• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
January 19, 2022

مۆدێلی شیکاریی بواری ستراتیژیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لێکۆڵینەوەی بابەتیانەی کەنداو

مەهدی دڵبەند

وەرگێڕانی : سامان عەبدوڵا

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:- وەرزنامەی ئێرانناسی ژمارە (٢) كانونی دووه‌می ٢٠٢٢.

پوختەیەک

بۆ بڕیاردان لە بواری سیاسەتی دەرەوە، پێویستە ڕاستییە دەرەکییەکان، توانا ناوخۆیی و تێچوو و سوودە گریمانەییەکان بەباشی بناسرێن. لەسەر ئەم بنەمایە، شیکاریی بواری ستراتیژی لە سیاسەتی دەرەوە، یەکێکە لە پێویستییە سەرەکییەکان. شیکاریی ژینگە، هەروەها ئەگەری پێشبینیی داهاتوو و پێشگیری لە بارودۆخ و ڕووداوی پێشبینینەکراویش دەڕەخسێنێت. بابەتەکانی ناوچەی کەنداوی فارس لەگەڵ پەیوەندییە دەروونییە قووڵ و مێژووییەکان، کولتووری، سیاسی، ئابووری و پەیوەندیی جوگرافیایی؛ گرنگییەکی لەپێشینەی هەیە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران. ئەم وتارەی ئێستا، بە سوودوەرگرتن لە شێواز و ئامرازی زانستی شیکاریی ژینگە لە زانستی بەڕێوەبردنی ستراتیژی و شێوازی شیکاری و ناساندن، دەیەوێت وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە کە مۆدێلی گونجاوی شیکاریی ژینگە لە کەنداوی فارس چییە؟ بۆ ئەم مەبەستە، بە پشتبەستن بە پێکهاتە مێژوویی، کولتووری، پەیوەندیی ئابووری و ڕکابەری هێزە ناوچەیی و دەرەکییەکان، لەنێوان مۆدێلەكانی شیکاریی ژینگە، مۆدێلی “PESTEL”، کە پێکهاتەکانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، تەکنەلۆژی، ژینگەیی و یاسایی لەخۆ دەگرێت، وەک مۆدێلی گونجاو بۆ شیکاریی گۆڕانکاریی ژینگە دەناسێنێت.

کلیلی وشەکان

شیکاریی ژینگە، سیاسەتی دەرەوەی ئێران، کەنداوی فارس[1]، مۆدێلی “PESTEL”

پێشەکی

گرنگترین بەرهەمی سیاسەتی دەرەوەی هەر وڵاتێک، دەتوانێت وەک دابینکەری یەکێتیی خاک، ئاسایشی سەرزەوی و ناوبانگ و متمانەی نێودەوڵەتیی ئەو وڵاتە لەبەرچاو بگیرێت. بنەمای سیاسەتی دەرەوە، بەندە بە ڕەفتاری یەکە سیاسییەکان لەگەڵ ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکانی دیکە. بۆ ئەم مەبەستە، ناسینی هۆکارەکانی ژینگەی ستراتیژی و گۆڕانکاریی نێودەوڵەتی پێویستن. ژینگەی ستراتیژیی هەر وڵاتێک، لە ڕاستیدا سنوورێکی پێناسەکراوە لە هەل و هەڕەشەکان لەسەر ئەو وڵاتە، هەر چەشنە بڕیاردان و جێبەجێکردنی وردی ئەو بڕیارە بۆ سوودوەرگرتن لە هەل و بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکان، پەیوەستە بە ناسینی بوار و ژینگەی ستراتیژییەوە. کە وا بوو دەتوانین بڵێین گرنگترین ئەرکی دەزگای سیاسەتی دەرەوەی وڵاتان، ناسینی بابەتە ستراتیژییەکانی خۆیەتی، بە سوودوەرگرتن لە بۆچوون و ئامرازی ستراتیژی. لە زانستی کارگێڕیی ستراتیژیدا، ناوچەی دەرەوە بریتییە لە کۆمەڵێک هۆکار کە لە دەرەوەی ڕێکخراوەکە دامەزراوە، یان یەکە سیاسییەکان دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی هەل یان هەڕەشە. شیکاری و لێکۆڵینەوەی ژینگەی ستراتیژی، لە ڕاستیدا کردەوەیەکە کە تیایدا بەشی ناوەوە و دەرەوەی هەر یەکەیەکی سیاسی دەخرێتە ژێر لێکۆڵینەوە و تاوتوێکردن، تاکوو هەل و مەترسییەکان بناسرێن لە پێناو بڕیاردان و ڕێکخستنی سیستەماتیک بۆ گەیشتن بە ئامانج و خواستنی نەتەوەیی. لە هەمان کاتدا ئەگەری پێشبینی و ئایندەناسیی ستراتیژییش دابین دەکات.

کەنداوی فارس بە ڕەچاوکردنی ژینگەی جوگرافیایی تایبەت و بوونی سەرچاوەی ژێرزەویی وەک نەوت و غاز، ماوەیەکی زۆرە کە بووەتە جێی گرنگیدان و مشتومڕ لەنێوان هێزە جیهانی و ناوچەییەکان. گەرووی هورمزیش بە هۆی ئەوەی کە تەنیا ڕێگای هاتنە ناو کەنداوی فارسە و تەنیا ڕێگای دەستگەیشتنی ئاوییە بۆ وڵاتانی ناوچەکە، بۆیە گرنگییەکی زۆری هەیە، بەڵام ئەم گرنگییە کاتێک گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی کە نەوت لە کەنداوی فارس دۆزرایەوە و تا ئەمڕۆکەش یەکێکە لە بنەڕەتیترین سەرچاوەی وزەی جیهان و سەرەکیترین سەرچاوەی داهاتی وڵاتانی ناوچەکە. کەنداوی فارس بە هۆی ژینگەی لەسەر هێڵی دەریایی، زەریای هیند، دەریای عوممان، دەریای سوور و دەریای میدیترانە و پەیوەندیی بە کەنارەکانی ئێران و عێراق و نیمچەدوورگەی عەرەبییەوە، لە سەردەمانێکی زۆر کۆنەوە لە زۆربەی ڕکابەری و مشتومڕ و بزووتنەوە ئابوورییەکانی ڕۆژهەڵات و ڕٶژئاوادا ڕۆڵێکی سەرەکیی هەبووە. بە ڕەچاوکردنی گرنگیی زۆری جیۆپۆلەتیک و جیۆستراتیژیکی کەنداوی فارس، ئەم ناوچەیە ناوچەیەکی ستراتیژییە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران. ئەوەی کە لەم وتارەدا باسی لێوە دەکرێت، شیکاریی هەل و ئاستەنگی ژینگەیی ستراتیژیی کەنداوی فارسە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران و دۆزینەوەی باشترین مۆدێلی شیکارییە بۆ ئەو بابەتە. کە وا بوو پرسیاری سەرەکیی  لێکۆڵینەوەکە ئەوەیە کە مۆدێلی شیکاریی ژینگەی ستراتیژیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کەنداوی فارس چییە؟ وا دەردەکەوێت کە سوودوەرگرتن لە مۆدێلی شیکاریی “PESTEL”، دەتوانێت شیکارێکی گونجاو بۆ ئامانج و بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کەنداوی فارس پێشکەش بکات.

چوارچێوەی تیۆری

هۆکارگەلێکی جیاواز کار دەکەنە سەر ڕێکخراوێک کە دەکرێت بۆ دوو بەشی ناوخۆی ڕێکخراو و دەرەوەی ڕێکخراوەکە دابەش بکرێت. شیكردنەوەی ستراتیژی بریتییە لە هۆکارەکانی دەرەوە و ناوەوەی ڕێکخراوێک بۆ بەرنامەدانانی ستراتیژی. لە ڕاستیدا بڕیاردان و بەرنامەدانانی ڕێکخراوەکە، پەیڕەویی ناسینی ژینگەی پلاندانانە. لە ڕوانگەی ڕووبەڕووبوونەوەی چالاک و بۆ بەردەوامبوونی چالاکی و سوودوەرگرتن لە هەلەکان و خۆبەدوورگرتن لە ئاستەنگەکان، پێویستە گرنگیی تایبەت بدرێت بە مۆدێلی شیکاریی ژینگەی ستراتیژی. مەبەست لە مۆدێل، چوارچێوەیەکە بۆ بیرکردنەوە لەسەر ژینگە و ڕێکخستنی شیکاریی ژینگە لە بواری جێی مەبەستەکەیە. مەبەست لە ژینگەش، کۆمەڵەیەکە لە بارودۆخ و هێز و هۆکار و پێکهاتەگەلێک، کە سەرچاوەیەکی دیاریکەرن بۆ بەرپرسیارێتی و بەردەوامیی بەشی چالاکییەکان لە بارودۆخی بڕیارداندا. ژینگەی بەرنامەدانانیش بریتییە لە هەڵسوکەوت لەگەڵ لایەنە دەروونییەکانی ڕێکخراوەکە پێکەوە و لەگەڵ هۆکارەکانی دەرەوەی ڕێکخراوەکە. لە بابەتی بەرنامەدانانی ستراتیژیدا، ژینگەی بەرنامەدانان بە هەموو ئەو هۆکارانە دەگوترێت کە کار دەکەنە سەر ڕێکخراوەکە، یان کاریگەریی لێ وەردەگرن. ڕێکخراوەکان لە چوارچێوەی ژینگە، بابەتە ستراتیژییەکان دەناسنەوە، ئەوکات بڕیار دەدەن. لە ڕاستیدا دیاریکردنی ئامانجەکان، چالاکی و ستراتیژی و سیاسەتە مەزنەکان، هەموویان پەیڕەویی هۆکارە ژینگەییەکانن. بەم هۆیە یەکێک لە قۆناغە زۆر گرنگەکان لە بەرنامەدانانی ستراتیژیدا، هەڵسەنگاندنی ژینگەی ناوخۆیی و دەرەکییە.

مۆدێلی شیکاریی ژینگەی ستراتیژی: ژینگە ستراتیژییەکان بە شێوازی جیاواز وەک ژینگەی ئاسایشی باو، ژینگەی ئاسایشی جیاواز، ژینگەی ئاژاوە، ژینگەی ئاسایشی لەسەر بنەمای کاراکتەرە یەکسانەکان، ژینگەی ئاسایشی لەسەر بنەمای کاراکتەرە نایەکسانەکان و ژینگەی ئاسایش لەسەر بنەمای ئاشتی یان ئاژاوە؛ دابەش دەکرێن. لە شیکاریی ژینگەی ستراتیژیدا، پێکهێنەرگەلێكی جیاواز وەک پێکهێنەری سیاسی، کولتووری و کۆمەڵایەتی، ئابووری، تەکنەلۆژی، ژینگەیی و نێودەوڵەتی لەبەرچاو دەگیرێت. جۆرەکانی مۆدێلی شیکاریی ژینگەی ستراتیژی، لە خشتەی (١)دا نیشان دراون.

[1]  راجیایی لەسەر كەنداوی فارس و عەرەبی هەیە. بۆیە ئەگەر نووسەر فارسی بەكارهێناوە گوزارشت لە سیاسەتی وەرزنامە ناكات.

خشتەی (١)

مۆدێلی شیکاریی ژینگەی ستراتیژی

هەڵبژاردنی هەر کام لەم نموونانە، پەیوەندیی هەیە بە ژینگەی ستراتیژی جێی مەبەست و پێکهێنەرە زەق و بەرجەستەکانیەوە. بە ناسینەوە و تاوتوێکردنی هەر کام لەو گۆڕاوانە، دەکرێت بگەیت بە ناسینەوەی دیاردە و ڕەوتەکان و هەڵسەنگاندنی تەواو ژینگە. هەروەها دەتوانرێت ئەو ڕەوتانە بناسرێنەوە کە خەریکن سەر هەڵدەدەن و هەل و هەڕەشەکانی داهاتووش پێشبینی بکرێت.

بە یارمەتیی خشتەی مۆدێلی پێشکەشکراو، ئاماژە دەکرێت بە گرنگترین هۆکارە کاریگەرەکان لە داڕشتنی مۆدێلی شیکاری بۆ ژینگە ستراتیژییەکان، بەتایبەت کەنداوی فارس:

هۆکارە سیاسییەکان

هۆکارە ئابوورییەکان

هۆکارە کۆمەڵایەتی-کولتوورییەکان

تایبەتمەندیی ناوچەیی کەنداوی فارس

ژینگەی جوگرافی

کەنداوی فارس لە ناوەندی باشووری ڕۆژئاوای ئاسیا و لە بەشی باکووری گۆی زەوی و لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا هەڵکەوتووە، کە شوێنەکەی لە ٣٢ خولەک پانیی باکوور و ٤٨ و ٥٨ خولەک درێژیی ڕۆژهەڵاتدایە. کەنداوی فارس ئەمڕۆ بەشێکی بچووکە لە پانتاییەکی فراوانی ئاوی کە لە سەردەمی کۆندا پێی دەگوترا دەریای پارس. ڕووبەری کەنداوی فارس ٢٣،٧،٤٧،٣ کیلۆمەتری چوارگۆشەیە و پاش کەنداوی مەکسیک و کەنداوی هۆتسۆن، بە سێیەم کەنداوی گەورەی جیهان هەژمار دەکرێت و درێژییەکەی لە دوورگەی هەنگامەوە تا کۆتایی ئەروەند ڕوود؛ ٨٥٠ کیلۆمەتر و پانییەکەشی لەنێوان ٣٠ تاکوو ٣١ کیلۆمەتر و قووڵییەکەی لەنێوان یەک تاکە نەوەد و یەک مەتردایە و لە بەشی باکووری ڕۆژهەڵاتی کەنداوی فارس، کەناراوەکانی ئێران بە درێژایی ١٢٥٩ کیلۆمەتر و لە باکووریترین خاڵی ئەوێ؛ وڵاتی عێراق بە چل کیلۆمەتری چوارگۆشە، لە ڕۆژئاواکەشی؛ کوێت بە ٦٠ کیلۆمەتر و لە باشوورەوە وڵاتی عەرەبستان بە ٤٠٠ کیلۆمەتر و قەتەر بە ٥٦٣ کیلۆمەتر و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بە ٨٠٠ کیلۆمەتر بوونیان هەیە. ڕۆژهەڵاتی کەنداوی فارسیش بە دەریای عومان کۆتایی دێت. بە ڕەچاوکردنی پانیی جوگرافیای بێوێنە و سنوورداربوون لەنێوان بیابانەکانی دەوروبەر، ئەم ناوچەیە ئاووهەوایەکی گەرم و وشکی هەیە. لە هاویناندا زۆر گەرم و زستانانیش فێنکە. بەرزیی گەرما لە هاویندا ئەوەندە زۆرە کە پلەی گەرمیی ئاو لە مانگەکانی حوزەیران و ئاب، تاکوو ٣٨ پلەی سیلیزی دەگات. لەبەر ئەوە وەرزەکانی هاوین و زستان لەو ناوچەیە بەئەستەم لێک جیا دەکرێنەوە. گرنگترین ئەو ئاوانەی کە لە ڕووبارەکانەوە دەچنە کەنداوی فارس، بریتین لە:

– زۆرترین ئاوێک کە دەڕژێنە کەنداو، لە ڕووبارەکانی کارون و دیجلە و فوڕاتەوە سەرچاوە دەگرن کە لە ئەروەند ڕوود یەک دەگرنەوە.

– ڕووبارەکانی پارێزگای خوزستان وەک بەهمەن شیر، کەرخە و جەراحی.

– ڕووبارەکانی هەندیجان (تاب)، دالکی و روودمەند کە بەشێکن لە ڕووبارەکانی پارێزگای فارس.

قەبارەی گشتیی ئەو ئاوانەی کە دەچنە کەنداوی فارس، کەمترە لە ئاوێک کە لەوێ دەبێت بە هەڵم. بۆیە ئەگەر ڕۆژێک گەرووی هورمز ببەسترێت، ئەوا ناوچەی کەنداوی فارس بە شێوەی زەلکاوێکی لێ دێت. کەنداوی فارس بە ڕەچاوکردنی ژینگەی جوگرافیی خۆی، بەتایبەت ژینگەی ڕێژەیی و سەرچاوەی ژێرزەویی وەک نەوت و غاز، ماوەیەکی زۆرە کە بووەتە جێی گرنگیدان و مشتومڕ لەنێوان هێزە جیهانی و ناوچەییەکان. هەشت وڵات لە چواردەوری کەنداو هەن کە بریتین لە ئێران، عێراق، عەرەبستان، کوێت، قەتەر، بەحرەین و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی.

گرنگیی ستراتیژی و جیۆپۆلەتیکی کەنداوی فارس

ژان گاتمان؛ توێژەری جوگرافیای سیاسیی نوێ، دەڵێت: ئەگەر ڕووبەری گۆی زەوی وەک تۆپێکی پینگ پۆنگ لووس و بێ بەرز و نزمیی جۆراوجۆر بووایە، بابەتگەلێکی وەک جوگرافیای سیاسی و پەیوەندیی نێودەوڵەتی و گرنگیی جیۆپۆلەتیک و ستراتیژێکیی ناوچەکانیش بوونی نەدەبوو. کەنداوی فارس ناوچەیەکی جیۆپۆلێتیکیی ئێرانی-عەرەبییە، کە بە هۆی هەستیاریی جوگرافی و بوونی پاشەکەوتی گەورەی نەوت و غاز، هەمیشە سەرنجی وڵاتانی دراوسێ و هەروەها جیهانی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە. کەنداوی فارس، سێ کیشوەری ئەورووپا، ئاسیا و ئەفەریقا پێکەوە دەبەستێتەوە و وەک بەشێک لە سیستمی بەستنەوە بە دەریای میدیترانە، دەریای سوور و زەریای هیندەوە هەژمار دەکرێت. کەنداوی فارس لە سەدەی نۆزدەهەمەوە بەشێک بووە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی بەریتانیا و پاش جەنگی جیهانیی دووەمیش ناوچەی دەسەڵاتی هاوبەشی ئەمەریکا و بریتانیا بووە. کەنداوی فارس لە ڕیزبەندیی ناوچە ستراتیژییەکاندا، بەردەوام لە چەقی گرنگیدانی هێزە گەورەکاندایە.

گەرووی هورمز

گەرووی هورمز ڕێگایەکی ئاویی شێوە كەوانەییە بە درێژیی ١٨٧ کیلۆمەتر، کە کەنداوی فارس دەبەستێتەوە بە دەریای عوممانەوە. پانیی ئەم گەرووە لە تەسکترین بەشیدا، واتە نێوان دوورگەی قونەینی گەورە و دوورگەی لارک، ٣٨ کیلۆمەترە و لە سەرەتای گەرووەکەشدا ئەم پانییە دەگاتە ٩٦ کیلۆمەتر. ئەم گەرووە لە باکوورەوە بە ئێران و لە باشووریشەوە سنووردارە بە دوورگەی موسەندەمی وڵاتی عوممانەوە. سنوورەکانی ئەم گەرووە بە ١٢ میل (نزیکەی ٢/١٩ کیلۆمەتر) لە ڕێککەوتننامەی نێوان دوو وڵاتی ئێران و عوممان، بۆ هەردوو وڵات دیاری کراوە. لە ڕووی گرنگییەوە ئەم گەرووە یەکێکە لە ستراتیژیترین گەرووەکانی جیهان، بە چەشنێک کە ئالبۆ کرێک؛ هێرشبەری پورتوگالی بۆ ناوچەی کەنداوی فارس و زەریای هیند، لە ساڵی ١٥٠٧ دەڵێت: هەر دەوڵەتێک کە سێ گەرووی هورمز، باب ئەلمەندەب و مالاکای لەژێر دەستدا بێت، ئەوا بەسەر جیهاندا زاڵ دەبێت. بەپێی ڕێککەوتنێک لەنێوان ئێران و عوممان، کە لە ساڵی ١٩٧٤ ڕێک خرا و واژۆ کراوە، پاراستنی گەرووی هورمز لە ئەستۆی هەردوو وڵاتی ئێران و عومماندایە.

 

کۆمەڵەی ئاسایشی ناوچەی کەنداوی فارس

لە باوترین پێناسەدا، کۆمەڵەی ئاسایشی بریتییە لە گرووپێک لە وڵاتان کە نیگەرانیی ئاسایشی سەرەکییان تا ئەوەندە پێکەوە گرێ دراوە کە بە شێوەی لۆجیکانە، ناکرێت ئاسایشی نەتەوەیی هیچیان جیا لە یەک لەبەرچاو بگیرێت. کۆمەڵەکانی ئاسایش لەلایەن مۆدێلە بەردەوامەکانی دۆست و دوژمنایەتییەوە پێناسە دەکرێت. گۆڕاوە مێژووییەکانی وەک دوژمنی بەردەوام یان بوون لە ناوچەیەکی شارستانیەتیدا کە کولتوورێکی هاوبەشیان هەیە، تایبەتمەندیی جیاوازی کۆمەڵەیەکی ئاسایشی ناوچەیی دەخاتە ژێر کاریگەری. دروستبوونی کۆمەڵەی ئاسایشی ناوچەیی لە لایەکەوە لە هەڵسوکەوتی نێوان پێکهاتەی ئانارشی و لێکەوتەکانی بۆ هاوسەنگیی هێز و لە لایەکی دیکەشەوە لە پەستانی نزیکی جوگرافییەوە سەرچاوە دەگرێت.

ئاسایش لە کەنداوی فارس، یەکێک بووە لەو بابەتە سەرەکییانەی کە بەرهەمێنەرانی نەوتی ناوچەکە و بەکارهێنەرە گەورەکان لە سەرانسەری دنیادا بیریان لێ کردووەتەوە. بۆ یەکەم جار ئێران پاش چوونەدەرەوەی هێزە ئیستعمارییەکانی بەریتانیا لە ناوچەکە، خوازیاری ڕێکخستنێکی ناوچەیی بوو بۆ ئاسایشی کەنداوی فارس. دڵەڕاوکێی سەرەکیی ئێران بۆ ئەو ڕێکخستنە، ئەوە بوو کە هەر سیستمێکی ئاسایشی کە یەکێک لە وڵاتانی کەناراوەکە وەک ئەندام قبوول نەکات، نەک هەر ناتەواوە، بەڵکوو شتێک نییە جگە لە سەرچاوەیەکی هاندان لە دژی وڵاتان، یان ئەو وڵاتەی کە پەراوێز خراوە لەناو سیستمەکەدا. ئێران لە سەرەتاکانی دەیەی ١٩٧٠، بەکردەوە هۆشداری دا کە هەرگیز ڕێکخراوێکی ئاسایشی کەموکوڕی بەو شێوەیەی لە ناوچەکە قبووڵ نییە. تەنانەت کاتێک کە ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداوی فارس لە ساڵی ١٩٨١، بە پشتگیریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دروست بوو، هیچ قسەیەکی لە بواری بەرپرسیارێتیی پاراستنی ئاسایش لە کەنداوی فارس لەئەستۆ نەگرت و ئەو ئەنجوومەنە ئارەزووەکانی خۆی بە هاوکاری لەنێوان ئەندامەکانی خۆیدا سنووردار کرد.

پاش ڕووداوەکانی ١١ی سێپتەمبەری ٢٠٠١، ئامادەبوونی ڕاستەوخۆی ئەمەریکا لە کەنداوی فارس زیادی کرد و ئەو وڵاتە قۆناغێکی نوێی بۆ جێگیرکردنی هەژموونی خۆی دەست پێ کرد. ئەمەریکا هەوڵی دا کەنداوی فارس و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکاتە ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی خۆی بەتەنیا و لەم ئاڕاستەیەدا ئێران و عێراقی خستە ڕیزی تەوەرەی شەڕانگێزی و بۆ گۆڕینی ڕژێم، ساڵی ٢٠٠٣ هێرشی سەربازیی کردە سەر عێراق و هەوڵی دا ئێرانیش گۆشەگیر بکات. لەم ئاڕاستەیەدا ئەمەریکا هەوڵی دا تاکوو هاوکاری و بەشداریی وڵاتانی ئەنجوومەنی هاوکاریی کەنداوی فارس بەدەست بهێنێت.

یەکێک لە هۆکارەکانی هاوکاری و یەکێتیی نێوان وڵاتانی ئەنجوومەنی هاوکاریی کەنداوی فارس لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، دەگەڕێتەوە بۆ هاوکاری لە بواری چەکدا. ئەم هاوکارییانە؛ هاوکاریی بەرگریی دوو یان چەند لایەنە و بەشداری لە چالاکیی فێرکاری و مانۆڕی سەربازی لە چوارچێوەی پەیمانی ئاسایش و بەرگریی نێوان ئەمەریکا و ئەو وڵاتانە لەخۆ دەگرێت. ئەم یەکێتییانە یەکگرتنێکن لەسەر بنەمای ئاسایش یان هێز، کە دەکرێت وەک مۆدێلێک لە سیاسەتی کلکایەتیی وڵاتانی ناوچەکە بۆ هێزی باڵادەست دابنرێت. بە واتایەکی دیکە، ئەم یەکێتییانە بە هۆکارگەلی بەرژەوەندخوازانە و ماددیگەرایانە بۆ هاوسەنگیی هێز لەبەرانبەر ئێران و وڵاتانی پشتیوانی ئێران لە ناوچەکە دروست بوون.

تایبەتمەندییەکانی ژینگەی ستراتیژیی کەنداوی فارس

١. سیاسی:

زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوای ئاسیا و بەتایبەت وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس، لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەم سەربەخۆییان بەدەست هێنا. ئەم وڵاتانە لەژێر پارێزگاریی وڵاتە گەورەکاندا بوون و لە بواری فەرمانڕەوایی و دەوڵەت-نەتەوەسازیدا هیچ ئەزموونێکیان نەبوو. بەم هۆکارە پاش سەربەخۆبوون، ڕووبەڕووی کێشە و ئاستەنگی گەورە بوونەوە وەک گەشەکردن و فراوانبوونی ئابووری، کولتووری و سیاسی. پێکهاتەی ناوخۆیی ئەم وڵاتانە وەک جۆری حکومەت، مەشروعیەت، پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و ئابووریی باو، لەسەر بنەمایەکی خێڵەکی بوو. ئەم پێکهاتە سیاسییانە بوون بە یەکێک لە گرنگترین سەرچاوە و ناوەندی هەڕەشە و قەیران بۆ ئاسایشی ناوچەکە. زۆربەی وڵاتانی کەناری کەنداوی فارس بە شێوەی سیستمی پاشایەتی یان دیکتاتۆری بەڕێوە دەبرێن. لە ڕووی گەشەکردنی سیاسییەوە، ئەو وڵاتانە بە یەکێک لە باوترین سیستمی سیاسیی دونیا دادەنرێن. فەرمانڕەوایی درێژمەودای ئالی سعود لە عەرەبستان، ئالی خەلیفە لە بەحرەین، ئالی سانی لە قەتەر، ئالی سەعید لە عەممان و ئالی سەباح لە کۆیت؛ پیشاندەری گەشەنەکردنی سیاسیی ئەم ناوچانانەن.

٢. ئابووری:

کەنداوی فارس بە هۆی بوونی لەسەر هێڵەکانی زەریای هیند، دەریای عەممان، دەریای سوور و دەریای ناوەڕاست و پەیوەندیی ئەو ئاوانە بە کەناراوەکانی ئێران و وڵاتی دوو ڕووبار (عێراق) و نیمچەدوورگەی عەرەبستانەوە، هەر لە زۆر کۆنەوە لە زۆربەی ڕکابەری و مشتومڕەکان و بزووتنەوە ئابوورییەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا ڕۆڵی گرنگی هەبووە. ئەم گرنگبوونە لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە، بە دۆزینەوەی نەوت دوو هێندە زیادی کردووە. لە خوارەوە گرنگترین هۆکاری گرنگیی ئابووریی کەنداوی فارس روون دەکرێنەوە:

نەوت و غاز:

لەبنی کەنداوی فارس و دوورگە و بەندەر و وڵاتانی دەوروبەری، سەرچاوەی کانزایی زۆر بوونی هەیە. گەورەترین و چڕترین پاشەکەوت و بلۆکە نەوتییەکانی جیهان، لە ناوچەی کەنداوی فارسدایە. بەپێی دوایین خەمڵاندنەکان، ناوچەی کەنداوی فارس نزیکەی ٧٣٠ ملیارد بەرمیل نەوتی پاشەکەوتی تێدا سەلمێنراوە و زیاتر لە ٧٠ ترلیۆن مەتری سێجاش پاشەکەوتی غازی سروشتیی تێدایە. پاشەکەوتێکی لەو چەشنە، ئەم ناوچەیەی کردووەتە گەورەترین گەنجینەی وزە لە جیهاندا. لە ئێستادا ئەو نەوتەی کە لە شەش وڵاتی ئێران، عەرەبستانی سعودی، عێراق، کۆیت، ئیمارات و قەتەر بەرهەم دێت، زیاترە لە ٢٠ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێكدا. لە کاتێکدا هەموو ئەو نەوتە خاوەی کە لە جیهاندا بەرهەم دێت، نزیکەی ٨٢ ملیۆن بەرمیلە لە ڕۆژێکدا. کە وا بوو نەوتی کەنداوی فارس نزیکەی لە ٢٥%ی نەوتی جیهان دابین دەکات. هەموو پاشەکەوتی ستراتیژیی نەوت لە جیهاندا بە ١٠٤ ملیارد بەرمیل خەمڵێنراوە و ئەگەر هەناردەی نەوتی ئەم ناوچەیە ڕابوەستێت، پاشەکەوتی نەوتی جیهان تەنیا تا ٨٢ ڕۆژ دەتوانێت وەستانی هەناردەی نەوتی کەنداوی فارس پڕ بکاتەوە.

پاشەکەوتەکانی دیکە:

جگە لە نەوت و غاز، سەرچاوەی گەورەی دیکەش لە وڵاتانی کەناری کەنداوی فارس و کەناراوەکانیدا هەیە کە هەندێک لەوان لە سەردەمانێکی زۆر دوورەوە ناسراون و سوودیان لێ وەرگیراوە. کانزای بەردی ئاسن، خاکی سوور (ئۆکسیدی دۆفر)، بەردی شووشە (سیلیس)، گوگرد و خوێ لەو پاشەکەوتانەن. پاشەکەوتی کانزای وەکوو بەردی ئاسن، خەڵووزی بەرد، بەردی سوور (گڵی ئەرمەنی)، خوێ، گۆگرد، سیلیس، قورقوشم، میکا، بەردی چیمەنتۆ، بەردی بیناسازی و جوانکاری، مس، قەلع، مەنگەنیس، کرۆمایت، کاۆلین، زاخ، جیوە، زێڕ و زیو و یۆرانیۆم، تا ڕادەیەک لە شوێنە جیاوازەکانی ناوچەکە و بەتایبەت لە ئێراندا بوونیان هەیە.

ماسی و گیاندارە دەرییایەکان:

ماسییەکانی کەنداوی فارس لە ڕووی جۆراوجۆری و ژمارەی زۆری ماسیی خۆراکی و پیشەسازییەوە، بە سامانێکی ڕاستەقینە دادەنرێن. ماسییەکانی ناوچەکە بۆ دوو گرووپ دابەش دەکرێن: ١. ماسیی خۆراکی (هەڵوا سپی، سەرخۆ، سەنگەسەر، شۆریدە و…)، ٢. ماسیی پیشەسازی (گورزەک، سێخاری، بۆمباک، قرش، ئەسپی دەریایی، ماسی چەسپی و…)، کە ئەمانە لە پیشەسازی و دەرمانسازیی پزیشکیدا بەکار دەهێنرێن. لە کەنداوی فارس نزیکەی (٢٠٠) جۆر ماسی هەیە کە سەرچاوەیەکی ئابوورییە و بژێویی ژیانی بەشێکی زۆر لە دانیشتووانی کەناراوەکە بە ماسیگرتن و ڕاوکردن دابین دەبێت. جگە لە جۆرەکانی ماسی، گیانداری دەریایی دیکەی وەکوو: مەیگۆ، ڕۆبیان، هەموو جۆرەکانی قرژاڵ (سینگۆ) و کیسەڵی گەورە کە زیاتر ڕۆژئاواییەکان حەزیان لێیەتی، لە کەنداوی فارس ڕاو دەکرێن و هەناردەی دەرەوە دەکرێن.

مرواری و مەرجان:

مرواریی کەنداوی فارس لە ڕووی خڕی، ڕوونی و بریسکەدانەوە، هەر لە کۆنەوە ناوبانگی جیهانیی هەبووە. باشترین جۆری مرواریی کەنداوی فارس لە دەوروبەری دوورگەی کیش، دوورگەی خارک، بەندەرەکانی شیپکۆ (بەندەر لەنگە) و بەتایبەت لەنزیکی کۆمەڵە دوورگەکانی بەحرەین؛ ڕاو دەکرێت.

سەرچاوەی کشتوکاڵی:

بە هۆی گەرمیی هەوا و ڕیژەی شێوە، توانای کشتوکاڵیی ناوچەی کەنداوی فارس زۆر گرنگە. بوونی خاکی کشتوکاڵی و ئاو، بەتایبەت لە کەناراوەکانی ئێران لەسەر کەنداوی فارس و هەندێک لە دوورگەکانی باکووری ئەو کەنداوە، بوارێکی کشتوکاڵیی باشی لەو ناوچەیە ڕەخساندووە. بێگومان بواری باشی کشتوکاڵیی وەک خاک و ئاو و ڕێژەی باران لە کەناراوەکانی باکووری کەنداوی فارس، زیاترە لەچاو کەناراوەکانی باشووری ڕۆژئاوایەوە. هەروەها ڕووبەری دوورگەکانی کەنداوی فارس، بەتایبەت سێ دوورگەی قشم، کیش و بەحرەین، توێژێکی خۆڵی کشتوکاڵیی گونجاوی هەیە.

بازاڕی باشی بازرگانی:

کەنداوی فارس بازاڕێکی باش و فراوان و پڕ لە سوودە بۆ وڵاتانە جیاوازەکان، بەتایبەت وڵاتانی پیشەسازیی ڕۆژئاوا. گرنگترین هۆکارەکەی ئەوەیە کە هەموو وڵاتانی دراوسێی ناوچەکە خاوەنی نەوتی زۆرن و داهاتێکی چاکیان لە فرۆشتنی نەوت دەست دەکەوێت. جگە لەوەش، هەموو وڵاتانی ناوچەکە، بە بوونی جیاوازییشەوە، بەشێکن لە وڵاتانی دواکەوتوو و ناپیشەسازی.

٣. کۆمەڵایەتی-کولتووری:

بابەتی نەتەوەیی و ئایینی یەکێک بووە لە هۆکارەکانی ناکۆکیی نێوان وڵاتەکانی کەناری کەنداوی فارس. ئەگەرچی نەتەوە و کولتووری جیاواز لە ناوچەکەدا هەیە، بەڵام ڕکابەری و ناکۆکی لەنێوان ئێران و عەرەبەکان زیاتر دەبینرێت. لە ڕووی نەتەوەییەوە، دانیشتووانی عەرەب زۆرترین ژمارەیان لەم کۆمەڵەیەدا هەیە. ئێرانیش ژمارەیەکی زۆر دانیشووی فارسی هەیە. کەمینەی کورد و تورکمانیش لە عێراق و ئێراندا هەن.

بوونی گرووپی شیعە لەو وڵاتانەی کە زۆربەیان سوننەن، هەروەها بوونی کەمینەی سوننە لەو وڵاتانەی کە زۆرینەیان شیعەن، یەکێک بووە لە هۆکارەکانی ناکۆکیی نێوان وڵاتانی کەنداوی فارس. هەروەها بوونی سوننەی وەهابی لە عەرەبستان و چالاکییان لە بواری ئاژاوەنانەوەدا، یەکێکی دیکەیە لەو هۆکارانە.

هەروەها وڵاتانی کەنداوی فارس گیرۆدەن بەدەست گەشەکردنێکی ناڕێکی ئابووری و کولتووری و دەمارگیری و دواکەوتوویی و تەشەنەکردنی کولتوور و شێوازی ژیانی ڕۆژئاواییەوە.

یەکێک لە پێکهێنەرە گرنگەکانی کولتووری و کۆمەڵایەتی، دانیشتووانن. دانیشتووانی ئێرانیش لە ڕووی چەندێتی و چۆنێتییەوە لە ناوچەی کەنداوی فارسدا لە پلەی یەکەمدان. کۆی گشتیی دانیشتووانی شەش وڵاتی کەناری کەنداوی فارس، نزیکەی ٥/٥٦ ملیۆن کەسە، لە کاتێکدا کە دانیشتووانی ئێران بەتەنیا نزیکەی ٨٠ ملیۆن کەسە. جگە لەوەش، یەكێتیی نەتەوەیی لە ئێران زۆر بەهێزە و ئەم یەکێتییە و هەستی نەتەوەییەش لە ماوەی شەڕی عێراق دژی ئێران بەباشی پیشان درا. بەشێکی گرنگ لە دانیشتووانی وڵاتانی عەرەبیی کەنداوی فارس؛ کۆچبەرن، بەم هۆکارەش ئەو وڵاتانە یەکێتیی دانیشتووانیان نییە. بوونی دانیشتووانێکی هاونەتەوە، یەکێکە لە سەرچاوەکانی هێز.

٤. لە ڕووی تەکنەلۆژیاوە:

یەکێک لەو بابەتانەی کە وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس لە ئێستادا بەدوایدا دەگەڕێن، تەکنەلۆجیای ناوەکییە. وڵاتە عەرەبییەکانی ناوچەی کەنداوی فارس لە ئێستادا لە گۆڕانکارییە ناوچەییەکان و بابەتی ناوەکیدا بەتەواوی لەگەڵ ستراتیژی ئەمەریکا هاوتەریبن و لەم ڕووەوە گەشەکردنی توانای ناوەکیی خۆیان لە چوارچێوەی ڕووبەڕووبوونەوەی هێزی ناوچەیی ئێران و گۆڕینی هاوسەنگیی ستراتیژیدا دەبیننەوە. جووڵە بەرەو بەرنامەی ناوەکی لە وڵاتانی عەرەبی بەگشتی پێشینەیەکی نزیکی چەند دەیەی هەیە کە بێگومان دەچێتە بواری چاودێریی چالاکیی وڵاتانی وەک عێراق، سووریا و میسڕەوە.

وڵاتانی عەرەبی باشووری کەنداوی فارس، تاکوو پێش دەستپێکی سەدەی بیست و یەکەم، هیچ چالاکییەکیان لە بواری هێزی ناوەکی نەبوو. هەر چەندە ڕاپۆرتی پشتڕاستنەکراوە هەبووە لەسەر چالاکیی ڕژێمی سعودی بۆ دەستگەیشتن بە بۆمبی ناوەکی لە ڕێگای وەبەرهێنان لە پیشەسازیی ناوەکیی عێراق و پاکستانەوە لە دەیەی ١٩٧٠، بە چەشنێک کە هەندیك لە دانپێدانانەکانی “محەمەد خیلەوی”؛ ئەو دیپلۆماتکارە سعودیەی کە بووە پەنابەر لە ئەمەریکا و هەواڵە بڵاوکراوەکان لە گەشتەکانی عەبدول قەدیر خان؛ باوکی ناوەکیی پاکستان بۆ عەرەبستان و…، پیشاندەری هەوڵەکانی سعودیەن لە ئاراستەی بەدەستهێنانی چەکی ناوەکیدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم ڕاپۆرتانە زانیاریی تەواویان لەسەر ئامانجی سعودیە دەرنەخست. بەپێی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی وزەی ناوەکی، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبییش سەرقاڵی دروستکردنی وێستگەیەکی ناوەکییە بە بەشدایی کۆریای باشوور کە لەوانەیە تاکوو ساڵی٢٠٢٠ بکەوێتە کار. وا دەردەکەوێت لە داهاتوویەکی نزیکدا ناوچەی کەنداوی فارس، بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای ناوەکی لە ئاراستەی بەرهەمهێنانی وزە بەخۆیەوە ببینێت، کە بێگومان ئەم بابەتە کاریگەریی زۆر لە بواری ستراتیژی، ئابووری، سیاسی، ژینگەیی و… لە ناوچەی کەنداوی فارس دادەنێت.

لە بواری تەکنەلۆژیای زانیارییشدا، بەشێکی زۆر لە خەڵکی جیهان بەتایبەت لە ناوچەی کەنداوی فارس، لەگەڵ بوونی بەرنامەی گەشەکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئامرازەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی و گرنگیدانی ڕوو لە هەڵکشانی سیستمی نێودەوڵەتی بۆ گەشەکردنی دادپەروەری لە ئاستی نەتەوەیی و نێونەتەوەییدا، لە باشییەکانی تاکنەلۆژیای زانیاری لە ئاستی بەجیهانیبووندا بێبەش ماونەتەوە. ئەم سنووردارییە لە بنەڕەتدا لە لایەکەوە دەرەنجامی دابەشکردنی نایەکسانیی تەکنەلۆژیای زانیاری و لە لایەکی دیکەوە بە هۆی خراپیی پەیوەندیی نێوان دەوڵەتانی ناوچەی کەنداوی فارس و دەوڵەت-نەتەوەکانە.

یەکێک لە کێشەکانی وڵاتانی کەنداوی فارس، کەمیی ئاوی خواردنەوەی شیرینە. ڕژێمی زایۆنی تەکنەلۆژیای نوێی شیرینکردنی ئاوی هەیە کە بە فرۆشتنی بە وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس و میسڕ و ئەردەن، دەیەوێت لە بەرانبەردا بەرژەوەندیی دیپلۆماسی و پەیوەندیی قووڵی خۆی لەگەڵ ئەم وڵاتانەدا دابین بکات. ئەم وڵاتانە پێویستیی زۆریان بە ئاو هەیە و بەدوای جێگرەوەیەکی نوێدان لەم بوارەدا و ڕژێمی زایۆنییش ئەم تەکنەلۆژیا نوێیەی لەبەرانبەر بەرژەوەندیی سیاسیی خۆی دەدات بەوان.

٥. ناوچەناسی و ژینگەیی

لەگەڵ ئەوەی کەنداوی فارس سەرچاوەی کانزایی زۆری هەیە، بەڵام ئەم ناوچەیە لە ڕووی ژینگەییەوە زۆر هەستیارە. ئێستاکە پیسبوونی کەنداوی فارس ٤٧ هێندە زیاترە لە پیسبوونی دەریا ئازادەکان. وڵاتانی کەنداوی فارس پڕۆتۆکۆل و بەرنامەی جێبەجێکردنیان بۆ پاراستنی ژینگە نییە. پیسبوونی کەنداوی فارس بە هۆی پیسبوونی نەوتەوەیە، کە لە دۆزینەوە و دەرهێنان و پاڵاوتن و هەناردە و تێپەڕبوونی نەوتبەرەکان و وێستگە سەریازییەکانی نەوت و گۆڕانکاریی فیزیایی لە بەستێن و کەناری دەریاکانەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەویش بە هۆی چالاکیی پیشەسازی و شارنشینی و بەندەرییەوەیە. ڕژانی نەوت لەو کەشتی و تەنکەرە دەریاییانەوە کە نەوت هەڵدەگرن و لە کەنداوی فارسەوە تێدەپەڕن، یان ئامێری هەڵکەندنی نەوت کە لە کەناراوەکاندان، هەروەها ماددەی پیسکەری وەک قڕکەری مێرووەکان، بوونەتە هۆی پیسبوونی کەنداوی فارس. هەر چەندە پیسبوونی کەنداوی فارس هێشتا بۆ تەندروستیی گشتی مەترسیی دروست نەکردووە، بەڵام وڵاتانی ناوچەکە پێویستە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە کەنداوی فارس یەكێکە لە ڕێگا قەرەباڵغەکانی کەشتیی بازرگانی یان سەربازی و ئەگەری ڕوودانی بەریەککەوتنی دەریایی لە نێوانیاندا هەیە، کە ئەویش دەبێتە هۆی پیسبوونی ئاو، سیاسەتی ناوچەیی بۆ پاراستنی ژینگەی کەنداوی فارس دابڕێژن.

٦. هێزە جیهانی و ناوچەییەکان

ئەمریکا: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە شەڕی دووەمی جیهانییەوە تاکوو ئێستا، وەک زلهێزێک حەز و بەرژەوەندیگەلێکی دیاریکراوی لە کەنداوی فارسدا هەبووە. ئەمەریکا وەک یەکەم و کۆنترین وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوت، لە ساڵی (١٩٤٨)ەوە وردەوردە بە هۆی زیادبوونی ڕێژەی بەکار‌هێنانی ناوخۆیی نەوت، وەک وڵاتێکی هاوردەکاری نەوتی لێ هاتووە. ڕێژەی پەیوەستبوونی ئەمەریکا بە نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، پاش شەڕی چوارەمی عەرەب و ئیسڕائیل، نزیکەی لە سەددا دە بووە. ئەمەریکا وەک بەڕێوەبەری سیستمی نیودەوڵەتی، کۆمەڵێک بەرژەوەندیی سەرەکیی هەیە کە پەیوەندییان هەیە بە کۆمەڵەی کەنداوی فارسەوە. بەم هۆیەوە لە سەردەمە جیاوازەکانی مێژووی ناوچەکە، ئەمەریکا لە سێ قۆناغی ڕێکخراودا بە ئاراستەی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی، سوودی لە هەموو جۆرە جیاوازەکانی سیستمی کۆنترۆڵکردن وەرگرتووە، لەسەر بنەمای هەژموونی ناوچەیی، سیاسەت لەسەر بنەمای کۆنترۆڵی دوولایەنە و سیاسەت لەسەر بنەمای هێز. گرنگیی کەنداوی فارس بۆ ئەمەریکییەکان لە چەند ڕوویەکەوەیە:

١. ناوچەی کەنداوی فارس گەورەترین ڕێژەی پاشەکەوتی نەوتی هەیە.

٢. کەنداوی فارس لە ڕووی ستراتیژییەوە بەستراوە بە زەریای هیندەوە.

٣. کەنداوی فارس بەستراوە بە شەڕەکانی عەرەب و ئیسڕائیلەوە.

٤. ترسی وڵاتانی ناوچەکە لە ئیسلامی سیاسی و ڕەوتی ڕوو لە هەڵکشانی ئەو مەترسییە.

٥. پێویستیی پیشەسازیی ڕۆژئاوا بە ئاسایشی گواستنەوەی نەوت لەم ناوچەیە.

ڕوسیا: ستراتیژی ڕووسیا لە کەنداوی فارس، پووچەڵکردنەوەی هەوڵەکانی ئەمەریکایە بۆ دروستکردنی هاوپەیمانی لە ناوچەکە، لەبەر ئەوەی مۆسکۆ پڕۆژەکەی ئەمەریکا وەک هەنگاوێکی مەترسیدار دەبینێت کە هەم دەتوانێت ببیتە هۆی زیادبوونی هێزە سەربازییەکان لە ناوچەکە و هەمیش ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوە زیاتر دەکات. بۆیە کرێملین لەم چوارچێوەیەدا هەوڵ دەدات، تاکوو مۆڵەت نەدات هاوپەیمانیی ئەمەریکییەکان مەترسی لە ناوچەکە زیاتر بکات. لەسەر ئەم بنەمایە، ڕووسیا پڕۆژەی ئاسایشی بەکۆمەڵی لە ناوچەی کەنداوی فارس خستووەتە بەر باس. بەرپرسانی مۆسکۆ لە کۆتاییەکانی دەیەی ١٩٩٠ و سەرەتاکانی دەیەی ٢٠٠٠، کاتێک کە مەترسیی هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر عێراق زیاد بووبوو، پێشنیارێکی لەو چەشنەیان پێشەکەش کرد، بەڵام مۆسکۆ نەیتوانی پشتگیریی وڵاتانی ناوچەکە بۆ ئەم پلانە بەدەست بهێنێت. ڤلادیمێر پۆتینی سەرۆککۆماری ڕووسیا، ساڵی ٢٠١٥ لە دانیشتنی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەکان و لە سەرەتای دەستپێکی چالاکیی سەربازیی ڕووسیا لە سووریا، باسی پێویستیی دروستکردنی هاوپەیمانییەکی دژی ترۆریزمی کردبوو. لەو سەردەمەدا ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دژی ئەم بابەتە بوون و ڕووسیا بەتەنیا مایەوە. لە ساڵانی ڕابردووشدا، وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ڕووسیا بەڵگەنامەیەکی پیشان دا لەژێر ناونیشانی “بیرۆکەی ئاسایشی کەنداوی فارس”، کە تیایدا پێشنیارگەلێک کرابوو لە ئاراستەی بەهێزکردنی متمانە و شەفافیەت لە ناوچەکە و دروستکردنی ڕێکخراوێکی ناوچەیی لە بواری دابینکردنی ئاسایشی ناوچەی کەنداوی فارس. ڕووسیا بۆ بەهێزکردنی ئاسایش لە کەنداوی فارس و نەبوونی هێزی سەربازیی وڵاتانی دەرەوەی ناوچەکە و پێشگیری لە ئاڵۆزی لە ئاراستەی دابینکردنی ئاسایشی گشتی لە ناوچەکە، ئەم پلانەی پێشکەش کردووە.

چین: لەو بارودۆخەی کە کۆماری خەڵکی چین بەدوای گەشەی ئابووری، پیشەسازی و بازرگانیی دەرەوەیە، پێویستیی ئەو وڵاتە بە سەرچاوەی وزەی بەبەردبوو وەک نەوت و غاز؛ بەرز بووەتەوە و ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی هاوردەی ئەم بەرهەمانە لە شوێنە جیاوازەکانی دونیاوە، بەتایبەتی لە کەنداوی فارسەوە. بزوێنەری سەرەکیی چین بۆ چالاکتربوون لە کەنداوی فارس، پێویستییەتی بە وزە و هاوتەریبی، ئەویش کاڵبوونەوەی ڕۆڵی ئایدۆلۆجییە لە سیاسەتی دەرەوەی، لە دەیەی (١٩٨٠)وە. لە چەند ساڵی ڕابردوودا، ئامادەبوونی ئابووریی چین لە کەنداوی فارس و بەستنی گرێبەستی ئابووری لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، لەچاو ڕابردوو زیاتر بووە، لە دەرەوەی ناوچەی ئاسیا ـ ئۆقیانووسییە. ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ چین لەوانەیە بە گرنگترین شوێنی دونیا هەژمار بکرێت. بە هۆی هێزی گەورە و بەرچاوی ئابووریی چینەوە، وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لەلایەن خۆیانەوە لەوانەیە پەکین بە گرنگترین پایتەختی دونیا لەدوای واشینگتۆن دابنێن. بە هۆی بەسترانەوەی چین بە دەریای ناوەڕاست و ئەورووپاوە لە ڕێگای نۆكەندی سوێسەوە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەو وڵاتە ژینگەیەکی مەزنی ستراتیژیی هەیە کە سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ وزەی زۆر پێویست و ناوچەیەکە بۆ گەشەکردنی پەیوەندیی ئابووری ئەو وڵاتە. چین دەیەوێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ژینگەی ئەو وڵاتە وەک هێزێکی تازەدەرکەوتوو قبووڵ بکات. چین پەیوەندییە گەشەسەندووەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە وەک هەلێک دادەنێت بۆ دروستکردنی هاوسەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکان. چین لەژێر کاریگەریی پێویستەییەکانی خۆی بۆ دەستگەیشتنێکی دڵنیا بۆ سەرچاوەکانی وزەی ناوچەکە، لە ئاراستەی دابینکردنی سووتەمەنیی پێویست بۆ گەشەی خۆی لە ناوخۆدا، وا دەردەکەوێت بەدوای ستراتیژییەکەوە بێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر بنەمای پاراستنی پەیوەندیی ئەرێنی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و خۆبەدوورگرتن لە گیرۆدەبوون لە داوی مشتومڕ و شەڕە جیاوازەکانی ناوچەکە، هەر چۆنێک بێت لەبەر ئەوەی کە بوونی ئابووریی چین پێویستی بە دەستوەردانی ڕوولەزیادبوونی سیاسییە لە ناوچەکە، بۆیە ئەم بارودۆخە لەوانەیە وردەوردە دژوارتر ببێت. پەکین لەگەڵ شێوازی حکومەتە دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە هیچ کێشەیەکی نییە و پێداگری دەکات لەسەر سیاسەتی دەستوەرنەدان لە کاروباری وڵاتانی دیکە و بۆ هاوبەشی و یارمەتیی گەشەپێدانی خۆی؛ هیچ مەرجێک دانانێت.

ئەورووپا: یەکێتیی ئەورووپا گەورەترین بازاڕی بەکارهێنانی وزەیە لە جیهاندا. بە ڕاوەستانی هەناردەی ‌غاز لە ڕووسیاوە بۆ ئۆکراین و بیلاروس لە ساڵانی ٢٠٠٦ و ٢٠٠٧، وڵاتانی ئەورووپایی وردەوردە گەیشتن بەو دەرەنجامەی کە سیاسەتی وزەی کرێملین دەتوانێت لە درێژمەودادا مەترسیدار بێت بۆ سەربەخۆیی یەکێتیی ئەورووپا، بەتایبەت وڵاتانی ئەورووپای ناوەندی و ئەورووپای ڕۆژهەڵات و دەبێتە هۆی بەهێزبوونی سەرلەنوێی کرێمیل لەو ناوچەدا. ئەم بابەتە بووە هۆی ئەوەی کە یەکێتیی ئەورووپا لەم ساڵانەی دواییدا بۆ دابینکردنی وزەی خۆی، گرنگییەکی تایبەت بدات بە ناوچەی کەنداوی فارس. کەنداوی فارس ئەگەرچی گەورەترین دابینکەری وزەی ئەورووپا نییە، بەڵام لە سیاسەتی دروستکردنی جۆراوجۆری ئەورووپادا دەتوانێت زیاتر بکەوێتە ژێر گرنگیپێدانەوە. یەکێتیی ئەورووپا ١٥%ی نەوت و ٢%ی غازی سروشتیی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هاوردە دەکات. ساڵی ٢٠١١، زۆرترین بەشی نەوتی هەناردەی کەنداوی فارس بۆ ئەورووپای خۆرئاوا لە ئەستۆی عەرەبستان بوو (٧١/٦ لە سەد)، هەروەها بەشێک لە هەناردە بۆ ئەورووپا لەلایەن ئێران (٣٩/٤ لە سەد) و عێراق (٩٨/١ لە سەد)یەوە دابین دەکرا. ئەم ڕێژەیە (٧٣/١٤ لە سەد)ی هاوردەی نەوتی یەکێتیی ئەورووپا پێک دەهێنێت.

یەکێتیی ئەورووپا لە سەردەمی سەرۆککۆماریی ترەمپدا، نەیتوانی بەرژەوەندیی دوولایەنە لەگەڵ ئەمەریکا، لەناو پەیمانی ئەتلانتیکی باکوور (ناتۆ) بپارێزێت و لە گۆڕانی هەڵوێستی ترەمپ بێهیوا بوو. هەروەها بە زیادبوونی ناکۆکیی نێوان ئەمەریکا و ئەورووپا لە سەردەمی ترەمپ و بوونی ئەو نیگارانییەی کە هەڵوێستەکانی ترەمپ لەوانەیە ببێت بە هۆی ناجێگیریی ناوچەی کەنداوی فارس و ئەم بابەتەش بە زیانێکی گەورە لە هەڵوێستی وڵاتانی ئەورووپای دادەنرا. یەکێتیی ئەورووپا هەوڵی دا، تاکوو بۆ پاراستنی ئاسایش لە ناوچەی کەنداوی فارس گرنگییەکی زیاتر دابنێت. لەم سەردەمانەی دواییشدا وڵاتانی ئەورووپایی هەوڵیان دا، تاکوو بوونی سەربازی خۆیان لە ئەورووپادا زیاتر بکەن.

ڕژێمی زایۆنی: لە ساڵی (١٩٩٤)ەوە پەیوەندییەکی نزیک لەنێوان ڕژێمی زایۆنی و هەندێک لە وڵاتانی عەرەبیی ناوچەی کەنداوی فارس دروست بووە. واژۆکردنی ڕێککەوتننامەکانی ئاشتی لەنێوان ڕێکخراوی ئازادیی فەڵەستین، ئیسرائیل و ئەردەن، دەستپێکی گۆڕانکارییەکی گەورە بوو لە ناوچەی کەنداوی فارس. بەدوای واژۆکردنی ئەو ڕێککەوتننامانە، وڵاتانی عەرەبیی ناوچەی کەنداوی فارس گفتوگۆیەکی دوولایەنە و چەندلایەنەیان لەگەل ئیسڕائیل دەست پێ کرد کە لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا بێوێنە بووە. ئەم گفتوگۆیانە لە بوارەکانی سوودوەرگرتن لە سەرچاوە سروشتییەکان، هاوکاریی ئابووری، هاوکاری لە بواری وزە، هاوکاری لە بواری زانیاری و پەیوەندییەکان، هاوکاری لە بواری سەربازی و ئاسایشیدا ئەنجام دراوە. لەنێوان وڵاتانی کەنداوی فارس، قەتەر و عەممان زیاتر جێی سەرنجی ئیسڕائیل بوون. هۆکاری ئەمەش دەکرێت لە لایەکەوە بگێڕینەوە بۆ ژمارەی کەمی فەڵەستینییەکان لەو وڵاتانە و پشتگیریی خەڵکی ئەو وڵاتانە لەوان و لە لایەکی دیکەوە بوونی ژینگەیەکی جیۆپۆلەتیکیی بێوێنە لە کەنداوی فارس. گرنگترین ئامانجی ڕژێمی زایۆنی لەم هاوپەیمانێتییانە، بریتییە لە: ڕووبەڕووبوونەوەی توندڕەویی ئیسلامی، ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموونی ئێران لە ناوچەکە، پێشکەشکردنی مۆدێلێەکی سیکۆلار، تێکدانی هاوسەنگیی ستراتیژی ناوچەکە لە زیانی ئێران، ئەنجامدانی چالاکیی هەوایی دژی ئێران و هاندانی ئەمەریکا بۆ شەڕکردن لەگەڵ ئێران. ئەو ڕژێمە هەروەها هەوڵ دەدات کە کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک هۆکاری هەڕەشە لەسەر دەسەڵاتی دەوڵەتانی ناوچەکە پیشان بدات. هەروەها مەترسیی توندڕەویی ئیسلامی کە لە ئێرانەوە سەرچاوەی گرتووە، لە وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست گەورە پیشان دەدات و ڕۆڵێکی گرنگی بۆ خۆی داناوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مەترسیی ئیسلامییەکان و دەوڵەتی ئێران وەک چەقی توندڕەویی ئیسلامی لە ناوچەکە و ئێران پیشان دەدات. بەم شێوەیە ئێران وەک مەترسییەک لەسەر سەقامگیریی ناوخۆی ئەو وڵاتانە پیشان دەدات.

قەتەر: قەتەر وڵاتێکی بچووکە، بەڵام دەوڵەمەندە و داهاتی ساڵانەی تاك ٧٥٠٠٠ دۆلارە، سێیەم وڵاتە لە ڕووی پاشەکەوتی ‌غازەوە لە جیهان. هۆکارگەلێک وەک پانتایی خاک و دانیشتووانی کەم، نەبوونی مێژوو، ئایینزا و نەتەوەی جیاواز و چواردەورەدانی لەلایەن دراوسێ و کارەکتەرە ناوچەییە بەهێزەکان؛ بووەتە هۆی ئەوەی کە قەتەر وەک دەوڵەتێکی زۆر بچووک ڕووبەڕووی ئاستەنگ و گیروگرفت و چەندین هەڕەشە ببێتەوە. قەتەر بۆ پاراستنی یەکێتی و فەرمانڕەوایی خۆی لە بواری سیاسەت، ئابووری و کۆمەڵگادا، بەدوای ناو و ناوبانگەوەیە. لەنێوان وڵاتانی ناوچەکە، قەتەر وەک کارەکتەرێک لە ئاستی ناوچەی کەنداوی فارس، هەوڵ دەدات تاکوو ژینگەی خۆی پەرە پێ بدات لە ڕێگای بەڕێوەبردن و دەستوەردان لەو قەیرانانەی دێنە پێشەوە لە وڵاتانی عەرەبیدا. لەم ئاراستەیەدا وڵاتی قەتەر بە پشتبەستن بە سەرچاوە سروشتییەکان و سوودوەرگرتن لە هێزی نەرم و دروستکردنی هاوسەنگی و هەڵسوکەوت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە، هەوڵ دەدات کە هێزی ناوچەیی خۆی زیاد بکات و زیاتر زەقی بکاتەوە لەناو وڵاتانی ناوچەکەدا. لەم ساڵانەی دواییدا، قەتەر توانیویەتی ڕۆڵێکی کاریگەر لە ناوچەکە ببینێت.

ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی: وڵاتی ئیمارات لە چوارچێوەی فیدراسیۆنێکی سیاسی، لە حەوت میرنشین یان شێخنشین پێک هاتووە. ئیماراتیش وەک قەتەر، پێشینەکانی شوناسی و مێژوویی نییە. ئیمارات لەم سالانەی دواییدا هەوڵی داوە تاکوو لە کێشە ناوچەییەکاندا ڕۆڵی هەبێت، بۆ مۆدێل؛ ئیمارات یەکێکە لە کارەکتەرە گرنگەکانی یەکێتی دژی یەمەن. لە ساڵانی ڕابردوو ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە ئاراستەی بەرزکردنەوەی ڕۆڵی ناوچەیی خۆی هەنگاوی ناوە، لەم بوارەدا ڕوانگە و ئامانجە گرنگەکانی سیاسەتی دەرەوە و ناوچەیی ئیمارات و شێوازی هاوتەریبیی ئەم وڵاتە لەگەڵ عەرەبستان گرنگییەکی زۆری هەیە.

ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی وەک یەکێک لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی کەنداوی فارس، بە مەبەستی زیاترکردنی دەسەڵاتی خۆی و بوون بە کارەکتەرێکی گرنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، زۆر جار پشتی بەستووە ئەو سامانەی لەو وڵاتەدا هەیە. لەم بوارەدا ئیماراتی یەکگرتووەی عەرەبی تەنانەت بە گرتنەبەری سیاسەتی زۆر ئاڵۆز و چەندلایەنە، دەست وەردەداتە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی دیکەی ناوچەکەوە. ئیمارات کە وەک مەترسییەک سەیری ڕێکخراوگەلێکی وەک حەماس و حیزبوڵڵا دەکات لەسەر وڵاتەکەی، پەیوەندییەکی زۆر ئاڵۆزی هەیە لەگەڵ هەندێک وڵات، بەتایبەت وەک ئێران کە پشتگیریی ئەو ڕیکخراوانە دەکات.

مۆدێلی شیکاریی ژینگەیی کەنداوی فارس

بە ڕەچاوکردنی ئەو کۆمەڵە پێکهێنەرانە کە گرێدەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانن بە کەنداوی فارسەوە و لە سەرەوە باس کران، هەروەها بۆچوون و پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ناوچەکەی دروست کردووە و کاریگەریی دەبێت لەسەر چۆنێتیی هەڵسوکەوتی دوولایەنە. مۆدێلی مەزنی شیکاریی ژینگەیی “PESTEK” کە لە شەش گرووپی بنەڕەتیی خوارە پێک دێت، لەسەر چالاک مانەوەی پێکهێنەرە بنەڕەتییە کاریگەرەکان لە ناوچەی کەنداوی فارس بە گونجاو لەقەڵەم دەدرێت.

١. هۆکارە سیاسییەکان

٢. هۆکارە ئابوورییەکان

٣. هۆکارە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان

٤. هۆکارە تەکنەلۆژییەکان

٥. هۆکاری ناوچەناسی و ژینگەیی

٦. هۆکاری نێودەوڵەتی و ڕکابەری هێزە ناوچەیی و دەرەکییەکان

مۆدێلەکەی سەرەوە لە ڕاستیدا چوارچێوەیەکە بۆ بیرکردنەوە و شیکاریی گۆڕانکاریی خێرا لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا و هەڵبژاردن و تاوتوێکردنی ناوچە گرنگ و پێکهێنەرە سەرەکییەکان لە هەر ناوچەیەک کە پێویستە لە چوارچێوەی هەوڵێکی ڕێکوپێک و هەڵسوکەوتێکی یەکگرتوو لەنێوان کۆڵەکە جیاوازەکانی دەزگای سیاسەتی دەرەوە لە لایەک و لە لایەکی دیکەوە لەنێوان کۆمەڵە زانستی و ڕۆشنبیرییە چالاکەکان لەم بوارەدا جێبەجێ بکرێت، تاکوو وڵات بتوانێت بە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی چالاک و هۆشیار و کاردانەوەی گونجاو بۆ گۆڕانکاریی ژینگەیی، بەرژەوەندییەکانی خۆی دابین بکات و نەکەوێتە بەر پەراوێزخستن و کاردانەوە.

دەرەنجام

لە ڕووی جوگرافییەوە ژینگەی ستراتیژیی ئێران چەند ژینگەیەکی جوگرافی لەخۆ دەگرێت. ئێران لەگەڵ ئەوەی لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیادا هەڵکەوتووە، بەڵام لەگەڵ چوار ژێرسیستمی ناوچەیی دراوسێیە، وەک ئاسیای ناوەڕاست-قەفقاز، کەنداوی فارس، ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و باشووری ڕۆژئاوای ئاسیا. لەم ناوەندەدا ئێران بەشێکە لە سێ ژێرسیستمی ئاسیای ناوەڕاست-قەفقاس، کەنداوی فارس و باشووری ڕۆژائاوای ئاسیا. ژینگەی جیۆستراتیژیی ئێران لەلای باشوورەوە بە کەنداوی فارس و وڵاتانی عەرەبی و موسڵمانی کەناری کەنداو و لەلای ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ وڵاتانی پاکستان، ئەفغانستان، تاجیکستان، ئۆزبەکستان و تورکمانستان و لەلای ڕۆژئاوا و باکووری ڕۆژئاواشەوە لەگەڵ عێراق، تورکیا و ئازەربایجان دراوسێیە، ئەوەش توانای ئەم وڵاتە و هێزی شارەوەی لە خۆدەرخستن وەک هێزێکی گەورە لە هاوکێشەکانی ناوچەکەدا زیاتر کردووە. ئێران لە ڕووی جوگرافی و کولتوورییەوە دڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و چوار جیاوازیی باشی ژینگەیی هەیە: یەکەم: ئەم وڵاتە گرێ دراوە بە ژینگەی وشکایی ئۆراسیاوە. دووەم: بوونی ژینگەیەکی دەریایی و کەناراوێکی دوورودرێژ کە لە کەنداوی فارس و دەریای عەمماندا هەیەتی. سێیەم: لە ڕووی بوونی گەرووی ستراتیژیی هورمزەوە ژینگەیەکی سەر ڕیگای هەیە. چوارەمیش، لە ڕێگای ئەم وڵاتەوە دەتوانرێت هێرش بکرێتە سەر زەوییەکانی دەوروبەرەوە. کە وا بوو ژینگەیەکی سەربازیی هەیە و جگە لەوەش گەورەترین پاشەکەوتی ستراتیژیی نەوت و غازی هەیە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران بەتەنیا هەموو سنووری باکووری ناوچەی کەنداوی فارسی لەژێر دەستدایە، بە درێژایی ١٢٠٠ کیلۆمەتر لەگەڵ دەریای عوممان کە دەکاتە ١٨٠٠ کیلۆمەتر. بە ڕەچاوکردنی ئەم بابەتە، بەبێ ئێران هیچ سیستمێکی ئاسایشیی کارا لە کەنداوی فارس بوونی نابێت. ئێران کۆمەڵێک دوورگەی زۆری لە کەنداوی فارس هەیە، کە هۆکاری دەسەڵاتی ئێرانن لە کەنداوی فارس و ژینگەیەکی بەرزتر لە ڕووی سەربازی و سیاسییەوە لە ناوچەکە دەدات بە ئێران، چونکە شێوازی بوونی ئەو دوورگانە لە کەنداوی فارس بە چەشنێکە کە کەوتوونەتە گەرووی هورمز و بە ڕەچاوکردنی ئەوەی گەرووی هورمز لەژێر دەستی ئێراندایە، ئەم دوورگانەش گرنگییەکی زۆر پەیدا دەکەن.

پێشینەی کولتووری ئێران لەچاو وڵاتانی دیکەی ناوچەکە و شوناسی ئایینزاییەکەی و هەروەها توانای ئابووری و کرداریی ئێران بووەتە هۆی کاریگەریی ڕاستەقینەی زیاتر لە ناوچەکە و تەنانەت گۆڕانکارییەکانی جیهانیش. ئێران وەک پردێکی پەیوەندیی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای جیهان، هەر لە کۆنەوە جێی سەرنجی وڵاتان و شارستانییەکانی دونیا بووە. ئەم ڕۆڵی پەیوەندییە لەنێوان کیشوەرەکان و هاوسێیەتی لەگەڵ کەنداوی فارس و گەرووی هورمز کە شوێنی ترانزێتی نەوتهەڵگرەکانە، ئەم گرنگییە و ڕۆڵی کاریگەری ئێران لەبەر چاوی چاودێرە دەرەکییەکانەوە زیاد کردووە، بە چەشنێک کە هەر جۆرە گۆڕانکارییەکی سیاسی تیایدا دەبێتە هۆی ورووژانی هەستیاریی جیهانی.

ناوچەی  کەنداوی فارس لە ڕووی پەیوەندیی جۆراوجۆری زمانی، کولتووری و مێژوویی و پەیوەندیی جوگرافی و جیاوازییە ئابوورییەکان، وەک یەکێک لە لەپێشینەکانی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دادەنرێت. بارودۆخی جوگرافی و ئابووری لەگەڵ بابەتی کولتووری و کۆمەڵایەتی و دەستتێوەردانی هێزە دەرەکییەکان، بووەتە هۆی ئەوەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەڵسوکەوتی لەگەڵ ئەم ناوچەیە، ڕووبەڕووی بارودۆخی ناجێگیر و گۆڕاو ببێتەوە کە بەردەوام بەرژەوەندی و ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەمان دەخاتە ژێر کاریگەری. ئەو هۆکارانەی باس کران، پێشمەرجی پێویستی هەر چەشنە هەوڵێکە بۆ ڕێکخستنی ستراتیژیی سیاسەتی دەرەوەی ئێران لەبەرانبەر ئەم ناوچەیە.

کۆمەڵەی هۆکارەکانی ناسین و ڕێکخستنی مۆدێلێکی زانستی بۆ شیکاری و تاوتوێکردنی پێکهاتە ناوچەییەکان لە کەنداوی فارس، مەرجی لەپێشینەیە بۆ هەر چەشنە هەوڵێک بۆ ڕێکخستنی ستراتیژی و دانانی سیاسەتی وڵاتەکەمان لەبەرانبەر ئەم ناوچەیە. تاوتوێکردن و هەڵسەنگاندنی مۆدێلی شیکاری و ژینگەیی و تواناکانی هەر کامیان لە پێشکەشکردنی ڕوونکردنەوە و ناساندنی گونجاو لە ژینگەکە، پیشانی دەدات هەر مۆدێلێک ژینگەی تایبەتی هەر ناوچەیەک لەبەرچاو دەگرێت. بۆیە ڕێکخستنی هەر مۆدێلێک و هەڵبژاردنی پێکهاتە بنەرەتییەکانی، پەیوەستە بە ناسینی تایبەتمەندییە گشتی و تایبەتەکانی هەر ناوچەیەکی وەک ناوچەی کەنداوی فارس. تاوتوێکردن و لێکۆڵینەوەی تایبەتمەندییەکانی کەنداوی فارس، پیشانی دەدات هۆکارە کولتووری کۆمەڵایەتی و شوناسەکان لەژێر ناونیشانی هۆکاری کولتووری کۆمەڵایەتیدا باس دەکرێت، لەگەڵ هۆکاری ئابووری، سیاسی و ژینگەیی و تایبەتمەندییە زانستی و تەکنەلۆژییەکانی ناوچەکە، بە گرنگترین پێکهێنەری گۆڕانکاری لە ناوچەکە دادەنرێن. لە هەمان کاتدا، بە ڕەچاوکردنی ڕۆڵی سەرەکی و کاریگەریی زۆری هۆکارە دەرەکییەکان، واتە هێزە ناوچەیی و دەرەوەی ناوچەییەکان، لەسەر گۆڕانکاریی ناوچەکە و ئاراستەی ڕەوتەکانی، پێویستە لەگەڵ ئەو پێنج هۆکارە باسکراوەدا گرنگییش بدرێت بە هۆکاری نێودەوڵەتی و ڕکابەریی کارەکتەرانی دەرەوە لە ناوچەکەدا. ئەم دەرەنجامە بەو چەشنە بەدەست دێت کە بوون و دەسەڵاتی هێزە گەورەکانی ڕکابەر یان دوژمنکار لەگەڵ ئێران لە ناوچەکەدا، بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر بەرژەوەندیی ئاسایشی کۆماری ئیسلامیی ئێران دادەنێن.

ڕکابەریی ئایدیۆلۆجیی عەرەبستان لەگەڵ ئێران، لە ڕێگای برەودان بە ڕەوتە سەلەفییەکان و بانگەشە بۆ ناکۆکیی نێوان شیعە و سوننە لە ناوچەکە، پەرەسەندنی بوونی ڕژێمی زایۆنی لە ڕوانگەی ئاسایشییەوە لە وڵاتانی ناوچەکە، بەهێزکردنی هاوکاریی ئەورووپا لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە لە چوارچێوەی پلانی جیاوازی شارستانی و سەربازی، هەڵویست و هەنگاوەکانی ئەنجوومەنی هاوکاریی کەنداوی فارس دژی ئێران و کۆمەڵێک پلانی گەورە و بچووکی دیکە کە هەموویان سەرچاوەیەکی دەرەکییان هەیە، کاریگەرییان هەیە لەسەر بەرژەوەندی و ئاسایشی نەتەوەیی ئێران کە ناکرێت پشتگوێ بخرێن. بەپێی ئەم بنەمایە، بە ڕەچاوکردنی ئەو پێکهێنەرە باسکراوانە، “PESTEL”  وەک گونجاوترین مۆدێلی ژینگەیی باس کرا بۆ هەڵسەنگاندن و شیکاریی گۆڕانکاریی ژینگەیی لە ناوچەی کەنداوی فارس، کە بریتییە لە پێکهێنەری سیاسی، ئابووری، کولتووری، کۆمەڵایەتی، تەکنەلۆژی، ناوچەناسی، ژینگەیی و نێودەوڵەتی، هەروەها هەندێک لە گرنگترین گۆڕاوەکانی ناوچەکە لە هەر بوارێکدا باسیان لێوە کرا.

 

وەرزنامەی ئێرانناسی ژمارە (٢) کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ .

Send this to a friend