• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
September 23, 2023

کارلێکی میلیشیا و دەوڵەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست میلیشیا شیعەکانی عێراق وەك نموونە

كاردۆ ڕەشید كەریم

بەرایی

داهاتووی سیستمی سیاسیی عێراق لە بەردەم گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی و مێژووییدایە بە هۆی کاریگەری و ژمارە زۆرەکانی هێزە میلیشیا شیعەکان کە بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا دابەش دەکرێن بۆ هێزەکانی سەر بە خودی ڕابەری ئێرانی کە بە ولائییەکان ناسراون، و هێزەکانی سەر بە مەرجەعییەتی ئایەتوڵا سیستانی کە بە هێزەکانی عەتەبات ناسراون. ڕۆچوونی ئەم هێزانە لە ناو سیاسەت، ئابووری، بازرگانی و کایەکانی کۆمەڵایەتی، وای کردووە کە ئەم هێزانە جووڵە و چالاکی و داهاتووی کۆی سیستمی سیاسی و حکومەتەکانی داهاتووی عێراق دیاری دەکەن. قووڵایی و قورسایی ئەم میلیشیایانە ئەو کاتە دەرکەوت کە حکومەتەکەی مالیکی توانای سەربازیی لەدەست دا بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانی داعش لە ساڵی (٢٠١٤)دا. دەکرێت لەم مێژووە بە دواوە، قۆناغی بەمیلیشیاکردنی عێراق و بە تایبەتی دامودەزگاکانی دەوڵەتی عێراق هەژمار بکرێت.

پێشەكی

عێراقی دوای ٢٠٠٣ بوو بە وڵاتێکی فرەحیزبی، فرەئایدۆلۆژیایی، فرەئیتنیكی و مەزهەبی، و بنەمای سیستمە سیاسییەکە لە سەر چەمکی “Ethnic Power Sharing” دروست کرایەوە: “دروستکردنی سیستمێکی حوکمڕانی کە گرووپە جیاوازە نەتەوەیی و ئایینییەکانی عێراق لەخۆ بگرێت…[1]

ئەو سیستمە نوێیەی عێراق نەیتوانی هەموو نەتەوە و مەزهەبە جیاوازەکان لە یەک کاتدا کۆ بکاتەوە و بیانگونجێنێت لەگەڵ یەکدا، ئەویش بە هۆی ویستی پاوانخوازیی شیعەکان و سووربوونی سوننەکان لە سەر بایکۆتکردنی پڕۆسەکە. دەرئەنجامەکەی ئەوە بوو ئاڵۆزی و نائارامیی سیاسی باڵی کێشا بەسەر هەموو عێراقدا و شەڕ و پێکدادان لە نێوان سوننە و شیعەکان دروست بوو. لە ٢٠٠٦ بە دواوە، نووری مالیکیی سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتە توانیی بە یارمەتیی ئەمەریکییەکان تا ڕادەیەک ئارامی و ئاسایش بۆ شارێکی گەورەی وەک بەغداد بگێڕێتەوە. لە هەمان کاتدا توانیی چەند لایەنێکی جیاوازی ناو سوننەکان ڕازی بکات بە بەشداریکردن لە پڕۆسەی سیاسیدا. دەرەنجامی ئەم کارەی مالیکی بریتی بوو لە ئارامییەکی کاتی لە ناوچە سوننەنشینەکان. بەڵام سیستمی سیاسیی عێراقی بە قۆناغێکی وەرچەرخاندا تێپەڕی کاتێک هێزە ئەمەریکییەکان کشانەوە لە ٢٠١١دا، لەم کاتە بە دواوە ئامانجی سیاسیی شیعەکان گۆڕانکارییەکی ڕادیکاڵی بەسەردا هات. نووری مالیکی کە سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو، لە ٢٠١١ بە دواوە سیاسەتێکی ڕەگەزپەرەستانەی دژ بە سوننەکان و نەیارە سیاسییەکانی لە شیعەکان وەک سەدرییەکان و هەروەها کوردەکان بەرپا کرد. بە ناوی جەنگی تیرۆرەوە کەسە دیارەکانی سوننەکانی لە پۆستەکانیان دەرکرد و کار گەیشتە ئەوەی مالیکی و حیزبەکەی بەشەبودجەی کوردستانیشیان بڕی. تۆتالیتاری مالیکی و ویستی پاوانخوازیی شیعەکان لە عێراقدا ئەوەی هێنایە ئاراوە کە هەریەک لە کوردەکان و سوننەکان بەدوای ڕێگەچارەیەک بگەڕێن بۆ دەربازبوون لە هێزی شیعە و مالیکی. سوننەکان لە لایەن خۆیانەوە هێزەکانی سوپای عێراقیان بەردباران کرد کاتێک داعش لە ٢٠١٤دا هاتە ناو موسڵەوە. لە پاش ڕاکردنی هێزە عێراقییەکان لە موسڵ و لە بەشێکی تری ناوچە سنوورییەکان، دەزگای سوپای عێراقی مۆراڵی جەنگکردنی لەدەست دا، تا کار گەیشتە ئەوەی مەترسی لە سەر شاری بەغداد دروست ببێت و مەترسیی ئەوە هەبوو داعش بتوانێت بگاتە ناو ناوجەرگەی بەغداد. بەڵام بە فتوایەکەی باڵای مەرجەعی شیعەکان لە عێراقدا کە داوای کرد لە عێراقییە شیعەمەزهەبەکان دەست بدەنە چەک و پارێزگاری لە شەرەف و ناموسی خۆیان بکەن، سیستمی سیاسی لە عێراقدا تووشی بوومەلەرزەیەکی سیاسی بوو، لە بەر ئەوەی دامودەزگاکانی سوپای دەوڵەت شوێنیان پڕ کرایەوە بە کۆمەڵێک ڕێکخراوی تر کە لە سەر بنەماکەی سیستانی دروست کران، ئەو ڕێکخراوانەش بریتی بوون لە هێزە چەکدارە شیعەکان. فتواکەی سیستانی بە بنەمای سیاسیی دروستکردنی ئەو هێزە چەکدارە شیعانە دادەنرێت و بەشداریکردن لەو هێزانەدا وەک بەجێگەیاندنی ئەرکێکی ئایینی سەیر کرا لە لایەن زۆرینەی شیعەوە. لەم قۆناغە بەدواوە دەزگای سوپای عێراقی کەوتە ژێر کۆنترۆڵی هێزە چەکدارە شیعەکانەوە و هەموو خزمەتگوزارییەکانی سوپا تەرخان کرا بۆ میلیشیا شیعەکان لە ژێر ناوی “حەشدی شەعبی”دا.

تێڕوانینی ئەمەریکییەکان بۆ میلیشیا شیعەکان

١. لە سەردەمی باراک ئۆبامادا: تێڕوانینی (ئۆباما، جۆن کیری) بۆ میلیشیا شیعەکان

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا (جۆن کیری) پڕۆپۆزاڵی خۆی پێشکەش بە عێراقییەکان کرد بەوەی هێزێکی سەربازی دروست بکرێت لە ژێر ناوی “ناشیۆناڵ گاد”. لە ڕوانگەی ئەمەریکییەکانەوە، بەرەنگاربوونەوەی داعش پێویست بەوە دەکات کە هێزە سوننەکانیش بەشداری پێ بکەن. پلانەکەی جۆن کیری ئەوەندە فراوان بوو تەنانەت داوای هێزەکانی پێشمەرگەشی دەکرد کە بێنە ناو گاردی نیشتمانییەوە.

سەرەتاکانی بیرۆکەی گاردی نیشتمانی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گرنگیپێدانەی ئەمەریکییەکان هەیانە بەرامبەر بە عێراق، بۆ نموونە ئەگەر چاوێک بخشێنین بە بەرنامەی “ستراتیژی ئاسایشی ئەمەریکا لە ٢٠١٥” کە لە لایەن ئیدارەی ئۆباماوە لە مانگی (٢)ی (٢٠١٥) ڕاگەیەنرا، گرنگیی سەرکەوتن و لەناوبردنی داعش لە عێراقدا بە شێوەیەکی زۆر بەرچاو جەختی لە سەر کراوەتەوە، بۆ نموونە ناوی عێراق زۆرترین جار دووبارە بووەتەوە بەرامبەر بە وڵاتانی وەک سووریا و ئێران و ئەفغانستان و لیبیا و سۆماڵ، بە هەمان شێوەش ناوی دەوڵەتی ئیسلامی زۆر جار دووبارە بووەتەوە بە بەراورد بە ڕێکخراوی قاعیدە. لەم خشتانەی خوارەوەدا زیاتر ڕوونم کردووەتەوە[2].

گرنگیی ڕزگارکردنی عێراق بۆ ئەمەریکییەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەستکردنە مۆراڵییەی کە لای ئەمەریکییەکان هەیە بەرامبەر بە عێراق، لە بەر ئەوەی ئەوان بوون کە ڕژێمی پێشوویان لا برد و بەڵینی دەوڵەتێکی مۆدێرن و دیموکراسییان بە عێراقییەکان دا، وە ئێستا ئەو گەلە تووشی مەترسیی داعش بوونەتەوە.

تێڕوانینی ئەمەریکییەکان بۆ میلیشیا شیعەکان لەو بیروبۆچوونە ڕیالیستیانەوە دەبینرێت کە “ستیڤان ولت” لە نووسینێکدا لە “فۆرن بولسی” ئاماژەی بۆ کردووە. لە ڕوانگەی واڵت؛ بەشی هەرە زۆری وڵاتانی ڕۆژهەڵات لە جەنگێکی ناوخۆییدان و دەوڵەتەکان دەبنە چەند دەوڵەتێک (عێراق، سووریا، لوبنان، فەڵەستین، میسڕ، لیبیا)، ئیتر ئێمە (واتە ئەمەریکییەکان) ناتوانین یارمەتیتان بدەین، خۆتان چارەسەری کێشەی خۆتان بکەن. هەر کاتێک دەستێوەردانێکی ئەمەریکی ڕوو دەدات، ئەوا جەنگی ناوخۆیی زیاتر دەبێت (لێدانی شیعەکان واتە بەهێزبوونی میلیشیا شیعەکان)، ئەمەش چارەسەر نییە، بەڵکوو دەبێت ئێمە ئامانجدارانە (خاوەن پەیام) کار بکەین و نەکەوینە ژێر کاریگەریی بۆچوونی کام هێزیان دیموکراتخوازە (حەشدی شەعبی یان داعش)، بەڵکوو کامیان کەمتر دەتوانن زیان بە بەرژەوەندیی ئەمەریکییەکان بگەیەنن[5]. ئەم بۆچوونەی واڵت تا ڕادەیەکی زۆر ڕەنگدانەوەی لە سیاسەتی ئۆباما لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق بە تایبەتی هەیە. هەر چەندە حەشدی شەعبی هێزێکن کە وەلائیان بۆ ئێران هەیە، بەڵام تاکە ئۆپشنی ئەمەریکییەکانە لە دوای هێزەکانی پێشمەرگەوە کە پشتیان پێ ببەستن. خاڵێکی تر ئەوەیە کە هەر لە سەرەتای گرتنەدەستی دەسەڵات (باراک ئۆباما)؛ سیاسەتی کەمکردنەوەی سوپاس لە ناوچە کۆنفلیتەکانی وەک عێراق و ئەفغانستان ڕاگەیاند، ئەمەش وای کرد کە جەنگکردن بەرامبەر بە داعش بسپێرێت بە میلیشیا شیعەکان نەک ئەوەی سوپای ئەمەریکا بێتەوە سەر خاكی عێراق و بجەنگن.

٢. لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپدا

سیاسەتی ئەمەریكا بەرامبەر عێراق لە سەردەمی ترەمپ تا ڕادەیەکی زۆر گۆڕانکاریی بەسەردا هات، ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هۆکارەی کە ترەمپ سیاسەتێکی ڕیالیستانەی هێرشیکاری هەبوو بەرامبەر بە ئێران، لە بڕوای دابوو نەرمەهێز و دیبلۆماسییەکانی لەگەڵ ئێرانییەکان کات بەفیڕۆدانە و ئێرانییەکان خۆیان دەدزنەوە لە بەرپرسیارێتییەکان. لەم تێڕوانینەوە بوو کە ترەمپ میلیشیا شیعەکانی لە عێراقدا وەک درێژکراوەی هێزی هەژموونی ئێرانی سەیر دەکرد و  پاڵەپەستۆی خستە سەر كابینەكانی عێراق بە تایبەتی لە سەردەمی کازمیدا، بۆ ئەوەی کەمترین کاریگەری و ئاکتەری میلیشیاکان لە ناو حوکومەتی عێراقدا هەبێت و کار گەیشتە ئەوەی ترەمپ تا دوا خاڵی ئەم کێشمەکێشمە لەگەڵ میلشیاکاندا ئەنجام بدات و موهەندیس و سولەیمانی لە ناو فڕۆکەخانەی بەغداد بکوژێت و ئەمە بووە خاڵی وەرچەرخانی دوژمنایەتیی ئەمەریکا بۆ میلیشیا شیعە عێراقییەکان و هێرشکردنە سەر یەکتری هەم لە ناو عێراق و هەروەها لە ناو خاکی سووریاشدا.

٣. لە سەردەمی “جۆ بایدن”دا

ئەم قۆناغە زیاتر بە قۆناغی هێورکردنەوە و ئارامکردنەوە و خاوکردنەوەی ئەو گرژییانە دادەنرێت لە نێوان ئیدارەی “جۆ بایدن” و ئێران لە لایەک، هەروەها لە نێوان ئەمەریکا و میلیشیا شیعەکان لە لایەكی دییەوە. تێڕوانینی بایدن بۆ خودی کێشەی ئەتۆمیی ئێران جیاوازە و بڕوای بە کۆنترۆڵکردنی ئێرانی هەیە لە ڕێگەی سیاسەتی “گۆچان و گێزەر”ەوە.

دەرەنجامی ئەو تێڕوانینە جیاوازەی بایدن بۆ ئێران، ڕەنگی داوەتەوە لە سەر پەیوەندی و تێڕوانینی ئەمەریکا بۆ میلیشیا شیعەکان بە شێوەیەکی گشتی و تا ڕادەیەکی زۆر ئەمەریکییەکان لە ڕێگەی کونسوڵەکەیان لە بەغدا هەوڵ دەدەن پەیوەندی لەگەڵ هێزە چەکدارە شیعەکانی کە سەر بە باڵی سیستانین (وەک هێزەکانی عەتەباتی موقەدەس)، فراوانتر بکەن و پڕۆسەی تێهەڵکێشکردنیان لەگەڵ سوپای عێراق و دامەزراوەی سوپادا فراوانتر و پتەوتر بکەن.

فاکتەرە هاندەرەکانی پشت دروستبوون و بەکارهێنانی میلیشیا

لەم بەشەی توێژینەوەکەماندا هەوڵ دەدەین تیشک بخەینە سەر ئەو فاکتەرانەی کە هاندەرن بۆ دروستبوون و بەکارهێنانی میلیشیا لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست:

  1. تیۆرییەکانی پشت دروستبوونی میلیشیا

نووسەری بواری زانستە ڕامیارییەکان (ئاریال ئەهرام) بە تیۆری “میلیتەری سێنترالیزەیشن[6]” کە سوودی وەرگرتووە لە “چارلس تیلی”، تیشک دەخاتە سەر هۆکارەکانی دروستبوونی میلیشیا. ئاریال، بڕوای وایە کە پڕۆسەی میلیتەری سینترالیزەیشن لە ئەورووپادا سەرکەوتوو بووە، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تا ڕادەیەکی زۆر شکستی هێناوە. لە دوای هاوپەیمانیی “ویستیڤیلیا” لە ساڵی ١٦٤٨، وڵاتانی نەتەوەیی لە ئەورووپا هاتنە ئاراوە و ژینگەی ئەو کاتەی ئەورووپا هاندەر بووە بۆ ئەوەی لە یەک کاتدا گەشەکردنی سەربازی و دروستکردنی دەوڵەت تێک هەڵکێشی یەکتر بن. بە واتایەکی تر: دۆخی دروستبوونی دەوڵەت و بەسینترالیزەیشنی سوپا، پڕۆسەیەکی سروشتی بوو بەوەی ئەرکی سوپا دیاری کرا لە پارێزگاریکردنی دوژمنەکانی دەرەوەی سنووری دەوڵەتی نەتەوەیی. بەڵام ئەم قۆناغەی دروستکردنی دەوڵەتی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە دۆخێکی ناسروشتیدا تێپەڕی. لە دوای جەنگی یەكەمی جیهانییەوە، وڵاتانی کۆلۆنیالیزم سنووری وڵاتە ژێردەستەکانی خۆیان دیاری کرد و هەر خۆیشیان پارێزگارییان لێ دەکردن، بۆ نموونە: عێراق و سووریا، هەریەک لە بەریتانییەکان و فەڕەنسییەکان ڕێک کەوتن لە سەر دیاریکردنی سنووری ئەم دوو وڵاتە. هەر چۆن سنووری عێراقیان دیاری کرد لە سەرەتای بیستەکاندا، بە هەمان شێوە بەریتانییەکان سوپای عێراقیشیان دامەزراند و ئامانجیش لەم سوپایە بریتی بوو لە کەمکردنەوەی ئەرکی بەریتانییەکان لە بەرامبەر ئەو هۆز و تیرانەی کە لە عێراقدا دەکەوتنە دژایەتیکردنی بەریتانییەکان و دەسەڵاتی پاشایەتی لە عێراقدا[7]. بەم شێوەیە ئەرکی سوپا لە پارێزگاریی دەوڵەتی نەتەوەییەوە گۆڕا بۆ داپڵۆسین و سەرکوتکردنی نەیارەکانی سیستمە سیاسییەکە. لە هەمان کاتدا شوناس و سایکۆلۆژیای سوپا لە عێراق و وڵاتانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە سەر ئەو تێگەیشتنانە دروست بوو کە نەیارەکانی دەسەڵاتی سیستمی سیاسی وەک دوژمنە دەرەکییەکانی دەرەوەی سنوور وڵاتەكەیان تەماشا بکرێن و بەرەنگاریان ببنەوە. لە بنچینەدا زەمینەی سازکراوی هەبووە بۆ ئەوەی سوپا وەک میلیشیایەک کار بکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، نەک وەک هێزی نیشتمانی و پارێزەری دەوڵەتی نەتەوەیی.

  1. فاکتەرەکانی دروستبوونی میلیشیا لە عێراقدا

ئەوەی کە تایبەت بێت بە عێراقەوە ئەوەیە سیستمی سیاسی لە سەردەمی نووری مالیکیدا دۆخێکی زۆر ئاڵۆزی لەخۆ گرت، لە بەر ئەوەی مالیکی هەموو تواناکانی بۆ قۆرخکردنی هەرسێ دەسەڵاتەکە (یاسادانان و دادوەری و جێبەجێکردن) خستبووە گەڕ و پۆستە ئیداری و ئەمنییەکانی ناو شارەکانی وەک بەغدای بە شێوەیەکی زور تایفی و مەزهەبی دابەش کردبوو. هەتا کار گەیشتە ئەوەی شارێکی گەورەی وەک بەغدا زۆرێک لە دانیشتووانە سوننەکانی ڕاپێچی دەرەوەی سنووری بەغدا بکرێن: “پڕۆسەی بەتایفەکردنی لە لایەن مالیکییەوە بووە هۆکاری گۆڕینی شاری بەغداد بۆ شارێکی گەورەی شیعەنشین[8]“.

مالیکی توانیی متمانەی ئەمەریکییەکان بەدەست بهێنێت بەوەی کە هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونیەوە لە (٢٠٠٦)ەوە دەستی کرد بە دژایەتیکردنی چەکدارە شیعە و سوننەکانی ناو بەغداد و تا ڕادەیەکی زۆر توانیی هێزە ئەمنییە عێراقییەکان ڕێک بخاتەوە، بەمەش وای کرد کە ئەمەریکییەکان ئەرێنیانە سەیری مالیکی بکەن. لە هەمان کاتدا توانیی بە هاوکاریی هێزەکانی “سەحوە” کە لە سوننەکان پێک هاتبوون، قاعیدە لە عێراقدا لەناو بەرێت. ئەوەی مالیکی دەیویست پیشانی ئەمەریکییەکانی بدات ئەوە بوو کە ئەم دەوڵەتێکی بەهێزی دەوێت و ڕێگە نادات هیچ هێزێکی تر لە دەرەوەی دامودەزگا شەرعییەکانی دەوڵەت بوونیان هەبێت. بۆیە مامەڵەکردنی لەگەڵ میلیشیاکانی سەدر زۆر توند بوو و کەوتە پێکدادان لەگەڵیاندا. بە ناوی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرەوە، هێزە چەکدارە سوننەکانی ناو شاری بەغدادی لە چەک داماڵی، بەڵام میلیشیا شیعەکان ئەم هەلەیان قۆستەوە: “وەک دەرەنجامێک، میلیشیا شیعەکان توانییان سوننەكان لە چەك دابماڵن و پاکسازیی نەژادی ئەنجام بدەن بەرامبەریان لە کاتی شەودا ئەو کاتانەی ئەمەریکییەکان نەیاندەبینی. بەغداد لە دەرئەنجامدا لە ٤٥٪ سونەنشینەوە لە (٢٠٠٣)ەوە گۆڕا بۆ ٢٥٪ هەتا کۆتایی ٢٠٠٧[9].”

سیاسەتە نەژادپەرستەکانی نووری مالیکی بووە هۆی ڕق و کینەی زۆر لای سوننەکان كۆ ببێتەوە. لە دوای دەرکردنی قاعیدە و هێزە توندڕەوەکانی تر لە ناوچە سنوورییەکان لە لایەن هێزەکانی سەحوەوە، مالیکی ڕێگای نەدا ئەو هێزانە تێک هەڵکێش بکرێنەوە لەگەڵ هێزەکانی ئاسایش و سوپا، ئەمەش بووە سەرەتایەک بۆ توندکردنەوە و خەستکردنەوەی ڕقوکینە بەرامبەر حوکمەتەکەی مالیکی.

بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و گەشەکردنی بە شێوەی شاقووڵی (لە ئاست پلە بەرزەکانی دەوڵەتدا وەک وەزارەتەکان) و بە شێوەیەکی ئاسۆیی (لە سەر ئاستی تاکەکانی کۆمەڵگا)، فاکتەرێکی تر بوو بۆ لێکترازانی کۆمەڵگای عێراقی. “لە توێژینەوەیەکی دەزگای ئابووری و ئاشتەوایی، ئەو دەرئەنجامە دەرکەوتووە، كە کەلێنێکی بەهێز هەیە لە نێوان بوونی گەندەڵی لە ناو پۆلیس و سوپا و دادگا و ئاستی ئاشتەوایی لە ناو کۆمەڵگەدا[10].”

ئەو سێکتەرانەی کە زۆرترین گەندەڵییان تێدا بڵاو بووەوە، بریتی بوون لە سێکتەرەکانی سوپا و پۆلیس و دادگاکان. دەرەنجامی گەندەڵی لە ناو ئەم سێکتەرە گرنگانە، بریتی بوو لە قۆرخکردنیان بۆ مەزهەبێکی دیاریکراو و بەکارهێنانی ئەو سێکتەرانە بۆ لاوازکردنی مەزهەبێک یان کەمینەیەکی تری دیاریکراو. چەندین بەڵگەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ پێداگرییان لە سەر ئەو ڕاستییە دەکردەوە کە سوننەکان زۆرترین قوربانیی دەستی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بوون و ڕەشبەگیری لە بەرامبەریان کراوە.

بە بەراوردێکی عێراق لەگەڵ وڵاتانی ئەمەریکای لاتینی، دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە چۆن لە هەندێک وڵاتی وەک (بەرازیل، کۆڵۆمبیا، مەکسیک) دۆخێک لە بەمافیاکردنی کۆمەڵگا دروست ببوو لە دەرەنجامی ئەو گەندەڵییانەی کە لە ناو پۆلیس و دادگاکان بڵاو بووەوە[11]، بەڵام بە پێچەوانەی وڵاتانی لاتینی ئەمەریکا، لە عێراقدا زیاتر هەستی کەمینەکان بەرەو جۆرێک لە پپێکهێنانی هێزی چەکداری ڕۆشتووە. بۆ نموونە؛ سوننەکان لە پارێزگا سوننییەکان لە پاش بێهیوابوونیان لەوەی بتوانن ببنە بەشێکی چالاک و کاریگەر لەگەڵ حکومەتەکەی مالیکی، بیرۆکەی گەڕانەوە بۆ دەستدانە چەک و بەرەنگاربوونەوەی حکومەتی مەرکەزی بە شێوەی چەکداری دروست بووەوە، ئەمەش وای کرد کە ناوچە سوننەکان پێشوازی بکەن لە هێزێکی توندڕەوی وەک داعش.

کەمەنەتەوەکان بۆ پارێزگاریکردن لە خۆیان لە دەستگیرکردنیان بە تۆمەتی تیرۆر، هانایان بردەوە بەر بیروبۆچوونە مەزهەبی و تایفەکانیان. پاکتاوی مەزهەبی و لاوازیی هەستی بەشداریپێکردن لە حکومەتەکەی مالیکدا؛ عێراقی گەیاند بەم دۆخەی ئێستا کە دووەمین شاری کە شاری موسڵە لە ماوەیەکی زۆر کورتدا بکەوێتە ژێر دەستی ڕێکخراوێکی تیرۆریستی وەک داعش، لە کاتێکدا ئەو سوپایەی کە بە بودجەیەکی خەیاڵی پڕچەک دەکرا؛ هەڵهات و نەیتوانی بەرگری بکات.

جۆرەکانی میلیشیا

بۆ پۆلێنکردنی ئەم میلیشیایانە کە هەن لە عێراقدا، دەتوانین سوود وەربگرین لەم پۆلێنەی ئاریال ئەهرام و سابین کاری، نیل میچڵ و ویل لۆی[12]:

وە هەریەک لە سەبینا کاری و نیل میچێل و ول لوی لە دەرەنجامی توێژینەوەکەیان لە سەر پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و سێکتەری ئاسایش و مۆنۆپۆلی توندوتیژی لە لایەن دەوڵەتەوە باسیان كردووە، بەم خاڵانەی خوارەوە پێناسەی میلیشیا و بە تایبەتی “پرۆگەڤرمانت میلیشیا”یان کردووە.

ا. نەناسرێنەوە بەوەی سەر بە حکومەتن، یان سپۆنسەر دەکرێن لە لایەن حکومەتەوە (ناوەندی یان هەرێمی).

ب. ناناسرێنەوە وەک ئەوەی کە بەشێک نەبن لە هێزەکانی ئاسایشی دەوڵەت.

ج. چەکدارن (پڕچەک کراون).

د. تا ڕادەیەک خەسڵەتی ڕێکخراوەییان پێوە دیارە[13].

ئەم میلیشیایانەی کە لە عێراقدا هەن، زیاتر لە جۆری پێنجەم ( میلیشیای سەر بە حوکمەت Pro-Government Militias)  دەچن بەوەی کە زۆریان ئینتیمایان بۆ حکومەتی زۆرینەی شیعە هەیە لە بەغدا و ڕاستەوخۆ هاوكاری دەکرێن لە ڕووی دارایی و سەربازییەوە. لە ڕوانگەی (یوکیم ئیکمان، جان فرانسیس گاگنە، لیوناردۆ مورلین)، ئەم وڵاتانەی کە وەک عێراقن، فۆڕمی “هایبرید” وەردەگرن کە بەم شێوە دەناسرێنەوە:

دیاردەی دەوڵەتی هایبرید بریتییە لەو دۆخەی کە دەوڵەت لە نێوان دوو ستراکچەردایە: یەکێکیان دیموکراسی، ئەوی تریان نادیموکراسی. دامودەزگاکانی دەوڵەت تووشی شکست و ئەستەم دەبن بە هۆی باکگراوندە Authoritarianismکاتێک دەیانەوێت بەرەو دیموکراسی بڕۆن[14].

لە خەسڵەتەکانی سیستمی “هایبرید” ئةوةيية كة هەڵبژاردن دەکرێت و گۆڕانکاری ڕوو دەدات، بەڵام وةك دةرةنجام ئةم دةرهاويشتةني ئةبيت:

  1. ڕێژەیەکی زۆر لە گەندەڵی دەکرێت لە هەڵبژاردنەکاندا.
  2. نەبوونی بنەما گرنگەکانی دیموکراسی وەک لێپرسینەوە لە حکومەت.
  3. نەبوونی مەودایەکی ئازاد بۆ میدیا و کۆنترۆڵکردنی لە لایەن دەسەڵاتەوە.
  4. کۆنترۆڵکردنی ڕێکخراوە پیشەیی و خوێندکارییەکان، هەروەها ڕێکخراوەکانی تری کۆمەڵگای مەدەنی (سیڤل سوسایەتی).

هەروەها نووسەری تونسی ئەمین مەسعوود بەم شێوەیە پێناسەی وڵاتانی هایبرید دەکات لە جیهانی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی[15]:

١. میلیشیا شوێنی سوپای سیستماتیک دەگرێتەوە.

٢. حکومەتی سێنتراڵ پێک دێت لە کۆمەڵێک هەرێمی ئایینی/نەتەوەیی.

٣. سیستمی یاسادانان زیاتر وابەستەی کۆمەڵێکی عورفی کۆمەڵایەتییە و بنەما دەستوورییەکان پێشێل دەکرێن.

٤. چینی فەرمانڕەوا (ئەو پارتانەی لە ناو دەسەڵاتدان یان ئۆپۆزسیۆنن) هەڵگری بیرۆکەیەکی نوێ نین بۆ دەڵەتێکی مۆدێرن و سەرکەوتوو.

دروستبوونی هێزێکی میلیشیای وەک حەشدی شەعبی و بوونی ئەم هێزە بەشێکی سەرەکی لە جەنگی دژ بە داعش لە عێراقدا وەک کاردانەوەیەکی سروشتی سەیر دەکرێت، لە بەر ئەوەی بوونی دەسەڵاتێکی دانپێدانراو لە مۆنۆپۆلی بەکارهێنانی هێزی هەبێت لە ڕوانگەی ماکس ڤیبەرەوە بریتییە لە دەوڵەت: “تێڕوانینی ڤیبەر بۆ دەوڵەت ئەوەیە کە دەوڵەت مۆنۆپۆلی بێت و تاکە سەرچاوە بێت کە مۆنۆپۆلی توندوتیژیشی کردبێت[16]“. بەڵام ئەو دەووڵەتە لە عێراقدا مۆنۆپۆلی بەکارهێنانی هێزی لەدەست داوە: “ڤیبەر وێنەی میلیشیا دەکات بەوەی کە لە فەشەلی دەوڵەتەوە دروست دەبێت[17]“.

بۆ سەلماندنی ئەم قسەیەی ڤیبەر، دەتوانین بۆ نموونە سەیری وڵاتێکی وەک لوبنان بکەین کە چۆن لە نەبوونی دەوڵەتدا هێزە میلیشیاکانی حیزبوڵڵا بەشێکی زۆری ئەو ئەرکانەیان پڕ کردووەتەوە کە دەڵەتی لوبنان ناتوانێت پڕیان بکاتەوە:

مەترسیی ئەم میلیشیایانە بۆ سەر هەرێم

مەترسیی هەرە گەورەی ئەم میلیشیایانە ئەوەیە کە هێزە ناوچەییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەتوانن بیانکەنە ئامرازێک بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکانیان. بۆ نموونە: حیزبوڵڵای لوبنانی لە ژێر کاریگەریی سیاسەتی ئێراندا چەندین جار پڕۆسەی سیاسیی لە لوبنان وەستاندووە و شکستی پێ هێناوە، ئێستاش زۆر بە ئاشکرا لە سەر داوای ئێرانییەکان بەشداری دەکات لە جەنگی سووریا. ئەم میلیشیایانە وەک هێزی “مێرسینەری” (بەکرێگیراو) بەکار دەهێنرێنەوە. بە پێی ڕاپۆرتێکی هەواڵگری کە ڕۆژنامەی “دەیلی مەیل”ی بەریتانی لە سەر کارەکانی ئێران لە ناو خاکی سووریا بڵاوی کردووەتەوە، ئێران توانیویەتی سوود وەربگرێت لە شیعەکانی ناو ئەفغانستان و پاکستان و عێراق و لوبنان[18] و ئامادەکردنیان بۆ جەنگکردن بە ناوی پاراستنی شوێنە پیرۆزەکانی شیعەوە. ئەمە ئەو زەنگە مەترسییەیە کە هەرێمی کوردستان دەبێت بەئاگا بێتەوە لێی. هەر کاتێک هەرێم نەچووە ژێر داواکاریی ئێرانییەکان، ئەوە زۆر بە ئاسانی ئێرانییەکان دەتوانن هێزە میلیشیا شیعەکان بجووڵێنن بەرەو هەرێم و مەترسی دروست بکەن لە سەر هەرێمی کوردستان، هەروەک لە ١٦ی ئۆکتۆبەر هیزەکانی حەشدی شەعبی کەرکووکیان داگیر کردەوە. لە هەرێمی کوردستاندا مەزهەبی شیعە کەمینەن کە بە ڕەگەز کوردن، بۆ ئەوەی وەلائی ئەم کەمینەیە نیشتمان و خاک بێت نەک مەزهەب، ئەوە دەبێت هەرێم سوود وەربگرێت لەو هەڵانەی کە هەریەک لە وڵاتەکانی بەحرێن و سعودیە ئەنجامیان داوە دەرهەق بەو هاونیشتمانییانەی کە شیعەمەزهەبن. سیاسەتی پەیڕەکراوی ناوخۆی بەحرێن و سعودیە تا ڕادەیەکی زۆر بێبەشکردنی شیعەمەزهەبەکانی تێدا بووە، بۆ نموونە پۆستە ئیدارییەکانی ناو دامودەزگاکانی دەوڵەت تەرخان کراوە بۆ ئەو هاوڵاتییانەی کە سوننەمەزهەبن، هەر ئەمەش بوو وای کرد کە شیعەمەزهەبەکانی ئەو وڵاتانە هانا ببەن بۆ ئێران و ڕێخۆشکەر بن بۆ دەستێوەردانی ئێران و حیزبوڵڵا لە وڵاتەکەیان. دەبێت ئێمە لە هەرێم ئاگاداری ئەو خاڵە بزوێنەرە بین کە ڕێگە نەدەین بیری سوننی زاڵ ببێت بەسەرماندا و بمانخاتە ئەو دۆخەی کە هەڵگرانی مەزهەبەکانی تر بخەینە ناو خانەی هاوڵاتییانی گومانلێکراوەوە، هەتا ڕێخۆشکەر نەبین ئەم کوردە شیعانە بەرەو میلیشیا شیعەکان بڕۆن و سۆزی نەتەوایەتییان نەمێنێت.

هەر چەندە ئێستا هێزەکانی پێشمەرگە لە زۆر ناوچە هاوبەشن لەگەڵ میلیشیا شیعەکاندا، بەڵام ئێمە و ئەوان زۆر جیاوازین، نەک لە ڕوانگەی مەزهەبییەوە، بەڵکوو تەنانەت لە ڕووی تێڕوانینیشمانەوە بۆ جەنگی دژی داعش. بۆ نموونە؛ ئەم هێزە چەکدارە شیعانە وەک بزووتنەوەیەکی ڕزگاری نەتەوەیی ناجەنگن، بەڵکوو زیاتر لە چوارچێوەی کۆمەڵێک دەقی ئایینەوە شیکاری و بەهانە بۆ کارەکانیان دەهێننەوە و هەر ئەمەشە کە وایان لێ بکات گوێ نەدەنە یاساکانی جەنگ و یاسا نێودەوڵەتییەکان. بە پێچەوانەی ئەم هێزە شیعانەوە، تێگەیشتن و شیکاریی هەرێمی کوردستان بۆ جەنگی دژ بە داعش لە بەرژەوەندیی نەتەوەییەوە بینا دەکرێت نەک لە سەر پرنسیپی ئایینی  یان مەزهەبی.[19]

 

دەرەنجام

دەکرێت کات درەنگ بێت باس لە ڕیشەکێشکردنی ئەم هێزە چەکدارانە بکرێت لە عێراقدا، تەنانەت پڕۆسەی چەک لێوەرگرتنەوە و تێهەڵکێشکردنەوەی ئەم هێزانە بۆ ناو دامەزراوە سەربازی و ئاسایشی و هەواڵگرییەکانی دەوڵەتی عێراق، ئەویش بە یەکێک لە ئالەنگارییە گەورەکان و مەترسییەکان دابنرێت، ئەم هێزانە وەلائیان بۆ وڵاتی ئێرانە و بەشی زۆریان ڕاستەوخۆ و بە ئاشکرا و بەستراونەتەوە بە خودی ڕابەری ئێرانەوە و لە ژێر فەرمانی جەرەناڵی ئێرانی (قائانی) و كۆنسوڵی ئێران لە بەغداد ڕێنمایی و چاودێری دەکرێن و چالاکییەکانیان لە ژێر فەرمانی ئەواندایە. نەک هەر جووڵەی سەربازییان، بەڵکوو ئێستا جومگەکانی ئابووریی عێراق و خاڵە گومرگییەکانیان کۆنترۆڵ کردووە و هەموو مامەڵەیەکی بازرگانی و دارایی لە ناو عێراقدا لە ژێر هەژموونی ئەماندایە و بلاک لیست کردنی بانکە بازرگانییەکان لە لایەن ئەمەریکییەکانەوە باشترین بەڵگەیە لە سەر ئەوەی کە ئەم هێزانە چۆن بە شێوەی فەرمی و لە بەر چاو حکومەتی عێراقی دەیەها ملیۆن دۆلار دەخەنە خزمەتی هەژموونی سیاسەتی فراوانخوازیی ئێرانی و قووڵکردنەوە هەژموونی ئێران و شیعەگەری لە عێراقدا.

سەرچاوەکان و پەراوێزەكان

[1] Brancati, Dawn. (2005). “Can Federalism Stabilize Iraq?” Washington Quarterly, Vol. 28, Issue 2. P:7

[2] Wehrey, Frederic and Ahram, Ariel (2014). “The National Guard in Iraq: A Risky Strategy to Combat the Islamic State”. Carnegie Endowment for International Peace.

[3] National Security Strategy 2015

https://obamawhitehouse.archives.gov/sites/default/files/docs/2015_national_security_strategy_2.pdf

[4] Ibid.

[5] Walt, Stephen. (2014) “Do No (More) Harm”  http://foreignpolicy.com/2014/08/07/do-no-more-harm/

[6] Ahram, Ariel. (2011). “Proxy Warriors: The Rise and Fall of State-Sponsored Militias”. Stanford University Press. P: 3-4

[7] Tripp, Charles. (2007). “A History of Iraq”. Cambridge University Press; 3rd Edition. P: 30-91

[8] Juan, Cole. (2014) “Top 10 Mistakes of former Iraq PM Nouri al-Maliki (That Ruined his Country)” http://www.juancole.com/2014/08/mistakes-maliki-country.html

[9] Ibid.

[10] Institute for Economics and Peace, (2013). P: 5-8

[11] Domínguez, Jorge I. & Shifter, Michael. (2013). “Constructing Democratic Governance in Latin America”. Johns Hopkins University Press; fourth edition. P: 341-345

[12] Carey, Sabine C., Mitchell, Neil J. & Lowe, Will. (2013). “States, the Security Sector, and the Monopoly of Violence: A New Database on Pro-Government Militias. Journal of Peace Research. P: 4-6

[13] Ibid.

[14] Morlino, Leonardo. (2008). ” Hybrid Regimes or Regimes in Transition?”. Working Paper, FRIDE publication. P: 3

[15]  أمين، بن مسعود (2015)، عن “الدول الهجينة” في العالم العربي، العرب، السنة 37 العدد 9929.

http://www.alarab.co.uk/m/?id=53177

[16] Balcells, Laia. (2012). Book Review ” Ariel Ahram: Proxy Warriors: The Rise and Fall of State-Sponsored Militias (Stanford, CA: Stanford University Press, 2011); Timothy D. Sisk: International Mediation in Civil Wars: Bargaining with Bullets (Abingdon: Routledge, 2009); Amalendu Misra: Politics of Civil Wars: Conflict, Intervention, and Resolution (Abingdon: Routledge, 2008). P: 405-411.

[17] Carey, Sabine C., Mitchell, Neil J. & Lowe, Will. (2013). “States, the Security Sector, and the Monopoly of Violence: A New Database on Pro-Government Militias. Journal of Peace Research. P: 4-5

[18] Simons, Jake. (2016) “EXCLUSIVE: Leaked intelligence reveals that Iran is running a covert war in Syria from top secret HQ near Damascus airport codenamed ‘The Glasshouse’

http://www.dailymail.co.uk/news/article-3718583/Leaked-intelligence-dossier-reveals-location-secret-Iranian-spymasters-HQ-Syria-codenamed-GLASSHOUSE-Iran-fighters-ground-Assad.html

[19] Vatanka, Alex and Shamsulddin, Sarkawt. (2015) “Forget ISIS: Shia Militias Are the Real Threat to Kurdistan” https://nationalinterest.org/feature/forget-isis-shia-militias-are-the-real-threat-kurdistan-11982?nopaging=1

Send this to a friend