• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
December 17, 2017

سەنتەرى لێکۆڵینەوەى ئایندەیى پرۆژەى (چارەنووسى کەرکوک لەنێوان هەولێر و بەغداد)ى ڕاگەیاند

(سەنتەرى لێکۆڵینەوەى ئایندەیى) بە هاوکارى (سەنتەرى لێکۆڵینەوەى یاسایى و سیاسى – لە کۆلێژى یاسا و ڕامیارى زانکۆى سلێمانى) لە بەروارى ١٦/ ١٢/ ٢٠١٧ کاتژمێر (٤ – ٥) ى پاش نیوەڕۆ، لە هۆڵى کۆنفرانسەکانى سەرۆکایەتى زانکۆى سلێمانى، لە کۆنگرەیەکى میدیاى بەرفراواندا، بە ئامادەبوونى پەیامنێرانى ژمارەیەکى بەرچاو لە کەناڵەکانى ڕاگەیاندن، قۆناغى دووەمى پرۆژیەکى هاوبەشیان بە ناونیشانى (چارەنوسی کەرکوک لە نێوان هەولێر و بەغداد) ڕاگەیاند. لە سەرەتاى کۆنگرەکەدا بەڕێز (د.ئومێد رفیق فتاح) وەک سەرۆکى سەنتەرى لێکۆڵینەوى ئایندەیى و سەرۆکى تیمى توێژەرانى پرۆژەکەش ناساندنێکى بۆ پرۆژەکە کرد و ئامانج و پرسیار و گرنگى پرۆژەکەى خستەڕوو، دواتر پوختەیەکى لە ناوەرۆکى ڕاپۆرتى دووەمى پرۆژەکە و گرنگترین ئەو دەر ئەنجامانەش کە پێى گەشتووە باسکرد. لە کۆتایشدا پەیامنێرانى کەناڵە ئامادەبووەکان چەندین پرسیاریان لە سەر لایەنەکانى پرۆژەکە و بەهاى بۆ بڕیاربەدەستان و کاریگەرى لە چارەسەرکردنى کێشەى کەرکوک – وەک ناوچەیەکى جێناکۆکى نێوان هەرێمى کوردستان و عێراقى فیدراڵ – ئاڕاستەکرد.
شایانى باسکردنە، پرۆژەى (چارەنوسی کەرکوک لە نێوان هەولێر و بەغداد) لەلایەن تیمێک لە تویژەرانى هەردوو سەنتەرى ناوبراوەوە جیبەجێ دەکرێت کە پێکهاتوون لە بەڕێزان (پ.ى.د.ئومێد رفیق فتاح، پ.ى.د.عابد خالد رسول، م.د.زمکان على سلیم، م.د.جلال حسن مصطفى و م.ى.هەردى مهدى میکە).
ماوەى ئەنجامدانى پرۆژەکە (٦) مانگە، کە گەڵاڵەکردنى سێ ڕاپۆرت لە خۆ دەگرێت، هەر (٢) مانگ جارێک ڕاپۆرتێک. ئەو ڕاپۆرتەش کە لەم کۆنگرە میدیاییەدا ڕاگەیاندنى بۆکرا دووەمین ڕاپۆرتیانە. ڕاپۆرتى یەکەمیش دوومانگ پێش ئێستا لە مانگى ئەیلولى / ٢٠١٧ ئامادەکراوە. ئەم پرۆژەیە، وەک پرۆژەیەکى فراوانى چەند قۆناغیى، هەوڵدەدات لەچوارچێوەى خوێندنەوەیەکى زانستى (سیاسى و مێژوویى و ئەمنى و نێودەوڵەتى) دا بۆ پرسى کەرکوک وەڵام بۆ هەندێک لەو پرسیارە نوێیانە بدۆزێتەوە، کە لە ئەنجامى دەرکەوتنى پێدراو و گۆڕاوە نوێیەکانى دۆخى هەنوکەیى کەرکوک لە ئارادان، هاوکات هەندێک بەرچاوڕوونى زانستى نوێ لەسەر کێشەکە و ئامڕازەکانى چارەسەرکردنى بخاتە بەردەست لایەنە پەیوەندیدارەکان. لەم پێناوەشدا پرۆژەکە کار لەسەر سێ ئاست دەکات، ئاستی یەکەم: داهاتوی سیاسی و ئیداریی کەرکوک. ئاستی دووەم: ڕەهەندی ئەمنی لە کەرکوکدا. ئاستی سێهەم: ڕەهەندی هەرێمی و نێودەوڵەتی.
بایەخى ئەم پرۆژەیە لەوەدایە کە دەخوازێت زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکان بکاتە پێگەیەک بۆ پێدانى ڕاوێژ و بەرچاووڕوونی بە بڕیار بەدەستان لەکاتى مامەڵەکردنیان لەگەڵ کێشە سیاسییەکان و دۆزینەوەى چارەسەر بۆیان بە سوود وەرگرتن لە ئامرازەکانى توێژینەوەى زانستی.

Send this to a friend