی لەخۆدەگرێت کە لەسەر بنەمای هاوپشتی هۆزایەتییە و ملکەچی ڕێوڕەسمەکانی هۆزە لە پەیوەندی لەگەڵ ئەوی دیکەدا، هەر بۆیە بەها ئایینییەکان تێکەڵ دەبن بە سیمای ڕەفتارەکانی هۆز و دامەزراوەی ئایینیش کە لە لایەن شێخ، یاخود مەلاوە نوێنەرایەتی دەکرێت تا ملکەچی دەسەڵاتی هۆز و بنەماکانی دەبێت.
شێوەی دووەم ئیسلامی شارە گەورەکانە، بە تایبەت لەشارە تازە گەشەسەندووەکان وەک (دیاربەکر) و هەولێر و سلێمانی … و چەندین شاری دیکە، لێرە باوەڕی تاکە کەس پێش هاوپشتی هۆز دەکەوێت و خوێندنەوەیەکی ئایدۆلۆژی بۆ ئایین پێش پابەندبوون بە ڕێورەسمەکانی هۆز دەکەوێت و خوێندنەوەی سیاسەتی بەرژەوەندخوازانە و تاکگەرایی بۆ ئایین باڵادەست دەبێت لە بەرامبەر خەڵوەتکێشی و پەرەستنی سۆفیگەرانە، بە شێوەیەک کە لۆژیکی شار تێکەڵ دەبێت بە تێگەیشتنی خودی لە ئایین. بە شێوەیەکی گشتی ئیمانداری لەلای چینەکانی مامناوەند و خوارەوەی کۆمەڵگا کەمتر ئەوی دیکە قبوڵ دەکات بەراورد بە ئیمانداری پراگماتیکی لەلای چینەکانی سەرەوەی کۆمەڵگا، هەروەها بەراورد بە ئیمانداری گوندەکان. خوێندنەوەی پیاوانی ئایینی و گوتارەکانیان زیاتر بەپێی خواستی دامەزراوە سیاسی و بیرۆکراسییەکان و بەرژەوەندی بازاڕ دەبێت. ئەم هەڵوێستە ئەگەر بە شێوەیەکی کەمیش بێت ئەوەمان بۆ ڕووندەکاتەوە کە بۆچی بڵاوبوونەوەی گوتاری ئیسلامی سیاسی زیاتر لەشارەکاندا بەربڵاوە تا گوندەکان.

گرفتی خودئاگایی بە شوناس و پرسی پەیوەندی
لەماوەی سی ساڵی ڕابردوودا لە بەرامبەر پشتگوێخستنی ئەو کارەساتانەی کە بەسەر کورد هاتوون لە لایەن ئیسلامی سیاسییەوە، لەناو کورددا ئەو دەنگانە سەریهەڵدا کە داوای دابڕانی کولتووری و مێژوویی دەکرد لەگەڵ ئیسلام و ئیسلامییەکان، بە تایبەت دوای کوشتارەکانی ئەنفال و هەڵەبجە و نەبوونی هاوسۆزییەکی ئەوتۆ بۆ قوربانییەکان لەلایەن ئیسلامییەکانەوە و پێیان وابوو کە سیستمە ئیسلامییەکان بەشدار بوون لە چەوساندنەوەی کورد و سەرکوتکردنیان و بێبەش کردنیان لە مافەکانیان و لە بەرامبەردا زۆرێک لەو کەسانە بانگەشەی گەڕانەوەیان دەکرد بۆ ئەو ئایین و بیروباوەڕە نەتەوەییانەی کە بەر لە ئیسلام بوونیان هەبووە، وەک جەخت کردنەوەیەک بۆ ڕەسەنایەتی شوناسی کورد و تایبەتمەندییەکەی.
ئەم خواستە بەدەر نییە لە حەز بۆ شێواندنی مێژوو بە مەبەستی گەیشتن بە هەندێک خواستی ئایدۆلۆژی دیکە، بەو پێیەی کورد بەشێکی زۆری مێژووەکەیان لەگەڵ ئیسلامدا هەڵکردووە، بە شێوەیەک کە ئیسلام بووەتە بەشێکی ڕەسەن لە شوناسی مێژووییان و خودی کوردەکانیش بوون بە بەشێک لە پێکهێنەرەکانی ئەو مێژووە. سروشتی ئەو مێژووە هەر چۆنێک بێت، ناکرێت کورد داوای ئەوە بکات کە چواردە سەدە لەو مێژووە لە یادەوەرییان بسڕنەوە و دەستبەرداری بن تەنها لەبەر ئەوەی کە بیانەوێت خۆیان بسەلمێنن بە شێوەیەکی ناڕێک و بە زۆر، لە بری ئەوە لەمڕۆدا کورد ئەوپەڕی پێویستی بە ئاگاییەکی مێژوویی هەیە لە ئیسلام، لێرەدا پێویستی و بایەخی جیاکاری سەرهەڵدەدات لە نێوان پیرۆز لە ئایین و ئایین وەک پەیوەندییەکی دونیایی کە بە مانای عەقڵی پراکتیتی لە ئاییندا دێت. سەبارەت بە پیرۆزیش تا ئاستێک یەکە لە تەواوی ئایینەکاندا. پیرۆزی دەکرێت ببێت بە بەشێک لە ململانێکان و ڕۆڵێکی سەرەکی بگێڕێت لە سیستمی بەهاکاندا، هەروەها خودی ئیسلامیش هانی ئەوە دەدات کە تایبەت و خۆییە و خوێندنەوەی خۆی لەسەر بنەمای چوارچێوەیەکی مێژوویی دونیایی دادەڕێژێتەوە. ئەم خواستە بۆ دیاریکردنی مێژوویی ئیسلام و تایبەتکردنی بە خوێندنەوەیەکی کوردی و وەڵامێکە بۆ پێویستییە مێژووییەکانی ئێستا، لەبەر ئەوەی پێشەکییەک بەرهەمدەهێنێت بۆ بەرهەمهێنانی ئاگاییەکی نەتەوەیی بە ئیسلام کە سەربەخۆ نییە لە ئیمانی قووڵی هاوبەشی تەواوی کوردە موسڵمانەکان.
ئاگایی مێژوویی ڕەخنەگرانە تایبەت بە دیالەکتیکی شوناس و ئیسلام لە هەناویدا ئاگاییەکی ڕۆشنگەرانەیە کە خۆی لە پرسیاری ئێستا و چارەنووسدا ڕەنگدەداتەوە. لە ئێستادا پرسیاری ڕۆشنگەرانەی کورد ئەمەیە، چی وا دەکات لە ئاست مێژوودا بن؟ بە شێوەیەک کە کورد بگاتە ئاستی نەتەوەکانی دیکە و هەمان پلە لە ئازادی و پێشکەوتنیان هەبێت، نەوەک تەنها لە دیاریکردنی چارەنووسدا، بەڵکو بەر لەوە – ئەمە مەرجێکی سەرەکییە – توانای بیرکردنەوە بە ئازادی و ڕەخنەگرتن لە ڕابردوو و ئێستا و شوناسی ئیسلامییان.

پێچەوانەی ئەو بانگەشانە، گوتاری شوناسی ئیسلامی سیاسییە کە ئەویش بە نۆبەی خۆی کاردانەوەی ئاگاییەکەی قەیراناوییە لە بەرامبەر دەرکەوتنی شێوەیەکی نوێ بۆ ڕێکخراوی سیاسی وەک دەوڵەت لەسەر پاشماوەکانی دەسەڵاتی خیلافە و دروستبوونی کۆمەڵگا نەتەوەییەکان و پەرەسەندنی ئاگایی کۆمەڵگای سەر بە نەتەوە لەبری پەیوەستبوونی گرووپ و کۆمەڵە ئایینییەکان، بە شێوەیەک گوتاری ئیسلامی سیاسی بوو بە دوا پەناگە بۆ گوزارشتکردن لە ئازاری ئاگاییەک کە لە قۆناغی گواستنەوەدا بوو لە کۆمەڵگەیەکی باوەوە بۆ کۆمەڵگایەکی مۆدێرن، ئاگاییەکی دابەش بوو لە نێوان ڕابردوویەک کە لەدەستدرابوو و نەدەکرا بەدەست بهێنرێتەوە و ئێستایەک کە ئەو ئاگاییە نەیدەتوانی دەست بگرێت بەسەریدا. کەواتە ئەم گوتارە دەرەنجامی ئاگاییەکە ناتوانێت ڕووبەڕووی مۆدێرنە و سیستمی کۆڵۆنیالی ببێتەوە، کە لەلایەن دەوڵەتی نەتەوەیی نوێوە بە میرات ماوەتەوە و هاوکات لەگەڵیدا سیستم و دامەزراوەی سیاسی و سیستمی دیموکراسی و ژیانی پەرلەمانی، عەلمانییەت و سەروەری نەتەوە سەپاوە، لێرەوە بیرۆکەی “دەوڵەتی ئیسلامی” سەریهەڵدا و دروشمی “ئیسلام ئایینی دەوڵەت”ە بەرزکرایەوە.
زۆرینەی کۆمەڵەکانی ئیسلامی سیاسی لە دەوری بیروباوەڕێکی ئایدۆلۆژی کۆدەبنەوە، کە سنووری نەتەوە دەبەزێنێت بە ئاڕاستەی نێونەتەوەیی لەسەر بنەمای باوەڕ بە ڕاستی سەرتاپاگیر و ڕەهای ئیسلام. لێرەوەیە کە کۆمەڵە ئیسلامییەکان شوناسی نەتەوەیی ڕەتدەکەنەوە و پێیان وایە بیری نەتەوەیی نامۆ و دژ بە ڕۆحی ئیسلامە، یەکێک لە ڕۆشنبیرەکانی ئەم ڕەوتە بەم شێوەیە پاساو بۆ ئەو هەڵوێستە دەهێنێتەوە “بیری نەتەوەیی کوردی ئەگەر چی دژ بە بیری نەتەوەیی عەرەبی و تورکی و فارسییە لە ئامانجدا، بەڵام هەر لەیەک سەرچاوەوە هەڵدەقوڵێت کە بیرێکی نا ئایینیی ڕۆژئاواییە و هەمان خەسڵەتی بیر و جووڵانەوە نەتەوەییەکانی عەرەب و تورکیا و فارسە، ئەم بۆچوونە یەکدەگرێتەوە لەگەڵ بیروباوەڕی دامەزرێنەرانی ئیسلامی سیاسی و هەڵوێستیان بەرامبەر بە پرسی نەتەوەیی، بەو پێیەی کە ئەبو ئەعلای مەودودی پێشتر جەختی کردبووەوە لەسەر ئەوەی کە ئیسلام بنەمای جاهلییەت هەڵدەتەکێنێت کە پێشتر تەواوی نەتەوەکانی لەسەر دروست دەکرا لە جیهاندا، هەر لەسەر ئەو بنەمایە ئیسلام ئوممەتێکی نوێ دروست دەکات لەسەر بنەمای باوەڕ و بەندایەتی و ملکەچبوون بۆ خودا.

دواتر مەودودی بە ناشیرینی باس لەو موسڵمانانە دەکات کە شانازی بە شوناس و میراتی نەتەوەیی و سیمبولە نەتەوەییەکانیانەوە دەکەن کاتێک دەڵێت “لەناو موسڵمانەکاندا ئەمڕۆ سروودی نەتەوەیی و نیشتمانی بەرزدەبێتەوە، دوای ئەوەی کە وانەکانی لە ڕۆژئاواوە فێربوون، ئەوانە گێلن نە لە کولتووری خۆیان گەیشتوون نە لە کولتووری ڕۆژئاوایی، هەروەها نازانن کە ئەوەی بۆ نەتەوەی ڕۆژئاوایی ئاوی ژیانە، بۆ نەتەوەی ئیسلامی ژەهرە”. بە هەمان شێوە سەرکردەیەک لە جوڵانەوەی ئیسلامی کوردستان لە ساڵی 1992 گاڵتە بە هەر جۆرە پابەندبوونێکی هەستی نەتەوەیی دەکات و دەڵێت “ئێمە قوڵایی و پابەندبونێکی ڕۆحی لەدەست نادەین لە بەرامبەر بەدەستهێنانی کوردێکی عەلمانی کە لە باڕەکان و سەماخانەکانی ڕۆژئاوا پەروەردە بووبێت لەسەر پۆخڵەواتی بیری عەلمانی”، لە چوارچێوەی ئەم گوتارەدا کە دژبەیەکییەکی ڕەها دروست دەکات لەنێوان پابەندبوون بە هەستی نەتەوەیی و پابەندبوون بە ئیسلام، لێرەوە دەکرێت بگەینە ئەو دەرەنجامەی کە بۆچی بەشێک لە پەرلەمانتارە ئیسلامییەکانی کوردستان لە کاتی وتنەوەی سروودی ئەی ڕەقیب هەڵناستنەسەرپێ. بەم هەڵوێستانەدا هەست بە قووڵی پابەندبوونی ئیسلامی دەکەین لەلایەن هەندێک لە ئیسلامییە کوردەکان لەسەر حیسابی نەتەوەیی، ئەمەش هۆکاری ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە بۆچی هەندێک لە ئیسلامییەکانی کوردستان بێدەنگی هەڵدەبژێرن لە ئاست ئەو کارەساتانەی کە بەسەر کورد دێت لە عەفرین و ناوچەکانی دیکەی کوردستانی سوریا لەسەر دەستی میلیشیا ئیسلامییەکان بە پشتیوانی و هاوکاری سەرۆکی تورکیا.

وەرزنامەی ئایینناسی ژمارە (2) نیسانی (2023) ساڵی یەكەم

Send this to a friend