• Google Plus
  • Rss
  • Youtube
January 24, 2024

ڕۆڵی فەتوای دەستەجەمعی لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و تیرۆردا

نووسینی: محەممەد عەلی سەلامە

وەرگێڕانی: عومەر ڕەشید

فەتوای دەستەجەمعی ئەو ڕێکارە گرنگەی فەتوایە کە داخوازی سروشتی سەردەمە، سوودوەرگرتنە لە تەواوی بوارە فیقهییە زانستییە جیاوازەکان لە پێناو پێشکەشکردنی فەتوایەکی شەرعی ڕێکوپێکی تەواو کە ڕەچاوی شوێن و کات و کەسەکە و حاڵی کەسەکەی تێیدا کرابێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئاڵنگارییانەی بەرەوڕووی ئوممەتی ئیسلامی دەبێتەوە.

جیاوازی فەتوای دەستەجەمعی ئەوەیە کە وردتر و توانای زیاتری تێدا بە خەرج دەدرێت لەلایەن تایبەتمەندانی بوارە شەرعییەکانەوە، یان بوارێکی تایبەت کە داوای سەرنجی شەرعی لەبارەوە کرابێت. لەبەرئەوە فەتوایەکی وردتر دەردەچێت لە فەتوای تاک، کە ئەگەری زۆرە کێشە و هەڵەگەلێکی تێدا بێت، بە جۆرێک موفتییەکە هەستی پێ نەکات.

لێرەدا پەیوەندییەکی گرنگ هەست پێ دەکرێت لە نێوان فەتوای دەستەجەمعی و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و تیرۆر، چونکە بەڵایەکی گەورەیە بەرۆکی کۆمەڵگەی موسڵمان و ناموسڵمانی گرتووە، ئەمەش پێویستی بە هاودەنگی هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی. لەبەرئەوە بابەتی توندوتیژی و تیرۆر پێویستی بە بنکۆڵی فەتوایی دەستەجەمعی و بەردەوام هەیە لەپێناو دۆزینەوەی باشترین بژاردەی فیقهی و هاوڕا بە حوکمی خوای گەورە بۆ دەرچوون لەو بابەتە ترسناکە، کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ژیانی خەڵک و دواڕۆژ و نیشتمانیانەوە هەیە.

لەبەر ئەو هۆکارگەلە بڕیارمان دا بە نووسین لەسەر ئەم بابەتە گرنگە لەپێناو مەنهەجیەتی فەتوای دەستەجەمعی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و تیرۆر. لە ئێستادا دیاردەی توندوتیژی و تیرۆر بە هەموو شێوە و دەرکەوتەکانییەوە بووەتە ئەگەرێکی ترسناک بۆ تەواوی جیهان، چونکە دەرەنجامە کارەسەتبارەکەی لەسەر ئاستی دەوڵەت و گەل و کۆمەڵگەیە، بەتایبەت لەژیر سێبەری تەقینەوە ئایینی و سیاسی و بوارە گڕگرتووەکان لە جیهاندا، وەک سوریا، یەمەن، عێراق، لیبیا، بۆرما و ئەفریقای ناوەڕاست، شوێنگەلێکی تریش کە مەیدانی ململانێکانن، ئەو شوێنانەی کە توندوتیژی زاڵ بووە بەسەر مەیدانی ململانێکاندا.

توندڕەوی و توندوتیژی ئەو هەڕەشە ترسناکەیە کە بەرۆکی جیهانی گرتووە، بەرۆکی ئەوانەی لە هەوڵی ئارامی و ئاسایش و پاراستنی کەرامەتی زۆرینەدان، ئەوانەی لە وڵاتانی پێگەیشتوو و تازە گەشەسەندوودان، هەروەها تێکدانی ڕێگەی ژیانی ئاشتیانە و بەردەوامیان، هەروەها دەبێتە ئاڵنگارییەکی جددی بۆ مافەکانی مرۆڤ.

سەرەتای ئەم توێژینەوەیە پێویستمان بە پێناسەی هەر یەک لە (فەتوای دەستەجەمعی) و (توندوتیژی) و (تیرۆر) دەبێت:

بەشی یەکەم

فەتوای دەستەجەمعی

فەتوا لەزمانەوانیدا: بە واتای ڕوونکردنەوەی کارێک و لابردنی تەمومژ لەسەری دێت.

فەتوا لە زاراوەدا: هەواڵدانە بە حوکمێکی شەرعی، بەبێ ناچارکردنی بەرامبەر.

– سوودی بەندی کۆتایی (بەبێ ناچارکردنی بەرامبەر) ئەوەیە کە جیای دەکاتەوە لە دادوەری، چونکە دیارترین جیاوازی نێوانیان ئەوەیە: فەتوای موفتی فەتوا بۆ دراو ناچار ناکات، بەپێچەوانەی بڕیاری دادوەرەوە، کە بڕیار بۆ دراو پابەند دەکات پێوەی.

پێویستە ئاماژە بەوەش بدرێت فەتوا تایبەتە بە ڕووداوێکی تایبەت و سنووردار. لەبەر ئەوە ناکرێت ئەم فەتوایە گشتگیر بکرێت بۆ هەموو ڕووداوە هاوشێوەکانی، بەڵکو دەبێت هەمان تایبەتمەندی و سنووری هەبێت.

جیاوازییەکی بنچینەییش هەیە لەنێوان فەتوا و ئیجتیهاددا، ئیجتیهاد واتا: ئەوپەڕی هەوڵدان و تێکۆشان بۆ دەستکەوتنی حوکمێکی شەرعی دروست.

ئیجتیهاد پەیوەستە بە ڕوونکردنەوەی حوکمێکی شەرعی لە بابەتێکدا، بەبێ ڕەچاوکردنی واقیع و لێکچووەکانی چواردەوری، بەڵام فەتوا پەیوەستە بە واقیعێکی دیاریکراو بە ڕەچاوکردنی ژینگە و چۆنێتیی دابەزاندنی ئەو حوکمە شەرعییە بۆ واقیعەکە.

پێناسەی فەتوای دەستەجەمعی لە زاراوەدا: فەتوادانە بە شێوەیەکی دەستەجەمعی نەک تاکەکەسی.

فەتوای دەستەجەمعی ئامانجی دروستکردنی جۆرێکە لە هەماهەنگی و ڕێکەوتنی نێوان دامەزراوەکان بۆ تەواوی فەتواکانیان کە تایبەتن بە توندوتیژی و تیرۆرەوە، تا هێزێکی زانستی دروست بکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی بیرۆکەی لاڕێ و گومڕاکەر. پاڵپشت بە بەڵگەی بەهێز و ڕوونکردنەوەی ئاشکرا و بوێری.

فەتوای دەستەجەمعی لە سەردەمی نوێدا چەند شێوازێکی هەیە، دیارترینیان سێ دانەن:

1- دامەزراوەکانی فەتوا:

دامەزراوە فەتواییەکان: بریتییە لە لایەنێکی گشتی هەڵگری سروشتێکی ئایینی تایبەتمەندە، لە چوارچێوەی کاری خۆیدا خزمەتی موسڵمانانی چواردەوری خۆی دەکات، هەندێک جار خزمەتەکەی فراوان دەبێت بۆ ئوممەتی ئیسلامی، بە شێوەیەک ئەم دامەزراوەیە کار دەکات بۆ دامەزراندنی فەتوای شەرعی، کە بگونجێت لەگەڵ ئایینی دروست و بەدیهێنانی مەبەستە بەرزەکانی شەریعەت، کە بریتین لە پارێزگاری ئایین و گیان، ئابڕوو، ئاوەز و ماڵ، هەروەک دەبێت فەتواکە بە ڕێگەیەکی ئاسان بدرێت بۆ کەسەکە، کە گونجاو بێت بە شێوازی ئاخافتنی نوێ. هەروەها کار دەکات بۆ ئەوەی ببێتە مەرجەعێکی ئایینی لەلای خەڵکی تا بۆ پرسیار و ئەگەرەکانی بەردەمیان بگەڕێنەوە بۆی.

بۆ گەیاندنی پەیامەکەی، دامەزراوەی فەتواکە هەڵدەستیت بە بەرەوپێشبردنی سەنتەری لێکۆڵینەوەکەی بەپێی دوایین داهێنراوە تەکنەلۆژییەکانی سەردەم، هەروەها هەڵدەستێت بە پێشکەشکردنی خزمەتی ڕاهێنان بە فێرخوازەکانی.

هەروەها هەڵدەستێت بە دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی هەموو مانگێکی عەرەبی ئەویش بە هاوکاری لیژنەیەکی تایبەت بە بینینی مانگ لە ڕێگەی پیشکەوتووترین ئامێرەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ فەلەکییەکان.

لەگەڵ دەستکردن بە دامەزراندنی دامەزراوەی فەتوا بە شێوازی خول و دامودەزگا و شێوازی تر و بڵاوەپێکردنی بە ژمارەیەک لە دەوڵەتە ئیسلامییەکان، لێرەوە پیشەی موفتی لە کارێکی تاکەکەسی دەگوازرێتەوە بۆ کارێکی دامەزراوەیی، موفتییەک سەرۆکایەتی ئەو دەزگایە دەکات کە بە چەند کارێکی خزمەتگوزاری هەڵدەستیت، لەسەروو هەموویانەوە فەتوادان.

لەگەڵ جیاوازی ڕۆڵی فەتوا بەپێی لایەنی مرۆیی و ماددی و جیاوازی پێکهاتە ئیداری و ڕێکخستنەکەی، وەزیفە و خزمەتەکەی جیاواز دەبێت بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتەی لە دەوڵەتەکاندا جێبەجێ دەکرێت، ئەم وەزیفە جیاوازانە جیاواز دەبن کە دامەزراوە فەتواییەکە پێیهەڵدەستێت لەنێوان وەزیفە ئایینییەکە و لایەنە کۆمەڵایەتییەکە، هەندێک جاریش لایەنە یاساییەکە.

دەکرێت ئەو وەزیفانەی دامەزراوە فەتواییەکان پێی هەڵدەستن بکرێتە سێ وەزیفەی سەرەکی:

وەزیفەی یەکەم: وەزیفەی ئایینی

ئەمەش وەزیفەی بنچینەییە لە ڕۆڵی دامەزراوە فەتواییەکان، دامەزراوە فەتواییەکە هەڵدەستیت بەم ڕۆڵە شەرعییە لە چوارچێوەی پێشکەشکردنی ئەم خزمەتگوزارییانە:

أ- فەتوا: ئەمەش وەزیفەی سەرەکی ڕۆڵی فەتوایە، بە شێوەیەک دامەزراوە فەتواییەکە فەتوایەکی شەرعی دروست دەردەکات کە هاوڕا بێت لەگەڵ دروستی ئایین و بەدیهێنانی مەبەستە بەرزەکانی شەریعەت، لە پارێزگاری لە ئایین و گیان و ئابڕوو و ئاوەز و ماڵ، دەبێت بە شێوەیەک ئەو فەتوایە پێشکەشی داخوازیکارەکەی بکات کە زمانی سەردەم بێت، دامەزراوە فەتواییەکە لەم ڕووەوە دوو ڕێگە دەگرێتەبەر لە بەرامبەر داخوازیکاری فەتواکە:

– فەتوای زارەکی: دامەزراوەکە هەڵدەستێت بە ڕووبەڕووکردنەوەی فەتوادەر و ئەوانەی فەتواکە دەردەکەن، لەگەڵ داخوازیکاری فەتواکە، هەتا گوێ لە پرسیارەکەیان بگرن و وەڵامیان بدەنەوە.

دامەزراوە فەتواییەکە هەندێک جار لە چوارچێوەی فەتوای زارەکیدا کارئاسانی دەکات و ڕێگەی تری وەک تەلەفۆن و پێگە ئەلیکترۆنییەکان دەگرێتەبەر، ئەگەر ئەوە بۆ داخوازیکاری فەتواکە و گەیاندنی فەتواکە ئاسانتر بوو.

– فەتوای تەلەفۆنی: دامەزراوەکە لە ڕێگەی کارگێڕی، یان بەشی تایبەتەوە پەیوەندی داخوازیکارانی فەتوا وەردەگرن و وەڵامی پرسیارەکانیان دەدەنەوە.

– فەتوای نووسراو: دامەزراوە فەتواییەکە خزمەتگوزاری خۆی لەڕێگەی نووسینەوە پێشکەش دەکات، یان لەڕێگەی فاکس و نامەی ئەلیکترۆنییەوە، یان لە ڕێگەی ماڵپەڕە فەرمییەکەیەوە، لەکاتێکدا داخوازیکاری فەتواکە هاتبێتە بنکەکە و پرسیارەکەی بە نووسین بەجێ هێشتبێت.

– فەتوای ئەلیکترۆنی: ئەمە لەکاتێکدایە کە پرسیارەکەیان لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە پێدەگات، جا نامەی ئەلیکترۆنی بێت، یان لەڕێگەی وەرگرتنی پرسیارەکان، یان پێگەی فەرمی دامەزراوەکە، یان بەهۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

ب- نووسینی توێژینەوەی شەرعی: دامەزراوەی فەتوا دامەزراوەیەکی شەرعییە، کادرەکانی پێکهاتوون لە زانا و توێژەرە شەرعییەکان ئەوانەی توانایان هەیە چالاکانە بەشداری نووسینی توێژینەوە شەرعییەکان بکەن، لەبەرئەوە یەکێک لە وەزیفەکانی دامەزراوە فەتواییەکە بڵاوکردنەوەی توێژینەوەی زانستییە بۆ پێشهاتەکان و قاڵبوونەوە لە بابەتە تێکەڵەکان، کە پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی بنچینەیی هەیە لە چوارچێوەی توێژینەوەی زانستی بڕواپێکراو.

ج- بڕوانامە و ڕاهێنان: ئەم وەزیفەیە لە گرنگترینی ئەو وەزیفانەن کە دەسپێردرێت بە دامەزراوە فەتواییەکە، بە شێوەیەک دامەزراوەکە هەڵدەستێت بە ڕاهێنانی هەوادارانی لەلایەن موفتی و توێژەرانی، تا فێری کاری هونەریان بکەن، بۆ ئەوەی مەعریفە و شارەزایی زانستیان زیاد بکەن، لەگەڵ وردبوونەوە لە لقە فیقهی و ڕێبازە بانگخوازییەکاندا، شارەزاکردنیان لە هەندێک لایەنی تردا وەک ئەوەی شارەزایی لە باش گوێگرتن و پەیوەندی چالاک و کار بە گرووپ و کار لەسەر نەخشە زیهنییەکان و ڕێکخستنی کات و بیرۆکەی ڕەخنەیی و داهێنەرانە.

د- زیندووکردنەوەی بۆنە ئایینییەکان: لەڕێگەی ڕێکخستنی ئاهەنگ و کۆڕبەندە شەرعییەکانەوە بۆ بیرخستنەوەی ئەو یادانە وەک لەدایکبوونی پێغەمبەر و پێشوازی لە مانگی ڕەمەزان و جەژنەکان، هەڵدەستێت بە باسکردنی واتاکانیان، ئەویش بە هاوکاری لەگەڵ دامەزراوە ئیسلامییەکان.

هـ- جەختکردنەوە لە کەلەپوور (التراث): بە تێڕوانینی ئەو پەیوەندییە بەهێزەی لەنێوان کاری دامەزراوەیی لە ڕۆڵی فەتوا و نێوان توێژینەوەی زانستیدا هەیە، دامەزراوە فەتواییەکان دەتوانن لەڕێگەی بەش و کارگێڕییە زانستییەکەیانەوە کار بکات بۆ جەختکردنەوە لە کەلەپوور و دەستخەتەکان، بەتایبەت دەستخەتەکان لە بواری فەتوادا، ئەمەش لەڕێگەی ئەو کادرە زانستییانەی لە ئاستێکی بەرزدان لە دامەزراوەکەدا.

و- ئاگاییدان لە سەرەتای مانگە عەرەبییەکان: وەشاندنی بڵاوکراوەگەلێکی شەرعی بە دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی هەموو مانگێکی عەرەبی، بە پشتبەستن بە لیژنەی بینینی مانگ بە ئامێری پێشکەوتووی بینینی مانگ بە هاوکاریی گەردوونناسەکان.

ز- وەڵامدانەوەی ئەو گومانانەی ڕوو دەکەنە ئیسلام: جا پەیوەست بێت بە بابەتە عەقیدییەکانەوە، یان حوکمە فیقهییەکان، یان ڕاڤەی دەقە شەرعییەکان، دامەزراوە فەتواییەکە لەڕێگەی بەش، یان کارگێڕی تایبەتمەند هەڵدەستێت بە ڕەواندنەوەی ئەو گومانانە و وەڵامدانەوەیان.

وەزیفەی دووەم: وەزیفەی کۆمەڵایەتی

هەروەک چۆن دامەزراوە فەتواییەکە خزمەتگوزاری ئایینی پێشکەش دەکات، پێویستە پشکیشی هەبێت لە خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان لەم ڕێگانەوە:

أ- خزمەتگوزاری ئامۆژگاری و ڕێنوێنی خێزانی بۆ چارەسەری کێشە خێزانییەکان: لێرەدا دوو هاوسەرەکە بە ئامانج دەگیرێن، لایەنی تایبەتمەند لە خانەی فەتوا میواندارییان دەکات پاشان هەوڵ دەدات بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نێوانیان لەڕێگەی ئامۆژگاری و ڕێنوێنی و ڕوونکردنەوەی ئەرک و مافی هەریەکەیان.

ب – ڕاپرسی: دەکرێت دامەزراوە فەتواییەکان ڕاپرسی بکەن لە ڕێگەی تایبەت بە دامەزراوەکەوە، یان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پێگە ئەلیکترۆنییەکانی تایبەت بە خۆیان، ئەویش بە پێشکەشکرنی پرسیارێک دەربارەی بابەتێک تا بۆچوونی جەماوەری لەبارەوە بزانن، بەم شێوەیە دامەزراوە ئایینییەکە دەتوانیت لەلایەک متمانەی بە جەماوەرە موسڵمانەکە هەبێت و بۆچوونیان وەرگرێت، هەروەها باوەڕبوون بە دەرەنجامی ڕاپرسییەکە لەلایەکی تر.

وەزیفەی سێیەم: وەزیفەی یاسایی

أ- بڕیاردان و ناوبژیوانی نێوان دوو هاوسەرە ناکۆکەکە: دامەزراوە فەتواییەکە هەڵدەستێت بە بڕیاردان و ناوبژیوانی دوو لایەنە ناکۆکە خێزانییەکە، بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی دادوەری تایبەتمەند ئەگەر یاسای وڵات ڕێگەی بە وەها کارێک دابوو.

ب- پێشکەشکەشکردنی ڕاوێژی شەرعی بە دەزگا یاساییەکان: وەک پێشکەشکردنی ڕاوێژ لەلایەن خانەی فەتوای میسری بە دادگا تایبەتمەندەکان دەربارەی لەسێدارەدان.

دامەزراوە فەتواییەکان (فەتوای دەستەجەمعی) کاتێک هاڵدەستن بەم کارە کە پێشنیاریان دەربارەی بابەتێک، یان ڕووداوێکی دیاریکراو بۆ بکرێت، بەتایبەت لەکاتێکدا پێویستی بە تێڕوانینێکی وردی فیقهی هەبێت.

لە نموونەی ئەو دامەزراوانە: خانەی فەتوای میسری، فەرمانگەی فەتوای ئوردنی، ئەنجومەنی زانایانی باڵا لە شانشینی عەرەبی سعودی.

2- سەنتەری ئیسلامیی و کۆڕبەندی فەتوا لە وڵاتە ناموسڵمانەکاندا

دەکرێت بەم شێوازە پێناسە بکرێت: “چەند سەنتەرێکن دەوڵەتە ئیسلامییەکان، یان کەسایەتییە ئیسلامییەکان لە وڵاتە ناموسڵمانەکاندا دایدەمەزرێنن، ئەو وڵاتانەی موسڵمان تێیاندا کەمینەن، ئەم سەنتەرانە گرنگی دەدەن بە تایبەتمەندییەکانی موسڵمانانی ئەو وڵاتانە”.

ئەم سەنتەرانە تایبەتن بە سێ وەزیفەی بنەڕەتی:

یەکەم: بانگەواز بۆ ئیسلام

ئەم سەنتەرانە ئامانجیان ناساندنی حەقیقەتی لێبوردەیی ئیسلامە بە کۆمەڵگە ناموسڵمانەکان، لەگەڵ وەڵامدانەوەی گومانەکان لەدژی ئیسلام. لابردنی ئەو چاوبەستانەی تێکەڵ کراوە بە بابەتە ئیسلامییەکان، وەک بابەتەکانی ئافرەت و میرات و جیهاد و تیرۆر… هتد.

دووەم: فەتوا

ئەم سەنتەرە ئیسلامییانە هەوڵێکی زۆر دەدەن لە بواری فەتوادا بە تایبەت لەو بابەتانەی تایبەتن بە کەمایەتییە موسڵمانەکان لە وڵاتە ناموسڵمانەکاندا، لەچوارچێوەی ئەو ڕووداو و پێشهاتە زۆرانەی سروشتی ژیانکردنی ئەو کۆمەڵگانە دەیسەپێنێت بەسەریاندا.

سێیەم: دادوەری

ئەم سەنتەرە ئیسلامییانە شوێنگرەوەی دادگای شەرعی دەبن کە بوونیان نەبێت، پاش ئەوەی کە ڕێ و شوێنە یاساییەکان دەگیرێنەبەر لە وڵاتە ناموسڵمانەکاندا، بۆ نموونە پەنابردن بۆ یاسا دەستکردەکان لە جیابوونەوەی هاوسەرەکاندا بری بڕیارە شەرعییەکان ناکەوێت، پاش ئەوەی لەدادگا تەڵاق وەردەگرێت دەبێت سەر بدات لەو سەنتەرانە لەوێ لەلایەن خەڵکی شارەزا و تایبەتمەند و زاناوە لایەنە شەرعییەکەی تەواو بکرێت.

٣- ئەکادیمیای فیقهی

ئەکادیمیای فیقهی بەم شێوەیە پێناسە دەکرێت: “دەستەیەکی زانستی ئیسلامییە خاوەن کەسایەتی مەعنەوی سەربەخۆیە، پێکهاتووە لە دەستەبژێری فەقیهـ و زانایانی ئوممەتی ئیسلامی، دەکۆڵنەوە لە ڕووداو و پێشهاتەکان، بڕیاری شرعیان بۆ دەردەکەن”.

ئەم ئەکادیمیا فیقهییە بۆ فەتوا و بڕیارەکانی پشت دەبەستێت بە ئیجتیهادی دەستەجەمعی، دەستەی گشتی هەڵدەستێت بە دانانی ناونیشانی توێژینەوە هەڵبژێردراوەکان دەربارەی ئەو ڕووداو و پێشهاتانەی بە شێوەیەکی گشتی بەرۆکی موسڵمانان دەگرنەوە، پاشان کۆمەڵێک زانای تایبەتمەند ڕادەسپێرن بە ئامادەکردنی لێکۆڵینەوە، دەبێت تێیدا بنەماکانی لێکۆڵینەوە و بەڵگەکان ڕەچاو بکرێن، کەسە شارەزاکانیش لە زانستە جیاوازەکاندا یارمەتیان دەدەن بۆ وەسفکردن و وێناکردنی پێشهات، یان ڕووداوەکە بە شێوازە ڕاستەقینەکەی خۆی، بە سوودوەرگرتن لە تەواوی ئەو مەزهەبە ئیسلامییانەی کۆدەنگی هەیە لەسەر دروستیان، بەبێ دەمارگیری بۆ مەزهەبێک لەناو مەزهەبەکاندا، پاشان بە ئامادەبوونی زانا و شارەزاکان، پاش کەمکردن و زیادکردن و گفتوگۆ لەسەری، ئەکادیمیای فەتوا یان بە بڕیارێکی کۆدەنگی، یان بە ئامادەبوونی زۆرینە بڵاوی دەکەنەوە، پاشان لە پێگەو گۆڤاری فەرمی ئەکادیمیاکە بڵاو دەکرێتەوە، ئینجا بە تەواوی ئەکادیمیا و دەوڵەتەکاندا دابەش دەکرێت. ئەمە ڕێگەی پەیڕەو کراوە لە تەواوی ئەکادیمیا فیقهییەکاندا، لەگەڵ بوونی چەند جیاوازییەکی سادە.

ئێستا لەم جۆرە ئەکادیمییانە لە جیهانی ئیسلامیدا هەن، وەک: ئەکادیمیای توێژینەوەی ئیسلامی لە قاهیرە، ئەکادیمیای فیقهی ئیسلامی سەر بە ڕابیتەی جیهانی ئیسلامی لە مەککەی موکەڕڕەمە، ئەکادیمیای فیقهی سەر بە ڕێکخراوی کۆڕبەندی ئیسلامی لە جەدە، پەیمانگای فیقهی ئیسلامی لە هیندستان، پەیمانگای فیقهی ئیسلامی لە سوودان، پەیمانگای فیقهەکانی شەریعەت لە ئەمریکا، پەیمانگای فیقهی عێراقی بۆ گەورە زانایانی بانگەواز و فەتوا، ڕابیتەی زانایانی مەغریب.

لێرەوە ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە پەیمانگا فیقهییەکان بە شێوە دروستەکە کاریان فەتوای دەستەجەمعی نییە، بەڵکو کارەکەیان زیاتر نزیکە لە ئیجتیهادی دەستەجەمعی، چونکە کارەکەیان تایبەت نییە بە واقیعێکی دیاریکراوەوە، مەبەستەکەیان ڕوونکردنەوەی حوکمێکی شەرعییە، نەک دابەزاندنی بۆ واقیع.

بەشی دووەم

توندوتیژی

دەروازەی یەکەم

فەتوای دەستەجەمعی و چۆنێتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و تیرۆر

ڕۆڵی فەتوای دەستەجەمعی هەمەجۆرە و دەکەوێتە نێوان ڕوونکردنەوەی حوکمی خوا لە واقیعێکی دیاریکراو و چارەسەری کێشەیەک کە کەوتە ناو ئوممەتەوە، ڕۆڵی سەرەکی دەستەی فەتوای دەستەجەمعی و دامەزراوەکان کورت ناکرێنەوە تەنیا لە لایەنێکدا، بەڵکو واجبێکی ئایینییە کە تایبەتمەندەکانی ئەو بوارە نابێت ڕۆڵیان کورت بکەنەوە لە پاراستنی چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگە لە بیرۆکەی توند، بەڵکو دەبێت چارەسەری بۆ بدۆزنەوە و لە ڕەگەوە دەریبکێشن، دەبێت دەستپێشخەریش بکەن، ئەمەش بە هەمامەنگی دەبێت لەگەڵ تەواوی ڕێکخراوەکانی ناو کۆمەڵگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی فکری توند و وێرانکار.

لێرەدا پرسیارێک دروست دەبێت: ڕۆڵی فەتوای دەستەجەمعی چییە لە حاڵەتێکی وەهادا ئەگەر توندوتیژی و تیرۆر بە کردەیی بوونی هەبوو، جا وەک کاری تیرۆریستی نمایش بکرێت، یان کورت کرابێتەوە تەنیا لەبڵاوکردنەوەی بیرۆکەی توندوتیژیدا؟

لە وەڵامدا دەڵێین: فەتوای دەستەجەمعی قورسایی زۆر دەکەوێتە سەر شانی لە بەهێزکردنی هەستی نیشتمانپەروەری و بەهێزکردنی تێگەیشتنی ئایینی و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە لەو کابوسەی لەپشتی ئەو ڕەوت و فکرەیەوە هەیە….هتد.

کەواتە چەندان کاری گرنگ هەیە کە واجبە لەسەر فەتوای دەستەجەمعی پێی هەستێت، ئەوانیش لەم بەشانەدا خۆیان دەبیننەوە:

بەشی یەکەم

گرنگیدان بە کاری هەرەوەزی و گەورەپیشاندانی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی

لەم کاتە هەستیارەدا پێویستە بەرەیەک دروست بکرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی توند و گومانی توندڕەوان، چونکە ڕێگە دروستەکە بەرەنگاربوونەوەی فیکری توندە، ئەوەندە بەس نییە بڵێین: ئەوەی دەیڵێن کۆمەڵە وشەیەکی پووچە. چونکە ئەو قسە پووچانە زۆر بەخێرایی لە ناو گەنجاندا بڵاو دەبنەوە، تەنانەت لەسەر ئاستی جیهانی، بۆیە بێگومان دەبێت ڕووبەڕووبوونەوەکەش لەسەر ئاستی جیهانی بێت. بە شێوەیەک بتوانرێت سۆزی جەماوەر بەدەست بهێنرێت و ئاڕاستە بکرێن بەرەو هۆکارە پێگەیشتووەکان بۆ هەڵسوکەوت لەگەڵ ڕووداوەکان، دەبێت بەرپرسەکانیش هانبدرێن بۆ ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە.

نابێت ڕۆڵی گەورەی دامەزراوە فەتواییەکان نادیدە بگیرێت لە بەدیهێنانی ئاسایشی فکری گەنجان و ڕێگرییان لە تەشەنەسەندنی فکرە تاریکەکان، ئەوەی ئەو ژینگەیە دەیخوازێت هۆشیارییەکی بەهێزە کە بتوانێت خۆڕاگر بێت لەبەردەم ئەو بیرۆکە وێرانکارانەدا، هەتا گەیشتن بەو ژینگە بەهێزە دەبێت پەیڕەوی پڕۆگرامی تەواوکاری بگیرێتەبەر لەنێوان ئەو دامەزراوانەی گەشەی ڕەوشت و بەها و نوێنەرایەتی مزگەوت و قوتابخانە و دەزگاکانی ڕاگەیاندنیان لێوە وەردەگیرێت، نابێت بەدیهێنانی ئاسایشی فکری کورتبکرێتەوە لەو دامەزراوە ئاسایشیانەی ڕووبەڕووی توندڕەوی دەبنەوە، بەڵکوو دەبێت فراوانتر بکرێت بۆ سەرجەم دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان بۆ هەناوی کۆمەڵگە.

پاشان دەبێت فەتوا دەستەجەمعییەکە لە ئاستی ڕووداوەکەدا بێت، چونکە لەو ڕێگەیەوە هەوڵدەدەین بۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی باشتر بۆ کۆمەڵگە، لەچوارچێوەی گرنگیدان بە گیانی هەرەوەزی لەلای تاک و لێدان لە هەموو خۆپەرستییەک کە توندوتیژی لێوە لەدایک دەبێت، دواتر کەسایەتییەکی بەرژەوەندیخوازی لێ دروست دەبێت، لە کاتیکدا ئێمە دەمانەوێت مرۆڤ بگێڕینەوە بۆ سوودگەیاندن بە ئوممەت و کۆمەڵگە، تا ببێتە ئەندامێکی سوودبەخش، نابێت ببێتە بارگرانی بەسەر کۆمەڵگەوە، دەمانەوێت تاکێک بێت تێکەڵی چواردەوری ببێت و ئەوانیش تێکەڵی ببن.

لێرەوە ئەو بەرپرسیارێتییە پێویست دەبێت لەسەر فەتوای دەستەجەمعی کە وەڵامی خێرا و یەکلاییکەرەوەی هەبێت بۆ هەر گومانێک لەو کۆمەڵە توندڕەوانەوە دەرچێت، وەک گومانی دەسەڵات و کافرکردنی کۆمەڵگە، خیلافەت، دۆستایەتی و دوژمنایەتی، دروستی ڕشتنی خوێنی خەڵکانی بێتاوان، دەستدرێژی بۆ سەر دامەزراوەکانی دەوڵەت… هتد.

بەشی دووەم

زیندووکردنەوەی بەهای ڕەوشتی و گەشەی هۆشیاری

ئەم بەهایە سەرچاوەکەی ئایینە، بەو شێوەیە نییە کە توندڕەوەکان لێکدانەوەی بۆ دەکەن، چونکە ئەگەر دەرفەت بدرێت بە توندڕەوەکان دونیا پڕ دەکەن لە بیرۆکەی پووچ، زیندووکردنەوەی بەهای گیانی و مرۆیی ئەوەی کە لە پێناویدا ئیسلام هاتووە، بەردی بناغەی دروستکردنی مرۆڤە لەم جیهانەدا، ئەگەر ئەمە بەدی بێت شوێنێک نامێنێتەوە بۆ بیرۆکەی دۆگما و کاریگەری لەسەر کەس نامێنێت.

فەتوای دەستەجەمعی بەرپرسیارە لە گەشەی هۆشیاری و بەرەنگاربوونەوەی بیری توندڕەوی هەتا نەبێتە نێچیری هزری خراپ، کە توندڕەوەکان پشتی پێدەبەستن، بەرپرسیارێتییەکە بەم شێوەیەیە:

– بەرپرسیارێتی زانستی و ڕۆشنبیری: (أَفَمَن ێعۡڵمُ أَنَّمَآ أُنزِڵ إِلێۡکَ مِن ڕَّبِّکَ ٱلۡحَقُّ کَمَنۡ هۆ أَعۡمێٰٓ ۚ إِنَّمَا ێتَذَکَّرُ أۆْڵواْ ٱلۡأڵۡبَٰبِ) واتا: جا ئایا ئەو کەسەی کە دڵنیایە و دەزانێت بێگومان ئەم قورئانەی کە لەلایەن پەروەردگارتەوە بۆت دابەزێنراوە حەق و ڕاستەقینەیە، وەکو ئەو کەسە وایە کە کوێرە لە ئاستیدا؟، بەڕاستی هەر خاوەن بیر و هۆشەکان لەڕاستی تێدەگەن و تێدەفکرن.

– بەرپرسیارێتی بەرامبەر ڕەسەنایەتی و ساغکردنەوەی ڕووداو و هەواڵەکان، خوای گەورە دەفەرموێت: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِنْ جَاءَكُمْ فَاسِقٌ بِنَبَإٍ فَتَبَيَّنُوا أَنْ تُصِيبُوا قَوْمًا بِجَهَالَةٍ فَتُصْبِحُوا عَلَى مَا فَعَلْتُمْ نَادِمِينَ) واتە: ئەی ئەوانەی باوەڕتان هێناون ئەگەر کەسێکی متمانە پێ نەکراو هەواڵێکی گرنگی بۆ هێنان، خێرا بڕوای پێ مەکەن، بەڵکو سەرنج بدەن، لێی بکۆڵنەوە تا بۆتان ڕوون دەبێتەوە، نەوەکو ئازار و ناخۆشی و گیروگرفت بۆ خەڵکی دروست بکەن بە نەزانی، جا دوای پەشیمان ببنەوە لەو کارەی کەپێی هەستاون. هەروەها دەفەرموێت: (وَإِذَا جَاءَهُمْ أَمْرٌ مِّنَ الْأَمْنِ أَوِ الْخَوْفِ أَذَاعُوا بِهِ ۖ وَلَوْ رَدُّوهُ إِلَى الرَّسُولِ وَإِلَىٰ أُولِي الْأَمْرِ مِنْهُمْ لَعَلِمَهُ الَّذِينَ يَسْتَنبِطُونَهُ مِنْهُمْ) واتا: هەرکاتێک هەواڵێکیان بۆ بێت دەربارەی ئاسایش و هێمنایەتی، یاخود ترس و بیم، بڵاوی دەکەنەوە، خۆ ئەگەر ئەو هەواڵەیان بڵاو نەکردایەتەوە و بیانگێڕایەتەوە بۆ لای پێغەمبەرو (صلی اللە علیە وسلم)، یان بۆ لای کاربەدەستانێک کە لە خۆیانن، ئەوە ئەوانەی کە لە نهێنی هەواڵەکان تێدەگەن و دەکۆڵنەوە، نهێنی و ڕازەکانیان لێ دەردەهێنا.

– بەرپرسیارێتی لە کارلێککردن لەگەڵ کۆمەڵگەو دەوڵەت. ئێمە لەتەنیشت دەوڵەتەوە دەژین، هەر لەبەر ئەوە دەبێت هەڵبکەین لەگەڵ دەوڵەت و کۆمەڵگە، دەبێت ئەوپەڕی هاوکاری بکرێت لە شتانی تری وەک ڕێکارە گشتییەکان و مەبەستە بنچینەییەکان و سیستمی پارێزەر و دامەزراوە فێرکاری و ڕۆشنبیری و هۆشیاری و ئاڕاستەکارەکان و ….هتد.

– بەرپرسیارێتی لە زیندووکردنەوەی بەها گشتییەکان و ڕەوشتە بەرزەکانی وەک: پارێزگاری گیانی مرۆیی و ماڵی خەڵکی و ئارامی و ئاسایش و ڕێزگرتنی ئەوانەی هاوڕا نین، هەروەها وەفادار بەرامبەر پەیمان و گرێبەستەکان، هاوکاری لە کاری باشەدا، خۆشەویستی زانست و دوورکەوتنەوە لە ڕواڵەتگەرایی و ئامۆژگاری لەسەر حەق و ئارامگری.. جگە لەمانەش لە بەها و ڕەوشتە بەرزەکان کە ناوەرۆکی ئایینن، پاش یەکتاپەرستی خوای گەورە.

بەشی سێیەم

هەڵسەنگاندنی واقیعەکان بەگوێرەی شەرعی دروست

قسەکردن لەسەر واقیع بەبێ زانست سەردەکێشێ بۆ گومڕایی و گەندەڵی، ڕێبازی زانایانی ئوممەت ئاوا بووە: لە واقیع تێگەیشتوون و پاشان دەقی شەرعی خودایان دابەزاندووە بۆ سەری.

هەموو ئەمانە تێگەیشتنی دروست دەهێننە ئاراوە بەتایبەت بۆ خەڵکە ئاساییەکە، بۆیان ڕوون دەکرێتەوە کە ئیسلام ڕەتکەرەوەی توندڕەوی و توندوتیژییە، ئەویش لەچەند لایەنێکەوەی وەک:

١- ڕوونکردنەوەی جیاوازی نێوان جیهادی شەرعی کە ئیسلام هاندەرە بۆی و ڕێنمایی و بەرپرسیارێتی مۆڵەتدانی تێدایە، لەگەڵ توندڕەوی وەک کردەیەکی تاوانخوازی دژ بە مەبەستەکانی شەریعەت.

٢- ڕوونکردنەوەی ترسناکی کافرکردن و دوورکەوتنەوە لە کۆمەڵگە.

٣- ڕوونکردنەوەی مافی پارێزراوان و پەیمانپێدراوان لە ناموسڵمانانی ناو کۆمەڵگە.

٤- ڕاستکردنەوەی هەندێک تێگەیشتنی هەڵە و لێکدانەوەی نادروست بۆ دەقە پیرۆزەکانی قورئان و سوننەتە دروستەکان کە پەیوەستن بە پەیوەندی موسڵمان بە شوێنکەوتوانی ئایینەکانی ترەوە.

٥- ڕوونکردنەوەی بنەما شەرعییەکان و هەڵوێستی موسڵمان بەرامبەر ئاشووب و بەرپرسیارێتی تاکی موسوڵمان لە ڕووبەڕووبوونەوەی.

٦- دەرخستنی هەڵەی هەندێ لە فەتواکان کە نابەرپرسیارانە هاندەرن بۆ کاری توندڕەوی و پشتیوانی کردن لێی.

٧- ڕوونکردنەوەی تاوانی هاوڕابوون لەگەڵ توندڕەوی، یان دڵخۆشی بە کردە تیرۆریستییەکانیان.

٨- پیشاندانی وێنەی ڕاستەقینەی هاوسەنگی لە چوارچێوەی بڵاوکردنەوەی ڕۆشنبیری گفتوگۆ و چاوپۆشی و کرانەوە بەڕووی بۆچوونە جیاوازەکاندا، پیشاندانی وێنە ناشیرینەکەی تیرۆر لەگەڵ شانە تیرۆریستییەکان و ڕێبازی فکریان و شێوازی کردەوەکانیان و سوودوەرگرتن لە نەشارەزایان بەرامبەر ئایین یان ڕق لە کۆمەڵگە کە لەلای هەندێ لە گەنجان هەستی پێدەکرێت.

٩- هۆشیاری هزری و ڕوونکردنەوەی ئەو وێنەیەی کە لای زۆرینە نادیارە ئەویش جیاوازی نێوان (ئایین) و (ئایینداری)یە، نێوان ئەوەی کە ئایینی دروست بانگەشەی بۆ دەکات، لەگەڵ ئەوانەی سەرسامی ڕواڵەتگەرایین بە هەڵپەی سیاسی و ئایدۆلۆجی و بوونگەرایی.

١٠- خاوەندارێتی پشکی شێر لە ستراتیژییەتی ڕوون بۆ بەرەنگاربوونەوە و لەناوبردنی توندوتیژی و تیرۆر.

ئەوەی لەم چوارچێوەیەدا گرنگە گۆڕینەوەی هەواڵە لە نێوان دامەزراوەکانی فەتوای دەستەجەمعی لە بواری ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و تیرۆر، بەتایبەت ئەو دامەزراوانەی وڵاتەکەیان دەناڵێنێت بەدەست فکرەی لادەر و تاوانخوازییەوە.

دەروازەی دووەم

ڕێکرەکانی فەتوای دەستەجەمعی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و تیرۆر

فەتوا بە شێوە گشتییەکەی ڕاگەیاندنی بڕیارێکە لە بڕیارەکانی خوای گەورە، واژۆ کردنە لەبری خوا، دەربڕینی حەرام و حەڵاڵ بەبێ بنەمای ڕاست و دروست درۆکردنە بەدەم خوای گەورەوە، خوای گەورە دەفەرموێت: (وَلَا تَقُولُوا لِمَا تَصِفُ أَلْسِنَتُكُمُ الْكَذِبَ هَٰذَا حَلَالٌ وَهَٰذَا حَرَامٌ لِّتَفْتَرُوا عَلَى اللَّهِ الْكَذِبَ ۚ إِنَّ الَّذِينَ يَفْتَرُونَ عَلَى اللَّهِ الْكَذِبَ لَا يُفْلِحُونَ) واتا: نەکەن بەقاڵەی دەم و زمانتان بڵێن ئەمە حەڵاڵە و ئەمە حەرامە، بۆ ئەوەی درۆ بەناوی خودا و ئایینی خواوە هەڵبەستن، بەڕاستی ئەوانەی درۆ بۆ خودا و ئایینی خوا هەڵدەبەستن سەرفرازو سەرکەوتوو نابن.

لێرەدا چەند بنەما و ڕێکارێک هەن (جگە لەو ڕێکارە گشتییانەی پێویستن بۆ فەتوا) دەبێت هەر لەسەرەتاوە بوونیان هەبێت لە فەتوای دەستەجەمعیدا، بەتایبەت لەو بابەتانەی تایبەتن بە دژایەتی بیری توندڕەوی، ئەمە جگە لەوەی فیقهو ئوسووڵی فیقهـ دەیخوازێت، ئەم دەستەیە لە موفتی کە بێگومان دەبێت مەرج و بنەما سەرەکییەکانی فەتوایان بە شێوەیەکی گشتی تێدا بێت، جگە لەوانە دەبێت تایبەتمەندییەکی وردیان هەبێت لەو بابەتانەی وەک شارەزایی لە بنەماکانی فکری تەکفیری توندڕەو و سەرچاوەو پشتیوانی و بەهێزکەرەکانی… هتد، لێرەوە دەتوانین دەستەواژەی شایستەبوون “ئەهلییەت” بە کار بهێنین، کە سنووردار نییە بە زانیاری موفتی لە فیقهـ و بنەماکانی و زانستە پەیوەندیدارەکان کە یارمەتی دەدات لە دەرکردنی فەتوادا، هەر بۆیە ڕەنگە شایستە نەبێت بۆ دەرکردنی فەتوا لەسەر ئەو پرسانەی فیقهی نین، یان لایەنی تری هەیە نەک تەواو فیقهی بێت، کە پەیوەندیدارە بە سیاسەت و کۆمەڵگە و ئابووری و بەڵا و پێشهاتەکان لە زانستە جیاوازەکاندا.

لەبەر ئەوە دەکرێت لە فەتوای دەستەجەمعیدا زیاتر لە تایبەتمەندییەک بەشداری بکات، کورت ناکرێتەوە تەنیا لەسەر فەقیهەکان، بۆیە ئەگەر پێویستی کرد زانایانی بوارە تایبەتەکان بەشداری دەکەن.

شایستەیی موفتی لەم بوارەدا گرنگترینە، ئەگەر فەتوا وەک باسمان کرد بڕیاردان بێت لە حوکمی خودادا، بێگومان دەبێت فەتوادەرەکان شایستەبوونی شەرعیان تێدا بەدی بێت، ئەمە جگە لەوەی ئوسووڵییەکان چەند مەرجێکیان داناوە بۆ موفتی، وەک: دەبێت متمانەدار بێت، بڕوا پێکراو بێت، دوور بێت لە هۆکارەکانی لادان و لەکە لەسەر کەسایەتییان، چونکە ئەگەر وانەبێت قسەکانی جێی باوەڕ نابن، ئەگەرچی موجتەهیدیش بێت، لەگەڵ ئەمانەشدا دەبێت وریاو شارەزاو ئاوەز دروست و فکر دامەزراو، هەڵسوکەوت و کنە و پشکنینی دروست بێت، لەبەر ئەوە زۆربەی ئوسووڵییەکان پێیان وایە موفتی موجتەهیدیشە، بۆ ئەوەی موفتییەکان شایانی ئەم کارە گەورەیە بن، جگە لەوەی دەبێت کۆمەڵێک ڕێکاری گشتی بگرنە بەر کە پێشتر باس کران، لەبەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و تیرۆردا، دەبێت کۆمەڵێک ڕێکاری تایبەتیش بگرنەبەر.

لەم بەشەدا تیشک دەخەینە سەر چوار لەو ڕێکارە گرنگانە، ئەوانیش:

– ڕێکاری یەکەم: شارەزایی فراوان بە دروستبوونی کۆمەڵە توندڕەوەکان.

– ڕێکاری دووەم: ئاگایی بەردەوام و نەپچڕاو دەربارەی ئەو کتێب و سەرچاوانەی بۆ توندڕەوەکان بووەتە مەنهەج و فکریان.

– ڕێکاری سێیەم: ئاگایی بەردەوام لەسەر توێژینەوە و فکرەی نوێی توندڕەوەکان.

– ڕێکاری چوارەم: ڕەچاوی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان.

ڕێکاری یەکەم

شارەزایی فراوان بە دروستبوونی کۆمەڵە توندڕەوەکان

ئەمەش لە ڕووی دەستنیشانکردنی سەرچاوەی گەشەسەندن و ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی و ئەو بنەما فیکری و عەقیدەییانەی کە دیدگای توندڕەوی لێیانەوە دەستیان پێکرد، ناسینی خاڵی دەستپێکی هزری ئەو ڕێبازە مێژووییە، هەروەها دەکۆڵێتەوە لەبارەی سەرهەڵدان و پەرەسەندنی بیرۆکەکە، هەروەها ئەو گۆڕانکارییانەی کە بە درێژایی سەدەکان بەسەریدا هاتووە، ئەمەش بە کۆکردنەوەی بەڵگەنامەکانی پەیوەست بە سەرەتای یەکەمی سەرهەڵدانی ئەو بیرۆکانە بەدەست دێت، کە یارمەتیدەرە بۆ دیاریکردنی دەنگدانەوەی ئەم بیرۆکانە و دەستنیشانکردنی ڕادەی کاریگەرییان لەسەر بۆچوونی گرووپەکان پاشان گەشەکردنیان لە ژیانی موسڵماناندا، داخوازی زانیاری تەواو بە مێژووی دیاردەکە بابەتی فەتواکەیە.

گرنگی دەستنیشانکردنی سەرچاوە و پەرەسەندنی دیاردەکە بۆ موفتی وا دەکات کە ئاگاداری بناغەکانی بیرۆکەکە و پێکهاتەکەی بێت، بەم شێوەیەش دەتوانێت وەڵامی بداتەوە و بیگەڕێنێتەوە بۆ بنچینەی دروستی خۆی و پووچەڵکردنەوەی لەپێناو ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵەیەی لە بیری توندڕەویدا هەیە، ئەویش بە وردبوونەوە لە پرسی ململانێکان و پێکهاتەی پرسەکان، هەروەها لێکۆڵینەوە لەدروستبوونی وادەکات موفتی توانای ڕوونکردنەوەی دەرەنجامەکانی هەبێت لە دەقە دروستەکانەوە، ئەوەی کە دروستە ببێتە ئارگومێنتێک لە دەقەکانەوە و ئەوەشی دروست نییە، هەروەها دەتوانێت قسەی ئەوانە ئاشکرا بکات کە نەزانن بەرامبەر حەقیقەتی دەقەکان و ڕاستکردنەوەیان بە شێوەیەکی دروست، چونکە تێگەیشتنیان لە حوکمەکان زۆرجار لەهەڵە نزیکترن.

ڕێکاری دووەم

ئاگایی بەردەوام و نەپچڕاو دەربارەی ئەو کتێب و سەرچاوانەی بۆ توندڕەوەکان بووەتە مەنهەج و فکریان

ئەم ڕێکارە تەواوکەری ڕێکارەکەی پێشووە دەربارەی وەستان لەڕووی ئەو سەرچاوە فکری و عەقیدیانەی کە بۆچوونی توندڕەوەکانی لێوە دەردەچێت، چونکە ناسینی سەرچاوەی فکریان و پشتڕاستکردنەوەیان لەسەرەتاوە، مەنهەجێکی قورئانییە خوای گەورە لە کتێبەکەیدا ئاماژەی پێداوەو دەفەرموێت: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِن جَاءَكُمْ فَاسِقٌ بِنَبَإٍ فَتَبَيَّنُوا أَن تُصِيبُوا قَوْمًا بِجَهَالَةٍ) واتە: ئەی ئەوانەی باوەڕتان هێناون ئەگەر کەسێکی متمانەپێ نەکراو هەواڵێکی گرنگی بۆ هێنان، خێرا بڕوای پێ مەکەن، بەڵکو سەرنج بدەن، لێی بکۆڵنەوە تا بۆتان ڕوون دەبێتەوە، نەوەکو ئازار و ناخۆشی و گیروگرفت بۆ خەڵکی دروست بکەن بە نەزانی.

نابێت موفتییەکان ئەوەی لەسەر توندڕەوەکان دەوترێت بە ڕەهایی بەڕاستی بزانن، بەڵکو هەر دەبێت بگەڕێنەوە بۆ سەرچاوە و بنەماکانیان، چونکە زۆربەی بۆچوونی توندڕەوەکان تێکەڵەیەکی سەیرە لە بۆچوون و فکرەگەلێک کە جیاکردنەوەی خراپ لە چاک کارێکی زەحمەتە، بێگومان دیاریکردنی سەرچاوەی بیرە توندەکان بە وردی لە کارە گرنگەکانە، ئەمەش لەبەر چوار هۆکار:

یەکەم: گەیشتن بە مەنهەجی ئیلاهی بە پاڵپشتی وتەکان، گومانی تێدا نییە کە لێکۆڵینەوەی بەڵگەدار بە ئاماژەدان بە سەرچاوەکان وا لە وەرگر دەکات دڵنیا بێت لەو ئەنجامانەی کە موفتی پێی گەیشتووە، وا دەکات هەست بە ڕادەی ڕاستگۆیی زانستی موفتییەکە بکات، هەروەها یارمەتیدەرە بۆ جیاکردنەوەی سەرچاوەی ڕەسەن لە ناڕەسەن.

دووەم: زانینی تەواو دەربارەی فکرەیەک ئەگەر دروست گوازرابووەوە، یان بەش بەش کرابوو لە وتەیەکی درێژ لەبەر گەیاندنی تەواوی فکرەکە، چونکە زۆرێک لە توندڕەوەکان دەقی زانایان پارچە پارچە دەکەن بۆ چاوبەست لەخەڵکی، دەقەکە دەشێوێنن بە سڕینەوەی بەشێکی کە تەواوکاری واتاکەیە، وەک کەسێک بە کەسێکی نوێژنەکەری وتووە: بۆچی نوێژ ناکەیت؟ وتبووی: چونکە خوا بەڵێنی واوەیلای بە نوێژخوێن داوە دەفەرموێ: (فَوَيْلٌ لِّلْمُصَلِّينَ)، پێیوت: ئەوەی دواتری بخوێنەرەوە. ئەویش دەڵێت: من پێویستم بەوەی دواتر نییە، هەرئەوەندەی پێویستە بۆ دوورکەوتنەوە لەنوێژ، لەمشێوەیە بۆ زۆر کەس ڕوودەدات بە وەرگرتنی بەشێک لە دەقێک، یان تەنیا وشەیەک لە ڕستەیەک، ئیتر تەواوی ئەوەی تری ئەوەشی پەیوەندی پێوەیەتی وازی لێدێنن.

سێیەم: زانینی ئەوەی کە بۆچوونی ئەو توندڕەوە بدرێتە پاڵ زانایانێک کە جێمتمانەی خەڵکین بە جۆرێک قسەکە دەکەن کە قسەیەکی بە متمانەیە و جێمتمانەی زانایانیش بووە، لەو کاتەدا ئیشی موفتی ئاشکراکردنی ئەو دانە پاڵە چەواشەکاریانەیە.

چوارەم: تێگەیشتنی دروست لە دەقەکان، لەوانەیە دەقەکە دروست بێت، بەڵام تێگەیشتنەکە هەڵە و خراپ بێت، ئاشکرایە پیاوەکان بە حەقدا دەناسرێنەوە، نەک حەق بناسرێتەوە بە پیاوەکاندا، پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) دەفەرموێت: “با ئەوەی لێرەیە بیگەیەنێت بەوەی لێرە نییە، چونکە زۆرجار ئەوەی بۆی باسکراوە تێگەیشتووترە لەوەی بیستویەتی” هەروەها دەفەرموێت: “خوا بەندەیەک ڕووسپی بکات گوێ لە قسەم دەگرێت و تێی دەگات، پاشان لەمنەوە دەیگەیەنێت، لەوانەیە فەقیهی وا هەبێت بەس فەقیهـ نییە، لەوانەیە فەقیهی وەها هەبێت دەیگوازێتەوە بۆ لەخۆی فەقیهتر” لەم دەقانەوە دەردەکەوێت کە لەوانەیە ئەو توندڕەوانە بێ ئاگا بن، جا بەئەنقەست، یان نەزانی.

ڕێکاری سێیەم

ئاگایی بەردەوام لەسەر توێژینەوە و فکرەی نوێی توندڕەوەکان

لەمڕۆ و سبەیدا توندڕەوەکان بە فکرەی توندی نوێوە دەردەکەون، بەهۆی ئەوەی فکرە کۆنەکانیان لەکارکەوتوون و بۆ خەڵک ئاشکرابوون، دەیانەوێت سەرنجی خەڵک بە فکرە توندە نوێکانیان ڕابکێشن، ئەمەش ڕاڤە دەکرێت بە زۆری کۆمەڵەکانیان و جیابوونەوەی کۆمەڵە لە کۆمەڵەکانیان، خۆیان لەناوخۆیاندا ڕاجیان، بە فەتوایەک لە یەکتر جیا دەبنەوە بە توندتر لەپێشوو، لەبەر ئەوە دەبینیت لە ئاسانترین بەڵا کە ڕوویان تێ دەکات بە کەمترین کات گەنج و مناڵەکانیان دەکەونە کافرکردنی یەکتر.

ڕێکاری چوارەم

ڕەچاوی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان

کۆمەڵگە کۆنەکانی موسڵمانان یەک وێنە نەبووە وەک توندڕەوەکان دەڵێن، بەڵکو هەموو وێنەکان گونجاون بۆ کۆمەڵگەکان، هەموو نەوەیەک بە گوێرەی نەریتی گونجاو داهێنان دەکەن لە سیستمی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی، بەڵام لەسنووری بنەما ئیسلامییەکان، بە جۆرێک کە وەڵامدەرەوەی پێویستی سەردەمەکەی خۆیان بێت بە ئیجتیهادی فیقهی وەستاو لەسەر بنەماکانی کۆلێژە شەریعەتەکان، بەو مەرجەی شوێن مەنهەجی دروست کەوتبن لە ئیجتیهادەکانیاندا، هاوڕا بێت لەگەڵ جەماوەری فەقیهەکانی ئوممەتی ئیسلامیدا لە هەموو نەوەیەکدا، تا نەبێتە گێرە شێوێنی و هەرکەس چی ویست ئەوە بکات.

بەرژەوەندی نیشتمان وەک نەریت دراوەتە دەست دەسەڵاتداری موسڵمان، ئەمەش مافێکی دروستە و شەریعەتی ئیسلامیش دانی بەوەدا ناوە وەک نەریت، بەڵام لە بنەمادا سەرچاوەکەی نەریتە، نەوەک شەرع، ئەمە هەروەک مافی پیادەڕەوە لەڕێگە و مافی ئاو خواردنەوە و هەرشتێکی نوێ بە مەرجێک دابونەریت کۆک بێت لەسەری و پێچەوانەی بنەماکانی شەرع نەبێت، ئەوەی سەیری دەقی فەقیهەکان بکات دەبینێت کە داب و نەریتی کردەیی، لە چوارچێوەی کردەوەی مرۆڤەکان و ڕەفتاری ئاسایی و مامەڵە یاساییەکانیاندا، دەسەڵات و سەروەری تەواوی هەیە لە سەپاندنی حوکمەکاندا، سنووردارکردنی کاریگەرییەکانی گرێبەستەکان و دیاریکردنی پابەندییەکان بەگوێرەی نەریت، لەکاتێکدا کە ئەو نەریتە پێچەوانەی دەقێکی شەرعی نەبێت، نەریت بەو شێوەیە پابەندکارە و وەک مەرجەعێک بۆ حوکمەکان و بەڵگەی شەرعی دادەنرێت کە جگە لەو بەڵگەی تر نەبێت.

بە هەمان شێوە یەکێکە لەو سەرچاوانەی کە حوکمەکانی سیاسەتی شەرعی لەسەر بنیات دەنرێت، لێرەوە بەڵگەی ڕوون هەیە لەسەر ڕۆیشتنی کاروانی ئەم سیاسەتە لەگەڵ ژیان و گونجان لەگەڵ ئەو تازەگەرییانەی کە پێشتر بوونیان نەبووەو لەسەر دابونەریت بوونیاد دەنرێن. پێویستە لەسەر موفتی ڕەچاوی ئەم بەرژەوەندیانە بکەن لە فەتواکانیاندا، کاتێک بەرژەوەندییەکان دژ دەبن بە یەک، بۆ پارێزگاری لە ڕووخانی کۆمەڵگە، ئەم ڕەچاوەش بەم شێوازانە دەکرێت:

یەکەم: ڕەچاوی مەبەستەکانی شەریعەت و ئاسانکاری بۆ خەڵک و لابردنی قورسی لەسەریان

ئەم شەریعەتە پیرۆزە بۆ ئەوە هاتووە کە بەرژەوەندی بهێنێت و زیادی بکات، بەرپەرچی خراپەکاری بداتەوە و کەمی بکاتەوە، یەکێک لە بنەماکانی ئەوەیە ئەگەر کارێک بەرتەسک بوو فراوانی بکات، ناڕەحەتی کارئاسانی دەهێنێت، دروستە زیانی کەم هەڵبژێردرێت بۆ لابردنی زیانی گەورە، قورسکاری کەم و زۆری لە دیندا نییە: (ومَا جَعل علیۡکُمۡ فِی ٱلدِّینِ مِنۡ حَرَجٖ) واتا: لە ئایین و بەرنامەکەیدا هیچ جۆرە شتێکی ناڕەواو قورس و گرانی لەسەر دانەناون.

دووەم: سەیرکردنی واقیع

گونجاو نییە بۆ کەسێک بڕیار دەربکات، بەڵام سەیری واقیع و پێویستییەکانی خەڵک نەکات، ببێتە هۆی کێشە بۆ خەڵکی، بێگومان پێویستە گونجان هەبێت لەنێوان واجب و واقیع، نێوان شەرع و حوکمەکانی، نێوان واقیعی موسڵمانان و کێشەکانیان، فەتوای دروست دەبێت دوو مەرجی تێدا بیت:

1) زانستی شەرعی بوونیادنراو لەسەر بەڵگە قورئانییەکان یان سوننەتە دروستەکان بە تێگەیشتنی ڕاست کە بکرێنە بەڵگە و ئەو شێوازە بێت کە لای زانایانی ئسوڵفیقهـ باسکراوە.

2) تێڕوانینی دروست بۆ بابەتە لەناکاوەکان و ڕووداوە نوێکان، تێڕوانینێکی هەمە لایەنەو جیاکارییانە، کە ناوەرۆک و ڕواڵەتی بگرێتەوە. هەرلەبەر ئەوە زانایەن وتویانە: بڕیاردان بەسەر شتێکدا بەشێکە لە تێڕوانین بۆی.

سێیەم: ئاسانکاری و لابردنی ناڕەحەتی

چونکە نیشانەی توندڕەو و تیرۆریستان زبرییە لەگەڵ خەڵک و دەیانخەنە نەڕەحەتی و قورسیەوە، لە کاتێکدا پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) گەورەترین مرۆڤ بووە بۆ ئاسانکاری ئوممەتەکەی لە فێرکاریدا کە فێری کردوون، لە فەتوادا کە فەتوای بۆ داون، هەروەک دەفەرموێت: “خوای گەورە منی نەناردووە توند بم، نەشیناردووم ئازاردەر بم، بەڵکو بە مامۆستا و ئاسانکار ناردوومی” هەروەها دەفەرموێت: “نێردراوم ئاسانکار بم، نەنێردراوم قورسکار بم”.

چوارەم: میانگیرو هاوسەنگ

ئەم شەریعەتە ئیسلامییە وەستاوە لەسەر میانگیری و هاوسەنگی لە هەموو شتێکدا، هەر ئەمەیە کە ئەم دینە بێگەردە بانگەشەی بۆ کردووەو خوای گەورە دەفەرمویت: (وکَذَٰلِکَ جَعلۡنَٰکُمۡ أُمَّةٗ وسَطٗا) واتا: بەو شێوەیەش ئێوەمان بە گەلێکی میانەڕەو گێڕاوە. قورئان ڕێنوێنی دەکات بۆ میانگیری و هاوسەنگی، سەرزەنشتی کەمهێنان و تێپەڕاندن دەکات لەهەموو کارێکدا.

پێنجەم: ڕەچاوی چوار ڕەهەندەکەی فەتوا

ئەو بنەمایانەی کە دەبێت لە فەتوادا ڕەچاو بکرێن بریتین لە کات و شوێن و کەس و حاڵ، بێگومان فەتوا دەگۆڕێت بە گۆڕانی شوێن و کات ئەگەر حوکمەکە بوونیاد نرابوو لەسەر دابونەریتی وڵاتەکە، پاشان نەریتەکە دەگۆڕێت بۆ نەریتی نوێ کە پێچەوانەی دەقی شەرعی نەبێت: پێشەوا قەڕڕافی دەڵێت: “جێبەجێکردنی حوکمەکان کە لەسەر بنەمای دابونەریت بن کاتێک ئەو داب و نەریتانە دەگۆڕدرێن ئەگەر حوکمەکان نەگۆڕدرێن پێچەوانەی کۆدەنگی و نەفامییە لە ئاییندا، بەڵکو هەموو شتێک لە شەریعەتدا پەیڕەو لە دابونەریت دەکات: حوکمەکە دەگۆڕێت کاتێک دابونەریتەکە دەگۆڕێت بۆ ئەوەی دابونەریتی نوێ داوای دەکات، ئەمەش نوێکردنەوەی ئیجتیهاد نییە بۆ تەقلیدکاران بۆ ئەوەی شایستەیی ئیجتیهادی تێدا بێت، بەڵکو ئەمە یاسایەکە کە زانایان بە پەرۆشەوە کاریان لەسەر کردووە و بە کۆدەنگی لەسەری ڕێکەوتوون، بۆیە ئێمە تێیدا پەیڕەویان دەکەین بەبێ ئەوەی پەنا بۆ ئیجتیهاد بەرین”.

گۆڕانکاری لە فەتوادا دەبێت بەپێی بنەماکانی شەریعەت بێت و بۆ بەدیهاتنی مەبەستە شەرعییەکان بێت. گۆڕانی کات و گۆڕانکارییەکانی کاریگەری دەبێت لەسەر گۆڕانکاری فەتوا، شەریعەت ڕەچاوی ئەوەی کردووە کە گۆڕانی سەردەم گۆڕانکاری بەسەر حاڵی داوالێکراواندا دەهێنێت، واتا فەتواکە لەبەر ئەو گۆڕانکارییە دەگۆڕێت. بە هەمان شێوە گۆڕانی شوێنیش کاریگەری هەیە لەسەر گۆڕانی فەتوا، ئەوەی دەگۆڕێت فەتواکەیە، نەک حوکمە شەرعییەکە، چونکە حوکمە شەرعییەکان چەسپاون و گۆڕانیان بەسەردا نایەت، دەبێت گۆڕانکاری لە فەتوادا بەپێی کۆمەڵێک بنەمای شەرعی بێت.

شەرع ڕەچاوی کات و شوێنی کردووە، بۆ نموونە سزای دز دەستبڕینە، بەڵام عومەری کوڕی خەتاب لە کاتی قاتیدا دەستی دزی نەبڕی، هیچ کام لەهاوەڵانیش پێچەوانەی نەبوون، چونکە ناڕەحەتی داخوازی ئاسانکاری دەکات، پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) بە عائیشەی فەرموو “ئەگەر گەلەکەت نزیک نەبوونایە لە سەردەمی نەفامی، گەنجینەی کەعبەم لەپێناوی خودادا دەبەخشی، دەرگاکەیم دەخستە سەر زەوی و لێوەی دەچوومە ژوورەوە بۆ لای بەردەکە”.

دەروازەی سێیەم

نموونەی کارپێکراو لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی فەتوای دەستەجەمعی بۆ توندوتیژی و تیرۆر

لە سەرەتادا لە پێناسەی فەتوای دەستەجەمعیدا باسی ئەوەم کرد کە ئامانج تێیدا دروستکردنی جۆرێکە لە هاودەنگی نێوان دامەزراوەکانی، لەسەر هەموو ئەو فەتوایانەی لەو دامەزراوانەوە دەردەچن بەتایبەت دەربارەی تیرۆر و توندوتیژی.

دەکرێت ئەو هاودەنگییە بە جۆرێک بوونی هەبێت، بەڵام بەو شێوەیە نییە کە ئاواتی فەتوادەرانن لە جیهانی ئیسلامیدا، بەڵام هەست بەو دەستەجەمعییە ڕانەگەیانراوە دەکرێت، هاودەنگییەک لەو فەتوایانەدا هەیە کە لەو دامەزراوە جیاوازانەوە دەردەچن کە هەڵگری یەک ناوەرۆکن، ئەویش ئامانجەکەیان بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و توندوتیژییە.

لەم بارەیەوە تەنیا یەک نموونە دەهێنمەوە لەبارەی هاودەنگی و لێکتێگەیشتنی نێوان دامەزراوەی فەتوا دەستەجەمعییەکان، ئەویش:

هەڵوێست بەرامبەر فکری ڕێکخراوی داعش

لە فەرمانگەی فەتوای ئوردنیدا هاتووە: “داعش میلیشیایەکی تیرۆریستە، هاوسۆزبوون لەگەڵیان حەرامە، هەروەک چۆن حەرامە هاوسۆزی لەگەڵ هەر ڕێکخراوێک بکرێت کە خوێنڕێژی دەکەن و موسڵمانان کافر دەکەن و دەستدرێژی دەکەنە سەر ماڵ و ئابڕوویان، چونکە ئەو کردەوانە دژن بە ڕێنماییە ئیسلامییەکان کە جەخت دەکەنەوە لەسەر چاوپۆشی و لێبوردەیی کە نیشانەی دەروون پاکی و ڕەوشت بەرزین، ئەو ڕێنماییانەی بانگەشە دەکەن بۆ سۆزو خۆشەویستی و میهرەبانی، پێچەوانەی تیرۆر و توندوتیژی کە دەربڕی ڕق و کینەن بەرامبەر مرۆڤ.

ئەوەی هاوسۆز بێت لەگەڵ ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستە ئەوە لە خودا و پێغەمبەرەکەی یاخی بووە و لەڕێگەی ڕاست لایداوە، لە گومڕاییەکی ڕوون و ئاشکرادایە، خوای گەورە دەفەرموێت: (ومَن یعۡصِ ٱللَّهَ ۆرَسولهُۥ فَقَدۡ ضلَّ ضلٰلٗا مُّبِینٗا) واتا: ئەوەی سەرپێچی بکات لە فەرمانی خودا و پێغەمبەرەکەی ئەوە ئیتر بە ئاشکرا گومڕاو سەرلێشێواوە.

ئەوەشی بەشداریان بکات لە کوشتاریاندا ئەوە تیرۆریستە، تینووە بۆ خوێن و دزی سەروەت و سامان و تێکدەری ئابڕووە، خوای گەورە دەفەرمێت: (وَمَن يَقْتُلْ مُؤْمِنًا مُّتَعَمِّدًا فَجَزَاؤُهُ جَهَنَّمُ خَالِدًا فِيهَا وَغَضِبَ اللَّهُ عَلَيْهِ وَلَعَنَهُ وَأَعَدَّ لَهُ عَذَابًا عَظِيمًا) واتا: هەر کەسێک بەدەستی ئەنقەست ئیماندارێک بکوژێت، ئەوە تۆڵەی ئەو کەسە دۆزەخە، نەمرە تێیدا، هەروەها خوا لێی تووڕە بووە و نەفرینی لێکردووە و سزایەکی گەورە و بێ سنووری بۆ ئامادە کردووە. پێغەمبەریش (صلی اللە علیە وسلم) دەفەرموێت: “خوێن و ماڵتان لەسەر یەکتر حەرامە وەک حەرامی ئەم ڕۆژەتان و ئەم مانگەتان و ئەم شارەتان”. ئەوەی موسڵمانێک بکوژێت ئەوە گەورەترین تاوانی ئەنجام داوە وەک پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) دەفەرموێت: “گەورەی تاوانە گەورەکان هاوەڵدانانە بۆ خودا و کوشتنی کەسێکە و دایباب ئازاردان و قسەی درۆیە”.

بۆ ئەوەی بیانوو بهێننەوە بۆ تیرۆرەکانیان و چاوبەست لە شوێنکەوتوانیان بکەن، تاوان و کوشتوبڕەکانیان بەناوی ئایینەوە دەکەن کە ئایین بێبەرییە لێیان، بەڵکوو ئەو کارە دزێوانەیان شێواندنی ڕاستییەتیی ئایینی پاک و درەوشاوەی ئیسلامە.

ئەوان موسڵمانان دەکوژن، بۆ ئەوەش جیاوازی نێوان گەورەو پچوک و نێرو مێ ناکەن، خراپە لەسەر زەوی بڵاو دەکەنەوە، ئەمە پێچەوانەیە بەو ئامۆژگارییەی پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) کە سوپایەکی دەناردو پێی دەفەرموون: “بەناوی خودا و بۆ خوا وەک میللەتی پێغەمبەری خوا دەربچن، پیری کەنەفتەکارو مناڵ و ساواو ئافرەت مەکوژن، دەستدرێژی مەکەن و غەنیمەتەکانتان کۆبکەنەوە، چاکسازو چاکەکاربن، خوا چاکەکارانی خۆشدەوێت”.

ئەبووبەکری سدیق ئامۆژگاری یەزیدی کوڕی ئەبو سوفیانی کرد و وتی: “ئافرەت و مناڵ و پیر مەکوژن، داری بەردار مەبڕن، ئاوەدانی وێران مەکەن، مەڕو ماڵات و وشتر سەرمەبڕن تەنیا بۆ خواردن نەبێت، دارخورما مەسوتێنن و کەس مەخنکێنن و دەستدرێژی مەکەن”.

ئەوەی ئازاربەخشە ئەم میلیشیایانە خۆشحاڵن بە کوشتن و ئازاردان و سوتاندنی موسڵمانان، ئەم فەرمایشتەی پێغەمبەریان (صلی اللە علیە وسلم) بەسەردا جێبەجێ دەبێت: “ئەوەی باوەڕدارێک بکوژێت و خۆشحاڵ بێت بە کوشتنەکەی، خوای گەورە فەرزو سوننەتی لێ وەرناگرێت”.

پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) دەفەرموێت: “ئەوەی دژی ئوممەتەکەم بوەستێتەوە لە چاک و خراپیان بدات، دەستی لە باوەڕدارانی نەپاراست، وەفای نەبوو بۆ پەیمانی پەیماندار، لەمن نییەو منیش لەو نیم”.

بە هەمان شێوە ئەوەی هاوسۆزی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستە بێت ئەوە تێداچوو زەرەرمەندەو مردنێکی نەفامانە دەمرێت لەبەر فەرمودەکەی ئەبووهورەیرە، دەڵێت: پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) دەفەرموێت: “ئەوەی لەژێر ئاڵایەکی کوێریدا بکوژرێت، بانگەشەی دەمارگیری یان سەرخەری دەمارگیری بێت، کوژراوێکی نەفامە”

داعشی تیرۆریست میلیشیایەکی کوێرن، نازاندرێ لە بنەماوە چۆن دروست بوون، ئامانج نەزاندراون، سیاسەت نەزاندراون. داوا لە گەنجان دەکەین بە دروشمە بریقەدارەکانیان نەخەڵەتێن. پێغەمبەری خوا (صلی اللە علیە وسلم) دەفەرموێت: “ئایین ئامۆژگارییە” وتیان لەکێوە؟ فەرمووی: “لە خودا و پێغەمبەرەکەی و پێشەوایانی موسڵمانان و تێکڕایانەوە”.

هەمان هاودەنگی و یەک ناوەرۆکی لە فەتوای خانەی فەتوای میسریدا دەبینرێت، کە لەوەڵامی ئەم پرسیارەدا هاتووە: ڕاستی ئەو بڵاوکراوەیە چۆنە کە دراوەتە پاڵ ئەو کۆمەڵەی لە قاعیدە جیابوونەتەوە و لە ڕاگەیاندنەکاندا پێیان دەوترێت داعش، بە ناونیشانی: (دە بابەتی عەقیدەیی کە ناکرێت موسڵمان نەیزانێت و واجبە فێریان ببێت).

خانەی فەتوای میسری بەم شێوەیە وەڵامیان داوەتەوە: “ئەو بڵاوکراوەمان بینیوە کە دراوەتە پاڵ ئەو ڕێکخراوەی لە قاعیدەی توندڕەو جیابوونەتەوە، کە لە ڕاگەیاندنەکان بە داعش ناویان دەهێندرێت، بەناوی (دە بابەتی عەقیدەیی کە ناکرێت موسڵمان نەیزانێت و واجبە فێریان ببێت) ئێمە هەڵوێستەمان لەسەر چەند ڕستەیەکی ترسناک کردووە، هۆشداری لەبارەوە دەدەین و خراپییەکانی ڕوون دەکەینەوە: لە بابەتی دووەمدا هاتووە کە بنەمای ئایین، پەرستنی خودا و هاندان و دۆستایەتییە بۆی، و بە کافردانانی ئەوەی وازی لێدێنێت، هۆشداریە بەرامبەر هاوبەشدانان و زبری و دژایەتی بەرامبەری، لەگەڵ بە کافردانانی ئەوەی پێی هەڵدەستێت. بەوەی کە دەڵێن بنەمای ئایینە وا لێی تێدەگەیت کە ئەو بنچینەیەیە کە ئایینی لەسەر وەستاوە، چونکە بنەما ئەوەیە کە شتی تری لەسەر بنیاتنراوە، بە نەمانی بنەماکە لقەکەش نامێنێت، ئەویش ئایینە، ئیتر ئەم بڵاوکراوەیە بەم قسە ناڕۆشنانە کۆتایی بەم باسە گەورەو ترسناکە هێناوە، هەرکەس بۆ خۆی چۆنی بوێت دەتوانێت بەو شێوەیە تێی بگات، پاشان پۆلێنی خەڵکی بکات بۆ موسڵمان و کافر لەسەر بنەمای تێگەیشتن و وەهمی خۆی.

پاشان ئەم نوسراوە عەقیدەی دۆستایەتی و دوژمنایەتی (عقیدة الولاء والبراء) کردووە بە لقێک لەوەی سەرەوە، دەڵێت: ئەوەی دەبێتە لقێک لەو بنەمایە عەقیدەی دامەزراوی دۆستایەتی و دوژمنایەتییە، بنەمای ئەم عەقیدەیە دادەمەزرێت لەسەر دوورەپەرێزی و جیابوونەوەی موسڵمان لە کەسانی تر لەسەر بنچینەی ئایین نەک بنچینەی وڵات و نەتەوە، موسڵمانی یەکتاپەرست برامەو هاوکارو پشتیوانی دەبم ئەگەرچی زۆریش دوور بێت، دژایەتی کافرو پاشگەزبۆوە (المرتد) دەکەم ئەگەرچی نزیکترین بێت.

دەڵێین: بنەمای دۆستایەتی و دوژمنایەتی: خۆشەویستی و ڕقە، ئەویش دوو کاری دڵن، کەس ناتوانێت بیانزانێت، خۆشەویستی کوفرو ڕق لە ئیسلام ناتوانرێت خاوەنەکەی بە کافر دابنرێت، مەگەر ئەمە بە ڕاشکاوی دەرببڕێت لەگەڵ هاتنەجێی مەرجەکان و نەمانی ڕێگرەکان.

ئەوەی کە دەڵێن جیاکەرەوەی نێوان موسڵمان و ناموسڵمانە، دەبێت تەواو و گشتی بێت ئەگەرنا دەبێتە یەکتاپەرستییەکی ناتەواوو قسەیەکی نابەجێ، خوای گەورە دەفەرموێت: (لَا يَتَّخِذِ الْمُؤْمِنُونَ الْكَافِرِينَ أَوْلِيَاءَ مِنْ دُونِ الْمُؤْمِنِينَ وَمَنْ يَفْعَلْ ذَلِكَ فَلَيْسَ مِنَ اللَّهِ فِي شَيْءٍ إِلَّا أَنْ تَتَّقُوا مِنْهُمْ تُقَاةً وَيُحَذِّرُكُمُ اللَّهُ نَفْسَهُ وَإِلَى اللَّهِ الْمَصِيرُ) واتا: نابێت ئیمانداران، کافران بکەنە پشت و پەناو یارو یاوەری خۆیان لەجیاتی ئیمانداران، ئەوەی کاری وا بکات، ئەو کارەی دەبێتە هۆی ئەوەی هیچ پەیوەندییەکی ئیمانیی بە خوداوە نەمێنێت، مەگەر لەبەر ئەوەی خۆتان بە بێگومان لە شەڕیان بپارێزن و قوتاربن، خوای گەورەش بێدارتان دەکاتەوە بە سیفەتی تۆڵەسەندنەوەی خۆی دەتانترسێنێت، سەرئەنجام و گەڕانەوەتان هەر بۆ لای خودایە.ڕووکەشی ئایەتەکە وەهایە کە ئەو دۆستایەتییە کاریگەرەی سەرزەنشتی کراوە ئەوەیە لەبەر کوفرەکە بێت، واتا ئەوانەی دۆستایەتییان دەکەن لەبەر ئەوە دەیکەن کە کافرن.

پێشەوا تەبەری لە تەفسیری ئەم ئایەتەدا لە (جامع البیان) دا دەڵێت: ئەی بڕواداران سەرخەری کافران مەبن بە جۆرێک پشتیوانیانبن لەسەر ئایینەکەیان، زاڵیان بکەن بەسەر موسڵمانانداو پشتبکەنە باوەڕداران.

پوختەی قسان: ئەم نووسراوە پێکهاتووە لەچەند دەستەواژەی شێواوی فکری و بیدعەی ترسناک، کە پێچەوانەیە بەوەی زانایانی لەسەر بووە و لە عەقیدەدا پشتیان پێبەستووە، بووەتە هۆکاری ئەوپەڕی خراپەکاری و زیانێکی بێوێنە، سەریکێشاوە بۆ قسەکردن لەسەر ئایین بەبێ زانست، دامەزراندنی حوکمگەلێکی ترسناک لەسەر پێشەکی خراپ یان قسەی کورت و ناڕۆشن، لەگەڵ گومانخراپی بەرامبەر موسڵمانانی یەکتاپەرست و فراوانکردنی بازنەی بە کافرکردنیان، و هەڵگیرسانی ئاشووب و لێکترازان لەنێوانیان، هەروەها شەرعیەتدان بە ڕشتنی خوێنیان و شێواندنی ئاسایشی گشتی و ئارامی کۆمەڵایەتی، خوای گەورەش زاناترینە.

سەرچاوە

مؤتر مؤسسات الفتوی فی العصر الرقمی، تحدیات التطویر والیات التعاون، 2021.

Send this to a friend