• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
January 24, 2022

کوردستان لەبەردەم هەڕەشەی سیاسەتی ئاوی دراوسێیکان و بێباکیی هەرێمدا

پ.ی.د. خەلیل كەریم محەمەد / پسپۆڕی جوگرافیای سامانی ئاو

بۆ بینینی بابه‌ته‌كه به‌ PDF‌ كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ بكه‌:-  ژمارە (11)ی كانونی دووەمی 2022ی گۆڤاری ئایندەناسی

بەرایی

کوردستان لەبەردەم هەڕەشەی چۆڕبڕبوونی ڕووبارە سەرەکییەکانیدایە، بە هۆی ئەو سیاسەتەی کە دەوڵەتانی دراوسێی گرتوویانەتە بەر و لە ئایندەشدا هەموو توانای خۆیان بۆ کۆکردنەوەی ئاوی ڕووبارەکان بەکار دەبەن. ئێران (٢٧) بەنداوی لەسەر ئاوە هاوبەشەکان دروست کردووە، چەندین تونێلیشی بۆ گواستنەوەی ئاو بۆ ناوچەکانی گەرمەسێر لێ داوە لە چوارچێوەی “پڕۆژەی ئاوی گەرمەسێر”دا. تورکیا تەنها لەسەر دیجلە و لقەکانی ئەوەی تا ئێستا زانراوە، (٦) پڕۆژەی گەورەی دروست کردووە کە هەریەکەیان چەندین بەنداو و تونێلی ئاو لەخۆ دەگرن، سەرباری پڕۆژەکانی تری لە چوارچێوەی پڕۆژەی “گاپ” و دەرەوەی ئەم پڕۆژەیەشدا. پەیوەست بە حکومەتی هەرێمەوە، ئەگەر پلانی هەیە بۆ گەشەپێدانی ئابووریی وڵات، ئەوا هەرێم پێویستی بە دروێنەکردنی ئاوی دابارین و گەنجینەکردنی ئاوی ڕووبارەکانە، دەبێت وەک گەنجینەیەکی ستراتیژی لە ئاوی ژێر زەوی بڕوانێت و ڕێگە لە بەفیڕۆدانی بگرێت. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ڕێژەی (٥٧.٢٥٪)ی ڕووبەری ئاوزێڵەکان دەکەوێتە کوردستانەوە، ئەمە بوار دەڕەخسێنێت بۆ کۆکردنەوە و دروێنەکردنی ئاوی لە نیوە زیاتری ئاوزێڵەکان.  هەرێم نابێ چاوەڕوانی بەزەیی دەوڵەتانی دراوسێ بێت تا ئاوی بۆ بەر بدەنەوە، بەڵکوو پێویستە ئازایانە هەڕەشەکان بەرچاو بخات و پلانی چارەسەر سەرڕێ بخات. سیاسەتی ئاویی دراوسێکان، هەڕەشەی سروشت و کەمبوونەوەی دابارین، ڕێزنەگرتن و بێباکی لە ئاست سەرچاوە ئاوییەکان؛ ئەو مەترسییانەن کە خۆیان یەکتر بەرهەم دێننەوە، واتە چەند مەترسیی سروشتی زیاد بکات، ئەوەندەش هەڕەشەی دراوسێکان لەسەر هەرێم گرانتر دەبێت و چەندیش هەڕەشەی دەوڵەتانی دراوسێ گەورە ببێت، ئەوەندەش مەترسییە سروشتییەکان گەورە دەبن.

دەستپێک

سیاسەتی ئاوی بە واتای ئەنجامدانی چەند کردەیەکە بۆ ڕۆنانی چەند بنەمایەک، کە کار دەکەنە سەر کۆکردنەوەی ئاو و دروێنەکردنی و ئامادەکردنی و بەکارهێنانی و چارەسەرکردنی ئاوی پیسبووی پاش بەکارهێنان، بە ئامانجی پاڵپشتیکردنی بەکارهێنانە مرۆییەکان و پاراستنی ڕەگەزە ژینگەییەکان. سیاسەتی ئاوی بڕیارەکانی ئاوپێدان و بەکارهێنانی و چارەسەری و بەردەوامبوونی لەخۆ دەگرێت. ئاوپێدان کۆکردنەوەی ئاو و دیاریکردنی بڕی پێویست و گەیاندنی ئاو بۆ بوارەکانی بەکارهێنانی دەگرێتەوە، بەکارهێنانی ئاویش بواری مرۆیی ڕاستەوخۆ و کشتوکاڵ و پیشەسازی و پاراستنی سیستمی ژینگەیی دەگرێتەوە، بۆیە پێویستە سیاسەتی ئاوی بنەماکانی چۆنێتیی دانانی بەشەئاو بۆ بەکارهێنانە جیاوازەکان دیاری بکات. دواجاریش چارەسەرکردنی ئاوی قورس و ئیدارەدانی ئاوی باران و لافاوە، لەپاڵ ئەمانەشدا، پڕۆسەی بەردەوام چەندین کێشەی وەک پرزەلێبڕینی ئاوی ژێرزەوی و ئیدارەی گەنجینەکانی ئاو و پاراستنی لە پیسبوون لەخۆ دەگرێت([1]). سەرچاوە ئاوییەکان بەزۆری دەکەونە ئەودیوی سنوورە سیاسییەکانەوە، بۆیە دانوستاندن لەسەر دەستکەوتی ئاوی لەنێوان قەوارە سیاسییەکاندا هەر دەبێت بکرێت. دروستکەرانی سیاسەتی ئاوی کۆمەڵێک لە باشترین ڕێوشوێنەکان دەگرنە بەر بۆ ڕێکخستنی ئیدارەی ئاو، وەک دروستکردنی بەنداو و ڕێکخستنی پرۆتۆکۆلات بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی ئاو و بەکارهێنانەوەی ئاوە قورسەکان، جا چ لە هەرێم و ناوچەکاندا بێت، یان ئاوزێڵەکانی ڕووبار و ئاوە هاوبەشەکان و ڕووبارە سنووربڕەکان و ئاڵوگۆڕی نێوان ئاوزێڵەکاندا بێت. ئەوەی کە سیاسەتی ئاو ئاراستە دەکات، چەندین مومارەساتی کارگێڕییە کە باشترینیان لەلایەن دەستەکانی دروستکەری بڕیارەوە دیاری دەکرێن و هەڵدەسەنگێنرێن و هەموار و بڵاو دەکرێنەوە. ئاماژەی مەترسیدار هەیە کە لە هەندێ ناوچەدا گرفتەکانی ئاو چوونەتە ئاستێکی باڵاوە و بوون بە قەیران، ئەم قەیرانە کاریگەریی جیهانی دەبێت، بۆیە لەم ڕۆژگارەدا پرسی سیاسەتی ئاوی و بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان  لەسەر ئاستی جیهان گرنگییەکی زۆری پێ دەدرێت. لەژێر کاریگەریی بەشە جەختگەراییەکەی سرووشدا، کوردستان بەقورسی دەکەوێتە بەر هەڕەشەی سیاسەتی ئاویی دەوڵەتەکانی دراوسێی، بۆیە ڕوونکردنەوەی سیاسەتی هەر یەکە لەو دەوڵەتانە پێویستە.

سیاسەتی ئاویی ئێران

دەوڵەتی ئێران کۆنترۆڵی حەوت سەرچاوەی ئاویی کوردستانی لە دەستدایە، کوردستان توانای سەپاندنی سەروەریی خۆی بەسەر سەرچاوەی ڕووبارەکاندا نییە، لە ڕووباری دیجلەوە بۆ ڕووبارەکانی زێی گەورە و زێی بچووک و سیروان و هەواسان و قۆرەتوو و ئەڵوەند. ئێستا دەوڵەتی ئێران بە پلان خەریکی وەبەرهێنانی سەرچاوە ئاوییەکانە، چونکە بڕی باران لە ئێران بە ڕێژەی (٢٥٪) کەمی کردووە، بڕی ئەو ئاوەش کە دەکرا لە بەنداوەکانیدا گەنجینە بکرێت؛ (٣٣٪) کەمی کردووە، واتە لە (٣٢ ملیار م٣)ەوە کەمی کردووە بۆ (٢٥ ملیار م٣)، بۆیە بەم بڕە ئاوەی کە دەستی دەکەوێت، ئێران ناتوانێ بڕی دانەوێڵە و وزەی پێویست بەرهەم بهێنێت، ناچار لە ڕێگای کۆکردنەوەی بڕی زیاتری ئاوی ڕوبارەکانەوە چارەسەری گرفتی خۆراک و وزە دەکات. سەرباری ئەمەش، شارەزایانی بواری هایدرۆلۆژیا و ئاوهەوای ئێرانی جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەگەر دەوڵەت سەرچاوە ئاوییەکانی بەوردی وەبەر نەهێنێت، ئەوا لە چەند ساڵی ئایندەی نزیکدا دووچاری کێشەی گەورە دەبێت و دوور نییە کۆچی بەکۆماڵ ڕوو بدات و ناوچە بێئاوەکان چۆڵ بکرێن([2]). هەروەها بەڕوونی لە ٢٠١١دا ئێران بە عێراقی ڕاگەیاندووە کە هەموو ئەو ڕووبارانەی لە ئێرانەوە دێنە عێراقەوە؛ دادەخات، چونکە وڵاتەکەی بەدەست کەمئاوییەوە دەناڵێنێت، ئەمەش گرفت بۆ کوردستان دروست دەکات هەر لە دابەزینی ئاستی ئاوی ڕووبارەکان و وشکبوونی هەندێکیان (ڕووباری ئەڵوەن و قۆرەتوو بە نموونە). کاریگەرییە خراپەکانی ئەمە لەسەر کشتوکاڵ و ژینگەی کوردستان دەرکەوتووە، سەرباری کەمبوونەوەی ئاوی خواردنەوە و گۆڕانی مۆرفۆلۆژیای ئاوزێڵەکان. سیاسەتی ئاویی ئێرانی بەخراپی کاری لە سەرچاوەکانی ئاوی کوردستان کردووە، چونکە جگە لەو ڕووبارانەی کە لە ئێرانەوە دێن، هیچ سەرچاوەیەکی گەورەی ئاویی تر لە ناوچەکانی گەرمیاندا نییە. فشاری زۆری ئێران لەسەر ئاوی سنووری لەگەڵ کوردستاندا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئێران بانێکی فراوانە و بە چیای بەرز چواردەور دراوە، بۆیە ئاوهەوایەکی وشکی هەیە، تەنها لە ناوچەکانی کوردستان و ئەوەی پێی دەڵێت ئازەربایجانی خۆرئاوا؛ بارانی باشە و سەرچاوەی ئاوی زۆرە، بۆیە بۆ بووژاندنەوەی بانە وشکەکەی و پەرەپێدانی کشتوکاڵی، بەدیاریکراوییش بۆ ئاودانی نزیکەی (١٨٠) هەزار هێکتار لە زەویی کشتوکاڵی و دابینکردنی خۆراک بۆ (٨٤٢٦٠٠٠٠) کەس([3]). بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجەش، پێویستییەکی زۆری بە وەبەرهێنانی سەرچاوە ئاوییەکانی هەیە، بەبێ ئەوەی لەبەرانبەر ئەم سیاسەتەدا کوردستان جووڵەیەکی وای هەبێت کە لە ئاستی ئەم مەترسییەدا بێت و خوێندنەوەی بۆ ئایندەی دۆخی مەترسیداری ئاوی کوردستان هەبێت. کوردستان سەرباری ئەوەی کە بڕی ئاوی نوێبووەوەی زۆرە و خاوەنی سەدان سەرچاوی ئاوی ناوخۆیی و چەند گەنجینەیەکی فراوانی ئاوی ژێرزەوییشە، کە لەمەدا تۆپۆگرافیاکەی ڕۆڵێکی سەرەکیی بینیوە و ئەتمۆسفیرەکانی دەریای ناوەڕاست و کەمتر لەمانیش گەردەلوولەکانی دەریای عەرەبیش، کە لە زەریای هیندییەوە دێن دەدەن بەسەریدا و بارانی لەسەر دەبارێنن، بەڵام بەگوێرەی نەخشەی ئاوی جیهانی کە بۆ ناوچەکانی مەترسیی ئاوی کراوە، کوردستان لە چوارچێوەی مەترسیدایە، بۆیە بەهەندوەرنەگرتنی ئەم مەترسییە لە پاشەڕۆژێکی نزیکدا دۆخێکی کارەساتئامێز دەخولقێنێت.

پڕۆژە ئاوییەکانی ئێران لەسەر ئاوە هاوبەشەکان

ئێران لەسەر ڕووبارە هاوبەشەکان چەندین پڕۆژەی بونیاد ناوە لە شێوەی لێدانی کەناڵی ئاوی بۆ کێشکردنی ئاوی ڕووبار و لقەکانیان، لەوانە لێدانی سێ کەناڵ لەسەر لقەڕووباری بناوەسووتە کە ئاودەرێکی گرنگی زێی بچووکە، ئەمە سەرباری پڕۆژەکانی تر لەسەر ڕووبارە سنوورییەکانی لە ناوەڕاست و باشوورەوە. هەموو ئەو پڕۆژە ئاوییانەی کە دەوڵەتی ئێران لەسەر ڕووبار و لقەکانیانی دروست کردوون، بە هیچ شێوەیەک ڕا و بیروبۆچوونی دەوڵەتی عێراق و ئیدارەی هەرێمی کوردستانیشی وەرنەگرتووە، هەتا بیروبۆچوون بگۆڕدرێتەوە و لەبەر ڕۆشنایی بەرژەوەندیی ئاویی کوردستان و دەوڵەتی عێراق و خودی ئیران خۆیشیدا بڕیار لەسەر دروستکردنی ئەو پڕۆژانە بدرێت. بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر، تایبەتمەندیی سروشتی ڕووبارە هاوبەشەکان دەخەینە ڕوو:

  • ڕووباری ئەڵوەن

 ئێران بەتەواوی بەسەر ئەم ڕووبارەدا زاڵە کە ڕووبەرەکەی نزیکەی  (٢٨١٢کم٢)ە، بەو پێیەی کە (٨٠٪)ی ڕووبەرەکەی لە ئێراندایە، واتە نزیکەی (٢٢٥٠کم٢)ی لەناو سنووری ئێراندایە. ئەم ڕووبارە هەتا ئەو کاتەش کە ئێران لە ساڵی ١٩٥٣دا دەستی کرد بە گلدانەوەی ئاوەکەی شاری خانەقین و دەوروبەری تێرئاو دەکرد، پاش ئەم گلدانەوەیە و دروستکردنی هەردوو کەناڵی “قەسری شیرین و خوسرەوی”، بڕە ئاوی ڕووبارەکە لە (٥٨م٣/چرکە)ەوە کەمی دەکرد بۆ (٢م٣/چرکە)([4])، ئەمە لە بارودۆخی ئەم شەپۆلی وشکەساڵییەدا کەمتر لەو بڕەش بە خانەقین و دەوروبەری دەگات، هەر چەندە لە کاتی خۆیدا دەوڵەتی عێراق هەندی ڕێوشوێنی گرتە بەر وەک دروستکردنی ڕووباری باڵاجۆ و لێدانی بیر بۆ دابینکردنی ئاو بۆ شاری خانەقین، لەدوای ساڵی (٢٠١٣)شەوە بەنداوێک لەسەر ئەم ڕووبارە دروست کرا و لە باشووری خۆرهەڵاتی خانەقینەوە بۆ پاراستنی شارەکە لە لافاو بە توانای ئاوگرتنی (٣٨ ملیۆن م٣)، ئەویش ئەگەر ئاوی پێ بگات، چونکە لە بەرانبەردا ئێران (٧) بەنداوی لەسەر ئەم ڕووبارە دروست کردووە کە ئەمانەن:

ا. بەنداوی ڕێژاو، بە توانای گەنجینەکردنی (٥٠ ملیۆن م٣).

ب. بەنداوی زاگرۆس، بە توانای گەنجینەکردنی (٥٣ ملیۆن م٣).

ج. بەنداوی مەخزەنی، بە توانای گەنجینەکردنی (١٧ ملیۆن م٣).

د. بەنداوی سەراوی گێڵان، بە توانای گەنجینەکردنی (٥, ٦ ملیۆن م٣).

هـ. بەنداوی کەڵکەش، بە توانای گەنجینەکردنی (٩, ٥ ملیۆن م٣).

و. بەنداوی حەلوان، بە توانای گەنجینەکردنی (٣٠ ملیۆن م٣).

ی. بەنداوی پاتاق([5])

کەواتە توانای گەنجینەکردنی ئەم (٧) بەنداوە، (٤ ,١٦٢ ملیۆن م٣) ئاوە.

 لەم بارودۆخەی کە عێراق و کوردستانی پێدا تێدەپەڕێت، کە سەریان ناپەرژێتە سەر گرفتی ئاوی ئەڵوەن، ڕووبارەکە بەرەو وشکبوونی تەواو دەچێت.

٢. ڕووباری کەنگیر

سەرباری گرنگیی ئەم ڕووبارە بۆ دابینکردنی ئاو بۆ باخەکانی مەندەلی، بەڵام بڕینی ئاوەکەی زیانی گەورەی لە ناوچەی مەندەلی داوە، چونکە ئێران بەتەواوی ئاوی ئەم ڕووبارەی بڕیوە، سەرباری بارودۆخە سروشتییەکە کە ئەوەندەی تر قوڕەکەی خەست کردووەتەوە، ئەویش بە لەناوچوونی نزیکەی (٣٢) هەزار هێکتار لە زەویی کشتوکاڵی و باخی بەردار([6]). ئەو ئاوەشی کە لە وەرزی زستاندا پیایدا دێت، پاشماوەی ئاوی داشۆرگەکانی ئێرانە و بە هۆی ڕێژەی بەرزی خوێوە بەکەڵکی بەکارهێنان نایەت.

٣. ڕووباری گەنجان چەم

لە ناوچەی بەدرە و جەسانەوە دێتە ناو خاکی کوردستانەوە. هەر لە ساڵانی ١٩١٤ بەدواوە، ئێران بەردەوام بەشەئاوی عێراقی لەم ڕووبارە کەم کردووەتەوە، بە شێوەیەک کە دوای دروستکردنی بەستێک لەسەری، ڕاستەوخۆ ڕووبەری زەویی کشتوکاڵی لە (٢٥٠) هەزار دۆنمەوە کەمی کرد بۆ تەنها (٦٠) هەزار دۆنم([7]). شپرزەیی دۆخی عێراق و شەپۆلە دووبارەبووەوەکانی وشکەساڵی، ئەم ڕووبەرەشی لەناو برد. لە ناوچەیەکدا کە بۆ بەرهەمهێنانی میوە شوێنێکی ستراتیژییە، بەگشتی کوردستان و عێراق ئاوی ڕووبارێکی گرنگیان لەدەست دا.

٤. ڕووباری سیروان

گرنگترین ڕووبارە کە ناوچەی گەرمیان ئاو دەدات، ڕووبەری ئاوزێڵەکەی (٣١٨٩٦کم٢)ە، لەم ڕووبەرە نزیکەی (٤٧٪) دەکەوێتە ناو کوردستانەوە کە (١٤٩٩١کم٢)ە و (١٦٩٠٥کم٢)ی بە ڕێژەی (٥٣٪)ی دەکەوێتە ئێرانەوە، بەشێکی زۆری پێخۆری ئاوییەکەی لە چیا بەرزەکانی سنەوە وەردەگرێت. جەمی قشڵاخ لقێکە لە ڕووباری سیروان، لە ساڵی (١٩٧٨)ەوە پڕۆژەی لەسەر دروست کراوە، بەئامانجی وەبەرهێنانی زەوییە کشتوکاڵییەکانی پارێزگای کوردستانە، سەرباری گەیاندنی ئاوی شیرین بە شاری سنە([8]). بەگوێرەی ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی دەوڵەتی عێراق، تێکڕای ئاودەرکردن (Discharge)ی ساڵانەی (٦٣٠٧٢٠٠٠٠م٣)ە. بە لەبەرچاوگرتنی شەپۆلەکانی وشکەساڵی کە ناوچەکەی گرتووەتەوە، ئەم بڕە زۆر کەمە، لە کاتێکدا لە ساڵی ١٩٨٨دا بڕی ئاودەرکردنەکەی (٢٧, ٢ ملیار م٣) بووە. ئەمە ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ بەرەو وشکبوونی تەواوەتیی ئەم ڕووبارە گرنگە.

پڕۆژەکانی ئێران لەسەر ڕووباری سیروان

پڕۆژەکانی ئێران بەتەواوەتی بریتین لە گواستنەوەی ئاو لە ئاوزێڵی لقەکانی ڕووباری سیروانەوە بۆ ناوچەکانی گەرمەسێری ئێران و ناوچەکانی ئیلام و ئەهواز، کە بە پڕۆژەی گەورەی ئاوی گەرمەسێر ناسراون، ئەمە مەترسیدارترین دەستدرێژییە بۆ سەر سروشتی ئاوزێڵەکان و تێکدانی مۆرفۆلۆژیای بەشەکانی تری ئاوزێڵی سیروان، دەرئەنجامە خراپەکانیشی دەکەوێتە سەر خۆراک و نەمانی ئاوی پێویست بۆ بوارەکانی شارستانی و پیشەسازی و تێکدانی سیستمی ژینگەیی بەشەئاوزێڵی سیروان لە دیوی هەرێمی کوردستانەوە. گرنگترین پڕۆژەکان ئەمانەن:

  • بەنداوی داریان: ئەم بەنداوە توانای گەنجینەکردنی (٣١٦ ملیۆن م٣) ئاوی هەیە، دەتوانێت ساڵانە (٣٧٨ ,١ ملیارم٣) ئاو بنێرێت بۆ تونێلەئاوی نەوسوود، کە دوو تونێلی ئاوی لەخۆ دەگرێت و بە هەردووکیان (٢٠٢٣م) درێژییانە. ئامانج لەم پڕۆژەیە، ئاودانی زەوییە کشتوکاڵییەکان و بەرهەمهێنانی (٥٠٠ ملیۆن کیلۆ وات/کاتژمێر) وزەی کارەبایە. ئەم بەنداوە ئاستی ئاوی هەردوو بەنداوی دەربەندیخان و حەمرینی زۆر دابەزاندووە، ناوچەی هەڵەبجە و گەرمیانیش ڕووبەرێکی فراوانی زەویی کشتوکاڵییان لەدەست داوە، ئەمە سەرباری خراپبوونی جۆریی ئەو بڕە ئاوەی کە دەگاتە هەرێمی کوردستان و زیانگەیاندن بە دەرامەتی ئاویی ڕووبارەکە، بەتایبەتی سامانی ماسی.
  • بەنداوی هیروی: ئەم بەنداوە توانای گەنجینەکردنی (١٢ ملیۆن م٣) ئاوی هەیە. تەنها (٦کم) لە سنووری عێراق و ئێرانەوە دوورە. مەترسیی ئەم بەنداوە لەوەدایە کە ناهێڵێت ئەو بەشە ئاوەی لە بەنداوی داریانەوە دەردەچێت؛ بگاتە کوردستان، بەڵکوو ڕاستەوخۆ دەنێردرێت بۆ تونێلەئاوی نەوسوود، ئەمە سەرباری ئەوەی کە ئاوی لقەڕووباری “باوەڕوود”یش کۆ دەکاتەوە و ناهێڵێت بگاتە کوردستان.
  • بەنداوی زەمکان: لەسەر ڕووباری زەمکان بنیات نراوە، بە توانای گەنجینەکردنی (٢٣ ملیۆن م٣) ئاوی بۆ بەراوکردنی (١٨٠٠) هێکتار زەویی دێم.
  • بەنداوی گاوشان: توانای گەنجینەکردنی (٥٥٠ ملیۆن م٣) ئاوی هەیە، ئامانج لێی گواستنەوەی ئاوە لە ئاوزێڵی ڕووباری سیروانەوە بۆ ئاوزێڵی ڕووباری کەرخە، واتە گۆڕینی ئاوی ئاوزێڵی سیروان و بردنی بەشێک لە ئاوەکەی بۆ ئاوزێڵی کەرخە، دیسان ئەمەش جووڵەیەکی زۆر مەترسیدارە، بەمە ئێران دەتوانێت (٣٠ هەزار) هێکتار ئاودار بکات، لە بەرانبەریشدا هەمان ڕووبەر لە عێراق و کوردستان بێ ئاو بکات.
  • بەنداوی گاران: توانای گەنجینەکردنی (١١٠ ملیۆن م٣) ئاوی هەیە و دەتوانێت (١٠ هەزار) هێکتار زەوی ئاو بدات، سەرباری ئاوپێدانی شاری مەریوان، ئەمەش مەترسییە بۆ سەر ناوچەکانی گەرمیانی کوردستان، بەخراپی کار دەکاتە سەر ئاوی گەنجینەکراوی هەردوو دەریاچەی دەربەندیخان و حەمرین، بەوەش هاوسەنگیی هایدرۆلۆژی و ژینگەیی کوردستان تێک دەدات، بەتایبەت لەم بارودۆخە وشکەی ناوچەکەی گرتووەتەوە و چاوەڕێ دەکرێت شەپۆلی وشکی ئاوهەوایی و هایدرۆلۆژی لە ساڵانی داهاتووی نزیکدا دووبارە ببێتەوە.
  • بەنداوی ئازاد بنیر: ئەم بەنداوە دەکەوێتە سەر لقەڕووباری “گورە”، توانای گەنجینەکردنی (٣٠٠ ملیۆن م٣) ئاوی هەیە بۆ مەبەستەکانی خواردنەوە و کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا سوودی لێ وەردەگیرێت.
  • بەنداوی زێوە: لەسەر ڕووباری شاینی دروست کراوە، بە توانای گەنجینەکردنی (١٧ ملیۆن م٣) ئاوی، ئامانج لێی ئاودانی زیاتر لە (٢٥٠٠) هێکتار زەویی کشتوکاڵییە.
  • بەنداوی ژاوە: یەکێکە لە باشترین بەنداوە خەرسانەییەکانی جیهان، توانای گەنجینەکردنی (١٧٢ ملیۆن م٣) ئاوی هەیە. توانای پڕکردنەوەی پێویستیی ئاوی خواردنەوە و پیشەسازیی هەیە و زیاتر لە (١٧٠٠٠) هێکتار زەوییش ئاو دەدات.
  • بەنداوی ئازادی: توانای گەنجینەکردنی (٧٠ ملیۆن م٣) ئاوی هەیە. جگە لە مەبەستەکانی خواردنەوە و دابینکردنی ئاو بۆ کارگەکان، توانای ئاودێریکردنی (٤٢٠٠) هێکتار زەویی هەیە.
  • بەنداوی سڵێمان شا: لەسەر ڕووباری گاوەڕ دروست کراوە، توانای گەنجینەکردنی (٤٨ ملیۆن م٣) ئاوی هەیە، بۆ ئاودێریکردنی (٢٦٠٠) هێکتار زەوی، سەرباری دابینکردنی ئاو بۆ کارگەکان و ئاوی ناو ماڵیش([9]).
  • بەنداوی ئەمیر ئاباد: لەسەر ڕووباری ئەنگێوەر دروست کراوە، توانای گەنجینەکردنی (٦ ملیۆن م٣) ئاوی هەیە، بە هۆیەوە (٨٥٥) هێکتار زەویی دێمی دەگۆڕێت بۆ زەویی بەراو، بەمەش بەرهەمی کشتوکاڵی زیاتر دەکات.
  • بەنداوی ڕامشات: ئەمیش هەر لەسەر هەمان ڕووبارە و توانای گەنجینەکردنی (٦ ملیۆن م٣) ئاوی هەیە و دەتوانێت (٣٥٥) هێکتار زەویی دێم ئاودار بکات.
  • بەنداوی ئاژگەلە: لەسەر ڕووباری هەواسانە و توانای گلدانەوەی (٣٠ ملیۆن م٣) ئاوی هەیە([10]). لە بەنداوەکانی ترەوە و لە ڕێگەی تونێلی نەوسوودەوە ئاو وەردەگرێت، بۆ دووبارە دابەشکردنەوەی ئاو بەگوێرەی خواستی ناوچەکان زۆر گرنگە.
  • بەنداوی قشڵاخ: لەسەر ڕووباری قشڵاخ دروست کراوە، بە توانای گەنجینەکردنی ( ٢١٥ ملیۆن م٣)، (٩٠٪)ی ئاوی خواردنەوەی سنە و ئاودێریی دەوروبەری دابین دەکات.
  • چەمی قۆرەتوو: لە گوندی تەنگی حەمامەوە دێتە ناو کوردستانەوە، لە چەمی باڵاجۆوە دێتە ناو ڕووباری سیروانەوە و لە گوندی قۆرەتوودا ئاوی لەبەر ناڕوات بە هۆی پڕۆژەکانی ئێرانەوە، بەمەش کوردستان ڕووبارێکی گرنگی لە گەرمیان لەدەست دا.

ئەم پڕۆژانە بۆ سەر ئاوی سیروان زۆر مەترسیدارن، چونکە لە ڕێگای ئەمانەوە ئاوی سیروان دەبات بۆ ناوچە وشکەکانی ئێران و کوردستان و عێراقیشی لێ بێبەش دەبێت. ڕێکخەری لقەڕووباری مرخێڵ و لقەڕووباری لێلە و گردی قاسمان و لقەڕووباری زەمکان، هەموویان ئاو دەگوێزنەوە بۆ تونێلەئاوی نەوسوود، کە یەکێکە لە گەورەترین تونێلە ئاوییەکانی جیهان، درێژییەکەی نزیکەی (٤٩ کم)ە و تیرەکەی زیاتر لە (٦-٩م)ە و دەتوانێت لە چرکەیەکدا (٧٠م٣) ئاو بگوێزێتەوە. لقەڕووباری ئیمام حسێن، کە ئاو دەگوێزێتەوە بۆ بەنداوی ئاژگەلە. دواجار بە هۆی ئەم ئاوبڕ و ڕێکخەرانەوە، ڕووباری سیروان بەرەو وشکبوون دەڕوات، چونکە ساڵانە بڕی زیاتر لە (١ ملیارم٣) ئاو لە ڕووباری سیروان و لقەکانیەوە دەبات بۆ ناوچەکانی ئیلام. لەگەڵ بەردەوامبوونی ئێران لەسەر کارپیکردنی ئەم پڕۆژانە و فراوانترکردنیان، ئەوا ڕووباری سیروان دەکەوێتە بەردەم وشکبوونی کۆتاییەوە.

 پڕۆژەکانی سەر زێی بچووک

ڕووبەری ئاوزێڵی ئەم ڕووبارە (٢٠٠١٢کم٢)ە لەم ڕووبەرە (١٥٠٦٥کم٢)ی لە کوردستاندایە، کە (٧٥٪)ی کۆی ڕووبەری ئاوزێڵەکە و تێکڕای ئاوی ساڵانەی نزیکەی (٦ ملیار م٣)ە.  گرنگترین لقەکانی ئەمانەن:

  1. چەمی بانە: لە بەرزاییەکانی بانەوە سەرچاوە دەگرێت و دەڕژێتە چەمی چۆمانەوە، بەنداوێکی لەسەر دروست کراوە بە ناوی بەنداوی سەبەدلوو، نزیکەی (٦, ٥ ملیۆن م٣) ئاو دەگرێت لە دووریی (٥کم) لە باکووری خۆرهەڵاتی بانەوە، کە سەرچاوی ئاوی خواردنەوەی شارەکەیە. بەنداوی نوربانە بە نەخشەی (٩٥٠م) درێژی و (٧٠٠م) پانی و قووڵی (٢٦م)، وە پلانی هەیە بۆ دروستکردنی بەنداوێکی تر، بەڵام زانیاریی تەواوی لەسەر نییە.
  2. چەمی سەردەشت (زێی بچووک): کە بەنداوی سەردەشت (بریسوە)ی لەسەر دروست کراوە، بە توانای ئاوگرتنی (١٨٠ ,١ ملیۆن م٣) و بەرهەمهێنانی (١٥٠ مێگاوات/کاتژمێر) کارەبا، لە کاتێکدا لەنزیک ئەم بەنداوەدا داهاتی ئاوی ساڵانەی زێ (٤, ١ ملیار م٣)ە. ئەمە ڕۆڵێکی گرنگی لە کەمبوونەوەی ئاوی زێی بچووکدا هەیە و کوردستان ڕووبەڕووی گرفتێکی گەورەی ئاوی دەکاتەوە.
  3. ڕووباری لاڤین: ڕووباری لاڤین ئاودەری سەرەکیی زێی بچووکە، لەنزیک  “پیران شهر” بەنداوی سیلوەی لەسەر دروست کراوە، بە مەبەستی هێنان و بردنی ئاو لەنێوان ئاوزێڵەکاندا، بەتایبەت گواستنەوەی ئاوی ئاوزێڵی زێی بچووک بۆ چاڵاوی ورمێ بە توانای ساڵانەی (٧ ,١٢١ ملیۆن م٣) ئاو و ئاودانی (٩٤٠٠) هێکتار زەویی کشتوکاڵی. توانای گەنجینەکردنی (١٦٣ ملیۆن م٣) ئاوی هەیە)[11](.
  4. ڕووباری بناوەسوتە: ئەم ڕووبارە دەڕژێتە زێی بچووکەوە، هەمیشە کێشەیەکی هەڵواسراو بووە لەنێوان عێراق و ئێراندا، ئێران سێ کەناڵی ئاویی بۆ کێشکردنی ئاو لەسەر دروست کردووە([12])، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ئاوی هاتوو بەرەو کوردستان، ئاشکرایە دەرئەنجامی کەمبوونەوەی ئاویش چۆڵکردنی گوندەکان و ڕۆیشتن و پاشان نیشتەجێبوونیانە لەو شوێنانەی کە دەتوانن ئاوی تێدا دەستەبەر بکەن.
  5. بەنداوی گەرژاڵ: لەسەر زێی بچووک دروست کراوە، بە توانای گەنجینەکردنی (٠٨٠ ,١ ملیار م٣) ئاو و بەرهەمهێنانی (٤٠ مێگاوات/کاتژمیر)([13]). تێکڕای بڕی ئاودەرکردنی (١١ ,٤٦م٣/چرکە)ە([14]).

سیاسەتی ئاویی تورکیا

سیاسەتی ئاویی تورکیا پشت بە دراوە جوگرافیاییە سروشتی و مرۆییەکان دەبەستێت، بەو پێیەی کە تورکیا دەوڵەتی سەرچاوەیە، ئەمە تایبەتمەندییەکی جوگرافی و ستراتیژیی دەداتێ بۆ دەستبەسەراگرتنی ئاوی هەردوو ڕووباری دیجلە و فوڕات و بێبەشکردنی دەوڵەتانی ئاوەڕێژگە (کوردستان و عێراق). تورکیا لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەوە جەخت لەوە دەکاتەوە کە زۆرترین سوود لە سەرچاوە ئاوییەکانی وەربگرێت، ئەمەش خۆی لە پڕۆژەی باشووری خۆرهەڵاتی ئەنادۆڵ (G. A. P) و چەندان بەنداوی تری دەرەوەی ئەم پرۆژەیە دەبینێتەوە. “G. A. P” بەتەواوی دەکەوێتە کوردستانی باکوورەوە، بە ڕووبەری (٧٥٣٥٨کم٢)ە، (٦٠٥٨٩٠) هێکتار زەویی نێوان هەردوو ئاوزێڵی دیجلە و فوڕات ئاو دەدات،  بۆ ئەمەش پێویستی بە ئاوێکی زۆر دەبێت. ئەم پڕۆژەیە (٢٢) بەنداو و (١٩) وێستگەی کارۆئاوی و تۆڕێکی فراوانی ئاودێری لەخۆ دەگرێت، زۆربەی بەنداوەکان سەرەکین، سەرباری (٤٥) بەنداوی بچووک لەسەر زۆربەی لقەڕووبار و کەناڵە ئاوییە وەرزییەکان، کە ئەمانیش توانای گەنجینەکردنی ئاویان نزیکەی (٢٥ ملیار م٣)ە. گومانی تێدا نییە کە تورکیا هەر بەمەوە ناوەستێت و بەردەوام دەبێت لەسەر دروستکردنی ئەم جۆرە پڕۆژانە لەسەر تەواوی دۆڵ و کەناڵ و ڕێڕەوە ئاوییەکان، بەتایبەتی لەسەر ئەوانەی دەکەونە نزیک سنوورەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەمەش هەڕەشەکە لەسەر هەرێم زیاتر دەبێت. لەبەر ئەوەی پڕۆژەکانی سەر ڕووباری دیجلە کاریگەری دەخەنە سەر ئاوی هەرێمی کوردستان، بۆیە لەم توێژینەوەیەدا تەنها باس لەمانە دەکەین و شیکردنەوە بۆ پڕۆژەکانی تورکیا لەسەر ڕووباری فوڕات ناکەین کە توانای گەنجینەکردنی (٥٢٣ ,٨٨ ملیارم٣) ئاوی هەیە، لە کاتێکدا بەرهەمی ئاوی ساڵانەی بۆ عێراق تەنها (٦٢ ,١٤ ملیار م٣)ە. بۆ پڕکردنی پڕۆژەکانی سەر فوڕات، دەبێ بۆ ماوەی (٦) ساڵ ڕووبارەکە وشک بکرێت، بۆیە عێراق لەبەردەم مەترسیی بەبیابانبووندایە، ئەمەش ئەگەری هاتنی شەپۆلی کۆچ لە باشورەوە بۆ کوردستان بەهێز دەکات و مەترسی لەسەر سەرچاوە ئاوییە شیرینەکانی کوردستان دروست دەبێت و دوور نییە مێژوو دووبارە ببێتەوە و ئەم جارە کورد لە سەرچاوە ئاوییەکان دوور بخرێتەوە، هەروەک چۆن لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستدا لەسەر چاڵە نەوتەکان هەڵکەنرا و کۆچی زۆرەملێی پێ کرا.

 

پڕۆژە و بەنداوەکانی ئاوزێڵی دیجلە

تێکڕای داهاتی ئاوی ساڵانەی دیجلە بۆ عێراق، (٩٤ ,٣٢ ملیار م٣)ە. تورکیا هەوڵ دەدات ئاوزێڵی ئەم ڕووبارە بەتەواوی وەبەر بهێنێت، بەمەش بەرهەمی ئاوی دیجلە بۆ عێراق-کوردستان دەهێنێتە سەر کەمتر لە نیوە، ئەگەرچی هەتاکوو ئێستا پڕۆژەکانی سەر ئەم ڕووبارە (٨٧٢ ,١٦ ملیار م٣) ئاو گەنجینە دەکەن، بۆیە مەترسیی کەمبوونەوەی ئاوی دیجلە لە کوردستان و عێراقدا بەتەواوی دەرنەکەوتووە، بەڵام بە تەواوبوونی هەموو پڕۆژەکان و پڕکردنیان،  لە ئایندەیەکی نزیکدا کوردستان و عێراقیش دەکەونە ناو کارەساتێکی ئابووری و ژینگەیی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە، کە چارەسەرکردنیان قورس دەبێت، چونکە تەنها بۆ پڕکردنی ئەم پڕۆژانە، تورکیا پێویستی بە گرتنەوەی تەواوەتیی ئاوی دیجلە بۆ ماوەی نزیکەی دوو ساڵ هەیە و وەخۆنەکەوتنی عێراق بە کوردستانیشەوە هەتا ئێستا، گرفتی ئاویی هەردووکیان ئاڵۆزتر دەکات.

  • پڕۆژەی دیجلە-کیرال کیزی: توانای گەنجینەکردنی هەردوو پڕۆژەکە (٥ ,٢ ملیارم٣) ئاوە، (٢٠٤ مێگاوات/کاتژمێر) کارەباش بەرهەم دەهێنێت، ئەمە سەرباری ئاودانی (١٢٦ هەزار هێکتار) زەویی کشتوکاڵی.
  • بەنداوی باتمان: توانای گەنجینەکردنی (١٨ ,١ ملیارم٣) ئاوی هەیە، دەتوانێت (١٩٨ مێگاوات/کاتژمێر) کارەبا بەرهەم بهێنێت.
  • پڕۆژەی باتمان-سلیڤان: توانای گەنجینەکردنی (٩٣١ ,٠ ملیار م٣) ئاوی هەیە. مەبەست لەم پڕۆژانە، ئاودێریکردنی (٢٥٧ هەزار) هێکتار زەوی و بەرهەمهێنانی (٦٢٣ مێگاوات/کاتژمێر) کارەبایە، ئەمە سەرباری وێستگەی کارۆئاویی قەیسەر کە توانای بەرهەمهێنانی (٣٤٠ مێگاوات/کاتژمێر) کارەبای هەیە.
  • بەنداوی گارزان: ئامانج لێی؛ ئاودێریکردنی نزیکەی (٥٤ هەزار) هێکتار زەویی کشتوکاڵییە، لەگەڵ بەرهەمهێنانی زیاتر لە (١٧٠ مێگاوات/کاتژمێر) کارەبا([15]) و گەنجینەکردنی نزیکەی (٥٠٠ ملیۆن م٣) ئاو.
  • بەنداوی ئیلیسو: ئەم بەنداوە لە گەورەترین بەنداوەکانی سەر ڕووباری دیجلەیە، توانای گەنجینەکردنی (٤ ,١١ ملیار م٣) ئاوی هەیە، ڕووبەری دەریاچەکەی (٣٠٠کم٢)ە، توانای کۆنترۆڵکردنی هەموو ئەو ئاوەی هەیە کە بۆ کوردستان و عێراقیش دێت، چونکە بڕی ئاودەرکردنی ڕووباری دیجلە لە سنووری هەرێمی کوردستان و تورکیادا تەنها نزیکەی (٢١ ملیار م٣) ئاوی ساڵانەیە، بەم پێیە لە دۆخی پڕکردنی بەنداوی ئیلیسۆدا تەنها (٦ ,٩ ملیارم٣) بۆ ساڵێک ئاو دێتە ناو کوردستان و عیراقیشەوە([16]). لەبەر ڕۆشنایی ئەم ژمارانەدا، دەتوانین زیانە گەورەکانی سەر کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی وزەی کارۆئاوی و ئەو پیشەسازییانەی کە ڕاستەوخۆ پەیوەستن بە ژیانی دانیشتووانەوە ببینین، ئەمە سەرباری تێکچوونی ژینگەی عێراق کە خۆی لە وشکبوونی تەواوی زۆنگاوەکانی عێراقدا دەبینێتەوە.
  • پڕۆژەی جیزرێ: ئامانج لەم پڕۆژەیە هەمەلایەنەیە، دەتوانێت (٣٦٠ ملیۆن م٣) ئاو گەنجینە بکات و (٢٤٠ مێگاوات/کاتژمێر) کارەباش بەرهەم بهێنێت. ناهێڵێت ئەو ئاوەش کە لە بەنداوی ئیلیسۆوە دەردەچێت، بگاتە کوردستان. بۆیە ئەم پڕۆژەیە بۆ کوردستان زۆر مەترسیدارە، کەچی چاوەکان تەنها لەسەر مەترسییەکانی بەنداوی ئیلیسۆیە.

ئەمە سەرباری پڕۆژەکانی تری ئاودێریی “میسچەلانەوس”، کە بەنداوی “دەڤەگەجیدی گۆکسۆ” دەگرێتەوە کە توانای ئاودێریکردنی  سەروو (١٤) هەزار هێکتار زەوییان هەیە.

پڕۆژە پێشنیارکراوەکانی تورکیا لەسەر زێی گەورە بریتین لە (بەنداوی زابی باڵا، سولوت، چاڵدێران، بانی بەرز، هەکاری، دیلیلی، تیبیان)، ئەمە سەرباری دانانی پلان بۆ بونیادنانی بەنداوەکانی (دوغانلی، چوکورغا، ئەسلانداند، بیوردو)([17]).

سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستاندا

ساڵ دوای ساڵ بڕی ئاوی پێویست بۆ دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە زیادبووندایە، بە هۆی زۆربوونی ژمارەی دانیشتووانەوە کە بە ڕێژەی (٣٪) زیاد دەکات و بەرزتربوونەوەی ئاستی گوزەران و زیاتر خڕبوونەوەی دانیشتووان لە شارەکاندا، چونکە پێداویستیی ئاوی شارنشین لە دێنشین زیاترە، لە بەرانبەردا بڕی ئاوی هەرێم بەرەو کەمبوونەوە دەچێت، بە هۆی دەرکەوتنی ئاماژەکانی گۆڕانی ئاوهەواوە کە خۆی لە بەرزتربوونەوەی پلەکانی گەرمی و زۆربوونی بەهەڵمبوون و کەمبوونەوەی بڕی باران و دەرکەوتنی شێوازی بارانی برووسکەئاسا، کە دەبێتە هۆی ڕوودانی لافاو و ڕاماڵرانی زۆر و وێرانبوونی ئاوەدانییەکان، هەر بۆیە بەبێ پلانێکی نوێ کە وەڵامدەرەوەی ئەم بارودۆخە نوێیە بێت؛ ناتوانرێت بەر بە کێشەکانی کەمبوونەوەی ئاو بگیرێت.

کورستان خاوەنی (٤) ڕووباری سەرەکی و دەیان لقەڕووباری بچووکە، ئاراستەی شەپۆلدان و ئاوڕێکردنیان و شێوازی هایدرۆگرافییان بەگشتی لە باکووری خۆرهەڵاتەوە بۆ باشووری خۆرئاوایە، بەشێکی زۆری سەرچاوەی سەرەکیی ئەم ڕووبارانە دەکەوێتە دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە. ڕووباری خاپوور و هیزڵ بەشی زۆری سەرچاوەکەی ناوخۆی کوردستانە، کە ڕووبەرەکەی نزیکەی (٦٠٥٨کم٢)ە، لەم ڕووبەرە نزیکەی (٢١٩٨کم٢)ی ڕووبەری ئاوزێڵی ڕووباری “هیزڵ”ە، بۆیە هەرێم دەتوانێت هەموو ڕووبەری ئاوزێڵی خاپوور و چەند لقێکیش لە ئاوزێڵی هیزڵ وەبەر بهێنێت، تێکڕای داهاتی ساڵانەی (٠٣٥ ,٢ ملیارم٣)ە (نەخشەی ١). ڕووبەری ئاوزێڵی زێی گەورە (٢٦٣٢٣کم٢)ە،  (٩٤٦٣کم٢)ی دەکەوێتە تورکیاوە و (١٦٨٦٠کم٢)ی دەکەوێتە کوردستانەوە (نەخشەی ٢) و لە هەرێمدا تێکڕای بەرهەمی ئاوی ساڵانەی (٧٦ ,٨ ملیارم٣)ە و هەتا ئێستا تاکە پڕۆژەیەک لەسەر ئەم زێیه دروست نەکراوە، ئەوەی هەیە شوێنی بەنداوی بێخمە و بەنداوی مەنداوایە لەسەر زێی گەورە و بەنداوی باکرمان و خلیکانە لەسەر خازر، کە لە دۆخی چاوەڕوانیدان کە کەی کاریان تێدا دەکرێت و کەی تەواو دەبن و ئامادە دەبن بۆ گەنجینەکردنی ئاو. هەر چی زێی بچووکە ڕووبەری ئاوزێڵەکەی (٢٠٠١٢کلم٢)ە و (٧٥٪) دەکەوێتە کوردستانەوە (نەخشەی ٣)، تێکڕای بەرهەمی ساڵانەی پێش گەیشتنی بە دەریاچەی دوکان (٦ ملیارم٣)ە، سیروانیش بەشێکی زۆری سەرچاوەکانیان دەکەونە ئێرانەوە و (٤٧٪)ی ڕووبەرەکەی دەکەوێتە کوردستان و عێراقەوە (نەخشەی ٤)،  تێکڕای ئاوی ساڵانەی کەمی کردووە بۆ (١ ,١ ملیارم٣)، بەڵام ڕووباری عوزێم بەتەواوی سەرچاوەکەی دەکەوێتە ناوخۆی کوردستانەوە (خشتەی ١)،  بەڵام بەرهەمی ئاوی زۆر کەمە و تێکڕاکەی لەنێوان ساڵە وشک و تەڕەکاندا (٣٧ ,١ بۆ ١٧ ,٠ ملیار م٣)([18])، بە تێکڕای (٧٧ ,٠ ملیارم٣)ە.

خشتەی (١)

دابەشبوونی ئاوزێڵی ڕووبارەکان

سەرچاوە: ١. کاری توێژەر بە پشتبەستن بە “ArcGIS10.8”

 

ئەو ئاوزێڵە سەرەکییانەی سەرەوە دابەش دەبن بۆ (١٦٠) ئاوزێڵی بچووک، وا لە خوارەوە هەموو ئەو پڕۆژانەی کە لەسەر ڕووبارەکان یاخود لە ئاوزێڵەکاندا دروست کراوە؛ دەیانخەینە ڕوو.

لە هەرێمی کوردستاندا بە بەنداوی موسڵیشەوە، کە (٣ ,١٣ ملیار م٣) ئاو دەگرێت، (١٤) بەنداو هەن کە تەواو بوون و ئاویان تێدا گەنجینە دەکرێت، ئەوانیش بەنداوی دوکان (٣ ,٦ ملیار م٣) و دەربەندیخان (٣ ملیارم٣) ئاو دەگرن، بە گەنجینەی مردووشەوە. لەم دۆخە سروشتییەی ئێستادا، بڕی ئاوی گەنجینەکراوی ناو ئەم دوو بەنداوە بۆ زیاتر لە نیوە کەمیان کردووە. بەگوێرەی لێدوانی هونەرییەکانی بەنداوی دوکان، پێش نوێترین شەپۆلی بارانی ئەمساڵ (٢٠٢١)، تەنها (٢ ملیار م٣) ئاوی تێدا بووە. بۆ بەنداوی دەربەندیخان دۆخەکە مەترسیدارترە، لە ساڵە ئاساییەکاندا و لە مانگی ئازاردا تێکڕای بڕی ئاوی هاتوو بۆ ناو دەریاچەکە لەنێوان (٤٠٠-٥٠٠م٣/چرکە)دا بووە، کەچی بۆ ساڵی ٢٠٢١ تەنها (٢٨م٣/چرکە) بووە. لەپای پڕۆژە ئاوییەکانی ئێران و دووبارەبوونەوەی شەپۆلەکانی وشکەساڵی، نابێ کوردستان و عێراقیش بەتەمای ئاوی ڕووباری سیروان بن. ئەم کەمبوونەوەیە نەک هەڕەشەیە بۆ سەر چالاکیی کشتوکاڵ و وزەی کارۆئاوی و کەمبوونەوەی ئاوی خواردنەوەی شارەکان، بەڵکوو مەترسییە بۆ سەر خودی پەیکەری بەنداوەکانیش. ئەو بەنداوە بچووکانەی تر کە تەواو بوون، لەچاو بڕی ئاوی لەدەستچوو لە ماوەی شەپۆلەکانی باراندا زۆر کەمن و ئەو توانایەیان نییە کە بتوانن بەشێکی زۆر لە ئاوی کوردستان گەنجینە بکەن و کوردستان لە پێداویستییە ئاوییەکان خاترجەم بکەن. بەنداوی حەمرین کە لەسەر ڕووباری سیروان بونیاد نراوە، توانای گلدانەوەی (٢ ,٣ ملیار م٣) ئاوی هەیە و زیاتر پارێزگای دیالە لێی سوودمەند دەبێت. بەنداوەکانی (کەشکان، حەمامۆک، باوەشاسوار (٦ ملیۆن م٣)، حەسەن کەنۆش، هەڕاوە، جەلی، دێگەڵە، شیوەسوور، شوان، هەشەزینی، چەمی سمۆر، قادرکرم، ئاوەسپی) (نەخشەی ٦)، هەموو ئەم بەنداوانە لە باشترین دۆخدا توانای گەنجینەکردنی کەمتر لە (٧٥ ملیۆن م٣) ئاویان هەیە. بەنداوی دهۆک کە لەسەر ڕووباری دهۆک دروست کراوە، توانای گەنجینەکردنی (٥٢ ملیۆن م٣) ئاوی هەیە، ئەمە لە کاتێکدا ئەگەر بڕی ئاوی خەمڵێنراوی ڕۆیشتووی ساڵانەی هەندێ لە ئاوزێڵەکان وەربگرین، بە نموونە ئاوزێڵی تانجەرۆ کە بەنداوی چەقچەقی لەسەر دروست کراو و بەرگەی نەگرت و ڕووخا، بڕی دەستکەوتی ئاوی ساڵانەی خەمڵێنراوی (١ ,١ ملیار م٣)ە، ئەگەر بزانین ڕووبەری ئاوزێڵەکەی لە دۆڵەڕووتەوە هەتا دەریاچەی دەربەندیخان (١٣٠٥کم٢([19])، بەڵام ئەگەر نموونەی ئاوزێڵێکی نیمچەوشک وەک ئاوزێڵی ئاوەسپیی گەرمیان وەربگرین، ئەوا بڕی ئاوی خەمڵێنراوی ساڵانەی نزیکەی (١ ملیار م٣) ئاوە. هەموو ئاوزێڵەکانی تریش بەگوێرەی ڕووبەر و بڕی بارانی ساڵانەیان، بڕێکی دیاریکراو لە دەستکەوتی ئاوی ساڵانەی خەمڵێنراویان هەیە کە بەفیڕۆ دەڕوات و ناوچەکەیان بێبەش دەبێت لە سامانی ئاوی و توانای دابینکردنی ئاویان بۆ بوارە جیاوازەکان نابێت. لێرەوە کێشەکان سەر هەڵدەدن و هەڕەشەی دەوڵەتانی دراوسێ لەسەر هەرێم دەبێت بە مایەی لەدەستدانی توانای بەرهەمی کشتوکاڵی و تەنانەت دابینکردنی ئاوی خواردنەوەش دەبێت بە کارێکی گران. بەگوێرەی پلانی ڕاگەیەنراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ژمارەی هەموو ئەو بەنداوانەی کە جێبەجی کراون و بڕیارە جێبەجێ بکرێن، (٢٨) بەنداون. دەتوانرا برێکی باش لە ئاوی ڕووبارەکان گەنجینە بکرایە. ئەمە ئەگەر بەنداوی بێخمە ڕانەگیرایە و تەواو ببووایە، ئەوا نزیکەی (١٠ ملیار م٣) ئاوی تر لە هەرێم گەنجینە دەبوو  و کوردستان و عێراقیشی لە مەترسیی کەمئاوی ڕزگار دەکرد و لە بەرهەمهێنانی وزەی کارۆئاوییشدا هەردوو لا خاترجەم دەبوون. سەرباری بوونی بڕێک ئاوی زۆر لە کوردستاندا، بەڵام لە سایەی بەهەندوەرنەگرتنی هەڕەشەکانی دەوڵەتانی دراوسێ و بێباکیی حکومەتی هەرێم لە ئاستی ئاماژەکانی دەرکەوتنی گرفتی ئاودا، هەمیشە کوردستان لەنێوان بەرداشی سیاسەتی ئاوی هەردوو دەوڵەتی ئێران و تورکیادایە، بە هۆی کۆنترۆڵکردنی بەشێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی ئاوەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە  ڕووبەری هەموو ئاوزێڵەکان (٩٨٠٥٧کم٢)ە و لەوە (٥٧٥٣٩کم٢)ی دەکەوێتە کوردستان و عێراقەوە، ئەگەر تەنها ڕووبارەکانی  سیروان و زێی بچووک و زێی گەورە و خاپوور-هیزڵ وەربگرین، ئەوا کۆی ڕووبەرەکەیان (٨٥٣٥٠کم٢)ە و لەو ڕووبەرە (٤٩٨٧٩کم٢)ی دەکەوێتە کوردستان و عێراقەوە کە ڕێژەی نزیکەی (٤ ,٥٨٪)ە

ئەگەر یەک یەک ڕووبارەکان وەربگرین: ئەوا ئاوزێڵی خاپوور (٤٣٪) ڕووبەرەکەی لە کوردستاندایە و (٥٧٪)ی دەکەوێتە تورکیاوە. زێی گەورە (٦٤٪)ی ڕووبەرەکەی لە کوردستاندایە و (٣٦٪)ی لە تورکیادایە. زێی بچووک (٧٥٪)ی ڕووبەری ئاوزێڵەکەی لە کوردستاندایە و (٢٥٪)ی دەکەوێتە ئێرانەوە. هەر چی سیروانیشە، ئەوا (٤٧٪)ی ڕووبەرەکەی لە عێراق و کوردستاندایە و (٥٣٪)ی دەکەوێتە ئێرانەوە. کە وا بێ بە کۆی گشتی، ڕێژەی (٢٥ ,٥٧٪)ی کۆی ڕووبەری ئاوزێڵەکان دەکەوێتە کوردستانەوە، ئەمە بوار دەڕەخسێنێت بۆ کۆکردنەوە و دروێنەکردنی ئاوی لە نیوە زیاتری ئاوی ئاوزێڵەکان، هەر چەندە دەبێ ئەوەش لەبەرچاو بگیرێت کە بڕی دابارین لە دەوڵەتانی سەرچاوەدا کە ڕێژەی (٧٥ ,٤٢٪)ی ڕووبەری ئاوزێڵەکانیان تێ دەکەوێت؛ زیاترە.

نەخشەی (١)

ئاوزێڵی ڕووبارە سنوورییەکان

سەرچاوە[20]: کاری توێژەر، پشتبەست بە سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان (GIS10.8).

نەخشەی (٢)

ئاوزێڵی ڕووباری خاپوور-هیزڵ

سەرچاوە: کاری توێژەر، پشتبەست بە “GIS10.8”.

نەخشەی (٣)

ئاوزێڵی زێی گەورە

سەرچاوە: کاری توێژەر، پشتبەست بە “GIS10.8”.

نەخشەی (٤)

ئاوزێڵی زێی بچووک

سەرچاوە: کاری توێژەر، پشتبەست بە “GIS10.8”.

نەخشەی (٥)

ئاوزێڵی ڕووباری سیروان

سەرچاوە: کاری توێژەر، پشتبەست بە “GIS10.8”.

نەخشەی (٦)

بەنداوەکانی کوردستان

سەرچاوە([21]): ڕێبین ڕۆستەم ڕەسووڵ حمد، بایەخی جیۆپۆلەتیکیی توخمە سروشتییەکانی جوگرافیای هەرێمی کوردستانی عێراق، نامەی ماجستێر، فاکەڵتیی پەروەردە، زانکۆی کۆیە، بەشی جوگرافیا، ٢٠١٤، لا١٠٩.

ئەنجام

لەبەر ڕۆشنایی ئەو سیاسەتەی دەوڵەتانی دراوسێ گرتوویانەتە بەر، کوردستان دەکەوێتە بەر هەڕەشەی کەمبوونەوەی ئاوی ڕووبارە سەرەکییەکانی، چونکە ئێران بەتەنها لەسەر ڕووباری ئەڵوەن (٤ ,١٦٢ ملیۆن م٣) ئاو گەنجینە دەکات، لە کاتێکدا تێكڕای بەرهەمی ئاوی ساڵانەی نزیکەی (٦٣ ملیۆن م٣)ە، لەسەر ڕووباری سیروان (٨٧٥ ,١ ملیار م٣) ئاو گەنجینە دەکات، بەرهەمی ئاوی ساڵانەی ڕووبارەکەش (٦٣ ,٠ ملیار م٣)ە، لەسەر زێی بچووک (٣١ ,١ ملیار م٣) ئاو گەنجینە دەکات و تێکڕای بەرهەمی ساڵانەی ڕووبارەکە نزیکەی (٦ ملیار م٣)ە. تورکیا لە ڕووباری زێی گەورە ساڵانە (٣٧ ,٥ ملیار م٣) ئاوی دەست دەکەوێت، ئێستا پڕۆژەکانی سەر ڕووباری دیجلە (٨٧٢ ,١٦ ملیار م٣) ئاو گەنجینە دەکەن، لە کاتێکدا تەنها بۆ پڕکردنی ئەم پڕۆژانە تورکیا پێویستی بە گرتنەوەی تەواوەتیی ئاوی دیجلە هەیە بۆ ماوەی نزیکەی دوو ساڵ، ئەگەر تەنها (٩٤ ,٣٢ ملیار م٣) ئاو هەژمار بکەین کە لە تورکیاوە دێتە عێراق. لە بەرانبەردا کوردستان کە ڕێژەی (٢٥ ,٥٧٪)ی ڕووبەری ئاوزێڵەکان دەکەوێتە کوردستانەوە و ساڵانە بڕی (٦٦٥ ,١٨ ملیار م٣) ئاوی تەنها لەم ڕووبارانەوە دەست دەکەوێت. هەموو بەنداوەکان کە هەندێکیان تەواو بوون و هەندێکیشیان تەواو نەبوون، لە باشترین دۆخدا توانای گەنجینەکردنی کەمتر لە (٧٥ ملیۆن م٣) ئاویان هەیە، کە وا بێ ئەگەر (٢ ملیار م٣)ی بەنداوی دوکان و (٥ ,١ ملیار م٣)ی بەنداوی دەربەندیخان هەژمار بکەین، چونکە ئەم دوو بەنداوە توانای گەنجینەکردنیان دابەزیوە، هەرێم تەنها توانای گەنجینەکردنی (٦٢٧ ,٣ ملیار م٣) ئاوی هەیە، کەواتە (٠٣ ,١٥ ملیار م٣) ئاو بەفیڕۆ دەڕوات. لەم ژمارانەوە تێدەگەین کە کوردستان ساڵانە چەند بڕ لە ئاڵتوونی شین لەدەست دەدات و قەبارەی گرفتەکانیش ساڵدوای ساڵ گەورەتر دەبن.

سەرچاوە و پەراوێزەکان:

([1]) محمود الاشرم، (٢٠١١)، اقتصاديات المياه في الوطن العربي و العالم،٢٠٠١، ص٣٠١.

https://www.dw.com › a-58764729 )[2](

https://ar.wikipedia.org › wiki › )[3](

([4]) د. فؤاد قاسم الامير، هاوسەنگیی ئاوی لە عێراق و قەیرانی ئاو لە جهاندا، وەرگێڕانی د. خەلیل کەریم محەمەد و ئەحمەد عەلی ئەحمەد، ٢٠١٦، لا٢٤٧.

 ([5]) ئازاد محەمەد ئەمین نەقشبەندی، بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکانی هەرێمی کوردستان، سەنتەری دیراسات و توێژینەوە و ئەکادیمیای پارتی، هەولێر، ٢٠٢١، لا٢٥٩.

([6]) سليمان عبدالله اسماعيل، السياسة المائية لدول حوضي دجلة و الفرات و انعكاساتها على القضية الكردية، 2004، ٢٣٢.    

([7]) د. فؤاد قاسم الامير، هاوسەنگیی ئاوی لە عێراق و قەیرانی ئاو لە جیهاندا، وەرگێڕانی د. خەلیل کەریم محەمەد و ئەحمەد علی ئەحمەد، سەرچاوەی  پێشوو، لا ٢٤٨ .

([8]هەمان سەرچاوە، ٢٤٦.

([9]) Dana Muhammad Faraj, Kawa Zaiydan; the Impact of the Tropical water project on Darbandikhan Dam and Diyala river Basin, IRAQI JORNAL OF CIVIL ENGINEERING, 014-001, UNIVERSITY OF ANBAR,2020, P3-6.

 ([10]) ئازاد محەمەد ئەمین نەقشبەندی، بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکانی هەرێمی کوردستان، سەرچاوەی پێشوو، لا٢٥٥.

https://en.wikipedia.org/wiki/Silveh_Dam ([11] )

([12])  عليان محمود عليان، المياه العربية من النيل الى الفرات، 2014، ص110.

 ([13]) سعید خضری، جغرافیای طبیعی کوردستان،حوضە زاب، سنندج،٢٠٠٠،  ص١٣٣.

([14]) سعید خضری، هایدرومورفولوجی ڕووباری زێی بچووک، ٢٠١١، ص١١٤.

 ([15]) ئازاد محەمەدئەمین نەقشبەندی، پڕۆژەی گاپ (G. A .P) و کاریگەرێتیی لەسەر دەوڵەتانی ناوچەکە و کوردستان، ٢٠٠٣، لا٤٥.

 ([16]) د. فؤاد قاسم الامير، هاوسەنگیی ئاوی لە عێراق و قەیرانی ئاو لە جیهاندا، وەرگێڕانی د. خەلیل کەریم محەمەد و ئەحمەد عەلی ئەحمەد، سەرچاوەی  پێشوو، لا١٦٦.

https://www.ahewar.org › show.art.asp )[17] (

([18]) ئازاد محەمەد ئەمین نەقشبەندی، بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکانی هەرێمی کوردستان، سەرچاوەی پێشوو، لا ٢٠٧ و ٢٢٢ و ٢٣٨ و ٢٥٢ و ٢٨١.

([19]) خليل كريم محمد، الخصائص الهايدرولوجية لحوض نهر تانجرو و امكانية استثمار مياهه، قسم الجغرافية، كلية العلوم الانسانية، جامعة السليمانية، اطروحة دكتوراه (غ. م)، 2014، ص١٠٩.

([20]) کاری توێژەر پشتبەست بە سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان (GIS10.8).

 ([21]) ڕێبین ڕۆستەم ڕەسووڵ حمد، بایەخی جیۆپۆلەتیکیی توخمە سروشتییەکانی جوگرافیای هەرێمی کوردستانی عێراق، نامەی ماجستێر، فاکەڵتیی پەروەردە، زانکۆی کۆیە، بەشی جوگرافیا، ٢٠١٤، لا١٠٩.

ژمارە یانزە (١١)ی کانونی دووەمی ٢٠٢٢ی گۆڤاری ئایندەناسی

Send this to a friend